• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 8, 2017

کوردستان، ئێرانێکی تر یان ئیسرائیلی دووەم

هەردی مەهدی میکە

لینکی بابەت
ئێران و کوردستانی ئێراق خاوەنی پەیوەندییەکی دێرینەی ناوچەکەن، هەم کەریگەر وهەم کارتێکەرن لەسەریەک. سیاسەتی سنوریی ئیران هێندەی وەک کارتێک و قوڵاییەکی ستراتیژی لە کورد و جوگرافیای کوردستانی روانیوە کەمتر وەک نەیارێک لە واقیعدا مامەڵەی لەگەڵدا کردووە، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردووشەوە تا نوکە، واقیعی پەیوەندییە سیاسییەکان و کاردانەوەکانیان بڕوانرێت (جیا لە لێدوان دبلۆماسییەکان) مامەڵەیەکی واقیعی و پاراگماتیکیانەی لەگەڵ کوردەکان پێباشتر بووە تا روبەڕوبوونەوە و هێرش. ئەمە بۆ هەر حکومەتێکیان راستە و رەنگە سەداسەد نەبێت بەڵام تێکرای پەیوەندییەکان ئەمەی تێدا دەخوێنرێتەوە.
یەکێک لە دۆسێ هەرە گەرمەکانی ناو سیاسەت و میدیا و رای گشتی ئێرانی ئێستا، دۆسێی رفراندەمی سەربەخۆیی کوردستانە. بەجۆرێک نە تەنها میدیا و لایەن و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بەڵکو لە ناوچە کوردییەکانی ئێرانەوە بە پیرۆزبایی و ئاهەنگگێران بۆ ئەنجامدانی رفراندەمەوە تا زۆرێک لە بەرپرسانی ئێستا و خانەنشیناکانیشیان، ئاکادیمیستەکان، پەرلەمانتارەکانیان تا دەگاتە تایبەتکردنی کۆبوونەوەیەکی داخراوی پەرلەمانی ئێران بۆ هەمان مەبەست کاردانەوە بەرامبەر ئەم پرسە بینرا.
ئەگەرچی هەماهەنگییەکانی نێوان ولاتانی دراوسێ لە پێش و پاشی رفراندەمەوە دەستی پێکردووە، رۆحانی و ئەردۆگان جیا لە جەختکردنەوە لە پەیوەندی ئیران و تورکیا بۆ پێشهاتەکان، ئەوەشی بە ئەردۆگانی هاوتای وت کە “بۆ ئیران سەروەری خاکی ئێراق و یەکپارچەیی نەتەوەیی ئێراق و ئاسایشی ناوچەکە زۆر گرنگ و ژیانییە و پێویستە بە تێکدەرانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە پەیامێکی رۆشن بدرێت”. دیارە کە رۆحانی مەبەستی کورد و ئەنجامدەرانی رفراندەمی سەربەخۆیی بوو.
لەگەڵ ئەوەشدا لێدوانەکانی رەتکردنەوەی رفراندەم بەردەوامە و دوا پەیامی رۆژی ٢٧/٩ی (دوو رۆژ پاش ئەنجامدانی رفراندەم) جەواد زەریف-ی وەزیری دەرەوەی ئێران هێشتا پێیوایە کە رفراندەمی سەربەخۆیی کوردستان “بۆ ئارامی ناوچەکە مەترسیدارە”
هەنوکە سەرەڕای لێدوان و تەنانەت ئاگادارکردنەوە و جوڵەی کردەیی بەرپرسانی حکومەت و دەوڵەتی ئێرانی، رفراندەم ئەنجامدرا، لە لێدوانە فەرمییەکانی ئێرانەوە وەرگیرێت، وا چاوەڕوان دەکرا رۆژی ٢٥/٩ پایزی پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکانی هەرێم و تاران بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە مامەڵەی تاران لە رویی کردەییەوە نەک نەپچراوە بگرە لە تورکیا و ئێراق نەرمتر خۆی نواندوە.
لە دوای ئەنجامدانی راپرسییەوە ئێران نەرمتر لە تورکیا و ئێراق لەگەڵ پرسەکەدا جولایەوە، بەڵام لە تەنیشت ئەم نەرمییەوە کۆبونەوە و رێکاری هێمنانە و هەماهەنگییەکانی فرەلایەنەی سیاسی و سەربازی ناوخۆیی و هەرێمایەتی لەسەر پرسەکە بەردەوامە.
رۆژی چوارشەممە٢٨/٩ محەمەدباقری سەرۆک ئەرکانی هێزەچەکدارەکانی ئێران و عوسمان غانمی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێراق لە تاران دیدارییان کرد، گەرچی بیانووی دیدارەکە مەراسیمی رێزنان لە سەربازێکی کوژراوی ئێران بوو لە سوریا بەڵام یەکێک لە پرسەکانیان هەماهەنگی دوولایەنە و ئەگەرەکانی ئاڵۆزی پاش گەردەلوولی رفراندەم بووە.
زمانی پۆستدارە سەربازییەکانی ئێران لە ئانی دەسپێکی بانگەشەی رفراندەمەوە تا نووکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، تەنانەت لە ناوهێنانی هەرێمی کوردستانەوە گۆڕیویانە بۆ “باکوری ئێراق”، سەرۆکی ئەرکانی هێزەچەکدارەکانی ئێران لە دیداری لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێراقدا وەک جۆرێک لەهەڕەشە رایگەیاند کە “ئێران یەک ئێراقی یەکپارچە دەناسێت و بە هیچ دەسەڵاتێکی حزبەکان و گروپەکانی باکوری ئێراق رازی نابێت”، ئەوەشی وت “کە هەردوو وڵات هەڵوێستی هاوبەشیان هەیە لەسەر رەتکردنەوەی رفراندەمی باکوری ئێراق و گۆڕانکاری جوگرافی و جیابوونەوەی بەشێکی ئەم ولاتەمان قبوڵ نییە”.

پەرلەمانی ئێران
بۆ تاوتوێکردن و ئەگەرەکان و هەڵوێستی ئێران بەرامبەر رفراندەم، پەرلەمانی ئێران کۆبوونەوەیەکی تایبەتی نهێنی سەبارەت رفراندەمی کوردستان لە ٢٧/٩/٢٠١٧ ئەنجامدا، تیایدا عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێرانیش ئامادەی کۆبونەوەکە بوو کە “رونکردنەوەی پێویست” لەبارەی کاردانەوەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە بخاتەڕوو، کە بەرلەوەش پەرلەمانتاران بە بلاوکردنەوەی بەیاننامەیەک کە ٢١٠ پەرلەمانتار واژویانکردوە، جیا لە ئیدانەکردنی رفراندەم بە مەترسیشی دەزانن و پێیانوایە ئەگەری “دابەشبوونی ئێراقی دوچاربوو بە جەنگ” بەهێزدەکات.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران راشکاوانە دژایەتی خۆی بۆ لەتکردنی ئێراق دەربڕیوە، ئەوەش ناشارێتەوە کە گومانی دەستی دەرەکی لە پرسی رفراندەمی هەرێمدا دەکرێت.
بەلام عەلی موتەهەری یاریدەدەری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باوەڕی وایە پێویست ناکات ئێرانییەکان هێندە هەستیاربن بەرامبەر رفراندەمی سەربەخۆیی، “بەڵکو پێویستە خەڵکی کوردستانی ئێراق تێبگەیەنین کە سەربەخۆیی لە بەرژەوەندییاندا نییە” موتەهەری ئەوەش دەڵێت کە باشتر بوو هەوڵی زیاترمان بدایە کە ئەمە روینەدایە، بەلام کە رفراندەمی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە…پێویست ناکات هێندە هەستیاری نیشان بدەین” ئەو لەبارەی دەسپێشخەرییەکانی ئێرانەوە نایشارێتەوە کە “کارکراوە و بەرپرسانی پلەبالا لە نێویاندا جەنراڵ قاسم سولەیمانی رۆشتوەتە ناوچەکە و هۆشداری پێویستی داوە، بەڵام نابیت فەرامۆشی بکەین کە ئەمە نەخشەیەکی نێودەوڵەتییە و بە بەڕێوەبەرێتی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامدەدریت” ئەو دەڵیت: “ئەمریکا بە روکەش دەڵیت دژی سەربەخۆیی کوردستانی ئێراقە” موتەهەری جەخت لەوەدەکاتەوە کە “دەسپێشخەری توندوتیژ (سەربازی) باش نییە”.
دەکرێت بۆچوونی موتەهەری بە بۆچونی بانژۆخوازە میانڕەوەکان لەقەڵەمبدرێت، هاوکات دەکرێت نوێنەرایەتی ئەو بۆچونەش بکات کە باوەڕی وایە ئێران لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا نییە، بەڵام کە بوویە واقیع زیرەکانەتر بۆ ئێران ئەوەیە کە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

ئاکادیمیستە سیاسیەکان، دیدێکی جیاواز
بەڵام بەشێکی دیاری ناوەندەکانی توێژینەوەی سیاسی ئێران کە لەگەڵ حکومەتی ئێستای ئێراندا جۆرێک لەهەماهەنگییان هەیە و بە پشتیوان و تیۆرسێنی حکومەت لەقەڵەمدەدرێن، بۆچونێکی نەرم واقیعیتر دەخەنەڕو، سادقی زیباکەلام تیۆرسێنی سیاسی ریفۆرمیست و میانرەوەکان و مامۆستای زانکۆ و نزیک لە رۆحانی، باوەری وایە کە “راپرسی مافی کوردەکانە”، جەلالی جەلالیزادە کە کوردە و پەرلەمانتاری پێشووی ریفۆرمخوازانی و سەرۆکی کەمپەینی رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران بوو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران، پێیوایە کە “ئەگەر ئیمام حوسێن زیندووبوایە بەرگری لە رفراندەمی کوردەکان دەکرد”.
ئەحمەدی نەقیبزادە کە تیۆرسێنێکی دیاری ناو میانڕەوەکانی دنیای سیاسەتی ئێرانە و مامۆستای زانکۆی تاران و ئەندامی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی ئێرانە، ئەو پێجەوانەی ئوسڵگەراکان باوەڕی وایە گەر کوردستان سەربەخۆبێت، نەک نابێتە ئیسرائیلی دووەم، بگرە ئێرانی دووەمە، ئەو لە وتارێکیدا پێێوایە کە ئیران نابیت ئەو هەڵەیە بکات و دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان بکات، پێشیوایە کە سەربەخۆیی کوردەکان لە ئێراق نەک نابێتە هۆی وروژاندنی کوردانی ئیران بەڵکو پاریزەری یەکپارچەیی ئێرانیش دەبێت. ئەو جەخت لەوەدەکاتەوە کە هەموو دنیا پشتبکاتە کورد نابێتە ئێران ئەمکارە بکات.

ترس لە ئیسرائیلی دووەم:
هەندێک لە برپرسانی ئێرانی وەک جۆرێک لە تەلەی سیاسی ئیسرائیل رفراندەمی کوردستان وەرئەگرن، تەنانەت ئەم ترسە لای پەرلەمانی ئێران شاراوە نییە، لە بەیاننامەکەی ٢٧/٩ی پەرلەمانتارانی ئێراندا هاتووە “بە درێژایی ساڵانێکی زۆرە کە وڵاتی ئێراق بووەتە ئامانجی پیلانگێڕیەکانی ئەمریکا-سەهیۆنی، بەڵام نەتەوەی ئێراق بە عەرەب، کورد، سوننی و شیعەوە بە جیگیریی خۆیان نەخشەکانی ئیستیکبارییان لەناوبردوە” لە بەیانەکەدا هاتووە کە “رفراندەمی هەرێمی کوردستانی ئێراق بەشێوەی نایاسایی دەتوانێت پێکەوەیی و سەروەری خاکی ئێراق دەڕوشێنێت و ئێراق دەخاتە ناوگێژاوی نوێوە…. ئێمە لە داواکارین لەسەر داواکاری حکومەتی ئێراق، حکومەتی ئێران ئاسانکاری پێویست بۆ هاوکاری حکومەتی ئێراق بکات و بە هیچ جۆرێک رێگە بە کێشەسازی سەهیۆنییەکان نەدەن”. ئەگەرچی ئەم بیانە زمانێکی توندی هەیە، بەڵام ئەوەش ئاشکراکراوە کە حکومەتی ئێراق داواکارە لە ئیران کە بەرامبەر رفراندەم توند مامەڵە بکات و هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی ئێرانی روون نەخراوەتەڕوو.
حسین ئەمیر عەبدوڵاهیان بەرێوەبەری گشتی کاروباری نێودەوڵەتی پەرلەمانی ئێرانیش لەوبارەوە دەڵیت: “شەکانەوەی ئاڵای ئیسرائیل لە ناو هەوادارانی راپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر ئەو پرسیارە دێنێتەئارا کە ئایا رژێمی زایۆنی گەورەترین بەرگریکاری وڵاتێکی کوردی نییە؟” ئەو نوسیویەتی کە “بیستراوە مەسعود بارزانی داوای لە تەلئەبیب کردوە کە بەرگری ئاشکرا لە ئەنجامدانی راپرسی راگرێت”.

یادوەری ئێرانییەکان
ئێران تەنها بیر لەوە ناکاتەوە کە ئێراقێک لەتدەبێت کە وەک بەشێک لە هاوپەیمان و قوڵایی ستراتیژی و پێگەی مەزهەبی و سیاسەتی کلتوری خۆی دەزانێت، بەڵکو دیویکیتری مەترسیداری رفراندەم (هەمانشێوەی تورکیا) لە ناوچە کوردییەکانی خۆیدا دەبینێتەوە. چونکە پێیوایە کاریگەرییەکانی رفراندەم لەسەر کوردەکانی ئێران لەروی زەمەنەوە، کاریگەری کورتمەودا و دورمەودا و جیاوازی دەبێت لەسەر ئاستی سیاسی، کلتوری، ئابوری و ئەمنی کوردستانی ئێران. ئێران باش دەرکی ئەوەدەکات کە بە نێودەوڵەتیبوونی دۆسێی کوردەکان و کەیسی مافەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەمڕۆ بێت یان سبەی شنەبابێت یان رەشەبا هەندێکیشی بەر ئەو دەکەوێت و دەبێتە بارتەقای دۆسێکانی دیکەی کە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بووەتە کێشەی ریشەیی و هەڕەشەی جدی بۆ ئەو وڵاتە.
ئێران ئەو دۆسێ مێژوویانەی بیرنەچووە کە سێ وێستگەی سیاسی گرنگی کوردەکانی ئێراقی بیرنەچووە کە کاریگەری قوڵیان لەسەر ئێران جێهێشتووە، یەکەم مەسەلەی حوکمەتە کوردستانیەکانی شێخ مەحمود کە زۆرینەی سەرکردە سیاسی و عەشایەرییەکانی کوردستانی ئێرانی هاندا و کردە لایەنگر و دۆسێی کوردەکانی لە سەردەمی پەهلەوی یەکەمدا بوژاندەوە و بگرە ئاڵۆزی و هەڵگەڕانەوەی سەربازیشی بەدوای خۆیدا هێنا. دووەم، دروستبوونی حزبی هیوا کە کاریگەر بوو لەسەر ئینتێلێجنسیای کوردانی ئێران و بووە هەوێنی دروستبوونی ژێکاف و دواتر لە هەناویدا کۆمارێکی کوردی تێدا هێنایە دەرەوە. سێیەم، ئەزموونی هەرێمی کوردستان، کە مامەڵەی حکومەتی ئێران لەمەی دواییاندا واقیعیتر بووە لەوانەی پێشتر و توای نەک ئەوەی نەبێتە فاکتەری بوژانەوەی کوردانی نەیاری دەوڵەت بگرە ئەزمونی مامەڵەی هەرێم و تاران زێڕینتری سەردەمی ئارامیی سنوریی بۆ ئێران دەستەبەرکرد، ئەمە جیا لەو هەماهەنگییە ئەمنییەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پەرەپیدانی ئابوری بە جۆرێک کە هەنووکە لە فاکتە کاریگەرەکانی هێورکردنەوەی ئیرانە بۆ قبوڵکردنی کاردانەوە بەرامبەر مەیلی سەربەخۆیی کوردستانی ئێراق.

سنور و ئابوری
ئێستا هەرێمی کوردستان لە باوەشیدا دەیان گروپی چەکداری نەیاری ئێران لەباوەشیدایە، کە بە بیانووی ئارامی هەرێم ٢٦ ساڵە بێدەنگیی چەکدارییان هەڵبژاردووە ئەمانە داواکاری فیدراڵیەتن بۆ کۆی ئێران و هەرێمێکی کوردی، ئایا خۆڵەمیشی خواستییان دەبوژێتەوە یان دیسان بەرپرسانی کورد وەک کارتێک لەهەمبەر ئێراندا لە پێناو سەربەخۆیی وێناکراودا بێدەنگییان دەکەنەوە؟
هاوکات ئابورییەکی بەهێزی نێوان هەردوولا فاکتەرێکی تری پەیوەندیەکانە، بازرگان و سیاسەتی ئابوری ئیران جۆرێک لە بوژانەوەی بەهۆی دەروازەکانی هەرێمەوە بەخۆوە بینیوە، کەیوان کاشیفی سەرۆکی ژوری بازرگانی کرماشان دەڵیت: ٥٠-٦٠%ی تەواوی کالاکانی ئێراق زۆرتر لە هەرسێ مەرزی کوردستانی پیرانشەهر، مەریوان و پەروێزخانەوە دەنێردرانە ئێراق، ئەگەرچی لەم دوو ساڵەی دواییدا بەهۆی گومرگەکانی حکومەتی ناوەندی ئێراق لەسەر شمەکی ئیرانی کە لە رێی هەرێمەوە ئەم دەنێردرانە ئیراق، ئەم رێژەیە کەمیکرد بۆ ٢٥-٣٠% . کاشیفی دەڵیت پەیوەندی دێرینی بازرگانی ئێران و هەرێمی کوردستان وایکردووە کە بازاڕێکی باش بێت بۆ ئێران.
جیا لە ئابوری سنورێکی سەختی فراوانیش کە بێ هەماهەنگی کۆنترۆڵکردنی مەحاڵە و ئەزمونی سەدساڵی رابردوو سەلماندویەتی بێ هەماهەنگی دوولایەنە سەختە ئارامی ببینێت.

ئێستا چی؟
ئایا ئەمانە فاکتەری بنچینەیین تا ئێران لە نیوان ئامانجگەرایی و ئایدۆلۆژیایی و ئاینی لە لایەک کە عێراقێکی یەکگرتوو بۆی دەستەبەر دەکات و واقیعگەرایی و بەرژەوەندیگەرایی لەلایەکیتر کە کوردستان باشتر دەیپارێزێت کامیان هەڵدەبژێرێت؟ ئەڵبەت وەڵام ئەم پرسیارە بۆ مەتبەخی بڕیاری ئێرانی کە ئایا هەڵۆ ئامانجگەرا ئایدۆلۆجیستەکانی شۆڕش و دەوڵەت بڕیاردەدەن یان پاراگماتیکە واقیعییەکانی ناو حکومەت و ناوەندە ئەکادیمییەکانی سیاسەت؟
بە کردەیی وا دەردەکەویت ئێران چاوەڕێی رونبوونەوەی مەودای جدییەتی تورکیا و ئەمریکا و رۆژئاوابێت، چونکە بە هەڵوێستی حوکەمەتەکەیی کە زیاتر ئاراستەیەکی ئابوری و دبلۆماسی هەیە تا ئامانجگەرایی، دوای پێشنیاری ئاکادیمیستە میانڕەوەکانی کەوتبێت و تا ئێستاش بە کردەیی هیچ کاردانەوەیەکی کردەیی نەرێنی لەسەر هەرێم جێنەهێشتووە.

سەرچاوەکان:

  1. http://www.alef.ir/news/3960702330.html
  2. https://www.tasnimnews.com/fa/news/1396/07/06/1532179/%D8%B8%D8%B1%DB%8C%D9%81-%D9%87%D9%85%D9%87-%D9%BE%D8%B1%D8%B3%DB%8C-%D8%AC%D8%AF%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%A7%D9%82%D9%84%DB%8C%D9%85-%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D8%A8%D8%B1%D8%A7%DB%8C-%D8%AB%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D9%85%D9%86%D8%B7%D9%82%D9%87-%D8%AE%D8%B7%D8%B1%D9%86%D8%A7%DA%A9-%D8%A7%D8%B3%D8%AA
  3. https://www.tasnimnews.com/fa/news/1396/07/05/1532103/%D8%AC%D9%85%D9%87%D9%88%D8%B1%DB%8C-%D8%A7%D8%B3%D9%84%D8%A7%D9%85%DB%8C-%D9%87%DB%8C%DA%86%DA%AF%D9%88%D9%86%D9%87-%D8%AD%D8%A7%DA%A9%D9%85%DB%8C%D8%AA%DB%8C-%D8%A8%D8%B1%D8%A7%DB%8C-%D8%A7%D8%AD%D8%B2%D8%A7%D8%A8-%D9%88-%DA%AF%D8%B1%D9%88%D9%87-%D9%87%D8%A7-%D8%AF%D8%B1-%D8%B4%D9%85%D8%A7%D9%84-%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D9%82%D8%A7%D8%A6%D9%84-%D9%86%DB%8C%D8%B3%D8%AA
  4. https://www.radiofarda.com/a/iran-parliament-condemns-kurdish-referendum/28759835.html
  5. http://www.hamshahrionline.ir/details/383538/Iran/estate
  6. http://tnews.ir/news/b4a195368659.html
  7. http://www.alef.ir/news/3960706037.html
  8. http://www.faratab.com/news/6620/%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D9%82%D9%84%D8%A7%D9%84-%D8%A7%D9%82%D9%84%DB%8C%D9%85-%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86%D8%9B-%DB%8C%D8%B9%D9%86%DB%8C-%D8%AA%D9%88%D9%84%D8%AF-%C2%AB%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%AF%D9%88%D9%85%C2%BB-
  9. http://www.hamshahrionline.ir/details/383644/Iran/politics
  10. http://www.hamshahrionline.ir/details/382374/Iran/foreignpolicy
  11. http://www.bbc.com/persian/blog-viewpoints-41305665

http://www.hamshahrionline.ir/details/382809/Economy/nationaleconomy

Send this to a friend