بەدیلی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان
بەختیار ئەحمەد ساڵح
لە دوای سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ عێراقو هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، زۆێک لە چاودێران پێشبینیی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی تورکیا دەکەن بۆ قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دورخستنەوە بنکەو بارەگاکانی پەکەکە لە سنوورەکانی، بە پێی بۆچوونی شرۆڤەکارانی سەربازی ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە شاخی گارەو کۆنترۆڵکردنى تەواوەتیی سنووری تورکیا لەگەڵ هەرێمى كوردستانو دوورخستنەوەى پارتى کرێکارانى کوردستان – پەکەکەیە. کۆنترۆڵکردنى شاخی گارە، کە بەرزییەکەى (٢٢٥١) مەتر لە سەر ئاستی دەریاوەيەو درێژییەکەی (٣٨.٩) کیلۆمەترە، هەم بۆ تورکیا گرنگەو هەم بۆ پەکەکە، بەو پێیەى کە هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆکو ناوەندى شارۆچکەکانى مێرگەسوور، ئاکرێ، ئامێدىو زاخۆ بەیەکەوەدەبەستێتەوە. لە بنارى شاخەکە (٩٤) گوند هەبووە، کە (٥٥) گوندیان لە ساڵی (١٩٩٦)ەوە بە تەواوی چۆڵکراونو دانیشتوانەکەى ئاوارەبوون بە هۆی بۆردومانەکانى تورکیاوەو تەنها (٣٩) گوند ماونەتەوە. وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپراسیۆنەکانی هاوين، لە سەرەتاى ساڵەوە تورکیا بە چەکى قورسو فڕۆکە سنوورى ناوچەکە دەکاتە ئامانج بۆ دروستكردنى گوشارو ناچارکردنی گوندنشینانو خەڵکی سڤیل، هەتا ناوچەکە چۆڵبکەنو تورکیا بتوانێت ئاسانتر ئۆپراسیۆنەکانی بکات. ئەم ڕێکارە زۆر جار لەلایەن سوپای تورکیاوە جێبەجێکراوە لە هەرێمى کوردستان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەيەكى دياريكراو.
ئەمە یەکەم جار نییە تورکیا ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاخی گارە بکات. لە مانگی شوباتی ساڵی (٢٠٢١)دا تورکیا ئۆپراسیۆنێکی بۆ گارە کرد، لە ڕێگەی بەکارهێنانی شەش کۆپتەرەوە، بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگیو فڕۆکەیبێفڕۆکەوان لە هەوڵێکدا بۆ ڕزگارکردنى (١٢) دەستگیرکراو، دوای چوار ڕۆژ لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکى قورس، هێزە سەربازییەکانی تورکیا بەبێ دەستکەوت لە شاخەکە کشانەوەو کۆتاییان بە ئۆپراسیۆنەکە هێنا.
تورکیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ نزیکبوونەوە لە ئامانجەکەیو دورخستنەوەی پەکەکە لە نزیک سنوورەکانى، هەموو توانا سەربازیو داراییەکانی خۆی خستووەتەگەڕ، بە هەزاران کەس لە هەردوولا کوژرانو بیرنداربوون، بەبێ ئەوەی ئاڕاستەی چەکەکان توانیبێتی هیچ شتێک لە ئاڕاستەی ململانێکە بگۆڕێت.
جەنگ دوا قۆناغی ململانێیە، مەترسیداترین قۆناغیشە، هەمیشە لە نێوان جەنگو ململانێدا جێگرەوەی دیکە هەیە، کەناڵە دیبلۆماسییەکان باشترین بژاردەن کە دەتوانن کەلێنی نێوان جەنگو ململانێ پڕبکەنەوە.
تورکیا دەبێت لەو ڕاستییە تێبگات کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان جگە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، پێشبینیناکرێت لە سەر ئەرزی واقیع ئەنجامێکی هەبێت، لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە، تورکیا بە دەیان چالاکیو ئۆپراسیۆنی کردووە، لە کۆتاییدا قسەو باس تەنیا باسکردنی زیانە ماددیو گیانییەکان بووە.
بۆ پەکەکەیش پرسەکە هەر چۆنێک بێت، هاوکێشەکە ڕوونە؛ چەک لەم سەردەمەدا ناتوانێت شتێکی ئەوتۆ لە دۆزەکە بگۆڕێت، سەردەمەکە خەباتێکی مەدەنیی ڕوونو ڕاستی پێویستە، کە هەردوولا باوەڕیان بە گفتوگۆ هەبێت. دواجار هەر ئەوە ڕێگە دروستەکەیە.