مەزاری بزرکراو (سەرانی کورد لە تورکیا بە نموونە)
م. ی. ڕابەر سیوەیلی/ ماستەر لە زانکۆی گازی/ ئەنقەرە / مامۆستا لە بەشی مێژووی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان/ زانکۆی سلێمانی
- دەروازە
لێکۆڵینەوە لە مێژووی کوردو سەرکردەکانی بزافی ڕزگاریخوازی کورد لە باکووری کوردستانو تورکیا، وێنەیەکی ئاڵۆزی قۆناغە سەختو دژوارەکانی خەباتی سیاسی، کۆمەڵایەتیو فەرهەنگی دەخاتەبەرچاومان! زۆرێک لەو سەرکردە کوردانەی کە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد سەرقاڵی چالاکیی سیاسیو سەربازیی جۆربەجۆر بوون، لە پڕۆسەکەدا ڕووبەڕووی فشاری جددی بوونەوە.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری تورکیادا، گوشارەکان بۆ سەر شوناسو کولتووری کوردی زیادیانکرد، ئەمەش لە یەکەم لێکەوتەیدا چارەنوسی سەرکردەکانی کوردی مەترسیدارترو نادیارترکرد، بە جۆرێک کە لە دوای گیانلێسەندنەوەو لەسێدارەدانیان، گۆڕەکانیشیان بزرکران، یان ڕاستر بڵێین، بە جۆرێك شاردرانەوە کە جگە لە چەند کەسێکی کەمی ناو دەزگا ئەمنییەکان نەبێت، هیچ کەس زانیاریی لە سەر ئەسپەردەکردنو مەزارەکانیان نییە! ئەم دۆخەش هەتا ئێستا لە ڕیزی ئەو ڕوداوانەدا هەژماردەکرێن کە جێپەنجەی خۆیان لە سەر مێژووی سیاسیی هەردوو کۆمەڵگەی کوردو تورک بەجێهێشتووە.
ئامانجی ئەم توێژینەوەیە بەدواداچوونە بۆ ئەو سەرکردە کوردانەی لە تورکیادا مەزاریان ونەو تێگەیشتن لە ناسنامەو ئایدیاڵو خەباتەکانیان. بزربوونی جەستەی ئەو سەرکردە کوردانە تەنها بە واتای کۆتایی ژیانیان وەک تاک نییە؛ بەڵکو ئاماژەیە بۆ برینێکی قوڵ، کە لە یادەوەریی مێژوویی گەلێکدا دروستبووە. هاوکات، خاڵێکی وەرچەرخانی ڕەخنەگرانەیە کە شوێنی گەلی کورد لە خەبات بۆ شوناسی نەتەوەیی دیاریدەکات، چونکە ئەم سەرکردانە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی تورکیا وەک نوێنەری خەڵک وەرگیراون، بەڵام بەشێکی زۆریان بە هۆکاری نادیار یان کوژراون، یان بێسەروشوێنبوون، کە هۆکارەکانی وەک سیاسەتی دەوڵەت، ململانێی نەتەوەییو هاوسەنگیی هێزی نێودەوڵەتی، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەبووە لە سەر مردنیان.
باسوخواسی بزربوونی جەستەو مەزاری هەریەکە لە “شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزای دەرسیمو سەعیدی نوورسی” لە گرنگترین تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوەیەن. لەو بڕوایەداین کە دیارنەمانی سەرکردە کوردەکان لە تورکیا واقیعێکی مێژووییە؛ لە لایەکەوە هێمای خۆڕاگریو خەباتی گەلێکە بۆ مانەوەو لە لایەکی دیکەشەوە گوزارشت لە ئازارو خەسارەتێکی قووڵ دەکات.
- شێخ سەعیدی پیران (١٨٦٥-١٩٢٥)
شێخ سەعیدی پیران ناوی تەواوی “شـێخ سهعیدی کوڕی شـێخ مهحمــوودی کوڕی شـێخ عهلی”یـه. ساڵی (١٨٦٥) لە قەزای “پالو”ی هەرێمی ئەلازیخ لەدایکبووە. شێخ سهعید له سهر دهستی باوکیو موریدهکانی باوکیهوه فێری نوسینو خوێندنەوە بووه، زانستی فیقهـو شهریعەتی ئیسلامیو مێژووی خوێندووه، دوای تهواوکردنی خوێندنەکەشی مۆڵهتی وانەگوتنهوهی پێدراوه. دوای وهفاتی باوکی، دهسهڵاتو کاروباری خهڵکی ناوچەکەی گرتووەتەدەستو لە پاڵ کاروباری کارگێڕیدا، ڕابەرایەتیی تهریقهتی نهقشبهندییشی له “پالو” کردووەو زیاتر له ههزار موریدی ههبووه. ژیانی شێخ سەعید لەگەڵ دوا قۆناغی دەوڵەتی عوسمانیو دامەزراندنی کۆماری تورکیادا تێکەڵدەبێت. لە کاتێکدا ئەم قۆناغه بە قۆناغی گۆڕانکارییە گەورەکان ناسراوە، هەم بۆ کوردو هەم بۆ نەتەوەو ئایینییەکانی دیکە(١).
سەرکردایەتیی شێخ سەعید نەک تەنها لە بواری ئایینیدا، بەڵکو لە بواری کۆمەڵایەتیو سیاسییشدا زۆر بە ڕوونی درکیپێدەکرێت. لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆمار لە تورکیادا، پێکهاتەی فرەنەتەوەیی دوا قۆناغی دەوڵەتی عوسمانی بە ئاڕاستەی دەوڵەتی تاک_نەتەوەییو عەلمانیدا هەنگاوینا. ئەم دۆخەش بوو بە مایەی ناڕەحەتی لە لای کوردو نەتەوەکانی دیکەو زۆر جار پێکدادانو پشێویی لێکەوتەوە. جوڵانەوەکەی شێخ سەعید، کە لە ساڵی (١٩٢٥) ڕویدا، بە یەکێک لە گرنگترین جوڵانەوەکانی مێژووی کۆماری تورکیا دادەنرێت، کە داخوازییەکانی وەک پاراستنی ناسنامەی گەلی کورد، بەرتەسکنەکردنەوەی ئازادییە ئایینییەکان، بنەبڕکردنی سیاسەتە چەوسێنەرەکانی حکومەتی ناوەندیو پراکتیکەکانی دەسەڵاتی نوێ، هێنانەکایەی پرەنسیپی عەلمانیەتو دوورخستنەوەی ئیسلام لە ئیدارەی دەوڵەت، هۆکاری سەرەکی بزواندنو بەرپاکردنی ئەو جوڵانەوەیە بوون(٢).
جوڵانەوەکەی شێخ سەعید لە (١٣)ی شوباتی (١٩٢٥) لە بینگۆل دەستیپێکردو لە ماوەیەکی کورتدا بۆ جوگرافیایەکی فراوانتری وەک دیاربەکر، ئەلازیخو بەتلیس بڵاوبووەوە. لەم جوڵانەوەیەدا، شێخ سەعیدی پیران وەک سەرۆکی جوڵانەوەکەو ڕابەری ڕۆحی دەرکەوت، بەڵام بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆییو دەرەکییەوە، نەیتوانی جوڵانەوەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوامبێتو ئامانجەکانی بەدیبهێنێت، بەڵکو حکومەتی ناوەندی هەر زوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانی بۆ سەرکوتکردنی جوڵانەوەکە ڕێکخستو سەرئەنجام بزوتنەوەکە لە نیسانی (١٩٢٥) کۆتاییهات. دوای سەرکوتکردنی جوڵانەوەکەش شێخ سەعیدو سەرانی جوڵانەوەکە دەستگیرکرانو لە دیاربەکر دادگاییکران. ئەوەی جێی سەرنجە، پڕۆسەی دادگاییکردنەکە هێندەی سەرکوتکردنی جوڵانەوەکە مشتومڕی لە سەر بوو(٣). هەرچەندە شێخ سەعید بەرگریی لە خۆی کردو هۆکاری بەرپاکردنی جوڵانەوەکەی بۆ ڕوونکردنەوە، بەڵام دادگا سزای لەسێدارەدانی بە سەر ناوبراوو کەسایەتییە سەرەکییەکانی دیکەی جوڵانەوەکەدا سەپاند. سەرئەنجام شێخ سەعیدو (٤٦) هاوڕێی لە (٢٩)ی حوزەیرانی (١٩٢٥) لەسێدارەدران.
- مەزاری بزرکراو
بزرکردنی ڕوفاتو مەزاری شێخ سەعیدو هاوڕێ لەسێدارەدراوەکانی، یەکێکە لە گەرمترین ئەو پرسانەی کە ساڵانەو بە تایبەتی لە ساڵیادی لەسێدارەدانیاندا دێتەوەبەرباسو قسەی جددیی لە بارەوە دەکرێت. هەرچەندە سەبارەت بەم پرسە دەنگۆی جۆراوجۆر هەیە، بەڵام هەتا ئێستا دەگمەنن ئەو کەسانەی زانیارییان هەبێت لە سەر شوێنی ئەسپەردەکردنو مەزاری شێخ سەعیدو هاوڕێیانی. بە پێچەوانەوە، دەنگۆی بڵاو ئەوەیە کە ناوبراوان لە ناوچەیەکی سەربازی لە ناو شاری ئامەددا ئەسپەردەی خاک کراون، ئەو ناوچەیەش لە ژێر چاودێریو ئاگایی دەوڵەتدایە. بەو پێیەش کە ناوچەیەکی سەربازییە، بە گوێرەی یاسا ڕێگە بە هیچ گەڕانێک نادرێتو تەنانەت چوونەژوورەوەی خەڵکی مەدەنییش قەدەغەکراوە، بەڵام ئەوانەی لە سەر ئەم باوەڕەن، هەتا ئێستا چەندین جار داوایان لە حکومەتی تورکیا کردووە کە ئەو شوێنە لە ناوچەیەکی سەربازییەوە بگۆڕدرێت بۆ مەزارگەیەکی گەورەو مزگەوتی تێدا دروستبکرێتو ببێت بە جێگەی سەردانی هاوڵاتیان. بەڵام حکومەتی تورکیا هەتا ئێستا وەڵامی ئەو داواکارییەی نەداوەتەوەو پێیوایە شێخ سەعید کەسایەتییەکی گەورەیەو جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە ڕەنگە بەئاگاهاتنەوەی نەتەوەیی لێبکەوێتەوە(٤).
هاوکات “عەبدولیلا فورات”ی نەوەى شێخ سەعید، هاوشێوەى خەڵکی دیاربەکر، پێیوایە کە ڕوفاتی باپیریو هاوڕێکانی هەر لەو ناوچەیەدا ئەسپەردەکراون کە تێیدا لەسێدارەدران، ئەو ناوچەیەش ئێستا ناوچەیەکی سەربازییەو لە دیدەنیو سەردانیکردنی خەڵکی قەدەغەکراوە. هاوکات ئاماژە بە خاڵێکی گرنگتر دەکاتو دەڵێت: “دواتر دەوڵەت ڕوفاتەکانی گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، کە من نازانم کوێیەو تەنها دەوڵەت دەزانێت.” جێگەی باسە، هەتا ئێستا بنەماڵەی شێخ سەعید چەندین جار داوایان لە دادگای کارگێڕیی ئەنقەرە کردووە بۆ ئاشکراکردنی شوێنی مەزاری ناوبراو، دادگای ئەنقەرەش داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە کە شوێنی گۆڕەکان بە بەڵگەنامەی فەرمییەوە ئاشکرابکات، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ ئەم داوایەی ڕەتکردووەتەوەو داوای لە دادگا کردووە کە دۆسیەکە ڕابگرێت(٥).
- سەید ڕەزای دەرسیم (١٨٦٣-١٩٣٧)
سەید ڕەزا یەکێکی دیکەیە لە سەرکردە دیارو خاوەن_خەباتەکانی باکووری کوردستان، هاوکات یەکێکە لە مەزار_بزربووەکانی سەدەی بیستەم لە تورکیا. سەید ڕەزا لە ساڵی (١٨٦٣) لە ناوچەی ئۆڤاجیکی تونجەلی لەدایکبووە. سەرچاوە مێژووییەکان وەک کەسایەتییەکی ململانێکار لە قۆناغی سەرەتای کۆماری تورکیادا ناوو خەباتەکەیان تۆمارکردووە. هاوکات پێیانوایە جوڵانەوەی دەرسیم شوێنەواری قووڵی هەم لە سەر کەسایەتیی سەید ڕەزاو هەم لە سەر پێکهاتەی سیاسیو کۆمەڵایەتیی ناوچەکە بەجێهێشتووە.
بێسەروشوێنکردنی ڕوفاتو مەزاری سەید ڕەزاو هاوڕێیانی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە جوڵانەوەی دەرسیمو ئەو بارگرانییەی کە دانیشتوانی ناوچەکە لە نێوان ساڵانی (١٩٣٧-١٩٣٨)دا بۆ حکومەتی ناوەندییان دروستکرد، چونکە جوڵانەوەکە لە بنەڕەتەوە بەرخۆدانێک بوو لە دژی سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا، کە خۆی دەبینییەوە لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە ئامانجی مۆدێرنیزەکردنی دەرسیمو بەستنەوەی ناوچەکە بە حکومەتی ناوەندییەوە. ئۆپەراسیۆنەکانیش بریتی بوون لە سیاسەتی نیشتەجێکردنی زۆرەملێ، ڕێساکانی باجو شێوازەکانی دامەزراندنی سەربازی. سەید ڕەزاو خەڵکی دەرسیمیش ئەو بارودۆخەیان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر شوناسی عەلەوی-کوردو ناوچەکە دەبینی، سەرئەنجام لە ساڵی (١٩٣٧)دا جوڵانەوەی دەرسیمی لێکەوتەوەو حکومەتی تورکیاش بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە وەڵامی جوڵانەوەکەی دایەوە.
هەرچەندە لە سەرەتاوە جوگرافیای شاخاویو سەختیی گەیشتن بە ناوچەکە لە بەرژەوەندیی جوڵانەوەکە بوو، بەڵام پاش ماوەیەک سەید ڕەزاو سەرانی جوڵانەوەکە نەیانتوانی لە بەرانبەر هەڵمەتی سەربازیی حکومەتدا خۆڕابگرنو خەڵکی دەرسیمیش زیانێکی زۆریان بەرکەوت. تەنانەت سەید ڕەزاو بەشێکی دیکە لە سەركردەکانی جوڵانەوەکە بەدیلگیرانو لە دادگایەکی تایبەت، کە لە ئەلازیخ دامەزرابوو، دادگاییکرانو سەرئەنجام لە (١٥)ی تشرینی دووەمی (١٩٣٧)دا لەسێدارەدران.
- حەوت ڕوفاتی بێسەروشوێن
ڕوفاتو مەزاری سەید ڕەزاو هاوڕێکانی کە پێکهاتبوون لە ڕێسیک حوسێن (کوڕی سەید ڕەزا)، سەید وشێن (سەرۆکی عەشیرەتی سێهان)، فندک ئاغای کوڕی کەمەر ئاغا، حەسەن ئاغای کوڕی جوبرائیل ئاغا، حەسەن (لە عەشیرەتی قوڕەیشان)، عەلی ئاغای کوڕی میرزا عەلی، ماوەی (٨٧) ساڵە بە نهێنی لە لای حکومەتی تورکیا ماوەتەوە(٦). هەرچەندە هەتا ئێستا زنجیرەیەک داواکاریی فەرمی بۆ ئاشکراکردنی مەزارەکان پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا کراوە، بەڵام سەرجەمیان بەبێ وەڵام ماونەتەوە. لەو بارەیەوە “زێلیها پۆلات”ی نەوەى سەید ڕەزا دەڵێت: “کاتێک داواکاریمان پێشکەش بە پارێزگاری ئەلازیخ کرد، ڕاستەوخۆ لە وەڵامدا پێیگوتین: ئێوە بە مەبەستی نهێنی داوای دۆسیەیەکی لەو شێوەیەتان کردووە! ئێمە بێئاگاین لە گۆڕی کەسێک بە ناوی سەید ڕەزا، هیچ ڕوداوێکی لەو شێوەیە نییە.”(٧).
بە پێچەوانەی ئەو گوتەیەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە کاتێکدا سەرۆکوەزیرانی کۆماری تورکیا بوو، ڕایگەیاند: “ئەگەر پێویستم بە داوایلێبوردن بێت، داوایلێبوردن دەکەم. ئەرکی سەرۆکوەزیرانە کە نوێنەرایەتیی دەوڵەتێک دەکات، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەو ڕۆژە کێ لە دەسەڵاتدا بووە، داوایلێبوردن بکات لە سەر ئەو کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتەکەی کردوویەتی. میکانیزمی داوایلێبوردن تەنها داوایلێبوردنێکی زارەکی نییە. داوایلێبوردن بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە نییە. مەرجی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوەکە کردنەوەی هەموو ئەرشیفەکانی دەوڵەتە بۆ ئاشکراکردنی شوێنی بەخاکسپاردنی سەید ڕەزاو هاوڕێکانی لەگەڵ سەرجەم زیانلێکەوتوانی ئەو کارەساتەدا.”(٨).
لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی (٢٠٢٣)شدا “سینان چیفتی یورێک”ی پەرلەمانتاری پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) لە کۆبوونەوەی فەرمیی پەرلەماندا، سەبارەت بەم دۆسیەیە، پرسیاری ئاڕاستەی “جەودەت یەڵماز”ی جێگری سەرۆککۆمار کردو ڕاستەوخۆ داوای ئاشکراکردنی مەزاری سەید ڕەزاو هاوڕێکانی کرد. چیفتی یورێک لەو بارەیەوە گوتی: “لە کاتێکدا کە پەتی سێدارەیان کردە گەردنی، تەمەنی سەید ڕەزا (٧٤) ساڵ بوو، ڕێسیک حسێنی کوڕیشی تەمەنی (١٦) ساڵ بوو. دوای لەسێدارەدانەکان، ڕوفاتەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراونو لە شوێنێکی نادیاردا بەخاکسپێردراون. ئێستا کە (٨٦) ساڵ بە سەر ئەو ڕوداوەدا تێپەڕیوە، هیچ لێدوانێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتەوە سەبارەت بە ئاشکراکردنی مەزارەکانیان نەبیستراوە.” هەر لەو دانیشتنەدا، چیفتی یورێك ڕاستەوخۆ داوای لە جەودەت یەڵمازی جێگری سەرۆککۆمار کرد کە وەڵامی ئەم پرسیارانەی بداتەوە: کوا گۆڕی سەید ڕەزاو هاوڕێکانی؟ هۆکاری ئاشکرانەکردنی شوێنی گۆڕەکانیان چییە؟ لەبەر چ هۆکارێک کۆنوسو تۆماری دادگاکان بۆ ڕایگشتی ئاشکراناکرێت؟ ئایا هیچ کارێک هەیە کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە پلانی بۆ دانرابێت سەبارەت بە ئاشکراکردنی ئەو بەڵگەنامانە؟(٩).
جێگەی باسە، گەڕانو بەدواداچوون لە سەر ئەم دۆسیەیە هەر بە تەنها لە پەرلەمانو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتیدا نەبووە، بەڵکو خودی بنەماڵەی سەید ڕەزاش لە ڕێگەی پارێزەرەکانیانەوە چەندین جار ئەم دۆسییەیان جوڵاندووە. بۆ نموونە “حسێن ئایگون”ی پارێزەری بنەماڵەی ناوبراو، لە ساڵی (٢٠٠٧) داوای لە پارێزگاری ئەلازیخ کرد کە مەزاری سەید ڕەزا ئاشکرابکات، بەڵام کاتێک پارێزگار داواکارییەکەی بەبێ وەڵام هێشتەوە، حسێن ئایگون داوای یاسایی لە دادگای کارگێڕیی ئەلازیخ تۆمارکرد، بەڵام دادگا دەستبەجێ ڕایگەیاند کە دامەزراوەکانی دەوڵەت هیچ زانیارییەکیان نییەو پارێزگاری ئەلازیخ هیچ کارێکی نایاسایی نەکردووە. هەرچەندە ئەم بڕیارەی دادگا لەلایەن پارێزەرەکەوە تانەیلێدرا، بەڵام دادگا لە ڕێکەوتی (٣١)ی ئایاری (٢٠١٥)دا دووبارە ئەو دۆسیەیەی داخست. لە قۆناغێکی دواتردا “جیهان سۆیلەمەز”ی پارێزەری “ڕۆستەم پۆلات”ی نەوەى سەید ڕەزا، داوای لە دادگا کرد هەنگاوی جددی بنێن بۆ ئاشکراکردنی مەزاری سەید ڕەزاو هاوڕێکانی، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری هیچ ئامادەییەکی سەبارەت بەو پرسە نیشاننەداو داواکارییەکەی جێبەجێنەکرد(١٠).
لە لایەکی دیکەوە، “مستەفا ئۆزچێلیک”ی سەرۆکی “پارتی ئازادیی کوردستان (پاك) لە ساڵی (٢٠١٤) لە بەیاننامەیەکی نوسراودا ئاماژەی بەوە کردووە کە “هەتا ئێستاش مەزاری سەید ڕەزاو هاوڕێکانی هەروەک مەزاری شێخ سەعید بە نهێنی دەهێڵرێتەوە. ئەوانەی گۆڕەکانیان شاردەوە، پێیانوابوو کوردو کوردستان لە مێژوودا دەنێژن. ئەمڕۆ باس لە داوایلێبوردن دەکرێت بۆ سەید ڕەزاو کۆمەڵکوژیی دەرسیم. ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ڕاستی دڵسۆز بێت لە هەوڵەکانیدا، پێویستە سەرەتا شوێنی گۆڕەکانیان ئاشکرابکرێتو پاشان جێبەجێکارانی ئەو کۆمەڵکوژییە دادگاییبکرێن.”(١١).
جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بکەین کە دۆسیەی لەسێدارەدانو زیادو کەمکردنی تەمەنی سەید ڕەزاو کوڕەکەی، هێندەی دۆسیەی شاردنەوەی ڕوفاتەکانیان باسوخواسی لە بارەوەیە. بە گوێرەی یاساکانی ئەو سەردەمە، سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار (١٨) ساڵو ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی (٦٥) ساڵەوەیە، جێبەجێناکرێت، کەچی لە دۆسیەی لەسێدارەدانی سەید ڕەزاو کوڕەکەیدا یاساکان پێشێلکراونو سەید ڕەزا کە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆی (٧٤) ساڵ بوو، ساختەکاریی تێدا کراو تەمەنی کەمکرایەوە، هاوکات ڕێسیک حسێنی کوڕیشی، کە تەمەنی (١٦) ساڵ بوو، بە (١٨) ساڵ تۆمارکرا، بۆئەوەی سزای لەسێدارەدانیان بە سەردا جێبەجێبکرێت.(١٢).
- سەعیدی نوورسی (١٨٧٨-١٩٦٠)
سەعیدی نوورسی، لە ساڵی (١٨٧٦) لە گوندی “نوورس”ی باکووری کوردستان لەدایکبووەو چوارەم منداڵی خانەوادەکەیانە. لە تەمەنێکی منداڵییەوە دەستی بە خوێندنی ئایینی کردووە. هاوکات شارەزاییەکی باشی لە زانستەکانی کیمیا، فیزیا، زیندەوەرزانی، جیۆلۆجی، بیرکاری، گەردوونناسیو جوگرافیادا پەیداکردووە. یەکەم کەسە کە ھەوڵیداوە بۆ دامەزراندنی زانکۆ لە کوردستاندا، لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەی کوردیو خوێندنی زانستەکانی سەردەمدا شانبەشانی زانستە ئایینییەکان. لە نێوان ساڵەکانی (١٩١٥–١٩١٧)دا لە جەنگی نێوان دەوڵەتی عوسمانیو ڕوسەکان لە شەڕی “قەفقاس”دا وەک بەرپرسێکی گەورە بەشداریی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا کرد. هەر لەو جەنگەداو لە ساڵی (١٩١٦)دا لە شەڕی بەرگریکردن لە شاری بەدلیس بریندارکراو بە دیلی کەوتەدەست ڕوسەکانو بۆ ماوەی یەک ساڵ بە دەستبەسەری مایەوە. لە ساڵی (١٩١٧) لە دەست ڕوسەکان ھەڵھاتو بەرەو ئەستەنبوڵ گەڕایەوەو بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی (الدار الحکمة الآسلامیة)، کە بەرزترین کۆمەڵەی فەتوای ئەو سەردەمە بوو. هەروەها لە (١٥)ی شوباتی (١٩١٩) چووە کۆمەڵەی “ھەڵهاتنی ئیسلام”ەوەو لەگەڵ کۆمەڵەی (المدرسیین)دا مایەوە(١٣).
سەعیدی نوورسی لە سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورکدا چووە شاری ئەنقەرەو بۆ ماوەیەک لەوێ مایەوە. وەک کەسایەتییەکی کورد لە “کۆبوونەوەی میللی”دا بەشدارییکرد، بەڵام بە ھۆی ئەو بەیاننامەیەی کە پێشکەشیکرد بە حکومەت بۆ چاککردنی ڕەوشی تورکیا، لەلایەن چەند کەسێکەوە زۆر بە توندی بەرپەرچیدرایەوە. لە پاڵ ئەمەشدا ھەر وازی لە داوای دروستکردنی زانکۆی “زەھرا” نەھێنا. لە قۆناغێکی دواتریشدا بە هۆی بیرو نفوزی ئایینیو کۆمەڵایەتییەوە چەندین جار دوچاری زیندانیو دەربەدەری بووە، بەڵام هیچ کات ڕێگر نەبوون لە درێژەدان بە خەباتو نوسینەکانی، تەنانەت بەرهەمەکانی هەتا ئەمڕۆش لەلایەن زۆرێک لە بیرمەندانی مسوڵمانەوە گرنگییپێدەدرێت.
تاقانەی بێمەزار
سەعیدی نوورسی لە (٢٣)ی ئاداری (١٩٦٠ز) لە شاری ئورفە کۆچیدوایی کردووەو هەر لەوێش نێژراوە، بەڵام لە (١٢)ی تەممووزی (١٩٦٠)دا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە گۆڕەکەی ھەڵدرایەوەو دوورخرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار(١٤). هەڵدانەوەی مەزاری سەعیدی نوورسیو شاردنەوەی ڕوفاتەکەی لە شوێنێکی نادیاردا، لە سەرەتاوە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە تورکیادا دروستکرد، دەیان سیناریۆ سەبارەت بەو پرسە کەوتەسەر زاری خەڵکو لاپەڕەی ڕۆژنامەکان. هەندێک بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ڕوفاتی ناوبراو لە پاش دەرهێنانەوەی لە گۆڕەکەی بە فڕۆکە لە ئورفە فڕێدراوەتەناو دەریاوە(١٥)، بەڵام بە گوێرەی وەسیەتنامەکەی خۆی، ئەم پرسە بە جۆرێکی دیکە لێکدەدرێتەوە: سەرەتا ڕوفاتی ناوبراو لە گۆڕستانی خەلیل ئیبراهیم لە ئورفە بەخاکسپێردرا، کە لە بنەڕەتدا ئەو گۆڕستانە لەلایەن شێخ موسلیم حافز ئەفەندییەوە لە ساڵی (١٩٥٢) دروستکرابوو، بەڵام کودەتاچییەکان لە (١٢)ی تەممووزی (١٩٦٠)، بەو ڕەزامەندییەی کە بە زۆر لە عەبدولمەجید نوورسیی برای سەعیدی نوورسی وەرگیرا، گۆڕەکەیان هەڵدایەوەو بە فڕۆکە بردیانە شوێنێکی نادیار(١٦).
بە گوێرەی گوتەی هەندێک شایەتحاڵ، کودەتاچییەکان بۆ جاری دووەم ڕوفاتی ناوبراویان لە گۆڕستان بە تابوتێکەوە بەخاکسپاردووەو ماوەی نزیکەی (٩) ساڵ بە نادیاری ماوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی کە خوێندکارەکانی بەم بابەتە دەزانن، هەریەکە لە “سەلیم گونتاچ، تاهیری موتلو، عەلی ئیحسان تۆلا، مستەفا گول، ساڤلی حافز بەکرو کەسێکی دیکە”، بۆ جاری سێیەم ڕوفاتی ناوبراو لە ئیسپارتاوە دەگوازنەوە بۆ گوندی ساڤ، بەڵام هێشتا دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەم گواستنەوەیە چەند جارێك دووبارەبووەتەوە(١٧).
- ئەنجام
ڕەوڕەوەی مێژووی ڕوداوەکانی تورکیا کاریگەریی قوڵی لە سەر پێکهاتەی نەتەوایەتیی بەجێهێشتووە. لەم چوارچێوەیەدا لێکۆڵینەوە لە سەر ژیانو مردنی سەرکردەکانی کورد وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ڕۆشنکردنەوەی ڕێڕەوە تاریکەکانی مێژوو گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام دیارنەمان یان شاردنەوەی شوێنی ناشتنی ئەو سەرکردانە نەک هەر کێشەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو دیاردەیەکیشە کە کاریگەریی لە سەر یادەوەریی کۆمەڵایەتیو شوناسی کوردی هەیە. بزوتنەوەکانی ناسیۆنالیزمی کورد، کە لە دواقۆناغەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا سەریانهەڵدا، لەگەڵ دامەزراندنی کۆماردا قۆناغێکی نوێیان لە خەباتی سیاسیو نەتەوایەتی دەستپێکرد. بە واتایەکی دیکە، چارەکی یەکەمی سەدەی ڕابردوو، جوڵانەوەکانی کوردو هۆکارو ئەنجامەکانیان، یاخود دەربەدەرکردنو لەسێدارەدانی سەرکردەکانی لە خۆیدا تۆمارکردووە، بەڵام حەشاردان یان وێرانکردنی مەزاری ئەو سەرکردانە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵاتێکی نوێ هەوڵی قۆرخکردنو تواندنەوەی ڕەگەزەکانی دیکە دەدات لە چوارچێوەی سیاسەتو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا.
لە ساڵانی یەکەمی کۆمارەوە لەناوبردنی سەرکردە کوردەکانو هێماکانی یاخیبوون بووبووە ستراتیژی دەوڵەت. ئەم ستراتیژە تەنیا لە لەناوبردنی جەستەییدا سنووردار نەبوو، بەڵکو هەوڵێکیش بوو بۆ شێواندنی یادەوەریی کۆمەڵایەتیی کورد لە باکووری کوردستان، چونکە بوونی مەزار تەنها شوێنێک نییە کە ڕوفاتی کەسێکی تێدا پارێزراو بێت، بەڵکو هێمایە بۆ کاریگەریی بەردەوامی ئەو کەسە وەک بوونێکی کۆمەڵایەتیو کولتووری. بەم واتایە، نەمانی گۆڕی سەرکردەکانی کورد، برینی قووڵی لە یادەوەریی بەکۆمەڵی پێکهاتەی کورددا لێکەوتووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەت بە شاردنەوە یان لەناوبردنی مەزاری ئەو سەرکردانە هەوڵیدەدا کاریزمابوونیان لە یادگەی کۆمەڵایەتیدا بسڕێتەوەو بناغەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لاوازبکات.
هەرچەندە ناتوانین حاشا لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی مەزارە بزرکراوەکان بکەین لە سەر کۆمەڵگەی کوردی لە باکووری کوردستان، کەچی لە هەمان کاتیشدا بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە، زیاتر یادەوەریی ئەو سەرکردانەیان لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەهێزترکردو گۆڕە ونبووەکان بوونە بە هێمای بەرخۆدانو ڕۆڵێکی گرنگیان لە بونیادنانی ناسنامەی کورددا بینیوە. ئەم دۆخەش دەکرێت وەک ستراتیژێک هەژماربکرێت کە کۆمەڵگەی کوردی دایڕشتووە، بۆئەوەی ئەو سەرکردانە لەبیرنەکەنو درێژە بە خەباتیان بدرێت.
پرسی مەزارە بزرکراوەکان ڕەهەندێکی یاساییو سیاسییشی هەیە. لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دۆزینەوەو پاراستنی مەزار بە بەشێک لە مافی مرۆڤ دادەنرێت. هاوکات شێواندنو شاردنەوەی گۆڕی کەسێک بە پێشێلکردنی کەرامەتی ئەو کەسەو بنەماڵەکەی دادەنرێت، بەڵام لە تورکیا ئەم پرسە بە گشتی وەک پرسێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێتو داواکارییەکان بۆ ئاشکراکردنی مەزاری سەرکردە کوردەکان لەلایەن دەوڵەتەوە هەتا ئێستا ڕەتدەکرێتەوە.
لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە پرسی مەزارە بزرکراوەکان تەنیا کێشەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو لە ڕووی بونیادنانی شوناسی نەتەوەییو پاراستنی یادەوەریی کۆمەڵایەتییشەوە بایەخێکی زۆری هەیە. هاوکات زۆر گرنگە کە دۆزینەوەو پاراستنی ئەو مەزارانە نەک هەر وەک گەڕان بە دوای مافە یاساییەکاندا، بەڵکو وەک بەشێک لە چاکسازیی کۆمەڵایەتیو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو سەیربکرێت. بە واتایەکی دیکە، پرسی گۆڕە ونبووەکان نەک هەر وەک کێشەیەکی ڕابردوو، بەڵکو وەک کێشەیەک لە ئێستاو داهاتووشدا خۆی نیشاندەداتو چارەسەری ئەم کێشەیە دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت لە پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیاو بەشدارببێت لە گەڕانەوەی متمانە لە نێوان کۆمەڵگەی کوردیو دەوڵەتدا.
سەرچاوەکان
- Metin Toker (2015). Şeyh Said ve İsyanı. Ka Kitap. ss. 120-123
- Abdulilah Fırat’la Röportaj, Şeyh Said – DoğruHaber, 02.07.2010
- İlhami Aras, Adım Şeyh Said, İlke Yayıncılık, 1. Baskı Ocak 1992/İstanbul, s. 110.
- Felat Bozarslan: (02.2022), https://www.dw.com/tr/97-y%C4%B1ll%C4%B1k-gizem-%C5%9Feyh-saidin-mezar%C4%B1-nerede/a-60838231, (10.08.2024)
- Maşallah Dekak: (29-06-2022), https://www.rudaw.net/turkish/kurdistan/290620222, (11-08-2024)
- https://www.avrupademokrat3.com/83-yildir-yaniti-beklenen-soru-seyit-rizanin-mezari-nerede, (11-08-2024)
- Ferhat Arslan: (17 Kasım 2010 ), https://www.evrensel.net/haber/178984/seyit-riza-nin-mezari-nerede, (12-08-2024)
- Ertuğrul Kürkçü: (16 Kasım 2013), https://www.halklarindemokratikkongresi.net/seyit-rizanin-mezari-nerede/532, (12-08-2024)
- https://www.gazeteduvar.com.tr/sinan-ciftyurek-seyit-rizanin-mezari-nerededir-haber-1647440, (12-08-2024)
- https://www.avrupademokrat3.com/83-yildir-yaniti-beklenen-soru-seyit-rizanin-mezari-nerede, (12-08-2024)
- https://www.rudaw.net/turkish/middleeast/turkey/151120145
- Müjdat CAN: (14 Kasım 2023), https://www.evrensel.net/haber/503460/seyit-rizanin-mezar-yeri-86-yildir-aciklanmadi, (12-08-2024)
- Abdülkadir İKBAL: (13.04.2024), ttps://www.milatgazetesi.com/yazarlar/said-i-nursinin-mezari-urfada-cesedi-nerede-4234, (13-08-2024)
- https://nurpedia.org/wiki/Said_Nursi%27nin_Kabri
- https://www.haberturk.com/gundem/haber/822101-said-nursinin-mezari-nerede
- https://sakev.org/bediuzzamanin-kabri-tr-455.html
- https://sakev.org/bediuzzamanin-kabri-tr-455.html