کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕاودا
(Değişen Ortadoğu’da Kürtler)
ئامادەکردنى: تورکیاناسی
* فەرهاد قادر کاکۆ
* ناوی کتێب: کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕاودا
(Değişen Ortadoğu’da Kürtler)
* نووسەر: ئاڵتان تان (Altan Tan)
* زمان: تورکی
* چاپخانە: ناوەندی چاپەمەنیی چرا (Çıra Yayınları)
* یەکەم چاپ: (٢٠١٢)
* کۆتا چاپ: چاپی سیازدەیەم – (٢٠١٥)
* ژمارەی لاپەڕە: (٣٣٨)
پوختە
“کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕاودا” باس لە کێشەی کورد دەکات لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمەوە هەتا سەرەتای سەدەی بیستویەکەم.
ئاڵتان تان دەیەوێت لەم کتێبەیدا پێمانبڵێت چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیادا تەنها پێدانی مافە سەرەتاییەکانو ئازادیی ڕادەربڕینو ناسنامەو زمانو جلوبەرگ بە کوردەکان نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو مافانەدا چارەسەری چەندین کێشەیەی دیکەیە کە بە هۆی کێشەی کوردەوە سەریانهەڵداوەو کوردەکانی باکووری کوردستانی بۆ دوو بەرەی سەرەکی دژ بە یەک دابەشکردووە. لە لایەکی دیکەوە ئەو کێشانەی لە ئەنجامی کێشەی کوردەوە سەریانهەڵداوە، قوڵتردەبنەوەو کێشەی تازەیش دێتەپێشەوە.
لەم کتێبەدا هەر بابەتێک لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی عوسمانییەوە تاوەکو هاتنەسەر تەختی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) (Adalet ve Kalkınma Partisi) (AKP)و پڕۆسەی کرانەوە بە ڕووی کورددا باس لە لایەنێکی کێشەی کورد دەکاتو دواجار بە کۆی کتێبەکە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە درێژایی نزیکەی سەدەو نیوێک دەخاتەڕوو، بۆیە ئەم کتێبە لەگەڵ ئەوەی کێشەی کوردی لە چوارچێوەیەکی گشتیدا خستووەتەڕوو، وەک شاهیدێکی ڕوداوەکانی ئەو ماوە مێژووییە، لە ڕوداوە مێژوویەکانی پەیوەست بە کێشەی کوردەوە ڕاماوە.
ئاڵتان تان کێیە؟
ئاڵتان تان لە باوکێکی کوردو دایکێکی تورک لە (١١)ی ئەیلوولی (١٩٥٨) لە شاری باتمانی باکووری کوردستان لەدایکبووە، بەڵام لە بنەڕەتدا خەڵکی ماردینە. باوکی دوای کودەتا سەربازییەکەی (١٢)ی ئەیلوولی (١٩٨٢) لە زیندانی سەربازیی ئامەد لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیلەدەستداوە.
ئاڵتان تان ساڵی (١٩٨١) بەشی ئەندازیاریی شارستانیی لە ئەکادیمیای ئەنقەرە تەواوکردووە. ساڵی (١٩٩٠-١٩٩١) لە مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕەفا (Refah Partisi) کاریکردووە، ساڵی (١٩٩٣) یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی پارتی گۆڕانکاریی گەورە (Büyük Değişim Partisi)و وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردراوە. پاش خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی گۆڕانکاریی گەورە، ئاڵتان تان ساڵی (١٩٩٤) چووەتەناو پارتی دیموکراتەوە (Demokrat Partisi)و بووە بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی. ساڵی (٢٠٠٠-٢٠٠٢) لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی گەل (هادەپ) (Halkın Demokrasi Partisi) (HADEP) بووە.
لە هەڵبژاردنەکانی خولی بیستوچوارەمینی پەرلەمانی تورکیا، کە لە (١٢)ی حوزەیرانی (٢٠١١) بەڕێوەچوو، وەک کاندیدی ئامەدی لیستی کارو دیموکراسیو ئازادی (Emek, Demokrasi ve Özgürlük Bloğu) بووەتە پەرلەمانتار، لە هەردوو خولی (٢٥)و (٢٦)ی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا وەک کاندیدی ئامەدی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) (Halkların Demokratik Partisi) هەڵبژێردراوە. ساڵی (٢٠١٨) لە هەدەپە کشاوەتەوەو هەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵەدا بووە بە کاندیدی ئەستەنبوڵی پارتی سەعادەت، بەڵام دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا. ئەندامی گرووپی پەرلەمانتارانی دۆستی تورکیاو ئەنگۆلایە.
وەک نوسەرو سیاسییەکی کورد ئاڵتان تان گوتاری بۆ ڕۆژنامەکانی دیموکراسی (Demokrasi)، ڕۆژەڤی نوێ (Ynei Gündem)، شەفەقی نوێ (Yeni Şafak)، زەمان (Zaman)، ئازاد (Özgür)، سیاسەت (Politika)، هەڵوێستی ڕەسەن (Özgün Duruş)، ئەستێرە (Star)و گۆڤارەکانی زەمینی نوێ (Yeni Zemin)و بەڵێننامە (Sözleşme) نوسیوە.
لەگەڵ نوسین و لێکۆڵینەوەکانیدا، خاوەنی چەند کتێبێکە، کە گرنگترینیان بریتییە لە “کێشەی کورد یان برایەتیی تەواو یان یان هەموان پێکەوە کۆیلەیی، کوردەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕاودا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگەپێی حەزرەتی ئیبراهیم، بەڕێوەبردن بە ناوی خوداوە، ڕاست بەرەو کۆماری سێیەمو درێژترین سەدە”.
ئاڵتان تان زمانەکانی کوردی، تورکی، ئینگلیزیو عەرەبی دەزانێتو باوکی (٦) منداڵە.
بەشەکانی کتێبی “کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕاودا”
ئاڵتان تان کە بە توێژینەوەکانی دەربارەی کێشەی کورد دەناسرێت، کتێبی “کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕاودا”ی لە چوارچێوەی (٧) بەشدا خستووەتەڕوو. لەم کتێبەدا کۆمەڵێک بابەتو ئەنجامی گرنگ دەربارەی کێشەی کورد خراوەتەڕوو. نوسەر لە سەر بنەمای ئەو ڕوداوانەی خۆی بینیویەتیو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەم کتێبەی ئامادەکردووە. لە هەمان کاتدا سەرنجو پێشنیارەکانی خۆی لە سەردەمی نوسینو بڵاوکردنەوەی کتێبەکەدا بۆ حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیاو سەرۆکی گشتیی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) خستووەتەڕوو، کە لە دەستپێکی پڕۆسەی ئاشتیو کرانەوەی تورکیادا بووە.
لە سەرەتای کتێبەکەیدا نوسەر لە بارەی مێژووی کوردو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسلامدا باس لەوە دەکات کە “کوردەکان لەو خەڵکانە بوون کە هەر لە سەرەتاوە ئیسلامیان قبوڵکردووە، بە هەزاران زانای ئیسلام لە ناو کورددا پەروەردەبوون”. لەوەیش گرنگتر، ئاڵتان تان ئاماژە بەوە دەدات کە “لە ڕۆژگاری ئەمڕۆیشدا کوردەکان بە بڕبڕەی پشتی جوڵانەوە ئیسلامییەکانی ناو تورکیا دادەنرێن.”
لە بارەی پەیوەندییەکانی کوردو تورکەوە لە ڕابردوودا، ئاڵتان تان باس لە پشتیوانیی میرنشینە کوردییەکان دەکات لە شەڕی چاڵدێرانداو دەنوسێت: “لە شەڕی چاڵدێراندا (٢٥) میرنشینی کورد پشتیوانیی سوڵتان یاوز سەلیمیان کردو لە بەرانبەر شا ئیسماعیلی سەفەویدا وەستانەوە، ئەمەیش گەورەترین وەرچەرخان بووە لەپەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ هەریەک لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیو سەفەویدا، کە ئەو پشتیوانییەی کوردەکان (٤٠٠) ساڵی خایاندووە.”
ئاڵتان تان لەم کتێبەیدا ئاماژە بە دوو ڕوداوی مێژوویی گرنگ دەکاتو دەیەوێت بە ناڕاستەوخۆ بڵێت: ڕوداوگەلێکی لەم جۆرە هۆکار بووە بۆ دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی. ئاڵتان تان دەربارەی باشووری کوردستانو پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەریتانیادا دەنوسێت: “بەریتانییەکان ویستیان دەوڵەتێکی پادشایی بۆ کوردستان دروستبکەن، بەڵام بە هۆی هەڵوێستی توندی شێخ مەحمودەوە لەو بڕیارەیان پەشیمانبوونەوە.” وەک ئاڵتان تان باسیدەکات، “شێخ مەحموودی بەرزنجی، کە خەڵکی سلێمانی بوو، گوتوویەتی: تەوقە لەگەڵ کەسێکدا ناکەم کە ڕووی لولەی تفەنگەکەی کردبێتە سوڵتان.” بەم هۆیەوە بەریتانیەکان پاشگەزبوونەوە لە دروستکردنی دەوڵەت بۆ کوردەکان. پاشان ئاماژە بە بەڵگەیەکی دیکە لەو بارەیەوە دەکات، کە لە هەمان کاتدا وەک ساویلکەیی کوردەکانو ڕەفتاری دوژمنکارانەی دەوڵەتی تورک باسیدەکات. وەک ئاڵتان تان دەیگێڕێتەوە: “سەرۆکی کۆمەڵەی تەعالی کورد لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا سەید عەبدولقادر فەتوایەکی دەرکردووە، کە نابێت هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی دیکەی جیاواز بدەینو ئەمە خیانەتێکە بەرانبەر بە برا تورکەکان”، بەڵام بە تەنزەوە ئاڵتان تان ئاماژە بەوە دەدات کە “دەوڵەتی تورکیا لە بەرانبەر ئەم فەتوایەدا وەک وەفایەک ساڵی (١٩٢٥) سەید عەبدولقادری لە بەردەم مزگەوتی گەورەی دیاربەکر لەسێدارەدا.”
نوسەر دێتەسەر باسی دروستبوونی دەوڵەتو پێیوایە کە “سەردەمی دەوڵەتی نەتەوایەتی بەسەرچووەو لە سەردەمی جیهانگیریدا دەوڵەتی نەتەوەیی بە هیچ جۆرێک چارەسەری کێشەکان ناکات.” ئاڵتان تان بۆ پشتیوانیی بۆچوونەکەی بیرەوەرییەکانی جەنگی یەکەمی جیهانیدەگێڕێتەوەو دەڵێت: “لە کاتێکدا لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا وڵاتانی وەک ئەڵمانیاو بەریتانیاو فەڕەنسا خوێنیان لە کەلەی یەکدیدا دەخواردەوە، ئێستا سنوورەکانی نێوانیان لادەبەن.”
لە باسی چەمکی “کورد”دا باس لەوە دەکات کە “کوردەکان هەموو ئەو کەسانەن بە زمانی کوردی قسەدەکەنو لە هەمان کاتدا پێکهێنەرو کارتێکراوی کێشەی کوردن.” بەو واتایەی ئەوەی کە لە ناو کێشەکەدایە، خودی کوردەکاننو ئەوەیشی کە کاریگەریی لە سەر دروستدەبێت لە ئەنجامی کێشەی کوردەوە، هەر خودی کوردەکان خۆیانن. ئاڵتان تان لە باسی مێژووی کورددا جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە “کوردەکان بە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لەم ناوچە جوگرافییەدا، کە بە دڵی جیهانی ئیسلامی دانراوە، ژیاون.”
ئاڵتان تان لەگەڵ ئەوەی ژمارەی کوردەکان بە (٣٠) ملیۆن کەس دەخەمڵێنێت، باس لەوە دەکات کە ئەو ژمارەیە دابەشبوون بە سەر چەند دەوڵەتو ناوچەیەکی جوگرافیی جیاوازدا، هەر ئەوەیش وایکردووە پەرتو بڵاوببنەوەو نەتوانن پێکەوە هەموویان کیانێکی سەربەخۆ بۆ خۆیان دروستبکەن.
وەک نوسەری کتێبەکە ئاماژەیپێداوە، کێشەی کورد لە تورکیاو دەوڵەتانی دیکەیشدا دواجار سەریکێشاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریو زیانمەندی یەکەم کوردەکان بوونو ژمارەیەکی زۆریان لێ کۆمەڵکوژکراوە. لێرەوە نوسەر بانگەشە بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتیمانیو دانوستان لە سەر کێشەی کورد لە تورکیادا دەکاتو پێیوایە کە “هەتاوەکو ئاشتییەکی جێگیر لە تورکیادا فەراهەمنەیاتو پێکدادانەکان بە تەواویو یەکجاری نەوەستێنرێن، هیچ مەودایەک بۆ چالاکیی مەدەنیو چارەسەری سیاسییانەی کێشەی کورد نایەتەئاراوەو تورکیایش ڕزگارینابێت لە دەستوەردانی سەربازی.” وەک ئاڵتان تان ئاماژەیپێدەدات، “ئەمەیش باشترین ئامرازی باڵی سەربازیو ئەوانەیە کە دژی چارەسەری سیاسیو مەدەنیانەی کێشەی کوردن لە سەر مێزی گفتوگۆ.”
ئاڵتان تان دەربارەی ئەو مافانەی لەلایەن دەوڵەتە جیاوازەکانەوە بە کورد ڕەوابینراوە، پێیوایە بە پێی دەوڵەتەکانو بارودۆخی کوردەکانی ئەو دەوڵەتە ئەو مافانە جیاوازن. بە بۆچوونی نوسەر، “ئەگەر لە هەندێک بارودۆخدا کێشەی کوردو مافەکانی لە وڵاتانی تورکیا، عێراق، ئێران، سوریاو ڕوسیادا وەک یەک بن، ئەوا لە چەند بوارێکی دیکەدا جیاوازیی ڕوونیان هەیە.” بەم جۆرە هەرچەندە دەوڵەتەکان هەوڵبدەن لە لایەنی سیاسیو ئابووریو کۆمەڵایەتییەوە بەر بەم کێشەیە بگرنو کۆنترۆڵیبکەن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەو کێشەیە دەگاتە خاڵی چەقبەستووییو ئیدی دەتەقێتەوە.
نوسەر دێتەسەر باسی کێشەی کورد لە تورکیاو دەنوسێت: “سیاسەتی ناوخۆیی تورکیا لە ئاستی هەرێمی یاخود نێودەوڵەتیدا بێت، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە کێشەی کوردەوە.” لێرەدا نوسەر دەیەوێت خوێنەر تێبگەیەنێت کە لە ناوخۆی تورکیادا بە هەر جۆرێک هەنگاوبنرێت، دواجار چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە پەیوەستدەبن بە کێشەی کوردەوە. بە واتایەکی دیکە، تاوەکو کێشەی کورد لە تورکیادا چارەسەرنەکرێت، کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە چارەسەرنابن.
بەم جۆرە ئاڵتان تان دەیەوێت دەسەڵاتدارانی تورکیا بەئاگابهێنێتەوە لەوەی کە ئەگەر دەیانەوێت کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەیان چارەسەربکەنو پەلبهاون بۆ دەرەوەی سنوورەکانیان، دەبێت پێش هەموو شتێک کێشەی کورد لە وڵاتەکەیاندا بە دیوی چارەسەرکردندا یەکلاییبکەنەوە. لێرەوەیە ئاڵتان تان پێیوایە کێشەی گەورە بۆ تورکیا وەک تورکەکان خۆیان دەڵێن، کێشەی قوبرس نییە، بەڵکو کێشەی گەورە لە بەردەم هەنگاوەکانی تورکیادا پرسی کوردە.
لێرەوە کێشەی کورد لە تورکیادا پەیوەستدەکات بە وڵاتانی خۆرئاواوەو باس لەوە دەکات وڵاتانی ئەوروپا هەر بابەتێکی تورکیا پەیوەستدەکەنەوە بە کێشەی کوردەوە. نوسەر پێیوایە ئەو دەوڵەتانەی دەیانەوێت تورکیاو وڵاتانی ناوچەکە لاوازبکەن، کێشەی کورد بە تەواوی کارتێکی فشاری بەهێزە بە دەستیانەوە. لێرەدا نوسەر دەیەوێت دوو پەیام بگەیەنێت، یەکەم: دەیەوێت بڵێت کێشەی کورد گەیشتووەتە ئاستێک کە هەر لایەنێک دەیەوێت، بۆ مەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاریدەهێنێت، لە هەمان کاتدا دەیەوێت بە تورکیاو بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە بڵێت: تاوەکو کێشەی کورد چارەسەرنەکەن، چاوەڕێمەبن کێشە ناوخۆییەکانی تورکیاو کێشە هەرێمییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەرببێت. بەم جۆرە ناتوانرێت لە ناوچەکەدا هەنگاوێکی ئەرێنی بە ئاڕاستەی سەقامگیریی ناوچەکە بنرێت.
نوسەر لە بابەتی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی دوورو باس لەوە دەکات کە “سەرەڕای ئەوەی کوردەکان لە سەردەمی سەلجوقیو عوسمانییەکانەوە تاوەکو ئێستا بە درێژایی هەزاران ساڵ بێبەشن لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان، بەڵام هەر درێژەیان بە ژیان داوە، ئێستا داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو ڕوداوە گورچکبڕانەی بە سەر کورددا هێنراونو ناچاربووە لە ڕێگەی شۆڕشەوە داوای مافەکانی خۆی بکات.”
ئاڵتان تان دێتەسەر قەدەری کوردبوونو ئەو ڕاستییە دێنێتەبەرچاوی خوێنەر کە “هیچ کەسێک ناتوانێت پێش هاتنەدونیای بڕیار لە سەر لەدایکبوونی خۆی بدات، کوردبوون قەدەری ئەو کەسانەیە کە لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) لەدایکدەبن. لە دوای لەدایکبوونیش هیچ کەس ئامادە نییە نکوڵی لە نەژادی خۆی بکات.”
ئاڵتان تان لەم کتێبەیدا کێشەی کورد تەنها لە چوارچێوەی پێدانی مافەکانی کورد لە تورکیادا نابینێت، بەڵکو نوسەر دەستدەخاتەسەر کۆمەڵەبرینێکی کۆمەڵگەی کوردی لە تورکیادا، کە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کێشەی کوردو مانەوەی ئەو کێشەیەن بەبێ چارەسەری ڕیشەیی. ئاڵتان تان لێرەدا باس لە چەند کێشەیەک دەکات کە بە هۆی کێشەی کوردەوە سەریانهەڵداوەو پێیوایە چارەسەری ڕیشەیی پرسی کورد واتە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دیکەیش، کە خەریکە کۆمەڵگەی کوردی لە تورکیادا بۆ دوو بەرەی دژبەیەک دابەشدەکات. لێرەدا ئاڵتان تان باس لە دابەشبوونی کوردەکانی باکووری کوردستان دەکات بە سەر بەرەی چەپو بەرەی ئیسلامی/ ڕاستڕەودا. لە کاتێکدا وەک ئاڵتان تان باسیدەکات، بابەتی بیروبۆچوون و باوەڕداری بابەتێکی کەسییەو بەشێکە لە ئازادییە کەسییەکان، بەڵام کێشەی کورد لە تورکیادا ئەم بابەتەی والێکردووە هێزە چەپەکان بە جۆرێک لە کێشەی کورد بڕواننو هێزە ئیسلامیو ڕاستڕەوە کوردییەکانیش بە جۆرێکی دیکە لە کێشەکە بڕواننو هەردوولا پڕۆژەو دونیابینیی خۆیانیان هەیە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، دەوڵەتیش هەتا بتوانێت، هەوڵدەدات کێشەکانی نێوان ئەو دوو بەرەیە قوڵتربکاتەوە، بەو هیوایەی سوود لەو ناکۆکییانەی نێوان هەردوو “بەرە شۆڕشگێڕە کوردییەکە” وەربگرێتو لە ئەنجامدا بە هۆی لاوازییانەوە کۆنترۆڵیانبکات، یاخود هاوڵاتیان بێزارببن لەو ململانێیەی ئەو دوو بەرە کوردییە، کە لە ژێر چەتری خەباتو کوردایەتیدا دەیکەن، بەم جۆرە دانیشتوانی باکووری کوردستان فەرمانڕەوایی دەوڵەتی تورکیا وەک باشترین جێگرەوە پەسەندبکەن.
ئاڵتان تان لێرەدا چارەسەرکردنی کێشەی کورد زۆر فراوانتر لێکدەداتەوەو پێیوایە چارەسەری ئەو کێشەیە چارەسەری دەیان کێشەی دیکەی وەک دابەشبوونی کۆمەڵگە بە سەر بەرەی چەپو بەرەی ئیسلامی، دەوڵەمەندبوونێکی نائاسایی خەڵکانێک لە سایەی جێبەجێکردنی ئابووریی سەرمایەداریو هەژاربوونی لەڕادەبەدەری چینێکی دیکەیە. جگە لەوەیش، چارەسەری کێشەی کورد جارێکی دیکە بونیادنانەوەو ڕێکخستنەوەی تەواوی دامودەزگا دەوڵەتیو کۆمەڵایەتییەکانە لە ناوچەکەدا، بە تایبەت دامەزراوەی پەروەردەو خوێندنی باڵا.
ئاڵتان تان لە درێژەی کتێبەکەیدا داوادەکات واز لە “خەیاڵپڵاویی دیموکراسیی تورکیا” بهێنرێت، لەبەرئەوەی وەک نوسەر لە کتێبەکەیدا نوسیویەتی: “هەرچەندە وابزانین لە وڵاتێکی دیموکراتیدا دەژیین، هەر لەم وڵاتەدا خەڵکانێک هەن کە ناتوانن بە ناسنامەی خۆیانەوە، کە کوردبوونە، بژین.”
کاتێک لە ساڵی (٢٠١٢)دا ئاڵتان تان ئەم کتێبەی لەچاپداوە کە ئەو کاتە پڕۆسەی ئاشتیو کرانەوەی تورکیا بە ڕووی کورددا دەستیپێکردبوو. نوسەر بە وردی دۆخی ئەو کاتەی تورکیاو پڕۆسەی ئاشتیی شیکردووەتەوەو تەنانەت ناڕاستەوخۆ پێشبینیی ڕوداوەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆی پەیوەست بە ڕاگرتنی پڕۆسەی ئاشتیو تێکچوونی پەیوەندییەکانی کوردو دەوڵەتی تورکیاو ئاکپارتیی کردووە.
لەو کاتەی ئەم کتێبە نوسراوە، بەرەی چەپڕەوی کوردی تورکیا لە چوارچێوەی پارتی ئاشتیو دیموکراسی (بەدەپە) (Barış ve Demokrasi Partisi) (BDP) درێژەی بە خەباتی سیاسیی خۆی داوەو دەتوانرێت بگوترێت کە پەرلەمانتارەکانی هەتا ڕادەیەکی زۆر وەک نوێنەری کوردەکان لە پەرلەماندا چالاکییان ئەنجامداوە. لێرەدا ئاڵتان تان بوونی پەرلەمانتارانی بەدەپە لە پەرلەمانی تورکیادا “وەک شانسێک” وێنادەکات لە چوارچێوەی پڕۆسەی دیموکراسیو کرانەوەدا. نوسەر باس لەوە دەکات کە “بەدەپە لە پەرلەمداندایە، بۆیە دەتوانێت داوای مافەکان بکات، ئەگەر لە پەرلەمان بکرێتەدەرەوە، لە مافەکانیشی بێبەشدەکرێت.” لێرەدا وەک پێشبینییەکو ئاگادارکردنەوەیەکی بەرپرسانی ئاکپارتیی دەسەڵاتداری تورکیا، ئاڵتان تان ئاماژە بەوە دەکات کە “هەرچەندە ئاکپارتی بەردەوام بانگەشەی دیموکراسیو کرانەوە دەکات، بەڵام دەبێت لەبیرینەچێت کە دیموکراسی واتە قبوڵکردنی هەموو دیدو بۆچوونە جیاوازەکانو هەڵکردن لەگەڵیاندا، هەرچەندە لەگەڵ بۆچوونەکانی تۆیشدا یەکنەگرنەوەو دژ بن.”
ئاڵتان تان بەشی کۆتایی کتێبەکەی بە گوتەیەکی سەرۆککۆماری تورکیا؛ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، دەستپێدەکات، کە ساڵی (٢٠٠٥) لە ئامەد کردوویەتی. ئەردۆگان لە سەردانێکیدا بۆ ئامەد، کە بە یەکەم هەنگاوی پڕۆسەی ئاشتیو کرانەوەی تورکیا بە ڕووی کورددا هەژماردەکرێت، گوتی: “کێشەکە ناوی کێشەی کوردە، کێشەی منە، من چارەسەریدەکەم، هەندێک جار دەوڵەتانیش هەڵەدەکەن، پێویستبکات، داوی لێبوردن لە هاوڵاتیانیان دەکەن.”
لێرەوە ئاڵتان تان، پشتبەست بەم گوتەیەی ئەردۆگان، ژمارەیەک داواکاریی کوردەکانی باکووری کوردستانی لە کتێبەکەیدا خستووەتەڕوو، ئەمانەیش کۆمەڵێک داواکاریی گرنگو سەرەکیو پێویستی ئەو کاتەی کوردەکانی باکووری کورستان بوون:
١. بەو پێیەی لە تورکیادا جگە لە نەتەوەی تورک، چەندین نەتەوەی دیکە دەژین، کەواتە پێویستە چەمکی “هاوڵاتیی تورک”، کە لە دەستووری ئەو وڵاتەدا جێگیرکراوە، بۆ چەمکی “هاوڵاتیی تورکیا” بگۆڕدرێت.
٢. مۆڵەتدان بە دانانی وانەی زمانی کوردی وەک وانەیەکی “بژاردە” لە قوتابخانەکاندا.
٣. گێڕانەوەی ناوە بنەڕەتییەکانی شارو لادێ کوردییەکان بە شێوەیەکی فەرمی. لێرەدا ئاڵتان تان پێیوایە کارەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ گۆڕینی ناوی شارو گوندە کوردییەکانی باکووری کوردستان تەنها لە سەر کاغەز بووەو جگە لە نوسراوە فەرمییەکان، لە ناو خەڵکدا بەکارناهێنرێت، چونکە وەک نوسەر باسی دەکات، “هەرچەندە لە نوسراوە فەرمییەکانو میدیادا ناوە تورکییەکەی ئەو شارو گوندانە بهێنرێت، بەڵام خەڵکی ئەو ناوچەیە هەر بە ناوە کوردییە کۆنەکەوە باس لەو شارو گوندانە دەکەن.”
٤. جێبەجێکردنی سیستەمی لامەرکەزیو دانانی پارێزگارەکان بە هەڵبژاردن.
٥. دەرکردنی لێبوردنێکی گشتیی سیاسیی بۆ ئەوانەی لە “چیاکانو زیندانەکانو دەرەوەی وڵات” دەژینو ناتوانن بگەڕێنەوە تورکیا.
٦. پێویستە لە ڕێگەی دەستوورەوە گرنتیی پاراستنو قبوڵکردنی دینو زمانو مەزهەبە جیاوازەکان بکرێت. لێرەدا ئاڵتان تان ئاماژە بە ڕاستییەکی تاڵ دەکات، کە وەک پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچاوانی تورکیای دیموکراسییەوە دەدرەوشێتەوە!، ئەو ڕاستییەیش ئەوەیە کە “هەتا ئێستایش چەندین هاوڵاتیی کورد هەیە سڵدەکاتەوە لەوەی بڵێت: کوردم.”
٧. لەگەڵ مۆڵەتدان بە دامەزراندنی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کوردی، پێویستە لە تەلەفزیۆنە ئەهلیو تایبەتەکانیشدا بۆ ماوەی (٤٥) خولەک هەتا کاژێرێک مۆڵەت بە پەخشکردنی بەرنامە بە زمانی کوردی بدرێت. لێرەدا نوسەری کتێبەکە باس لەوە دەکات هێشتا خەڵکێکی زۆر لە باکووری کوردستان تەنها کوردی دەزانن.
٨. زیندانیی سەربازیی (١٢)ی ئەیلوولی دیاربەکر دابخرێتو بکرێت بە مۆزەخانە.
٩. چارەسەرکردنی کێشەی (٣) ملیۆن هاوڵاتیی کورد، کە لە نزیکەی (٣) هەزار گوندی باکووری کوردستانەوە کۆچیانکردووە بۆ شارەکان. بەشێکی ئەم هاوڵاتیانە بە ناچاری کۆچیان بۆ شارەکانی خۆرئاوای تورکیا کردووە، پێویستە جارێکی دیکە لە ڕووی دەروونیو کۆمەڵایەتییەوە ئەم کەسانە پەروەردەبکرێنەوە، بە جۆرێک سڵنەکەنەوە لە باسکردنی ڕەچەڵەکو نەژادی خۆیان، کە کوردە.
سەرەڕای بەردەوامیی پڕۆسەی ئاشتیو کرانەوە بە ڕووی کورددا لە ماوەی ساڵانی (٢٠١٢-٢٠١٥)دا، کەچی لە کۆی ئەو داواکارییانەی ئاڵتان تان، هەتا ئێستا تەنها خاڵی دووەمو هەشتەم لەلایەن حکومەتی تورکیاوە جێبەجێکراوە.
سەرەڕای هەموو ئەم کێشانە، ئاڵتان تان دەوڵەتو حکومەتی تورکیا بە شاری ئەستەنبوڵ دەچوێنێت. لێرەدا پەندێکی تورکەکان خۆیان دەهێنێتەوە، کە پێیانوایە “متمانە بە کەشوهەواو ئافرەتی ئەستەنبوڵ ناکرێتو بەردەوام لە گۆڕاندان.” ئاڵتان تانیش پێیوایە متمانەکردن بە دەوڵەتی تورکو ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەویدەکات، کارێکی هەڵەیەو “دەوڵەتی تورکیا هەر ماوەیەک لە ئاوازێک دەخوێنێت.”
لەگەڵ ئەوەیشدا هەرچەندە تورکەکان خۆیان بەردەوام جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە گەورەترین کێشەی تورکیا کێشەی قوبرسە، بەڵام ئاڵتان تان پێیوایە لەو بۆچوونەیاندا تورکەکان بەهەڵەداچوون، تان باس لەوە دەکات کە “گەورەترین کێشەی تورکیا کێشەی کوردە، بە جۆرێک کێشەکە گەیشتووەتە بنبەستو دەبێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە.” لە هەمان کاتدا ئاڵتان تان ئاماژە بەوە دەکات کە “وەک چۆن چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا کلیلی چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەیە، بە هەمان شێوە دەرگا لە سەر چارەسەری کێشەی قوبرسیش دەخاتەسەرپشت.”
لە هەمان کاتدا نووسەری کتێبەکە وەک پێشبینییەک بۆ لەشکرکێشیو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیو هەوڵی پەلهاویشتنی بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی “خاکە داگیرکراوەکانی ئیپڕاتۆریەتی عوسمانی”، کە لە دوای بەهارى عەرەبییەوە، بە تایبەت لە عێراقو سوریاو لیبیادا چڕبووەتەوەو لە هەمان کاتدا وەک ئامۆژگارییەک بۆ بەرپرسانی تورکیا، ڕوو لە فەرمانڕەوایانی دەوڵەت دەکاتو پێیاندەڵێت: “هەتاوەکو کێشەی کورد لە ناوخۆی تورکیادا چارەسەرنەکەنو پشتیوانیی کوردەکان بەدەستنەهێنن، نەک پەلهاویشتنتان بۆ دوورترین سنوورەکانی عوسمانی، تەنانەت ناتوانن بپەڕنەوە بۆ ئەوبەری خابوور.” لێرەدا مەبەستی ئاڵتان تان لە هەرێمی کوردستانو قەندیلە، کە تورکیا بە پەناگەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی دادەنێتو بەردەوام هەڕەشەی ئۆپراسیۆنێکی هێندە فراوانی سەربازی دەکات، کە “لە پڕ لە نیوەشەوێکدا” هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵدا ڕابماڵێت، بۆیە ئاڵتان تان پێیاندەڵێت کە چارەسەری کێشەی کوردو لەناوبردنی پەکەکە لە ناوخۆی تورکیادایە نەک ڕاماڵینی هەرێمی کوردستان.
ئاڵتان تان لە کۆتایی کتێبەکەیدا دەیەوێت سەرنجی بەرپرسانی دەوڵەتو خوێنەر ڕابکێشێتو ئەو ڕاستییە بە گوێی تورکەکانو بەرپرسانی دەوڵەتدا بدات کە “هەروەک چۆن کوردەکان بە درێژایی هەزاران ساڵ لەگەڵ تورکەکاندا پێکەوەژیانیان قبوڵکردووە، بە هەمان شێوە ئێستایش هەمان بارودۆخ قبوڵدەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم کوردانە ئیدی پێکەوەژیانیان بەبێ ناسنامەی ڕەسەنی خۆیانو ناوچەیەکی جوگرافیی دیارکراو بە خۆیان قبوڵناکەن.”