فێربوون لە ڕووداوەکانی ڕابردوو؛ دەرفەتێک بۆ دووبارەنەبوونەوەیان
توانا عەبدوڵا حوسێن/ ماستەر لە ئەندازیاری شارستانی
بەرایی
مرۆڤ بەردەوام هەوڵی داوە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردوو -شیرین و تاڵ-ەوە ئایندەی خۆی باشتر بکات و پێشی بخات، بە درێژایی سەردەمەکان و لە هەموو بوارەکاندا. لە کولتووری کوردیدا بە شێوەیەکی تیۆری ئەم مەبەستانە دەبینین و لە پێشینانەوە لامان گەڵاڵە بووە، بۆ نموونە وتراوە: “ماران گەز لە خشەی مار و مێروو دەترسێت”، یان “مار دوو جار لە کونێکەوە بە ئینسانەوە نادات”، ئەمانە دەتوانین وەک نموونەی پەندوەرگرتن لە ڕووداوەکانی ڕابردوو وەربگرین، بەڵام تا چەند بە کرداری پەیڕەوی دەکەین لە ژیانی تاکەکاندا؟ یاخود لە ئەزموونی ئیدارەدان و دامەزراوەکانماندا؟ یان بە مانایەکی دیکە و فراوان لە کاری حکومداریدا؟ ئایا ئەزموونی شارسازی و ئیدارەدانی چالاکیی ڕۆژانەمان بە هەمان ئاڕاستەیە؟ ئەم توێژینەوەیە هەولێكە بۆ باسكردن دەربارەی ڕووداوەکان و چۆنێتیی ڕوودانیان و خستنەڕووی هۆكارەكانیان.
فێربوون لە ڕووداوەکانەوە
لە بەریتانیا، ڕۆژی 26/2/2023 لە یاریی توپی پێی نێوان مانچستەر یونایتد و نیوکاسڵدا، دوای قەدەغەکردن بۆ ماوەی 35 ساڵ، ڕێگە دەدرێت بە هاندەران لە شوێنی دیاریکراو لە پشت گۆڵی هەر یەک لەو یانانە بە هەستانە سەر پێ هانی یانەی دڵخوازی خۆیان بدەن. ئەمە مانشێت و هەواڵی زۆرێک لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕە وەرزشییەکانی بەریتانیا و جیهان بوو لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵدا، پاش ئەوەی لە ساڵی 1989 و لە ڕووداوێكدا بە هۆی ڕووخانی سیاجی شوێنی دانیشتنی هاندەران، 97 هاندەری یانەی لیڤەرپووڵ گیانیان لەدەست دا[1]. ئەم قەدەغەکردنە هەنگاوێکە بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونە ناخۆشە دووبارە نەبێتەوە و نموونەیەکیشە بۆ وانەوەرگرتن و فێربوون لە ڕووداو و کارەساتەکانەوە.
فێربوون لە ئەزموونی خودی یان کەسانی دیکەوە، یەکێکە لە ڕێگاکانی فێربوونی مرۆڤ. هەروەها لە سروشتی مرۆڤە کە فێر دەبێت، لە کاتێکدا هەست بە فشار بکات لە سەر خۆی یان خۆی لە شوێنی فشاردا ببینێتەوە. فێربوون لە ڕووداوەکان “بریتییە لەو پڕۆسەیەی کە لە ئەنجامدا دەزگایەک یان کارمەندانی هەوڵ دەدەن بۆ تێگەیشتن لە هەر ئەنجامێکی ڕووداوێکی نەخوازراو کە ڕوویان دا و بە ئامانجی ئەوەی لە داهاتوودا ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەیان[2]“.
ئەم پڕۆسەیە لە بنەڕەتدا لەو سێکتەرانەوە سەری هەڵداوە کە مەترسییان زۆرە. لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ ئەو مەبەستە وشەی”hazard ” بەكار دێت، بە مانای هەر شتێک زیان بگەیەنێت یان توانای زیانگەیاندنی هەبێت لە کاتی ڕوودانیدا، وەک: سێکتەرەكانی وزە، نەوت، گاز و پیشەسازیی پەترۆکیمیایی، هەروەها سێکتەرەکانی دیکەی وەک: بیناسازی، کارگەکان و پیشەسازی، کەرتی تەندروستی، ڕێگاوبان و گواستنەوە، فڕۆکەوانی و کەشتیوانی.
بۆچی لە ڕووداوەکانەوە فێر ببین؟
هەندێک جار ڕووداوەکان دووبارەی ڕووداوەکانی پێشوون و هۆکارەکان هەمان هۆکارن، بەڵام هەمیشە ئەو پرسیارە دەکرێت بۆچی ئێمە نەمانتوانی ڕێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگرین؟
کاتێک ڕووداوێک ڕوو دەدات و زیانەکانی دەبینین، نیشانەی ئەوەیە کە هەڵەیەک ڕووی داوە، ئەگەری ئەوەش هەیە هەمان هەڵە دووبارە ڕوو بداتەوە، ئاڵنگاریی گەورە ئەوەیە کە بتوانین و تا چەند گونجاوە فێر بین لەو ڕووداوانە کە ئەویش بریتییە لە داهێنان یان گۆڕینی زانیاری، هەڵسوکەوت، کارامەیی، بەها یان هەر ڕەوشێک بێت بۆ ئاستێکی دیکە و جیاواز. مەرج نییە ئەو ڕووداوە تەنها لە شوێنی کاری خۆت یان شارەکەت بێت، بەڵکوو سوود وەردەگیرێت لە ئەزموونی ئەوانی دیکە.
لە ساڵی 2017دا چەند توێژەرێكی هۆڵەندی و دانیمارکی و فینلەندی توێژینەوەیەکیان ئەنجام دا لە نێوان 27 کۆمپانیای نێودەوڵەتی لە سێکتەرە جیاوازەکان دەربارەی فاکتەرە گرنگەکان بۆ جێبەجێکردنی “دیدگای سفر ڕووداو” (Zero Accident Vision) ، کە زیاتر لە 8800 لە بەڕێوەبەران و کارمەندان و کرێکاران بەشدارییان تێدا کردووە، لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە فێربوون لە ڕووداوەکانی ڕابردوو یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکانی هەر دامەزراوەیەک بۆ گەیشتن بەو دیدگایە[3].
پڕۆسەی فێربوون و پەندوەرگرتن لە کارەساتەکانی پێشوو؛ پڕۆسەیەکی گرنگ و پێویستە لە ژیانی هەموو تاکێک و دامەزراوە و تەنانەت حکومەت و وڵاتیشدا هەبێت، کە بریتییە لە “پڕۆسەی گەڕان و تێگەیشتن لە هەر هەلومەرج و بارودۆخێکی نادروست کە بووبێتە هۆی ڕووداوێک یان کارەساتێک، بە مەبەستی ڕێگریکردن و بەرپێگرتنیان لە دووبارە ڕوودانەوەیان”، نەتوانین یاخود ئەنجامنەدانی ئەم پڕۆسەیە بۆ ڕووداوەکانی ڕابردوو دەبێتە هۆی دووبارە ڕوودانی کارەساتی گەورەتر[4].
لوکیس، پێی وایە پڕۆسەیەکی کاریگەرە کاتێک دامەزراوەکان بە هۆی بوونی زانیارییان لە هۆکارەکانی ڕووداوەکانی پێشوودا، بتوانن ڕێگری بکەن لە دووبارە ڕوودانیان[5].
جێسی دوکومون بەڕێوەبەری پێشووتری کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی لەم بارەیەوە دەڵێت: “پێویستە ئێمە فێر بین لە ئەزموونی ئەوانەی دیکەوە، نەوەک خۆمان لە ڕێگە سەختەکەوە فێر بین، هەروەها بۆ نەوەکانی داهاتوومان پیشان بدەین ئێمە چیمان تۆمار کردووە[6]“.
سەرنجێک لەم وتەیەی دوکومون بۆمان دەردەکەوێت کە زۆر گرنگە بۆ ئێمە ئەو ڕێگەیە هەڵبژێرین بۆ ئایندەی خۆمان و نەوەکانمان کە ڕێگای فێربوونە لە ڕووداوەکانی ڕابردوو نەوەک ئەزموونکردنی ڕووداوەکان کە ئەمە ڕێگا سەختەکەیە.
بۆچی ڕووداوەکان ڕوو دەدەن؟ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان
پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی ڕووداوەکان سەرەتا بە ئاگادارکردنەوەی ڕووداوەکە دەست پێ دەکات، پاشان لێکۆڵینەوە لە چۆنێتیی ڕوودانی و دۆزینەوەی هۆکارە بنەڕەتییەکان، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان وەک بەشی یەکەم و سەرەکی لە پڕۆسەی فێربوون لە ڕووداو. مەبەستی سەرەکی بریتییە لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە: چی بووە؟ لەکوێ؟ کەی؟ چۆن؟ بە ئامانجی ڕێگریکردنیان لە داهاتوودا.
دەتوانین ساتی وەرگرتنی یەکەم زانیاری دەربارەی ڕووداوەکان ئەژمار بکەین بە دەستپێکی لێکۆڵینەوە، ئەمەش زۆر گرنگە کە بە خێرایی ئەنجام بدرێت، چونکە ئەگەری لەناوچوونی زانیارییەکان زۆرە. دەتوانین لێکۆڵینەوە دابەش بکەین بە سەر چەند قۆناغێکدا، مەبەستی لێکۆڵینەوەکان کاریگەریی زۆری دەبێت لە سەر چۆنیەتیی قۆناغەکان:
١. پلاندانان
۲. کۆکردنەوەی داتا
۳. شیکردنەوەی ڕووداوەکە
٤. دەرئەنجام و پێشنیار و ڕاپۆرتەکان
ڕووداو (incident) بریتییە لە ڕوودانی ڕووداوێکی نەخوازراوی چاوەڕواننەکراو کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە مرۆڤ یان کەرەستە و ئامێر، کە ئەمەش دەبێتە “accident”. جاری وەها هەیە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن، بەڵام هیچ زیانێکی نییە بە هۆی بوونی بەربەستێک یاخود ئامادەنەبوونی کەسێک یان شتێک لە شوێنی ڕووداوەکەدا کە پێی دەوترێت نزیکەڕووداو (near miss)[7].
سەبارەت بە جۆرەکانی ڕووداو، چەندەها جۆری پۆلێنکردنی ڕووداوەکان هەن بە پێی جۆری کەرتی پیشەسازی، قەبارەی ڕووداوەکان و دووبارەبوونەوەیان و جۆری زیانەکانیان، بەڵام پۆلێنکردنی ڕەسموسەن تا ڕادەیەک گونجاوترە کە ئەویش بەم شێوازەیە:
- زۆر دووبارە، بەڵام قەبارەی بچووک
- کەم دووبارە، قەبارەی مامناوەند
- دەگمەن، قەبارەی گەورە[8]
تێگەیشتن لەوەی کە ڕووداوەکان چۆن ڕوو دەدەن و دۆزینەوەی ڕەگوڕیشەی هۆکارەکان، باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی بتوانین سیستمێکی کارا و کاریگەر دابنێین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان و ڕێگریکردن لە دووبارە دروستبوونیان، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین تیۆر و لێکدانەوە و میتۆدی تایبەت هەن. نزیکەی ۱۰۰ تیۆری جیاواز هەن بۆ شیکردنەوەی هۆکارەکانی ڕوودانی ڕووداوەکان، کە نزیکەی ۳۰ دانەیان بە زۆری بەکار دێت، لەو تیۆرانەش:
یەکەم: تیۆری دۆمینەی هێنریک
ئەم تیۆرە ساڵی 1938 دانراوە. تیۆرەکە هۆکارەکان بە چوواندنی پوولی دۆمینە لێک دەداتەوە، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئەگەر هۆکارێکیان ڕووی دا، ئەوانەی تریش وەک کەوتنی پوولەدۆمینەکان بەدوای یەکدا دێن، لێرەدا دەبێت کار لە سەر ئەوە بکرێت کە ئەم هۆکارانە لە لایەکدا بوەستێنرێن.
هێنریک (5) قۆناغی دیاری کردووە لە هۆکارەکانی ڕووداوەکان:
- (ژینگەی کۆمەڵایەتی) و بنەچەیی
- هەڵەی کەسەکان
- بارودۆخ یان هەڵسوکەوتی ناتەندروست
- ڕووداو
- برینداری
وێنەی ژمارە (1)
تیۆری دۆمینەی هێنریک
دووەم: مۆدێلی فێڕێڵ (فاکتەری مرۆیی)
بە پێچەوانەی هێنریکەوە، پێی وایە کە لە بنەڕەتدا تەنها یەک هۆکار هەیە بۆ ڕوودانی ڕووداوەکان کە ئەویش بریتییە لە هۆکاری مرۆیی و گریمانەی ئەوە دادەنێت کە تەنیا کەسێک لە پشتی ڕووداوەکانەوە هەیە و دابەشی کردوون بە سەر سێ گرووپدا:
- بار زۆری (Over Load)
- نەگوجان و ناڕێکی
- چالاکییەکی نادروست
کە هەریەک لەو گرووپانە چەندین هۆکاری دیکە دەگرنە خۆیان، لە ئەنجامدا دەبنە هۆی ڕووداوەکان.
سێیەم: مۆدێلی پێتەرسۆن (هەروەها ناسراوە بە “Accident/Incident Model“)
پێتەرسۆن لە سەر هەمان تیۆری پێشوو کاری کرد و پەرەی پێ دا، بۆ نموونە هۆکاری دیزاینی شوێنی کار، هۆکاری دارایی، ئەوەشی ڕوون کردەوە کە فاکتەر و هۆکاری مرۆیی بەشێکە لە مۆدێلێکی گەورەتر کە ئەویش هەڵە و کەموکوڕیی سیستمە.
مۆدێلەکانی تایبەت بە سیستمەکان ئەوە لەبەرچاو دەگرێت کە کارکردنی مرۆڤ و ئامێر و ئەو ژینگەیەی دەوروبەری پێکەوە پەیوەندییەکی هارمۆنییان هەیە و هەر هەوڵێک یان کارێک ببێتە هۆی نەمانی ئەم پەیوەندییە، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕووداو.
بنەمایەکی دیکە ئەوەیە کە هەر کات کەسێک بیەوێک کارێک بکات، ئەوا مەترسییەک پەیوەست بەو کارەوە هەیە کە پێویستە بە شێوەیەک کۆنترۆڵ بکرێت.
چوارەم: مۆدێلی پەنیری سویسریی ڕیەسۆن
ئەم مۆدێلە بەناوبانگترین مۆدێلە کە لە ساڵی 1990 لە لایەن جەیمس ڕیەسۆنەوە دانراوە. بە پێی ئەم مۆدێلە، هەر بەشێک لە لایەنی بەرگریکردن لە ڕووداو و سیستمی بەرگری بە پارچەیەک لە پەنیری سویسری، وە هەر یەکێک لەم لایەنانەش توانای ئەوەی هەیە کە کێشە دروست بکات یان شکست بهێنێت و ڕووداو دروست ببێت؛ بە شێوازی کونی ناو پەنیرەکان نیشان دراوە.
جۆری کێشەکان دوو بەشن (کارا (ئەکتیڤ)، شاراوە)، ئەکتیڤەکان بریتین لەو هەڵسوکەوتە ناسەلامەتانەی کە دەبنە هۆی ڕووداوەکان، شاراوەکانیش ئەوانەن کە لە دوورمەودادا دەبنە هۆکاری ڕووداوەکان، نموونەی نەبوونی سیستمی سەلامەتی[9].
وێنەی ژمارە (2)
مۆدێلی پەنیری سویسریی ڕیەسۆن
لە گریمانەی ئەوەی کە کەس نەتوانێت لە هەندێک باردا مەترسییەکان کەم بکاتەوە، یان پێشبینی بکرێن، یان بە خەیاڵی كەسدا نەیەت، ئەوا لەم بارەدا چەند بوارێک هەیە کە ئێمە دەتوانین ئاکامی ڕووداوەکانی پێ سنووردار یان کەم بکەینەوە.
ڕووداوەکان بە تایبەتی ڕووداوە گەورەکان بە دەگمەن ڕوو دەدەن، بەڵام زۆر پێویستە کە لێکۆڵینەوەیان لە سەر بکرێت. ڕووداوەکان دەتوانرێت ڕێگرییان لێ بکرێت بە مەرجێک بزانین و تێبگەین کە چۆن و بۆچی ڕوو دەدەن، ئەمەش تەنها کاتێک دەبێت کە بتوانین لێی بکۆڵینەوە، ئەمەش بنەمایەکە لە بنەماکانی کولتوورێکی پرۆئەکتیڤ.
کاتێک ڕووداوێک ڕوو دەدات، زۆر پێویستە لە سەرمان وەک مامۆستایەک گوێبیستی بین بزانین کە دەیەوێت چ پەیامێکمان بە گوێدا بچرپێنێت. زۆر جار کێشەکە لەوەدایە کە ئاڕاستە و ئامانجی لێکۆڵینەوەکان بۆ ئەوە نییە کە ڕەگی کێشەکان بزانین، بەرژەوەندی وا دەخوازێت کە لە کاتێکی کەمدا تەواو بکرێن، یاخود هۆکاری تری دەرەکی کاریگەریی دەبێت لە سەر ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان. زۆر ڕووداو هەن کە بوونەتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژوودا و گەلانیان بەخەبەر هێناوەتەوە و بوونەتە هۆکاری گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە بواری سەلامەتی و تەندروستیی ڕزگارکردنی مرۆڤ چ لە سەر ئاستی تاک، چ لە ئاستی کۆمەڵگە و شارەکاندا.
لە دوانیوەڕۆی 10ی تەممووزی 1976دا، لە شارۆچکەی سیڤازۆ لە 20 کیلۆمەتری باکووری شاری میلان لە ئیتاڵیا، لە کارگەیەکی بچووکی پیشەسازیی کیماییدا کارەساتێکی گەورە ڕووی دا کە لە ساڵی 2010دا گۆڤاری تایم بە ڕیزبەندیی ژمارە (8)ی دانا لە بەهێزترین کارەساتەکانی کە بەسەر ژینگەدا هاتووە[10]، کە پاشتر بە “هێرۆشیمیای ئیتاڵیا” ناو برا.
لە ئەنجامی گەرمبوونی زیاد و تەقینەوەی تانکێک کە ماددەی کیمایی تێدا بووە، پاشان هەورێکی سپی لە “tetrachlorodibenzo-p-dioxin (TCDD)” ئاسمانی شارۆچکەکەی داپۆشیوە. سەرەتا هەستی پێ نەکراوە، پاش چەند ڕۆژێک زیاد لە 3000 گیاندار لەناو چوون. ڕۆژی دواتر نیشانەی هەستیاری لە سەر ڕوخسار و پێستی منداڵان دەرکەوت. نزیکەی 500 کەس لە دانیشتووان ڕاستەوخۆ نیشانە لە سەر پێستیان دەرکەوت و تووشی هەستیاری بوون. پاشان پشکنین بۆ زیاتر لە 220 هەزار کەس ئەنجام درا. ساڵێک دوای ئەم ڕووداوە، قەبارەی زیانەکان زۆر زیاتر خەمڵێنران و دەرکەوتن، تەنانەت پاش 32 ساڵ و لە ساڵی 2008دا لێکۆڵینەوە لە سەر کاریگەرییەکانی کراوە بە تایبەتی لە بواری ژینگەدا.
پاش ئەوەی دانیشتووانەکان گوازرانەوە، زۆربەی خاکی ناوچەکە گۆڕدرا و گوازرایەوە و خاکی شوێنەكە وەک پاشماوەی چەکی ناوەکی مامەڵەی لەگەڵدا کرا.
لە سەرەتادا کەس نەیدەزانی کە سەرچاوەی ئەم کارەساتە ئەو کارگەیەی شارۆچکەکەیە، ئەمەش وای لە بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپا کرد کە پێویستە یاسای نوێ دەربکرێت بۆ پاراستنی دانیشتووان و چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کارگانەی کە ماددە و کەرەستەی کیمایی مەترسیداری تێدایە.
لە پاش ڕووداوەکە، لە ساڵی 1982دا یاسای سەلامەتیی پیشەسازی لە یەکێتیی ئەورووپا دەرچوو کە بە “ڕێنمایی سیڤازۆ” ناسراوە. ئەم ڕێنماییە بەرپرسانی ڕاسپاردووە: “ئەوەندەی دەتوانرێت زانیاری کۆ بکرێتەوە و لێکۆڵینەوە و شیکاری بکرێت بۆ ڕووداوەکان بە تایبەتی ڕووداوە گەورەکان و پێشنار بخەنە ڕوو”. هەروەها پێداگری دەکات لەوەی کە لە ڕێگەی پشکنین و لێکۆڵینەوەوە زانیارییەکان کۆ بکەنەوە و پێشنیازی خۆیان بخەنە ڕوو بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە دووبارە ڕوودانی ئەم ڕووداوانە. لە کۆتا هەمواری ڕێنماییەکانی سێڤازۆ 3 لە ساڵی 2008دا، پێداگریی زیاتر كراوە لەوەی لێکۆڵینەوەکان جیددی بن و ڕۆتینی نەبن[11].
هۆکارەکانی دروستبوونی ڕووداو
جۆن ئەثیرۆن بە هاوبەشی لەگەڵ فریدریک گیڵ، توانییان کە لە ئەنجامی کۆمەڵێک ڕووداو کە پێشتر ڕووی داوە، چەندین هۆکار دیاری بکەن کە دەتوانرێت وەک ڕەگوڕیشەی کارەساتەکان بیانناسێنین، دەبێتە پەنجەرەیەکیش کە دەتوانرێت نەخشەڕێگەی ئایندەی تێدا دابنرێت لە هەموو سێکتەرەکاندا، هۆکارەکانیش لە چەند خاڵێکدا کۆ کراونەتەوە کە دەگونجێت زیاتریش بن.
- دیزاین (جێبەجێنەکردنی ستانداردەکان)
پێشکەوتنی ستانداردەکان بریتییە لە کۆبوونەوەی ئەزموون و بەردەوام چاکسازی. پێویستە لەوە تێبگەین کە بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا پێویستی بە ستانداردی نوێ هەیە، چونکە دیزاینە پێشووەکان بۆ هەلومەرج و پڕۆسەکانی پێشوو بووە.
ئامێر و کەرەستەکان بۆ سنوورێک دیزاین کراون و پێویستە لە سەر بەکارهێنەران و بەڕێوەبەران سەرپەرشتیاران کە ئەمە بەهەند وەربگرن و هەمیشە پارێزگاری لەو سنوورانە بکەن بۆ ئەوەی کارەسات ڕوو نەدات.
24ی نیسانی 2013، ڕووخانی کارگەی دروستکردنی پۆشاکی ڕەنا پلازا لە بەنگلادیش و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 1100 کەس و برینداربوونی زیاد لە 200 کەسی دیکەی لێ كەوتەوە. یەکێکە لە نموونەی ئەو کارەساتانەی کە هۆکاری بنەڕەتیی ڕووداوەکە بریتی بووە لە “گۆڕینی بیناکە لە بینای بازرگانی بۆ پیشەسازی، زیادکردنی 4 نهۆم بۆ بیناکە، هەروەها ئەو خاکەی کە بیناکەی لە سەر دروست کراوە”. ئەم ڕووداوە کاردانەی زۆری ناوخۆیی و جیهانیی لێ کەوتەوە و بووە هۆکاری ئەوەی کە چەندین لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت و سەلامەتیی دیزاین لە کەرتی پیشەسازی زیاتر بایەخی پێ بدرێت.
لە هەندێ حاڵەتدا فشاری دەرەوەی دەزگاکە وا دەکات کە ڕەچاوی دیزاین و کاری ستاندارد لەبەرچاو نەگیرێت وەک لە ڕووداوی کەشتی ئاسمانیی چالێنجەر ڕووی دا لە ساڵی 1986دا دوای 73 چرکە لە دەستپێکی گەشتی ئاسمانیی کەشتیی چالێنجەر، بە هۆی ڕەچاونەکردنی دیزاینی تەنکیی سووتەمەنییەکان بۆ پلەی گەرمای کەشی دەوروبەر ئەو کارەساتە ڕووی دا.
- پشکنین و چاککردنەوەی بەردەوام (صیانە)
هەندێ لە ڕووداوە گەورەکان لە ئاکامی ئەنجامنەدانی پشکنینی بەردەوام یان خراپ ئەنجامدانی ئەو پشکنینانە ڕوویان داوە. ئەزموونەکان ئەوە دەردەخەن کە زۆربەی بەڕێوەبەرەکان یان سەرپەرشتیارەکان بیرکردنەوەی کورتخایەنیان هەیە، لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “هەموو شت باشە”، چاککردنەوەی بەردەوام و پشکنین پشتگوێ دەخەن، یان پێیان وایە کە تێچوونی چاککردنەوەی دوای ڕووداوەکان زۆر باشترە و کەمترە لە تێچوونی چاککردن و پشکنینی بەردەوام کە سەرئەنجام دوای ڕووداوەکان هەست بە ڕادەی زیانەکان دەکرێت و بەراورد ناکرێت، ئەمە سەرەڕای لەدەستانی بازاڕ و وەستانی بەرهەم. ڕووداوی تەقینەوەی کیڵگەی گازی سروشتی لە ساڵی 2004 لە سکیکدەی وڵاتی جەزائیر، 27 کەس گیانیان لەدەست دا و 56 بریندار و زیانی زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلاری لێ كەوتەوە. هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکە، خراپی و لاوازیی چاکسازی و نەبوونی پلانێکی تۆکمە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کارەساتەکان[12] و کەموکوڕی لە دیزاین بووە.
- ڕاهێنان و زانیاریپێدان
هەر کەسێک کە کار دەکات لە ژینگەیەکدا کە مامەڵەکردنە لەگەڵ کەرەستە مەترسیدارەکان، پێویستە ڕاهێنان وەربگرێ و زانیاریی تایبەتی پێ بدرێت دەربارەی کارەکەی. ڕاهێنانەکە پێویستە بنەما سەرەکییەکان و تا ڕادەیەک تەکنەلۆژیای نوێی تایبەت بە بوارەکە و جۆری ئیش و پڕۆسەکانی تێدا بێت، هەروەها زانیاریی تایبەت لە کاتە تایبەتەکاندا.
دابینکردنی زانیاری و ڕاهێنان تەنها بەس نییە، بەڵکوو پێویستە کە بەدواداچوون بکرێت و دڵنیایی بدرێت لەوەی کە ئەو کارامەیی و زانیارییانە بە تەواوەتی وەرگیراون. چێککردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئاستی زانیاری و بەدواداچوونی کاروباری ڕۆژانە لە دەزگاکاندا مانای ئەوە نییە کە ئەمە بەشێکە لە پڕۆسەی دڵنیابوونەوەی ئەوەی کە ئەو ئامێر و سیستمەمانەی دانراون بە باشی کار دەکەن. پێویستە ئەو کەسانەی کار دەکەن، ئاگادار بکرێنەوە لەوەی گەر بە پرۆسیجەرەکان کار نەکەن چ کارەساتێک دەخوڵقێنن.
- فێرنەبوون لە نزیکەڕووداوەوە (near miss)
وتراوە هیچ شتێکی نوێ نییە لە سەلامەتیدا، ئەوەی کە هەیە پێشتر ڕووی داوە. نزیکەڕووداو وەک پێشتر ئاماژەمان پێ داوە ئەو ڕووداوانەن کە ڕوویان داوە، بەڵام هیچ زیانێکی ماددی و مرۆیی نەبووە و زۆر گرنگ و پێویستە کە لە دامەزراوەکاندا ئەم ڕووداوانە تۆمار بکرێن و لێیان بکۆڵرێتەوە تەنانەت گەر هیچ زیانێکیشی نەبووبێت، ئەمە یەکێکە لە ڕێگا زۆر باشەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوە و سەرچاوەیەکی گرنگی فێربوونە لە ڕووداوەکانەوە.
ساڵی 1931 هینریک کە شارەزایەکی بواری سەلامەتی و تەندروستی بوو و خاوەنی تیۆری دۆمینۆشە لە هەمان کاتدا، پاش لێکۆڵینەوە لە 75000 ڕووداوی ڕاپۆرتکراودا، بە ڕێژەیەک پەیوەندیی نێوان ڕووداوەکانی دیاری کرد، ئاماژەی بەوە دا ئەگەر 300 ڕووداوی بێزیان هەبێت، ئەوا 29 ڕووداوی برینداری دەبێت و 1 برینداری سەختیان تێدایە.
ئەم کارەی هینریک ساڵی 1966 لە لایەن فرانک بێردە دوای شیکردنەوەی زیاتر لە 1.7 ملیۆن ڕووداو، بۆی دەرکەوت کە بۆ 600 نزیکەڕووداو، ئەگەری ڕوودانی 30 برینداری سووک و 1 حاڵەتی مردن هەیە[13]، کە ئەمەش زۆر گرنگە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی فێربوون لە نزیکەڕووداوەکانەوە هەلێکی زۆر باشە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن و برینداری.
- هۆکاری دەرەکی
لە هەندێ بارودۆخدا زۆر ڕووداو ڕوو دەدەن کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەزگا و دامەزراوەکاندان، بۆ نموونە زەمینلەرزەکان، گۆڕانی کتوپڕی کەشوهەوا و زریان و سۆنامییەکان، کە ئەم هۆکارانە کاریگەرییان لە سەر دامودەزگا و شارەکان دەبێت. پڕۆسەی پێشبینیکردن و هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان لە بارێکی وەهادا دەبێت جیاواز بێت و شارەزایان ئامادەکاریی بۆ بکەن. لە بەرەبەیانی 17/8/1999دا زەمینلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی ڕێختەر ڕووی دا لە ئیزمیت لە وڵاتی تورکیا، کە زیاتر لە 18000 گیانلەدەستدان هەبوو لە پاڵاوتگەی توپراس کە سەرچاوەی دابینکردنی 1/3ی سووتەمەنیی تورکیا بوو لەو سەردەمەدا، بە هۆی زەمینلەرزەکەوە زیانێکی زۆری بەر کەوت و چەندین بەشی بە تەواوەتی داڕمان، لە ئەنجامدا ئاگرێکی گەورەی لێ کەوتەوە کە دوای 3 ڕۆژ توانرا کۆنترۆڵ بکرێت. گرنگترین ئەو وانانەی لەم ڕووداوەوە وەرگیران، بریتی بوون لە: تێگەیشتن لە میکانیزمی داڕمانی تاوەری پاڵاوتگەکان لە ڕووی ستراکچەرییەوە لە دۆخێكی وەهادا، چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی دزەكردنی نەوت، کاریگەری و لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوی مەوادی کیمیایی، سنوورداریی تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوە لە باراندا[14].
سەرچاوەکانی فێربوون
ئەزموونەکان دەریانخستووە بە تێپەڕبوونی کات فێربوون لە ڕووداوەکان فەرامۆش دەکرێن و بیر دەچنەوە. زۆر گرنگ و پێویستە هەمیشە کار بکرێت لەسەر ئەوەی ڕووداوەکان بۆ ئەوەی ئازار و زیانەکانی دووبارە نەبێتەوە، کار لە سەر ئەوە بکرێت لەبیر نەكرێن و بکرێنە هەلێکی فێربوون بۆ ڕزگارکردنی ژیان و سەرچاوەکانی بەردەوامی.
لە هەندێک لە وڵاتان دامەزراوەی تایبەت هەیە کار لە سەر ئەوە دەکەن ئەم ڕووداوانە شی بکەنەوە و دەرەنجام و وانەی لێوە فێر ببن و بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بۆ نموونە لە فەڕەنسا لەم جۆرە هەوڵانەیان ئەنجام داوە، یان ساڵانە لە لایەن حکومەتەکانەوە ڕاپۆرتی تایبەت بەو بوارانە بڵاو دەکرێنەوە بۆ بواری تایبەت بە لێکۆڵینەوە و کۆنفڕاسەکان.
پێویستە لە ناوەندەکانی خوێندن و دەستە و سەندیکا و ڕێکخراو و سەنتەری لێکۆڵینەوەدا بڵاوکراوەی تایبەت بە کارەساتەکان و فێربوون لێوەی هەبێت، یان لە ئاستی نیشتمانی و حکومی و پارێزگاکاندا دەستپێشخەریی تایبەت هەبێت، بە سوودوەرگرتن لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و یەکخستنی تواناکان بۆ دۆزینەوەی لایەنە لاوازەکان کە دەتوانرێت بەهێز بکرێن و ببنە ڕێگر لە دروستبوونی ڕووداوەکان، بۆ نموونە وەک دەستەی ئافادی (AAD) تورکیا. تورکیا هەشتەم وڵاتە لە جیهاندا بۆ زەرەرمەندبوون بە زەمینلەرزە، لانی کەم ساڵانە یەک زەمینلەرزەی 5 پلەیی ڕوو دەدات. لە دوای زەمینلەرزە وێرانکەرەکەی ساڵی 1999ی تورکیا کە بووە خاڵی وەرچەرخان لە چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان و فێربوون لێوەی، کۆماری تورکیا پاش چەندین هەوڵ توانیی لە ساڵی 2009دا ئاژانسی ئافاد دابمەزرێنێت کە ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە بەهاناوەچوون و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی دوای کارەساتەکان و کەمکردنەوەی زیانەکان و پلانی دوای ڕوودانی کارەسات و ڕووداوەكان و دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان فەرمانگەکاندا. تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین خەرجی لەم کەرتەدا دەکات.
دەتوانرێت بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ ئەم ڕووداوانە تۆمار بکرێن و ببنە سەرچاوەی لێکۆڵینەوە و فێربوون بۆ ئایندە، بۆ نموونە وەک (ئیمارەس – EMARS) کە پلاتفۆرمێکی هاوبەشە پێویستی کردووە لە سەر هەموو خاوەنکارەکان کە ڕیپۆرتی هەموو ئەو ڕووداوانەی گەورە و بچووکن یان نزیکەڕووداون (near miss) بکەن بۆ سیستمەکە. ئەم سیستەمە لە ساڵی 1982دا دامەزراوە و زانیاری لە ساڵی (1980)ەوە بەردەستە و بەردەوام نوێ دەکرێتەوە. ئەم پلاتفۆرمە کار دەکات لە پێناو بڵاوکردنەوەی زانیاری و هۆشیاری دەربارەی ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویان داوە لە سێکتەری پیشەسازیی کیماییدا و زیاتر لە 1183 ڕاپۆرتی تێدایە.
چەندین کاری هاوشێوەش هەیە، بۆ نموونە “CSB”ی ئەمەریکی کە لێکۆڵینەوە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ڕووداوەکان دەکات و تاوەكوو ئێستا زیاتر لە 150 ڕووداوی زۆر قورسی بواری پیشەسازیی کیمیایی و نەوتی تێدایە کە لە ئەمەریکادا ڕوویان داوە، زیاتر لە 900 پێشنیاری کردووە بۆ چارەسەرکردن و بەرەوپێشبردنی سیستمی سەلامەتی لەو کەرتانەدا.
لە عێراق و کوردستاندا چەندین ڕووداو هەن کە دیمەنی تراژیدی و ناخۆشن و لە هزری زۆرێکماندا ماون، وەک نقومبوونی بەلەمەکەی موسڵ، هۆتێل سۆما، سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر، بەشەناوخۆیی فیردەوس و بەشەناوخۆیی کەمپی قلیاسانی زانکۆی سلێمانی، تەقینی غاز لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی و بەشەناوخۆیی لە شاری دهۆک، ڕۆژانە ڕووداوی هاتوچۆ و چەندانی دیکە، ئایا تا چەند بووەتە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئایندە؟ ئایا هەر ماوەیەکی کاتی بووە و بیر چوونەتەوە و چاوەڕوانین لە داهاتوودا هەمان ڕووداو ڕوو بدەنەوە؟
بە پێی پێشبینییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ساڵی 2050 نزیکەی 75٪ی دانیشتوان ڕوو لە شارەکان دەکەن، ئەمەش بووەتە جێی سەرنجی هەموو لایەک و لە هەمان کاتدا باس لە شارە زیرەکەکان و بنیاتنانی دەکرێت لە داهاتوودا.
چەمکی سەلامەتی و تەندروستی چەمکێکە تا ڕادەیەک کەمتر باس کراوە لەگەڵ شاری زیرەکدا، کە زۆر پێویست و گرنگە و سەلامەتی بەشێکی سەرەکییە لە خۆشگوزەرانیی هاوڵاتییان. بە شێوەیەکی گشتی بوارەکانی تەندروستی، سەلامەتیی بیناکان، ترافیک و هاتوچۆ، بەڕێوەبردنی کارەساتە سروشتییەکان و سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە گرنگە هەبن و کاریان لە سەر بکرێت، بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە کە دەبێت زانیاری و هۆشیاریی کۆمەڵگەش پێش بخرێن، هاوتا لەگەڵ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و پێشخستنی ژێرخان و سیستمی زیرەک بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە ڕووداوەکان و کۆنترۆڵی زیاتری پڕۆسەکان بە سوودبینین لە ڕووداوەکانی ڕابردوو[15].
ڕاسپاردە و پێشنیارەکان
- پێویستە لە کوردستاندا بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەردەوام لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەكان بکرێت و بکرێنە هەنگاوی کرداری بۆ داهاتوو.
- ئەو لێکۆڵینەوەی لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئەنجام دەدرێت، پێداچوونەوە بە چۆنێتی و شێوازی بکرێت و بەردەوام پەرەی پێ بدرێت.
- ساڵانە هەموو ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان ڕۆڵیان پێ بدرێت و سیمینار و وۆرکشۆپ و سەرنجی تایبەتیان لێ وەربگیرێت سەبارەت بە ڕووداوەکان و چۆنێتیی فێربوون لێیانەوە.
- سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ناوخۆیی و دەرەکی لەم بوارەدا.
- سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ.
- هاوبەشیپێکردنی کەرتی پەروەردە لەم بوارەدا و بەکولتوورکردنی نەریتی فێربوون لە ڕووداوەکانەوە.
سەرچاوەكان
[1] BBC SPORT (03/02/2023), “ EFL Cup: Man Utd v Newcastle Utd Wembley final to have standing ares “, https://www.bbc.com/sport/football/64498736.
[2] Margaryan, Anoush; Littlejohn, Allison and Stanton, Neville A. (2017). Research and development agenda for
Learning from Incidents. Safety Science, 99(A) pp. 5–13.
[3] Zwetsloot, Gerard IJM, et al. “The importance of commitment, communication, culture and learning for the implementation of the Zero Accident Vision in 27 companies in Europe.” Safety science 96 (2017): 22-32.
[4] Vatanparast, Shahram, 06/01/2017, Learning From Incidents, “https://www.hsimagazine.com/article/learning-from-incidents/”
[5] Lukic D., Margaryan A. and Littlejohn A. (2010) “How organisations learn from safety incidents: A multifaceted problem”, The Journal of Workplace
Learning, 22 (7): 428-450
[6] Atherton, John (2008), INCIDENTS THAT DEFINE PROCESS SAFETY, American Institute of Chemical Engineers. Center for Chemical Process Safety, P3.
[7] Lindberg, A. K. (2010). Learning from accidents: Experience feedback in practice (Doctoral dissertation, KTH). p3
[8] The Theories of Accident Causation. Security Supervision and Management, 71–78 .
[9] Ibid.
[10] Cruz, Gilbert (03/05/2010), Top 10 Environmental Disasters, “https://content.time.com/time/specials/packages/article/0,28804,1986457_1986501_1986449,00.html .
[11] Marchi, B, Ravetz, 4 Seveso: A paradoxical classic disaster ,https://archive.unu.edu/unupress/unupbooks/uu21le/uu21le09.htm
[12] Ouddai, R., Chabane, H., Boughaba, A., & Frah, M. (2012). The Skikda LNG accident: losses, lessons learned and safety climate assessment. International journal of global energy issues, 35(6), 518-533.
[13] Holt, A. S. J., & Allen, J. (2015). Principles of health and safety at work. Routledge.
[14] Johnson, G. (2002). Refinery damage and emergency response in the 1999 Izmit, Turkey Earthquake. In CA state land comission, prevention first symposium.
[15] Lacinák, M., & Ristvej, J. (2017). Smart city, safety and security. Procedia engineering, 192, 522-527.
گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی شانزەیەم (16) ئازاری، 2023، ساڵی سێیەم