• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 14, 2025

سیاسەتی میدیایی؛ چوارچێوەی سیاسی بۆ بارودۆخی ڕۆژنامەوانی

 د. یانیس بریكمان

وەرگێڕان لە ئەڵمانییەوە: عەلی ئەکبەر مەجیدی

سەرچاوە: كتێبی ڕۆژنامەوانی؛ بنەمایەكی پراكتیكی، چاپی دووەم، 2024، ل 53-78.

ڕۆژنامەوانی و سیاسەت پەیوەندییەکی دوو لایەنەیان پێکەوە هەیە: هەردووکیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان پێویستیان بە یەکتر هەیە. تا ڕادەیەک گرێدراوی یەکترن و تا ئاستێکی بەرچاو یەکتر کۆنترۆڵ دەکەن. ڕۆژنامەوانی لە ڕێگەی ئەرکە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانیەوە دەجووڵێتەوە، بۆ نموونە ڕەخنەگرتن و کۆنترۆڵکردنی کەسایەتییە بەهێزەکان (لە ڕووی سیاسییەوە). هەروەها دەربڕینی بۆچوونەکان و هەڵبژاردن و ڕێکخستنی بابەتەکان بەشێکن لە ئەرکی ڕۆژنامەوانی. دروستکردنی بانگەشە و پێکهێنانی بۆچوون لە نێوان کەسایەتییە سیاسییەکان و کۆمەڵگەدا. ئەگەر لە لایەک ببێتە هۆی دەربڕینی بیروڕای گشتی، وە داواکاری و بەرژەوەندیی هاوڵاتییان بگەیەنێتە بەردەم سیاسییەکان، ئەوا ڕۆژنامەوانی بە واتای نێوانجی لە نێوان بڕیاردانەکانی خەڵک و بەرژەوەندیی سیاسیدایە. لە هەمان کاتیشدا ئەگەر بەرنامەی کەسایەتییە سیاسییەکان بۆ کۆمەڵگە بگوازێتەوە و ڕووداو و پەیامە سیاسییەکان بۆ ڕای گشتی بخاتە ڕوو، ئەوا هەمان ڕۆڵی نێوانجیی لە نێوان کۆمەڵگە و کەسایەتییە سیاسییەکاندا هەیە.

کەسایەتییە سیاسییەکان بۆ ئەوەی پەیامەکانیان بە کۆمەڵگە بگەیەنن و خەڵک لە بەرنامە  گشتگیرەکانیان تێبگەن؛ پشت بە میدیا و ڕۆژنامەگەری دەبەستن، لەو ئاڕاستەیەشدا ڕۆژنامەگەری (هەواڵەکان و… هتد) لەسەر بنەمای زانیاریی سیاسی گەشە دەکات. مەیدانی بەرفراوانی ڕۆژنامەگەریی سیاسی کە ڕاپۆرت لەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی دەدات و  ئەوانە بە پێی شیکارییەکان پۆلێن دەکرێن و بەرامبەر بە بۆچوونەکان هەڵوێست دەگرن، زۆر جار وەکوو کرۆکی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەگەری ڕەچاو دەکرێن. بە ڕێکەوت نییە کە ئەرکە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان بە پێچەوانەی ئەرکە کۆمەڵایەتی-کولتوورییەکان وەکوو یەکگرتن یان کاتبەسەربردن، لە مشتومڕی گشتیدا بە شێوەیەکی بەرچاو باس دەکرێن و دەبنە جێی ئاماژە بۆ بەرجەستەکردنی گرنگیی کۆمەڵایەتیی ڕۆژنامەوانی بۆ دیموکراسی و بەو ئاڕاستەدا بەرەوپێش دەڕوات. بەڵام دەکرێ سەروەریی سیاسەت ێکی لەو شێوە لە ڕۆژنامەوانیدا نەک هەر لە ڕووی کارابوونەوە چاودێری بکرێت، بەڵکوو توێژینەوە جۆراجۆرەکان پیشان دەدەن کە سیاسەت لە ڕوانگەی بابەتییەوە بەسەر ڕۆژنامەوانیدا زاڵە. لە حاڵێکدا بوارەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵایەتی زۆر جار زاڵن بەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی کە پەراوێز خراون یان بە سیاسی کراون، واتە یان پەراوێز خراون، یاخود لە بواری سیاسییەوە باسی لە سەر کراوە و گرنگیی پێ دراوە.

تیوری بە ناو بەمیدیاییکردنی سیاسەت وایە کە لەم ساڵانەی دواییدا میدیای گشتی ئەوەندە بە لای سیاسەتەوە گرنگ بووەتەوە، کە سیاسەت لە دیموکراسیی میدیاییدا ، یان لە کۆمەڵگەی میدیاییدا بە شێوەیەکی بەرچاو بە پێی یاسا و ڕێسای میدیا و سیاسەت هاتووەتە کایەوە. میدیاکان ئەگەر بیانەوێ دەنگیان بگاتە گوێی خەڵک، هەندێ جار تەنانەت لە هەندێ بەرنامەدا وەکوو بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی پڕۆگرامی ئەمشەو (‌Heute Show) دەکرێ وەکوو دەربڕینی میدیاییبوونی سیاسەت دابنرێت، بە تایبەت بەرنامەکە کە دانرابوو بۆ سەرۆککۆماری ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ. لە بەرنامەیەکی چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنیدا شێوازی دابینکردنی پەیوەندیی سیاسی زۆر جار لە ڕێگەی تویتەر (X)ەوە پەرە پێ بدرێت. ڕۆژنامەگەری کاتێک بەهێزە کە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی ببێتە باو و هەروەها ئەو سیستمە سیاسییەی کە ڕێساکان بۆ میدیا دادەنێت و مەودای ڕۆژنامەنووسان دیار و بەرچاوە و ئازادی تیایدا بەدی کراوە. بەم شێوەیە سیستمی میدیایی تایبەت بە وڵاتێک وەک بنەما دادەنرێت.

ئامرازی سیاسیی کاریگەر لەسەر میدیا و ڕۆژنامەگەری، سیاسەتی میدیاییە. تەنانەت ئەگەر ئەو چوارچێوە سیاسییەش سیستمێکی زۆر ئاڵۆز بێ کە تیایدا میدیای تاکەکەسی لە ڕێگەی زۆرێک لە پەیوەندییەکانی ناو بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە بە یەکترەوە بەسترابێتەوە. بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی میدیایی، پێویستە زیاتر لە ڕووی تیۆری کردارەوە تێبگەین و هەر بۆیەش بە شێوەیەکی پراکتیکتر سیاسەتی میدیا ئەو کردارەیە کە لە بەرهەمهێنان و جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارە پابەندکەرەکان سەبارەت بە ڕێکخراوە میدیاییەکان و میدیای گشتی دێتە دی. بۆیە سیاسەتی میدیا کاتێک ڕێکوپێکە کە ئەو پێکهاتە و هەلومەرجانە دروست دەکات وا لە ژێر هەژموونی ڕۆژنامەگەریدا، حزبە سیاسییەکان، ناوەندی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکان (کەرتی تایبەت یان حکومی)، کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و ئەنجوومەنی ڕۆژنامەنووسان؛ بوونەتە بەشێک لەو شەڕانەی کە لە گۆڕەپانی سیاسەتی میدیاییدا هەن. کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسان لە ئەڵمانیادا تەنها نموونەی ئەو شەڕانەی دوایین لە گۆڕەپانی سیاسەتی ڕاگەیاندنن وەکوو تەلەڤزیۆنی ARD .

 لێرەدا نموونەیەک لە یاسای ڕاگەیاندن دەهێنینەوە: یاسای یاریدەدەری مافی لەبەرگرتنەوە بۆ بڵاوکراوەی ڕۆژنامەوانی بۆ بەدەستهێنانی یاسایەک بە مەبەستی بەشداریکردنی دارایی دێتە گۆڕێ بۆ کەڵکوەرگرتنی بازرگانی لە میدیای ئۆنلاین لە لایەن کۆکەرەوەی هەواڵەکان وەکوو گۆگڵ نیوز. هەروەها کەمکردنەوەی باجی زیاتر لەسەر بەرهەمە ڕۆژنامەییەکان لە دونیای جیهانگیری و داگیرکاریدا. زۆرێک لەم ململانێیانە تەنها لەسەر ئاستی نیشتمانیدان، ئەوەش بە زەحمەت دەتوانرێت چارەسەر بکرێن، بۆ نموونە پرسی ڕێکخستنی ئەڵمانیا بۆ کۆمپانیا میدیاییەکانی ئەمەریکی وەکوو فەیسبوک. هەر بۆیە بە بەردەوامی دەچنە ئاستی سیاسەتی میدیای ئەورووپییەوە کە یەکێتیی ئەورووپا لەو سۆنگەیەوە وەکوو بەرەیەکی نێودەوڵەتی سەیر دەکرێت. لێرەدا کەسایەتییە سیاسییەکان لە پاڵ کاربەدەستانی داڕێژەری سیاسەتی میدیای نەتەوەییدا دادەنرێن. هەروەها چەمک و دۆخی بە هەمان شێوە باو، بەڵام گشتگیرتر لە سیاسەتی پەیوەندیکردندا؛ ئامانجی هەموو جۆرە پەیوەندییەکە. واتە نەک تەنها میدیای گشتی، بەڵکوو بۆ نموونە پەیوەندیی تاکەکەسی یان گرووپی تایبەت. کۆمەڵگە لیبراڵ و دیموکراسییەکان بە سیستمێکی میدیایی ئازاد و کراوە و سیاسەتێکی میدیایی و پەیوەندیی سنووردار دەناسرێنەوە کە تیایدا میدیا و پەیوەندیکردن بە زەحمەت سنووردار دەکرێن و سەربەخۆن لە دەوڵەتدا. دەوڵەتە خۆسەپێنەکان و سیستمە تۆتالیتارەکان زۆر جار سیاسەتی میدیایی بە شێوەیەکی زۆر سەرکوتکەرتر وەک ئامرازێک بۆ کاریگەریی دەوڵەت یان تەنانەت سنووردارکردنی کاری میدیا و ڕۆژنامەنووسان بەکار دەهێنن. پلەی ئازادیی میدیا، یان پەیوەندیکردنە کە لە ئەڵمانیا تا ئێستاش بە شێوەیەکی نەریتی بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری ناو دەبرێت. سنووردار هەر ڕاگەیاندنی لەچاپدراو نییە، بەڵکوو هەموو جۆرەکانی ڕاگەیاندن لەخۆ دەگرێت. لە ئەڵمانیادا ئازادیی ڕاگەیاندن پێگەیەکی باشی هەیە. ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری لە مادەی پێنجەمی یاسای بنەڕەتیدا لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە و ئاماژەی بەوەش کردووە: هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە بیروبۆچوونی خۆی بە قسەکردن، نووسین یاخود لە ڕێگای وێنەکانەوە دەرببڕێت و بڵاوی بکاتەوە و لە هەمان حاڵیشدا دەتوانێ بێبەربەست لەو سەرچاوانەی دەست پێیان ڕادەگات؛ زانیاری وەربگرێت. ئازادیی ڕۆژنامەوانی و ئازادیی ڕاپۆرتکردن لە ڕێگای ڕادیۆ و فیلمەوە مسۆگەرە و هیچ سانسۆرێکی لەسەر نییە.

ڕستەی یەکەمی ئەم بڕگەیە؛ ئازادیی ڕادەربڕین و زانیاریی هەموو هاوڵاتییەک لە ئەڵمانیادا گەرەنتی دەکات. ئەو جۆرە ئازادییە تاکەکەسییانە بۆ هەمووان مسۆگەر کراوە. ڕستەی دووەم؛ ئازادیی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە مسۆگەر دەکات. ئەوەش مافی زیاتر بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە تەواوی وەخت کار دەکەن، دەستەبەر دەکات، وەک: مافی وەرگرتنی زانیاری لە دەسەڵات، یان ئەو مافە بە ڕۆژنامەنووسان دەدات کە ئەگەر بەڵگەیەکیان لایە؛ بۆیان هەبێت نەیدەن بە کەسێک. ئەو مافە و هەروەها پابەندبوونی پەیوەست بە ڕۆژنامەنووسان و سنووری ئازادیی ڕۆژنامەگەری. لە بڕگەی دووەمی مادەی پێنجەمدا دەڵێت: ئەو مافانە سنووری خۆیان لە بڕگەکانی یاسا گشتییەکاندا دەبیننەوە و بڕگە یاساییەکان بۆ پاراستنی گەنجان و مافی کەسایەتیی تاکەکەس داڕێژراوە.

بە گوێرەی لێکدانەوەکانی پۆتکەر (Potker)، ئازادیی ڕاگەیاندن دەستەواژەیەکی ڕێژەییە، چونکە تەنانەت ئەگەر دەسەڵات مافی سانسۆرکردنی ڕۆژنامەگەریی نەبووبێت، ئەوە تەنها بەو واتایە دێت کە ڕاگەیاندن مافی ئەوەی هەیە لە بەرامبەر دەسەڵاتدا بەرگری لە خۆی بکات، ئەوەش بەو واتایە دێت کە پەیوەندییەکان بەرتەسک نەکرێنەوە .

ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین، ئازادیی ڕاگەیاندن لە ئەڵمانیادا بە بەراورد لەگەڵ ئەمەریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا؛ بە هێواشی پەرەی سەند و ئەوەش لە سەردەمی دوای شەڕی جیهانیی دووەم و داڕووخانی وڵاتدا بەدەستمان هێنا. سۆسیالیست لە لایەن هاوپەیمانانەوە کە لە یاسای بنەڕەتیدا چەسپاوە: پێدانی مۆڵەتی ڕۆژنامەوانی و دامەزراندنی بڵاوکردنەوەی گشتی لەسەر بنەما و نموونەی بی بی سی ی بەریتانیا، خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بۆ ئازادیی ڕاگەیاندنی ئەمڕۆکەی ئەڵمانیا بوو. هەر چەند دەسەڵات لە سەرەتاوە هێرشی دەکردە سەر ڕاگەیاندنەکان، بەڵام لە کۆتاییدا ئازادیی ڕاگەیاندن هاتە کایەوە. نموونەی بەرچاو؛ ڕۆژنامەی شپیگل (Spiegel) بوو.

 

ڕووداوی شپیگل و بڕیارەکەی

هۆکاری ئەوەی کە پێی دەوترێت کاروباری شپیگل ، ئەو وتارە بوو کە بە ناوی بە مەرج ئامادەیە بۆ بەرگری ، لە (١٠)ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٢دا دەرکەوت کە تیایدا دوو سەرنووسەر بە ناوی کۆنراد ئەهلەرز و بێرند شمێلز بە پشتبەستن بە زانیاریی ورد، گومانیان هەبوو ئاخۆ کۆماری ئەڵمانیا دەبێتە فیدراڵی یان نا. بە هۆی کەمبوونی ئامێرە سەربازییەکانی لە ئەگەری هێرشی سەربازانی پەیمانی وارشۆ، توانیی بەرگریی پێشوەختە  لەسەر دەستی ناتۆ دابین بکات. لە قۆناغی شەڕی سارددا، کاریگەرییەکەی وەکوو تەقینەوەی بۆمبێک وا بوو: لە ڕێکەوتی (٢٦)ی ئۆکتۆبەری ١٩٦٢، فرانتس یۆزێف شتراوس ؛ وەزیری بەرگریی فیدڕاڵی ئەڵمانیا، بە هاندانی ئەفسەرەکانی فەرمانگەی پۆلیسی بەشی تاوانی فیدراڵ، نووسینگەی ڕۆژنامەی شپیگل یان لە شاری هامبۆرگ پشکنی و دەستیان بەسەر هەموو کەلوپەل و لێکۆڵینەوەکانی ناو نووسینگەکەدا گرت. لە هەمان کاتدا سەرنووسەرەکەش (ڕودۆڵف ئاگشتاین) و کارمەندانی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکە و هەڵەگرەکانیشیان دەستبەسەر کرد و خستیاننە زیندان. بەرپرسانی فیدراڵی کە دەیانزانی وەزیری بەرگری (فرانتس یۆزێف شتراوس) دوژمنیایەتیی لەگەڵ سەرنووسەری شپیگل (ڕودۆڵف ئاگشتاین)دا هەیە و چەندین جار لە بەشی ڕەخنەی ڕۆژنامەکەیدا ڕەخنەی لە وەزیری بەرگری گرتووە، بە تۆمەتی خیانەت و بەرتیل تاوانباریان کرد. بەڵام بە هۆی نەبوونی بەڵگەوە، فایلی تایبەت بە شپیگل لە دادگادا ئیتر نەکرایەوە و بە داخراوی مایەوە. لەو کاتەدا یاسای ڕۆژنامەوانی و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان بەهێزتر بوون: نەک هەر ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە لایەن خوێندکارانەوە دژی ئەو دەستدرێژییە بۆ سەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری هاتە ئاراوە، بەڵکوو زۆرینەی ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا و هەروەها ڕێکخراوەکانیش هاوسۆزیی خۆیان بۆ ڕۆژنامەی شپیگل دەربڕی. بۆ نموونە؛ ڕێکخراوەکان دەرگای نووسینگەکانیان بە ڕووی ڕۆژنامەنووساندا کردەوە تا لەوێ درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن.

دادگای دەستووری فیدراڵی لە بڕیار و حوکم بەسەر شپیگل دا، لە (٥)ی ئابی ١٩٩٦دا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژنامەگەری ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان بەجێ دەگەیەنێت کە لە بنەڕەتدا دەسەڵاتی گشتی ڕێگەی پێ نادرێت دەستتێوەردان بکات. پۆتکەر لە ساڵی (٢٠١٢)دا ئەو بڕیار و حوکمە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە گرنگیییەکی بنەڕەتی لەئارادایە بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە ئەڵمانیادا، چونکە بە شێوەی پێشەنگ گرنگیی ڕۆژنامەوانیی لە دانوستاندنی کۆمەڵایەتیدا پێک هێنا و دواتر بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر یاسای ڕاگەیاندن دانا و سەلماندی کە پێشەنگە. ئەوەش دەرفەتێکی باش بوو بۆ پەرەپێدانی دیموکراسیی کارای ڕۆژنامەگەری لە ئەڵمانیادا. ڕێکخراوە ناحکومییەکان وەکوو ماڵی ئازادی (Freedom House) و پەیامنێرانی بێسنوور (Reporters Without Borders)، لە ڕیزبەندی و ڕاپۆرتی ساڵانەیاندا ڕۆژنامەوانیی سنووردارکراو و بەربەستەکانی ڕۆژنامەوانی لە سەرانسەری جیهاندا بەڵگەنامەیی دەکەن. ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور لە (١٨٠) وڵاتدا چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا دەکات و سەبارەت بە دۆخی ئێستای کارکردنیان گفتوگۆ دەکات و پرسەکانی ڕۆژنامەوانی تاوتوێ دەکەن. بۆ نموونە؛ کار دەکەن لەسەر ڕێژەی هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان و توندوتیژی بەرامبەریان و سەپاندنی زیندان بەسەریاندا، بە مەبەستی پۆلێنێکی نێودەوڵەتی بۆ پێواندنی بایەخی ئازادیی ڕۆژنامەوانی. ساڵی ٢٠٠٨، پەیامنێرانی بێسنوور بابەتێکیان بڵاو کردەوە لە ژێر ناوی هاندان دژ بە پسپۆڕانی ڕاگەیاندن دەبێتە هۆی ترس و توندوتیژی و ڕاپۆرتیان کرد کە ئازادیی ڕاگەیاندن بە تایبەت لە ئەورووپا سنووردار کراوە. دەبووایە ڕۆژنامەنووسان زیاتر هەست بە دڵنیایی حاڵ و ماڵ و گیانی خۆیان بکەن، تەنانەت لە ئەورووپاش ڕۆژنامەنووسان دەکەونە بەر تۆمەتی ئامانجدار و کەمپینی هێرشبەرانە لە لایەن سیاسەتمەدارە پۆپۆلیستەکانەوە. لەو جۆرە نموونانە لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپادا زۆرن. هەروەها دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە هەندێ وڵاتی ئەفەریقی و وڵاتانی عەرەبی و ئەمەریکای باشووردا بە شێوەی نەریتیی زۆر دژوار پۆلێن کراون. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا  لە ڕیزبەندیی ڕاگەیاندندا بۆ پلەی (٤٨) دابەزیوە. ئەوە هەمان ئەو بارودۆخەیە وا پەیامنێرانی بێسنوور دۆخەکە دەگەڕێننەوە بۆ سەرۆککۆماری ئەمەریکا (دۆناڵد ترەمپ) کە لەو کاتەوە سەرۆکایەتیی گرتە دەست و دەستی کرد بە هێرشکردنە سەر ڕاگەیاندنی ڕەخنەگر. ترەمپ هێرشی کردە سەر ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرەکان و بە دوژمنی خەڵک دەیچوواندن. هەر چەندە ئەڵمانیا لە ڕیزبەندیی ئازادیی ڕۆژنامەوانیدا دوو پلە بەرز نرخێنرا و بە پلەی سێزدەیەم دانرا، بەڵام پەیامنێرانی بێسنوور ئەوە بە ڕەوتێکی ئەرێنی دانانێن.

بە پێی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور ، دۆخی ڕۆژنامەوانی لە وڵاتانی دیکە بە شێوەیەکی بەرفراوان تێک چووە، بۆیە ئەڵمانیا لەچاو ئەو وڵاتانەدا بە باش دادەنرێت. ڕێژەی هێرشی جەستەیی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانی بە (١٥) کەس هەژمار دەکرێت و ئەو ڕێژەیە بەرز بووەتەوە بۆ (٢٢) کەس. ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە ڕێپێوانە پۆپۆلیستییەکانی بەرەی ڕاستگەرادا، توندوتیژیی دژ بە ڕۆژنامەنووسان ڕوو لە زیادبوون پیشان دەدات: لە خۆپیشاندانەکانی شاری کمینتس ، لە هاوینی (٢٠١٨)دا، خۆپیشاندەران بە بەردەوامی هێرشیان دەکردە سەر ڕۆژنامەنووسان و پەلاماری کامێرا و مۆبایلەکانیان دەدان و کەلوپەلەکانیان شکاندن و ‌هێرشی جەستەییان دەکردە سەریان و تۆمەتی ڕاگەیاندنی درۆزن یان دەدایە پاڵ ڕۆژنامەوانان. پەیامنێرانی بێسنوور بەو ئەنجامە گەیشتوون کەشوهەوای ڕۆژنامەوانی لە ئەڵمانیادا لە سەردەمی بزووتنەوەی پگیدا لە ساڵی ٢٠١٥ یەکسان نەبووە. خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی پگیدا لە شاری درێسدێن لە پاییزی ساڵی ٢٠١٤دا لە ڕاستڕەوی توندڕەوەوە بۆ توێژی مامناوەندی کۆمەڵگە گوازراوەتەوە و لە ژێر دەسەڵاتی پۆپۆلیستە ڕاستگەراکان و کۆنزێرڤاتیڤەکاندایە و بە درووشمی ترس لە بێگانە و ترس لە ئیسلام هەنگاو دەنێت. ڕووداوەکەی شەوی سەری ساڵی ٢٠١٨ لە کۆڵن کە دەیانوت پیاوانی پەنابەر؛ ژنانی ئەڵمانیایان بێزار کردووە و قەیرانی ئۆکراین، ببوونە گورزێک بە دەست کۆنزێرڤاتیڤەکانەوە تاکوو بتوانن هێرش بکەنە سەر ڕوژنامەنووسان و هەروەها پەنابەران.

قەیرانێکی متمانە لە ڕۆژنامەوانیدا کە ئێستا لەئارادایە، پڕوپاگەندەیەکە بە ناوی ڕاگەیاندنی درۆ لە لایەن سیستمی دەسەڵاتەوە بۆ سەر ڕاگەیاندنی گشتی و سەربەخۆ. لە ڕاپرسییەکدا بە ناوی توێژینەوەی درێژخایەن لە بارەی متمانەی ڕاگەیاندنەکان کە هێمای پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیبوونی بەهێزە، لە زانکۆی یۆهانس گوتێنبێرگ لە شاری ماین بەڕێوە چوو و بەو ئەنجامە گەیشتن: متمانەی خەڵک بە ڕاگەیاندنەکان ئەو پێناسانە دەسەلمێنێت وەکوو ڕاگەیاندنەکان لە کۆماری فیدراڵدا بە تەواوی کەرەستەیەکە بە دەست دەسەڵاتدارەکانەوە ، یان ڕاگەیاندنەکان و سیاسەت دەستیان داوەتە دەستی یەک بۆ تێکدانی بیروڕای خەڵک .

کاتێک باسی ڕاگەیاندنی درۆ دێتە ئاراوە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆر لە خەڵک بایەخ بە ڕوانگە و ئەولەویەتی سیاسیی خۆیان نادەن. لە نێوان خەڵک و نوخبەدا ناکۆکیی بیروڕا لەئارادایە، نەک هەر لە نێوان ئەواندا، بەڵکوو لە نێوان کەسایەتییە سیاسییەکان و ڕۆژنامەنووسانیشدا، بە تایبەت کاتێک سەبارەت بە پرسی سیاسیی جیۆپۆلەتیک و هاوپەیمانی، یان هەڵوێستی ئەڵمانیا بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، یان ڕووسیا و کێشمەکێشی وڵاتان گفتوگۆ دەکرێت.

بۆ ئەوەی بتوانین کاریگەریی جیاوازیی سیاسەتی ڕاگەیاندن لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا هەڵبسەنگێنین، ڕوانگەیەکی پێوانەیی نێونەتەوەیی لە بارەی سیستمی ڕاگەیاندن پێویستە بوونی هەبێت. چەمکێک هەیە کە لە ئێستادا لە توێژینەوەی پەیوەندییەکاندا باوە. بۆ یەکەمین جار وەکوو چوار بیرۆکەی ڕاگەیاندن لە لایەن ئەم کەسانەوە؛ سیبێرت، پیتەرسۆن و شرام  لە ساڵی (١٩٥٦) پەرەی سەند و سیستمی ڕاگەیاندنی بەسەر چوار بەشدا دابەش کرد: سیستمی میدیایی تۆتالیتار، پاوانخواز، بەرپرسیار لە ڕووی کۆمەڵایەتی یان لە ڕووی ئابوورییەوە. ئەوەش لە مێژە بە مۆدێلی باڵادەست دادەنرا وەکوو سیستمی میدیای نێودەوڵەتی. چەمکی بەراوردکردنی سیستمی میدیا ڕێبازێکی نوێیە و پەسەند کراوە بۆ بەراوردکردنی سیستمی میدیایی ڕۆژئاوا کە دواتر فراوانتر و زیاتر پەرەی پێ درا بۆ ئەوەی ناوچەکانی دیکەی جیهان بگرێتەوە.

لێکۆڵینەوەکانی دوو کەس بە ناوەکانی هالین و مانچینی لە بارەی میدیا و سیاسەت، ڕەوتێکی سیاسەتی میدیایی دەگرێتە بەر و جیاوازی لە نێوان چوار سیستمی میدیایی دادەنێت: ڕەهەندەکانی میدیا-پێگەی ڕۆژنامەوانی، هاوتەریبیی سیاسی، پلەی پیشەییبوون و کونترۆڵی دەوڵەت. هەروەها چوار ڕەهەندی سیاسییش دادەنێت: شێوازی ململانێ، شێوازی حوکمڕانی، ئاستی ڕێکخستن و ڕۆڵی دەوڵەت.

مۆدێلی دیموکراسی-کۆمپانیا لە ڕاگەیاندندا

مۆدێلی دیموکرسی-کۆمپانیا لە باکوور یان ناوەڕاستی ئەورووپا، بۆ سیستمی میدیایی ڕوویان لە گەشەکردنە، چونکە بە شێوەیەکی نەریتی هەژمار و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکان  زۆرن و پەخشی ڕیکلامی بازرگانییش هاتووەتە ئاراوە. لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیا، ئەڵمانیا، نەمسا، سویسرا و هۆڵەندا، ڕۆژنامەوانی بە پیشە دادەنرێت، وە میکانیزمەکانی خۆبەڕێوەبردن و شەفافیەت لە ڕووی دامەزراوەییەوە چەسپێنراون. میدیا بە تەنها وەک کۆمپانیای تایبەت سەیر ناکرێت، بەڵکوو ئەرکە کۆمەڵایەتی-سیاسییە سەرەکییەکانیان بەجێ دەهێنن. پێگەی پەخش و وەشانی گشتی لەو وڵاتانەدا کە ئاماژەمان پێ دان، بەهێزە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کەنەدا، بەریتانیا و ئێرلەندا؛ لە ڕووی سیستمی ڕاگەیاندن تەرخان کراون بۆ مۆدێلی لیبراڵ یان ئەتلانتیکی باکوور. لەم وڵاتانەدا هەواڵی ئاڕاستەکراو لە لایەن لایەنێکەوە بۆ ناو ڕۆژنامەوان زاڵە بەسەر کولتووری ڕۆژنامەوانیدا. ڕۆژنامەوانی لە بەریتانیا بە شێوازی حزبی مامەڵە دەکات و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی گشتی وەکوو کەنەدا و ئێرلەندا دوور لە ویلایەتەکان ڕێکخستنیان بۆ دەکرێت. واتە هەر ویلایەتە و سەربەست نییە بڕیار لەسەر چۆنیەتیی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان بدات. هەر چەند ڕاگەیاندنەکان سەربەخۆن، بەڵام سیستمی بڵاوکردنەوەی گشتی لەناو چووە. ئەو شێوە ڕاگەیاندنە بە لیبراڵ پێناسە دەکرێت، چونکە بە دژواری لە لایەن دەسەڵاتەوە جڵەو دەکرێت. لە بواری ناوەرۆک و ئابوورییەوە، ڕاگەیاندنەکان لە سیستمی لیبراڵدا بە تەواوی سەربەخۆن.

مۆدێلی جەمسەرگیری-فرەیی لە ڕاگەیاندندا

مۆدێلی جەمسەرگیری-فرەیی، یان مۆدێلی سیستمی میدیای دەریای ناوەڕاست، بە تایبەتمەندیی سیستمی میدیا و کولتووری ڕۆژنامەوانی لە باشووری ئەورووپادا دێتە هەژمار. ئەم وڵاتانە لە ئەورووپادا: یۆنان، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، پرتوگال و فەڕەنسا؛ بە هەندێ سنووردارکردنەوەی میدیایی، بە مۆدێلی ڕاگەیاندنی دەریای ناوەڕاست دەناسرێنەوە و بە میدیای نزیک لە دەوڵەت و پشتئەستوور بە سیاسەت هەژمار دەکرێن. ئەو ڕۆژنامانەی وا بە ڕاگەیاندنی نوخبە ناسراون، چاپ و هەژماریان کەمترە لەچاو ڕۆژنامەکانی تر. چوارچێوەی سیاسی و یاسایی بۆ ڕۆژنامەوانی؛ دۆخێکی هەڵپەسێردراوی هەیە و هەردوو چوارچێوەکە گرێدراوی یەکترن. پلانی تایبەت بە یاسای ڕاگەیاندن لە ئەستۆی سیاسەتە و دەبێ لە یاسادانانی پەرلەمانیدا، دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن ڕۆڵیان هەبێت. لێرەدا مەبەست لەو مافانەن کە ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ دەبێ دڵنیایی هەبێ لە کارەکەی. ئەوەش بە شێوەیەکی پراگماتیک بە یاسای میدیا ناو دەبرێت. هەر چەندە ئەو زاراوەیە لە هیچ جۆرە یاسایەکدا نادۆزرێتەوە. پێویستە هەندێ لە نۆرمەکان لە یاسا جیاوازەکاندا کۆ بکرێنەوە، وەک یاسای دەستووری کە ئازادیی ڕۆژنامەوانی دیاری دەکات. بۆ نموونە؛ وەکوو یاسای کارگێڕی کە داواکاری ڕۆژنامەوانی بۆ گواستنەوەی زانیاری ڕێک دەخات. نموونەیەکی تر، یاسای مەدەنی کە مافی لەبەرگرتنەوە هەموار دەکات و هەروەها یاسای تاوانکاری کە مافی پاراستنی مافی تاکەکەسی دەستنیشان دەکات. نموونەیەکی دیکەش، یاسای ڕێکارەکانە بە مەبەستی ئەوەی تاکەکان یان ڕۆژنامەنووسان مافی ئەوەیان هەبێت شایەتحاڵبوون ڕەت بکەنەوە. ئەم یاسایانە کە بە نموونە هێنامانەوە، چوارچێوەی یاسایی بۆ میدیا لە ئەڵمانیادا دیاری دەکەن. لە ڕاستیدا چوارچێوەی یاسا و ڕێساکان زیاتر لە خوێندنی وانەی بەشی یاسا دەچن تاکوو ڕۆژنامەوانی. دەتوانین لەم دۆخەدا وەڵامێکی ساکار بدەینەوە: ڕۆژنامەنووسان تا دێت زیاتر بەرپرسیار دەبن لە دەرئەنجامی کارەکانیان ئەگەر بێت و خەڵک یان کۆمپانیاکان لە ئەنجامی ڕاپۆرتەکانیاندا زیانیان پێ بگات، کە نەک تەنها پێویستی بە پێدانی قەرەبوو هەیە، بەڵکوو لە بارودۆخی دژواردا دەتوانێ ببێتە هۆی سزای زیندانیکردن. بە مەبەستی دوورەپەرێزی لە وەها ڕووداوگەلێکی ڕۆژنامەوانی، یاسای تایبەت بە ڕۆژنامەوانان لە کاتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بواری چالاکییەکانیان لە بەرژەوەندیی گشتیدا؛ بە بنەمایەکی گرنگ دادەنرێت و زانستی یاسای ڕاگەیاندن دەبێتە ئامرازی ڕۆژنامەوانی. یاسای بنەڕەتی وەک بنەمای یاسایی بۆ کاری ڕۆژنامەوانی لە ئەڵمانیادا، نەک هەر ئازادیی گشتیی زانیاری و ڕادەربڕین لە مادەی پێنجەمدا مسۆگەر دەکات، بەڵکوو ئازادیی تایبەتیی ڕۆژنامەوانی و بەو پێیەش قەدەغەکردنی سانسۆری دەوڵەتیش مسۆگەر دەکات. هەروەها لێرەدا ئاماژەیەکی ڕوون بەوە دەدەین کە ئازادیی ڕۆژنامەوانی بێسنوور نییە، بەڵکوو سنوورەکانی خۆی لە بڕگەکانی یاسا گشتییەکان و بڕگەکانی یاسایی بۆ پاراستنی گەنجان و لە مافی شەرەفی کەسیدا دەدۆزێتەوە.

لە یاسای بنەڕەتیدا خۆی مادەی زیاتری تێدایە کە ڕۆژنامەوانان ڕێگەیان پێ نادرێت لە ڕاپۆرتەکانیاندا پێشێلكاری بکەن: وەکوو کەرامەتی مرۆڤ لە مادەی یەکەمدا، مافە کەسییە گشتییەکان لە مادەی دووەمدا، مامەڵەی یەکسان لەگەڵ ئەو کەسانەی ڕەچەڵەک و زمان و هەڵوێستی ئایینی و سیاسیی جیاوازیان هەیە کە لە مادەی سێیەمدا هاتووە. بەم پێیەش بەشداریی ڕۆژنامەوانی ڕێگەپێدراوە ئەگەر ڕێز لە مافی چارەی خۆنووسینی هەر تاکێک بگرێت و جیاکاری نەکات لە نێوان هیچ کەسێکدا، ئەوەش لە مادەی (١٠)دا هاتووە کە نهێنیی نامە و پەیوەندییەکان دەپارێزێت. بە پێی مادەی دەیەم، ڕۆژنامەوانیش وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکە ئەگەر تاوان ئەنجام بدات، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. لە یاسای تاوانەكاندا (StGB) یاسایەک ڕێک خراوە بۆ تاوانی ڕۆژنامەنووسان هەروەک چۆن ئەو یاسایە بۆ هەر هاوڵاتییەکی دیکەش جێبەجێ دەکرێت. قەدەغەیە ڕۆژنامەنووسان دەنگ و گفتوگۆی نهێنیی کەسێک بڵاو بکەنەوە، یان ڕێگە بە ڕۆژنامەوانان نەدراوە سیخوڕی بەسەر کەسێکەوە بکەن. بۆ ڕۆژنامەنووسان هەندێ شت سنووردار کراوە، بۆ نموونە: لێکۆڵینەوە لە کاری نایاسایی (گەندەڵی)، بردنی بەڵگەنامەکان، بەشداری لە هەندێ تاوان وەکوو خیانەتکردن و دزینی بەڵگە نهێنییەکان لە لایەن بەرپرسانی حکومییەوە کە ڕۆژنامەنووسان ڕاپۆرتی لە سەر دەنووسن. لە وەها دۆخێکدا، دەبێ ڕۆژنامەوان چاوەڕێ بکات تاکوو وەزارەتەکان یان فەرمانگەکان بۆخۆیان بەڵگەکان بدەنە دەستیان. هەم ڕۆژنامەوانانی سەرەتایی و هەمیش ڕۆژنامەوانانی بەئەزموون، بتوانن مامەڵە لەگەڵ یاسادا بکەن و بە وردییەوە ئاگاداری پەیوەندییەکانیان بن و پرسیارە گرنگەکان بخەنە ڕوو. لە ساڵی ٢٠١٦دا دوو کەس بە ناوی فێچنەر و ڤۆسنەر ، ڕێنماییەکیان بۆ پیشەی میدیایی نووسیوە و پێی دەوترێت یاسای ڕۆژنامەوانی ، واتە ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە بە تایبەتی کاریگەرییان لەسەر کاری ڕۆژنامەوانیی کرداری (پراکتیکی و مەیدانی) هەیە. هەروەها جۆلیان ویدمان لە وتارێکیدا هەشت ڕێسای بنەڕەتی دەخاتە ڕوو کە پێویستە ڕۆژنامەنووسان لە ڕووی یاساییەوە پابەندی بن، بەمەش پێشەکییەکی کردەیی بۆ بابەتەکە دابین دەکات. لە هیچ بارودۆخێکدا نابێت ڕۆژنامەنووسان پارە یان پاداشتی دیکە پێشکەش بکەن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، بە پێچەوانەوە لەوانەیە تاوانبار بن بە بەرتیلدان. هەروەها هەڕەشەکردن لە زانیاریدەر دەتوانێت ببێتە تاوانی زۆرەملێ. جگە لە ڕێسا جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بە یاسای تاوان کە بە تایبەتی ڤیدیۆ تۆماركردن و وێنەگرتنی خەڵک و موڵک و دامەزراوە سەربازییەکان سنووردار دەکەن، لە هەمان کاتیشدا یاسای تاوان هەر جۆرە نمایشێک بە مەبەستی هاندان بۆ توندوتیژی قەدەغە دەکات. جگە لەوەش، یاسای تاوان پێشیلکارییەکانی مافی ئابڕووی کەسێتی ڕێک دەخات کە لە یاسای بنەڕەتیدا وەک بەربەستێک لە بەردەم ئازادیی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی پێ کراوە و تاوانەکانی بریتین لە سووکایەتیپێکردن و خستنەڕووی لێدوانی ڕاست و دروستی ناوزڕێنەر.

لە ڕوانگەی توێژەرێک بە ناوی براناڵ ەوە، زۆر جار ڕۆژنامەنووسان بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە گوایە زۆر لە ژیانی کەسێک ورد دەبنەوە، ئەوەش تۆمەتی شکاندنی چوارچێوەی کەسی لە لایەن کۆمپانیا یان کەسێکی ناودار دەخرێتە پاڵیان، گوایە ڕۆژنامەنووسێک بە لێوردبوونەوە زیانی پێ گەیاندوون.

هەندێ یاسا و ڕێسای دیکەی سنووردار بۆ کاری ڕۆژنامەوانی لە لایەن یاسای پاڵپشتی لە منداڵانی ژێر هەژدە ساڵ دانراوە ،کە لەسەر ئەو بنەمایانە ڕاگەیاندنەکان دەبێ لە ناوەرۆکی نائەخلاقی و توندئاژۆ، تاوان یان قێزکردنەوە لە نەتەوەیەکی تر دوورەپەرێز بن. ڕێسای تایبەت بە مافی چاپ لە ڕۆژنامەوانیی دیجیتاڵ لەئارادایە کە خاوەندارێتیی مەعنەوی دەپارێزێت، ئەوەش دوو پەیامی تێدایە بۆ ڕۆژنامەنووسان: یەکەم ئەوەیە ڕۆژنامەوانان ناتوانن ئازادانە کەڵک لە تێکست و بابەت و ڤیدۆ و وێنەی کەسێک بگرن. لە لایەکی ترەوە مافی ڕۆژنامەنووسان دەپارێزرێت کە خۆیان وەکوو بەرهەمهێنەری بابەتەکانیان لە چوارچێوەی کاری ڕۆژنامەوانیدا چالاکی دەکەن.

هەندێ لە بڕگە یاساییەکان بۆ ڕۆژنامەوانان لە ئەڵمانیا

جیا لەو یاسا و ڕێسا سنووردارانە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، ڕۆژنامەنووسان کۆمەڵێک مافی تایبەتیان هەیە کە لە بەرامبەردا پەیوەستن بە ئەرکە جۆراوجۆرەکان و جگە لە یاسای بنەڕەتی؛ بە شێوەی سەرەکی لە یاساکانی ڕۆژنامەوانی لە ویلایەتە فیدراڵەکاندا ڕێک دەخرێن. بەو پێیەی یاسای ڕۆژنامەنووسی لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی تر جیاوازە، بەڵام بڕگە ناوەندییەکان بە هەمان شێوە داڕێژراون. ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە پراکتیکی ڕۆژنامەوانییەوە هەیە، بە بەکارهێنانی نموونەی یاسای ڕۆژنامەوانیی ویلایەتی نۆردڕاین وێستفاڵێن (SGV NRW 2020)ی فیدراڵیی ئەڵمانیا زیاترین شرۆڤەی ڕاگەیاندنیان بۆ کراوە:

  • بڕگەی یەکەم: ئەوە مسۆگەر دەکات کە ڕۆژنامەوانی لە ڕووی ناوەرۆکەوە تەنانەت لەسەر ئاستی دەوڵەتیش ئازادە و پابەندە بە بناغەی سەرەکیی دیموکراسییەوە. لە ڕاستیدا ڕۆژنامەوانان ئەندامی زۆرەملێ نین، چونکە ڕۆژنامەوانی دەبێ ڕێکخراوێکی کارامە و پسپۆڕ بێ. لە حاڵێکدا ڕۆژنامەوانی نەبووەتە پیشەی ڕێگەپێدراوی پسپۆڕانە .
  • بڕگەی دووەم: دەبێ چالاکیی ڕۆژنامەوانی و ئابووریی ڕاگەیاندن ڕێگەپێدراو بێت.
  • بڕگەی سێیەم: ئەرکی گشتیی ڕاگەیاندن دەستنیشان دەکات: ڕۆژنامەنووسان دەبێ هەواڵەکان بەدەست بێنن و بڵاوی بکەنەوە، هەڵوێستیان هەبێ و ڕەخنە بگرن و لە پێکهێنانی بیروبۆچووندا بەشدار بن.
  • ىڕگەی چوارەم: مافی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن بۆ زانیاری پێدان و زانیاری وەرگرتن ڕێک دەخات کە بە تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە گرنگە. بەو پێیە هەموو دەسەڵاتدارانی وڵات پابەندن بە پێشکەشکردنی زانیارییەکان کە خزمەت بە جێبەجێکردنی ئەرکە گشتییەکان دەکات و لە خزمەت خەڵکدا بێت ، کە لە یاسای کەیسەکاندا بە تەواوی پەیوەست بە ناوەرۆک دادەنرێت و بە ڕوونی و بە وردی پێناسە کراون.
  • بڕگەی پێنجەم: بە هۆی مافە تایبەتەکانی زانیاری بۆ ڕۆژنامەنووسان کە لە یاساکانی ڕۆژنامەوانیی ویلایەتەکاندا هاتووە بۆ هەموو هاوڵاتییان و هەر بۆیە ڕۆژنامەنووسانیش زانیاریی زیاتریان هەیە لە بەرامبەر دەسەڵاتە فیدراڵییەکاندا، وەک یاسای ئازادیی زانیاری (IFG) کە لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە کاری پێ کراوە. هەروەها یاسای بەکارهێنەر (VIG) و یاسای زانیاریی ژینگەیی (UIG).
  • بڕگەی شەشەم: باس لە ئەرکی چاپەمەنیی چاودێری دەکات ، کە بە پێی ئەو بڕگەیە ڕۆژنامەنووسان دەبێ هەموو هەواڵەکان چاودێری بکەن و لە ڕاستی و دروستییان دڵنیا ببنەوە و پشکنین بۆ سەرچاوەی هەواڵەکان بکەن پێش بڵاوکردنەوەیان. ئەرکی چاودێری دەکرێ وەکوو هاوتایەک بۆ مافی زانیاریی ڕۆژنامەوانی سەیر بکرێت.
  • بڕگەی هەفتەم: ڕۆژنامەنووسان ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن ئەگەر پێش بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان هەموو ئەو سەرچاوانەی لە بەر دەستیاندایە بەکاری بهێنن و هەروەها دەرفەت بەو کەسانەش بدەن کە زیانیان بەر کەوتووە تاکوو پێش بڵاوبوونەوەی زانیارییەکانیان؛ بیروڕای خۆیان دەرببڕن. ڕۆژنامەنووسان دەبێ تا ئەو ڕادەیە بۆیان دەکرێ ڕاستگۆ بن. لە سۆشیالمیدیادا دەبێ زۆر وریا بن و بە وردی لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هەواڵەکان بکەن.
  • بڕگەی هەشتەم: ڕۆژنامەکان دەبێت لە چاپدا؛ ناو و ناونیشانی بڵاوکەرەوە و سەرنووسەرێک بنووسن کە وەک بەرپرسیار لە چوارچێوەی یاسای چاپەمەنیدا مامەڵە دەکات. مافی ڕەتکردنەوەی ئیفادە کە بە تایبەتی بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کاتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوی ڕەخنەگرانەدا بەسوودە، هەڵبەت نەک لە یاساکانی ڕۆژنامەوانیی حکومیدا، بەڵکوو لە یاسای ڕێکاری تاوانکاریدا لەنگەری گرتووە. ئەوەش بەو مانایەیە کە کارمەندانی میدیای گشتی پێویست ناکات وەک شایەتحاڵ ئیفادە بدەن سەبارەت بەوەی چ زانیارییەکیان لە کام زانیاریدەر وەرگرتووە. بە پێی ئەو مافە، کەسانی ناوخۆی کۆمپانیاکان، دەسەڵاتداران یان ڕێکخراوەکانی دیکە کە زانیاری یان بەڵگەنامەی ناوخۆیی دەدەنە ڕۆژنامەنووسان و بە زانیاریدەر ناو دەبرێن، دەبێت چاوەڕێی سزا بن ئەگەر وەک نووسەری زانیاریی نهێنی ئاشکرا بکرێن.

بەرپرسیارێتی لە ڕاگەیاندندا

جگە لەو پرسیارەی کە ڕۆژنامەنووسان چۆن خۆیان لە دەرەنجامە یاساییە نەخوازراوەکانی ڕاپۆرتکردنیان بەدوور دەگرن، وەک پرسیاری کۆتایی و چارەنووسساز بە ئەخلاقی میدیایی؛ پرسیارێکە کە کێ لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیارە لەو بابەت و بڵاوکراوانەی کێشەیان هەیە. ئەو کەسانەی بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆدایە: سەرنووسەر، ئەو کەسانەی خاوەن مۆڵەتی ڕادیۆ یان تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤار و هەر جۆرە بڵاوکراوەیەکن. جیا لە بەرپرسیارێتیی یاسایی، پرسیارێکی تر دێتە گۆڕێ: کێ لە بەرامبەر هەڵە و کەموکوڕییەکانی ڕاپۆرتکردن و نووسین و بڵاوکردنەوەدا بەرپرسیارێتیی هەیە وەکوو ڕۆژنامەوانێک؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لە ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندندا دەدۆزرێتەوە.

ئەخلاقی ڕاگەیاندن: چوارچێوەی ئەخلاق بۆ ڕۆژنامەوانی

چەندین نموونەی بەرچاو  و پراکتیکی وەکوو ڕاپۆرتی گوماناوی و هەڵە، یاخود بابەتێکی ناڕاست لە سۆشیالمیدیادا، وا دەکات دەیتاکانمان بپارێزین. بۆ نموونە؛ کاتێک دیزاینەری ڕۆژنامە یان ڕۆژنامەوان وێنەی کەسگەلێک دەدۆزنەوە کە مردوون، لە لاپەڕەی یەکەمدا دایدەنێن یان چاپی دەکەن، پرسیار لەسەر ئەخلاقی ڕاگەیاندن دروست دەکات. یان لە شوێنێکدا تەقە کراوە، یان لە جێیەکدا پێکدادانی ئۆتۆمبێل هەبووە و بە بێ ڕەزامەندیی کەسوکاری قوربانییان؛ وێنە و ڤیدیۆکانیان دادەنێن. ڕەنگە هەندێ جار ڕوو بدات ڕۆژنامەوانان گرنگی بە سنووری تایبەتی کەسێک نەدەن و خۆیان وەکوو ڕاوچییەک مەڵاس بدەن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری یان وتارێک یان وێنەیەک. بۆ نموونە: کاتێک شازادە دیانا لە ساڵی ١٩٩٧ لە پێکدادانی ئۆتۆمبێلدا مرد. یان لە کاتی بەبارمتەگرتنی گلادبێک (Gladbeck) لە ساڵی ١٩٨٨. ڕەنگە هەندێ جار پێشدادوەری بکەن و ڕاستییەکان لەبەرچاو نەگرن وەکوو تۆمەتی گەندەڵی دژ بە سەرۆککۆماری پێشووی فیدراڵ کریستین وۆڵف. ڕۆژنامەوانان دەبێ بە جوانی بیر لە کار و دەرەنجامەکانیان بکەنەوە. کاری ڕۆژنامەوانی چ ڕێنمایی و پێوەرێک پەیڕەو دەکات؟ پابەندە بە چ بنەمایەکەوە؟ کێ بەرپرسیارە لە بابەتی هەڵە، یان ڕاپۆرتکردنێک کە لایەنی کەسێک یان بەرەیەک دەگرێت؟ ئەم پرسیارانە تایبەتە بە بواری ئەخلاقیی ڕاگەیاندن کە ئاماژە بە کێشەی ئەخلاقیی ڕۆژنامەوانی دەکات.

ڕۆژنامەوانی بڕیارە چی بکات؟

هەموو شتێک کە لە ڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراوە، ناتوانێ لە ڕووی ئەخلاقییەوە ڕەوا یان بەرپرسیار بێت. لێرەدا جەخت لەسەر بەرپرسیارێتیی ڕۆژنامەنووس لە ئاست ئەو ناوەرۆکە دەکرێتەوە کە بەرهەمی دەهێنێت. ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی لە ڕێبازێکی تاکئەخلاقی پەیڕەوی دەکات کە بەردەوام پیشەی میدیایی لە ناوەندی ئەخلاقی پسپۆڕانەدا دادەنێت. جگە لە ڕاهێنانی تەکنیکیی باش، دەبێت جەمسەرێکی ئەخلاقیی باش بوونی هەبێت. ماکس ڤێبەر دووڕێیانێکی ئەخلاقیی میدیایی بۆ ڕۆژنامەنووسان دەخاتە ڕوو کە چۆنایی دەبێ بڕیارەکانیان بنیات بنێن. کردەی ئەخلاقی لە ململانێ ئەخلاقییەکاندا لەسەر بنەما و بەها ئەخلاقییەکان دامەزراوە و دەرەنجامی کردەوەکانی مرۆڤ پشتگوێ دەخات. کردەی ئەخلاقیی بەرپرسیارانە بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای دەرەنجامەکانە و ئەگەری پێشێلکردنی یاسا ئەخلاقییە بنەڕەتییەکان قبووڵ دەکات.

نموونە: شەوی سەر ساڵی نوێ لە شاری کۆڵن (Köln) لە ئەڵمانیا وەک کێشەیەکی ئەخلاقیی میدیا  

بە کەڵکوەرگرتن لە نموونەی ئەو ڕووداوانەی کە لە دوایین شەوی سەری ساڵی ٢٠١٥ بۆ سەری ساڵی ٢٠١٦ زۆر بانگەشەی بۆ کراوە، کە تیایدا چەندین دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنان لە لایەن پیاوانی باکووری ئەفەریقا و عەرەبەوە لە ناوچەی دەوروبەری ناوچەی کاتراڵی شاری کۆڵن و هەروەها لە وێستگەی سەرەکیی شەمەندەفەردا ڕووی دا، لە وەها دۆخێکی قەیراناویدا دەبینرێت ڕۆژنامەوانان بە زەحمەت دەتوانن بە شێوەیەکی بابەتیانە بە دروستی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن. واتە هەر ڕۆژنامەنووسێک کە پابەندە بە ڕاستییەکانەوە، دەبێ ئاماژە بە وڵاتی ئەو پەنابەرانە بکەن کە لێوەی هاتوون و باسی جوگرافیاکەی بکەن، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی  ورووژاندنی خەڵک دژ بە پەنابەران. ئەگەر ڕۆژنامەنووسان ڕاپۆرتیان نەکردبا، ئەوا بە تۆمەتی سەرکوتکردنی ڕاستییەکان تاوانبار دەکران، کە لەم دۆخە تایبەتەدا The case even وەک گریمانەیەک گەیشتە لوتکە کە میدیای گشتی وریا بوون. بەڵام مەرج نییە ڕۆژنامەوانان یاسا و ستانداردە ئەخلاقییە سەرەتاییەکان بۆ چالاکیی ڕۆژنامەوانی بە تاک پەرە پێ بدەن، بەڵام دەبێ هەڵوێستی خۆیان پەرە پێ بدەن. چ لە ئەڵمانیا و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ستانداردی سەرتاسەریی پیشەسازی بۆ نوێنەرایەتیکردنی گرووپی پیشەیی ڕۆژنامەوانان دامەزراون کە بە شێوەی سەرەکی لە لایەن کۆمەڵانی ڕۆژنامەنووسانەوە تۆمار کراون. کۆدی ڕۆژنامەوانیی سەر بە ئەنجوومەنی ڕۆژنامەوانیی ئەڵمانیا کە لە ساڵی ١٩٧٣دا هاتە ئاراوە، لەم بارودۆخانەدا دەسەڵاتدارە. ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسان و بڵاوکردنەوە، هەم وەک ڕێکخراوی لۆبی بۆ ڕۆژنامەگەری کار دەکات، هەمیش بە پێی کۆدی پرەنسیپی ڕۆژنامەوانی بۆ ڕێسای بازرگانیی ڕۆژنامەوانی بە شێوەی ڕێنمایی کردار و ئەخلاقی میدیایی کار دەکات. بەم شێوەیە ڕۆژنامەنووسان و کۆمپانیاکانی ڕاگەیاندن خۆیان پابەند دەکەن بە ڕاپۆرتکردنی ڕاستەقینە و بێلایەن: بە لێکۆڵینەوەی شەفاف و ورد، جیاکردنەوەی ناوەرۆکی ڕیکلام و ڕۆژنامەوانی و هەروەها بەرژەوەندییە ئابووری و ڕۆژنامەوانییەکان. ئەوان نەک هەر زانیاریدەرەکانیان دەپارێزن، بەڵکوو مافی ئەو کەس و گرووپانەش دەپارێزن کە ڕاپۆرتیان لە سەر دەدەن.

وەشانی یاسای ڕۆژنامەوانی

وەشانی ئێستای یاسای ڕۆژنامەوانی لە وەشانی ڕێکەوتی (٢٢)ی ئازاری ساڵی ٢٠١٧دا لە (١٦) بڕگە پێک هاتووە و بنەمای ڕۆژنامەوانی لەخۆ دەگرێت کە لێدوانە سەرەکییەکانی لە لای خوارەوە هاتووە:

ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری فیدراڵیدا گەرەنتی کراوە لە سەربەخۆیی و ئازادیی زانیاری پێدان و زانیاری وەرگرتن، هەروەها دەربڕینی بیروبۆچوون و ڕەخنە لەخۆ دەگرێت. ناوەندی بڵاوکردنەوە، سەرنووسەر و ڕۆژنامەوانەکان دەبێ ئاگادار بن کە بەرپرسیارن لە بەرامبەر خەڵکدا ئەخلاقی ڕاگەیاندن بپارێزن. دەبێ ئەرکەکانیان بە شێوەی دادوەرانە و لە ئاستی زانست و بیروبۆچوونی خۆیاندا ئەنجام بدەن و نەکەونە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندیی کەسی و پاڵنەرە دەرەکییەکان. بنەمای ڕۆژنامەوانی؛ ئەخلاقی پیشەیی ڕاگەیاندن دیاری دەکات. ئەوەش بەڵێن بۆ پاراستنی ئابڕووی ڕاگەیاندن و بەرگری لە ئازادیی ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیدایە. ئەو ڕێسایانەی پەیوەستن بە پاراستنی زانیاریی نووسین، تا ئەو ڕادەیە لەسەر شانی ڕاگەیاندنە کە زانیاریی تاکەکەسی نەکەوێتە ژێر ڕکێفی دەرەکییەوە.

ژیانی تایبەت بە ڕاگەیاندن و چوارچێوەی کەسێتی و مافی ڕاگەیاندن

  • ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانان پێویستە ڕێز لە مافی خەڵک بگرن و ئاگایان لە چوارچێوەی ژیانی خەڵک بێت. دەیتاکان بابەتێکی گرنگن کە ڕۆژنامەوانان دەبێ بیپارێزن، هەر لە لێکۆڵینەوە بگرە هەتا هەڵەگری و بڵاوکردنەوە و بەڵگەسازی و ئەرشیڤ؛ شایانی گرنگیپێدانن.
  • ڕێزگرتن لە ڕاستییەکان، شکۆمەندیی خەڵک و زانیاری پێدانی ڕاستەقینە و ڕاست و دروست؛ ئەولەویەتی سەرەکیی ڕاگەیاندنەکانە. توێژینەوە ئامرازێکی پێویستە بۆ چاودێریی ڕۆژنامەوانی. ئەو زانیارییانەی کە بۆ بڵاوکردنەوە بە وشە و وێنە و گرافیک دانراون، دەبێ بەو وردبینییەی کە لە ژێر بارودۆخەکەدا پێویستە؛ پشکنینیان بۆ بکرێت لە سۆنگەی ڕاستی و دروستییەوە.
  • لە ڕاگەیاندندا دەبێ ڕاپۆرتەکان، پڕوپاگەندە و بیرۆکە جەختلەسەرنەکراوەکان دەستنیشان بکرێن و بۆ خەڵک بڵاو نەکرێنەوە. ئەگەر هەواڵ و زانیاریی ناڕاست لە لایەن ڕاگەیاندنێکەوە بڵاو ببێتەوە، دەبێ لە لایەن هەمان ڕاگەیاندنەوە چاک بکرێتەوە و لەگەڵ کورتەڕوونکردنەوەیەک کە هەڵە ڕووی دا؛ شێوە دروستەکەی بڵاو بکرێتەوە.
  • لە کاتی وەرگرتنی زانیاریی کەسی و هەواڵ و وێنەدا نابێ هیچ جۆرە شێوازێکی نادادپەروەرانە بەکار بهێنرێت.
  • ڕۆژنامەوانان و ناوەندی بڵاوکردنەوە نابێت بە لای چالاکییەکدا بڕۆن کە متمانەی ڕاگەیاندن خەوشدار دەکات.
  • بەرپەرسیارێتیی ڕاگەیاندن لە بەرامبەر خەڵکدا وا دەخوازێت کە ئەو بڵاوکراوانەی لە لایەن سەرنووسەرەکانە؛ لە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان یان بازرگانیی لایەنی سێیەم یان بەرژەوەندییە ئابوورییە کەسییەکانی ڕۆژنامەنووساندا نەبن. بڵاوکەرەوە و سەرنووسەران ئەم جۆرە هەوڵانە ڕەت دەکەنەوە و جیاکردنەوەی ڕوون لە نێوان دەقی سەرنووسەری و بڵاوکراوەکان بە مەبەستی ڕیکلام مسۆگەر دەکەن.
  • ئەوە پێچەوانەی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانییە کە بە وێناکردنی نەشیاو بە وشە و وێنە؛ زیان بە كەسێتیی خەڵک بگەیەنن.
  • ڕۆژنامەوانی ڕێز لە ژیانی تایبەتیی خەڵک و چارەنووسی زانیارییەکانیان دەگرێت. ئەگەر کردەوە و وتووێژی کەسێک لە بەرژەوەندیی گشتیدا بێت، ئەوا دەکرێ لە ڕۆژنامەکاندا باسی لێوە بکرێت. لە دەستنیشانکردنی ڕاپۆرتەکاندا، بەرژەوەندیی گشتی بۆ زانیارییەکان دەبێ لە بەرژەوەندیی ڕەوای ئەو کەسانە زیاتر بێ کە کاریگەرییان لەسەرە.
  • چاپەمەنییەکان و ڕۆژنامەوانان خۆیان لە سووکایەتیکردن بە ئایین و ڕوانگەکان و جیهانبینییەکان دەپارێزن و هێرش ناکەنە سەر ئەو لایەنانە.
  • ڕۆژنامەوانان دەبێ دوورەپەرێز بن لە توندوتیژی و ئازار و دڕندەیی. لەبەر ئەوە ڕۆژنامەوانان گرنگی بە پاراستنی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی دەدەن.
  • نابێ جیاکاری بکرێت لە نێوان هیچ کەسێ بە هۆی ڕەگەز و کەمئەندامی، یان ئەندامێتی لە گرووپێکی نەتەوەیی، ئایینی، کۆمەڵایەتی.
  • ڕاپۆرتدان لەسەر لێکۆڵینەوەکان و ڕێوشوێنە تاوانکارییەکان و ڕێوشوێنە فەرمییەکانی تر، دەبێت دوور بێ لە دادوەریی پێشوەختە.
  • لە کاتی ڕاپۆرتکردن لەسەر بابەتی پزیشکی، پێویستە ڕۆژنامەوان دوور بکەوێتەوە لە نوێنەرایەتییە هەستیارەکانی ناڕەوا کە دەتوانێت ترس یان هیوای بێبنەما لە لای خوێنەر بورووژێنێت.
  • نابێ ڕۆژنامەوان بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتێک بەرتیل وەربگرێت، چونکە ئەوە کردەوەیەکی نامرۆڤانە و ناپسپۆڕانەیە.

پەسەندکردنی ئەو ئیمتیازاتانە بە هەر جۆرێک کە بتوانێت کاریگەریی لەسەر ئازادیی بڕیاردانی تیمی بڵاوکەرەوە و سەرنووسەر هەبێت، لەگەڵ ناوبانگ و سەربەخۆیی و ئەرکی چاپەمەنیدا ناگونجێت.

ئەخلاقی پیشەیی

ئەخلاقی پیشەیی لە ڕۆژنامەوانیدا مافی سکاڵاکردن بە هەموو کەسێک دەدات. سکاڵاکان کاتێک ڕەوا دەبن کە ئەخلاقی پیشەیی پێشێل بکرێت، ئەوکات ئەنجوومەنی ڕۆژنامەوانان بڕیار لەسەر ئەو سکاڵایانە دەدات و بە پێی ئەو پرەنسیپانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت. ئەنجوومەنی ڕۆژنامەوانان بەرپرسیارە لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤاری ئەڵمانی و بڵاوکراوە ئۆنلاینییەکان، کە زۆرینەیان پابەندن بە ناساندنی یاسای ڕۆژنامەوانی وەک کەتەلۆگی پابەندکەری ڕێسا ئەخلاقییەکانی میدیا و بەو پێیەش وەک بنەمایەک بۆ چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانیان. لیژنەی سکاڵاکانی ئەنجوومەنی ڕۆژنامەوانی بەدواداچوون بۆ سکاڵا وەرگیراوەکان دەکات و لە دۆخی پێشێلکاریی ڕەوادا دەتوانێت یەکێک لەو ڕێوشوێنانەی خوارەوە لە دژی کۆمپانیای میدیایی بەرپرسیار بگرێتە بەر.

  • لە دۆخی پێشێلکارییەکی سادەی یاسای ڕۆژنامەوانیدا، ئەنجوومەنی ڕۆژنامەوانی ئاگادارییەکی ساکار بۆ تیمی سەرنووسەر دەردەکات کە شتێکی گشتگیر نییە.
  • لە ئەگەری پێشێلکارییەکی جددیدا، ئەنجوومەنی ڕۆژنامەوانی دەتوانێت سەرزەنشتێک دەربکات کە دەبێ لە لایەن تیمی سەرنووسەرەوە بڵاو بکرێتەوە.

بو نموونە؛ ڕێژەی سەرزەنشتکردنی ڕۆژنامەی بیلد (Bild)ی ئەڵمانی لە ساڵی (١٩٨٦)ەوە؛ (٢٠٢) جار بووە.

ئابووریی میدیا، مەرجی چوارچێوەی ئابووری بۆ ڕۆژنامەوانی

سەیر نییە کە ئەنجوومەنی ڕۆژنامەوانیی ئەڵمانیا هێشتا ناوبانگی پڵنگێکی بێ ددان ی هەیە، بەو واتایە کە دەسەڵاتی نییە ناڕەزایەتییە ئەخلاقییەکانی میدیایی بنەبڕ بکات. بەڵام ئەگەر لەگەڵ ئەنجوومەنی ڕاگەیاندنی وڵاتانی تری ئەورووپاییدا وەکوو فەڕەنسا و ئیتاڵیا و نەمسا پێوانەی بکەین، ئەوە ئەڵمانیا جێگەی بەهێزی لە سیستمی ڕاگەیاندندا هەیە. کۆمپانیاکانی ڕاگەیاندن چوارچێوەی ڕێکخراوەیی بۆ ڕۆژنامەوانی پێشکەش دەکەن. بڵاوکەرەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار و دابینکەرانی ئۆنلاین، یان ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئەهلی ؛ دەبێ لە ڕێگەی ڕیکلام و فرۆشتنەوە پارە پەیدا بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن مووچە بە ڕۆژنامەوانان بدەن، ژووری نووسین دابین بکەن و کەرەستەی پێویست بکڕن. لەو ڕووەوە ڕۆژنامەوانی لە سۆنگەی ئابوورییەوە دەبێتە مۆدێلی بازرگانی و بایەخی کارەکەش پەیوەستە بە بارودۆخی تایبەت بە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوە. بازاڕ و کۆمپانیا و بەرهەمەکانی ڕاگەیاندن چ تایبەتمەندییەکی ئابوورییان هەیە؟ لە پیشەی ڕاگەیاندندا چ ناکۆکییەک و کێشە و بەڕووداچوونەوەیەک ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەبێتەوە؟ پرسیارێکی تر ئەوەیە بۆچی ڕاگەیاندنەکان وەکوو شتومەک و کەرەستەکانی تر نین؟

ڕاگەیاندن دەتوانێ ڕیکلام بکات، ئەوەش هەم شتومەکی ئابووری و هەمیش شتومەکی کولتووری. واتە نەک هەر ئامانجی ئابووری، بەڵکوو ئامانجی کولتووری لەخۆ ئەگرێت. ڕاگەیاندنەکان ڕیکلام دەکەن و ڕیکلامکردن زانیاریی لەگەڵدایە و ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ پێکهێنانی بیرۆکە. ڕاگەیاندنەکان  ئەرکی بڵاوکردنەوەی گشتی ئەنجام دەدەن و هاوکات ئامانجی ئابوورییش لەبەرچاو دەگرن. کۆمپانیای ڕاگەیاندن؛ تێکست و بابەت لە چوارچێوەی زانیاری و سەرقاڵکردن دەخەنە ڕوو و دەیفرۆشن و داهات دابین دەکەن. ڕیکلامکردن لە بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەڤزیۆنیدا سەرچاوەی داهاتە بۆ ڕاگەیاندن. ڕاگەیاندن بۆ ئەوەی لە بازاڕی ڕیکلامدا سەرنجڕاکێش و سەرکەوتوو بێ، دەبێ زۆرترین بەکارهێنەر بدۆزنەوە کە بە شێوەیەکی ئایدیاڵ پارە دەدەن. بەرهەمی ڕیکلامی میدیایی دەبێ لە ڕووی کواڵتییەوە تایبەت و جیاواز بێت.

کۆمپانیای ڕاگەیاندنە کلاسیکییەکان وەک بڵاوکەرەوەی ڕۆژنامە، یاسایەکیان هەبوو بە ناوی یاسای زێڕین . بە پێی ئەو یاسایە یەک لەسەر سێی داهاتەکەیان ئەو پارەیە بوو کە خستبوویانە ناو بازاڕەوە کاریان پێ دەکرد و دوو لەسەر سێی دیکەی داهاتەکەیان لە بازاڕی ڕیکلامەوە بە هۆی كڕیار و پەیوەندییەکانیانەوە بەدەستیان دەهێنا. داواکاری بۆ ڕیکلام کاریگەری لەسەر بازاڕ دادەنێت و کێبڕکێی ئابووری بۆ پارەی ڕیکلام و کێبڕکێی ڕۆژنامەوانی بۆ سەرنجی بینەر پەیوەستن بەیەکەوە. ئەگەر کۆمپانیایەکی میدیایی سەرکەوتوو بێ لە زیادکردنی هەژمار بە بێ ئەوەی تێچووەکانی زیاد بکات، داواکاری بۆ ڕیکلام لە لایەن خوازیارانی ڕیکلامەوە ڕوو لە زیادبوون دەکات. بابەتە ئۆنلاینییەکان و هەروەها ڕۆژنامە ئەنالۆگەکان یان بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان، تێچووی کۆپیی یەکەمیان زۆرە. بەشێکی زۆری تێچووەکان بۆ نموونە بۆ لێکۆڵینەوە و جێبەجێکردن و داڕشتن لە کاتی بەرهەمهێنانی وەشانی یەکەمدا ڕوو دەدەن. بەڵام لە لایەکی دیکەوە تێچووی کاغەز یان ڕەنگ پاش یەکەم کۆپی، بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دەبێتەوە و سوودی ئابووری گەشە دەکات. لە ئەنجامدا بازاڕەکانی میدیا مەیلێکی بەهێزیان دەبێت بۆ چڕبوونەوەی قەبارەی ئابووری و ڕۆژنامەوانی. بە پێی توێژەری میدیا هۆرست ڕۆپەر ، بازاڕەکان تا دێت لە لایەن کۆمەڵە فرەنەتەوەییەکانی میدیا ی گەورەوە زاڵ دەبن بەسەر بازاڕی ڕیکلامی میدیادا. پشکی گەورەترین گرووپەکانی بڵاوکردنەوەی میدیایی (٦١.٦٪) بووە. بۆ نموونە؛ ئەو گرووپە گەورانە بریتین لە: ئەکسێڵ سپرینگەر، مێدین هۆڵدینگ، زویدڤێست دۆیچ (Südwestdeutsche Medienholding)، گرووپی میدیایی فونکە، گرووپەکانی بڵاوکردنەوەی ئیپێن (Ippen) و مادساک (Madsack). بازاڕی تەلەڤزیۆنی ئەڵمانیا بە شێوەی کاریگەر زاڵن بەسەر کۆمەڵگەدا کە پێک هاتووە لە وەشان و پەخشی گشتی وەکو: ARD ، ZDF، RTL Group، Sat.1 ProSieben، Kabel 1، RTL و VOX .

Send this to a friend