• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 11, 2022

وانەی کوردی و جەنگی شوناسی نەتەوەیی کورد لە تورکیا پێشینە، ئاستەنگ و سیناریۆکان

ئەحمەد سیروانی/ توێژەر و مامۆستای زانکۆ

بەرایی

پاش دە ساڵ لە جێگیرکردنی وەک وانەیەکی بژاردە(لاوەکی و سەرپشکانە) لە پڕۆگرامی پەروەردەدا، جارێکی تر وانەی زمانی کوردی “Kürtçe Seçmeli Dersi” بووەتەوە بە ڕۆژەڤی شەقام و میدیای تورکی بەگشتی و باکووری کوردستان بەتایبەتی. بانگەشەی چەندین ناوەند و ڕێکخراوی کوردیی باکووری کوردستان بە مەبەستی هاندانی خوێندکاران بۆ هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردی ئەنجامێکی دڵخۆشکەری هەبوو، بە جۆرێک ڕێژەی ئەو خوێندکارانەی وانەکەیان هەڵبژاردووە، ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە و دوو هێندەی ساڵی ڕابردوو بووە. لە لایەکی دیکەشەوە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا (Milli Eğitim Bakanlığı (MEB)) ئەم وانەیەی وەک وانەیەکی لاوەکی و لە لیستی “زمان و شێوەزارە زیندووەکان – Yaşayan Diller ve Lehçeler”دا داناوە و وەک زمانێکی ڕەسەن و سەرەکیی نەتەوەیەکی ٢٠ ملیۆنی لەو وڵاتەدا ئەژماری نەکردووە. سەرەڕای ئەمانەش، پێشبینی دەکرێت بە هۆی نەبوون یاخود کەمیی مامۆستای پسپۆڕەوە کێشەی گەورە بەرۆکی وانەی بژاردەی زمانی کوردی بگرێت و لە هەندێک قوتابخانەدا نەتوانرێت وانەکە بخوێنرێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، هاوڵاتییانی باکووری کوردستان دڵخۆشن و بەگەرموگوڕییەوە پێشوازییان کردووە لە بوونی وانەیەکی تایبەت بە زمانی کوردی ئەگەرچی لە ئاستێکی سەرەتاییشدا بێت.

وانەی بژاردە

سیستمی “وانەی بژاردە – Seçmeli Ders” لە بواری پەروەردەدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان جێبەجێ دەکرێت. بە واتایەکی گشتی، “وانەی بژاردە – Elective Courses” ئەو وانانە دەگرێتەوە کە وەک وانەی سەرەکی هەژمار ناکرێن و خوێندکار ناچار نییە بیخوێنێت و پەیوەستە بە ویست و ئارەزووی خۆیەوە([1]).

لە ڕێنماییەکانی ساڵی ٢٠١٣ی دامەزراوە پەروەردەییەکانی قۆناغی بنەڕەتیی وەزارەتی پەروەردەی تورکیاشدا (Ortaöğretim Kurumları Yönetmeliği MEB) کە لەدوای هەمواری یاسای پەروەردە و پڕۆگرامی ساڵی ٢٠١٢ دەرکراوە، وانەی بژاردە پێناسە کراوە بەوەی: “ئەو وانەیەیە کە لە بوارێکی دیاریکراودا کە خوێندکاران خۆیان ئامانجیانە و بەو ئاڕاستەیە هەوڵ دەدەن بەهرە و تواناکانیان دەردەخات و گەشەی پێ دەدات و دواجار لەو بوارەدا کەسێتی و پسپۆڕیی خۆیان دەدۆزنەوە([2])“.

مێژووی جێبەجێکردنی سیستمی وانەی بژاردە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم دەگەڕێتەوە، کاتێک لە ساڵی ١٨٨٦ سەرۆکی زانکۆی هارڤاردی ئەمەریکی (Harvard University) لە سیمینارێکیدا بۆ بەرپرسانی پەروەردە پێشنیاری سیستمی وانەی بژاردەی کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، دوای تێپەڕینی نزیکەی نیوسەدە، بەکردەیی کار بە سیستمی وانەی بژاردە لە قوتابخانەکانی ئەمەریکادا کراوە([3]) و پاشان بە ئەورووپا و جیهاندا بڵاو بووەتەوە.

سیستمی وانەی بژاردە لە تورکیا

بۆ یەکەم جار وانەی بژاردە وەک کارێکی ئەزموونی لە ساڵی خوێندنی (١٩٥٤-١٩٥٥) لە ئامادەیی ئەتاتورکی کچان (Atatürk Kız Lisesi) لە ئەستەنبوڵ جێبەجێ کرا. لەو کاتەدا وانەکە بە ناوی “وانە تایبەتەکان -Özel Dersler” ناو نرا. ئەم بەرنامەیە لەلایەن لیژنەیەکی ٣٥ کەسییەوە کە سەرجەمیان مامۆستای ئامادەیی ئەتاتورکی کچان بوون، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لە ٢٢ تشرینی یەکەمی ١٩٥٤ بە ناوی “لیژنەی چاودێریکردنی پڕۆگرامەکانی قوتابخانە – Deneme Okulu Program Komisyonu” جێبەجێ کرا([4]). ئاشکرایە لە کاتی دانانی یەکەم پڕۆگرامی سیستمی وانەی بژاردە لە تورکیا وانەی بژاردەی کوردی باسی نەبووە، تەنانەت هەر بابەتێک پەیوەندیی بە زمان و وێژە و کولتووری کوردەوە هەبووبێت، لە هەموو بوارەکاندا لە سەرانسەری تورکیادا لەو دەمەدا قەدەغە بووە.

چەمکی بژاردە (Seçmeli) لەلایەن سەنتەری زمانی تورکیا (Türk Dili Kurumu) پێناسە کراوە بەوەی: “هەر شتێک بتوانرێت هەڵبژێردرێت (Seçilebilen)  و ناچاری نەبێت (Zorunlu Olmayan)([5])“.

سیستمی وانەی بژاردە لە هەردوو جۆری قوتابخانەی حکومی و تایبەتدا پێویستە پەیڕەویی لێ بکرێت، بەڵام لە قوتابخانە تایبەتەکانی تورکیادا وانەی کوردی وەک وانەیەکی بژاردە لە پڕۆگرامی خوێندندا جێگیر نەکراوە([6]).

سەرۆکایەتیی پەروەردە و فێرکردنی تورکیا (Talim ve Terbiye Kurulu Başkanlığı) بەرپرسی یەکەمە لە ڕێکخستنی کاروباری سیستمی وانەی بژاردە. بە بڕیاری ژمارە ١٩٢ی ١٤ی تەممووزی ٢٠٠٥ی سەرۆکایەتیی پەروەردە و فێرکردن: “ئەو وانە بژاردانەی کە پێویستە لە قوتابخانەیەکدا بخوێنرێت، لە سەرەتای ساڵی خوێندن لەلایەن ئەنجوومەنی مامۆستایانی قوتابخانە (Öğretmenler Kurulu)وە هەڵدەبژێردرێت، پێویستە ئەو ئەنجوومەنە لە دیاریکردنی وانە بژاردەکاندا ڕەچاوی بارودۆخی کۆمەڵایەتیی ناوچەکەی و بوونی ڕێژەی مامۆستای پێویست بۆ ئەو وانانە و ویست و داواکاریی خوێندکاران و بۆچوونی دایکان و باوکان بکات([7])“.

 

وانەی بژاردەی زمانی کوردی، بەشێک لە پڕۆسەی ئاشتی (چارەسەری)([8])

 وەک بەشێک لە هەڵمەتی ڕیفۆرم و چاکسازی لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، لە ٣٠ی مارتی ٢٠١٢، “یاسای پەروەردەی ١٢ ساڵی ڕەها” لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا. هەر لەو چوارچێوەیەشدا یاسای “پەروەردە و پەروەردەی سەرەتایی ژمارە ٦٢٨٧” هەموار کرایەوە و لە ١١ی نیسانی ٢٠١٢ لە ژمارە ٢٨٢٦١ی ڕۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتەدا (Resmi Gazete) بڵاو کرایەوە. ئامانجی سەرەکی لەم هەموارە، زیادکردنی ژمارەی ساڵەکانی خوێندنی ناچاری بوو لە ٨ ساڵەوە بۆ ١٢ ساڵ، هەروەها ئاڕاستەکردنی خوێندکار بە پێی ویست و داواکاری و پێداویستییەکانی خوێندکار و کۆمەڵگە. ئامانجی دووەم بەتەواوی لە چواچێوەی سیستمی وانەی بژاردەدا بەرجەستە دەبوو([9]).

لەگەڵ ئەمانەشدا، ئامانجێکی دیکەی گرنگی هەمواری یاسای پەروەردەیی لە تورکیا، جێبەجێکردنی خاڵێکی پڕۆسەی ئاشتی بوو کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن حکومەت و بەتایبەتییش پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە (Adalet ve Kalkınma Partisi (AKP)) خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لەو هەموارەدا وانەی بژاردەی زمانی کوردی (شێوەزاری کرمانجی و زازاکی) لەگەڵ چەند شێوەزاری کۆنی زمانی تورکی کە ئێستا قسەی پێ ناکرێت، لە گرووپێکی وانەی بژاردە بە ناوی “زمان و شێوەزارە زیندووەکان – Yaşayan Diller ve Lehçeler) بۆ لیستی وانە بژاردەکان بۆ قۆناغی ناوەندی زیاد کرا. لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) ڕێژەی وانە بژاردەکان زیاد کرا بۆ ٣٨ وانە، هەر لەم چوارچێوەیەشدا لەپاڵ وانەی زمانی کوردی (کرمانجی و زازاکی)، وانەکانی (زمانی ئەلبانی -Arnavutça ، زمانی بۆسنە -Boşnakça  و زمانی گورجو -Gürcüce ) زیاد کران بۆ لیستی زمان و شێوەزارە زیندووەکان (Yaşayan Diller ve Lehçeler)([10]). بەم جۆرەش جارێکی دیکە تورکیا سەلماندیەوە کە زمانی کوردی وەک زمانی کەمەنەتەوەیەکی وڵاتەکەی، یاخود زمانی وڵاتێکی هاوسێی تورکیا، یاخود وەک شێوەزارێك لە چوارچوێوەی زمانی تورکیدا هەژمار دەکرێت، کە لە ڕاستیدا پێویستە لەدوای زمانی تورکی، کوردییش وەک زمانی سەرەکی و فەرمی و دووەمی ئەو وڵاتە ئەژمار بکرێت و وەک وانەی ناچاری بەتایبەت لە ناوچە کوردییەکاندا بخوێنرێت.

هۆکاری زیادکردنی زمانی کوردی و ئەو وانانەی دیکەش، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییەی کە لە سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تورکیادا هاتە کایەوە، بە جۆرێک ئاکەپە وەک پارتێکی پارێزکار/ڕاستڕەو ئیسلامی بەتەنها خۆی دەسەڵاتی وڵاتی گرتە دەست و لە سێ هەڵبژاردنی یەک لەدوای یەکدا زۆرینەی کورسیی پەرلەمانی وڵاتەکەی بردەوە، ئاکەپەش بە دەنگی زۆرینەی کوردەکانی تورکیا و بەرەی پارێزکار/ڕاستڕەو/ئیسلامی ئەو سەرکەوتنە گەورانەی بەدەست هێنا.

لە چوارچێوەی ئەو هەموارەی یاسای ژمارە ٦٢٨٧ و ئەو خشتەیەی لەلایەن سەرۆکایەتیی پەروەردە و فێرکردنی تورکیاوە (Talim ve Terbiye Kurulu Başkanlığı)  دیاری کراوە، زمانی کوردی، شێوەزاری کرمانجی و زازاکی، هەریەکەیان بەجیا بۆ سیستمی وانەی بژاردە زیاد کران و خوێندکار لە هەر چوار قۆناغی ناوەندیدا، واتە لە پۆلی ٥ بۆ پۆلی ٨ی ناوەندی دەتوانێت یەکێک لەو دوو شێوەزاری بە ویستی خۆی هەڵبژێرێت و هەفتانە دوو کاتژمێر لەو وانەیەدا بخوێنێت([11]).

هەر بە پێی یاسای هەموارکراو، “پێویستە هەر خوێندکارێکی قۆناغی ناوەندی لەگەڵ وانە ناچارییەکاندا، ٣ وانەی بژاردە هەڵبژێرێت”. هەروەها “بۆ ئەوەی وانەیەکی بژاردە لە قوتابخانەیەکدا جێبەجێ بکرێت و بخوێنرێت، پێویستە لەلایەن ١٠ خوێندکار یاخود زیاتر ئەو وانەیە هەڵبژێردرێت، بەپێچەوانەوە لە ١٠ خوێندکار کەمتر وانەکە هەڵبژێرێت نابێت لەو قوتابخانەیەدا ئەو وانەیە بخوێنرێت([12])“. ئەم مادەیە گەورەترین زیانی لە وانەی بژاردەی زمانی کوردی داوە کە دواتر باسی لێوە دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، لەو هەموارەدا مەرجی ژمارەی خوێندکار بۆ هەڵبژاردنی وانەیەک لە ١٥ خوێندکارەوە بۆ ١٠ خوێندکار کەم کراوەتەوە([13]). جگە لەوەش، بە هۆی ئەوەی ماوەیەکی کەم لەبەردەست وەزارەتی پەروەردەدا بوو تاوەکوو ناوەرۆکی هەریەک لەو وانانەی کە لە یاساکەدا زیاد کرابوون بۆ سیستمی پەروەردە ئامادە بکات و بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠١٢-٢٠١٣) بخوێنرێت. هەر بۆیە زۆربەی وانە زیادکراوەکانی سیستمی وانەی بژاردە بەکاڵوکرچی پڕۆگرامی بۆ ئامادە کرا، بەتایبەتی وانەی زمانی کوردی، بە هۆی نەبوونی کەسی شارەزای پێویست و پڕۆگرامی ئەلفبێی کوردی و ڕێزمانێکی دیاریکراوی یەکگرتووەوە، ناوەرۆکی وانەکە هەر زۆر بەسادەیی و پڕ لە کەموکورتییەوە ئامادە کرا، ئەمەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ساردبوونەوەی خوێندکاران و دایک و باوکان بوو لە هەڵبژاردنی وانەی کوردی بۆ منداڵەکانیان، تەنانەت بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانیش بە هۆی بوونی کێشەی زۆر لە پڕۆگرامی وانەی زمانی کوردی و نەبوونی مامۆستای پێویست، بەباشی هانی خوێندکارانیان نەدەدا بۆ هەڵبژاردنی ئەو وانەیە([14]).

هەر چەندە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە لە ڕێگەی مامۆستای میوان([15])، یاخود ئەگەر مامۆستای میوانیش نەبێت؛ بە مامۆستای وانەبێژ کێشەی نەبوونی مامۆستای پسپۆڕ بۆ ئەو وانانەی کە تازە زیاد کرابوون، بۆ  سیستمی وانەی بژاردە چارەسەر دەکرا، بەڵام بۆ وانەی بژاردەی زمانی کوردی هیچ چارەسەرێک بەردەست نەبوو، لەبەر ئەوەی نە مامۆستای میوان و نە وانەبێژ بۆ زمانی کوردی دەست نەدەکەوت. واتە هەر لە بنەڕەتدا مامۆستای زمانی کوردی بوونی نەبوو لە تورکیادا، لە زانکۆکانیش تازە بەشی زمانی کوردی کرابووەوە کە ئەوانیش دیسان کێشەی نەبوونی مامۆستای پسپۆڕیان هەبوو. لەبەر ئەم هۆکارانە، بەناچاری و بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە ٨٠ی ساڵی ٢٠٠٤ی سەرۆکایەتیی پەروەردە و فێرکردن، وانەی بژاردەی زمانی کوردی لەلایەن مامۆستای وانەکانی دیکەوە دەگوترێتەوە.

پاش ١٠ ساڵ، جارێکی دیکە زمانی کوردی ڕۆژەڤە

پاش تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ بەسەر جێگیرکردنی وانەی زمانی کوردی وەک وانەیەکی بژاردە لە پڕۆگرامی قۆناغی ناوەندیی قوتابخانەکانی تورکیادا، جارێکی دیکە سەرجەم گرووپ و ڕێکخراو و پارتە کوردییەکانی تورکیا هەوڵێکی بێوچانیان دا بۆ ئەوەی زۆرترین خوێندکار وانەی زمانی کوردی هەڵبژێرێت. لە یەکەم ساڵی جێگیرکردنی وانەی زمانی کوردی وەک وانەیەکی بژاردە و لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٢-٢٠١٣)، کوردەکانی تورکیا بەگەرموگوڕییەوە بەدەم ئەو هەنگاوەی حکومەتەوە ڕۆیشتن و لە ٢٨ پارێزگای تورکیادا، ١٨ هەزار و ٨٤٧ خوێندکار وانەی زمانی کوردیی هەڵبژارد کە تاوەکوو ساڵی ڕابردوو ئەو ڕێژەیە وەک ژمارەی پێوانەیی مابوویەوە و نەتوانراوە بشکێنرێت. لە ساڵەکانی دواتردا و بە هۆی سەرهەڵدانی چەندین کێشەی پرۆگرامی و سیاسی و زمانەوانییەوە، وانەی زمانی کوردی ئەو پێشوازییەی یەکەم جاری لێ نەکرا و ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە وانەکەیان هەڵدەبژارد؛ ڕووی لە کەمی دەکرد، تاوەکوو ساڵی ڕابردوو ڕێژەکە بۆ کەمترین ئاست دابەزی کە بریتی بوو لە ٨ هەزار و ١٩٠ خوێندکار([16]).

وەزارەتی پەروەردەی تورکیا لە ٣ی کانوونی دووەمەوە تاوەکوو ٢١ی هەمان مانگ، ماوەی هەڵبژاردنی وانەی بژاردەی بۆ قۆناغی ناوەندی ڕاگەیاند. هەر زوو بزووتنەوەی زمانی کوردی (Kürtçe Hareketi, Hereketa Zmana Kurdi (HEZKURD)) دەستی کرد بە بانگەشەیەکی چڕوپڕ بۆ هاندانی منداڵانی کورد و دایکان و باوکان، تاوەکوو وانەی زمانی کوردی هەڵبژێرن. بەدوای ئەویشدا، “ڕێکخراوی مامۆستایانی ڕابەری کورد -(Kürtçe Öğretmenleri İnsiyatifi)   İnisiyatifa Mamosteyen Kurdi”، لەگەڵ “ڕێکخراوی چاکسازی و چاودێریی پەروەردەی دیاربەکر – Diyarbakır Eğitim İzleme ve Reform Girişimi (DİERG)”، دەستیان کرد بە بانگەشە بۆ هەمان مەبەست و پشتیوانیی چالاکییەکانی بزووتنەوەی زمانی کوردییان کرد.

وەک بەڕێوەبەری دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی نوبیهار (Nubihar Yayınları)، سولەیمان چیڤیک (Süleyman Çivik) کە وەک باڵی چاپەمەنی و میدیایی گرووپی زەهرای سەر بە کۆمەڵەی نوور لە باکووری کوردستان و تورکیا دەردەکەوێت، وتوویەتی: “هەڵمەتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردی تەنها بابەتە کە سەرجەم پارت و ڕێکخراوەکانی باکووری کوردستان بە ئیسلامی و چەپەوە لەسەری کۆک بوون([17])“، بەو مانایەی هەمووان بە یەک دەنگ داوایان کردووە منداڵان وانەی زمانی کوردی هەڵبژێرن و تەنانەت لە پێناوی ڕاکێشانی دەنگی هاوڵاتییانی کورد لە تورکیا، لە هەڵبژاردنەکاندا بەشێک لە سەرکردەی پارتە سیاسییە تورکییەکانیش پشتیوانیی ئەو هەڵمەتەیان کردووە.

ئەو بانگەشە چڕ و فراوانە و ئەو پشتیوانییە زۆرەی پارت و ڕێکخراوە کوردی و تەنانەت چەند پارت و ڕێکخراوێکی تورکیش، بەو ئاڕاستەیە دەڕوات کە ئیدی ترسی کوردبوون و شانازیکردن بە ناسنامەوە لەلای کوردانی تورکیا بشکێنێت. وەک شارەزایان و چالاکوانانی کورد لە تورکیا باسی لێوە دەکەن، هەڵبژاردنی وانەی بژاردەی زمانی کوردی لەلایەن ٢٠ هەزار و ٢٦٥ خوێندکارەوە لەمساڵدا، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر کاریگەریی ئەو بانگەشەیە کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا هێندەی ئەمساڵ خوێندکاران وانەی بژاردەی زمانی کوردییان هەڵنەبژاردووە، ئەمەش دەکرێت سەرەتایەک بێت و لە ساڵانی ئایندەدا بە گوڕوتینێکی زیاترەوە هەم ڕێکخراوەکان بانگەشە بکەنەوە و هەمیش خوێندکاری زیاتر وانەی بژاردەی زمانی کوردی هەڵبژێرێت. دواجار هەموو ئەمانە لە سوودی دۆزی کورد و زیندوو هێشتنەوەی زمانی کوردی و ناسنامەی نەتەوایەتیی کورد لە باکووردی کوردستان و تورکیادا دەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک گرووپ و ڕێکخراو و سەندیکا ڕەخنەی ئەوەیان گرتووە کە “لەبریی دانانی وانەی بژاردەی زمانی کوردی، پێویستە منداڵانی کورد سەرجەم پڕۆگرامەکانی خوێندنیان بە زمانی دایکییان (کوردی) بێت”.

بەدەمەوەچوونی خوێندکاران و کەسوکاریان بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی زمانی کوردی، لەسەرووی چاوەڕوانییەکانی بانگەشەکارانەوە بوو، بە جۆرێک لە مێژووی ١٠ ساڵەی وانەی بژاردەی زمانی کوردیدا ڕێژەیەکی بەرز بووە. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لەمساڵدا ٢٠ هەزار و ٢٦٥ خوێندکار وانەکەیان هەڵبژاردووە، ئەمەش دوو هێندە زیاتری ساڵی ڕابردووە کە تەنها ٨ هەزار و ١٩٠ خوێندکار ئەو وانەیەیان هەڵبژاردووە، هەروەها زۆرترین ڕێژەش لە یەکەم ساڵی جێبەجێکردنی ئەو وانەیە لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٢-٢٠١٣) بووە کە ١٨ هەزار و ٨٤٧ خوێندکار ئەو وانەیەیان هەڵبژاردووە. بەم جۆرە لەمساڵدا وانەی بژاردەی کوردی ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە([18]).

کێشەکانی وانەی بژاردەی کوردی

بە پێی بنەما پەروەردەییەکان، پێوستە زمانی کوردی وەک وانەیەکی ناچاری بۆ خوێندکارانی تورکیا بەگشتی و باکووری کوردستان بەتایبەتی جێەجێ بکرێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەو مافەی بە کوردەکان نەداوە و زمانی کوردی هاوتای زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی و زمانە بیانییەکانی دیکە و چەند شێوەزارێكی کۆنی تورکی هەژمار کردووە.

جگە لەوەش، وانەی کوردی تەنها لە قۆناغی ناوەندیدا دەخوێنرێت. لەگەڵ ئەوەی منداڵ ٤ ساڵی قۆناغی سەرەتایی تێدەپەڕێنێت کە قۆناغی ئاشنابوونیەتی بە جیهانی دەرەوە و فێربوونی ئەو زمان و وشە و دەستەواژانەی بەدەر لەناو خێزانەکەیدا فێری بووە، بەڵام هیچ وانەیەکی ئەلفوبێی کوردی ناخوێنێت، تەنها لە ماوەی ٤ ساڵی قۆناغی ناوەندی کوردی دەخوێنێت و پاشانیش لە قۆناغی ئامادەیی وانەی کوردی بوونی نییە، تەنانەت لە قۆناغی زانکۆدا بەتەواوی سەرجەمی وانە و سەرچاوەکانی دەبن بە تورکی و منداڵانی کورد ئەوەشی لە ٤ ساڵی ناوەندی دەیخوێنن (ئەگەر وانەکە هەڵبژێرن) لەسەر زمانی کوردی؛ بیریان دەچێتەوە.

کێشەیەکی دیکەی بەردەم وانەی بژاردەی کوردی، نەبوونی مامۆستای پسپۆڕی زمانی کوردییە، بە جۆرێک لە سەرانسەری تورکیادا تا ئێستا تەنها ٧٩ مامۆستای کوردی دامەزرێنراون، تەنانەت بۆ ئەمساڵی خوێندن تەنها سێ کورسی بۆ دامەزراندنی مامۆستای کوردی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە تەرخان کراوە([19]). ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەیەکی زۆری دەرچووانی بەشی کوردیی زانکۆکان لە باکووری کوردستان بێکارن و بەدوای کارێکدا دەگەڕێن.

کێشەیەکی دیکەی وانەی بژاردەی کوردی ئەوەیە کە تەنها بریتییە لە ڕێزمانی کوردی، لە کاتێکدا بۆ فێربوونی زمان پێویستە خوێندکار مێژووی فەرهەنگ و وێژە و کولتووری ئەو خەڵکەی بەو زمانە قسە دەکەن فێر ببێت، لەبەر ئەوەی کولتوور و فەرهەنگ بەشێکی دانەبڕاوە لە زمانی هەر گەل و نەتەوەیەک.

جگە لەمانەش، سیستمی وانەی بژاردە لە هەردوو جۆری قوتابخانەی حکومی و تایبەتدا پێویستە پەیڕەویی لێ بکرێت، بەڵام لە قوتابخانە تایبەتەکانی تورکیادا وانەی زمانی کوردی وەک وانەیەکی بژاردە لە پڕۆگرامی خوێندندا جێگیر نەکراوە، هۆکاری ئەمەش لە لایەک بۆ بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان و لە لایەکیش بۆ دایک و باوکانی خوێندکارەکان دەگەڕێتەوە کە دەیانەوێت منداڵەکانیان زیاتر بایەخ بە وانەکانی وەک (بیرکاری، ئینگلیزی، کۆمپیوتەر و فیزیا) بدەن.

دانانی هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی بەجیا لە چوارچێوەی یەک وانەدا، هەوڵێکی دیکەی دەوڵەتە بۆ ڕێگری لە کردنەوەی پۆلی زمانی کوردی لە تورکیا. لەبەر ئەوەی کرمانجی و زازاکییەکان لە باکووری کوردستان تێکەڵ بوون بە یەکدی، ئەمەش وا دەکات لە هەندێک ناوچەدا ژمارەی پێویست کە ١٠ خوێندکارە، هەردوو شێوەزارەكە هەڵنەبژێرن، لێرەوە وانەی هەردوو شێوەزارەكە بەتاڵ دەبێتەوە و ناکرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە هەندێک کێشە و ڕێگری بۆ وانەی بژاردەی کوردی لەلایەن خودی کوردەکانی باکووری کوردستان خۆیانەوە دروست دەکرێت، بە ئیسلامی و چەپیشەوە. پارت و گرووپە ئیسلامییەکانی تورکیا وانەی کوردی و ئایین لە یەک ئاستدا دەبینن. جگە لەوەش، زۆرینەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کە لە پارتە ئیسلامییەکان یاخود پارتی دەسەڵاتداری تورکیا، ئاکەپە، کە پارتێکی ئیسلامی/ڕاستڕەو/پارێزکارە نزیکن، زیاتر جەخت لەسەر هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردی و ئایین پێکەوە دەکەنەوە. یاخود لە هەندێک قوتابخانەدا بە بیانووی جیاواز، وانەی زمانی کوردی لە خشتەی وانە بژاردەکاندا دەردەهێنن و زیاتر خوێندکاران بۆ هەڵبژاردنی وانە ئایینییەکان هان دەدەن([20]). تەنانەت دەستخستنە کاروباری هەڵبژاردنی وانەکان بەبێ ڕەزامەندیی خوێندکار و دایک و باوکیان لەلایەن بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانەوە، بووبوو بە مانشێتی ئەو کاتەی ڕۆژنامەکانی تورکیا، تا کار گەیشتە ئەوەی وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێکی سەبارەت بەو بابەتە دەرکردووە و بە هەموو جۆرێک ڕێگریی لە بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانە کردووە لەبریی خوێندکاران وانەکان هەڵبژێرن([21]). بەڵام وەک کوردەکانی باکووری کوردستان دەڵێن: “دەرکردنی بڕیار لە پایتەخت (ئەنقەرە) ئاسانە، بەڵام جێبەجێکردنی لە هەکاری و شرناخ و… زەحمەتە”.

هەروەها بەرپرسانی پارت و ڕێکخراوە چەپەکانی باکووری کوردستان منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانە تایبەتییەکانەوە، بەڕێوەبەرانی قوتابخانە تایبەتییەکانیش وانەی بژاردەی کوردی ناخەنە لیستی وانە بژاردەکانی قوتابخانەکانیانەوە، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی بەرپرس و سەرکردەی ئەو پارتانە لەسەر بنەمای “لەبریی وانەی بژاردەی زمانی کوردی، خوێندن بە کوردیمان دەوێت”؛ وانەی بژاردەی زمانی کوردی بۆ منداڵەکانیان هەڵنابژێرن، ئەمەش دەبێتە هۆی ساردکردنەوەی هاوڵاتییانی ئاسایی لە هاندانی منداڵەکانیان بۆ هەڵبژاردنی وانەی بژاردەی زمانی کوردی.

 

سیناریۆکان

ئەو بانگەشە فراوان و مەودادرێژەی لەلایەن ناوەند و ڕێکخراوەکانی باکووری کوردستانەوە ئەنجام درا و پشتیوانیی تەواوی پارتە سیاسی و ڕێکخراوە کوردییەکانی باکوور و چەند پارت و ڕێکخراوێکی تورکی و تەنانەت پشتیوانیکردنی هەڵمەتەکەش لەلایەن چەند ناوەند و دەزگایەکەوە لە هەرێمی کوردستان، کاریگەریی گەورەی لەسەر بابەتی وانەی بژاردەی زمانی کوردی هەبووە و هەم دەوڵەتی تورکیا و شەقامی باکووری کوردستان لەسەر بنەمای دەرەنجام و کاریگەرییەکانی ئەو بانگەشەیە پلان و بەرنامەکانی ئایندە بۆ خۆیان دادەڕێژنەوە.

سیناریۆی یەکەم: بریتی دەبێت لە بەدەمەوەبوونێکی گەرموگوڕتر لە ساڵی ئایندەدا بۆ بانگەشەکە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە و لە بەرامبەردا خوێندکارانیش لەمساڵ باشتر بەدەم بابەتەکەوە بچن و بەراورد بە ئەمساڵ ژمارەیەکی زیاتری خوێندکار وانەی زمانی کوردی هەڵبژێرێت، چونکە ئیدی هەم منداڵان و هەم باوکان و دایکان ترسیان دەشکێت لە هێزی سەربازی و ئەمنیی تورکیا و دڵنیا دەبنەوە کە ئەگەر کێشەیەکیشیان بۆ دروست ببێت؛ ڕێکخراو و پارتە سیاسییە کوردییەکانی باکووری کوردستان لە پشتیان دەبن. ئەوەی لێرەدا گرنگە، پشتیوانیی بەردەوامی ئەو ڕێکخراوانەیە بۆ وانەی بژاردەی زمانی کوردی و پشتیوانی لە پڕۆسەی دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی وانەی زمانی کوردی لە مامۆستا و پڕۆگرام و پێداویستییەکانی دیکە بۆ ئەو قوتابخانانەی کە پۆلی زمانی کوردی تێدا دەکرێتەوە، تاوەکوو بۆ ساڵانی ئایندەیش وەک ئەمساڵ یاخود بە جۆشوخرۆشێکی زیاترەوە هەم بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانە و مامۆستاکان و هەم خوێندکارانیش وانەی زمانی کوردی هەڵبژێرن.

سیناریۆی دووەم: بریتییە لە سەرنەکەوتنی ئەنجامەکانی بانگەشەکە و هەڵبژاردنی وانەکە، ئەمەش بە هۆی ئەو کەموکورتی و ڕێگرییانەی لەبەردەم وانەی بژاردەی زمانی کوردیدان لە تورکیا کە پێشتر باسمان کردووە، بە جۆرێک کە ڕێکخراوەکان پاشگەز ببنەوە یاخود سارد ببنەوە لە هەڵمەتی بانگەشە و بەو هۆیەشەوە ئەو شەوق و تاسەیەی کە پێویستە دروست بکرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەو وانەیە؛ لەبار بچێت و خوێندکاران وانەی زمانی کوردی هەڵنەبژێرن. ئیدی جارێکی دیکە بزووتنەوەی “ڕۆشنبیری” و خەباتی مەدەنیی کوردایەتی لە باکووری کوردستان تووشی سەکتەیەکی قورستر لەوانەی ڕابردووی دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو هەلەی لەلایەن دەوڵەت خۆیەوە بە چینی خوێندکار و گەنجان و ڕۆشنبیران دەدرێت، بە دەستی کوردەکان خۆیان لەناو دەبرێت و پشکۆیەک نامێنێتەوە تاوەکوو جارێکی دیکە لە سەردەمی مۆدێرنەدا ئاگری شۆڕش و خەباتی نەتەوایەتی لە باکووری کوردستان لە مەیدانی زانست و خوێندندا پێی دابگیرسێنرێتەوە.

سیناریۆی سێیەم: کە زۆر مەترسیدارە و یەکێکە لە ئەگەرە کراوەکان، بریتییە لە لابردنی وانەی بژاردەی زمانی کوردی لە خشتەی وانە بژاردەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بە هەر بیانوویەک بێت، ئەمەش بە هۆی ئەو بانگەشە فراوانەی بۆ ئەو بابەتە کراوە و دەرەنجامە کاریگەرەکانی. ئەمە وا دەکات پارتە نەتەوەپەرستەکانی وەک مەهەپە و پارتی باش، هەوڵی دروستکردنی لەمپەر لەبەردەم بەرەوپێشچوونی زمانی کوردی لە تورکیا بدەن، لەبەر ئەوەی کاری سەرەکیی ئەم دوو پارتە بریتییە لە پاراستنی نەتەوەی تورک وەک نەتەوەی سەردەست لە تورکیا و جیهاندا و لەو پێناوەشدا ئامادەن هەموو قوربانییەک بدەن و هەر ڕێگەیەکیش پێویست بێت دەیگرنە بەر. لە ئێستاشدا هەر چەندە ئاکەپەی دەسەڵاتداری تورکیا نێوانی بەتەواوی لەگەڵ کوردەکانی تورکیادا تێک نەچووە و پێویستی بە دەنگی کوردەکانە لە هەڵبژاردندا و لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردیدا لە ئاستی لقی دیاربەکری پارتەکە و مەکتەبی سیاسی و جێگری سەرۆکی پارتەکە پشتیوانیی لە هەڵمەتەکە کرد، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئاکەپە بەتەواوی پشتیوانیی وانەی بژاردەی زمانی کوردی دەکات لە پڕۆگرامی پەروەردەی تورکیادا. لە لایەکی دیکەوە دوو پارتی کاریگەری نەتەوەپەرستی تورکیا بەردەوام لە هەوڵدان بۆ دژایەتیکردن و پلیشاندنەوەی کورد لە تورکیا، ئەو دوو پارتەیش یەکێکیان مەهەپەیە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کۆمار (Cumhur İttıfakı) لەگەڵ ئاکەپە لە دەسەڵاتدایە و لە هەندێک بابەتدا کاریگەریی لەسەر بڕیاری بەرپرسانی ئێستای حکومەتی تورکیا دەبێت. ئەوی تریشیان پارتی باش (İyi Parti) کە درێژکراوەیەکی مەهەپەیە و لە ساڵی ٢٠١٧ بەرپرسانی ئەم پارتە بە بیانووی لادانی مەهەپە لە بنەما سەرەکییەکانی نەتەوەپەرستیی تورکی لەو پارتە جیا بوونەوە و پارتە تازەکەیان دامەزراند. لە ئێستاشدا بە پێی دوایین دەرەنجامی توێژینەوەی ناوەندەکانی ڕاپرسی، ڕێژەی دەنگەکانی پارتی باش لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە، بۆ نموونە: نوێترین ڕاپرسی کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن ناوەندی توێژینەوە و پەروەردە و ڕاوێژکاری (Araştırma Eğitim Danışmanlık (ORC)) ئەنجام دراوە، پارتی باش بە ڕێژەی (٢.١٤٪) لەدوای ئاکەپە و جەهەپە ڕیزبەندیی سێیەمی پارتە سیاسییەکانی تورکیای گرتووە([22]). لە ڕاپرسیی مانگی شوباتی ئەمساڵی هەمان ناوەنددا کە لە ٤١ پارێزگای تورکیا و بە بەشداریی ٥١٣٠ کەس لەنێوان (٨-١٣)ی شوباتدا ئەنجام دراوە، ڕێژەی دەنگی پێشبینیکراوی پارتی باش بۆ (١.١٥٪) بەرز بووەتەوە([23]). لە هەر ئانوساتێکیشدا ئەگەری ئەوە هەیە پارتی باش بڕواتە ناو هاوپەیمانیی کۆمارەوە([24])، لە دۆخێکی لەو جۆرەدا پارتی باش هەوڵ دەدات زۆرترین داواکارییە نەتەوەپەرستییەکانی خۆی بەسەر ئاکەپەدا بسەپێنێت. بەم جۆرە لابردنی وانەی بژاردەی زمانی کوردی لە پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی تورکیادا بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەکێک دەبێت لە مەرجەکانی پارتی باش بۆ چوونە نێو هاوپەیمانیی کۆمار، بەدڵنیاییەوە مەهەپەش پشتیوانیی هەر مەرج و هەوڵێکی لەو جۆرە دەکات. دەبێت ئەوەش بزانین ئاکەپە لەگەڵ مەهەپەی هاوپەیمانیدا لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣ی تورکیادا ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی و کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار بباتەوە کە ئەردۆگان نایەوێت ئەو کورسییە تا کۆتایی تەمەنی لەدەست بدات. جگە لەوانەش، تەوژمی نەتەوەپەرستیی تورکی و دژایەتیکردنی کورد و هەدەپە لەناو تورکیا و تەنانەت خودی ئاکەپەشدا تا دێت فراوانتر دەبێت. بۆیە جێبەجێکردنی ئەم سیناریۆیە یەکێکە لە ئەگەرە کراوەکان.

 

ئەنجام

دانپێدانانی کوردی وەک زمانی نەتەوەیەکی ٢٠ ملیۆنی لە تورکیادا و جێکردنەوەی ئەو زمانە وەک وانەیەکی بژاردە لە ٤ قۆناغی خوێندنی قوتابخانە ناوەندییەکاندا، هەنگاوێکی ئەرێنیی باش بووە کە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نراوە، ئەمەش لە لایەک وەک دەرنجامێکی بەجیهانیبوون و کرانەوەی وڵاتان و تێکشکانی سنوورەکان و لە هەمان کاتدا لە سایەی گەشەکردنی تەکنەلۆژیاوە چاوکرانەوەی زیاتری نەتەوە ژێردەستەکان لەبەرامبەر دەوڵەتە فەرمانڕەواکانیان بووە. لە لایەکی دیکەوە دەرەنجامی سیاسەتی “سفرکردنەوەی کێشەکان” بووە کە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) (Adalet ve Kalkınma Partisi (AKP)) لە سەرەتای گرتنەدەستی دەسەڵات لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەک پەیڕەویی لێ کردووە، کە دواجار ئەنجامێکی گرنگی سیاسەتی “سفرکردنەوەی کێشەکان” و جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتی (پڕۆسەی چارەسەری) (Barış Süreci (Çözüm Süreci)) بووە و لێرەشەوە وانەی بژاردەی زمانی کوردی وەک خاڵێکی گرنگی ئەم پڕۆسەیە خراوەتە ناو پڕۆگرامی پەروەردەیی قوتابخانەکانی تورکیاوە.

لەگەڵ بوونی چەندین تێبینی و کەموکورتی و خاڵی دژبەیەک لە دانان و جێبەجێکردنی وانەی بژاردەی زمانی کوردی لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، بەڵام دواجار بوونی ئەو وانەیە هەنگاوێکی سەرەتایی و گرنگە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی دیکەی کورد لە باکووری کوردستان. لە هەمان کاتدا دانپێدانانێکی تاڵی گرنگیشە لەلایەن خودی تورکەکانەوە کە “کوردی” زمانی یەکێکە لە نەتەوەکانی تورکیا و ئەگەرچی لە لیستی وانە ناچارییەکانیشدا دانەنرابێت، بەڵام پێویستە لە قوتابخانەکاندا ئەگەر بۆ ماوەی ٤ ساڵیش بێت، وەک وانەیەکی بژاردە خوێندکارانی قۆناغی ناوەندی بیخوێنن.

لەگەڵ دروستکردنی چەندین کێشە و لەمپەڕ لەبەردەم وانەی بژاردەی کوردی و هەوڵەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەوەی وانەکە نەخوێنرێت، بەڵام لە ئەمساڵدا وانەی بژاردەی کوردی ئەو وانەیە بوو کە زۆرترین قسەی لە بارەوە کراوە بەراورد بە وانەکانی دیکەی قوتابخانە و بووە بە ڕۆژەڤی میدیای تورکی و باکووری کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک. لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێکی کێشە و لەمپەڕەکان لەلایەن خودی کوردەکانی باکووری کوردستانەوە دروست دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی وانەکە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەنجامەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردی دڵخۆشکەر بوون و ٢٠ هەزار و ٢٦٥ خوێندکار لە ڕێگەی هەڵبژاردنی وانەی بژاردەی زمانی کوردییەوە وەڵامێکی دڵخۆشکەریان بە ڕێکخەرانی بانگەشەکە بەخشی.

هەر چەندە زۆربەی کێشە و لەمپەڕەکانی بەردەم وانەی بژاردەی زمانی کوردی بە هەوڵی ناوەندەکانی فێرکردن و پارێزگاری زمان و کولتووری کوردی و پشتیوانیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و پارتە سیاسییە کوردییەکانی باکووری کوردستان نەهێڵراون، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئیتر کێشەکان ڕەویونەتەوە، بەپێچەوانەوە، بە هۆی ئەو بانگەشە فراوانەی بۆ وانەی بژاردەی کوردی کراوە و کاریگەری  و دەنگدانەوەی ئەو بانگەشەیە لە سەرانسەری تورکیا و تەنانەت هەرێمی کوردستانیشدا، پێویستە ئەو ناوەند و ڕێکخراو و پارتە سیاسییانە بە گوڕوتینێکی زیاترەوە پشتیوانیی وانەی بژاردەی کوردی بکەن و بەردەوام ئاگاداری دۆخی ئەو قوتابخانانەی باکووری کوردستان بن کە وانەکەی تێدا دەخوێنرێت و بەتایبەت کێشەی نەبوون یاخود کەمیی مامۆستا و پڕۆگرامی پەروەردەیی چارەسەر بکرێت. لە هەمان کاتدا دەزگا و ڕێکخراوە زمانەوانی و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستانیش پێوستە لێبڕاوانە پشتیوانیی ئەو هەڵمەتانە و وانەی بژاردەی زمانی کوردی بکەن.

سەرچاوە و پەراوێزەكان

[1] Birgül Uysal, (2015), Ortaokul seçmeli dersler uygulamasının  okul yöneticisi, öğretmen ve öğrenci görüşlerine göre değerlendirilmesi, Yüksek lisans tezi, Ankara Üniversitesi, Eğitim Bilimler Enstitüsü, Eğitim Programları Anabilim Dalı, Ankara, s:11.

[2] Milli Eğitim Bakanlığı, (2013), Milli Eğitim Bakanlığı Ortaöğretim Kurumları Yönetmeliği, http://www.resmigazete.gov.tr/eskiler/2013/09/20130907-4.htm, (13.02.2022)

[3] Christenbury L., (1980), The Origin, Development, and Decline of the Secondary English Elective Curriculum, http://files.eric.ed.gov/fulltext/ED203325.pdf, (09.02.2022)

[4] Milli Eğitim Bakanlığı, (1983), Bilim ve Kültür Eserleri Dizisi-Atatürk Kitapları, Cumhuriyet döneminde Eğitim, MEB Yayınları, İstanbul.

[5] Mustafa Turgut, (2019), Ortaokullarda Din, Ahlak ve Değerler Alanındaki Seçmeli Derslerin Yönetici, Öğretmen, Öğrenci ve Veli Görüşleri Bağlamında İncelenmesi (Antalya İl Örneği), Yüksek Lisans Tezi, Akdeniz Üniversitesi, Sosyal Bilimler Enstitüsü, Felsefe ve Din Bilimleri Anabilim Dalı, Antalya,  s:9.

[6] TTKB, (1974), IX. Milli Eğitim Şurası, http://ttkb.meb.gov.tr/meb_iys_dosyalar/2014_10/02113442_9_sura.pdf, (12.02.2022).

[7] TTKB, (2005), İlköğretim 1-5. Sınıf programları Tanıtım El Kitabı, TC MEB Talim ve Terbiye Kurulu Başkanlığı, Ankara,  https://ttkb.meb.gov.tr/kurulkararlari/fihristler/fihrist_2005.pdf, (12.02.2022).

 [8] پڕۆسەی ئاشتی (Barış Süreci)، یاخود پڕۆسەی چارەسەری (Çözüm Süreci): ئەو پڕۆسەیە بوو کە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەدوای نزیکەی ٨ ساڵ لە هاتنەسەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) (Adalet ve Kalkınma Partisi (AKP)) لە تورکیا و بەدیاریکراوی لە ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆی دەزگای سیخوڕیی نەتەوەیی تورکیا (Türkiye Milli İstihbarat Teşkilatı (MİT)) لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئوسلۆی پایتەختی نەرویج خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر چەندە پڕۆسەکە ماوەی نزیکەی ٥ ساڵ بەردەوام بووە و هەنگاوی زۆر باشیشی ناوە، بەڵام بە هۆی ژمارەیەک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە کە هەم دەوڵەتی تورکیا و هەمیش پەکەکە بەرپرس بوون لێی، پڕۆسەکە لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە ڕاگیراوە و تا ئێستاش هیچ لایەکیان ئامادە نین بەکرداری دەست بکەنەوە بە جێبەجێکردنی پڕۆسەکە.

[9] Resmi Gazete, (11.04.2012), Sayı: 28261, https://www.resmigazete.gov.tr/eskiler/2012/04/20120411.htm,  (11.02.2022)

[10] 2017-2018 Eğitim Öğretim Yılında Okutulacak Seçmeli Derslerin Seçimine İlişkin Açıklama, (28.02.2017), https://tegm.meb.gov.tr/www/2017-2018-egitim-ogretim-yilinda-okutulacak-secmeli-derslerin-secimine-iliskin-aciklama/icerik/431, (11.02.2022)

[11] TTKB, (2012). İlköğretim Kurumları (İlkokul ve Ortaokul) Haftalık Ders Çizelgesi, 12.02.2014,http://nigde.meb.gov.tr/meb_iys_dosyalar/2012_06/27112918_ttk_69_25062012.pdf. pdf, (13.02.2022)

[12] Resmi Gazete, (11.04.2012) Sayı: 28261, https://www.resmigazete.gov.tr/eskiler/2012/04/20120411.htm, (14.02.2022)

[13] Ümmügülsüm Görer, Ortaokul Düzeyinde Din,Ahlak ve Değerler Alanındaki Seçmeli Derslerin Öğretmen ve Öğrenci Görüşlerine Göre Program Açısından Değerlendirilmesi, Yüksek Lisans Tezi, Necmettin Erbakan Üniversitesi, Sosyal Bilimler Enstitüsü, Felsefe ve Din Bilimleri Anabilim Dalı, Din Eğitimi Bilim Dalı, Konya, 2015, s:7.

 [14]لە هەندێک قوتابخانەدا کۆریدۆر و فرۆشگا و گەنجینە و تەنانەت ژووری یاریدەدەری بەڕێوەبەر و ژووری خودی بەڕێوەبەریش کراوە بە پۆل بۆ هەندێک وانەی بژاردە*!

* Ümmügülsüm Görer, Ortaokul Düzeyinde Din,Ahlak ve Değerler Alanındaki Seçmeli Derslerin Öğretmen ve Öğrenci Görüşlerine Göre Program Açısından Değerlendirilmesi, Yüksek Lisans Tezi, Necmettin Erbakan Üniversitesi, Sosyal Bilimler Enstitüsü, Felsefe ve Din Bilimleri Anabilim Dalı, Din Eğitimi Bilim Dalı, Konya, 2015, s:12

 [15] ئەو مامۆستایەیە کە خۆی بەفەرمی لە شوێنێک دامەزراوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی مامۆستای پسپۆڕ لە قوتابخانەیەکی دیکە، مامۆستا دامەزراوەکە وەک میوان دەڕوات لە قوتابخانەی دیکە وانە دەڵێتەوە و لەبەرامبەر هەر وانەیەکدا بڕێک پارەی دیاریکرا و کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دیاری کراوە، وەک پاداشت دەدرێت بە مامۆستاکە.

[16] www.rudaw.com, İşte ilk sonuçlar; Hangi ilde kaç öğrenci Kürtçe seçmeli dersleri tercih etti?, (08.02.2022) https://www.rudaw.net/turkish/kurdistan/080220221, (11.02.2022)

[17] www.rudaw.net , Süleyman Çevik: Dil kampanyası herkesi ortak paydada buluşturdu, (06.02.2022), https://www.rudaw.net/turkish/kurdistan/0602202213, (11.02.2022)

[18] www.gazeteduvar.com.tr, 20 bin 265 öğrenci Kürtçeyi seçti, (20.02.2022),  https://www.gazeteduvar.com.tr/20-bin-265-ogrenci-kurtceyi-secti-haber-1553843, (20.02.2022).

[19] www.doğruhaber.com, Hangi ilde kaç öğrenci Kürtçe seçmeli dersleri tercih etti? İşte ilk sonuçlar!, https://dogruhaber.com.tr/haber, (08.02.2022), /812641-hangi-ilde-kac-ogrenci-kurtce-secmeli-dersleri-tercih-etti-iste-ilk-sonuclar/, (11.02.2022)

[20] www.demokrathaber.org,  Aydın’da bazı okullarda Kürtçe seçmeli dersten çıkarıldı, (18.01.2022), https://www.demokrathaber.org/aydinda-bazi-okullarda-kurtce-secmeli-dersten-cikarildi#google_vignette, (15.02.2022)

[21] Zaman Gazetesi, (2012). Veliler Seçmeli Dersler İçin Ek Süre İstiyor. Özel Gazete Haberi. http://www.zaman.com.tr/gundem_veliler-secmeli-dersler-icin-eksure-istiyor_1350840.htm, (14.02.2022)

[22] www.twitter.orc.com, (10.01.2022), “Bu Pazar genel seçim olsa hangi partiye oy verirsiniz?”, https://twitter.com/orc_arastirma/status/1480465037537988608, (14.02.2022)

[23] www.twittwr.orc.com, (16.02.2022), Bu Pazar Genel Seçim Olsa Hangi Partiye Oy Verirsiniz, https://twitter.com/orc_arastirma/status/1493939431132258305?t=uYby_eP5p6sM4Xru9hPfEw&s=08, (16.02.2022)

 [24] ئەحمەد قادر عەلی، کێبڕکێی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ی تورکیادا، گۆڤاری جۆرناڵ، ژمارە: ٦٨، کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لا٢٨.

ژمارە سیانزە (13) ساڵی سێیەم – حوزەیرانی 2022 گۆڤاری ئایندەناسی

Send this to a friend