• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 11, 2023

كاریگەرییەكانی مەنسوور حیكمەت؛ لە نێوان دامەزراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و شكستی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیدا

توێژەر: ژیلوان لەتیف یارئەحمەد

 بەرایی

لەسەروبەندى شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، مەنسوور حیکمەت (1) وەك یەكێك لە ڕێبەرانی جووڵانەوەی ماركسیی، بۆچوونەکانى خۆی خستە نێو گۆڕەپانى سیاسیی و کۆمەڵایەتیی چەپ و کۆمۆنیزمى ئێرانەوە، لەم قۆناغەدا تاودانەوەى بزووتنەوەى کرێکاریی و دەرکردنى مارکسیستەکانى ئێران لە قەیرانى بێ پلانى بە پێویستی بنچینەیی دەزانى، لە سەرەتاوە مەنسوور حیکمەت بە ڕەخنەگرتن لە بزاڤی چەپی كلاسیكی، وتارێکی بەناوى (دوو باڵ لە شۆڕشی چەواشەی بۆرژواى ئیمپریالیستیدا) بڵاوكردەوە، تێیدا تیشکی خستەسەر ئەوەى کە بزاڤی چەپی ئێران هێزگەلێکى کەنارگیر و بێ بڕشتن وەڵامدەرەوەى چینى کرێکار و کۆمۆنیزمى نین، تەنانەت لەبەرامبەر ناسیۆنالیزم و ئسوڵیەتى ئایینیدا لە شکستی بەردەوامدان، بۆیە پێویست بوو مارکسیزم وەک ڕەوتێکى شۆڕشگێڕ نوێنەری توێژێکى دەستەبژێرو پێشکەوتووخواز بکات، کە گرفتە سەرەکییەکانى چینى هەژار و کرێکارانى کۆمەڵگەکەى لە ڕووەکانى کۆمەڵایەتى و سیاسییەوە ڕوونبکاتەوە و هاوکات مارکسیزمى نوێ لە ڕووى تیۆریی و  فیکریەوە خۆی لەگەڵ ناسیۆنالیزم و بۆرژوازیەت و ئایین  یەکلابکاتەوەو سەرنج بخاتە سەر پێکهێنانى قۆناغێکى نوێ.

دامەزراندنى یەکێتى تێکۆشەرانى کۆمۆنیست (سەهەند)

بەرپابوونى شۆڕشی ساڵی 1979، ڕێگەى بۆ مەنسوور حیکمەت خۆشکرد، کە هەنگاو بە ئاڕاستەى پێشخستنى ڕەوتى کۆمۆنیزمى شۆڕشگێڕ هەڵبگرێت، بەمەش جەنگێکى تیۆری لەبەرامبەر دۆخى کۆمۆنیزم و هەڵە و کەموکوڕییەکانی بەرپاکرد،  لەم قۆناغەدا لە ڕێگەى نووسین و وتارەکانییەوە بۆچوونەکانى خۆی دەخستەڕوو، کە دیاترینیان (ئەفسانەى بۆرژواى میللى پێشکەوتووخواز، دوورنماى فەلاکەت و تیۆری مارکسییزمى قەیران، سۆسیالیزمى خەڵک، پۆپۆلیزم لە بنبەستدا،  ناکۆکی لەسەر جێبەجێکردنى سۆسیالیزمى خەڵکى، جەنگى تیۆریی و تیۆری جەنگ)، ئەم وتارانە سەرەڕای داڕشتنیان بەشێوازێکى ڕەوان لەسەر قووڵترین بابەتە تیۆرییەکانى بزووتنەوەى کۆمۆنیزم و تیۆری چەپی نا کرێکارى دەدوا، هەر ئەمەش بووە بناغەى کارکردەیەکى بەکۆمەڵ و ڕێکخراوەیی (2).

مەنسوور حیکمەت کەسایەتییەکى سادە و بە گوفتارساز و باس شیرین بوو، لە بارى کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی دەدا خاکى و بێ گرێ دەربکەوێت، لەم ڕێگەیەوە گرووپێکى کۆمۆنیستى لە ژمارەیەک هاودیدانى پێکهێنا کە زیاتر لەو توێژە ڕۆشنبیرە پێکهاتبوون کە لە وڵاتانى ئەوروپا دەژیان و لەڕێگەى نووسینەکانیانەوە ئەڵقەیەکى ڕووناکبیریان پێکهێنا، کە زۆرینەیان ئیلهامیان لە نووسینەکانى وەردەگرت، هەر چەندە لە سەرەتاوە ئامانجێکى سیاسییان نەبووە، بەڵام کاتێک بەشێک لە لایەنگرانى ئەم ئەڵقە فیکریە نزیکایەتى خۆیان لەگەڵ گرووپێکى سیاسیی بەناوى  “یەکێتى تێکۆشان لە ڕێگەى ئامانجى چینى کرێکار” ڕاگەیاند، هەنگاوى سیاسییان نا و بە سێ مانگ پاش شۆڕش، ئەم ئەڵقە  فیکرییە لە چوارچێوەى ڕێکخراوێک بە ناوى “گرووپی سەهەند” خۆیان دەرخستووە، لەیەکەمین دەرهاویشتەیدا وەک باڵی چەپی نێو هێزەکانى هێڵی سێ خۆیان پێناسە کرد، بەم پێیە گرووپی سەهەند، لەسەرەتاوە وەک گرووپێکى جیاخواز لە نێو دونیای چەپی ئێرانیدا دەرکەوتن، لە یەکەمین نووسراویان بە ناوى “شۆڕشی ئێران و ڕۆڵی پڕۆلیتاریا” دید و بۆچوونى سیاسییان سەبارەت بە شۆڕشەکە خستووەتەڕوو، ناوەڕۆکى ئەم نووسراوە بە ئامانجى ڕیشەکێشکردنى چەپی باو و لە پێکهێنانى سیستەمە دواکەوتووەکانى کۆمەڵگە بوو، بە توندى ڕەخنەیان لە پۆپۆلیزم گرتووە و هاوکات پەیوەندى لەگەڵ هێزە چەپەکانى تر ڕەتکردەوە.

بۆچوونەکانى مەنسوور حیکمەت ببووە دەستپێکى سەردەمێکى نوێ لە پشکوتنى ڕەوتى مارکسیزمى شۆڕشگێڕ، هەر بۆیە لە سەنگەرى ڕووبەڕووبوونەوەى کۆمۆنیزم و ڕەوت و ڕێکخراوە چەپەکاندا، درکی بە مەترسی گەشەکردنى هێزە بۆرژواکان کردبوو، ئەمەش مەنسوور حیکمەتى گەیاندە ئەو بڕوایەى بۆ زیاتر گەیشتنى مەبەستەکانیان پێویستە هەرچى زووترە کارەکانیان لە شێوەی ئۆرگانێکى ڕێکخراودا نمایش بکەن و یەکەمین حیزبی سیاسیی بە ناوى “یەکێتى تێکۆشەرانى کۆمۆنیست – ی.ت.ك” لە سەرەتاکانى ١٩٧٩ دابمەزرێنن(3)، و لە مانگى ئازارى ١٩٨٠ دا کارنامەى ڕێکخراوەکەى لە ١٤ بەند و پاشکۆیەکى ٥ خاڵیدا بڵاوکردەوە (4)، پاشان لە ڕێگەى چەندین کۆڕ و سیمینار و بڵاوکراوەکانى وەک: (ئایندەى سۆسیالیزم لەسەر بێکارى)، بە شێوەیەکى ڕاشکاوانە بۆچوونەکانیان لە یەکەمین ڕاگەیەنراوى خۆیان دەربارەى دۆخى گشتى ئێران و دیاریکردنى ئەرک و کاری کۆمۆنیستیانەى ئەندامەکانى لە ناوخۆو دەرەوەى وڵاتدا وەک پێڕەو دیاریکرد، لەوانە: ناساندنى کۆمارى ئیسلامیی وەک سیستەمێکى بۆرژوای دژە کۆمۆنیزم، چونکە لەو باوەڕەدابوو شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ بە ئامانجە دیموکراتییەکانى خۆی نەگەیشتووە، دژایەتی بێ چەند و چوونى سیستمى سەرمایەدارى، بونیادنانى سیستەمى سۆسیالیزمى دیموکراتیی وەک مافێکى نەگۆڕ و چەسپاو بۆ پێکهێنانى تێکۆشانى پڕۆلیتاریی، هەروەها خەباتى بێوچان بۆ چەسپاندنى سیکۆلاریزم و خەباتکردنى دژ بە ئیمپریالیزمى بەشێکى جیانەکراوى بەرژەوەندییەکانى چینى کرێکار لێکدەدایەوە، لێرەشەوە بە وردبوونەوە لە کارنامە ڕادیکاڵیەکانى ئەم ڕێکخراوە ئەوە دەردەخات، کە هیچ باوەڕێکى بە ڕیفۆرم و کارى پێکەوەى لەگەڵ هێزە سیاسیەکانى تردا نەبوو، چونکە مەنسوور حیکمەت لەو بڕوایەدابوو دەبێت کۆمەڵی سەرمایەداریی لە ڕیشەوە بگۆڕدرێت، لەم ڕووەشەوە هێزە مارکسییزمەکانى تر یەکێتى تێکۆشەرانى کۆمۆنیزمى وەک هێزێکى ترۆتسکیی دەناسی، هاوکات لە نێو شورای ئیسلامییدا کارنامەى ئەم ڕێکخراوە وەک مەترسیەکى گەورە بۆ ئایندەى سیاسیی وڵات ناوبردووە (5).

گوتاری مەنسوور حیكمەت  لە نێو بزاڤی كۆمنیستی كورد و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

رێبازی مەنسوور حیكمەت وێڕاى دوورە پەرێزى لە هێزە چەپەکانى تر، دەستپێشخەرییەکى خێرایان لەبەرامبەر هێزێکى وەک کۆمەڵە لە کوردستاندا کرد، کە نوێنەری چەپ و مارکسییزمەکانى کورد بوو، لە هەناوى کۆمەڵگەى کوردییەوە ڕسکا بوو، کە پێدەچوو هەوڵی خۆخزاندنى خێرایان بۆ نێو کێشەى نەتەوەیی کورد تا ڕادەیەك بۆ نزیک بوونەوەبوو لە کۆمەڵە، نیشاندانى هەڵوێستى ئەرێنیان لەسەر پرسی کورد لەوەوە سەرچاوەى دەگرت، كە مەنسوور حیكمەت مەسەلەى کورد و خەباتى جووتیارانى کوردى بە بەشێکى گرنگ و دانەبڕواى خەباتى بزووتنەوەى کۆمۆنیزمى سەرتاسەریی لە ئێراندا ناو بردبوو، کۆمەڵەش خولیاى یەکگرتنى لەگەڵ هێزەکانى هێڵی سێ و بزووتنەوەى سۆسیالیزمى شۆڕشگێڕییدا هەبوو(6)، ئەمەش وای لە (ی.ت.ک) کرد، کە مەسەلەى کورد و تێکۆشانى نەتەوەیی بخزێننە نێو وتارو سیمنارەکانیان، هەر لە یەکەمین دەرهاویشتەیاندا بۆ ڕاکێشانى سەرنجى دەفتەرى سیاسیی کۆمەڵە، پەیامێکیان ڕاگەیاند، کۆمەڵە دەبێت یەک لەو هێزانە بێت کە مارکسییزم ڕزگاربکات، نابێـت هێزێکى وەک کۆمەڵە لەگەڵ جووڵانەوەى میللى کورد و باس و خواسێکى وەک خۆبەڕێوەبەری “خودموختارى” خۆی قەتیس بدات، بەڵکو ئەم هێزە کاتێک دەبێتە ئاڵا هەڵگری کۆمۆنیزم کە خەباتیان لە پێناو پڕۆلیتاریاى سەرتاسەریدا تاو بدات، هەر بۆیە ناشارێتەوە کە سەرکردایەتى کۆمەڵە بەراورد بە مەنسوور حیکمەت و هاوبیرانى کەمتر لە بابەتە تیۆریی و فیکرییەکانى مارکسییزم ڕۆچووبوون، بەم هۆیەوە (ی.ت.ک) هانى ڕێبەرایەتى کۆمەڵەیدا بابەتێکى وا لە کۆنگرەى دووى حیزبەکەیاندا بهێنە بەرباس.

بەشێک لە ڕێبەرانى کۆمەڵە لەو بڕوایەدابوون کە حیزبەکەیان لە ڕووى ئۆرگانییەوە بێتواناو پڕکەم وکوڕین، هاوکات لەڕووى تیۆرییەوە کەمتر شارەزابوون، ململانێى ڕەوتە ڕاست و چەپەکانى لە شارە گەورەکاندا نەدیبوو، هەر لەبەرئەوە لە پێناو پێشخستنى تواناى لۆجیستى پشتیان بەستبوو بەو وتار و بڵاوکراوانەى (ی.ت.ک)، ئەمەش دەرفەتێکى دابووە مەنسوور حیکمەت تا بونیادى هزری نوێ لە کوردستاندا نیشانبدەن، ئەمەش وای لە کۆمەڵە کرد لە کۆنگرەى دووى حیزبەکەیان بڕیارنامەی نزیکایەتیی بڵاوبکەنەوە، سەربارى ئەوە مەنسوور حیکمەت لە تۆمارێکى دەنگیدا، ڕەخنەى توندى ئاڕاستەى شێوەى خەباتى کۆمەڵە کرد دەربارەى جیهانى چەپ و جووڵانەوەى نەتەوەیی و هەڵگرتنى ستەمى نەتەوەیی لەسەر گەلی کورد، ڕابەرایەتییەکەشی لەوە ئاگادارکردەوە کە کۆمەڵە ئەگەرى لەدەستدانى بنکەى جەماوەرى هەیە، چونکە نەیتوانیوە کۆمەڵانى خەڵک بۆ جووڵانەوەیەکى گشتگیر سەرپێ بخات(7).

مەنسوور حیکمەت سەرنجەکانى خۆی لەبەرەى خواستەکانى گەلى کورد ئەوەى خستبووەڕوو هەرچی زووترە پێکهێنانى بەرەیەکى هاوبەش لە چەشتى یەکێتیەکى ڕێکخراوەیی یان یەکگرتنێکى حیزبی بە پێویستییەكی خێرا ناوبردووە، بەتایبەت کە پێکهاتنى بەرەى هاوبەش لەلایەن حیزبی دیموکراتى کوردستان و ڕێکخراوى موجاهیدنى خەڵقەوە بەناوی (شوراى میللى مقاوەمەت)، كە بۆ چەسپاندنى شێوەى خودموختارى لە کوردستاندا هاتبووە گۆڕێ، ئەم چەشنە لە نزیکایەتى هەردوولا، چەند ئەندامێکى ڕێبەرایەتى کۆمەڵەى بۆ تاران کێشکرد، هاوکات، خودى مەنسوور حیکمەت بە ناوى خوازراوى (نادر) سەردانى کوردستان دەکات، ئەم سەردانە بووە هەوێنى پێکهێنانى کۆمیتەیەکى هاوبەش کە پێکهاتبوون لە: (عەبدوڵڵاى موهەتدى، شەوعەیب زەکەریایی، جەعفەر شەفیعى، جەواد مشکى) لە کۆمەڵە و (مەنسوور حیکمەت، حەمید تەقوایی، خەسرەو داوەر) لە (ی.ت.ک). یەکەمین دەرهاویشتەى کارى ئەم کۆمیتەیە، بڵاوکردنەوەى نامەی (شێرکۆ) بوو کە ناوى خوازراوى ”عەبدوڵڵاى موهتەدی“ بوو کە وەک وتەبێژى کۆمیتەکە هەڵدەسوڕا، مەنسوور حیکمەتیش کۆمەڵەى خستەسەر ئەو باوەڕی کە کۆنفرانسی شەشى لە پایزى ١٩٨١ گرێبدات، تێیدا و چاو بخشێنێتەوە خەباتى چینایەتى، نەتەوەیی، بەم هۆیەوە چەند کارنامەیەکى پەسەندکرد، مەنسوور حیکمەت بۆ ڕاکێشانى سەرنجى کۆمەڵە زیاتر لەسەر مەسەلەى کورد پێی داگرت و خەباتى گەلی کوردی بە بزووتنەوەى بەرگریى دژ بە زۆرداری نەتەوەیی دانا، بەم هۆیەوە لە کانوونى دووەمى ١٩٨٢ لە پەیامێکدا داکۆکیکردن لە بزووتنەوەى کوردى بە ئەرکى بنەڕەتى هێزە کۆمۆنیستیەکان ناوبرد، زیاتر لەوەش کوردستانى وەک کۆڵۆنیایەکى داگیرکراو ناوبردو ناوەڕۆکێکى ڕزگاریبەخشى بە بزووتنەوەى کورددا، لەم کاتەشدا “کارگەرى کۆمۆنیست” کە ئۆرگانی فەرمى حیزبەکە بوو، بۆ هەواڵی چالاکیەکانى پیشمەرگەکانى کۆمەڵەى لە ناوچە جیاوازەکانى کوردستاندا بڵاودەکرەوە (8).

دامەزراندنى حیزبی کۆمۆنیستى سەرتاسەریی لە دیدی ڕێبەرایەتى کۆمەڵەوە گرنگترین باس و خواسێک بوو کە ئەندامەکانى بەرەو کۆنگرەى سێى ڕێکخراوەکە کێشکرد، سەرەنجام لە یەکى ئایارى ١٩٨٢ لە ناوچەی (بەردەسوور)ى سوسێنى سەردەشت کۆنگرەکە بە بەشدارى مەنسوور حیکمەت و ژمارەیەک لە ئەندامانى (ی.ت.ک) بەڕێوەچوو(9)، مەنسوور حیکمەت لە ڕێگەى پێشکەشکردنى وتارێک، شرۆڤەى ڕەوشی گشتى ئێران و ئەرک و کاریگەرێیەکانى بزووتنەوەى چەپ و مارکسیزمى شۆڕشگێڕو زەروریەتى پێکهێنانى حیزبی کۆمۆنیستى خستەبەر باس، ئەرکى ڕاگەیاندنى پێرەو و کارنامەى گشتى حیزب ڕاسپێردرا و کۆنگرە بڕیارى یەکلاکەرەوەیدا لەسەر مەسەلەى خودموختارى لە کوردستاندا کە دەقاودەق پەسەندکراوى کۆمەڵە بوو وەک شانەى کوردستانى حیزبی (کۆمۆنیستى ئێران – حکا)، لەگەڵ ئەوانەشدا لە مانگى ئازارى ١٩٨٣ یەکەمین کۆبوونەوەى هاوبەش پێکهات، کە بە وردى ڕۆڵ و کاریگەری کۆمەڵەى لە نێو (حکا)دا ڕووندەکردەوە و ئامادەیى کۆمەڵەیان وەک دەستەبژێری پڕۆلیتاریاى کوردیی لە پێناو ڕووخاندنى بۆرژوای ئێرانیدا و بارهێنانى خەباتى چینایەتى دامەزراندنى حیزبەکەى بە پێویستى دانا، پاش داڕشتنى بڕیارنامەى پێکهاتنى (حکا) کۆمیتەیەک بۆ ڕەخساندنى زەمینەى ئامادەکاری پێکهێنانى کۆنگرەى دامەزراندنى حیزبەکە پێکهات، کە بریتیبوون لە (عەبدوڵڵاى موهتەدی، جەواد مشکى، شوعەیب زەکەریایی لە کۆمەڵە) و (مەنسوور حیکمەت، خەسرەو داوەر، حەمید تەقوائی لە یەکێتى تێکۆشەرانى کۆمۆنیست)، ئەم کۆمیتەیە بەیانێکى ١٣ ماددەیى بەناوى هەردوولا وەک ڕێکەوتنى کۆتایی بڵاوکردەوە و داواش لە باقی هێزە مارکسییە شۆڕشگێڕەکان کرد وەک هەنگاوى یەکەم هاوکارو هەماهەنگبن و لە بەرەى یەکگرتووى کۆمۆنیستى ئێرانیدا، بەم شێوەیە لە مانگى ئابی ١٩٨٣ کارنامەى سیاسیی و تەشکیلاتى (حکا) بڵاوکرایەوەو وەک بەرەیەکى کۆمۆنیستى ئێرانى (10).

كاریگەریی مەنسوور حیكمەت لە نێو دامەزراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و بنكۆڵكردنی كۆمەڵەدا

لە ٢ى ئەیلولی ١٩٨٣ لە دامەزراندنى (حکا) بە یەکگرتنى (ی.ت.ک) و کۆمەڵە بە هاوکارى چەند گرووپ و ڕێکخراوێکى چەپ لە کوردستاندا بە ئاکام گەیشت، لە سەرەتاى دروستبوونى حیزبەکە، مەنسوور حیکمەت چالاکانە لە دامەزراندنى پایە سەرەکیەکانیدا ڕۆڵی گەورەى هەبوو، هەر لە ڕێکخستنى شانەو ئۆرگانە کرێکارییەکان، هەر لە نووسین و بڵاوکردنەوە تیۆرییەکان، کاراکردنى دەزگاکانى ڕاگەیاندن، ئاڕاستەکردنى خەباتى سیاسیی بۆ کارو چالاکی چەکداریی، گرێدانى خەباتى شاخ و شار، ڕاگەیاندن و داڕشتنى تیۆریی مارکسیزمى شۆڕشگێڕی و ڕێکخستنى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێز و لایەنەکانى تر، ئامادەکردنى ژنان بۆ بەشداریکردن لە خەباتى سیاسیی و مافی یەکسانى لە نێو ڕێکخستنەکاندا، هەتا ئاگادارى وردى جموجوڵی پێشمەرگەکانی دەکرد(11).

باسکردن و پێکهێنانی (حکا) یەکێکی دیکە بووە لە باسەکانی کۆنگرە، دواتریش وەک بڕیاری کۆنگرە پەسەندکراوە، مەنسوور حیکمەت بە پێشکەشکردنی وتارێک، بیروڕای خۆی خستەڕوو، ڕایگەیاند: “بەرنامەی هاوبەشی کۆمەڵە و ئێمە، دەتوانیین بە ناوەڕۆکی حیزب دایبنێین، داواکارم کۆنگرە ڕەزامەندی لەسەر ئەم بەرنامەیە دەرببڕێت، پەسەندکردنی ئەم بەرنامەیە، کۆتایی کارمان نییە و بەڵکو کاری ئێمە تازە دەستپێدەکات، ئێمە لەپێناو بەرەوپێشبردنی خەباتی چینی کرێکار تێدەکۆشین” (12). دواجار کۆمەڵە بە هاوبەشیی لەگەڵ (ی.ت.ک)، بەرنامەی(حکا)یان داڕشتو دواتریش ئەم بەرنامەیە پەسەندکراو بوو بە بەرنامەی (حکا).

لە کۆنگرەدا 36 کەس بە ئەندامی دامەزرێنەری(حکا) دەستنیشانکران، کە 31 کەسیان ئامادەی کۆنگرە بوون، 5 کەس لەوانە بەهۆی هەلومەرجی تایبەتییەوە نەیانتوانیوە بەشداریی کۆبوونەوەکان بکەن، 4 کەسیان دەنگیان داوە بە ئەندامانی ئامادەبووی کۆنگرە و بە ئەندامی کۆنگرە دیاریکراون. هەر لەم کۆنگرەیەدا عەبدوڵڵای موهتەدی وەک سکرتێری (حکا) و عەلیزادەش وەک سکرتێری كۆمەڵە هەڵبژێراون. کۆمەڵە لەم کۆنگرەیە بەدواوە، سەرەڕایی ئەو گوڕانکارییانەی بەسەریداهات، لەهەمانکاتدا کەوتە ژێر بیروبۆچوونی (ی.ت.ک)و زیاتر هەوڵەکانی خۆی لە پرسی چینایەتیی و بایەخدان بە کرێکاران چڕکردەوە، پرسی کرێکارانی بە پرسی سەرەکیی ناو کۆمەڵگەی کوردستان دانا، هەربۆیە هەوڵەکانیشی بۆ وشیارکردنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هاندانیان بۆ هاتنەناو (حکا) خستەگەڕ، کۆمەڵە بەم تێڕوانین و هەوڵەیەوە زیاتر کرێکارانی کوردی لە مەسەلەی ناسیۆنالیستی دوورخستەوە، هەوڵیدا سەرنجی زیاتر بەلای کرێکاران ڕابکێشێت، بە جۆرێک لە کوردستان، هەمیشە خۆیان بە بەشێک لە هاوچینەکانیان لە ئێران دابنێن و چارەنووسی خۆیان بەوانەوە گرێبدەن (13).

کۆمەڵە و زۆرێک لە ڕێبەرەکانی لەم قۆناغە بەدواوە کەوتنەژێر کاریگەریی بیروڕاکانی مەنسوور حیکمەت و هاوبیرەکانی، کە ئەمانیش مەسەلەی نەتەوایەتییان بە شتێکی کەم بایەخ سەیرکردووە، بەتایبەتی خودی مەنسوور حیکمەت، کە سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی و چینی کرێکاران دەڵێت: “کرێکاران نیشتیمانیان نییە، ناسیۆنالیزم و ئینتەرناسیۆنالیزمی کرێکاری، ناکۆکیی ئاشکراو ڕەهایان لەگەڵ یەکتردا هەیەو ناکرێت تێهەڵکێش بکرێن، ناسیۆنالیزم بیرێکی بۆرژوایە، کە لەبەردەم خۆ هۆشیاریی و چینایەتیی و ئینتەرناسیونالیستی چینی کرێکار ڕێگرە، کۆمۆنیزم بۆ سڕینەوەی سنوورە میللییەکان و هەڵوەشانەوەی ناسنامەی میللییەکان تێدەکۆشێت، ناسیۆنالیزمی قەومی لە سووکترین شێوەکانیدا، ئاڵاهەڵگری مەسەلەی میللییە”(14).

 

بیروڕای ڕەخنەگرانە لەبارەی شكستی كۆمەڵە لە نێو حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

بە پێکهێنانی(حکا)، لەلایەن زۆر لەکەسایەتیی و هێزە سیاسییەکانی تری کوردستانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی توند بووەوە، بەهەموو شێوەیەک دژی پێکهێنانی (حکا) بوون، چونکە وا دەبینرا هۆکاری دوورکەوتنەوەی کۆمەڵە لە مەسەلەی نەتەوایەتیی بەهۆی پێکهێنانی (حکا)و زاڵبوونی بیری (ی.ت.ک) بەسەر کۆمەڵەدا، هەریەک لە شێخ عیزەدین حوسەینی، جەلال تاڵەبانی، (حیزبی دیموكرات)یش دژی یەکگرتنی کۆمەڵە و پێکهێنانی (حکا)دا بوون (15)، جگە لەوانەش بەهۆی ئەم هەنگاوەوە کۆمەڵە پەیوەندییەکانی لەگەڵ (ی.ن.ک) بە  پێکهێنانی (حکا)، پەیوەندییەکانی هەردوولا وەک پێشوو نەمایەوە.

لەم کۆنگرەیەدا کادیرە دیارکانی (ی.ت.ک)، دەستیان بەسەر(حکا)دا گرتووەو لەئەنجامدا مەنسوور حیکمەت، بوو بە سکرتێری ئەم حیزبە، دواجار لەم کۆنگرەیەدا (ی.ت.ک) بوون بەخاوەنی چارەنووسی کۆمەڵەو ئەو بەشە لاوازەی لە هەستی نەتەوەیی، کە لە نێوان هەندێک لە ئەندامانی کۆمەڵەدا مابووەوە، کەوتە بەر هێرش و سوکایەتی پێکردن (16).

لەگەڵ ئەوەشدا، عەلیزادە لە دواى ٣٠ ساڵ لە تۆمارکردنى یاداشتەکانى ناچێتە ژێربارى شکستەکانی (حکا)، سەربارى ئەوەى نکۆڵی لە مامەڵەى خراپیان ناکات، سەبارەت بە پێکهێنانی (حکا) هەڵوێستی ئێستای دەڵێت: “من نکۆلی لەوە ناکەم، کە چالاکانە بەشداری پێکهێنانی (حکا)م کردووە، تەنانەت بە یەکێک لە شانازییەکانی ژیانی سیاسیی دەزانم و هەرچەندە ئەوەش دەزانم، کە لە پرۆسەی پێکهێناندا دەمانتوانی باشتر هەڵسوکەوت بکەین و پلانی ڕێکوپێک تری بۆ دابڕێژین (17).

 ئەم هەڵوێستە بووە مایەی ڕەخنەى بەشێک لەو کەسانەى ڕۆڵیان لە دروستکردنى (حکا)دا هەبووە، لەمبارەیەوە دوو ڕەوتى دژ بەیەک لە نێو کۆمەڵەدا هاتۆتە ئاراوە، ڕەوتێک چەپی سۆسیالیستى کە دژ بە ناسیۆنالیزمى کوردی، کەوتنە شوێن خەباتى چینایەتى، لەگەڵ ڕەوتێکى نەتەوەیی کە هاوسۆزی بیرى کوردایەتى بوون، بە ناسیۆنالیست تۆمەتبار دەکران، بۆ وێنا شوعەیب زەکریایی، ناوبراو هەرچەندە ڕۆڵی هەبووە لە پێکهێنانی (حکا)، بەڵام پاش ماوەیەک واز لەم حیزبە دەهێنێت، هەروەها عەبدوڵڵای موهتەدى کە وەک یەکەمین سکرتێری (حکا) ، ڕۆڵی بەرچاوى هەبووە لە (حکا)دا،  دامەزراندنى (حکا) بە شکستى کۆمەڵە و دۆزی کورد ناودەبات، لەمبارەیەوە دەڵێت: ”ئێمە حیزبێکمان پێکهێنا، کە نوێنەرایەتى چینێکى کرێکارى و بزووتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى نەدەکرد، بناغەیەکى کرێکارى و کۆمەڵایەتى نەبوو، بەڵام دەرکەوت کە ناتوانێت هیچ بۆشاییەک پڕبکاتەوە، هیچ گەشەیەکى نەکردو بووە لەمپەر لەبەردەم گەشەکردنى کۆمەڵەش، (حکا) شتێکى زیاد بوو“ .

 

مەنسوور حیكمەت و  ناکۆکیی و شەڕی نێوان کۆمەڵە و حدکا

 

         لە پاش سەرهەڵدانى ناکۆکییە سیاسیی و فیکرییەکانى نێوان کۆمەڵە و (حدکا) و سەرکێشانى بۆ شەڕی چەکداریی، ئاگری شەڕى چینایەتیی و کۆمەڵایەتى هەڵگیرساو شەڕەکە لە تەواوى کوردستاندا پەرەیسەند، بەتایبەت لە ساڵی ١٩٨٤ز هەردوولا لە ناوچەی هەورامان کە بووە هەوێنى شەڕێکى سێ ساڵ نەبڕاوە لە نێوان بزووتنەوەى میللیگەرایی کوردیدا، ئاشکرابوو (حکا) زیاتر بوارى دەدا بە یەکلاکردنەوەى ئەو ململانێ چینایەتییەو بە یەکێک لە بنەما خێراو سەرپێکانى خۆی دادەنا، هەر ئەمەش بوارى بۆ شەڕەکە کردبوویەوە، بە شەڕی چینایەتیی دوو بەرەى دژڕەوو بوو، کە لە کوردستاندا لێکی دەدایەوە، مەنسوور حیکمەت ئەم شەڕەى بە دەرگیری نێوان دوو هێزى کوردیی ناوبرد، کە یەکیان نوینەرایەتى ناسیۆنالیست و وردەبرژواى کوردییە کە (حدکا)  پێشڕەوى دەکات، هەرچی هێزى دووەمە لە کۆمەڵەدایە کە نوێنەرى چینى بەشمەینەت و زەحمەتکێشانى چەپ و کۆمۆنیستیەو دیدگاى نوێی بۆ بزووتنەوەى کوردیی پێیە (18).

ئەم تێڕوانینە نوێیەی کۆمەڵە کە بە دروستبوونى (حکا) هاتەکایەوە، ناکۆکییەکانى لەگەڵ (حدکا) بە ڕادەیەک لە ڕووى تیۆری و فیکریی و لە بارى کرداریی و چەکدارییەوە تەنها لە چوارچێوەى دژایەتى (حدکا) لە کوردستاندا بوو، چونکە ئەم بۆچوونەى عەلیزادە و مەنسوور حیکمەت ئەگەر ڕاست بێت، دەبوو ئەم ناکۆکییە کە گەیشتە ئاستى تێهەڵچوونى چەکدارى دەبوو بەرامبەر بە هێزو لایەنەکانى ترى کوردستانیش هەمان هەڵوێستیان هەبووایە، بۆ وێنە لەگەڵ هێزێکى وەک چریکى فیداییەکان، کە لەگەڵ ئەوەى هەردوولا چەپی ڕادیکاڵ بوون، بەڵام تەواو لێک جیاواز بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کۆمەڵەو چریک پەیوەندییەکى باشیان هەبوو، چریک یەکەمین ڕێکخراوی سەرانسەری بوو، کە ژمارەیەک لە ئەندامەکانی ڕەوانەی کوردستان کردو (شاخەی کوردستان)یان دامەزراند، کۆمەڵەش پەیوەندیەکانی لەگەڵیان باش بووەو پێکەوەش لە ڕووداوەکانی شەڕی نەورۆزی خوێناوی سنە بەشداربوون، بە هاوبەشی هەردوولا (شورای کاتی شۆڕش)یان دامەزراند (19)، لەم کاتەدا (حکا) کە ئیلهامیان لە بۆچوونەکانى مەنسوور حیکمەت وەردەگرت لەو بڕوایەدابوون کە (حدکا) دژایەتى کۆمەڵە دەکات و هەنگاو بۆ دژایەتیکردنى ناسیۆنالیست و ڕەخنە لە ئاین و ڕەوشی پاشکەوتوو ئاڵوگۆڕ لە نەریتى خەباتى پێشمەرگایەتى دەگرێت، هەر بۆیە ناتوانێت ئەم ئاڵوگۆڕە لە بزووتنەوەکەیدا قبوڵبکات و ناتوانێت کۆمەڵە وەک تەشکیلاتى (حکا) لە کوردستاندا تەحەمولبکات، لێرەشەوە بە وردبوونەوەى لە بۆچوونەکانى مەنسوور حیکمەت هەڵوێستیان لەسەر شەڕی (حدکا) دەخەینەڕوو:

یەکەم: لەسەر ئەو بۆچوونەى کە مەنسوور حیکمەت ڕاشکاوانە لێی دەدوا کە تەنانەت بۆرژوایەتى لە ئۆپۆزسیۆنیشدا پەسەند نییە، ئەمانەش هیچی لەو ڕاستیە نەدەشاردەوە کە ناکۆکی هەردوو لایەن ڕیشەکەى لە ساڵانى بەر لە دەرکەوتنى لە کوردستاندا، چونکە بەهێزبوونى کۆمەڵە لە کوردستاندا و دەرکەوتنى وەک باڵی چەپی دژە ڕاستی (حدکا)، ئەو ڕاستیە تاڵە بوو کە (حدکا)ی پەرێشانکردبوو، بەڵام بە سەرنجدان لە ناکۆکی فیکریی و هەڵسوڕانى ڕێکخراوەى و بەرینبوونەوەى ناکۆکیەکانى نێو بزووتنەوەى کوردیی لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، هەر ئەم ناکۆکیانەش بوو سەری کێشا بۆ شەڕێکى ماوە درێژ کە زیانگەلێکى بێ شومارى لە بزووتنەوەى کوردیی لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان خستەوە.

دووەم: وێڕاى ئەوانەش مەنسوور حیکمەت لە بارى ڕێکخستنى ئۆرگانەکان و کارنامەى تەشکیلاتەوە، کەوتە ناکۆکی لەگەڵ بەشێک لە ڕێبەرایەتى کۆمەڵە، بە تایبەت کە پێشنیارى تیۆریی کادێرەکانى هێنایە گۆڕ، بەوەى کە کۆمەڵە کادیرێک بتوانن بڕیار لەسەر ئەرک و کارى تەشکیلاتی حیزب بدەن نەک جەماوەر، ئەمەش ناڕەزایى لێکەوتەوە و بەمەش کادێری کۆمەڵە و (ی.ت.ک) دەبوو ڕێکخراوی سێیەم پێکبێنن لەسەر هەردوو ڕێکخراوەکەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەکى سەرەتاى لە نێو ڕیزەکانى حیزبەکەدا چەسپاند.

 

 

کۆنگرەى شەشى کۆمەڵە و چەکەرەکردنى ناکۆکیی تیۆریی لە ڕیزەکانى (حکا)دا

 

کۆنگرەى شەشی کۆمەڵە، سەرەتای دەرکەوتنی ناکۆکییەکانی نێو ڕێبەرانی کۆمەڵە و (حکا)و بەتایبەتی ناکۆکیی نێوان عەبدوڵڵا موهتەدی و ئیبراهیم عەلیزادەو مەنسوور حیکمەت بووە، عەبدوڵڵا موهتەدی ئاماژە بەوەدەکات، کەوا هیچ ڕۆڵێکی لە کۆنگرەدا نەبووە، لە کاتێکدا یەکێک بووە لەداڕێژەرانی خەت و سیاسەتی کۆمەڵە، جگەلەوە ناوبراو ڕەخنەی لە کۆنگرەی شەش گرتووە، سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی دەڵێت:”مەسەلەی نەتەوایەتی لە کۆنگرەی شەشەوە فەرامۆشکراوە، وتاری (حکا) زاڵبووە بەسەر کۆمەڵەو کۆنگرەی شەش نە ئێمە فۆرمەڵەمان کردووە نە خەتی ئەوکاتی کۆمەڵەش بووە”.

هەرچی عەلیزادە لە بەرامبەر ئەم ڕەخنەیەی موهتەدی دا دەڵێت:” کاری سەرەتای کۆنگرەی شەش لە پلینۆمێکی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لەشاری سلێمانی، بە بەشداریی عەبدوڵڵا موهتەدی و مەنسوور حیکمەت جێبەجێکراوە، موهتەدی لەم پلینۆمەدا ڕای موخالیفی بەرامبەر بە ڕەشنووسی هیچ کام لە بڕیارنامەکان دەرنەبڕیوە …تاڕادەیەک بێدەنگ بووە، موهتەدی دوای شەش مانگ کەوتووتە نووسین و پشتگیری هەموو کۆنگرەی شەش دەکات و تەنانەت ڕەخنە لە کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە دەگرێ، کە بە ئەندازەی پێویست بەکردەوە لەسەر خەتی کۆنگرە نەچووەتە پێش” (20) .

ئەم دەربڕینە ئینکارى لەوە ناکات کە کۆمەڵە لەوە بەدواوە بەتەواوى لاوازبووە، وێڕاى دەرخستنى ئەو ڕاستیەیە عەلیزادە بێ دەرخستنى فاکتەرە بنەڕەتییەکانى ئەم لاوازبوونە، بەڵام ناچێتە ژێر بارى ئەوەى کە کۆمەڵە بەهۆی پێکهێنانی (حکا)وە لە 1983داو گوڕانکاری نێوخۆیی ناو ڕێکخراوەکە و بارودۆخی ئێران و جەنگی عێراق-ئێران لاوازبووە، بەجۆرێک لە ساڵی 1986 بەدواوە، چالاکیی پێشمەرگایەتی و کاریگەریی کۆمەڵە، کەمبووەوە، وێڕاى ئەوەى شەڕی وێرانکاریی نێوان (حدکا)و کۆمەڵە، چالاکیی کۆمەڵەو خەباتی کوردایەتیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاوازکرد، بەجۆرێک هەردوو حیزب نەیانتوانی سوود لەو بۆشاییە سیاسییەی، کە بەهۆی جەنگی عێراق-ئێرانەوە، دروستببوو وەربگرن و نەیانتوانی ڕیزەکانیان یەکبخەن و بەرەیەکی یەکگرتوو پێکبهێنن (21)، یەک لە هۆکارەکانی تری لاوازبوونی کۆمەڵە، کاتێک  بوو بە (حکا)، درێژەدان بەخەباتی سیاسیی و نەتەوەیی لەژێر ئەم دروشمەدا، نەبووە هۆی سەرکەوتنی لە خەباتدا، چونکە مەسەلەی کورد و کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و پرسی سەرەکی کورد، لابردنی ستەمی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسە.

هەرچەندە (حکا) دانى بە ڕەواى دۆزی کورد و زەروریەتى لابردنى پرسی نەتەوەیی ناوە، بەڵام ئەمە تەنها لە چوارچێوەى دروشمدا بووە و هەنگاوى کردارى بۆ نەناوە، بگرە ئەندامە فارسەکانى زیاتر لە کوردستان و کۆمەڵە ئێرانى بوونى خۆیان نیشانداوە، بۆ نموونە یەکێک لە ڕێبەرانى (حکا) بەناوى خەسرەوى داوەر لە وتارێکیدا بەناوى (هەر بژی دەسەڵاتى شوراکان)، دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆی کوردستانى بەفەرمى ناساند (22)، بەڵام بە توندى لەلایەن ئەندامە فارسەکان ڕەخنەى لێگیراوە، بە ئاشکرا ئەوەیان دەرخستووە کە دەبێت (حکا) تێکۆشانى چینایەتى پەرەپێبدات و کۆمەڵە لە خەیاڵی بۆرژوایی بێننە دەرێ، بیهێنە ڕیزى خەباتى هێزە کۆمۆنیستییەکان و لە پێناو پرۆلیتاریادا گیان بەخت بکات.

لەگەڵ خراپبوونى ڕەوشی گشتى کوردستان، قۆناغێکى نوێ لە ململانێی تیۆری لەنێو ڕیزەکانى (حکا) سەریهەڵداوە، بەتایبەت لەلایەن مەنسوور حیکمەت، کە دروشمگەلێکى نوێی بەناوى (ئازادىن یەکسانى، حکومەتى کرێکارى) هێنایە گۆڕی (23)، بە پاساوى بەهێز بوونى ڕەوتى بۆرژوایی و ناسیۆنالیستى کە کۆمارى ئیسلامى دژبە کۆمۆنیستەکان، ئامانجى ئەم دروشمە تاکتیکیە دژایەتیکردنى (حکا) بوو لەگەڵ ئەو هێزانەى کە لە تێڕوانینیدا ناسیۆنالیست بوون، وەک هێزێکى کۆنەپەرست سەیری دەکردن، ئەم ناکۆکیە (حکا)ى بەرەو کۆنگرەى دوو و پێنجەمى کۆمەڵە کێشکرد، لە ٢ى ئازارى ١٩٨٦ لە ناوچەی مالومەى باشووری کوردستان، ئەوەى تێبینی کرا، لەم کۆنگرەیە ناوچەی ئازادکراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەمابوو، بەڵام هەڵسەنگاندنى کارو چالاکییەکانى کۆمەڵە وەک لقی کوردستانى (حکا) ناسێنراوەتەوەو ڕاپۆرتی کۆمیتەى ناوەندى ئەو حیزبە تایبەت بە هەڵسەنگاندنى چالاکییەکانیان لە کوردستان باسکراوە، ڕوخسارى سەرەکى ئەم کۆنگرەیە زاڵبوونى ئەندامە فارسەکانى (حکا) بوو بەسەر حیزبەکەو تەنانەت کۆمەڵەش، بەتایبەت کە مەنسوور حیکمەت بووە سکرتێری (حکا) ، جگە لەوەش مەنسوور حیکمەت لەم کۆنگرەیە دەروازیەکى بۆ سەپاندنى بۆچوونەکانى خۆی کردۆتەوە، بە ڕەخنەگەلێکى زۆر دەستی پێکرد، و واى دەبینى کە پێویستە ئیدى خەبات بۆ دژایەتى بۆرژوازیەت و ناسیۆنالیستى بە جدى دەست بدەنێ و هەولەکانیان بۆ بەرپاکردنى شۆڕشێکى کرێکارى چڕ بکەنەوە، لەبارەى کوردستانیشەوە ڕایگەیاند، کە خەباتى چەند ساڵاى گەلی کوردستان لە تێکۆشانى کۆمۆنیستى جیاناکرێتەوە، بزووتنەوەى شۆڕشگێری و کۆمەڵە یەک ئەزموونن، بەڵام یەکانگیری لەگەڵ کۆمۆنیزمى بەرچاو ناکەوێت (24).

لە ئەنجامى ئەو گۆڕانکارییە ناوخۆیانەى (حکا)، و زاڵبوونى ئەندامە فارسەکان و مەنسوور حیکمەت بەسەر بریارەکانى حیزبەکەدا، ئەم حیزبەى ڕووبەڕووى چەندین گرفت بووەوە، چونکە تەواوى ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى (حکا) لە کوردستاندا بوون، حکاش جگە لە کۆمەڵە خاوەنى هیچ ڕێکخستێک نەبوو، مەنسوور حیکمەت ڕووبەڕووى کێشەى چینایەتی و نەتەوەیی بۆیەوە، هەر بۆیە ئەم سەرکردایەتیە لە ئاست کێشەکانى کوردستاندا نەبوون، لەهەمان کاتدا بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە ناوخۆییانەى (حکا) لە پاش سالی ١٩٨٧ز و جەنگى ئێران – عێراق و هێرش  وپەلامارەکانى کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر کوردستان، بەردەوامى شەڕی ناوخۆ لەگەڵ (حدکا) و ئەمانەو چەندین هۆی تر (حکا) یان بەرەو لاوازى برد.

پەرتبوون لە ڕیزەکانى حکا و دروستبوونى ڕەوتى کۆمۆنیزمى کرێکاریی

لەگەڵ ئەوانەشدا کێشەو گرفتەکانى (حکا) تا دەبوو قوڵتر دەبوونەوە، کاتێکیش لە ٧ى ئایارى ١٩٨٨ز لە شارى سلێمانى پلنیۆمى کۆمەیتەى ناوەندى بەسترا، لە ژێر کاریگەرى بۆچوونەکانى ڕێبەرایەتى (حکا)، کۆمەڵە بڕیارى لاوازکردن و دژایەتى ناسیۆنالیزمى لە هەموو پارچەکانى کوردستان کردە ئەرک، و ستراتیجی (حکا)شی لەسەر بونیادنا، بە ڕوونیش ڕایانگەیاند: ’’تێکۆشانى ئێمە بەشێکە لە تێکۆشانى گشتى کۆمۆنیزمى ئێرانی، بۆ ڕێکخستنى پرۆلیتاریاو دامەزراندنى حکومەتى کرێکارى، دەبێت بزووتنەوەى شۆڕشگێڕی کورد پەیوەندییەکى نزیکى لەگەڵ خەباتى سەرانسەری ئێرانیدا هەبێت “ (25). بە وورد بوونەوە لەم بۆچوونە دەردەکەوێت لە ژێر ڕۆشناى ئەم ئەرکەدا کۆمەڵە وەک هێزێکى بەرگریکارى پرۆلیتاریاى کوردی لە سەنگەرى ناسیۆنالیزمیدا شەڕی ناوخۆی لەگەڵ (حدکا) وەک نوێنەرى ناسیۆنالیزم درێژە پێدا، وێراى ئەوەش، ئەم پلنیۆمە سەرەتاى ئاشکرابوونى ناکۆکییەکانى نێوان ڕیزەکانى (حکا) بوو، بەتایبەت کە عەبدوڵڵای موهتەدى لە کۆنگرەى شەشدا ڕەخنەى توندى ئاراستەى مەنسوور حیکمەت کردووە، بەوەى کە دەستیانگرتووە بەسەر کۆمەڵە و (حکا)دا، هەروەها ناکۆکیەکى تر لەسەر بڕیارنامەى کۆنگرە بوو، کە (حکا) ڕێگەى دژایەتى ناسیۆنالیستى لەگەڵ هێزەکانى دی درێژە پێدەدا، لەمە بەدواوە کێشەى کوردی کردە کێشەیەکى لاوەکى.

لێرەشەوە بە دوا قۆناغی ململانێی مەنسوور حیکمەت و ڕێبەرانى تری (حکا )دێتە ئاراوە، هاوبیرانى مەنسوور حیکمەت لەو بڕوایەدابوون، کۆمەڵە وەک باڵی چەپی بزووتنەوەى کوردیی ڕەخنەى قوڵى لە ناسیۆنالیزمى کوردی نەبووە، بەوەى لەسەر ئەو نەریتە کلاسیکیە کاری دەکرد، بەم هۆیەش ڕێبەرانى کۆمەڵە بەهۆی بن بەستیان لە دیدگاى پۆپۆلیستى مارکسیزمى شۆڕشگێڕی نزیک بوونەتەوە، بەڵام مەنسوور حیکمەت بە ڕەخنەگرتن لە مارکسیزمى شۆڕشگێڕ، پاشان ناسیۆنالیزمى دایە بەر ڕەخنە، بەوەى کە مارکسیزم لە بارى کرداریدا هەرگیز بە ناسیۆنالیزم ڕازى نییە، ئیدى لێرەوە کۆمەڵەى بە گەرایی ناسیۆنالیست و هێلانەى ڕاستڕەو ناودەبرد، پێیوابوو کە نفوزی ئایدلۆژیاى سونەتى هەرگیز خاشەبڕ نەبوو، هەر بۆیە لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى تێزەکانى کۆمۆنیزمی کرێکاریی بە شێوەیەکى توند دژی مەسەلەی نەتەوەیی دەوەستا، ناسیۆنالیزم و ئینتەرناسیۆنال ناکۆکی ئاشکرایان هەیە، ناسیۆنالیزم ئایدۆلۆژیاى بۆرژواییە، کۆمۆنیزم بۆ سڕینەوەى سنوورە میللیەکان و هەڵوەشاندنەوەى ناسنامەى نەتەوەیی تێدەکۆشێت، لێرەشەوە ڕایدەگەیەنێت: ’’ناسنامەى قەومى و قەوگەرایی لە نێو ملیۆنان ئێرانیدا هیچ پێناسەیەکى نییە، ڕیشەو زەمینەى بەهێزی نییە، کۆمەڵگەش ئامادەى بەرگریکردن لە هێرشی کۆنەپەرستانەى نەتەوەگەرایین، بەڵام نە ڕیشەکێش کراوە نە کۆمەڵگە لە دژی وەستاوە، ئیدی کۆمۆنیزمى کرێکارى لە بەرامبەر ئەم پاشەکشێیە ڕادەوەستێت و ڕسواى دەکات“ (26).

هەرچەندە بۆچوونەکانى مەنسوور حیکمەت بە توندى لەلایەن بەشێک لە کادێرانى کۆمەڵەوە بەرپەرچدراوەتەوە، بە ڕەخنەگرتن لە مارکسیزمى شۆڕشگێڕ هێڵی سیاسیی لەگەڵ ڕێبەرانى (حکا) جیاکردەوە، ئیدی ڕەخنەکانى مەنسوور حیکمەت تەنها دژ بە ڕەوتى ناسیۆنالیزمى کۆمەڵە نەبوو، بەڵکو ڕەخنەى وردى لە کارنامەى کۆمەڵە دەگرت، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین سیمینارى کردووە بە ئامانجى ڕاکێشانى ئەندامانى کۆمەڵە و (حکا) بەلاى بۆچوونەکانى خۆیدا (27)، دواتریش لە ١٠ى حوزەیرانى ١٩٩٠ز بە یەکجارى دەستى لە (حکا) کێشایەوە فراکسیۆنى کۆمۆنیزمى کرێکارى لەناو ئەو حیزبە پێکهێناو بە ٩ خاڵ هێڵی سیاسیی خۆی وەک بەشێک لە بزووتنەوەى سۆسیالیستى پێناسە کرد، لەگەڵ ئەوەى بە تەواى دژی هێڵە گشتییەکانى (حکا) وەستاوە، بەڵام خوازیارى جیابوونەوەى کۆتایى نەبوو لەو حیزبە، لێرەشەوە ڕێبەرایەتى کۆمەڵە دابەشبوو بۆ دوو بەرەى دژ بەیەک، چونکە فراکسیۆنەکە دەیویست بۆچوونەکانى بەسەر کۆمەڵەدا زاڵ بکات و جڵەوى ڕێبەرایەتیەکەى بکات، ئیدی مەنسوور حیکەت لەو باوەڕەدا بوو بەهۆی ڕووخانى یەکێتى سۆڤیەت و گۆڕانى هەلومەرجى نێودەوڵەتى (حکا) ڕووبەڕووى شکست بۆتەوەو لە ناوخۆدا هێرشی بۆرژواو ناسیۆنالیزم کرمە ڕێزى کردووە (28).

هەروەها لە کۆتایى ساڵی ١٩٩٠ز و پاشان نزیکبوونەوەى بەرپابوونى جەنگى کەنداو، دواتر داڕمانى یەکێتى سۆڤیەت و فراکسیۆنى کۆمۆنیزمى کرێکاریی خستە سەر ئەو بۆچوونەى هەژموونى نوێی سەرمایەدارى ئەمریکی دەیەوێت دەست بگرێت بەسەر ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لە ڕێگەى عێراقەوە، ئیدی سەردەمى باڵادەستى ئەمریکایی لە دواى ڕووخانى بلۆکی سۆڤیەت دەستپێدەکات، لە کاتێکیدا ڕاپەڕینى خەڵکى کوردستان لە عێراق ڕوویدا زەمینەى سەرهەڵدانەوەى ناکۆکییەکانى فەراهم کردەوە، لێرەشەوە بەشێک لە ڕێبەرانى کۆمەڵە پشتیوانى خۆیان بۆ ئەو جموجوڵە ناسیۆنالیستیەى باشووری کوردستان دەردەبڕن و پشتیوانییەکەشی لە ڕێگەى بەیاننامەیەکى پیرۆزیای دەگەیەنێتە (ی.ن.ک)، ئەمەش ناڕەزایەتی لای فراکسیۆنى کۆمۆنیزمى کرێکارى لێکەوتەوەو سەرلەنوێ مشتومڕی ناسیۆنالیزمى و کۆمۆنیزمى سەریهەڵدایەوە و گەیشتە خاڵی بن بەست.

هەرچەندە بەهۆی باڵادەستى فراکسیۆنەکە بەسەر بڕیارى سیاسی (حکا)، هەر زوو سەرکۆنەى هێرشەکانى ئەمریکاى کرد بۆ ناوچەکە، بەڵام دەروازەیەکى فراوان لە جەنگى تێۆری لە نێوان مەنسوور حیکمەت و بەشێکى ڕێبەرانى کۆمەڵە لەسەر چارەنووسی بزووتنەوەى کوردی کوردیی لە باشوورى کوردستان، مەنسوور حیکمەت لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى چەند وتارێک ماهیەتى ناسیۆنالیستانەى دژە کۆمۆنیزمى جووڵانەوەى کوردی نیشاندەدا، و سەنگەرى لەو بەشەی ڕێبەرایەتى کۆمەڵە گرتبوو، وەک ڕاشیدەگەیاند: ’’ئێمە پشتیوانى لە هێزەکانى کۆمەڵە دەکەین وەک بزووتنەوەیەکى ڕادیکاڵی سۆسیالیستى نەک ناسیۆنالی سونەتى، چونکە ناسیۆنالیستى چەک بەدەست ئەرکى خۆی لە نکۆلیکردن لە سۆسیالیزم دەبینیێت، لێرەشەوە ڕووبەڕووبونەوەى لەگەڵ ئەم ڕەوتە ناسیۆنالیە ئەگەرى پێکدادانى چەکداریی لێدەکرێت“ (29) . لەهەمانکاتدا گۆڕانکارییەکانى باشووری کوردستانى بە پڕۆژەیەکى ئەمریکاى و سەرمایەدارى جیهانى لە قەڵەم دەدا، کە ناوەڕۆکێکی چەواشەکارانەى دیموکراسی و بۆرژوایی لیبراڵ و ڕیفۆرمى ئەورپایی هەیە، پاشانیش ئەم ڕەوتە وتارێکى بەناوى (ناسیۆنالیزم لە تراژیدیاى کورد)دا بڵاوکردەوەو تیایدا جووڵانەوەى کوردی بە کۆنەپەرستى هاوشێوەى جووڵانەوەکانى ئەنگۆلاو ئەفغانستان ناوبرد و ئەمریکای بە داگیرکەر و چەوسێنەر ناساند (30).

لە ئاکامى ئەم ناکۆکیانە فراکسیۆنى کۆمۆنیزمى کرێکارى و ڕەخنەکانیان لە (حکا) کە چی دی حیزبێکى کرێکاریی نییە، بە هۆی لایەنگریان بۆ ناسیۆنالیزمى کوردیی لە پلینۆمى بیستەمى (حکا)دا بە پاساوى بن بەستى و ڕێگری لە تێهەڵچوونى نەخوازراو فراکسیۆنەکە بە ڕێبەرایەتى مەنسوور حیکمەت و نۆ لە هاوبیرانى جیابوونەوەی خۆیان لە (حکا) ڕاگەیاند، ئەمەش زەبرێكی گەورە بوو لە (حکا)و کۆمەڵە بەشێکى زۆری ئەندام و لایەنگرانیان لەگەڵ خۆیاندا برد، هاوکات زەمینەى بۆ بەرپاکردنى ناکۆکییەکى دوورو درێژ لە ڕیزەکانی (حکا) و کۆمەڵە ڕەخساندا، دواتریش بۆ خۆ ڕزگارکردن لە پەتاى ناسیۆنالیزمى، فراکسیۆنەکە حیزبێکى نوێیان بەناوى حیزبی کۆمۆنیستى کرێکارى (حککا) (31) دامەزراند (32)، ژمارەیەکى ئەندام و لایەنگر لەگەڵیان کەوتن، و هەندێکیشیان چوونە تەشکیلاتەکانى کۆمەڵە لە ئەوروپا، ئەمەش بە زیانێکى زۆری کۆمەڵە کەوتەوە.

 (حکا) کە کۆمەڵە وەک ڕەگەزێکى دیارو پێکهێنەر بناغەکەى دامەزراند، هێزو تواناى باڵی چەپی کوردی بەرەو بزووتنەوەى ئێرانى کێشکرد، هەرچەندە کۆمەڵەو ڕێبەرابەتییەکەى لە کوردستاندا مانەوەو لە تەواوى ساڵانى هەشتاکان لەبەرامبەر کۆمارى ئیسلامیی بەرگرییان کردووە، بەڵام پێچەوانەى بەشێک لە ڕێبەرایەتى کۆمەڵە نەتوانرا خۆ لەو ڕاستیە بوێرن کە ڕێکخراوەکە لە هەناوى کۆمەڵگەى کوردییەوە سەری دەرهێنا و لە ناوچەکانى تری ئێران پێگەى ئەو تۆی نەبووە، هەر بۆیە بە هۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکان بە تایبەت ئەندامە فارسەکانى، لە دژایەتیکردنى خواستەکانى کورد حیزبەکەى بەرەو پەرتبوون برد، بەڵام عەلیزادە سوور بووە لەسەر ئەوەى کۆمەڵە بەشێکى دانەبڕاوى (حکا)یە و تێکۆشانى (حکا)ش بەهێزترین باڵی چەپ لە ناوخۆی ئێراندا پێکدێنێت، لە کاتێکدا چالاکییەکانیان لە دەرەوەى سنوری ئێرانن و کۆمەڵەو باقی هێزەکانى تر لە ئێستادا ئۆردوگا نشینن، بەڵام عەلیزادە هەرگیز نەچووەتە ژێر بارى هەڵەکانەوە هێز و تواناى کۆمەڵە بە ڕادەیەکى بەرچاو دابەزی، لە کۆنگرەى ١٢ى ئەو حیزبە کە لە زرگوێز بەسترا تۆوی دووبەرەکى و یەکتر قبووڵنەکردن زەقتر بۆتەوە و ئەمجارە کۆمەڵەش جیابوونەوە بەرۆکى گرت، جگە لە عەبدوڵڵای موهتەدى، عومەری ئیلخانیزادە ڕەوتێکى نوێی بەناوى (چاکسازى و گەشە) پێکهێناوە، لێرەشەوە عەلیزادە تاوانى ئەمریکایی و کۆنەخوازی و دژایەتی سۆسیالیزم داوەتە پاڵیان و بە فاکتەرى لاوازى کۆمەڵەى داناون (33).

دەرئەنجام

 

کۆمەڵە وەک هێزێکى چەپ هەر لەسەرەتاوە وەک ڕێکخراوێکى سەرانسەریی ئێرانى خۆی ناساندووە، لەگەڵ ئەوەى تەواوى هێزو تواناى سیاسیی، ئۆرگانى، تەشکیلاتى و تەنانەت پێشمەرگەشی بەتەنها لە کوردستان بووەو هیچ کات نەیتوانى لە دەرەوە کوردستان تاکە ئۆرگانێکى هەبێت، بۆ زیاتر شرۆڤەکردنى کاریگەرى مەنسوور حیکمەت لەسەر (حکا) وکۆمەڵەو کورد لە چەند خاڵێكدا ڕووندەكەینەوە:

یەکەم: مەنسوور حیکمەت لە تەک ئەو بۆچوونە مارکسییە شۆڕشگێڕیەی کردبوویە بنەمای تێکۆشانى مارکسییەکەى، بەڵام لە جەنگێکى سەخت و ڕقاویدا بوو لەگەڵ بۆرژواو وردە بۆرژوای ناسیۆنالیستیدا، ڕەخنەى توندى لە نەریتى ناسیۆنالیستانەى لایەنە سیاسییەکان دەدا، لەم گۆشەیەوە لە ئەساسنامەى (حکا)دا  هەوڵیدا ئەو ڕێگەیە نیشانبدات کە پێویستە بۆ خەباتى نەتەوەیی لە کوردستاندا، لەم ڕووەوە لە ڕوانگەیەکی کۆمۆنیستییەوە مەسەلەى نەتەوەیی بە کۆسپی سەر ڕێی خەباتى چینایەتی و پرۆلیتاری داناوە.

دووەم: مەنسوور حیکمەت لەو بڕوایەدابوو کۆمەڵە بەر لە (حکا) نەک هەر ڕەخنەى لە ناسیۆنالیزمى کوردیی نەبووە، بەڵکو شوێن هەڵگری نەریتگەلی ناسیۆنالیزمى دواکەوتوو بوو، پێیوابوو کۆمەڵە بە ڕەفتار ناسیۆنالیست و بە گوفتار پۆپۆلیست بوو، هاوکات باڵی چەپی بزووتنەوەى کوردیی بوو هەر لە چالاکییە چەکدارییەکان و شێوازى مامەڵەی لە نێو شار و گوندەکان، مامەڵەکردن لەسەر ئاین و هەتا پەیوەندییە سیاسیی  و ڕێکخراوەییەکانیدا.

سێیەم: مەنسوور حیکمەت لە ڕووى تیۆرییەوە مەسەلەى کوردی بە خەباتى چینایەتى دەبینی، بۆ ڕوونکردنەوەى بۆچوونەکانى لەوتارێکیدا بەناوى (مافە سەرەتاییەکانى زەحمەتکێشانى کوردستان) هێڵە گشتییەکانى خواست و داواکارییەکانى کوردی دیاریکرد، وێڕای ڕەخنەگرتن لە شێوە خەباتى ڕابردووى گەلی کورد کە زیاتر بە  نەریتگەلی ناسیۆنالیستى ڕووپۆشکرابوو.

چوارەم: لە ڕاستیدا داننان بە سەنگ و هێزى کۆمەڵە لەنێو بزوتنەوى چەپ و جووڵانەوەى نەتەوەیی کورد، هیچی لەو ڕاستییە نەدەشاردەوە کە کۆمەڵە لەنێو دەستەى ڕێبەرایەتیی و لە بارى تیۆریی و لە مەیدانى کرداریدا خستبووە قۆناغێکى چارەنووسساز و سەردەمێکى نوێ بۆ لەدەستدانى سەربەخۆیی فیکریی و سیاسییەکەى، چونکە ئیدى خەباتى نەتەوەیی کوردی لە ڕوانگەى هەڵسوکەوتنى بزووتنەوەى چەپی سەرانسەریی و ژیانى کرێکارانى ئێرانى لێکدەدایەوە، ئیدى کۆمەڵە بووە خاوەنى گرفتە گشتییەکانى کرێکارانى کارگە گەورەکانى ئێران، چونکە کۆمەڵە لەگەڵ ئەوەى خاون نفوز و پێگەى جەماوەریی و هێزى پێشمەرگە بوو، بەڵام کاتێک وەک تەشکیلاتى کوردستانى (حکا) خۆی نیشاندا، قەبارى خۆی بچووککردەوە.

پێنجەم: دەکرێت بڵێین ئەم هەنگاوانەى کۆمەڵە لەبەرامبەر دۆخى گشتى کوردستان دژیەک بوو، چونکە زەمینەى گەشەکردنى پڕۆلیتاریایی کوردی لە کۆمەڵگەدا نەخەمڵیبوو، هەر بۆیە کۆمەڵەى بە هەنگاو بۆ دواوە کێش دەکرد و تا دەبوو لە خەباتى نەتەوەیی دووریدەخستەوەو تێکۆشانى نەتەوەیی ناوەڕۆکێکی چینایەتیی و ڕەتکردنەوەى ژێردەستەیی هەبوو.

شەشەم: (حکا)  تەواوى قوورساییەکەى لە ئەستۆی کۆمەڵە بوو، هاوکات پێچەوانەى سەرتاسەریی بوونی، کۆمەڵە وەک شانەی کوردستان لە تەواوى حیزبەکە گەورەتر بوو، هەرگیز لقی بۆ دەرەوەى کوردستان نەهاویشت و تەنانەت لە تارانیش بارەگاى سەرەکى ئەو حیزبە چەند ئەندامێکى کۆمەڵە بەڕێوەیان دەبرد، هەر ئەمەش بوو کە کۆمەڵە بە بڕوای بەشێک لە ڕێبەرایەتیەکەى بەرەو شکست دەبرد.

حەوتەم: (حکا) پشت ئەستور بوو بەو نووسین وتارانەى لە ڕووى تیۆریی و فیکریەوە بڵاویدەکردەو لە ڕۆژنامەکانى حیزبەکەوە دەگەیشتە دەست ئەندام و لایەنگرانیان، ئەم نووسینانە ببووە خاڵی بە هێزى حیزبەکە، چونکە لە بوارى تیۆرییەوە مەنسوور حیکمەت لاوازى چەپی کوردیی و ناشارەزایی ڕێبەرایەتى کۆمەڵەى قۆستبۆوە، لە نێو بەشێکى بەرچاوى وتارەکانى لەبارەى ئەرکەکانى حیزبەکەى لە کوردستاندا لەبارەى مەسەلەى نەتەوەیی لە ڕاکێشانى کرێکاران و چینى زەحمەتکێشانى کوردی بۆ نێو خەباتى سەرتاسەریی ئێرانی دەدا.

هەشتەم: ڕێبەرایەتى (حکا) کۆمەڵەیان بە ئاڕاستەى تیکۆشانى پڕۆلیتارییدا دەبرد، کۆمەڵەش وای دەبینى کە چینى زەحمەتکێشی کوردستان لە دۆخێکى خراپی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیدان، هاوکات توندوتیژی ڕژێمێکى داگیرکەر ژیانى لێسەندوون، بۆیە کرێکارانى کورد دەبێ ئەو ڕاستییە بەهەند وەربگرن کە شۆڕشێکى ڕادیکاڵی بۆ ئازادیی بۆ نان بەرپابکەن.

نۆیەم: تیڕوانینى مەنسوور حیکمەت لەبارەى خودموختارییەوە، لەسەرەتاوە داکۆکیکردن بوو لەو بۆچوونەى لە کۆنگرەى یەکى (حکا)دا دەنگى لەسەردرا، ئەویش پشتیوانیکردنى مافی دیاریکردنى چارەنووس بوو بۆ میللەتانى ئێران و لە نێویاندا گەلی کورد تا ڕادەى پێکهێنانى دەوڵەتێکى سەربەخۆ، بۆ سەلماندنى ئەم بۆچوونەش بەرنامەى کۆمەڵەی بۆ خودموختاریی لە کوردستاندا کردبووە مەرجى سەرکەوتنیان لە دامەزراندى کوردستانێکى دیموکرات و ڕاماڵینى ڕژێم و تەواوى هێزە نادیموکرات و بۆرژواکان، بەڵام بە کردەوە هەر جووڵەیەکى کۆمەڵەى لە بابەتى نەتەوەیی بە هێڵی سوور و لێکدانەوەى ناسیۆنالیستى دژە چەپ دادەنا.

سەرچاوە و پەراوێزەكان

  • مەنسووری حیكەمت ناوی ڕاستەقینەی “ژوبێن ڕەزائی یە، ساڵی ١٩٥١ لە تاران لە دایکبووە، قۆناغی خوێندنى سەرەتایی و ناوەندیی لە خوێندنگەى (ئەلبورز) لە تاران و خوێندنى ئابوورى لە زانکۆی شیراز تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩٧٣ بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە ئینگلتەرا، لێرەوە کەوتۆتە خوێندنەوەى کەپیتالیزم و کتێبی سەرمایەو دانراوە مارکسییەکان، ئەندێشەى لەسەر وردبوونەوە و لێکۆڵینەوە کۆمۆنیزمى و سۆسیالیستییەکان پایەدارکرد، لە پاش ڕووداوەكانی ساڵی 1979 ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لە دامەزراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران  و حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی ئیڕان، حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق، ڕابەری حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری بووە، لە 4ی تەمموزی 2002 كۆچی دوایكردووە. بڕوانە: (حەمید تەقوایی: مەنسوور حیكمەت كێ بوو؟ (1951-2002)، و. سالار ڕەشید، 2007).
  • مەنسوور حیكمەت: ئەفسانەی میللی بۆرژوای پێشكەوتووخواز، ب2.
  • هفت مقالة دربارة مسالة ارظى و جنبش دهقانى لينين، سرى ترجمة اثار لينين (3)، اتحاد مبارزان كمونيست (سهند)، اذر ماة 1358، ص3.
  • برنامة “اتحاد مبارزان كمونيست”، شوراى دانشجويان ايرانى طرفدار ازادى طبقه كارطر، برلين غربي، فرودين 1360، ص27.
  • تاريخ اتحاد مبارزان كمونيست، سخنرانى در انجمن ماركس لندن، متن پيادة شدة از نوار جلسة انجمن ماركس لندن 15 مة 2000، خرداد 1384 (2005).
  • بؤ زانيارى زياتر، دةربارةى ڕةخنةكانى مةنسور حيكمةت، برِوانة: (بسوى سوسياليزم، شمارة (5)، اول بهمن 1361).
  • بەهمەن ساعیدی، خەبات، ب1، ل166_167.
  • خەبات بەرەو سەركەوتن، دیدارێك لەگەڵ ئیبراهیمی عەلیزادە تایبەت بە مێژووی (كۆمەڵە)، ب2،چ1، ئینتشاراتی ناوەندی كۆمەڵە، 2012، ل147.
  • ه.س.پ، ب1، ل140.
  • سرى اسناد كنگرە سوم سازمان زحمتكيشان كردستان ايران (كومەلە)، متن سخنان نمايندە اتحاد مبارزان كمونيست در جلسة افتتاحيە داخلي، ارديبهشت ماە 1361، ص1_20).
  • وتوویژ لەگەڵ هاوڕێ منێوری حیکمت سەبارەت بە باسەکانی کونگرەی دووهەمی حیزبی کومونیستی ئیران، پشڕەو، ژ20، ل1_13).
  • سازمان انقلاب زحمتکشان کردستان ایران (کومەلە): سری اسناد کنگرە سوم متن سخنان نمایندەو اتحاد مبارزان کمونیست در جلسە افتتاحیە، داخلی (1)، اردیبهشت ماە1361، ێ14
  • ئەیوب ئەیوب زادە: ڕێبازی کۆمەڵە لە توێ بەڵگەکانیدا، ب ش، ب س، ل7_8.
  • سالار ڕەشید: هەڵبژاردەیەک لە نووسراوەکانی مەنسووری حیکمەت، ب2، چ1، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی،2008، ل195_213.
  • ایرج فرزاد: برخى در نووستە ها و اثار منتشر نشدە منصور حکمت، چ١، استکهلم، سوید، اوت ٢٠١١، ص٣٦٠.
  • ڕوونکردنەوەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ کتێبی (5) ساڵ لەگەڵ عەبدوڵڵا موهتەدی،9ی سەرماوەرز 1389ه/ 30 نۆڤمبەری 2010ی زایینی
  • وتووێژی ڕادیۆی دەنگى کۆمەڵە لەگەڵ هاوڕێ عەبدوڵڵای موهتدەى، پێشڕەو، ژ. (١)، دەورى دووەم، ل١٠-١٥.
  • محەمەد چاوشین، وتووێژ لەگەڵ ناسر حسامى، ٣/٥/٢٠٠٩.
  • مازیار بهروز: شورشیان آرمانخواە ناکامی چپ در ایران، ت. مهدی پرتوی، چ11، انتشارات ققنووس، تهران، 1388، ص١٨٨.
  • بەهمەنی سەعیدی: خەبات، ب1، ل263_264.
  • نادر ئینتیسار: ئیتنۆ نەتەوایەتی کوردی، و. عەتا قەرەداخی، چاپخانەی  تیشک، سلێمانی، 2004، ل103_104.
  • وتووێژی دەنگى حیزبی کۆمۆنیستى ئێران لەگەڵ هاوڕێ (خەسرەوى داوەر) سەبارەت بە ئەرکەکانى لایەنگرانى حیزب، پێشرەو، ژ (٧)، پاشکۆی (٢)، ٣١ى پوشپەری ١٣٦، ل١-١٣.
  • مەنسوور حیکمەت: ئازادى، بەرابەری، حکومەتى کارگەری، پێشڕەو، ژ(١١)، ل١٢-١٤.
  • وتووێژ لەگەڵ هاوڕێ مەنسوور حیکمەت سەبارەت بە باسەکانى حیزبی کۆمۆنیستى ئێران، پێشرەو، ژ.(٢١)، بەفرانبارى ١٣٦٥، ل٢-٢٥.
  • قطعنامە هاى مصوب کنگرە ششم کوملە: اسنراتیژ ما در جنبش کردستان: کمونیست، شمارە (٤١)، سال پنجم، تیرماە ١٣٦٧، ص٦،٧.
  • دەقی چاوپێکەوتنى گۆڤارى ئینتەرناسیۆنال لەگەڵ مەنسوور حیکمەت، و.سەعید ئەحمەد، ٢٠ى نیسانى ٢٠١٣.
  • مەنسوور حیکمەت: حیزبی کۆمۆنیست و ئەندامێتى کرێکارى، پێشڕەو، ژ. (٣٣)، ساڵی حەوتەم، دەورەى دووەم، ڕەزبەری ١٣٦٧، ل٧-١٤.
  • بحران خلیج و ڕویدادهاى کردستان عراق، اسناد میاخثات و اختلافات درونى جناحهاى حزب کمونیست ایران، چ٢، دسامبر ١٩٩٠، ص٣٣.
  • منصور حکمت: مبارزە مصلحانە در کردستان، کمونیست، شمارە (٦٠)،سال هفتم، بهمن ماە ١٣٦٩، ص٣-١١.
  • ئیرەج ئازەرین ئازارى چەپەکان دەدات: ئاڵای شۆڕش، ئۆرگانى ئاڵای شۆڕش، ژ. (٨ و ٩)، ئەیلول و تشرینى دوویەکەمى ١٩٩١ز، ل١،٦.
  • حیزبی کۆمۆنیستى کرێکارى حکاکا: ساڵی ١٩٩١ لەلایەن مەنسوور حیکمەت بە هاوکارى هەریەک لە (ئیرەج ئازەرین، حەمید تەقوایی، کۆرش مودەریس، ڕەزا موقەدەم) دامەزراوە، ئەم حزبە دوژمنى سەرەکى کۆمارى ئیسلامیی و ناسیۆنالیزم بوو، پاش مردنى مەنسوور حیکمەت ئەم حزبە لە کۆنگرەى چواریدا ڕووبەڕووى لێکترازان بۆیەوە، حیزبێکى نوێی بە بە ناوى (حیزبی کۆمۆنیستى کرێکارى ئێران – حیکمەنیست) لێ جیابۆیەوە، بڕوانە: (قطعنامە در مورد انشعاب ڕاست از حزب، مسوب کنگرە پینجەم حزب، (بە اتفاق ڕا)، سبتمبر ٢٠٠٤.
  • مۆنا دولیەرى: چاوخشاندێکى کورت بەسەر ڕووداوەکانى تا ئێستاى ناو کۆمەڵە، ب.س، ل٢-٩.
  • ه.س.پ، ل٤٤٠.

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٦)، ساڵی دووەم، كانونی دووەمی 2023

Send this to a friend