غازی سروشتی له ستراتیژیای ئێران
توێژەر: میران حسین
بەرایی
غازی سروشتی یه‌كێكه له سه‌رچاوه گرنگه‌كانی وزه له‌سه‌ر ئاستی جیهان، ئه‌م سه‌رچاوه‌یه جێگەی بایه‌خی هه‌موو وڵاتانی جیهانه بێ جیاوازی، غازی سروشتی هاوشێوه‌ی نه‌وت له‌سه‌ده‌ی بیست و هاوشێوه‌ی خه‌ڵوزی به‌ردینی له پاش شۆڕشی پیشه‌سازی، به وزه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك له‌قه‌ڵه‌مده‌درێت. وڵاتانی جیهان به‌رده‌وام بێ جیاوازی له هه‌وڵی به ده‌ستهێنانی سه‌رچاوه‌ی غازی سروشتین، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی دروستبوونی كێشمه‌كیش له‌سه‌ر غازی سروشتی له نێوان وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ر و وڵاتانی به‌كاربه‌ر و بۆته جێگەی ڕكابه‌رێتی سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان، پیشبینی ئه‌وه ده‌كرێت له ساڵی 2050 بایه‌خی نه‌وتی خاو له‌بازاڕه‌كانی جیهان ڕوو له كه‌مبوونه‌وه بكات و غازی سروشتی ببێته جێگره‌وه‌ی نه‌وتی خاو به‌تایبه‌تی له لایه‌ن وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان له جیهاندا، كه كار له پێناو كه‌مكردنه‌وەی نه‌وت و سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی دیكه و په‌نابردن بۆ سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی پاكتری وه‌كو غازی سروشتی و وزه نوێبووه‌كان ده‌كه‌ن.
له ئه‌نجامی زیادبوونی بایه‌خی غازی سروشتی چه‌ندین پڕۆژه‌ی ستراتیژی له بواری غازی سروشتی دروستبوون و چه‌ندین وڵاتی جیهانییش له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه به‌رهه‌مهێنان و بازرگانیكردن به غازی سروشتی قۆرخ بكه‌ن، بۆیه جه‌نگێكی ڕانه‌گه‌ینراو هه‌یه له نێوان چه‌ندین وڵاتی وه‌كو ئه‌مریكا، ڕووسیا، ئێران، ئیسرائیل، توركیا و قه‌ته‌ر به مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی بازاڕه‌كانی غازی سروشتی له جیهاندا، ئه‌م وڵاتانه‌ش هه‌میشه له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه خۆیان كۆنترۆڵی بازاڕه‌كانی غازی سروشتی بكه‌ن یان دژایه‌تیكردنی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی غازی سروشتی كه دژی به‌رژه‌وندییه‌كانیان بكات له هه‌ر شوێنێك بێت .
ئێران وه‌كو خاوه‌ن دووهه‌م گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گی غازی سروشتی له جیهاندا، یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی غازی سروشتی له جیهاندا، له‌هه‌مانكاتیشدا یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه خاوه‌ن ستراتیژیه‌كی گه‌وره‌یه له بواری غازی سروشتی، له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه جگه له‌وه‌ی وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی ئابووری وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی فشاری سیاسی و ستراتیژی به‌كاریبهێنێت.
كۆماری ئیسلامیی ئێران جگه له‌وه‌ی كه خاوه‌ن یه‌ده‌گێكی گه‌وره‌یه و یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین وڵاتانی جیهان له به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه چه‌ندین پرۆژه‌ی ستراتیژی دروستبكات به‌مه‌به‌ستی سوود وه‌رگرتن له غازی وڵاتانی دیكه‌ش له‌ناوچه‌كه، به‌ڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك له‌مپه‌ر و كێشه‌ی سیاسی و ئابووری بۆته‌وه له بواری غازی سروشتی كه ڕێگره له به‌رده‌می بتوانێت ڕۆڵ و پێگه‌ی به‌هێزی هه‌بێت له بواری غازی سروشتی له‌سه‌ر ئاستی ناوچەکە و جیهان
به‌شی یه‌كه‌م : زیادبوونی بایه‌خی غازی سروشتی له‌سه‌ر ئاستی جیهان
پاش ئه‌وه‌ی ئاستی پیسبوونی ژینگه گه‌یشته ئاستێكی زۆر مه‌ترسیدار و پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تێپه‌ڕاند، ڕێكخراوه ژینگه‌یی و كۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تایبه‌ت به گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا ده‌ستیان به دروستكردنی فشار بۆ سه‌ر حكومه‌تی وڵاته‌كان كرد، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی یاسای زۆر توند ده‌ربكه‌ن تایبه‌ت به كه‌مكردنه‌وه‌ی به ئاسمانچوونی گازه‌كان كه ده‌بێته مایه‌ی پیسبوونی ژینگه و گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا، جگه له گه‌ڕان به‌دوای سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی كه كه‌متره ژینگه پیس ده‌كات، بۆیه زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان و كۆمپانیاكان ده‌ستیان كرد به ته‌رخانكردنی بودجه تایبه‌ت به پاڵپشتی كردنی سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان به‌دوای سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی نوێ و پاك، لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كان وتوێژینه‌وه‌كانی ئه‌وه‌یان ده‌رخست كه سوته‌مه‌نی سه‌رچاوه‌كه‌ی غازی سروشتییه و ژینگه دۆستترن له سه‌رچاوه‌كانی دیكه وه‌كو به‌نزین و گازوایل كه به‌كارده‌هێنرێن له ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه(1)، له لایه‌كی تره‌وه توێژینه‌وه‌كان له جیهاندا شكستیان هێناوه له دۆزینه‌وه‌ی جێگره‌وه‌یه‌ك له وزه نوێبووه‌كان كه هه‌مان هێز و توانای وزه‌ی هایدرۆكاربۆنی هه‌بێت وه‌كو نه‌وت و غازی سروشتی و خه‌ڵوزی به‌ردین، بۆیه غازی سروشتی بۆته باشترین جێگره‌وه بۆ هه‌موو جیهان كه ژینگه دۆستتره له لایه‌ك و به تواناتره له وزه نوێبووه‌كان .
زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان و تاقیكردنه‌وه زانستییه‌كان و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و حكومه‌ته‌كان و ڕێكخراوه‌كانی بواری ژینگه له هه‌فتاكان و هه‌شتاكان سه‌ده‌ی بیست سه‌رجه‌میان تیشكیان خستۆته سه‌ر لایه‌نی باشی به‌كارهێنانی غازی سروشتی و سووده‌كانی وه‌كو پاكترین سه‌رچاوه‌ی وزه به به‌راورد له‌گه‌ڵ سوته‌مه‌نی نه‌وت و خه‌ڵووزی به‌ردین له ڕێگای پێوانه‌كردنی ئاستی بڕی به هەواداچوونی سووتاندنی هه‌ر جۆرێك له جۆره‌كانی سووته‌مه‌نی، خه‌ڵووزی به‌ردین باشترین جۆری سووته‌مه‌نییه چونكه تایبه‌تمه‌ندی فیزیایی هه‌یه كه پیسبوونی ژینگه له ئه‌نجامی به‌كارهێنانی زۆر كه‌مه و مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر ژینگه كه‌متره بۆ نمونه بڕی به هەواداچوونی كاربۆن دروستبوو له ئه‌نجامی سووتاندنی بڕێك له غاز 40% سووتاندنی هه‌مان بڕه له خه‌ڵوز، و20% هه‌مان بڕه له نه‌وتی خاو (2). جگه له‌وه‌ی سووتاندنی به‌ته‌واوه‌تی ده‌بێته هۆی دروستبوونی ئاو و دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن له جیاتی گازی یه‌كه‌م ئۆكسیدی كاربۆن كه گازیكی ژه‌هراویه، بڕێكی زۆر كه‌م له پاشماوه‌ی تیایدا هه‌یه كه به تێچوویكی زۆر كه‌م جیا ده‌كرێته‌وه، كه‌می بڕی ئۆكسیده‌كانی گۆگردی تیایدا هه‌یه به به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌كانی دیكه، كه‌متر ژینگه پیس ده‌كات له كاتی به‌كارهێنانی غازی سروشتی بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با(3) به‌مه‌ش غازی سروشتی به پاكترین جۆری سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی هایدرۆكاربۆنی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت و باشترین بژارده‌یه بۆ یاسای ژینگه‌ییه جیهانییه‌كان، بۆیه پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت كه بازاڕی گازی سروشتی و ئاستی داواكاری له‌سه‌ر غازی سروشتی له مه‌ودایه‌كی درێژ خایه‌ن زۆر گه‌وره‌تر بێت به به‌راورد له‌گه‌ڵ نه‌وت و سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ی وزه و ببێته جێگره‌وه‌ی نه‌وت(4).
غازی سروشتی وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی وزه‌ی به‌هێز له جیهان
له‌سه‌ره‌تای هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو بایه‌خی غازی سروشتی له‌سه‌ر ئاستی جیهان زیادیكردووه به‌شێوه‌یەكی به‌رچاو و چه‌ندین فاكته‌ر بوونه‌ته هۆی زیادبوونی بایه‌خدان به غازی سروشتی له‌سه‌ر ئاستی جیهان، كه كاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی غازی سروشتی ببیته سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ دابینكردنی وزه له جیهاندا، نه‌ك به‌رهه‌مێكی لاوه‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو.
چه‌ندین فاكته‌ری سه‌ره‌كی بوونه‌ته هۆی زیادبوونی بایه‌خی غازی سروشتی وه‌كو ته‌نگژه سیاسییه‌كان كه كاریگه‌ریی هه‌بووه له‌سه‌ر نرخی نه‌وت و كه‌مبوونه‌وه‌ی بڕی نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراو و هه‌وڵه‌كانی وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت بۆ فره‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتیان و بایه‌خی جیهانی به بابه‌ته‌كانی ژینگه و گه‌ڕان به‌دوای سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی پاكتر كه كه‌متر ژینگه پیس بكات.
به‌ڵام به‌دیاریكراوی له‌نه‌وەده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، داواكاری جیهانی له‌سه‌ر غازی سروشتی و بواره‌كانی به‌كارهێنانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كرد، به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا به‌رهه‌مهینانی غازی سروشتی كه تیچووی به‌رهه‌مهێنانی و گواستنه‌وه‌ی كه‌متر كردۆته‌وه، زیادبوونی بڕی یه‌ده‌كی غازی سروشتی و دۆزینه‌وه‌ی كێڵگه‌ی زۆر گه‌وره و هاندانی وڵاته گه‌وره و پێشكه‌وتووه‌كان بۆ كۆمپانیای نه‌وتییه گه‌وره‌كان كه وه‌به‌رهێنان له بواری پڕۆژه‌كانی غازی سروشتی ئه‌نجام بده‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له شوێنی دووره ده‌ستیش بێت به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستنی ئه‌و وڵاتانه به نه‌وتی خاو(٥).
به‌رهه‌مهێنانی و به‌كاربردنی غازی سروشتی له جیهاندا
به‌پێی دواین ئاماره‌كان به‌رهه‌مهێنانی و به‌كاربردنی غازی سروشتی له جیهاندا گه‌وره‌ترین به‌كاربەره و به‌رهه‌مهینه‌ری غازی سروشتی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان بوو، ئاماره‌كانی به‌رهه‌می غازی سروشتی له جیهاندا 4.09 ترلیۆن پێ سیجایه، كه له ساڵی 2022 وه جێگیره، به‌ڵام هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی شل ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی تۆمار كرد له چاره‌كی یه‌كه‌می 2023 و گه‌یشته 104,5 ملیۆن تۆن پاش ئه‌وه‌ی 98,5 ملیۆن تۆن بوون له سێ مانگی یه‌كه‌می 2022، واته ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی گه‌یشتۆته 6,1% ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیادبوونی داواكاری له‌سه‌ر غازی سروشتی له بازاڕه‌كانی ئه‌ورووپا كه په‌نای بردۆته بەر هاورده‌كردنی غازی سروشتی شل به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستن به غازی سروشتی ڕووسی هاورده‌كراوه به بۆری له پاش هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئۆكرانیا(6). هه‌ریه‌ك له وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا و توركیا و به‌ریتانیا له سێ مانگی یه‌كه‌می 2023 بڕی 35 ملیۆن تۆن غازی سروشتیان هاورده كردووه، هه‌مان ئه‌و وڵاتانه بری 32,2 ملیۆن تۆنیان هاورده كردبوو له هه‌مان ماوه له سێ مانگی یه‌كه‌می 2022، واته به ڕێژه‌ی 9% زیادی كردووه (7)، پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت كه ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی له جیهاندا بگاته 6% و بگاته 4,3 ترلیۆن پێ سێجا له ساڵی 2026 به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2022 (٨).
له ڕووی به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتییه‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به پله‌ی یه‌كه‌م دێت كه 1.03 تریلیۆن پێ سێجا غازی سروشتی به‌رهه‌مده‌هێنێت، واته 25% به‌رهه‌می جیهانی له غازی سروشتی، له هه‌مانكاتیشدا گه‌وره‌ترین به‌كاربه‌ری غازی سروشتییه له جیهان و ساڵانه له‌ناوخۆدا (881) ملیار پێ سێجا له غازی سروشتی به‌كارده‌هێنێت، دواتر ڕووسیایه كه ساڵانه 699 ملیار پێ سێجا به‌رهه‌مده‌هێنێت و زۆربه‌ی غازی سروشتی ڕووسی به‌ره‌و ئه‌ورووپا هه‌نارده ده‌كریت، به‌ڵام به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیا و بایكۆتی ئه‌ورووپا بۆ غازی سروشتی ڕووسی داهاتی ڕووسیا له غازی سروشتی به ڕیژه‌ی 41% كه‌می كردووه، ڕووسیا به‌نیازه بازاڕی دیكه‌ی بدۆزیته‌وه وه‌كو چین و هیند، به‌پله‌ی سێهه‌م ئێران دێت و 6% به‌رهه‌می جیهان له غازی سروشتی به‌رهه‌مده‌هێنێت و خاوه‌ن دووهه‌م گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گی غازی سروشتییه له جیهان(٩).
یه‌ده‌گی غازی سروشتی جیهانیی
بڕی یه‌ده‌گی جیهانیی له غازی سروشتی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت به‌هۆی به‌رده‌وامی گه‌ڕان به‌دوای غازی سروشتی، له‌ساڵی1994 یه‌ده‌گی غازی سروشتی ته‌نها 119 ترلیۆن پێ سێجا بووه، له 2014 گه‌یشته 187 ترلیۆن پێ سێجا به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمپانیای بریتش پترلیۆمی به‌ریتانی (10)، له ساڵی 2021 گه‌یشته 205 ترلیۆن پی سێجا، وڵاتی ڕووسیا گه‌وه‌رترین یه‌ده‌گی هه‌یه كه 47,2 ترلیۆن پێ سێجایه، دواتر ئێران كه خاوه‌ن 34 ترلیۆن پێ سێجایه، دواتر قه‌ته‌ر دێت كه خاوه‌ن 23,8 ترلیۆن پێ سێجایه، ئه‌مریكا چواره‌مه و 12,8 ترلیۆن پێ سێجا، چین پینجه‌مه و خاوه‌ن 6,5 ترلیۆن پێ سێجا له غازی سروشتییه(١١).
كێشمه‌كێشمی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر غازی سروشتی
له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی غازی سروشتی وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ وزه چه‌ندین كێشمه‌كێشم و كێشه سیاسی له نێوان ده‌وڵه‌ته‌كانی و هێزه هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دروستبوو.
له‌ماوه‌ی ده ساڵی ڕابردوودا چه‌ندین كێشه و ته‌نگژه له نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان به‌هۆی غازی سروشتییەوە دروستبوون، هه‌ندێكجار ئه‌م سه‌رچاوه‌یه بۆته هۆی درووستبوونی كێشه و هه‌ندێك جاریش بۆته هۆی دروستبوونی هاوپه‌یمانی ئابووری و نزیكبوونه‌وه‌ی ئابووری و سیاسی له نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان، چونكه كێشمه‌كێشم له‌سه‌ر غازی سروشتی و هێڵه‌كانی غازی سروشتی و بازاڕه‌كانی بۆته هۆی دروستبوونی نه‌خشه‌ی نوێ له په‌یوه‌ندییه‌كان له نێوان ده‌وڵه‌ته‌كاندا .
- كێشمه‌كێشم له‌سه‌ر غازی ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوەڕاست .
دۆزینه‌وه‌ی كێڵگه‌ی غازی زۆر گه‌وره له ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوەڕاست له لایه‌ن ئیسرائیل و قوبڕس بۆته هۆی دروستبوونی كیشه‌ی زۆر گه‌وره و ئاڵۆز له نێوان هه‌ریه‌ك له توركیا، یۆنان، ئیسرائیل، میسر و قوبڕس به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ، هه‌ریه‌ك له ڕووسیا، یه‌كێتی ئه‌ورووپا، چین و ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ به‌شدارییان له‌م ته‌نگژه‌یه كردووه، پێده‌چێت جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی گواستنه‌وه‌ی غازی سروشتی ئه‌م ناوچه‌یه به‌ره‌و ئه‌ورووپا ببێته هۆكاری دروستبوونی كێشه‌یه‌كی هه‌رێمایه‌تی له نێوان لایه‌نه‌كان به‌هۆی جیاوازی به‌رژه‌وه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تییه‌كانیان(١٢).
دۆزینه‌وه‌ی كێڵگه‌ی غازی سروشتی له خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوەڕاست كێشه‌ی له نێوان هه‌ریه‌ك له ئیسرائیل و یۆنان و قوبڕس و میسر له لایه‌ك و توركیا له لایه‌كی دیكه‌وه دروستكرد، سه‌باره‌ت به خاوه‌ندارێتی ئه‌م كێڵگانه و نه‌خشه‌كێشانه‌وه‌ی سنووری ده‌ریایی له‌خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوەڕاست به پشتگیری ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان كه پاڵپشتی هه‌ردوو لایه‌ن ده‌كه‌ن، هه‌ریه‌ك له میسڕ و قوبڕس و یۆنان و ئیسرائیل پاش ئه‌م دۆزینه‌وانه دووباره سنووره ده‌ریاییه‌كانیان له نێوان خۆیاندا دیاریكرده‌وه و ڕێكه‌وتوون له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری له نێوانیان سه‌باره‌ت به هه‌نارده‌كردن و دۆزینه‌وه‌ی غازی سروشتی و دیاریكردنی سنووری ده‌ریایی له نێوانیان .
له ساڵی 2020 ده‌ستكرا به جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی هێڵی گواستنه‌وه‌ی غازی سروشتی ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوەڕاست (مید ئیست) به‌مه‌به‌ستی به‌ستنه‌وه‌ی كێڵگه‌ی غازی سروشتی له خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوەڕاست به‌ره‌و ئه‌ورووپا، درێژی ئه‌م بۆریه 1900 كم له‌ژێرئاودا ده‌بێت و غازی سروشتی ئیسرائیل و قوبڕس ده‌گوازێته‌وه بۆ دورگه‌ی كریتی یۆنانی، دواتر به‌ره‌و ئیتاڵیا ده‌یگوازێته‌وه و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ساڵانه 10-12 ملیار پێ سیجا غازی سروشتی بگوازیته‌وه(13)، له به‌رامبه‌ردا هه‌ریه‌ك له ڕووسیا و توركیا دژی ئه‌م پڕۆژه‌یه وه‌ستانه‌وه، ئه‌مه‌ش هانده‌ر بوو بۆ توركیا كه ڕێكه‌وتنی نه‌خشانه‌وه‌ی سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ لیبیا ئه‌نجامبدات له 2019 به مه‌به‌ستی ڕێگریكردن له جێبه‌جێكردن ئه‌م پڕۆژه‌یه (١٤).
- پڕۆژه‌ی نابۆكۆ
پڕۆژه‌ی نابۆكۆ یه‌كێكه له پڕۆژه ئابوورییه‌كان كه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی پاڵپشتیان ده‌كرد، و بڕیار وابوو غازی ئاسیای ناوەڕاست و ده‌ریای قه‌زوین و كۆماره‌كانی یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو، ئێران و هه‌رێمی كوردستان بگوزاێته‌وه به‌ره‌و توركیا، دواتر بیگوازێته‌وه به‌ره‌و ئه‌ورووپا و له‌ساڵی2011 ڕیكه‌وتنی له‌سه‌ر ئه‌نجامدرا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌ی هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌ی بڕی به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی، به‌ڵام شكستی پێهێنرا له لایه‌ن ڕووسیا‌وه، چونكه جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌ڕه‌شه بوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕووسیا، چونكه مه‌به‌ست له جێبه‌جێكردنی كه‌مكردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستنی ئه‌ورووپا بوو به غازی سروشتی ڕووسی، هەروەها ڕووسیا ڕێگریكرد له جێبه‌جێكردنی له ڕێگەی ئه‌نجامدانی فشاری ئابووری له‌سه‌ر وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و خۆرهه‌ڵاتی ناوەڕاست به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێ نه‌كردنی، و سه‌ركه‌وتوو بوو و شكستیهێنا به‌م پڕۆژه‌یه (15). سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌مریكی بوو، به‌ڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر به گه‌رمی پێشوازی لێ‌كرد (16)، به‌ڵام به‌هۆی فشاره‌كانی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئێران له كۆتاییدا ئێران له پڕۆژه‌كه كشایه‌وه .
- كێشمه‌كیشمی ڕووسیا و ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی بۆ ئه‌ورووپا
كێشوه‌ری ئه‌ورووپا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و وڵاتانی یه‌كیتی ئه‌ورووپا به‌تایبه‌تی یه‌كێكه لەو ناوچانه‌ی كه زۆرترین بڕ له غازی سروشتی به‌كارده‌هێنن به‌هۆی ئه‌وه‌ی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا زۆر بایه‌خ به بابه‌تی پیسبوونی ژینگه و گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا و كاریگه‌ری له‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌ورووپا ده‌ده‌ن، بۆیه هه‌وڵێكی به‌رده‌وام هه‌یه له لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ورووپاوه بۆ به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی پاك، ئه‌مه‌ش یه‌كێك بوو له فاكته‌ره‌كانی پشت به‌ستن به غازی سروشتی وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ وزه .
به‌شێكی زۆری له‌غازی سروشتی كه كیشوه‌ری ئه‌ورووپا به‌كاریده‌هێنێت سه‌رچاوه‌كه‌ی ڕووسیایه، ڕێژه‌ی 45% كۆی غازی سروشتی كه ئه‌ورووپا به‌كاری ده‌هێنێت له ڕووسیا‌وه هاورده ده‌كرا تا سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی ئۆكرانیا و ڕووسیا.
له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ڕووسیا ژماره‌یه‌ك هێڵی گواستنه‌وه‌ی غازی سروشتی دروستكردبوو به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی غازی سروشتی بۆ هه‌موو به‌شه‌كانی ئه‌ورووپا، ژماره‌یان 13 هێڵ بوو (هیلی نۆرد ستریم1، نۆرد ستریم 2، ساوس ستریم، نۆرد یۆرۆباشی، ئۆبال، یامال ئه‌ورووپا، سویوز، برزرهوود، بلووستریم،ڕووسیان كازویست پایپلاین، ئیسترینك پایپلاین، توركیش ستریم، تاناب(١٧).
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ستراتیژیه‌تی ڕووسیا هه‌میشه به‌و ئاڕاسته‌یه بوو كه هه‌میشه ئه‌ورووپا به‌كاربه‌ری غازی سروشتی ڕووسی بێت و زیادكردنی ئه‌و بڕه غازه‌ی كه ئه‌ورووپا هاورده‌ی ده‌كات له ڕووسیا، مه‌به‌ست لێ زیادبوونی هه‌ژموونی ڕووسیا بوو له ڕووی سیاسی و ئابووری له‌سه‌ر ئه‌ورووپا و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ڕووسیا.
له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا چه‌ندین هه‌وڵیان دا به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستن به غازی سروشتی ڕووسی وه‌كو پرۆژه‌ی نابۆكۆ و پرۆژه‌ی مید ئیستی ئیسرائیلی، ئه‌م هه‌وڵانه به‌رده‌وامبوون تا سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی نێوان ئۆكرانیا و ڕووسیا كاتێك وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا بڕیاریاندا كه بایكۆتی غازی سروشتی ئه‌ورووپی بكه‌ن و قۆناغ به قۆناغ كڕینی غازی سروشتی ڕووسی كه‌مبكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌ورووپا سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی دیكه‌یه بۆ غازی سروشتی كه جێگره‌وه‌ی غازی سروشتی ڕووسی بێت، پاش ئه‌وه‌ی تا ساڵی 2021 ڕووسیا نزیكه‌ی 45% غازی سروشتی ئه‌ورووپای دابین ده‌كرد له ئێستادا ته‌نها 15% غازی سروشتی ئه‌ورووپا دابین ده‌كات، بڕیار وایه له ساڵی 2027 ئه‌ورووپا به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستبه‌رداری غازی ڕووسی بێت (١٨).
به‌ڵام هاوپه‌یمانه‌كانی ڕووسیا وه‌كو ئێران ناتوانن سوود له‌م ده‌رفه‌ته ببینن، چونكه ئێران یه‌كێكه له هاوپه‌یمانه‌كانی ڕووسیا، هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی ئێران بۆ ئه‌ورووپا زیان به په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت جگه له‌وه‌ش ئه‌ورووپا خوازیار نییه غازی ئێرانی بكڕێت .
به‌شی سێهه‌م : كۆماری ئیسلامیی ئێران و پڕۆژه ستراتیژییه‌كانی غازی سروشتی
له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ئێران یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه خاوه‌ن سامانێكی غازی سروشتی زۆر گه‌وره‌یه، خاوه‌ن دووهه‌م گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گه له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌پێی وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران، ئه‌و وڵاته خاوه‌ن 1,046 تریلیۆن پێ سێجا یه‌ده‌گی غازی سروشتییه كه ڕێژه‌ی 15.8٪ هه‌موو یه‌ده‌گی جیهان پێكده‌هینیت، 33٪ له‌و غازه له‌گه‌ڵ نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و 67٪ كیلگه‌ی غازیه (19)، به‌ڵام كارگێڕی زانیاریه‌كانی وزه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه بە‌وه دەکەن ئێران خاوه‌نی 1,187 ترلیۆن پێ سێجایه یه‌ده‌گی هه‌یه (٢٠).
له‌ڕووی به‌رهه‌مهێنانه‌وه ئێران 6%ی هه‌موو غازی سروشتی جیهان به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ڵام زۆربه‌ی غازی سروشتی ئێرانی له‌ناوخۆ وڵات به‌كاریده‌هێنێت، ساڵانه 15ملیار پێ سێجای له‌ناوخۆی وڵات به‌كارهێناوه، به‌پێی ئاماره‌كانی ساڵی 2015، به‌مه‌ش ئێران سێهه‌م گه‌وره‌ترین به‌كاربه‌ری غازی سروشتییه (٢١).
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێران خاوه‌ن دووهه‌م گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گه له غازی سروشتی پاش ڕووسیا و سێهه‌مه له به‌رهه‌مهێنان، به‌ڵام بڕێكی كه‌م له غازی سروشتی هه‌نارده ده‌كات، له ساڵی 2010 ته‌نها 6.8 ملیار پێ سێجا غازی سروشتی هه‌نارده كردووه، به‌هۆی سزا ئابوورییه‌كانی سه‌ر ئێران كه بۆته هۆی ڕێگریكردن له‌به‌رده‌م په‌ره به‌م كه‌رته بدات، وڵاته خۆرئاواییه‌كان ته‌كنه‌لۆژیای په‌ره‌دان به‌م كه‌رته‌یان لێ قه‌ده‌غه كردووه، جگه له‌وه‌ش ئێران سه‌ربه‌ست نییه له هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی به‌شێوه‌یه‌كی ئازاد به‌هۆی هۆكاری سیاسییه‌وه .
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی داهاتی هه‌نارده‌كردنی غاز له ئێران ته‌نها 4% كۆی داهاتی هه‌نارده‌كردنه‌كانی ئێران بوو له ساڵی 2010، له‌به‌رامبه‌ردا نه‌وت 78% له كۆی هه‌نارده‌كردنی ئێران پێكده‌هێنا.
به مه‌به‌ستی په‌ره‌دان به كێلگه غازییه‌كانی، بۆندیكی له‌گه‌ڵ كۆریای باشوور له ساڵی 2016 به‌مه‌به‌ستی وه‌به‌رهێنان له‌و بواره‌دا به بڕی 20 ملیار دۆلار واژۆ كردووه، بۆ هه‌نارده‌كردنی به‌شێك له غازی ئێران بۆ كۆریای باشوور(٢٢).
سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ئێران پێویستی به سێ ساڵ هه‌یه به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌دان به به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی به‌تایبه‌تی له كێڵگه‌ی فارس له كه‌نداو كه یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین كێڵگه‌كانی غازی سروشتی له جیهاندا.
له ئێستادا ئێران غازی سروشتی هه‌نارده‌ی چوار وڵات ده‌كات:-
– توركیا
به‌پێی ڕێكه‌وتنی نێوان هه‌ردوو وڵات، كه له‌ساڵی 2001 واژۆكراوه پێویست ده‌كات ساڵانه 10 ملیار پێ سێجا غازی سروشتی هه‌نارده‌ی توركیا بكات له ڕێگەی بۆری غازەوە، به‌ڵام ئێران نه‌یتوانیوه ئه‌و بڕه به‌ته‌واوه‌تی هه‌نارده‌ی توركیا بكات.
-ئه‌رمینیا
به‌پێی ڕێكه‌وتنێك نێوان هه‌دروو وڵات كه له ساڵی 2007 واژۆ كراوه ده‌بێت ئێران نێوان 1,1 – 3,2 ملیار پێ سێجا غازی سروشتی هه‌نارده‌ی ئه‌رمینیا بكات.
– ئازەربا‌یجان
به‌پێی ڕێكه‌وتنی نێوان هه‌ردوو وڵات، كه ساڵی 2005 واژۆ كراوه ده‌بێت ئێران ساڵانه نێوان 3-7 ملیار پێ سێجا غازی سروشتی هه‌نارده‌ی ئازەربا‌یجان بكات (٢٣).
– عێراق
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی عێراق یه‌كێكه له وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به غازی سروشتی و خاوه‌نی یه‌ده‌گیكی زۆر گه‌وره‌یه له غازی سروشتی و خۆی غازی سروشتی به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ڵام غازی سروشتی له ئێران هاورده ده‌كات.
به‌پێی ڕێكه‌وتنێك لە نێوان هه‌ردوولا كه له ساڵی 2013 واژۆ كراوه ئیران بڕی 7ملیار پێ سیجا غاز سروشتی هه‌نارده‌ی عێراق ده‌كات، دەبێت ئه‌و بڕه بگاته 25 ملیار پێ سێجا، به‌ڵام 2017 ده‌ستی كرد به هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی، (24) له ساڵی 2023 وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق بۆندێكی دیكه‌یان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای غازی ئێرانی واژۆ كرد بۆ هاورده‌كردنی غازی سروشتی له ئێرانه‌وه بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ، ڕۆژانه 50 ملیۆن مه‌تر سێجا غازی سروشتی هه‌نارده‌ی عیراق بكات (25)، به‌پێی وته‌ی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق نرخی غازی سروشتی ئێرانی هاورده‌كراوه له ئیرانه‌وه ده‌گاته شه‌ش ملیار دۆلار ساڵانه.
كۆماری ئیسلامیی ئێران به نیازه غازی سروشتی هه‌نارده‌ی هه‌ریه‌ك له پاكستان، عوممان، هیند، كوێت، كازاخستان وكۆریای باشوور بكات، به‌ڵام هیچیان نه‌چۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه(٢٦).
كێشه و له‌مپره‌كان له‌به‌رده‌م غازی سروشتی ئێرانی
یه‌كه‌میان: كۆنی و خراپی كه‌رتی وزه‌ی ئێرانی: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێران وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت و غاز، به‌ڵام بڕی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و غازی سروشتی له لایه‌ن ئێرانه‌وه ناگونجێت له‌گه‌ڵ بڕی یه‌ده‌گی ئێران كه خاوه‌ن یه‌ده‌گێكی زۆر گه‌وره‌یه له نه‌وت و غاز.
دووهه‌م: سزا ئابوورییه‌كان: به‌هۆی به‌رنامه‌ی ئێرانی ئه‌تۆمییه‌وه كۆمه‌ڵێك سزای ته‌نكنه‌لۆژی خراوه‌ته سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران به‌تایبه‌تی له لایه‌ن كۆمپانیا خۆرئاواییه‌كانه‌وه، جگه له‌وه‌ش وڵاته خۆرئاواییه‌كان نه‌وت و غازی سروشتی ئیرانی هاورده‌ناكه‌ن ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆر نێ‌گه‌تیڤی بووه له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و په‌ره‌دان به كه‌رتی غازی سروشتی له ئێران به‌تایبه‌تی و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و غازی ئێران به‌گشتی.
بۆ نمونه ئێران زۆرینه‌ی نه‌وتی هه‌نارده‌ی كۆریای باكوور و هیند و چین ده‌كات، زۆرینه‌ی غازی سروشتی ئێران ته‌نها هه‌نارده‌ی وڵاتانی دراوسێ ده‌كات(٢٧).
چواره‌م: كێشه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ ڕكابەره‌كانی له گه‌رتی غاز :
به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران هاوپه‌یمانی ستراتیژی ڕووسیا و چین و كۆریای باكووره، له بواری وزەوه ئێران ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك كێشه بۆته‌وه ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێران ناتوانێت ڕكابه‌رێتی ڕووسیا بكات له بازاڕه‌كانی كه ڕووسیا غازی سروشتی بۆ دابین ده‌كات وه‌كو ئه‌ورووپا و چین.
پێنجه‌م: ڕكابه‌ره هه‌رێمایه‌تییه‌كان بۆ ئێران
جگه له‌وه‌ی ئێران خاوه‌ن یه‌ده‌گ و به‌رهه‌مێكی زۆر گه‌وره‌یه له بواری غازی سروشتی، ئێران هه‌میشه له هه‌وڵدایه كه سوود له پێگه جوگرافیه‌كه‌ی ببینێت و ببێت به ده‌روازەیه‌ك بۆ دووباره هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی غازی سروشتی وڵاتانی دراوسێ وه‌كو ئاسیای ناوەڕاست كه ده‌رچه‌ی ئاوییان نییه، بۆ نمونه هه‌وڵه‌كانی ئێران بۆ ڕاكێشانی غازی توركمانستان و ئاسیای ناوەڕاست به‌مه‌به‌ستی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی.
به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی ئێران ڕووبه‌ڕووی دوو ڕكابه‌ری به‌هێزی بۆته‌وه، یه‌كه‌میان ڕووسیایه كه له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه غازی هه‌موو ئاسیای ناوەڕاست كۆبكاته‌وه و خۆی كۆنترۆڵی بازاڕی غازی سروشتی بكات و ڕێگە نادات هیچ وڵاتیكی دیكه ئه‌وه كاره بكات، ئێرانیش به‌هۆی نزیكایه‌تی سیاسی خوازیار نییه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕووسیا بكاته قوربانی له‌پێناو ڕاكیشانی بۆری غاز له ئاسیای ناوەڕاسته‌وه به‌ره‌و كه‌نداو ..
له لایه‌كی دیكه‌وه توركیا ڕكابه‌رێكی به‌هێزی ئێرانه كه چه‌ندین ساڵه به‌نیازه غاز و نه‌وتی خاوی به‌رهه‌مهێنراوی ئاسیای ناوەڕاست و ده‌ریای قه‌زوین ڕابكێشێت به‌ره‌و توركیا و سوود وه‌رگرتن له‌وه‌ی توركیا و كۆماره‌كانی ئاسیای ناوەڕاست هاوزمان و هاوڕه‌چه‌ڵكن. به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی هه‌ردووكیان شكستی هێناوه به‌هۆی هه‌ژموونی ڕووسیا له ناوچه‌كه(28).
شه‌شه‌م: كێشه‌كانی غازی سروشتی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده به غازی سروشتی، به‌ڵام چه‌ندین ساڵه كۆماری ئیسلامیی ئێران غازی ئێرانی هه‌نارده‌ی عێراق ده‌كات، كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێكه‌وتنێكی درێژخایه‌نی هه‌یه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی به‌مه‌به‌ستی هاورده‌كردنی غازی ئێران كه به‌كارده‌هێنرێت بۆ به‌گه‌رخستنی وێستگه كاره‌باییه‌كانی عێراق، ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام عێراقی تووشی كۆمه‌ڵێك گرفت كردۆته‌وه.
به وته‌ی وه‌زارتی نه‌وتی عێراق له‌ساڵی 2023 عێراق خاوه‌ن 132 ملیار پێ سێجا یه‌ده‌گی هه‌یه به‌مه‌ش عێراق ده‌یه‌م یه‌ده‌گی هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی جیهان، به‌ڵام چواره‌م وڵاته له‌سه‌ر ئاستی جیهان كه غازی سروشتی به‌فیڕۆ ده‌دات، ساڵانه 14 ملیار پێ سێجا ده‌سوتێنێت بێ ئه‌وه‌ی سوودی لێببینێت، به‌ڵام عێراق غازی سروشتی له‌ئێرانه‌وه هاورده ده‌كات(29)، عێراق چه‌ندین كێڵگه‌ی زۆر گه‌وره‌ی غازی سروشتی هه‌یه وه‌كو عه‌كاز له ئه‌نبار و سیبه له‌به‌سڕه و مه‌نسوریه له دیاله و له كه‌ركوكیش چەند دانەیەک، جگه له بوونی غازی سروشتی كه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت دێته ده‌ره‌وه، جگه له‌وه‌ی كێڵگه‌ی كۆرمۆر كه تاكه كێڵگه‌یه كه غازی سروشتی له عێراق به‌رهه‌م ده‌هێنێت .
یه‌كێك له كێشه‌كانی سه‌رده‌م به‌رده‌وامیدانە به هاورده‌كردنی غازی سروشتی ئێران له لایه‌ن عێراقه‌وه هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق كه ده‌بێت هاورده‌كردنی غازی سروشتی ئێران سنووردار بكرێت، کە یه‌كێكه له داواكارییه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مریكا، ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ڕێگەی داوه به عێراق غازی سروشتی ئێران هاورده بكات (30)، به‌ڵام هه‌میشه حكومه‌تی عێراق پاساوی ئه‌وه ده‌هێنێتەوە كه عێراق خاوه‌ن ئه‌ڵتەرانا‌تیڤیكی گونجاو نییه بۆ به‌ده‌ستهێنیانی غازی سروشتی و ده‌ستكردن به به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی خۆماڵی پێویستی به چه‌ندین ساڵ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت جێگره‌وه‌ی غازی سروشتی ئێران بێت.
ئه‌مریكا هانی حكومه‌تی عێراق ده‌دات كه وه‌به‌رهێنان له كێڵگه غازییه‌كانی بكات و سوود له‌كێڵگه‌ی كۆرمۆر وه‌ربگرێت، كه تاكه كێڵگه‌ی غازی سروشتییه له عێراقدا كه غازی سروشتی به‌رهه‌م بهێنێت كه ده‌كه‌وێته خۆرهه‌ڵاتی شاری كه‌ركوك و ناوچه‌یه‌كی كێشه له‌سه‌ره و له‌ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، به‌پێی كۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی یه‌ده‌گی هه‌ردوو كێڵگه‌ی چه‌مچماڵ و كۆرمۆر 4,4 ترلیۆن پێ سێجایه ئه‌مه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی مانگی ئایاری 2019 (31).
قه‌باره‌ی ئه‌م كێڵگه‌یه 135 كیلۆمه‌تره و ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی قادر كه‌ره‌م و له لایه‌ن هه‌ردوو كۆمپانیای دانه غاز و هیلالی ئیماراتیه‌وه به‌رهه‌مهێنان تیایدا ئه‌نجام ده‌درێت و450 ملیۆن پێ سیجا غاز له‌گه‌ڵ 22 هه‌زار به‌رمیل ڕۆژانه به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ئه‌و كێڵگه‌یه 4200 مێگاوات كاره‌با و بڕیار وایه بگاته یه‌ك ملیار پێ سێجا به‌رهه‌م.
له لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانه‌وه ئه‌و كێڵگه‌یه 8 جار ڕووبه‌ڕووی هێرشی ئاسمانی و موشه‌كی و درۆن بۆته‌وه و هه‌میشه گرووپه چه‌كداره‌كانی نزیك له ئێرانه‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرێن لە به‌ئامانج گرتنی ئه‌و كێڵگه‌یه به‌مه‌به‌ستی به‌رده‌وامیدان به‌هاورده‌كردنی غازی سروشتی ئێران له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه (32).
ئه‌نجام
غازی سروشتی یه‌كێكه له سه‌رچاوه گرنگه‌كانی وزه له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، به‌هۆی زیادبوونی داوكاری له‌سه‌ر غازی سروشتی له جیهاندا به‌تایبه‌تی له لایه‌ن وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانه‌وه و زیادبوونی داواكاری له‌سه‌ر غازی سروشتی له‌سه‌ر ئاستی جیهان بۆته هۆی دروستبوونی ڕكابه‌رێتی له نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان به مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی سه‌رچاوه‌كانی غازی سروشتی له لایه‌ن وڵاته زلهێزه‌كانەوە. له هه‌مانكاتیشدا ڕكابه‌رێتی هه‌یه له نێوان ده‌وڵه‌ته به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان له‌سه‌ر بازاڕه‌كانی غازی سروشتی سه‌رئه‌نجام كێشمه‌كێشمی جیهانی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی دروستبووه، ڕه‌هه‌ندێكی ئابووری زیادی كردووه بۆ ململانێ نێوان جه‌مسه‌ری خۆرئاوا و ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیان له لایه‌ك و ڕووسیا و چین و هاوپه‌یمانه‌كانییان له لایه‌كی دیكه، له چوارچێوه‌ی هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمایه‌تی و تاك لایه‌نانه هه‌یه به‌مه‌ش نه‌خشه‌یه‌ك له ململانێ هه‌یه له‌سه‌ر غازی سروشتی له‌سه‌ر ئاستی جیهان .
كۆماری ئیسلامیی ئێران یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مێهنه‌ره‌كانی غازی سروشتیی له‌سه‌ر ئاستی جیهان كه خاوه‌ن یه‌ده‌گێك و به‌رهه‌مێكی گه‌وره‌ی غازی سروشتییه، به‌ڵام به‌هۆی سزاكانی سه‌ر ئێران و بوونی ئێران له چوارچیوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كی سیاسی و ستراتیژی نه‌یتوانیوه په‌ره به سامانی غازی سروشتی بدات له‌و وڵاته، نه‌یتوانیوه ببێت به به‌رهه‌مهێنه‌رێكی سه‌ره‌كی له بواری غازی سروشتی.
لیستی سه‌رچاوه‌كان
(1) وسام قاسم الشالجی و أمیره محمد جواد, تقنیه تحویل الغاز الى سوائل: مستقبلها, ومردودها الاقتصادی واپرها على صناعه النفگ, گۆڤاری النفگ والتعاون العربی, به‌رگی سی وسێهه‌مین , ژماره ,121، الامانه العامه لمنظمه الاقطار العربیه المصدره للبترول اوابك, ,2007، لا .86.
(2) مایكل كلیج, خصائص الغاز: جواز مرور لمستقبله, مستقبل الغاز الطبیعی فی سوق الطاقه العالمیه، مركز الامارات للدراسات والبحوث الاستراتیجیه, ,2004 لا.8
(3) أحمد محمد فراج قاسم, مصادر الطاقه وتلوث البیئه, گۆڤاری ێرا‌و الخلیج, ژماره 57 , ,2009 لا.20
(4) ڕاپۆرتی لوتكه‌ی جیهانی حكومه‌ته‌كان،التحول فی مجال الطاقه لا 21
(5) علی رجب, اساسیات تسعیر الغاز فی الاسواق العالمیه, مجله النفط والتعاون العربی, به‌رگی سی وسێهه‌مین ژماره 120 الامانه العامه لمنظمه الاقطار العربیه المصدره للبترول اوابك, ,2007، لا 27
(6) وائل حامد عبدالمعطی، تقریر تطورات الغاز الطبیعی المساڵ والهیدروجین خلال الربع الاول من 2023،ڕێكخراوی اوابك، 2023، لا 5
(7) هه‌مان سه‌رچاوه،لا 14
(8) سایتی ئه‌لتاقه، خریطه توقعات إنتاج الغاز الطبیعی حتى 2026.. كم یستحوض الشرق الأوسط؟ https://attaqa.net/2023/10/13 له‌ڕێكه‌وتی 20-7-2024 بینراوه
(9) سایتی ئه‌لعه‌ربیه https://www.alarabiya.net/aswaq/special-stories/2024/04/14/3- له‌ڕێكه‌وتی 20-7-2024 بینراوه
(10) د.احمد جاسم جبار، هه‌مان سه‌رچاوه، لا 80-81
(11) سایتی ئه‌لجه‌زیره ، تعرف على سوق الغاز فی العالم.. من الإنتاج إلى الاستهلاك، https://www.aljazeera.net/ebusiness/2022/2/21/له‌ڕێكه‌وتی 20-7-2024 بینراوه
(12) میران حسین، الدور الروسی فی الصراع الدولی فی شرق المتوسط، بحث منشور فی ملتقى الصراع على الطاقه والغاز فی شرق المتوسط بین العسكره والدبلوماسیه، الجزائر،2021، لا 4-5-6
(13) به‌هرۆز جه‌عفه‌ر، گازی سروشتی كوردستان پاش ڕاگه‌یاندنی پڕۆژه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوەڕاست سه‌نته‌ری میدتیرانه بۆ توێژینه‌وه‌ی هه‌رێمایه‌تیه‌كان لا 3
(14) میران حسین، جیوبولتیك الطاقه والصراع الدولی فی شرق المتوسط، تویژینه‌وه‌یه‌كی پێشكه‌ش كراوه بۆ كۆنفرانسی جیۆتونس له وڵاتی تونس،2021، لا 11
(15) میران حسین، جیوبولتیك خطوط نقل الطاقه و دور اقلیم كوردستان، توێژینه‌وه‌یه‌كی بڵاوكراوه له كۆنفرانسی زانكۆی تیشك،2019، لا 633.
(16) ئاژانسی هه‌واڵی میهری ئێرانی به‌زمانی عه‌ره‌بی https://ar.mehrnews.com/news/698969 له‌ڕێكه‌وتی 20-7-2024 بینراوه
(17) سایتی به‌رلین ئه‌سینا، http://berlin-athen.eu/a-network-of-power-gas-pipelines-of-the-european-continent-infographics/
به ناونیشانی
A Network of Power: Gas Pipelines of the European Continent (Infographics) له‌ڕێكه‌وتی 20-7-2024 بینراوه
(18) سایتی ئه‌لعربیه https://www.alarabiya.net/aswaq/special-stories/2024/04/14/3- له‌ڕێكه‌وتی 20-7-2024 بینراوه
(19) ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران، چاپی پێنجه‌م 2019، لا 190-193
(20) ڕاپۆرتی كارگیری زانیاری وزه‌ی ئه‌مریكا له مانكی ئه‌یلولی 2013
(21) مركز الخلیج للدراسات الایرانیه، مستوردو النفط والغاز الایرانی- الواقع والمستقبل، لا 5
(22) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا 5-6-7
(23) المركز الاوروبی للطاقه وأمن الموارد، كانونی یه‌كه‌م 2015
(24) مركز الخلیج للدراسات الایرانیه، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا 6
(25) سایتی ئه‌لجه‌زیره https://www.aljazeera.net/ebusiness/2024/3/28
له‌ڕێكه‌وتی 20-7-2024 بینراوه
(26) مركز الخلیج للدراسات الایرانیه، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا 7
(27) هه‌مان سه‌رچاوه،لا 3و5و6
(28) مجله الدراسات الایرانیه، ژماره 15،نیسان 2022، لا76
(29) سایتی ئین ئار تی عه‌ره‌بی https://www.nrttv.com/ar/detail3/18899 له‌ڕێكه‌وتی 20-7-2024 بینراوه
(30) سایتی ئه‌لعه‌ربیه https://www.alarabiya.net/aswaq/economy/2024/03/28/ له‌ڕێكه‌وتی 20-7-2024 بینراوه
(31) پیگه‌ی دانا غاز https://www.danagas.com له‌ڕێكه‌وتی 20-7-2024 بینراوه
(32) سایت ئه‌لساعه https://alssaa.com/post/show/24077 له‌ڕێكه‌وتی 20-7-2024 بینراوه