هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا
ئامادەکردنى: وەرزنامەى تورکیاناسی
بریتییە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانیو ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی شارە گەورەکانو پارێزگاو قەزاکان، ئەم هەڵبژاردنە ٥ ساڵ جارێک لە تورکیادا دەکرێت. شارەوانییەکان وەک بەشێک لە سیستەمی ناناوەندی (لامەرکەزی) لە تورکیادا ئەژماردەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا هەم دەستوورو هەم تێڕوانینی پارتو سەرکردە سایسییەکان جەخت لە سەر سیستەمی ناوەندی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتو حکومەتدا دەکەنەوە.
وەک هەموو جیهان، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیاشدا جێگەی بایەخەو پایەیەکی سەرەکیی سیستەمی دیموکراسییە. تەنانەت بەراورد بە هەڵبژاردنە گشتییەکانی پەرلەمانو سەرۆکایەتیی کۆماریش زیاتر جێگەی بایەخی دەنگدەرو پارتە سیاسییەکانیشە، ئەمەش لەبەرئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا چەند پارتێکی سیاسی لە چەند ناوچەیەک سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، واتە تەوای دەسەڵاتەکان لە دەستی پارتێک یاخود هاوپەیمانیەتییەکدا کۆنابێتەوە.
لە ماددەی ٦٧ی دەستووری تورکیادا هاتووە: “شارەوانییەکان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دیاریدەکرێن.” هەروەها بە گوێرەی بڕگەی یەکەمی هەمان ماددە: “دەنگدان پڕۆسەیەکی ئازاد، یەکسانو نهێنییە، هەر کەسێک لە هەڵبژاردنێکدا دەتوانێت یەک جار دەنگبدات، دەنگەکان لە کۆتایی پڕۆسەی هەڵبژاردندا بە ئاشکرا دەژمێردرێن، لە ژێر چاودێریی دادگادا ئەنجامەکان دەکرێن بە بەڵگەنامەی فەرمی.”
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەلایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەوە (یەسێکا) (Yüksek Seçim Kurulu) (YSK) وەک دامەزراوەیەکی سەر بە حکومەتی ناوەند سەرپەرشتیدەکرێت. ئەم دەستەیە بە گوێرەی “یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانتاران”، ژمارە ٥٥٤٥ لە ١٦ی شوباتی ١٩٥٠ دامەزراوەو لە ٢ی شوباتی هەمان ساڵ دەستبەکاربووە. بە گوێرەی ماددەی ٥٨ی یاساکە، بنکەی سەرەکیی دەستەکە لە ئەنقەرەیەو لە هەر پارێزگاو قەزایەکیش لقێکی هەیە.
لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دەنگدان بۆ هەریەک لە سەرۆکی شارەوانیی شارە گەورەکان، سەرۆکی شارەوانیی پارێزگاکان، سەرۆکی شارەوانیی قەزاکان، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان، موختار (ئەنجومەنی گەڕەکەکان) بەڕێوەدەچێت. مەبەست لە شارە گەورەکان؛ ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیرو ٢٦ شارەوانیی گەورەی دیکەیە، کە هەریەک لە شارە گەورەکانی ئامەد، وان، ماردینو ئورفای باکووری کوردستانی تێدایە.
بۆ یەکەم جار لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا کراوەو تا ئێستا ١٢ هەڵبژاردنی شارەوانی لەو وڵاتە کراوە.
لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا کە وا بڕیارە لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، ٣٦ پارتی سیاسی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە ڕێگەیان پێ دراوە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن. پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بە سەرۆکایەتیی دەوڵەت باخچەلی، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزێل، پارتی باش بە سەرۆکایەتیی مێراڵ ئاکشەنەر، پارتی خۆشگوزەرای نوێ (یەرەپە) بە سەرۆکایەتیی فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکان، پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) بە سەرۆکایەتیی تونجار باکرهانو تولای هاتیم ئۆغوڵاری، پارتی داوای ئازاد (هوداپار) بە سەرۆکایەتیی زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو لە پارتە سەرەکییە بەشدارەکانی ئەم هەڵبژاردنەن. جگە لە ئاکپارتیو مەهەپە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کۆماردا بەشداردەبن، هیچ هاوپەیمانیەتییەک لە نێوان پارتەکانی دیکەدا نییە.
دەمپارتیو هوداپار وەک دوو پارتی کوردی بەشداریدەکەنو چەقی ململانێکانیان هەم لە نێوان خۆیانو هەم لەگەڵ پارتەکانی دیکەدا باکووری کوردستانە.
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بە گشتیو هەڵبژاردنی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بە تایبەتی هێندە کاریگەریی هەیە، “ئەو کەسەی ئەستەنبوڵ بەڕێوەببات، تورکیایش بەڕێوەدەبات.” وەک پەندێک لە تورکیادا بڵاوبووەتەوە. بنەڕەتی پەندەکەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ١٩٩٤، کاتێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەک کاندیدی پارتی سەعادەت، کە لەلایەن نەجمەدین ئەربەکانەوە سەرۆکایەتیدەکرا، توانیی ببێتە سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵ، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٢دا ئەردۆغان پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دامەزراندو توانیی زۆرینەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا بەدەستبهێنێت.
Resmi Gazete, 09.11.1982, Türkiye Cumhuriyeti Anayasası, https://www.icisleri.gov.tr/kurumlar/icisleri.gov.tr/IcSite/illeridaresi/Mevzuat/Kanunlar/Anayasa.pdf, 12.02.2024
YSK, 12.09.2007, YSK Tarihçesi, https://www.ysk.gov.tr/tr/tarihce/1510, 12.02.2014
TBMM, 26.12.2001, Milletvekilleri Seçim Kanunu, https://www5.tbmm.gov.tr/tutanaklar/KANUNLAR_KARARLAR/kanuntbmmc032/kanuntbmmc032/kanuntbmmc03205545.pdf, 12.02.2024
Wikipedia, Türkiye’de Büyükşehir Belediyeleri, https://tr.wikipedia.org/wiki/T%C3%BCrkiye%27de_b%C3%BCy%C3%BCk%C5%9Fehir_belediyeleri, 12.02.2024
YSK, 27.01.2024, 31 Mart 2024 Mahalli İdareler Seçimleri, https://www.ysk.gov.tr/doc/dosyalar/docs/2024MahalliIdareler/2024Mahalli-BirlesikOyPusulasi-KuraTutanagi.pdf, 12.02.2024
YSK, 10.01.2024, Siyasi Partilerin Birleşik Oy Pusulasındaki Yerleri,
https://www.ysk.gov.tr/tr/31-mart-2024-secimi/46637316, 12.02.2024