• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 3, 2024

مەسعود پزیشكیان لە مهابادەوە بۆ پاستۆر

یاسین عزەم – توێژەر

لە ڕۆژی 29/9/1954، لە شاری مهابادی سەر بە پارێزگای ئازەربەیجانی ڕۆژئاوا لەدایكبووە. دایك و باوكی لە بنەڕەتدا خەڵكی شاری ئورمییەن، بەڵام بە هۆكاری پیشەكەی باوكییەوە نیشتەجێی شاری مهاباد بوون. پزیشكیان خوێندنی سەرەتایی لە شاری مهاباد تەواو كردووە، ئەو وەك خۆی ئاماژەی پێدەكات تەمەنی منداڵی لە مهاباد بەسەر بردووە، بە منداڵی سەرقاڵی دەستگێڕی بووە لە ماوەی پشووی خوێندندا، تەواوی یادگارییەكانی منداڵی لەو شارە بووە. دواتر چووەتە شاری ئورمییە بۆ درێژەدان بە خوێندن و هەر لەوێ لە ئەكادیمیای كشتوكاڵی بڕوانامەی دیبلۆمی لە پیشەسازی خۆراك بەدەستهێناوە. پزیشكیان دان بەوەدا دەنێت لەسەرەتای لاوێتی گرنگی زۆری بە خوێندن نەداوە، هەر ئەوەش هۆكار بووە بۆ ئەوەی لەسەرەتای قۆناغی دواناوەندی نەتوانێت نمرەی پێویست بەدەست بهێنێت.

دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی دیبلۆم، بۆ ئەنجامدانی خزمەتی سەربازیی و وەك ئەندامی فەیلەقی گەشەپێدان دەچێتە شاری زابل لە پارێزگای سیستان و بلوجستان. فەیلەقی گەشەپێدان، بەشێک لە خزمەتەکانیان لە گوندەکاندا بەسەر دەبرد و هەوڵەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان بوو لای گوندنشینەکان و ئاشناکردنیان بە شێوازە نوێیەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری. پزیشكیان لە شاری زابول پەیوەندی لەگەڵ گەنجانی ئەو شارە  بەست و متمانەی ئەوانی بەدەستهێنا و بە هاوکاری ئەوان مزگەوتێکی دروستکرد و سەرقاڵی چالاکییە کولتووری و ئایینییەکان بوو. دوای تەواوكردنی خزمەتی سەربازیی، بڕیاریدا جارێكی دیكە بچێتەوە كێبڕكێی تاقیكردنەوەی گشتی و دیبلۆمی لە زانستە سروشتییەكان(زانستی ئەزموونی)، بەدەستهێنا، ئەوەش هاوكاریكرد كە لە زانكۆی تەبرێزی پزیشكی وەربگیرێت. پزیشكیان لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژە بەوە دەكات، دوای كۆتاییهاتنی خزمەتی سەربازیی و ئەو مەینەتیانەی كە لەو ماوەیە بەسەریدا هات، هانیدا بۆ ئەوەی بە جۆرێكی دیكە بیربكاتەوە و بڕیاریدا لە ڕێگەی هەوڵ و تێكۆشانی خۆیەوە خوێندنی پزیشكی تەواو بكات، ئەوە لەكاتێكدا بوو هاوڕێكانی گرەویان لەسەر ئەوەدەكرد، كە ئەو ناتوانێت نمرەی پێویست بە خوێندنی پزیشكی بەدەست بهێنێت. دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی شەش مانگی و تێكۆشانی ڕۆژانەی چەند كاتژمێری، لە كۆتاییدا توانی نمرەی پێویست بەدەست بهێنێت و لە خوێندنی پزیشكی لە زانكۆی تەبرێزی پزیشكی وەربگیرێت.

دوای ئەوەی وەك خوێندكار لە زانكۆی پزیشكی تەبرێز دەستبەكاربوو، لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاوڕێكانی زانكۆ، ڕۆڵێكی چالاكیان هەبوو لە خۆپیشاندانە مێژووییەكەی 18/2/1978ی تەبرێز، كە تیایدا برایەكی برینداركرا و دواتریش لە لایەن دەسەڵاتی شاهەنشاهیەوە دەستبەسەركرا.

لەسەرەتای دەستپێكی خوێندنەكەیدا، پزیشكیان كۆمەڵەی ئیسلامی خوێندكارانی خوێندنی پزیشكی دامەزراند، هاوكات خوێندی قورئان و نەهجول بەلاغە بۆ گرنگیدان بە گفتووگۆی ئیسلامیی، تا بتوانن ڕووبەڕووی ئەوانە ببنەوە كە دژ بە شۆڕش و حكومەتی ئیسلامی لە چالاكیدا بوون. پزیشكیان توانی بە هەوڵ و چالاكی بەردەوام كۆمەڵەی ئیسلامی خوێندكارانی خوێندنی پزیشكی وەك یەكێك لە بەهێزترین كۆمەڵەكانی ناو زانكۆ بناسێنێت، بە جۆرێك توانی ڕووبەڕووی گرووپی چەپەكانی ناو زانكۆ ببنەوە، كە لەو سەردەمەدا لەوپەڕی بەهێزیدا بوون.

پزیشكیان و هاوڕێكانی لە ئەنجومەنی ئیسلامیی خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی،  لە 15/4/1980، هاشمی ڕەفسەنجانیان دەعوەت كرد، وتارێك پێشكەش بە خوێندكارانی زانكۆ بكات. هەرچەندە دوو ڕۆژ پێش هاتنەكەی ڕەفەسەنجانی، لە لایەن بەشێك لە خوێندكارانی بەشی پزیشكییەوە، هاشمی بە كەسێكی فیوداڵ و لیبراڵ تۆمەتبار كرا و داوایان كرد سەردانی زانكۆكەیان نەكات، بەڵام لە ڕۆژی دیاریكراو هاشمی گەشتە ناو هۆڵی دیاری كراو و دەستی بە وتارەكەی كرد. لە كاتی وتارەكەی هاشمیدا یەكێك لە خوێندكارە ناڕازییەكان بەناوی (ئەسغەری عەبدی) كە میلەیەكی ئاسنینی بەدەستەوە بوو ویستی پرسیار لە هاشمی بكات، بەڵام لە لایەن لایەنگرانی هاشمییەوە ڕێگەی پێنەدرا و ئاڵۆزی دروستبوو. بەشێك لە خوێندكاران هێرشیان كردە سەر هاشمی و برینداریان كرد، بەڵام پزیشكیان و هاوڕێكانی كە هاشمیان دەعوەتكردبوو، لە ژێرزەمینی بیناكەوە هاشمیان ڕزگاركرد. ئاڵۆزییەكان تەشەنەی سەند بۆ بەشێكی دیكە لە زانكۆكانی ئێران، ئەوەش چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی شۆڕشی ناچار كرد بۆ چارەسەری دۆخەكە لە 18/4/1980،سەردانی ئایەتوڵڵا خومەینی بكەن، لە بەیاننامەیەكیدا ئایەتوڵڵا خومەینی ڕایگەیاند پێویستە زانكۆكان لە گرووپە كۆمۆنیستییەكان پاك بكرێنەوە و سێ ڕۆژ مۆڵەتی پێدان، كە دەبێت تەواوی ئەو گرووپانە لەزانكۆكان دەربكرێن. تاقیكردنەوەكانیش دەبێت تا 3/6/1980، كۆتاییان پێبهێندرێت و لە 4ی 6، دەبێت هەموو زانكۆكان دابخرێت.

ئەنجومەنی شۆڕش بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی خۆێندكارانی زانكۆ بڕیاریدا زانكۆكان دابخات، هەرچەندە داخستنی زانكۆ بەشێوەیەكی كاتی بوو، بەڵام دوو ساڵ و نیوی خایاند. دوای داخستنی زانكۆكان، پزیشكیان وەك ئەندامی (جهاد سازندگی) دەستبەكاربوو، سەردانی لادێ دوورەدەستەكانی دەركرد و هاوكاری دەكردن. هاوكات لە دەزگای تازە دامەزراوی (جهاد دانشگاهی)، كاری دەكرد، دوای كردنەوەی زانكۆكانیش دەستی كردەوە بە خوێندنی پزیشكی و توانی بڕوانامەی پزیشكی لە زانكۆی تەبرێز بەدەستبهێنێت.

لەكاتی شەڕی ئێران-عێراق، پزیشكیان بەرپرسی ئامادەكردن و ناردنی تیمە پزیشكییەكان بوو بۆ چارەسەركردنی بریندارانی شەڕەكە، هاوكات خۆشی یەكێك بوو لە پزیشكە سەربازییەكان و بەشداری چارەسەری بریندارانی ئەو شەڕەی كردووە.

دوای تەواوكردنی خوێندنی پزیشكی، وەك ڕاهێنەری فیزیۆلۆژی دەستی بە وتنەوەی وانە لە زانكۆی پزیشكی  تەبرێز كرد. دواتریش لە هەمان زانكۆ توانی بڕوامەی تایبەت بە نەشتەرگەری گشتی بەدەستبهێنێت. دوای چەند ساڵێك لە وانە وتنەوە پەیوەندی بە زانكۆی ئێرانی پزیشكییەوە كرد و لەو زانكۆیە بڕوانامەی باڵای لە بواری نەشتەرگەری دڵ بەدەستهێنا. دوای بەدەستهێنانی بڕوانەمەكەی گەڕایەوە بۆ شاری تەبرێز و لە نەخۆشخانەی دڵی شەهید مەدەنی دەستی بە كار كرد. دوای ماوەیەك لە كاركردن بوو بە سەرۆكی نەخۆشخانەكە و دواتریش لەلایەن (عەلی ڕەزا مەرەندی) وەزیری تەندروستییەوە لە ساڵی 1994دا، كرا بە سەرۆكی زانكۆی زانستی پزیشكی تەبرێز و تا ساڵی 2000 لەو پۆستەدا مایەوە.

بەهۆكاری چالاكی بەردەوامی پزیشكیان لە بواری تەندروستی و دامەزراندنی ماڵی تەندروستی لە زۆربەی لادێكانی پارێزگاكە، لەلایەن (فەرهادی) وەزیری تەندروستیی كابینەی محەمەد خاتەمی، بانگهێشتی تارانی پایتەخت كرا و لەوێش پۆستی جێگری وەزیر بۆ كاروباری سەلامەتی پێدرا. لە حكومەتی دووەمی محەمەدی خاتەمی كرا بە وەزیری تەندروستی و بۆ ماوەی چوار ساڵ لەو پۆستە مایەوە، هەرچەندە سەرەتای دەستبەكاربوونی ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بوویەوە، بەڵام توانی بەسەریدا زاڵ بێت و لە پۆستەكەی بەردەوام بێـ.ت.

پێش ناساندنی بە پەڕلەمان و دەستبەكاربوونی وەك وەزیری تەندروستی، لە ناو ناوەندی سیاسی بانگەشەی ئەوە بڵاوكرایەوە كە لە لایەن  بەشێك لە ئەندامانی گرووپی (دفتر تحكیم وحدت)، كە بەهێزترین گرووپی خوێندكاریی بوون لە زانكۆكان، كەسێكیان بۆ پۆستی وەزیری تەندروستی دیاریكردبوو، كە بە وتەی خۆیان سیفات و كارەكانی ئەو لە وەزیرانی سەردەمی كابینەی حكومەتی (میرحسەین موسەوی) زۆر نزیكە. بەڵام كاتێك ئەندامانی پەڕلەمان دەنگیان بە پزیشكیان وەك وەزیری تەندروستی دا، بەشێك لە لێپرسراوانی ناو وەزرات و بەرپرسە باڵاكان وەك پیشاندانی ناڕەزایەتی دەستیان لەكاركێشایەوە، لەوانە (غولام ڕەزا ئەنساری) سەرۆكی ڕێكخراوی چاودێری كۆمەڵایەتی، كە لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردبوو، ئەو پزیشكیان بە شیاو نازانێت، كە بكرێت بە وەزیر، هەربۆیە دەستلەكار دەكێشێتەوە.

 دوای تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر كابینەكەی محەمەدی خاتەمی و هاتنەسەركای (ئەحمەدی نەژاد)، پزیشكیان دەستبەرداری پۆستە وزارییەكەی بوو، زۆربەی كاتەكانی خۆی بۆ خوێندن و كاری پزیشكی تەرخانكرد. كاتێك بیستیەوە كە لەلایەن بەشێك لە لێپرسراوانەوە گلەیی لێكراوە، لەماوەی دەستبەكاربوونی وەك وەزیری تەندروستی، لە لێدوانێكدا، ئاماژەی بەوە كرد لەماوەی چوارساڵی كابینەی ئەحمەدی نەژاد، كە ئەوسەرقاڵی كاری پزیشكی بووە، لەگەڵ ئەوەی تەنها دوو ڕۆژ لە حەفتەیەكدا كاری كردووە، بەڵام ئەو سەرمایەیەی كە بە دەستی هێناوە زیاتر بووە لە سی ساڵی ڕابردووی.

پزیشكیان كاتێك خۆی بۆ ئەندامی پەڕلەمانی خولی هەشتەم كاندید كرد، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو وابیر دەكاتەوە كە بۆ ئەوە دروست نەكراوە، كە پارە كۆبكاتەوە و بەتەنها خۆش بژی، بەڵكو بۆ ئەوە دەژێ كە بتوانێت هاوكاری خەڵك بكات. هەربۆیە لە ساڵی 2006، لە بازنەی تەبریز خۆی كاندید كردو توانی سەركەوتن بەدەستبهێنێت.

یەكێك لەو هەڵوێستانەی كە پزیشكیانی پێ دەناسرێتەوە لە پەڕلەمان، دەربڕینی ناڕەزایەتی بوو لەبەرامبەر بە هەڵوێستی حكومەت لە بەرامبەر بەو خەڵكانەی كە ناڕەزایەتیان دەربڕی و هاتنەسەر شەقام دژ بە ڕاگەیاندنی سەركەوتنی ئەحمەدی نەژاد لە دەورەی دووەمی سەرۆكایەتییەكەی، چونكە خەڵك پێیانوابوو میرحسەین موسەوی سەركەوتنی بەدەستهێناوە و ڕاگەیاندنی سەركەوتنی ئەحمەدی نەژادیان بە ساختە ناودەبرد، ئەو هەڵوێستەی خەڵك وایكرد حكومەت بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران ببێتەوە، لە پەڕلەمان پزیشكیان بەدەنگی بەرز ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕایگەیاند كە هیچ دین و ئەخلاقێك ئەوە قبووڵ ناكات كە بەو شێوەیە ڕووبەڕووی خەڵكی وڵاتەكەت ببیتەوە.” بۆ دەبێت پۆلیس بە شێوەیەكی دڕندانە و بێڕەحمانە بەر ببێتە گیانی خەڵك” هەڵوێستەكەی پزیشكیان بوو بە مایەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە لایەن (حەداد عادل) سەرۆكی ئەوكاتەی پەڕلەمان و پزیشكیانی بە بێ ئینساف لە وتەكانی تۆمەتبار كرد.

لە دەورەی دەیەمی پەڕلەمانی ئێران كاتێك (عەلی لاریجانی) لەگەڵ (حەداد عادل) لە كێبڕكێدابوون بۆ ئەوەی یەكیان وەك سەرۆكی پەڕلەمان دەستبەكاربێت، بەرەی ڕیفۆرمخوازەكان بە لاریجانیان ڕاگەیاند لە ئەگەری پێدانی پۆستی جێگری سەرۆكی پەڕلەمان بە عەلی موتەهەری و پزیشكیان، ئەوان دەنگ بە لاریجانی دەدەن. دوای ئەوە پزیشكیان وەك جێگری یەكەمی سەرۆكی پەڕلەمان دەستبەكار بوو. هەرچەندە پزیشكیان ئەندامی هیچكام لە حیزبە ڕیفۆرمخوازەكان نەبوو، بەڵام مەیلی بەلای ئەواندا بوو و لێیانەوە نزیكبوو. لەماوەی دەستبەكاربوونی وەك جێگری سەرۆكی پەڕلەمان پاڵپشتی لە كابینەكەی (حەسەنی ڕوحانی) دەكرد.

لە كابینەی دووەمی ڕوحانی كاتێك ناڕەزایەتییەكان زۆر بوون، لە كۆبوونەوەیەكی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەماندا، بە ئامادەبووانی ڕاگەیاندبوو، ئێوە ڕێگە نادەن چاكسازی بكرێت و سەرۆكیش تۆمەتبار دەكەن، تەواوی دامەزراوە گرنگەكان بە دەست ئوسوڵگەراكانەوەیە، كاتێك بارودۆخ خراپە دەیخەنە ئەستۆی سەرۆك، كاتێكیش دۆخەكە ئاساییەوە بەرەو باشی هەنگاو دەنێت خۆتان دەكەن بە خاوەنی پڕۆسەكە، هەربۆیە بە شێوەیەكی گاڵتەئامێز پێشنیازی كرد، لە باتی سەرۆك كۆمار، جێگری سەرۆكی جێبەجێكار  بۆ ڕابەری باڵا دیاری بكەن و خۆتان لەو گێرە و كێشەیە ڕزگاربكەن.

لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2021، پزیشكیان خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پاڵاوت، بەڵام لە لایەن ئەجومەنی پاسەوانی دەستوورەوە، ڕێگەی پێنەدرا و لە كاندید بوون دوورخرایەوە، بەڵام دوو ساڵ دوای ئەوە و لە هەڵبژاردنی دەورەی دوازدەهەمینی پەڕلەمان جارێكی دیكە پزیشكیان خۆی پاڵاوت، هەرچەندە لەسەرەتادا كاندیدبوونی ڕەتكرایەوە، بەڵام دواتر لە لایەن ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوورەوە، ڕێگەیپێدرا، پزیشكیان لە چاوپێكەوتنێكیدا ئاماژەی بەوە كرد، كە ڕێگەدان بە كاندیدبوونی بە فەرمانی ڕابەری باڵا بووە، هەربۆیە ئەو تاماوە لە ژیان خۆی بە قەرزداری ڕابەر دەزانێـ.ت.

هەڵبژاردنی دەورەی دوانزەهەمینی پەڕلەمان زۆری نەخایاند، سەرۆك كۆمار بە ڕووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی گیانی لەدەستدا، هەربۆیە پزیشكیان ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و جارێكی دیكە خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری پاڵاوت،  هەرچەندە لە لایەن بەرەی ڕیفۆرمخوازانەوە چەند ناوێك پێشكەشكران، بەڵام پزیشكیان بوو بە تاكە نوێنەری ئەو بەرەیە، بەرەی ئوسوڵگەراكانیش چەند كەسێكیان لە لایەن ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوورەوە، كاندیدبوونیان جێگیر كرا، كە گرنگترینیان سەرۆكی پەڕلەمان (محەمەد باقر قاڵیباف) و (سەعید جەلیلی) نوێنەری عەلی خامنەئی لە ئەنجوومەنی باڵای ئەمنی نەتەوەیی بوون.

كاندیدانی بەرەی ئوسوڵگەراكان، لەسەرەتادا پێیانوابوو پزیشكیان چانسی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكەدا زۆر لاوازە، بەڵام دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردن، ترسی ئەوەی لە دڵی ئەو بەرەیە دروستكرد كە پزیشكیان توانای كێبڕكێكردنی هەیە، هەرچەندە هیچ بەرنامەیەكی ئەوتۆی بۆ هەڵبژاردنەكە نەبوو، هاوكات هیچ بەڵێنێكی گەورەشی بە كۆمەڵگەی ئێرانی نەدا لە ئەگەری بوونی بە سەرۆك كۆمار، لە دەورەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە هیچ كام لە كاندیدەكان دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێنا، بەڵام لە دەورەی دووەمی هەڵبژاردنەكە پزیشكیان توانی دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت و شكست بە كاندیدی بەرەی ئوسوڵگەراكان سەعیدی جەلیلی بهێنێت. بەو شێوەیەش پزیشكیان دەچێتە ناو بینای سەرۆكایەتی كۆمار، لە شەقامی پاستوور، لە ناوەندی تارانی پایتەخت.

لە ڕاستیدا بەشێك لەوانەی كە دەنگیان بە پزیشكیان دابوو ئەوەیان ڕاگەیاند، كە ئەوان بە ناچاری دەنگیان بە پزیشكیان داوە، چونكە هیچ كاندیدێكی دیكەی بەرەی ڕیفۆرمخوازەكان لە كێبڕكێیەكەدا نەبوو، لە لایەكی دیكەشەوە كاندیدی بەرەی ئوسوڵگەراكان،سەعید جەلیلی بەوە ناسرابوو، كە زۆر دژە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریكا، هەربۆیە خەڵك ترسیان لە سەركەوتنی هەبوو، كە ڕەنگە ببێتە هۆكاری گەورەبوونی كێشەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریكا.

سەرچاوەكان

داستان زندگی یک رئیس جمهور مجرد؛ مسعود بزیشکیان، لە چەناڵی یوتیوب، لینكی چەناڵ:

  • مسعود پزشکیان: زندگینامه دکتر مسعود پزشکیان، لە ماڵپەڕی https://entekhabat1403.com/، بڵاوكراوەتەوە.
  • زندگی نامه مسعود پزشکیان، لە ماڵپەڕی https://www.jamaran.news/،بڵاوكراوەتەوە.
  • بیوگرافی مسعود پزشکیان، لە ماڵپەڕی https://namnak.com/، بڵاوكراوەتەوە.
  • مسعود پزشکیان کیست؟ +بیوگرافی و سوابق، لەماڵپەڕی https://www.imna.ir/news< fGh,;vh,mjm,m>
  • مسعود بزشكيان.. ثالث إسلاحي يرأس إيران، لەماڵپەڕی https://www.aljazeera.net/، لە بەرواری 6/7/2024 بڵاوكراوەتەوە.
  • سالح حسن، مسعود بزشكيان.. من هو الإسلاحي الذي فاجأ الجميع بتسدر انتخابات إيران؟، لە ماڵپەڕی https://al-ain.com/article< لەبەرواری 29/6/2024 بڵاوكراوەتەوە.
  • سابر غل عنبری، مسعود بزشكيان… لا شرق ولا غرب في السياسة الخارجية، لە ماڵپەڕی https://www.alaraby.co.uk/politics، لە 28/یونیو/2024 بڵاوكراوەتەوە.
  • هدیر عادل، من هو مسعود پزشکیان الرئيس الإيراني الجديد؟، لە ماڵپەڕی https://www.shorouknews.com/، لە بەرواری 6/ یولیە/2024 بڵاوكراوەتەوە.
  • مسعود پزشکیان؛ نهمین رئیس‌جمهور ایران کیست و پیش از انتخابات چه گفت؟، لە ماڵپەڕی https://www.bbc.com/persian، لە بەرواری 6/7/2024 بڵاوكراوەتەوە.
  • پاسخ به سوالاتی درباره زندگی شخسی مسعود پزشکیان، لە ماڵپەڕی https://www.tabnak.ir/، لە بەرواری 10/7/2024 بڵاوكراوەتەوە.

 

Send this to a friend