پشكی خەڵكی كوردستان لە ناڕەزایەتییەكانی ئێران، فیشەك بوو!
چاوپێكەوتنی دیدارنیوز سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئێران لەگەڵ دكتۆر کامیل دلپەسەند، دكتۆرا لە كۆمەڵناسی پەرەپێدان.
- گفتوگۆکەمان دەربارەی ڕووداوەکانی ئێرانە، دەمانەوێت دواین پێشهات و لێکدانەوەکانی بەڕێزتان لەوبارەیەوە بزانین، بەشێوەیەکی گشتی ئەم ڕووداوانە بە کوێ دەگەن؟
ئەگەر لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە لە کێشەکە بڕوانین، جیا لەوەی کە کوردم، کۆمەڵناسانی پێشین دەڵێن کە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری کۆمەڵایەتی هەیە، ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت لە ڕووداوەکانی پێش خۆی لەبەرچاو بگیردرێت، نەک ئەوەی ڕووداوەکانی داهاتوو چۆن دەبێت. بە دڵنیاییەوە ئێستا لە ئێران ئێمە لەگەڵ کێشەی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووین، کە هەریەک لە کاربەدەستانی ئێرانی، خەڵک، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئۆپۆزسیون ناوێکی لەسەر دادەنێن، لە ئینقلابییەوە بگرە تا جووڵانەوەکان، بەڵام لە ڕاستیدا بنچینەی کێشەکە کۆمەڵایەتییە و دەبێت سەرچاوەی کێشەکان لە تەواوی ڕووداوەکان کە ڕوویانداوە ببینین.
کۆمەڵناسانی ئێرانی هەریەک بە جۆرێک هۆکارەکانیان باسکردووە، بەڵام لە ڕوانگەی منەوە گۆڕانی تەواوی ڕووداوەکانی ئەم دواییە کۆمەڵایەتین و بە دڵنیاییەوە ئەگەر پشت بە خوێندنەوەی مێژوویی لەسەر ئەم کێشەیە نەبەستین، ئەوكات بەهەڵەدا چووین، جگە لەوەش كەڵەكەبوونی تەواوی کێشە چارەسەر نەبووە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران دەبێت چارەسەر بکەین.
- بۆچی ئێمە لەگەڵ درێژخایەنترین ڕووداوی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووین، کە گەورەترینە و زۆرترین کوژراوی تێدابووە؟
ئەگەر چاو لە ڕابردووی مێژووی ئێران لە دوای ڕاپەرینی 1979 بکەین، تەواوی گرووپ و حیزبەکان، بە هێواشی توانەوە و حیزبێک نەما بێجگە لە حیزبی کۆماری ئیسلامیی، دوای ساڵی 1997 و هاتنی خاتەمی کەمێک دەرفەتی گفتوگۆی کۆمەڵایەتی و ئازادی مەدەنی هاتە پێشەوە، بۆیە دەبێت سەردەمی ئەحمەدی نەژادیش ببینین. لە مێژووی کۆمەڵایەتی، ناتوانین سەردەمی ڕۆحانی کە كۆتا دەرفەتی چاكسازیی کۆمەڵایەتی لە ئێران بوو لەبەرچاو نەگرین، هەروەها ناتوانین خۆپێشاندانی ساڵی 2017 و 2018 نەبینین کە تێیدا لەسەر کێشەی بەنزین و ئابووری زۆر کەسی تێدا کوژرا. ناتوانین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێستای ئێران نەبینین کە تەنیا بە ڕەتكردنەوەی بەشێکی زۆری کەسانی دی هەڵبژاێردرا. دواجاریش دەرەنجامی یەکدەستبوونی دەسەڵات لە ئێران و لابردنی سیستماتیکی کاربەدەستانی دەسەڵاتی ئێران لە مێژووی ڕامیاریی ئێران نەبینین، ناكرێت لە نێو توێژینەوەکاندا خۆمان لەو دەنگە بدزینەوە كە گۆڕانكاری كردووە لە نێو هەموو چین و توێژەكانی کۆمەڵگەی ئێرانیدا بە تایبەت لاوان و ڕێكخراوە مەدەنییەکاندا، لە هەمووی گرنگتر زیادبوونی چوار هێندەی ژمارەی دانیشتوان. ئەی سەبارەت بە لایەنكی كولتووری؛ ئێمە ناكرێت لە ئاست گۆڕانکارییەکانی ئێران لە نێۆ جیهانیبوونی كولتوور لە نێۆ پرۆسەیەکی مێژوویی کۆمەڵایەتیدا چاومان دابخەین، تەواوی ئەو ڕووداوە کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕامیاریانەی ئێران ئەگەر تام و بۆنی نەزانینی کاربەدەستان نەبینین نابێت شتێک بە نێوی خۆپیشاندەر نەقەومێت. بە کوردی ژیلەمۆی گۆڕان و خۆپیشاندان لە ئێران تەواوی ئەو ڕووداوانەی ڕابردوو، بەهۆی نەزانیی لە چارەسەرکردنی کاربەدەستانەوە كە هاوتەریب نەبوو لەگەڵ گۆڕانی ویستەکانی هاوڵاتیانی ئێرانەوە. ژیلەمۆی کۆبووەوەی چل ساڵەی ئێران ئاگرەکەی لە ژیناوە هەڵکرا و چینی ژنان وەکو چینێک کە ئێستا زیاتر لە ٤٢ ملیۆن کەسە، کاتێک کە ڕاپەرینی 1979 ڕوویدا، ئێران ٢٧میلیون کەس بوو، دەبینین زیاتر لە یەک و نیو هێندەیە، كاربەدەستانی ئێرانی ئەو گۆڕانکارییانە نابینن و هەروا دەزانن کە ساڵی (1979)ە و بەهەمان شێواز بیردەکەنەوە و بۆچوون و لایەنگریی ئایدۆلۆژی لە شۆڕش دەکەن.
كەواتە دەبینین كەڵەكەبوونی تەواوی کێشە چارەسەر نەکراوەکانی کاربەدەستانی ئێران و دەسەڵاتی ناوەندی و ناتێگەیشتووییان بۆتە ئاگری بن ژیلەمووی هەڵگیسراونی ڕووداوی کۆمەڵایەتی ژینا. ئەو شتەی کە قەوماوە، تێکەڵاوی تەواوی کێشەکانی ڕابردووە لەگەڵ نەزانینی دەستەی کارگێڕانی دەسەڵات لە ئێران. کارگێڕان لە ئێران لە هەموو ئاستێک هاتوونەتە سەر کار کە دەنگی کۆمەڵگە نابیستن و نابینن، کاربەدەستان وادەزانن کە دەزانن، بەڵام نازانن، کاربەدەستانی دەسەڵاتی ناتێگەیشتوو کۆمەڵگە بە دەستی خۆیان لەناو دەبەن، بۆیە تا دەنگ و ڕەنگی کۆمەڵگە نەبینرێت و نەبیسترێت، هەمیشە خۆپیشاندەری توندوتیژ ئەگەری سەرهەڵدانی هەیە.
- واتە پێتوایە کاربەدەستان ئەو هەمووە ناڕەزایەتییانە نابینن؟
لە ڕاستیدا وا باس دەکرێت کە خۆپیشاندەران لە ئێران دنە دراون لە لایەن ئۆپۆزسیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوە. دەسەڵات وا بیردەکاتەوە کە تەنها ئێمە کێشەمان نییە، بۆ نموونە لە خێزانێکدا، ئەگەر گەورەی ماڵ دەنگی گۆڕانی ماڵەکەی نەبیستێ و بە دەسەڵات و توندوتیژی بە هەر شێوازێک دایمرکێنێ، منداڵ کە دەسەڵات پەیدا بکات، ئەو کاتە ڕەواییەتی نامێنێ.
بە پێی توێژینەوەکانی ناو ئێران دابەزینی متمانەی کۆمەڵایەتی تاکەکەسی، ڕێكخراوەیی و سیستمی دەسەڵات هەیە، چ ئاکارێک لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە کراوبێت کە هێمنی بڕەخسێنێت، بۆ نموونە بەرجام وەکو داخوازی نەتەوەیی و جیهانی واژۆنەکردنی تا ئێستا زیاتر لە ۳۰۰ میلیارد دۆلاری زیانی لە ئابووری وڵات داوە، چارەسەرنەکرنی ئەو کێشەیە بووەتە ئەوەی ژیانی هاوڵاتی ئێرانی نەمێنێت، مەگەر داواکاری خەڵکانی ئێران جگە لە ژیانێکی ئاسایی چیدیکەیە، خەڵک لەم سەردەمەدا كۆمەڵگە و شێوازی ژیانی وڵاتانی دیكە دەبینن كە چۆن ژیان دەکەن، هاوڵاتی لە سەردەمی جیهانیبووندا ژیانی ئازاد دەبینێ و پرسیاری بۆ دروست دەبێت، کۆمەڵگە کاتێک پرسیار بکات و کاربەدەستیش ژیر و لێهاتوو و زانا نەبێت، بە دڵنیاییەوە لە نێوانیاندا کێشەی قورس و ناتێگەیشتوویی بەرپا دەبێت، کەواتە کاتێک کاربەدەست زانا نییە و ناشبیسێ و جگە لەوەش دەوەشێنێ و لێشتدەدا و دەشتکوژێ، چ ڕێکارێک بێجگە لە خۆپیشاندانی توندوتیژ چ بژاردەیەک بۆ هاووڵاتی دەمێنێتەوە؟
- تا کاتێک ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی ناوەندی کۆماری ئیسلامیی نەیبیستێ و کاریشی بۆ نەکات هەروا خۆپیشاندان بەردەوامی دەبێت و ڕەنگە ببێتە هەر شێوازێکی دی وەکو ڕاپەرین!
لە هەر قۆناغێكی ئێراندا ناڕەزایەتی ئابووریی چینی چەوساوە یان ناڕەزایەتی ڕامیاریی هەبووە، بەڵام ئێستا شێوەی ناڕەزایەتییەکە کۆمەڵایەتییە، لە ناوچە کوردییەکان و کوردستان و بەلوچستان شێوازی خۆپیشاندان و سەرکوتکردنیشی جیاوازە. ئەوشتەی لە کوردستان دەقەومێ دەسکەوتی چل ساڵ دووبەرەکی سیستماتیکی بە ئەنقەستە لە بەرامبەر کورد و سووننە لە ئێران، بۆیە ڕەخنە و ناڕەزاییەکان زۆر تۆندترە و سەرکوتیش توندترە، ئەگەر لە ناوەند بە داری کارەبایی مامەڵە دەکەن، لە کوردستان بە فیشەکی گولە خەڵک دەکۆژرێ و بڵاوەی پێدەکرێت، بۆیە بە کوشتنی هەر تاکەکەسێک هەزاران خۆپیشاندەر زیاد دەکات، دوای ئەویش خوێندنەوەی ناوەند بۆ کورد خوێندنەوەیەکی هەڵە و لێبڵ لێدانە کە ئەوانە سەربەخۆخوازن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کورد لە ئێران داواکاری سەربەخۆییان نەبووە و لە سەردەمی ڕاپەرینیش هەر ئەوە نەبوو، بەڵام ناوەند بەو بیانووە دەیەوێ زۆرتر سەرکوتیان بکات لە کوردستان و زەبروزەنگی زۆرتر بەکاربهێنێت.
- واتە جیاوازی سیاسی و دووبەرەکی بۆتە هۆکاری توندبوونی خۆپیشاندان لە کوردستان؟
وابیر دەکەمەوە پێشکەوتوویی ڕامیاری لە کوردستان، لەنێو ئێران چل ساڵ لە گەلەکانی دی و لە ناوەندیش زۆر لە پێشترە، داخوازی لە کوردستان سەرچاوەی هەمان داخوازییە کە لە ڕاپەرینی ۵۷ بووە بەڵام پتەوترە، ئێستا بە سەربازیكردن و ئەمنیەتیکردن و پێشیلکردن زۆرترە، کۆمەڵگەی ئێرانی دەبێت بزانێت جگە لە تەواوی ناتێگەیشتوویی ناوەند لەسەر گۆڕانکاری پێشهاتوو، دووبەرەکی نێو کوردستان و بەلوچستان بە ئەنقەست و سیستماتیک کاری لەسەر کراوە، هاوڵاتی کورد بۆ سەرنجدانی ناوەند هەر کارێک دەکات کە ببیندرێ و ببیسترێ، هێشتا ناوەند متمانەی پێی نییە، خوێندەواران و زانایانی کورد لە نێو دەسەڵات نین، چ دەسەڵاتی ئابووری و چ دەسەڵاتی ڕامیاری.
- جگە لەوەش بە ئەنقەست سەرمایەگوزاری لە کوردستان لە لایەن دەسەڵات ناکرێت، بە دڵنیاییەوە نەبوونی سەرمایەگوزاری و نەبوونی ئیش و کار….هتد، سەدان کێشەی تری کۆمەڵایەتی دروستدەکات بۆیە خۆپیشاندان توندوتیژتر دەبێت، ئەمە سەرەڕای جێبەجێ نەکردنی داخوازییە ڕەواکان، زۆڵم و زۆریشت لێ بکرێت، بێدەنگ بیت؟
کوردستان پڕە لە دەرفەتی ئابووری، بە هۆی پرسی کورد و سووننەوە کەسانی لێهاتوو ناگەنە دەسەڵات، پێناسەی کورد بۆتە دووبەرەکی ئەنقەستی دواخستنی کوردستان، بە پێی یاسای ئێران بنەمای ۱۵ و ۱۹ داواکارییەکانی لانیکەم پێناسەی و زمانی تێدایە و چل ساڵە جێبەجێ نەبووە، کاتێک ڕێکخراوە مەدەنییە کوردییەکان، تازە لاوان، پسپۆڕانی کوردی بەهەند وەرناگیرێن، چ ڕێگە چارەیەک بێجگە لە هاوارکردن نییە. کورد لە هیچ شوێنێکی دەسەڵاتی ناوەند نییە، هاوڵاتی ئێران تەنانەت کورد بێت، لە چوارچێوەی یاساش دەرفەتی نییە، بۆیە هەستكردن بە زۆڵم و دووبەرەکی زۆرتری کردووە.
- پێتانوانییە دەبووایە خۆپیشاندان زووتر ڕوویدابا؟
وابیردەکەمەوە کورد لە دەرفەتی هەڵبژاردنی خاتەمی و ئەحمەدی نەژاد و ڕۆحانی بیرۆکەی خۆیان هەبووە و دەربڕیوە، لە دوو خولی خاتەمی و ڕۆحانیدا کورد و سووننە نەبان هەر نەدەبوونە سەرۆککۆمار.
- کێشەی گەورە ئەوەیە کە دانیشتووی ناوەند نەک تەنها دەسەڵات بەش دەکات بۆ کورد بەڵکو لە ناوچە کوردنشینەکان مۆڵەتی کارگێڕی خۆسشی پێنادات، دەسەڵاتداری ناوند لێزانینی ناوچەیی نییە کە پێداویستییەکانی کورد چییە؟
ئەزموونی کوردبوون نازانێت چییە، نازانێت فەرهەنگی کوردیی چییە، دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە ناخ و دڵی کولتووری کوردی هاتۆتە دەرەوە و سەرچاوەکەی ژنانی کۆڵنەدەری کورد لە ڕاست داعیش بووە، کۆمەڵگەی کوردیی لە ناخی خۆی ئازادی تێدا هەڵدەقووڵێت، تەوەری پێشکەوتنی ڕامیاری کوردستان لە ئەزمونی ژیانییەوە هەڵقووڵاوە، بۆیە دەزانێت داواکاری مافخوازانە چییە. لە ناوچە کوردنشینەکان ساڵانێكە داواکاری لە سەر وشەکانی کولتووری کوردییە وەکو بەرخۆدان کە ژیانە، بۆیە لە ماوەی خۆپیشاندی کۆمەڵایەتی لە حاڵێکدا کە زیاتر لە سەد کەس گیانی خۆی لە دەستداوە، دیسان کورد ئازادیی لە منداڵەکانی خۆشتر دەوێت، بۆیە کورد بە سەرکوت و پێشێلکردن لە ئێران دەنگی بۆ مافە ڕەواکانی ناکەوێت، چونکە تەوەری ئازادی لە نێو کەلتووری کوردیدایە، بۆیە پێموایە تا دەستنەکەوێت تەنانەت زۆرتریش میلیتاریزە بکرێت، گەڕانەوە نییە. دەنگی خۆپیشاندان لە ئێران تەنانەت بۆ ژیانێكی ئاساییە، ژیان وەکو گەلانی دیکەی جیهان، تا کاتێک کارگێڕی دەوڵەت و ناوەند نەتوانێت بە پێی زانایی کێشەکان ببینێت و ببیستێ، ئەوا بەدەست نەزانی کارگێڕی خۆیەوە بناڵێنێت شتێك جگە لە لەناوچوون بەرهەم ناهێنێت.
کاتێک تەواوی پسپۆڕان دەڵێن ئەو شێوازە لە حکومەتدارییە ئەمنییەتییە وانابێت، لەگەڵ خۆپیشاندان هەزاران پسپۆڕ و زانا و دڵسۆز و ژینگەپارێز و تەواوی کەسایەتی خەمخۆری کۆمەڵگە لە ئێران دەستبەسەر کراون کە دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی قووڵتری زۆرتر و متمانەی کەمتر بە دەوڵەت و كاربەدەستان، دەبێت چاوەڕێی چی بکەین، بێگومان دیارە.
- تەنها سەیرکردن لە ئەمنییەت حوکمڕانی بارودۆخەکە چاک نابێت و نامێنێتەوە، بۆیە پێموایە داواکاری لانیکەمی کورد لە ئێران حوکمڕانی زانستییانەیە لە سەر بنەمای زانست و کارگێڕانی کوردە، بە پێی سەرمایەی مرۆیی کە لە نێۆ کارگێڕیی دەسەڵات و ئابووری و ڕامیاری دانین، بۆیە تا کاتێک ئەو دەنگانە نەبیسرێ و تا کاتێک متمانەی لەدەستچووی بەدەست نەیێتەوە، کێشەکان لە ئێران چارەسەر نابن و قووڵتریش دەبنەوە. بۆچوونی جەنابتان چییە؟
خاڵی دواتر ئەوەیە کە هەموو ناڕاستییەك ڕۆژێك ڕوون دەبێتەوە و حوکمڕانی نادروستیش دەردەکەوێت، کۆمەڵگە دەستبەسەر ناکرێت، کۆمەڵگەی ئێرانیی ئازادیخواز بە ئایدۆلۆژی کۆ نابێتەوە، وڵاتێک کە فرەنەتەوەیە بە یەک ئایدۆلۆژی مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت، حکومەت لە ئێران دەبێت چارەسەری بیستن و بینین و ناڕەزایەتی هەبێ و بە نەزانیی خۆی نەمێنێتەوە، چونکە پرسەكە شتێک نییە هێندە سادە بێت، پرسێك كە تێیدا سەدان کەس کوژراوە. داخوازی گەلانی ئێران پرۆسەیەکی مێژووییە و لەسەریەک كەڵەكە بووە و هەرجارە و بە شتێک خۆی نیشاندەدات. گەلانی ئێران هەموو جارێک لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی خۆیان ڕاگەیاندووە، دەرەنجام ئەوەیە ئەگەر حوكمڕانی ناوەند بە درێژە بەم جۆرە لە سیاسەتكردن و بەڕێوەبردن بدات، تەنانەت خۆپیشاندانیش نەبێت، هەر بە ڕێكار و حوكمڕانی هەڵە خۆی دەبێتە هۆکاری ڕووخانی زۆر بناغەی ڕەسەنی ئەو کۆمەڵگەیە. بۆیە تا درەنگ نەبووە حکومەت بیسەر و بینەری ئەم ناڕەزایەتیانە بێت باشترە. کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە چاولێکردنی یەکسان لە حکومەتی ناوەند بۆ گەلانی ئێران هەیە بە تایبەت کورد کە زۆرترین قوربانی داوە.
- پەیوندییەک هەیە لە نێوان پێشنەکەوتنی ئابووری لە ناوچە کوردییەکان و خۆپیشانداندا؟ یان مەهسا ئەمینی ئەگەر کورد نەبووایە ئەم باروددەخە وای لێدەهات؟
بە دڵنیاییەوە نەخێر. ژینا ئەمینی بە دەست گەشتی ئیرشاد وای لێهات، پێش ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەدان ڕووبەرووبوونەوەی دژە مرۆییان دانابوو، هاوڵاتی ئاگادار هەم دەزانێت کاری دروستی حکومەت چۆنە، هەم ناكارامەییشی دەبینێت، بەڵام ئەو شتەی ئێستا دیارە ئەوەیە هیچ چەشنە گۆڕانێك لە بیروبۆچۆن و مامەڵەی دەوڵەتی ناوەند نابینرێت و هەروا لە شوێنەوارە ئایدۆلۆژییەکان دەنگێک دەبیسترێت، بۆیە زۆربەی شارەزایان و پسپۆران لە گۆڕانی ڕوانگەی حکومەت نائۆمێد بوون و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتوو نابینن. لە هەمانحاڵدا هیچ پاشەكشێیەك لە هەڵوێستی خەڵک نابینرێت و هەروا لە هەمان باوەڕی تێکچوونی زۆرێک لە بنەماکانی ئایدۆلۆژی دەوڵەتی ناوەندن. بە دڵنیاییەوە گۆڕانکارییەکان وا بە ئاسانی ناکرێت و نرخی ئازادی لە زۆر بواردا زۆر سەخت و قورستر دەبێت و درێژخایەنە و ئاگری ژیلەمۆی کۆمەڵایەتی رۆژ بە ڕۆژ خۆی نادیارتر و بەردەوامتر دەکات. ڕێگەچارەی کێشەکان هەنگاوی کۆمەڵایەتییە، نە گرتن و نە درۆ لە سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژیانی ئاسایی خەڵک جارەسەر ناکات، پێداویستیی کۆمەڵگەی ئێرانیی هیچ چارەسەرێكی جگە لە چاكسازی و وتووێژ نییە.
- کۆمەڵناسان باسی وتووێژ و چاكسازی دەکەن، جەنابت چ پێشنیازێکت هەیە؟
کۆمەڵناسانی كلاسیك دەڵێن کاتێک گۆڕانێک بەسەر کۆمەڵگەدا دێت، زانینی ئەو گۆڕانە و چارەسەرکردنی ڕێک لە ناو ناخی کۆمەڵگەدایە، پێموایە هاوڵاتیی ئێرانی زۆر دووڕوویی لە حکومەتی ناوەند دیوە و تەنیا وەکو کاسبکاران کە دەڵێن پارەی نەقد قسە دەکات، ئەویش دەبێت ئاوا چارەسەری کردارییان هەبێت. دواخستن و لەكەنان ڕێگە چارە نییە، حکومەتی ڕاستەقینە لە پرسیار ناترسێت و ڕیفراندۆم لانی کەمی داخوازی گەلانی ئێرانە بۆ پرسەكانی کۆمەڵگە. بۆ کوردیش ئۆتۆنۆمی ناوچەیی کە بەرپرسانی دڵسۆزی ناوچەكانی خۆیان بن لە چوارچێوەی حکومەتی ناوەندی، کە ئەوە لانی کەمەکەیەتی. دیموکراسی بۆ ئێران زۆر لەمێژە باسی هەیە و جێبەجێكردنی بێ کەم و کووڕی دەستوور لە ئێران، شتێکی کۆنیش نییە.
- ئەگەر وایە بۆ بەربەست هەیە؟
حکومەتی ڕاست لە پرسیار و داواکردن ناترسێت. کاتێک سەرکوت هەیە، ترس هەیە، حکومەتی باش ترسی داهاتووی نییە. دڵنیام کە کورد لە ئێران وەکو گەلێک لە گەلانی نێو چوارچێوەی ئێران دەزانێت چی بکات، داواکاری ئازادی و یەکسانی لەسەر مافی خۆی داواکارییەکی کۆن و بەردەوام و ڕاستەقینەیە.