حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كانی كوردستان و پرسی نوێگه‌ری
مەولود باوەموراد
پێشه‌كی
بابه‌تی نوێگه‌ریی و بهدهسنیشانكراوی نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی له كار و جوڵه‌ی حزب و كۆمه‌ڵه ئیسلامییه‌كاندا پێویستییه‌كی ژیانی و مه‌نهه‌جیه، له‌لایه‌ك گۆڕانه هه‌میشه‌یی و نه‌بڕاوه‌كه‌ی دیارده‌ی سیاسه‌ت ده‌یسه‌پێنێ، له‌لای دووەمه‌وه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه پێویستییه‌كانی گۆڕانكاری ژیانی كۆمه‌ڵگه ده‌یانهێنێته پێشه‌وه و پرسی نوێبوونه‌وه ده‌كاته زه‌روره‌تی واقیعه‌كه، له‌لای سێهه‌مه‌وه هه‌بوونی ئیراده‌ی نوێگه‌ریی و نوێكردنه‌وه‌ی كایه‌كانی ژیان، گوزارشته له كارایی و زیندویه‌تی و ڕۆحیه‌تی به‌رده‌وامی و ئاینده‌گه‌ریی و په‌ره‌پێدانی كۆمه‌ڵگه.
ده‌ستپێكی ئه‌م بابه‌ته به تیشك خستنه‌سه‌ر مانا زاراوه‌یی و ده‌لاله‌ته‌كانی چه‌مكی نوێبوونه‌وه و پێناسه‌كردنی له دید و بۆچوونه جیاوازه فیكری و کولتوورییهكانهوه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كردن به بنهڕهتسازی (تأصیل) ئه‌م چه‌مكه له‌سه‌رچاوه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئیسلامدا، هۆكاری ئاڵوزی ده‌لاله‌ت و جێكه‌وته جیاوازه‌كانی له‌سه‌ر فیكر و تێگه‌شتنی گشتی ده‌خه‌ینه ڕوو. له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كردنێكی خێرا به خه‌سڵه‌ته‌كانی چه‌مكی سیاسه‌ت و پێناسه‌كردنی له‌دیدی پسپۆڕانی بواره‌كه‌وه، ڕۆڵی ئه‌م چه‌مكه له هه‌ردوو لایه‌نی فیكری و كرده‌ییه‌وه، وه‌ك ئامڕازێكی سه‌ره‌كی بۆ به‌رده‌وامكردنی كار و چالاكی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه‌كان له‌دۆخه گۆڕاوه‌كاندا.
له‌م بابه‌ته‌دا به ئاماژه‌كردن به واقیعی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و خوێندنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كانی كوردستان، پرسی نوێكردنه‌وه‌ی سیاسی له بواری فیكری و ڕێكخراوهییاندا ده‌خه‌ینه به‌رباس.
له به‌شه‌كانی كۆتاییدا ئاماژه به هۆكاره‌كانی لاوازی و بێڕه‌نگی پرسی نوێگه‌ریی سیاسی له فیكر و ئامڕازی كار و جوڵه و پرۆژه‌ی سیاسی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كان به‌گشتی و هه‌رێم ده‌كه‌ین، له دوا وێسگهشدا به ئاماژه‌یه‌كی كورت، دۆسیه‌ی ئه‌و بابه‌تانه به‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه كه بوونه‌ته سه‌نته‌ری مشتومڕی پرسی نوێكردنه‌وه‌ی سیاسی له جووڵانه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا.
چه‌مكی نوێبوونه‌وه، ئاڵۆزی پێناسه
نوێ و نوێبوونه‌وه به‌مانا زهمهنییهكهی واته له ئێستادابوون و هاوچه‌رخبوون، وه‌ك گوزارشتێك بۆ ئه‌و كاته‌ی كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كانی تێیدا ده‌ژی به هه‌موو دوراییهكانییەوه.
چه‌مكی نوێبوونه‌وه و پرسی نوێگه‌ریی (التجدید) زاراوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش و په‌سه‌ند و مایه‌ی ڕالێبوونه، له‌گشت كایه‌كانی به‌كارهێنانیدا، له‌ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه مرۆڤ به‌سروشتی خۆی مه‌یل و ئاره‌زووی به‌لای هه‌رشتێكی نوێدایه، به‌مانای تازه‌ی جێگره‌وه‌ی كۆن و به‌سه‌رچوو، له هه‌مان کاتدا لە مانا سەردەمیەکەیدا نوێبوونەوە چەمکێکی مشتومڕخێز و ئیشکالیەتئامێزە، جێگەی هەرا و دەمەقاڵێ و جیاوازی و بەریەککەوتنی فیکری و مەعریفییە، لانی کەم لە ناوەندە ڕۆشنبیری و فیکرییەکەی جیهانی ئیسلامی‌دا.
چەمکی نوێگەریی و نوێبوونەوە پرۆسەیەکی بەردەوامە، کە دەربڕی ئارەزو و ئیرادەیەکە، بۆ بەرهەمهێنان و داهێنانی نوێ، بە نوێکردنەوەی فەزای ژیان لە ڕەهەندە جیاوازەکانیدا، و پاڵنانی ڕەوڕەوەی ژیان بەرەو پێشەوە، بەمەبەستی بەجێهێشتنی دۆخە بەسەرچووەکانی ناو ژیان، کە لێکەوتەی هەمەجۆر لەسەر ژیان و ڕەوتی شارستانییەتی مرۆڤایەتی دادەنێت.
نوێبوونەوە بەم مانایە جیاوازییەکی قووڵ و ڕیشەیی هەیە، لەگەڵ حەز و شوێنکەوتنی مۆدێلگەرایی، و عەوداڵبوونی هەموو تازەیەک، و خۆگۆڕین لەگەڵ هەموو مۆد و باوێکی تازەدا و بە کۆن دانانی هەمووشتی باش و بەکەڵکی دوێنێی نزیکدا.
نوێبوونه‌وه، چه‌مكێكی فیكری و ژیاری خوازراوه، هه‌موو كه‌س و كۆمه‌ڵه و حزب و ئایدیۆلۆژیایه‌ك به شانازیه‌وه خۆیان ده‌ده‌نه پاڵی و بانگه‌شه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی خۆیان و كۆمه‌ڵگه و ژیان ده‌كه‌ن، له هه‌مان كاتدا ئاڵوز و ته‌مومژاویه، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی لێكۆڵینه‌وه و توێژینهوهگهلێكی فراوان ده‌رباره‌ی چیه‌تی و ده‌لاله‌ت و ڕۆڵ و میتۆدی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كردنیدا، هێشتا ئاڵۆزی چه‌مكه‌كه‌ی یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه، له‌به‌ر زۆر هۆ، لێره‌دا ئاماژه به‌چه‌ند خاڵێكیان ده‌كه‌ین:(1)
1- نوێگه‌ری له بنه‌ڕه‌تدا له ڕیزبه‌ندی بابه‌ته به‌هاییه‌كانه -قیهمیهكان- هه‌موو ئاڕاسته و ته‌وژم و ناوه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕوناكبیری خۆی وا ده‌خاته ڕوو، كه ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆ گرتووه، به جۆرێك ته‌نانه‌ت چهقبهستوترین و کۆنسێرڤەتیترین ڕه‌وت و ته‌وژمی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری بانگه‌شه‌ی نوێبوونه‌وه بكه‌ن.
2-پرسی نوێبوونه‌وه به ئیمتیاز سروشتێكی فیكری و له هه‌مان كاتدا ئینسانی گشتی هه‌یه، هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك خاڵی نییه له جۆره وێناكردنێكی ئه‌م پرۆسه‌یه، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می هه‌ڵكشانی ئایدیۆلۆژیا و باوه‌ڕه فیكری و سیاسییەكاندا، هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی فیكری و ڕه‌وتێكی فه‌لسه‌فی به‌شێكی چالاكییه‌كانی تایبه‌ت ده‌كرد به لێكۆڵینه‌وه‌ی بابه‌تی نوێبوونه‌وه.
3- به‌شداری زۆرێك له‌و چه‌مك و زاراوانه‌ی كه له مانای گشتییاندا ئاوێته ده‌بن له‌گه‌ڵ مانا و ده‌لاله‌ته‌كانی چه‌مكی نوێبوونه‌وه‌دا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو چه‌مكه هاوواتاكان به‌لای مانا و واتای “نوێبوونه‌وه و تازه‌بوونه‌وه”داده‌كشێن، ئه‌م ئاوێته بوونه دهلالهتیه واده‌كات به‌رده‌وام ئه‌و دیاردانه‌ی ئه‌م چه‌مكه گوزارشتی لێ ده‌كه‌ن، به ئاڵۆزی بمێننه‌وه.
له‌و چه‌مكانه‌ی هاوواتا و هاودهلالهتیان له‌گه‌ڵ چه‌مكی نوێبوونه‌وه‌دا هه‌یه: مۆدێرنێته، هاوچه‌رخی، ڕۆشنگه‌ری، ئیسڵاح، بوژاندنه‌وه، په‌ره‌سه‌ند، ڕابوون، و … هتد.
بۆ بواردنی به‌شێك له‌م ئاڵۆزییه، پێویسته لێكۆڵینه‌وه له چه‌مكی نوێبوونه‌وه به پرسیاره‌كانی (بۆچی) واته هۆی ئه‌نجامدانی چیه؟ و (له‌به‌رچی) واته ئه‌نجامدانی بۆ چ مه‌به‌ستێكه؟ (چۆن) واته به چ میتۆد و ڕێگه و ئامڕازێك ئه‌نجام ده‌درێت؟ به‌م پرسیارانه له‌لایه‌ن لێكۆڵه‌ره‌وه چه‌مكی نوێبوونه‌وه، هه‌ڵاوێر ده‌بێت، له‌و چه‌مكانه‌ی نزیكی مانا و هاودهلالهتیان له‌گه‌ڵی هه‌یه و خاوێن ده‌بێته‌وه، له‌لای دووەمه‌وه سنووره مه‌عریفییه‌كانی چه‌مكی نوێبوونه‌وه ده‌سنیشان ده‌كات و له چه‌مكه‌كانی تری جیا ده‌كاته‌وه.
چه‌ند سه‌رنجێكی پێویست له‌پرسی نوێوونهوهدا
له قسه‌كردن سه‌باره‌ت به پرسی نوێبوونه‌وه، پێویسته ئاماژه به دوو خاڵی په‌یوه‌ست به پرۆسه‌ی نوێبوونه‌وه بكرێت:
یه‌كه‌م: پرسی جیاكردنه‌وه وجیاوازیكردن له‌نێوان چه‌مكی (دین ) و (دینداریدا) (ا‌لدین والتدین) له‌و بابه‌ته هه‌ستیارانه‌یه كه زۆرترین ناكۆكی و ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، ده‌كرێ به‌پشتبه‌ستن به پێناسه‌ی دین و ئاماژه بۆ دینداری به‌مانا فراوانه‌كه‌ی پرسه‌كه ڕوون بكرێته‌وه، زانایانی شه‌ریعه‌ت و پسپۆڕانی ئایینناسی له‌پێناسه‌ی ئاییندا كۆكن له‌سه‌رئه‌وه‌ی، كه دین: ئه‌و په‌یام و ڕێسا خوداییانهیه، كه پێغه‌مبه‌ران بۆ گه‌یاندنی به مرۆڤه‌كان ڕاده‌سپێرێن، به مه‌به‌ستی ڕێنماییكردنی خه‌ڵك به‌ره‌و عه‌قیده‌ی ڕاست و مامه‌ڵه‌ی چاك، به‌چوونه ناو په‌رژینی ئه‌و ڕێسایانه و سهرلهبهربوونی فه‌رمان و نه‌هیه‌كانی، به‌خته‌وه‌ری دنیا و دواڕۆژ به‌ده‌ست ده‌هێنن.(2) له پێناسه بڵاوه‌كانی عورفی زانایانی شهرعناسدا، ئایین: گوێڕایه‌ڵی و سه‌رله‌به‌ریی ئازادانه‌ی مرۆڤه، بۆ ڕێسا نێردراوه‌كانی عه‌قیده و ئه‌خلاق و خوداپه‌ره‌ستی و مامه‌ڵه‌كردنی ژیان له‌لایه‌ن خوداوه، به‌جۆرێك كۆی قه‌واره‌ی بوونی بگرێته‌وه، به‌مه‌به‌ستی چاك ژیان له دنیا و سهرفهرابوون له ڕۆژی دوایی، به‌م مانایه ئایین وێناكردنێكی گشتی و ڕه‌ها و باڵایه، بواری گۆڕینی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه تێدا نییە(3).
به‌م مانایه نوێگه‌ریی له‌دیندا ده‌كاته پرۆسه‌یه‌كی عه‌قڵی مرۆڤه شه‌رعزان و بیرمه‌ند و خاوه‌ن عه‌قڵه داهێنه‌ره‌كان، بۆ ده‌ستخستنی ده‌لاله‌تی نوێ و تێگه‌شتن و ڕاڤه‌ی نوێ، به سه‌رنجدان و تێگه‌شتن له پرس و پێویستییه‌كانی واقیعی ژیانی كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كانی، به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنی موماره‌سه‌ی ژیان له‌گه‌ڵ ڕێساكانی دین و فه‌رمانه‌كانیدا، له قۆناغه مێژوویه جیاوازه‌كاندا، نه‌ك نوێكردنه‌وه‌ی خودی (دین) وه‌ك ده‌قی خودایی كۆتایی هاتوو، به زیاد و كه‌مكردنی، نوێبوونه‌وه به‌رهه‌می عه‌قڵ و تێگه‌شتنی مرۆڤه له‌كات و شوێن و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی خۆیدا، به‌شێكه له مێژووی کولتووری زانست و مه‌عریفه‌ی ئیسلامیی، له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌هایه‌كی سیمبولی و زانستی و فێركاریدا، پیرۆز و پارێزراو له ڕه‌خنه و گۆڕین و ڕه‌تكردنه‌وه نییه.
دووەم: كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی له ئێستادا، له سه‌رده‌می قۆناغی چواره‌می شۆڕشی پیشه‌سازیدا ده‌ژی، كه به شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و په‌یوه‌ندی ناسراوه، مرۆڤایه‌تی خستووه‌ته به‌رده‌م گۆڕانێكی خێرا و شۆكهێنهرهوه، كه به‌هۆیه‌وه زۆرێك له شته مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانی ژیان، ئامڕازه‌كانی زانست و زانیاری و مه‌عریفه و كایه‌ی بیروڕا و بینینی شته‌كان و جوڵه و ڕه‌فتاری مرۆڤه‌كانی به‌توندی خستووه‌ته ژێر كاریگه‌ریی خۆیه‌وه، مرۆڤایه‌تی له‌دیمه‌نی كۆمه‌ڵێك پارادۆكسی بازدانێكی بێ پێشنییەدا ده‌ژی، سیاسەتكردن و شه‌ڕ و ئاشتی و په‌یوه‌ندی و دابڕان، تایبه‌تمه‌ندی نیشتمانی و نێوده‌وڵه‌تی بوون، له هەمان کاتدا ئاوێته‌ی له‌جیهاندا بوونه، ته‌نیابوونی مرۆڤ و له هه‌موو جیهاندا بوونی، نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی كۆنترۆڵ و پاراستنی نهێنی و په‌نهانكردنی زانیاری له‌لایه‌ك و به‌ده‌سهێنانی به‌لێشاوی زانیاری، سات بهساتبوونی ڕووداو و پێشهاته‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان و به‌جیهانیبوونی سیاسه‌ت، مرۆڤی سه‌رده‌م، له ژیانی مه‌جازی تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێتدا، جێگه‌یه‌كی تری بۆ پێكه‌وه‌ژیان و ئاڵوگۆڕی بیر و ئه‌ندێشه‌كانی و ئه‌زمونكردنی ژیان هه‌یه، كه كاردانه‌وه و وه‌رگرتن و پێدانی تێدا ڕووده‌دات، كاریگه‌ری به‌سه‌ر ژیانی واقیعییه‌وه به‌جێ دەهێڵێت، له‌به‌رده‌م ئه‌م گۆڕانه خێرا و مه‌زنه‌دا، كه نه‌مانی یه‌قین به‌سه‌ر شته‌كاندا زاڵه، وه‌ك “پۆڵا ڤێریلیۆ” وای بۆده‌چێت: ئایا مرۆڤایه‌تی به‌ر مه‌ترسی هه‌ستانی قیامه‌تی ڕۆشنبیری ده‌كه‌وێت؟ یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كات و شوێن؟(4) هه‌موو ئه‌مانه و داهاتووی پێشبینی نه‌كراوی تریش، پرۆسه‌ی خۆپاراستن و ده‌ستگرتن به تایبه‌تمه‌ندی و سیفه‌ته كه‌سییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگه‌وه و پاراستنی شوناس و کو‌لتوور و خه‌سڵه‌ته مێژوویی و سروشتییه‌كانی گه‌لان و ئایینه‌كانی خستووەتە به‌ر مه‌ترسی له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شان و شێوانی ئاڕاسته، ڕه‌وتی نوێبوونه‌وه‌ش یه‌كێكه له‌و پرسانه‌ی له‌به‌رده‌م هه‌مان قه‌یراندایه.
بنهڕهتسازی و پێناسه‌ی چه‌مكی نوێبوونه‌وه
مێژووی ده‌ركه‌وتنی چه‌مكی نوێبوونه‌وه و به‌كارهێنان و گفتوگۆ له‌سه‌ركردنی وه‌ك پرسێكی مه‌عریفی، هاوكاته له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئایینی ئیسلام و سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر محەممەد (درودی خوای له‌سه‌ر) به‌گوێره‌ی ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی كه “ئه‌بوداود” له “ئه‌بوهوره‌یره”وه گێڕاویه‌ته‌وه، كه پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) فه‌رمویه‌تی: (إن الله یبعث لهذه اڵامة علی رأس كل مائة سنة من یجدد لها دینها.)(5) واته: خودا له‌سه‌ری هه‌ر سه‌د ساڵێكدا كه‌سێك ده‌نێرێت بۆ ئه‌م ئوممه‌ته كه دینه‌كه‌ی بۆ نوێ بكاته‌وه.
ئه‌م فه‌رمووده‌یه ئاماژه‌ی گومانبڕی ئه‌و ڕاستییه‌یه كه پرسی نوێبوونه‌وه و چه‌مكی نوێگه‌ریی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی‌دا شه‌رعیه‌تی له سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی دینه‌وه وه‌رگرتووه و به‌شێكه له فه‌رهه‌نگ و مه‌عریفه و زانستی دین له كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی‌دا، وه‌ك ئامڕازی داهێنانی مانا و ده‌لاله‌ت و تێگه‌شتنی نوێ له سه‌رچاوه‌كانی دین له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا، له‌لایه‌ك به مه‌به‌ستی هه‌میشه نوێبوونی دین و ئاماده‌یی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی پرس و پێویستییه‌كان ده‌یهێننه ئاراوه، له‌لای دووەمه‌وه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دراوه نوێ و دیارده شرۆڤه نه‌كراوه‌كان و پرسه پێناسهنهكراوهكان و پرسیاره تازه‌كانی ناو كایه‌كانی ژیان، له‌ڕێگه‌ی سه‌رله‌نوێ هێنانەوەی زمانی ده‌قه پیرۆزه‌كانه‌وه، به‌مه‌ش یه‌كێك له ئه‌ركه جه‌وهه‌رییه‌كانی پرۆسه‌ی نوێبوونه‌وه، كه پاراستنی ده‌قه‌كانی دینه له به‌سه‌رچوون و به‌رده‌وامكردنی كاریگه‌ری و به زیندویه‌تی مانه‌وه‌یه‌تی، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ندا و تێپه‌ڕاندنی دیارده‌ی كۆنبوون و لهكهڵككهوتنی.
لێره‌وه وشه‌ی نوێكردنه‌وه و پرسی نوێگه‌ریی (التجدید) بووه یه‌كێك له وشه باو و ناسراوه‌كانی ناو سه‌رچاوه مه‌عریفی و زانستییه‌كانی مێژووی کولتووری ئیسلام، له بیر و فه‌رهه‌نگی ئیسلامدا ئاماده‌ییه‌كی به‌رچاوی هه‌بووه، وه‌ك ئامڕازێكی پرۆسه‌ی ئیجتیهاد.
به‌هه‌مانشێوه وشه‌ی نوێگه‌ری و نوێبوونه‌وه له مێژووی کولتووری زانست و مه‌عریفه‌ی ئیسلامی‌دا، بووه نازناوی ئه‌و زانا و بیرمه‌ند و موجته‌هیدانه‌ی، ڕۆڵی دیار و دانپێدانراویان هه‌بووه له به‌رهه‌مهێنانی تێگه‌شتن و بۆچوون و وێناكردنی نوێ و جیاواز له‌دۆخی باو، له‌سه‌رچاوه‌كانی قورئان و فه‌رمووده‌ی سه‌حیحه‌وه، به مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی ته‌قلیدكردنی ئه‌وه‌ی هه‌یه، بۆ په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و نوێیه‌ی كه زه‌روره هه‌بێت، به‌مه‌ش پرۆسه‌ی نوێبوونه‌وه به‌مانای خستنه‌ڕوی ئه‌ڵته‌رناتیڤی شێوازی مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ دۆخه نوێكان و پێویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دایه له‌بازنه فراوانه‌كه‌ی سه‌رچاوه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئیسلامدا.
له‌م سۆنگه‌وه گرنگه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی بایه‌خ به پێویستبوونی پرسی نوێبوونه‌وه ده‌ده‌ن، دركی ئه‌وه بكه‌ن كه پرسی نوێگه‌ریی پرسێكی لابه‌لایی و كه‌م بایه‌خ نییە، كه دین و ژیان و دۆخی كۆمه‌ڵگه و ڕێڕه‌وی مێژوویی په‌یامی ئاسمان، ناتوانێت به‌بێ ئه‌و له پێشهوایدا به‌رده‌وام بێت.(6)
زۆرێك له زانایانی زانسته ئیسلامییه‌كانی وه‌ك: زانستی عه‌قیده، كه‌لام، زانستی فیقهـ،، زانستی ئوسوڵی فیقهـ، زانستی قورئان و ته‌فسیر، زانستی فه‌رمووده‌ناسی و ڕاڤه‌ی فه‌رمووده، زانستی تەزكیه و ئه‌خلاق، زانستی مێژوو، زانستی بانگخوازی، زانستی جوگرافیا و … هتد، به نوێگه‌ره‌وه ناوزه‌د كراون، وه‌ك ئیمامی شافیعی، ئیمامی غه‌زالی و زۆری تریش، هه‌روه‌ك له‌سه‌رده‌می نوێشدا زۆرێك له ئه‌ندامان و لایه‌نگران و هه‌وادارانی كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین (حەسەن بەننا) و شوێنكه‌وتوانی (محەممەد عەبدولوەهاب) به‌ئیمامی موجهدەد ناوزه‌د ده‌كه‌ن.
پێناسه‌ی چه‌مكی نوێگه‌ریی
نوێبوونه‌وه پرۆسه‌یه‌كی قورس و سه‌نگینه، له سه‌ره‌تای ئیسلامدا ئه‌ركی دۆزینه‌وه‌ی ڕێڕه‌وه‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی دینی له ئه‌ستۆ گرتبوو، له‌سه‌رده‌می ئێستاشدا ئه‌ركی خاوێنكردنه‌وه و ڕزگاركردنی دینه، له‌وه‌ی بۆی زیاكراوه و پێوه‌ی لكێنراوه، وه‌ك لهپێناسهكاندا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ین.
له كۆبینی گشتیدا پرۆسه‌ی نوێبوونه‌وه به‌رهه‌می تێڕامان و بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵی مرۆڤه‌كانه، له مامه‌ڵه‌كردن و كارلێكی هه‌میشه‌ییان له‌گه‌ڵ دیارده و دراوه‌كانی واقیعی ژیان و گۆڕانكارییهكانیدا، به‌مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی دید و بۆچوونێكی نوێ، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرس و پێویستییه‌كی دهسنیشانكراوی ژیانی كۆمه‌ڵگه، یان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره نوێكانی ژیان، یان بۆ به‌رده‌وامكردنی خودی پرۆسه‌ی نوێكردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی دید و فیكری نوێ و كردنه‌وه‌ی ئاسۆكان له‌به‌رده‌م پرسه‌كانی داهاتوودا.
سه‌ره‌تای پێناسه‌ی نوێبوونه‌وه به پێناسه‌یه‌كی مێژویی ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، زانای موجته‌هید و فه‌رمووده‌ناس (محەممەد عه‌بدولڕه‌ئوف ئه‌لمه‌ناوی 952ه-1031القاهره) له به‌رگی دووەمی كتێبی (فهیزولقهدیر)دا له ڕاڤه‌كردنی فەرمووده‌ی نوێكردنه‌وه‌دا، به‌مشێوه پیناسه‌ی نوێبوونه‌وه ده‌كات: (یجدد لها دینها)، واته: میانه‌ی نێوان سوننه‌ت و بیدعه‌یان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه، زانست بڵاو ده‌كاته‌وه، پشتیوانی ئه‌هلی زانست ده‌كات، بیدعه‌چیان تێکدهشكێنێ و سه‌رشۆڕیان ده‌كات.(7)
كه‌سایه‌تی زانا و ڕۆشنبیر و سیاسی (محەممەد ڕه‌شید ڕه‌زا 1865-1935) خاوه‌نی ته‌فسیری مه‌نار و هاوبیر و هاوكاری ڕێبه‌رانی بزووتنەوەی ئیسڵاحگهری سه‌ده‌ی نۆزده، به‌ڕێبه‌رایه‌تی (جه‌ماله‌دینی ئه‌فغانی) و یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانی حزبی (عوسمانی بۆ لامه‌ركه‌زیه‌تی ئیداری) له قاهیره ساڵی 1912، له پێناسه‌ی نوێبوونه‌وه‌دا، ده‌ڵێت: (مه‌به‌ست له نوێكردنه‌وه‌ی دین ‘ئیسلام’ نوێكردنه‌وه‌ی هیدایه‌تی دینه، ڕوونكردنه‌وه‌ی ڕاستی و شایستهتربوونییەتی، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وشتانه‌یه ڕوو له شوێنكه‌وتوانی ده‌كات، له بیدعه و په‌ڕگیری تێیدا، یان ساردبوونه‌وه له جێبه‌جێكردنی، و ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی و سوننه‌ته‌كانی گردبوونه‌وه خه‌ڵك و ئاوه‌دانی له شه‌ریعه‌ته‌كه‌یدا.)(8)
هه‌رچی (دكتۆر یوسف قهرزاویه) پێناسه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی به‌مشێوه كردووه: (نوێكردنه‌وه‌ی شتێك هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ دۆخی كاتی ده‌ركه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانی، به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ كۆنیدا، وه‌ك تازه ده‌ربكه‌وێت، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی توندوتۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌گه‌ز و بابه‌تانه‌ی پوكاونه‌ته‌وه، تهرمیمكردنی ئه‌و به‌شانه‌ی ڕزیون، پێكه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی لێكترازاوه، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ وێنه‌یه‌كی نزیك له وێنه‌ی یه‌كه‌مجاری). له ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری پێناسه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: (نوێكردنه‌وه به‌مانای خستنه‌ڕووی چاپێكی نوێ له‌دین نییە، به‌ڵكو گێڕاندنه‌وه‌ی دینه بۆ ئه‌و شێوه‌ی كه له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر) و هاوه‌ڵانی و شوێنكه‌وتوانیان به‌چاكه هه‌بووه، به‌رله‌وه‌ی بیدعه‌ی بیدعهچیانی تێكه‌ڵ بێت و تهنگكردنهوهی توندهڕوان، لاڕێ‌بوونی لاده‌ران، ته‌ئویلی نه‌فامان و تووشی ده‌ردی شێواندن بێت كه پێشتر فیرقه و ڕه‌وته‌كانی ناو ئیسلام كردیان.(9) ده‌رباره‌ی كایه‌كانی نوێكردنه‌وه، ده‌ڵێت: (نوێكردنه‌وه‌ی دین-ئیسلام- به‌ده‌ق جێگیر كراوه، لایه‌نه‌كانی فیكری و ڕۆحی و كرده‌یی ده‌گرێته‌وه، ئه‌مه ئه‌و لایه‌ن و بوارانه‌ن، كه ئایینی ئیسلام دهیانگرێتهخۆی، زانست، باوه‌ڕ، كرده‌وه.)(10)
له‌و بیرمه‌ند و نووسه‌رانه‌ی، بایه‌خه‌یان به بابه‌تی نوێگه‌ریی داوه (دكتۆر عه‌بدولجه‌بار ڕوفاعیه)، كه به‌پێناسه‌یه‌كی زاراوه‌یی چه‌كمی نوێگه‌ری ده‌ست پێ ده‌كات و ده‌ڵێت: (نوێبوونه‌وه له فه‌رهه‌نگی زاراوه‌كانی زمانی عه‌ره‌بیدا به‌مشێوه‌یه هاتووه “هێنانه ئارای شتێكه باو و بڵاو نه‌بێت، وه‌ك داهێنانی بابه‌تگه‌لێك، یان شێوازگه‌لێك له‌بابه‌ت و شێوازه زانراو و كۆده‌نگی لهسهربووهكان به‌ده‌ر بێت”. مه‌به‌ستم له نوێكردنه‌وه، نوێكردنه‌وه‌ی تێگه‌شتنه له دین، ده‌ستنیشانكردنی وه‌زیفه خولگهییهكهی-میحوه‌ریی- دینه له ژیاندا و بیناكردنه‌وه‌ی میتۆده‌كانی ته‌فسیری قورئانی پیرۆز و ده‌قه‌كانی دینه، بیناكردنه‌وه‌ی زانست و مه‌عریفه‌كانی دینه، له‌به‌ر ڕۆشنایی زانسته مرۆییه‌كان و جۆره‌كانی تری زانستی نوێ‌دا.)(11). له‌شرۆڤه‌ی ناوه‌خنی پێناسه‌كه‌یدا ئاماژه به كاریگه‌ری ئه‌و زانسته ئیسلامییه كۆنانه ده‌كات، كه ساڵانێكی زۆره ده‌ستی نوێكردنهوەیان پێگەیشتووه و كاریگه‌ری هه‌مه‌لایه‌نه له‌سه‌ر تێگهشن و وێناكردنمان بۆ جیهان و هه‌ڵوێستمان له ئێستا و ڕابردوو ده‌خه‌مڵێنێ، ده‌ڵێت: زانستی فیقهـ و ئوسوڵی فیقهی كۆن و زانستی كه‌لامی كۆن و ڕێساكانی ته‌فسیر و زانستی كۆنی قورئان و فه‌رمووده و ده‌قه‌كانی دین، ئه‌وجۆره تێگه‌شتنه‌مان به‌سه‌ردا زاڵ ده‌كه‌ن، كه به‌م كۆنییەوه به‌رهه‌می ده‌هێنن و له‌به‌ر ڕۆشناییاندا وێناكردنمان بۆ جیهان فۆرمه‌ڵه ده‌بێت، كاریگه‌رییان كه‌م نییە له‌سه‌ر ئاڕاسته‌كردنی ڕه‌فتارمان و ده‌سنیشانكردنی هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر ڕابردوو و ئێستا.
نووسه‌ر و بیرمه‌ند (عومه‌ر عوبیهید حه‌سه‌نه) پێناسه‌ی نوێبوونه‌وه به‌م شێوه ده‌خاته‌ڕو: (تێگه‌شتنێكی نوێی ڕاسته‌ڕێیه-القویم- بۆ ده‌ق، تێگه‌شتنێك ڕێنمایی تاكی موسڵمان بكات، بۆ چاره‌سه‌ری گرفت و پرسه‌كانی ئه‌و واقیعه‌ی تێیدا ده‌ژی له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا…. نوێكردنه‌وه مانای هه‌ڵوشاندنه‌وه و گۆڕینی ئایه‌ته‌كانی قورئان نییە، گۆڕینی ده‌قه‌كانی سوننه‌ت نییە، به‌ڵكو مانای گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ وه‌رگرتن له سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م و گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕێگا ڕاسته‌كه‌ی.) (12)
ڕێبه‌ری ناسراوی جووڵانه‌وه‌ی ئیسلامیی پاكستانی (ئه‌بو ئه‌علای مه‌ودودی) له‌باره‌ی پرسی نوێكردنه‌وه‌وه، ده‌ڵێت: پاڵفته‌كردنی ئیسلامه له هه‌موو به‌شێك له‌به‌شه‌كانی نه‌فامی، پاشان كاركردنه له‌سه‌ر بوژاندنه‌وه‌ی به‌خاوێنی و پوختی، به‌گوێره‌ی توانا.)(13)
دواجار چه‌مكی نوێگه‌ری و نوێبوونه‌وه، زاراوه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نی ئیسلامییه و ده‌ست لێ هه‌گرتنی بۆ زاوه‌ی هاوواتا و نزیك له مانا و ده‌لاله‌ته‌كانی، پچڕانێك له مه‌رجه‌عیه‌تی ئیسلامیی چه‌مك و پرۆسه‌كه‌ی دروست ده‌كات، ئه‌گه‌رچی له ئێستادا كێشه‌ی مه‌نهه‌جیه‌ت و كایه‌ی ئیش له‌سه‌ركردن و ئاماده‌یی زانستی و مه‌عریفی، كاراكردنی ئه‌م چه‌مكه‌ی په‌كخستووه..
سه‌رنج و تێبینی له‌سه‌ر كۆی پێناسه‌كان
1- جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ركی بنه‌ڕه‌تی پرۆسه‌ی نوێكردنه‌وه ڕووبەڕووبوونهوه و شه‌ڕی بیدعه و بیدعهچیانه، لابردنی زیاده‌ی هێنراو و جاهیلیه‌تی لكێنراو به ئیسلامه‌وه، گێڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ سه‌ره‌تا خاوێنه‌كه‌ی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر) و هاوه‌ڵانی، وه‌ك ئه‌وه‌ی كومت له ئه‌سڵه‌كه‌ی خۆی بچێت، وه‌ك كاتی سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ركه‌وتنی.
2- نوێبوونه‌وه له هیچه‌وه ده‌ست پێ ناكات، به‌م تێگه‌شتنه نوێبوونه‌وه داهێنان نییە، به‌ڵكو كاركردنی عه‌قڵ و تێفكرینی زانایانی موسڵمانه بۆ به‌رهه‌مهێنانی تێگه‌شتنی نوێ له سه‌رچاوه‌كانی ده‌قی قورئان و فه‌رمووده و زانسته‌كانی مێژووی کولتووری ئیسلامی له‌بواره جیاجیاكانیدا، له‌و كات و شوێنه جیاوازانه‌ی واقیعی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌یخوازێت.
3- جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نوێكردنه‌وه له‌خودی ئیسلامدا به‌مانای گۆڕین و زیادكردن و سڕینه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی وه‌ك ئه‌وەی ئایینێكی جیاواز بێت ناكرێت و ڕێگه پێنه‌دراوه، ده‌بێت میانه‌ی نێوان ئایین و تێگه‌شتن و ئیجتیهاد له ده‌قی پیرۆزی دیندا پارێزراو بێت.
4- پێداگری له‌سه‌ر نوێكردنه‌وه‌ی هیدایه‌تی دین، به‌مانای نوێكردنه‌وه‌ی شێواز و ئامڕاز و ڕێگاكانی بانگه‌واز و بهسهردهمیكردنی، به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی بێداری ئیسلامی (صحوه) توانای گرتنه‌خۆی خه‌ڵكی سه‌رده‌مه‌كه‌ی هه‌بێت.
5- هیچكام له پێناسه‌كان دور و نزیك ئاماژه‌یان به نوێكردنه‌وه‌ی فیكری و سیاسی و نوێگه‌ریی ژیاری و نه‌كردووه كه ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی كێشه‌ی كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كانن.
سیاسه‌ت و نوێكردنه‌وه‌ی سیاسی له بواری حزبه سیاسییه‌كاندا
مرۆڤ و سیاسه‌ت دوانه‌یه‌كی لێكدانه‌بڕاون، سیاسه‌ت پرسێكی گشتگیر و هه‌ستیار و مه‌ترسیداره فرهنمایش بووه، دیارده‌ی سیاسه‌ت له گشتگیربوونیدا، سروشتی بزوێنه‌ری شه‌مه‌نده‌فه‌ری هه‌یه، كه هه‌موو فارغۆنهكان به‌دوای خۆیدا كێش ده‌كات، به‌هه‌مانشێوه سیاسه‌تیش هه‌موو كایه‌كانی تری ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی و دامه‌زراوه‌كانی بازرگانی و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، بۆیه ئه‌گه‌ر به‌هۆی پرۆسه‌ی نوێكردنه‌وه‌وه دۆخێكی سیاسی گهشەكردوو و په‌ره‌سه‌ندوی نوێ هاته‌ئاراوه، ئه‌وا كایه‌كان و سێكته‌ره‌كانی تری كۆی ژیانی ئینسانه‌كان و كۆمه‌ڵگه باش ده‌بێت.(14) له ئاماژهكردنیدا بۆ مه‌ترسیداربوونی سیاسه‌ت (ڕۆبیرت. أ .دال) ده‌ڵێت: له‌م ڕۆژگاره‌دا ئه‌وه بووه‌ته ڕاستییه‌كی ڕوون، كه چاره‌نووسی ژیان و بوونی ڕه‌گه‌زی مرۆڤ ئه‌گه‌ر به‌ره‌و فه‌نابوون و وێرانبوون بڕوات، یان به‌ره‌و مانه‌وه و گه‌شه‌كردن، ئه‌وه سیاسه‌ت و سیاسییه‌كانن، ئه‌وه ده‌سنیشان ده‌كه‌ن، له‌میانه‌ی داڕشتنی ئه‌و ته‌رتیباته سیاسییه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی داده‌ڕێژن.(15) لێره‌وه بیرهێنانه‌وه‌ی مانا و ده‌لاله‌ته‌كانی ناوه‌رۆكی چه‌مكی سیاسه‌ت، له گفتوگۆكردنی نوێگه‌ری و نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی‌دا، پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی بابه‌ته‌كه‌یه.
سیاسه‌ت وه‌ك (دیارده) گوزارشتی لێده‌كرێت، به‌خه‌سڵه‌تی هه‌میشه گۆڕان و باری جیاوازی به‌رده‌وام ده‌ناسرێته‌وه، بۆ فراوانتر تێگه‌شتن له چه‌مكه‌كه و ده‌سنیشانكردنی كایه و سنووره‌كانی كاركردنی، ئه‌م پێناسه‌یه‌ی خواره‌وه هه‌ڵده‌بژێرین:
سیاسه‌ت چالاكییه‌كی مرۆییه، هه‌موو ئه‌وشتانه ده‌گرێته‌وه كه بایه‌خ به‌ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگه و هێنانه‌دی و پشتگیری یه‌كپارچه‌یی ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی داموده‌زگاكانی په‌یكه‌ری ده‌وڵه‌ت، كه له موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدا پشتی پێ ده‌به‌ستێت، سه‌رباری ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كان و گونجاندنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و ده‌ركردنی ئه‌و یاسا و ڕێسایانه‌ی، كه بۆ پاراستنی مافه‌كانی هاووڵاتییان پشتیان پێده‌به‌ستێت، هه‌روه‌ها گۆڕین و په‌ره‌پێدانی هه‌موو ئه‌مانه به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ی له‌كات و شوێندا ڕووده‌دات، به‌شێوه‌یه‌ك كه ئاسایش و هاوسه‌نگی و پێكه‌وه‌ژیان له نێوان تاك و كۆمه‌ڵه و گرووپه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا مسۆگه‌ر بكات، به‌مه‌به‌ستی هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجانه‌ی كه سیاسه‌ت ده‌خوازێت به‌ده‌ستیان بهێنێت.(16)
درككردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی دیارده‌ی سیاسه‌ت، كه سه‌نته‌ری هێز و ده‌سه‌ڵاته و سه‌كۆی ملمڵانێی گرتنه‌ده‌ستی حوكمڕانی و نفوزه، كایه‌ی ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره گشتیانه‌یه كه په‌یوه‌ستن به ژیانی هاووڵاتییانه‌وه، هۆشیارییه‌كی پێویسته بۆ بكه‌ری سیاسی یان نوخبه‌ی سیاسی، كه بریتییه له دوراییه زیندوو و دینامیكیهكهی كرده‌ی سیاسی.(17)
نوێكردنه‌وه‌ی سیاسی به‌دیاریكراوی پرسی ئۆرگانه‌كانی كاری سیاسییه، كه به‌سه‌ر ئه‌م سێ كه‌ناڵه ڕاستەوخۆیهدا دابه‌شكراون:
1- حكومه‌ت (به‌مانا فراوانه‌كه‌ی واته ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاسادانان و دادوه‌ری).
2- حزب و كۆمه‌ڵه و ڕێكخستنه سیاسییه‌كان (ئه‌وانه‌ی له ده‌سه‌ڵات بن، یان ئۆپۆزسیۆن، یان یاساغ و نهێنی).
3- ڕایگشتی، په‌یوه‌ست به‌كار و ئه‌ركه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ڕه‌فتاری بكه‌ری سیاسییه‌وه.
حزب و ڕێكخراوی سیاسی، له ڕیزبه‌ندی دووەمی ئۆرگانه‌كانی كاری سیاسییه له كۆمه‌ڵگه‌دا، پاش ده‌وڵه‌ت دێته ئه‌ژمار، وه‌ك ئۆرگانێكی كراوه و ئازادی كار وچالاكی سیاسی هاووڵاتییان له به‌شداری سیاسییاندا.
كه‌ره‌سه‌ی یه‌كه‌م و سه‌ره‌كی خۆڕێكخستن و فۆرمۆڵه‌بوونی مانابه‌خش به حزب و ڕێكخراوی سیاسی، له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، بریتییه له‌و بیر و ئه‌ندێشه و پرنسیپانه‌ی كه جیهانبینی سیاسی-فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی- حزب و كۆمه‌ڵه‌كه پێكده‌هێنێت، ده‌رباره‌ی وێناكردنیان بۆ چۆنێتی ڕێكخستن و ئیداره‌ی ژیانی سیاسی و سیستمی حوكمڕانی و هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه و ده‌بێته ماده‌ی سه‌نتراڵی كۆكردنه‌وه‌ی هاوبه‌شی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی هاوبیروڕا و كۆكن له‌سه‌ری، لێره‌وه سێگۆشه‌ی هێڵه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی كار و چالاكی حزب ده‌سنیشان ده‌كرێن:
1- پره‌نسیپه سیاسییه گشتییه‌كانی كار و چالاكی.
2- میكانیزم و ئامڕازه‌كانی كار و چالاكی.
3- ئامانجه‌كانی كار و چالاكی.
به‌مانایه‌كی تر ده‌كاته: (فیكر+ میكانیزم + ئامانج) ئه‌م ده‌بڕینه ڕیزبهندیكراوهی پێكهاته‌ی حزب، له پێناسه و شوناسی حزبه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كاتێك هه‌موو پێناسه‌كان – به‌جیا له پۆلێنبه‌ندی جۆری حزب- كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه حزب بریتییه: له ژماره‌یه‌ك له هاووڵاتییان كه كۆمه‌ڵێك بیر و ئه‌ندێشه و به‌های سیاسی هاوبه‌ش كۆیان ده‌كاته‌وه، له چوارچێوه‌ی ڕێكخستنێدا خۆیان ڕێكده‌خه‌ن و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌ده‌ن، به مه‌به‌ستی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات.
له‌م سۆنگه‌وه سنووره‌كانی نوێگه‌رایی و نوێبوونه‌وه‌ی حزب و كۆمه‌ڵه‌ی سیاسی، ده‌به‌سترێنه‌وه به ناواخنه فیكری و ئایدیاییهكهی حزب و ئامڕازه‌كانی كار و چالاكی، كه ده‌بێ پێكه‌وه هه‌ماهه‌نگ بن، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامانجانه‌ی كه‌حزب كار بۆ هێنانه‌دیان ده‌كات، ئه‌مه ناوكه توندوتۆڵه‌كه‌ی -القرص الصلب- ناو بازنه‌ی پێكهاته‌ی هه‌ر حزب و كۆمه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی پێكده‌هێنن.
نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی وه‌ك چوارچێوه و پانتایی بۆ به‌رهه‌مهێنانی شێوازێكی نوێی كار و چالاكی سیاسی و خستنه‌ڕووی پارادایمێك له بیر و دید و ڕوانینی نوێ، بۆ ڕێكخستنه‌وه و ئیداره‌ی كاروباری گشتی، له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كرده‌یه‌كی مێژوییه، پرۆسه‌یه‌كی هه‌نگاو به هه‌نگاوی پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی مه‌زنه كه به‌دیهاتنی له‌قووڵایی مێژووه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م پرۆسه‌یه پێویستی به عه‌قڵێكی چالاكی ده‌سته‌بژێر و توانای تێگه‌شتن له واقیعی كۆمه‌ڵگه و ئامڕازی زانستی شرۆڤه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندی واقیعیانه هه‌یه، بۆ بینینی ڕاستییه‌كانی دراوه جێگیر و گۆڕاوه‌كان و ڕووداو و پێشهاته‌كانی هه‌ناوی سیستمی سیاسی، هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رده‌ستبوونی توانا مه‌عریفییه پێوانه‌ییه‌كان، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕۆڵی ده‌سه‌ڵاته‌كان و دامه‌زراوه‌كانی حوكمڕانی، به پشتبه‌ستن به فیكر و پره‌نسیپ و به‌هاكانی جیهانبینی سیاسی، كه سه‌رچاوه‌ی داهێنان و خستنه‌ڕوی تێز و پرۆژه‌ی گۆڕانكاریی نوێن، هه‌بوونی توانا مه‌عریفیه كرده‌ییه‌كان، بۆ تێگه‌شتن و وێناكردنی بوونیادهكانی دامه‌زراوه باڵاكانی سیستمی سیاسی و ژینگه‌ی بزاوتی سیاسی كۆمه‌ڵگه، بۆیه هه‌ڵگری بیرۆكه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی، كه‌سێك، یان كۆمه‌ڵه‌یه‌ك بێت، پێویسته، چه‌ند توانا و لێهاتنێكی تیا ڕه‌چاو بكرێت، له‌وانه:
1- نوخبه‌ی سیاسی، ئاماژه‌یه بۆ كه‌سانی خاوه‌ن كۆمه‌ڵێك سیفاتی تایبه‌تی دره‌وشاوه‌یی، وه‌ك: به‌هره‌ی سیاسی كه‌سیی، ئه‌زموونی سیاسی و پیشه‌یی، كه له كه‌سه ئاساییه‌كانی تری هه‌ڵاوێر كردبن، به‌جۆرێك چه‌ندجار توانایه‌كی جیاوازیان له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕووداوه گه‌رمه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییەكان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكدا له زۆر قۆناغدا دوبارهبووتهوه، لێهاتنی هه‌ڵگرتنی به‌پرسیارێتی ئۆرگانه جیاوازه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری گشتی كۆمه‌ڵگه‌یان هه‌یه، خاوه‌نی ئه‌م سیفاتانه ده‌نگۆی باش و ناوبانگ و سومعه‌ی شایه‌نی پیاهه‌ڵدان، له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه لۆكاڵیهكهی به‌ده‌ستده‌هێنێت.(18)
2- عه‌قڵیه‌تی سیاسی، نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی به‌بێ تێگه‌شتن له جه‌وهه‌ری كۆمه‌ڵگه و ڕاستیه‌كانی هه‌ناوی واقیع و توانای مامه‌ڵكردنی بكه‌ری سیاسی له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌دا، به‌مه‌ستی ده‌سته‌مۆكردن و ئاڕاسته‌كردنیان به‌ئاقاری ئامانجێكی سیاسی دهسنیشانكراودا، سه‌ركه‌وتنی له‌چاره نانوسرێت.
3- هۆشیاری سیاسی، درككردنی مرۆڤه به‌وه‌ی له واقیعی ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كه‌یدا هه‌یه، جۆری ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تری كۆمه‌ڵگه‌دا، ناسینی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و پێكهاته‌ی سیستمی سیاسییه‌كه‌ی و تێگه‌شتن له‌بڕیاره‌كانی، هه‌ستكردن به‌هه‌بوونی چین و توێژه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه و جووڵانه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پاڵنه‌ر و ئامانجه‌كانیان، جۆرێكه له ئاڕاسته و بیر و به‌های سیاسی كه ڕۆڵی هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه له‌پرۆسه‌ی سیاسی و به‌شداری سیاسی و ئینتما بۆ حزبه سیاسییه‌كان و ئاگایی به‌جۆری گۆڕانكارییه ناوخۆیی و ئیقلیمییه‌كان و زانینی ئه‌وه‌ی پێویسته ئه‌نجامی بدات.(19)
له‌كۆی ئه‌و شرۆڤه و لێكدانه‌وه و تێبینیانه‌ی ئاماژه‌ی بۆكرا، ده‌كرێت پێناسه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه بكه‌ین، بریتییه له: (نوێكردنه‌وه‌ی بوونیادی دامه‌زراوه سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، به‌ئامانجی په‌ره‌پێدانیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانا و زیادكردنی كاراییان، به‌جۆرێك ئه‌دای ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌ت و پێگه‌ی بڕیاری سیاسی گشتی، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی فراوانبوونی پێویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه و چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی بێت، به‌تایبه‌ت له بواری په‌ره‌سه‌ندنی هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێی، كه چاوه‌ڕوانی به‌شداری سیاسی و ده‌سنیشانكردنی ڕۆڵی خۆیان ده‌كه‌ن له دامه‌زراوه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا).
پرسی نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی لای حزب و كۆمه‌ڵه ئیسلامییه‌كانی كوردستان
گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بابه‌تی نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی لای حزب و كۆمه‌ڵه ئیسلامییه‌كان ده‌بێت به گرنگییه‌وه له‌م ڕاستییانه‌ی بڕوانین:
1- نوێگه‌ری و نوێكردنه‌وه‌ی سیاسی، له جۆری كێشه و قه‌یرانه‌كانی پرسی (بیدعه) نییە، تا پرۆسه‌ی نوێبوونه‌وه بۆ نه‌هێشتن و پوختهكردنهوهی ئیسلام بێت، له‌و كردار و ڕه‌فتار و گوتاره بیدعهییانه، له‌جۆری ئاڵنگاری و گرفته‌كانی (بانگه‌واز) نییە، تا به‌پرۆسه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی هیدایه‌ت، ئامڕازه‌كان و شێوازه‌كانی گه‌یاندن و گوتاری بانگه‌واز نوێ بكرێنه‌وه -هه‌روه‌ك له پێناسه‌كاندا ئاماژه‌ی بۆكراوه- پرسی نوێكردنه‌وه‌ی سیاسی، پرسی ئاڵنگارییه‌كانی شارستانییەتی نوێیه، كه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بیری نوێ و شێوازی ته‌واو نوێی له قووڵایی ته‌واو قووڵایدا پێویستە.(20)
2- دیارده‌ی حزب و حزبایه‌تی وه‌ك ئۆرگانێكی سیاسی/ كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌رهه‌می مۆدێرنێته‌ی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژئاواییه، له ئه‌نجامی په‌ره‌سه‌ندنی پرسی دیموكراتیدا له‌نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا كه‌وتووه‌ته سه‌رپێ، بۆیه كاركردن به ئاڕاسته‌ی داهێنانی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی/ كۆمه‌ڵایه‌تی، جیاواز وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌وه‌ی هه‌یه، له ئێستادا له‌ئارادا نییە، هاوكات جێگه‌ی له‌سه‌روه‌ستانه، كه به‌شێكی به‌رچاوی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كان، شێوازی ڕێكخستن و داڕشتنی په‌یكه‌ری گشتی حزب و شێوازی پله‌به‌ندی ڕێكخستنه‌كانیان و دابه‌شكردنی ئه‌ركه‌كانی حزب به‌سه‌ر كۆی جومگه‌كانی په‌یكه‌ری گشتیدا، له‌سه‌ر مۆدێلی حزب و هێزه چه‌پ و ماركسی و شیوعییه‌كان ڕێكخراوه، كه به‌مۆدێلی ناوه‌ندگه‌را ناسراوه، تێیدا كه‌سی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی له ترۆپی ههڕهمهكهدان، ئاسته‌كانی تری ئه‌ندامان بنكه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كه پێكده‌هێنن.
3- ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاوی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كان تائێستاش به‌شێك له هه‌ستیاری و مه‌ترسی و گومان و دودڵی سه‌رده‌می دروستبوون و ده‌ركه‌وتنیان، له هه‌ناوی خۆیاندا هه‌ڵگرتووه، كه قۆناغه مێژووییه‌كه‌ی ئه‌وكات، قۆناغی په‌لاماری هێزه كۆڵونیالیهكانی ڕۆژئاوا بوو، پاراستنی شوناس و پابه‌ندبوون به ئیسلام و دروشمه‌كانی خوداپه‌رستی و ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی شاڵاوی فیكری و …هتد، ده‌بوو له ئه‌ركه له‌پێشتره‌كان بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت ئێستاش به‌هه‌مان ڕه‌فتار و نه‌فه‌سی هه‌ستیاری و مه‌ترسییه‌وه له ده‌یان پرسی گۆڕه‌پانه‌كه ده‌ڕوانن.
4- به‌هه‌مان شێوه‌ی خاڵی سه‌ره‌وه، تاكی ئیسلامی خۆی له‌ژێر كۆمه‌ڵێك گوشاری ده‌روونی ده‌رباره‌ی پرسه سیاسی و فیكری و ڕۆشنبیری و مه‌عریفییه‌كه‌ی ئه‌و ژینگه‌دا ده‌بینێت كه تێیدا ده‌ژی، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه هۆشیاری ته‌وژمی ئیسلامی، هۆشیاری نه‌فیكردنی دراو و واقیعه‌كانی دنیای نوێیه، كه وای لێكده‌داته‌وه ده‌بێت به‌ناچاری تێیدا بژی، بهنهفیكردنی داهێنراوه‌كانی، له بواره‌كانی مافی مرۆڤ، هاووڵاتیبوونی یه‌كسان، كێشه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و گهیهندن، دیموكراتیه‌ت، پرسی ئافره‌ت و ڕێكخراوه‌كانی پشتگیری جێنده‌ر و …هتد.
5- نوێبوونه‌وه و گه‌شه‌كردنی سیاسی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌كان، پێوه‌ری نێوده‌وڵه‌تیان هه‌یه، كه ساڵانه به‌گوێره‌ی كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری ده‌سنیشانكراو، ئاسته جۆراوجۆره‌كانی، ژیانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی ده‌خرێته به‌ر پێوانه و هه‌ڵسه‌نگاندن، ته‌نانه‌ت ڕێژه‌ی بابه‌تێكی ته‌واو سایكۆلۆژی و نادیاری وه‌ك: پرسی (به‌خته‌وه‌ری) تاك و خێزانهكانهكانی كۆمه‌ڵگه ده‌پێورێن.
6- ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و سه‌ره‌تا فیكرییه ڕاگه‌یه‌نراوه‌كانی دروستبوون و ده‌ركه‌وتنی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كانی نزیك به سه‌ده‌یه‌ك لهمهوپێش، توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان و پێویستییه‌كان و گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانی ناو واقیعه گۆڕاو و كراوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگەی ئێستا و ڕێكخستن و ئیداره‌ی ژیانی گشتی له‌و فه‌زا سیاسییه جیهانییەكەدا نییە.
7- له سه‌رده‌می كرانه‌وه‌ی دیموكراتی پاش كۆتایی جه‌نگی سارد، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو كۆڕ وسیمینار و دیبه‌ت و نوسینی كتێب و وتار و دیمانه ده‌رباره‌ی به‌خۆداچوونه‌وه و ڕه‌خنه له‌خۆگرتن، هه‌ڵسه‌نگانی كار و چالاكی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كان، له ناوبازنه‌ی زه‌مینه‌ی كاری خۆیدا سه‌ریهه‌ڵداوه، له‌لایه‌ن كه‌سانی بیرمه‌ند و ئه‌كادیمی و پسپۆڕ و شاره‌زای خاوه‌ن ئه‌زموونی كرده‌یی ناو جووڵانه‌وه‌ی ئیسلامی، به مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی كه‌موكورتی، ناته‌واوی، هه‌ڵه و كورتهێنانه‌كان، له‌گه‌ڵ ئاماژه به پێویستییه جۆریهكانی فیكر و ئامڕاز و ئامانجه‌كانی جووڵانه‌وه‌كه، به‌مه‌به‌ستی كارابوون و نوێبوونه‌وه‌ی.
حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
سه‌ره‌تا پێویسته ئاماژه به‌و ڕاستییه بكه‌ین كه سه‌رهه‌ڵدان و ئه‌زموونی كار و چالاكی ئاشكرا و ڕاگه‌یه‌نراوی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كان، له قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا به‌راورد به مێژووی دروستبوون و كار و چالاكی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كانی تری هاوبیر و هاوشێوه و هاوشێوازی كار وچالاكی و هاوئامانجی ناو بزاڤی ئیسلامی، له نێو گه‌ل و وڵاتانی تری ئیسلامی‌دا، ئه‌زمونێكی كورت و كه‌م ته‌مه‌نه، هاوكاته له‌گه‌ڵ دروستبوونی فه‌رمی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك ژینگه‌ی كار و چالاكی ئاشكرا و ڕاگه‌یه‌نراوی یاسایی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كان.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی مێژووی سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتن و به‌ئاشكرا كاركردنی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كانی هه‌رێم له‌ڕووی مه‌نهه‌جی كار و ئامڕاز و شێوازی كار و چالاكییه‌وه، دابه‌ش ده‌بوون به‌سه‌ر دوو ئاڕاسته‌ی سه‌ره‌كیدا:
1- ئاڕاسته‌ی بانگه‌واز و په‌روه‌رده و كاری سیاسی ئیسڵاحگهری، كه ئیلهامی له قوتابخانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین وه‌رده‌گرت، به‌زۆری به‌باڵی كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین له‌كوردستان ناوزه‌د ده‌كرا.
2- ئاڕاسته و مه‌نهه‌جی جیهادی چه‌كداری و به‌كارهێنانی هێز وه‌ك ئامڕازی سه‌ره‌كی گۆڕانكاری سیاسی، ڕووبەڕووبوونهوی نه‌یاران و ململانێكارانی سیاسی.
له‌گه‌ڵ ئه‌و جیاوازییهشدا، هه‌ردوو ئاڕاسته‌كه پاش ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991، به یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنی گشتی یه‌كه‌م په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد، كه له 19/5/1992 ئه‌نجامدرا، پاش ده‌رچونی یاسای حزبه سیاسییه‌كانی هه‌رێم، ژماره(17)ی ساڵی 1993ی هه‌مواركراو، خۆیان له چوارچێوه‌ی یاساكه‌دا ڕێكخستووەتەوه، ئێستا هه‌ردوو ئاڕاسته‌كه به‌ناونیشانی جیاوازه‌وه، وه‌ك به‌شێكی كارا له بزاوتی-حراك- سیاسی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، چالاكی خۆیان درێژه پێده‌ده‌ن. له‌ئێستای نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌دا، چوار حزب و كۆمه‌ڵه‌ی سیاسیی ئیسلامی له هه‌رێمی كوردستاندا بوونیان هەیە.
بۆ به‌دواداچوونی پرسی نوێگه‌ری و تێگه‌شتن له ئاست و ڕاده‌ی نوێبوونه‌وه و داهێنان له بواره‌كانی فیكر و پرهسیپ و به‌ها سیاسییه‌كانی كاروچالاكی حزب، ئامڕاز و میكانیزمه‌كانی كار و چالاكی و ئامانجه‌كانی كار و چالاكی، سه‌رنجمان خسته‌سه‌ر ئه‌و مادده و بڕگه‌كانی پرۆگرامی سیاسی و په‌یڕه‌وی نێوخۆی هه‌ردوو لایه‌نی (یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان) و (كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی) كه په‌سه‌ندكراوی كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌یانن و تایبه‌تن به ده‌سنیشانكردنی ئاڕاسته‌ی بیر و دید و وێناكردنی سیاسی حزب و شێوازی كار و ئامڕازه‌كانی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ پرسه سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ئامانجانه‌ی كار بۆ هێنانه‌دیان ده‌كات له هه‌ردوو ئاسته‌كه‌دا. هاوكات پرۆگرامی سیاسی حزب، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بابه‌تی پێگه‌یاندن و هۆشیاری سیاسی ئه‌ندامانی حزب و مادده‌ی گوتاری سیاسی حزبه بۆ خۆخستنه به‌رده‌م ڕایگشتی شه‌قام، ئامڕازی شرۆڤه و هه‌ڵسه‌نگاندنی دیارده و پرسه‌كانی سیاسه‌ته له‌كۆمه‌ڵگه‌دا.
یه‌كه‌م: پرۆگرامی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، په‌سه‌ندكراوی كۆنگره‌ی هه‌شتی حزب 2019، له به‌شی ده‌ستپێك و مادده‌ی چواره‌م، بنهماگشتییهكان، له(9) برگهدا، مادده‌ی پێنجه‌م ئامانجه‌كان (19) برگه و هێڵه گشتییه‌كانی ستراتیژیه‌تی كاری كاری یه‌كگرتوو بۆ خولی هه‌شته‌م (8) مادده‌دا، ئاماژه ده‌كه‌ن به ژماره‌یه‌كی زۆر له چه‌مك و زاراوه‌ی سیاسی و بانگه‌واز و په‌روه‌رده‌ی ئیسلامیی و بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و فیكر و پره‌نسیپی په‌یوه‌ست به كار و چالاكی حزب و ئامڕازی كاركردن و ئامانجه‌كانی كار و چالاكیان، وێناكردنان بۆ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌قنووسكراوه. له ده‌سپێكی پرۆگرامه‌كه‌یدا یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستاندا، پێناسه‌ی یه‌كگرتووی به‌م شێوه‌یه كردووه: (یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، حزبێكی ئیسلامیی نیشتمانیی كوردستانییە، له‌پێناو جێگیركردنی به‌ها بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئازادی و برایه‌تی دادپه‌روه‌ری، به‌مه‌رجه‌عیه‌تی ئیسلامی و له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتیبوون، خه‌بات ده‌كات بۆ گه‌یشتن بهكوردستانێكی ئازاد و پێشكه‌وتوو. ….. یه‌كگرتوو، هه‌ڵگری پرۆژه‌یه‌كی (چاكسازی) و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه.(21)
ئه‌م پێناسه‌یه كۆمه‌ڵێك ڕه‌گه‌زی سه‌ره‌كی پێكهێنانی حزبی له‌خۆیدا كۆكردووه‌ته‌وه، له‌وانه شوناسی سیاسی/ فیكری و نیشتمانی (ئیسلامی‌بوون و كوردستانیبوون) و دروشمه‌كانی حزب و ئامڕازی شێوازی كار و چالاكی سیاسی (هێزێكی ڕیفۆرمخوازه)، پاڵنه‌ره‌كانی خه‌بات (ڕیفۆرمكردنی داموده‌زگای گشتی ده‌سه‌ڵات بهڕێگاكانی بردنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگ و متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی سیاسی و ئیداری
بۆ دامه‌زراوه و سێكته‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی، ئیسڵاحگهری پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامیی ژیانه، بۆ هه‌مواركردن و ئاڵوگۆڕ و نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌و داموده‌زگا گشتییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كه تووشی گه‌نده‌ڵی و شێوان و كۆنبوونی بوونیادهكانی ده‌سه‌ڵات و بێكهڵی دامه‌زراوه گشتییه‌كان، یان ڕاوه‌ستانی كارایی نوخبه‌ی سیاسی وداڕوخانی شه‌رعیه‌ت. پره‌نسیپی هاووڵاتیبوون، به‌و مانایه‌ی
هه‌ر كه‌سێك مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامیه‌تی حزب و هاووڵاتیبوونی هه‌رێمی كوردستانی تێدابوو، بۆی هه‌یه ببێته ئه‌ندامی حزب و چالاكی سیاسی خۆی له‌ڕیزه‌كانی یه‌كگرتوودا به‌رده‌وام بكات.
له مادده‌ی4/ بنه‌ما گشتییه‌كان، ب:2 دا ئاماژه به به‌ها مه‌زنه‌كانی (پاراستی كه‌رامه‌ت و ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو چه‌شنه‌كانی پاكتاوكردن و تیرۆر و توندوتیژی و په‌ڕگیری له‌فیكر و موماره‌سه‌دا) كردووه، ئه‌مه‌ش قووڵكردنه‌وه‌ی مانا به‌خشینه به ناوه‌رۆكی ئیسلاحگهری سیاسی و پیداگرتن له‌سه‌ر ده‌سنیشانكردنی پانتاییه كرده‌ییه‌كانی له ژیانی كۆمه‌ڵگه.
له مادده: 4،ب:7 دا ئاماژه به پره‌نسیپێكی ده‌ستووریی گرنگ ده‌كات، له دهشنیشانكردنی سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا، هاوكات له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كردن به‌و چه‌مكه كرده‌ییانه‌ی ته‌واوكه‌ری ئه‌و بیرۆكه دەستووریهن، له‌وانه مهدهنییەتی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی، وه‌ك ئاڕاسته‌ی هێزێكی سیاسی ئیسلامیی، به‌مه‌به‌ستی دوورخستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه له ئازاره‌كانی شه‌ڕ و داڕوخانی داموده‌زگای ده‌وڵه‌ت و پایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕێكخراو، كه كوده‌تا سیاسییه‌كانی ساڵانی په‌نجاكانی ناوچه‌كه و هه‌وڵی هێزه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كانی ئێستا گه‌شتنه ده‌سه‌ڵات به‌جۆرێك پیرۆز ده‌كه‌ن كه هه‌موو شتی بۆ حه‌ڵاڵ ده‌كرێت: (گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته، ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی، حوكمی ڕه‌شید و ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات، له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، بناغه‌ی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌قامگیری سیاسییه.)
له مادده:4، ب:9دا ته‌ئكید له‌وه ده‌كاته‌وه، كه گه‌لی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه و به‌ش و پارچه‌یه‌ك نییە له‌هیچ گه‌ل و نه‌ژادێكی تری گه‌لانی دراوسێی هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌كانی تایبه‌تمه‌ندی گه‌لێكی سه‌ربه‌خۆی تێدایه، وه‌ك زمان و کو‌لتوور و نیشتمان و مێژوو و هه‌ستی هاوڕهچهڵهكی هاوبه‌ش، شوناسی تایبه‌تی پێكه‌وه به‌ستنیان دروست ده‌كات، وه‌ك به‌شێك له گه‌لانی ئیسلامی مافی خۆیه‌تی چاره‌نووسی ژیانی نه‌ته‌وه‌یی خۆی له‌قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی تایبه‌ت به‌خۆیدا ڕێكبخات، وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی تری جیهان به‌شێك بێت له مه‌نزومه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
دووەم: په‌یڕه‌وی نێوخۆی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، په‌سه‌ندكراوی كۆنگره‌ی چواره‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌یه 2021
له پێشه‌كیدا خاڵی (2): ئه‌م خاڵه ئاماژه‌كردنه به‌وه‌ی كه كێشه‌كانی پرسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد له عێراقدا -له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی گرنگ و به‌رچاو- هێشتا به‌چاره‌سه‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی دەستووری و سیاسی و جوگرافی نەگەیشتووە، كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌م په‌یڕه‌وه‌ی كه دەستووری فه‌رمی ڕیكخستنی كاری حزبه، به‌جه‌ماوه‌ری گه‌لی كوردی له كوردستانی/ عێراق به‌گشتی و به سه‌ركرده و كادره‌كان و ئه‌ندام و هه‌وادارنی به‌تایبه‌ت ڕابگه‌یه‌نێت، كه پێویسته هه‌ڵگری ئه‌م خه‌مه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییە بن و به‌ئاڕاسته‌ی هێنانه‌دی ئامانجه نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان سیاسه‌تگوزاری و ڕه‌فتاری سیاسیان ڕێكخه‌ن، وه‌ك له بڕگه‌كه‌دا هاتووه: (زیاتر و چاكتر تهبهننیكردنی خه‌مخۆری نه‌ته‌وه‌یی، نیشتمانی، گرنگی و بایه‌خدان، به‌ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
له پێشه‌كیدا خاڵی (7): هه‌وڵدان بۆ چاكسازیكردنی ڕیشه‌یی له قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمدا، به ڕیشه‌كێشكردنی قۆڕخكاری و گه‌نده‌ڵی و هه‌نگاونانی جیدی، به‌ره‌و حوكمڕانییەك كه پایه‌كانی: دادگه‌ریی، به‌دامه‌زراوه‌كردن، یاسا سه‌روه‌ری و هاووڵاتیبوون و ڕوونی (شه‌فافیه‌ت) بن. ئه‌م بڕگه‌یه ئاماژه‌یه به ئه‌ركی كۆمه‌ڵه‌كه له ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی وه‌ك دیارده‌ی خراپ به‌كارهێنانی سامان و داهاتی گشتی، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی داموده‌زگای گشتییه‌وه، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان و ئه‌ولایه‌نه‌ی ڕایسپاردوون، هه‌روه‌ها ڕوبه‌ڕبوونه‌وه‌ی قۆرخگاری له گرتنه‌ده‌ستی وه‌زیفه‌ی گشتی له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه وه‌ك یه‌كێك له‌مافه سیاسییه‌كانی هاووڵاتی، مهحرومكردنیان له‌و مافه به‌هۆكاری ئینتمای سیاسی جیاواز له حزبی حوكمڕان، له‌دیدی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریه‌وه، چاره‌سه‌ری دامه‌زراوه‌یی گرنگتره له گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوه كاتییه یاسایی و سیاسییه لێكدابڕاوهكانی هه‌ر كه‌یس و گرفتێك، بۆ ئه‌مه‌ش ئاماژه به پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتێكی عادیلانه‌ی بهدامهزراوهبووی شه‌فاف ده‌كات كه پێوه‌ری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانی مافی هاووڵاتیبوون بێت له‌سایه‌ی سه‌روه‌ری یاسادا.
له‌پێشه‌كیدا خاڵی (8): (زه‌مینه‌سازكردن به‌ره‌و پتر تۆكمه‌كردنی هه‌رێمی كوردستان، له ڕێی: ته‌بایی سیاسی و ژێرخانی ئابووری و به‌دامه‌زراوه‌كردنی كاره‌كان و هه‌بوونی هێزێكی نیشتمانی پارێزه‌ر و …هتد.) ئه‌م خاڵه ئاماژه به‌كۆمه‌ڵێك پرسی سیاسی، ئابووری و هه‌بوونی هێزی نیشتمانی ده‌كات، كه‌سه‌رجه‌میان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دۆخی دابه‌شبوونی سیاسی هه‌رێمی كوردستانه له‌نێوان دوو زۆنی كۆنترۆڵكردنی بڕیار و هێزی پێشمه‌رگه و ئاسایش و دابه‌شكردنی ئیداره و سامان و داهاتی گشتی، یه‌كێك له ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌م دۆخه ناپه‌سه‌نده پووكانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری هه‌رێمه‌كه‌یه وه‌ك: ڕێگاوبان، كاره‌با و وزه، ته‌ندروستی و كه‌رتی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا.
له به‌شی یه‌كه‌مدا: بنه‌ما گشتییه‌كان، مادده‌ی (2) تایبه‌تكراوه به پێناسەی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كە (پارتێكی سیاسییه له كوردستانی/ عێراق، كار ده‌كات بۆ پیاده‌كردنی ئیسلام و چه‌سپاندنی دادگه‌ریی.)(22)
سه‌رنج له‌سه‌ر پرسی نوێبوونه‌وه لای یەكگرتوو و كۆمەڵ
به‌خوێندنه‌وه و شرۆڤه‌كردنی ئه‌و چه‌ند مادده و بڕگه‌یه‌ی پرۆگرامی سیاسی یه‌كگرتوو و په‌یڕه‌وی نێوخۆی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی، كه تایبه‌تكراون به دید و تێگه‌شتن و هه‌ڵوێستی سیاسی حزبه‌كانیانه‌وه، واگریمانه ده‌كرێت له‌لایه‌ك كار و چالاكی و گوتاری حزب له‌ناو بزاوتی سیاسیی كۆمه‌ڵگه و ئامڕازه‌كانی كاركردنیان ده‌ستنیشان بكات، له‌لای دووەمه‌وه هه‌ڵوێست و تێگه‌شتنیان بۆ چۆنێتی وه‌زیفه‌ی حوكمڕانی و بڕیار و ڕه‌فتاری نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵات و خستنه‌ڕووی پرۆژه‌ی به‌دیل ئاڕاسته بكات، له به‌رامبه‌ر ئه‌م جیاوازییه‌كانیان، له ڕووه‌كانی گوتار و ڕه‌فتار و مه‌رجه‌عیه‌تی لێوه‌رگرتن و بانگه‌شه‌ی خۆبهجێگرهوهی نوخبه‌ی فه‌رمانڕه‌وا ناوزه‌دكردن، به‌ڕوونی هه‌ست به بزری و نائاماده‌یی پرۆسه‌ی نوێگه‌ری و نوێبوونه‌وه له كاری سیاسی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه‌كه ده‌كرێت له بواره بنهڕهتیهكانیدا، وه‌ك
1- پره‌نسیپه سیاسییه گشتییه‌كانی كار و چالاكی.
2- میكانیزم و ئامڕازه‌كانی كار و چالاكی.
3- ئامانجه‌كانی كار و چالاكی.
ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی بۆ كراوه لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتوو و كۆمەڵ، له‌گه‌ڵ گرنگی و پێویستبوونیاندا، به‌ڵام هه‌مان چه‌مك و زاراوه و دروشم و دیده كه هێزه سیاسییه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه عه‌لمانی مهشرهبهكه و گوتاری ڕۆشنبیرانی ڕه‌خنه‌گر به‌كاریان دەهێنن، له‌وه‌ش به‌ولاوه‌تر بابه‌ته سیاسییه‌كانی سۆشیال میدیاش، هه‌مان گوتار و زاراوه و چه‌مك ده‌خه‌نه‌ڕوو.
لێرەوه هه‌ر چاو‌دێر و لێكۆڵه‌رێك ده‌توانێت دڵنیابێت له‌وه‌ی كه ئه‌م پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆیه، گوزارشت له داهێنانی تێگه‌شتن و وێناكردن و جیهانبینی سیاسی جیاواز، وه‌ك به‌رهه‌می پرۆسه‌ی نوێگه‌ریی و نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی، تایبه‌ت و سه‌رچاوه‌گرتوو له مه‌رجه‌عیه‌تی پره‌نسیپ و بەها ئیسلامییه‌كان ناكات. كه ئاماژه بێت بۆ ڕه‌گه‌زه جیاوازه‌كانی نوێبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سیستمی سیاسی و بوونیادی دامه‌زراوه گشتییه‌كان بێت و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواست و پێویستییه نوێكان و چاره‌سه‌ری كێشه و ئاڵنگارییه‌كانی ئیداره و ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگه و هێنانه‌دی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانی بكات، لێره‌وه حزب و كۆمه‌ڵه‌ی سیاسیی ئیسلامیی ده‌توانێت بانگه‌شه‌ی پرۆژه‌ی سیاسی به‌دیل له ناو بزاوتی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌دا بكات. نوێگه‌ری سیاسی ناوه‌رۆكی پرۆژه‌ی ئیسلاحی سیاسی ده‌خه‌مڵێنێ، پاڵنه‌ره‌كانی ڕۆحیه‌تی به‌ته‌نگه‌وه‌بوونی كاری سیاسی جیاوازی ده‌خوڵقێنێ، دواجار نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی پرۆسه‌ی دروستكردنی دابڕانێكی سیاسی و ڕێكخراوه‌یی ئاشكرایه بۆ ئاڕاسته‌كردنی كار و چالاكی سیاسی به بیر و جیهانبینی و ته‌كنیك و ئامڕاز و ئاڕاسته‌ی نوێوه، به مه‌به‌ستی هێنانه ئارای ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی شایسته‌تر و باشتر بۆ ژیانی مرۆڤه‌كان.
هۆكاره‌كانی كزی و لاوازی پرسی نوێگه‌ری و پرۆسه‌ی نوێبوونه‌وه
وه‌ك له به‌شی تیۆری ئه‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه‌مان پێكرد، نوێكردنه‌وه چه‌مكێكی ئیسلامیی ڕه‌سه‌نی سه‌رچاوه گرتووه له فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (درودی خوای له‌سه‌ربێت)، به‌هه‌مان شێوه ئاماژه‌مان به ڕۆڵی نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی كرد وه‌ك پرسێكی گرنگ و هەستیاری ژیاریی و لهمێژودابوونی هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كه. به سه‌رنجدان له‌م دوو ڕاستییه و پێویستبوونی پرۆسه‌كه وه‌ك خواستێكی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه، به‌م لۆژیكه ده‌بوو حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كان یه‌كه‌م ده‌ستپێشخه‌ری پرۆسه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی بوونایه و فاكته‌ری گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌یان له‌ئه‌ستۆ بگرتایه، به‌ڵام شاره‌زایانی بواری جووڵانه‌وه‌ی ئیسلامیی، له‌م ڕوه‌وه ئاماژه به‌چه‌ند هۆكارێكی خۆیی و بایه‌تی ده‌كه‌ین، به له‌به‌رچاوگرتنی هاوكار نه‌بوونی سیاقه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ژینگه‌ی كار و چالاكیان و ململانێی توند و به‌رده‌وام و تاقه‌تپڕوكێنی لایه‌نه سیاسییه‌كانی تر به ده‌سه‌ڵاتی سیاسیشه‌وه.
1- ئه‌زموونی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردووی كاری ئیسلامییه‌كان، ئه‌وه‌ی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه، كه سیاسه‌ت و پرۆسەكەی له‌خۆیدا، بووه‌ته خاڵی لاوازی گه‌وره‌ی ئیسلامییه‌كان، به‌هۆی سوك ڕوانینه‌وه بۆی(23)، به‌راورد به كاركردنیان له‌بواره‌كانی تری ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا.
2- لاوازی و ده‌ستكورتی له بواری تیۆریزه‌كردنی بیر و ئه‌ندێشه‌ی سیاسی و داڕشتنی مه‌نزومه‌یه‌كی فیكری سیاسی له بەها و پرهسیپهكانی سه‌رچاوه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئیسلام و ئیلهام وه‌رگرتن له داهێنانه به‌سووده‌كانی کولتووری سیاسی مێژوی كۆمه‌ڵگه موسڵماننشینه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك تونای جێبه‌جێكردنی هه‌بێت له ئه‌رزی واقیعی موماره‌سه‌ی سیاسی(24) و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی سیستمی سیاسی و هه‌ڵاوسانی قه‌باره‌ی حكومه‌تی سه‌رده‌م و كشانی ئه‌ركه‌كانی به‌هه‌موو كه‌له‌به‌ره‌كانی ژیانی هاووڵاتییاندا.
3- به‌شێكی به‌رچاوی حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كانی به‌هۆی به‌شداری سیاسی‌یان له‌پرۆسه‌ی سیاسیی وڵاته‌كانی خۆیان، به‌تایبه‌ت هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنه لۆكاڵییه‌كانی پارێزگا و شاره‌وانییەكان و هه‌رێمه‌كان، بووه‌ته هۆكاری دواخستن، یان ته‌نانه‌ت له بیرچوونه‌وه‌ی پرسی نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی به‌رهه‌مهێنانی بیر و ئه‌ندێشه و دیدی سیاسی جیاواز و تایبه‌ت به‌خۆیان.
4- هه‌میشه له قهیراندابوون، حزب و كۆمه‌ڵه سیاسییه ئیسلامییه‌كان هه‌ست به مه‌ترسییه‌كانی نێوان ئیداره‌دان و به‌ڕێكردنی دۆخی كێشه‌كان و گرفته‌كان و دواخستنیان و سپاردنیان به‌زه‌مه‌ن، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری به‌په‌له و ڕێبڕینهوه له ته‌شه‌نه‌كردنیان، ئه‌م دیارده‌ی موداراته، به بیانوی گه‌ڕان به‌دوای جێداری گونجاو‌دا، چالاكی و وزه و تهكاندانی ڕێكخستنه‌كان و هه‌وادار و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ده‌كوژێت، ئه‌م دۆخی ڕاهاتن له‌گه‌ڵ هه‌میشه له قه‌یراندا ژیان، بیركردنه‌وه‌ی هه‌رجۆره پرۆسه‌یه‌كی ئایینده‌سازی له‌بار بردووه.
5- ڕه‌خنه له‌خۆگرتن و به‌خۆدا چوونه‌وه‌ی له ڕیزه‌كانی حزب و كۆمه‌ڵه‌كانی جووڵانه‌وەی ئیسلامی، تا ڕاده‌ی ده‌گمه‌نی لاوازە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه له‌خۆگرتن به‌مه‌رجه بابه‌تییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ڕیخۆشكردنی نوێبوونه‌وه‌ی فیكری داده‌نرێت.(25)
6- لاوازی نوخبه‌ی سیاسیی خاوه‌ن به‌هره و ئه‌زموونی سیاسی، كه جێگه‌ی متمانه‌ی كۆمه‌ڵگه بێت له ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به لێهاتن و توانایه‌كی پیشه‌ییه‌وه.
7- كۆكردنه‌وه‌ی كار و ئه‌ركی بانگه‌واز له‌گه‌ڵ پێویستییه‌كانی كار و چالاكی سیاسی لە چوارچێوه‌ی یه‌ك قه‌واره‌دا، به‌ناوی حزب و كۆمه‌ڵه‌ی سیاسیی، گرتنه‌خۆی جه‌ماوه‌ر و ده‌سكه‌وتنی ئه‌ندام و لایه‌نگر له‌ڕێگه‌ی ئامڕاز و هۆكاره‌كانی بانگه‌واز و پرۆگرامی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامییه‌وه ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌و هۆكارانه‌یه كه پرۆسه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی سیاسی به‌شێك نه‌بێت له‌بیركردنه‌وه.
8- به‌شێكی به‌رچاو له حزب و كۆمه‌ڵه ئیسلامییه‌كان، چاویان له‌سه‌ر ده‌سكه‌وتن و گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتێكه به‌هەر ڕێگه و ئامڕازێك بگونجێت، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامیی تێدا پیاده بكه‌ن، به‌م هۆیه‌وه خۆیان سه‌رگه‌رمی تیۆریزه‌كردنی سیاسه‌ت، داڕشتنی سیستمی سیاسی، بوونیادنانی ده‌سه‌ڵات و دواجار نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی ناكه‌ن..
_________________
سەرچاوەكان
(1)الدكتۆر سیف ا‌لدین عبدالفتاح إسماعیل، مفهوم التجدید، مجموعة مؤلفین فی(بنا‌ء المفاهیم)، دار السلام للطباعة والنشر، القاهرة، ط1، ج2، 2008، ص:322-323.
(2)الدكتور یوسف العالم، المقاصد العامة للشریعة الإسلامیة، المعهد العالمی للفكر الإسلامی، هیرندن، فیرجینیا، ط1، 1991، ص: 207.
(3)عبدالجواد یاسین، ا‌لدین والتدین، المركز الثقافی العربی، المغرب، ط:2، 2014، ص:6.
(4)بییر لیفی، عالمنا الإفتراضی، ت:دكتور رضا كحال، هیئه البحرین للثقافة والاثار، المنامة، ط2، 2020، ص:10.
(5)أورده اڵالبانی فی “السلسله اڵاحادیث الصحیحة” تحت (رقم/599).
(6)عیسی الشارقی، بین التجدید والحداثة، جمعیة التجدید الثقافیة والإجتماعیة، المركز الإعلامی،
Https://tajdeed.org 17/11/2024.
(7)العلامة مناوی، عبدالرۆف المناوی، فیض القدیر، دارالمعرفة، بیروت، ط:2، ج2، ص:287.
(8)محمد رشید رضا، (مقال) الجمع بین مسألة الذكران والإناث فی المدارس، ومسألة التجدید والتجدد، مجلة المنار، ج30، شهر صفر 1348ه، ص: 115. لمكتبه الشاملة السنیة،
Alsunniya.com/book/ 20/11/2024
(9) الدكتور یوسف القرضاوی، من أجل صحوة راشدهة تجدد ا‌لدین وتنهض بالدنیا، دار الشروق، القاهرة، ط1، 2001، ص:30.
(10) الدكتور یوسف القرضاوی، سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل: 53.
(11) الدكتور عبدالجبار الرفاعی، مفهوم التجدید وأركانه، ڕۆژی سه‌ردان: 20/11/2024
https://www.awaser.net /8/12/2021
(12)عمر عبید حسنه، الإجتهاد والتجدید، سبیل الوراثة الحضاریة، المكتب الإسلامی، بیروت، ط1، 1998، ص:20.
(13)أبواڵاعی المودودی، موجز تأریخ تجدید ا‌لدین، دار الفكر الحدیث، بیروت، ط2، 1967، ص: 52.
(14)الدكتور أحمد محمد حسان، السیاسة بین الإسلامیین واللیبرلین، دار الفكر العربی، القاهرة، ط1، 2013، ص:39.
(15)روبرت أ.دال، التحلیل السیاسی الحدیث، ترجمة: الدكتور علا‌ء أبوزید، مركز اڵاهرام، القاهرة، ط1، 1993، ص:7.
(16) الدكتور عصام سلیمان، مدخل إلی علم السیاسة، منشورات الحلبی الحقوقیة، بیروت، ط:6، 2015، ص:12، به‌ده‌ستكاریه‌وه.
(17)لورانس فانین، لماژا السیاسی، ترجمه: محمد شوقی الزین، بیروت، دار إبن ندیم، گ:1، 2024، ص:13.
(18)الدكتور معن خلیل العمر، نخب العراق الحاكمة، دار الشروق، عمان، ط1، 2016، ص:17.
(19) الدكتور صبری بدیع الحسینی، الوعی السیاسي فی الریف المصری، برلین، ط1، 2017، ص:9.
(20) محمد عابد الجابری، ا‌لدین والدولة وتطبیق الشریعة، مركز دراسات الوحدة العربیة، بیروت، ط:2، 2004، ص: 134.
(21) پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ، په‌سه‌ندكراوی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می، یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، له 28 -29/ 12 /2019- هه‌ولێر.
(22) په‌یڕه‌وی نێوخۆی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی، كوردستان/ عێراق، په‌سه‌ندكراوی كۆنگره‌ی چواره‌م،2021، ص:4-5. پێویست به ئاماژه‌كردنه كه هه‌ردوو پێڕه‌وی كۆنگره‌ی سێی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی و چواری كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی، پرۆگرامی سیاسی تیا باسنه‌كراوه.
(23)یاسر الزعاترة، لماذا یفشل الإسلامیون سیاسیا، جسور للطبع والترجمة، بیروت، ط2، 2022، ص:14.
(24)الدكتۆر علی فهد الزمیع، حیرة المشروع السیاسی الإسلامی، مركز نهوض، لبنان، ط1، 2022، ص:59.
(25)الدكتور عبدالله النفیسی، واخرون فی (النقد الذاتی للحركة الإسلامیة، مكتبة الشروق الدولیة، القاهرة، ط1، 2009، ص:9.