• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 30, 2024

میللی گیۆروش

(Milli Görüş)

تورکیاناسی

میللی گیۆروش (Milli Görüş)، کە لە تورکیادا بە ئەربەکانی (Erbakancılık)یش ناسراوە، وەک تەوژم‌و ئایدۆلۆژیایەکی ئیسلامی‌و سیاسی لەلایەن نەجمەدین ئەربەکان (Necmettin Erbakan)ەوە دامەزراوە. ئەم تەوژمە لە ساڵی (١٩٦٩) لە ڕێگەی جوڵانەوەی سەربەخۆکان (Bağımsızlar Hareketi)و پاشان دامەزراندنی پارتی نیزامی میللی (Milli Nizam Partisi)یەوە هاتووەتە مەیدانی سیاسەتەوە لە تورکیا.
میللی گیۆروش (Milli Görüş) لە زمانی کوردیدا بە واتای “بیری نەتەوەیی” دێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم تەوژمە لە ناوەڕۆک‌و سیاسەتی کارکردنیدا ئاماژە نییە بۆ بیری نەتەوەپەرستی‌و فاشیزمی تورکی، بەو واتایەی “بیری نەتەوەیی” لە تورکیا زیاتر لە سەر بنەمای بیری نەتەوەیی ئیسلامی بونیادنراوەو زیاتر جەخت لە سەر بنەما و بەها باڵاکانی ئیسلام دەکاتەوە نەک بیری نەتەوەپەرستی تورکی.
بە خوێندنەوەی بنەما سەرەکییەکان‌و هێڵە گشتییەکان‌و سیاسەتی کارکردنی، دەتوانین “میللی گیۆروش” وەک “ئیخوان موسلیمین”ی تورکیا ناوزەدبکەین. بە واتایەکی دیکە “ئیخوان موسلیمین” لە ميسرو جیهانی عەرەبی‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمەڵەی ئیسلامی (الجماعة الاسلامیة) لە پاکستان‌و باشووری ڕۆژئاوای ئاسیاو “میللی گیۆروش” لە تورکیاو جیهانی تورکیدا وەک سێکوچکەی تەوژمی ئیسلامی سیاسی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا لە جیهانی ئیسلامی وێنابکەین.
لە ژێر سایەی تەوژمی “میللی گیۆروش”دا هەریەک لە پارتی نیزامی میللی (Milli Nizam Partisi)، پارتی سەلامەتیی میللی (Milli Selamet Partisi)، پارتی ڕەفاهـ (Refah Partisi)، پارتی فەزیلەت (Fazilet Partisi)، پارتی سەعادەت (Saadet Partisi)و پارتی ڕەفاهی نوێ (Yeniden Refah Partisi) دامەزراوە. دامەزرێنەری پێنج پارتی یەکەم خودی نەجمەدین ئەربەکان بووە، بەڵام پارتی ڕەفاهی نوێ لەلایەن فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکانەوە لە ساڵی (٢٠١٨) دامەزراوە. جگە لە پارتی سەعادەت‌و ڕەفاهی نوێ، ئەو چوار پارتەی دیکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داخراون.
ئێستا هەریەک لە پارتی سەعادەت‌و پارتی ڕەفاهی نوێ خۆیان بە میراتگری “میللی گیۆروش” دەزانن‌و یەکدی تۆمەتباردەکەن بە لادان لەو بنەماو هێڵە گشتییانەی کە نەجمەدین ئەربەکان‌و هاوڕێکانی “میللی گیۆروش”یان لە سەر بونیادناوە.
هەرچەندە بەشێک لە توێژەرو شارەزایانی کاروباری تورکیاو ئیسلامی سیاسی لەو وڵاتە پارتی دەنگی گەل (Halkın Sesi Partisi)، پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) (Adalet ve Kalkınma Partisi) (AK Parti)، پارتی ئایندە (Gelecek Partisi)و پارتی دیموکراسی‌و تێپەڕاندن (دەڤا پارتی) (Demokrasi ve Atılım Partisi) (DEVA Partisi) وەک یەکێک لە پارتەکانی سەر بە “میللی گیۆروش” ئەژماردەکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئایدۆلۆژیاو پەیڕەوی ناوخۆو هێڵە گشتییەکانی ئەم پارتانە لەگەڵ “بیری نەتەوەیی”دا یەکناگرنەوە، ئەمە جگەلەوەی بەرپرسانی باڵای ئەو پارتانەیش ئامادە نین خۆیان وەک درێژکراوەی “میللی گیۆروش” وێنابکەن، لەبەرئەوە ناتوانرێت هیچ یەکێک لەو پاراتانە وەک بەشێک یاخود یەکێک لە پارتەکانی “میللی گیۆروش” هەژماربکرێن.
“بیری نەتەوەیی” پێیوایە تورکیا دەتوانێت بە هێزو توانای ئابووری‌و مرۆیی خۆی هەڵبسێتەوەو گەشەبکات، هەروەها بە پشتبەستن بە ڕابردووی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی‌و پاراستنی بەها باڵاکانی کۆمەڵگە، تورکیا دەتوانێت هەنگاوی خێراتر بنێت‌و بەرەوپێشبڕوات.
“میللی گیۆروش” پشتیوانی لە “ئابووری‌و بازاڕی ئازاد” دەکات، بە مەرجی نەبوونی “سوو”. بە هەموو جۆرێک دژی ئاڵوگۆڕی دراوە وەک ماڵ‌و موڵک، ئەمەیش لەبەرئەوەی لە دۆخێکی لەم جۆرەدا “دادپەروەری نابێت، بەهێزەکان زیاتر بەهێزدەکات.”
ئەو پارتانەی لە ژێر چەتری “میللی گیۆروش”دا دامەزراون، لە خولەکانی (١٩٧٤، ١٩٧٨، ١٩٩٦و ١٩٩٧) توانیویانە بگەنە دەسەڵات‌و بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی دیکەدا حکومەت پێکبهێنن. لە ساڵی (١٩٩٧) خودی نەجمەدین ئەربەکان وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەستبەکاربووە.
لە ماوەی دەسەڵاتداریی نەجمەدین ئەربەکاندا هەڵمەتی پیشەسازیی قورس (Ağır Sanayı Hamlesi)، گرووپی (D8)، سیستەمی حەوز پێکهێنراوە. “میللی گیۆروش” بە ڕابەریی ئەربەکان هەوڵیداوە لەگەڵ وڵاتانی جیهانی ئیسلامی ڕێکخستنی هاریکاریی ئابووریی ئیسلامی (İslam Ekonomik İşbirliği Teşkilatı)، یەکێتیی ڕێکخستنی سەربازی (Askeri Birliği Teşkilatı) دروستبکات.

نەجمەدین ئەربەکان (Necmattin Erbakan)
لەگەڵ باسکردنی “میللی گیۆروش” لە تورکیا دەستبەجێ نەجمەدین ئەربەکان وەک ڕابەری ئەم تەوژمە دێتەبەرباس. تەنانەت لە لای هەندێک کەس نەجمەدین ئەربەکان لە پێش چەمکی “میللی گیۆروش” بەکاردەهێنرێت. هەروەها لەگەڵ پیربوونی ئەربەکان‌و کشانەوەی لە مەیدانی سیاسەتدا، تەوژمی “میللی گیۆروش”یش هەتا ڕادەیەکی زۆر لاوازبووە، هەر بۆیە ناسینی ئەربەکان‌و تێگەیشتن لە تێڕوانین‌و بۆچوونەکانی وەک بەشێک لە ناسین‌و تێگەیشتن لە تەوژمی “میللی گیۆروش” دادەنرێت.
ئەربەکان لە (٢٩)ی تشرینی یەکەمی (١٩٢٦) لە قۆنیا لە خێزانێکی ئاییندار لەدایکبووە، بە هۆی زیرەکییەوە لە خوێندندا ساڵێک پێش تەمەنی خۆی دەستدەکات بە خوێندنی بنەڕەتی‌و دوای تەواوکردنی ئامادەیی لە قۆناغی دووەمی زانکۆی تەکنیکیی ئەستەنبوڵ، بەشی ئەندازیاریی میکانیکی دەست بە خوێندن دەکات. لەگەڵ تەواوکردنی زانکۆدا وەک یاریدەدەری توێژەر لە هەمان زانکۆ دەستبەکاردەبێت، بە هۆی لێهاتووییەوە وانەی پێدەرێت، دواتر لە زانکۆی (Aachen Teknik) لە ئەڵمانیا لەگەڵ ئامادەکردنی سێ تێزی دکتۆرا لە ماوەی سێ ساڵدا بڕوانامەی دکتۆرای پێدەبەخشرێت.
لە هەڵبژاردنەکانی (١٩٦٩) ئەربەکان وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆی پارێزگای قۆنیا سەردەکەوێت بۆ پەرلەمان. بەم جۆرە سەرەتای دەرکەوتنی تەوژمی “میللی گیۆروش” لە ناو پەرلەمانی تورکیاوە دەردەکەوێت. ئەربەکان لە (٢٦)ی کانوونی دووەمی (١٩٧٠) پارتی نیزامی میللی دادەمەزرێنێت، بەڵام تەمەنی پارتەکە زۆر نابێت‌و لە (٢٠)ی مایسی (١٩٧١) لەلایەن دادگای دەستوورییەوە دادەخرێت. ئەم پیاوە نەوەستاوەو لە (١١)ی تشرینی یەکەمی (١٩٧٢) پارتی سەلامەتیی میللی دادەمەزرێنێت، بەڵام لە (١٦)ی تشرینی یەکەمی (١٩٨١) ئەم پارتەیش دادەخرێت. پاشان ئەربەکان لە (١٦)ی تەمموزی (١٩٨٣) پارتی ڕەفاهـ دادەمەزرێنێت، ئەم پارتەیش لە (١٦)ی تشرینی یەکەمی (١٩٩٨) داخراوە. هەڵبەت پێش داخستنی پارتی ڕەفاهـ، ئەربەکان‌و هاوڕێکانی هەستیان بە مەترسیی داخستنی پارتەکەیان کردووە، هەر بۆیە لە (١٧)ی کانوونی یەکەمی (١٩٩٧) پارتی فەزیلەت دادەمەزرێنن، تەمەنی ئەم پارتەیش تەنها (٤) ساڵ دەبێت‌و لە (٢٢)ی حوزەیرانی (٢٠٠١) بە بڕیاری دادگای دەستووری دادەخرێت. دواجار لە (٢٠)ی تەمموزی (٢٠٠١)، ئەربەکان لەگەڵ هاوڕێکانیدا پارتی سەعادەت (Saadet Partisi) دادەمەزرێنێت.
لە (٢٧)ی شوباتی (٢٠١١) لە کاتێکدا سەرۆکی گشتی پارتی سەعادەت بووە، نەجمەدین ئەربەکان لە تەمەنی (٨٤) ساڵیدا کۆچیدوایی دەکات.

دامەزراوە سێبەرەکانی “میللی گیۆروش”
جگە لەو پارتە سیاسییانەی کە لە ژێر چەتری “میللی گیۆروش”دا دامەزراون، بە دەیان ڕێکخراو، سەندیکاو گرووپی جیاواز لە سێبەری ئەم تەوژمەدا دامەزراون، هەرچەندە زۆرێکیان بێکاریگەر ماونەتەوەو هەندێکیشیان داخراون، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەیەک دامەزراوەی نزیک لە “میللی گیۆروش” لە مەیدانی سیاسەت، پەروەردە، میدیاو ئابووریدا لە تورکیا بەردەوامن لە کارو چالاکی.
گرنگترین دامەزراوە سێبەرەکانی “میللی گیۆروش”، کە هەتا ئێستا چالاکن‌و بە (MİLKO) ناسراون، بریتین لە ڕێکخراوی گەنجانی ئەنادۆڵ (ئاگەدە) (Anadolu Gençlik Derneği) (AGD)، وەقفی گەنجانی میللی (مەگەڤە) (Milli Gençlik Vakfı) (MGV)، ناوەندی توێژینەوە ئابووری‌و کۆمەڵایەتییەکان (ئێسام) (Ekonomik ve Sosyal Araştırmalar Merkezi) (ESAM)، ڕێکخراوی جانسویو (Cansuyu Derneği)، ڕێکخراوی کرێکارانی تەنکنیکی (تێکدەر) (Teknik Elemanlar Derneği) (TEKDER)، ڕێکخراوی مامۆستایانی بەهەست.
(ئۆودەر) (Şuurlu Öğretmenler Derneği) (ÖĞ-DER)، یەکێتیی فەرمانبەرانی دینی (دینبیردەر) (Din Görelileri Birliği) (DİN-BİR-DER)، ڕیکخراوی نێودەوڵەتیی میدیاو پەیوەندی (ئودەم) (Uluslararası Medya ve İletişim Derneği) (UDM)، وەقفی میللیی گیۆروش (Milli Görüş Vakfı).
کورد لە میللی گیۆروشدا
وەک هەر گرووپێکی ئیسلامی/ پارێزکاری تورکی‌و کوردی لە باکووری کورستان‌و تورکیا، “میللی گیۆروش”یش یەکێکە لەو شەش گرووپە ئیسلامییە/ پارێزکارەی کە ژمارەیەکی زۆری کوردەکان پشتیوانییانکردووەو لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان بە کاندیدەکانی ئەو پارتە سیاسییە داوە کە نوێنەرایەتیی “میللی گیۆروش”ی کردووە، بەڵام دوای دروستبوونی ئاک پارتی بە هەمان شێوەی تورکە ئیسلامی‌و پارێزکارەکان ژمارەیەکی زۆری کوردە ئیسلامی‌و پارێزکارەکانیش کەوتنە پشتیوانیی ئاکپارتی‌و ئەردۆگان.
پەیوەست بە کێشەی کوردەوە لە تورکیا، تێڕوانینی “میللی گیۆروش” لە چوارچێوەی بۆچوون‌و سیاسەتی نەجمەدین ئەربەکاندا بەرجەستەبووە. لەم چوارجێوەیەدا گوتەیەکی ئەربەکان لە تورکیاو دونیادا ناوبانگی دەرکردووە، کاتێک گوتوویەتی: “ئەگەر تورک‌و کورد لەیەکجیابکرێتەوە، نە تورک دەمێنێتەوەو نە کورد، بەڵام ئەگەر پێکەوە یەکبگرن‌و نموونەی بەرەنگارییەکانی چەنەکالە لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا نیشانبدرێت، نە ئینگلیز دەمێنێتەوە، نە فەڕەنساو ئیسرائیل.”
هەروەها وەک میتحەت سانجار هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) (Halkların Demokratik Partisi) (HDP) ئاماژەیپێداوە، “لە بابەتی چارەسەری کێشەی کورددا، ئەربەکان خاوەنی پێگەیەکی تایبەت‌و کاریگەرە.” تەنانەت سانجار پێیوایە کە “یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کودەتای (٢٨)ی شوباتی (١٩٨٢) بۆ ڕێگری بووە لە هەوڵەکانی نەجمەدین ئەربەکان بۆ چارەسەری کێشەی کورد بە شێوەیەکی دیموکراتی لە تورکیا.”
لەگەڵ ئەمانەیشدا، تێڕوانینی “میللی گیۆروش” سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان‌و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی هەمان تێڕوانینە بنەڕەتی‌و گشتییەکانی دەوڵەتی تورکیایە، کە بە هەموو جۆرێک دژی دابەشبوونی دەوڵەتی عێراقەو هەمیشە جەخت لە سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەنەوە، ئەمەیش “بە هۆی مەترسییانەوە لە پەلهاویشتنی بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ کوردەکان لە عێراق بۆ ناو وڵاتی خۆیان‌و تێکچوونی سنوورە جێگیرکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.”
_________________
سەرچاوەکان
1.Ömer Çınar, Türk siyasi hayatınd Milli Nizam Partisi (MNP), Kitapdostu Yayınları, Birinci baskı, İstanbul, 2016.
2.Cuma Çiçek, Ulus, Sınıf, Din, Türkiye’de Kürt Mutabakatının İnşaası, İletişim Yayıncılığı, Birinci Baskı, İstanbul, 2015, Sayfa 107.
3. Kemal Öztürk, Yeniden Refah-AK Parti İttifakı Bir Krizin Başlangıcı, 08.03.2024, https://kemalozturk.com.tr/blog/yeniden-refah-ak-parti-ittifaki-bir-krizin-baslangici/, 12.05.2024
4.İslam Düşünce Atlası, Necmettin Erbakan: Türkiye’de İslamcı siyasî düşüncenin önde gelen isimlerinden, siyasetçi ve Millî Görüş hareketinin kurucusu, https://islamdusunceatlasi.org/necmettin-erbakan/457, 14.05.024.
5.Wikipedia Türkçe, Milli Görüş, https://tr.wikipedia.org/wiki/Mill%C3%AE_G%C3%B6r%C3%BC%C5%9F#Tarih%C3%A7e, 18.05.2024
6.Yeniakit, “Türk ile Kürt’ü ayırırsanız ne Türk kalır ne de Kürt”, 14.09.2015, https://www.yeniakit.com.tr/haber/turk-ile-kurtu-ayirirsaniz-ne-turk-kalir-ne-de-kurt-93657.html, 14.05.2024
7.Rudaw Turkish, Sancar: Erbakan’ın Kürt sorununun çözümü arayışlarında özel bir yeri var, 28.02.2021, https://www.rudaw.net/turkish/middleeast/turkey/28022021, 14.05.2024
8.İlkehaber, ‘Milli Görüş’ Bağımsız Kürt Devleti için ne düşünüyor?, 12.07.2014,https://www.ilkehaber.com/haber/milli-gorus-bagimsiz-kurt-devleti-icin-ne-dusunuyor-30096.htm, 25.04.2024

Send this to a friend