مافی نەتەوەیی کورد لە سیستمی سیاسیی ئێراندا
توێژهر:دیلان ههردی
تێگەیشتن لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە مافی کورد، پێویستی بە قووڵبوونەوە و وردبوونەوە لەناو سیستمی کۆماری ئیسلامییە. واتە دەبێ لە پێشدا جۆری سیستمە سیاسییەکە بناسین، ئینجا بزانین تا چەند لەو جۆرە سیستمەدا چانسێک بۆ دەستەبەربوونی مافی نەتەوەیی کورد هەیە؟ تا چەند کورد لەو سیستمەدا وەکوو پێکهاتەیەکی نەتەوەیی سەیر دەکرێ، تا لە چوارچێوەی ئەو سیستمەدا دان بە مافەکانیدا بنرێ؟
لە پێناسەی هاوچەرخی ڕژێمە سیاسییەکاندا، دیموکراسی وەکوو پێوەرێک بۆ بەراوردکردنی رژێمە سیاسییەکان بەکار دەهێنرێ. هەر رژێمێک کە وڵامدەری تایبەتمەندییەکانی دیموکراسی نەبێ، وەکوو رژێمێکی نادیموكراسی ئەژمار دەکرێ. زۆر حکومەت هەن کە لەناو دەستووری بنەڕەتیی وڵاتەکەیاندا خۆیان وەکوو رژێمێکی کۆماری پێناسە دەکەن، بەڵام دیموكراسی نین. لە بەرامبەردا، هەندێک حکومەت هەن کە خۆیان وەکوو پاشایەتی پێناسە دەکەن، بەڵام دیموكراسین. هەتا ساڵی ١٩٦٠، رژێمەکان بەسەر دوو دەستەدا دابەش دەبوون: دیموكراسی و دیموكراسی (یان تۆتالیتار)، بەڵام دواتر ڕژێمە نادیموكراسییەكانیش بەسەر دوو دەستەدا دابەش کران: ئۆتۆریتەر و تۆتالیتار. یەکەم تیۆری رژێمە ئۆتۆریتەرەکان لەلایەن “ژوان لەنز”ەوە توێژینەوەی لەسەر کرا کە بە شێوەیەکی ورد توانیی جیاوازی لەنێوان تۆتالیتاریزم و ئۆتۆریتاریزم و هەروەها جۆرەکانی دیکەی رژێمە نادیموكراسییەكان دابنێ[1]. ژوان لەنز پێی وایە کە رژێمە ئۆتۆریتەرەکان و تۆتالیتارەکان بە لانی کەمەوە یەک تایبەتمەندیی هاوبەشیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەردووکیان نادیموكراسین[2].
لە چەند دەیەی ڕابردوودا توێژینەوەی زۆر لەسەر سیستمی سیاسیی ئێران ئەنجام دراون، هەر کام لە توێژینەوەکان هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستمی سیاسیی ئێران دەخەنە بەر لێکۆڵینەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش پێناسەی دەکەن. بۆ بەشێکیان، سیستمی سیاسیی ئێران سیستمێکی ئۆتۆریتەر یان دەسەڵاتخوازە کە پلۆرالیزمێکی سنووردار تێیدا بوونی هەیە. لەو سیستمەدا هەندێک گرووپی سیاسی ڕێگەیان پێ دراوە کە بە شێوەیەکی سنووردار بەشداری لە دەسەڵاتدا بکەن و لەو ڕێگەیەوە هاوڵاتییانیش بتوانن بە شێوەی سنووردار کاریگەرییان بەسەر دەسەڵاتەوە هەبێ. بەشێکی دیکە لە توێژینەوەکان ورد دەبنەوە سەر هەندێک تایبەتمەندی، کە سیستمی سیاسیی ئێران وەکوو سیستمێکی تۆتالیتار یان تەواوخواز پێشان دەدا، چونکە دەسەڵاتێکی مەزهەبیی بێسنوور هەموو دەسەڵاتەکانی دیکەی ناو سیستمی سڕ کردووە و هەر جۆرە پلۆرالیزمێک و بەشدارییەکی هاوڵاتییانی پەک خستووە. ئەو دەسەڵاتە مەزهەبییە کە لەلایەن ڕێبەری ئایینییەوە نوێنەرایەتی دەکرێ، لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیایەکی بەهێزی دەوڵەتییەوە بە ناوی “ویلایەتی فەقیهـ” جێبەجێ دەکرێ کە هەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسیی وڵات سنووردار دەکا. نزیک بە تەواوی توێژینەوەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە رژێمی سیاسیی ئێران رژێمێکی نادیموكراسییە، لەبەر ئەوەی بنەماکانی دیموكراسی لەنێو ئەو ئەو رژێمەدا بوونیان نییە.
ژوان لەنز لە کتێبەکەیدا (تۆتالیتاریزم و ئۆتۆریتاریزم)[3]، شیکردنەوەیەکی بەراوردکاری بۆ پێناسە جیاوازەکانی تۆتالیتاریزم دەکا و لە ئەنجامدا سێ تایبەتمەندیی بنەڕەتیی سیستمێکی تۆتالیتار دەستنیشان دەکا: ١. هەبوونی ئایدۆلۆژیا، ٢. تاک حیزبی یان هەبوونی ئۆرگانی دیکەی تەیارکردن، ٣. تاکێک کە دەستی بەسەر هەموو دەسەڵاتەکاندا گرتووە. لەنز پێی وایە ئەو سێ تایبەتمەندییانەن کە تۆتالیتاریزم لە رژێمەکانی دیکە جیا دەکەنەوە، بەڵام دەبێ هەر سێ تایبەتمەندی پێکەوە بوونیان هەبێ، چونکە هەر کام لەو تایبەتمەندییانە بەتەنیا لە رژێمە ناتۆتالیتارەکانیشدا بوونیان هەیە.
ئەگەر پێناسەکەی ژوان لەنز بە بنەما بگرین، سیستمی سیاسیی ئێران دەچێتە خانەی سیستمە تۆتالیتارەکانەوە، چونکە هەرسێ تایبەتمەندییەکە بوونیان هەیە: ١. لە سیستمی سیاسیی ئێراندا ئایدیۆلۆجیایەکی بەهێز بە ناوی ویلایەتی فەقیهـ بوونی هەیە کە لە شیعەگەرییەوە سەرچاوەی گرتووە. ٢. تەنیا یەک گرووپی سیاسی دەسەڵاتی لە دەستدایە کە خۆیان بە حیزبوڵڵا دەناسێنن. ٣. ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر هەموو دەسەڵاتەکاندا گرتووە.
ئێستا کە تا ڕادەیەک جۆری سیستمی سیاسیی ئێران دەرکەوت، پێویستە بزانین تا چەند لە چوارچێوەی سیستمی سیاسیی ئێراندا باسکردن لە مافی کورد ڕێگەپێدراوە، یان دانی پێدا نراوە؟
لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا، دەوڵەت یان حکومەت بەتەواوەتی بەسەر کۆمەڵگا و تاکدا زاڵه و بە شێوەیەکی زۆرەملێیانە دەستتێوەردان لە تەواوی سێکتەرەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەکا و لەو سیستمەدا هەموو جیاوازییەکی نەتەوەیی، ئایینی و چینایەتی ڕەت دەکرێنەوە و هەوڵ دەدرێ کۆمەڵگەیەکی یەکڕەنگ دروست بکرێ. هەر بۆیەش لە ئێران، هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، بابەتێک بە ناوی مافی نەتەوەیی ڕەت کرایەوە و تەنانەت بووە هۆی هێرش بۆ سەر کوردستان و قەدەغەکردنی هەموو حیزبە کوردییەکان. بۆ زیاتر باسکردن لەو بابەتە، لە بەشی یەکەمدا هەوڵ دەدەین بزانین لە ڕووی یاساییەوە دەستووری بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی چلۆن دەڕوانێتە کورد و مافی نەتەوەیی کورد. هەروەها لە بەشی دووهەمدا سەرنج دەدەینە لایەنی کردەیی کۆماری ئیسلامی و ئەو سیاسەتانەی بەکردەوە لەهەمبەر کورد لە ئێران گرتوویەتە بەر.
بەشی یەکەم: مافی نەتەوەیی لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا
سیاسەتی سیستمێکی تۆتالیتار، سیاسەتی یەکڕەنگکردنی کۆمەڵگایە و نەک هەر جیاوازیی نەتەوەیی، بەڵکوو جیاوازیی بیروباوەڕیش ڕێگەی پێ نادرێ. ئەگەر جیاوازییەکیش ڕێگەی پێ بدرێ، مەترسیی بۆ سەر دەسەڵات نییە. سیستمی کۆماری ئیسلامی نەک هەر بڕوای بە سنوورە ناوخۆییەکان نییە، بەڵکوو بڕوای بە سنوورە نێونەتەوەییەکانیش نییە، چونکە لەو سیستمەدا ئایدۆلۆژیا بەهێزە و دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆجیکیش جیهانگیرە و سنوور ناناسێ. جوگرافیای ئێران چەندین نەتەوەی جیاوازی وەکوو ئازەری، کورد، عەڕەب، بەلووچ و لۆڕ و چەندین نەتەوە و زمانی دیکەی لەخۆ گرتووە. بەر لە هاتنەسەرکاری بنەماڵەی پەهلەوی لە ١٩٢٦دا، هەرێمەکانی ئێران دەسەڵاتی زیاتر لە ئەمڕۆیان هەبووە. بەڵام ڕەزا خان کە زۆر لەژێر کاریگەریی مستەفا کەمال ئەتاتورک و سیاسەتەکانی (یەک وڵات، یەک نەتەوە، یەک زمان)دا بوو، هەوڵی دەدا زیاتر لە جاران دەسەڵاتی ناوەند بەهێز بکا و هەموو دانیشتووانی ئێران تەنیا یەک شوناسیان هەبێ. هەر بۆیەش ساڵی ١٩٣٥، ناوی وڵات (فارس) لەلایەن ڕەزا خانەوە کرا بە ئێران، وەکوو ژێدەرێک بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکان. لە ئێرانی نوێدا هەموو ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندیی هەرێمەکاندا بوون، وەلا نران و وڵات بەرەو فارسیزم ڕۆیشت و دەسەڵاتە هەرێمییەکان هەر چەندە زۆر کەمیش بوون؛ لەنێو چوون. بنەماڵەی پەهلەوی هەتا ڕووخانیان، لە هەوڵەکانیان بۆ تواندنەوەی هەموو نەتەوەکان لەنێو یەک شوناس بە نێوی ئێرانی-فارسی بەردەوام بوون، کە هەمووی لە بەرژەوەندیی نەتەوەی فارسدا بوو[4]. دوای شۆڕشی ١٩٧٩، کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی چڕتر و جددیتر بەردەوامیی دا بە هەمان سیاسەت. لە دەستووری بنەڕەتیی ئێراندا، نەتەوە جیاوازەکانی ئێران وەکوو یەکەیەک ئەژمار کراون کە هەموویان یەکسانن و پێکەوە نەتەوەی ئێران پێک دێنن[5]، بەڵام بە شێوەیەکی دژبەیەک. لە ماددەکانی دیکەی دەستووردا، نەتەوە نافارسەکان لە مافە بنەڕەتیییەکانیان بێبەش کراون. نەتەوە نافارسەکانی ئێران تەنیا بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان یەکسانن، نەک بۆ مافەکانیان.
ماددەی ١٥ [زمانی فەرمی]: “زمان و خەتی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگە و نووسینە فەرمییەکان و کتێبە دەرسییەکان دەبێ بەو زمان و بەو خەتە بن، بەڵام کەڵکوەرگرتن لە زمانە ناوچەیی و قەومییەکان لە بڵاوکراوە و میدیاکان و خوێندنی ئەدەبیاتەکەیان لە خوێندنگاکان، لەتەنیشت زمانی فارسی ئازادە[6].”
سەبارەت بە بەشی یەکەمی ماددەی ١٥ی دەستوور، ئەوەی شایانی باسە ئەوەیە کە تەنانەت رژێمی پەهلەوییش هیچ کات زمانی فارسیی وەکوو زمانی فەرمیی ئێران پەسند نەکرد و هیچ زۆرێکیش بۆ فارسیبوونی بەڵگە فەرمییەکان بوونی نەبووە[7]. بەشی دووهەمی ماددەکەش نەک هەر هیچ کات جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو ئەو کەس و لایەنانەی کە داوای جێبەجێکردنی ماددەکە بەتەواوی دەکەن، مۆرکی جیاخوازی و هاوکاریی دوژمنایان لێ دەدرێ[8].
سیاسەتێکی دیکە کە نەتەوەکان و هێما نەتەوەییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج، گۆڕینی ناوی شوێنە جوگرافییەکانە. ئەو سیاسەتە گوێ بە شوناسی نەتەوەیی هەرێمەکان و شارەکان نادا. هەر بۆیەش لە ڕۆژی ٢٤ی ژانویەی ١٩٨٩، ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری، بڕیاری خوارەوەی پەسند کرد:
“شارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەبێ هەر کامیان مێژوو و جوگرافیا و شارستانیەتی ئیسلامی پێشکەش بکەن. لەو ڕووەوە، بەرپرسانی ناولێنان دەبێ کەڵک لە هێما کولتووری، ئەدەبی و زانستییەکانی مێژووی شارستانیەتی ئیسلامی وەربگرن. هەروەها، دەبێ کەڵک لە ناوی شارەکان و شوێنەکانی ئەو سەدەیە وەربگیرێ[9].”
دەسەڵاتی یاسادانانی کۆماری ئیسلامی، نەک تەنیا هیچ مافێکی بۆ نەتەوەکانی ئێران دیاری نەکردووە، بەڵکوو هەبوونی نەتەوەکانیش ڕەت دەکاتەوە و کەمینە نەتەوەیی و ئیتنیکی و زمانییەکان وەکوو “دابەشکردنی ساختە” ئەژمار دەکا. بەپێی یاسای میدیا و ڕاگەیەنەکان، “ڕووماڵکردنی سنوورە ساختە و بەکێشەکان، هەروەها دانانی چینوتوێژێک لەپێش ئەوانی تر، وەکوو پۆلێنکردنی تاکەکان بەپێی ڕەگەز، زمان، دابونەریتە ناوچەیییەکان؛ بە تاوان ئەژمار دەکرێ”. لە ڕاستیدا، ئەو یاسایە و زۆر یاسای دیکە، بە مەبەستی نەهێشتنی جیاوازی لەنێوان نەتەوە و چینوتوێژەکانی ئێران دانەنراون، بەڵکوو بۆ بێدەنگکردن و شاردنەوەی هەبوونی ئەو جیاوازی و نایەکسانییەیە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بەسەر نەتەوە و چینوتوێژەکانەوە جێبەجێ دەکرێ. دامەزراندنی کەسانی غەیرەفارس لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، بەتوندی کۆنترۆڵی لەسەرە و کەسانێک کە ئینتمای نەتەوەییان بەهێزە، بەئاسانی ناتوانن پۆستە ئیدارییەکان بگرنە دەست. بەربژێری پۆستە ئیدارییەکان نابێ هیچ جۆرە پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی و بنەماڵەییان، نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوودا لەگەڵ حیزبە قەدەغەکراوەکان هەبێ. پۆستە سیاسییەکان لەو ناوچانە کە زۆرینە فارس نین، تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە هەم ڕابردوو و هەم ئێستا بەتەواوی لەخزمەت لایەنی دەسەڵاتداردا بوونە و لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە بۆ ئەو پۆستانە دادەنرێن. کەسانێک کە بۆ پۆستە سیاسییە هەستیارەکانی وەکوو پارێزگار دەستنیشان دەکرێن، بێجگە لە پارێزگا فارسنشینەکان، ئەوانی تر خەڵکی ناوچەکە نین و هەم لە بواری نەتەوەیی و زمانییەوە و هەم لە بواری ئایینییەوە، لە خەڵکی ناوچەکە جیاوازن و زۆربەی پارێزگارەکان هیچ جۆرە پەیوەندییەکی کولتووری و زمانی و ئایینییان بە خەڵکەکەوە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەیان کەسانی کۆنی نیزامیی سەر بە سوپای پاسدارانن[10]. خزمەتی نیزامی بە کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو پیاوێکی سەروو ١٨ ساڵ زۆرەکییە، بەڵام گەیشتن بە پلە نیزامییە باڵاکان بۆ هەموو ئێرانییەکان یەکسان نییە و ئەو کەمینە نەتەوەیی و ئایینییانەی کە جیاوازن لە نەتەوەی فارس و ئایینی شیعە، جگە لە چەند پلەی سەرەتایی، ناتوانن بگەنە پلە و پۆستە باڵا نیزامییەکان[11].
بەشی دووهەم: سیاسەتی بەکردەوەی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر کورد لە ئێران
هانا ئارێنت پێی وایە تۆتالیتاریزم پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ترس و دڵەڕاوکێ هەیە[12]. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی تۆتالیتاریزم، هەبوونی ئایدۆلۆژیای دەوڵەتییە کە تۆتالیتاریزم بە شێوەی تیۆری و کردەیی پاساو دەدا. ئایدۆلۆژیا، ڕابردوو و داهاتوو بۆ لایەنگران و شوێنکەوتووانی ڕوون دەکاتەوە[13]. لە رژێمی تۆتالیتاردا، سەرۆک هەم کەسێکی پڕوپاگەنداییە و هەم کەسێکی کردەیی، چونکە “هەم دەبێ پەرە بە ترس و دڵەڕاوکێ بدا، هەم بە ئایدۆلۆژیا[14]“.
گوتاری خومەینی لە شاری قوم، ١٧ی ئووتی ١٩٧٩[15]:
[…] “ئێمە بە شێوەی شۆڕشگێڕانە هەڵسوکەوتمان نەکردووە، من پەشیمانم کە تووشی ئەو هەڵەیە بووم کە ڕێگەم بە هەبوونی حیزبەکان دا. ئەگەر ئێمە بە شێوەی شۆڕشگێرانە هەڵسوکەوتمان بکردایە، ئەگەر ئێمە پێنووسی هەموو بڵاوکراوەکانمان شکاندبا و هەموو گۆڤار و بڵاوکراوە بەلاڕێداچووەکانمان داخستبا و بەرپرسەکانیانمان کێشابا دادگا و حیزبە بەلاڕێداچووەکانمان قەدەغە کردبا و سەرۆکەکانیانمان بە سزای خۆیان گەیاندبا و سێدارەکانمان لە مەیدانە گەورەکان بەرپا کردبا و بەلاڕێداچووەکانمان دروێنە کردبا، ئەو زەحمەتییانە نەدەهاتنە پێش. […] یەک حیزب، حیزبی خودا، حیزبی هەژارەکان. […] ئەو پیلانگێڕانەی کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی کافراندان، دەبێ بە توندترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێ، دەبێ حکومەت بەتوندی ڕەفتاریان لەگەڵدا بکا، ژاندارمێری و ئەرتەش دەبێ بەتوندی هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەن. ئەگەر ئەوان بەتوندی لەگەڵیان هەڵسوکەوت نەکەن، ئێمە لەگەڵ ئەوان (نیزامییەکان) بەتوندی هەڵسوکەوت دەکەین. لەناویان بەرن ئەو بەلاڕێداچووانە! لەناویان بەرن ئەو پیلانگێڕانە!” […]
یەک ڕۆژ دوای ئەو گوتارە، ئەنجوومەنی شۆڕش دەستی بە قەدەغەکردنی حیزب و ڕێکخراو و ڕۆژنامەکان کرد. یەکەم جار لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد و زۆرێک لە حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان قەدەغە کران. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بوو کە لە کوردستان لەسەر داوای حیزبە کوردییەکان، زۆرینەی خەڵک ڕێفراندۆمیان بایکۆت کردبوو یان دەنگی “نەخێر”یان بە کۆماری ئیسلامی دابوو. ڕۆژی ١٩ی ئووتی ١٩٧٩ بە فەتوایەکی خومەینی، بەرپرس و ئەندامانی حیزبە کوردییەکان سزای مردنیان بۆ دەرچوو[16]. هەر چەندە ئامارێکی بڕواپێکراو لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوە، لە پڕۆسەی هەوڵدان بۆ لەناوبردنی حیزبە کوردییەکاندا، نزیک بە ١٠ هەزار کەس کوژران کە ١٢٠٠ کەسیان زیندانی سیاسی بوون و لەسێدارە دران[17].
ژوان لەنز لە پێناسەکردنی تۆتالیتاریزمدا، دڵەڕاوکێ و تۆقاندن وەکوو تایبەتمەندییەکی سەرەکی ئەژمار ناکا، بەڵام پێی وایە لە هەندێک رژێمدا دڵەڕاوکێ و تۆقاندن یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرنگەکان[18]. پێناسەی تۆقاندن بۆ ئەلکساندر دالین و جۆرج دەبڵیو بڕەسلۆوێر، بریتییە لە “زۆرلێکردنی لەڕادەبەدەر لەلایەن ئۆرگانێکی دەسەڵاتی گشتییەوە لە دژی تاک و گرووپەکانی کۆمەڵگا و هەڕەشەکردن و لەنێوبردنی خۆسەرانەی ئەم یان ئەو تاک و گرووپە[19]“. یەکێک لەو چەکانەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێ و تۆقاندن لە کوردستان کەڵکی لێ وەردەگرێ، لەسێدارەدانە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩، خومەینی هەندێک کەسی ئایینیی وەکوو دادوەری شەرع[20] بۆ دادگاییکردن و سزادانی ئەندامانی ئەو حیزب و گرووپە کوردییانە دیاری کرد کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە قەدەغە کرابوون و بۆ مانەوەی خۆیان بەرگرییان دەکرد. خومەینی پێی وا بوو ئەو کەسانەی کۆماری ئیسلامی ڕەت دەکەنەوە، تاوانبارن و پێویست ناکا دادگای فەرمییان بۆ دابنرێ و پڕۆسەی دادگاییکردنیان بۆ بەڕێوە بچێ، چونکە بە گوتەی ئەو، دادگای فەرمی بۆ ئەو کەسانە بەڕێوە دەچێ کە ڕوون نییە تاوانبارن یان نا. هەر بۆیە، ژمارەیەک دادوەری ئایینیی دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی ئەندام و لایەنگرانی حیزبە کوردییەکان بەبێ دادگای فەرمی سزا بدرێن و بەخێراییش سزایەکە جێبەجێ بکرێ. یەکێک لەو دادوەرە ئایینییانە بە ناوی سادق خەڵخاڵی[21]، بە جۆری دادگاییکردن و سزادانە سەحرایییەکەی ناسراوە[22]. ئەو بەکۆمەڵ خەڵکی سزا دەدا و خێرا لەسێدارەی دەدان و وێنە و فیلمەکانیشی لە مێدیاکاندا وەکوو سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی بڵاو دەکردەوە. قوربانییەکان زۆرینەیان چالاکانی سیاسی و ئەندامانی حیزبە کوردییەکان بوون. لە دوایین چاوپێکەوتنیدا، خەڵخاڵی پشتڕاستی کردەوە کە خەڵکانێکی زۆری کوشتووە:
“من دادوەری ئایینی بووم، زیاتر ٥٠٠ کەسی سەر بە رژێمی پاشایەتیم لەسێدارە داوە، هەروەها سەدان کەسم لە کوردستان و خوزستان لەسێدارە داوە. پەشیمان نیم لە هەموو ئەوانەی ئەنجامم داون. لەسەر ئەو بڕوایەم کە کەمم کوشتووە، چونکە زۆر کەس شایەنی مردن بوون و نەمتوانی ڕاویان بکەم.”
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئێران دوای وڵاتی چین زۆرترین لەسێدارەدانی تێدا ئەنجام دەدرێ، بەڵام ئەگەر بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بێ، لەوانەیە ئێران لە پلەی یەکەمدا بێ. هەروەها بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدراوەکانی ئێران لە کورد پێک هاتووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئاستی وشیاریی سیاسی و نەتەوەیی لە کوردستان بەنیسبەت بەشەکانی دیکەی ئێران لە سەرەوەیە. هۆکاری ئەوەش چالاکیی نەهێنیی حیزبەکان و گەرمبوونی پرسی کوردە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کە کاریگەرییان بەسەر ڕای گشتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە. هەروەها هەبوونی سەدان ڕێکخراوی مەدەنی و ژینگەپارێز، کە لەتەنیشت چالاکیی ڕۆژانەیان هەوڵی پەرەپێدانی بیری نەتەوەیی دەدەن. بۆ نموونە؛ لەو ساڵانەی دواییدا چالاکانی ژینگەپارێز، هونەری، سینەمایی، شاعیر و مامۆستاکانی فێرکردنی زمان بوونەتە ئامانجی دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی و حوکمی قورسیان بەسەردا سەپێنراوە. بەپێی لێکۆڵینەوەی دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە و مانگی ئەپریڵی ٢٠٢١ بڵاوی کردۆتەوە، ٧٦ لە سەدی کورد لە ئێران شوناسی نەتەوەیی کورد لەسەرووی شوناسی ئێرانی دادەنێ، ئەوەش دەکرێ وەکوو دەرئەنجامی چالاکیی سیاسی و ڕۆشنبیری لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەیر بکرێ[23].
لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی کۆماری ئیسلامی بەردەوام ڕایدەگەیەنن کە خەڵکی کوردستان لەژێر کاریگەریی حیزبە کوردییەکاندان، بۆیە دەڵێن کە هەبوونی ئەو حیزبانە لەسەر سنوورەکان تەحەمول ناکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵ دەدەن جگە لە هێرشی نیزامی و تیرۆرکردنی کادر و بەرپرس و ئەندامەکانیان، لە ڕێگای حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پێش بە چالاکیی ئەو حیزبانە بگرن یان هەبوونیان لە هەرێمی کوردستان قەدەغە بکەن، تا لەو ڕێگەیەوە ناچار بە چەکدانان و کۆچ بۆ دەرەوەی وڵاتیان بکەن. هەر چەندە چەندین جار بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی دانوستان لەنێوان کۆماری ئیسلامی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دراوە، بەڵام پێناچێ حکومەتی ئێران مەرامی لەو دانوستانانەدا چارەسەری پرسی کورد یان تەنانەت ڕێگەدان بە چالاکیی ئەو حیزبانە بێ، چونکە هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، ئەو جۆرە سیستمانە بە هیچ شێوەیەک نەک جیاوازیی نەتەوەیی، بەڵکوو ڕێگە بە هیچ جۆرە ڕێکخستنێکی حیزبییش نادەن ئەگەر لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای دەوڵەتیدا نەبێ.
ئەنجام
مافی کورد لە ئێران لە ڕوانگەی سیستمی سیاسیی ئێرانەوە دانی پێدا نەنراوە و لە هیچ شوێنێکی دەستووری بنەڕەتیی ئێران هیچ ئاماژەیەک نە بە کورد وەکوو پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و نە بە مافی نەتەوەیی نەکراوە و هەوڵ دراوە کورد و نەتەوەکانی دیکە لە شوناسی ئێرانی-شیعیدا بتوێنرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەکردەوە بە سەدان جۆرە پیلان بۆ ئاسمیلەکردن و تواندنەوەی کورد خستراونەتە گەڕ. هەروەها وەکوو سیستمێکی تۆتالیتار هەوڵ دراوە تا ئەو جێگەی بکرێ کورد لەژێر فەزایەکی دڵەڕاوکێدا ڕابگرن و جگە لە لەسێدارەدانی چالاکە سیاسییەکان، چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانیش بە جۆرێک بکەن بە بابەتێکی ئەمنی. هەمووی ئەوانە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئامارەکان و بەپێی ڕێژەی گرتن و لەسێدارەدانەکان، هەستی نەتەوایەتی و وشیاریی سیاسی لە کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوونە.
سەرچاوەكان:
[1] Ergun ÖZBUDUN, Authoritarian Regimes in International Encyclopedia of Political Science, edited by Bertrand Badie, Dirk Berg-Schlosser & Leonardo Morlino, Thousand Oaks : SAGE Publications, 2011, p. 2.
[2] Linz, Juan J. « L’effondrement de la démocratie, autoritarisme et totalitarisme dans l’Europe de l’entre-deux-guerres », Revue internationale de politique comparée, vol. 11, no. 4, 2004, pp. 531-586.
[3] Juan LINZ, Régimes Totalitaires et Autoritaires, Paris : Lynne Rienner Publishers, Éd. Boulder. Trad. Armand Colin., 2000.
[4] Pierre EMMERY, « Nation et minorités en Iran : face au fait minoritaires, quelle réponse institutionnelle ? », Les clés du Moyen-Orient <www.lesclesdumoyenorient.com>, 01/04/2016, consulté le 03/01/2019.
[5] Pierre EMMERY, Ibid.
[6] ماددەی ١٥ی دەستووری بنەڕەتیی ئێران
[7] Ibrahim RASHIDI, « La langue et l’autorité des minorités nationales dans le droit iranien », BBC Persian <www.bbc.com/persian>, 21 mars 2018>, consulté le 03/01/2019.
[8] Jean-Paul BURDY, « Minorités ethniques et intégration nationale », blog Questions d’orient, questions d’occident, < sites.google.com>, consulté le 03/01/2019.
[9] Le Conseil suprême de la révolution culturelle (Iran), « La politique de dénomination des rues et des lieux publics et des institutions », Session N° 179, Résolution N° 3766, <ms. farhangoelm.ir>, 24 janvier 1989, consulté le 03/01/2019.
[10] Pierre EMMERY, « Nation et minorités en Iran : face au fait minoritaires, quelle réponse institutionnelle ? », Les clés du Moyen-Orient, op. cit.
[11] Refworld, « Iran : information sur le service militaire, y compris sur l’âge du recrutement, la durée du service, les motifs d’exemption, la possibilité d’effectuer un service de remplacement et le traitement réservé par les autorités aux personnes qui refusent de faire leur service militaire ; information indiquant si des sanctions sont imposées aux objecteurs de conscience », < www.refworld.org>, 28 March 2014, consulté le 03/01/2019.
[12] Hannah ARENDT, Ibid., pp. 203-232.
[13] Hannah ARENDT, Ibid., p. 230.
[14] Hannah ARENDT, Ibid., pp. 203-232.
[15] Khomeiny, « si nous avions agi de façon révolutionnaire… », Sahifeyeh Imam, Livre IX, op. cit., pp. 281-284.
[16] Khomeiny, « discours dans le conseil des experts », Sahifeyeh Imam, Livre IX, op. cit., p. 298.
[17] Steven R. WARD, Immortal: A Military History of Iran and its Armed Forces. 2009. pp.231–233.
[18] Juan LINZ, Ibid., p. 83.
[19] Alexander DALLIN et George W. BRESLAUER, « Political Terrot in communist sytems », Stanford: Stanford University Press, 1970, p. 7.
[20] Khomeiny, « Création du tribunal révolutionnaire islamique », Sahifeyeh Imam, Livre VI, op. cit., p. 215.
[21] Journal Ettelaat (archive), « Khalkhali est nommé par Imam comme juge religieux pour Kurdistan », 19 juin 1979, p. 1.
[22] The Telegraph, « Ayatollah Sadeq Khalkhali », < www.telegraph.co.uk >, Consulté le 02/01/2019.
[23] Brenda Shaffer, « Iran is more than persia », FDD, April 28 2021.