کوردستان لە نێوان ململانێکانی ئێران، تورکیا و ئیسرائیلدا; پشتێنەی کوردی لە چەقی بەریەککەوتنەکان
توێژەر: مەیسەم مورادی
خوێندكاری ماستەر لە زانكۆی زانكۆی ماسیكلیدە/دانیمارك
بەرایی
لە دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و لاوازبوونی دەسەڵاتەکانی ناوچەکە کە پریشکی ئەو گۆڕانکارییانەیان بەرکەوتبوو، کورد لە ڕۆئاوای کوردستان توانی کە ئەو دەرفەتە مێژووییە بقۆزێتە و بەشێکی زۆری جوگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. هەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی لە باشووری کوردستان و هاوکات لەگەڵ دروستبوونی بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان، بووە هۆکاری ئەوەی کە چیتر کورد لە ناوچەکە وەک جاران مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت و تەنانەت زۆر جار دەورێک کە بە کورد دەدرا، لەسەرەوەی ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتییەوە بوو. بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەردوو بەشی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، بەرەنگاربوونەوە و شەڕی تیرۆر لەو دوو بەشەی کوردستان، کە هێشتاش بەردەوامە، پێگەی کوردی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا زۆر بەرزتر کردەوە. سەردانی سەرۆکی وڵاتان، لەوانە سەرۆک کۆماری فەرانسە بۆ هەولێر، ڕێگە ئاوەڵاکردنی سەرکردایەتی کورد لە باشووری کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوە گرنگە نێودەوڵەتییەکان، هاوکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەمان پێدەڵێت کە کورد لەو دوو بەشەی کوردستان، لە دەرەوەی ویست و خواستی دەوڵەتانی عێراق و سووریا، لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت ئەمریکا، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. هاوسنوور بوونی ئەم دوو بەشەی کوردستان، فاکتەرێکی گرنگ بووە بۆ ئەوەی کە لە کاتە هەستیارەکان، بۆ نموونە لە کاتی شەڕی داعەش، هاوپەیمانان لە ڕێگەی باشووری کوردستانەوە یارمەتییەکان بگوازنەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. هەبوونی هاوکاری و ئەم پاشخانە مێژووییەی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی، هۆکار بووە کە زۆر جار جووڵەی هێزگەلێک وەک هێزەکانی ئەمریکا لەو دوو بەشەی کوردستان ببینین، کە تەنانەت بە دڵی دەوڵەتانی ناوچەکە، لەوانە تورکیا و ئێران نەبووبێت. لە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، واتە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوە و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، هەروەها باشووری لوبنان، کورد لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بوون بە بەشێک لە هاوکێشەکە، ئەمەش بۆ ئەو پێگە گرنگ و جیۆپۆلیتیکەی ئەو دوو بەشەی کوردستان دەگەڕێتەوە. کارابوونی ئەو دوو بەشەی کوردستان لە نێوان هاوکێشەکاندا، پێویستی بە خوێندنەوەیەکی نوێ و ئەمڕۆیی تر لە پێگەی کوردستان هەیە. ئەم توێژینەوە هەوڵ دەدات لە ڕوانگەیەکی نوێوە پێگەی جیۆپۆلیتیکی کوردستان، لە توێی چەمکی ”پشتێنەی کوردی” دابڕێژێت و ئاوڕ لە گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات، کە دەتوانێت دەرفەتی مێژوویی بۆ کورد لە هەر چوار بەشی کورستان دروست بکات.
لە شەڕی کۆنەوە بۆ شەڕی نوێ
بیرمەند و مێژووناسی ئیسرائیلی، یوال نوح هەراری لە چاوپێکەوتنێکی خۆیدا لەسەر باسکردن لە مێژووی جەنگ لە نێوان مرۆڤدا، باس لەوە دەکات کە ”تا پێش ١٣ هەزار ساڵ پێش هیچ ئاسەوارێک لە شەڕ لە نێوان مرۆڤەکاندا نەدۆزراوەتەوە” هەراری لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێت ”کۆنترین مرۆڤێک کە ئاسەواری جەنگ بە لەشییەوە ]سەریەوە[ دیاربووە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٣ هەزار ساڵ پێش، لە پێش ئەودا هیچ بەڵگەیەک بوونی نەبووە، کە بیسەلمێنێت مرۆڤەکان لە جەنگدا بووبن”. جەنگ لە دوای سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێرنەوە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە و دەوڵەتەکان بە کەڵکوەرگرتن لە توانا جۆراوجۆرەکانی خۆیان توانیان تەکنەلۆژیای پێشکەوتووتر دروست بکەن و لەم ئاڕاستەیەدا بە مەبەستی جیاواز بچنیە شەڕەوە لەگەڵ یەکتردا. خاڵی بەرچاوی جەنگە کۆنەکان ئەوەبوو، کە دەوڵەتەکان تاکە فاکتەری دیاریکردنی کات و ساتی سەرهەڵدانی جەنگەکان بوون، جیاوازتر لەوەی کە ئەمڕۆ دەیبینین، بێجگە لە دەوڵەتەکان، ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکانیش توانای ئەوەیان هەیە کە شەڕە گەورەکان هەڵبگیرسێنن. نمونەی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان گەیشتوون بە توانایەکی زۆر کە پێشووتر ئەم تواناییە لە نێوان ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکاندا نەدەبینرا. دەوری ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان لە شەڕە نوێکاندا زیاتر ڕوون دەبێتەوە کاتێک مەری کەڵدۆر لە کتێبەی خۆیدا بە ناوی ”جەنگە نوێ و کۆنەکان”دا باس لە دەوری ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان لە ”جەنگە نوێکان”دا دەکات.
کاڵدر دەڵێت ”جەنگە نوێکان لە ڕێگەی تۆڕێک لە ئەکتەرە دەوڵەتی و نا-دەوڵەتییەکاندا ئەنجام دەدرێت کە توانای ناسینی خەڵکی شەڕکەر ]سەرباز[ و خەڵکی مەدەنی زۆر ئەستەمە.” (١) چەند جەمسەربوونی هێز لە دنیا، پاڵپشتی نێودەوڵەتی، هێزی سەربازی تایبەت بە ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان، دامەزراوەسازی و کەڵکوەرگرتن لە ناسیۆنالیزم، توانای ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکانی بردۆتە سەرەوە و لەم ئاڕاستەیەدایە کە دەبینین ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان دەتوانن جووڵەی زۆرتر بکەن، لە ”جەنگە نوێکان”دا باس لە دەوری ئەکتەری نا-دەوڵەتی هاوشانی دەوڵەتان بکرێت.
هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بەرپابوونی شەڕێکی داهاتوو ناڕوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەلمێنەری ئەو ئارگیۆمێنتەیە کە لە شەڕە نوێکاندا ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان وەک حەماس دەوری گرنگ لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بگێڕن. بەم پێشەکییەوە کە لەسەرەوە باس کرا، خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و دۆخی کوردستان بەتایبەت دەکەین.
مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٣، لە ٧٨مین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بنیامین ناتانیاهۆ وێنەیەکی بەرزکردەوە کە لەسەری نووسرابوو ”ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ”، لەسەر ئەو وێنەیە جوگرافیایەک بە ناوی ”فەلەستین” بوونی نەبوو، بەڵام پەیامی سەرەکی ئەو وێنەیە ئەوە بوو کە ئیسرائیل بەرەو گۆرانکارییەکی بنەڕەتی لە ناوچەکە هەنگاو دەنێت. گریمانەی من بۆ ئەو گۆڕان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، بۆ سێ هەنگاو دەگەڕێتەوە کە ئیسرائیل بەشێک بوو بەرەوپێشچوونیان: یەکەم، ئیسرائیل پێش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، گەیشتبوو بەو دەرئەنجامەی کە کێشەکانی خۆی لەگەڵ فەلەستین و حیزبۆڵڵا، بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت فرێز بکات، واتە ئیسرائیل سیاسەتێکی لە پێشگرتبوو کە نە شەڕی دەویست نە ئاشتی، بەجۆرێک کە هەوڵی دەدا ئەو کێشانەی کە لە نێوانیاندایە فرێز بکرێت، بەوجۆرە هەنگاو هەڵبنێت بۆ سیاسەتگەلێکی دیکە کە قازانجی زۆرتری بۆ ئیسرائیل تێدابوو. سیاسەتی فرێز کردنی کێشەکان کە لە دوای بڕیارنامەی ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، گیرایە پێش، لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، شکستی هێنا و سیاسەتمەدارەکانی ئیسرائیل گەیشتن بەو ڕاستییەی کە ئەو جۆرە هەڵسووکەوتەی کە پێش هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر و هێرشی حیزبۆڵڵا لە ٨ی ئۆکتۆبەر لەپێش گیرابوو، خوێندنەوەیەکی هەڵە بوو لە دۆخی ئەوکاتی هەر سێ لایەنی ئیسرائیل، حەماس و حیزبۆڵڵا. گریمانەی دووەم ئەوەیە کە ئیسرائیل توانیبووی لە ڕێگەی ”ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام” کە لە کاتی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ دەستیپێکردبوو، قازانجی زۆری بەرکەوێت، واتە بە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام, ئیسرائیل توانی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە ئاسایی بکاتەوە و لەم ڕێگەیەوە تەنانەت خەونی ”پان-عەرەبیسم” لەناو ببات. ئەوەی کە بۆ ئیسرائیل گرنگ بوو; نەهێشتنی مەترسی ناسیۆنالیزمێکی عەرەبی بوو کە پاشخانێکی مێژوویی هەبوو لە هێرشی بەرفراوانی سەربازی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئیسرائیل. ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام ئەو بۆچوونەی لای سیاسەتمەدارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دروست کردبوو کە چیتر ئیسرائیل مەترسی ”مانەوە”ی لە لایەن دەوڵەتانی عەرەبی ناوچەکەوە لەسەر نامێنێت. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەتوانرێت بگوترێت:
”ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام” کە لە ٢٠٢٠، دەستی پێکرد، دوو ڕەهەندی ئابووری و سیاسی-ئاسایشی هەبوو، کە بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، مەترسی هێرش لەلایەن وڵاتانی عەرەبی بۆ سەر ئیسرائیل، بۆ هەمیشە کۆتایی پێدێت. هاوکات، بە کەڵکوەرگرتن لە ڕەهەندە ئابوورییەکەی، پڕۆژە گەورە ئابوورییە نێونەتەوەییەکان، لەوانە کۆریدۆری هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا، دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ و قازانجی زۆری بۆ ئیسرائیل تێدابێت. لە کۆتاییشدا، بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت لەگەڵ سعودیە، پرسی “دەوڵەتی فەلەستین” دەچێتە مێژووە و بۆ هەمیشە کۆتایی پێدێت. بەڵام بە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو پلانە گەورەی ئیسرائیل، تووشی کێشەی گەورە بوو”(٢).
گریمانەی کۆتایی ئەوە بوو کە هاوکات لە بەرەوپێشچوونی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام، ئیسرائیل بوو بە بەشێکی گرنگی پرۆژەی کۆریدۆری ئابووری هیند-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا کە بە (IMEC) ناسراوە. ئەم پرۆژەیە پێش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر لە دانیشتێنێکی G20 لە هیندستان پێشنیاز کرا، لە ڕێگەی ئەم کۆریدۆرەوە وڵاتی هیند پەیوەست دەکرێت بە وڵاتانی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و لەوێشەوە بە تێپەڕین لە ناو خاکی ئیسرائیل، دەچێتە ئەورووپا. گرنگی ئەم کۆریدۆرە لەوەدایە کە وەک جێگرەوەیەکی پرۆژەی پشتێنە و ڕێگەی چین دێتە ئەژماردن.
لەسەر ئەم سێ گریمانەیانە، واتە یەک، فرێزکردنێکی کاتی کێشەکان لەگەڵ حەماس و حیزبۆڵڵا. دووەم، ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام و ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و سێیەم، پرۆژەی ئابووری کۆریدۆری هیند-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا، بنیامین ناتانیاهۆ پێش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، باسی لە ”ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ” کرد.
بە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو سێ گریمانەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا تووشی کێشەی بنەڕەتی بوونەوە; سیاسەتی فرێزکردن شکستی هێنا، پەیمانی ئاشتنی ئیبراهیم خرایە پەراوێزە و پرۆژەی (IMEC) تووشی ڕاوەستان بوو. لەم ئاڕاستەیەدا بوو کە دەوڵەت لە ئیسرائیل گەیشت بەو دەرئەنجامەی کە دەبێت ڕێگەیەێک بۆ مەترسییەکانی حەماس و حیزبۆڵڵا لەسەر سنوورەکانی خۆی بدۆزێتەوە. لە دوای ئەو هێرشانەی حەماس و حیزبۆڵڵا، بنیامین ناتانیاهۆ کە وتارێکی خۆیدا وتی ”ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین”. ئەو گۆرانەی کە ناتانیاهۆ باسی دەکرد هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، هەروەها هێرش بۆ سەر باشووری لۆبنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی حیزبۆڵڵا. بە واتایەکی تر، بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حیزبۆڵڵا هەڵگیرسانی ”جەنگی نوێ”یە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کۆتاییەکی نادیاری هەیە.
لە قۆناغی ”گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بۆ قۆناغی ”شیرازە[1]ی نوێ”
لە درێژەی چوونەسەرەوەی ئاستی بەریەککەوتنەکان لە نێوان لایەنەکانی بەشدار لە جەنگی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاستی هێرش و لێدانەکانی ئیسرائیلیش دەچووە سەرەوە.”دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئیسرائیل گۆڕانی بە سەر پلانی ”گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” هێنا و پلانەشدا هێنا و کردی بە “شیرازەی نوێ”. ئۆپەراسیۆنی هێرشکردن بۆ سەر حەسەن نەسروڵڵا، ناوی لێنرا “شیرازەی نوێ”، واتە کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، بەشێک بوو لە پڕۆژەیەکی گەورەی ئیسرائیل کە پێش ۷ی ئۆکتۆبەر دەستی پێکرد، بەڵام دوای ۷ی ئۆکتۆبەر، گۆڕانی بنەڕەتی زۆری بەخۆیەوە بینی و ڕەهەندی جیاوازتری گرتە بەر و لە ڕۆژی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، بەفەرمی باسی کرا. کەواتە پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووە بە بەشێک لە پڕۆژەیەکی گەورەتر، بە ناوی “شیرازەی نوێ”ی دڵخوازی ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە دوو باڵی سەربازی و سیاسی خۆی کاری بۆ دەکات و هەوڵ بۆ بەرەوپێشچوونی دەدات.” (٣) ناوهێنانی شیرازەی نوێی لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل، گفتوگۆی زۆری لێکەوتەوە کە لە زۆر ڕەهەندەوە باس و خوێندنەوەی بۆ کرا. لەم ئاڕاستەیەدا دەتوانم شیرازەی نوێی ئیسرائیل لە سێ بەش و گریمانەی سەرەکیدا دابەش بكەم کە بریتین لە:
”یەکەم، گۆڕان لە پێکهاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەند بوارەوە، لەوانە؛ حوکمڕانی، نۆرم و نەریتی هاوسەنگی هێز. لە ڕوانگەی تیۆرەکانی سیاسەتی نێونەتەوەییەوە، شیرازەی نێونەتەوەیی بریتییە لە شێوازە ئاساییەکانی ئاڵوگۆڕکردن لە نێوان یەکە سیاسییەکان کە بەشێوەی سەربەخۆ یەکتر بە فەرمی دەناسن. ئەگەر بمانەوێت ئەم پێناسەیە بگوازینەوە بۆ ڕوانگەی شیرازەی نوێی ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە لە ڕوانگەی تیۆرییەوە، مەبەستی ئیسرائیل ئەوەیە کە گۆڕانێکی بنەڕەتی دروست بێت لە ناوچەکە لە نێوان یەکە سیاسیەکان کە دەتوانن دەوڵەت، دامەزراوەی سیاسی و نمونەی هێزە پڕۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بێت. ئەم گۆڕانە دەتوانێت ڕاستەوخۆ هاوسەنگی هێز کە ئێران لە ڕێگەی پڕۆکسییەکانی خۆیەوە لە ناوچەکە دروستی کردبوو، تووشی گۆڕان بکات و مەترسی پڕۆکسییەکانی ئێران لاواز بکات. واتە ئیسرائیل دەیەوێت کە بەدوای هەموو پڕۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکە بچێت بۆ ئەوەی کە تا ئەو شوێنەی کە دەکرێت، ئەو پڕۆکسیانە لاواز بن. واتە خستنی یەک لە دوای یەکی ئەو گرووپانە، وەک دۆمینە.
هاوکات کە ئەم دۆمینۆ تیۆرییە ڕوودەدات، ئیسرائیل دەیەوێت هەموو تێچوویەک بدات بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان ئێران و پڕۆکسییەکانی تووشی پچڕان بکات. لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا تیۆری (Imperial Overstretch) باس لە شێوازی ئەم پچڕانە دەکات. مێژوونووس “پۆڵ کەنەدی” یەکێک لەو کەسانەیە کە بەوردی باسی لەم تیۆرییە کردووە. ئەم تیۆرییە پێیوایە کە ئیمپراتۆرییەکان هەوڵی زۆر دەدەن کە تا ئەو شوێنەی کە توانایان هەیە، خۆیان درێژتر بکەنەوە و جوگرافیای زۆرتر بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بەڵام ئەم فراوانخوازییە، زۆربەی کات دەبێتە هۆی داڕمانی ئیمپراتۆرییەکان. هۆکاری سەرەکی ئەم داڕمانانە ئەوەیە کە ئیمپراتۆرییەکان “بەڵێن” و “بەرپرسیاریەتی” زۆر و گەورە دەخەنە سەر شانی خۆیان، بەڵام توانای جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیاریەتی و بەڵێنانەیان نییە و ناچار دەبن پاشەکشە بکەن و دەست هەڵگرن لە حوکمڕانی زۆرێک لە جوگرافیای ژێر دەسەڵاتیان. ئەوەی کە ئیسرائیل بەدوایەوەیە لەم بەشەدا: پێشگرتن بە مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لەسەر سنوورەکانی ئێران-ە، واتە دوورکردنەوەی مەترسی لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل و خۆپارێزی لە مەترسییەکانی ئێران، لە نزیکترین شوێنی نزیک لە ئێران. ئەم خۆپارێزییە کاتێک ڕوودەدات کە پەیوەندی نێوان ئێران و پڕۆکسییەکان، دابەزێتە کەمترین ئاستی خۆی و ئێران ناچار بە پاشەکشە بێت.
دووەم، گۆڕانکاری بنەڕەتی لە شێوازی بەکارهێنانی چەک، تەکنەلۆجیا و تاکتیکی بەرەنگاربوونەوە لەپێش ئێران و پڕۆکسییەکانی ئێران. ئۆپەراسیۆنی هێرش بۆ سەر باشووری لوبنان، کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، وەرچەرخانێکی مێژوویی لە بەکارهێنانی چەک، تەکنەلۆجیا و تاکتیکەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە پێش هێزێک وەک حیزبوڵڵا بوو. لە ڕۆژەکانی ١٧ و ١٨ی سێپتمەبەر، ئیسرائیل بە تەقاندنەوەی پەیجەر و هەموو کەرەستە ئەلکترۆنیکەکانی حیزبوڵڵا، زیاتر لە ٥ هەزار کەسی لە ئەندامانی حیزبوڵڵای بریندار کرد و زیاتر لە ١٥ کەسیشی کوشت. ئەم نمونە لە چالاکییەی ئیسرائیل، لە مێژووی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ گرووپە نەیارەکانی خۆیدا بێ وێنە بووە و وەک یەکەمجار ڕووی داوە. هەروەها ئۆپەراسیۆنی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، بە کەڵکوەرگرتن لەو تاکتیکە بوو کە بنیامین ناتانیاهۆ بە مەبەستی بەشداریکردن لە ٧٩یەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەردانی ئەمریکای کردبوو، بەڵام فەرمانی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵای لە هۆتێلی مانەوەی خۆی لە نیۆیۆرک بە سوپای ئیسرائیل دابوو. واتە دروستکردنی دڵنیایی بۆ بەرپرسانی باڵای حیزبوڵڵا، بەڵام بەشێوەیەکی تاکتیکی، بۆ ئەوەی کە ئەو بەرپرسانە لەکاتی نەبوونی ناتانیاهۆ، جووڵەیەک بکەن و دواتر بکرێنە ئامانج. هاوکات چەکی بەرکارهاتووی سوپای ئیسرائیل بۆ هێرشکردن بۆ سەر بارەگای حیزبوڵڵا و کوشتنی نەسروڵڵا، لانیکەم یەکەمجار بووە کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، لە دژی حیزبوڵڵا بەکار بێت. ئەو مووشەکەی کە ئیسرائیل بەکاری هێنابوو، لە جۆری (BLU-109s) بوو کە توانای بڕینی زیاتر لە شەش مەتر کۆنکرێتی هەیە، واتە ئیسرائیل وەرچەرخانێکی کردووە لە جۆری چەکی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەیارەکانی. ئەم وەرچەرخانەش لە کاتی هێرش بۆ کۆشتنی “هاشم سەفییەدین” کە وەک جێگرەوەی نەسروڵڵا باسی دەکرا، بە ڕوونی دەبینرا. ئەو مووشەکانەی کە ئیسرائیل بەکاری هێنابوون، لە هەمان جۆری مووشەک بوون کە حەسەن نەسرۆڵڵای پێ کرایە ئامانج، بەڵام جاری دووەم، واتە هێرش بۆ سەر هاشم سەفییەدین، ژمارەی ئەو مووشەکانە، دووهێندەی جاری یەکەم بوو.
سێیەم، خاڵی کۆتایی، ناوەڕۆکی شیرازەی نوێ، لە چوارچێوەی ڕێچکەی/دۆکتراینی “زاحیە” هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکاندا بکات. دۆکتراینی زاحیە، ساڵی ٢٠٠٦ لەکاتی شەڕی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، داڕێژرا، خاڵی سەرەکی ئەم دۆکتراینە ئەوەیە کە ئیسرائیل بە هێرشە قورس و بەردەوامە ئاسمانیەکانی خۆی، دەرفەتی بیرکردنەوە و پەرچەکردار بۆ لایەنی بەرامبەری نەهێڵێتەوە. هاوکات بەڵێدان لە ژێرخانە گرنگەکانی “نەیار”، بتوانێت پەیوەندی نێوانیان بپچڕێنێت و لە کۆتاییدا، هەیکەلی لایەنی بەرانبەری خۆی تووشی داڕمان بکات. نموونەی بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە پێش حیزبوڵڵا-دا، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئیسرائیل نایەوێت بهێڵێت لایەنی بەرانبەری بیر لەوە بکاتەوە کە وەڵامدانەوەی بۆ ئیسرائیل هەبێت، کە ئەمە نمونەی بەرچاوی دۆکتراینی زاحیە-س. واتە هێرشی بێ وچان، لە بەرزترین ئاستی خۆیدا، بۆ ئەوەی کە چوونەپێشەوەی قۆناغ بە قۆناغ لە بەرەکانی شەڕدا، بەزووترین کات ڕووبدات، بەڵام بەو ئاگادارییەوە کە ئێران پلانی هەیە شەڕی پڕوکێنەر بۆ ئیسرائیل دروست بکات.” (٤)
پشتێنەی بەرگریی ئێران
دوای بە ئامانجگرتنی حەسەن نەسرۆڵڵا لە لایەن ئیسرائیلەوە، ڕێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی دوای پێنج ساڵ دووربوونەوە لە وتاری هەینی، گەڕایەوە و لە ڕێکكەوتی ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، وتاری هەینی خۆی پێشکەش کرد. لە وتارەکەی خۆیدا، خامنەیی باسی لەوە کرد کە ”وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە، لە ئەفغانستان تا یەمەن دەبێت یەکبگرن و لەپێش ئیسرائیلدا بوەستنەوە”. ئەو بۆ یەکەمجار لەو وتارەی خۆیدا باسی لە چەمکی ”پشتێنەی بەرگریی” کرد، مەبەستی ئەوە بوو کە دەبێت بە هەموو تواناکانی خۆیانەوە لە پێش ئیسرائیلدا بەرگری لە خۆیان بکەن و هەموو وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە دەوری پشتێنەیەکی بەگری بگێڕن. لە وتاری ”شیرازەی نوێی ئیسرائیل و ستراتیجی پشتێنەی بەرگری ئێران”، ئەو چەمکەی کە عەلی خامنەیی لە وتارەکەی خۆیدا بەکاری هێنابوو، لە پێنج بەشدا دابەشکردووە، بەشەکان بریتین لە:
”یەکەم، هەموو پڕۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکە، دەبێت بەشێوەی ڕاستەوخۆ بچنە ناو گۆڕەپانەکە. واتە ئەو پڕۆکسیانە دەبێت کارا بکرێن و بە بێ گوێدان بە هەڵوێستی دەوڵەتانی خۆیان، هەنگاو بەرەو ئەو ئاڕاستەیە هەڵبنێن کە لە چوارچێوەی پشتێنەی بەرگری ئێران-دا بێت. نمونەیەکی ئەم گریمانەیە، یەکەم هێرشی زیانباری هێزەکانی ناو عێراق بۆ سەر ئیسرائیل بوو، کە بووە هۆی ئەوەی دوو سەربازی ئیسرائیل بکوژرێت و زیاتر لە ٢٥ کەسی دیکە بریندار بن. ئەم هێرشە دوو کاتژمێر دوای وتاری هەینی عەلی خامنەیی ئەنجامدرا. کەواتە یەکەم لایەن کە گوێڕایەڵی فەرمانی نوێی خامنەیی بوو، هێزە شیعەکانی سەر بە ئێران، لە عێراق بوون.
دووهەم، دەبێت بەشداری ئەو گرووپانە بەو شێوەیە بێت کە مەترسی کەوتنی حیزبوڵڵا بهێنێتە کەمترین ئاستی خۆی، واتە دەبێت؛ دابەشکارییەکی ناوخۆیی ئەو گرووپانە بێت، بۆ ئەوەی ئیسرائیل لە چەند لایەنەوە هەست بە مەترسی بکات و سەرنجی لەسەر حیزبوڵڵا کەمتر بێتەوە، بۆ ئەوەی حیزبوڵڵا هەناسەیەک هەڵکێشێت لەژێر بۆردوومانە چڕەکانی ئیسرائیل. کەواتە دەبێت هەڕەشەی کەوتن، هەڕەشەیەکی گشتی بێت بۆ ئەو گرووپانە و هەڕەشەکە لە ناوخۆی خۆیاندا دابەش بکەن، بەم شێوە ئیسرائیل دەچێتە دوو بەرەی شەڕی ڕاستەوخۆ (حەماس و حیزبوڵڵا) هاوکات سێ بەرەی شەڕی ناڕاستەوخۆ (یەمەن، سووریا و عێراق)، واتە تەشەنەسەندنی شەڕ بۆ وڵاتانێکی زۆرتر.
سێیەم، دروستکردنی بەرپرسیاریەتی مێژوویی بۆ وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە بەتایبەت بۆ میسر. خامنەیی لە وتارەکەی خۆیدا بەفەرمی ناوی وڵاتی میسری هێنا و ئەو وڵاتەی خستە ناو دۆخێکەوە کە دەبێت هەڵبژاردنێکی لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا هەبێت. لەم بەشەدا عەلی خامنەیی دەیەوێت بە وڵاتانی ئیسلامی، بەتایبەت بە میسر بڵێت؛ ئەگەر وەک دەوڵەت نەیەنە ناو باسەکە و پێش بە ئیسرائیل نەگرن، خەڵکەکانتان هان دەدرێن بۆ ئەوەی خۆبەخشانە هەنگاو بنێن، واتە تا ئاستێک خۆڕێکخستنی نوێ لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی، لە دەرەوەی دەوڵەت ڕووبدات، کە ئەمە خاڵێکی مەترسیدارە بۆ ئەو دەوڵەتانە. وتاردانی خامنەیی بە زمانی عەرەبی، بە مەبەستی ئەوە بوو بۆ ڕاکێشانی هاوسۆزی زیاتری خەڵکی وڵاتانی عەرەبی بۆ لای خۆی، کە لە چوارچێوەی هەڕەشە لە دەوڵەتانی عەرەبی دەتوانرێت ببینرێت و بۆ سەپاندنی زیاتری گوتاری دژە- ئیسرائیلی ئێران بێت لە نێوان خەڵکی وڵاتانی موسڵمان.
چوارەم، بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی شەڕی ساڵی ۲٠٠٦ی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، ئێران دەیەوێت ئەم شەڕە بکاتە شەڕێکی “پڕوکێنەر” (فرسایشی) بۆ ئیسرائیل. لەم ئاڕاستەیەدا ئێران دەیەوێت سوپای ئیسرائیل لە لوبنان بچەقێت و بەرەو پێش نەچێت. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێران لە بەشداری هێزەکانی خۆی لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، درێژەپێدانی شەڕە لەو ئاڕاستەیەدا کە شەڕ لە چوارچێوەی ئەکتەری دەوڵەتی و ئەکتەری نا-دەوڵەتیدا بهێڵێتەوە و خۆی بەشداری شەڕەکە نەکات. ئەوەی کە ئێران هیچ کات نەیویستووە، بەشداری ڕاستەوخۆ بێت وەک دەوڵەت، لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل-دا.
پێنجەم، خاڵی کۆتایی، ئەم ستراتیجیەی ئێران، ناوەڕۆکێکی بەرگریکارانەی هەیە، واتە بەرگریکردن لە کەوتنی پڕۆکسییەکان، بۆ ئەوەی ئێران پارێزراو بمێنێتەوە و ئەو پڕۆکسیانە ڕۆڵی “پشتێنەیەکی بەرگری” بۆ ئێران بگێڕن و نەهێڵن کە “شەڕ قۆناغ بە قۆناغ نزیکتر بێتەوە لە سنوورەکانی ئێران”. کەواتە دەتوانرێت بگوترێت: هێرشی پڕۆکسییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ناوەڕۆکێکی بەرگریکارانەی هەیە بۆ ئەوەی “خۆیان بپارێزن” و چارەنووسی حەماس و حیزبوڵڵا، بەسەر ئەوانیشدا نەیات. (٥) کەواتە پشتێنەی بەرگری ئێران، پلانێکی نوێش بە ناوەڕۆکێکی بەرگریکارانەوە بۆ ئەوەی پێش بە پلانی شیرازەی نوێی ئیسرائیل بگرێت.
چوونەسەرەوەی ئاستی بەریەککەوتنەکانی نێوان ئێران و پڕۆكسییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، زمانی زلهێزانێک وەک ڕووسیا و ئەمریکا، لەپێش یەکتردا توندتر دەبوو. نمونەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڤێتۆکردنی پێشنیازی ئاگربەستی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن هەریەک لەو زلهێزانەوە، ئەو پەیامەی دەگەیاند کە بە چوونە سەرەوەی ئاستی بەریەککەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا و ڕووسیا زیاتر کە دژی یەکتر دەوەستانەوە. ئەم پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ ئاستێکی سەرتر، واتە جیهانیی، پێویستی بەوە هەیە کە دابەشکردنێک لە نێوان ئاستی بەریەککەوتنەکاندا هەبێت. لەم ئاڕاستەیەدا، دابەشکارییەکان دەتوانێت لە سێ بەشی لۆکاڵ، هەرێمی و جیهانی پێکبێت. لە بەشی لۆکاڵ، ئیسرائیل لە پێش حەماس، حیزبۆڵڵا و حووسیەکانی یەمەن. بەشی هەرێمی، لە نێوان ئێران و ئیسرائیل و لە بەشى جیهانیدا، جەمسەرگەلێک وەک ئەمریکا و ڕووسیا. لە دوای ئەم دابەشکارییە ئاسانترە کە ئاستی بەریەککەوتنەکان خوێندنەوەیان بۆ بکرێت، کە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی گرژیی لە هەر بەشێکدا، کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئەو دوو بەشەی دیکە، واتە کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بارەگای سەرەکی حیزبۆڵڵا و حەسەن نەسرۆڵڵای کوشت، ئێران هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل و هاوکات ئەمریکا و ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەریەککەوتن، لێرەدایە کە ڕوون دەبێتە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەر سێ بەشەکەدا بوونی هەیە و لەم ڕوانگەیەوە چیتر ناکرێت کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەنیا لە چوارچێوەی هەرێمیدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵکو ڕەهەندێکی جیهانیشی هەیە کە دەورێکی زۆر گرنگ دەبینێت.
چوونەسەرەوەی ئاستی بەریەککەوتنەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دڵەڕاوکەی بۆ زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە، لەوانە تورکیا دروستکردووە. لە ڕێکەوتی ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، ئێران هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل. لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کەڵک لە زیاتر لە ”١٨٠ مووشەکی باڵستیک” (٦) وەرگیرابوو کە لە مێژووی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دوو دەوڵەتەدا بێ وێنە بوو.
لە وەڵامی هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لە ڕێکەوتی ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، ئیسرائیل بۆ جاری دووەم دوای شەڕی غەزە، هێرشێکی ”ورد و ئامانجدار”ی (٧) کردە سەر ئێران. لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، زیاتر لە ”٢٠ ئامانج”(٨) کرایە ئامانجی فڕۆکەکانی ئیسرائیل. بۆ خوێندنەوەیەکی دروستی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە کەڵکوەرگرتن لە بۆچوونی Gil Remillard لەسەر لەدایکبوونی دەوڵەت کە سێ توخمی سەرەکی باس دەکات، ئاستی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕوونتر دەبێتەوە. ڕێمیلارد دەڵێت ”بۆ ئەوەی دەوڵەتێک لەدایکبێت، دەبێت سێ توخمی جەوهەری هەبێت; توخمێکی یاسایی واتە سەروەری، توخمێکی ماددی واتە خاک و توخمێکی بەرجستە واتە دانیشتوان.” (٩) کاتێک کە فڕۆکەکانی ئیسرائیل سنووری دەوڵەتی ئێران دەبەزێنن، بەواتای ئەوەیە کە سەروەریی ئەو دەوڵەتەیان پێشێلکردووە و بە ئامانجگرتنی ئامانجەکان لە ناوخۆی ئێران، واتە توخمی ماددی و بەرجستەی ئەو دەوڵەتە بە ئامانجگیراوە، لێرەدایە کە ئاستی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە بەراورد لەگەڵ هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ڕوونتر دەبێتەوە.
تورکیا و ”پرۆسەی ئاشتی” لەگەڵ کورد
هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە ئێران و ئیسرائیل ئاستی بەریەککەوتنەکەیان بەرزتر دەبێتەوە، تورکیا بە پلانێکی نوێ هاتە ناو هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە دوای ئەوەی کە تورکیا نەبوو کە بەشێک لە پرۆژەی کۆریدۆری هیند-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا و هەروەها ڕێگەی پێنەدرا لە ناو هاوکێشەکانی شەڕی غەزە، لەوانە پرسی ئاگربەست و هەناردەکردنی یارمەتی بۆ غەزە، دەور ببینێت. هاوکات دوای لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیسرائیلی سەبارەت بە ”گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، دەوڵەت لە تورکیا هەستیار بووە و هەستی بەوە کرد کە ڕەنگە گۆرانگەلێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبدات و ئەو وەک دەوڵەت، ئاگاداری لایەنە شاراوەکانی نییە و ئەو گۆرانکارییانە دەتوانێت ببێت بە مەترسی بۆ دەوڵەت لە تورکیا، بۆیە هاوشان لەگەڵ پرۆژەی شیرازەی نوێی ئیسرائیل و پشتێنەی بەرگری ئێران، تورکیا بە پلانی پرۆسەی ئاشتی هاتە ناو هاوکێشەکان.
پرۆسەی ئاشتی چییە؟
ئەوەی کە ئەمڕۆ تورکیا باسی دەکات وەک ”پرۆسەی ئاشتی” زۆر جیاوازتر لە پرۆسەکانی ئاشتی پێشووتر. ئەوەی کە لەم قۆناغەدا دەبێت سەرنجی بخرێتە سەر، پرۆسەی ئاشتی ٢٠٢٤، پرۆسەیەکی دەوڵەتییە، واتە تاک و حیزب بڕیاردەر نیین تێیدا، بەڵکو دەوڵەت لە تورکیا بە هەموو هێز و دامەزراوەکانی خۆیەوە بڕیاری داوە کە ئەو پرۆسەیە دەستپێبکات و بچێتە پێشەوە. ئارگیۆمێنیتی پشتی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە بە بەراورد لەگەڵ پرۆسەکانی ئاشتی لە تورکیا، هەرکات جووڵەیەک لە ناو خاکی تورکیا کرابوو، ئەو پرۆسەیە شکستی دەخوارد، بەڵام لە ئێستادا و دوای باسکردنی پرۆسەی ئاشتی نوێ لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، پارتی کرێکارانی کوردستان هێرشێکی کردە سەر تورکیا و زیاتر لە چوار کەس کوژران، بەڵام دەوڵەت لە تورکیا بڕیاری دا کە درێژە بە پرۆسەی ئاشتی بدات، واتە دەوڵەت لە تورکیا لە ڕوانگەیەی تێچوو و قازانجەوە پێیوایە کە دەبێت درێژە بۆ پرۆسەیە بدات و ئەو هێرشەی پەکەکە نابێتە هۆکار بۆ تێکدانی ئەو پرۆسەیە.
هاوکات کە تورکیا باسی پرۆسەی ئاشتی دەکات، لەم کاتەدا دەتوانێت پەیوەندی هەبێت بە پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانەوە. دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و تەشەنەسەندنی کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزەکانی سەر بە ئێران لە سووریا و عێراق، لە مانگی دووی ئەمساڵ هێرشێکیان کردە سەر پێگەی سەربازی تاوەر٢٢ی ئەمریکا لە ئوردون. لە وەڵامی ئەو هێرشەدا ئەمریکا چەند ناوچەی گرنگی سەر بە ئەو هێزانە لە عێراق و سووریای کردە ئامانج.(٩) هێرشەکانی ئەمریکا ناچەگەلی دێرالزوور، مەیادین و بوکەمال (ئەلبوکەمال) لە سووریا و ناوچەی قایم لە عێراقی گرتەوە. لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەو هێزانەی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (SDF) لە زەمینەوە جووڵەیان کرد (سەیری وێنەی ژمارە یەک بکە) و لە ناچەی دێرالزوور نزیکتر بوونەوە.
وێنەی ژمارە یەک; سەرچاوەی وێنە:
تێبینی وێنە: پارێزگای دێرالزوور لە سووریا و پارێزگای قایم لە عێراق کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت بۆشایی بکەوێتە نێوانیان.
ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەوەی بیانەوێت بۆشایی بخەنە نێوان هێزەکانی ئێران لە عێراق و سووریا، ناچارن کە ئەو بۆشاییە لە ناوچەی دێرالزوور و ئەبوکەمال بەتایبەت دروست بکەن، تاکە هێزێکیش کە لەو ناوچەیە بوونی هەیە و جێگەی متمانەی ئەمریکایە، هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانن، کە واتە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەوەی بتوانن خستنی حیزبۆڵڵا ئاسانتر بکەن، ناچارن کە بۆشایی بخەنە نێوان هێزەکانی ئێران لە سووریا و عێراق، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، کارتی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهێزترین کارتە. ئەم جووڵانەی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ناوچەی دێرالزوور، بە قازانجی تورکیا نییە، واتە تورکیا پێیوایە کە لە ئەگەری ئەوەدا کە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک جوگرافیای زیاتریان بەدەستەوە بێت، دەتوانن زیاتر بەهێزتر بن لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوت و هاوکات دەتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن و ئاستی پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەهێزتر بکەن و بەمجۆرە خەونی ”خستنی” ڕۆژئاوای کوردستان بۆ تورکیا زۆر زیاتر ئەستەم دەبێت. لەم ئاڕاستەیەدایە کە دەتوانین لە بەشێک لە دڵەڕاوکەکانی تورکیا تێبگەین لەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە باوەڕى من پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان هێزەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا بە دەست کورد، دەتوانێت خاڵی وەرچەرخان بۆ کورد لە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان دروست بکات. کوردستان هەر لەسەرەتای بەریەککەوتنەکانی ئێران و پڕۆكسییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، لە ناو هاوکێشەکاندا بەشێوەی کارا بوونی هەبووە. ئەگەر سەرنج بدەینە سەر یەکەم هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بەشێک لە ”مووشەکەکانی ئێران” لە باشووری کوردستان ”خرایە خوارەوە،” (١٠) واتە هێزێکی باڵادەست لە باشووری کوردستان بوونی هەبووە کە نەیهێشتووە مووشەکەکانی ئێران مەترسی بۆ ئیسرائیل دروست بکەن و لە ئاسمانی باشووری کوردستان پێشیان پێگیرا. هاوکات وەک چۆن لەسەر ئاماژەی پێدرا، هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر پرۆکسییەکانی ئێران لە عێراق و سووریا، جووڵەی زەمینیان کرد. ئەم پێشهاتانە پێمان دەڵێت کە کورد چ بە ویستی خۆی بێت چ بە ویستی خۆی نەبێت، بەشێکە لە بەریەککەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت هێرش بکاتە سەر ئێران، دەبێت بەسەر ئاسمانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێپەڕێت، هاوکات ئەگەر ئێران بیەوێت هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، دەبێت بەسەر ئاسمانی ڕۆژهەڵات، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان تێپەڕێت. ئەم تایبەتمەندیەی جوگرافیای سیاسی کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێت کە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە ئێستادا جوگرافیای ئەکتیڤ یان کاران لە بەریەککەوتنەکاندا. گرنگی ئەم کارابوونەی جوگرافیای باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەوەدایە کە دەتوانێت وەک کۆریدۆرێکی کوردی ببینرێت، کە لە چەقی هاوکێشەکاندایە و دەوری گرنگ دەبینێت. ئەم کۆریدۆرە یان بە واتای دیکە ئەم پشتێنەی کوردییە دەتوانێت پێگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بتەوتر بکات و ببێتە پشتە جبەی بەشەکانی دیکەی کوردستان. ئەوەی کە بە باوەڕی من تورکیا ترسی لێی هەیە، دروستبوونی گۆرانکارییە لە سووریا و عێراقدا کە ڕاستەوخۆ پێوەندی هەیە بە ئێرانەوە و بە هێرش و بەرەنگاربوونەوەی ئێران و ئیسرائیل، ئێرانیش تووشی گۆرانکاری بنەڕەتی بکات و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بتوانێت هەناسەیەک هەڵکێشێت، بۆیە بە پلانی ”پرۆسەی ئاشتی” هاتووەتە ناو هاوکێشەکان بۆ ئەوەی کە پێش بە دۆمینەی گۆڕانکارییەکانی کوردستان بگرێت و بە مەبەستی ئەوەی کە کورد قازانجی بەرنەکەوێت، بە هەموو شێوەیەک هەوڵەکانی خۆی زیاتر کردووە. هاوکات کە تورکیا باس لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد دەکات، هێزەکانی خۆی لە سووریا پڕچەک کردووە و هاوشانی هێزە دژبەرەکانی بەشار ئەسەد، هێرشێکی بەرفراوانیان کردووە سەر ”حەڵەب” (سەیری وێنەی ژمارە دوو بکە).
وێنەی ژمارە دوو; سەرچاوەی وێنە:
تێبینی وێنە: جوگرافیای شەڕی نوێی سووریا نیشان دەدات.
ئەو پلانەی کە تورکیا و هێزەکانی دیکە لە سووریا لە پێشیان گرتووە، دەتوانێت بەمجۆرە بێت کە دەیانەوێت زیاتر بەرەوپێش بچن و و جوگرافیای ژێردەسەڵاتی خۆیان زیاتر بکەن کە ئەمە دەتوانێت زەنگێکی مەترسیدار بێت کورد کە تورکیا نەک تەنیا بە پلانی پرۆسەی ئاشتی، بەڵکو لە ڕێگەی هێزە پڕۆكسییەكانی خۆیەوە لە سووریا، دەیەوێت ئەو گۆرانەی کە بڕیارە بە قازانجی کورد لە پارێزگای دێرالزوور ڕووبدات، ڕوونەدات و پێشی بگرێت.
ئەنجام
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای هێرشەکانی حەماس و حیزبۆڵڵا لە ٧ و ٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، چووە قۆناعێکی نوێوە; ئاستی بەریەککەوتنەکان چووە سەرەوە و لە نێوان ئەکتەری دەوڵەتی و نا-دەوڵەتییەوە گەشەی کرد بۆ ئەکتەری دەوڵەتی-دەوڵەتی; ئێران و ئیسرائیل تابۆی هێرشکردنە سەر یەکتریان شکاند; پرۆکسییەکانی ئێران لە ئاستێکی سەرەوە زیانیان بەرکەوت و شەڕی حەماس و ئیسرائیل تەشەنەی سەند بۆ وڵاتگەلێکی دیکە. ئیسرائیل بە پرۆژەی ”شیرازەی نوێ”، ئێران بە پلانی ”پشتێنەی بەرگری” ڕاستەوخۆ لە هاوکێشەکەدا و تورکیا بە پیلانی ”پرۆسەی ئاشتی” خۆی تێکەڵاوی هاوکێشەکان کردووە و بە دوو باڵی سەربازی (پڕۆكسییەكانی خۆی لە سووریا) و بە باڵێکی سیاسی (گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی باکووری کوردستان) هەوڵی زۆرترین قازانج و کەمترین زیان بۆ خۆیان دەدەن. کورد وەک ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتی جیاواز لە هەموو ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکانی دنیا، لە نێوان ئەو دەوڵەتانەدا ناتوانێت چاوەلێکەر بێت و جووڵە نەکات. خوێندنەوەیەکی دروست لە هاوکێشەکان و هاوکات هەوڵی زیاتر نزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد، پێویستییەکە کە دەبێت بە ئاشکرا و نهێنی هەوڵی بۆ بدرێت. باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە فەرمی لە ناو هاوکێشەکەدان و لە ئەگەری چوونە سەرەوەی ئاستی بەریەککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئێران، کە بە هاتنی دۆنالد ترامپ بۆ کۆشکی سپی، ئەو ئەگەرە زۆر زیاتر دەبێت، دەکرێت چاوەڕوانی ئەوەش بکرێت کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەست بێت بە هاوکێشەکانەوە و ئەوکات دەتوانێت دەرفەتێکی مێژووی بۆ کورد دروست بکات. ئەمە بە واتای ئەوەیە کە دوو دەسەڵاتی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت هەوڵێ جۆرێک لە ڕێکخستن و نزیکبوونەوەیی یەکێتی کوردستانی بدەن و ببنە جێگەی ئۆمێدی ئەو بەشەکانی دیکەی کوردستان، واتە سیاسەتکردن لە ئاستێکی سەرەوە. مەری کەڵکدۆر لە کتێبەی خۆیدا دەڵێت: ”چەمکی سیاسەت بانگەشەیە بۆ دەسەڵاتی سیاسی”، کوردیش دەبێت لەم قۆناعەدا بە وردی سیاسەت بکات و تێچوو و قازانجی خۆی لەبەرچاو بگرێت. جەیک سۆلیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جۆ بادن، یەک هەفتە پێش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، گوتی ”ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوو دەیەی ڕابردوو ئارامتر بووە” (١١) بەڵام بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو ئارامییەی کە سۆلیڤان باسی دەکرد لە ناو چوو. دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بەریەککەوتنەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەتایبەت، قەت ناگەڕێتەوە پێش ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، لە دەرئەنجامدا دەتوانرێت بگوترێت کە ئێمە ئێستا بینەری قەیرانەکانی پێش شەڕێکی گەورەین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە چاوەروانی ئەوە دەکرێت کە دۆخەکە زیاتر تەشەنە بکات بۆ وڵاتانی دیکە و ئاستی بەریەککەوتنەکان زیاتر بەرز بێتەوە، بۆیە کورد پێویستی بە خۆئامادەکرنێکی نەتەوەیی و دیپلۆماسیەکی وردی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی کە بتوانێت لە دەرفەتەکان کە دێنە پێشەوە کەڵک وەرگرێت و ئەو مەترسییانەی کە بۆ کورد دروست دەبەن، بکاتە دەرفەت و هەنگاوێک بچێتە پێشەوە.
سەرچاوەکان
1: New & Old Wars; Mary Kaldor (215):
2: Meysam Moradi: شیرازەی نوێی ئیسرائیل و ستراتیجی پشتێنەی بەرگری ئێران
3: هەمان سەرچاوە
4: هەمان سەرچاوە
5: هەمان سەرچاوە
6: https://www.bbc.com/news/world-middle-east-68811276
7: https://www.bbc.com/news/articles/cgr0yvrx4qpo
8: هەمان سەرچاوە
9: دیپلۆماسی و هزری سیاسیی کوردستانی: ئامادەکردنی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا
9: https://crsreports.congress.gov/product/pdf/IN/IN12309
10: https://www.rudaw.net/english/kurdistan/14042024
12: سەرچاوەی وێنەکان
[1] – نەزم