مه‌لا ئه‌فه‌ندی هه‌ولێری زانایه‌ك له لوتكه‌دا
هاوكار عه‌بدوڵڵا شێخ وه‌سان
مه‌لا ئه‌فه‌ندی، یاخود مه‌لا فه‌ندی یه‌كێكه له زانا هه‌ره گه‌وره‌كانی كوردستان و عێراق، پایه و زانستی ئه‌م زانایه هێنده مه‌زنه ڕه‌نگه ئێمه له‌م نووسینه كه‌مه‌دا نه‌توانین حه‌قی خۆی پێ بده‌ین. له كاتی خۆی مزگه‌وت و حوجره‌كه‌ی بووه‌ته ناوه‌ندێكی زانستی جیهانی فێرخوازان له هه‌موو ناوچه‌كانی عێراق و كوردستان و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ڕوویان تێكردووه. ئه‌م زانایه هیچ پایه‌یه‌كی سیاسی نه‌بووه، وه‌لێ هه‌رچی سیاسه‌تمه‌داری ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئینگلیز و عێراق و ده‌وروبه‌ر پرس و ڕاوێژیان پێ كردووه. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین گرنگترین وێستگه‌كانی مه‌لا ئه‌فه‌ندی به كورتی بخه‌ینه ڕوو.
كورته‌یه‌كی مێژوویی سه‌باره‌ت به بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا ئه‌فه‌ندی
ئه‌م بنه‌ماڵه زانستپه‌روه‌ره، زیاتر له (400) ساڵ له شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری به تایبه‌تی و هه‌موو كوردستان به گشتی، خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانست و ئایین بوون(1).
هۆی هاتنی ئه‌و بنه‌ماڵه بۆ هه‌ولێر مه‌لا ئیلیاسی باپیره گه‌وره‌یان بووە، کە له شاری (سولهت ئاباد)ی نزیك (سنه) داده‌نیشت، شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی ده‌یویست پیاوه ناسراوه ئایینییەکان به زۆرەملێ بكاته شیعه، ناچار مه‌لا ئیلیاس ڕاده‌كات و ئێران جێده‌هێڵێت و له‌گه‌ڵ خزمێكی خۆی كه ناوی محه‌ممه‌د كوڕی حه‌یده‌ر پیرهدینه، باپیره گه‌وره‌ی مه‌لایه حهیدهریهكانی ماوه‌رانه، ئاواره بوون و هاتوون بۆ باشووری كوردستان. مه‌لا محه‌ممه‌د له هه‌ریر ده‌مێنێته‌وه و مه‌لا ئیلیاس دێته هه‌ولێر، سوڵتانی عوسمانی له‌و كاته‌دا سوله‌یمان قانوونی بووه، زۆر ڕێزی لێ ده‌نێت. ژماره‌یه‌ك گوندی پێ به‌خشیون(2).
مه‌لا فه‌ندی هه‌ولێر
ناوی ئه‌بووبه‌كر كوڕی مه‌لا عومه‌ری كوڕی مه‌لا ئه‌بووبه‌كری كوڕی مه‌لا عوسمانی كوڕی مه‌لا ئه‌بووبه‌كری كوڕی مه‌لا عومه‌ری كوڕی مه‌لا ئه‌بووبه‌كری كوڕی شه‌مسه‌دینی كوڕی شه‌هابه‌دینی كوڕی مه‌لا خدری كوڕی مه‌لا ئیلیاسه. ناسراوه به (گچك مه‌لا)، واتا مه‌لا گچكه. ئه‌گه‌رچی مه‌لا ئه‌فه‌ندی بچووك نه‌بووه، به‌ڵام مه‌لا ئه‌بووبه‌كر ئه‌فه‌ندی باپیری به‌ژنی كورت بووه، بۆیه پێیان وتووه (گچك مه‌لا)، ئه‌و نازناوه له باپیریه‌وه بۆ ئه‌و جێماوه، ساڵی (1867)ز له هه‌ولێر له گه‌ڕه‌كی قه‌ڵات له دایك بووه.
له ته‌مه‌نی بیست ساڵی له‌لای باوكی خوێندنی زانستی مه‌لایه‌تی ته‌واو كردووه، ساڵی 1891 كه باوكی كۆچی دوایی ده‌كات، ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشتووه‌ته 30 ساڵ، له‌م ته‌مه‌نه بووه‌ته جێنشینی باوكی و سه‌رۆكی زانایانی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری و جێگای باوكی پڕ كردووه‌ته‌وه. هه‌موو كاتێكی خۆی بۆ وانەوتنه‌وه له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی قه‌ڵات ته‌رخان كردووه. له هه‌موو لایه‌كی كوردستان فه‌قێ و موسته‌عیدی بۆ خوێندن و زانست و فێربوون ڕوویان كردووه‌ته هه‌ولێر تاوه‌كو لای مه‌لا فه‌ندی بخوێنن، له ماوه‌ی وانەوتنهوهیدا له 1891 تا 1942، پتر له (300) سێ سه‌د فه‌قێ و موسته‌عید و مه‌لا وانەیان له‌لای خوێندووه(3).
مه‌لا فه‌ندی زانای ناودار و كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراوی كورد، ته‌نیا زانای ئایینی نه‌بوو، به‌ڵكو له پاڵ ئه‌م پایه به‌رزه‌ی، كه‌سایه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و خاوه‌ن هه‌ستێكی نه‌ته‌وایه‌تی و چاكه‌خواز بووه، له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانی، به تایبه‌ت له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م به فه‌رمانی سوڵتان به فه‌رمی كرا به ناوبژیوان بۆ كوژاندنه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان خیڵ و هۆزه كوردییه‌كان، له پاداشتی ئه‌و كاره باشه سوڵتان مه‌دالیای (حامی الحرمین الشرفین)ی پێدا، كه به‌رزترین و بە به‌هاترین مه‌دالیای ده‌وڵه‌ت بووه له‌و سهدهمەدا.(4)
ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی پێداون گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ی سه‌د مه‌لا، جگه له‌مه‌ش یارمه‌تی فه‌قێ و موسته‌عید و ده‌ستكورته‌كانی مزگه‌وته‌كه و ده‌وروبه‌ری هه‌ولێری داوه، هیچ دێیه‌ك نه‌بوو له ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر مه‌لا و موسته‌عید و كتێبی ئه‌وی تێدا نه‌بێت.(5)
مامۆستا حه‌مه‌ساڵح فه‌رهادی له‌باره‌ی شێوه‌ی مه‌لا ئه‌فه‌ندی ده‌نووسێت: “مه‌لا ئه‌فه‌ندی شێوه‌ی ئاسایی بووه، به‌ژن و باڵای ڕێك و كه‌مێكیش گۆشتن بووه، جوببه‌ی له‌به‌ر ده‌كرد و مێزه‌رێكی بچووك و بێ لفكه‌ی له‌سه‌ر ده‌ناو له جل و به‌رگدا پۆشته و ڕێك بووه، له ساڵه‌كانی كۆتایی ژیانیشیدا گۆچانی به ده‌سته‌وه ده‌گرت، به‌ڵام كوڕ نه‌بووبووه‌وه”.(6)
گونده‌كانی مه‌لا ئه‌فه‌ندی
نووسه‌ر هادی ڕه‌شید جاوشلی له كتێبی (له‌گه‌ڵ كاروانه‌ی فه‌له‌ك) ده‌نووسێت: “گه‌وره‌ترین خاوه‌ن گوند مه‌لا ئه‌فه‌ندی بوو، كه ناودارترین كه‌س بوو له هه‌ولێر، كه كاتی خۆی خاوەنی نزیكه‌ی (40) گوند زیاتر بوو، له دانیشگای خۆی له قه‌سری خۆی بوو له باداوه”.
هه‌روه‌ها مامۆستا حه‌مه‌ساڵح فه‌رهادی له باره‌ی ئه‌و گوندانه‌ی كه مه‌لا ئه‌فه‌ندی خاوه‌ندارێتی کردوون، ده‌نووسێت: “خۆی خاوه‌نی چه‌ند گوندێكی به پیت و به‌ره‌كه‌تی ده‌شتی هه‌ولێر بوو، وه‌ك: ماجید، حه‌سه‌ن به‌گ، جهیدهلهك، مناره، چاڵووك، باداوه، به‌ردێنه، باغه‌مره، …هتد، ئه‌و گوندانه كاتی خۆی له 1715 به فه‌رمانی سوڵتانی عوسمانی دراونه‌ته مه‌لا ئه‌بووبه‌كری دووه‌م”.(7)
ئینجا شه‌قڵی دهغڵهكهی ده‌كرده پێنج به‌ش، سێ به‌ش بۆ جوتیاره‌كه داده‌نرا، به‌شه‌ك بۆ خاوه‌ن زه‌وییه‌كه به‌شێكیش بۆ سه‌پان و تێلهگهكێش و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به به‌رهه‌مهێنانی ماندووبوون. یه‌كێك له‌و شهقڵچییانه ناوی (مه‌لا مه‌عروف) بوو، كه خزمی مه‌لا ئه‌فه‌ندی بوو، یه‌كێكی تریش ناوی (مه‌لا عه‌زیز) بوو، كه ئامۆزای شێخ محه‌ممه‌دی چۆلی بوو(8).
مه‌لا ئه‌فه‌ندی هه‌روه‌كو بۆ خوێندنی مه‌لایه‌تی به په‌رۆش بووه، بۆ كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی میریش پشتیوانی كردووه، كاتێك له دوای هاتنی ئینگلیزه‌كان بۆ هه‌ولێر له 1918 به چه‌ند مانگێك قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی له شاری هه‌ولێر كرایه‌وه. (9)
ئه‌و زانایانه‌ی كه ئیجازه‌یان له مه‌لا فه‌ندی وه‌رگرتووه
مه‌لا ئه‌فه‌ندی پسپۆڕ بوو له هه‌موو زانسته‌كان، كه خوێندنیان باو بوو له‌ناو چینی مه‌لا و فه‌قێیان، به تایبه‌ت له ئه‌ستێره‌ناسیدا ده‌ستێكی باڵای هه‌بوو، كتێبی دانراوی خۆی له‌و بابه‌ته هه‌بووه، فه‌قێیان له حوجره‌كانی مزگه‌وته‌كان كه كۆتاییان به قۆناغه‌كانی خوێندن ده‌هێنا بۆ په‌ره‌پێدانی زانیاری ده‌هاتنه لای مه‌لا ئه‌فه‌ندی، ماوه‌یه‌ك ده‌مانه‌وه و ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تییان له‌لای ئه‌و وه‌رده‌گرت.(10)
مامۆستا حه‌مه‌ساڵح فه‌رهادی كه (مه‌لا سادق)ی باوكی و مامی (مه‌لا سه‌عید) فه‌رهادی لای مه‌لا ئه‌فه‌ندی ئیجازه‌ی زانستیان وه‌رگرتووه، له باره‌ی پایه‌به‌رزی زانستی مه‌لا ئه‌فه‌ندی له كتێبی (كسپه‌ی ده‌روون) ده‌نووسێت: “نزیكه‌ی (50) ساڵ ده‌رسی وتووه‌ته‌وه و سه‌دان زانای ئایینی لای ئه‌و ده‌رسیان خوێندووه و سوودیان له زانسته‌كانی وه‌رگرتووه و زیاتر له (100) مه‌لاش خوێندنیان لای ئه‌و ته‌واو كردووه”. “خه‌رجی هه‌موو ئیجازهكانیش ئه‌و خۆی دابینی كردووه، یه‌كه‌م مه‌لا ئیجازه‌ی لای مه‌لا ئه‌فه‌ندی وه‌رگرتبێت (مه‌لا محه‌ممه‌دی په‌رچه‌می) بووه و دوا مه‌لاش (شێخ قادری شێخ له‌تیفی گردهشینهیی) بووه”.
هه‌روه‌ها مامۆستا تاهیر به‌حركه‌یی له كتێبی (مێژووی زانایانی كوردا) له باره‌ی مۆڵەتپێدراوەكانی مه‌لا فه‌ندی ده‌ڵێت: “مه‌لا ئه‌فه‌ندی كه ساڵی (1890) باوكی كۆچی دوایی كرد، خۆی ته‌مه‌نی سی و دوو ساڵ بوو، له جێی دانیشت، له‌و به‌رواره‌وه و له پێشدا كه باوكی له ژیاندا بوو تا كۆچی دوایی خۆی (370) ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی داوه”.
كتێبخانه‌ی مه‌لا ئه‌فه‌ندی
كتێبخانه‌ی مه‌لا ئه‌فه‌ندی له كۆشكی باداوه یه‌كجار گه‌وره بووه، هه‌زاران كتێبی به نرخ و چاپكراو و ده‌ستنووسی تێدا بووه، كه له باوك و باپیرانی بۆی مابووه‌وه، له‌گه‌ڵ هی خۆی ژماره‌ی (2700) كتێب بووه، له دوو به‌ش پێكهاتبوو، به‌شێكیان ده‌ستنووس بوون، كه ژماره‌یان 700 ده‌ستنووس بووه، به‌شه‌كه‌ی تری چاپكراو، به‌شێك له كتێبه‌كانی پێكهاتبوون له كتێبی زمانه‌وانی و زانستی ڕێزمان و ڕه‌وانبێژی و ڕۆشنبیری و قورئان و فه‌رمووده‌كانی نه‌به‌وی.(11)
مێژووی ئه‌م كتێبخانه‌یه بۆ نزیكه‌ی (500) ساڵ لهمهوپێش ده‌گه‌ڕێته‌وه، له باپیره هه‌ره‌گه‌وره‌ی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌وه، كه مه‌لا ئیلیاس بووه، تا كۆچی دوایی زانای گه‌وره (ڕه‌شاد موفتی) ساڵی 1992، ئه‌م بنه‌ماڵه زانستییه مه‌لای باشیان لێ نه‌بڕاوه و به‌رده‌وامیش كتێبیان بۆ زیاد كردووه، تا له سه‌رده‌می مه‌لا ئه‌فه‌ندیدا بووه‌ته یه‌كێك له كتێبخانه هه‌ره گه‌وره‌كانی كوردستان و سه‌دان كتێبی ده‌ستنووس و چاپكراوی به زمانی عه‌ره‌بی و فارسی و توركی و هه‌ندێكیشی به كوردی تێدا بووە. ئه‌و كتێبخانه‌یه له دوای شۆڕشی 14ی ته‌ممووزی 1959 دوای نزیكه‌ی (17) ساڵ به‌سه‌ر تێپه‌ڕبوونی كۆچی دوایی مه‌لا ئه‌فه‌ندیدا، كه‌وته به‌ر شاڵاوی تاڵان و بڕۆ، دوای سوتاندنی كۆشكه‌كه. ئه‌م كتێبخانه‌یه چه‌ندین شتی نایاب و به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژوویی تێدا بووه و فه‌وتاوه، یه‌كێك له‌وانه نامه‌یه‌كی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی بوو، كه بۆ سوڵتان موزه‌فه‌ری زاوای ناردبوو(12).
كۆشك (قه‌سر)ی باداوه
له 1913-1914 دروستكراوه، یه‌كێك بوو له كۆشكە هه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی هه‌ولێر، كه له دوو نهۆم پێكهاتبوو، نهۆمی سه‌ره‌وه تایبه‌ت بوو بۆ ماڵ و منداڵ و خێزانی، نهۆمی خواره‌وه‌ش تایبه‌ت بوو به میوانان. ئه‌و قه‌سره باخچه‌یه‌كی گه‌وره و كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌شی هه‌بوو(13).
كه ده‌چوویه ناو كۆشكه‌كه ده‌رگایه‌كی گه‌وره كه تاقێكی له‌سه‌ر بوو، باوه‌شی پێدا ده‌كردی و له ژووره‌وه له ده‌سته‌چه‌پدا پاركێكی گه‌وره هه‌بوو، ئینجا ڕه‌ز و باخێكی گه‌وره به داری (زی) ده‌ورە درابوو، ئینجا حه‌وزێك به‌رامبه‌ر دیوه‌خان بوو، دوو ژووری دیكه‌ی میوانانی به‌دوادا ده‌هات و له هه‌ردوو چیندا تارمییهكی گه‌وره‌ی هه‌بوو، به ده‌رگایه‌كی داری گه‌وره دهڕۆیشتییه ژوورێ، له‌لایه‌كه‌ی دیكه چوار ژوور هه‌بوو بۆ پاسه‌وان و قاوه‌چی و شوفێر و قاوهلێنان ته‌رخان كرابوون. له ناوه‌ڕاستیشدا پێبلهقهیهك هه‌بوو، كه بۆ چینی یه‌كه‌م پێی به‌سه‌ر ده‌كه‌وتن و له‌لای ڕاستدا ژوورێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو، بۆ پێشوازی میوانان و ژوورێك بۆ نانخواردن، هۆڵێك له دوای ئه‌و ژوورانه هه‌بوو له‌گه‌ڵ ژوورێكی دیكه‌ی گه‌وره، ئه‌م ژووره ڕووی له‌لای ماڵێ بوو، كه لای (حه‌ڕه‌م) شوێنی ئافره‌تانی پێ ده‌وترا و به مهمهڕێك دهڕۆیشتیه ئه‌و به‌شه، كه ژوورێكی پێشوازی هه‌بوو له تارمهكه ڕووی له گومه‌ت و ناوشاری هه‌ولێر بوو، پێش ئه‌وه‌ی بڕۆیته ناو كۆشكه‌كه داروباری وه‌ك لیمۆ و پرته‌قاڵ ده‌وره‌ی حه‌وزێكی ئاوی ده‌دا، كه له مه‌ڕمه‌ڕ دورستكرابوو، نافوره‌یه‌كی تێدابوو، حه‌وشه‌یه‌كی لێ‌بوو، چێشتخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو، كه له بینایه‌كی سه‌ربه‌خۆ پێكده‌هات، ئه‌ویش پێنج ژووری تێدابوو، كه ئاشپه‌ز و خزمەتگوزارەکان كاریان تێدا ده‌كرد. لای ئافره‌تان نهۆمی سه‌ر زه‌وی بوو، بریتی بوو له هۆڵێكی گه‌وره و دوو ژوور و له ناوه‌ڕاستی هۆڵه‌كه‌دا نهردیوانێك هه‌بوو، گه‌رماوێكی تێدا بوو له‌وێوه په‌یژه‌كه ده‌بوو به دوو به‌ش و له‌سه‌ره‌وه له‌پێش هۆڵێكی گه‌وره یه‌كیان ده‌گرته‌وه و به‌و ژووره ده‌چووه سه‌ر تارمه و به‌لایه‌كی دیكه‌ی ده‌ڕۆیشته ژووره‌كانی ناوه‌وه و له‌لای چه‌پدا دوو ژوور هه‌بوو، به‌رامبه‌ریش هه‌روا دوو ژووری دیكه‌ی لێ‌بوو، دوای ئه‌وانه‌ش ساڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به ناو (عروس)، دوای ئه‌مه‌ش دوو ژووری دیكه و گه‌رماوێك هه‌بوو، كۆشكه‌كه كه له دار و ئاوێنه دروستكرابوو، ڕه‌ز و بێستانێكی گه‌وره، كه زه‌یتوون و ترێ و لیمۆ و زه‌رده‌لوو و جۆره‌ها داری دیكه‌ی تێدابوو، ترێ به‌شێكی زۆری ڕه‌ز و باغه‌كه‌ی داگیر كردبوو، له‌گه‌ڵ گوڵ و گوڵه‌باخدا له ده‌ره‌وه‌ی كۆشكه‌كه كۆده‌بوونه‌وه و ژووره‌كانیش هه‌موویان به نه‌خش و نیگار ڕازابوونه‌وه.(14)
له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان چه‌ند ده‌سه‌ڵاتدارێكی ده‌وڵه‌تی عوسمانی سه‌ردانی كۆشكی باداوه-یان كردووه، وه‌كو (حجال پاش سفاح و عون الله طاطعی و سلێمان نه‌زیف)، چه‌ند سه‌رۆك و ده‌سه‌ڵاتدارێكی تری عێراقی وه‌كو (نووری سه‌عید، یاسین هاشمی، ڕه‌شید عالی گه‌یلانی …هتد) سه‌ردانیان كردووه.(15)
عوسمان موفتی یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه كه كۆشكی باداوه‌ی دیوه، له‌مباره‌وه ده‌ڵێت: كۆشكی باداوه زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره بوو، له لایه‌نی بیناسازی و نه‌خش و نیگارییهوه، سه‌باره‌ت به بیناكه ده‌بووه دوو به‌ش، به‌شێك له (حه‌ڕه‌م)یان پێ ده‌وت، له دواوه سه‌ربه‌خۆ بوو، به‌شی پێشه‌وه‌ش دیوه‌خانی میوانان بوو، هه‌ر به‌شێكیشی پتر له (50-60) ژووری گه‌وره و بچووكی تێدابوو، ڕه‌زێكی گه‌وره‌ش كه چه‌ندان جۆره میوه‌ی لێ چێنرابوو(16).
هاتنی به‌ریتانیا بۆ هه‌ولێر و هه‌ڵوێستی مه‌لا فه‌ندی به‌رامبه‌ریان
دوای گه‌یشتنی سوپای به‌ریتانیا بۆ كه‌ركوك و پردێ، سه‌باره‌ت به هاتنی به‌ریتانیا بۆ شاره‌كه له كه‌ركوكه‌وه نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی كاربه‌ده‌ستان و دانیشتوانی هه‌ولێر كرا، له‌و كاته‌دا گه‌وره پیاوانی هه‌ولێر بۆ دوو بۆچوون دابه‌شبوون، به‌ره‌یه‌كیان به توندی داگیركاری به‌ریتانیایان بۆ شاره‌كه ڕه‌ت كرده‌وه، دیارترینیان (سه‌ید عه‌بدوڵڵا پاشا نه‌قیب، ڕه‌شید ئاغا، عه‌لی پاشا دۆغره‌مه‌چی، ئه‌حمه‌د پاشای دزه‌یی، پیرداود ئاغای دزه‌یی، جه‌میل ئاغای گه‌ردی) بوون. به‌ره‌ی دووه‌م به سه‌رۆكایه‌تی (مه‌لا فه‌ندی، ئه‌حمه‌د عوسمان، ئیبراهیم بایز ئاغای دزه‌یی) بوون، هه‌ڵوێستیان نه‌رم بوو، سه‌ره‌تا به‌شی زۆری كه‌سایه‌تییه دیاره‌كان له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی به‌رگری بوون، به‌ڵام گرووپی دووه‌م ڕوونیان كرده‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوپای عوسمانی له زۆربه‌ی ناوچه‌كان پاشه‌كشه‌ی كردووه و له شكستدایه، بۆیه ئه‌وانیش ناتوانن به‌ره‌نگاری سوپایه‌كی پێشكه‌وتووی وه‌ك به‌ریتانیا بكه‌ن، له كۆتاییدا بۆچوونی دووه‌م زیاتر خۆی سه‌پاند و بڕیاردرا به‌ره‌نگاری داگیركاری به‌ریتانی نه‌كرێت.(17)
رۆڵی مه‌لا ئه‌فه‌ندی له ده‌نگدانی هه‌ولێر بۆ مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ و ویلایه‌تی موسڵ
مه‌لا ئه‌فه‌ندی ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی له سه‌رخستنی ڕاپرسییه‌كی بۆ دانانی (مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی كوڕی حوسێن)، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له نێوان بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا فه‌ندی و به تایبه‌تی (مه‌لا عومه‌ری باوكی) له‌گه‌ڵ شه‌ریفی مه‌ككه هه‌بووه، كه هۆكاری دروستبوونی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كاتی به‌جێگه‌یاندنی مه‌راسیمی حه‌ج. هه‌روه‌ها (مه‌لا فه‌ندی) ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی بینیوه له كاتی ده‌نگدان كه خه‌ڵكی هه‌ولێر ده‌نگ به مانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ عێراق بده‌ن(18).
دوورخستنه‌وه‌ی شێخ مه‌حموود بۆ هیندستان و ڕۆڵی مه‌لا ئه‌فه‌ندی له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان
له كاتی دوورخستنه‌وه‌ی شێخ بۆ هیندستان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی له زۆرلاوه، دانیشتوانی هه‌ولێر و به تایبه‌تی پیاوماقووڵانی له‌وانه، (مه‌لا فه‌ندی، محه‌ممه‌د موفتی هه‌ولێر، مه‌لا محه‌ممه‌دی كۆیه) به مه‌به‌ستی ئازادكردنی شێخ ئیمزایان كۆكرده‌وه و یادداشتێكیان پێشكه‌ش كرد. له‌لایه‌ن خۆیه‌وە مه‌لا فه‌ندی بۆ چه‌ند جارێك داوای ئازادكردنی شێخ مه‌حموودی له ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ریتانیا كرد. له زۆر دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵیاندا ئه‌م داوایه‌ی دووپات ده‌كرده‌وه.(19)
مه‌لا ئه‌فه‌ندی ڕێگری له كۆمه‌ڵكوژی عه‌نكاوه ده‌كات
له 1917 ڕووداوی كوشتنی به كۆمه‌ڵی مه‌سیحییه‌كان له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌وه كه نه‌شاره‌زا بوون له ئیسلام له‌م بواره وا ده‌زانن ئه‌مه وه‌ك جیهاد وایه. ڕووداوه‌كه‌ش له‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كاتێك سوپای تورك له پاشه‌كشه بووه له به‌رامبه‌ر ئینگلیز له‌و سه‌رده‌مه هانی هه‌ندێک خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری شار ده‌ده‌ن كه مه‌سیحیه‌كان پیاوی ئینگلیزن، ده‌بێت له ناو بچن.(20)
شاعیر و نووسه‌ر كه‌ریم شاره‌زا له‌م باره‌وه ده‌ڵێت: ڕوو ده‌كه‌نه باداوه، ئه‌و ڕۆژه‌ش هه‌ینی ده‌بێت، كاتێك مه‌لا ئه‌فه‌ندی له خوتبه‌ی هه‌ینی مزگه‌وتی قه‌ڵا ده‌گه‌ڕێته‌وه له مه‌سه‌له‌كه ده‌گات و به هه‌موو جۆرێك خه‌ڵكه‌كه سارد ده‌كاته‌وه و پێیان ده‌ڵێت: ئه‌و دیانانه‌ی له‌گه‌ڵمان ده‌ژین، ئایینی ئیسلام فه‌رمانمان پێ ده‌كات بیانپارێزین و ده‌بێت پارێزگاری‌یان لێ بكه‌ین، بۆ ئێواره‌ش له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ده‌مڕاستی بنه‌ماڵه‌كانی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ریدا كۆ ده‌بێته‌وه و گه‌لێك ئامۆژگارییان ده‌كات و له‌و جۆره شه‌ڕ و كاره‌ساتانه دووریان ده‌خاته‌وه.(21)
هه‌ر له باره‌ی ئه‌م ڕووداوه‌وه نووسه‌ری مه‌سیحی (جه‌مال مه‌رقه‌س) عه‌نكاوه له وتارێكیدا به ناوی (مه‌لا فه‌ندی له ویژدانی هه‌موو خه‌ڵكی عه‌نكاوه ده‌مێنێته‌وه، ده‌نووسێت: حاشا هه‌ڵنه‌گره مه‌لاكان ڕۆڵێكی زۆر گه‌وره‌یان هه‌بووه بۆ مانه‌وه‌ی شاری عه‌نكاوه له مێژوودا، ده‌بێت به ڕێز و سوپاسه‌وه بۆ ئه‌م باسه بڕوانین، به تایبه‌تی زانایانی ئایینی هه‌ولێر، به تایبه‌تی تریش زانای گه‌وره‌ی هه‌ولێر مه‌لا فه‌ندی كه له سه‌رووی پێناسهكردنه. لێره‌دا ده‌مه‌وێت هه‌ڵوێستێكی مه‌لا فه‌ندی له باره‌ی عه‌نكاوه بخه‌مه ڕوو، كاتێك عوسمانییه‌كان ده‌یانه‌وێت گوندی عه‌نكاوه له‌سه‌ر زه‌وی بسڕنه‌وه، خه‌ڵكه‌كه‌ی په‌رت و بڵاو بكه‌ن، مه‌لا فه‌ندی یادی به‌خێر هه‌ڵوێستێكی مه‌ردانه و یه‌كلاكه‌ره‌وانه به‌رامبه‌ر عه‌نكاوه و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌نوێنێت، مه‌ترسی له ناوبردنی عه‌نكاوه دوور ده‌خاته‌وه. من ده‌مه‌وێت ئه‌م هه‌ڵوێسته بۆ نه‌وه‌ی نوێ و نه‌وه‌كانی داهاتوو بخه‌مه ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی بزانم ئه‌و مه‌لایه چ هه‌ڵوێستێكی مه‌ردانه‌ی نواندووه، ده‌بێت بڵێم ئێمه و نه‌وه‌ی داهاتوو مه‌سیحییه‌كانی عه‌نكاوه قه‌رزاری ئه‌و پیاوه مه‌زنه‌ین، بۆیه پێویسته له هه‌موو بۆنه‌كاندا ناوی ئه‌و بهێنین، پێشنیاز ده‌كه‌م ناوی ئه‌و له قه‌داسی ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك بهێنرێت، به نیه‌تی ئه‌وه‌وه بپاڕێنه‌وه و نوێژ بكه‌ین. پێویسته ئێمه‌ی مه‌سیحی، موسڵمان، ئێزیدی و سابیئییهكان مه‌لا فه‌ندی بكه‌ینه نموونه‌ی به‌رزی به‌ها مرۆڤییهكان، كه ژیانی خۆی بۆ خزمه‌تكردنی شار و خه‌ڵكه‌كه‌ی ته‌رخان كرد.(22)
بیر‌و بۆچوونی زانایان و نووسه‌ران سه‌باره‌ت به مه‌لا ئه‌فه‌ندی
مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس:
ئه‌بووبه‌كر ناسراو به (مه‌لا گچك)، زانایه‌كی به‌هرمه‌ند و گه‌وره بووه، یه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه‌ی له هه‌ولێر خزمه‌تی زانست و ئایینی كردووه. به كورتی و به پوختی مه‌لا فه‌ندی زانایه‌كی گه‌وره بووه، په‌ناگه‌ی زانایان بووه، ئومێدی غه‌واره و غه‌ریبان بووه، یارمه‌تیده‌ری چه‌وساوان بووه، هه‌ر زانا و ئینسانێكی به‌ڕێز تووشی مه‌ینه‌تی بووبێت به هانایه‌وه چووه و كێشه‌كانی به شێوه‌یه‌كی شه‌رعی بۆ چاره‌سه‌ر كردووه. مه‌لا فه‌ندی خاوه‌ن ڕه‌وشتێكی به‌رز بووه، عه‌قڵی له سه‌رووی زانست بووه، كه‌سێكی هه‌تا بڵێی ڕێك‌وپێك و به ئه‌ده‌ب و هه‌یبه‌تدار بووه، هه‌روه‌ها یه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه‌ی قسه‌ی لێ وه‌رگیراوه، یه‌كێك بووه له پیاوماقوڵهكان، هه‌روه‌ها وه‌ك خۆرێك وابووه بۆ هیدایه‌تدانی خه‌ڵك، به‌وه ناسراوه كه كاروباری عه‌قڵی زۆر كردووه و هیمه‌تێكی به‌رزی هه‌بووه(23).
محه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌كی:
مه‌لا ئه‌فه‌ندی به زانست و به‌خشنده‌یی ناسراوه، سه‌رقاڵ بووه به ته‌دریس له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی هه‌ولێر، پیاوێكی پڕ زانست بووه، له خوداناسی و چاكهكاریدا پله‌یه‌كی به‌رزی هه‌بووه، هه‌موو حكومه‌ته یه‌ك له دوایه‌كه‌كانی عێراق، هه‌روه‌ها كاربه‌دەستان ڕێزی زۆریان گرتووه. كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می هه‌یه، كتێبخانه‌كه‌ی له كۆشكی باداوه شاری هه‌ولێر به هه‌زاران كتێب ئاوه‌دانه.(24)
بزووتنه‌وه‌ی ڕه‌شید عالی گه‌یلانی و ناردنی مه‌لیك بۆ لای مه‌لا ئه‌فه‌ندی
ساڵی 1941، كاتێك ڕه‌شید عالی گه‌یلانی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌ماندا بڕیاری دا، وه‌سی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ، عه‌بدولئیلاه خاڵی بوو لا ببرێت. ڕه‌شید عالی گه‌یلانی نه‌یده‌ویست مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ و خانه‌واده‌ی بكوژێت، چونكه له ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌ترسا، بۆیه له ژێر چاودێری له به‌غداوه ڕه‌وانه‌ی هه‌ولێریان ده‌كا، ئه‌و ده‌مه ڕه‌شید عالی گه‌یلانی به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌لا ئه‌فه‌ندی ده‌كا و داوای لێ ده‌كات كه مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ له ژێر چاودێری ئه‌ودا بێت. ئه‌وه‌بوو خانه‌واده‌كه‌ی و مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ ڕۆژی 28/5/1941 له به‌غدا به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌ڕێ ده‌كه‌ون ڕۆژی 29/5/1941 ده‌گه‌نه كه‌ركوك و پاشان به ئۆتۆمبێل دێنه هه‌ولێر.
به‌ر له گه‌یشتنیان، مه‌لا فه‌ندی كۆشكی باداوهیان بۆ چۆڵ ده‌كات و ئه‌و كه‌سانه له‌وێ دێڵێته‌وه كه له‌وێ خزمه‌تیان بكه‌ن، هه‌روه‌ها زۆر به توندیش ڕووبه‌ڕووی ئامر حامیه‌ی هه‌ولێر ده‌بێته‌وه، كاتێک ده‌یه‌وێت بیانبات بۆ ناو معه‌سكه‌ر.(25)
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م ڕووداوه ئه‌میره به‌دیعه نه‌وه‌ی مه‌لیك له بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆیدا به ناوی (وریشة العروش) به‌م شێوه‌یه باسی هاتنیان ده‌كات بۆ لای مه‌لا ئه‌فه‌ندی: “ڕۆیشتین بۆ لای یه‌كێک له مه‌لا هه‌ره گه‌وره‌كانی شاری هه‌ولێر، ئێمه نه‌چووینه ماڵه به ناوبانگه‌كه‌ی كه له ناوه‌ڕاستی هه‌ولێر بوو، به‌ڵكو چووینه ده‌ره‌وه‌ی شار له‌وێنده‌ر له یه‌كێك له خانووه‌كانی ماینه‌وه، له نێو باغ و باخچه‌ی ڕازاوه، ئێمه بۆ ئه‌وه نه‌چووبووین ته‌ماشای دار و دره‌ختی گوێز و چواله بكه‌ین، نه‌چووبووین بۆ ئه‌وه‌ی تام له به‌روبومی خۆخ و سێ‌و وه‌ربگرین، ئێمه نه‌چووبووین بۆ ئه‌وه‌ی له ژێر سێبه‌ر و سایه‌ی دره‌خته‌كانی ئه‌وێ بحه‌سێینه‌وه، وه‌ك خه‌ڵكانی تر ده‌هاتن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، به‌ڵكو هاتبووین چاوه‌ڕێی چاره‌نووسی نووسراوی خۆمان ده‌كرد. له ماڵی مه‌لا فه‌ندی كه ده‌كاته باوكی په‌رله‌مانتار (عیزه‌دینی مه‌لا فه‌ندی) چه‌ندان ڕۆژ ماینه‌وه”
“نازانم شه‌وه‌كه شه‌وی به‌خته‌وه‌ری بوو، یان به‌دبه‌ختی و قوربه‌سه‌ری بوو، یه‌ك له كوده‌تاچییه‌كان هاتن داوایان له مه‌لا فه‌ندی كرد مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی دووه‌میان ته‌سلیم بكات، ئه‌ویش وڵامی دایه‌وه “به زاتی خودا من مه‌لیك فهیسهڵتان ته‌سلیم ناكه‌م هه‌تا ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت بشم كوژن” كاتێك كه زانیان ئه‌و هه‌ر سووره له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی پشتیان هه‌ڵكرد و ڕۆیشتن.(26)
مه‌لا ئه‌فه‌ندی له بیره‌وه‌ری بیانییه‌كاندا
ده‌بلیو ئار هی، حاكمی سیاسی به‌ریتانی له هه‌ولێر له كتێبی (دوو ساڵ له كوردستان)دا ده‌نووسێت: له هه‌موو زانایان به‌ڕێزتر (مه‌لا فه‌ندی) بوو، كه زۆر جار له گونده‌كه‌ی (باداوه) سه‌ردانم ده‌كرد، كه ئه‌و گونده شانۆی ئه‌و دانوستانهبوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه دزهییهكاندا كرا. باداوه شوێنێكی جوانه، بێستان و كه‌پری مێو ده‌وریان داوه. مه‌لا فه‌ندی ڕۆژی له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی هه‌ولێر به‌سه‌ر ده‌بات، ئێوارانیش ده‌چێته‌وه ماڵه‌كه‌ی. مه‌لا فه‌ندی باڵای كورته و شێوه‌یه‌كی هه‌ڵۆیی هه‌یه و كاری له خواترسانه. هه‌رگیز ده‌ستی ناسكی وه‌ك ده‌ستی ئه‌وم له ژیانمدا نه‌دیوه، ئه‌و هه‌میشه جبه‌یه‌كی شۆڕی ڕه‌نگ خۆڵه‌مێشی له‌به‌ر ده‌كات كه ده‌گاته سه‌ر پێیه‌كانی، تهربوشێكیش له‌سه‌ر ده‌نێت كه به قوماشێكی موسڵی (موسلین)ی شینی كاڵ ده‌وره دراوه. ئه‌و له هه‌موو كوردستاندا ڕێزی هه‌یه و خه‌ڵكه‌كه‌ی به قسه‌كانی دڵخۆش ده‌بن و ده‌گه‌شێنه‌وه وه‌ك گه‌شانه‌وه به بۆنی گوڵان، ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌به‌ر زانست و لەخوداترسی. ئه‌و پێشكه‌وتنخوازه، ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی كه له میسر و توركیاوه دێن ده‌یانخوێنێته‌وه، قسه‌كردنه‌كانی زیرهكانهن و بابه‌ته سیاسی و زانستییه‌كان له خۆ ده‌گرێت.
رۆژێكیان ده‌رباره‌ی باری سه‌رنجی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی خۆی له میزۆپۆتامیا هه‌یه پرسیارم لێ كرد، له وه‌ڵامدا وتی: هه‌موو كه‌سێك شه‌یدای ئه‌وه‌یه نیشتمانی (دایك)ی ئازاد بێت، به‌ڵام ئێمه ئێستا به هه‌ر حاڵ ئیره‌یی به‌رامبه‌ر یه‌كتر به خراپترین شێوه لێكی كردووین، كه‌سێكیش نییه شایه‌نی حوكمڕانی بێت، ده‌مانه‌وێت ئێوه كاروباره‌كانمان به‌ڕێوه ببه‌ن تا ئاشتی و ئاسایشمان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌توانین حوكمی خۆمان بكه‌ین(27).
مه‌لا فه‌ندی له بیره‌وه‌ری (ای ام هاملتۆن) له كتێبی (ڕێگایه‌ك له كوردستان)
هاملتۆن له باره‌ی مه‌لا فه‌ندی ده‌ڵێت: (مه‌لا فه‌ندی) كه خواپه‌رستێكی ده‌وڵه‌مه‌نده بڕێكی زۆری له‌و به‌رهه‌مه هه‌یه و خه‌ڵك به مرۆڤێكی پاك و ژیر باسی ده‌كه‌ن(28).
مه‌لای فه‌ندی له دیدی مه‌لای گه‌وره‌دا
مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه و مه‌لا ئه‌فه‌ندی هه‌ولێری دۆستایه‌تی و براده‌رایه‌تییه‌كی زۆریان له نێواندا هه‌بووه، له به‌شێكی زۆر بۆچوونه‌كانیان هاوڕابوون و پرس و ڕاوێژیان به یه‌كتر كردووه. مه‌لای گه‌وره كوڕه‌كه‌ی خۆی (مه‌سعود محه‌ممه‌د) به مه‌به‌ستی خوێندن ده‌نێرێت بۆ ماڵی مه‌لا ئه‌فه‌ندی و چه‌ند ساڵێك له‌وێ به‌سه‌ر ده‌بات.
خۆشه‌ویستی مه‌لای گه‌وره و مه‌لا ئه‌فه‌ندی به جۆرێك بووه هه‌تا كاتێك مه‌لا ئه‌فه‌ندی كۆچی دوایی ده‌كات و مه‌لای گه‌وره به هه‌واڵه‌كه ده‌زانێت ئه‌و كات له كۆتایی ته‌فسیره‌كه‌یدا ده‌بێت و ده‌نووسێت: “لەو چەندانە؛ وەفاتی (حەزرەتی مەلا ئەبووبەكر ئەفەندی) هەولێری؛ سعات شەشی شەوی پێنج شەمووی ڕابردی؛ (إنا للە)؛ ئەگەر وەفاتی ئەو زاتە لە ئەسنای تەفسیرم دابا؛ موحەقیق لەبەر ئەلەم پێم تەواو نەدەكرا”.(29)
له باره‌ی پایه‌ی زانستی مەلا ئەفەندی دەڵێت: “خانەدانی عیلم ئەبێ وەكی حەزرەتی (مەلا ئەبووبەكر ئەفەندی) هەولێری بێ، خانەدانی عیلم، عالم، عەلامە، ساحێبی سەروەت و سامان، لەسەر ئەو هەموو حاڵەش متەوازیع، (كەریمو التەبع)، ئاڵای عیلمی بۆ وڵات هەڵگرتییە، عیززەتی پێدایە، خودا لەگەڵ عزز و جاهو ئەولادی دەوامی بدا”.(30)
مه‌لا ئه‌فه‌ندی له شیعری شاعیران‌دا
به‌شێكی شاعیرانی كورد شیعریان بۆ مردنی مه‌لا ئه‌فه‌ندی و پایه زانستییه‌كه‌ی نووسیوه، لێره‌دا ته‌نیا ئاماژه به دوو شاعیر ده‌كه‌ین.
پیره‌مێرد ئه‌م شیعره‌ی له ساڵی 1361ی هیجریدا به بۆنه‌ی كۆچی دوایی (مه‌لا فه‌ندی) گوتووه.
ئایینی ئیسلام دەری خستووە
دوای مردن گیانی وەلی زیندووە
وه‌لی سیفاتی خودای تێدایه
نائبی نه‌بی و له به‌ند ڕه‌هایه
به هیدایه‌تی خودا مهحفووزه
نه‌بی مه‌عسوومه، وه‌لی مهحفووزه
سیفەتی پایەیی وەلێتی سیانە
عیلم و ئەدەب و زیکری سوبحانە
جگه له‌وه‌ی ئه‌و، بابی هه‌ژار بوو
چاکه و به‌خشنده‌ی هه‌زار هه‌زار بوو
نیوشیعری دوایی ته‌ئریخی خشته
مه‌دره‌سه‌ی مه‌لای هه‌ولێر به‌هه‌شته
به حیسابی ئه‌بجه‌د ده‌کاته ١٣٦١ کۆچی مانگی که ساڵی مردنی مه‌لا گچکه‌یه(31)
شێخ ڕه‌زا له شیعرێكی درێژدا به زمانی توركی مه‌دحی مه‌لا فه‌ندی ده‌كات، دكتۆر موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی وه‌ری گێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی، لێره‌دا ته‌نیا چه‌ند دێرێكی توركی و كوردییه‌كه‌مان داناوه:
بو شفق كیم فلك لكهء دامانیدر
پایمال ایتدیكی مظلوملرك قانیدر
آه مظلوم، نسیم چمن مفخرتى
دهن زخم جطر خونچهء خندا نیدر
مطلع جدى، چراگاه حمل، خانهء تور
بر طاقم جانورك عرصهء جولانیدر
اوستنه قونمش اسد سرتنه بینمش سرطان
روز و شب ملعبهء عالم حيوانيدر
واتا:
ئه‌م شه‌فه‌قه كێیه، خاڵی ڕۆشنكه‌ره‌وه‌ی فه‌له‌كه
خوێنی ئه‌و زۆرلێكراوانهیه كه پاماڵ كراوه
ئاهی مه‌زڵومان نه‌سیمی باغی خۆههڵكێشانیهتی
زاخاوی برینی جه‌رگ غونچه‌ی خهندانیهتی
ده‌ركه‌وتنی (جدی) چراگهی (حمل) خانه‌ی (ثور)
مه‌یدانی جهوهلانی ده‌سته‌یه‌ك جانهوهرانن
(أسد) نیشتووه‌ته سه‌ری، (سرطان) سواری پشتی بووه
ڕۆژ و شه‌و وازیخانهی عاله‌می حهیوانییهتی(32)
كۆچی دوایی مه‌لا ئه‌فه‌ندی
مه‌لا ئه‌فه‌ندی له ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی 22ی مانگی زیلحیجه‌ی (1361ك) 31/12/1943ز كۆچی دوایی كرد. ئه‌گه‌رچی ئه‌وسا میدیاكان و ته‌نانه‌ت هۆیه‌كانی گواستنه‌وه و گه‌یاندنیش وه‌كو ئێستا نه‌بوونه، به‌ڵام وه‌كو ده‌ڵێن هیچ هه‌واڵێك له شاری هه‌ولێر وه‌كو هه‌واڵی كۆچی دوایی مه‌لا ئه‌فه‌ندی وا به خێرایی بڵاونه‌بووه‌ته‌وه. خه‌ڵكی هه‌ولێر به له‌ده‌ستدانی ئه‌و زانا و كه‌سایه‌تییه به‌رز و دڵسۆزه‌ی شاره‌كه‌یان، زوو خۆیان گه‌یانده باداوه و به‌شداریی ڕێوڕه‌سمی به خاك سپاردنیان كرد له باداوه.(33)
به پێی سه‌رچاوه‌كان ڕێوڕه‌سمه‌كه زۆر گه‌وره بووە، به‌م بۆنه‌یه‌وه خه‌ڵكێكی زۆر كۆبوونه‌وه و چه‌ندین نووسراوی گه‌وره پیاوان و ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رۆك هۆز پرسه و ماته‌می خۆیان پێشكه‌ش به بنه‌ماڵه‌كه كرد، جگه له‌مه كۆچی دوایی كاری كرده سه‌ر هه‌ستی شاعیرانی كورد و عه‌ره‌ب.(34)
په‌راوێزه‌كان:
- كسپه‌ی ده‌روون، حه‌مه‌ساڵح فه‌رهادی، ل: 4.
- مێژووی زانایانی كورد، مه‌لا تاهیر به‌حركه‌یی، به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 39.
- ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر، به‌رگی 10، ل: 4619.
- مێژووی ناودارانی كورد، قانع قادر عوسمان، ل: 90.
- ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر، به‌رگی ده‌یه‌م، ل: 4619.
- كسپه‌ی ده‌روون، حه‌مه‌ساڵح فه‌رهادی، ل: 4.
- هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 19.
- ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر، به‌رگی ده‌یه‌م، ل: 4360.
- هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 4620.
- مێژووی زانایانی كورد، مه‌لا تاهیر به‌حركه‌یی، به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 39.
- ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر، به‌رگی 10، ل: 4622.
- كسپه‌ی ده‌روون، حه‌مه‌ساڵح فه‌رهادی، ل: 31.
- هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 16.
- ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر، به‌رگی ده‌یه‌م، ل: 4362.
- هه‌مان سه‌رچاوه، به‌رگی ده‌یه‌م، ل: 4620.
- هه‌مان سه‌رچاوه، به‌رگی ده‌یه‌م، ل: 4363.
- هه‌ولێر له نێوان ساڵانی (1918-1926)دا نه‌هرۆ محه‌ممه‌د عه‌بدولقادر، ل: 70.
- هه‌ولێر له نێوان ساڵانی 1914-1930 مه‌هدی محه‌ممه‌د قادر، ل: 131 و 161.
- هه‌ولێر له نێوان ساڵانی (1918-1926)دا ماسته‌رنامه‌ی نه‌هرۆ محه‌ممه‌د عه‌بدولقادر، ل: 166.
- ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر، به‌رگی چواره‌م، مێژووی هاوچه‌رخ، ل: 1556.
- هه‌مان سه‌رچاوه، به‌رگی ده‌یه‌م، ل: 4361.
- ئه‌م وتاره له ساڵی 2011 له ماڵپه‌ری عه‌نكاوه (com) بڵاوكراوه‌ته‌وه به عه‌ره‌بی (ملا افندي في ضمير كل عنكاوي) ئێمه به‌شێكمان وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی كوردی.
- علماؤنا في خدمة العلم والدين، عبدالكريم محمد المدرس، ل: 34.
- مشاهیر الكرد وكردستان، فی العهد الاسلامی، الجز‌ء الأول، محمد امین زكی: 84.
- ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر، به‌رگی چواره‌م، مێژووی هاوچه‌رخ، ل: 1559.
- مذکرات وريثة العروش، أميرة بديعة، بقلم: فائق شيخ علي، ل: 131.
- دووساڵ له كوردستان، دابلیو. ئار. هێی، وه‌رگێڕانی: لوقمان باپیر، ل: 170.
- هه‌ولێر له یاداشت و بیره‌وه‌ری گه‌ڕێده و نووسه‌ره بیانییه‌كاندا، كۆیی، ل: 173.
- ته‌فسیری كوردی له كه‌لامی خوداوه‌ندی، مه‌لای گه‌وره، به‌رگی ده‌یه‌م، ل: 723.
- هه‌مان سه‌رچاوه، به‌رگی ده‌یه‌م، ل: 18.
- دیوانی پیره‌مێرد، به‌رگی یه‌که‌م، ل: ٣٥٩.
- شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی، ل: 218.
- كسپه‌ی ده‌روون، حه‌مه‌ساڵح فه‌رهادی، ل: 34.
- ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر، به‌رگی ده‌یه‌م، ل: 4624.
سه‌رچاوه‌كان:
- هه‌ولێر له یاداشت و بیره‌وه‌ری گه‌ڕێده و نووسه‌ره بیانییه‌كاندا، هۆشیار محه‌ممه‌د ئه‌مین كۆیی، نووسینگه‌ی ته‌فسیر، 2013.
- هه‌ولێر له ساڵانی، 1926-1939، د. مه‌هدی محه‌ممه‌د قادر، له بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی، چاپخانه حاجی هاشم،
- كسپه‌ی ده‌روون، حه‌مه‌ساڵح فه‌رهادی، له بڵاوكراوه‌كانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد لقی هه‌ولێر، 2012.
- دوو ساڵ له كوردستان، دابلیو. ئار. هێی، وه‌رگێرانی: لوقمان باپیر، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات – هه‌ولێر، 2016.
- علماؤنا في خدمة العلم والدين، عبدالكريم محمد المدرس.
- ته‌فسیری كوردی له كه‌لامی خوداوه‌ندی، مه‌لای محه‌ممه‌دی جه‌لیزاده، به‌رگی ده‌یه‌م، 2009.
- مذکرات وريثة العروش، أميرة بديعة، بقلم: فائق شيخ علي، مركز البحوث والدراسات السترتيجية العراقي – لندن، الطبعة الأولى، 2002.
- مشاهیر الكرد وكردستان، فی العهد الاسلامی، محمد امین زكی، الجز‌ء الأول، مطبعة التفیض الاهلیة، 2016.
- مێژووی زانایانی كورد، مه‌لا تاهیر عه‌بدوڵڵا به‌حركه‌یی، به‌رگی یه‌كه‌م، كۆڕبه‌ندی هزری ئیسلامی، 2010،
- بووژانه‌وه‌ی مێژووی زانایانی كورد له ڕێگه‌ی ده‌ستخه‌ته‌كانیانه‌وه، محه‌ممه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی، به‌رگی دووه‌م، 1999.
- هه‌ولێر له نێوان ساڵانی (1918-1926)دا ماسته‌رنامه‌ی نه‌هرۆ محه‌ممه‌د عه‌بدولقادر، زانكۆی سه‌لاحه‌ددین، 2008.
- دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌م.
13- دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار).
14- شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی، ژیانی، په‌روه‌رده‌ی، بیروباوڕی و شیعری، د، موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی، ده‌زگای پاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی دووه‌م، 2010.
15- ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر، به‌رگی چواره‌م، هه‌ولێر له بیسته‌كاندا، مێژووی هاوچه‌رخ، 2009.
16- ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر، به‌رگی ده‌یه‌م، كه‌سایه‌تی ناوداره‌كان، 2009.
17- هه‌ولێر له نێوان ساڵانی 1914-1930 مه‌هدی محه‌ممه‌د قادر، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌درخان، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات/ هه‌ولێر 2008.
18- ماڵپه‌ڕی عه‌نكاوه ankawa.com
19- مێژووی ناودارانی كورد، قانع قادر عوسمان، چاپی یه‌كه‌م، 2019.