• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 27, 2021

بەڕێوەبردن

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (10)ی تشرینی دووەمی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەڕێوەبردن یەکێکە لە چەمکە گرنگەکانی بواری توێژینەوە ئایندەیی و ستراتیژییەکان. هەر چەندە سەرەتا ئەم چەمکە لە بواری سەربازی و ئیدارەدا بەکار هێنرا، بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئەم چەمکە هێنرایە ناو توێژینەوە ئایندەیی و ستراتیژییەکان.

لە ئێستادا بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانە بووە بە پێویستییەکی بەپەلە، ئەوەش بە هۆی گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژییەکانەوە، ئەمەش وەهای کردووە  بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانە و ورد وەک مەرجێکی سەرەکیی دروستکردنی ئایندەیەکی ڕوون تەماشا بکرێت. یەکێکی تر لە هۆکارەکانی گرنگیدان بە بەڕێوەبردن، دروستبوونی شۆڕشی پیشەسازی بوو، لە ئێستاشدا کە شۆڕشەکە گەیشتووتە قۆناغی چوارەم، لە هەر کاتێک زیاتر گرنگیی بەڕێوەبردن دەرکەوتووە.

هینری فایۆڵ یەکێک لە شارەزاکانی بواری بەڕێوەبردن و پلانسازی، لە دیاریکردنی ئەرکەکانی بەڕێوەبردندا گرنگیی بە پلان و ئانیدەناسی داوە و دەڵێت: یەکەم ئەرکی بەڕێوەبردن؛ پلاندانانە کە پێویستە بەڕێوەبردن پلان بۆ دۆخی ئایندە دابنێت، ئامانجە ستراتیژییەکان دیاری بکات و دڵنیایی جێبەجێکردنی ئامانجە ئایندەییەکان دەستەبەر بکات، بۆیە پێویستە لەسەر بەڕێوەبەران دۆخە لەناکاوە ئایندەییەکان هەڵبسەنگێنن کە کاریگەری دروستکەرن.

بەڕێوەبردن هونەری ئاراستەکردنی ئایندە و بەڕێوەبردنی گۆڕانکارییەکانە. هێشتا بۆچوونی زاڵ ئەوەیە کە ئایندە نادیارە و ناتوانرێت دەستکاری بکرێت، بۆیە تەنها دوو ڕێگامان لەبەر دەستدایە؛ یان چاوەڕوانی ئایندە دەکەیت، هیچ هەنگاوێک نانێیت و تەنها لە کاتی ڕوودانی گۆڕانکارییەکاندا کاردانەوە پیشان دەدەیت یان دەستبەکار دەبیت بۆ ئاراستەکردن و بەڕێوەبردنی ئایندە، واتە لە سەرەتاوە کۆنترۆڵی دۆخەکە دەکەیت و گۆڕانکارییەکان بەڕێوە دەبەیت، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئایندە نەک ناڕوون و نادیار نییە، بەڵکوو هەر لە ئێستاوە دەتوانیت ئاراستەکەی دیاری بکەیت و بیخەیەتە خزمەت ئامانج و پلانەکانتەوە.

بەڕێوەبردنی ئایندە و سەرکەوتن لە ئایندەدا؛ ئامانجی سەرەکیی مرۆڤ بووە بە درێژایی هەبوونی لەسەر زەوی، بەڵام لە ئێستادا ئەم بەڕێوەبردنە چووەتە قۆناغی پسپۆڕی و وردەوە. هەر بۆیە هەموو دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیش بۆ گەیشتنە ئامانجەکانیان کار لەسەر بەڕێوەبردنی ئایندە دەکەن. گرنگترین ڕەهەندی بەڕێوەبردنی ئایندەش بیرکردنەوەی ستراتیژییە، واتە کەی دەستبەکار دەبیت، کەی دەکشێیتەوە و کەی بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێیت.

سەرەتا بەڕێوەبردن لە بواری سەربازی و هونەری جەنگیدا بەکار هات، دواتریش ئەم چەمکە گوازرایەوە بۆ ناو بوارەکانی تر، بەتایبەت بواری بەڕێوەبردنی کار، ئیدارە و توێژینەوە ئایندەییەکان.

بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەران پێویستە ڕەچاوی ئایندەناسی بکەن و شارەزاییان لە زانستی ئایندەناسی و سیناریۆسازی هەبێت و توانی خەمڵاندنی هەل و هەڕەشەکانی بەردەمیان هەبێت.

بەڕێوەبردن بە مانای بەکارهێنانی سەرچاوەکانە بۆ دەستگەیشتن بە ئامانجەکان، واتە پڕۆسەیەکە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک کار بە شێوازێکی سوودبەخش و کاریگەر. لەم پێناسەیەدا چەمکی پڕۆسە نیشاندەری کۆمەڵێک چالاکیی سەرەتاییە کە بەڕێوەبەر ئەنجامیان دەدات، ئەم چالاکییانەش لە بنەڕەتدا ئەرکی بەڕێوەبەرە.

دوو جۆر بەڕێوەبردن هەیە:

لە ڕووی ئاستی دەزگاییەوە: (بەڕێوەبەری جێبەجێکار، بەڕێوەبەری ئاست باڵا، بەڕێوەبەری ئاست مامناوەند)

لە ڕووی چالاکیی دەزگاییەوە: (بەڕێوەبەری پسپۆڕ و بەڕێوەبەری گشتی)

ئەرکەکانی بەڕێوەبەر لە ڕووی دەزگاییەوە:

دیاریکردنی هەنگاوە پێویستەکان و جێبەجێکارانی و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی.

ئەرکی ڕابەرایەتی: بریتییە لە ڕێنمووی و دروستکردنی هاندان لە سەرجەم بوارەکان.

کۆنترۆڵکردن: چاودێری و ڕێکخستنی چالاکاییەکان بۆ دڵنیابوون لە دروست جێبەجێبوونی بەرنامەکان.

بەرنامەڕێژی: دیاریکردنی ئامانج، دانانی پلانی ستراتیژی و فراوانکردنی بەرنامە جێبەجێکارییەکان.

سەرچاوەكان

– Industrial and general administration,          Henri Fayol, 1930, London.

 -Geleceği Yönetmek, Ahmet Şerif İzgören, Elma Yayınevi, 1. Basım, 2018.

 -Stratejik Düşünme: Geleceği Yönetmek ve Kazanmak İçin, Erol Mütercimler, Alfa Yayınları, 2006.

– نسرین شعربافچی زادە، مبانی مدیریت و رهبری در سازمان، دانشگاە علوم پزشکی اصفهان.

 

Send this to a friend