میدیا و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی
د. یوسف گۆران
گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنەلۆژیای چاپ له سه‌رده‌می ڕێنسانس و مۆدێرنەدا هەلێکی نوێ و كایه‌یه‌كی نوێی لە نێو كۆمه‌ڵگەدا بۆ دەستەبژێری بواری ڕۆشنبیری و كاریگه‌رییه گشتییه‌كانی ڕەخساند. ده‌ركه‌وتنی كاریگه‌ریی ئه‌م توێژه نوێیه ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیی له گه‌ڵاڵه‌كردن و به‌رزكردنەوەی هۆشیاریی گشتی و ده‌ركه‌وتنی به‌ها و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و به‌هاوڵاتیبوون لە لای ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا و داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا بینی.
ئه‌م گه‌شه‌كردنه ڕۆژبه‌ڕۆژ له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنەلۆژیای په‌یوه‌ندیكردن، به تایبه‌ت له سه‌ده‌ی بیسته‌م، پڕۆسه‌ی هۆشیارکردنەوە و ڕۆشنبیركردنی زیاتر له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا نزیک کرده‌وه، به شێوه‌یه‌ک كه ڕاگه‌یاندن و ئازادیی بیروڕا و كاریگه‌رییه‌كانی بوو به خه‌سڵه‌تێكی سه‌ره‌كی له خه‌سڵه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگای كراوه و دیموكرات و بەشداریکردنی تاک لە کایەی گشتی و سیاسەتدا.
به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه ئه‌رێنییه‌ی له ئازادیی ڕاگه‌یاندن و به‌رپرسیاریه‌تیی كۆمه‌ڵگایی له‌و ماوه‌یه‌دا ڕوویان دا، پڕۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی ڕاگه‌یاندن له هه‌ندێ وێستگه‌ی مێژوویی‌دا له بریی به‌رچاوڕوونكردنەوەی كۆمه‌ڵگە، به پێچه‌وانه‌وه كۆمه‌ڵگەی به‌ره‌و چه‌واشه‌ی زیاتر برد. ئه‌ڵمانیای نازی (هیتلەر) و ڕووسیای تۆتالیتا‌ر(ستالین)؛ دوو نموونه‌ی زیندووی ئه‌م ڕاستییه بوون كه ڕاگه‌یاندن له بریی ئه‌وه‌ی له لایه‌ن توێژێكی ئازاد و ڕه‌خنه‌گر بۆ به‌رژه‌وەندیی چاکەی گشتی و هاوڵاتییان به‌كار بهێنرێت، بوو به ئامرازێک بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان و درو‌ستكردنی به‌های گشتیی چەواشە و ساختە.
له سه‌رده‌می هەنووکەیی به‌جیهانیبوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی تاكەكه‌سی (فه‌یسبوک، ئێکس و پلاتفۆڕمە هاوشێوەکانیان)، به‌رپرسیاریه‌تیی ڕاگه‌یاندن له داموده‌زگا ڕاگه‌یاندنه كلاسیكییه‌كانەوە دابه‌زییه ئاستی تاكه‌كه‌سی. ئه‌م گۆڕانكارییه هه‌ر چه‌نده لایه‌نی ئه‌رێنیی زۆری له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا كه گرنگترینیان پاواننه‌كردنی ڕاگه‌یاندن بوو له لایه‌ن حكومه‌ت و داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان و ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ هاوڵاتی بوو تا ئازادانه بۆچوونه‌كانیان بێ سانسۆر بڵاو بكه‌نه‌وه، به‌ڵام لایه‌نی نەرێنیی زۆریشی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا. به‌كارهێنانی توانای دارایی بۆ درو‌ستكردنی په‌یج و سایتی بێمتمانە (فه‌یک) و ئاڕاسته‌كراو و ته‌رخانكردنی ئه‌م ژینگە نوێیه بۆ درو‌ستكردنی كێشه‌ی ساخته و به‌رژه‌وه‌ندیی بچووک و ته‌سكی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ئاڕاسته‌كراو، ئاستی به‌رپرسیارێتیی ئه‌م جۆره ڕاگه‌یاندنه‌ی دابه‌زاند، به ڕاده‌یه‌ک كه خه‌ریكه ئه‌م نموونه‌یه بۆ كه‌ناڵە ته‌له‌ڤزیۆنییه فه‌رمییه‌كانیش ده‌گوازرێته‌وه گەر تا هەنووکەش نەگوازرابێتەوە.
ڕاگه‌یاندن له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ركێک و به‌رپرسیارێتییه‌كی پڕبەهایە، چونكه له ڕێگه‌یه‌وه په‌یام و زانیارییه گشتییه‌كان به شێوه‌یه‌كی بابەتییانە ده‌گاته هاوڵاتییان، به‌و شێوه‌یه‌ش هاوڵاتییه‌كی هۆشیار و چالاک و بەرپرسیار دەردەکەوێت كه ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی و كۆمه‌ڵگاكه‌ی بناسێت و داكۆكیی لێ بكات. به پێچه‌وانەوە بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنی پۆپۆلیستیی تەنگبیر و نابه‌رپرس و ئاڕاسته‌كراو له بریی ئه‌وه‌ی هاووڵاتییه‌كی وشیار و چالاک دروست بكات، جۆرێک له هاوڵاتیی تووڕه و ڕه‌شبین و نا‌ئومێد دروست ده‌كات. له بریی ئه‌وه‌ی داكۆكی له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی و كۆمه‌ڵگاكه‌ی بكات، هه‌وڵ ده‌درێت به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی دیاریكراو ئاڕاستە بكرێت و كێشه و كه‌یسی ساخته بۆ ڕای گشتی دروست بكرێت و سه‌ره‌نجام كۆمه‌ڵگەیه‌ک و هاووڵاتییه‌كی لاواز و بێ‌توانا بێته ئاراوه كه به هیچ شێوه‌یه‌ک له به‌رژه‌وه‌ندییه ڕاسته‌قینه‌كانی خۆی به‌ئاگا نەبێت.
گرنگه دامه‌زراوه و گوتاری ڕاگه‌یاندن هاوسه‌نگییه‌ک له نێوان خه‌مه تایبه‌ت و گشتییه‌كان بدۆزێته‌وه، كه‌سیان نه‌كاته قوربانیی ئه‌وی دی، ئه‌و به‌رپرسیارێتییه هه‌ڵبگرێت كه ڕاگه‌یاندن ئه‌ركی تەنیا ورووژاندن له پێناوی ده‌ستكه‌وتی كاتی و زیادكردنی بینه‌ر نییه، به‌ڵكوو ورووژاندن پێویسته ڕاستگۆیانه و هاوته‌ریب و بابەتیانە و بەئەندازە بێت له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌یه‌كی گشتیی ڕاسته‌قینه كه هاوڵاتییه‌ک و كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌توانا و كراوه به‌رهه‌م دەهێنێت، یان لانی کەم کێشەساز یاخود لەوە پتریش خۆی بەشێک نەبێت لە کێشە و قەیرانەکان.