ئەزموونەکانی کۆچکردنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: هۆکار و گرفتەکانی بەردەمیان
توێژەران:
بەسیدە حیدر انور
ژیلا ڕەحمان ڕەشید
پوختە
ئامانج لەم توێژینەوەیە زانینی ئەزموونەکانی کۆچکردنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خستەڕووی ئەو هۆکارانەی کە وادەکات ژنێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ئێران، کۆچ بکات و ئەو گرفتانەی کە لە میانی کۆچکردنەکەیان و دواتر ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. توێژینەوەکە بە ئاڕاستەی چۆنایەتی و بە ڕێگەی چاوپێکەوتنی نیمچەکراوە ئەنجام دراوە. کۆمەڵگەی توێژینەوەکە بریتییە لە ئەو ژنانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کۆچکردنیان ئەزموون کردووە، کە بۆ ئەم مەبەستە توێژەران چاوپێکەوتنیان لەگەڵ (٧) ژن ئەنجامداوە لە تەمەنی جیاواز و بە ئاستی خوێندەواری جیاواز. گرنگترین ئەو دەرئەنجامانەی کە توێژەران پێیگەیشتوون بریتین لەمانە: ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی ستەمێکی سیاسی و هەڵاواردنی یاسایی بەرچاو دەبنەوە، ئەمەش پاڵنەری هەندێکیان بۆ کۆچکردن و گەڕان بەدوای ئازادییە کەسی و سیاسییەکان. نەبوونی دەرفەتی ئابووری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران پاڵ بە زۆرێک لە ژنانەوە دەنێت کە کۆچ بکەن بۆ ئەو ناوچانەی کە ئاسۆی کار و سەقامگیری داهاتیان باشترە. هەروەها چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، بە هۆی نەریتی بوونی کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەتی لەسەر بنەمای جیندەری وایکردووە کۆت وبەندەکان بۆ سەر ژنان بەتایبەتی زیاتر بێت. ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی زۆرێک لە ژنان کۆچ بکەن و هەوڵ بدەن خۆیان لە ژینگەیەکدا ببینننەوە کە بتوانن زیاتر ئەزموونی سەربەخۆیی و یەکسانی بکەن. لە لایەکی دیکەوە لە میانی چاوپێکەوتنی لێتوێژەراوان توێژەران بۆیان دەرکەوت کە هۆکاری پەروەردەیی نەبۆتە هۆی کۆچکردن و کۆچکردنەکەیان لەسەر بنەمای ئەوە نەبووە کە بیانەوێت کە دەرفەتی باشتری خوێندن بە دەست بێنن.
بەرایی
کۆچکردن بە درێژایی مێژوو بەشێکی دانەبڕاو بووە لە کۆمەڵگەکان و یەکێکە لەو بابەتانە کە لە چوارچێوەی کۆمەڵناسی گرنگی پێدراوە، بە هۆی ئەوەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی مرۆڤەوە هەیە و هەر لەسەرەتای دەستپێکی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ تا ئێستا بەردەوام بووە. پرسی کۆچ و کۆچکردن بە پێ کۆمەڵگەکان و قۆناغە مێژووییەکان گۆڕانکاری بەسەر دێت. پرسی کۆچکردن یەکێکە لەو پرسانەی کە کۆمەڵێک لە زانستەکان گرنگی پێدەدەن و هەر یەک لەو زانستانە لە گۆشەنیگای بواری خۆیان هەوڵی توێژینەوە و شیکردنەوەی ئەم پرسەن وەک زانستی دەروونی، سیاسی، ئابووی. بەڵام ئەوەی کە لە زانستی کۆمەڵناسی گرنگە و بە یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان لە توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت ئەوەیە چی پاڵنەری مرۆڤە بۆ کۆچکردن؟ چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگەکان هەیە؟ بەڵام یەکێک لە بابەتە گرنگەکان لە کۆمەڵناسی و بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان ویست و خواستی مرۆڤەکان بۆ کۆچکردن و توانا و دەرفەتی تاکەکان بۆ کۆچکردن. هەر بۆیە پێویستە لە میانی توێژینەوە کردن بۆ بابەتی کۆچکردن (خۆویستی یا خۆنەویستی) تاکەکان لەبەرچاو بگیردرێت.
ئەگەرچی کۆچکردن بابەتێکی جیهانییە و سەرجەم کۆمەڵگەکان دەگرێتەوە بەڵام لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوو و بە هۆی ململانێ سیاسییەکان، ناسەقامگیری ئابووری و شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تا دێت ڕێژەی کۆچکردن کە زۆرجار بە ناچاری و خۆنەویستە ڕوولە زیاد بوونە. لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی ئێران دۆخی ناهەمواری ئابووری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری کاریگەری بەرچاوی هەبووە لەسەر کۆچکردن. بەڵام یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی دیاردەی کۆچ بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و یەک لەوانیش ناوچە کوردییەکان پرسی سیاسی و نەتەوەییە.
لە ئێران ململانێ سیاسییەکان، ناسەقامگیری ئابووری و گرژییە نەتەوەییەکان، واقیعێکی بەردەوام بووە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی سیاسەتی پەراوێزخستن و ململانێی کۆمەڵایەتی-سیاسی، زاڵبوونی هەندێک داب و نەریتی بەرتەسک زۆر کەسی ناچار کردووە، چ لەناو سنوورەکانی ئێران و چ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، کۆچ بکەن. ژنان کە پێگەیەکی دیاریکراویان لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە، بە هۆی ڕۆڵ و چاوەڕوانییەکانی ڕەگەزییەوە، بە شێوەیەکی جیاواز ئەزموونی کۆچکردن دەکەن. هەر بۆیە پرسی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە خۆی لە وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک دەبینێتەوە کە بریتیین لەمانە: هۆکارەکانی کۆچکردنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چین؟ ئەو ئاڵنگارییانە چین کە لە میانی کۆچکردن ڕووبەرووی ئەوان دەبێتەوە؟ هەروەها ئەو ژنانەی کۆچکردنیان ئەزموون کردووە چۆن توانیویانە خۆیان لەگەڵ دۆخی نوێ ژیانیان بگونجێنن و ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە بوونەتەوە؟
ئەگەرچی سەبارەت بە پرسی کۆچکردن لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توێژینەوە کراوە، بەڵام لە ئاست ئەو ڕێژە زۆرەی کۆچکردنی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نین، لە لایەکی دیکەش بەشێکی زۆری ئەو توێژینەوانە کۆچکردنی ژنانیان نەکردۆتە پرسێکی سەرەکی و زیاتر جەخت کراوەتەسەر هۆکاری ئابووری یان سیاسی، بەبێ ئەوەی قووڵ ببنەوە لەو ئاڵنگارییانەی کە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆڵەکانیان لە خێزان و کۆمەڵگە. بۆیە گرنگی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە کە هەوڵی خستنەڕووی ئەو هۆکارانە دەدات کە وادەکات ژنێک ناچار بە کۆچکردن بێت. دواتریش چۆن ئەو ژنانە ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە دەبنەوە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە میانی کۆچکردنەکە.
تێگەیشتن لە ئەزموونە جێندەرییەکانی ژنانی کورد لە کۆچدا لەبەر چەند هۆکارێک زۆر گرنگە. یەکەم، یارمەتیدەرە بۆ ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی کە زۆرجار چاوپۆشییان لێدەکرێت لە کۆچکردن، بەتایبەتی کە چۆن _ڕۆڵی ڕەگەزی_کاریگەری لەسەر بڕیار و دەرەنجامەکان هەیە. ژنانی کورد بە پێچەوانەی پیاوان، زۆرجار ڕووبەڕووی دوو چەوسانەوە دەبنەوە- هەڵاواردنی نەتەوەیی لە ئێران و تەحەددای جێندەری لە ناو هەردوو کۆمەڵگەی کوردی و ئێراندا. بۆیە ئامانج لەم توێژینەوەیە بریتیە لە:
١. زانینی هۆکارەکانی کۆچکردنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ تاراوگە
٢. خستنەڕووی ئەو ئاڵنگارییانەی لەمیانی کۆچکردن ڕووبەڕووی ئەو ژنانە دەبێتەوە.
٣. زانینی چۆنیەتی ئەو میکانیزم و شێوازانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە.
٢. ئەدەبیاتی توێژینەوەکە:
مێژووی دیاردەی کۆچ و جێگۆڕکێی هاووڵاتیان لەشوێنی لەدایکبوونیان بۆ شوێنی دیکە، لە گوند بۆ شار، شارێک بۆ شاری دیکە و لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لە چەند سەدەی ڕابردوو زیاتر بووە. بەتایبەتی لە دوای پەرەسەندنی شۆڕشی پیشەسازی، بەرپابوونی جەنگەکان و ئەو بارودۆخە ناهەموارانەی ئابووریی و سیاسیانەی کە لە هەندێک لە کۆمەڵگەکان ڕوودەدات وایکردووە دیاردەی کۆچکردن زیاتر پەرە بستێنێ. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوو، ڕەوتی ئەم دیاردەیە خێراتر بووە و هەندێک لە بیرمەندان، سەردەمی نوێ بە سەردەمی کۆچ ناوزەد دەکەن. بەجیهانیبوونی کۆچکردن، خێرابوونی ڕەوتی دیاردەکە، زۆربوونی هۆکارەکان و بەتایبەتی لە هەندێک شوێن و ناوچە سیمای ژنانە بوونی کۆچ و سیاسەتەکانی کۆچکردن بە توخمە سەرەکییەکانی سەردەمی کۆچ دادەنرێن. هەر ئەمەش وایکردووە کە پرسی کۆچ چ لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی یەکێکە لە پرسە دیارەکان و بە دیاردەیەکی جیهانی ئەژمار دەکرێت. بە پێی ئاماری ڕاپۆرتی (World Migration, 2022) لە ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٢٨١ ملیۆن کۆچی نێودەوڵەتی تۆمار کراوە، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٠ کە ٢٢١ ملیۆن کۆچی دەرەوەی وڵاتی بووە، ٢٧٪ ڕێژەکە بەرزتر بۆتەوە([1]).
لە گۆشەنیگای جیاواز پێناسەی ئەم چەمکە کراوە و بەتایبەتی ئەم چەمکە بە پێی کات و قۆناغە جیاوازەکانی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە. کنیگ (٢٠١٢) پێناسەی کردووە بەوەی: جووڵەی خەڵک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، کە گۆڕینی شوێنی نێشتەجێبوونی ئاسایی لە خۆ دەگرێت([2]). واتە ئەم پێناسەیە زیاتر تیشک دەخاتە سەر چەمکی گواستنەوە کە دەتوانێت کاتی یا هەمیشەیی، ناوخۆیی (لە ناوخۆی وڵاتێک) یا دەرەکی (لە ئاستی نێودەوڵەتی و سنووربەزاندنی وڵاتێک) بێت. هەروەها کینگ لە کتێبەکەیدا لە میانی شیکردنەوەی بۆ تیۆرەکانی کۆچکردن کۆمەڵێک هۆکار دەخاتەڕوو.
_ کۆچکردنەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە مەودایەکی کورتدا دایە، ئەوانەشی کە مەودای دوورتر دەڕۆن مەبەستیان چوونە بۆ ناوەندە گەورە پیشەسازیی و بارزگانییەکان.
_ زۆرجار لە ناوچە کشتوکاڵییەوە بۆ پیشەسازیی.
_ شارۆچکە گەورەکان زیاتر بە کۆچکردن گەشە دەکەن نەک بە زیادبوونی سروشتی.
_ ڕێژەی کۆچکردن زیاد دەکات لەگەڵ گەشەسەندنی پیشەسازی و بازرگانی و گواستنەوە.
_ ڕەگەزی مێ زیاتر کۆچی کورت ماوە دەکەن، بەڵام ڕەگەزی نێر زیاتر کۆچی نێودەوڵەتی دەکەن.
_ هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردن ئابوورییە([3]).
کینگ جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆچکردن بە هۆکاری جۆراوجۆری ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە ڕوو دەدات، کە پاڵنەری تاکەکانن بۆ گەڕان بە دوای بارودۆخی ژیانێکی باشتر یا ڕزگاربوون لە دۆخە نالەبارەکان.
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە گرنگی بە بابەتی کۆچ داوە، بەتایبەتی لەسەردەمی مۆدێرن (کاستڵز)ـە و لە میانی کتێبەکەیان لەگەڵ (مارک ج. میلەر) بە ناونێشانی “سەردەمی کۆچ؛ بزووتنەوە نێودەوڵەتییەکانی دانیشتوانی لە جیهانی مۆدێرن” کۆچکردن بە پڕۆسەیەکی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی وەسف دەکەن کە کاریگەری لەسەر هەر دوو کۆمەڵگەکە دەبێت. ئەوان تیشک دەخەنە سەر کاریگەرییەکانی کۆچ لەسەر هەر دوو کۆمەڵگەی نێرەر و وەرگر و لای ئەوان پڕۆسەی کۆچ تەنها لە چوارچێوەی جووڵە و گواستنەوە نامێنێت، بەڵکو پڕۆسەیەکی دینامیکییە کە کاریگەری لەسەر بونیادی کولتووری، ئابووری و سیاسیش دەبێت([4] (.
هەروەها یەکێک لەو بابەتانەی کە (کاستڵز و میلەر) باسی دەکەن بابەتی زیادبوونی ڕێژەی کۆچکردنە لە نێو ژنان و ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆچکردن لە ساڵانی شەستەکانەوە تا دێت لە نێو ژنان زیاتر دەبێت و لە هەندێک حاڵەت پەیوەندی بە بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە هەیە.
لە ساڵی (٢٠١٩) ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچکردن (IOM) کۆچکردن بەم شێوەیە پێناسە دەکات: “جووڵەی کەسەکان و دوورکەوتنەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئاسایی خۆیان، کە دەکرێت لە سنوورێکی نێودەوڵەتی یان لەناو دەوڵەتێکدا بێت”. پێناسەکەی ئەم ڕێکخراوەیە گشتی و فراوانە، هەر بۆیە ئەم پێناسە هەردوو جۆر کۆچی خۆویست و خۆنەویست (اختیاری و اجباری) لە خۆ دەگرێت و دەکرێت هۆکاری جۆراوجۆر کاریگەرییان لەسەر تاکێک هەبێت بۆ کۆچکردن و بەجێهێشتنی شوێنی ژیانی.
کەواتە دەتوانین بڵێن کۆچکردن دیاردەیەکە سەرجەم کۆمەڵگەکان لە قۆناغە جیاوازەکان دەگرێتەوە و مەبەست ئەوەیە کە تاکێک بە هۆکاری جۆراوجۆر بە ویستی خۆی یا بە ناچاری شوێنی ژیانی خۆی بەجێ دەهێڵت و بۆ شوێنێکی دیکە، کۆچ دەکرێت ناوخۆیی یا نێودەوڵەتی بێت.
هۆکارەکانی کۆچکردن:
هۆکارەکانی کۆچکردن ئاڵۆز و فرەلایەنەن، زۆرجار هۆکارەکان تێکەڵێکن لە هۆکارە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ژینگەیی و فاکتەرە کولتوورییەکان و ئەمەش بە پێی کەسەکان و بە پێی کات و شوێن جیاوازی هەیە. گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە لە میانی ڕای بیرمەندان و توێژەران خراوەتەڕوو خۆی لە چەند بوار دەبینێتەوە:
١. هۆکارە ئابوورییەکان: بە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی کۆچکردن دادەنرێن، چ بۆ کۆچکردنە ناوخۆییەکان و چ بۆ نێودەوڵەتییەکانیش، بۆ نمونە خەڵکانێک بەدوای هەلی کارێکی باشتر و مووچەی زیاتر و باشترکردنی ئاستی ژیانیان کۆچ دەکەن. (هاریس-تۆدارۆ ١٩٧٠) زیاتر باسی لەم هۆکارە کردووە وەک کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان بە پلەی یەکەم بەهۆی بەدەستهێنانی دەرفەتی ئابوورییە([5](.
ئەگەرچی لەسەردەمی ئێستا جیهانگیری ئابووری ئەم دەرفەتانەی فراوانتر کردووە و بووەتە هۆی زیادبوونی ڕۆیشتنی کۆچ لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندن بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو([6]).
لە ڕابردوودا ئەگەرچی ئەم هۆکارە ڕەنگە زیاتر لە چوارچێوەی بڕیاری تاکەکەسی بووبێت و کۆچکردنەکە کورت ماوە و کۆچکردنی نێوخۆیی واتە لە گوند بۆ شار یا شاری بچوک بۆ شاری گەورە، بەڵام لە ئێستادا ئەم هۆکارە پەیوەستە بە ماوە و مەودای کۆچکردنەکە کە تەنها خۆی لە بڕیاری تاکەکەسی نابینێتەوە، بەڵکو زۆرجار پەیوەستە بە بڕیاری خێزانی و پێکەوەیی کە بڕیار بدەن کۆچەکەیان بۆ هەمیشەیی یا ماوەیەکی دوور و درێژ بێت لە وڵاتێکی لە حاڵی گەشەسەندن بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو کە دەرفەتی کار و خزمەتگوزاییەکان تێدا زیاترە. ئەم جۆرە لە کۆچکردنە خۆی لە چوارچێوەی تیۆری ئابووری نوێ کۆچکردنی هێزی کار دەبینێتەوە([7]).
٢. هۆکارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان:
هۆکارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە کۆچکردندا بگێڕن. ئەمانە بریتین لە هۆکارەکانی وەک هاوسەرگیری و یەکگرتنەوەی خێزان، خواستی پەیوەستبوون بەو کۆمەڵگەیانەی کە پاشخانی کولتووری، ئایینی، یان زمانەوانی هاوبەشیان هەیە. پێویستی بوون لەگەڵ ئەندامانی خێزان هۆکارێکی بەرچاوە بۆ کۆچکردن. سیاسەتەکانی یەکگرتنەوەی خێزان لە زۆرێک لە وڵاتان هاندەری ئەم جۆرە کۆچکردنەن، کە کۆچبەران پەیوەندی بە کەسوکارەکانیانەوە دەکەن کە پێشتر لە وڵاتی مەبەست نیشتەجێبوون ([8]). سەبارەت بە یەکگرتنەوەی خیزان لە ئێستادا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ڕادەیەک بەرچاوە، بۆ نمونە پێشتر یەکێک لە ئەندامانی خێزان کۆچی کردووە بۆ وڵاتی دیکە دواتر ئەندامانی ئەو خیزانە هەوڵ دەدەن پەیوەست ببن بە یەکتر و ئەو کەسەی لە دەرەوەی ئێرانە، دەیەوێت ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی ببات بۆ لای خۆی کە جگە لە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی، باشترکردنی دۆخی ئەندامانی دیکەی خێزانە. هەروەها یەکێکی دیکە لەو هۆکارانە دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری و پەروەردەی باشترە بۆ منداڵەکانیان.
٣. هۆکارە سیاسییەکان:
ناسەقامگیری سیاسی، ململانێ، هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بە هۆکاری سەرەکی و بەرچاوی کۆچکردن دادەنرێن زۆرجار خەڵک بۆ ڕزگاربوون لە ستەم و توندوتیژی و شەڕ لە وڵاتەکانی خۆیان هەڵدێن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ساڵانە بە ملیۆنان کەس بەهۆی شەڕی چەکداری و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هەڵاواردنی سیاسی ناچار بە کۆچکردن دەبن و ئاوارە دەبن. زۆرجار پەنابەرانی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی سەلامەتی و پاراستن خۆیان داوای مافی پەنابەری لە وڵاتانی دیکە دەکەن ([9]).
ئەم جۆرە لە کۆچکردن بەتەواوی دەچێتە چوارچێوەی کۆچی خۆنەویستی و زۆرەملێ کە کاستڵز ڕوونی دەکاتەوە ئەم جۆرە کۆچی زۆرەملێ پەنابەران و پەناخوازان و ئاوارە ناوخۆییەکان (IDPs) دەگرێتەوە کە بەهۆی قەیرانی سیاسی یان شەڕی چەکدارییەوە ناچارن وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن([10]). بەتایبەتی ئەم جۆرە لە کۆچکردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی سەرەکی دادەنرێت بۆ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لە ڕووی ئەو هەڵاواردنە نەتەوەیی و بێبەش کردنانە کە سەرەڕای ئەوەش یاساکانی کۆماری ئیسلامیی لە ئێران بەرامبەر ژنان و ئەو کۆت و بەندانەی کە پەیڕەو دەکرێت وایکردووە زیاتر لە پیاوان ژنان ناچار بە کۆچکردنی خۆنەویستی و ناچاری ببن.
٤ هۆکاری ژینگەیی و هۆکاری دیمۆگرافی:
ئەم دوو هۆکارە بە دوو هۆکاری دیکەی کۆچکردن دادەنرێن، بەڵام ئەم دوو هۆکارە زۆر بەرچاو نییە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەگەیشتۆتە ئاستێک کە ڕێژەی کۆچکردن لەبەر ئەو هۆکارانە زیاد بکات. گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و کارەساتی سروشتی، هەروەها زیادبوونی دانیشتووان و گۆڕانکاری خێرای دیمۆگرافی دەتوانن ببنە هۆی کۆچکردنی کۆمەڵێک خەڵک.
هۆکارەکانی کۆچکردن فرەلایەنە و بەیەکەوە گرێدراون و زۆرجار چەند هۆکارێک پێکەوە کاریگەری دەبێت لەسەر بڕیاری کۆچکردن لە لایەن تاکەکانەوە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە ڕەگەزی نێر ڕەنگە هۆکاری سیاسی، ئابووری و نەتەوەیی کاریگەری هەبێت، بەڵام بۆ ژنان ئەوا سەرەڕای ئەو هۆکارانە دەکرێت هۆکاری کۆمەڵایەتی و کولتووری لە هۆکارەکانی دیکە زیاتر کاریگەری هەبێت لەسەر بڕیاری ژنێک بۆ کۆچکردن و بەجێهێشتنی وڵات.
چوارچێوەی مەیدانی توێژینەوەکە:
میتۆدی توێژینەوەکە: ئەم توێژینەوە بە ئاڕاستەی چۆنایەتی و بە ڕێگەی چاوپێکەوتنی نیمچەکراوە ئەنجام دراوە.
کۆمەڵگەی توێژینەوەکە: کۆمەڵگەی ئەم توێژینەوەیە مەبەستدارە کە بریتییە لەو ژنانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران واتە کۆچی نێودەوڵەتییان هەبووە.
نمونەی توێژیەوەکە: نمونەی توێژینەوەکە بە ڕێگەی هەڕەمەکی سادە وەرگیراوە کە توێژەران چاوپێکەوتنیان لەگەڵ (٧) لێتوێژراو ئەنجامداوە.
ئاکاری توێژینەوە: یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی توێژینەوە، ئاکاری توێژینەوەیە کە پێویستە توێژەران لە سەرجەم قۆناغەکانی توێژینەوەکە لەبەرچاو بگرن، بەتایبەتی لە توێژینەوەی چۆنایەتی بە ڕێگەی چاوپێکەوتن، هەروەها ئەگەر یەکەکانی توێژینەوەکە دۆخی تایبەت و هەستیاریان هەبێت. بۆیە ناو و زانیاری لێتوێژراوان بە شێوەیەکی نهێنی دەمێنێت و وتەکانیان بە ڕێگەی کۆد دەخرێتەڕوو. واتە هەر کەسێک کۆدێکی دەدرێتێ. سەبارەت بە کات و چۆنیەتی چاوپێکەوتنەکە، توێژەران ئەندامانی نمونەی توێژینەوەکەیان سەرپشک کردووە کە ئایا وەڵامەکان بە نووسین دەنێرنەوە، یا بە ڕێگەی تۆمارکردنی دەنگ یا چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ.
خستنەڕووی ئەنجامەکان بە پێ ئامانجەکانی توێژینەوەکە:
١. زانینی هۆکارەکانی کۆچکردنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات
بۆ ئەم مەبەستە توێژەران چەند پرسیارێکیان ئاڕاستەی لێتوێژراوان کرد بەم شێوەیە:
یەکەم: دەتوانی باسی ئەو هۆکارە سەرەکییە بکەیت کە وای لێکردیت ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێبهێڵیت و کۆچ بکەیت؟ واتە ئەم بڕیارە لە ژێر کاریگەری بارودۆخی کەسی، خێزانی، کۆمەڵگەکەت، یان سیاسی بووە؟
کۆد |
وەڵام |
A.1 |
بە هۆکاری سیاسی بوو. باوکم سیاسی بوو، ئەوەش هۆکار بوو کە کۆماری ئیسلامیی بە بنەماڵەوە بمانخەتە ژێر گۆشار. ئیتر فشارەکانی کۆماری ئیسلامیی لەسەرمان زۆر زۆرتر بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نەمانتوانی لە ڕۆژهەڵات بمێنین و ناچار نیشتمانمان بەجێهشت. |
B.2 |
بە هۆی ئەوەی کە جوگرافیای ئێران بە جۆرێکە هەر کەسێک بیەوێت لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە دەستوورییە دیکتاتۆرییەی کە هەیە خۆی پیشان بدات، ئیتر جیاوازی نییە چ نەتەوە و ئایینێک بێت، بۆ نمونە ئەگەر کورد بیت و بتەوێت کوردایەتی بکەی و هەستێکی ناسیۆنالیستیت هەبێت و باوکیشم بە هۆی ئەوە نەیتوانی لە ئێران بمێنێتەوە و ناچار بوو کۆچ بکات بۆ باشووری کوردستان، ئیتر منیش بە هۆی پابەندی بە خێزانی و کۆچکردنیشمان خێزانی بوو بۆیە بە ناچاری، ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان جێهێشت. |
C.3 |
هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو کە من دوو ڕێگەم هەبوو یا دەبوو بخوێنم یا ئیش بکەم. سەبارەت بە خوێندنەکەم حەزم لێبوو لە بواری نەوت بخوێنم و پەرە بە تواناکانی خۆم بدەم، بەڵام بە باشی دەمزانی کە لەوێ داهاتوویەکم نییە بۆیە زیاتر ئیش کردنەکەم هەڵبژارد و بە هۆی بچوکی شارەکەمان و نەبوونی دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ ئیش کردن. هەر بۆیە بڕیارم دا بێمە باشووری کوردستان. ڕاستە بە بڕیاری خۆم بوو، بەڵام ناچاری بوو، لەبەر ئەوەی لەوێ هێچ داهاتوویەکم بۆ خۆم نەدەبینی |
D.4 |
هۆکارەکان زۆر بوون بۆ ئەم مەبەستە، هەر لە دیارترین و باوترین هۆکار کە ستەمی نەتەوایەتییە، هەتا سەرەکیترین هۆکارەکان بۆ منی ژن کە کۆمەڵگەی کوردی ڕۆژهەڵات و ئێرانیش بە گشتی، لە ژێر کاریگەریی ئایین و پیاومەزنی و هەموو عورف و نەریتە باو و حاکمەکان، گەورەترین شکنجەکانن بۆ کچێک و هەموو ژنێ بە گشتی، هەموو ئەم هۆکارانە بۆ من سەخت و قبووڵنەکراو بوون و من نەمدەویست چارەنووس و ئاقاری ژیانم وەکو هەموو دایکەکانمان و ژنەکانی تر بن. |
E.5 |
ئەگەرچی هۆکاری سیاسی کاریگەری هەبوو، لەبەرئەوەی بۆ هەموو شتێک سنووردارییەک هەبوو. بەڵام هۆکاری کۆچکردنی من جگە لە هۆکاری سیاسی هۆکاری کۆمەڵایەتیش بوو. لە ڕووی سیاسییەوە بە پێی یاساکان هیچ مافێک بۆ منی ژنێ نەبوو. تەنانەت لەو شوێنانەش کە ماف بۆ ژنان بوو ئەوەندە کۆت و بەند هەبوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەڕاستی من ناچار بووم. من هاوسەرگیریم کرد، بەڵام دواتر تووشی کێشەی خێزانی بووم و بنەماڵەکەم پاڵپشتم نەبوون ئەویش بە هۆی قسەی خەڵک و عەیب و عار و پێیان وابوو، کە جیابوونەوەی من دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش بەسەر ئەوان بۆیە ئەوان ناچاریان دەکردم بەردەوام بم لەم ژیانە ناچارییە. بە ناخۆشی و هەوڵێکی زۆر جیابوومەوە، بەڵام دەمزانی لەوێ هیچ دڵخۆشی و ژیانێکم نابێت بۆیە ناچار بووم کۆچ بکەم . |
F. 6 |
١- من لەوەتەی بیرم دێ، پێم خۆش بووە خۆم بۆ ژیانی خۆم بڕیار بدەم ، دواتر کە گەورەتر بووم هەستم بە شوناسی نەتەوەیی خۆم کرد تێگەیشتن ئەم یاسایە کە بەسەر منا داسەپاوە هی من نییە و بەدوای ڕێگەچارە گەڕام، ڕێگەی جۆراوجۆری زۆرم گرتەبەر کە لێرە باس ناکرێ و کەڵکی نەبوو، چونکە کولتووری هەڵەی وڵاتەکەم زۆر زاڵتربوو بەسەر ویست و داخوازیەکانی منا، بۆیە بڕیارم دا وڵات بەجێ بێڵم و لەیەکەم هەنگاوەکانمدا هۆگری کوڕێک بووم لە یەکێک لە پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵی ئاشنا بووم و ئەویش بوو بە هەوێنی بڕیاری من بۆ بەجێهێشتنی وڵات بۆم. |
G. 7 |
یەکێک لەو هۆکارە سەرەکیانە بۆ کۆچکردنم عەلاقەیەک بوو بە کاری سیاسی. هەر بۆیە ڕۆژهەڵاتم بەجێهێشت و هاتمە نێو ڕیزەکانی شۆڕش و پێشمەرگایەتی یەکێک لە ئاواتەکانم بوو کە حەزم دەکرد خۆم لەو حاڵەتەو لەو جێگەدا ببینمەوە من ئەو بڕیارەم لە ژێر کاریگەری خۆشەویستی و پێناسەیەک کە بۆ پێشمەرگە کرابوو دام، دوای ئەوەی کە شارەزای سیاسەتی حیزب و کاری حیزبی بووم لە نێوخۆ هاتمە نێو ڕیزەکان شۆڕش. |
لە زۆربەی وەڵامەکاندا و زۆربەی نموونەکان دەردەکەوێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاستی وشیاری تێهەڵکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە نێو ژناندا زۆر بەرزە و ئەمە دەبێتە هۆکارێک بە جۆریک خۆیان لەو گرێبەستە حکوومەتییانە دەرباز بکەن و دنیایەکی نوێ بۆ خولیاکانی خۆیان لە چ بواری سیاسی و چ بواری کۆمەڵایەتی دروست بکەن. جیهێشتنی وڵات بۆ زۆربەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی لە یەکەم هەنگاو، نا وتنێکە بە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دواتر بەو نۆرمە کۆمەڵایەتییانە کە دەبنە بەربەست بۆ پێشکەوتن.
دووەم: پرسیار لە لێتوێژراوان کرا سەبارەت بەوەی هەستیان چۆن بووە کاتێک ویستوویانە بڕیاری کۆچکردن بدەن، ئەوانیش بەم شێوەیە وەڵامیان داوەتەوە کە لە خشتەی ژمارە (٢) دەخرێتەڕوو:
کۆد |
وەڵام |
D.4 |
بەڕاسی وەک بارێکی قورس بەسەر هەموو جەستەمەوە بێ وەها بوو، ئەمەش چەند هۆکاری هەبوو؛ یەکەم ئەوەی کە ئاشنا نەبووم بە دنیای دەرەوە وەک ئەوەی بە تەنیا بم (چون بە گشتی ژنان وەک پیاوان ئاشنا بە هەموو جومگەکانی دنیای دەرەوەی بنەماڵە نین) و ترسم لەوە بوو کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر شتێ دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکەم. دووەم ترسی ئەوەم بوو کە من بە هەر هۆکارێ نەتوانم دەرباز بم و ناچار بم بگەڕێمەوە ئەوجار نە بنەماڵە و نە کۆمەڵگە وەک جاران وەری نەدەگرتم و سنوورەکانی سەر ژیانم چەندین قات زۆرتر دەبوو و سێهەم لەبەرئەوەی زۆر ئەزموونی دنیای دەرەوەی ماڵەوەم نەکردبوو لەگەڵ خەڵکانێکی تر، ئەو هەستی دابڕان لە دایکە بۆ منێک کە یەک شەویش بە بێ دایکم لە شوێنی تر نەخەوتبووم زۆر قورس و ترسناک و خەمناک بوو و منی لەگەڵ دوو بژاردەی سەختی چوون و نەچووندا وەیلان کردبوو. |
A.1 |
هەستی بۆشایی. لە لایەک مەجبوری لە لایەک هەستی ئەوەی کە چیتر نیشتمانت، بنەماڵەت، کەس و کارت نابینیتەوە وێرانکەر بوو. ئێستاش هەست دەکەم بەشێک لە جەستەم هەر ڕۆژهەڵات ماوە. بەڵام ئەو هەموو زۆڵمە و جیاکاریە زۆر وێرانترە، لە وڵاتێک دا بژیت کە هیچ مافێکت نەبێ و نیوە مرۆڤ حساب بیت. مرۆڤی دور لە نیشتمانی خۆی هەمیشە مرۆڤێکی بریندارە، تەنیایە. ئەگەر لە وڵاتێکی ئازاد و کوردستانی ڕزگاربووی ژیابام هیچ کات کۆچم نەدەکرد. |
B.2 |
بە دڵنیاییەوە بەجێهێشتنی ئەو شارە و ئەو شوێنەی لێ گەورە بووی و بیرەوەریت لێی هەیە، جیابوونەوە لە هاوڕێ و خزم و کەسەکانت زۆر زۆر ناخۆشە. کاتێک بڕیاری کۆچی خۆنەویست دەدەی دڵخۆشییەکت هەیە، کە ڕەنگە دۆخەکە لەو شوێنەی بۆی دەچیت باشتر بێت و داهاتووت باشتر بێت، بەڵام هەستێکی نیگەران و دڵتەنگی هەموو کات لەگەڵتە بۆ شارەکەت، هاوڕێکانت و خزم و کەس و کارەکەت هەمیشە لەگەڵ دەمێنێتەوە. |
C.3 |
خۆشحاڵ بووم. هەستێکی زۆر زۆر خۆشم هەبوو لەبەرئەوەی هەموو کات حەزم لێبوو بەتەنها بژیم و کۆچکردنەکەشم بە هۆی ئەوە بوو کە دەمزانی دەتوانم بەتەنها بژیم و لەو کۆمەڵگەیەی کە حەزم لێ نەبوو دوور بکەومەوە. |
E.5 |
نازانم چۆن وەسفی دۆخی ئەو کاتم بکەم. ترس، نیگەرانی، دڵەراوکێ، ڕەهایی و ڕزگار بوون. کۆمەڵێک هەستی خۆش و ناخۆش. لەبەرئەوەی من لە بنەماڵەیەکی نەریتی گەورە بووم کەمترین دەرفەت بە ئێمە کچان دەدرا واتە ئەو باوەر بەخۆبوونە لە لامان دروست نەبوو. جگەلەوەش کە من پشتم کردبوو لە عورف و نەریتە کۆنە و چەقبەستووکانی کۆمەڵگە زۆر نیگەران بووم کە نەکا توشی کێشەیەک بم. یا ئەوەی نەتوانم بەردەوام بم. بۆیە بڕیارم دا پەیوەندی بە یەکێک لە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم و ئیتر دوای ئەوە تاڕادەیەکی باش هەستێکی ئارام بووم و ئەمنیەتم لا دروست بوو. هەستم بە پارێزراوی کرد. |
F.6 |
خۆشترین و نامۆترین هەستی ژیانم ئەوکاتە بوو، کە وڵاتم بەجێهێشت چونکە بۆ یەکەم جار خۆم بڕیارم بۆ خۆم دابوو هەستم بە گەورەیی و توانای خۆم کرد |
G.7 |
هەستێکی نامۆم هەبوو نەمدەزانی بەجێهێشتنی بنەماڵەم دەبێ بۆ ئەوان چەند بە ئازار بێ، بەڵام حەزم دەکرد بکەومە دوای ئاواتەکانم و ژیانێکی جیاواز تاقی بکەمەوە. |
بێگومان بڕیاردان سەبارەت بە کۆچکردن و بەجێهێشتنی وڵات، شوێنی لە نیشتەجێبوون و دوور بوون لە خێزان و کەسوکار، بڕیارێکی ئاسان نییە و ئەمەش پێویستی بە جۆرێک لە قوربانیدانە، واتە بەمەبەستی بەدەستهێنانی شتێک واز لە هەندێک شت کە لات بەهادارن بهێنیت. بۆیە ئەمەش لە ڕووی دەروونیەوە کاریگەری دەبێت و کەسەکە وەک ئەوەی بکەوێتە نیو دوو ڕیانێک وایە. بەتایبەتی بڕیارێک کە دڵنیاکەرەوەیی نەبێت و کەسەکە نەزانێت ئایا داهاتووی باشتر دەبێت؟ لە دەرئەنجام بۆمان دەردەکەوێت زۆرینەی بەشدارانی نمونەکە جۆرێک لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێیان هەبووە و تا ماوەیەکیش ئەو هەستە بەردەوام بووە لەگەڵیان، بەتایبەتی ئەوانەی کە هۆکارەکانی کۆچکردنیان سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەستێکی ئەرێنی شاراوەیان هەبووە بە هۆی بڕیاردانیان بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە ناهەموارەی کە هەیانبووە. لەگەڵ ئەوەش بەشدارانی نمونەی توێژینەوەکە لە ڕووی هیوا و هێزی زۆرە ڕوو لە کۆچ دەکەن، زۆربەی ئەو کەسانە هیوایەکیان لەسەر دروستکردنی داهاتووی باشتر هەڵچنیوە و خولیاکانیان و ئاواتەکانیان لە کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی ئێران و پیاوسالاری فەرهەنگی نایەتە دی، ترسەکانیان و خەمەکانیان لە کۆڵ دەنێن و کۆچ دەکەن بەمەبەستی ژیانێکی شایستەی ژن بوون.
سێیەم: پرسیار لە لێتوێژراوان سەبارەت بە هەڵوێستی خێزانەکانیان یان کۆمەڵگەکەیان لەسەر کۆچکردنیان چۆن بوو؟ وەڵامی ئەوان بەم شێوەیە بوو، لە خشتەی ژمارە (٣) خراوەتەڕوو:
کۆد |
وەڵام |
A.1 |
هەڵوێستی خێزانم لەبەرئەوەی کە ناچار بووم ئاسایی بوو، بەڵام کۆمەڵگە هەمیشە ئامادەیە بۆ بڕیاردان، بەڵام ئێستا وا نییە، کۆمەڵگە زۆر هۆشیارترە لە جاران. تاڕادەیەک پێویستی بە قوربانیدان بوو، بۆماوەیەکی زۆر لە خوێندن دابڕام بۆ کارکردن، ژیانی تایبەتی خۆم وەلا نا، کە دەستیشم بە خوێندن کرد دەبوایە هەم بمخوێندبا و هەمیش فول تایم کارم کردبا واتە ٦ی بەیانی لە ماڵ دەچوومە دەر و ١٢ی شەو دەهاتمە ماڵ. ئەم هەموو ماندووبوونە وێرانکەرە، بەڵام ڕێی ترم نەبوو. کە کۆچ دەکەیت زۆر زۆر بەرپرسیاری دەکەوێتە سەرشانت. |
B.2 |
من لەبەر خێزانەکەم کۆچم کرد، واتە کۆچکردنەکە بڕیاری من نەبوو، بۆیە زۆر شتم لەوێ هەبوو بە هۆی ئەو کۆچکردنە لە دەستم دا. بەڵام لێرەش زۆر شتم بەدەستهێنا، ئەو کارامەییە یا دەرفەتانەی کە دەمزانی بە هۆی دۆخی ئەوێ بۆم مسۆگەر نەبوو، بەڵام لێرە بۆم ئاسانتر بوو. بۆیە ڕاستە لەوێ زۆر شتم لەدەستدا بەڵام لێرەش کۆمەڵێک شتم بەدەستهێنا کە قەرەبووی ئەوەی کردەوە. بەڵام هەڵوێستی هاوڕێکانم و دەوروبەرم ئەوە بوو کە ئەوەی بتوانێ لە ئێران بڕوات بەختەوەر دەبێت. |
S.3 |
خێزانەکەم پاڵپشتم بوون، تەنها بابم پێی خۆش نەبوو، ئەویش لەبەرئەوەبوو کە حەزی نەدەکرد لێی دوور بکەومەوە. بەڵام بە گشتی پاڵپشت و هاوکارم بوون. |
D.4 |
نەماڵی منیش وەک هەموو بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و کورد دۆستی تری خۆرهەڵات، کە هەموو ژیانیان گرێ دراوە بەو هەستانەوە، بە دڵنیاییەوە زۆر ئاسان تر ئەم کۆچەیان هەزم و قبووڵ کرد، چون ئاکامی کۆچەکەی من جێگەیەک بوو کە سەری ئەوانی لە ناو کۆمەڵگە بەرز دەکرد، دەنا ئەگەر کۆچی من بۆ شوێنێکی دیکە بووایە بە دڵنیاییەوە هیچ پشتیوانیان نەدەکرد بەڵکو پشتیان تێ دەکردی بۆ هەمیشە، لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە و هەموو بنەماڵەکانمان فێرن بە تۆراندنی ڕۆحی یاخی و ئامانجی تاکەکەسی مناڵەکانیان بەتایبەت کە ئەو ئامانجانە زۆر جێگەی پەسەندی کۆمەڵگەی سونەتی نەبن. |
E.5 |
تا ئەو کاتەی هاتمە باشووری کورستان خێزانەکەم یا کەسە نزیکەکانم هەر نەیانزانی. ئەگەر زانیان زۆر پێیان ناخۆش بوو، گوشاریان دەکرد کە بچمەوە. سەرەتا زۆر زەحمەت بوو تا بەرە بەرە هەوڵم دا بە قەناعەتیان بگەیەنێم. بەڵام دوای ئەوەی کە زانیان شوێنم باشە و بەتایبەتی لە ڕووی ئەمنیەت و شوێنی ژیانەوە دڵنیابوون کە شوێنم باشە ئیتر وەک جاران نەبوون. ئەگەرچی سەرەتا حەزیان نەدەکرد کەس بزانێت، بەڵام بەرەبەرە شتەکە لایان ئاسایی بووەوە. قوربانیدانەکەم غەریبی و دووربوون بوو لە کەسەکانم. |
F. 6 |
خێزانەکەم سەرەڕای ئەوەی زۆر دینداربوون، بەڵام بەجوانترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ حاڵەتەکە کرد، چونکە زۆر بە باشی منیان دەناسی و چەند جار لە ناو خێزانەکەم و تایفەکەمان من کارگەلێکی جیاواز و هەستیارم کردبوو کە قەدەغە بوون، دەیانزانی کارێک کە بمەوێ بیکەم دەیکەم و هیچ شتێک پێشم پێ ناگرێت و بەتەواوی هەستیان بە بوێری من کردبوو. |
G.7 |
بنەماڵەکەم کاتێک زانیان بە کۆچی من زۆر ناڕەحەت بوون، وەک هەر خێزانێکی دیکە دڵنگەرانی منداڵەکەیان بوون کە لیان دوور بێ لە شوێنک بێت، کە دوور لە ئەمنیەتە شەڕە، مان و نەمانە هەرچەند پێشمەرگایەتی بەلایانەوە پیرۆز بوو، بەڵام وەک بنەماڵە دڵنگەرانی من بوون، بەجۆرێکی دیکە ئەوان خەونێکی دیکەیان بۆ من هەبوو، بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەو شتانە ئەوان دەیانزانی من پابەندی بڕیاری خۆمم و پشتگیرم بوون تا بەئەمڕۆش پشگیرمن .
لە لایەن کۆمەڵگەشەوە هەرکەس لەڕووی دیدی خۆیەوە دەیڕوانیە هاتنەکەم، جا بە باش و بەخراپ، بەڵام چون بنەماڵەم لە پشتم بوون ئەو خەسار و قسانەی کە دەکرا لە لایەن کۆمەڵگەوە هەبێ کەمتر بوو. |
ئەم پرسیارانەی خرایەڕوو پەیوەندی بە ئامانجی یەکەمی توێژینەوەکە بوو. سەبارەت بە هۆکارەکانی کۆچکردنی ئەوان و ئەو دۆخەی کە ئەوان بڕیاریان دابوو. بە گشتی بۆمان دەردەکەوێت زۆرینەی بەشدارانی نمونەی توێژینەوەکە خۆیان بڕیاریان داوە، بەڵام بڕیارەکە خۆنەویست بووە و لە ناچاری ئەو بڕیارەیان داوە. ئەوان لەو کاتەدا ئەم بڕیارەیان بە باشترین بژاردە زانیووە. بەشێکی زۆری وەڵامی لێتوێژراوان پەیوەندی بە لایەنی سیاسی و ئەو ستەمکارییەی کە بەرامبەر نەتەوەکانی دیکە لە ئێران، بەتایبەتی نەتەوەی کورد دەکرێت. بەشێکی دیکەشیان بە هۆی هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئەو داب و نەریتەی کە کەمترین ڕۆڵ دراوە بە کچان بۆیە ئەوان لە ناچاری ئەم بڕیارەیان داوە بۆ ئەوەی خۆیان و تواناکانیان بسەلمێنن. تەنها یەکێک لە نمونەکان پەیوەندی بە لایەنی ئابووری هەبووە. کە ئەویش بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کار و داهاتی باش ناچار بە کۆچکردن بووە.
بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە سەرجەم بەشدارانی نمونەی توێژینەوەکە ئەگەرچی خۆیان بڕیارەکەیان داوە، بەڵام خۆنەویست و بە ناچاری بووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لە ئێران ژنان کەمترین دەرفەتیان هەیە و بە دوای دۆزینەوەی خۆیان و ئاوات و ئامانجانەکانیان بووە کە لە ئێران دەستەبەر نەدەبوو بۆیان.
کەواتە بۆمان دەردەکەوێت ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەتی لە نێو خێزانەکان لە بواری سیاسی تێگەیشتوویی هەیە، بەڵام دیسان بە سەر دوو بەشی هەڵسوکەوتدا دابەش دەکرێت، ئەوەی کە دەوێرێ پاڵپشتی کچ یا ژنی ئەندامی بنەماڵەکەی لە ڕووبەرووبوونەوەی هەرچەشنە ڕەفتارێکیدا بکات و ئەوەی کە ناوێرێت و نایەوێت. هەروەها دەریدەخات ژنانی ڕۆژهەڵاتی دواجار لەلایەن ئەو بنەماڵانەش کە ئاستی هۆشیارییان باشترە دەکرێنەوە قوربانی هەتاکو ڕوخساری بنەماڵەکە لە نێو کۆمەڵگەی نەریتیدا بە باشی بهێڵنەوە.
ئامانجی دووەم: خستنەڕووی ئەو ئاڵنگارییانەی لەمیانی کۆچکردن ڕووبەڕووی ئەو ژنانە دەبێتەوە
یەکەم: سەبارەت بە سەرەکیترین ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە کاتی کۆچکردندا ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە و چۆن بەسەر ئەو ئاڵنگارییانە زاڵ بوون کە لە میانی کۆچکردنەکە ڕووبەڕووی بوونەتەوە بەشدارانی نمونەی توێژینەوەکە بەم شێوەیە وەڵامیان داوەتەوە کە لە خشتەی ژمارە (٤) دەخرێتەڕوو:
کۆد |
وەڵام |
A.1 |
لە میانی کۆچکردنمدا ڕووبەڕووی هیچ گفتێک نەبوومەتەوە. |
B.2 |
لە میانی ڕێگە و کۆچکردنەکەم گرفتێکی وام تووش نەبوو، بەڵام دواتر بۆ ماوەی شەش مانگ تووشی خەمۆکی بووم و بەمەبەستی باشتربوون سەردانی دکتۆر و تراپیستم دەکرد. |
C.3 |
لە کاتی کۆچکردن و چوون بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە زۆر شت هەیە کە ڕەنگە لە کۆمەڵگەکەی خۆت ئاسایی بێت، بەڵام لە کۆمەڵگەی دیکە کە بۆی چووی و تێدا ژیان دەستپێدەکەیت ئاسایی نەبێت. بۆیە تا عورف و نۆرمەکانی ئەو شوێنە نوێ وەردەگریت زۆر زەحمەتە و بەردەوام هەوڵ دەدەیت بە ئاگادارییەوە ڕەفتار بکەی کە تووشی دۆخی ناخۆش نەبیت. هەروا شارەزا نەبوون لە سایکۆلۆژیای تاکەکانی ئەو کۆمەڵگە نوێیە و چۆنیەتی هەڵسوکەت کردن لەگەڵیان ناخۆش بوو. |
D.4 |
گەورەترین گرفتەکان دۆزینەوەی لینک و کەسانێکی پەیوەندیدار بەو بابەتانەن و چۆنیەتی متمانە کردن بەو کەسانە چون ئیتر تۆ بە متمانەوە تەواوی خۆت دەخەیتە خزمەتیان کە لەو ڕێگەیە دەربازت بکەن، ئیتر با بمێنێ کە لەو ڕێگە تووشی دەستدرێژی جنسی و ڕۆحی دەبێت و ئەم ڕووداوانە دەبنە گەورەترین تراژیدی و تراومای ژیانت کە لە پێناو گەیشتن بە ئازادییەکی نمیچە ئازاددا بەسەرت دێن. |
E.5 |
بارگرانییەکی زۆری هەبوو، جاری واهەبوو سەیرکردنی خەڵک و بەکەم سەیر کردن ئازارت دەدات. یا کەسانێک دەیانویست بەلاڕێتدا بەرن و توشی هەندێک کێشەی ئەخلاقیم بکەن. بۆیە ئەستەم بوو کە بزانی کێ ڕاستە و کێ دەیەوێت زیانت پێ بگەیەنێت. ژنێک بەتەنیا کۆچ بکات قەد بە ڕوانگەیەکی باش سەیری ناکەن، ئەمەش زۆر ئازاری دەدام. |
F. 6 |
دەتوانم بڵێم قورسترین گرفتێک کە ڕووبەڕووی بومەتەوە دووریم لە بنەماڵەو کەسوکارم بووە و نەگەڕانەوەم بۆ زێد و شاری خۆم، بەڵام بەڕای من تەنها ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەبەرامبەر ئەو هەستە قورس و بێ بڕانەوە ئەوەیە کە بەخۆم بڵێم من هاتم بۆ گەورەبوون، بۆ خۆناسین بۆ بوون بە کەسێک لەسەر پێی خۆی بێت، لێرە من کچەکەی جاران نیم، بە باوک و باپیرمەوە ناناسرێم، بەڵکو خودی خۆمم ئەوەی لە ڕۆژهەڵات نەیاندەهێڵا ببم و سەرکوتیان دەکرد، لێرە کەسایەتی، هەڵسوکەوت، توانایی و بەهرەی من ڕۆڵ دەگێرێ چ لەبواری سیاسی، چ کۆمەڵایەتی، چ پیشەیی. دروستە کە بنەماڵەم و پەروەردەی بنەماڵەم بناغەی ئەو کەسایەتییەی ئێستای منن، بەڵام ئایا لە ڕۆژهەڵات من دەمتوانی ئەوەی کە منی پێکهێناوە بیخەمە ڕوو؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، بۆ خۆیان دروستت دەکەن و بۆخۆیان دەڵێن دەبێ نەبیت، ڕۆژهەڵات بۆ من وابوو. |
G. 7 |
لە کاتی کۆچکردنەکەم ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی وانەبووم بڵێم کە زۆر سەخت بووە بۆم ، تەنیا ئاستەنگێک کە هەبووە سەختی ڕێگەکە بووە کە لە خۆمم ڕادەدی. |
لە میانی وەڵامەکان بۆمان دەردەکەوێت زۆربەی ئەو ژنانەی ڕێگەی کۆچ هەڵدەبژێرن، بە ڕێگەیەی ئاسایی و یاسایی دا تێپەڕ نابن و ئەویش بە هۆی ئەوەی کە دەبێت بە دزییەوە ڕێگەکە بپێون و بنەماڵە یا کەس و کاریان ئاگاداری ئەم بابەتە نەبن، بۆیە تەنیایی و زۆرینەیان بۆ یەکەمجار خۆیان لە ڕێگەیەکی دەرەوەی شار دەدەن و ئاستەنگی زۆر توشیان دێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆیان دەردەکەوێت ئەو جیهانە پڕ زرق و برقەی هیوایان لەسەری هەڵچنیوە بەو شێوەیە نییە کە چاوەڕوانی دەکەن.
دووەم: سەبارەت بەو پرسیارەی کە؛ وەک ژنێک پێتوایە ئەزموونی کۆچکردنت جیاواز بووە لە ئەزموونی پیاوانی کۆمەڵگەکەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژنان بە بەراورد بە پیاوان چی بووە؟ وەڵامی بەشدارانی نمونەی توێژینەوەکە بەم شێوەیە بوو کە لە خشتەی ژمارە (٥) خراوەتەڕوو:
کۆد |
وەڵام |
A.1 |
پێموایە جیاوازە. چونکە گۆشارەکانی کۆمەڵگە و بنەماڵە زۆرتر لەسەر ژنانە و کەمتر لەسەر پیاوانە. بۆ ئەو وەڵاتەش کە بۆ دەچی هەر ڕاستە گۆشارەکانی ئەو کۆمەڵگەیەش لەسەر ژنان زیاترە تا پیاو. مەبەستم وڵاتانی دەوروبەرە زیاتر. بەتایبەت کە ژنێکی تەنیا بیت و لەگەڵ بنەماڵەکەت نەبیت. |
B.2 |
ئەگەر لە ڕەگەزی نێر بیت زووتر و باشتر دەتوانی لەگەڵ کۆمەڵگە نوێیەکە تێکەڵ ببیت. هەروەها بەداخەوە بە هۆی کۆمەڵێک کچ کە دێننە باشوور و گرنگی بە هیچ نۆرم و بەهایەکی ئەخلاقی نادەن ئەمەش وایکردووە کە ڕوانگەیەکی نەرێنی بە گشتی لەسەر کچانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. بۆیە ناچاری هەوڵی زیاتر بدەی بۆ ئەوەی خۆت بسەلمێنی کە تۆ دەتەوێت خۆت و کەسایەتی خۆت دروست بکەی و ئامانجێکت هەیە دەتەوێت هەوڵی بۆ بدەیت. |
C.3 |
لای خەڵک ئاسایی نەبوو کە کچێک بە تەنها بژیت و ئەگەر باسم دەکرد کە کار دەکەم پێیان سەیر بوو. لای خەڵک قبوڵکراو نەبوو، ئەمەش لای من ناخۆش بوو چون پێیان وابوو کە دەرکراوم لە ماڵ و تەنانەت هەندێک کەس دەیانەویست کە لێم نزیک ببنەوە بۆ ئەوەی تووشی کێشەم بکەن و کەسایەتی بشکێنن. |
D.4 |
وەک باسم کرد بە دڵنیاییەوە جیاوازە لەبەرئەوەی لانیکەم پیاوان بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر کەم بەرەو ڕووی ئەو مەترسی دەستدرێژیانە دەبنەوە و لە ئەگەری هەر ڕووداو و هۆکارێکدا کە ببێتە هۆی ئەوەی دەرباز نەبن، پیاوان زۆر ئاسان تر دەتوانن بچنەوە ناو بنەماڵە و کۆمەڵ و درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن، بەڵام بۆ ژنان بە هیچ شێوازێ وا نییە. |
E.5 |
بە دڵنیاییەوە جیاوازە، بەتایبەتی ئەگەر من لە ڕوانگەی بنەماڵەی خۆمان باسی بکەن کۆچکردنی ژن عەیبە و پەڵەیەکی گەورەیە و تەنانەت پەراوێزخستنی ژنەکەیە، بەڵام بۆ پیاوان هەوڵ دەدەن پشتیوانی مادی و مەعنەوی بکەن و هاوکار و هاوخەمین. |
F. 6 |
بەڵێ ڕوون و ئاشکرایە کە جیاوازی هەیە، بۆ نمونە من وەکو خۆم زۆر زۆر چەرمەسەریم کێشاوە هەر لەغەریبیەکەی بگرە هەتا نەبوونی و ماڵەوماڵ کردن و وڵاتەو وڵات و خەمی منداڵبوون و بەخێوکردنی منداڵێکی بێ باوک و… بە بۆچوونی من ئەگەر دایک و باوکم لەجێگەی من کوڕێکیان هاتبا بۆ ئەم غوربەتە تەنانەت سەڵتیش بووبا بەدڵنیاییەوە قەرزیان بۆ دەکرد و بەرەو وڵاتی سێیەم بەڕێیان دەکرد، تا بگات بە ئاسوودەیی، ئەوە نمونەیەکی زۆر سادە. |
G. 7 |
بەدڵنیایەوە ترس و دڵەڕاکێیەک کە بۆ کچ هەیە بۆ پیاو نییە هەر بۆیە دەکرێت ئەزموونێکی جیاوازمان هەبێ کچ مەترسی زیاتری لەسەرە بە هۆی ئەوەی کە کچە بەڵام بۆ کوڕ وانییە هەر بۆیە پێموایە ئەزموونی ژن دەکرێت لە کۆچکردندا سەختتر و پڕکێشەتر بێ لە پیاوان. |
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت بە شێوەیەکی سەیر هەموو بەشداربووان لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ کێشەکان باس لە جیاوازی ڕەگەزی دەکەن، کاتێک لە وڵاتێک بە هەر ئامانجێک و بە هەر هۆکارێک هەڵدێن یان کۆچ دەکەیت، ئەوەی ڕووبەرووی دەبیتەوە کە تۆ ژنی و ئەگەر ژن نەبوایت، ئەو کێشانەی بینیوتە ئەوەندە قووڵ نەدەبوونەوە، ئەمە دەری دەخات کۆمەڵگەی دووهەم یا سێهەم بە هەر ئاستێک لە وشیاری کۆمەڵایەتی کە پێدەچێت لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی و ئێرانی پێشکەوتووتر بێت، تا ئێستا نەیتوانیوە بەو ئاستە لە تێگەشتنی یەکسانی و بەرابەری بکات.
سێیەم: سەرەتا پرسیار لە لێتوێژراوان کرا سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی لە ڕۆڵی ئەو وەک ئەندامی خێزانێک ڕووی داوە لە میانی کۆچکردنەکەیان و ئەو بەرپرسیارێتی یا چاوەڕوانیانە چی بوون کە لێتوێژراوان بەم شێوەیە وەڵامیان داوەتە، لە خشتەی ژمارە (٦) خراوەتەڕوو:
کۆد |
وەڵام |
A.1 |
بەڵێ زۆر کاریگەری داناوە. بەرپرسیارێتیم زۆر بووە، چاوڕوانییەکان زۆر بوونە لە من. پەیوەندیەکانیش هەر گۆڕانکاری بەسەردێت، چونکە خۆت ئیتر خۆتی پێشوو نیت. زۆر حەز دەکەم لە ئاوێنەیەک دا خۆم ببینم کە ئەگەر کۆچم نەکردبا ئێستا لە هەمان ئەو دۆخەیا دەبووم یان زۆر شت جیاواز دەبوو؟
بێگۆمان ئەو وڵاتەی کە کۆچی بۆ دەکەیت زۆر گرنگە و زۆر ڕۆڵ دەبینێ، لە وەڵاتێک دا بژیت کە مافی هاووڵاتی بونت ناداتێ، مافی خوێندنی باڵات ناداتێ، مافی دامەزراندنت ناداتێ، مەترسی ژیانت هەیە، کار بە ئاسانی دەستناکەوێ، چونکە خەڵکی ئەوێ نیت، دۆخەکەت زۆر بۆ زەحمەت دەکات. |
B.2 |
سەختترین بەشی ئەوەیە کە لەگەڵ کۆمەڵگە نوێیەکە خۆت بگونجێنیت، کولتووری ئەو شوێنەی لێوەی هاتبووم جیاواز بوو لەگەڵ کۆمەڵگە نوێیەکە، بۆیە تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێ بە کولتوور و داب و نەریتی جیاواز بەڕای من قورسترین بەشی کۆچکردنەکەم بوو. |
C.3 |
لەبەرئەوەی خێزانەکەم پاڵپشتم بوو لە ڕووی پەیوەندییەکانم نەک هیچ کاریگەری نەرێنی نەبوو، بەڵکو کاریگەری ئەرێنی هەبوو و زیاتر خۆشەویستیان بۆم هەبوو کە کەسێکم دەتوانم لەسەر پێی خۆم بم و تەحەمولی ژیانی تەنیایی بکەم و بەرپرسیارێتی نوێ و زیاتر هەڵبگرم. |
D.4 |
چوون بۆ شوێنێکی پیرۆز لای کۆمەڵگە هاتووم بۆیە خۆشەویست بووم و جێگەی شانازی بووم و چاوەڕوانیەکانیان هەر لەم سۆنگەیەوە زیاتر دەبوو بەرامبەر ئەرکەکانی من لە ڕێگە و جێگەدا کە دەبێ سەدی خۆم بۆم ئەم ڕێگە تەرخان بکەم و لە لای ئەوانیش باس و پرسی پەیوەندیدار بە کوردایەتی و کوردبوون، ئەگەر جاران زۆر سنووردار تر و کەمتر بوو ئەمجارە ئیتر هەر زۆر ڕاشکاوانە و ئاشکرا دەبوو. بەس چاوەڕوانییەکانی بنەماڵە و کۆمەڵگەی ئێمە تەنیا لەو چوارچێوەیەدایە و ئەگەر لەو چوارچێوە بترازێ ئەوا هەم بنەماڵە و هەم کۆمەڵگە خۆشەویستیان کەمڕەنگ دەبێتەوە بۆت. |
E.5 |
بەرپرسیارێتم زۆرتر بووە، لە بنەماڵەیەکی نەریتی بووم، پێویستە زۆر ئاگاداری هەنگاوەکانم بم بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی ئەوان نەبم. هەروەها چاوەڕوانییەکان زۆر بوون. |
F. 6 |
کۆچکردنی من لانی کەم ئەو کاریگەرییەی هەبوو، کە ئەو یاسا و ڕێسا قورسانەی لەکاتی من لەبنەماڵەم هەبوو یان نەمێنن یان بڕێک ئاسانتر ببنەوە، و دەرکەوتنی کەسایەتی من دوور لەوان دەری خست بۆ بنەماڵەم کەمن شتێکی هەڵەم نەویستوە و تەنها ڕوانگەم بۆ بابەتەکان جیاواز لەڕوانگەی ئەوان بووە و لەهەرکوێ بم و هەر ئایدۆلۆژیایەکم بێت بۆ ژیانی خۆم هەر کچی ئەوانم و ئەگەر نەبمە هۆکاری سەربەرزی بۆیان نابمە هۆکاری سەرشۆڕی و خەجاڵەت بۆیان، لەبەرئەوە هیچکات پەیوەندییان لەگەڵم ئەوندە ناکۆک و ناجۆر نەبووە کەبۆم جێگەی نیگەرانی بێت تەنها سەرەتاکانی هاتنم نەبێت بڕێک دڵگران بوون لێم. |
G.7 |
کەسێک کە کۆچ دەکات بەرپرسایەتی هەمووشتێک دەکەوێتە سەر شانی هەر ئەو بەرپرسیاریەتیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بنەماڵە چاوەڕوانیەکانیان لە جاران کە لە نێوماڵێکدا لەگەڵ ئەوان دەژیای بەرفراوانتر بێت، سەبارەت بە پەیوەندیش دەکەێتە سەر ئەو چوارچێوەی ئەو بنەماڵەیە، کە چۆن دەڕواننە پەیوەندی ڕاستە دوور بووم لە بنەماڵەم و کەم دەیانبینیم، بەڵام بەواتای کەمڕەنگ بوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامی خێزانەکەم نەبووە، دەتوانم بڵێم پەیوندییەکان و ئاگالێبوونەکان زیاتر بووە. |
دەتوانین بڵێن وەکو یاسای هەمیشەیی ژیان، کات هەموو شت تێپەر دەکات. کۆچکردنی ژنێک لە نێو کۆمەڵگەی کولتووری قبووڵکراو نییە، تەنانەت ئەگەر بنەماڵە زۆر تێگەیشتوو بن بە ڕاشکاوانە باس لە بابەتی کۆچی کچی بنەماڵەی ناکەن، بە تێپەربوونی کات و هێوربوونەوەی هەستیارییەکان ئەم تووندیە نامێنێت، کچ و ژنی کورد جاری دیکە ئەم ئەزموونەی لە ڕەدوو کەوتن بینیوە، کە کات تێپەر دەبێت، بنەماڵەی کچی ڕەدوو کەوتوو ڕەفتاریان لەگەڵی ئاسایی دەبێتەوە.
حەوتەم: لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەستەمترین بەش لە دەستپێکردنەوەی ژیان دوای کۆچکردن چی بووە و چۆن ڕووبەڕووی ئەو دۆخە نوێیە بوونەتەوە؟ وەڵامەکان بەم شێوەیە بوو کە لە خشتەی ژمارە (٧) خراوەتەڕوو:
کۆد |
وەڵام |
A.1 |
تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە، ڕاهاتن لەگەڵ کولتووری نوێ و… چونکە هیچ شتێک لە ژیانتدا وەک خۆی نامێنێت و دەبێ وەک منداڵێک سەر لە نوێ دەسپێبکەی. ڕۆژانە دوای شەڕێکی دەروونی و دوای ئەوەی کە دەزانی مەجبوری و ژیانت لە دۆخی ئاسایی بۆتە خۆت ئارام دەکەیتەوە. بە موتاڵعەیەکی زۆریش لەسەر خۆم کار کرد. کە دۆخەکەی قبوڵ بکەیت و لەگەڵ واقعیەتی ژیان ڕووبەڕوو بیت زۆر شت ئیتر بۆت ئاسانتر دەبێ. |
B.2 |
خۆ گونجان لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێ سەختترین شتە. هەروەها دوورکەوتنەوە لە خزم و کەست زۆر ناخۆشە |
C.3 |
ئەوەیە کە بەرپرسیارێتی هەموو شت لە ئەستۆی خۆتە. |
D.4 |
ئاشنابوون بە شوێن و خەڵکانێکی تر و جوگرافیایەکی تر خۆی زۆر قورسە بەتایبەت کە سەرەتاکان نائاشنای بە تاکەکانیش، ئەوانیش لەبەر کچ بوونت هەر لە بیری نزیکبوونەوەن بە مەبەستی سێکسی یا هەر شتێکی لەو بابەتانە و هیچ کەسێک بە مانای ڕاستی پشتیوانت نییە و هەر کەس لەبەر مەنفەعەتێک نزیکت دەبێتەوە و لێرەدا کچێکی کەم تەمەنی دنیا نەدیوی بێ ئەزموون ئیتر سەرەتای قوورساییەکانی ژیانییەتی، کە چۆن بەرگری لە خۆی بکات لەم چوارچێوەدا. |
E.5 |
بەردەوام نیگەران بوون لەوەی نەکا توشی کێشەیەک بم. هەروەها خۆگونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێ. هەوڵم داوە ژنانی سەرکەوتوو چیرۆکەکانی سەرکەوتنیان بکەمە بنەمایەک بۆ فێربوون لەوان و هەوڵ بدەم منیش وەک ئەوانە سەرکەوتوو بم و خۆم لە ئاستی بەرزتر ببینمەوە. |
F. 6 |
ڕاستییەکەی ئەستەمترین بەش بۆمن نەگەڕانەوەم و نەبینینی دووبارەی شارەکەم و کەسوکارم بوو، بەڵام سەرەتا خۆشەویستی و ئەوینم بۆ هاوژینەکەم وای کرد بڕێک ئاسانتر وەریبگرم و بۆشایی هەموو نەبوونییەکانی بۆ پڕ کردمەوە و دواتریش چەرمەسەری ڕەزالەت و نەهامەتییەکانی ناو ژیانم هەر نەیهێشت بیر لە شارو بنەماڵە بکەمەوە. |
G.7 |
ئەستەمترین بەش لە دوای کۆچکردنم خۆ گونجاندنم بوو لەتەمەنێکی کەمدا کە ڕووبەڕووی کێشە دەبوومەوە هەرخۆم بوو چۆنیەتی مامەڵەم لەگەڵ بابەتەکان نەدەزانی هەر بۆیە خەساری زۆر هەبوو بەهۆی بێ ئەزموونی و تەمەنی کەم، بەڵام هەموو ڕۆژە سەختەکان فێربوونی خۆی تێدا بوو بەشێک بوو لەو ڕێگەیە. بەڕێوەبردنی سەختییەکان دەگەڕاوە سەر باگراوندێک کە من سەبارەت بەشۆڕش لە مێشکمدا سازم کردبوو، هەر لە نێوەکەیدا دیار بوو بۆیە دەبووایە شۆڕشگێڕانە لەگەڵ کێشەکان بدوێم هیوای خۆمم قەت لەدەستنەدەدا هەوڵم دەدا هەمووکات بیرۆکەی نێگەتیڤ لە مێشکم دەربکەم تا بتوانم مودیرەیەتی حاڵەتێکی نائاسایی بکەم . |
ئامانجی سێیەم: زانینی چۆنیەتی ئەو میکانیزم و شێوازانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی لە میانی کۆچکردنی ڕووبەڕووی لێتوێژراوان دەبێتەوە:
یەکەم: پرسیار کرا لە لێتوێژراوان ئەگەر کات بگەڕێتە دواوە، دوبارە هەمان بڕیار دەدەیتەوە؟ وەڵامەکان لە خشتەی ژمارە (٨) خراوەتەڕوو:
کۆد |
وەڵام |
A.1 |
مرۆڤی ناچار بژاردەی تری لەبەردەست نییە. لە پێش هەموو شتێکدا مرۆڤ پێویستی بە کەرامەتە. هیچ مرۆڤێک لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی کەرامەتی نییە. بەڵێ هەمان بڕیار دەدەم، چونکە ناتوانم لە ڕۆژهەڵات بژیم و بێدەنگ بم کە بێدەنگیش نەبی ئیتر خۆتان دەزانن کە کۆماری ئیسلامیی چی بەسەر ئەوان دەهێنێت. |
B.2 |
ئەو کاتەی کە تازە کۆچم کردبوو دەموت خۆزگە قەد قەد ئەو بڕیارەم نەدابایە، بەڵام ئێستا کە توانیومە خۆم بگونجێنم و بەسەر سەختییەکانی ژیان زاڵ بووم، بەتایبەتی کە دۆخی ئابووری ئێران دەبین بەتایبەتی لەبەر لایەنی ئابووری بەڵی هەمان بڕیارم دەدا. |
C.3 |
بە دڵنیاییەوە هەمان بڕیار دەدەم. |
D.4 |
زۆر جار ئەم پرسیارە لە خۆم دەکەم یا لێم دەکەن، بەڵام هەمیشە دەڵێم بە دڵنیاییەوە سەرەڕای ئەوەی کە ڕەنج و ژانێکی یەکجار زۆرم بینی چ لە ڕێگەی هاتنمدا و چ لە پرۆسەی ژیانی ئێرەدا و ئێستاش هەر سێبەری تاریکی ئەو دەرد و ڕەنجانە بەسەرمەوەیە، بەڵام دیسان ئەو ڕێگە هەڵدەبژێرمەوە و ئەوەم پێ باشترە تا مانەوە لە کۆمەڵگەیەکی ژن خەسێن و درۆزن و بیر تەسک و داپڵۆسێنەردا. |
E.5 |
ناچار بووم ئەو بڕیارە بدەم، خۆزگە دۆخەکە بەو شێوەیە نەدەبوو. ئەگەرچی لە ڕووی ناچاری بوو، بەڵام پەشیمان نیم. |
F. 6 |
بەڵێ بە دڵنیاییەوە بێ دوودڵی هەمان بڕیار دەدەمەوە و هەمان ڕێگە دەپێوم. |
G.7 |
بەدڵنیایەوە ئەگەر بگەڕێمەوە دواوە دیسان بڕیاری کۆچکردنم دەدەم، ڕاستە کێشە هەبووە، بەڵام بڕیاڕێک بووە کە ژیانێکی پڕ لە ئەزموون و فێربوون و بەهێزبوونی فێری من کرد بەهەموو کەم و کووڕی و سەختییەکانەوە دیسان لەسەر بڕیاری خۆمم. |
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت لێتوێژراوان پەشیمان نین لەو بڕیارەی داویانە و سەرەڕای ناچاربوون، بەڵام بڕیارەکەیان بەلاوە دروستبووە. ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ڕزگاربوون لە دۆخی ناهەمواری ڕابردوو و هەوڵدان و سەرکەوتوو بوون لە دۆخی نوێ.
دووەم: وەڵامی لێتوێژراوان سەبارەت بەوەی چۆن مامەڵەت لەگەڵ ئەو گەشارە سۆزداری و دەروونیانەدا کردووە کە لەگەڵ کۆچکردندا ڕووبەڕووت بوونەتەوە لە خشتەی ژمارە (٨) خرراوەتەڕوو:
کۆد |
وەڵام |
A.1 |
زۆر قورسە وەڵامەکان. چونکە لەمێژبوو گوێم لەناخی خۆم نەگرتبوو. ڕووبەڕووبووەنەکە دەزانی چۆنە؟ فێر دەبیت لەگەڵی ڕا بێیت. برینداری بەڵام برینەکە تا نەتکۆژێ تۆ نامری. هەمیشە هەوڵم داوە لەگەڵ خۆم سەڕرای هەموو سەختیەکانی پەنابەریتی باش و نەرم و نیان بم. خۆم دەرک بکەم و کات بەخۆم بدەم. لە ئاوارەبۆنە کە هێشتا خۆتت نەدۆزیتەوە و هەر لەگەڕان بەدوای خۆتدایت هەر هەستێکی سۆزداری سەرکۆت دەکەیت. |
B.2 |
بە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ بنەماڵەکەم کۆچم کردبوو، بەتایبەتی لە ڕووی سۆزداری بۆ خێزانەکەم زۆر سەخت نەبوو، بەڵام دووربوون لە هاوڕێیەکانم زۆر ئازاری دەدام. بەڕاستی سەرەتای کۆچکردنم نەبوونی هاوڕێ کچ بوو و بۆیە ناچار بووم بچمە لای ڕاوێژکاری دەروونی |
C.3 |
هەوڵم دەدا زۆر خۆم بە ئیشکردنەوە مەشغوڵ بکەم تا بیر لە شتەکان نەکەمەوە و بەو شێوەیە هەستەکانی خۆمم سەرکوت دەکرد. دەنا زۆرجار دڵتەنگ دەبووم، بەڵام هەوڵم دەدا بەسەر ئەو هەستانەم زاڵ ببم. |
D.4 |
هیچ کات ئەو بەشی سۆزداری و بێ کەسییە پێناسە ناکرێ بە تەواوی و هەمیشە وەک بەشێکی ناتەواوی ژیانت بە دواتەوەیە، بەڵام لە پێناو خەونێکی گەورەتردا ناچاری کۆمەڵێک خەمی تر تا کۆتایی ژیانت لەگەڵ خۆت هەڵگری. |
E.5 |
|
F. 6 |
هەبوون و بینینی ڕۆژ بەڕۆژ و سات بەساتی کوڕەکەم سەرەکیترین هۆکاری زاڵ بوون بەسەر ئەو هەستە تاڵەیەدا بووە و دواتر بەهێزبوونی خۆم و بەرنامەکانی مێشکم بۆ داهاتوی کوڕەکەم!… تازە ئەوەی کەڕۆی لەدەستچوو، هەوڵ دەدەم بۆ داهاتوم ڕەنج بکێشم کە بەفیڕۆی نەدەم. |
G.7 |
کاتێک ڕووبەڕوی گوشارێکی دەروونیی دەبیت، چۆنیەتی مامەڵە کردن زۆر سەختە، زۆرجار نەمدەزانی چ بکەم، بەڵام لەکاتی ئاوارەبووندا بوونی کەسانی باش وەک بنەماڵە و هاوڕێ؛ بوونە
هیوایەک بۆم تا ئەوەی کە بتوانم لەگەڵ ئەو حاڵەتە غەریبە وەک ئاوارەیی ڕابێم و خۆشم باوەڕم وابوو کە تێدەپەڕێ . |
سێیەم: ئامۆژگاری چی دەکەیت بۆ ئەو ژنانەی تر کە بیر لە کۆچکردن دەکەنەوە یان ڕووبەڕووی ئاوارەبوون دەبنەوە؟ چ وانەیەک لە ئەزموونەکەت یارمەتیدەر دەبێت بۆیان؟
کۆد |
وەڵام |
A.1 |
کەسەک کە ناچارە ناتوانی هیچی پێ بڵێیت، چونکە لە پێش هەموو شتێک گیانی مرۆڤ گرنگە و لە ناچاری ئەم ڕێی دەگرێتە بەر. ئارام بن، خۆتان خۆش بوێ و لەگەڵ خۆتان زیاتر لەگەڵ هەموو کەسێک میهرەبانتر بن. مەهێڵن تەنیایی بەچۆکتان بێنێ و بەدوای ئامانجەکانتان برۆن و ئێوە زۆر بەهێزن. |
B.2 |
دەبێت کەسەکە لەخۆی ڕا ببینێ کە بتوانێ بەرگەی ئازارەکان بگرێت، بەتایبەتی ژیان کردن لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپرسیارێتیت دوو بەرابەرە. هەموو شتێکت لەسەر خۆتە باری دروونی و ئابووری. بۆیە دەبێت زۆر بەهێز بیت. |
C.3 |
تا ئەو جێگەیەی دەتوانن پیشەیەک فێر ببن و بتوانن لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بن، چونکە خاڵی ئەساسییە بۆ سەرکەوتوو بوون. |
D.4 |
بێ گومان هیچ بنەماڵەیەک وەک یەک نین، بەڵام بەڕاستی ئەوانەی کە بەربەستێکی زۆر لە بەردەمیان نییە و ئاسان تر دەتوانن سەربەخۆ بن لە ژیانیان و بڕیارەکانیان زۆر لە بیری کۆچکردن بەو ڕێگە سەخت و جوبران نەکراوە و کۆمەڵێک بژاردەی باشتر لە بەردەستیانە، بەڵام بۆ کەسانی تر کە ژیانیان لەو کۆمەڵگە هیچ جێگەی خۆشی و ئارامی نییە، پێموایە باشترین بژاردە هەر ئەم شێوە کۆچەیە بەو مەبەستەی بتوانن بە بێ دەستی زۆرەملێی بنەماڵە و کۆمەڵگە و یاسای باو، ژیانێکی نوێ و هەلی فێربوونێ ئەزموون بکەن. |
E.5 |
|
F. 6 |
١٠-هیچ تێبینییەکم نییە، چونکە لەوانەیە هەرکەسەو بەرنامەیەکی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ کۆچکردن و لەوانەیە کوچکردنی هەموو کەس وەک هی من دژوار و قورس لەسەریان ڕانەوەستێت و شانسی ژیانیان لە شانسی ژیانی من باشتربێت، بەڵام بۆ ئەوانەی بارودۆخیان وەک من وایە پێیان دەڵێم هەر هەنگاوێک کە بەرەو پێش داتاننا مەیگەڕێننەوە بۆ دواوە و بێ دودڵی هەنگاوەکانتان و ڕێگەی هەنگاوەکانتان هەڵبژێرن، پێیان دەڵێم سەربەستی و خۆ بوون چێژێکی تێدایە کەلە دەوڵەمەندترین کۆیلایەتییەکاندا نییە جا کۆیلەی باوک و دایک و برابیت یان کۆیلەی مێرد یان کۆیلەی پارە یان هەرچیتر، بۆ جارێک سەربەستی تاقی بکەنەوە و تام و چێژی ژیان بکەن تەنانەت بە نەهامەتی. |
G.7 |
کۆچکردن و ئاوارەیی دوو ئامۆژگاری جیاواز دەگرێتە خۆی ،ژنێک کە دەیەوێ کۆچ بکات دەبێ خۆی بۆ هەموو بەربەستێک ئامادە بکات، ڕیسکی کۆچکردنەکە بگرێتە ئەستۆ ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر سەقامگیری بڕیارەکەی.
بۆ کەسێکیش کە ئاوارەیە ئامۆژگاریم ئەوەیە کە هیوای خۆی لەدەس نەدا باوەڕێ وابێ کە ئاوارەبوون قۆناغێکی سەختە لە ژیانی بەڵام تا سەر نییە کاتییە چون لە کاتی ئاوارەیدا هەستەکان وان کە هەمووشتەکان بەڕەش دەبینی، بەڵام دەکرێ بگۆڕدرێ .
من وەک خۆم بە پێی ئەزموونێک کە هەمبووە باوەڕم وایە کۆڵنەدەربوون و بوونی ئومێد و هیوا دەتوانێ هەموو ئاستەنگێک ببەزێنێ و بەسەر هەموو بارودوخێکدا زاڵت بکات. |
دەرئەنجامەکان:
لە میانی ئەو زانیارییانەی کە لە میانی چاوپێکەوتنەکان کۆکرایەوە سەبارەت بە ئەزموونە جێندەرییەکانی کۆچکردنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توێژەران بە چەند خاڵێک دەرئەنجامەکان بەم شێوەیە دەخەنەڕوو:
- گوشاری سیاسی و یاسایی: ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی ستەمێکی سیاسی و هەڵاواردنی یاسایی بەرچاو دەبنەوە، ئەمەش پاڵنەری هەندێکیان بۆ کۆچکردن و گەڕان بەدوای ئازادییە کەسی و سیاسییەکان.
- دۆخی ئابووری: نەبوونی دەرفەتی ئابووری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران پاڵ بە زۆرێک لە ژنانەوە دەنێت کە کۆچ بکەن بۆ ئەو ناوچانەی کە ئاسۆی کار و سەقامگیری داهاتیان باشترە.
- هۆکاری کۆمەڵایەتی و کولتووری: چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، بە هۆی نەریتی بوونی کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەتی لەسەر بنەمای جێندەری وایکردووە کۆت و بەندەکان بۆ سەر ژنان بەتایبەتی زیاتر بێت. ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی زۆرێک لە ژنان کۆچ بکەن و هەوڵ بدەن خۆیان لە ژینگەیەکدا ببیننەوە کە بتوانن زیاتر ئەزموونی سەربەخۆیی و یەکسانی بکەن.
- هۆکارە پەروەردەییەکان: لە میانی چاوپێکەوتنی لێتوێژەراوان بۆمان دەردەکەوێت کە هۆکاری پەروەردەیی نەبۆتە هۆی کۆچکردن و کۆچکردنەکەیان لەسەر بنەمای ئەوە نەبووە کە بیانەوێت کە دەرفەتی باشتری خوێندن بە دەست بێنن.
سەرچاوەکان:
UNHCR (2020). Global Trends: Forced Displacement in 2020. United Nations High Commissioner for Refugees, https://www.unhcr.org/dach/inc/uploads/sites/27/2022/06/UNHCR-global-trends-report_2020.pdf
King, R. (2012). Theories and Typologies of Migration: An Overview and a Primer. Malmö University, Available at this link: file:///C:/Users/TechLine/Downloads/WB3.12.pdf
Massey, D. S., Arango, J., Hugo, G., Kouaouci, A., Pellegrino, A., & Taylor, J. E. (1993). Theories of International Migration: A Review and Appraisal. Population and Development Review, 19(3), 431–466. https://doi.org/10.2307/2938462
Castles, Stephen (2003), Towards a Sociology of Forced Migration and Social Transformation, Published in Sociology, 37(1), 13-34.
– Castles, S., de Haas, H., & Miller, M. J. (2014). The Age of Migration: International Population Movements in the Modern World (5th ed.). Palgrave Macmillan.
International Organization for Migration (IOM). (2019). *Glossary on Migration*. IOM. Available at this link: https://publications.iom.int/books/international-migration-law-ndeg34-glossary-migration
یساقی، فاطمە پاسندی و علمی، زهرا (٢٠٢٣) بررسی عوامل مؤثر بر مهاجرت زنان از ایران با تأکید بر شاخص فلاکت و کنترل فساد، مجلە اقتصاد باثبات، ٥ (٢)، صص ٩٣-١٢١.
“<2938462.pdf>.”
[1] . یساقی، فاطمە پاسندی و علمی، زهرا (٢٠٢٣) بررسی عوامل مؤثر بر مهاجرت زنان از ایران با تأکید بر شاخص فلاکت و کنترل فساد، مجلە اقتصاد باثبات، ٥ (٢)، صص ٩٣-١٢١.
[2] . King, R. (2012). Theories and Typologies of Migration: An Overview and a Primer. Malmö University, Available at this link: file:///C:/Users/TechLine/Downloads/WB3.12.pdf
[3] . King, R. (2012). Theories and Typologies of Migration: An Overview and a Primer. Malmö University, Available at this link: file:///C:/Users/TechLine/Downloads/WB3.12.pdf
[4] . Castles, S., de Haas, H., & Miller, M. J. (2014). The Age of Migration: International Population Movements in the Modern World (5th ed.). Palgrave Macmillan.
[5] . BUSSO, M., CHAUVIN, J. P. & HERRERA L, N. 2021. Rural-urban migration at high urbanization levels. Regional Science and Urban Economics, 91, 103658.
[6] . Massey, D. S., Arango, J., Hugo, G., Kouaouci, A., Pellegrino, A., & Taylor, J. E. (1993). Theories of International Migration: A Review and Appraisal. Population and Development Review, 19(3), 431–466. https://doi.org/10.2307/2938462
[7] . یساقی، فاطمە پاسندی و علمی، زهرا (٢٠٢٣) بررسی عوامل مؤثر بر مهاجرت زنان از ایران با تأکید بر شاخص فلاکت و کنترل فساد، مجلە اقتصاد باثبات، ٥ (٢)، صص ٩٣-١٢١.
[8] . King, R. (2012). Theories and Typologies of Migration: An Overview and a Primer. Malmö University, Available at this link: file:///C:/Users/TechLine/Downloads/WB3.12.pdf
[9] . UNHCR (2020). Global Trends: Forced Displacement in 2020. United Nations High Commissioner for Refugees, https://www.unhcr.org/dach/inc/uploads/sites/27/2022/06/UNHCR-global-trends-report_2020.pdf
[10] . Castles, Stephen (2003), Towards a Sociology of Forced Migration and Social Transformation, Published in Sociology, 37(1), 13-34.