مەعشوق خەزنەوی و بیری نەتەوەیی و سۆفیگەریی لە ڕۆژئاوای کوردستان
زیرەك ئەحمەد ڕەحمان
پرسی دین و نەتەوە لەناو زۆربەی گەلانی ئەم ناوچەیە بەردەوام پرسێكی تێكهەڵکێش بووە، کەم وابووە دەسەڵاتێكی سیاسی، بزووتنەوەیەکی چەکداری، حزبێك …هتد پرسی دین لەناویدا بابەتێكی جێ بایەخ نەبووبێت. بۆیە هەموو جموجۆڵ و بزاوتە سیاسییەکان لە کوردستان و کەسایەتییە کاریزمییەکان، ڕێ و ڕەچەیەکیان لەگەڵ پرسی دیندا هاتووەتەوە. هەڵبەت ئەم بابەتە دینییە زۆر جار وەك ناسنامەیەكی لایەنەکە هاتووەتە بەردید.
ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەوەی ناوچەیەکی بەر تەنگی جوگرافی و پچڕپچڕ و دابڕاو بووە لە یەکتر، بەڵام کەم تا زۆر کەسایەتی و ناوداری کوردی تێدا هەڵکەوتووە، کە نەك کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچە کوردییەکان، بەڵکو لەسەر زۆر شوێنی جوگرافی دوور لە کوردستانی گرتووەتەوە، تا ناو دیمەشقی پایەتەختی سوریا و دڵی عروبە و دوا قەڵای بەعس لە دنیای عەرەبی.
لەگەڵ هەموو ئەو بزووتنەوە سیاسی و کەسایەتییە ناودارانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ناویان دێت، ناوی خەزنەوییەکان ناوێكی دیار و بەردەوام هاتووە لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی لەم پارچەیە و لە تەواوی شام و سوریا.
کورد و سوریا
کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەو پارچەی کوردستانی گەورە کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری عەرەبی سوریادایە، لەگەڵ ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی سوریا، ژمارەی دەگاتە دوو ملیۆن و نیو بە گوێرەی داتای ناڕەسمی. لە ڕووی جوگرافیشەوە سێ ناوچەی لێكدابڕاوە: جزیرە و کۆبانێ عەفرین(1). واتە بە گوێرەی ژمارەی گشتی دانیشتوانی سوریا دەگاتە نزیکی (١٧٪) لە ڕووی پێكهاتەی دینییەوە ڕۆژئاوای کوردستان زۆرینەی موسڵمانی سوننە مەزهەبن، بە تایبەت جزیرە و کۆبانێ، کە ڕێژەیان دەگاتە (90%)(2) ئەو ڕێژەی دەمێنێتەوە بەشێكیان ئێزیدین کە زۆربەی دەکەونە سنووری ڕۆژئاوا و باشوور، دیوی ڕۆژئاوای چیای شنگال(3). هەروەها ژمارەیەك لە تایەفەی سریانی ئەرسۆدۆکسی مەسیحی لە ناوچەی جزیرە بە تایبەت لە حەسەکە و قامیشلی و دەوروبەری و سەرێ کانی و ئاموودا هەن بە (25000) کەس دەخەمڵێنرێن(4) لەگەڵ هەڵکشانی بارودۆخی سەربازی و سیاسی ناوچەکە ژمارەیان ڕۆژبەڕۆژ لە کەمبوونەوەدایە، بە تایبەت بە هۆی مەترسی چەکدارانی میلیشیا جیهادییەکان.
هەرچی عەلەوییەکانن پتر دەکەونە ناوچەی عەفرین و ژمارەیان بە (15000) کەس دەخەمڵێنرێت، پێكهاتەیەکی تری دینی ڕۆژئاوای کوردستانن(5)، هەرچەند ئەم ژمارەیە تەواو گۆڕاوە بەهۆی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە بە دەستی ڕژێمی تورکیا، بە هۆی نیشتەجێکردنی ئیگۆر و فەلەستینی و عەرەبی تری سوری لەم ناوچەیە.
ئیسلامی سوننی لە ڕۆژئاوا
زۆرینەی کوردی ڕۆژئاوا موسڵمانی سوننە مەزهەبن، بە هۆی کاریگەریی باڵادەستی ئیسلامی سوننی لە ناوچەکە. بە هۆی کاریگەریی ئیسلامی سوننی توركی و ئیسلامی عەرەبی سوننی، دابەشی هەردوو مەزهەبی شافعی و حەنەفی بوون(6). لەگەڵ ئەم ڕەوتە فیقهییە، هاوکات موسڵمانانی کورد لە کۆنەوە سەروکاریان لەگەڵ تەسەوف و سۆفیگەری هەبووە. بۆیە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەردوو تەریقەتی قادری و تەریقەتی نەقشبەندی شوێنکەوتەی خۆیان هەیە.
تەریقەتی قادری لەگەڵ ئەوەی مێژووی زۆر کۆنە لە پارچەکانی تری کوردستان، بەڵام لە ڕۆژئاوا مێژووەکەی تازەترە بەراورد بە نەقشبەندی(7). بوونی تەریقەتی قادری لە ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ لقێكی تەکیەی بریفکانی، کە بنکەی سەرەکی لە نزیکی شاری دهۆکە، بەڵام ئەم لقەی ڕۆژئاوا تەکیەی سەرەکی لە شاری ئامودای سەر بە پارێزگەی حەسەکەی ناوچەی جزیرەیە.
هەرچی تەریقەتی نەقشبەندییە مێژووی کۆنترە بەراورد بە قادری لەم ناوچەیە، بە هۆی کۆچکردنی مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە باشوورەوە بۆ ڕۆژئاوا و دواتر گیرسانەوەی لە شام و دواتر کە کۆچ دەکات لە کێوی قاسیون دەنێژرێت(8). لە ناسراوترین خانەقا و بنکەی نەقشبەندی لە ڕۆژئاوا خانەقای خەزنەویە.
تەسەوف و خەباتی سیاسی
تەسەوف تەنیا لە یەك تەریقەت و یەك خانەقا و تەکیە کورت ناکرێتەوە، بۆیە لە شێخێك بۆ شێخێكی تر جیایە و لە خانەقایەك بۆ خانەقایەکی تر و ..هتد، ئیتر بەم شێوە. بۆیە پرسی سیاسی و خەباتی سیاسی لەناو ئەهلی تەسەوف لە ڕۆژئاوادا یەك جۆر و شێوە نییە.
بۆ نموونە تەریقەتی قادری بریفکی لە مێژووی سیاسی کوردیدا هیچ بەشدارییەکیان نەبووە لە ڕۆژئاوا، ناودارترین ڕێبەری ئەو تەریقەتە شێخ عوبێدوڵڵای قادری کوڕی شێخ ئەحمەدی قادری حسێنی(9). لەگەڵ ئەوەی ئەم تەکیە و تەریقەتە بەشدارییەکی سیاسی وای نەبووە، تەنانەت تۆمەتی نزیکایەتی لە دەسەڵاتی حزبی بەعسی سوریایان دراوەتە پاڵ، هەرچەندە دوای پشێویەکانی بەهاری عەرەبی، شێخی ئەم تەکیە و تەریقەتە ناوچەکە جێدەهێڵت ڕوودەکاتە تورکیا، تەکیەی گەورەی ئەم تەریقە دەبێتە پەناگەی ئاوارە و لێقەوماوانی ناوچەکە(10). دواتر دەگەڕێتەوە ئاموودا و لە تەمەنی هەشتا ساڵی لە (1/1/2024) کۆچی دوایی دەکات(11). بە گوێرەی سەرچاوەکانی سوریا پارێزگاری حەسەکە لەلایەن دەوڵەتی سوریا لوئەی سیوح بە نوێنەرایەتی ئەسەد سەرۆکی سوریا بەشداریی پرسەکەی کردووە(12) هەرچەند ئەمە نابێتە بەڵگە لەسەر بەعسیبوونی ئەم ڕەوتە، بەڵام لانی کەم ئەوەی بەردەستە ئەوانە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکیان تۆمار نەکراوە دژی دەسەڵات و دەوڵەت.
بەڵام سەبارەت بە تەریقەتی نەقشبەندی، ئەوا ناسراوترین لقی ئەم تەریقەتە لە ڕۆژئاوا خەزنەویەکانن، گەر هەریەكە لە شێخانی تەریقەتێك جیاوازبن لەگەڵ یەکتر، ئەوا لەناو شێخانی خەزنەوی، لە شێخێك بۆ شێخێكی تر جیاوازە، لە لاچەپەوە بۆ چاڵاك، بۆ سیاسی بۆ چاكساز ..هتد
خانەقای خەزنەوی
خەزنەوییەكان خێزانێكی کوردی نیشتەجێی جزیرەن لە گوندێك بە ناوی تەل مەعرووف سەر بە شاری قامیشلو. باپیرە گەورەیان شێخ ئەحمەدی خەزنەوی نیشتەجێی گوندی خەزنە لە جزیرە. زانستە ئیسلامییەکانی لای کۆمەڵێك مەلای کورد و عەرەبی ئەو سەردەمە تەواو کردووە و تەریقەتی نەقشبەندی لە شێخ عەبدولقادری هەزانی خەلیفەی شێخ عەبدوڕەحمانی تاغی وەرگرتووە. دواتر لە خەزنە گیرساوەتەوە. خزمەتی زۆری بواری شەریعەت و تەریقەتی کردووە(13). هەڵبەت ئەم شێوازەی تێکەڵکردنی مەلایەتی و شێخایەتی لە هەندێ تەریقەتی سۆفیگەری لە زۆر شوێنی کوردستان باو بووە.
سەبارەت بە بەشداریی سیاسیی شێخ ئەحمەدی خەزنەوی، لەو سەردەمە گەرمەی سەردەمی ئیمپریالیزم و داگیرکردنی قودس و حیجاز بووە، بۆیە شێخ ئەحمەدی خەزنەوی وەك پشتیوانێكی دینی لەمەی ڕوانیوە بە ئاشکرا بەرەنگاری فەڕەنسییەکان بووەتەوە، خانەقاکەی بووەتە پەناگە و شوێنی حەوانە و حەشارگەی زۆرێك شوێنکەوتوانی شێخ عیزەدین قەسام و سوڵتان پاشای ئەترەش، بۆیە دوور خراوەتەوە بادیەی سوریا،(14) بەڵام ئەوەی لە بارەیەوە نووسراوە لە بارەی بزووتنەوەی کوردایەتی و پشتیوانی شۆڕشەوە، شتێكی وای لەبارەوە نەنووسراوە بەو ئەندازەیە پشتیوانی شۆڕشی کورد بوو بێت، یاخود خۆی وەك شێخانی تری شۆڕشگێڕ خۆی هەڵگیرسێنەری جموجۆڵێكی کوردایەتی بوو بێت.
کوڕانی خەزنەوی
محەمەد مەعسووم دوای شێخ ئەحمەدی باوکی لەسەر بەرماڵی شێخایەتی دانیشت، لە هەرەتی گەنجێتیدا بوو، ناسرابوو بەوەی زۆرترین هەوڵی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و نەفامی و نەخوێندەواری و لادانی ئەخلاقی ناو خەڵك بوو، هەروەها زۆرێك لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەی سەرەتایی و دواناوەندی کردۆتەوە، لەگەڵ ئامادەیی زانستی و وێژەیی و شەرعی. هەروەها خانەی هەتیوان و بەسەڵاچووانی کردوونەتەوە، بە جۆرێك چالاکییەکانی بەرچاو بوون، حزبی بەعس کەوتە داخستنی ئەم دامەزراوانە. بەڵام تەمەنی درێژەی نەدا و هەر چلەکانی تەمەنی کۆچی دوایی کرد لە ساڵی (1985) و کاروباری تەریقەت درایە شێخ عەلائەدینی برای(15).
هەرچی شێخ عەلائەدینە، کەمتر لای لەم چالاکییانە بوو کە شێخ مەعسووم لە هەشت ساڵی ژیانی شێخایەتی خەریکی بوو، زۆرتر خەریکی بواری دینی و ئیرشادی تەریقەت بوو، بەڵام بایەخی زۆری داوە بە زمانی کوردی ژمارەیەك زۆری شیعری سۆفی و دینی بە زمانی کوردی هۆنیوەتەوە. دواجار لەگەڵ ئەم شاڵاوە گشتیەی حزبی بەعس بەرامبەر کوردی ڕۆژئاوا کردی، ئەویشی تێوە گلاوە، کە لەسەر تۆمەتی کوردایەتی، ڕەگەزنامەی سووری لێ سەندرایەتەوە(16). ئەمە لە کاتێكدا زۆرێكی تر لە پیاوانی دینی لەناو کورد و نەتەوەکانی تر هیچ ڕەگەزنامەیان لێ نەسێنرایەوە، ئەمە گەر مانای ئەوەش نەبێت کە هاوکاری دۆزی کورد نەبووبن بە ئاشکرا، لانی کەم بە ئاشکرا هیچ مەترسیەكیان لێ دەرنەکەوتووە لەسەر ڕژێمی بەعسی سووری. بۆیە بە هەر شێوەیەك بێت، بوونی چالاکی جۆراوجۆری ڕۆشنبیری و خوێندەواری و بایەخدان بە زمانی کوردی، گەرچی لە خزمەتی دیندا بووبێت، ئەوا دەوڵەت بە مەترسی لەسەر خۆی زانیوە، سەندنەوەی ڕەگەزنامە سزایەکی نەتەوەیی و هاووڵاتیبوون بووە بۆ ئەو کەسایەتیانە.
دوای مردنی عەلائەدین خەزنەوی لە (1969) شێخ عیزەدینی برای بووە جێنشینی، لەگەڵ ئەوەی لەم سەردەمە ئەم تەریقەتە زۆر پەرەی سەند، بەڵام زۆر تۆمەتبار دەکرێن بەوەی زێدە لە ئەندازە خورافیات و نەفامی و کاری سەیر و سەمەرەی تێکەوت لە (1992) کە کۆچی دوایی دەکات، لەسەر ڕێبەرێتیکردن، محەمەدی کوڕی و عەبدولغەنی برای دەکەونە ململانێ، دواتر محەمەد بە ڕووداوی هاتوچۆ لە سعوودیە گیان دەسپێرێت، محەمەد موتاعی کوڕی لەگەڵ محەمەد ڕاشدی مامی دەکەونە ململانێ، بە کورتی ئەم هێڵەی خەزنەوی لەم کێشمەکێشمەدا بوون، تا لە بەهاری عەرەبی بنکە و بارەگایان گواستەوە ئەدەنە لە تورکیا.(17) ئەم هێڵە بە گشتی نێوانی لەگەڵ بزووتنەوەی کوردایەتی باش نەبووە و بە خراپ ناویان دێت، چ جای ئەوەی تێکەڵاوی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی ببن.(18) لەگەڵ ئەوەش دەسەڵاتی سوریا دەستی لەویش نەپاراست لە سەندنەوەی مافی ڕەگەزنامە. بە هەر حاڵ پاشەکشەی نەتەوەیی، لەنێو ڕەوتی دینی لەسەر حسێبی هەستی نەتەوەیی، لەناو زۆرێك بزووتنەوە دینیەکانی کوردستان لە کۆن و نوێدا هەیە، وەك ئەوەی دین بە گرنگتر بزانن لە نەتەوە، ئەمە سەرەڕای لادانی ئەم ڕەوتە لە کۆمەڵێك پرەنسیپی شەرع و تەریقەت.
مەعشوق خەزنەوی
لەم کێشمەکێشمەی نەوەکانی خەزنەوی، کوڕێكی تری عیزەدین خەزنەوی، بە ناوی محەمەد مەعشوق (1958-2005) دەردەکەوێت، سەرەڕای خوێندنی شەرعی، خوێندنی ئەکادیمی تەواو دەکات بەکالۆریۆس لە زانکۆی ئیسلامی لە مەدینە، ماستەر لە کۆلێژی ئەوزاعی لە لوبنان و دکتۆرا لە زانکۆی ئیسلامی لە کەراچی.(19) ئەم گەڕانەی شێخ مەعشوق لە سەرەتای گەنجێتی تەمەنی بە جۆرێك چاوی کردەوە لەگەڵ ئەو پەیمانگە شەرعی و تەنانەت شێخی باوکیشی کەوتە مشتومڕ لەسەر ئەم دۆخەی کۆمەڵگەکەی تێی کەوت بوو لەسەر دەمی شێخ عیزدەینەوە، تا دوا جار ئەم کێشە و مشتومڕەی نێوان شێخ محەمەدی برای و شێخ عەبدولغەنی مامی، پشتی لە براکەی کرد و پشتیوانی مامی کرد، چونکە بە ئاشکرا دژایەتی خورافیات و نەفامی و لادان و شەخس پەرستی…هتد(20) بوو. ئەم چاکسازییەی مەعشوق دەیویست بێ باج نەمایەوە، تا مردنی شێخ عیزەدینی باوکی لەو پەیمانگەی تەل مەعروف کە بنکەی سەرەکی خەزنەویەکانە دوورکەوتەوە بۆ ئیدلیب، پاشان گەڕایەوە قامیشلو.
چاكسازی و کوردایەتی
هەر زوو وەك هەردوو شێخ عەلائەدینی مامی و شێخ عیزەدین کەوتە بەر شاڵاوی بێبەشبوون لە مافی هاووڵاتیبوون، دەسەڵاتی سووری مافی ڕەگەزنامەی لە شێخ مەعشوق سەندەوە، خۆی و ئامۆزاکانی هەڵوێستیان زۆر ڕوون بوو لە پرسی نەتەوەیی و پشتیوانیان لە پرسی کورد وەك دۆزێكی نەتەوەیی و ستەمدیدە دەکرد.(21)
دەرکەوتنی مەعشوق خەزنەوی وەك بۆمبێك وابوو لەم ناوەندە دواکەوتووە لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە هەم هەوڵێك بوو بەڕەی دین لەژێر پێی شێخایەتیەکی دواکەوتووی خورافی دەربهێنێت، ئەم بەڕەی ڕەخنەی مەعریفی لەبن پێی نەیارانی تەسەوف، هەم دەرکەوتنی وەك کاریزمایەکی بزووتنەوەی سیاسی و کوردایەتی.
لەگەڵ هەموو ئەوانە شێخ مەعشوق کۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆری مەدەنی گرتبووە ئەستۆ، وەك(22) بەڕێوەبردنی بنکەی ئیحیاء لە قامیشلو بۆ چالاکی بانگەوازی چاکسازی دینی، هەروەها چالاکی زانستی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی. هەروەها ئەندامی لیژنەی سووری بوو بۆ کاری هاوبەشی ئیسلامی – مەسیحی. ئەندامی دامەزرێنەری هاوبەندی نووسەرانی نوێخواز. ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی کوردی (ماف). ئەندامی یەکێتی ڕۆشنبیرانی کورد.
ڕاپەڕینی قامیشلو
لە (12/3/2004) یاری تۆپی پێ لەنێوان یانەی جیهاد لە قامیشلو و فتوەی عەرەبی لە دێرەزوور لە یاریگەی قامیشلو بەرێوەچوو، بە هۆی عروبەیی جەماوەری فتوە و گوتنەوەی دروشمی نەتەوەیی و پاڵپشتی سەدام، لە کاردانەوەدا جەماوەری کوردی یانەی جیهادی قامیشلو، کەوتنە بەرزکردنەوەی دروشم بۆ جۆرج دەبلیو بۆش و سەرکردە کوردەکانی وەك ئۆجەلان و تاڵەبانی و بارزانی. ئەمە بووە هۆی پێكدادانی خوێناوی لە شارەکە و بەشێكی هێزە ئەمنییەکان وەك کاردانەوەی سیاسی کەوتنە سەرکوتکردنی هەموو جموجۆڵێكی کوردی، سەرەنجام نۆ قوربانی کوردی لێ کەوتەوە.(23)
بۆ ڕۆژی دواتر لە مەراسیمی بەخاكسپاردنیان، لەگەڵ ئەوەی سەرەتا کەشەکە هێمن بوو، دواتر ئاپۆڕای جەماوەری بەرەو بەردبارانکردنی وێنەی بەشار ئەسەد و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و دروشمی دژی بەعس…هتد ئەمەش ڕەشبگیری لێکەوتەوە.(24) ئەم ڕاپەڕین و ئاپۆڕا جەماوەرییانە بە گشتی خۆکرد و پەرش و بڵاو بوون. بەڵام دواجار دۆخەکە لە نەورۆزی هەمان ساڵ کۆبووەوە لە مەراسیمی جەژنی نەورۆز وتارە حەماسییەکەی شێخ مەعشوق کە یادی شەهیدانی ئەو ڕاپەڕینەی بەرز ڕاگرت.(25) ئەم جموجۆڵانەی شێخ مەعشوق ڕچەشکێن بوو لە مێژووی سۆفیگەری لە ڕۆژئاوای کوردستان. هەستە نەتەوەییەکەی بە جۆرێك خەڵكی کوردی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، کاریگەریی بەهێزتری هەبوو لە زۆرێكی حزبە کوردییەکانی ئەوێ. جیا لەوەی بەڕەی بانگەشەی دینی لەژێر پێی دامەزراوە تەقلیدییە دینییەکان و هاوکات ڕەوتی ئیسلامی سیاسی ڕاکێشا. کە ئەمە بە هیچ جۆرێك بە دەسەڵات قوت نەدەدرا.
وتاری نەورۆز، وتاری ساڵیادی شەهیدێك
لەم ڕاپەڕینەوە لە هەر شوێنێك و بۆنەیەك شێخ مەعشوق دەرکەوتبایە، ئیتر ئاپۆڕای جەماوەری دەوری دەدا، بە تایبەت گەر وتاری بدایە، لە چەند چرکەیەك ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرکردە کوردییەکان بە تایبەت ئۆجەلان بەرزدەکرایەوە.(26) ئەمە لەگەڵ ئەوەی بەهاری عەرەبی لە چەندان وڵاتی عەرەبی بڵێسەی دەرکەوتبوو، بەڵام لە سوریا هێشتا ناوچە کوردنشینەکان و ڕۆژئاوا لە سەرەتای ئەم دۆخە بوو.
لە نەورۆزی هەمان ساڵ شێخ مەعشوق لە دوو وتاردا بە ئاشکرا بانگەوازی ئازادی گەلی کورد و دژایەتی سیاسەتی سەرکوتکاری بەعسی جاڕدا. بێژمار خەڵكی لێ کۆبووەوە(27) ئەم پێشهاتە زۆر نوێ بوو لە گۆڕەپانەکە، پیاوێكی دینی بە جلوبەرگی مەلایەتییەوە، بە پاشخانی شێخایەتی تەریقەتەوە لەناو کۆبوونەوەی جەماوەری بەشداری جەژنی نەورۆز بکات، کە لە ژینگەی وا لە دوو لاوە قوت نادرێ، هەم کۆمەڵگەیەکی خنکێنراو بە عروبە، هەم دیندارییەکی خورافیاتی ئاڕاستەکراو دژ بە کولتووری کۆمەڵایەتی بە پاساوی دینی.
لە ساڵیادی شەهیدکردنی گەنجێكی چەلاکی شاری حەسەکە بە ناوی فەرهاد محەمەد عەلی لە (8/4/2005) کە ساڵێك پێشووتر بە تۆمەتی هەڵگیرسانی پشێوییەکانی یاریگەی حەسەکە دەسگیر کرا و دواتر لە زیندان لەژێر ئەشکەنجە گیانی لە دەست دا(28) شێخ مەعشوق کۆبوونەوەیەکی جەماوەری ساز کرد، وتارێكی زۆر توندی تێدا دا، وەك سەرەتای دەرکەوتنی قۆناغێكی نوێ وا بوو، وتارەکەی بە زمانی عەرەبی دا، بەوەی ئیتر ماف خێر و بەخشش نییە کەس بیدا، هەوڵ و قوربانی دەوێ.. ئەم کۆمەڵگە خەوتووە دەبێ بێدار بێتەوە.. ئیتر خوێنیان بەفیڕۆ ناڕوا، جاڕی دژایەتی دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی بەعسی دا(29) و تێیدا ئاستی توندی وتاردانی گەیشتە ئەوەی کەوا چی تر دەسەڵاتی دیمەشق ئەم ئاستە بەرزەی تووڕەیی جەماوەر و وتارە حەماسی و ئامادەیی قوربانی پێ قبووڵ نەکرا.
گیران و تیرۆرکردنی خەزنەوی
بەهۆی دژایەتیکردنی ڕژێمی بەعس و داوای مافی کورد و بەشداریکردنی لە ڕاپەڕینی ساڵی (2004) کە بەسەر شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوبووەوە، هەموو ئەو چاوانەی لەسەر شێخ مەعشوق بوون، دواجار لە (10/5/2005) لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ڕژێمی سوریاوە ڕفێنرا. بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، لەوکاتەی لەزیندان بووە، ماهر ئەسەد برای بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی سوریا سەرپەرشتی ئەشکەنجەدانی کردووە، سمێڵ و برۆکانی هەڵکێشراون و جەستەی بڕاوە، لاشەشی بەشێوەیەکی بەرچاو کەوتووەتە بڕینی بۆ سێ بەش. شەهیدبوونی لە (1/6)ی هەمان ساڵدا، دوای بیست ڕۆژ لە ڕفاندنەکەی ڕاگەیەنرا،(30) دەسەڵات لە گۆڕستانی شاری دێرەزوور بە خاکی دەسپێرێت، بەڵام لەژێر فشاری خۆپیشاندانی جەماوەری و کاردانەوەی خەڵكی کوردستان دواتر تەرمەکەی ڕادەست دەکرێت، لە مەراسیمێكی زۆر فراوان، تەرمەکەی لە ئاڵای کوردستان دەپێچرێت و لەناو خۆپیشاندانێكی گەورەی جەماوەری لە گۆڕستانی قدوری شاری قامیشلو بەخاك دەسپێرێت، کە دواتر ناوی گۆڕستانەکە کرایە گۆڕستانی شێخی شەهیدان.(31) کاردانەوەکان هەر لەمەوە نەوەستا، بەڵکو ئەمە بووە هۆی سەرەتای سەرهەڵدانی چەکداریی بە ئاشکرا لەناو شارەکانی ڕۆژئاوایی کوردستان و چەندان گرووپ و چەکداری تۆڵەسێن لە قامیشلو و حەسەکە دروستبوون دژ بە هێزەکانی دەسەڵات و دواتر بوونە ئەمری واقیع لەسەر زەمینەی ئەم ناوچەیە.(32) ئەمە هۆیەکی تری ئەوەیە زۆرێكی هێزە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوا ساڵانە یادی ئەو کەسایەتییە دەکەنەوە.
موڕشید خەزنەوی
ئەم بنەماڵەیە بە حوکمی ئەوەی هەم شێخایەتیان بە میرات بۆ ماوەتەوە، هەم خۆیان بەردەوام لەناو بواری زانستەکانی شەریعەت وەك مەلازادە ناسراون. بۆیە هەر لە سەرەتاوە کوڕانی مەعشوق خەزنەوی، ئەم ڕێچکەیە دەگرن. کە ناسراوترینیان موڕشید خەزنەویە.
لە زۆربەی بەرنامەکان و چالاكییەکانی بەردەوام جەخت لەسەر تێپەڕاندنی دواکەوتوویی و خورافیات دەکاتەوە، هەروەها تێکەڵاوی و کرانەوەی بەڕووی دین و مەزهەبەکانی تر خاڵێكی تری ڕوونی ئەو کەسایەتییەیە،(33) هەروەها لە ناودارترینی کەسایەتییە دینییەکانی ڕۆژئاوایە کەوا زۆر پێداگیر لەسەر پرسی نەتەوەیی و قبووڵ نەکردنی ژێردەستییە بۆ گەلانی تری موسڵمان بە پاساوی دینی، چالاکییەکانی لە ڕۆژئاوا و باشوور و دەرەوەی وڵات بەردەوامن.
خەزنەوی و داعش
لە بزووتنەوە چەکدارییەکانی شام، داعش یەکێك بوو لە دوژمنە هەرە سەرسەختەکانی خەزنەوییەکان دوای چەندان لاپەڕە لە تەکفیر و تەشریك و تەبدیعی ئەم قوتابخانەیە و شێخ و موریدانی دژایەتی داعش زۆر ڕوون دیارە لە چ سۆنگەیەکەوەیە، کەوا ئەوانە دژی جیهاد بوون لە ویلاتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی. هەروەها زۆربەی شوێنکەوتوانی تەریقەتەکان لەم ناوچانەی حزبە کوردییەکان پشتیوانی حزبە مولحیدە کوردییەکانن، زۆرێكیش لە خەڵكی عەوامی تەریقەت جەنگاوەری ئەم حزبە موڕتەدانە بوون بە تایبەت لە سەرێ کانی و تەل حەمیس(34). بە ئاشکرا دژایەتی و تەکفیری حزبی کوردی و کوردایەتی و هەموو ئەوانەی پشتیوان بوون تۆمەتێكی تری داعشانەیە کەوا زۆرێكی چەکدارانی جیهادی تری تێوە گلاون.
هەروەها حوکمی ئەم تەریقەتەی داوە بەوەی دەبێ شێخی ئەم تەریقەتە بکوژرێ، چونکە تاغووتە! هەرچی مەلا و پیاوانی دینی و ڕێبەرانی تری ناو تەریقەتەکەن، ئەوا دەبێ تۆبەیان پێ بکرێ لەسەر ئەم کافربوون و دەڵەسە و زەندیقاتیان، بە زۆر ئیسلامی ڕاستەقینەیان فێر بکرێ.(35)
لەمەوە دەردەکەوێت، کێشەی ئەم بزووتنەوە سەلەفی بیرە، چەندە کێشەی ئەوەی هەیە کەوا جگە لەو تێگەیشتنە دینییەی بۆ دەقی قورئان و حەدیس هەیەتی، هێندەش وەك هەر بزووتنەوەیەکی ئایدیۆلۆژی نێودەوڵەتی، بەرگەی هیچ دیاردەیەکی لۆکاڵی ناگرێت، چ کەلەپوور و داب و خوو و نەریت، چ تێگەیشتنێكی خۆجێیی بۆ دین و دیندارییەکی میللی. بەم جۆرە خەزنەوییەکان دوو باج قەرزداری ئەم دەوڵەتە ئیسلامییەن، باجێكی تەکفیریان بە هۆی سۆفیبوونیان، باجێكی تر بە هۆی بوونیان لەناو بازنەی حزبە کوردییەکانی ڕۆژئاوا.
ئەنجام:
1. چاکسازی لەناو کۆمەڵگەیەکی داخراو و چەقبەستوو زۆربەی جار قوربانیدانی دەوێ، چ زیانکەوتنی مادی، چ گیانی، ئەمە لە ڕۆژئاوا زۆترینی بەر شێخ مەعشوق خەزنەوی کەوت، کە دەتوانین بڵێین لەو سەردەمە زۆر پێش کاتی خۆی کەوتبوو.
2. ڕژێمە سیاسییە دیکتاتۆرییەکان، زۆربەی جار کێشەیان لەگەڵ دامەزراوە کلاسیکییە بێوەی و بندیوار و فزەنەکەر نییە، هەرچەند بیر و باوەڕی لادان و دواکەوتوویی لە کۆمەڵگە بڵاوبکەنەوە، بەڵام بە بچووكترین جووڵەی وا کە لە ئایدیۆلۆژیای وی بدات، ئەوا جووڵە دەکات، بۆ نموونە سەندنەوەی ڕەگەزنامە لە عیزەدین و عەلائەدین خەزنەوی.
3. پرسی نەتەوەیی لەلایەن نەتەوەی سەردەستە بەردەوام وەك بۆمبێكی چێنراو وایە، چونکە نایەوێ دەنگ و ڕەنگی جیاواز هەبن، بەڵکو هەموان لە یەك بۆتەدا بتوێنێتەوە، بۆیە لەم دۆخە سەختەی بەهاری عەرەبی، کە هێشتا پریشکی نەگەیشتبووە کوردستان، ئەوا هەستی عروبە لە سوریا، فشاری لەسەر کورد بوو، کە بیری نەتەوەیی نەکاتەوە.
4. دینی میللی کە زادەی بیرکردنەوە و کولتووری کۆمەڵگە بێت، لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەمی خۆی هاوڕێ بڕوات، ئاسانتر چەکەرە دەکات لەوەی ئایدیۆلۆژیایەکی هاوردەی دینی لە کۆمەڵگە بڵاوبکەیەوە، بۆ نموونە ئەم جووڵانەی شێخ مەعشوق زۆر فراوانتر لەناو خەڵك کەوتەوە لە بزووتنەوە سیاسییە دینییەکانی دواتر هاتنە گۆڕەپانەکە.
5. ئەم بیرکردنەوە کراوە و عەقڵانیانەی چاکسازی دینی دەکەن، لەبارترن بۆ کۆمەڵگەی کوردی لە باشووریش، نەوەك پێداگیر بوون لەسەر کۆمەڵێك بیروبڕوای کۆن کەوا لە پێشکەوتنی عەقڵی مرۆیی و زانست یەك ناگرێتەوە، چ جای ڕاکێشانی کۆمەڵێك بیری نامۆ و دواکەوتووی عەرەبی و تورکی و گەلانی تری دواکەوتووتر.
6. بیری پێشکەوتووی خۆڕسك لە کۆمەڵگەی لەم جۆرە، زۆر سەختە پشتیوانی نێودەوڵەتی هەبێت، بەڵکو زۆربەی جار، پاڵپشتیەکان لە بەرامبەر بیری هاوردە و هەژموونی سەردەستە دەبێت بەرامبەر کۆمەڵگەیەکی وەرچەرخاو. بۆیە دەبینین جموجۆڵی شێخ مەعشوق نە لە دنیای ئیسلامی نە لە جیهانی عەرەبی، نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی بەهێزی نەکرا. چونکە بزووتنەوەییەکی خۆکردی دوور لە ئایدیۆلۆژیای دەرەکی بوو.
_________________
سەرچاوەکان
یەکەم سەرچاوەی کوردی
أ. كتێب:
1. راغب، هەندرێن شێخ (2019) ڕۆژئاوای کوردستان. بەرگی یەکەم سلێمانی: چاپخانەی کارۆ.
ب. سایتی ئەنتەرنێت.
2. مەودا کەناڵ (2021) لەبارەی شێخ محەمەد مەعشوق خەزنەوییەوە. سلێمانی: مەودا میدیا، ماڵپهڕێكی ههواڵیی سیاسی گشتیی
https://www.mewdamedia.com/articles/18788
3. هـ.ب(2024) لە جزیرە شێخ موڕشید سەردانی ماڵی ئێزدیەکانی کرد. ئاژانسا نوچەیێن فیراتێ. سۆرانی
https://anfsorani.com/l-jzyr-shkh-mwshyd-srdany-may-yzdyykany-krd-50495
4. وڵات نیوز (2024) لەژێر ئەشکەنجە شەهیدکرا. هەولێر: سایتی وڵات نیوز.
https://www.welattv.net/ar/node/3060
دووەم: سەرچاوەی عەرەبی
أ. کتێبی عەرەبی:
5. جزاع، محمد (2013) المناضل حمزة نويران. صفحات من الذاكرة. السليمانية: منشورات مركز ماركريـت.
6. جسور (2017) الحركات الدينية في المشهد السياسي الكردي في سورية. تركيا: مركز جسور للدراسات.
7. جنگو، علاء الدين (2017) اسهام الكرد في الحیاة الروحية والدراسات الاسلامية في سورية. استنبول-الدوحة: مجلة قلمون (عدد:149) مركز حرمون للدراسات المعاصرة.
8. الخزنوي، محمد معتز & الخزنوي، عبدالبديع. (ب.ت) مكتوبات الشیخ احمد الخزنوي. اسطنبول: مكتبة اكتاش.
9. الدولة الاسلامية في العراق والشام (1437) مجموع رسائل ومؤلفات. الدولة الاسلامية: مکتب البحوث والدراسات. مج:1. ط:1.
10. عیسی، حامد محمود (1992) المشكلة الكردية في الشرق الأوسط: منذ بدايتها حتى سنة 1991. القاهرة: مكتبة مدبولي.
11. علي، محمد عبدو (2007) الديانة الايزيدية والايزيديون في شمال غرب سوريا. التدقيق اللغوي إبراهيم خليل عيسى. عفرين: چیای کورمونج .
12. نزار أباضة (1994) الشيخ خالد النقشبندي العالم المجدد حیاته وأهم مؤلفاته. دیمشق: دار الفكر.
13. یوسف، محمەد خیر رمضان (2002) تتمة الاعلام. ج:2. ط:2. بيروت: دار بن حزم
ب. سایتی ئەلیکتڕۆنیی عەرەبی
14. أرك نیوز (2022) ثمانية عشر عاما على ارتقاء الشاب فرهاد محمد شهيدا في سجون النظام. كوردستان: ARK news
https://www.arknews.net/node/35718
15. اس ان ان (2004) الشيخ معشوق الخزنوي بتأبين شهداء الكرد. سوریا: شبكة اخبار الشام. قناة یوتیوب.
16. توثيق (2018) علويو عفرين السكان المنسيين في سوريا. مركز توثيق الانتهاکات: من أجل العدالة واحترام حقوق الانسان وسيادة القانون
17. الخزنوي، عبدالقادر (2010) ردا علی ما جاء في كتاب قریاقس، حول موصفه لآل الخزنوي معاداتهم للأحزاب الكرديـة
http://www.kurdistanabinxete.com/Gotar/2012Gotar/2012Tevlihev/H6tevlihev/1
70612Shexabdulqadix_redlqiyaqus.htm
18. الخزنوي، عمر (2004) الخزنوي في عید النیروز2. قناة الیوتیوب
19. سانا (2024) بتكلیف من الرئیس الاسد. محافظ الحسكة یقدم واجب العزاء بالشیخ عبیدالله الاخضر القادري. سوريا: الوكالة العربية السورية للأنباء.
https://sana.sy/?p=2026062
20. عنــب بلــدي (2020) 15 عامــا علــی اغتیــال الشــيخ معشــوق الخزنــوي. ســوریا: مؤسســة عنــب بلــدي االعالميــة الســورية المســتقلة
archives/net.enabbaladi.www://https/3
21. القادري، مخلف علي الحذيفي (2020) ترجمة الشيخ عبيدالله القادري الحسيني. سوريا: موقع الطريقة العلية القادرية البريفكانية، لعلوم التصوف وتراث آل البيت.
https://alkadriaalalia.com/play.php?catsmktba=98
22. القامشلي (2005) الشهید الشیخ محمد معشوق الخزنوي، شیخ شهداء اكراد سوريا. سوریا: مؤسسة الذاكرة السورية المعارضة. المركز العربي للابحاث ودراسة السياسات. https://syrianmemory.org/api/file/blob169/ad82c17dfc3b48c68bd1fea936310046?fileName=syriasy.blogspot.com
23. الیازجي، سعد (2024) وفاة شیخ الطریقة القادرية عن عمر ناهز 80 عاما. سوریا: قامیشلی نورث پریس.
https://npasyria.com/177250/
سێیەم سەرچاوەی بیانی:
أ. كتێبی بیانی
24. Asatrian G(2009) Prolegomena to the Study of the Kurds, Iran and the Caucasus, Vol.13, P58
ب. سایتی ئەلیکتڕۆنیی بیانی
25. HERMANN , RAINER (2017) DIE LETZTEN CHRISTEN VON QAMISCHLI. GERMANY: FRANKFURTERALLGEMEINE
https://www.faz.net/aktuell/gesellschaft/menschen/islamischer-staat-die-kirche-der-jungfrau-in-qamischli-13282271.html
26. STACK, MEGAN K. (2005) CLERIC’S SLAYING A RALLYING CRY FOR KURDS IN SYRIA. USA: LOS ANGELES TIMES.
https://www.latimes.com/archives/la-xpm-2005-aug-14-fg-kurds14-story.html
_________________
1- راغب، هەندرێن شێخ (2019) ڕۆژئاوای کوردستان. بەرگی یەکەم سلێمانی: چاپخانەی کارۆ. ل12
2- عیسی، حامد محمود (1992) المشكلة الكردية في الشرق الأوسط: منذ بدايتها حتى سنة 1991. القاهرة: مكتبة مدبولي. ل367
3-علي، محمد عبدو (2007) الديانة الايزيدية والايزيديون في شمال غرب سوريا. التدقيق اللغوي إبراهيم خليل عيسى. عفرين: چیای کورمونج .ل14
4- HERMANN , RAINER (2017) DIE LETZTEN CHRISTEN VON QAMISCHLI. GERMANY: FRANKFURTERALLGEMEINE
https://www.faz.net/aktuell/gesellschaft/menschen/islamischer-staat-die-kirche-der-jungfrau-in-qamischli-13282271.html
5- توثيق (2018) علويو عفرين السكان المنسيين في سوريا. مركز توثيق الانتهاکات: من أجل العدالة واحترام حقوق الانسان وسيادة القانون
6-Asatrian G(2009) Prolegomena to the Study of the Kurds, Iran and the Caucasus, Vol.13, P58
7-جسور (2017) الحركات الدينية في المشهد السياسي الكردي في سورية. تركيا: مركز جسور للدراسات. ل12
8-نزار أباضة (1994) الشيخ خالد النقشبندي العالم المجدد حیاته وأهم مؤلفاته. دیمشق: دار الفكر. ل20.
9-القادري، مخلف علي الحذيفي (2020) ترجمة الشيخ عبيدالله القادري الحسيني. سوريا: موقع الطريقة العلية القادرية البريفكانية، لعلوم التصوف وتراث آل البيت.
https://alkadriaalalia.com/play.php?catsmktba=98
10- جسور (2017) المصدر السابق.
11-الیازجي، سعد (2024) وفاة شیخ الطریقة القادرية عن عمر ناهز 80 عاما. سوریا: قامشلی نورث پریس.
وفاة شيخ الطريقة القادرية عبيد الله القادري عن عمر ناهز الـ(80) عاماً
12-سانا (2024) بتكلیف من الرئیس الاسد. محافظ الحسكة یقدم واجب العزاء بالشیخ عبیدالله الاخضر القادري. سوريا: الوكالة العربية السورية للأنباء.
https://sana.sy/?p=2026062
13-جنگو، علاء الدين (2017) اسهام الكرد في الحیاة الروحية والدراسات الاسلامية في سورية. استنبول-الدوحة: مجلة قلمون (عدد:149) مركز حرمون للدراسات المعاصرة. ص161
14-الخزنوي، محمد معتز & الخزنوي، عبدالبديع. (ب.ت) مكتوبات الشیخ احمد الخزنوي. اسطنبول: مكتبة اكتاش. ص26.
15-جنگو، علاء الدين (2017) المصدر السابق.ص 162.
16-الخزنوي، عبدالقادر (2010) ردا علی ما جاء في كتاب قریاقس، حول موصفه لآل الخزنوي معاداتهم للأحزاب الكرديـة
http://www.kurdistanabinxete.com/Gotar/2012Gotar/2012Tevlihev/
17-جسور (2017) المصدر السابق. ص10
18-جزاع، محمد (2013) المناضل حمزة نويران. صفحات من الذاكرة. السليمانية: منشورات مركز ماركريـت. ص16.
19-جنگو، علاء الدين (2017). المصدر السابق. ص164
20-یوسف، محمەد خیر رمضان (2002) تتمة الاعلام. ج:2. ط:2. بيروت: دار بن حزم. ص48.
21-الخزنوي، عبدالقادر (2010) المصدر السابق.
22-القامشلي (2005) الشهید الشیخ محمد معشوق الخزنوي، شیخ شهداء اكراد سوريا. سوریا: مؤسسة الذاكرة السورية المعارضة. المركز العربي للابحاث ودراسة السياسات.
https://syrianmemory.org/api/file/blob169/ad82c17dfc3b48c68bd1fea936310046?fileName=syriasy.blogspot.com
23-راغب، هەندرێن شێخ (2019) سەرچاوەی پێشوو. ل16.
24-هەمان سەرچاوە، ل17.
25-عنــب بلــدي (2020) 15 عامــا علــی اغتیــال الشــيخ معشــوق الخزنــوي. ســوریا: مؤسســة عنــب بلــدي االعالميــة الســورية المســتقلة
archives/net.enabbaladi.www://https/3
26-مەودا کەناڵ (2021) لەبارەی شێخ محەمەد مەعشوق خەزنەوییەوە. سلێمانی: مەودا میدیا، ماڵپهڕێكی ههواڵیی سیاسی گشتیی
https://www.mewdamedia.com/articles/18788
27- الخزنوي، عمر (2004) الخزنوي في عید النیروز2. قناة الیوتیوب
28-أرك نیوز (2022) ثمانية عشر عاما على ارتقاء الشاب فرهاد محمد شهيدا في سجون النظام. كوردستان: ARK news
https://www.arknews.net/node/35718
29- اس ان ان (2004) الشيخ معشوق الخزنوي بتأبين شهداء الكرد. سوریا: شبكة اخبار الشام. قناة یوتیوب.
https://www.youtube.com/watch?v=xzE1gqso7ZA
30-وڵات نیوز (2024) لەژێر ئەشکەنجە شەهیدکرا. هەولێر: سایتی وڵات نیوز.
https://www.welattv.net/ar/node/3060
31-STACK, MEGAN K. (2005) CLERIC’S SLAYING A RALLYING CRY FOR KURDS IN SYRIA. USA: LOS ANGELES TIMES.
https://www.latimes.com/archives/la-xpm-2005-aug-14-fg-kurds14-story.html
32-هەمان سەرچاوە.
33-ه.ب(2024) لە جزیرە شێخ موڕشید سەردانی ماڵی ئێزدیەکانی کرد. ئاژانسا نوچەیێن فیراتێ. سۆرانی
https://anfsorani.com/l-jzyr-shkh-mwshyd-srdany-may-yzdyykany-krd-50495
34-الدولة الاسلامية في العراق والشام (1437) مجموع رسائل ومؤلفات. الدولة الاسلامية: مکتب البحوث والدراسات. مج:1. ط:1. ص194
35-المصدر نفسه. ص195.