پەیوەندیی میدیا و ئاسایشی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستاندا (ئەرک، ئاڵنگاری، ستراتیژ)
د. عەبدولخالق ئیبراهیم مستەفا/ پسپۆڕ لە میدیای سیاسی
بەرایی
پەیوەندیی نێوان میدیا و ئاسایشی نیشتمانی هەمیشە جێگەی مشتومڕ و سەرچاوەی نیگەرانی بووە، خوڵقاندنی زەمینەیەكی پتەو بۆ پەیوەندییەكی تەندروست لە نێوانیان یەكێكە لەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی دامەزراوە باڵاكانی سیاسەت و یاسادانان و ڕاپەڕاندن دەبێتەوە لە هەر دەوڵەتێكدا، بە تایبەت لە سایەی هەڵكشانی ململانێ نێوەخۆی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكاندا. لەگەڵ فراوانبوونی پانتایی شۆڕشی تەكنەلۆژیا و هاتنەئارای میدیای دیجیتاڵیدا، جیهان بووەتە خانوویەكی شووشەیی ئەوتۆ كە هیچ بەربەستێكی شوێن و كات لە نێوان ژوور و بەشەكانی ئەو خانووەدا نەماوە. میدیا بە هەموو چەشنە جیاوازەكانیەوە؛ سەرچاوەیەكی سەرەكیی زانیاری، فاكتەرێكی گرنگی پێكهێنانی هۆشیاری و مەعریفە، بەرهەمهێنانی وێنا و واتا هەروەها بنیاتانی كەسێتیی تاک و ئێستا و ئایندەی كۆمەڵگەیە، پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە. هەرێمی كوردستان لە نێوجەرگەی ئەو گۆڕانكاری و ململانێیانەدایە كە ناوچەكە و جیهان بەخۆیانەوە دەیبینن، ئەوەی دەبینرێ سەرباری بوونی دامەزراوەی باڵای فەرمی لە پەیكەری دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، لێ كوردستان بەدەست ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری و دابەشبوونی ناڕاستەوخۆی جوگرافی و ئیداری گیرۆدەیە، ئەمەش وا دەكات باسكردن لە پەیوەندیی میدیا و ئاسایشی نیشتمانی هێندەی تر بەهادارتر و هەستیارتر بێت.
ئاسایشی نیشتمانی له یاسا بەركارەكانی میدیا لە ههرێمی كوردستاندا
له یاسای ڕۆژنامهگهریی كوردستان ژماره (35)ی ساڵی (2007)، به شێوهیهكی خێرا و به بهكارهێنانی دهستهواژهی گشتگیر و ناڕوون ئاماژهی به چهمكی ئاسایشی نهتهوهیی كردووه. وهک دهبینین له بڕگهی دووهمی مادهی دووهمی یاساكهدا باس لهوه دهكات نابێ ئهو زانیارییانهی پهیوهندییان به ئاسایشی ههرێمهوه ههیه ڕێگه به دهستخستن و بڵاوكردنهوهیان بدرێت. وهک له یاساكهدا هاتووه: “ڕۆژنامهگهر بۆی ههیه ئهو زانیارییانه وهربگرێت له سهرچاوهی جیاواز كه گرنگ بن بۆ هاوڵاتییان و پهیوهندیدارن به بهرژهوهندیی گشتی، ئهگهر پهیوهندیی به ئاسایشی ههرێمهوه نهبێ”.
ئهم ههڵاوێركردنهی له یاساكەدا هاتووه به هیچ شێوهیەک ڕوون نهكراوهتهوه، كه مهبهست له ئاسایشی ههرێم (ئهگهر بڵێین له ڕووی ماناوه له ئاسایشی نیشتمانییهوه نزیكه) چییه و ئهو بوار و بابهت و زانیارییانه چین كه زیان به ئاسایشی ههرێم دهگهیهنن و نابێت ئاشكرا بكرێن.
ئهم كهموكوڕییهش له یاسای ڕۆژنامهگهریی ژماره (35)دا هاتووه، ههوڵی چارهسهركردنی دراوه له یاسای مافی دهستكهوتنی زانیاری له ههرێمی كوردستان-عێراق، ژماره (11)ی ساڵی (2013)، ئهو بوار و بابهتانهی ئاماژه پێ كردووه كه ئاسایشی ههرێم دهیگرێتهوه. له بڕگهی دووهمی مادهی چواردەیەمی یاسای مافی دهستكهوتنی زانیاریدا هاتووه:
دامودهزگای گشتی یان تایبهتی مافی ههیه لهم حاڵهتانهی خوارهوەدا مافی داواكاریی زانیاری ڕهت بكاتهوه:
- نهێنیی تایبهت به بهرگری و ئاسایشی ههرێم (وردهكاریی چهک و پێداویستییه سهربازییهكان، ئهركه نهێنییه سهربازی و ئاسایشییهكان، جووڵه و تهكتیكی بهرگری و زانیاریی ههواڵگری).
- ئهو زانیارییانهی كه وا بڵاوكردنهوهیان دهبێته هۆی كارتێكردن له ڕێڕهوی ئهو دانووستانانهی كه وا ههرێم لهگهڵ ههر لایهنێكی تر دهیكات، یان له سهر گۆڕینهوهی زانیارییهكان ئهگهر ههردوو لا له سهر نهێنیبوونی ڕێک كهوتن تاوهكوو بڵاوكردنهوهی.
ئهو دوو خاڵهی سهرهوه بهشێک لهو لایهنه سهربازی و ئاسایش و سیاسییانه دیاری دهكات كه نابێت ئاشكرا بكرێن و بڵاو بكرێنهوه.
لهگهڵ ئهوهشدا ههندێک پێیان وایه ههڵاوێركراوهكانی نێو یاساكه ڕوون نین و زیاتر له لێكدانهوهیهک ههڵدهگرن و دهكرێ چهندین پاساوی بێبنهما له ژێریاندا جێگهی بكرێتهوه، به تایبهتی له سیستمێكدا كه هێشتا بهرگری و ئاسایش و پهیوهندییهكان له چوارچێوهی حیزبدا ڕێک دهخرێن نهک دهوڵهت(1)(2).
پەیوەندیی نێوان میدیا و ئاسایشی نیشتمانی
میدیا بە هەردوو فۆرمە كۆن و دیجیتاڵییەكەی، بەوە جیا دەكرێتەوە بە خێرایی و لە یەك كاتدا دەگاتە ژمارەیەكی زۆری جەماوەر، لە نێوان هەردووكیشیاندا ئەركەكانی میدیا هەروەكوو خۆیەتی و گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، ئەوەی گۆڕاوە زیاتر شێواز و چۆنایەتیی ئەنجامدانی ئەركەكانە، هەردووكیان زانیاری دەگەیەنن و هەواڵ بڵاو دەكەنەوە، چیرۆكەكان دەگێڕنەوە و ڕووداوەكان دەخەنە ڕوو، كار لە ڕای گشتی دەكەن و هۆشیاری پێک دێنن، بەهاكان دەچێنن و خولیا و ئارەزووەكان دەورووژێنن.
مەبەست لە ئاسایشی نیشتمانی؛ پاراستنی قەوارەی دەوڵەت و كۆمەڵگە و سەربەخۆییەكەیەتی، بەهێزكردنی توانایان لە جێبەجێكردنی ئەركە گرنگ و ستراتیژییەكان، زەمینەسازكردن بۆ ئەو بارودۆخانەی یارمەتیدەرن بۆ بەردەوامبوونی ژیان و گەشەسەندنی، دواتر وەبەرهێنان لە سەرچاوە مرۆیی و ئابوورییەكان، بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی، پارێزگاریكردن لە یەكگرتوویی پێكهاتەی نیشتمانی، بەهێزكردنی یەكانگیریی كۆمەڵایەتی، ئەمانە هێڵی گشتی و سەرەكین كاتێک بمانەوێ پرس و ئامانجەكانی ئەو چەمكە دیاری بكەین.
لە بەر ئەوە میدیا خۆی لە بەرامبەر پرسی ئاسایشی نیشتمانی و مامەڵەكردن لەگەڵیدا دەبینێتەوە، لە بەرامبەریشدا پرسی ئاسایش بەردەوام لە ژێر كاریگەری و هەژموونی میدیادایە، بەو پێیەی میدیا مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداو و قەیران و هەڕەشانە دەكات كە دەبنە سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و بە شێوازێكی دیاریكراو دەیگوازێتەوە بۆ هاوڵاتی. میدیا كۆدی ئەو ڕووداوانە دەكاتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە میدیا بنەماكانی ئاسایشی نیشتمانی و ڕەهەندەكانی لە هۆشیاریی تاكدا دەنەخشێنێت. لێرەشەوە ئەو پرسیارە دروست دەبێت: میدیا چ كاریگەرییەكی هەیە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی و چ ڕۆڵێكی هەیە لە پاراستنیدا؟
لە ڕاستیدا میدیا ژمارەیەكی بەهادارە لە پرسی ئاسایشی نیشتمانی و هاوكێشەكانی بنیاتنان و ڕەنگڕێژكردنیدا، هەروەک چۆن توخمێكی بایەخدارە لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا بە شێوەیەكی گشتی. لە ئاسایشی نیشتمانیدا میدیا كۆڵەكەیەكی سەرەكییە لە تەرازووی هێزی گشتگیری دەوڵەتدا. میدیای كارا و سەركەوتوو فاكتەری بەهێزبوون و زیادبوونی هێز و هەژموونی دەوڵەتە. لە هاوكێشەكانی سیستمی ئاسایشدا میدیا دەچێتە خانەی هەڕەشە و مەترسییەكان، لە هەمان كاتدا وەک یەكێک لە میكانیزم و كەرەستەكانی پاراستنی ئاسایش لەقەڵەم دەدرێت.
ئەمەش مانای وایە كاریگەرییەكانی میدیا لە پرسەكانی ئاسایشی نیشتمانی و ڕەهەندە جۆربەجۆرەكانی، ڕەنگە ئەرێنی بن یان نەرێنی. میدیا میكانیزمێكی باش و پێویستی پاراستنی ئاسایشە، ئەگەریش هەیە وەک شمشێرێک ئاڕاستەی بەشە لاوازەكەی جەستەی ئەو ئاسایشە بكرێت، نەخاسمە لە كاتی خراپ بەكارهێنانیدا. ئەم خراپ بەكارهێنانەش جگە لەوەی پەیوەستە بە كۆمەڵێک لایەنی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی و پیشەیی، بەڵام ئەوەی كۆدەنگیی لە سەرە ئەوەیە توانای میدیا لە هەڕەشەكردن لە ئاسایشی نیشتمانی كەمتر نییە لە توانای لە پاراستنیدا. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت میدیا ژمارەیەكی سادە و ئاسایی نییە لە هاوكێشەكانی ئاسایش، بەڵكوو بە هۆی ئەو دوالیزمەی ڕۆڵبینینەوە یەكێكە لە گرانترین و گەورەترین ژمارەكان(3).
لێرەدا پرسیار لەوە دەكەین: كەی میدیا دەبێتە میكانیزمێكی كارای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی؟ چ وەختێكیش دەبێتە سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشە بۆی؟ بە دەربڕێنێكی دیكە: ئەگەر باوەڕمان وا بێت “ناوچەی تەماس” لە نێوان میدیا و ئاسایشی نیشتمانیدا هەیە، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: میدیا چۆن ڕۆڵ دەبینێت لە پتەوكردنی بنەماكانی ئاسایشی نیشتمانی یان لاوازكردنی؟ چۆن پرسەكانی ئاسایشی نیشتمانی سەر دەخات و پاڵپشتیی لێ دەكات، چۆنیش دەبێتە خۆرەی بنەما و ڕەهەندەكانی و هۆكاری لاوازبوونی؟
ئەم توێژینەوەیە هەوڵێكی زانستییە بۆ دەرخستنی سروشتی پەیوەندیی نێوان میدیا و ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی یەكەم لە پاراستن و بەهێزكردنی، دواتر هەڵوەستەكردن لە سەر گرنگترین ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئەو ڕۆڵبینینە و ستراتیژەكانی كاركردنی ئایندەیی میدیا لە پێناو بەرجەستەكردنی ئەو ڕۆڵەی بە باشترین شێوە.
ئەوەی لەم توێژینەوەیەدا زیاتر سەرنجی خراوەتە سەر، میدیای ئەمنی و میدیای دیجیتاڵییە. لەو ڕوانگەیەی ئەو دوو چەشنە پەیوەندییەكی تایبەتیتریان لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانی هەیە و كەمتر لە سەر ئەم پەیوەندییە نووسراوە.
ميدياى ديجيتاڵی و ئاسایشی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستاندا
ئەو ڕایەڵ و ڕەهەندانەی بوونەتە بناغەی دروستبوونی پەیوەندیی نێوان میدیای دیجیتاڵی و ئاسایشی نیشتمانی، ئاڵۆز و بەیەكداچڕژاون. لێرەدا گرنگترین ئەو ڕەهەندانە دەخەینە ڕوو(4):
- میدیای دیجیتاڵی و جیهانی گریمانەیی؛ ڕووگە و پەناگەی تاک و گرووپە جیاوازەكانە، بە تایبەت لەو كاتەی دەرگاكانیان بە ڕوودا دادەخرێن لە جیهانی ڕاستیدا، فشار و سەختییەكانی ژیان زیاتر دەبن لە سەریان، بۆیە لە ئەگەری نەبوون و ڕێكنەخستنی ئەو جیهانە گریمانەییەدا و لە پاڵ تەشەنەكردنی ستەم و هەژاری و نەخوێندەواری، ئەگەرەكانی تێكشكان و داڕووخان لە سەر ئاستی تاک و كۆمەڵگە زیاتر و بەهێزتر دەبن.
- تێڕامان و وردبوونەوە لە دۆخی ئێستا، بەو پێیەی فەزای گریمانەیی ژمارەیەكی زۆر بەكارهێنەری لە دەوری خۆی كۆ كردووەتەوە و بە بەردەوامی پرس و مژاری هەمەچەشنی تێدا باس دەكرێ، لە بەر ئەوە ڕێگە بەوە دەدات لە دوورەوە لە واقیعی ئێستا ورد ببینەوە و لێی تێبگەین، بە واتایەكی دیكە: دەتوانین لە گۆشەیەكی دەرەكییەوە لە دۆخی ئێستا بڕوانین.
دۆزینەوە و درككردن و ئەزموونكردنی جیهانە گریمانەییە جۆربەجۆرەكان كە مرۆڤ ناتوانێت بەو ئاسانییە لە جیهانی ڕاستیدا دەستی پێ بگات، ئەو سیستمە گریمانەییانە بە میدیاشەوە، مرۆڤ بە پانتایی شوێن و كاتە جیاوازەكان دەگێڕن و دەستی دەگرن تا لە گۆشەی جیاوازەوە لە خۆی ورد بێتەوە، بەمەش ئەزموونی تاكەكەسی و مرۆییمان دەوڵەمەند دەكات و دەمانباتە ئاستێكی باڵاتر لەوەی ئێستا تێیدا قەتیس ماوین.
- ئەو جیهانە گریمانەییە بووەتە ئامراز و ناوەندێكی كارا و كاریگەری پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی، بەو مانایەی میدیای دیجیتاڵی چێوەیەكی نافەرمیی بۆ تاک فەراهەم هێناوە بۆ فێربوون و وەرگرتنی دابونەریت و بەهاكانی كۆمەڵگە و دیدگای بۆ ژینگەی دەوروبەری، هەروەک ئەو دامەزراوە نافەرمییە چێوەیەک دەخاتە بەردەست بۆ خۆڕاهێنانی تاک لە سەر ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانەی دەكەوێتە سەرشانی لە كۆمەڵگەدا. ئەو دامەزراوە نافەرمییانە چەشنی (چیرۆک و ئەفسانە، نوندن و شانۆ، یاریكردن… هتد)، ڕێگە دەدەن بە هەڵەكردن و دەرفەتی بەخۆداچوونەوە و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان، ئەم كارە لە كایە و شوێنە فەرمییەكاندا تێچووی زۆری دەوێت لە سەر تاک و دەوڵەت.
- ڕەخنەگرتن لە واقیع بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ، بە واتای پەنابردن بۆ بەكارهێنانی سیمبوڵ و هێما بۆ ناڕەزایی دەربڕین، ئەمەش دەبێتە پێویستییەكی حاشاهەڵنەگر، بە تایبەت لەو دەوڵەت و كۆمەڵگەیانەی ڕێگە بە ڕەخنەگرتنی ڕاستەوخۆ نادرێت.
- گۆڕینی واقیع لە ڕێگەی دەرخستن و بەرجەستەكردنی هەندێ گۆڕانكاری لە بەرگ و فۆرمی نوێدا. سیستەمە گریمانەییەكان لە ڕێگەی خستنەڕووی وێنا و چەمک و زاراوەی ئەوتۆ كە پێشتر نەبوون، زەمینەی گۆڕانكاریی گەورەیان خولقاندووە، ئەو كاریگەرییە بە ئاشكرا بەدی دەكرێ لە هەڵوێست و هەڵسوكەوتی تاک و گرووپەكان كاتێک ئەو چوارچێوانە دەگوازرێنەوە بۆ ئەرزی واقیع. چ لە سەر ئاستی خەیاڵ بێت لە ڕێگەی سەراوژووركردنی ئەو چەمكانەی هەن، یاخود لە ڕێگەی ئەو گۆڕانانەی لە بونیادی زماندا دروست دەكرێن بە ئومێدی گۆڕینی فیكر و واقیع.
ئهركی میدیا تهنها گهیاندنی زانیاری نییه له بارهی ڕووداوهكانی پهیوهست به ئاسایشهوه، بهڵكوو دەرفهتی ئهوهی لهبهردهسته كاریگهریی ههبێت له سهر ههستكردنی كۆمهڵگه به ئاسایش و ئاگاداربوونیان له ههڕهشه و گرفتهكان. یهكێک له شێوهكانی كارلێكی میدیا لهم بوارهدا، بریتییه له ئهنجامدانی ههڵمهتی میدیایی تایبهت به ئاسایش، كه چالاكیی جۆراوجۆری بهرنامهبۆداڕێژراو لهخۆی دهگرێت به مهبهستی كاریگهری نواندن له سهر زانین، ئاڕاسته و رهفتارهكانی پهیوهست به لایهنه جیاجیاكانی ئاسایش(5).
گرنگه لهم جۆره ههڵمهتانەدا تیشک بخرێته سهر ئامانجی ئهو پڕۆسانهی لهئارادان به مهبەستی ئاگاداركردن، باوهڕپێهێنان و هاندانی گۆڕانكاری له جهماوهرێكی زۆر كه به وردی دهستنیشان كراون، لێرهشدا دهبێت بڵێین ئهو ههڵمهتانهی له ڕێگهی میدیای دیجیتاڵییەوە دهكرێن به هۆی بوونی پانتاییهكی زۆر بۆ كارلێككردن، دهتوانێت پشتگیرییهكی بههێزی تاكهكان مسۆگهر بكات(6).
داڕشتنی نهخشهی ههر ههڵمهتێک به ههڵسهنگاندنێكی تیۆری دهست پێ دهكات بۆ دیاریكردنی دهرفهت و بهربهستهكان، ههروهها دیاریكردنی ئهو چینوتوێژانهی جهماوهر و ئهو ڕهفتار و ههڵسوكهوتانهی پێویسته كار له سهر گۆڕینیان بكرێت. ههنگاوی دووهم بریتی دهبێت له بهدواداچوونی ئهو ڕهفتارانه و ئهو فاكتهرانهی كاریگهرن بهسهریهوه، دوای ئهوه گهڵاڵهكردنی مۆدێلێک بۆ كاریگهری دروستكردن له سهریان له ڕێگهی سوودوهرگرتن له باوهڕ و ئاڕاسته باوهكان، كاریگهرییه كۆمهڵایهتییهكان و هێز و فاكتهره ژینگهییه جیاجیاكان(7).
له ههر ههڵمهتێكدا زانیاری ڕۆڵی سهرهكی دهبینێت له بهرزكردنهوهی ئاستی هۆشیاری و پێدانی ڕێنوێنیی پێویست، پهیامهكانی هۆشیاركردنهوه به شێوهیهكی تایبهت، به ساده و ساكاری به خهڵک دهڵێن دهبێ چی بكهن، دهستگرۆیی جهماوهر دهكات بهوهی كهی و له كوێ دهبێ بهرپرسیاریهتی و ئهركێكی دیاریكراو لهئهستۆ بگرن، تهنانهت پهیامه ڕووكهشهكانیش ڕهنگه هانی وهرگرهكان بدهن بۆ گهڕان بهدوای ناوهرۆكێكی دهوڵهمهند و قووڵتر له سهرچاوهی زانیاریی پێشكهوتووتر، وهک: پێگه ئهلكترۆنییهكان، كتێب و سهركردهكانی (8).
له ههڵمهتهكانی هۆشیاركردنهوهی جهماوهر به ئاسایشی نهتهوهیی، له پاڵ ئامرازه كۆنهكانی میدیا، دهكرێ پشت به میدیای دیجیتاڵی ببهسترێ، بهو پێیهی له ئێستادا ئاستی جهماوهریهتیی ئامرازه دیجیتاڵییەكان به شێوهیهكی خێرا زیاد دهكات، به تهنها بهكارهێنهرانی سۆشیالمیدیا له سهر ئاستی جیهان (5) ملیار كهسی تێپهڕاندووه، لهو ڕێژهیهش (4) ملیاریان له ڕێگهی مۆبایلهوه سۆشیالمیدیا بهكار دێنن(9).
له كاتی جهنگ و قهیراندا ئامرازهكانی میدیا كۆمهڵێک ئهركیان ههیه كه دهكرێ ههنگاوهكانی گهیشتن به چارهسهر خێرا و بههێزتر بكهن. له ههمان كاتدا دهبێ ئهوهمان لهبیر بێت میدیای هاوچهرخ، به تایبهتییش میدیای دیجیتاڵی، دهرفهتی مهزنی ڕهخساندووه بۆ ئاگاداركردنهوه و هۆشداریدان لهو قهیرانانهی ڕهنگه له داهاتوودا ڕوو بدهن، یان دهرفهتی ناردنی پهیامی ئاگاداركردنهوه بدهن به بهكارهێنهرانیان(10).
شێواز و ئامانج و ڕادهی كاریگهریی میدیا پهیوهسته به جۆری قهیرانهكان. پێناسهی زۆر بۆ قهیران كراوه، زۆربهیان سێ ڕهگهزی سهرهكی لهخۆ دهگرن، ئهوانیش: ئـ. ههڕهشه، ب. ڕوودانی لهناكاو، ت. ناڕوونی. به بهكارهێنانی ئهم ڕهگهزانه، دهكرێت مامهڵه لهگهڵ قهیراندا بكهین بهو پێیهی ههڕهشهیهكی ڕاستهقینهیه بۆ سهر پێكهاته و بهها سهرهكییهكانی كۆمهڵگه كه له ژێر فشاری كات و گوماندایه و پێویستی به بڕیاری یهكلاكهرهوهیه. لێرهدا كاری میدیا دهبێته پێویستییهكی گهوره، بهو پێیهی ئامرازێكی گرنگی كۆكردنهوهی زانیاری و ڕاستییهكانه له بارهی هۆكار و دهرهنجامهكانی ئهو قهیرانه(11).
ئهركی ههره لهپێشی میدیا بریتییه له گهیاندنی ههواڵ و زانیاری، دواتر سهرنجدان و وێناكردنی ههڕهشه چاوهڕوانكراوهكان بۆ جهماوهر، بۆیه دهبێت میدیا كار له سهر زانیارییه كردهییهكان بكات له بریی زیادكردنی ئاستی دڵهڕاوكێی جهماوهر، جگه لهوهش میدیا دهتوانێت ببێته سهكۆیهكی گرنگی گفتوگۆكردن له سهر ئاستی سیاسی و ئهكادیمی و جهماوهری لهمهڕ رهههندهكانی قهیرانهكه(12).
بە داخەوە، ئهوهی له سهر ئهرزی واقیع دهبینرێ سهبارهت به پراكتیزهكردنی كاری میدیا لە هەرێمی كوردستاندا، زۆربەی جار لهگهڵ ئهو بنهمایانهی سهرهوه یهک ناگرێتهوه به هۆی ههژموونی سیاسی یان ئابووری له سهر دامەزراوەكانی میدیا كه دهبێته ڕێگر لهوهی خهمی سهرهكییان گهیاندنی ههواڵ و زانیاریی ڕاست و دروست بێت و لهو ڕێگهیهوه كار له سهر بهرزكردنهوهی ئاستی هۆشیاریی خهڵک بكهن.
ئەمە وا دەكات میدیا لە كوردستان لە دەرەوەی هاوكێشەی ئاسایشی نیشتمانی بێت، تەنها لەو گۆشەنیگایەوە سەیری بكرێت نەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بەڵكوو پانتاییەكی فراوان هەیە بۆ ئەوەی بكرێ بە یەكێک لە فاكتەرەكانی پاراستن و بەهێزكردنی، لێ هەست بە بۆشاییەكی گەورە و خەتەرناک دەكرێ لە بوونی چێوە و ستراتیژ و ئاڕاستەكردنی ئەرک و فەلسەفەی كاری میدیا لە هەرێمی كوردستاندا.
ئەرکەکانی میدیای ئەمنی لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی كوردستاندا
بۆ ئەوەی میدیای ئەمنی وەک هەنگاوی یەكەم ببێتە بەشێک لەو هاوكێشەیە، پێویست دەكات زەمینەیەكی باش بۆ متمانەی دوو لایەنە فەراهەم بكرێ بۆ ئەوەی میدیا لە دۆخێكی تەندروستدا ئەو ئەركانەی خوارەوە جێبەجێ بكات. بەر لە هەموو شت پێویست دەكات چەمكی میدیای ئەمنی پێناسە بكەین. مەبەست لەو چەمكە بریتییە لە هەموو ناوەرۆكێكی میدیایی تایبەت بە بابەت و پرس و ڕووداوەكانی پەیوەست بە ئاسایش، جا ئەو ناوەرۆكە لە میدیایەكی گشتی بێت یان میدیایەک تایبەتمەند بێت بە پسپۆڕی و دامەزراوەیەكی ئاسایش.
قسەكردن لە سەر ئەركەكانی میدیای ئەمنی بایەخی زۆری هەیە لە دیاریكردنی نەخشەڕێگەی ئەو پەیوەندییە خوازراوەی دەبێت لە نێوان كایەی میدیا و ئاسایشی نیشتمانیدا هەبێت:
- میدیا وێنەیەکی هزریی ئەرێنی لای هاوڵاتییان دروست دەکات سەبارەت بە كایە و دامەزراوە باڵاكانی هەرێم و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی كە دامەزراوەكانی دەوڵەت بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتیی سەرجەم تاک و پێكهاتەكانی كۆمەڵگە كار دەكەن.
- کار لە سەر پەرەپێدانی ڕۆحی بەشداریکردن و پەیوەندیی نێوان كایە و دامەزراوەكانی هەرێم و خەڵک دەکات، لە سەر ئەو بنەمایەی کە گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری پێویستی بە هەوڵی یەکگرتووی هەمووان هەیە. پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ هەموو تاكێكی كۆمەڵگە.
- میدیا ڕۆژانە دەیتا و زانیاریی گرنگ پێشكەش بە خەڵک و حكومەت دەكات سەبارەت بە پرس و مژارە گرنگ و هەستیارەكان، كە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ئاسایشی نیشتمانییەوە.
- ڕووماڵی میدیایی هەموو ئەو ڕووداوانەی پەیوەستن بە پێشهات و دۆسیەكانی ئاسایش.
- ناساندنی ئەو چالاکییە جۆراوجۆرانەی کە لە لایەن كایە و دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە پێشکەش دەکرێن کە دەکەونە چوارچێوەی خزمەتگوزارییە فەرمییەکانی حکومەت کە هاوڵاتییان پێویستیان پێیەتی و ڕێکارە پێویستەکان بۆ هاوڵاتییان بۆ بەدەستهێنانی ئەو خزمەتگوزارییانە ڕوون بکەنەوە.
- هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە هەموو شت و پێشهاتێکی نوێی بواری پرسە ئەمنییەکان و پاڵنەرەکانیان و شێوازەکانی چارەسەرکردنیان و ئەو ڕۆڵە گرنگەی دەیبینن بۆ گەیشتن بە ئاسایش و هەوڵدان بۆ چاندنی چەمکەكانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی تیایدا و پاراستنیان لە هەڵەکردن، بە شێوەیەک پشتگیری بکات لە پەیوەندیی هاوکاریی نێوان ئەوان و كایە و دامەزراوەكانی دەوڵەت.
- ئاڕاستەکردنی خەڵک بۆ ئەو کارانەی کە دەبێت لە ئەگەری مەترسییەکی نزیک یان لە کاتی بینینی تاوانێکدا ئەنجامی بدەن.
- بەبازاڕکردنی سیاسەت و بڕیارە گرنگ و كاریگەرەكانی كایە و دامەزراوە فەرمییەكان و بە بەردەوامی ڕاپرسیکردن لە بارەی بۆچوونی هاوڵاتییان سەبارەت بەو چالاكی و خزمەتگوزارییانەی بە تایبەتی لە سەر ئاستی دامەزراوە ئەمنییەكاندا پێشکەش دەکرێن.
- هەوڵی بەردەوام و ڕێکخراو بۆ دروستکردنی ژینگەیەک کە پاڵپشتیی چالاکییە ئەمنییەکان بکات و ئاڕاستە و ڕایەكی گشتی دروست بکات کە پشتیوانییان لێ بكات.
- ئامادەکردنی سیناریۆی پێشوەختە بۆ مامەڵەکردنی میدیا لەگەڵ قەیرانە سیاسی و ئابووری و ئەمنییە پێشبینیكراوەكاندا.
- دۆزینەوەی میکانیزمەکانی دەستەبەركردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان دامەزراوە میدیاییە جیاوازەکان لە كۆمەڵگەدا.
- چاودێریی ورد و بەردەوامی ئەو شتانەی لە میدیا جۆراوجۆرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان بڵاو دەکرێنەوە یان پەیوەندیی بە دەزگا ئەمنییەکانەوە هەیە، بەڵگەنامەکردن و شیکردنەوەیان لە چەندین گۆشەنیگا و ڕوانگە و سوودوەرگرتن لێیان لە پەرەپێدانی ستراتیژی و پلانی ئەمنیدا.
- گەیاندنی هەر پێشێلكارییەک بەرامبەر بە مافەكانی مرۆڤ و زیادەڕۆییەک لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەكان بە شێوەیەكی هاوسەنگ و پیشەییانە، بۆ ڕێگریكردن لەو كار و ڕەفتارانەی وێنەی ئەو دامەزراوانە لای جەماوەر دەشێوێنن.
- گەیاندنی ڕەخنە و پێشنیار و داواكاریی خەڵک بە دامەزراوە فەرمییەكان بە تایبەتی دامەزراوە ئەمنییەكان.
میدیای ئەمنی و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستاندا
میدیای ئەمنی بە کردەوە ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبێتەوە، لە هەرێمی كوردستانیش بە هەردوو ئاستەكەیەوە لەم گرفتانە بەدوور نییە، دەتوانین ئاماژە بە گرنگترینیان بکەین کە بریتین لە:
- گرفتی بڵاوكردنەوە و پاراستنی نهێنیی هەندێک لە زانیارییەكان: ئەم گرفتە پەیوەندیی بەو میدیایانەوە هەیە بەدوای سەبقی میدیاییدا دەگەڕێن و زۆر بە خێرایی بڕیاری بڵاوكردنەوەی هەر هەواڵ و زانیارییەک دەدەن، لە كاتێكدا میدیای پیشەگەر پێویستی بە هاوسەنگیكردن و گونجاندن هەیە لە نێوان ئەوەی پێویستە بڵاو بكرێتەوە و ئەوەشی دەبێت پەردەپۆش بكرێت.
- کێشەی ئاسایش و ئازادی: کێشەیەکە لە بەردەم تەواوی كۆمەڵگە هاوچەرخەكاندا، ڕەنگە هەندێک بارودۆخ ببنە هۆی سنووردارکردنی ئازادییەکان، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بنەمایانەیە سیستمی دیموکراسیی لە سەری بنیات نراوە. لە ڕاستیدا ئەزموونە هاوچەرخەکان نیشانی دەدەن دەبێت ئەولەویەت بە ڕەچاوکردنی ئاسایشی نیشتمانی بدرێت، ئەمە لە کۆنترین ئەزموونە دیموکراسییەكاندا بینراوە، بە مەرجێک لە چوارچێوەی یاسادا بێت، گومانی تێدا نییە میدیای كوردی ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە بووەتەوە و دەبێت بە شێوازی گونجاو مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
- کێشەی بڕیار و حوكمدانی پێشوەختە: کێشەیەکە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ڕووبەڕووی دامەزراوەكانی ئاسایش دەبێتەوە، هۆكاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی ئەو هەڵوێستانەی مرۆڤی ئاسایی هەیەتی بەرامبەر بە دامەزراوەكانی ئاسایش و سروشتی هەندێک ئەرکی ئاسایش وەک گرتن و پەلكێشكردنی تۆمەتبار و ئەنجامدانی هەڵمەتەکانی ئاسایش و… هتد.
ئەوە جگە لە كولتوور و تێڕوانینی باوی كۆمەڵگە لە ئاست دامەزراوەكانی ئاسایش، كە زۆربەی كات لایەنە نەرێنییەكە بەسەریدا زاڵە، ئەمەش وا دەكات ئەو ناوەرۆكەی میدیای كوردی و میدیای ئەمنی بە تایبەتی پێشكەشی دەكات؛ تێگەیشتن و ڕاڤە و لێكدانەوەی نەرێنیی بۆ بكرێت و پێشوەختە بڕیار و حوكمی نەرێنیی لە سەر درابێت. ئەمە لە هەندێ دۆخ و هەندی وڵاتی دیاریكراو بەدی دەكرێت. سەرباری ئەوەی دامەزراوەكانی ئاسایش دەیتا و زانیاری لە بارەی هەندێ دۆسیە و بابەتی ئەمنی بڵاو دەكەنەوە، بەڵام خەڵک بە گومانەوە بۆی دەڕوانێت.
ڕۆڵی میدیای ئەمنی لە هەرێمی كوردستاندا
میدیای ئەمنی لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بووەتە بوار و میدیایەكی تایبەتمەند، ئامانجی بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی خۆپارێزیی (وقائي) و كۆمەڵایەتی هەیە، بایەخ بە ئاسایشی کۆمەڵگە و سەقامگیرییەكەی دەدات، ئەركە سەرەكییەكەی بریتییە لە دابینکردنی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەی هەوێنی هۆشیاری و پەروەردە و ڕێنماییکردنی تاک و كۆمەڵگەیە. میدیای ئەمنی ڕۆڵ دەبینێت لە چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتی و گۆڕانکارییانەی کاریگەرییان لە سەر بیرکردنەوە و ڕەفتار و بەهاکان هەیە.
پاراستن و بەهێزكردنی ئاسایشی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان نایەتە دی، تاوەكوو هەوڵی سەرجەم كایەكانی وەک میدیا، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ئایینی و دامەزراوە فەرمییەكان تێکەڵ بە یەک نەکرێن و رۆڵی تەواوكاری نەبینن، بەو پێیەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە ژیانی مرۆڤدا بەیەکەوە گرێ دراون و هەریەكەیان کاریگەری لە سەر ئەوانی دیكە جێ دێڵێت و لە ژێر کاریگەریی یەکتردان، ئەمە زۆرتر بۆ میدیا و ئاسایش ڕاستە. دەکرێ بڵێین بە بێ میدیای پلان بۆ داڕێژراو؛ ئاسایشی ڕاستەقینە بوونی نابێت، هەروەها بە بێ ئاسایشی تۆکمە لە کۆمەڵگە؛ میدیای هاوسەنگ جێگەی نابێتەوە.
میدیای ئەمنی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت لە هەرێمی كوردستان لە بنیاتنانی ئاسایشی نیشتمانی و لە پلاندانانی ستراتیژییەکەیدا، ئەم ڕۆڵەی پەیوەستە بە بنەمای کارلێککردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگاری و هەڕەشانەی ڕووبەڕووی ئاسایشی نیشتمانی دەبنەوە، لە پێناو دووپاتكردنەوەی ستراتیژیەتی دامەزراوە فەرمییە باڵاكان لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە. میدیای ئەمنی دەكرێ ڕۆڵێکی کارا ببینێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و پرسەکانی كۆمەڵگە و خولقاندنی گفتوگۆی فراوان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان، هەروەها پەیامێکی گرنگی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەوڵ و پیلانگێڕییەی دەدرێت بۆ داگیرکاریی فیکری و کولتووریی دوژمنکارانەی دەوڵەتانی هەرێمایەتی و بیانی کە ئامانجیەتی یەکێتیی نیشتمان لەرزۆک بكات.
ڕۆڵی میدیای ئەمنی لە سەردەمی جەنگدا بە ڕوونی دیارە، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی دژەپڕوپاگەندە و جەنگی دەروونی، بە داخەوە لە جەنگی دژی داعشدا میدیای ئەمنیی كوردی لاواز بوو لە دەستپێشخەریكردن و بەرەنگاربوونەوەی پڕوپاگەنەی داعش.
میدیا چەندین ڕۆڵی گرنگ و جیاواز دەگێڕێت، وەک وەشانی ڕێنمایی و بڵاوکردنەوەی ڕێساكان بۆ جەماوەر بە مەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ دەرهاویشتەی نەرێنیی قەیرانەکان، هەروەها چاودێریکردنی جەماوەر و تێبینیکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕەنگە لە نێوانیاندا ڕوو بدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێكەوتەكانی قەیرانەکە، کاركردن بۆ بەستنەوەی زانیارییەکان بە دۆخ و سیاقی ڕووداوە هەنووكەییەکان و پێدانی زانیاریی تەواو بە جەماوەر بۆ ئەوەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و پڕوپاگەندە سەبارەت بەو قەیرانانە كاریگەریی دەروونیی خراپ لە سەریان دروست نەكات. میدیای ئەمنی هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەكانی ئاسایش دەکات بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی ئاسایش و قەیران و قەبارە و جۆری ئەو زانیارییانەی بۆ ڕووماڵکردن دەکرێنە ئامانج.
میدیای ئەمنی ڕۆڵێکی ئەرێنی و تەندروست دەگێڕێت، بەشدارییەکی كارا دەکات لە پاراستنی ئاسایشی هەرێم، بە تایبەتی ئەگەر لە چوارچێوەی پلانێكی ڕوون و باش و لە سەر بنەمای کۆمەڵێک پرەنسیپ و بەها جێبەجێ بکرێت بۆ بەدیهێنانی لێکتێگەیشتن و هاوکاریی پتەو لە نێوانیاندا، بۆ ئەوەی بگەنە دیدگا و زمانێكی هاوبەش تا بتوانێت لە ڕێگەی ئەم کارلێکەوە هۆشیارییەکی باش پێشکەش بكات و ڕێنمایی و ئامۆژگاریی دروست بخاتە ڕوو، گەرەنتیی ئامادەكردنی ڕایەكی گشتیی هۆشیار بكات بەرامبەر بەرپرسیاریەتی و چالاكیی دەزگا ئەمنییەكان و ڕۆڵی لە كۆمەڵگەدا. لە لایەکی دیكە، بەهێزکردنی هەوڵەکانی خۆپارێزی و بەرقەراركردنی ئاسایش، بە تایبەتی دوای پەرەسەندنی گەورەی میدیا و پەیوەندیكردن و زیادبوونی کەناڵە ئاسمانییەکان وای كردووە بینینی هەموو ئەو شتانەی میدیا پەخشیان دەکات ئاسان بێت. لێرەوە مەترسی و گرنگیی میدیا دەردەكەوێت، ئەمەش گەورەیی بەرپرسیارێتی و قورسایی ئەو ئەمانەتە بەرجەستە دەكات لە ئەستۆی ئەوانەدایە میدیای ئەمنی بەڕێوە دەبەن.
میدیا ڕۆڵێكی گەورە دەبینێت لە پاراستنی كۆڵەكەكانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی مامەڵەی بنیاتنەرانە لەگەڵ هەڕەشەكانی سەر ئاسایشی نیشتمانی و متمانەبەخۆبوون لە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمان و ئاسایشی كۆمەڵگە بە بڵاوكردنەوەی بابەت و مژارە گرنگەكانی پەیوەستدار.
كەواتە میدیای ئەمنی لە هەرێمی كوردستان دەتوانێت دەرفەتی ڕاستەقینە بڕەخسێنێت لە بەردەم كایە و كەرتە جیاوازەكان بۆ ئەوەی ڕۆڵی تەواوكاری ببینن، بە جۆرێک ڕووماڵ و مامەڵەكردن لەگەڵ پرسەكانی ئاسایش تەنها قەتیس نەبێت لە دامەزراوەكانی ئاسایش یان میدیا فەرمییەكان بە تەنها، بەڵكوو لە ڕوانگەی ئەركە كۆمەڵگەیی و نیشتمانی و پیشەییەكانی میدیادا پێویست دەكات میدیای ئەهلییش ئەرک و بەرپرسیاریەتی لەئەستۆ بگرێت لە داڕشتن و جێبەجێكردنی ستراتیژیەتی ئاسایش. تەواوی ئامرازەكانی میدیای كۆن و دیجیتاڵی لە سەریانە كۆمەڵگە ئاگادار بكەنەوە لە هەموو ڕووداو و گۆڕانكارییەكان، لە نێویشیاندا دۆسیەكانی ئاسایش، زێدەباری هۆشداریدان لە ئاكامە مەترسیدارەكانی ڕەفتار و لادانە ئەخلاقییەكان و ئاشناكردنی جەماوەر بە ئەرک و ڕۆڵی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕەفتارانە.
ئاڵنگارییەكانی بەردەم میدیای كوردی لە بەهێزكردنی ئاسایشی نیشتمانیدا
لە گرنگترین ئاڵنگارییەكانی بەردەم ڕۆڵبینینی میدیای كوردی لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی بریتین لە:
- ناڕوونیی چەمکی میدیای ئەمنی بۆ یەکێک یان تەواوی ئەو لایەنانەی بەشدارن لە بنیاتنانی ئەم چەمکە (كۆمەڵگە، دامەزراوەكانی ئاسایش، دامەزراوەكانی میدیا).
- لاوازیی توانای مرۆیی و تەكنەلۆژی و پیشەیی ئەوانەی لە بواری میدیای ئەمنی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن.
- كەمیی متمانە و نەرێنیبوونی ئاڕاستەی جەماوەر بەرامبەر بە پەیام و چالاكییە میدیاییەكانی دامەزراوە ئەمنییەكان و میدیای فەرمی و میدیای پارتە فەرمانڕەواكان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زیادەڕۆییكردنی ئەو میدیایانە لە دەرخستنی هەڵوێستی فەرمی بە پاساوی بەرگریكردن لە بەرژەوەندیی نیشتمانی، كە وا دەكات گوتاری میدیای فەرمی زیاتر لە فۆرمی ئامۆژگاری دەربكەوێت لە بریی كاری پیشەیی، سەرباری میسالیبوون و ناواقیعیەتی میدیای فەرمی بە هۆی زیادەڕۆییكردنی گوتاری فەرمی لە دەرخستنی ئەوەی دامەزراوە فەرمییەكان پێی هەڵدەستن، بەردەوام كاری ئەو دامەزراوە بە ورد و دیراسەكراو و ئاڵۆز و بەرهەمدار و ڕێكخراو پیشان دەدات كە لە دووتوێیدا چەندین چەشن و فۆرمی ئامادەی چارەسەر و مامەڵەكردنی كارا لەگەڵ دۆخ و پرسە ئاڵۆز و هەستیارەكان ئامادەیە. بەم هۆیەوە سیمای فەرمیبوون بەسەر گوتاردا زاڵ دەبێت و كەمتر گرنگی بە بونیاد و شێواز و داڕشتن و قاڵبی هونەری دەدات، لە بەر ئەوە زیاتر لە قاڵبی پەخشان و دەربڕینی فەرمان و هەڕەشە دەكەوێتە بەرچاو، هەروەک زیادەڕۆییكردن لە وێناكردنی كۆمەڵگە بە باشترین شێوە.
- ڕكابەریی نێوان دامەزراوەكانی میدیا لە هەرێمی كوردستان لە پێناو بڵاوبوونەوە و جەماوەریبوونی زیاتر، بە هۆی كاریگەریی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی كە وای كردووە میدیا بڕێكی زۆری بەرهەم و ناوەرۆک بخاتە بەردەست.
- جەماوەریبوون و بڵاوبوونەوەی زیاتر بووەتە هۆی بڵاوكردنەوەی بابەتی زیانبەخش و بەدڕەوشتیی ئەوتۆ كە بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی و كۆمەڵگەیی.
بەرەو ستراتیژیەتێکی میدیایی نیشتمانی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی
لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەی باس کرا، دەکرێ پیشنیاری چەند ستراتیژیەتێک بکەین کە سەرباری جیاوازیی چاوگ و ئاراستەی ناوەندە میدیایی و ڕۆژنامەوانییەکانمان لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە سەر ئاستی بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانی پێویست دەكات ببن بە بنەما و هێڵی گشتیی كاركردن.
ئاستەكانی ستراتیژیەتی میدیای نیشتمانی
لە داڕشتنی ستراتیژیەتێکی میدیایی نیشتمانیدا پێویست دەكات سەرنجمان چڕ بكەینەوە لە سەر سێ ئاستی سەرەكی، كە دەبێت بەشداریی كارایان هەبێت لە گەڵاڵەكردن و داڕشتنی ئەو ستراتیژیەتە، ئەوانیش:
یەكەم: لە سەر ئاستی بەرهەمهێنانی میدیاییدا، دامەزراوەكانی میدیا كەرەستە و ڕەگەز و میكانیزم و ژانر و بابەتی یەكجار زۆریان لە بەردەستە، كە هەریەكەیان بە ئاوێتەكردنی هەندێكیان بەیەكەوە، دەكرێ مژار و پرس و هەڵمەتێک باشتر و ڕوونتر و كاراتر بگەیەنرێت، ڕەنگە سروشت و تایبەتمەندیی فۆرم و ئامراز و ژانر و ڕەگەزێكی میدیایی لەگەڵ سروشت و بابەتێكی دیاریكراو و جەماوەر و تەمەنێكی دیاریكراو بگونجێت. لە هەرێمی كوردستان كێشەی كەمیی ئامار و دەیتا و زانیاریی دروست هەیە، لەو لاشەوە بڕێكی یەكجار زۆر مومارەسەی گەندەڵی و پێشێلكاریی بێشوماری یاسایی لە سەر ئاستی تەناهی و ئیداری و مرۆیی، قەیران لە هەموو جۆر و بوارێک، ئەمانە وا دەكەن پێویستمان بە زانیاریی ڕاست و ئاماری ورد و بەڵگەدار لە هەموو كات زیاتر بێت، بۆیە دەبێت گرنگی بە ژانری بنكۆڵكاری، میدیای دەیتا زەبەلاحەكان، هەڵمەتی میدیایی بدرێت.
لە سەر ئاستی ئامراز و فۆرمەكانی میدیا، پۆلێنكارییەكی بەرچاوڕوونانە بۆ هەردوو جۆرەكەی میدیا (كۆن و دیجیتاڵ) بكرێ، سوود لە توانا و تایبەتمەندیی هەریەكەیان وەربگیرێت بۆ گەیشتن بە جەماوەری مەبەستدار و گەیاندنی بابەت و ناوەرۆكێكی تایبەت. لە نێو جۆرەكانی مەڵتیمیدیادا بایەخی تایبەت بدرێ بە بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی كورت، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە سۆشیالمیدیا و مۆبایلی زیرەكەوە هەیە كە لە هەموو ئاست و تەمەنێکدا سەیر دەكرێت و سەرنجڕاكێشترین مەڵتیمیدیایە بۆ دروستكردنی ئەو ناوەڕۆكەی پەیوەندیی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە.
دووەم: لە سەر ئاستی دامەزراوەكانی میدیا دەبێت زەمینە و میكانیزمێكی هاوبەشی كاركردن هەبێت كە هەموو دابەشبوون و لێترازان و ناكۆكییە سیاسییە نانیشتمانییەكان تێپەڕێنێت و یارمەتیمان بدات لە سەر كۆكبوون و رێككەوتن لە سەر لانی كەمی هێڵ و هەڵوێستە نیشتمانی و ستراتیژییەكان، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە پاراستن و بەهێزكردنی ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە.
میدیای كوردی زۆر دوورە لە هەنگاو و تەنانەت بیركردنەوەیەكی لەم چەشنە، هەتا ئەو باوەڕەمان لا دروست نابێت، ئەو پەرتەوازەیی و فەوزا و سەرگەردانییە سیمای سەرەكیی میدیای كوردی دەبێت و پەیوەندیی نێوان میدیا و ئاسایشی نیشتمانی هەڕەمەكی دەبێت و دەكەوێتە ژێر حیساباتی كار و كاردانەوە و فشاركردن و لێكدانەوە و تۆمەتباركردنی هەمەلایەنانە.
سێیەم: پەیوەندیی نێوان دامەزراوەكانی میدیا و ئاسایش ڕەگەزێكی گرنگی دانانی بناغەی ئەو ستراتیژیەتەیە، بە بێ بوونی لێكتێگەیشتن لە سەر هەندێ پرەنسیپ و هەماهەنگی و ڕێزگرتنی دوولایەنە لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەكان و دەستوور و یاسا بەركارەكان و بەرژەوەندیی و ئاسایشی نیشتمانی.
ڕێككەوتن لە سەر میكانیزمی گونجاوی كاركردنی هاوبەش، بوونی دیداری خولەكی؛ یارمەتیدەر دەبن بۆ نەهێشتنی گومان و ترس لە كاری یەكتر و دروستكردنی زەمینەی كار و ڕۆڵی تەواوكاری لەو پرس و مژارانەی جێی بایەخی دوولایەنەن.
لە كوردستان بە هۆی دابەشبوونی دامەزراوەكانی ئاسایش بەسەر دوو جوگرافیای سیاسی و ئیداریی جیاواز و نزیكی ئەو دامەزراوانە لە پارتە فەرمانڕەواكان و ئەو دابەشبوونەی لە بونیاتی میدیای كوردیدا هەیە، وای كردووە زۆر بە ئومێدەوە بۆ سازاندنی ئەو زەمینە هاوبەشە نەڕوانین، لانی كەم لە مەودای نزیک و مامناوەنددا.
بنەما سەرەكییەكانی ستراتیژیەتێکی میدیایی نیشتمانی
بۆ ئەوەی بەرهەمی میدیای كوردی لە خزمەت بەرژەوەندیی گشتیدا بێت و لە هاوكێشەی ئاسایشی نیشتمانیدا ژمارەیەكی كاریگەر بێت، پێویست دەكات كۆمەڵێک بنەمای سەرەكیی هەبێت بۆ ئەوەی ببنە هەوێنی ستراتیژیەتێكی نیشتمانی بۆ میدیای كوردی(13):
یەکەم: دیاریکردنی نەخشەی سیاسی و ئایدۆلۆژی لە ھەرێم و ئەو گۆڕانە جیۆسیاسییانەی ناوچەکە کە پەیوەندیدارن بە کوردەوە.
ناکرێ باس لە بوونی ستراتیژیەتێکی کارای میدیا و ڕۆڵی میدیا بکەین لە بنیاتنانی واقیعێکی نوێ بە بێ بوونی نەخشەیەکی مەعریفیی ورد کە دەستنیشانی قەبارە و ئامادەیی ڕەوت و ئاڕاستە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان بکات، ئەوانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەرن لە سەر ژیان و پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان لە لایەک، لەو نەخشەیەدا پێگە و قورسایی سیاسی ھەریەکەیان بە شێوەیەکی ڕێژەیی دیاری بکرێت، دیارە بایەخی بوونی نەخشەیەکی لەم جۆرە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاشنابوون بەو لایەنانەی کۆمەڵگەی کوردی کە پێویستیان بە گۆڕانکارییە یان لە قۆناغی گۆڕان و نوێبوونەوەدان.
بایەخێکی دیکەی ئەم نەخشە سیاسییە لەوەدایە لە ھەر ڕووماڵ و کارێکی میدیاییدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ خۆدوورگرتن لە گشتاندن و زانیاری و ژمارە و ئامار و شیکردنەوە و پێشبینیکردنی ناواقیعیانە، کە زۆر جار بە پاڵنەری سیاسی و پڕوپاگاندەیی بانگەشەی بۆ دەکرێ.
بۆ نموونە لەو نەخشەیەدا پێگە و قەبارەی ڕەوتە لیبراڵ و نەتەوەیی و ئیسلامی و چەپەکان بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەردەوام، بۆ ئەوەی لەو گۆڕانکارییانە ئاگادار بین کە ڕەنگە ڕوویان دابێت لە سەر میزاجی شەقامی سیاسیی کوردی یان لە ئایندەدا ڕوو بدەن. بۆ نموونە میدیای ئێمە کەم قسە لە سەر ئەوە دەکات رەوتێکی سیاسیی وەکوو چەپەکان بۆ لە پاشەکشەدان، یان ئەو دەنگە بەرزەی سەلەفییەکان ھەیانە لە کوردستان تا چەند گوزارشت دەکات لەوەی ئەوان لە گەشە و فراوانبووندان، ناوچەی چالاکی و قورسایی جەماوەریان لەکوێدایە؟
وەکوو پێشتریش جەختمان لە سەر کردووەتەوە، ھەوڵ و ھەنگاوێکی میدیایی لەم جۆرە کاتێک سەرکەوتوو دەبێت بە شێوەیەکی ھاوسەنگ و بابەتییانە ڕووماڵی ڕاستییەکان بکەین و ڕاستگۆیانە زانیارییەکان بگوازینەوە، بەم شێوەیە دەتوانین وێنەیەکی بابەتییانە سەبارەت بە کارلێکە سیاسییەکان لە ھەرێم پیشان بدەین. جگە لەوە، ئەرکی میدیای کوردییە لەم قۆناغەدا بە چاوێکی بابەتی و ڕەخنەییانە قسە لە سەر بنەمای فیکری و ئایدۆلۆژیی ڕەوتە سیاسییە کاریگەرەکانی کوردستان بکات، بە تایبەت ئەو بنەما و پرەنسیبە ئایدۆلۆژی و فیکرییانەی گوزارشت لەم سەردەمە ناکەن و دواکەوتوویی و چەقبەستوویی سیاسی بەرھەم دێنن و ڕێگرن لە بەردەم بەرەوپێشچوون و کرانەوەی زیاتری کۆمەڵگەی کوردی.
دووەم: ئەنجامدانی خوێندنەوەیەکی بەردەوام و تەندروست و زانستیانە بۆ ڕابردوو، ئێستا و ئایندە، بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی تەندروست و خوێندنەوەیەکی زانستیانە بکەین بۆ ھەرسێ زەمەنەکە. پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لە چوونە ژێر باری ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو و لە ڕێگەیەوە خوێندنەوە بۆ ڕابردوو بکەین، یان بە باکگراوندێکی سیاسیی ڕووتەوە حوکم لە سەر قۆناغ و وێستگەکانی مێژوومان بدەین.
میدیا دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە زەمینەسازکردن و بانگەشەکردن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانە بۆ ڕابردوومان بکەین، نابێ بە ھیچ شێوەیەک سنوور لە بەردەم ھەوڵی خوێندنەوەی ڕابردوو دابنرێت لە ژێر ھەر پاساو و بیانوویەکدا بێت، ھەڵسەنگاندن بۆ شکست و سەرکەوتنەکانمان بکرێ بێ ئەوەی ئەو ھەڵسەنگاندنە لە پێگە و ڕۆڵی کەس و لایەنێکی دیاریکراو کەم بکاتەوە. پێویستە میدیا پێشەنگی بکات بۆ گەڵاڵەکردنی میتۆدێکی زانستی و رەخنەیی بۆ ئێستامان، ئەو خوێندنەوەیە دەبێت سیمایەکی تەواوکاریی ھەبێت و تێڕوانینێکی گشتگیریانە بکات بۆ ئێستای ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی کۆمەڵگەی کوردی. میتۆدێک بێت لایەنە نەرێنییەکان دەستنیشان بکات و بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە شیی بکاتەوە.
سێیەم: دەبێت لە نێو ئاپۆرای گۆڕانە خێراکانی ناوچەکە و وڵاتانی دەوروبەرمان بەردەوام بین لە ھەوڵی پێشبینیکردنی سیناریۆکانی ئایندە، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە کورد و کوردستانەوە ھەیە لە ھەر چوار پارچە دابەشکراوەکەیدا، بۆ ئەوەی ئەو هۆشیارییە لای تاک و كۆمەڵگە و بڕیاربەدەستی كورد دروست بێت لە كوێی گۆڕانکارییەکانداین و ئەو گۆڕانانە بەرەو کوێمان دەبەن و چیمان لێ دەخوازن، خوێندنەوەی قووڵمان ھەبێت بۆ ڕەھەندی ئابووری لە جیھان و کوردستاندا بەو سامانە سروشتییە دەوڵەمەندەی ھەیەتی، چۆن دەتوانێت لەو ڕووەوە ڕۆڵ ببینێت و لە ھەمان کاتیشدا چۆن بتوانین سیاسەتێکی ئابووریی ئەوتۆمان ھەبێت کە پێگەی خواست و ئاڕاستە سیاسییەکانمان بەھێزتر بکات.
چوارەم: فراوانکردنی ئاستی ڕووماڵکردنی میدیای کوردی بۆ پرس و بابەتەکانی دەرەوەی ھەرێم و پارچەکانی دیکەی کوردستان، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان و هەروەها باكووری كوردستانەوە هەیە، پەیوەندیی كوردی باشوور بە كۆی ئەو گۆڕانانەی لەوێ ڕوو دەدەن، چۆن بتوانرێ ئەو بابەتانە بە باشترین شێوە لە میدیای كوردیدا وێنا بكرێ، بە داخەوە تا ئێستا هیچ دیدگایەكی ستراتیژی نیشتمانیی هاوبەشمان نییە بۆ مامەڵەكردنی میدیا لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە هەستیار و چارەنووسسازانە.
ڕووماڵکردنی پرس و گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی وڵاتانی دراوسێی ھەرێم و جۆری سیستمی سیاسی و کەس و ڕەوتە حکومڕانەکان و تیشکخستنە سەر گرێبەست و ڕێکەوتنە سەربازی و ئابووری و سیاسییەکانیان بۆ ھۆشیاریی تاکی کورد و لە ھەمان کاتیشدا بۆ ناوەندەکانی بڕیاربەدەست لە ھەرێمدا، گرنگ و پڕ بایەخن.
پێنجەم: دابڕانی پارچەکانی کوردستان لە یەکدی و داگیرکردنی لە لایەن وڵاتانی دراسێوە، چەندین بەربەستی جوگرافی و سیاسی و دەروونی و بگرە زمانەوانی و دیالێکتیکی دروست کردووە. ئەرکی تێکشکاندنی ئەو بەربەستانە لە بەشێکی سەرەکیدا دەکەوێتە ئەستۆی میدیا، لە ڕێگەی ناساندن و دروستکردن و بەھێزکردنی پەیوەندییە ویژدانی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان شار و پارچەکانی کوردستاندا.
شەشەم: لە کوردستانیش ھاوشێوەی زۆربەی وڵاتان پرسە سیاسییەکان زاڵە بەسەر پەیام و ڕیزبەندیی ئەولەویەتەکانی میدیا، وەلێ بابەتگەلێکی ھەستیار ھەن بە بێ بوونی ھیچ پاساوێک ناکرێ فەرامۆش بکرێن، لەوانە ھەڵکشانی خێرای کێشە کۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی ڕێژەی خۆکوشتن و توندوتیژیی خێزانی، کێشە و کەموکوڕییەکانی کەرتی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا، یەدواداچوون و چاودێریکردنی کەرتی تایبەت و ھەڵسەنگاندن بۆ کار و ڕۆڵیان لە ژیان و ئابووریی کوردستاندا.
ئەمڕۆ بابەتەكانی ژینگە، ماددەی هۆشبەر، خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان، شێرپەنجە، بێكاری، هەژاری، كواڵتیی نەخۆشخانە، قوتابخانە و زانكۆكانی كەرتی تایبەت، ژێرخانی ڕێگەوبان، خزمەتگوزارییەكانی پەیوەندیكردن و تەكنەلۆژیای زانیاری؛ پێویست دەكات بە دیدگا و ڕایەڵی قووڵتر و سەردەمیانە ببەسترێنەوە بە ئاسایشی نیشتمانییەوە.
دەرەنجام:
- میدیای كوردی لە دۆخێكی هەڕەمەكی و لە غیابی ستراتیژیەتێكی نیشتمانیدا، مامەڵەیەكی كورتبینانە لەگەڵ تەواوی پرس و پێشهات و دیاردە و قەیرانەكاندا دەكات.
- ئاستی خۆئامادەكردن و خۆڕێكخستنەوەی كایەی میدیا لە ئاست گۆڕانكارییە خێراكانی ناوچەكە و پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا و لێكەوتەكانیدا نین.
- هیچ جۆرە زەمینەیەک بۆ پەیوەندیی نێوان دامەزراوەكانی میدیا و ئاسایش لە هەرێم بوونی نییە و لە دابڕانێكی نیمچەتەواودا هەریەكە و بە ئاڕاستەیەک كار دەكەن.
- لە ئایندەی نزیک و مامناوەنددا، بە هۆی نەبوونی درككردن بە بایەخی ئەو پەیوەندییە هاوبەشە، چاوەڕوان ناكرێت هیچ دیدگا و هەنگاوی دامەزراوەیی و ڕێكخراو و یاسایی بنرێن بۆ لەچێوەدانی پەیوەندیی نێوان میدیا و ئاسایشی نیشتمانی.
- دۆخی یاسایی و پیشەیی میدیای ئەمنی و میدیای دیجیتاڵی لە هەرێمی كوردستان پێویستیان بە باشتركردن هەیە.
- دوورخستنەوەی كارتێكەرە سیاسییەكان لە سەر میدیا، بۆ ئەوەی میدیای كوردی لە جێبەجێكردنی ئەو ئەرک و ستراتیژانەی پەیوەستن بە ئاسایشی نیشتمانییەوە كارا بێت.
ڕاسپاردە و پێشنیار:
- لە ڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانەوە، دیداری بەردەوام لە نێوان میدیا و دامەزراوە باڵاكانی ئاسایش لە هەرێمی كوردستان ڕێک بخرێن، بۆ ئەوەی زەمینەی لێكتێگەیشتنی دوولایەنە دروست ببێت.
- لە پاڵ جەختكردنەوە لە جێبەجێكردنی یاساكانی میدیادا، دەبێت لە ڕێگەی هەمواركردنەوەی یاسا بەركارەكانی میدیا یان لە ڕێگەی یاسایەكی نوێی میدیاوە كار لە سەر ڕێكخستنی میدیای ئەمنی و میدیای دیجیتاڵی بكرێت.
- دوای دوورخستنەوەی كارتێكەرە سیاسییەكان؛ كار لە سەر ئەنجوومەنی باڵای میدیا بكرێت، لە پێناو كۆكردنەوەی میدیای كوردی لە سەر ستراتیژیەتێكی میدیایی نیشتمانی، چاودێریكردنی ئاستی پابەندبوونیان بەو هێڵە نیشتمانییانە.
- ناوەندە ئەكادیمییەكان لە ڕێگەی بابەتەكانی پەیوەست بە میدیای سیاییەوە، خوێندكارانی بەشەكانی میدیا ئاشنا بكەن بە سروشتی سیستمی سیاسیی هەرێم و ئەركەكانی میدیا لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیدا.
- ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە كاریگەریی میدیا لە سەر ڕەهەندە جیاجیاكانی ئاسایشی نیشتمانی، لەوانە: ئاسایشی فیكری، ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئاسایشی خۆراک و… هتد.
- لێكۆڵینەوە لە بونیادی سیستمی میدیایی لە هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی ژینگە و سیستمی میدیا لە هەرێمی كوردستان بەدەست كەموكوڕی و ئاڵنگارییەوە گیرۆدەیە و بووەتە بەربەست لەوەی وەک پێویست ئەركەكانی بەرامبەر بە ئاسایشی نیشتمانی جێبەجێ بكات.
- لێكۆڵینەوە لە ژینگەی یاسایی پەیوەست بە میدیا. لە هەرێمی كوردستان یاسا بەركارەكانی میدیا پێویستیان بە هەموار و گونجاندن هەیە، تا لەگەڵ گۆڕانكارییە تەكنەلۆژی و پیشەیی و كۆمەڵایەتییەكان یەک بگرنەوە و لێكەوتەكانی ڕێک بخرێن.
- لێكۆڵینەوەی زیاتر لە سروشت و گرفتی خاوەندارێتیی میدیا لە هەرێمی كوردستاندا، ئەویش بابەتێكی گرنگە و ئەو ڕایەڵەیە كە دەمانگەیەنێتە كارتێكەرە سیاسییەكان و سروشتی بنبڕكردنیان.
سەرچاوە و پەراوێزەكان:
- عومهر، كامیل، بهدهستهێنانی زانیاریی بنهما، ڕێكخستن، بایهخ و ئاستهنگهكانی له چوارچێوهی كاری ڕۆژنامهوانیدا، چ1، چاپخانهی كارۆخ، سلێمانی، 2017، ل209.
- د. عەبدولخالق ئیبراهیم مستەفا، میدیای نوێ و ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتی پێشمەرگە، هەولێر، 2022، ل107-108.
- Noelle-Neumann, «Return to the Concept of Powerful Mass Media,» pp. 102-123.
- مي العبدالله، الأتصال في عصر العولمة، الدور و التحديات الجديدة، الدار الجامعية، بيروت، 2009، ص ص250-253.
- FAWKES, J. (2004) Public relations and communications, In: THEAKER, A. (ed) The Public Relations Handbook. (1st ed, pp.18-31), Routledge, London and New York, p.28
- MOTION, J. HEATH, R. L. LEITCH, S. (2016) Social Media and Public Relations: Fake friends and powerful publics. Routledge, London and New York, , p.50
- AUSTIN, E. W. PINKLETON, B. E. (2008) Strategic Public Relations Management: Planning and Managing Effective Communication Programs. Lawrence Erlbaum Associates, Mahwah and New Jersey, , pp.31-50.
- AUSTIN, E. W. PINKLETON, B. E. (2008) Strategic Public Relations Management: Planning and Managing Effective Communication Programs. Lawrence Erlbaum Associates, Mahwah and New Jersey,7-12.
- 1- COOMBS, W.T. (2010) Parameters for Crisis Communication, In: COOMBS, W. T. HOLLADAY, S. J. The Handbook of Crisis Communication, (1st edn, pp. 17-54), Wiley – Blackwell, Malden, Oxford and Carlton, pp.17-20
- O’Brien, C. (12-07-2017) 10 Digital Skills That Can Make Students Instantly, Available from: https://digitalmarketinginstitute.com/blog/12-07-17-10-digital-skills-that-can-make-students-instantly-employable [Accessed at October 29, 2019]
- BOIN, A. EKENGREN, M. and RHINARD, M. (2010) The study of crisis management, In: CAVELTY, M. D. BALZACQ, T. (eds), Routledge Handbook of Security Studies, (1st ed, pp. 741-748), Routledge, New York and London, pp17-20.
- NOSSEK, H. (2015) News, In Donsbach, W. (ed) The Concise Encyclopedia of Communication, (1st ed, pp.401-402), Malden, Oxford and Chichester: Wiley Blackwell, p.122.
- عەبدولخالق ئیبراهیم، میدیای كوردی لە سەردەمی ئاسمانە كراوەكاندا، خانەی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، هەولێر، 2014، ل218-221.