مۆدێلی حوكمڕانیى حيزبى (پارتۆكراسى و ئاينده‌ى حوكمڕانى له هه‌رێمى كوردستان)
حه‌سه‌ن مسته‌فا
به‌رايى
به گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووى فيكر و فه‌لسه‌فه‌ى سياسى، يه‌كێك له خه‌مه گه‌وره‌كانى بيرمه‌ند و فهيلهسووفان خه‌مى پێشنياركردنى باش‌ترين شێوه و فۆڕمه‌كانى حوكمڕانى بووه. حوكمڕانييهک كه چاكه‌ى گشتى بۆ دانيشتووان، ئازادى بۆ تاک و سه‌قامگيرى بۆ ده‌وڵه‌ت فه‌راهه‌م بكات. ئه‌فلاتۆن له كۆماردا، وه‌ک باش‌ترين شێوه‌ى حوكمڕاني؛ ده‌وڵه‌تێكى ئايدياڵ پێشنيار ده‌كات كه نوخبهيهک له فهيلهسووفان ياخود سه‌ركرده‌ى گۆشكراو به فه‌لسه‌فه له پێناو فهراههمكردنى دادپه‌روه‌رى؛ فهرمانڕهوايهتیى تيادا ده‌كه‌ن. به پێچه‌وانه‌وه‌ى مامۆستاكه‌ى، ئه‌رستۆ حكومه‌تێكى ده‌ستووريى پابه‌ند به ڕێساى ياسايى وه‌ک باشترێن فۆرمى حوكمڕانى پۆلێن ده‌كات. فه‌يله‌سووفى ئينگليزى «تۆماس هابز» له پێناو هێنانه‌دیى ئه‌من و ئاسايش و سهقامگيریى ده‌وڵه‌ت و كۆتايیهێنان به “جه‌نگى هه‌مووان دژ به هه‌مووان”؛ جه‌خت له حوكمڕانیى ده‌سه‌ڵاتى پادشايى ڕه‌ها (Absolutism) ده‌كاته‌وه. «جۆن لوک» حوكمڕانیى ده‌ستووى (Constitutionalism) و سنوورداركردنى ده‌سه‌ڵات له ڕێگه‌ى نۆرم و پره‌نسيپه‌كانى ده‌ستوور، وەک باش‌ترين شێوه‌ى حوكمڕانى ده‌خاته نێو هزرى سياسیى مۆدێرن.
ديدگا و تێگه‌يشتن و هزرى سياسیى بيرمه‌ندان و ئه‌زموونى پراكتيكیى ده‌وڵه‌تان له ڕووى پهيڕهويكردن له شێوه‌ى حوكمڕانى و جۆرى سيستمى سيستمێكى سياسیى دياريكراو؛ جياوازه، هۆكارى ئه‌م جياوازيیهش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هه‌ر بيرمهندێک له گۆشهنيگايهكى جياوازه‌وه ده‌ڕوانێته سروشتى مرۆڤ و خوێندنه‌وه بۆ دياردهكانى كۆمه‌ڵگه ده‌كات، هه‌روه‌ک چۆن له وه‌ڵامى ئه‌و پرسياره‌ى كه ئاخۆ به ڕه‌هايى كام شێوه‌ى حكومه‌ت و سيستمى سياسى باشترينه، بيرمه‌ندى فه‌ڕه‌نسى «ژان ژاک ڕۆسۆ» ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه وه‌ڵامى ئه‌م پرسياره به ڕه‌هايى نادرێته‌وه، چونكه به قه‌د ڕێژه‌ى گه‌لان، وه‌ڵامى گونجاو بۆ ئه‌م پرسه ئاماده‌يه. هۆكارى ئه‌م تێگهيشتنهش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه بارودۆخى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تى به‌ر له په‌يمانى كۆمه‌ڵايه‌تى و سروشتى تاک و كۆمه‌ڵگه‌كان له يه‌كتر جياوازن، له كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى سه‌قامگير و شارستانى پتر ديموكراسى گه‌شه ده‌كات، له كۆمه‌ڵگه‌كانى دواى جه‌نگ و ململانێ سياسى و چه‌كدارييه‌كان؛ ترس له ديموكراسى و مه‌يلى سته‌مكارى له لايه‌ن پارته سياسييه چه‌كداره‌كان خۆى مهنيفێست ده‌كات.
لە نێو تابلۆی ئاڵۆزی مۆدێله‌كانى حوکمڕانیدا، پارتۆكراسى و هەژموونی پارته سیاسييهكان بەسەر حکومەتدا وەک پرسێكى سەرەکی دەردەکەوێت. ئه‌م پرسه؛ گفتوگۆ لە سەر جەوهەری دیموکراسی و لێپرسینەوە و دابەشکردنی دەسەڵات له‌خۆ ده‌گرێت. ئەم دیاردەیە کە زۆر جار به «دەوڵەتی حيزبی» (Party State) ناودێر ده‌كرێت، ئاماژه‌يه بۆ كۆنترۆڵكردنى جومگه‌كانى ئيداریى ده‌وڵه‌ت له لايه‌ن پارته سیاسييهكان و ده‌ستوه‌ردان له كاروبارى گشتى و مۆنۆپۆلكردنى سێكته‌ره جۆربهجۆهكانى ده‌وڵه‌ت. ئه‌م ديارده‌يه‌ش دواى ده‌ره‌نجامه‌كانى هەڵبژاردن و گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵات ده‌رده‌كه‌وێت كاتێک لايه‌نگر و ئه‌ندامانى پارته سياسييه‌كان بە قووڵی دەچنە نێو پێکهاتە و ههيكهلى حوکمڕانى.
بە درێژایی مێژووی زانستە سیاسییەکان و گوتاری زانستی سياسى، ڕووناکبیران و پسپۆڕان تيشكيان خستووەتە سەر ڕۆڵى پارته سياسييه‌كان له پڕۆسه‌ى حوكمڕانى به گشتى و دیاردەی پارتۆكراسى و هەژموونی حزب بەسەر حکومەتدا به تايبه‌تى. كاره‌كانى ئه‌م بيرمهندانه ئاڵنگاری و دەرئەنجامەکانی مه‌ترسیى هەژموونی حزبه‌كان ڕوون ده‌كه‌نه‌وه و بناغەيهكى فیکری و تيگهيشتنى وردتر و قووڵترمان بۆ داده‌ڕێژن. به‌و واتايه‌ى پارتۆكراسى بريتييه له هەژموونی حزب بەسەر حکومەت کە زۆر جار بە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە ناو یەک حزبی سياسى ياخود هاوپهيمانيهتێكى پێكهێنه‌رى حكومه‌ت ده‌ناسرێته‌وه. ئەم جۆرە ههيمهنه و باڵادەستییەى پارته سياسييه‌كان به‌سه‌ر حكومه‌ت و ده‌ستتێوه‌ردان له‌كاروبارى حكومى، ده‌بێته به‌ربه‌ستێكى گه‌وره له به‌رده‌م گه‌شه‌ى پره‌نسيپه‌كانى حوكمڕانيى ده‌ستوورى و ديموكراسى، له‌وانه‌ش: دادپه‌روه‌رى، بهدامهزراوهيیبوون، لێپرسینەوەى ياسايى، فرەیی سیاسی و سەروەریی یاسا. ئەم لێكۆڵينه‌وه‌يه بە سوودوەرگرتن لە تێڕوانینەکانی تیۆریست و بيرمهندانى سیاسی؛ لە داینامیکی پارتۆكراسى و ئەو ميكانزمانهى کە دەبنە هۆی گواستنەوە لە پارتۆكراسييهوه بۆ حوکمڕانیی دەستووری به گشتى و پڕۆسه‌ى حوكمڕانى له هه‌رێمى كوردستان به تايبه‌تى، ورد دەبێتەوە.
ته‌وه‌رى يه‌كه‌م: پارتۆكراسى و تايپۆلۆژياى حوكمڕانى
زاراوەی پارتۆكراسى و شێوەکانی حوكمڕانى يه‌كێكه له‌و چه‌مكانه‌ى خوێندنه‌وه و پۆلێنكاریى جودايان بۆ كراوه، هۆكاره‌كه‌شى بۆ ئەوە ده‌گه‌ڕێته‌وه كه پارتۆكراسى چه‌مكێكى نوێى گۆڕه‌پانى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانسته سياسييه‌كانه، له كاتێكدا حوكمڕانى تێرمێكه بنچينهكهى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فيكرى سياسیى يۆنانى كۆن. له‌م تهوهرهيهدا شێوه و تايپهكانى حوكمڕانى له ديدى ئه‌رستۆ و تێرمى پارتۆكراسى شرۆڤه ده‌كه‌ين.
يه‌كه‌م: باش‌ترين و خراپترين مۆدێله‌كانى حوكمڕانى له تايپۆلۆژياى ئهرستۆييدا
له ڕوانگه‌ى تايپۆلۆژييهوه، حوكمڕانى فۆرم و شێوه‌ى جۆراوجۆر له‌خۆ ده‌گرێت. بۆ پۆلێنكردنى فۆڕمه جۆربه‌جۆره‌كانى حوكمڕانى، پێويست ده‌كات بگهڕێينه بۆ فيكرى سياسیى ئه‌رستۆ (Aristotle). ئه‌رستۆ فەیلەسووفی گريكیى كه‌ڤنار، بەشدارییەکی بەرچاوی لە هێنانهكايهى زانستی سیاسی کردووە و له‌و باره‌يه‌وه تێگەیشتنێكى ورد و قووڵمان پێشكه‌ش ده‌كات. له ديدى ئه‌رستۆدا، فۆڕمەکانی حکومەت و حوکمڕانی بۆ جۆری حوكمڕانیى فەزیلەتدار و حوكمڕانیى خراپ و گەندەڵ پۆلێن ده‌كرێن: پاشایەتیی چاكه‌خواز (Monarchy) کە بريتييه له بهخشينى دەسەڵات بە یەک فەرمانڕەوا و حوكمكردن له پێناو چاکەی گشتی، ده‌شێت ببێت به باشترین شێوەی حکومەت، بەڵام ئەگەر سهرهڕۆى كرد و به‌ره‌و سته‌مكارى ڕۆيشت، ئەوا دەبێتە خراپترین فۆڕمى حوكمڕانى. ئەرستۆکراسی (Aristocracy) بۆ ئەرستۆ فۆڕمێكه له حوكمڕانيى نوخبەیەکی فەزیلەتدار، ئەم فۆرمەی حکومەت لە دوای پاشایەتییەکی فەزیلەتدار؛ وه‌ک دووه‌م باش‌ترين فۆڕمى حوكمڕانی وێنا ده‌كرێت، بەڵام ئەگەر ئەرستۆکراتەکان بەدوای بەرژەوەندیی تايبه‌تیى خۆیاندا بگەڕێن، ئه‌وا حوكمڕانييهكه سه‌ر ده‌كێشێت بۆ ئۆلیگارشی. فهزيلهتى پۆليتيا ياخود «حکومەتی دەستووری»، لە بنەڕەتدا فۆڕمێكه له حوكمڕانیى پشتئه‌ستوور به هاوسەنگیی نێوان بەرژەوەندیی گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و پابەند بوون به ده‌ستوور و یاسای دادپەروەرانە كه نوێنەرایەتیی فۆڕمێکی حوکمڕانیی هاوسەنگ و دادپەروەر له نێوان پادشايى و ديموكراسی دەکات. ئه‌م فۆڕمه له حوكمڕانی، ده‌شێت ببێت به باشترین شێوەى حوكمڕانى بۆ خزمەتكردن بە چاکەی گشتی ئه‌گه‌ر بە شێوەیەکی دروست په‌يڕه‌وى و پارێزگاریی لێ بکرێت١.
دووه‌م: پارتۆكراسى وه‌ک مۆدێلێكى حوكمڕانی
پارتۆكراسى (Partocracy) چه‌مكێكى نوێى بوارى فيكر و لێكۆڵينه‌وه‌كانى زانستى سياسييه و زۆر جار به پارتیکراسی ياخود پارتیتۆکراسی ده‌ناسێنرێت. ئه‌م مۆدێله‌ى حوكمڕانى مۆدێلێكه کە تێیدا پارت و گرووپە سیاسییەکان بناغەی سەرەکیی حوکمڕانین. له زۆربه‌ى نووسين و توێژينه‌وه زانستييه‌كان، بۆ ئه‌م فۆڕمهى حوكمڕانى ده‌سته‌واژه‌ى پارتيتۆكراسى (Partitocracy) به‌كار ده‌هێنرێت كه سەرچاوه و ڕیشەی لە تێکەڵکردنی تێرمه‌كانى “Parti” وه‌ک ئاماژە بۆ پارتە سیاسییەکان و پاشگری “Cracy” کە گوزارشته بۆ ده‌سه‌ڵات یاخود حوکمڕانی. به گشتى تێرمه‌كه وه‌ک ده‌لاله‌تێک بۆ هه‌ژموونى ده‌سه‌ڵاتى پارته سياسييه‌كان به‌سه‌ر كاروبار حكومه‌ت پێناسە ده‌كرێت. بيرمه‌ندى ئيتاڵى و پڕۆفيسۆرى زانسته سياسييه‌كان ماورۆ كالێس (Mauro Calise)، پارتۆكراسى وه‌ک چهمكێک وێنا ده‌كات كه جۆرێكه له سووكايه‌تی، چونكه ئه‌م مۆدێله له حوكمكردن ده‌بێته فاكته‌رێک بۆ زێده‌ڕۆیى ده‌سه‌ڵاتى حيزبه‌كان و حوكمڕانيكردن له لايه‌ن كه‌سانى ئاستى نزم له ڕووى مهعريفييهوه٢. كه‌واته پارتۆکراسی فۆڕمێكه لە حکومەت کە به چه‌ند تايبهتمهندييهكى وه‌ک قۆرخكردنى ده‌سه‌ڵات له لايه‌ن پارتێكى سیاسی ياخود چه‌ند پارتێكى سياسى و كۆنترۆڵكردنى ئيداره‌ى ده‌وڵه‌ت و فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانى، مۆنۆپۆلكردنى سەرچاوەکان داهات و بڕياردان له سیاسەتی گشتى له لايه‌ن پارته سياسييه‌كانه‌وه دەناسرێتەوە. توێژه‌ر و پسپۆڕان ئه‌م چه‌مكه وه‌ک چه‌مكێكى سياسیى نه‌رێنی وه‌سف ده‌كه‌ن كه لە ساڵانی شەستەکاندا لە لێکۆڵینەوەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا سەری هەڵدا، بەڵام تاوه‌كوو ئێستاش وه‌ك مۆدێلێكى حوكمڕانى له ڕوانگه‌ى تيۆرييه‌وه كه‌م لێكۆڵينه‌وه‌ى له باره‌وه كراوه٣.
سێيه‌م: مۆدێله‌كانى ده‌وڵه‌تى پارتۆكراسى
ئه‌گه‌رچى پارتۆكراسى له پۆلێنكارييهكانى ئه‌رستۆدا نه‌هاتووه، به‌ڵام له وێنه گشتييه‌كه‌يدا، پارتۆكراسى به‌بێ حوكمى ياسا و ده‌ستوور (Nomocracy) ده‌بێته حوكمڕانیى ئۆليگارشى و پلۆتۆكراسى كه دوو فۆڕمى حوكمڕانیى گه‌نده‌ڵ و ستهمكارين. توێژه‌رانى زانستى سياسى چه‌ندين مۆدێلى حوكمڕانيیان له چوارچێوه‌ى حوكمى پارتۆكراسى ده‌ستنيشان كردووە، له‌وانه: ئيتاڵيا، ئيسپانيا، به‌لژيكا، ڕووسيا، چين و توركيا و به‌شێک له وڵاتانى ئهمەريكاى لاتين. زاڵبوونی پارتە سیاسییەکان لە گۆڕه‌پانى سیاسیی ئیتاڵیادا، بووەتە هۆی ئەوەی لە ڕابردوودا ناسهقامگيریى سياسى و گەندەڵیی لێ بکەوێتەوە. ده‌ره‌نجامى ئه‌م شێوازه له حوكمداری، ناڕه‌زايى گشتی و ڕه‌خنه لە ناکارایی سیستمی حوكمڕانیى دوور له چاكه‌ى گشتى بوو. لەم ساڵانەی دواییدا ئه‌م مۆێلهى حوكمڕانى له ئيتاڵيا گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینیوە و سیستمە فرەحزبییەكهى بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆر جار حکومەتی هاوپەیمانی دروست ببێت و ببێته فاكته‌رێک بۆ هاتنه‌كايه‌ى حوکمڕانییەکی سەقامگیر و کاریگەر، بەڵام چەمکی پارتیتۆکراسی لە ئیتاڵیا تاوه‌كوو ئێستاش پرسێكه جێبايه‌خى لێكۆڵينه‌وه و شيكاریى ڕه‌خنه‌يى توێژه‌رانى زانسته سياسييهكانه٤. جگه له ئيتاڵيا، ئه‌م مۆدێله‌ى حوكمركردن له ئيسپانياش ئاماده‌يى هه‌يه. پڕۆفيسۆری ئيسپانى ئینریکی دانس (Enrique Dans) له وتارێكيدا پارتۆكراسى وه‌ک مه‌ترسى بۆ سه‌ر ديموكراسى وێنا ده‌كات و ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه پارتیتۆکراسی يه‌كێكه له گەورەترین کێشەى دونياى ئەمڕۆ كه ڕووبەڕووی زۆرێک لە کۆمەڵگاکان بووەته‌وه، چونكه ئه‌م مۆدێله‌ى حوكمكردن گه‌شه‌ى ڕەوتی پۆپۆلیزم دەباتە پێشەوە. پارتیتۆکراسییەکان هه‌ر به ته‌نها كۆنترۆڵى جومگه‌كانى حوكم ناكه‌ن، به‌ڵكوو ده‌بنه فاكته‌رى گەندەڵییش، هۆكارى گهندهڵبوونيش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه پارتە سیاسییەکان بە ئاسایی و ياسايى دەزانن کە دارایی گشتیى ده‌وڵه‌ت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان به‌كار بێنن. ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى دارايى گشتى و به‌كارهێنانى بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى كارى حيزبى، سه‌ر ده‌كێشێت بۆ دروستكردن و بەکارهێنانی هێزی زەبەلاح و پێكهێنانى هاوپەیمانى لەگەڵ کەس و لايه‌ن و كۆمپانياكان له پێناو به‌هێزكردن و قايمكردنى پێگه‌ى خۆیان لە دەسەڵاتدا. يه‌كێكى ديكه له مه‌ترسييه‌كانى ئه‌م مۆدێلى حوكمڕانييه، به‌كارهێنانى ياسايه بۆ قۆستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات، واته له ڕێگه‌ى ده‌ركردنى یاساوه شه‌رعيه‌ت به تاڵانى دارايى و چه‌سپاندنى ماف و ئيمتيازات بۆ نوێنەر و لايه‌نگرانى پارتە سیاسییەکان ده‌دات. واته له‌م فۆڕمهى حوكمڕانيدا، په‌رله‌مان كه خۆى له ده‌سه‌ڵاتى ياسادانان ده‌بينێته‌وه، به‌بێ گفتوگۆ و له‌به‌رچاوگرتنى به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى ئه‌و ياسايانه تێدهپهڕينێت كه له به‌رژه‌وه‌ندیى پارته دهسهڵاتدارهكاندايه، به‌و واتايه‌ى نوخبەكانى پارتى سياسى بڕیار لە سەر پرسە سەرەکییەکان دەدەن، بە تایبەتی ئەوانەی کە سوود و به‌رژه‌وه‌ندیى تايبه‌تیى خۆيانيان تيادايه به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى ماف و ئيراده‌ى خهڵك٥.
هه‌روه‌ها به‌شێک له توێژه‌ران سيستمى حوكم له به‌لژيكا وه‌ک سيستمێكى پارتۆكراسى ده‌ناسێنن، كه سيستمهكهى فيدراڵى و دهستووريهتى مۆنارشی، دەسەڵاتى حكومه‌ت -بە پلەی زیادەڕۆیی- لە دەستی پارته سیاسییەکاندايه و هه‌ندێک جار ده‌گاته بەرزترین ئاست٦. حكومه‌ته پارتۆكراسهكان له ڕووى مۆنۆپۆلكردنى جومگه‌كانى ده‌وڵه‌ت؛ ئامرازى جۆراوجۆر به‌كار دێنن، بۆ نموونه ڕووسيا مۆدێلێكى به ديل به‌رانبه‌ر ليبراڵ-ديموكراسى ده‌خاته ڕوو، له‌م مۆدێله‌دا ژماره‌يه‌ک له ده‌سه‌ڵاتداره ئۆليگارشييه‌كان به‌شێكى گه‌وره‌ى هێز و سامانى وڵاتيان قۆرخ كردووه و پاشان ده‌سه‌ڵات و هێزيان بۆ كۆنترۆڵكردنى ميدياكان به‌كار ده‌هێنن، تا له ڕێگه‌يه‌وه ده‌سه‌ڵاتى خۆيان به‌هێزتر بكه‌ن. ئۆليگارشى ده‌سه‌ڵاتدار له ڕێگه‌ى پاوانكردنى ميديا و دارايى و ده‌زگا سه‌ربازى و ئهمنييهكانەوە، به‌رده‌وام هه‌ڵه و كهموكوڕیيهكان ده‌خاته ئه‌ستۆى بوونى قه‌يران، به‌م جۆره‌ش هه‌وڵى گۆڕينى ڕێڕه‌وى سه‌رنجه‌كان به‌ره‌و هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ره‌كى -ڕاسته‌قينه بێت ياخود خه‌ياڵى- ده‌گۆڕێت. له‌م مۆدێله‌ى حوكمڕانيدا، هه‌ميشه قهيرانێک ياخود پرسێک ده‌هێنرێته پێشه‌وه تاوه‌كوو گرفتى خزمه‌تگوزاریى گشتى و دادپه‌روه‌رى و مافه‌كانى تاک و چاكه‌ى گشتى به‌لاڕێدا ببردرێت.
ته‌وه‌رى دووه‌م: پارتۆكراسى و ئاينده‌ى حوكمڕانى له هه‌رێمى كوردستان
وه‌ک ئه‌وه‌ى له ته‌وه‌رى يهكهمدا خستمانه ڕوو، ئه‌زموونى هه‌ژموونى پارته سياسييه‌كان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا، ئه‌زموونێكى له به‌شێک له وڵاتانى دونيا به شێوه و فۆڕمى جياواز دەردەکەوێت. به هۆى هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافى و مێژوويى خه‌باتى چه‌كدارى و كێشه و ناسهقامگيریى سياسیى عێراق و ناوچه‌كه، پارته سياسيیه‌كان وه‌ک كاراكتهرى سه‌ره‌كى ڕۆڵيان له نێو خه‌باتى چه‌كدارى و سياسى گێڕاوه، ئه‌مه‌ش وای كردووه كه ئه‌م مۆدێله‌ى حوكمڕانى درێژ بێته‌وه بۆ نێو خه‌باتى سياسى و دامه‌زراوه‌يى. له‌م تهوهرهيهدا تيشک ده‌خه‌ينه سه‌ر فاكته‌ره‌كانى په‌ره‌سه‌ندنى حوكمى پارتۆكراسى و كاريگه‌رييه‌كانى له سه‌ر ئێستا و ئاينده‌ی هه‌رێمى كوردستان.
يه‌كه‌م: پارتۆكراسى وه‌ک درێژكراوه‌ى خه‌باتى چه‌كدارى
حوكمى پارتۆكراسى له هه‌رێمى كوردستان ڕيشهيهكى مێژوويى هه‌يه. بنچينه و ڕيشه‌ى مۆديلى ئه‌مڕۆى حوكمڕانیى هه‌رێمى كوردستان، درێژكراوه‌ى خه‌باتى چهكداریى پارته سياسييه‌كانه. به‌و واتايه‌ى، كوردستانى باشوور وه‌ک كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى دواى شه‌ڕ و ململانێكان؛ له بریى گرێبه‌ستێكى كۆمه‌ڵايه‌تى (ده‌ستوورێكى نووسراو)، شه‌رعيه‌تى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى له ڕێگه‌ى حوكمڕانیى ديفاكتۆى پارتۆكراسييهوه وه‌رده‌گرێت. دواى هێرشەكانی ڕژێمی سەددام حوسێن بۆ سەر ئێران لە ساڵی 1980 و دواتر داگیركردنی كوێت و جەنگی كەنداو لە ماوەی ساڵانی (1990-1991) و دەرچوونی بڕیاری (688)ی تایبەت بە هێڵی دژەفڕین وەک پاراستنێكی نێودەوڵەتی بۆ ناوچه‌كانى كوردستان (بڕیارنامەی ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٥ى نیسانی ١٩٩١)، هەلێكی مێژوویى گەورەی بۆ هێزە سیاسییەكانی باشوورى كوردستان ڕەخساند تاوەكوو لە چەكدارەوە ببنە فەرمانڕەوا. دواى كشانه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراق له داموده‌زگا ئیداريیهكانى كوردستان له 26ى ئۆكتۆبه‌رى 1991، بۆشاییه‌كى یاسایى و ئیدارى بۆ به‌ڕێوه‌بردنى داموده‌زگاکانى باشوورى كوردستان دروست بوو. له‌و ساته مێژوويیهدا، به‌ره‌ى كوردستانى، كه له حه‌وت پارتى سياسى پێک هاتبوو، وه‌كوو ده‌سه‌ڵاتى دیفاكتۆى ناوچه‌كه و بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ته‌نگه‌ژه سیاسى و ئیدارى و یاساییانه‌ى كه ڕژێم له ناوچه‌كانى كوردستان دروستى كردبوو، له پێناو به‌ڕێوه‌بردنى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێم و بونيادنانى حوكمێكى یاسايى، له ڕێگه‌ى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه بیريان له دامه‌زراندنى سیستمێكى په‌رله‌مانى كرده‌وه.
بۆ هێنانهكايهى سيستمێكى په‌رله‌مانى، سه‌ركردایه‌تیى به‌ره‌ى كوردستانى لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تى له (١٥) كه‌س له دادوه‌ر و پارێزه‌ر و مافپه‌روه‌ران و نوێنه‌رانى لایه‌نه سیاسییه‌كانى ناو به‌ره‌ى كوردستانى پێک هێنا. ئه‌م لیژنه، دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند دانیشتنێكيان له ماوه‌ى نێوان 23ى 12ى 1991 و 28ى 1ى 1992 ئه‌نجام دا و پڕۆژه‌یاسایه‌كیان پێشكه‌ش به سه‌ركردایه‌تیى سیاسیى به‌ره‌ى كوردستانى كرد، پاشان له ڕێكه‌وتى 28ی 4ى 1992 له لایه‌ن به‌ره‌وه بڕیارى له سه‌ر درا و وه‌ک يه‌كه‌م ده‌قى ياسايى بۆ ڕێكخستنى پڕۆسه‌ى سياسى له هه‌رێمى كوردستان په‌سه‌ند كرا له ژێر ناوى «یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نیشتمانیى كوردستان – عێراق»، ژماره (١)ى ساڵی ١٩٩٢. هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و ڕابه‌رى گشتیى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى كوردستان له رێگاى ده‌نگدانى گشتى و نهێنى و ڕاسته‌وخۆ، له 1ى 5ى 1992 به به‌شداریى نزیكه‌ى یه‌ک ملیۆن ده‌نگده‌ر، كه نوێنه‌رایه‌تیى زیاتر له سێ ملیۆن و نیو هاوڵاتییان ده‌كرد، ئه‌نجام درا کە به هاوكارى و پشتیوانیى چاودێرانى بیانى و دۆستانى گه‌لى كورد به‌ڕێوه چوو. هەر چەندە سەركردەكانی كوردستان سەركەوتوو بوون لە خەباتی چەكدارییان، بەڵام تاقیكردنەوەی خۆبەڕێوەبردن و حوكمڕانییەک لە سەر بنەمای سەروەریی یاسا و دامەزراوەیی؛ ئەزموونێكی نوێ بوو بۆیان، هەر بۆیە بير‌ى حیزبسالاری و بهرژهوهندييهكان و دابەشكردنی دەسەڵات بوو بە فاكتەری بەرپابوونی گەورەترین كارەساتی تراژیدیی پڕ له مەرگەسات لە مێژووی سياسیى كوردانی باشووردا كە ئه‌ويش شەڕی براكوژی بوو لە ناوەڕاستی (1990)كاندا (١٩٩٤ تاكوو ١٩٩٨)٧. كارەساتى شه‌ڕى براكوژى و ده‌رهاویشته‌كانى تاوەكوو ئەمڕۆش (ڕەنگە بۆ ماوەی زەمەنیی درێژیش) ئاسەوارە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونییەكانی بەسەر كۆمەڵگەی كوردیدا كاڵ نابێته‌وه. ئەگەرچی شەڕی ناوخۆ بە ھۆی ڕێککەوتننامەی ئاشتیی واشنتن کە لە ١ی ئەیلوولی ١٩٩٨، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمەریکا (مادلین ئۆلبرایت) کۆتایی پێ ھات، به‌ڵام ناوچەكە ڕووبەڕووی حوكمی دابەشكاریی دووئیدارەیی بووە، زۆنی زەرد لە ڕۆژئاوای كوردستان كە پارێزگای هەولێر و دهۆک و زۆنی سەوز لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانی عێراق كە پارێزگای سلێمانیی لەخۆ دەگرت، شەڕی براكوژی و بەدوایدا حوكمی دووئیداری؛ برینی پارتۆكراسیی لە هه‌رێمى كوردستان قووڵتر كردەوە و هێزی چەكداری و ئەمنی و داهاتى نيشتمانى به ته‌واوى به‌سه‌ر پارته سياسييه‌كاندا دابه‌ش كرا.
دووه‌م: لێكه‌وته‌كانى حوكمى پارتۆكراسى
دوای ساڵی 2003، قۆناغێكی نوێی سیاسی لە عێراق و هەرێمی كوردستان هاتە كایەوە، بە جۆرێک سیستمی سیاسی گۆڕانی ڕیشەیی تێ كەوت، سیستمی حوكمڕانی لە دەسەڵاتی دیكتاتۆریەتی تاكەكەسی گۆڕدرا بۆ سیستمی حوكمڕانیی دەستووریهتى فیدراڵی و فرەحیزبی. دەسەڵاتی كوردی بە هاوبەشیی هێزە عێرەقییەكان و ئەكتەرە نێودەوڵەتییەكان، لە نووسینەوەی دەستووری 2005 وەک گرێبەستی كۆمەڵایەتیی نوێ بۆ گه‌لانى عێراق ڕۆڵیان گێڕا (ئه‌گه‌رچى هه‌ندێک لێكۆڵينه‌وه‌ى زانستى ده‌ستوورى عێراق وه‌ک ده‌ستوورى سه‌پێنراو (Imposed Constitution) ناوزه‌ند ده‌كه‌ن). ئەم دەستوورە دەرفەتێک بوو بۆ جێگیركردنی سیستمی فیدراڵی و دانپێدانان بە هەرێمی كوردستان وەک هەرێمێكی سەرەكیی پێكهێنەری فیدراڵیەت لە عێراق، هه‌روه‌ک له ماده‌كانى (117، 141، 140) به فه‌رمى دان نرا به هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و ياسايانهى كه دواى ساڵى 1992 له لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ياسادانانى كوردستانى دهرچووێنرابوون، هه‌روه‌ها دانانى ميكانزمى ده‌ستوورى و ياسايى بۆ يهكلاكردنهوهى چاره‌نووسى ناوچه جێناكۆكان له نێوان حكومه‌تى ناوه‌ند و هه‌رێمى كوردستان. لە ساڵی 2006دا پارتە سیاسییەكان بە فەرمی ئیدارەكانیان یەک خستەوە و حكومەتێكی هاوبەشیان دامەزراند، ئەمە هەوڵێكی دیكە بوو بۆ دەركەوتنی هەرێمی كوردستان وەک هەرێمێكی دامەزراوەیی كە پەیڕەوی لە سیستمی پەرلەمانیی گەشەسەندوو بكات. دوای ساڵی 2009، بۆ يه‌كه‌مين جار به كردەیی هەرێمی كوردستان ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی تاقی كرده‌وه، ئه‌گه‌رچى پڕۆسەی حوكمڕانیی هه‌رێمى كوردستان لە دوای 2006 تاوه‌كوو 2013 تا ڕاده‌يه‌ک گه‌شه‌ى ئابووری و سەقامگیریى سياسیى به‌خۆيه‌وه بينى، به‌ڵام دواجار به هۆى قه‌يرانى دارايى و سه‌رهه‌ڵدانى داعش و كوژانه‌وه‌ى مۆمى ئۆپۆزسيۆنی سياسى، ئه‌م گه‌شه و سهقامگيرييهى سياسى بهردهوامييهكى درێژى به‌سه‌ر نه‌برد.
ده‌ستوورى عێراقى ساڵى 2005، ئه‌و مافه‌ى بهخشيوهته هه‌رێمه‌كانى پێكهێنه‌رى فيدراڵى كه خاوه‌نى ده‌ستوورى خۆيان بن و ده‌ستووره‌كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى فيكرى باوی نێو كۆمه‌ڵگه‌كه و به گوێره‌ى هه‌نده‌سه‌ى ده‌ستوورى خۆيان؛ سياسه‌تى ده‌ستووريان دابڕێژن به مه‌رجێک ده‌قه‌كانى پێچه‌وانه‌ى بنچينه سه‌ره‌كييه‌كانى ده‌ستوورى فيدراڵى نه‌بێت. دواى ئه‌نجامدانى چوار خولى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى له هه‌رێمى كوردستان له ساڵه‌كانى (1992، 2005، 2009، 2013، 2018) و دوو خولى هه‌ڵبژاردنى ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم له ساڵه‌كانى (1992، 2009) و ئاڵوگۆڕ و ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات، هه‌رێمى كوردستان نه‌يتوانيوه ببێته خاوه‌نى ده‌ستوورێكى نووسراوه كه به ڕوونى سيستمى سياسى و چۆنيه‌تیى كاركردنى ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانى ديارى بكات، ده‌ستوورێک كه جه‌خت له سه‌ر پاراستنى ماف و ئازادييهكان و كه‌رامه‌تى مرۆڤ، جياكردنهوهى ده‌سه‌ڵاته‌كان، چاودێریى دادوه‌رى له ڕێگه‌ى دادگهيهكى ده‌ستووریى سه‌ربه‌خۆ؛ بكاته‌وه. ئه‌گه‌رچى له ساڵى 2009دا پڕۆژهدهستوورێک ئاماده كرا كه سيستمێكى نيمچهسهرۆكايهتیى له‌خۆ ده‌گرت، به‌ڵام جارێكى تر پارته سياسييه‌كان به هۆى ناكۆكى له سه‌ر جۆرى سيستمى سياسى و ده‌سه‌ڵاته‌كان؛ نهيانتوانى بگه‌نه ڕێكکه‌وتن و سه‌رئه‌نجام پڕۆژه‌كه ههڵوهشێنرايهوه٨.
سێيه‌م: مه‌ترسييه‌كانى پارتۆكراسى له سه‌ر ئاينده‌ى هه‌رێمى كوردستان
گه‌شه‌ى حوكمى پارتۆكراسى و نه‌بوونى ده‌ستوورێكى نووسراو وه‌ک ده‌قێكى باڵا و ده‌سه‌ڵاتێكى فیعلی بۆ شه‌رعيه‌تدان به حوكمڕانى و بهدامهزراوهيیكردنى ده‌زگاكانى هه‌رێم، كۆمه‌ڵێک ده‌رئه‌نجامى نه‌رێنى و قووڵكردنه‌وه‌ى مۆدێلى حوكمى پارتۆكراسیى لێ ده‌كه‌وێته‌وه. له‌م خاڵانەدا ئاماژه به‌و لێكه‌وتانه ده‌كه‌ين:
- چه‌مكى كوردايه‌تى وه‌ک پاساوێک بۆ حوكمى پارتۆكراسى
چەمكی كوردایەتی بۆ سەدەیەک دەبێت بە واتای شوناسی نەتەوەیی كوردی بەكار دەهێنرێت (شوناس وه‌ک چه‌مكێكى سهبجێكتيڤ). بە گوێرەی سەرچاوەكان، چەمكەكە لە ساڵی (1920)ەكانەوە لە لایەن ڕێكخراوی كوردیی «خۆییبوون»ەوە بەكار هێنراوە. ئەم چەمكە؛ چەمكێكی چەقبەستوو و نەگۆڕ نەبووە، بەڵكوو لەگەڵ ڕووداوە مێژووییەكاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. به درێژایى مێژووی خه‌باتى سياسیى كورد، خه‌مى گه‌وره‌ى كورد بريتی بووه له سه‌ربه‌خۆيى و ئازادى، به‌و واتايه‌ى كوردايه‌تى هاوواتاى تێكۆشان و خه‌بات له پێناو ئازادى و سه‌ربه‌خۆيى بووە. سه‌ركرده‌كانی كورد و پارته سیاسییه‌كان له ڕێگه‌ى چه‌مكى كوردايهتییەوە به‌رده‌وامن له شەرعیەتدانی سیاسی به خۆیان، شهرعيهتێک له سه‌ر بنه‌مای ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕابردوو و خه‌باتی چه‌كدارییان، له سه‌ر ئەم بنهمایانەش بره‌و به حوكمی پارتۆكراسی دەدەن. ئەوان بۆ قەرهبووكردنەوەی كەموكوڕییەكانی حوكمداریی ئێستایان، پەنا بۆ ڕابردوو دەبەن. زۆرێک لەوانەی جەنگاوەری دوێنی بوون، ئەمڕۆ چیرۆكی كوردایەتی بە تەواوی پەیوەستی خۆیان دەكەن و خۆيان وەک پاڵەوانی هەمیشەیی خەباتی نەتەوەیی وه‌سف دەكەن. لەم نێوەندەشدا نەوەی ئه‌مڕۆ و ئەوانەی بەشدار نەبوون لەم چیرۆكی كوردایەتییە، وەک بەشێک لە پڕۆسەكە قبووڵ ناكرێن (زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى له پۆسته ئيدارى و پله باڵاكانن؛ جه‌نگاوه‌رانى دوێنێن، يانيش نه‌وه و كه‌سوكارى ئه‌وانن). هەر بۆیە تاوەكوو ئەمڕۆش تەنها ئەو سیاسییانە لە سەر شانۆ و گۆڕەپانی سیاسی دەبینرێن و خاوەنی دەسەڵاتی فراوانی سیاسی و سەربازی و دارایین، هيچ پڕۆسه‌يه‌كى ديموكراسیيش تواناى ڕيسايكلينكردنى ئه‌م چينه له سياسييه‌كانى نييه. ئەم دونیابینییەی خەباتی پارتە سیاسییەكان، نەوەی تازەیان لە خەونبینین به بەشدارييهكى كارا له گۆڕه‌پانى سیاسی و گەیشتن بە جومگه‌كانى بڕیاردانی سیاسی بێ‌ئومێد كردووە. كاتێک نەوەی نوێ بەریەکكەوتنی دەبێت لەگەڵ ئەم شێوە لە بیركردنەوە و ڕێبازەدا، بە شێوەیەک كهسايهتیى خۆیان دێتە بەر چاو كە قەرزارباری نەوەی دوێنێن. ئەم مۆدێله و دووبارە رێكخستنەوەی مێژوو، فشار لە كۆمەڵگە بە گشتی و نەوەی تازە و گەنجان دەكات كە ترسیان لە بیری نوێ هەبێ و بە گوێرەی هزر و بیری نەوەی دوێنی هەڵسوكەوت بكه‌ن. ئەم ژینگەيهى نەوەی كۆن، بیر و هزری سیاسیی نوێ و هەناسەی تازە دەخنكێنێت و هەلی هاتنەكایەی سەركردەی خاوەن تێڕوانین و ریفۆرمخواز كەم دەكاتەوە، سەركردەیەک كە فیكری قووڵ لە پشت تێگەیشتن و كاركردنیەوە بێت٩.
- بێبه‌هاكردنى ده‌زگا و دامه‌زراوه ده‌ستوورييه‌كان
ده‌سته و دامه‌زراوه دهستوورييهكانى وه‌ک: په‌رله‌مان، ده‌سه‌ڵاتى ڕاپه‌راندن، دادوه‌رى، هه‌روه‌ها ده‌سته سهربهخۆييهكانى مافى مرۆڤ و كۆميسيۆنى هه‌ڵبژاردن و ده‌ستپاكى، له ده‌سته و ده‌زگا گرينگه‌كانى حوكمى ده‌ستوورى و ياسايين كه ڕۆڵێكى گرنگ له سنوورداركردنى ده‌سه‌ڵاتى تاكڕه‌وى، چاودێريكردن و لێپرسينه‌وه، گه‌ره‌نتيكردنى ماف و ئازادى و كه‌رامه‌تى مرۆڤ ده‌گێڕن. يهكێک له مه‌ترسييه‌كانى به‌رده‌وامیى گه‌شه‌ى پارتۆكراسى و هه‌ژموونيان به‌سه‌ر حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى ميرى، بێبايهخكردنى ده‌ستگا و دامه‌زراوه ده‌ستوورييه‌كان و نه‌هێشتنى متمانه‌ى سياسييه (Political Trust). متمانەی سیاسی لە مانا فراوانەکەیدا ئاماژەیە بۆ ئاستى متمانهكردنى هاوڵاتیيان بە دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت له ڕووى هێنانه‌دیى دادپه‌روه‌رى، شه‌فافيه‌ت و پاراستنى ماف و ئازادييهكان. حوكمى پارتۆكراسى له هه‌رێمى كوردستان بووەته فاكته‌رێكى سه‌ره‌كى كه ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كان له چاوى هاوڵاتيیان جێگاى بايه‌خ و ئومێد نه‌بن. په‌رله‌مان كه ده‌سه‌ڵاتى باڵاى ياسادانان و چاودێرى و نوێنه‌رايه‌تیى شه‌رعيه‌تى گه‌له، له ديدى هاوڵاتيیاندا هيچ بايه‌خ و كاريگهریيهكى له گۆڕه‌پانى سياسيدا نييه. نوێنه‌رانى هه‌ڵبژێردراو بۆ ده‌سه‌ڵاتى ياسادانان هه‌م له ڕووى پڕۆفيشناليزم و هه‌م له ڕووى گوزارشتكردن له ئيراده‌ى گه‌ل، سه‌ربه‌خۆ نين. نوێنهرەکان خاوه‌نى بڕيار نين، بۆ بڕياردان له سه‌ر پرسه‌كان ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ بۆچوون و بڕيارى سه‌ركردايه‌تى و به‌رپرسانى حيزب. بۆ نموونه؛ چه‌ند دهستهواژهيهک له نێو كارى په‌رله‌مانتاریى نوێنه‌رانى پارته سياسييه‌كان باوه كه ده‌ڵێن «ئه‌م بڕياره سياسييه، كه‌واته ده‌بێت بگه‌ڕێينه‌وه بۆ بۆچوونى حيزب»، له كاتێكدا سه‌رۆک و بهرسهكانى حيزب خۆيان ناچنه نێو دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام كاديرهكانيان ڕادەسپێرن. پارت و نوێنەرایەتیی سیاسی مەرجێکی گرنگی دیموکراسیبوونە، چونکە هەر باسێک سەبارەت بە دیموکراسیکردن، بە باسێک سەبارەت بە نوێنەرایەتی دەست پێ دەکات، بەڵام خودى نوێنهرایەتیی سياسی له قهيراندایە. هەڵسەنگاندنی «دۆخی نوێنەرایەتی»، دونیابینییەک بۆ لێکۆڵینەوە لە دیموکراسی و دەسەڵات دابین دەکات. بۆ تێگەیشتن لەم پرسە، لانی کەم چەند ڕەهەندێک گرنگن: ئاستی هۆشیاریی سیاسیی هاوڵاتییان، فرەچەشنیی ژینگەی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان کە یارمەتیدەرن لە دیاریکردنی مەیلی سیاسەتی هاوڵاتییان، قووڵایی ناسنامەی کۆمەڵایەتی و متمانەی یەکتر١٠.
جگه له نه‌بوونى ئيراده‌ى بڕياردان، هاوكات كواڵتى و ئاستى مه‌عريفیى نوێنه‌رانى هه‌ڵبژێردراو (په‌رله‌مانتاران) جێگاى سه‌رنجه. له‌م ساڵانه‌ى دواييدا، جارێكى تر پارته سياسييه‌كان به قووڵى كولتوورى خێڵهكيیان په‌يوه‌ستى كارى سياسى كرده‌وه. له برى تهكنۆكراسى و مێرۆتۆكراسى كه دوو مۆدێلى كاركردنن له سه‌ر بنه‌ماى پسپۆڕى و لێهاتوويى تاكه‌كه‌س، پارته سياسييه‌كان په‌يڕه‌وى له سياسه‌تى خێڵه‌كى (Tribalism) ده‌كه‌ن. هه‌ر چه‌نده يهكێک له هۆكاره‌كانى گه‌ڕانه‌وه‌ى پارته سياسييه‌كان بۆ پاڵپشتیى خێڵه‌كان له هه‌ڵبژاردن په‌يوه‌سته به نه‌بوونى هۆشياریى سياسیى تاک له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا. ئه‌گه‌ر له كۆندا پهيڕهويكردن له سياسه‌تى خێڵه‌كى ڕۆڵێكى گرينگى له خه‌باتى سياسى و چه‌كدارى گێرابێت، له دونياى ئه‌مڕۆدا ئه‌م مۆدێله سياسييه ڕۆڵێكى نه‌رێنى ده‌بينێت و بووەته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م كارايى و گه‌شه‌ى دامه‌زراوه‌كان. كانديده‌كانى په‌رله‌مان، وه‌زير و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتييه‌كان، سه‌رۆک زانكۆ و ياريدهدهرهكانيان، تا ده‌گاته قايمقام و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحيه و به‌ڕێوه‌به‌رێكى ئاسايى قوتابخانه‌يه‌ک، ده‌ستى حيزب و سياسه‌تى خێڵه‌كى به قووڵى ئاماده‌يى تيادا هه‌يه. دابه‌شكردنى پۆسته‌كان له سه‌ر هاوسه‌نگیى نێوان خێڵه‌كان بووەته مۆدێلێكى باوى وه‌رگرتنى پۆستى سياسى. ئه‌م مۆدێله‌ى حوكمڕانى پێى ده‌گوترێت خزمێنەخوازی (Nepotism)، كه گوزارشته له كاركردن و پێدانى پله و پۆست لە بەرژەوەندیی کەسوکار (خزمايه‌تى)، بە تایبەتی لە پرسه‌كانى دامەزراندن یاخود پلەبەرزکردنەوەدا. لە سیستمی خزمایەتیدا تاکەکان پشت بە پەیوەندییە خێزانییەکانیان ده‌به‌ستن نەک شایستەیی خۆیان. واته وه‌رگرتنى پله و پۆستى ئيدارى باڵا و بڕیاردان له‌سه‌رى به پێودانگى حيزبايه‌تى، خزمايه‌تى، هاوڕێيه‌تى، هاوکاریى نزيک ياخود هاوپەیمانێتى، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى مه‌رجى شايستهیى و توانا و لێهاتوویى كه‌سى، ئه‌م مۆدێله‌ش به ته‌واوى پێچه‌وانه‌ى حوكمى تهكنۆكراسى و مێريتۆكراسييه كه گوزارشتن له حوكمڕانى لە سەر بنەمای توانا و بەهرەى تاكه‌كه‌سى و ئاستى مهعريفى، نەک سامان یاخود پێگه‌ى حيزب و چينايهتى و کۆمەڵایەتی.
بيرمه‌ند و شاره‌زايان ئه‌وه‌يان سه‌لماندووه كه له هه‌ر كۆمهڵگهيهک كار و پيشه به گوێره‌ى پسپۆڕى دابه‌ش نه‌كرا، ئه‌وا هه‌مووان ده‌بنه بێكار و بێبه‌رهه‌م. پرسى دابه‌شكارى (كار و پيشه) به گوێره‌ى پسپۆڕى، بنچينهيهكى فه‌لسه‌فیى له پشته. كاتێک ئه‌فلاتۆن له دايهلۆگى كۆماردا جۆرێک له دابه‌شکاریی مێتافيزيكيانهى كۆمه‌ڵ (چين و توێژه‌كان)ى ده‌وڵه‌تشار له سه‌ر بنه‌مای سروشتی جه‌سته‌يى و ده‌روونى ده‌خاته‌ڕوو و دواتر پێگه و پيشه و ڕۆڵيان له كۆمه‌ڵگه ده‌ستنيشان ده‌كات. ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه مرۆڤه‌کان له ڕووی به‌هره‌ی سروشتییان له یه‌کتری جیاوازن، هه‌ریه‌که‌یان به پێی سروشت بۆ کارێکی تایبه‌ت به‌دی هێنراون. بۆيه جیاکاری ده‌کات له نێوان سێ چين و توێژ له کۆمه‌ڵگه‌دا؛ چينێكى گه‌وره‌ى كرێكاران و جووتيار و پيشه‌وه‌ر و بازرگان كه چينى ناوه‌ڕاستن، چينى سه‌رباز و جه‌نگاوه‌رى په‌روه‌رده‌كراو كه به‌رگرى له ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ نوخبهيهک له فهيلهسووف و ياسادانه‌ر كه حوكمڕانیى شاره‌كه ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌فلاتۆن پڕچاكهترين ده‌وڵه‌ت و كۆمارى دادپه‌روه‌ر ئه‌وه‌يه كه هه‌ريه‌كه له‌م چين و توێژه كارى خۆى ئه‌نجام بدات و ده‌ست وهرنهداتە كارى ئه‌وه‌ى تر. فهيلهسووفهكان و ياسادانهرهكانى شاره‌زا له فه‌لسه‌فه و زانستى سياسى؛ فهڕمانڕهوايهتیى ده‌وڵه‌تشار ده‌كه‌ن و ده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت ده‌به‌ن به‌ڕێوه. هه‌ر كاتێكيش ئه‌م پلهبهندييه تێك چوو، ئه‌وا كۆمار دووچارى داڕووخان و به‌ره‌و تێكچوون ده‌چێت و مۆدێلى حوكمڕانييهكه ده‌بێته حوكمێكى ستهمكارى١١.
- پارتۆكراسى و ملكه‌چكردنى ياسا بۆ هێز
حوكمى ياسا كه به نۆمۆكراسى (Nomocracy) ناودێر ده‌كرێت، ئاماژەیە بۆ سەروەریی یاسا یاخود سیستمێکی یاسایی کە تێیدا حکومەت و ده‌سته‌بژێرى سياسى پابەند ده‌كات به کۆمەڵە ڕێسا و بنه‌ماى یاسایی کە بە شێوه‌يه‌كى ڕوون ده‌قنووس كراون و بە كۆمه‌ڵێک ئامراز گه‌ره‌نتی كراون. لە سیستمێکی نۆمۆکراتیکدا، سەروەریی یاسا لە پێش هەموو شتێکەوەیە و کردەوەکانی حکومەت و كاراكته‌ره سياسييه‌كان بە هۆی نۆرم و ڕێکارە یاساییەکانەوە سنووردار دەکرێن١٢. به‌ڵام گرفتى ياسا له ژێر چه‌ترى پارتۆكراسى لهوهدايه كاتێک هێز ملكه‌چى ياسا نابێت، ئه‌وا ياسا ده‌بێته ئامرازێک بۆ هێز. بیرمەندی فەڕەنسی «مۆنتسکیۆ» لە کتێبی «ڕۆحی یاساکان»دا، یەکسانیی خەڵک لە بەرامبەر یاسا و دامەزراوەکانی دادوەری بە یەکێک لە تایبەتمەندییە ھەرە گرنگەکانی حوکمڕانیی دەستووری و مەدەنی وێنا دەکات، واتە لەم شێوە حوکمڕانییە ھەموو کەس ھەموو شتێکە، بە پێچەوانەی حوکمڕانیی ستەمکارى كه ھیچ کەس ھیچ شتێک نییە. یەکسانیی تاکەکان لە بەردەم ياسا و بەسەنتەرکردنی دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە، شاڕەگی بنیاتنانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پێشکەوتووە. به‌ڵام له حوكمى پارتۆكراسیدا دەشێت «سەروەریی یاسا» ببێتە درووشمێکی تایبەت بە حوکمڕانیی سته‌مكار، چونکە لە دەوڵەتانی تۆتالیتارییش یاسا سەروەرە و کار بەو یاسایانە دەکرێت کە دەسەڵات بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیی خۆی دایڕشتوون و پراکتیزەیان دەکات. واتە ده‌شێت سەروەریی یاسا تێرمێکی دیموکراسی نه‌بێت، چونکە زۆر جار حوکمڕانی ستەمکار کوشتن و تاڵان و توندوتیژی بە یاسایی دەکات و بە ناوی سەروەریی یاسا؛ ماف و ئازادییە گشتییەکان بێبایەخ دەکات (تاوانەکانی ڕژێمی بەعس و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی دونیا نموونەی زیندوون لە شەرعیەتدان بە تاوان و کوشتن و ژێرپێخستنی مافەکانی ئینسان بە ناوی یاساوە).
له دایه‌لۆگی «یاساکان»دا، ئه‌فلاتۆن مۆدێلى حوكمڕانیى نادادپهروهرمان بۆ شیده‌كاته‌وه، لێره‌دا ڕاڤه‌یه‌کی دیکه بۆ بنه‌مای نادادوه‌ریی فۆڕمانهكانى حوكمرانى ده‌كاته‌وه. هه‌ریه‌کێک له‌م مۆدێلانه سه‌ر به چینێکی کۆمه‌ڵه و له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و چینه یاسا ده‌رده‌كه‌ن و چینه‌کانی دیکه‌ی پێ ده‌چه‌وسێنێته‌وه. ده‌وڵه‌ت ده‌بێت به ده‌زگای پارته سياسييه‌كانى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، نه‌ک له پێناو چاكه‌ى گشتى كۆمه‌ڵگه و به‌خته‌وه‌ریی هاوڵاتییان و لێرەدا ده‌وڵه‌ت بۆ ده‌سته و تاقمێکی کۆمه‌ڵگه کار ده‌کات و یاساکانیش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئيڕادهى هاوڵاتییان نين، به‌ڵکوو گوزارشتن له ئيڕادهى به‌رپرسه باڵاكانى پارته دهسهڵاتدارهکه١٣. له‌م بۆچوونه‌وه نابێت حكومه‌ت بکرێت به ده‌زگایه‌کی «حيزبی» و پارته سياسييه‌كان ياخود پارتێک ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ردا بگرێت، چونکه پارته‌كان نوێنه‌رایه‌تیی چینێک یان ده‌سته و تاقمێکی کۆمه‌ڵگه ده‌که‌ن و كار ده‌كه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان، نه‌ک هه‌موو هاوڵاتییه‌ک. دادپه‌روه‌رى له‌م جۆره ده‌وڵه‌تانه‌دا یاخود کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیدا هه‌میشه ناته‌واوه و هه‌موو که‌سێک ناگرێته‌وه، چونكه له كورترين مانايدا، دادپه‌روه‌رى واتاى دابينكردنى ژيانێكى شايسته و دابه‌شكردنى داهات و سامانى وڵات، فهراههمكردنى ژيانێكى خۆشگوزه‌ران بۆ هه‌موو كه‌س وه‌كو يه‌ك، به‌ڵام له سيسته‌مى حيزبۆكراسيدا نادادى ده‌گاته لوتكه و كۆمه‌ڵێك دهستڕۆيشتوو و سهرمايهدار و به‌رپرسانى حيزبى ده‌بنه خاوه‌نى پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ى سه‌رمايه‌گوزارى وه‌ك كۆمپانيا و يه‌كه‌ى نيشته‌جێبوون شار و گوند ته‌نانه‌ت ده‌زگاى زانستى و ئهكاديميش، له به‌رانبه‌ردا توێژێكى تر كه كارمه‌ندى فيعلى حكومه‌تن و دڵسۆزانه له كه‌رتى گشتى خزمه‌ت ده‌كه‌ن، ده‌بنه كرێچى ئه‌و كادير و به‌رپرسانه‌ى كه له پشت كارى حيزبييهوه و له‌سه‌ر ئه‌ساسى ئيستغلالكردنى سه‌رمايه‌ى ده‌وڵه‌ت بونه‌ته سهرمايهدار.
به‌كارهێنانی ياسا بۆ درێژه‌دان به ده‌سه‌ڵات و پێشێلكردنى مافى هاوڵاتيیان له هه‌رێمى كوردستان پێشينه‌يه‌كى هه‌يه. له ساڵى 2016دا حكومه‌تى هه‌رێم كاركردنى به چه‌ند ياسايهكى په‌يوه‌نديدار به وه‌زيفه‌ى گشتى له ڕێگه‌ى ڕێنمايى و بڕياره‌وه ڕاگرت. به گوێره‌ى ڕێنماييه‌كان، پله‌به‌رزكردنه‌وه و شايسته داراييه‌كانى فه‌رمانبه‌رانى كه‌رتى گشتى بۆ ماوه‌يه‌كى ناديار، تاوه‌كوو ئێستاش، وه‌ستێنراون، به‌ڵام پله‌به‌رزكردنه‌وه و شايسته داراييه‌كانى هێزه‌كانى چه‌كدار و ده‌زگا ئه‌منييه‌كان و به‌شێک له دامه‌زراوه‌ى ديكه له‌م ڕێنماييانه ڕیزپه‌ڕ كراون. ئه‌م كاره‌ى حكومه‌ت نه‌ک هه‌ر سه‌رپێچیى بنه‌ماى پله‌به‌ندیى ياسايى (تدرج القوانين) بوو، به‌ڵكوو نادادپهروهرييهكى گه‌وره و به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات بوو بۆ جياكاريكردن و بره‌ودان به حوكمى هێزى ئه‌منى و سه‌ربازى له سه‌ر حيسابى هيزى مه‌ده‌نى، له كاتێكدا هيچ دادگايهكيش تواناى چاودێریى ڕێنماييه‌كانى وه‌زاره‌ت و حكومه‌تى نييه. وێڕاى بوونى دادگه‌ى كارگێڕى له هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌م دادگايه پسپۆڕى چاودێرى و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ڕێنماييه‌كانى نييه. بۆيه بوونى ده‌ستوور و دادگايه‌كى ده‌ستووریى كارا، ده‌بێته گهرهنتييهک بۆ پاراستنى مافه بنچينييهكانى هاوڵاتیيان له ده‌ست زوڵمى ياسا، چونكه ياساى ناداپهروهر؛ له بنچينه‌دا ياسا نييه و شياوى پابه‌ندنه‌بوون و ههڵوهشاندنهوهيه.
- پاشه‌كشێى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى
له سيستمى ديموكراسى و ده‌ستوورى ڕاسته‌قينه‌دا، دامه‌زراوه‌كانى مه‌ده‌نى ڕۆڵێكى گرينگ ده‌گێڕن له گه‌شه‌پێدانى ديموكراسى و فهرههنگسازى و دروستكردنى ڕاى گشتى و چاودێریكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى ده‌وڵه‌ت. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، كۆنترۆڵكردنى جومگه‌كانى حكومه‌ت له لايه‌ن پارته سياسييهكانەوە، مه‌ترسى بۆ سه‌ر گه‌شه‌ى ديموكراسى له ڕێگه‌ى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نیى لێ ده‌كه‌وێته‌وه، به تايبه‌ت له ڕووى پاشه‌کشێى كارى ڕێكخراوه‌كانى مه‌ده‌نى له پێناو هێنانه‌دیى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى مه‌ده‌نى. پارتۆكراسى له هه‌رێمى كوردستان بووەته فاكته‌رێک كه گشت ڕێكخراو و سه‌نته‌ر و دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى ببنه به‌شێک له كار و ئه‌جێنداى كارى پارته سياسييه‌كان، چونكه به هۆى نه‌بوونى پاڵپشتى دارايى له لايه‌ن حكومه‌ت و مۆنۆپۆلكردنى كه‌رتى گشتى و تايبه‌تى له لايه‌ن پارته سياسييهكانەوە، پشتبهستوويى ڕێكخراو و سه‌نته‌ر و دامه‌زراوه مه‌ده‌نييه‌كانى به پارته سياسييه‌كان زيادی كردووه، چونكه بۆ هه‌ر كار و پڕۆژه‌يه‌ک؛ پێويست ده‌كات دامه‌زراوه ناحكومييه مه‌ده‌نييه‌كان به‌ناچارى بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ده‌زگاکانى حيزب و كاديرانى سياسى كه ئێستا بوونه‌ته خاوه‌نى ده‌سه‌ڵات و داهات و كۆمپانيا. ئه‌م دۆخه‌ش به‌شێكى زۆرى ڕێكخراوه‌كانى له‌كار خسته‌وه، يانيش بوونه‌ته كۆپييه‌كى كارى حيزبى به‌بێ نوێگه‌رى و ريفۆرم و كاریگه‌رى.
- مه‌رگى ميدياى ئازاد و سه‌ربه‌خۆ
ميدياى ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بنچينهى سەرەکیی گەشەی ديموكراسیەتن، به‌ڵام دەشێت میدیا و ناوەندەکانی ڕاگەیاندن ببنە فاکتەری پاشەکشەی دیموکراسی. گەشەسەندنی دیموکراسی و حوکمڕانیی باش بەردەوامیی دەبێت تا ئەو کاتەی کۆمەڵگە هۆشیاریی سیاسیی هەبێت و میدیا و دامەزراوە مەدەنییەکان سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن، له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و وتەیەی «ئه‌براهام لينكۆڵن» كه وتوویەتی: “ده‌توانيت هه‌ندێ جار هه‌موو خه‌ڵكى بگهوجێنيت و بڕێک له خه‌ڵكى بۆ هه‌ميشه بگهوجێنيت، به‌ڵام ناتوانيت هه‌موو خه‌ڵكى بۆ هه‌ميشه بگهوجێنيت”. هەمیشە توێژێکی کۆمەڵگە لە ڕێگەی بیرکردنەوە و ریفۆڕم داوای چاکسازی دەکەن، به‌ڵام كاتێك حكومه‌تێكى پارتۆكراسى شكست له حوكمدارى و باشكردنى ژيانى خه‌ڵكدا ده‌هێنێنت، ئه‌وا هه‌ندێ له هاوڵاتيیانى درک به‌مه ده‌كه‌ن و په‌ى به كه‌لێن و كه‌موكوڕييه‌كان ده‌به‌ن كه له پڕۆسه‌كه‌دا هه‌يه و هه‌ر ئه‌مانيش ده‌توانن داواى ڕيفۆرم و گۆڕانكارى له مۆدێلى حوكمڕانى بكه‌ن. به‌ڵام كۆنترۆڵكردنى ميديا له لايه‌ن پارته سياسييه‌كانى پێكهێنه‌رى حكومه‌ت؛ لۆژيكهكهى لينكۆڵن بێكاريگهر ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌م جۆره له ئيشكردنى ناوه‌نده‌كانى ميديا، ڕاستييه‌كان به‌لاڕێدا ده‌به‌ن. لە ئێستادا ناوەندەکانی ميدياى كوردى له بریى ئه‌وه‌ى ببنه پرد و مينبه‌رى گه‌ياندنى ده‌نگ و ئازارى ڕاي گشتى، بوونەتە ئامرازى شێواندن و به‌هه‌ڵه‌دابردنى ڕای گشتى. بۆيه كاركردن به ئاڕاسته و ئه‌جێنداى سياسى، ميدياكار و ڕۆژنامه‌نووسانى كردووه‌ته به‌شێكى سه‌ره‌كى له بره‌ودان به حوكمى پارتۆكراسى. له هه‌رێمى كورستان هيچ ميديايه‌كى سه‌ربه‌خۆ به‌دى ناكرێت. ئه‌گه‌ر چه‌ند كه‌ناڵێكى ميديایى ئهلكترۆنيیش هه‌بن، ئه‌وا به هۆى نه‌بوونى فه‌زاى ئازادیى كاركردن و دارايى سه‌ربه‌خۆ، ئه‌وا وه‌ک ده‌سه‌ڵاتى چواره‌م و چاوى سێيه‌م، ناتوانن موماره‌سه‌ى چاودێریكردن و هێنانه‌دیى شه‌فافيه‌ت بكه‌ن.
ده‌رئه‌نجام
لە سەردەمی گۆڕانکارییە خێرا و به‌رده‌وامه‌كانى زانست و كايه‌ى سیاسەت لە جيهان و ڕۆژهەڵاتی نـاوەڕاستدا، پێـویستە جارێكى تر و لـە ڕوانـگـەی خه‌مخۆریى نه‌ته‌وه‌يى بۆ داهاتووى هه‌رێمى كوردستان، خوێندنـەوە بۆ لهمپهڕەكانى به‌رده‌م گه‌شه‌ى ديموكراسى و حوكمڕانیى باش و خۆشگوزه‌ران بکرێته‌وه. هه‌رێمى کوردستـان لە سه‌نته‌رى كێشه و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچەکەدایـە و لێکۆڵینـەوە لە سـەر ڕەهەنـدە سیاسـی و ياساييه‌كانى، ئەو دەرفەتەمان بۆ دەڕەخسێنـێت کە له ئێستا و ئاينده‌ى باشتر تێبگەین. مۆدێلى حوكمى پارتۆكراسى به قووڵى ڕه‌گى خۆى له نێو حوكمڕانیى هه‌رێمى كوردستان داكوتاوه. ئه‌م مۆدێله‌ى حوكمڕانى ده‌بێته به‌ربه‌ستێكى گه‌وره له به‌رده‌م ڕيفۆرمى دامه‌زراوه‌يى و هێنانهكايهى حوكمڕانیى باش، هه‌روه‌ها قووڵبوونهوهى ئه‌م ديارده‌يه ده‌بێته فاكته‌رێك بۆ سه‌رهه‌ڵدانى نيهيلزمى ياسايى و دامه‌زراوه‌يى (Legal nihilism) له سه‌رتاسه‌رى هه‌رێمى كوردستان و يهكنهخستنى سوپا و هێزى سه‌ربازى و ئه‌منى وه‌ک هێزى نيشتمانى، دواجار ئه‌م مۆدێله‌ى حوكممكردن، هه‌رێم به‌ره‌و نه‌مانى هه‌ستى نه‌ته‌وايه‌تى و بێمتمانهيى سياسى له نێوان هاوڵاتيیان و ده‌زگاكانى هه‌رێم ده‌بات. بۆيه پێويسته لايه‌نه سياسييه‌كان به له‌به‌رچاوگرتنى خواستى نێوده‌وڵه‌تى بۆ گه‌شه‌پێدانى ديموكراسيه‌ت و له سه‌ر بنه‌ماى ئيراده‌يه‌كى سياسیى نيشتيمانييانه، بڕيار له سه‌ر حوكمڕانیى ده‌ستوورى و دامه‌زراوه‌يى و تهكنۆكراسى بده‌ن. وه‌ک چۆن زۆربه‌ى هه‌رێمه‌كانى پێكهێنه‌رى سيستمى فيدراڵى شێواز و چۆنيه‌تیى كاركردنى حوكمڕانيیان له ڕێگه‌ى ده‌ستووره‌وه فۆڕموله كردووه، ئه‌م مۆدێله‌ش له زانستى ياساى ده‌ستوورى به «Subnational Constitutionalism»يش ناده‌برێت. واته زۆرينه‌ى هه‌ره زۆرى هه‌رێمه‌كان له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تى فيدراڵى له ڕێگه‌ى ده‌ستوورى نووسراوه‌وه بڕيار له سه‌ر حوكمڕانیى دامه‌زراوه‌يى ده‌ده‌ن. بوونى ده‌ستوورى نووسراو وه‌ک ده‌سه‌ڵاتى فيعلى و ده‌قێكى باڵا و پيرۆز (Real Power)، ده‌بێته فاكته‌رێک بۆ سنوورداركردنى ده‌سه‌ڵاتى پارته سياسييه‌كان و ڕێگه‌گرتن له زێدهڕۆيكردن له به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات و قۆستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى تايبه‌تى له بڕى چاكه‌ى گشتى، چونكه ده‌ستوور نه‌ک هه‌ر ته‌نها شه‌رعيه‌ت به ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كان ده‌به‌خشێت، به‌ڵكوو له ڕێگه‌ى دادگه‌ى ده‌ستوورییەوە ده‌بێته گهرهنتييهک بۆ هێنانهكايهى سه‌روه‌ریى ياسا و چاودێريكردنى پاراستنى پره‌نسيپه‌كانى ده‌ستوور و په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌سه‌ندنى كولتوورى ديموكراسى و دامه‌زراوه‌يى له ده‌وڵه‌تدا. ئهزمووونى ئه‌و وڵاتانه‌ى خاوه‌نى ده‌ستوورن وه‌ک هێزێكى فيعلى نه‌ک هێزێكى بێكاريگهر (Nominal Power)، ته‌نانه‌ت له سيستمه‌كانى پارتۆكراسيیشدا، ئه‌وا ده‌ستوور و دامه‌زراوه دادوه‌رييه‌كان وونهته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م زێده‌ڕۆيى پارته سياسييه‌كان و ده‌سه‌ڵاتداران. مۆدێلى حوكمڕانى ده‌ستوريى ئهمەريكى كه كۆنترين مۆدێلى دهستوورييهته و نزيكه‌ى (236) ساڵه هێز و ده‌سه‌ڵاتى پابه‌ندى ده‌ستوورى كردووه و سيستم و جومگه‌كانى ده‌وڵه‌تی به‌يه‌كه‌وه به‌ستووەته‌وه، ئه‌م ده‌ستووره وه‌ک گرێبه‌ستێكى كۆمه‌ڵايه‌تى و ده‌قێكى پيرۆز توانيويه‌تى زياتر له دوو سه‌ده كۆمه‌ڵگه‌ى ئهمەريكى به‌يه‌كه‌وه گرێ بدات و به‌ردوامى به ديموكراسيه‌ت و فيدراڵيزم بدات.
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
- 1. Raymond Polin, Plato and Aristotle on constitutionalism: An Exposition and Reference Source, Routledge (London); 1st edition, 2019, p167.
- Mauro Calise (1994). Conference Issue: Presidential and Parliamentary Democracies: Which Work Best? || The Italian Particracy: Beyond President and Parliament. Political Science Quarterly, 109(3), 441–460.
- Baogang Guo (2020) A Partocracy with Chinese Characteristics: Governance System Reform under Xi Jinping, Journal of Contemporary China, 29:126, 809-823.
- Cotta, Maurizio, ‘Partitocracy: Parties and their Critics in Italian Political Life’, in Erik Jones, and Gianfranco Pasquino (eds), The Oxford Handbook of Italian Politics (2015; online edn, Oxford Academic, 11 Feb. 2016).
- Enrique Dans, why partitocracy is a danger to democracy, Nov 22, 2018, https://medium.com.
- Niessen, C, Baudewyns, P, Camatarri, S, Dodeigne, J, Frognier, A-P, Reuchamps, M & Sinardet, D 2022, Partitocracy and the future of Belgium. Revisiting Does Belgium (still) exist? in P Baudewyns, M Brans, M Reuchamps, B Rihoux & V Van Ingelgom (eds), The Winter of Democracy. Partitocracy in Belgium. Presses universitaires de Louvain, Louvain-La-Neuve, pp. 183-199.
٧. بۆ زانیاریی زیاتر له باره‌ى حوكمڕانیى پارته سياسييه‌كانى باشوورى كوردستان و شه‌ڕى براكوژى و په‌ره‌سه‌ندنى سيستمى سياسیى كوردى له دواى ساڵى (1991)ەوه، بڕوانه:
Gareth R.V Stansfield, Iraqi Kurdistan: Political Development and Emergent Democracy, (London: Routledge, 2010), 153–57.
٨. پڕۆژە ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان له ئابى 2006دا له لايه‌ن ليژنه‌يه‌كى ناو په‌رله‌مانه‌وه پێشكه‌ش به سهرۆكايهتیى په‌رله‌مان كرا، له 24ى 6ى 2009دا له لايه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانەوە په‌سه‌ند كرا، به‌ڵام به هۆى ڕازىنهبوونى لايه‌نه‌كان له سه‌ر ناوه‌رۆكى ده‌ستووره‌كه؛ نهخرايه ڕاپرسیى گشتى و پاشان به گوێره‌ى ياساى ژماره 4ى ساڵى 2015 (ياساى نووسينه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان – عێراق بۆ ڕاپرسى)، ئه‌م پڕۆژهدهستووره له‌كار خرا.
٩. بۆ تێگه‌يشتن له چه‌مكى كوردايه‌تى و دۆخى حوكمڕانیى ئهمهكداریى حيزبیى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان، بڕوانه:
MARIA LUISA FANTAPPIE, CALE SALIH, Kurdish Nationalism at an Impasse, Why Iraqi Kurdistan Is Losing Its Place at the Center of Kurdayeti? The Century Foundation | tcf.org, Citizenship and Its Discontents: Pluralism, and Inclusion in the Middle East, a TCF project supported by the Henry Luce Foundation, 4, 2019, pp4-5.
١٠. بۆ تێگه‌يشتنى ورد و قووڵ له باره‌ى قه‌يرانى نوێنه‌رايه‌تى له هه‌رێمى كوردستان، بڕوانه:
Sardar Aziz, Erwin van Veen, The crisis of representation in the Kurdistan Region of Iraq, Netherlands Institute of International Relations ‘Clingendael’, April 2023, 1-24.
- Kevin Main, “Plato’s Perfect Kallipolis, Analysis and Feasibility” and “The City-State of the Soul: Constituting the Self in Plato’s Republic”, Polis: The Journal for Ancient Greek and Roman Political Thought, 12 Apr 2018, p324.
- Dyzenhaus, David; Poole, Thomas (2015), Law, Liberty and State (Oakeshott, Hayek and Schmitt on the Rule of Law) || Nomos, 65-95.
١٣. بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی فەلسەفەی سیاسیی ئه‌فلاتۆن، بڕوانە : محه‌مه‌د كه‌مال: فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌فلاتۆن، ده‌زگاى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م، سلێمانى، چاپى يه‌كه‌م، 2010، ل(2015-262).