كورد و ئایینناسی
ئامادەكردنی: وەرزنامەی ئایینناسی
كورد و ئایینناسی، ده‌ستپێكی ته‌وه‌ری گفتوگۆی وه‌رزنامه‌ی ئایینناسییه، له‌م سیاقه‌دا قسه له‌سه‌ر سێ ره‌هه‌ندی جیاوازی ئه‌م باسه ده‌كرێت، ته‌وه‌ری یه‌كه‌م كورد و به ئیسلام بوون، كورد و هاتنی ئیسلام بۆ كوردستان و وه‌رگرتنی ئایینی ئیسلام، هه‌م فتوحات و هه‌م پڕۆسه‌ی به ئیسلام بوون، ته‌وه‌ری دووه‌م سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایین و ناسیۆنالیزم لای كورد، چۆن كورد ته‌وزیفی ئایینی كردووه؟ به دیوێكی تردا ئایا شۆڕشه‌كانی كورد كه ڕه‌هه‌ندیكی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌بووه، چه‌ندێك توانیویانه سوود له ره‌هه‌نده دینیه‌كه وه‌ربگرن و تێكه‌ڵ به ڕه‌هه‌نده نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی بكه‌ن؟ ته‌وه‌ری سێیه‌م مه‌سه‌له‌ی شێوازی ئایینداری لای كورد له ڕوانگه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی و مێژووییه‌وه.
كورد و به ئیسلام بوون
كورد و به ئیسلام بوون، یان كورد و پرۆسه‌ی فتوحات و هاتنی ئیسلام، ته‌وه‌ری یه‌كه‌می ئه‌م باسه‌یه له‌لایه‌ن د. نەریمان هەڵەبجەیی دەخرێتەڕوو.
د. نه‌ریمان: دیاره ئه‌م بابه‌ته (كورد و پرۆسه‌ی فتوحات و كورد و به ئیسلام بوون)، له‌ڕاستییدا بابه‌تێكه هه‌م فره بیروبۆچوونه، هه‌م ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكێكی زۆر قسه‌ی تێدا كردووه، ئه‌وانه‌ی كه قسه‌یان تێدا كردووه هه‌مه‌چه‌شن و هه‌مه‌جۆرن، خه‌ڵكێك هه‌ن هیچ پسپۆڕییه‌كیان له‌و بواره‌دا نییه، قسه‌یان تێدا كردووه و هه‌ندێ جار كتێبیان نووسیوه و هه‌ندێ جار وتاریان له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان نووسیوه، یاخود له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه، هه‌ندێك له‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌یان نووسیوه ئه‌گه‌ر تۆزێك گه‌وره‌تر بیر بكه‌ینه‌وه، یان گه‌وره‌تر بیخه‌ینه ڕوو، ئه‌وانه‌ن كه مێژوونووسانی عه‌ره‌بن، ئه‌وانه‌ن كه ناسیۆنالیستی عه‌ره‌ب به سه‌ریاندا زاڵه، گرووپێكی تر له‌وانه كه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌یان نووسیوه، ڕۆژههڵاتناسهكانن، ڕۆژئاواییه‌كان له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات شتیان نووسیوه، گرووپێكی تر كه نووسیویانه نه‌ته‌وه‌ییه كورده‌كانن، ئه‌وانه‌ی كه به ئایدۆلۆجیای نه‌ته‌وه‌یی بابهتهكان ده‌نووسن و ئه‌و تێزه زاڵه به‌سه‌ر نووسینه مێژووییه‌كاندا به شێوه‌یه‌كی گشتی، گرووپێكی تر ئه‌وانه‌ن كه خه‌ڵكێكی ئه‌كادیمی و زانستیین، له چوارچێوه‌ی كتێبه ره‌سه‌نه‌كانی مێژووی ئیسلام، له چوارچێوه‌ی توێژینه‌وه تازه‌كان و توێژینه‌وه كۆنه‌كان، له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ی كه له كتێبه هه‌رە باشه‌كانی سه‌رده‌می ئیسلامدا هه‌ن، ئه‌م گرووپانه له‌سه‌ریان نووسیون، بۆیه ده‌ستبردن بۆ ئه‌م بابه‌ته له ڕاستیدا بابه‌تێكی ناسكه، فره ره‌هه‌نده، په‌یوه‌ندی به ره‌هه‌ندی ئایینه‌وه هه‌یه، ره‌هه‌ندی فیكرییه‌وه هه‌یه، به ره‌هه‌ندی نەتەوەییەوە هه‌یه، بۆیه ده‌ستبردن بۆی كه‌مێك هه‌ستیاره. جا ئێمه كه خه‌ڵكی ئه‌كادیمین، هه‌وڵده‌ده‌ین له چوارچێوه‌ی ده‌قه ئه‌كادیمییه‌كانه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه له چوارچێوه‌ی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی كه نووسیومانن له‌وێوه كۆمه‌ڵیك زانیاری هه‌ڵێنجێنین و لێره بیخه‌ینه ڕوو.
كورد چۆن ئیسلامی وه‌رگرتوه؟
د. نه‌ریمان ده‌ڵێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین پرۆسه‌ی به ئیسلام بوونی كورد، یاخود وه‌رگرتنی ئایینی ئیسلام له لایه‌ن كورده‌وه چۆن و به چ شێوازێك بووه؟ زۆر پێویسته بزانین كورد له پێش ئیسلام چی بووه؟ به‌تایبه‌تی له دوو ڕووه‌وه؛ لایه‌نی یه‌كه‌میان، ئه‌وه‌یه كه ئایا له ڕووی سیاسییه‌وه دۆخی كورد و ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه هه‌یه چۆن بوو؟ دوو، له ڕووی ئایینییه‌وه، دۆخی ئایینی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردی چۆن بووه؟
له ڕووی سیاسییه‌وه كورد دابه‌شبووه به‌سه‌ر دوو هێزی گه‌ورەدا، كه یه‌كێكیان ده‌وڵه‌تی ساسانییه، فارسن، ئه‌وی تریشیان ده‌وڵه‌تی بێزهنیتیه، كه ڕۆمن، یاخود بێزهنتیان پێ ده‌ڵێن، واته كورد له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه ئیسلام دێ بۆ ناوچه‌كه‌ی، داگیر كراوه، دابه‌ش كراوه به‌سه‌ر دوو هێزی گه‌وره‌دا، ئه‌م دوو هێزه هه‌میشه له ململانێدا بوون. محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ له كتێبه‌كه‌یدا (مێژووی كورد و كوردستان) له لاپه‌ڕه 120 بۆ 122، كه ئه‌ویش له ئیبن ئه‌سیر و كتێبه‌كانی تری وه‌رگرتووه، له دوو لاپه‌ڕه، لاپه‌ڕه و نیوێكدا دۆخی سیاسی كوردستان له‌و كاته‌دا ده‌خاته ڕوو، ناوچه كوردییه‌كان ده‌خاته ڕوو، به كوردی و به پوختی ده‌ڵێت، ئه‌م ناوچانه به هۆی ئه‌وه‌ی ململانێیەكی سیاسیی له‌نێوان ئه‌و زلهێزانەدا هه‌بوو، بۆیه دۆخی كوردستان له ڕووی سیاسییه‌وه دۆخێكی ناله‌بار بوو، ئه‌مانه شه‌ڕیان ده‌كرد، شه‌ڕه‌كه له‌سەر خاكی كوردستان بوو، له ناو جوگرافیای كوردستاندا بوو، له ڕووی سیاسیشه‌وه خراپترین شه‌ڕ ئه‌وه‌یه كه دوو زلهێزی گه‌وره بیكه‌ن له ناو خاكێكدا كه خه‌ڵكی ئه‌و خاكه په‌یوه‌ندیان به‌م شه‌ڕه‌وه نه‌بێ، كه ئه‌مه له مێژوو و له ئێستاشدا زۆر باوه، بۆ ئه‌م جۆره له شه‌ڕ، ئه‌م ململانێیه، به‌شێكی له كوردستاندا بووه؟ ئه‌مە دۆخه سیاسییه‌كه، بە نیسبەت دۆخه ئایینیهكەوە، له ڕاستییدا كورد خاوه‌نی كۆمه‌ڵێک ئایینی جۆراوجۆر بووه، بڵاوترینیان زه‌رده‌شتی بووه، مانی، مه‌زده‌كی، مه‌سیحی، جوله‌كه و هه‌ندێ ئایینی تر هەبوون، ئه‌م ئایینانه له ناوچه كوردییه‌كاندا هه‌موویان بوونیان هه‌بووه، سه‌رچاوه‌كان زۆر به روونی ئاماژه ده‌ده‌ن به‌وه‌ی له هه‌رێمه كوردییه‌كان كه ئه‌و كاته چه‌ن هه‌رێمێكی جیاواز، نزیكه‌ی پێنج یان چوار هه‌رێم بووه، هه‌رێمی چیا و ئازه‌ربایجان و جه‌زیره و ئه‌رمینیا و ئاران و ئه‌وانی تر، هه‌ر یه‌كێكیان له‌م هه‌رێمانه هه‌ڵگری ئه‌م بیروباوه‌ڕانه له‌م ناوچانه ژیاون و بڵاو بوون له ناوچه‌كه‌دا، هه‌ندێک شوێنەواریش ماون کە له ڕاستیدا پێش ئیسلام خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و ئایینه‌یان وه‌رگرتووه.
كاتێک كه ئیسلام دێت دۆخی سیاسیی و ئایینی وایه، به دوو جۆر ئیسلام هاتووه‌ته ئه‌م ناوچانه: جۆرێكی ناڕاسته‌وخۆیه، جۆرێكی ڕاسته‌وخۆیه، جۆره ناڕاستهوخۆكهی ئه‌وه‌یه كه له ڕاستیدا بابه‌تی کەسی بوون، یاخود هه‌وڵی کەسی بوون، بازرگان بووبن، یان هه‌ر شتێكی تر، ئه‌وانه‌ن كه چوونه‌ته مه‌دینه به ناوی جابان، یان گاوانی كوردی، كه چووه‌ته ئه‌وێ ده‌ڵێ موسڵمان بووه و چه‌ند كتێبێک باسی ئەو بابەتە دەکەن، چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌كیش له كوڕه‌كه‌یه‌وه، ئه‌بو بهصیره یاخود ئه‌بی نهصیره به مه‌یمونی كوڕی جابان له فه‌رمووده‌كاندا هاتووه، گوایه چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌كی له پێغه‌مبه‌ره‌وه گێڕاوه‌ته‌وه، ئیبن حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی له كتێبی (الإصابة فی تمیز الصحابة) ده فه‌رمووده ده‌هێنێته‌وه، كه زۆربه‌یان ده‌رباره‌ی مارهیین. دەڵێت ئه‌م فه‌رموودانه‌م وه‌رگرتووه و به‌پێی ڕیوایه‌ته‌كان له كه‌سێك كه ناوی مه‌یمونه وەریگرتووە، مه‌یمونیش له باوكی وه‌ریگرتووه، كه جابانی كوردییه، كه‌واته جابان چووه‌ته مه‌دینه و له‌وێ پێغه‌مبه‌ری بینیوه، ده‌ڵێن ئه‌مه ئه‌گه‌ر هه‌وڵێكی بازرگانێك، یان گرووپێكیش بووبێ، كورد بۆ یه‌كه‌مجار به ئیسلام ئاشنا بووه، به‌ڵام ئه‌مه نه‌بووه به هه‌وڵێكی گشتی، هه‌وڵه گشتییه‌كه له سه‌رده‌می عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب دووه‌م خه‌لیفه‌ی ڕاشیدینهكانەوە ده‌ستپێده‌كات، لە ساڵی شانزه‌ی كۆچی تا بیست و حه‌وتی كۆچی له‌م ماوه‌یه‌دا كورد موسڵمان بووه.
قۆناغه‌كانی موسڵمان بوونی كورد؟
له‌دێژه‌ی بابه‌ته‌كه‌دا د. نه‌ریمان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئیسلام لەم ڕوانەوە ئایینێكی جیاواز بووه بۆ كورد: له ڕووی زمان (زمانی عه‌ره‌بی)، له ڕووی كولتوورەوە كولتووری عه‌ره‌ب و ئیسلام له‌گه‌ڵ كولتووری كورددا جیاوازن، ئەم ئایینه به هه‌موو یاسا و ڕێساكانییەوە جیاواز بووه له‌و ئایینانه‌ی له كوردستاندا هەبوون جگه له هه‌ندێ شتی گشتی نه‌بێ، بۆ نموونه له زه‌رده‌شتیدا هه‌یه و له ئیسلامیشدا هه‌یه، له مه‌سیحیشدا هه‌یه و له ئایینه‌كانی تریشدا هه‌یه كه شتی گشتیین، به‌ڵام ورده‌كارییه‌كه‌ی تا ڕاده‌یه‌ك جیاوازه، بۆیه تاكی كوردی له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ڵگری كولتوور، زمان، ئایین، دابونهریتێكی جیاوازه، بۆیه كه ئیسلام دێت لۆجیک ئه‌وه‌یه كه قورسە تۆ ئه‌م شته به ئاسانی بگۆڕی، قورسە كه‌سێك بێت بڵێ ئەو ئایینه‌ی ئێوه هه‌ڵه‌یه، ئه‌وه‌ی من ڕاسته، هه‌روا پرۆسه‌یه‌كی ئاسان نییه، بۆیه دیسان سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌م ئایینه قۆناغ به قۆناغ چووه‌ته ناو كۆمه‌ڵكه‌ی كوردییه‌وه و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی وه‌ریانگرتووه.
شێوازه‌كانی هاتنی سوپای موسڵمانه‌كان بۆ ناوچه كوردییه‌كان، وه‌ڵامدانه‌وه و هەڵوێستی خه‌ڵكی ناوچه‌كه بۆ ئیسلام جیاوازن، هه‌ڵوێستی كورد له ناوچه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌یه‌كی تر جیاوازه، هه‌ڵوێستی فڵان عه‌شره‌ت و فڵان شار له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی شارێكی تر جیاوازه، ده‌كرێت هه‌ندێک هه‌ڵوێست هاوبه‌ش بن، به‌ڵام به گشتی ده‌چنه چوارچێوه‌ی ئه‌م چوار هه‌ڵوێسته‌ی كه من لێره‌دا باسی ده‌كه‌م:
یه‌كه‌میان بریتی بووه له بابه‌تی موسڵمان بوونی كورد، یان به‌ستنی جۆرێك له ڕێككه‌وتن و ئاشتینامه له نێوان كورد و ئیسلامه‌كاندا، ئه‌مه سه‌رچاوه‌كان باسی ده‌كه‌ن، ته‌به‌ری باس له هه‌ندێک ناوچه ده‌كات، ئیبن ئه‌سیر هه‌ر ده‌قه‌كانی ته‌به‌ری باس دەکاتەوە، به‌لازه‌ری له (فتوح البلدان)دا باسی ده‌كات.
یه‌كێك له هه‌ڵوێست و وه‌ڵامه‌كان، کە لەوانەیە ساڵی بیست، یان شانزه، یان له ساڵی نۆزده‌دا بووبێ، ره‌نگه له شارێكی هه‌رێمی جه‌زیره، یان له شارێكی هه‌رێمی چیا، ئه‌گه‌ری هه‌یه له شارێكی تر بووبێ، گرنگ ئه‌وه‌یه به جیاوازی شاره‌كان، به جیاوازی ساڵه‌كان، ئه‌وه‌یه كه ئیسلامی وه‌رگرتووه، كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ رووینه‌داوه.
هه‌ڵوێستێكی تر ئه‌وه‌یه كه رێككه‌وتن كراوه له نێوان هه‌ندێک ناوچه‌دا له‌گه‌ڵ موسڵمانه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مانه له‌سه‌ر ئایینی خۆیان بمێننه‌وه، جا زه‌رده‌شتییه، یه‌هودییه، مه‌سیحییه، یا هه‌ر ئایینێكی تره، به مه‌رجێک ئه‌مانه جزیه بده‌ن، واته بڕێک پاره، سه‌رانه بده‌ن، جزیه ئه‌و سهرانهیهیه كه سه‌نراوه له‌و كه‌سانه‌ی كه ئایینێكی تر جێبه‌جێ ده‌كه‌ن جگه له ئیسلام، ماوه‌ردی له كتێبه‌كه‌یدا (الأحكام السلطانیة) باس له بابه‌تی جزیه ده‌كات، جزیه به سێ بڕ سه‌نراوه، بڕێكی كه‌م، بڕێكی مامناوەند، بڕێكی زۆر، دوانزه، شانزه، بیست و چوار درهه‌م ساڵانه، بۆ هەژار، بۆ مامناوەند، بۆ ئه‌وانه‌ی كه دۆخی داراییان باشه، جیایان كردووه‌ته‌وه، جزیه له خه‌ڵكێك كه هیچی نییه، ئه‌وه‌ی لە ڕووی جەستەیی یان عەقڵی ته‌واو نییه، بێوه‌ژن، منداڵ و شێت، ئه‌مانه له‌سه‌ریان نەبووە و لێی نهسهنراوه. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ئه‌و كه‌سەی جزیه‌ی لێ سه‌نراوه ئیلتیزامی سه‌ربازی له‌سه‌ر هه‌ڵگیراوه، چونكه له سه‌رده‌می عومه‌ری كوڕی خه‌تتابدا فه‌رمانێک ده‌رچوو، وتی هه‌موو خێزانێك ده‌بێت یان سه‌ربازێكی هه‌بێت، یان پاره‌ی سه‌ربازێک بۆ ده‌وڵه‌ت دابین بكات، به‌ڵام ئه‌مان ئه‌وه‌شیان لێ نهدهسهنرا، له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ده‌وڵه‌ت چیان بۆ ده‌كات، تۆ پاره‌یه‌ك له خه‌ڵك وه‌رده‌گری تۆ چی بۆ ئه‌و ده‌كه‌ی، ده‌وڵه‌ت پاراستوونی، ئیتر ره‌نگه ئه‌م پاراستنه ڕێژه‌یی بووبێ، له هه‌ندێ ناوچه‌ش نهپارێزرابن، به‌ڵام ڕێكکه‌وتنه‌كه وایه، ده‌تپارێزێ، هه‌م كهنیسهكهت ده‌پارێزێ، هه‌م بۆشت هه‌یه بڕۆیته كه‌نیسه‌ی خۆت و عیبادەتی تایبه‌ت به خۆت بكه‌یت، به‌ڵام ره‌نگه له هه‌ندێ ناوچه‌ش ئه‌وه جێبه‌جی نه‌كرابێ، چه‌ند ده‌قمان هه‌یه كه باس له‌وه ده‌كه‌ن له ناوچه كوردییه‌كان ئه‌م بابه‌ته له هه‌ندێک شوێندا جێبه‌جێ كراوه، له هه‌ندێ شوێنیش‌دا ره‌نگه جێبه‌جێ نه‌كرابێ، ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و كه‌س و سەرکردە سەربازییەی له‌وێ حوكمی كردووه.
هه‌ڵوێستی سێیه‌م، بریتی بووه له شه‌ڕكردن، له بابەتی شه‌ڕدا تێبینیه‌كی زۆر گرنگ هه‌یه، ده‌بێ بیزانین، شه‌ڕ هه‌میشه هێز ده‌یكات، واته كاتێک دوو هێز به‌رامبه‌ر یه‌ك ده‌وه‌ستن و شه‌ڕ ده‌كه‌ن، شه‌ڕ له نێوان هێز و ناهێزدا روونادات، واته له نێوان خه‌ڵكێك کە سه‌ربازی هه‌یه، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكێك كه سه‌ربازی نییه، هه‌رگیز شه‌ڕ روونادات، شه‌ڕ له نێوان دوو جۆر خه‌ڵكدا رووده‌دات كه سه‌ربازیان هه‌یه.
پێشتر وتمان له ڕووی سیاسییه‌وه ناوچه كوردییه‌كان به‌سه‌ر دوو زلهێزدا دابه‌شببوون، یه‌كێكیان ساسانییه و ئه‌وی تریان بێزه‌نتی، زۆرینه‌ی شه‌ڕه‌كان ئه‌وه‌ی ئێمه تێبینی ده‌كه‌ین، ناڵێین هه‌مووی، له نێوان سه‌ربازه موسڵمانه‌كان و سه‌ربازانی ئه‌و دوو زلهێزه، ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته روویداوه، وه‌كو شه‌ڕی جه‌له‌ولا و شه‌ڕی نه‌هاوه‌ند، وه‌كو مه‌دائین و سه‌لمان پاك و شه‌ڕه‌كانی جه‌زیره و شه‌ڕه‌كانی تر. ئایا كورد بووه به سووته‌مه‌نی له‌م شه‌ڕانه‌دا؟ به‌ڵێ، ئایا له‌م شه‌ڕانه‌دا تێداچووه؟ ئه‌گه‌رچی ئێمه وه‌كو ناو لامان نییه، چونكه مێژوو زیاتر ئه‌وه ده‌نووسێته‌وه كه پاڵه‌وانه و له ڕووداوه‌كاندا ڕۆڵی هه‌یه، كورد كه ڕۆڵی نییه، نادیار و ونە له‌م بارودۆخ و گێرمه و كێشه و دۆخه ئاڵۆزه‌دا و هاتن و ڕۆشتنی موسڵماناندا ونه، ئه‌وه‌نده‌ی باسی ناوچه‌كانی كراوه، باس له تاكی كورد نه‌كراوه، باس له شاره‌زوور، جه‌له‌ولا، حه‌لوان، نه‌هاوه‌ند، قرمیسین، كرماشان، باجرمی، كه‌ركووك، جه‌زیره، هه‌ولێر و موسڵ و كوێ و كوێ … کراوە، هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه كوردی تێدا ده‌ژی، چونكه شه‌ڕه‌كان لەوێ ڕوویانداوە و شاره‌كان بوونیان هه‌بووه، باس له جه‌به‌ل ئهكراد و ڕووباری كورده‌كان كراوه، له هەرێمی فارس‌دا ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ندە ئهكراد له‌وێ هه‌بوون كه ژماره‌یان پێنج خێزانی كوردی ده‌بوون، ئه‌مه هه‌مووی باس كراوه، به‌ڵام كه دێته سه‌ر سه‌ركرده‌یه‌ك، كه‌سایه‌تییه‌ك، سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی كورد، له ڕاستیدا باس ناكرێ، ونه، ئه‌گه‌ری هه‌یه كورد ڕۆڵی سه‌ره‌كی نه‌بووبێت له ڕووداوه‌كاندا، بۆ نموونه یهزدهجوری فارس، سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی فارس ڕۆڵیان هه‌یه، سه‌ركرده سه‌ربازییه ئیسلامه‌كان ڕۆڵیان هه‌یه، وه‌كو جه‌ریری كوڕی عه‌بدوڵڵای به‌جه‌لی، عه‌یازی كوڕی غه‌نه‌م و ئه‌وانی تر، بۆیه له هه‌ندێک ناوچه‌ی كوردیدا شه‌ڕی گه‌وره گه‌وره ڕوویداوه، به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕانه ئه‌گه‌ر شیكردنه‌وه‌ی وردی بكه‌ین، به‌م جۆره بووه، له‌ڕاستییدا چه‌ند دهقێكیشمان هه‌یه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه كورد له شه‌ڕه‌كاندا بووه به سووته‌مه‌نی، بۆ نموونه ده‌قێكمان هه‌یه به‌لازه‌ری له لاپه‌ڕه دووسه‌د و بیستدا له كتێبی (فتوح البلدان)دا كاتێك دێته سه‌ر شاره‌زوور ده‌ڵیت، كاتێک موسڵمانه‌كان هاتنه شاره‌زوور ڕووبه‌ڕووی كورده‌كان بوونه‌وه، كورده‌كانیش ڕووبه‌ڕووی موسڵمانه‌كان بوونه‌وه، بۆیه له هه‌ردوولا ژماره‌یه‌كی زۆر كوژران، كورده‌كان چۆن كوژراون، چۆن نه‌كوژراون، هیچ شیكردنه‌وه‌یه‌كی بۆ ناكات.
خاڵی چواره‌م و یه‌كێكی تر له هه‌ڵوێسته‌كان ئه‌وه بووه كه هه‌ندێک شار، بۆ نموونه هه‌مه‌دان له سه‌ره‌تادا فه‌تح كراوه، به‌ڵام دواتر هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه و چوونه‌ته‌وه سه‌ر دینه‌كه‌ی خۆیان، جارێكی تر موسڵمانه‌كان چوونه‌ته‌وه بۆیان. سەبارەت بە شاره‌زوور به هه‌مان شێوه بووە، له شانزه‌دا ویستیان بچن شاره‌زوور فه‌تح بكه‌ن، به‌ڵام دیاره ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه روویدا، بۆیه فه‌تحی شاره‌زوور كه‌وته ساڵی بیست.
سه‌رده‌می سەرەتای ئیسلام، سه‌رده‌می عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئومه‌وی كه‌متر زانیاری له‌سه‌ر كورد هه‌یه، به‌ڵام دوای هاتنی بوهیهییهكان ساڵی 334 كۆچی ورده ورده زانیاری له‌سه‌ر كورد دروست ده‌بێ، كه ده‌كرێت ئه‌وه له كۆڕێكی تر و موناسه‌به‌یه‌كی تردا ئه‌وه ڕوون بكه‌ینه‌وه..
فتوحات و چۆنێتی موسڵمان بوونی كورد
له‌باره‌ی فتوحات و به ئیسلام بوونی كورده‌وه، د. كامەران محەممەد ئاماژه به‌وه ده‌كات كه تا ئێستا ئه‌و نووسینانه‌ی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی فتوحات و موسڵمان بوونی كورد نووسراون تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر نه‌یانتوانیوه مێژوونووسه ئیسلامییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان تێپه‌ڕێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕاسته به شێوازی میتۆد نووسراوه، به‌ڵام ئه‌و میتۆده‌ی كه پێی نووسراوه‌ته‌وه میتۆدی رانكهییه، رانكهش مێژوونووسی گه‌وره ئه‌ڵمانییه، له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ژیاوه، پشت به تاك ده‌به‌ستێت، به كرۆنۆلۆجیا، به‌دوای یه‌كداهاتنی رووداوه‌كان و به ڕووداو، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م سێ شته ده‌كاته‌وه، ڕووداو و كرۆنۆلۆجیا و تاك، پرسیاره بنه‌ڕه‌تییه‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا ده‌كرێت ئێمه له میانه‌ی ڕووداوه‌كانه‌وه له بابه‌تێكی بوونیادی كۆمه‌ڵگایه‌ك تێبگه‌ین؟ ئایا ڕووداو ده‌توانێت بوونیادی كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ ئێمه ڕوون بكاته‌وه؟ به تێڕوانینی ئێمه قسه‌كردن له‌سه‌ر موسڵمان بوون، یان وه‌رگرتنی بیروباوه‌ڕێك، ئایینێك و ڕه‌تكردنه‌وه و وه‌لانانی ئایینێك، هه‌ر وا كارێكی ئاسان نییه، ده‌بێ ئێمه میتۆدی تازه بگرینه‌به‌ر، ده‌بێ سوود له‌و میتۆدانه وەربگرین كه قسه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا ده‌كات، قسه له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ ده‌كات، ناكرێ تۆ به میتۆدێكی سه‌ربازی، پرۆسه‌یه‌كی فتوحات كه پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازییه بێیت قسه له‌سه‌ر میتۆدێك بكه‌ی كه قسه‌كردنه له‌سه‌ر ئایین، له‌سه‌ر هه‌ر بیروباوه‌ڕێكی تر، بۆ ئه‌وه‌ی روونتر بێت و شته‌كان كۆبكه‌ینه‌وه، بۆ دروستبوونی مێژوو ئێمه پێویستمان به سێ ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی هه‌یه و به‌شێكی زۆری مێژوونووسانیش قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه، پێویستمان به كارەكتهرێك هه‌یه كه مرۆڤه، پێویستمان به شانۆیه‌ك، یان پانتاییه‌ك هه‌یه ئه‌و ڕۆڵه‌ی تێدا ببینێ كه شوێنه، دواتریش زه‌مه‌نێك كه تێگه‌یشتن و قسه‌كردنی مێژوونووس بۆ هه‌ر بابه‌تێكی هه‌ستیار و گرنگ، پێویسته به به‌رده‌وامی ئه‌م سێ ڕه‌گه‌زه له‌به‌رچاوی بێ، زۆر گرنگه ئه‌و مێژوونووسه‌ی مێژوو ده‌نووسێته‌وه، ئاگای له‌وه بێت كه مێژووی مرۆڤ ده‌نووسێته‌وه، مرۆڤ كێیه؟ ئه‌و مرۆڤانه‌ی هاتن كێ بوون؟ مه‌به‌ستم فاتیحهكانه، مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌یه كه موسڵمان بوون و هاتن فه‌تحی ئه‌م ناوچه‌یه‌یان كرد، زۆر گرنگه تۆ تێبگه‌یت ئه‌و مرۆڤانه كێ بوون هاتن، ئه‌مه یارمه‌تی ئێمه ده‌دات، دواتریش له به‌رامبه‌ریشه‌وه ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه ئه‌م ئایینه‌یان وه‌رگرت كێ بوون؟ زۆر گرنگه لە بوونیادی سایكۆلۆجی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر دوولا تێبگه‌ین.
پرۆسه‌ی فتوحات له دوو ناوچه‌ی جوگرافیاوه
د. كامه‌ران ده‌ڵێت: كاتێك پرۆسه‌ی فتوحات دروست ده‌بێت، به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می خه‌لیفه عومه‌ری كوڕی خه‌تتابدا، ئه‌وانه‌ی دێن، له دوو ناوچه‌ی جوگرافیاوه دێن، ئه‌وانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی، به‌شێك له خێڵه‌كان، ئه‌وانه‌ی له سه‌رده‌می ئه‌بوبه‌كردا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵێک كێشه رزگاریان بێت، وتیان بیاننێرن بۆ به‌ره‌ی عێراق، ئه‌مه ته‌به‌ری و ئیبن ئه‌سیر و ئه‌وان وا ده‌ڵێن، به‌شێكی تریشیان ئه‌و تازه موسڵمانانه بوون كه له یه‌مه‌ن بوون، بۆ فتوحات ناردیانن بۆ به‌ره‌ی عێراق، به‌شی زۆریان ناڵێم سه‌حابه‌ی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر و كۆمه‌ڵێ ناوی دیاریان تێدایە، به‌ڵام ئێمه باس له به‌ریه‌ككه‌وتنێكی شارستانی و جه‌نگێكی گه‌وره‌ی كۆتایی هاتنی ئیمپراتۆریه‌تێك ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی كه ئه‌و بابه‌ته یه‌كلایی ده‌كاته‌وه و پرسیاری بنه‌ڕه‌تییه ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌مانه چ په‌یامێكیان پێ بوو بۆ ئه‌وه‌ی به ئێمه‌ی بگه‌یه‌نن؟ ئه‌مه پرسیاره بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌یه، دواتر سه‌یری بوونیادی سایكۆلۆجیا و كۆمه‌ڵایه‌تی كورد بكه، ئایا تا چه‌ند كورد ئاماده‌یی وه‌رگرتنی ئه‌م ئایینه‌ی هه‌بوو؟ زۆر گرنگه پێش هه‌موو شتێک هه‌م مرۆڤی كورد و هه‌م فاتیحهكانیش بناسین، تێیاندا بوو موسڵمانی ڕاسته‌قینه بوو، تێیاندا بوو وه‌كو ده‌ڵێت له مه‌ككه‌وه په‌روه‌رده كرابوو هاته ئێره، تێشیاندا بوو خۆیان كێشه‌یان هه‌بوو، تێیاندا بوو تازه موسڵمان ببوو، موسڵمانێكی ڕووكەش بوو، ئه‌مه ده‌مانبات بۆ ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌ی كه پێی ده‌وترێت جوگرافیا، هه‌ر ئه‌م بابه‌ته، پرسیاره بنه‌ڕه‌تییه‌كه ئه‌وه‌یه له جوگرافیایه‌كی چیایی شاخاوی په‌رتی وه‌كو جوگرافیای كوردستاندا كه زۆر جار له زستاندا ڕیگه‌ی دێیه‌كان گیراوه، چۆن له ماوه‌ی شه‌ش ساڵ بۆ هه‌شت ساڵدا ده‌توانی قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ی كه ئه‌م ئه‌م كۆمه‌ڵگایه به ته‌واوه‌تی موسڵمان بووه، یان دژی ئیسلام وه‌ستان و ڕاپه‌ڕین و نەیاریان كرد.
پێداچوونه‌وه به میتۆدی مێژوویی
د. كامه‌ران باس له‌وه ده‌كات كه دەبێت پێداچوونه‌وه بكه‌ین به‌و جۆره میتۆدەی كه تا ئێستا توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر پرسی فتوحات و كورد و ئیسلام كردووه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، ئایا شه‌ش ساڵ بۆ جوگرافیایه‌كی په‌رت و سه‌ختی وه‌كو جوگرافیای كوردستان، له‌ولاشه‌وه لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆجییهكهی كه كۆمه‌ڵێكی خێڵه‌كییه، كۆمه‌ڵێكه عه‌قڵیه‌تی خێڵ و سایكۆلۆجیای خێڵ زاڵه به سه‌ریدا، ئایا به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێیت به شه‌ش، یان هه‌شت ساڵ موسڵمان بوو، ئه‌و پرسیاره هه‌یه كه باس له‌وه ده‌كات و هه‌موو ئه‌و كتێبانه‌ش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه له سه‌ده‌ی چواره‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و كتێبانه‌م خوێندبێته‌وه دكتۆر حوسامه‌دین نه‌قشبه‌ندی زۆر جوان له‌م بابه‌ته تێگه‌یشتووه، هه‌ندێک له ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كانیش دركیان به‌م باسه كردووه و باس له زه‌مه‌ن ده‌كه‌ن، زه‌مه‌ن چ گرنگییه‌كی هه‌یه كه ده‌ڵێین مرۆڤ، شوێن و كات. شوێن زۆر گرنگه بیزانین، گرنگی كات له‌وه‌دایه ڕووداوێكت بۆ له ڕووداوێكی تر جیا ده‌كاته‌وه، وەک ئه‌وه‌ی كه ڕانكه ده‌یڵێت، نه‌خێر كات مێژوو دروست ده‌كات، كات ته‌فسیری رووداو و واقیعی میژوویی ده‌كات، هه‌موو ڕووداوێكی مێژووییش واقیعێكی مێژوویی زه‌مه‌نی خۆی هه‌یه، هه‌ر بۆیه لێره‌وه فێرنان ڕۆدێر مێژوونووسی گه‌وره‌ی فەڕه‌نسا دێت زه‌مه‌نی مێژوویی پۆلێن ده‌كات، بۆ ماوه درێژ، ماوه كورت، ماوه مامناوه‌ند، ماوه كورت ده‌ڵێ ئه‌و مێژوه‌یه كه له سیاسه‌ت له پرۆسه سه‌ربازیه‌كاندا ده‌كۆڵێته‌وه له مێژووی تاكدا. ئه‌وه‌ی ڕانكه به ته‌واوه‌تی باسی ده‌كات، ده‌ڵێت ئه‌مه زیاتر له ئیشی ڕۆژنامه‌نووس ده‌چێت، ئه‌مه مێژوونووس به هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌دا ده‌بات، به‌ڵام ده‌ڵێت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه مێژوویه‌كی ترمان هه‌یه، مێژووی بارودۆخه، مێژووی مامناوه‌ند و مێژووی ماوه درێژ به مێژووی بوونیاد ناو ده‌نێت، كه ئه‌مه مێژووی ڕاسته‌قینه‌یه.
تۆ باس له مێژووی ئابووری بكه‌یت وه‌كو مێژووی سه‌ربازی و كوده‌تایه‌ك نییه له چركه‌یه‌كدا روو بدات، یان له کاتژمێرێکی دیاریكراودا، یان له ڕۆژێك و دوو ڕۆژدا ڕوو بدات، به‌ڵكو پێویستیت به زه‌مه‌ن هه‌یه، یان گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كان، ئه‌و ئایین ده‌باته ناو ماوه درێژیشه‌وه، بە واتایه‌كی تر ئێمه كه باس له زه‌مه‌ن ده‌كه‌ین، زۆر گرنگه كه مێژوونووس تێگه‌یشتنی بۆ زه‌مه‌ن هه‌بێت، بۆ ئه‌و ڕووداوه هه‌بێت چه‌ندێک زه‌مه‌نی پێویسته، كه ئه‌مه له هه‌موو ئه‌و نووسینانه‌ی تا ئێستا نووسراون به‌دی ناكه‌ی، هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر ئه‌م شتانه نه‌كراوه، به واتایه‌ك مێژوونووسی ئێمه هه‌میشه ته‌به‌ری و ئیبن ئه‌سیر و ئیبن كه‌سیر و ئه‌وانه‌ی كه پێیان ده‌وترێت سه‌رچاوه‌ی ئیسلامی، كێش كراون به‌و شیوازه‌ی كه خۆیان دەیانەوێت، ئێمه نه‌مانتوانیوه سوود له‌م كه‌ره‌ستانه ببینین به میتۆدی بوونیادگه‌ری، میتۆدی ئاناوزی فەڕه‌نسی، میتۆدی مێژووی ژیانی ڕۆژانه‌ی ئه‌ڵمانی، به میتۆدی مایكرۆ هستری ئیتالی، گه‌وره‌ترین كێشه ئه‌وه‌یه ئێمه ئاگامان له په‌ره‌سه‌ندن، یان پێشكه‌وتنی میتۆدی پێشكه‌وتنی مێژوویی نییه، كه ئاگاشت له‌وه نه‌بوو وه‌كو ئه‌وه وایه تۆ بێیت ئێستا له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا به ئاژه‌ڵ زه‌وی بكێڵیت، ئێستا ته‌كنه‌لۆجیای نوێ و ئامڕازی نوێ هه‌یه، ده‌توانی به‌كاری بێنی.
ناسیۆنالیزم و ئایین
د. جه‌عفه‌ر عەلی له ته‌وه‌ری سێیه‌می گفتوگۆكه‌دا باس لە پەیوەندی ئايین و ناسيۆناليزم دەكات و ده‌ڵێت، بابه‌تی ناسیۆنالیزم و دین دوو چه‌مكی سیاسی و فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌واو دژ یه‌كن، پارادۆكسی گه‌وره و دژبه‌یه‌كییه‌كی ئێجگار قورس له به‌ینی ناسیۆنالیزم و دیندا هه‌یه.
ناسیۆنالیزم هه‌وڵی دروستكردنی ماڵی بچووك ده‌دات، هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندن و تیكشكاندنی ئه‌و ماڵه گه‌ورەیە ده‌دات كه دین هه‌یه‌تی، دین له به‌رامبه‌ردا هه‌وڵی تواندنه‌وه و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و ماڵه ده‌دات كه ناسیۆنالیزم ده‌یه‌وێت دروستی بكات، واته ناسیۆنالیزم به دوای دروستكردنی جوگرافیایه‌كی سنورداره، دین هه‌وڵی تێكشكاندنی ئه‌م سنوره و بڕینی دەدات، دان به‌م سنوره‌دا نانێ.
هه‌موومان ده‌زانین ناسیۆنالیزم تا ئه‌ندازه‌یه‌كی گه‌وره دژایه‌تی فیكری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ بابەتی ماركسیزم، بابەتی هاووڵاتیبوونی جیهانی و جیهانگیری هەیە، هه‌ندێک خه‌ڵك پێیان وایه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بابەتی دیموكراسیش، چونكه دیموكراسی داوای پارچه پارچه بوون و ڕێز له دیالێكت و زمان و شێوه‌زاره جیاوازه‌كان ده‌كات، كه له ناسیۆنالیزمیشدا ئه‌مه هه‌یه، ئه‌وانه‌ی پێیان وایه ناسیۆنالیزم به‌ناو تێكشكاندنی كۆی دیالێكت و شێوهزارهكاندا ده‌ڕوات شتێكی خه‌یاڵییه و خۆیان دروستیان كردووه، پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، له كاتێكدا له‌به‌رده‌م دوو چه‌مكی دژیه‌ك وه‌ستاوین، چۆن ده‌توانین ئه‌و دوانه بكرێن به هاوپه‌یمانی یه‌ك، چۆن ده‌توانین په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوانه دروست بكه‌ین، هه‌ردووكیان له سه‌نگه‌ردان له دژی یه‌كتر، هه‌ردووكیان دوو فیكرن، دوو ئایدۆلۆژیان، ئه‌گه‌ر بچێته قۆناغی ئایدۆلۆژیاوه، چۆن ده‌توانن ئه‌وانه كۆك و ته‌با بن و كۆمه‌ك به یه‌كتری بكه‌ن، له ناو بزووتنه‌وه‌یه‌كی ڕزگاریدا، یاخود له دروستبوونی ده‌وڵه‌ت، یاخود نه‌ته‌وه‌دا، هه‌وڵده‌ده‌ین وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه.
هه‌میشه ده‌زانین له مێژوودا زۆربه‌ی كات به‌هێزه‌كان، گه‌وره‌كان، ئیمپراتۆریەتهكان، چ ئیمپراتۆریه‌تی دینی بێ، یان ئیمپراتۆریه‌تی دونیایی بێ، یان ده‌سه‌ڵاته دینییه گه‌وره‌كانی دونیا بێت، ده‌بینین هه‌میشه بچووكه‌كانیان له ناو خۆیاندا قووت داوه و هه‌وڵی تواندنه‌وه‌یان داوه، ئێستا له‌گه‌ڵ مۆدێرنه‌دا، دوای ڕێنیسانس و ڕیفۆرمی دینی و قۆناغی ڕۆشنگه‌رییه‌وه، جۆرێك له فیكر و ئایدۆلۆژیا دێ، كه هه‌وڵده‌دات شه‌ڕی ئه‌م ئیمپراتۆریه‌ته، ئه‌م دونیا گه‌وره‌یە بكات، شه‌ڕی ئیمپراتۆریه‌تی دینی، شه‌ڕی ئیمپراتۆریه‌ته گه‌وره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا بكات، واته ئه‌وانه ئه‌م دوو جیاوازییه، ئه‌م دوو دژبه‌ره له‌گه‌ڵ یه‌كتری، ئه‌گه‌ر یه‌كیان دین هێزه‌كه بێت، ناسیۆنالیزم ئه‌نتی هێزه‌كه‌یه، له نێوان تێز و ئه‌نتی تێزدا هه‌ردووكیان هه‌وڵده‌ده‌ن له‌م دژبه‌ریه ده‌ربازیان بێت و سه‌نتێزێك دروست بكه‌ن، به‌ده‌ر له‌مه مه‌حاڵه ناسیۆنالیزم و دین بتوانن له‌سه‌ر یه‌ك سفره‌دا كۆبكهیهوه، به‌ده‌ر له‌مه مه‌حاڵه ناسیۆنالیزم بتوانێت له چوارچێوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كولتووریدا كۆبكهیهوه و بتوانی له قۆناغێكی دیاریكراوی جوڵانه‌وه‌ی سیاسی ڕزگاری نیشتمانی هه‌ر میلله‌تێك سوودی لێ وه‌ربگری، ناسیۆنالیزم ئه‌مه ده‌كات، واته ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌م تێزه‌دا ببێ به ئه‌نتی تێز و بۆ ئه‌وه‌ی سه‌نتێزێک بدۆزنه‌وه و دواجار ئه‌م سه‌نتێزه هه‌وڵدانه بۆ به‌ره‌وپێش بردنی قۆناغێك له شووناس، واته قۆناغێكی نوێ له شووناس پێشكه‌ش ده‌كات، كه بریتییه له نه‌ته‌وه له ڕووی سیاسییه‌وه، بریتییه له دروستبوونی ده‌وڵه‌ت. ئێمه ده‌زانین دین هه‌وڵ ده‌دات شووناسه لۆكاڵییه‌كان هه‌ڵته‌كێنێ، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا شووناسه لۆكاڵییه‌كان هه‌وڵی خۆدروستكردن ده‌ده‌ن، كاتێك تۆ توانای ئه‌وه‌ت ده‌بێ له به‌رامبه‌ر ئه‌م شووناسه گه‌ورەیە، له به‌رامبه‌ر ئه‌م ناسنامه گه‌وره‌یە جۆرێك له وه‌ستان، له ته‌عریب كردنی خود، له پاراستنی تایبه‌تمه‌ندییە لۆكاڵییه‌كانی خۆت بسه‌لمێنی، له به‌رامبه‌ریدا ده‌توانی سه‌نتێزێك دروست بكه‌یت.
له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دروست نه‌بووه، به‌ڵام هه‌وڵی داوه له ناو ئیمپراتۆریه‌تدا كه هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیای دینی، ئایدۆلۆژیای ئیسلامی بووه، کە کۆمەڵگەی ئیسلامی یه‌كێك له بنه‌ڕه‌ته‌كانی فراوانخوازی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بووه، یه‌كێك له‌و دامه‌زراوانه‌ی هه‌وڵده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی كۆی نه‌ته‌وه و ئیتنیك و نه‌ژاده جیاوازه‌كانی سنوری ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی كۆبكاته‌وه و هه‌موویان ڕازی بكات، له دین باشتری ده‌ست ناكه‌وێت، دین هۆكارێكی ئێجگار گرنگه، یان كاریگه‌رییه‌كی ئێجگار قووڵی هه‌یه، نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی‌دا به چۆكدا بهێنێت، به‌ڵكو ده‌توانێت کاریگەری قوورس لەسەر داڕشتنەوەی پێکهاتە كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژییەکانی مرۆڤیش دابنێت، واته مرۆڤێکی نوێت بۆ دروست بكاته‌وه، ئه‌م مرۆڤە مانایه‌كی نوێی پێده‌داته‌وه، واته مرۆڤێک خالقێك ده‌یخوڵقێنێت، به‌ڵام ده‌یخاته ناو كارخانهیهكهوه، کۆمەڵگەی ئیسلامی و پان ئیسلامیزم نموونه‌یه‌كی نوێی مرۆڤ له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه پیشكه‌ش ده‌كات، كه بتوانێ به‌م کۆمەڵگە ئیسلامییه ڕازی بێت، به‌م به‌رزكردنه‌وه و ناونانه‌ی خیلافه‌تی ئیسلامیش ڕازی بێ، كه سوڵتان عه‌بدولحه‌مید هه‌ڵیده‌گرێ، خۆی ئه‌مه مانای سیمبولییه، مانای ڕه‌مزییه، خیلافه‌ت به ته‌نها وشه‌یه‌كی ئاسایی نییه كه سوڵتان عه‌بدولحه‌مید به‌رزی ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو له‌و ڕیگایه‌وه ده‌یه‌وێ خۆی وه‌كو خه‌لیفه‌ی سه‌رجه‌م موسڵمانانی دونیا له ڕۆژئاواوه تاوه‌كو ڕۆژهه‌ڵات پیشان بدات، كه ئیمه تاكه شوێنین، تاكه چه‌ترین بتوانین هه‌موو موسڵمانانی دونیا كۆبكه‌ینه‌وه و له به‌رامبه‌ر په‌لاماره‌كانی ڕۆژئاوا و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه له‌سه‌ر ئیسلامه، له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانییه، داكۆكیكاری سه‌رسه‌ختی هه‌موو موسڵمانان بین.
دوای ده‌وڵه‌تی عوسمانی و له مێژووی نوێشماندا، له ئه‌تاتوركه‌وه تاوه‌كو ده‌گاته ئه‌ردۆگان، هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێكی سیاسی نییه له ناو توركیای نوێ‌دا په‌نای بۆ دینی ئیسلام نه‌بردبێ، له كۆنگره‌ی ئه‌رزه‌ڕۆمدا، نه ده‌ستكاری به‌ها عوسمانییه‌كان، نه به‌ها ئیسلامییه‌كان، نه ده‌ستكاری سوڵتان و خیلافه‌تیش ده‌كات، ئه‌وه له‌وه‌وه نییه كه ئه‌تاتورك باوه‌ڕی به مه‌سه‌له‌ی دین و خیلافه‌ت و سوڵتانی عوسمانییه‌كان هه‌بووه، له‌به‌رئه‌وه بووه خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی هه‌م بۆ قۆناغه‌كه هەبووە، هه‌م بۆ ئه‌م ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه كه له ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا هه‌بووه، چه‌ند سه‌د ساڵێك ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌گه‌ڵ ئه‌م كولتوورە ژیاوه، ناتوانی هێڵێكی به‌سه‌ردا بێنی، كه دواجار ئه‌تاتورك كردی، تێشیدا تا ئه‌ندازه‌یه‌ك تێیدا سەرکەوتوو بوو، بەڵام به سه‌پاندن.
ئێمه له مه‌سه‌له‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته نوێیانه‌دا، چ ده‌وڵه‌تی توركیا، چ ده‌وڵه‌تی ئێران، هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه كه پێشتر شیعه‌كانی سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كان بە به‌كارهێنانی شیعه‌گه‌رێتی و دواجار مه‌سه‌له‌ی ته‌شه‌یوع له وڵات‌دا، به مه‌به‌ستی خزمه‌تكردن به قهومیهتێكی دیاریكراو، چونكه ئه‌وان نه‌ك ته‌نها له ناو فارسه‌كان، بەڵکو له ناو توركمانه‌كانیش بایه‌خێكی زۆریان به شیعه‌كان داوه، له به‌رامبه‌ردا هەمیشە كورده‌كانیان به مه‌ترسی زانیوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی سوننه بوون، دیسان مه‌زهه‌ب له‌وێدا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی بینیوه، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ڕاگواستنی كورده‌كانیش له ڕۆژئاوای ئێرانەوە به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات بۆ خوراسان و به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران.
ئاوێته‌كردنی دین و ناسیۆنالیزم لای جوله‌كه
د. جه‌عفه‌ر باس له نموونه‌ی ئیسرائیل ده‌كات كه یه‌كێكە له‌و نموونه زیندوانه‌ی دونیا، كه توانیویه‌تی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی گه‌وره ئاوێته‌بوونێكی گه‌وره له‌نێوان بابەتی ناسیۆنالیزم و بابەتی دیندا بكات، ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی ده‌وڵه‌تێك نییه له بۆشاییه‌وه هاتبێ و دروست بووبێ، له ئه‌نجامی هه‌وڵ و ماندووبوونێكی ئێجگار زۆری خودی جوله‌كه‌كان خۆیان و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تیش، به تایبه‌تی ڕۆژئاوا بۆ دروستبوونی ئه‌م ده‌وڵه‌ته، به‌ڵام ئه‌م پشتیوانییه ڕه‌نگه بۆ نه‌ته‌وه و گه‌لانی تریش له مێژوودا هه‌بووبێ، به‌ڵام کورد نه‌یتوانیوه ئه‌مه بكات. بۆچی ئیسرائیل ده‌توانێت ئه‌مه بكات، ئه‌و جیاوازییه چییه له خودی جوله‌كه‌دا هه‌یه، ئایا ئه‌م ئیراده‌یه چییه وا ده‌كات ئیسرائیل سوور بێت كه نه‌چێ بۆ ئه‌فەریقا و له‌وێ ده‌وڵه‌تی بۆ دروست بكه‌ن، به‌ڵام دێ له ئاسیا و له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌م خاكه ڕازی ده‌بێت، كه پێی ده‌ڵێت، ئه‌رزی میعاد.
هه‌موومان ده‌زانین ده‌وڵه‌تی جوله‌كه‌كان له به‌رده‌م چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی ئێجگار گه‌وره‌دا بوون له ئه‌وروپای مه‌سیحی، ته‌نانه‌ت جولهكهیان به پیس زانیوه له‌گه‌ڵیان تێكه‌ڵ بن، دیواری گه‌وره‌یان له نێوان مه‌سیحی و جوله‌كه‌كاندا دروست كردووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیانوابووه نه‌ژادێكی پیس بوون، كه له‌گه‌ڵیان تێكه‌ڵ بن، ئه‌مه چۆك به جوله‌كه دانادات، وا ناكات جوله‌كه ته‌سلیم بێت، به‌ڵكو سووره له‌سه‌ر ئیراده‌ی خۆی.
هرتزل دێ قسه له‌سه‌ر دروستبوونی ده‌وڵه‌ت ده‌كات، ئه‌و خه‌ونه ده‌باته ژێر گڵ، له‌به‌رئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای ساڵی 1914 هرتزل ده‌مرێت، به‌ڵام بن غۆریۆن ده‌بێته جێبه‌جێكاری ئه‌و خه‌ونه و دێت بابەتی ئایدۆلۆژیای دینی یه‌هودی تێكه‌ڵ به ناسیۆنالیزم ده‌كات، واته له نەبوونەوە نه‌ته‌وه‌یه‌ك دروست ده‌كات، له دینێكه‌وه نه‌ته‌وه‌یه‌ك دروست ده‌كات، ئه‌وه‌ی كه ده‌بێته ره‌گه‌زی دروستكردنی نه‌ته‌وه‌ی جوله‌كه‌ش دین و مێژووه، چه‌وسانه‌وه‌ی هاوبه‌شه، ئه‌گه‌ر قۆناغه‌كانی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی جوله‌كه سه‌یر بكه‌ین، چۆن وا ده‌كات جوله‌كه له ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌مەریكاوه كۆچ بكات بۆ ئیسرائیل، ئه‌م كۆچكردنه له بۆشاییه‌وه نه‌هاتووه، بزانن چ ئاماده‌كارییه‌كی گه‌وره له ناو ئیسرائیل‌دا له ڕووی فیكری و ئابوورییه‌وه کراوە، کە وا ده‌كات سه‌رنجی جوله‌كه‌كانی دونیا ڕابكێشێت، هه‌ر هێنانه‌وه‌ی ئه‌دۆلف ئایشمان له ئه‌رجه‌نتینه‌وه ساڵی 1961 بۆ ئیسرائیل و له‌سێداره‌دانی به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بزانی جوله‌كه له به‌رده‌م چ ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تدایه، هه‌روا به ئاسانی تێكناشكێنرێ، دین بووه‌ته بنه‌مایه‌ک بۆ ئه‌مه.
سعودیه چی كردووه؟
ده‌وڵه‌تی سعودیه یه‌كێكی تره له نموونه هه‌ره زیندووه‌كانی بابەتی ئاوێته‌كردنی ناسیۆنالیزم و ئه‌گه‌ر ناسیۆنالیزمیش نه‌بێ بابەتی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت بێ به دین. ئێمه ده‌زانین محه‌ممه‌د كوڕی عه‌بدولوه‌هاب له سعودیه‌وه، له ناوچه‌ی عه‌ینیه و نه‌جده‌وه دێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌كانی محه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌هاب ده‌كه‌وێته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی و په‌لامار، هیچ یه‌كێك له میرنشینه‌كانی سعود نه له ریاز، نه له درعیه و نه له ناوچه‌كانی تر ئاماده نین پێشوازی لێ بكه‌ن، چونكه به مه‌ترسی ده‌زانن له‌سه‌ر خۆیان و چاره‌نووسیان، له لایه‌كی تریشه‌وه به مه‌ترسی ده‌زانن وه‌ك چۆن قادریهكان لێره مه‌ولانا خالیدیان به مه‌ترسی ده‌زانی له‌سه‌ر پێگه‌ی نفوزی كۆمه‌ڵایه‌تی و دینی خۆیان له سلێمانی، ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه پێگه و نفوزی كۆمه‌ڵایه‌تی محه‌ممه‌دی كوڕی عهبدولوههابیان به هه‌ڕه‌شه ده‌زانی بۆ سه‌ر پێگه‌ی دونیایی خۆیان، بۆیه میرنشین و ئه‌میره‌كانی سعود ئاماده نه‌بوون ئه‌و پێشوازییه‌ی لێ بكه‌ن، به تایبه‌ت ئال سعود، تاوه‌كو سه‌ره‌نجام له 1744 میساقێك له نێوان محه‌ممه‌دی كوڕی ئال سعود و محه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌هاب مۆر ده‌كرێت، به‌پێی ئه‌و میساقه، كه میساقی دهرعهی پێده‌ڵێن، نابێت محه‌ممه‌د عه‌بدولوه‌هاب دەستوەردان له ده‌سه‌ڵاتی دونیایی میر بكات، میریش دەستوەردان له ده‌سه‌ڵاتی ناكات، هه‌تا ئێستا سعودیه به‌م شێوه‌یه ده‌ڕوات و وه‌هابیزم بووه‌ته مه‌زهه‌بی بڵاو له وڵاته‌كه‌دا و ده‌وڵه‌تی سعودیه‌ش دواجار ورده ورده به ناو میرنشینه‌كانی تردا بڵاوبووه‌وه، دوای نزیكه‌ی 30 ساڵ ڕیاز هاته ناو ئه‌و میرنشینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه بوو به بنه‌ما خودی وه‌هابیزم بوو، یاخود ئاوێته‌بوونی وه‌هابیزم بوو به ده‌سه‌ڵاتی دونیایی، ڕێزگرتنی هه‌ردووكیان بوو، تێز و ئه‌نتی تێزه‌كه ئه‌م سهنتێزهی ئێستای دروستكرد، كه ده‌وڵه‌تی سعودیه‌یه.
زۆر نموونه‌ی ترمان هه‌یه له دونیادا، نموونه‌ی ته‌یموری ڕۆژهه‌ڵاتمان هه‌یه كه به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی مه‌سیحین و له ژێر دەستی ئیندۆنیزیا رزگاری بووه و 2002 سه‌ربه‌خۆیی وه‌رده‌گرێت، ئیندۆنیزیا گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌ته كه زۆرینەی موسوڵمانە. جیاوازی دینی كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه، مه‌سه‌له‌ی باكوور و باشووری سودانمان هه‌یه.
نموونه‌ی تری زیندوومان هه‌بێت له ئاوێته‌كردنی ناسیۆنالیزم به دین، به‌عسه، چۆن كاری له ناو دیندا كردووه. به‌عس نه‌ك ته‌نها له ڕێگه‌ی میشێل عه‌فله‌قه‌وه، میشێل عه‌فله‌ق وه‌كو تێكستی پیرۆز له ناو به‌عسدا كاری كردووه كه دامه‌زرێنه‌ری به‌عسه. پیاوێكی مه‌سیحی دێت ئایینی ئیسلام ده‌كاته یه‌كێك له ڕه‌گه‌زه هه‌ره گرنگه‌كانی عروبه، پان عه‌ره‌بیزم، وه‌ك چۆن ئه‌تاتورك، پان توركیزم دێنێت، میشێل عه‌فله‌ق پان عه‌ره‌بیزم دێنێت، له ناو دینی ئیسلامدا، عه‌فله‌ق ئه‌مه ده‌كا به سه‌رچاوه، ته‌نانه‌ت ئه‌و پێی وایه خودا له‌به‌ر ئه‌وه نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی هه‌ڵبژاردووه كه نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ن، بۆچی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تری هه‌ڵنه‌بژاردووه؟ بۆچی دوو سه‌ده‌ی تر ناردنی ئایینی ئیسلامی دوانه‌خست؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌كانی له ناو عه‌ره‌بدا دۆزیوه‌ته‌وه، ئه‌وه ڕای میشێل عه‌فله‌قه، له‌به‌رئه‌وه‌ی عه‌ره‌بی وه‌كو پاڵه‌وان بینیوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یامه به ناو مرۆڤایەتیدا بڵاو بكاته‌وه. به‌عس دێ سوود له‌مه وه‌رده‌گرێت، به‌عسی عێراقی مه‌به‌ستمه، هه‌موو شه‌ڕه‌كانی به‌عس له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆی، له ناوه‌وه‌ی خۆیدا، له‌گه‌ڵ كورد، له‌گه‌ڵ شیعه، په‌نا بۆ چه‌مك و مانا دینییه‌كان ده‌بات، ناوی شه‌ڕه‌كان به ناوی دینی ئیسلامه‌وه ناو ده‌نێت، هه‌تا له ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازیشدا. ئێستا ئێرانیش هه‌ر وا ده‌كات. ئامانج و مه‌به‌سته‌كانی سه‌دام حسێن له دونیای عه‌ره‌بیدا پشتیوانی گه‌وره به‌ده‌ست دێنێ، دێت به خه‌تی خۆی (الله اكبر)ێك له‌سه‌ر پارچه په‌ڕۆیه‌ك، له‌سه‌ر ئاڵایه‌ك ده‌نووسێ، ئه‌مه به ته‌نها نووسینی چه‌ند وشه‌یه‌كی ئاسایی نییه، به‌ڵكو ئه‌مه كاركردنه له ناو دین بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی به‌عس، ناسیۆنالیزمی به‌عسی له ناو كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بیدا به‌هێز بكات، واته به وردی له ناو كۆی پرۆگرامی په‌روه‌رده و هه‌موو سێكته‌ره‌كانی تری ژیانیشدا كاری جیدی له‌سه‌ر ئه‌مه كردووه.
له ئه‌وروپا ڕه‌نگه یه‌كێك له نموونه هه‌ره زیندووهكان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤێت و یوگسلافیا بێت. لە كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا به‌شێكی زۆر له بیرمه‌نده گه‌وره‌كانی دونیاش پێیان وایه قۆناغی ناسیۆنالیزم ئیتر ته‌واو بووه و كۆتایی پێهات، چی دی ناسیۆنالیزم له هیچ گۆشه‌یه‌كی دونیادا ئه‌و فیكره نییه بتوانێت كۆمه‌ك به هیچ نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگایەک بكات، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه كاتێک یه‌كێتی سۆڤێت هه‌ڵده‌وه‌شێت، نه‌ته‌وه‌كان جیا ده‌بنه‌وه، هه‌ریه‌كه ده‌چێته‌وه ماڵی خۆی، ئیمپراتۆریه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێ و دیسان ده‌سه‌ڵاتی لۆكاڵی دروست ده‌بێته‌وه، هه‌مووتان ده‌زانن كه ڕیفۆرمی ئایینی و دابه‌شبوونی دونیای مه‌سیحی بۆ خۆی هه‌نگاوێكی گرنگ بوو له‌سه‌ر پێدانه‌وه‌ی شووناس به جوگرافیا لۆكاڵییه‌كان، هه‌م زمانی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌م كولتووری نه‌ته‌وه‌یی، له به‌رامبه‌ر زمانی لاتینیدا، ئینیجل ته‌رجه‌مه كرا بۆ زمانی نه‌ته‌وه‌یی، چاپ و چاپه‌مه‌نی بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی چاپه‌مه‌نییه‌كان به نرخێكی هه‌رزان له ناو كۆمه‌ڵگا لۆكاڵییه‌كاندا بڵاوبووەوە. ئه‌وه‌ی كه ئیندرسۆن ده‌ڵێت ره‌گه‌زێكی گرنگی دروستبوونی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیزم بوو، هەڵبەتە واشه، ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌ڵێن سه‌رمایه‌داری چاپ، ئه‌م سه‌رمایه‌داری چاپه له قۆناغی مۆدێرنه دێت، به‌ر له قۆناغی مۆدێرنه نه چاپه‌مه‌نی هه‌بووه، نه چاپخانه، نه كتێب و نه بڵاوكراوه نه گۆڤار و ڕۆژنامه هه‌بووه، گۆڤار و ڕۆژنامه كۆمه‌ڵگایه‌كی خه‌یاڵی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ك بۆ دروست ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی یه‌كتری بناسیت، من له دهۆكه‌وه ره‌نگه كه‌سێک ناناسم، به‌ڵام كه ئازارێكی پێده‌گات، كه ده‌كه‌وێته به‌ر هێرش و په‌لامارێك، تۆش ئازار ده‌چێژی، ئه‌مه ئه‌و كۆمه‌ڵگا خه‌یاڵییه‌یه كه لای تۆ دروست بووه، ئه‌مه‌یه كه ئه‌ندرسۆن باسی ده‌كات.
كورد له ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه ده‌خوێنرێته‌وه
د. جەغفەر لە درێژەی قسەكانیدا وتی: من ویستم ئه‌و بابه‌ته گرێ بده‌مه‌وه به قسه‌كانی دكتۆر نه‌ریمان كه باسی له شه‌ڕه‌كانی داگیركاری و په‌لامارەکانی ئیسلام كرد، له‌و شه‌ڕانه‌دا ئه‌وانه‌ی ناویان هه‌یه جگه له كورد، ده‌ره‌وه‌ی كوردن، فارسه، ڕۆمه، ئیدی ئیسلامهكانن، ئه‌مه حه‌قیقه‌تێكه لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌میشه كورد له ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه ده‌خوینرێته‌وه، كورد له ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه ده‌نووسرێته‌وه، له سه‌رده‌می ئیسلامبوونهوه تاكو سه‌ده‌ی شانزه كورد وجودێكی نییه. وشه‌یه‌ك هه‌یه به ناوی كورد له هه‌ندێک له سه‌رچاوه ئیسلامییه‌كاندا ناوی ده‌هێنن، به‌ڵام نازانین مانای چییه، ئه‌وان ناوت دێنن، كورد خۆی نازانێ چییه، نازانێ بۆچی به‌كارده‌هێنرێت، كورد ئاماده نییه ئه‌مه بخوێنێته‌وه، مه‌به‌ست له چییه، كورد نازانێ. دواتر شه‌ره‌فنامه دێ، یه‌كه‌م كه‌سه كه به زمانی كوردی كتێبێك ده‌نووسێت، باس له بنه‌ماڵه‌ی كورده‌كان و هه‌ندێک له میر و پاشایانی كورد و ململانێكان ده‌كات، ئه‌مه مێژوویه‌كه هه‌ر گێڕانهوهیە و هیچی تر، شتێكی زانستی نییه. دوای ئه‌وه ئه‌حمه‌دی خانی دێ، دوای سه‌د ساڵێك مهم و زین ده‌نووسێت، پێش مهم و زین، نه‌وبه‌هاره بچووك ده‌نووسێت، وه‌ك فهرههنگیكه، عه‌ره‌بی كردووه به كوردی، ئامانجی ئه‌وه‌یه وه‌كو ئه‌وه‌ی خانی ده‌ڵێت، ئامانج له دانانی ئه‌و فه‌رهه‌نگه بۆ ئه‌وه‌یه منداڵانی كرمانج فێركه‌ین، ڕاستییه‌كه‌ی لای خان‌یش ئه‌و سه‌رنجه هه‌یه، مه‌به‌ستی خانی له كرمانج چییه، ئایا مه‌به‌ستی سۆرانی، گۆران، لوڕ و زازاشه، یان ته‌نها مه‌به‌ستی كرمانجه، ئه‌مه‌ش پرسیارێكه تا ئێستاش پێویستی به وه‌ڵام هه‌یه، به گه‌ڕان له ناو مهم و زیندا كه مه‌سه‌له‌ی كرمانج به‌كاردێنێ، ئایا مه‌به‌ستی خانی له مه‌سه‌له‌ی كرمانج چییه، كه خۆی كرمانجه، ئایا ده‌توانین ئێمه بڵێین كرمانج یه‌كسانه به كورد له‌سه‌ر ئه‌و لێكدانهوهیەی خۆمان، یان ده‌توانین ئەمە به به‌ڵگه‌وه بسه‌لمێنین، ئه‌م به‌ڵگه‌یه ونه، نازانین. خانی هێنده‌ی له ناو دیندا ئیشی كردووه هێنده له ناو ناسیۆنالیزم و نه‌ته‌وه‌دا كاری نه‌كردووه. دوای خانی، حاجی قادر دێ، حاجی قادر به هه‌مان شیوه چه‌مكه‌كانی نیشتمان و نه‌ته‌وه تێكه‌ڵ به مه‌سه‌له‌ی نۆستالجیا ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه وا پێشبینی ده‌كرێت ئه‌مه‌ش پێویستی به سه‌لماندن هه‌یه. ئه‌و شیعرانه‌ی زیاتر ره‌گ و ڕیشه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییان تێدایە، حاجی له ئیسته‌نبوڵ نووسیونی، دوای ئه‌وه‌ی كه تێكه‌ڵ به دونیای مۆدێرنه و چاپه‌مه‌نی ئه‌وروپی ده‌بێ.
به هه‌رحاڵ له زۆر قۆناغی تردا ئێمه ده‌زانین مه‌سه‌له‌ی ناسیۆنالیزم و دین له ناو كۆمه‌ڵگای كوردیشدا جۆرێك له ئاوێته‌بوونی تێدایه، له شۆڕشه‌كانی ئیمه‌دا، له عوبەیدوڵڵاوە ئه‌مه ده‌ست پێده‌كات، عوبەیدوڵڵا كار له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چه‌مكه‌كانی نه‌ته‌وه و نیشتمان ده‌كات، كار له‌سه‌ر جیاوازی ده‌كات. له‌و نامانه‌ی بۆ دكتۆر كۆچه‌رانی نووسه‌ری ئه‌مەریكی ده‌نێرێت، نامه‌كان وجودیان هه‌یه و بۆ كوردیش وه‌رگێڕدراون، كه باس له‌وه ده‌كات كه كورد نه‌ته‌وه و گه‌لێكی جیاوازه و تایبه‌تمه‌ندی جیاوازی هه‌یه. شێخ سه‌عید به‌پێی هه‌ندێک له به‌ڵگه‌نامه‌كان كه گوایه گولله‌به‌ندی بۆ سوڵتان عه‌بدولحه‌مید ناردووه، په‌یوه‌ندی پته‌و هه‌بووه له نێوانیاندا و سوڵتان عه‌بدولحه‌مید ته‌كیه و خانه‌قای بۆ كردوونه‌وه، بۆ مه‌حوی شاعیریشی كردووه‌ته‌وه. به هه‌رحاڵ مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو ئاوێته‌كردنی ناسیۆنالیزم به دین له ناو مێژووی ئێمه‌دا تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ده‌توانم بڵێم له شێخ عوبه‌یدوڵڵاوه ده‌ستپێده‌كات و له سه‌رده‌می شێخ مه‌حموود، له سه‌رده‌می شێخ سه‌عیدی پیران، له سه‌رده‌می قازی محه‌ممه‌د به‌رده‌وامی هه‌یه، تاوه‌كو ئه‌م چركه‌ساته‌ش، به‌ڵام بێگومان به‌شێوه‌یه‌كی تر.
وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (1) كانونی دووەمی (2023) ساڵی یەكەم