د. محه‌ممه‌د شه‌ریف: ناكرێت هه‌ر كه‌س به كه‌یفی خۆی فه‌توا بدات و حوجره‌ی هه‌بێت
سازدانی: ئیدریس سیوه‌یلی و سالار تاوگۆزی
له‌م دیمانه‌یه‌دا سه‌رۆكی كۆڕبه‌ندی هزری ئیسلامیی (پ. د. محەممەد شه‌ریف) كه له هه‌مان كاتدا كه‌سایه‌تییه‌كی ئایینی، ئیداری، زانستیی به‌ناوبانگی كوردستان، عێراق و جیهانی ئیسلامییه و مه‌نهه‌جی حوجره‌شی خوێندووه، باس له خوێندنی ئایینی له حوجره‌كانی كوردستان و له كۆلێژی زانسته ئیسلامییه‌كان ده‌كات. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی وه‌ك مه‌نهه‌جی جاران و مه‌نهه‌جی ئێستای حوجره‌كان و گوتاری میانڕه‌وی و گوتاری توندڕه‌ویی ئایینی و كاراكردنه‌وه‌ی ڕۆڵی حوجره تاوتوێ كراوە.
ئایینناسی: چ جیاوازییه‌ك له نێوان خوێندنی ئایینی له حوجره‌كانی كوردستان له ڕابردوودا و خوێندنی ئایینی له كۆلێژی زانسته ئیسلامییه‌كانی زانكۆكانی ئێستادا ده‌بینی؟
د. محەممەد شەریف: ئێمه هه‌موومان ده‌زانین گه‌لی كورد، گه‌لێكی مسوڵمانه، مێژووی ئیسلامه‌تی ئه‌م گه‌له‌ش دوور و درێژه، له‌وه‌ته‌ی ئیسلام هه‌یه كوردیش مسوڵمانه، به‌ڵام چۆن مسوڵمان بووه؟ ئه‌مه‌یان نازانین. گرنگ ئه‌وه‌یه كورد هه‌مووی مسوڵمانه، كه مسوڵمانه زمانه‌كه‌ی عه‌ره‌بیی نییه، ئه‌مه‌ش وای كردووه كورد قوتابخانه‌ی بۆ فێربوون و فێركردنی ئه‌و زمانه و ئایینه‌كه‌ی هه‌بێت و كۆمه‌ڵێك خۆیان بۆ ئه‌و كاره ته‌رخان بكه‌ن تا ئایینه‌كه به خه‌ڵكی مسوڵمان بڵێن، قوتابخانه‌كانیش حوجره‌كان بوون، كوردیش له ڕێگه‌ی ئه‌م حوجرانه‌وه مسوڵمان بووه كه مه‌لاكان دایانمه‌زراندووه و كتێبه‌كانیان تێدا خوێندووه‌ته‌وه و كردویانن به كوردی و به خه‌ڵكیان وتونه‌وه.
خوێندنی زانسته‌كان له‌حوجره‌كاندا له‌لایه‌ن ئه‌و گه‌لانه‌ی مسوڵمان بوون و عه‌ره‌ب نه‌بوون، بووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تای خیلافه‌تی عه‌بباسییه‌كانه‌وه زۆربه‌ی زانا گه‌وره‌كانی ئیسلام له گه‌لانی غه‌یری عه‌ره‌بن، عه‌ره‌به‌كان پێویستییان به‌وه نه‌بووه، هه‌ر ڕاسته‌وخۆ ئیسلام فێر ده‌بوون، چونكه به‌زمانی خۆیان بووه، كه ده‌یانوت: (قل هو الله أحد) ده‌یانزانی مانای وایه خودا یه‌كه، به‌ڵام (قل هو الله أحد) بۆ كوردێك، بۆ فارسێك پێویستی به ته‌فسیره، پێویستی به‌وه‌یه بیخوێنن، وه‌ریبگێڕن، هه‌ر بۆیه بوونی حوجره پێویست بووه تا گه‌له‌كه به مسوڵمانێتی بمێنتێته‌وه و له حه‌قیقه‌تی دینه‌كه‌ی تێبگات.
خوێندنی حوجره زۆر زۆر له خوێندنی كۆلێژی زانسته ئیسلامییه‌كان جیاوازه، ته‌نانه‌ت خوێندن له حوجره له خوێندنی عه‌ره‌به‌كانیش جیاواز بووه، خوێندنی عه‌ره‌به‌كان زۆر ڕووكه‌ش بووه، چونكه پێویستییان به قوڵبوونه‌وه نه‌بووه، بۆیه هه‌موو ئه‌وانه‌ی زانسته عه‌ره‌بییه‌كانی وه‌ك ڕه‌وانبێژییان دانا و گه‌شه‌یانپێدان، یان كورد، یان فارس، یان غه‌یری عه‌ره‌ب بوون به گشتی، له‌م دواییانه‌دا توركیش ڕۆڵی له‌و گه‌شه‌پێدانه‌دا هه‌بوو. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه گه‌له ناعه‌ره‌به‌كان پێویستییان به‌وه هه‌بوو به قوڵی زمانی عه‌ره‌بی بخوێنن، واته ته‌نیا به‌وه قایل نه‌ده‌بوون فاعیل مه‌رفوعه، ده‌یانوت: بۆ مه‌رفوعه؟ باشه له هه‌موو جێیه‌ك مه‌رفوعه؟ یان فیعل له هه‌موو جێیه‌ك موعره‌به، مه‌بنییه، یان نا؟ له‌به‌رچی لێره موعره‌به و له‌وێ مه‌بنییه؟
ئایینناسی: که‌واته پرسیاریان له فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌كه ده‌كرد؟
د. محەممەد شەریف: به‌ڵێ. ئه‌و فه‌لسه‌فه له كۆلێژه‌كان نییه، خوێندنی كۆلێژه‌كان زۆر ڕووكه‌شه، ڕاسته له كۆلێژه‌كان كتێبی (ابن عقیل) ده‌خوێنن، كه سه‌باره‌ت به سینتاكس (علم النحو)ی عه‌ره‌بییه، به‌ڵام له كتێبی ئیبنوعه‌قیل چی ده‌خوێنن؟ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی لێده‌خوێنن، له‌و لاپه‌ڕانه‌ش هه‌ندێك قه‌واعیدی لێ ئه‌ژمار (حساب) ده‌كه‌ن، هیچ ناچنه ناو قوڵایی كتێبه‌كه‌وه، له‌كاتێكدا فه‌قێكانی جاران ده‌قی كتێبه‌كه‌شیان له‌به‌ر كردووه، كتێبی (جامی)یان خوێندووه، كه فه‌لسه‌فه‌ی ڕێزمانی عه‌ره‌بییه، به‌ڵام دواتر فه‌قێ كه ئه‌و قۆناغه‌ی بڕیوه، چووه‌ته قۆناغێكی دیكه تێگه‌یشتووه. به‌ڵام ئێستا ئه‌وانه جامی ناخوێنن، ئه‌گه‌ر بیشیخوێنن كورته‌یه‌كی ده‌خوێنن، ڕه‌نگه كتێبی (إظهار) بخوێنن، یان به‌شێك له (الصمدیة) بخوێنن، ئه‌وانه كتێبی باشن، به‌ڵام ئه‌و قوڵاییه‌یان تێدا نییه كه له جامیدا هه‌یه.
ئایینناسی: كه‌واته جیاوازییه‌كه له فه‌لسه‌فه‌ی بابه‌ته‌كه‌دایه، وایه؟
د. محەممەد شەریف: به‌ڵێ، چونكه ئه‌م بابه‌تانه پێویستییان به فه‌لسه‌فه‌یه‌ك هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی تێی بگه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یویست له فه‌لسه‌فه‌كه بگات، هه‌موو میلله‌ت نه‌بوو، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك بوون (طائفة لیتفقهوا فی ا‌لدین) هه‌ر مه‌لاكان بوون. عه‌ره‌به‌كان ده‌بوایه هه‌موویان تێبگه‌ن، له‌وێ تێگه‌یشتن ئاسۆیی و گشتی بوو، به‌ڵام خوێندن له‌ناو كورددا تایبه‌ته، مه‌لا ده‌یخوێند و دوایی بۆ خه‌ڵكی ڕوون ده‌كرده‌وه، به‌ڵام نه‌ك به‌و قوڵییه‌ی كه له حوجره خوێندبووی، ئه‌و قوڵبوونه‌وه‌یه تایبه‌ت به فه‌قێ و مه‌لای حوجره.
ئایینناسی: شتێكی دیكه‌ش هه‌یه، ئه‌وه‌ی كه ده‌چێته حوجره، به ویستی خۆی ده‌چێت ویستویه‌تی فێر ببێت، به‌ڵام ڕه‌نگه له ڕێگه‌ی وه‌رگرتنی ناوه‌ندی (القبول المركزي)ییه‌وه قوتابییه‌ك بنێردرێته كۆلێژی زانسته ئیسلامییه‌كان، كه ویستی له‌سه‌ر نییه، ئایا ئه‌مه وامان لێناكات بڵێین: با كۆلیژی زانسته ئیسلامییه‌كان نه‌مێنێت و بكرێته‌وه به حوجره؟
د. محەمەد شەریف: به‌ڵێ، بۆ ئه‌وه‌یه بڕوانامه وه‌ربگرێت، ئێمه ناكرێت بڵێین: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێندنی حوجره له سه‌دا سه‌د زۆر به‌هێزتر و به‌رهه‌مدارتر و باشتره و زانا و ڕۆشنبیر پێده‌گه‌یه‌نێت و كۆلێژی شه‌ریعه به‌ده‌گمه‌ن كه‌سی ئاوها پێده‌گه‌یه‌نێت، ئیتر خوێندنی ئایینی له كۆلێژه‌كانی دیراساتی ئیسلامیی له زانكۆكان لابه، یان كۆلێژه‌كانی شه‌ریعه دابخه‌ن و حوجره‌ی فه‌قێ دابنێن، چونكه حوجره وه‌ك زانكۆ پێوه‌ری زانستی تێدا نییه. مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی له حوجره خوێندی له‌سه‌دا سه‌د ببێته مه‌لا، كاتی خۆشی وابوو، فه‌قێی چاك هه‌بوو كه به‌ڕاستی مه‌لا بوو، دێته خه‌یاڵم، فه‌قێیه‌كی خه‌ڵكی شیلادزێ لای باوكم كتێبی (مطول)ی ده‌خوێند، هه‌موو شتێكی ده‌زانی، باوكم زۆر پێی سه‌رسام بوو، ناوی (مه‌لا ئیبراهیم ژێ) بوو، له‌م دواییانه‌دا كۆچی دوایی كرد.
به گشتی كوردستان پێویستی به‌مانه‌وه‌ی حوجره‌كان هه‌یه، له‌هه‌مان كاتیش پێمخۆشه ده‌بینم قوتابی هه‌یه له حوجره ده‌خوێنێت و ده‌رچووی كۆلێژی شه‌ریعه‌یه، خوێندنی شه‌ریعه‌كه بۆ لایه‌نی وه‌زیفی باشه، خوێندنی فه‌قێیه‌تیه‌كه‌ش بۆ لایه‌نی زانستی باشه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی بێت یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن. ئێستا فه‌قێیه‌ك دێت (موخته‌سه‌ری مونته‌ها) لای من ده‌خوێنێت، كتێبێكی زه‌حمه‌ته، فه‌قێیه‌كی چاكه، ئه‌وێ ڕۆژێ ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رگرتبوو، مه‌لا (خوبه‌یب)ی پێده‌ڵێن، خه‌ڵكی ناوچه‌ی سورچییاتییه، خوێنده‌واره، ئه‌مساڵ ته‌خه‌ڕڕوجی كردبوو، ته‌له‌فۆنی بۆم كرد، وتی: كۆنمره‌م (80)یه، موعه‌ده‌لێكی باشه، له‌وانه‌یه له ماسته‌ریش قه‌بوڵ بكرێت. به‌كورتی خوێندنی شه‌ریعه و حوجره یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن.
ئایینناسی: ده‌وترێت خوێندنی حوجره‌كان، به‌راورد به خوێندنی ئێستای كۆلێژی زانسته ئیسلامییه‌كان، زۆرتر بۆن و به‌رامه‌ی خۆماڵی لێ ده‌هات، ئه‌و بۆن و به‌رامه‌یه بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
د. محەممەد شەریف: چونكه یه‌كه‌مجار به كوردی ده‌خوێنن، حوجره‌ی فه‌قێ وه‌ختی خۆی و ئێستاش سروشتێكی كوردانه‌ی هه‌یه و خوێندنه‌كه‌شی كوردییه، كتێبه‌كانی حوجره عه‌ره‌بین، به‌ڵام به‌كوردی ده‌خوێنرێن، به‌داخه‌وه ده‌بینیت فه‌قێ عه‌ره‌بییه‌كی وه‌كو (سیبویه) ده‌زانێت، به‌ڵام ناتوانێت به عه‌ره‌بی قسه بكات.
ئایینناسی: كه‌واته ئه‌و زمانه عه‌ره‌بییه‌ی فه‌قێ له حوجره ده‌یخوێنێت كۆنه و له‌مێژوودا مردووه و گه‌شه‌ی نه‌كردووه و زمانی ئه‌م سه‌رده‌مه نییه، ئایا ئه‌مه ڕاسته؟
د. محەممەد شەریف: ئه‌وه‌ش ڕاسته، به‌ڵام خۆی ده‌بێت فه‌قێ كه عه‌ره‌بی ده‌خوێنێت، هه‌وڵ بدات وشه‌ی نوێ فێر ببێت و ڕاهێنانی له‌سه‌ر بكات، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ناوه‌ندێكی كوردی ده‌خوێنێت، ناتوانێت به عه‌ره‌بی قسان بكات. مه‌لای زۆر چاك هه‌بوو، عه‌ره‌بی دروست ده‌كرد، به‌ڵام به‌زه‌حمه‌ت ده‌یتوانی به عه‌ره‌بی قسه بكات، هه‌تا ڕسته‌یه‌كی دروست ده‌كرد زه‌حمه‌تی ده‌كێشا.
ئایینناسی: ئه‌گه‌ر به عه‌ره‌بیش قسان بكات زمانه‌كه‌ی ناڕوون (ركیك)ه؟
د. محەممەد شەریف: به‌ڵێ (ركیك)ه.
ئایینناسی: په‌راوێزخستنی حوجره و شوێنگرتنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن كۆلێژی زانسته ئیسلامییه‌كان و مه‌نهه‌جی خوێندنی ئایینی ئیسلامی سیاسی، چ جێكه‌وته‌یه‌كی ئه‌رێنی و نه‌رێنی له‌سه‌ر گوتاری ئایینی له باشووری كوردستان هه‌بووه؟
د. محەممەد شەریف: خۆی هه‌میشه كۆلێژه‌كان شوێنێكی گه‌وره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكن، ئێستاش خه‌ڵك ئازادن و هه‌موو جۆره فیكرێكیش بڵاوبووه‌ته‌وه، ناكرێت ڕێگری له فیكرێكی وه‌ك سه‌له‌فییه‌ت بكه‌یت، پێتناكرێت ڕێگری له ئیسلامی سیاسی بكه‌یت. به‌نیسبه‌ت ئێمه‌وه، له‌وه تێده‌گه‌ین ئه‌وانه زیاتر میلله‌ت دابه‌ش ده‌كه‌ن و ئیسلامیش ده‌ڵێت: (ولا تفرقوا)، به‌ڵام ئه‌وانه هه‌ریه‌كه و مه‌نهه‌جێكیان هه‌یه پێتناكرێت ڕێگرییان لێبكه‌یت، ئه‌وان به مه‌نهه‌جێكی ده‌ره‌كییه‌وه هاتوون و به‌رنامه‌ڕێژ كراون، جا بته‌وێت و نه‌ته‌وێت مه‌نهه‌جه‌كه‌یان دزه ده‌كاته ناوته‌وه، له كاتێكدا تۆ دروستت نه‌كردوون و له‌ولاوه هاتوون.
من ده‌زانم ئێستا كۆلێژی شه‌ریعه هه‌موو ڕه‌وتێكی تێدایه، سه‌له‌فی، ئیخوانی تێدایه، ئه‌و حزبه سیاسییه بێكه‌ڵكانه‌ی ئێستای تێدایه، جا له‌هه‌ر یه‌كێك له‌مانه‌وه گوتارێك ده‌رده‌چێت كه گوتارێكی كراوه نییه، بته‌وێت و نه‌ته‌وێت گرژی تێدایه، مادام بۆنی سیاسه‌تی لێدێت گرژی دروست ده‌كات، چونكه سیاسه‌ت لایه‌نگری تێدایه، به‌ڵام ئیسلام لایه‌نگری تێدا نییه.
ئایینناسی: واته له‌ناو ئه‌و گوتارانه‌دا پێكبه‌ستوویی نییه، له كاتێكدا وانه‌كانی حوجره‌ش عه‌ره‌بی بووه، كه‌چی خزمه‌تی به بیری كوردایه‌تی كردووه و یه‌كگوتاریی هه‌بووه و حوجره سه‌ركرده‌ی كوردیی پێگه‌یاندووه؟
د. محەممەد شەریف: به‌ڵێ ڕاسته، بۆیه ده‌بینین یه‌كه‌مجار كه بزووتنه‌وه‌ی كوردی په‌یدا بوو، مه‌لاكان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێیانوابوو دۆزی كورد دۆزێكی ڕه‌وایه، من له‌بیرم دێت له‌ساڵی (1953ز) كه ئێمه گه‌نج بووین و تازه پێده‌گه‌یشتین، له (ده‌شتی دزه‌ییان) جوتیاره‌كان دژ به ده‌ره‌به‌گه‌كان (ئاغا‌كان) ڕاپه‌ڕین، ته‌بعه‌ن ئێمه نه‌مانزانی له بنه‌وه شیوعییه‌كان ئه‌و جوتیارانه‌یان هانداوه، به‌ڵام جوتیاره‌كان له‌سه‌ر حه‌ق بوون، هه‌ندێكیان ده‌ستگیر كران.
ئایینناسی: بۆیه به‌شێك له‌كوڕه مه‌لاكان بوون به شیوعی؟
د. محەممەد شەریف: به‌ڵێ، هه‌ندێك كوڕه ئاغاكایش بوون به شیوعی. گرنگ ئه‌وه‌یه مه‌لا له‌گه‌ڵ حه‌قدایه، كه له‌گه‌ڵ حه‌قدایه، نازانێت له‌پشت داواكردنی ئه‌و حه‌قه‌وه چ هه‌یه. هه‌موو كه‌س ده‌زانێت گه‌لانی دونیا مافی خۆیان وه‌رگرتووه جگه له كورد، ئێ قابیله مه‌لا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بێت كود حه‌قی خۆی وه‌ربگرێت.
ئایینناسی: پێتوایه ئێستا گوتارێكی ئایینی هه‌یه، هه‌ر له زاری مه‌لاوه ده‌رده‌چێت، به‌ڵام ده‌چێتە خزمه‌ت نه‌ته‌وه‌ی غه‌یری كورده‌وه؟
د. محەممەد شەریف: ئه‌وه له حوجره‌وه ده‌رناچێت و گوتارێكی سیاسییه، ئیشوكاری فه‌قێ له حوجره كتێبه، فه‌قێ سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه له فڵان عیباره‌ت تێگه‌یشتووه، یان نا، بواری ئه‌وه‌ی نییه خه‌ریكی سیاسه‌ت بێت، به‌ڵام له كۆلێژ به ئه‌و قوڵییه خه‌ریكی خوێندن نابن، قوتابی له كۆلێج به‌و قوڵییه له عیباره‌ته‌كان تێناگات، هه‌ر ده‌یانخوێنێته‌وه و پاشان ده‌چێت خه‌ریكی سیاسه‌ت ده‌بێت.
ئایینناسی: به‌ڕای به‌ڕێزتان، ده‌بێت خوێندنی حوجره كارا بكرێته‌وه، یان به‌ته‌واوی په‌راوێز بخرێت؟ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كاراكردنه‌وه‌یدایت، ده‌بێت میكانیزمی ئه‌مه چۆن بێت؟
د. محەممەد شەریف: ئه‌من له‌گه‌ڵ ئه‌وه بووم كارا بكرێته‌وه، كاتی خۆشی له ئه‌وقاف هه‌وڵماندا خوێندنی حوجره له‌ناو نه‌چێت، به‌ڵام نابێت حوجره بكرێته به‌دیلی كۆلێج، چونكه مه‌نهه‌جی كۆلێج جیهانییه و بابه‌تی تێدایه له غه‌یری ئه‌و بابه‌تانه‌ی له فه‌قێیه‌تی ده‌خوێنرێن. زانسته‌كانی وه‌ك (علم البلاغة، علم النحو، علم المنطق، علم الكلام) پێویستییان به مه‌نهه‌جی كۆنی حوجره هه‌یه، ناكرێت له كۆلێج زانستێكی وه‌ك (أصول الفقه) به پێنج شه‌ش لاپه‌ڕه فێر ببیت. له كۆلێج كتێبێكی بچوك به قوتابی ده‌ده‌ن كه قوڵایی تێدا نییه و ده‌بێت له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا بیخوێنێت، ناكرێت به كتێبێكی ئاوها فێری ڕه‌وانبێژی (البلاغة) ببیت. بۆ نموونه: كتێبی (المطول) له بواری ڕه‌وانبێژدا ده‌خوێنرا و مه‌تنه‌كه‌ی (ده‌ق)ه‌كه‌ی له‌به‌ر ده‌كرا، ئێستا مه‌تنه‌كه‌ی هه‌ر ناخوێنرێت و پشتگوی ده‌خرێت، ئه‌وه‌ی ده‌خوێنرێت چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كه.
ئایینناسی: جۆرێك له خه‌مساردی و پشتگوێخستنی حوجره‌كان له‌لایه‌ن ده‌ستگا فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه وه‌كو ئه‌وقاف هه‌یه، ئایا ئه‌مه لێكه‌وته‌ی له‌سه‌ر گوتاری میانڕه‌وی له كوردستان هه‌بووه و ده‌بێت؟
د. محەممەد شەریف: یه‌كه‌م، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم كه خه‌مساردی و پشتگوێخستن هه‌بێت، كاتێك من له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بووم، فه‌رمانگه‌یه‌كی تایبه‌ت به فه‌قێیان هه‌بوو، ئێستا ژوورێك له وه‌زاره‌ت هه‌یه كه تایبه‌ته به فه‌قێكان. دووه‌م، من وه‌های ده‌بینم هه‌ندێك حوجره‌ی فه‌قێ هه‌ن پێویستییان به ئه‌وقاف نییه.
ئایینناسی: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه پشت به‌خۆیان ده‌به‌ستن؟
د. محەممەد شەریف: به‌ڵێ، پشت به‌خۆیان ده‌به‌ستن و خه‌ڵك یارمه‌تییان ده‌ده‌ن، بۆ نموونه كه‌سانی ده‌وڵه‌مه‌ندی خێرخوازی وه‌ك (ئه‌حمه‌د ئیسماعیل) هاوكاری حوجره‌كان ده‌كه‌ن.
ئایینناسی: له هه‌ورامانیش شێخه‌كان هاوكاری حوجره‌یان كردووه؟
د. محەممەد شەریف: به‌ڵێ له‌وێ شێخه‌كان یارمه‌تی حوجره‌یان داوه. لێره فه‌قێ موكته‌فییه، هه‌ندێك فه‌قێ دێنه ماڵی ئێمه، ئاگادارم كه پێویستییان دابین كراوه و حوجره‌كانیان پشت به خۆیان ده‌به‌ستن، فه‌قێش هه‌یه نیه‌تی. دكتۆرێك هه‌یه به‌ناوی (د. لوقمان جامیعی) فه‌قێیان زۆره، فه‌قێكانیان نزیكی (20) فه‌قێ ده‌بن، من جارێك چوومه سه‌ردانیان، ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تییان به فه‌قێ ده‌دا و منیشیان بانگهێشت كردبوو، بینیم له‌ڕووی مادییه‌وه كێشه‌یان نییه. له حوجره ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن سیاسه‌ت نییه، به‌م دواییه بیستم كه مه‌لا لوقمان جامیعی، كاتی خۆی یه‌كگرتوو بووه و كشاوه‌ته‌وه.
ئایینناسی: ئه‌مه سه‌باره‌ت به حوجره نه‌ریتییه‌كانی خۆمان كه له‌سه‌ر شێوازی كۆن ده‌ڕۆن، به‌ڵام ئێستا له كوردستان لایه‌ن و ڕه‌وت و گرووپه جیاوازه سیاسییه‌كانیش حوجره‌یان هه‌یه، پێتوانییه ئه‌مه گوتارێكی ئایینی جۆراوجۆری به‌رهه‌م هێناوه كه به زیان شكاوه‌ته‌وه، چۆن په‌سنی ئه‌م گوتاره ده‌كه‌یت؟
د. محەممەد شەریف: سه‌له‌فی پێی ناكرێت زانا (عالم) دروست بكات، چونكه سروشتی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وان قوڵ نییه، ئه‌وان فیعله‌ن مه‌ترسین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌وار به ئاسانی دروشمه‌كه‌یان قبووڵ ده‌كات، ئه‌وان به نه‌خوێنده‌وار ده‌ڵێن: تۆ قسه‌ی خودا و پێغه‌مبه‌ر (د.خ)ت ده‌وێت، یان قسه‌ی مه‌لایه‌كی ئاوها و ئاوها؟ نه‌خوێنده‌واره‌كه‌ش ده‌ڵێت: خودا و پێغه‌مبه‌ر (د.خ). ئه‌وانیش ده‌ڵێن: ئێ خودا و پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ئاوها ده‌ڵێن. ئه‌وان ده‌ڵێن: له‌سه‌ر قورئان و سوننه‌ت ده‌ڕۆین، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و سوننه‌ته‌ی باسی ده‌كه‌ن، ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه.
ئاینناسی: ده‌توانین بڵێین ئێستا فه‌رمووده و ئایه‌ته‌كانی قورئان به هیچ فیلته‌رێكی فیكریدا نابه‌ن و یه‌كسه‌ر و ڕاسته‌وخۆ بۆ خه‌ڵكیان باس ده‌كه‌ن، به‌ڵام جاران وانه‌بوو، مه‌لا باش له ئایه‌ت و فه‌رمووده‌كان تێده‌گه‌یشت و تێ‌یان ده‌فكری، ئه‌وجا بۆ خه‌ڵكی باس ده‌كردن؟
د. محەممەد شەریف: كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، ئێستا فه‌زای فیكری له كوردستاندا ئه‌وه‌نده بڵاوه، مه‌ترسی له‌سه‌ر ئایینده دروست كردووه، من هه‌ست به مه‌ترسی له‌سه‌ر ئایینده‌ی كوردستان ده‌كه‌م، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و فه‌وزای گوتاره‌ی كه هه‌یه، من قسه‌م له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستان كردووه، پێموتوون ده‌بێت چاودێری بكه‌ن، ئه‌وه ناكرێت هه‌ر كه‌س به كه‌یفی خۆی فه‌توا بدات و حوجره‌ی هه‌بێت.
ئایینناسی: ده‌وترێت حوجره‌كانی جاران، زانای ئایینی به‌توانا و ڕۆشنبیر و ئه‌دیبی گه‌وره‌ی پێگه‌یاندووه، به‌ڵام ئێستا وانییه، له هه‌ندێك باریشدا توندڕه‌و به‌رهه‌م ده‌هێنن، ئه‌مه بۆ؟
د. محەممەد شەریف: یه‌كه‌م، ئه‌و مه‌نهه‌جه‌ی وه‌ختی خۆی فه‌قێ له حوجره ده‌یخوێند، كه‌متر له پانزه ساڵی نه‌ده‌خایاند، هه‌ندێكجار به بیست ساڵ خوێنراوه، ده‌ی ئێستا گرنگترین زانست زانستی په‌یڤاندن (علم الكلام)ه، كه له حوجره‌كانی جاران خوێنراوه، ئه‌م زانسته هه‌م عه‌قیده‌یه، هه‌م فه‌لسه‌فه‌یه، هه‌م ژیربێژی (علم المنطق)ه، هه‌موو شتێكی تێدایه، به‌تایبه‌تی (شرح المواقف، شرح المقاصد، تهذیب الكلام) ئێستا ئه‌وانه ناوی ئه‌و كتێبانه هه‌ر نازانن.
ئایینناسی: هه‌ندێكیان خوێندنی فه‌لسه‌فه و كه‌لام به جائیز نازانن؟
د. محەممەد شەریف: به‌ڵێ، ئه‌وه سه‌له‌فییه‌كان به كوفر و زه‌نده‌قه‌ی داده‌نێن. ئه‌و مه‌نهه‌جه‌ی (مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه) و (مه‌لا عه‌بدوڵڵای چروستانی، شێخ محه‌ممه‌دی خاڵ، مسته‌فا زه‌ڵمی) له سلێمانی و چه‌ند مه‌لای گه‌وره‌ی له هه‌ولێر پێگه‌یاندووه، ئه‌وه نییه كه ئێستا ده‌یخوێنن. جاران فه‌قێ ئه‌و كتێبه مه‌نهه‌جییانەیان به بیست ساڵ خوێندووه، كه‌چی ئێستا به حه‌وت ساڵ ده‌یخوێنێت.
ئایینناسی: هه‌یه به‌دوو ساڵ ته‌واوی كردووه؟
د. محەممەد شەریف: مومكینه.