په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا دوای ساڵی 2003؛ بنه‌ما و ئاڵنگارییه‌كان
د. فاروق عه‌بدول
پێشه‌كی
به درێژایی ٣٠ ساڵی ڕابردوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستان به قۆناغی جیاجیادا گوزهریكردهوه، به‌ڵام به گشتی په‌یوه‌ندییه‌كی ناجێگیر و ناسه‌قامگیر بووه، سه‌ره‌تای ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ش له دوای ڕاپه‌رینی گه‌لی كوردستان له ساڵی (١٩٩١)ه‌وه ده‌ركه‌وتن، به تایبه‌ت كاتێك تورگوت ئۆزال؛ سه‌رۆككۆماری ئه‌وكاتی توركیا، چاویكه‌وت به ڕێبه‌رانی كوردی عێراق له ئه‌نقه‌ره و هه‌روه‌ها توركیا ڕێگه‌یدا به كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی حیزبیی یه‌كێتی و پارتی له ئه‌نقه‌ره و پێشتریش توركیا به‌شداربوو له دروستكرنی ناوچه‌ی ئارام بۆ كورده‌كانی عێراق و پاڵپشتیكردن له بڕیاری ٦٨٨ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیسانی ١٩٩١، كه ئامانج لێی پاراستنی كورد بوو له ڕژێمی به‌عس. هه‌ڵبه‌ت به‌بێ به‌شداریكردن و هاوكاریكردنی توركیا ئەسته‌م بوو ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بتوانن بڕیاره‌كه جێبه‌جێبكه‌ن.1
هه‌روه‌ها لە سەرەتای جەنگی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە نێوان یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا؛ هەریەک لەم دوو حزبە لە سەر داواکاریی ئەنقەرە لە ٣٠ی ئایاری ١٩٩٤ لە تورکیا كۆبوونه‌وه، تورکیا ترسی هه‌بوو ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی ببێتە هۆی دروستکردنی بوشایی ئه‌منی و سیاسی لە باکووری عێراق، کە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ئەوەی هێرشی زیاتر بکاتەسەر تورکیا و هەژموونی خۆی لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق–تورکیا بەهێزبکات. به دێژایی شه‌ڕی ناوخۆ، له‌و ماوه‌یه‌دا توركیا فشاری زۆری له سه‌ر هه‌ردوو لایه‌نی به‌شه‌ڕهاتوو كرد؛ ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتییش بێت، كۆتایی به پێكدادانه‌كان بهێنرێت، كه وه‌كو پێشتریش باسمانكرد، توركیا مه‌ترسیی گه‌وره‌ی هه‌بوو له دروستبوونی بۆشایی ئه‌منی و كۆچی به‌لێشاوی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و توركیا و له‌وێشه‌وه په‌ڕینه‌وه‌یان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا.2
به شێوه‌یه‌كی گشتی له ماوه‌ی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌رووی ئاڵنگاریی زۆر بووه‌وه، به تایبه‌ت له دوای مردنی ئۆزال، پارته ناسیۆنالیسته‌كانی توركیا به‌رده‌وام ترسی گه‌وره‌یان هه‌بوو کە دۆخی كوردستانی عێراق و دروستبوونی قه‌واره‌ی كوردی و په‌ره‌سه‌ندنی؛ كاریگه‌ریی له سه‌ر ڕه‌وشی سیاسیی كورده‌كانی كوردستانی توركیا دروستبكات و ئاستی داخوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان به‌رزبكاته‌وه، پاشان ئه‌مه سهربكێشت بۆ گۆڕانكاری له نه‌خشه‌ی سیاسیی ناوچه‌كه، به‌و پاساوانه‌وه، توركیا به‌رده‌وام پێیه‌كی له هه‌رێمی كوردستان بووه و له ماوه‌ی ساڵانی ١٩٩٥، ١٩٩٦ و ١٩٩٧، چه‌ندین كردەوه و ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی له ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان کردووه‌و به ئێستاشەوه ئه‌م پڕۆسانه به‌رده‌وامن و نه‌وه‌ستاون.3
دوای كه‌وتنی به‌عس…
هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان تا ساڵی ٢٠٠٣، به‌رده‌وام ئاڵۆز و ناجێگیر بوو، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه به دواوه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌رانبه‌ر بە هه‌رێمی كوردستان گۆڕانی به سه‌ردا هات و هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا و دروستبوونی چه‌ندین گۆڕانكاری له ناوخۆی عێراق، به تایبه‌ت ڕوخانی ڕژێمی به‌عس له ٢٠٠٣ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه، ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له كه‌مبوونه‌وه‌ی گرژی و ناكۆكییه‌كان له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان و ئاسایبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان له دوای (٢٠٠٣)وه.
پێش ڕوخانی ڕژێمی به‌عس به ماوه‌یه‌كی كه‌م، توركیا ڕایگه‌یاند كه ترسی گه‌وره‌ی هه‌یه له هه‌نگاوه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسی و ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان به كه‌وتنی به‌عس، به ئاشكرا ئه‌و مه‌ترسییانه‌شی بهجهستهكردبوو له ڕاگه‌یاندنی چه‌ند هێڵێكی سووردا و ئه‌وه‌شی به ڕوونی به لایه‌نی ئه‌مریكی و كورده‌كانی ڕاگه‌یاندبوو. توركیا پێی وا بووه دانانی ئه‌و هێڵه سوورانه بۆ كورده‌كانی عێراق گرنتیی پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات و ڕێگریش ده‌بێت له به‌رده‌م هه‌نگاوه‌كانی ده‌وڵه‌تی كوردی له حاڵه‌تی كه‌وتنی ڕژێمی سه‌دام، ته‌نانه‌ت ئاماده‌شه ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی بكات، ئه‌گه‌ر هات و پێشێلبكرێن یان ببه‌زێنرێن، له‌وانەش4:
١. ڕێگەنەدان به هێزی “پێشمەرگە” بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکانی کەرکووك و موسڵ.
٢. ڕەتکردنەوەی لكاندنی کەرکووك بە هەرێمی کوردستانه‌وه بە پێی هەر بڕگەیەکی یاسایی. تورکیا پێی وا بوو ئه‌گه‌ر ئەم جۆرە لکاندنه ڕووبدات، پڕۆسه‌ی ڕاگەیاندن و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی خێراترده‌كات و ده‌بێته هۆی ته‌مویلكردنی ئه‌و پڕۆسه‌یه.
٣. تورکیا ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو کە کورد بتوانێت ڕوخانی ڕژێمی سەدام بكاته ده‌رفه‌ت بۆ راگه‌یاندنی دەوڵەتی کوردی، ئەمەش کاردانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر دۆخی کورد له تورکیا، کە ژمارەیان چەندین جار لە کوردی عێراق زیاترە، بۆیه تورکیا هه‌موو گوشارێك ده‌كات بۆ ڕێگرتن له‌و كاره، ته‌نانه‌ت ئەگەر پێویستی بە دەستتێوەردانی سەربازییش هەبێت.
٤. داکۆکیکردن لە مافەکانی تورکمان ئەگەر پەراوێزبخرێن لەلایەن کورده‌كانه‌وه.
له‌گه‌ڵ كه‌وتنی ڕژێمی به‌عس، هه‌موو ئه‌و نیگه‌رانی و هێڵه سوورانه‌ی كه توركیا له حساباتیدا شرۆڤه و لێكدانه‌وه‌ی وردی بۆ كردبوو، ته‌نانه‌ت به نیازی هێرش و ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی بوو، ڕووینه‌دا. هۆكاری ڕوونهدانیشی بۆ دوو خاڵی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌وانه:
یەکەم: سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی کورد نه‌ك بڕیاری ڕاگه‌یاندی دەوڵەتیان نه‌دا وەک ئەوەی تورکیا چاوەڕێیدەکرد، بەڵکو به پێچه‌وانه‌وه ته‌واوی قورسایی سیاسیی خۆیان گواستەوە بۆ بەغدا و لەوێشەوە سیاسەتێکی کوردانه‌یان پراکتیزەکرد بۆ زامنكردنی مافەکانیان له ده‌ستووری نوێی عێراق. سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی پەیوەندییەکی ئاشتیانە له نێوان هەرێم و ناوەند و ئەو سیاسەتە هێمنانەی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان پەیڕەویکرد، بووه هۆی ڕه‌وینه‌وه‌ی نیگەرانییەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق، به تایبه‌ت تورکیا، ئێران و سوریا، كه سەبارەت بە پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکەدا هه‌یانبوو، ئه‌مه سەرەڕای ئەوەی کورد هه‌رگیز نکۆڵی لە خواستی خۆیان ناکات بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ئەگەر هه‌لومەرجی گونجاو لە بەردەستدا بێت.
دووەم: ئیدارەی ئه‌وكاتی ئەمریکا كه ئه‌ندازیاری پڕۆسه‌ی ڕوخانی ڕژێمی سه‌دام بوو، چەندین جار به ئاشكرا ڕایگەیاندبوو کە ڕێگەنادات وڵاتانی دراوسێی دەستوهردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا بكه‌ن، ئەمەش پشتڕاستکردنەوەیەکی یەکلاییکەرەوە بوو بۆ ئەنقەرە کە سیاسەتی دەستدرێژیی سەربازی بۆ ناو باکووری عێراق کۆتایی پێ هاتووە و بەردەوامبوون له سه‌ر شێوازی ڕابردوو دەبێتە هۆی به‌ریه‌كکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیدارەی ئەمریکادا، بۆیه پێدەچوو تورکیا ئەم فاکتەرەی لەبەرچاوگرتبێت و لە حیساباتەکانیدا جێیکردبێتەوە، بە تایبەت کە لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر قوبرسی باکوور لە ساڵی ١٩٧٤دا چەندین سەختی و نائومێدیی بۆ هێنا و بوو بە یەکێك لە هۆکارەکانی گرژیی پەیوەندییه‌كانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و ڕەتکردنەوەی تورکیا بۆ ئەندامیەتیی له‌و یه‌كێتییه.5
سەرەتای دیبلۆماسی
دوای ئه‌وه‌ی توركیا دڵنیا بووه كه هێڵه سووره‌كانی پارێزراون و له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه مه‌ترسییان له سه‌ر نییه، له ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٠٨ موراد ئۆزجه‌لیك، كه ئه‌و كاته نێردراوی تایبه‌تی توركیا بوو له عێراق و ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ، كه ئه‌وكات گه‌وره ڕاوێژكاری ئه‌ردۆگان بوو، له به‌غداد له‌گه‌ڵ بارزانیدا كۆبوونه‌وه و ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه بوو به به‌ردی بناغه بۆ ده‌ستپێكردنی په‌یوه‌ندی له نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها دواتر توركیا، به هۆی به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا، چه‌ند هه‌نگاوێگی گرنگی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابووریی به ئاڕاسته‌ی كرانه‌وه‌ی زیاتر به ڕووی هه‌رێمی كوردستاندا گرته‌به‌ر، به تایبه‌تی لە ئۆكتۆبەری ٢٠٠٩ ئەحمەد داود ئۆغلۆ؛ وەزیری دەرەوەی توركیا، سەردانی هەولێرى كرد و بووە یەكەمین سەردان كە لەلایەن وەزیرێكی دەرەوەی توركیاوە بۆ هەرێمی كوردستان کرابێت. دواتر لە ساڵی ٢٠١٠ ئەنقەرە كونسوڵخانەی گشتیی لە هەولێر كردەوە و ئەیدین سیلسین بووه یەكەم كونسوڵی توركیا لە هەولێر، كه زیاتر بۆ ئاسانكاریی فراوانخوازیی كەرتی تایبەتی توركیا بوو لە هەرێمی كوردستان. لەساڵی ٢٠١١ ڕەجەب تەیب ئه‌ردۆگان؛ سەرۆكوەزیرانی توركیا، بووە یەكەم سەرۆكوەزیرانی توركیا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و بەشدارییكرد لە كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، كە لەلایەن دوو كۆمپانیای توركیەوە بونیادنرابوو.6
هه‌موو ئه‌وانه وای كرد به‌رپرسانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئه‌كه‌په) تا ڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بن له ئاساییكردنه‌وه و باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌ردۆگان له ناوخۆی توركیا ئاماده‌سازیی بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه كردبوو، به تایبه‌تی لاوازكردنی ڕۆڵی سوپا و گۆڕینی پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا، له لایه‌كی تره‌وه توركیا توانیبووی له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی سوود له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا وه‌ربگرێت. به گشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی نابه‌رانبه‌ر و فره‌لایه‌ن بووه، كه زیاتر به قازانجی توركیا شكاوه‌ته‌وه.7
جیا له‌وانه‌ش پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی بەغدا لە سەردەمی نووری مالیکی؛ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق لە دوای (٢٠١٠)وه ڕۆڵێكی ئەرێنیی هەبوو لە نزیکبوونەوەی تورکیا و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیاندا. مالیكی له‌و ماوه‌یه‌دا هەڵوێستێكی سیاسیی توندی بەرانبەر بە ئەنقەرە گرته‌به‌ر و پێی وا بوو كه تورکیا لە ڕێگەی پەیوەندییه نزیكه‌كانیەوە له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كانی كورد و عه‌ره‌بی سوننه ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی عێراقدا ده‌كات، ئه‌مه جگە لە مه‌ترسیی تورکیا لە کۆنترۆڵکردنی لایەنە شیعییەکان بە سەر حکومەتی ناوەندیی بەغدا و زیادبوونی نفوزی ئێران‌دا، ئه‌مانه وای كرد له‌و ماوه‌یه‌دا جه‌نگێكی ڕاگەیاندنی توند له نێوان مالیكی و ئه‌ردۆگاندا به‌رپاببێت، به تایبه‌تی كه هه‌ردوو لایه‌ن یه‌كتریان به دیكتاتۆر وه‌سفده‌كرد، بۆیه هه‌ر لاوازبوونێك له په‌یوه‌ندیی ئه‌نقه‌ره و به‌غدا، ده‌چووه خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و توركیاوە، كه هەردوولا وه‌كو كارتی فشار له‌و ناكۆكییانه‌دا سوودیان لێ وه‌رده‌گرت.8
ده‌كرێت بگوترێت كه لە دوای قەیرانی ئابووریی ٢٠٠١ لە توركیا و ڕوخانی ڕژێمی به‌عس له عێراق لە ٢٠٠٣ و دانپێدانانی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری له ساڵی ٢٠٠٥دا، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێم قۆناغی زۆر چووه‌پێشه‌وه، كه سه‌ره‌تاكه‌ی به جموجۆڵ و فراوانخوازیی چالاكییه‌كانی كەرتی تایبەتی توركیا دەستیپێكرد، جگه له‌وه‌ش سیستەمی ڤیزە بێبەرانبەر بۆ هاوڵاتیانی توركیا بۆ چوونەناو هەرێمی كوردستان و نزیكیی توركیا لە هەرێمی كوردستانەوە، تێكەڵیی كولتووری و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و ژینگەی ئارامی هەرێمی كوردستان بووە دەروازەیەك بۆ هاریكاریی گرنگی ئابووریی نێوان ئەنقەرە و هەولێر.
بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كان
بێگومان كۆمه‌ڵێك بنه‌مای سه‌ره‌كی هه‌یه كه به‌رده‌وام حوکمی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا ده‌كات و ئه‌م بنه‌مایانه به پێی هه‌لومه‌رجی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌ندێك جار گۆڕانكارییان به‌سه‌ردادێت، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م بنه‌مایانه به‌شداری سه‌ره‌كین له ئاڕاسته‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولادا، به تایبه‌تییش له دوای ساڵی (٢٠٠٣)وه، له‌وانه:
١.ئاسایشی توركیا و بوونی په‌كه‌كه له هه‌رێم: یه‌كێكه له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كان كه ڕۆڵی هه‌یه له ئاڕاسته‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو لایه‌ن، به تێڕوانینی توركه‌كان په‌كه‌كه مه‌ترسیی ئه‌منی بۆ دروستده‌كات و ده‌توانێت هه‌رێمی كوردستان بۆ چالاكییه‌كانی له دژی سوپا و هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا به‌كاربهێنێت. توركیا بۆئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت په‌كه‌كه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه هێرشبكاتهسهری و ڕێگری له په‌كه‌كه بكات تا هه‌ژموونی سیاسیی خۆی به سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا نه‌سه‌پێنێت، پردی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا دروستكرد و له ڕێگه‌ی بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا توركیا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو له كه‌مكردنه‌وه‌ی چالاكییه ئه‌منییه‌كانی په‌كه‌كه و سنوورداركردنی چالاكییه سیاسییه‌كانی له هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه توركیا به‌رده‌وام فشاری له هه‌رێم كردووه كه هاوكاری بن له دژی بوونی په‌كه‌كه له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م فشارانه‌ش به كرده‌وه له چه‌ند ڕێوشوێنێكی كردارهكیدا به‌رجه‌سته‌بووه، له‌وانه: ڕێگه‌نه‌دان به گه‌شته ئاسمانییه‌كان له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی بۆ توركیا و بۆردومانكردنی به‌رده‌وامی ناوچه جیا جیاكانی كوردستان له ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و داواكاریی به‌رده‌وام بۆ داخستنی باره‌گاكانی نزیك له‌و هێزانه.9
٢.په‌یوه‌ندیی بازرگانی و ئابووری و وزه: خراپیی دۆخی ئابووریی توركیا له نه‌وه‌ده‌كان و قه‌رزه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌بووه له سه‌ر گۆڕانكاریی سیاسی له ناوخۆی توركیا، هاتنی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان به به‌رنامه‌یه‌كی ئابوورییه‌وه بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامبوونی له ده‌سه‌ڵات وای كرد ده‌ستی ئابووری و بازرگانی بۆ هه‌موو لایه‌ك درێژبكات بۆ ده‌رچوون له دۆخی داڕماوی ئابووری، هه‌ڵبه‌ته هه‌رێمی كوردستانیش له قۆناغی دوای به‌عس باشترین بازاڕ بوو بۆ كۆمپانیا توركییه‌كان كه بتوانین زۆرترین سه‌رمایه به‌كاربخه‌ن. له ڕووی بازرگانییه‌وه كارگە و هەناردەكارانی توركیا توانییان سوود لە سنووری هاوبەشی توركیا و هەرێمی كوردستان ببینن بۆ بازرگانی، كە بە ئاسانی دەستیان پێ ڕادەگەیشت، ئەمەش بە هۆی نزیكیی هەرێمی كوردستانەوە لە توركیا و كەمیی تێچووی گواستنەوە و بوونی سەقامگیری و گەشەكردنی ژێرخانی بازرگانی و نزیكیی كولتووری و داواكاری لە سەر نرخی گونجاو و زیادبوونی خواستی شتومەكی كوالێتیبەرز لە ناو چینی ناوەند لە كوردستان، په‌ره‌سه‌ندنی بارزگانی له نێوان توركیا و هه‌رێمدا بووه سیاسه‌تی كاربه‌ده‌ستانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان بۆ خزمه‌تكردنی ئاسایشی توركیا،10 بۆ نموونه: ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو كه زیادكردنی ژماره‌ی سه‌ربازه‌كان له سه‌ر سنووره‌كان به ته‌نها ناتوانن ئاسایشی سنووره‌كان بپارێزن، به‌ڵكو بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی بازرگانیی باش له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا بهشداریدهكات له به‌هێزبوونی ئاسایشی سنووره‌كانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان. جێگه‌ی ئاماژه‌یه کە په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێم له چوارچێوه‌ی بازرگانی و ئاڵۆگۆڕی پێداویستییه‌كانی ڕۆژانه‌دا نه‌مایه‌وه، له دوای دۆزینه‌وه و ئاشكرابوونی بڕێكی زۆری یه‌ده‌گی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان، توركیا توانیی له ڕێگه‌ی دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا، جگه له‌وه‌ی كار بۆ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی بدۆزێته‌وه، به تێچوویه‌كی كه‌م به‌شێكی زۆر له پێداویستییه‌كانی وزه پڕبكاته‌وه و هه‌رێمی كوردستان بكات به جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ ڕوسیا و ئێران، كه دابینكه‌ری وزه‌ی توركیان.11
پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بەردەوامبووە، بە جۆرێک نزیكه‌ی لە ٥٠٪ی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان پشكی کۆمپانیا تورکییەكان بووه، کە بە پێی ئاماره ناڕه‌سمییه‌كان ١٣٠٠ کۆمپانیای تورکی لە هەرێمی کوردستان کاردەکات. لە ساڵی ٢٠١٣ هەرێمی کوردستان بە سێیەم گەورەترین بازاڕ بۆ کاڵا و کەلوپەلە تورکییەکان هەژماردەکرا، بە ئەندازەیەک قەبارەی هەناردەی شمەکی تورکیا بۆ هەرێم گەیشتووەتە ٨ ملیار دۆلار، ئەمە لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی ٢٠١٧دا قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوولا گەیشتووەتە پێنج ملیار دۆلار. بوونی بازرگانیی تورکیا ئێستا لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت، لە سەر تەواوی ئاستەکانی وەک پرۆژەکانی بیناسازی و بونیادنان و کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت و گازی سروشتی و تەنانەت خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان وەک تاکە دەروازەی هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتیی خۆی بۆ بازاڕی جیهانی لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی هەرێم–تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان لە ئەنقەرە دەڕوانێت.12
سیاسه‌تی هه‌ژموونگه‌رایی: توركیا وه‌كو وڵاتێكی به‌هێزی ئیقلیمی به‌رده‌وام له شه‌ڕی ههژمونگهراییدایه، به‌ره‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش بۆ توركیا به‌ره‌یه‌كی كراوه‌یه و به قووڵایی ستراتیژی خۆی سه‌یریده‌كات، له دوای داگیركردنی كوێته‌وه له‌لایه‌ن عێراقەوە له ١٩٩٠ و دروستكردنی “ناوچه‌یه‌كی ئارام” بۆ كورده‌كان له ١٩٩١ له باكووری عێراق و ڕوخانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت له ١٩٩١ و داگیركردنی عێراق له ٢٠٠٣ و به‌هێزبوونی هه‌ژموونی ئێران له عێراق، هۆكار بوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی توركیا به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یدا بچێته‌وه و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورده‌كانی عێراقدا دروستبكات. ئامانجی توركه‌كان له دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا بریتی بوو له ڕێگریكردن له نه‌یاره‌كانی توركیا كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك كارتێك له دژی توركیا به‌كاربهێنن، هه‌روه‌ها توركیا له ڕێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕووبه‌ڕووی هه‌ژموونی ئێران له عێراق ببێته‌وه.13
٣.دۆسیەی كه‌ركووك و توركمان: توركیا پرسی توركمانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركووكی وه‌كو پرسێكی جێگیر له سه‌ره‌كیی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی داناوه به‌رانبه‌ر بە چۆنیەتیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا و وه‌كو هێڵی سوور سه‌یریانده‌كات. هه‌ر كاتێك توركیا هه‌ستی به‌وه كردبێت كه ئه‌م دوو مه‌له‌فه له ناوخۆی كوردستاندا به پێی خواست و بهرژەوهندییهكانی توركیا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكرێت، ئه‌وا ڕاسته‌خۆ و بەبێ دوودڵی ده‌ستوه‌ردانی كردووه، جا ده‌ستوه‌ردانه‌كه سه‌ربازی بووبێت، یان له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه دیبلۆماسییه‌كانه‌وه بووبێت.14
ئاڵنگارییه‌كان
هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا له دوای ساڵی (٢٠٠٣)وه جۆرێك له سه‌قامگیریی وه‌رگرتووه و هه‌ردوو لایه‌ن خواستی په‌یوه‌ندییه‌كی باشتریان هه‌بووه، به‌ڵام هێشتا ئه‌م په‌یوه‌ندییانه له به‌رده‌م ئاڵنگاریی گه‌وره‌دان، كه نه‌توانراوه تێبپه‌ڕێنرێت و زیاتر به‌ره‌و جێگیرتریان به‌رێت، له‌وانه‌ش:
١.هێشتا ئەنقەرە بە ڕەسمی لە ڕووی دیبلۆماسییەوە ڕێگەی بە هەرێمی کوردستان نەداوە نوێنەرایەتیی خۆی لەو وڵاتە بکاتەوە، سه‌رباری بوونی كونسوڵخانه‌ی توركیا له هه‌رێم، نه‌بوونی نوێنه‌رایه‌تیی ڕه‌سمیی هه‌رێم له توركیا كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌بووه له سه‌ر ناجێگیریی لینكی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا، به تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و پرسه هه‌ستیارانه‌ی كه پێویست بووه به خێرایی لێكتێگه‌یشتن و ڕوونكردنه‌وه‌یان له باره‌وه بدرێت و زانیارییه‌كان له ماوه‌یه‌كی كورتدا بگات به لایه‌نی توركی.15
٢.په‌یوه‌ندییه‌كان له‌بازنه‌یه‌كی سنوورداردایه و وابه‌سته‌یه به په‌یوه‌ندیی کەسی و حیزبییه‌وه، به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو كیانێكی سیاسی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا بكرێت، هه‌ڵبه‌ته واقیعی دابەشبوونی سیاسی و جوگرافیای هەرێمی کوردستان بە سەر دوو زۆنی سەربازی و سیاسیی جیاواز به یه‌كێك له ئاڵنگارییه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رده‌م په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت، به تایبه‌تی له كه‌یسی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا به هه‌رێمه‌وه ئه‌م دابه‌شبوونه زیاتر زهقبووەتهوه و به هۆی كۆمه‌ڵێك “پاساو”ه‌وه توركیا په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌ویی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا سنوورداركردووه و ئاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌شی گرێداوه به كۆمه‌ڵێك مه‌رجه‌وه، ده‌بێت له‌و سنووره‌دا جێبه‌جێبكرێت، بێگومان ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌یه‌ی توركیا كه به‌شێكه له سیاسه‌تی په‌رتكه و زاڵبه، له داهاتوودا زیانی گه‌وره له كۆی په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات، وه‌كو یه‌ك قه‌واره‌ی فیدڕاڵی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا.16
٣.سەرەڕای قووڵبوونەوەی پەیوەندیی ئابووریی نێوان ئەنقەرە و هەولێر له دوای (٢٠٠٣)وه، بەڵام كاتێك هه‌رێمی كوردستان كهوتهبهردهم هەڕەشە و هێرشی داعش له ٢٠١٤، توركیا ئامادەنەبوو یارمەتیی سەربازی پێشكەشی هەرێمی كوردستان بكات، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه په‌یوه‌ندییه‌كان گرێدراوی ستراتیژێكی پته‌و و جێگیر نین، به‌ڵكو زیاتر ئیداره‌دانی بهرژەوهندییه كاتییهكانه به پێی هه‌لومه‌رج و ده‌رفه‌ته‌كان.
٤.بهئهمنیكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا زیانی گه‌وره‌ی له په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانییەکان داوه و ئه‌م حاڵه‌ته بووەته جێگه‌ی نیگه‌رانی و بێمتمانه‌یی شه‌قام و ڕایگشتی له هه‌رێم به‌رانبه‌ر به توركیا، به‌وه‌ی كه هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندییه‌كان ئاسایی بن، به‌ڵام خستنه‌ڕووی “هێز” خاڵی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یه له جیاتیی كه‌ناڵه دیبلۆماسییه‌كان.17
ده‌رئه‌نجام
له كۆتاییدا ده‌كرێت بگوترێت كه په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی فیدڕاڵی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، هه‌ڵكشان و داكشانی زۆری به‌خۆیه‌وه‌بینیوه، كه به سه‌ر دوو قۆناغی سه‌ره‌كیدا دابهشدهبهن، قۆناغی پێش و پاش ٢٠٠٣، یه‌كه‌میان مۆركێكی ناجێگیر و ئاڵۆزی هه‌بووه و دووه‌میان باشتر و گونجاوتر بووه به به‌راورد به پێش خۆی، دیاره سروشتی هه‌ردوو قۆناغه‌كه‌ش مه‌حكوم بووه به گۆڕانە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یه، هێشتا ئه‌م په‌یوه‌ندیانه سه‌قامگیر نین و به كاریگه‌ریی هه‌ر فاكته‌رێك (ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان) ده‌شێت ڕووبه‌ڕووی ده‌یان ئاسته‌نگ و ئالنگاری ببنه‌وه تا پچڕان و لێكترازانی په‌یوه‌ندییه‌كان.
سه‌رچاوه‌كان
١. جليل عمر على، السياسة الخارجية التركية حيال الشرق األوسط (١٩٩١-٢٠٠٢)، ط١، السليمانية: مركز الدراسات الاستراتيجية، ٢٠١١، ص١٢٦.
٢. وليد رضوان، العلاقات العربية التركية، ط١، بيروت: شركة المطبوعات لمتوزيع والنشر، ٢٠٠٦، ص٢٢٧.
3. Gunter, Michael M. “The KDP-PUK conflict in northern Iraq.” The Middle East Journal (1996):224-241.
٤. خورشيد دلي، الدوافع التركية من تطوير العلاقة بإقليم كردستان العراق، مجلة الوحدة الاسلامية، العدد ١٣٥، آذار ـ ٢٠١٣.
٥. سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
٦. قاره‌مان عه‌لی، توركیا و هه‌رێمی كوردستان دوای ڕیفراندۆم، گۆڤاری جۆرناڵ، ژماره ٢١-٢٢، شوبات و ئازاری ٢٠١٨، ل٥٦.
٧. هه‌مان سه‌رچاوه، ل٥٨.
٨. فاروق مولود عبدول. العلاقات بين تركيا واقليم كردستان (١٩٩١-٢٠١٤)–، مجلة العلوم السياسية والقانون، العدد ٨، سنة ٢٠١٨.
٩. قاره‌مان عه‌لی، سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
10. Christina Bache, Mutual Economic Interdependence or Economic Imbalance: Turkish Private Sector Presence in the Kurdistan Region of Iraq, Middle East Critique, January 2018.
١١. العلاقات بين تركيا وكردستان العراق، المركز القومي للدراسات الشرق الاوسط، http://ncmes.org/en/node/211.
١٢. تركيا وكردستان… توأم العلاقات والمصالح المشتركة، الجزيرة، ١٢/٧/٢٠١٨، على الموقع: https://blogs.aljazeera.net/blogs/2018/7/12/%D8%AA%D8.
١٣. داليا رشدي عرفات، مجلة كلية السياسة والاقتصاد، جامعة بني سويف، – العدد الخامس عشر- يوليو ٢، ص ٢٩٤.
١٤. أردوغان يهدد بالتدخل في كركوك، صحيفة العرب، https://alarab.co.uk/%D8%A3%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-.
١٥. هل يفتتح إقليم كردستان ممثلية للحكومة في تركيا؟ جريدة زمان التركية، https://www.zamanarabic.com/2022/04/05/%D9%87%D9%84-%D9%8A%D9%81%D8%AA%D8D8%A9./
16. Roots of the Rift between Turkey and Iraqi Kurdistan’s PUK , Mehmet Alaca https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/roots-rift-between-turkey-and-iraqi-kurdistans-puk.
١٧. إستراتيجية القواعد العسكرية التركية في العراق، https://www.setav.org/ar/%D8%A5%D8%B3%D8%AA%D8%B1%D8%A7%D8%AA%D9%8A%D8%