• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 25, 2024

ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و سوریا

پاڵنەرو دەرهاویشتەکان

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختە
لێدوانە نوێیەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیاو بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا، تایبەت بە ئاساییکردنەوەى پەیوندییەکانى نێوانیان ئاماژەیە بۆ سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە ڕووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانى نێوان ئەنقەرەو دیمەشقەوە، بە مەرجێک تورکیا لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستبەرداری بوونی سەربازی‌و ئیداریی خۆی ببێت لە باکوورى سوریاو دیمەشقیش بە سوککردنی مەرجەکانی، بە تایبەتی سەبارەت بە پرسی بوونی سەربازیی تورکیا، واقیعبینانەتر گفتوگۆ لەگەڵ ئەنقەرەدا بکات، بەڵام بە پێی ئەوەى لە سەر زەوى دەگوزەرێت، هيوایەک نییە بۆ چارەسەری هەمەلایەنەی قەیرانی سوریا، لەبەرئەوەى نە سوریا تواناى ئیدارەدانى گەڕانەوەى پەنابەرەکانى هەیەو نە تورکیاش ئامادەیی تەواوى هەیە بۆ دەستبەرداربوون لە هێزە لەبرییەکانى لە باکوورى سوریا، لەبەر ئەم هۆکارانەش نابێت هیوایەکى زۆر هەڵبچنرێت لە سەر لێدوانەکانى ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات. لە لایەکى دیکەشەوە خواستەکانى ئەمریکا، ڕوسیاو ئێران لە سوریا کاریگەریی ڕاستەوخۆى لە سەر بەرەوپێشچوونى دانوستانەکان هەیە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نزیكبوونەوەی ئەسەدو ئەردۆغان، كاریگەریی نەرێنیی بۆ سەر دۆزی کورد دەبێت لە ڕۆژئاوای كوردستان، بەو پێیەى ڕەنگە ڕێككەوتنی ئەدەنە بخرێتەوەبەر باسوخواس.

پێشەکی
ڕۆژی یەکشەممە؛ (٧)ی تەمموزى (٢٠٢٤)، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە بە نیازە بانگهێشتنامەیەک پێشکەش بە بەشار ئەسەد؛ سەرۆککۆماری سوریا، بکات بۆ سەردانی ئەنقەرەو ڕوونیکردەوە وڵاتەکەی چاوەڕێی ئەوە دەکات بەشار ئەسەد دەستپێشخەریبکات بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا(١). پێش لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشقدا، بەشار ئەسەد؛ سەرۆککۆماری سوریا، ئامادەیی خۆیی بۆ هەموو دەستپێشخەرییەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان سوریاو تورکیاوە دەربڕیبوو، ئەمەش لە سەر بنەمای گەڕانەوەى سەروەریی دەوڵەتی سوریا بە سەر تەواوی خاکى وڵاتەکەیدا.
ئەوەى ڕوونە، لێرەدا تورکیاو سوریا لەم قۆناغەدا پاڵنەرى تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوانیان‌و قوتاربوون لەم دۆخە قەیراناوییەى ئێستا. ئەردۆغان لە چەند مانگی ڕابردوودا لە دوو شت دڵنیابووەتەوە؛ یەکەم: پارتەکەی چیتر بەهێزترین نییە لە تورکیاو جەماوەرەکەشی دەستیکردووە بە هەڵوەرین، دووەم: پشتبەستن بە میلیشیاو گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی تورکیا لە سوریا، وەک پێویست سەرکەوتنى بەدەستنەهێناوە، تیچووی ئەم پشتپێبەستن‌و پشتیوانییەی تورکیا بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا هۆکارێکی گرنگی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووریی تورکیایە. بەم پێیە پێویست بوو کە گۆڕانکاریبکرێت، بۆئەوەی ئەردۆغان ئەو دەرفەتە نەداتەوە بە نەیارەکانی، بە تایبەتی پارتی گەلی کۆمارى (جەهەپە) (Cumhuriyet Halk Partisi) (CHP)، کە پرسی پەنابەرانی سورى‌و بارگرانیی پاڵپشتیکردنى ئۆپۆزسیۆنی سوریا، کە لەلایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە وەک تیرۆریست ناسینراوە، وەک کارتى فشار لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوودا لەلایەن جەهەپەوە بەکارنەهێنرێتەوەو دەنگی پێکۆنەکرێتەوە.
لە لایەکى دیکەوە ئەردۆغان پێیوایە کردنەوەی دەروازەکانى سوریا لەلایەن ڕژێمی دیمەشقەوە، دەرفەتێکی نوێ دەبەخشێت بۆ هاتنەناوەوەی تورکیا بۆ ناو ئابووریی ناوچەی عەرەبی لە ڕێگەی سوریاوە، بەو پێیەى تورکیا دەیەوێت سوریا وەکو دەروازیەک بەکاربهێنێت، بۆئەوەی لە ڕێگەیەوە بگات بە بازاڕى وڵاتە عەرەبییەکانى وەک ئەردەن‌و کەنداوو پشکی هەبێت لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەى سوریا لە دوای کۆتاییهاتنی قەیرانەکان. لە کۆتاییدا پرسی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان هەیە، کە بڕیارە کەنداوی عەرەبی بە ئەوروپاوە ببەستێتەوەو بە عێراق‌و تورکیادا تێدەپەڕێت. ئەردۆغان ئامانجی ئەوەیە سوریا بەشێک بێت لە ڕێگەکەو دەروازەى فیشخاپور بەکارنەهێنرێت، کە لە ژێر دەسەڵاتى پارتى دیموکراتى کوردستاندایە. ئەردۆغان نایەوێت هەولێر سوود لە داهاتی تێپەڕینی کاڵاکان ببینێت، بەڵکو هەوڵدەدات ئەو داهاتە بگەڕێتەوە بۆ سوریاو ببێت بە سەرەتایەک بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان(٢).
وەک سوریاش، ئەسەد گەیشتووە بەو باوەڕەى کە بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی کوردو دەرچوون لە ژێر کاریگەرییەکانى ئێران، تورکیا دەتوانێت هاوکار بێت‌و لە لایەکى دیکەشەوە تورکیا دەتوانێت دەرفەتى گەورەی ئابوورى بۆ ئاوەدانکردنەوەى سوریا بڕەخسێنێت.

ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان چی دەگەیەنێت؟
پێش هەموو شتێک واتاى ئاساییکردنەوە پەیوەستە بەوەی کە ئێمە چۆن لێیتێدەگەین، ئەگەر مەبەست لە ئاساییکردنەوە پەیوەندییە نزیکەکانی تورکیاو سوریا بێت لە ماوەی ساڵانى (٢٠٠٠-٢٠١٠)دا، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەمە لە کورتخایەندا ناتوانرێت بەدەستبهێنرێت. پڕۆسەی وەلانانی گرژییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە، لەوانەش تورکیاو تیشکخستنەسەر کارنامەی ئەرێنی لە پەیوەندییەکان بە دروستکردنی کەناڵی پەیوەندیی نوێ (یان بوژاندنەوەی پەیوەندییە کۆنەکان) بە گشتی پێیدەگوترێت ئاساییکردنەوە. لەم پڕۆسەیەدا تورکیا لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ وڵاتانی وەک ئیمارات، ئیسرائیل (بەر لە دەستپێکردنى گەردەلوولى ئەقسا)، سعودیە، میسرو یۆناندا هەڵدایەوە، بەڵام پرسی ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیدارەی ئەسەددا تەواو جیاوازە. بۆ تورکیا دەکرێت واتای ئاساییبوونەوە لەگەڵ سوریادا لە سێ ڕەهەنددا کورتبکرێتەوە، کە بریتین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، گەڕانەوەى دەسەڵاتی دەوڵەت‌و دڵنیابوون لە گەڕانەوەی پەنابەرە سورییەکان، لە کاتێکدا پێشمەرجی ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکان بۆ سوریا خۆیدەبینێتەوە لە پاشەکشەى هێزەکانى تورکیا لە سوریاو پاڵپشتىنەکردن لە هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان.

پاڵنەرەکانى سوریا بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان
بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە بەیاننامەیەکى گشتیدا ڕایگەیاند: سوریا ئامادەیە هەموو دەستپێشخەرییەکان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لەبەرچاوبگرێت، بە مەرجێک ئەو دەستپێشخەرییانە لەگەڵ ڕێزگرتندا بێت لە سەروەریی حکومەتی سوریا بە سەر تەواوی خاکەکەی‌و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی تیرۆردا(٣).
هەرچەندە ئەسەد لە ساڵی ڕابردوودا بانگهێشتی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی کرابوو، بەڵام وەک سەرۆکی وڵات لێیناڕوانرێت کە نوێنەرایەتیی گەلەکەى بکات، بەو پێیەى لە سەر ئاستى سیاسی ڕەوایەتیی خۆى لەدەستداوە. ئەسەد دەتوانێت لە ڕێگەی پڕۆسەی ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیەوە لەگەڵ تورکیادا پێگەى خۆی بەهێزتربکاتەوە، بە شێوەیەکى گشتى دەکرێت پاڵنەرەکانى سوریا بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیادا لەم خاڵانەدا کورتبکرێتەوە:
1.هەڕەشەى ئیسرائیل: ئەنجامی ململانێی ئیسرائیل‌و حیزبوڵڵا پاڵ بە ئەسەدەوە دەنێت کە پەیوەندی بە هاوپەیمانییەکی نوێوە بکات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیادا پێشهاتێکە دەتوانێت ببێت بە دەرفەت بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى ئێران لە سەر سوریاو كەمکردنەوەى مەترسیی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا بە بیانووى کردنە ئامانجى بوونى سەربازیی ئێران لەو وڵاتە(٤).
2.هەڕەشەى کورد: کۆتاییهێنان بە هەوڵەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەيان لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریاو لەباربردنى پڕۆسەى هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ڕۆژئاواى کوردستان.
3.ئەگەرى دروستبوونى گۆڕانکارى لە سیاسەتى ئەمریکا: لە ئەگەری سەرکەوتنى دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەى ئەمریکا ئەگەری هاتنەکایەى گۆڕانکاری لە سياسەتى دەرەوەى ئەمریکا لە ئارادایەو بە ئەگەرى زۆرەوە ئەو وڵاتە هێزەکانى لە سوریا دەکشێنێتەوەو لەم هەلومەرجەشدا سوريا دەیەوێت بە هاوکاریی تورکیا دۆخەکە بەڕێوەببات.

پاڵنەرەکانى تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان
ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان بە بەراورد بە سوریا، پرسێکی هەنوکەییترە بۆ تورکیا، بەو پێیەی تەنیا پەیوەندیی بە پرسەکانی سیاسەتی دەرەوەوە نییە، بەڵکو خراپیی ئەو پەیوەندییانە کاردانەوەی ناوخۆیی مەترسیداری هەبووە، کە کاریگەریی لە سەر بارى ئابووری، ئاسایش‌و سیاسی هەبووە.
1.لە ڕووى ئابوورییەوە: لە ڕووى ئابوورییەوە لیرەی تورکیا بەهاکەى بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزیوەو لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە بەرانبەر دۆلاردا (١٢٪)ی بەهاکەی لەدەستداوەو (٣٤) لیرە بەرانبەر بووە بە يەك دۆلار(٥). جگە لە بەردەوامیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی ساڵانە، بە پێی داتاکانی دەزگای ئاماری تورکیا (تویک) (Türkiye İstatistik Kurumu) (TÜİK)، کە لە ئایاری (٢٠٢٣) بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی ئاداری (٢٠٢٤) ڕێژەی هەڵئاوسان گەیشت بە نزیکەی (٦٨.٥٪)، ئەمەش قەیرانی تێچووی بژێوی‌و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاریی بە ڕێژەی (١٤٪) لێکەوتەوە، بە ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریادا، توركيا سوود لەو دەرفەتە بازرگانى‌و ئابوورییانە وەردەگرێت کە وڵاتانی ناوچەکە دەیڕەخسێنن.
قەیرانە ئابوورییەکان گرژی‌و ئاڵۆزیی زۆری ناوخۆیی دروستکردووە، بە تایبەتی هەڵوێستی هاوڵاتیانی تورکیا بەرانبەر بە پەنابەرە سورییەکان لەو وڵاتە، کە ژمارەیان زیاتر لە سێملیۆن پەنابەرەو بووە بە هۆى دروستبوونى جەمسەرگیرییەکی بێوێنە سەبارەت بە پەنابەران‌و گەڕانەوەیان بووە بە پرسێکى سەرەکى لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا. لە مانگی ئابی (٢٠٢٣)، بەشێک لە ماڵ‌و بەرژەوەندییەکانی پەنابەرە سوریییەکان لە ئەنقەرە ڕووبەڕووی کردەوەی توندوتیژی بووەوەو لە سەرەتای مانگی تەمموزی (٢٠٢٤)، پارێزگای قەیسەری کردەوەی توندوتیژیی دژ بە سورییەکانى بەخۆوەبینی‌و ماڵ‌و موڵک‌و بەرژەوەندییەکانی پەنابەران کەوتەبەر مەترسی.

ئەردۆغان لە چەند مانگی ڕابردوودا لە دوو شت دڵنیابووەتەوە؛ یەکەم: پارتەکەی چیتر بەهێزترین نییە لە تورکیاو جەماوەرەکەشی دەستیکردووە بە هەڵوەرین، دووەم: پشتبەستن بە میلیشیاو گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی تورکیا لە سوریا، وەک پێویست سەرکەوتنى بەدەستنەهێناوە.

2.لە ڕووى ئاسایشەوە: هۆکارێکى سەرەکیی دیکە ئاسایشە، واتە نەهێشتنی تەواوەتیی هەڕەشەی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لە سوریا، تورکیا پێیوایە بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەسەددا، دەتوانێت پەکەکە گۆشەگیربکات. ئەنقەرە دەیەوێت گوشارەکانى زیاتربکات، بۆئەوەی پەکەکە هیچ بژاردەیەکی بۆ نەمێنێتەوەو ڕێگریبکات لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتى ئیدارەی خۆسەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا، کە تورکیا بە هەنگاوێکى دەزانێت بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە سەر سنوورەکانی. حکومەتی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەيەوێت ماوەی سەرقاڵبوون بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بقۆزێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی هەڕەشەی کورد لە سنوورەکانی باسووری وڵاتەکەی، ئەمەش بە ڕێککەوتن لەگەڵ مۆسکۆو دیمەشقدا(٦). تورکیا پێیوایە پشتیوانیی ئەمریکا لە کورد لە ڕۆژئاوا، هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، هەر بۆیە دەیەوێت بە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ سوریادا هاوکار بێت لە پاراستنى یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە، بۆئەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە هەموو ناوچەیەکدا جێگیربکرێت. ئەنقەرە نیگەرانە لەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و باڵە مەدەنییەکەی هێزەکانی خۆسەری سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە دوای دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆوەن لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا لە سەر سنوورەکانی تورکیا، هەر بۆیە جەخت لە سەر پێشگرتن لە دروستکردنی ئەو هەرێمە دەکەنەوە، جا ئەگەر بە بەهاى ئاشتبوونەوە بێت لەگەڵ ئەسەددا(٧).
3.لە ڕووى سیاسییەوە: تورکیا دەیەوێت پەنابەرە سوریيەکان بگەڕێنێتەوە بۆ زێدی خۆیان، بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی لەو شێوەیە تەنیا ڕێگەی ئاشتەوایی لەگەڵ ئەسەددا هەیە. لێکنزیکبوونەوەی تورکیاو سوریا دەکرێت وەک هەوڵێکی ئاکپارتی لێکبدرێتەوە بۆ بەدیهێنانی هەندێک دەستکەوتی ناوخۆیی یان ڕێککەوتن لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتەکەیدا، چونکە ئەو پارتە هەوڵی هەموارکردنەوەی دەستوور دەدات‌و پێویستی بە پشتیوانیی هەڵوێستەکانی ئۆپۆزسیۆنە لە بەرژەوەندیی تێپەڕاندنى ئەم هەموارکردنانە لە پەرلەمانى تورکیا. بۆ ئەنقەرە، درێژەدان بە دەستپێشخەری بۆ چارەسەرێکی هەمەلایەنە لە لایەکەوەو گرتنەبەری هەنگاوی نوێی کاریگەر بەرەو چارەسەری کاتی لە لایەکی دیکەوە، پێدەچێت ئاوەزیترین بژاردە بێت لە مەودایەکی کورتخایەندا(٨).
4.لە سەر ئاستى ناوخۆ: ئۆپۆزسیۆنی توركیا، هەر لە كاتی دروستبوونی شەڕی ناوخۆوە لە سوريا، پێیانباشبووە توركیا پشت لە ئەسەد نەكات‌و ڕەخنەی جددییان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان گرتووەو ئاماژەیان بەوە داوە کە دەبێت دەستبخەنەناو دەستی ئەسەدەوە. ئێستا ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت ڕایگشتی بجوڵێنێت‌و بڵێت حكومەت هاتەسەر سیاسەتی ئەوان بۆ نزیكبوونەوە لە ئەسەد، هەر بۆیە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە نزیكبوونەوەی ئەردۆغان‌و ئەسەد وەرگرتنەوەى ئەو کارتەیە لە ئۆپۆزسیۆن، بۆئەوەی نەتوانێت دژ بە ئەردۆغان بەکاریبهێنێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا. زۆرێک لە تورکەکان لە ناویاندا لایەنگرانی ئاکپارتی، ئەردۆغان بە تاوانبار دەزانن کە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرگاى کراوەدا ڕێگەی بە ملیۆنان سوری داوە بچنەناو تورکیاوە. ئەردۆغان ئاگادارە کە ئەم سیاسەتە لە هەڵبژاردنەکاندا زیانیلێداوە، ئێستاش بانگەشەی ئەوە دەکات کە کارەکانی ئەم دواییەی بووە بە هۆی گەڕانەوەی نزیکەی نیو ملیۆن لە کۆی سێملیۆن‌و (٦٠٠) هەزار پەنابەری سورى لە تورکیا. جێى ئاماژەپێدانە کە هەڵمەتێکی گەورە دژی پەنابەرانی سوریا لە پارێزگای غازی عەنتاب بەردەوامە، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە (٣٠٠) پەنابەری سورییان بۆ وڵاتەکەیان دیپۆرتکردووەتەوە، هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی سورییەکان لە غازی عەنتاب هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانەکانى ئەردۆغاندا سەبارەت بە ئاشتەوایی لەگەڵ ڕژێمی سوریاداو گوتی: مەیلێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانییەکانی میوانداریکردنی پەنابەرانی سوریا بە دیپۆرتکردنەوەیان بە هەر ڕێگەیەک کە لە بەردەستدایە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای شکانی لیرەو لەرزۆکیی ئابووریی تورکیا حکومەتی وڵاتەکەی هەستى بە مەترسی کردووە، هەر بۆیە مەیلێک لە هەموو لایەکەوە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران بە شێوەیەکی ڕیشەیی(٩). لە لایەکى دیکەوە ئەگەر تورکیا پاڵپشتیی ڕژێمی سوریا بکات‌و پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا ئاساییبکاتەوە بە ئامانجى ناردنەوەى پەنابەران، ئەوا پشتیوانیی جەماوەریی خۆی لە باکووری سوریا لەدەستدەدات(١٠).

مەرجەکانی ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان
1.تورکیا: ڕێککەوتن لە سەر نوسینەوەى دەستوورێکی نوێ، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ‌و شەرعی، هاوکاریکردنی سوپای سوریا لە دژی ئیدارەی خۆسەرى لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا.
2.سوریا: کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکى سوریا وەک هەنگاوی یەکەم‌و هەر لە سەر ئەو بنەمایە دەتوانرێت پەیوەندییەکان ئاساییبکرێتەوە.

ڕێگرییەکانى بەردەم ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان
1.پرسی پێناسەکردنەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان: تورکیا لە دوای شەڕى ناوخۆیی سوریا لە ساڵی (٢٠١١) پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا پچڕاندو پشتیوانیی نەیارانی ڕژێمی ئەسەد دەکات، لە ئاداری (٢٠١٢) باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق داخست، دوای ئەوە ئەنجومەنی نیشتمانیی سوریا کۆنفرانسی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای لە نیسانی هەمان ساڵ ڕێکخست. لەو کاتەوە ئەنقەرە دەستی بە کارێکی سیستەماتیکی کردووە بۆ لەناوبردنی سوریاو پڕچەککردنی زۆرێک لەو گرووپانەی کە دژی دیمەشق چالاکییاندەکرد، هەروەها تورکیا چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی له دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کرد، که بە گوتەی خۆی پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیەو هەڕەشه بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دروستدەکەن، بۆ ئەو مەبەستە ناوچەیەکی ئارامی له باکووری سوریا دروستکرد، کە ئێستا لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە کۆنترۆڵکراوە. ئێستا گەورەترین هاوپەیمانیی تورکیا لە شەڕی دژی پەکەکە؛ ئۆپۆزسیۆنی سوریایە، کە پێکهاتەیەکن لە هێزى ئیسلامیی سەلەفیی جیهادى، کە سوریا وەک تیرۆریست ناساندوونی، بەڵام پێناچێت ئەنقەرە هێشتا ئامادەبێت هاوپەیمانەکانی لە واقیعدا بە تیرۆریست پۆلێنبکات. ئێستا ئەو هێزانە لە حاڵەتێکى ترس‌و چاوەڕوانیدا کاتبەسەردەبەن، چونکە باوەڕێکی بەربڵاو هەیە کە پێیوایە نزیکبوونەوەی تورکیا لەگەڵ سوریادا لە سەر حیسابی ئەو هێزانە دەبێت، بە تایبەتی کە سوریا هەمیشە پێشمەرجى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەنقەرەدا کشانەوەی سوپای تورکیاو دەستبەردان بووە لە پاڵپشتیکردنی ئەو هێزانە(١١). لەم ناوەندەدا، کێشەی ئەو هێزە چەکدارە، کە تورکیا لە باکووری سوریا دروستیکردوون، وەک یەکێک لە دیارترین ڕێگرەگان سەرهەڵدەدات، کە لەمپەر دەبێت لە بەردەم نزیکبوونەوەی دیمەشق‌و ئەنقەرە.

2.پرسی پەنابەران: حکومەتی ئەسەد تواناى لەخۆگرتنی گەڕانەوەی زیاتر لە (٣) ملیۆن پەنابەرى نييە لە تورکیاوە، ئەمەش بە هۆی داڕمانی ژێرخانی ئابووریی سوریاو بەرگەنەگرتنى دۆخی دارایی وڵاتەكەیەوە. سەرەتای هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانى نێوان ئەنقەرەو دیمەشق تەنها هەفتەیەک دوای شەپۆلی توندوتیژی بەرانبەر بە کۆچبەرانی سوریا دێت لە تورکیا، کاتێک دەیان تورک هێرشیانکردەسەر پەنابەرەکان‌و دوکان‌و ئۆتۆمبێلیان لە شاری قەیسەری لە ناوەڕاستی تورکیا سوتاند، بە پێی ئەو داتایانەی سەرۆکایەتیی کۆچبەری تورکیا پێشکەشیکردووە، زیاتر لە (٨٢) هەزار پەنابەری سوری لەو شارەدا نیشتەجێن(١٢). لە هەمان کاتدا نەتەوە یەکگرتووەکان سوورە لە سەر ئەوەی کە سوریا ئارام نییە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران.
3.بە پێی ڕێگرییەکان، پێناچێت کشانەوەی هێزەکانی سوپای تورکیا لە سوریا لە ماوەیەکی نزیکدا ڕوبدات، بەو پێیەى بۆشاییەک دروستدەکات کە سوریا لە ڕووى سەربازییەوە ناتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات، ئەمەش بە هۆی لاوازیی سوپاکەیەوە. لە لایەکى دیکەوە، تورکیا ترسی ئەوەی هەیە حکومەتی سوریا جددی نەبێت لە گەڕانەوەی پەنابەرەکان، یان نەتوانێت ئیدارە خۆسەرییەکانى ڕۆژئاوا هەڵبوەشێنێتەوە.

دیدى سوریا سەبارەت بە پەیەدە
ئەسەد لە نەوەدەکانى سەدەى پێشووەوە پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنکردووە، بەڵام هەمان هەڵوێستی بەرانبەر بە پارتى یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) نەبووە. دیمەشق لێدوانەکانی له دژی ئەو پارتە له ساڵانی ڕابردوودا جیاواز بووە له نێوان وەسفکردنی ئەندامەکانی به بریکار له لایەکەوەو خیانەتکار له لایەکی دیکەوە. جگە لەوەش، زۆرێک لە ڕاپۆرتە میدیاییەکان‌و چەندین توێژینەوەی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ناوخۆیی‌و ڕۆژئاوایی، لە ساڵانی ڕابردوودا، پەیوەندییە ئابووری‌و خزمەتگوزارییەکانی نێوان پەیەدەو ڕژێمەکەى ئەسەدیان ئاشکراکردووە. ئەو پەیوەندییە لە دوای ساڵی (٢٠١٩) ئاشکرابوو، کاتێک هەردوولا چەند لێکتێگەیشتنێکیان سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزى سەربازیی سوریا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە بۆ دروستبوو، ئەمەش دەرگایەکی لە هێزەکانی ئەسەد کردەوە بۆ چوونەناو باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە یاوەریی هێزەکانى ڕوسیا، دواتر ئەو هێزانە لە بنکەکاندا جێگیربوون، کە دیارترینیان فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بوو. پێدەچێت دیمەشق توانیبێتی کارتی پەیەدەو پەکەکە لەگەڵ تورکیا بە لێهاتوویی بەڕێوەببات‌و خۆى بەدووربگرێت لە بەرکەوتن لەگەڵ پەیەدەدا(١٣). لە هەمان کاتدا سوریا پێویستى بە کورد دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پارتە ئیسلامییەکان، کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیدەکرێن، هەر بۆیە بەدووردەزانرێت سوریا بە ئاسانى دەستبەردارى کورد ببێت. ئەردۆغان پێیوایە یەپەگە پێگەیەكی بەهێزی هەیەو بە هۆی پشتیوانیی ئەمریكاوە ناتوانێت بە ئاسانى لەناویانببات، هەر بۆیە تاكە ڕێگە بۆ لەناوبردنی ئیدارە خۆسەرییەکانى ڕۆژئاوا؛ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ ئەسەددا. نزیكبوونەوەی ئەسەدو ئەردۆغان، كاریگەریی نەرێنیی بۆ سەر دۆزی کورد دەبێت لە ڕۆژئاوای كوردستان، بەو پێیەى کە ڕەنگە ڕێككەوتنی ئەدەنە بخاتەوەبەر باسوخواس. لە ڕێككەوتنی ئەدەنە، بە ئاشكرا باس لەوە دەكرێت کە نابێت سوریا ڕێگەبدات هیچ چەكدارێكی پەكەكە لە وڵاتەكەیدا هەبێت‌و دەبێت پاڵپشتیی توركیا بكات بۆ لەناوبردنیان.

لە ئەگەرى ڕێککەوتنى ئەسەدو ئەردۆغان لە سەر پاراستنى یەكپارچەیی خاكی سوریا، دیمەشق دەبێت ملبدات بۆ پڕۆسەى سەربازیی دیکەی هاوبەش لەگەڵ توركیادا بۆ لەناوبردنى تەواوەتیی یەپەگە، بەڵام دەبێت ڕەزامەندیی لایەنی سێیەمیش وەربگیرێت، واتە سوریا ناتوانێت بەبێ ئێران، هیچ ڕێككەوتنێك لەگەڵ توركیادا بكات، توركیاش بەبێ ئەمریكا ناتوانێت، چونكە یەپەگە لەلایەن ئەمریكاوە پاڵپشتیدەكرێت‌و سوریاش لەلایەن ئێرانەوە، بۆیە هەر ڕێككەوتنێكی سەربازی، بەبێ ئەمریكاو ئێران جێبەجێناکرێت.

هەڵوێستى لایەنەکان سەبارەت بە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان
1.هەڵوێستى ئێران: بە دڵنیاییەوە دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سوریا بە سەرکردایەتیی تورکیاو گەڕانەوەی ملیۆنان پەنابەری سوری، مژدەیەکی خۆش نابێت بۆ ئێران، کە پێشبینیدەکات پشکی شێری بەربکەوێت لە ئاوەدانکردنەوەى سوریا، یاخود بە لایەنى کەمەوە پشکەکەى کەمتر نەبێت لە هاوبەشەکەی تری، کە ڕوسیایە(١٤). بەم پێیە دەکرێت بڵێین ئێران ڕێگری لە ئەسەد دەکات کە بتوانێت بە شێوەیەکی نەرم مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیادا بکات، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ڕوسیاوە وەک یەکێک لە وڵاتانی گەرەنتیکار لە ڕێڕەوى ئاستانە سەبارەت بە دۆسیەی سوریا پشتگیریدەکرێت. ڕوسیا هەمیشە کار لە سەر دەستەبەرکردنی دەرفەتەکان دەکات بۆ دەربازبوون لەو گۆشەگیرییە سیاسییەی کە ڕژێمەکەی بە دەستیەوە دەناڵێنێت لە دواى هێرشکردنەسەر ئۆکرانیا، لە کاتێکدا ڕژێمی بەشار ئەسەد زیاتر کاریگەریی فشارەکانی ئێرانی لە سەر بووە(١٥)، مەرجەکانی کشانەوەی هێزەکانى تورکیاش، کە بە ڕوکەش داواى سوریایەو سوورە لە سەری، لە بنەڕەتدا مەرجی ئێرانە، ڕوسیاش ئاگاداری ڕادەی دەستوەردانەکانی ئێرانە لە سوریا، بۆیە فشارێکی زیاتر لە سەر ڕژێم دروستناکات(١٦). سەربارى ئەوە، ڕوسیا ئاگادارە ئێران لە ڕووى ئامادەیی سەربازی‌و هەواڵگرییەوە بوونى لە سوریا بەردەوام لە تەشەنەکرندایە، چ لە شێوەی ڕاوێژکار، هەواڵگرو فەرماندەی سەربازی بێت، یاخود سەرپەرشتیکردنى ئۆپەراسیۆنەکانى ڕاهێنان‌و ئاڕاستەکردن‌و سەرکردایەتیی ئەو هێزانەى کە هێناونى بۆ سوریا. بە شێوەیەکى گشتى تاران فۆڕمی ئێستای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانى نێوان تورکیاو ڕژێمی سوریا بە کەمبوونەوەی هەژموونى خۆى دەزانێت لە سوریا. لە لایەکى دیکەوە، ئێران ترسی لەوە هەیە تورکیا ببێت بە گرنگترین پەناگە بۆ ڕژێم بۆ دەربازبوون لە سزا نێودەوڵەتییەکان بە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان، یان کردنەوەی لقى کۆمپانیا تورکییەکان لە سوریا. به پێی ئەم هاوکێشەیە، ئێران بەشێکی زۆر لە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریادا لەدەستدەدات بۆ تورکیا، که لە ڕووی جوگرافییەوە لێوەی نزیکەو له هەمان کاتدا خاوەنی بەرهەمێکی کوالێتی_بەرزتره بە بەراورد بە کاڵا ئێرانییەکان(١٧).

2.هەڵوێستى ڕوسیا: ڕوسیا بەرژەوەندیی لە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان تورکیاو سوریادا هەیەو دەیەوێت بازنەی بوونى خۆی لە سوریا فراوانتربکات، بۆئەوەی لە ئامادەبوونی سەربازییەوە بگوازێتەوە بۆ بەدەستهێنانى ئەنجامە سیاسییەکان. ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی ڕوسیا هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەدات لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی نێوان ئێران، سوریا، ڕوسیاو تورکیاوە. بێگومان پوتن بڕواپێهێنەرترین ناوبژیوانە، مۆسکۆش باشترین شوێنی کۆبوونەوەکەيە لە هەلومەرجی ئێستادا(١٨). بەرپرسانی کۆشکی کرملن بەم کارەیان دەیانەوێت پەیامێک بگەیەنن بە ئەمریکاو بڵێن کو سەرەڕای سەرقاڵبوون بە ئۆکرانیاوە، توانای کۆنترۆڵکردنی کاروباری سوریاشیان هەیە. ڕوسیا نزیکترین وێستگە دەبێت کە بتوانێت میوانداریی ئەو کۆبوونەوەیە بکات بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیاو سوریا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە باش‌و دیارانەی کە لەگەڵ ئەنقەرەو دیمەشقدا هەیەتی، جگە لەوەی کە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە ڕۆڵ‌و تواناى ڕوسیا دەردەخات لە کەمکردنەوەی ئاستی ململانێکان لە ناوچەکەدا.
3.هەڵوێستى ئەمریکا: جگە لە ئامادەنەبوونی ئێران لە دیمەنی ئاساییبوونەوەی چاوەڕوانکراوى پەیوەندییەکانى تورکیاو سوریا، بە هەمان شێوە ئەمریکاش لە دانوستانەکاندا ئامادە نییە، ئەم دۆخەش گومانى گەورە دروستدەکات لە سەر داهاتووی بوونی هێزەکانى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی فورات. ئەم ئامادەنەبوونەش بە شێوەیەک لە شێوەکان بە واتاى لەگەڵنەبوون لێکدەدرێتەوە، وەک ئەمریکا، ئەم وڵاتە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەبێ گرتنەبەری ڕێوشوێنی جددی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا، پشتیوانیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا ناکەن. دوای ئەوەی ڕوسیا پشتیوانیی لە کۆبوونەوەی نێوان بەشار ئەسەدو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد، پەیامەکانی ئەنقەرە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشقدا زیاتر بوو، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە هەوڵەکانی تورکیا ناکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەدداو وەک واشنتۆن پشتیوانی لەو جۆرە دەستپێشخەرییانە ناکەن‌و هەنگاوی جددی دەنێنن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا(١٩).

ئەگەر ئەردۆغان بە پشتیوانیی ڕوسیاو ڕەزامەندیی ئێران‌و چین، سەرقاڵی پڕۆژەی ئاشتەوایی بێت لەگەڵ دیمەشقداو بەردەوامبێت لە سەر جێبەجێکردنى، ئەمە بە واتای پەیوەستبوونی تورکیا دێت بە میحوەرى پەکین–مۆسکۆ-تارانەوە، کە لە ساڵی (٢٠٢٢)ەوە بەرەیەکیان پێکهێناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونى واشنتۆن لە ناتۆو هاوپەیمانەکانی وەک ژاپۆن، کۆریای باشوورو ئوسترالیا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ شەڕێکی ساردی نوێ لێکدەدەرێتەوە(٢٠).
لە کۆتاییدا ئەگەرچی تورکیا بە هۆی ڕەچاوکردنی دۆخی ناوخۆیی‌و پێویستیی هاوکارییەوە لەگەڵ دیمەشقدا لە دژی یەپەگەو یارمەتیدانی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سورى ئامادەیە ئاشتەوایی لەگەڵ سوریادا تەواوبکات، بەڵام ئامادە نییە دەستبەجێ یان لە داهاتوویەکی نزیکدا مل بۆ خواستێکی بەرانبەر بدات کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا نەیەتەوە(٢١).
4.هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی سوریا: گرنگترین دەرهاویشتەى ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانى تورکیاو سوریا لە سەر ئۆپۆزسیۆنی سوریایە، کە تورکیا پاڵپشتییدەکات لە باکووری سوریا. دەکرێت بڵیین: ئاساییبوونەوە پەیوەندییەکان لەم ڕوەوە پەیوەستە بە توانای ئیدارەدانى سوریاوە، نەک تورکیا، بەو پێیەى سوریا دەبێت بە شەڕ ئەو ناوچانە بگرێتەوەو جڵەویبکات، بەڵام لەبەرئەوەی لەم ناوچانەدا هێزى وەک بەرەى تەحریری شامی تێدایە، کە لە ڕووى تواناو ئامادەیی سەربازییەوە لە ئاستێکى بەرزدان، ئەرکەکە بۆ سوریا ئاسان نابێت، تەنانەت ئەگەر بە هاوکاریی ڕوسیاو ئێرانیش ئەو کارە بکات، لەبەرئەوەى بینیمان لە باشووری سوریا چی ڕویدا، کاتێک ڕژێم بە هاوکاریی ئێران‌و ڕوسیا ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵکردەوە کە کەمتر ئاڵۆز بوون(٢٢).
ئۆپۆزسیۆنی چەکداریی سوریا، کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیدەکرێت، لە سێ ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی هەژموونى تورکیادا؛ قەڵغانی فورات، کانی ئاشتی‌و چڵەزەیتوون، ناڕەزایی خۆیان دەربڕی بەرانبەر بەو هەنگاوەی ئەنقەرە سەبارەت بە نزیکبوونەوە لە ڕژێمی سوریاو بە سەرەتای ڕێبازێکی نوێیان زانی، کە ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی ئۆپۆزسیۆن‌و کۆتاییهێنانە بە دۆخەکە، ئاماژەکانی ئەم ناڕەزاییە لە سەرەتای تەمموزی ئەمساڵەوە دەرکەوت کە ئۆپۆزسیۆن خۆپیشاندانى لە ناوچەکانی جێنفوزى تورکیا ڕێکخستووەو هەوڵی تورکیای شەرمەزارکردووە بۆ نزیکبوونەوە لە ڕژێم‌و بابەتەکە گەیشتە ئاستی سوتاندنی ئاڵای تورکیا لەو ناوچانە. ترسی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە لەدەستدانی پشتیوانیی تورکیا زیاتردەبێت، ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرەو دیمەشق ئاساییبکرێتەوە، بە تایبەتی سوریا مەرجی بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان داناوە، کە هێزەکانی تورکیا دەبێت لە باکووری سوریا بکشێنەوەو هاوکاریی سوریا بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان. ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێیانوایە ڕژێمی سوریا بەم مەرجە ڕاستەوخۆ دەیانکات بە ئامانج، بە لەبەرچاوگرتنی پۆلێنکردنی ئەوان وەک گرووپی تیرۆریستی. لەو بارەیەوە ڕژێمی سوریا پێشنیارێکى ڕوونی خستووەتەڕوو بۆ ئەنقەرە؛ پەسەندکردنی هاتنی سوپاى سوریا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتى ئیدارەی خۆسەریی کورد، کە نیگەرانیی ئەمنی بۆ ئەنقەرە پێکدەهێنن‌و سەپاندنی کۆنترۆڵی ڕژێم بە سەریاندا، لە بەرانبەر دەستبەرداربوونی ئەنقەرەدا لە پشتیوانیی ئۆپۆزسیۆنی چەکداریی سوریا.
لە بەرانبەردا بۆچوونگەلێک هەن کە باس لەوە دەکەن تورکیا بە تەواوی دەستبەرداری ئۆپۆزسیۆن نابێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەنگە ئەم پەیوەندییەو ڕۆڵی خۆی تێیدا بە پێی دۆخی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانى لەگەڵ ڕژێمی سوریادا دابڕێژێتەوە(٢٣).

ئەنجام
ئەردۆغان پێیوایە بە ئاساییکردنەوەى پەیوندییەکانى لەگەڵ سوریادا، دەرفەتێکی ئابووریی نوێی بە ڕوودا دەکرێتەوە لە ڕێگەی دەروازەی سوریاوە، بەو پێیەى تورکیا دەیەوێت سوریا وەک دەروازیەک بەکاربهێنێت، بۆئەوەی لە ڕێگەیەوە بگات بە بازاڕى وڵاتە عەرەبییەکان‌و لە هەمان کاتدا پشکی هەبێت لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سوریا، هەروەها ئەسەدیش دەتوانێت لە ڕێگەی پڕۆسەی ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیەوە لەگەڵ تورکیادا پێگەى خۆی لە ناو وڵاتە عەرەبییەکاندا بەهێزتربکاتەوەو کاریگەرییەکانى ئێران لە سەر سوریا كەمبکاتەوەو بە هاوکاریی تورکیا کۆتایی بە هەوڵەکانی كورد بهێنێت بۆ دروستکردنى قەوارەیەکى سەربەخۆ لە باکوورى سوریا.

ئێران نیگەرانە لەوەی نزیکبوونەوەی تورکیا لە ڕژێمی سوریا کاریگەرییەکانی تاران لە سەر دیمەشق لاوازبکات، سەرەڕای وەبەرهێنانە بەرچاوەکانی لە مانەوەی ئەسەد. بەڵگەنامە نهێنییە دزەپێکراوەکان، ڕادەی نیگەرانییەکانی ئێران ئاشکرادەکەن لە سەر دانوستانەکانی تورکیاو سوریا، کە بەبێ بوونى ئەو بەڕێوەدەچێت، ئەمەش مەترسی لە سەر کاریگەریی ستراتیژیی ئێران دروستدەکات، تاران ترسی ئەوەی هەیە دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی سوریا بە سەرکردایەتیی تورکیاو گەڕانەوەی پەنابەرەکان بە گەرەنتیی نێودەوڵەتی، کاریگەریی ئابووری‌و سیاسیی لە سوریا کەمبکاتەوە، ڕوسیاش پاڵپشتیی سەرەکیی پڕۆسەی لێکنزیکبوونەوەی تورکیاو ڕژێمی سوریا دەکات‌و بەرژەوەندیی لە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ئەنقەرەو دیمەشق هەیەو دەیەوێت بازنەی بوونى خۆی لە سوریا فراوانتربکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەگەرچی بە پلەى یەکەم سەرقاڵی هەڵبژاردنەکانە، بەڵام لە هەمان کاتدا پشتیوانی لە هەوڵەکانی تورکیا ناکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەدو لەگەڵ ئەوەدان چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا بدۆزرێتەوە، ئەگەرچی سەرقاڵبوونى ئەمریکا بە هەڵبژاردنەکانەوە دەرفەتى زیاترى بە تورکیاو ڕوسیاو ئێران بەخشیوە، بۆئەوەی بەر لە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى ئەمریکا، کار لە سەر هێنانەدیی گۆڕانکاریی دڵخوازى خۆیان بکەن لە سوریا.
دواجار هەر جۆرە لێکنزیکبوونەوەیەکی ئەنقەرەو دیمەشق‌و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان لە سەر حسابی کورد دەبێت‌و ئەو دوو وڵاتە نزیکتردەبنەوە لە لەناوبردنی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان.
________________
سەرچاوەکان:
1.أردوغان يلمح لاحتمال دعوة الأسد مع بوتين إلى تركيا (https://2u.pw/BJMb6oVi).
2.د. طارق حمو : عن محاولات تقارب أردوغان من الأسد (https://nlka.net/archives/12115).
3.سوريا تشترط لتحسين العلاقات مع تركيا (https://2u.pw/CeyzKKP7).
4.Türkiye Açısından Suriye ile Normalleşme Mümkün mü?( https://www.setav.org/suriye-ile-normallesmeye-yesil-isik-ne-anlama-geliyor
5.إثر “شائعة” .. الليرة التركية تهوي أمام الدولار (https://zagrosnews.net/ar/news/57416).
6.آیا اردوغان ایده «سوریه بدون اسد» را کنار گذاشته است؟ (https://2u.pw/3v8LG8AS).
7.ukarı GitTürkiye: Açısından Suriye ile Normalleşme Mümkün mü?( https://www.setav.org/turkiye-acisindan-suriye-ile-normallesme-mumkun-mu)
8.التقارب التركي مع الأسد يثير مخاوف في شمال سوريا (https://www.mawteni48.com/archives/271435).
9.الدافع الأمني وراء تطبيع تركيا مع سوريا وقمة مرتقبة بين الطرفين في بغداد (https://www.turkpress.co/node/102026).
10.أردوغان يبدي استعداده للقاء الأسد واستعادة العلاقات مع سوريا (https://2u.pw/rPiVy6vJ).
11. كيف سيتأثر اللاجئون السوريون في تركيا بتطبيع محتمل بين أنقرة ودمشق (https://www.bbc.com/arabic/articles/cn07z2gxyzpo).
12.التطبيع بين أنقرة ودمشق.. مسار محفوف بالألغام والأثمان (https://2u.pw/njET8dyZ).
13.ضياء قدور: إيران خلف الستار.. وثائق مسربة تكشف قلق طهران من التطبيع التركي مع النظام السوري(https://2u.pw/OzYO36J1).
14.سوريا وتركيا: العودة إلى “شهر العسل” أم حقبة الندية؟ (https://thecradle.co/arabic/articles/sorya-otrkya-alaaod-al-shhr-alaasl-am-hkb-alndy).
15.ترك برس: معوقات كبيرة في طريق تطبيع العلاقات التركية-السورية (https://www.turkpress.co/node/101979).
16.حسن الشاغل: هل توافق إيران تطبيع العلاقات بين سوريا وتركيا؟ (https://2u.pw/WdgEA8gg).
17. هل يلتقي إردوغان والأسد في أنقرة؟ (https://2u.pw/G8nISxXQ).
18.كرد پرس : آمریکا از عادی‌سازی روابط آنکارا و دمشق حمایت نخواهد کرد (https://2u.pw/WZmtf1cz).
19.محمد سيد رصاص: أردوغان والمصالحة مع الأسد.. حسابات طريق التنمية والممر الهندي (https://nlka.net/archives/12095).
20.تركيا وسوريا… دوافع التطبيع: (https://rawabetcenter.com/archives/176150).
21.صافيناز محمد أحمد: التقارب التركى-السورى المحتمل.. حسابات أردوغان الجديدة (https://acpss.ahram.org.eg/News/21223.aspx).
22.محمد همدر: تركيا وسوريا: معضلة المعارضة السورية والنفوذ التركي (https://www.bbc.com/arabic/articles/c4ng71q2ed0o).
23.صافيناز محمد أحمد: التقارب التركى-السورى المحتمل.. حسابات أردوغان الجديدة (https://acpss.ahram.org.eg/News/21223.aspx).

Send this to a friend