ئاسایشی كوردستانی، له‌به‌رده‌م گۆڕانكارییه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا
د. یوسف گۆران
شه‌ڕی ساردی نێوان دوو جەمسەری جیهانی؛ ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ( سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیستی) واقعێكی ناجێگێری له زۆربه‌ی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوو بلۆكه دروست كرد. جیهانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو بلۆكی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، جگه له‌وه‌ی له نێوخۆدا ناجێگیر، ئالۆز و دواكه‌وتو بوو، له ڕوی ده‌ره‌كییه‌وه به‌رده‌وام تووشی ده‌ستێوه‌ردانی ناڕاسته‌وخۆی سیاسی، سه‌ربازی و ئه‌منی دهبوویەوه. له دۆخێكی وادا زۆر له نەتەوەکان و گه‌لانی بنده‌ست به سوودوه‌رگرتن له ململانێی هه‌ژموونی نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا توانییان خه‌باتی ڕزگارییخوازیی نیشتمانیی خۆیان په‌ره پێ بده‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان به‌ره‌و ئازادی یان بە سه‌ربه‌خۆییی سیاسی گەیشتن.
به‌ڵام به دامركانه‌وه‌ی ململانێی نێوان به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا له كۆتاییەكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و ڕوخانی جەمسەری سۆسیالیستی، واقعی ده‌ستێوه‌ردان و هاوكاری جیهانی زلهێزه‌كان بۆ جیهانی سێیه‌م، بزوتنه‌وە ڕزگارییخوازهكانی ئەم نێوچانە گۆڕانكاریی گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا هات و تا ئاستێكی به‌رچاو سنوردار كران. گۆڕانە دینامیكیهكانی ململانێکان زۆر به‌ڕونی له بزوتنه‌وه ڕزگارییخوازهكانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، به‌تایبه‌ت لای كورد و فه‌له‌ستینییه‌كان، وەدەرکەوت.
سه‌باره‌ت به ململانێی عه‌ره‌ب-ئیسرائیل به نه‌مانی یەکێتیی سۆڤێت، وه‌ك هێزێكی پشتیوانی گەلی فه‌له‌ستین و سه‌رجه‌م به‌ره‌ی عه‌ره‌بیی دژ به ئیسرائیل و به‌هێزبوونی سیاسی، ئابوری، سه‌ربازی و ته‌كنۆلۆژیی ئیسرائیل، متمانه‌یه‌كی لای جووه‌كان دروست کرد كه چیتر عه‌ره‌ب و فەلەستینیهكان ناتوانن هه‌ڕه‌شه‌ی جددی بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان دروست بكه‌ن، بۆیه باشتر وایه ئاشتییان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، هه‌رچی فهلهستینییهكانیشن به‌هۆی نه‌بوونی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و كشانه‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له پشتگیرییكردنیان، ناچار قبوڵی ئه‌و کەتووارەیان كرد كه پرۆسەی ئاشتی له‌سه‌ر بنه‌مای هەبوونی دوو ده‌وڵه‌ت سەرپێ بخەن، كه ده‌مێك بوو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی ١٩٤٨ وه، پێشنیاری بۆ خستبوونەڕوو.
سه‌باره‌ت به بزوتنه‌وه‌ی ڕزگارییخوازیی كوردستانیش، هه‌رچه‌نده دۆخه‌كه له‌سه‌ر كوردیش كاریگه‌ری دیاری هه‌بوو، به‌ڵام به ئاراسته جیاواز و به‌پێی کەتوواری ده‌وڵه‌تان جیاوازی هه‌بوو. له عێراق به‌هۆی لاوازی و گه‌مارۆی نێوده‌وڵه‌تیی دژ به عێراق دوای پەلاماری ١٩٩١ی بۆ سەر كوێت، له‌م پارچه‌یه‌ی كوردستان، توانرا ده‌سه‌ڵاتێكی نیمچه‌سه‌ربه‌خۆ پێکبهێنرێت، هێزه هاوپه‌یمانه ڕۆژئاواییه‌كان كه پێشتر یارمه‌تیده‌ر و هاوكاری كوردستانی عێراق نه‌بوون، بوونە پارێزه‌ری ئه‌م نێوچه‌یه، به‌مه‌ش باشووری كوردستان توانی خۆی به‌رامبه‌ر وڵاتانی دراوسێ خۆی ڕابگرێت و ئه‌م ئه‌زموونه‌ش بوو به بنه‌ما بۆ ڕۆڵی ئێستای هه‌رێمی كوردستان له عێراقی نوێ‌دا. به‌ڵام به لاوازبوونی ڕۆڵی مێژوویی هاوپه‌یمانان له هه‌رێمی كوردستان و ده‌ركه‌وتنی به‌هێزی ئێران و توركیا له نێوچهكه و لاوازی ڕۆلی عێراق له پاراستنی سنوره‌كانی، هەنووکە شیرازەی پاراستنی سی ساڵه‌ی هه‌رێمی كوردستان لاواز و کەم بەها بووە و پێویستی به داڕشتنه‌وه و پیاچوونه‌وه‌ی نیشتمانیی ڕاسته‌قینه هه‌یه.
ده‌رباره‌ی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش (ئێران)، پێش ڕووخانی یه‌كێتیی سۆڤێت، ڕوونتر دوای ڕاوه‌ستانی شه‌ڕی عێڕاق و ئێران، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه پاڵپشتی سه‌ره‌كی خۆی (كه عێڕاق بوو) له ده‌ست دا. كوردانی ڕۆژهه‌ڵات جیاواز له پارچه‌كانی دی زووتر له‌و واقعه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه نوێیه تێگه‌یشتن و به‌ڕه‌چاوکردنی دۆخی ئه‌زموونی نوێی باشووری كوردستان (عێراق) هه‌موو جۆره چالاكییه‌كی چەکدارانەیان ڕاگرت و دوورەپەرێزییان له سنووره‌كان کرد.
هه‌رچه‌نده بزوتنه‌وه‌ی باکووری كوردستان له سه‌ره‌تاكانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو به سوودوه‌رگرتن له پشتگیریی سوریا و نێوچه ئارامهكانیان له سنووری توركیا، هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵكشانی گه‌وره‌ی به‌خۆوه بینی، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ش پێشبینیی گۆڕانكارییه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كان، هانی پارتی كرێكارانی كوردستان و ئه‌نقه‌ره‌ی دا، به ناوبژیوانی سه‌رۆك مام جه‌لال، لە ساڵی ١٩٩٣دا گەرچی کوورتمەوداش بوو، ئاگر بڕێک ئەنجام بدەن و به‌ره‌و ئاشتی هه‌نگاو هەڵگرن. هه‌رچه‌نده ئه‌م هه‌وڵه به هۆكاری جیاواز شكستی پێ هێنرا، به‌ڵام ئه‌و ڕاستیه‌ی سه‌لماند كه دۆخی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی چیتر بۆ خه‌باتی چه‌كداریی درێژخایه‌نی كوردان گونجاو نابێت، به تایبه‌ت پاش گووشاری ئه‌نقه‌ره بۆ سه‌ر دیمه‌شق (ساڵی ١٩٩٨) و ده‌رپه‌ڕاندنی ئۆجه‌لان له سوریا و پاشان دەستگیرکردنی له كینیا.
بۆ دوو ده‌یه‌ی دواتر، پاش له‌ده‌ستدانی پاڵپشتی هه‌رێمی بۆ پارتی كرێكاران و به‌هێزبوونی زیاتری سه‌ربازی و ئابووریی توركیا، بزوتنه‌وه‌ی چه‌كداری په‌كه‌كه زیاتر بێهێز و کەمکاریگەر مایەوە و به‌شی هه‌ره زۆری هێزه سه‌ربازییه‌كه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی توركیا كشانده‌وه، به‌مه‌ش لای ئه‌نقه‌ره چیتر په‌كه‌كه وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سه‌ربازیی گه‌وره بۆ سه‌ر توركیا نه‌ما و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری هێزه‌كانی له سنووره‌كانی توركیا دوركه‌وتنه‌وه، به‌م شێوه‌یه په‌كه‌كه دوای نزیكه‌ی ٤٠ ساڵ له خه‌باتی چه‌كداریی بێ‌وچان، كه‌وته دۆخێكه‌وه كه هێزه چه‌كداره‌كه‌ی هەنووکە ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵی خۆپاراستن و مانه‌وه ده‌دات ئه‌وه‌نده توانای ده‌سپێشخه‌ری سه‌ربازی و كاریگه‌ریی سیاسی و ستراتیژی نه‌ماوه.
له‌به‌رده‌م ئه‌م واقعه ستراتیژییه نوێیه‌دا، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كوردستانیان (چ له كوردستانی عێڕاق یان ئێران یان توركیا) پێویستیان به داڕشتنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی كاری سیاسی و ئه‌منی خۆیانه، كه ڕه‌چاوی ئەو گۆڕانكارییەی بەسەر هێزه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هاتووە، بكه‌ن. گرنگە سنور و توانا و ئه‌ركی نوێ بۆ هێزی نیشتمانیی خۆیان دیاری بكه‌ن، بڕیار له‌سه‌ر شێوه‌ی خه‌باتی سیاسی وپاراستنی ئاسایشی كوردستانی له‌سه‌ر بنه‌مای پارسه‌نگی هێزی سیاسی و سه‌ربازی نوێ و دروستكردنی هاوپه‌یمانیی نوێ و شێوه‌ی نوێی تێكۆشانی خۆیان بده‌ن.