کوردستان لە سایەی جەنگێکی ڕانەگەیەنراوی ئاویدا (ئیلیسو بە نموونە)
د. هەردی مەهدی میکە
جیا لە کێشە ئاسایشی، سیاسی و مەزهەبییەکانیان، کێشەی سیاسەت و چۆنێتیی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانیشیان لە پەرەسەندندایە. دواجار سەرەڕای ناڕەزاییە ژێرلێوییەکانی تاران و بەغدا، ئەنکەرە کاری خۆی تەواو کرد و کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو بەنداوی ئیلیسوی لەسەر خاکی باکووری کوردستان خستە گەڕ. گەرچی سەرچاوە ئاوییەکانی و بەنداو و ڕێڕەوەکانی ئەم کێشەیە لە خاکی کوردستانەوە (تورکیا) دەست پێ دەکات و هەر بە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران) و باشووری کوردستاندا (عێراق) تێدەپەڕێت و یەکەمین بەرکەوتە و زۆرترینی شوێنەوارە نەرێنییەکانی لەم خاکە بێدەوڵەتەدا جێ دەهێڵێت، دیارە لەم دۆسێیەدا ئەوەی بێدەنگترین بێت؛ هەرێم و هێزە کوردستانییەکانی ئەو پارچانەی دیکەن. وەک دەریشدەکەوێت، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکان و داینەمۆی پێکدادانی هەرێمایەتیی ئایندەیی وڵاتانی ناوچەکە، شێوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانە، هاوتای ئەو ململانێ باوەی کە لە ڕابردوودا لەسەر سەرچاوەکانی دیکەی وزە بوو. ئەم هەنگاوەی تورکیا لە سیاسەتی ئاویدا، دوور نییە بیکاتە هێزی تاقانە و پۆلیسی نوێی هەرێمایەتی و ئاراستەکاری جڵەوی وڵاتانی ناوچەکە.
تورکیا لە ساڵی ١٩٩٢دا، بە خستنەگەڕی پڕۆژەی بەنداوی ئەتاتورک لەسەر ڕووباری فوڕات، کە تواناکەی بەتەنها بەرامبەر ٦٥٠ بەنداوی ئێرانییە، بووە هۆی پیسبوونی ژینگە و زیادبوونی خۆڵبارین و تۆز و غوبارێکی بێوێنە لە ئێراندا و دیاردەی بەبیابانبوونی لە هەندێ ناوچەی عێراقیشدا کردە خەڵاتی دانیشتووانەکەی. ئێستاش وا بەنداوی ئیلیسوی لەسەر ڕووباری دیجلە کردەوە و نزیکەی ٦٠٪ی ئاوی ڕووبارەکە کەم دەکات.
بێدەنگیی کورد ڕەنگە لەبەر بێکیانی و لاوازی و ناهاوتایی باڵانسی هێزی بێت لەگەڵ دراوسێکانیدا، بەڵام بێتوانایی و نیمچەبێدەنگیی تاران و بەغدا مایەی سەرسوڕمانی شارەزایان و خەمخۆرانی ژینگە و خەڵکی ئەو دوو وڵاتەن لە ئاست ئەنکەرەدا و کە لە بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو پرسەدا و بە دادگا گەیاندنی تورکیادا حکومەتەکانیان کەمتەرخەمییان نواند. لە کاتێکدا ئاوی دیجلە و فوڕات لە ڕووی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە بە ئاوە هەرێمییەکان هەژمار دەکرێن نەک ئاوی دەوڵەتی، بەو پێیەی ڕێڕەوەکەی بە دوو وڵات زیاتردا تێدەپەڕێت بە ئاوێکی هەرێمی دادەنرێت و دەکرێت دەزگا و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کاریگەری هەر لە سەرەتاوە لەسەر بهێنرایەتە دەنگ. ئەمە نەک ئێستا، دەبوو هەر ئانی ئەندازەگیری و پلانە سەرەتاییەکانی ڕاگەیاندنی پڕۆژەکەدا لەلایەن تورکیاوە بکرایە، کە نەکرا و ئەویش کاری خۆی کرد و چیتر نەیارانی دەبێت وەک واقیع لەسەر مێزی دانوستاندن لێدوانی لەسەر بدەن.
ئیلیسو بۆ کوردستان و ناوچەکە چیی لێ دەکەوێتەوە؟
بەنداوی ئیلیسو (Ilisu Baraji) لەسەر ناوچەکانی دارگچیتی سەر بە پارێزگای ماردینی باکووری کوردستان (تورکیا) دروست کرا و ساڵی دەستپێکی گلدانەوەی ئاوی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠١٨ و ساڵی تەواوبوونی یەکجاریی پڕۆژەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ٨/١١/٢٠٢١ و توانای گلدانەوەی دە ملیار و شەش سەد ملیۆن (١٠،٦٠٠،٠٠٠،٠٠٠) مەتر چوارگۆشە ئاوی هەیە. ئەم بەنداوە لەسەر ڕووباری دیجلە ساز کراوە و نزیکەی ٦٠٪ی ئاوی دیجلە (کۆڵەکەی ژیان و شارستانیەتی عێراق) بۆ عێراق کەم دەکاتەوە و هەر بەو ئاراستەیەش لەبەر ئەوەی بە درێژایی ڕەوتەکەی دەبێتە هۆی لاوازکردنی دیجلە، دەبێتە هۆی وشکبوونی حەوزی هۆری مەزن (هور العظیم)ی ئێران و وشکبوون و بەبیابانبوونی ئەو هەرێمە بەرفراوانەی لێ دەکەوێتەوە و زیانەکەی بەر دانیشتووانی هەریەک پارێزگاکانی ئەحواز (خوزستان)، عیلام، بوشەهر و بویرئەحمەد دەکەوێت. لەوێشدا دیسان هەر ناوچە کوردستانییەکان و عەرەبییەکان کە پێکهاتەی فەرامۆشکراوی دەوڵەتی ناوەندین، زیانباری سەرەکین.
بۆ کوردستان وەک خاک و شوناس و مێژوو، زیانەکانی چەند بەرامبەرن، هەم لە ڕووی مێژووییەوە شوێنەواری شارستانیەتی هەزاران ساڵەی حەسەنکێفی مێژوویی هەڵدەگێڕێتەوە کە ناوچەی سەرەکیی بونیادنانی بەنداوەکەیە و بۆ ڕەوتی ژیانیش چەندین لادێ و ناوچەی دانیشتووانی ڕووبەڕووی زیان دەکاتەوە. بە درێژایی ڕووباری دیجلەش، لێکەوتەکانی بەنداوەکە زیان دەگەیەنێت بە ناوچە کوردستانییەکان لە هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران. بۆیە لە سەرچاوەوە، چ وەک زیانی مرۆیی و ژینگەیی، چ وەک شوناس و خاک، کورد لە هەرسێ وڵات بەرکەوتەی شوێنەوارەکانی بەنداوی ئیلیسو دەبن.
نیگەرانییە ژینگەییە ئایندەییەکان لە عێراق و ئێران
ئەوەی بەوردی دەتوانرێت لەبەرچاو بگیرێت لە لێکەوتەکانی سیاسەتی ئاوی تورکیا بەگشتی و بەنداوی ئیلیسو بەتایبەت لەسەر هەردوو وڵات، دەکرێت لەم خاڵانەدا کورت بکرێنەوە:
١. مەترسییەکانی لەسەر عێراق:
– کەمبوونەوەی لانی کەم ٥٠٪ی پشکی ئاوی عێراق لەو سەرچاوەیە.
– سەرهەڵدانی قەیرانی وشکەساڵیی توند.
– زیانگەیاندن بە کشتوکاڵ و ژینگە.
– خێراکردنی جەنگی گریمانەکراوی ئاویی هەرێمایەتی.
– وشکبوونی لەسەرخۆی ڕووباری دیجلە.
٢. مەترسییەکانی لەسەر ئێران:
– وشکبوونی تەواوەتیی زەلکاوە بەپیتەکانی “هور العظیم”.
– کێشە دروستکردن بۆ ژیانی ئاسایی خەڵکی (٢٣) پارێزگا.
– بڵاوبوونەوەی زیاتری خۆڵبارین و تۆز و غوبار لە سەرانسەری وڵاتدا.
– پەرەسەندنی قەیرانی وشکەساڵی لە باشووری ئێراندا.
– بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆچ بە هۆی قەیرانە ژینگەییەکان.
وا دەردەکەوێت، جیا لە بەهێزبوونی هەژموونە سەربازییەکەی و بە وردبوونەوە لە مێژووی ٣١ ساڵی ڕابردووی ناوچەکە، تورکیا براوەی یەکەمی ئەو ئاڵۆزییانەیە کە ڕووبەڕووی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عێراق و سووریا و ئێران بوونەتەوە. وەک دەرکەوت لە جەنگی کوێت و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و هەرێم، بەنداوی مەزنی ئەتاتورکی جێبەجێ کرد و لەپاش (٢٠٠٣)شەوە بە هۆی سەرقاڵی و لاوازبوونی عێراقەوە و سەرگەرمیی وڵاتانی زلهێز بە دۆسێکەوە، بە سیاسەتە ئاوییەکانی و کردنەوەی ڕێڕەوە نوێکانی لە ئاو و بازرگانی و وزەدا دیسانەوە قازانجی خۆی کرد. لە ئانوساتی دەرکەوتنی تیرۆر و داعش و کاردانەوەکانی لەسەر ناوچەکە، ئەو لە پەلهاوێژییە ستراتیژییەکانی و هەژموونی خۆی نەکەوت و هەلەکەی قۆستەوە و دوایین بەرهەمیشی بە هۆی لاوازی و قەیرانەکانی وڵاتانی ناوچەکە، دیسان تورکیا لە پەناوە بە سێ ساڵ بەنداوی ئیلیسوی لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلا کردەوە و ئایندەیەکی نادیاری ژینگەیی و مرۆیی و ئابوورییشی کردە دیاری بۆ دراوسێکانی.