• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 1, 2024

پرسی کورد لە تورکیا

ئامادەکردنى: تورکیاناسی

ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی تەواو مەیدانییە لە سەر پرسی کورد لە تورکیاو تێیدا چەندین هۆکارو ئەنجامی گرنگی پەیوەست بەو پرسەوە خراوەتەڕوو، ئەمە جگە لە پێشنیارگەلێکی ڕیشەیی بۆ چارەسەی ئەو کێشەیە، هەر بۆیە خوێندنەوەی کتێبەکەو وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی پێویستییەکی هەنوکەییە بۆ خوێنەران لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە پێناوی باشتر تێگەیشتن لە ڕەهەندە جیاوازەکانی سەرهەڵدانی پرسی کورد لە تورکیا وەک “کێشەیەکی چەقبەستوو، کە پێویستی بە چارەسەری دەستبەجێیە.”
ئەم کتێبە لە ماوەی پێنج ساڵ‌و دوای لێکۆڵینەوەی وردو چڕوپڕو گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیی کوردو تورک‌و کەمەنەتەوەکانی دیکەو بەشێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتەو خوێندنەوەی چەندین سەرچاوەی پەیوەست بەم بابەتەدا نوسراوە.
نوسەران لە پێشەکیی کتێبەکەدا هۆکاری هەڵبژاردنی کێشەی کورد لە تورکیادا بۆ لێکۆڵینەوە ڕووندەکەنەوەو ئاماژە بەوە دەدەن کە “چەندین وڵات هەیە بە دەست شەڕی ناوخۆو پێکدادانی سوپاو هێزە جوداخوازەکانەوە دەناڵێنێت، بەڵام هەڵبژاردنی تورکیا وەک وڵات‌و پرسی کورد وەک کێشەیەکی سەرەکی لەو وڵاتە؛ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دونیادا وێنەی ئەم کێشەیەو ئەنجامەکانی‌و پێکدادانە سەربازییەکان کە بە هۆی ئەم کێشەیەوە هاتوونەتەکایەوە، نییە.”
گراهام‌و هێنری سەرەتای کێبەکەیان بە باسی نەتەوەپەرستیی کوردو هەوڵە شۆڕشگیڕییەکان دەستپێکردووەو ئاماژەیان بەوە داوە کە “هەرچەندە ڕەگوڕیشەی نەتەوەپەرستیی کورد بۆ سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیا دەگەڕێتەوە، بەڵام سەرجەم شۆڕش‌و یاخیبوونەکان لە ڕابردوودا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە سەرکوتکراون‌و لە تورکیای مۆدێرندا بە هیچ جۆرێک کوردەکان وەک کەمەنەتەوەیەک قبوڵنەکراون.” لە هەمان کاتدا تورکەکان وەک نەتەوەی سەردەست لەو وڵاتەدا کوردەکان بە ناسنامەی تورکبوونەوە قبوڵدەکەن. هەم دەوڵەت‌و هەم تورکەکان کوردو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە یەک تای تەرازوودا دەکێشن، هەر بۆیە پێیانوایە “بە هەڵکێشانی پەکەکە لە ڕەگوڕیشەوە کێشەی کوردیش بە یەکجاری کۆتاییپێدێت.” ئامادەکارانی کتێبەکە لەم بابەتەدا ئاماژەیان بەوە داوە کە “ئەگەر هەتا ڕادەیەک بە هۆی بە تیرۆریست ناساندنی پەکەکەوە لەلایەن ئەمریکاوە، ئەو وڵاتە پشتیوانی لە بیرۆکەکەی دەوڵەتی تورکیا بکات، بەڵام وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نین.”.
بە بۆچوونی هەردوو نوسەر، چارەسەری ڕیشەیی کێشەی کورد لە تورکیا بریتییە لە پێنج ڕەگەزی سەرەکی، کە لە پێنج داواکاریی خودی کوردەکانەوە وەریانگرتووە، ئەوانیش:
١. دانپێدانانی ناسنامەی کوردبوون لەلایەن دەوڵەتەوە،
٢. کەمکردنەوەی هەژموونی سوپا لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان)،
٣. لە بریی داخستنی پارتە سیاسییە کوردییەکان، پاراساتنیان ببێت بە کاری دەوڵەت،
٤. هێنانەکایەی دۆخێکی لەبار بۆ خوێندن بە زمانی دایک بۆ کوردەکان،
٥. پێدانی لامەرکەزیەت بە پارێزگارو سەرۆک_شارەوانیی شارە کوردییەکان.

بۆچی تورکیا هێندە گرنگە؟
ئەوەی لە تورکیادا لە چوارچێوەی کێشەی کورددا دەگوزەرێت، بریتییە لە دانپێدانانی کورد وەک کەمەنەتەوەیەک لەو وڵاتەدا، هەر بۆیە نوسەرانی کتێبی پرسی کورد لە تورکیا پێیانوایە کە تەواوی کێشەی کورد “بریتییە لە هەوڵەکانی کورد بۆ دانپێدانانیان بە شێوەیەکی یاسایی وەک کەمەنەتەوەیەکی تورکیا لەلایەن دەوڵەتەوە.” لەم چوارچێوەیەشدا بە دەیان ساڵە هەوڵی بەلاڕێدابردن‌و گۆڕینی ناسنامەی کوردەکان دەدرێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەتا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە جێبەجێکردنی ئەم پلانەیدا.
لە لایەکی دیکەوە نوسەرانی کتێبەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە کێشەی کورد تەنها پەیوەست نییە بە تورکیاوە، لە کاتێکدا کوردەکانی تورکیا نیوەی ژمارەی تەواوی کوردانی جیهان پێکدەهێنن، نیوەکەی دیکەیشی بە هۆی خزمایەتی، زمان، مێژوو، کولتوورو لە هەموویان گرنگتر هاونەتەوەییبوونەوە پەیوەندییان بە کوردەکانی تورکیاوە هەیە، هەر بۆیە ئامادەکارانی کتێبەکە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان دەکەن‌و پێیانوایە کاریگەریی لە سەر “دووبارە کێشانەوەی سنووری چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکە هەبووە.” دیارە مەبەستی نوسەرانی کتێبەکە کاریگەریی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان‌و تاراوگەیە لە سەر یەکدی، بە جۆرێک ڕوداوێکی وەک ڕیفراندۆمەکەی ساڵی (٢٠١٧) لە ئەگەری سەرگرتنیدا دەبوو بە هۆی دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەکانی چەندین دەوڵەتی ناوچەکە، بە تایبەتی سنوورەکانی عێراق، ئێران، تورکیاو سوریا. مەبەستی نوسەران لەم بابەتەدا بریتییە لە جەختکردنەوە لە سەر “بوونی پەیوەندی‌و کاریگەریی کێشەی کورد لە وڵاتانی دیکە بە سەر هەمان کێشە لە تورکیاو بە پێچەوانەشەوە”، هەر بۆیە “یەکگرتنی دەوڵەتانی ناوچەکەو بە تایبەتی ئەو چوار دەوڵەتەی ناویانهێنرا، دژی هەر جۆرە هەوڵێکی جوداخوازی‌و سەربەخۆیی کوردەکان مایەی سەرسوڕمان نییە.”

ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی تەواو مەیدانییە لە سەر پرسی کورد لە تورکیاو تێیدا چەندین هۆکارو ئەنجامی گرنگی پەیوەست بەو پرسەوە خراوەتەڕوو، هەر بۆیە پێویستی خوێندنەوەی کتێبەکەو وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی پێویستییەکی هەنوکەییە.

سەرچاوەی کێشەی کورد؛ ڕەگوڕیشەی نەتەوەپەرستیی کورد
بە بۆچوونی ئامادەکارانی کتێبی پرسی کورد لە تورکیا، هۆشیاری نەتەوەیی‌و دەوڵەتی نەتەوەیی لە لای کوردەکان تازە دروستدەبێت. کوردەکان هەستیان بەوە کردووە جگە لە جیاوازیی زمانیان لەگەڵ تورک‌و عەرەبدا، لە هەمان کاتدا لە ڕووی کەسێتی‌و کۆمەڵایەتییشەوە جیاوازییان هەیە، بۆیە نوسەران لە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەدان کە ئاخۆ بۆچی هۆشیاریی نەتەوەیی لە لای کوردەکان هێندە دواکەوتووە؟ هەرچەندە لە دوای عەرەب‌و تورک‌و ئێرانییەکان گەورەترین نەتەوەی ناوچەکەن.
گراهام‌و هێنری بە گشتی هۆکارەکانی دواکەوتنی هۆشیاریی نەتەوەیی لە لای کورد دەگەڕێننەوە بۆ دابەشبوونی جوگرافی‌و سیاسی، دووری لە پایتەخت‌و ناوەندە کارگێڕی‌و سیاسییەکانەوە، دانپێدانەنانی کورد وەک کەمەنەتەوەیەک لەلایەن نەتەوە سەردەستەکانەوە.

دەرکەوتنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)
لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا لە ساڵی (١٩٨٤) بە گوتەی خۆیان “لە پێناوی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان”دا، پەکەکە وەک گرووپێکی شۆڕشگیڕی کوردی هاتەمەیدانەوە، بەڵام بە بڕوای ئامادەکارانی ئەم کتێبە، “دۆخی ئێستای کێشەی کورد لە تورکیا تەنها پەیوەست نییە بە هاتنەکایەی پەکەکەو جەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا.” لە لایەکی دیکەوە جەنگی عێراق ئێران‌و جەنگەکانی کەنداو دەرفەتگەلێکی باشی بۆ پەکەکە ڕەخساند، بۆئەوەی لە مەیداندا توانای سیاسی‌و سەربازیی خۆی تاقیبکاتەوە.
بە بڕوای نوسەرانی کتێبەکە “بە هۆی ئەوەی پەکەکە خاوەن ئایدۆلۆژیای چەپڕەوییە، وەک هێزێکی دەرەوەی بزوتنەوە نەتەوەییە کوردییەکان هەژماردەکرێت.” هەرچەندە نوسەران بەڵگەی ئەوە دەهێننەوە کە “زۆرینەی زۆری گرووپە سیاسییە کوردییەکان لە ڕێگەی سەرۆک_عەشیرەتەکانەوە دروستبوون”، هەر بۆیە پێیانوایە پەکەکە لە سایەی دۆخێکی ناجێگیری ئاڵۆزدا لەدایکبووە، کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیپێکردووەو ژمارەیەک گرووپی چەپڕەوی تورکی تونڕەو تێیدا دروستبوون، بەڵام ئەمە نابێتە بەڵگە بۆ ئەوەی پەکەکە لە ڕیزی هێزە نەتەوەییە کوردییەکان هەژمارنەکرێت. هەروەها نوسەران ئاماژە بەوە دەدەن کە هەر گرووپێکی ئاناڕشیست، کە مەبەستیان لێی پەکەکەیە، “دژی هەر جۆرە ڕێکخستن‌و سیستەمێکەو وەک ئامرازێکی چەوساندنەوە لێیدەڕوانێت، هەر بۆیە پەکەکە دوژمنی سیستەمی خێزان، ئاغایەتی‌و عەشیرەت بووە، هەر بۆیە یەکەم چالاکییەکانی ئەو گرووپە لە دژی ئاغاو سیاسییە کوردەکان بووە.” لەگەڵ ئەمانەشدا گراهام‌و هێنری پێیانوایە “پەکەکە سەرکەوتوو بووە لەوەی نازناوی پارێزەری خەڵکی ڕەشوڕووت‌و ئەو کەسانەی مافەکانیان زەوتکراوەی لەخۆیناوە.”
هەرچەندە ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی دەرەبەگایەتی‌و عەشیرەتگەری لەلایەن لەلایەن پەکەکەوە کارێکی باش‌و گرنگ بووبێت، بەڵام دژایەتیکردنی خێزان‌و بەها باڵاکانی کۆمەڵگە لەلایەن پەکەکەو گرووپە سیاسی‌و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی نزیک لە پەکەکەوە لە تورکیاو هەر جێیەکی جیهان بێت، زیانێکە لە کۆمەڵگەی کوردی دەدرێت، هیچ دوژمنێک نەیتوانیوە ئەو زیانە لە ژێرخانی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە بدات. ئەمە جگە لەوەی بەهانەیەکی زۆر باش‌و گرنگی داوە بە دەست هێزە ڕکابەرو دوژمنەکانی پەکەکەوە، بە تایبەتی دەوڵەتی تورکیا، بۆ ناشیرینکردنی زیاتری وێنای پەکەکە لە لای خەڵکی تورکیاو باکووری کوردستان.
نوسەران دواتر باس لە دۆخی هاوڵاتیانی باکووری کوردستان دەکەن لە نێوان پەکەکەو تورکیاداو ئاماژەیان بەوە داوە کە کوردەکانی تورکیا لە نێوان دووڕیانی پشتیوانیی پەکەکەو لایەنگریی دەوڵەتدا گیریانخواردووە. ئەم دۆخە ژیانی کوردەکانی تورکیای سەختترکردووەو ناکۆکیی نێوانیانی قوڵترکردووەتەوە. بە تایبەتییش پارێزەرانی گوند (جاشەکان) ، ئەم جیاوازییەی زیاترکردووە، بۆیە نوسەران جەخت لەوە دەکەنەوە لە ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەی کورددا دەیان کێشەی دیکە لە باکووری کوردستان‌و تورکیا چارەسەردەبن. هەروەک ئاڵتان تان (Altan Tan) لە کتێبی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕاودا (Değişen Ortadoğu’da Kürtler) ئاماژەی بە سەرهەڵدانی دەیان کێشەی زەق‌و ئاڵۆز لە باکووری کوردستان‌و تورکیا کردووە بە هۆی کێشەی کوردەوە.

خوێندنەوەی ئەم کتێبەو وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی پێویستییەکی هەنوکەییە بۆ خوێنەران لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە پێناوی باشتر تێگەیشتن لە ڕەهەندە جیاوازەکانی سەرهەڵدانی پرسی کورد لە تورکیا وەک “کێشەیەکی چەقبەستوو، کە پێویستی بە چارەسەری دەستبەجێیە.”

پێکهێنانی هۆشیاریی سیاسی لە لای کوردەکان
ئامادەکارانی کتێبی پرسی کورد لە تورکیا لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیاندا باسیان لەوە کردووە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی کوردەکان لە تورکیا پێویستە لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندەکانی نەبوونی یاخود کەمیی هۆشیاریی نەتەوەیی بکرێت، کە قوڵبووەتەوە. پێویستە ئەوەشمان لەیادنەچێت کە تەنها زەبرو ستەمی دەوڵەت هۆکار نەبووە بۆ دروستنەبوونی هۆشیاریی نەتەوەیی لە لای کوردەکان، بەڵکو جیاوازیی شوێنی جوگرافی، زمانی، سیاسی‌و ئایینییش ڕۆڵی گرنگیان لەم دروستنەبوون‌و دابەشبوونەدا هەبووە.
بە بۆچوونی نوسەران پێکهاتەی عەشیرەتگەری‌و ئایینیی کۆمەڵگەی کوردی، کە دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەو کۆمەڵگەیەن، ڕۆڵی زۆر گرنگیان هەبووە لە سەر گونجانی کۆمەڵگە لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەو گۆڕانکارییانەش بریتی بوون لە ڕوخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیاو لە دواجاریشدا سەرهەڵدانی شۆڕش‌و یاخیبوونە نەتەوەییەکان لە لای کوردەکان.
لە ڕابردوودا گۆڕانی پێکهاتەی سەرەکی فەرمانڕەوایی لە ئاییندارییەوە بۆ سیکۆلاریزم، کاریگەریی گەورەی لە سەر ئەنادۆڵ (ناوچەکانی ناوەڕاستی تورکیا)، کە ناوچەیەکی لادێنشینە، دروستکردبوو. ئەو بۆشاییەی بە هۆی نەمانی سیستەمی فەرمانڕوایی ئایینی‌و کاریگەرییەکەیەوە دروستبووبوو، لەلایەن عەشیرەتەکانەوە پڕکرایەوە، ناسنامەیەکی نوێی بە خەڵکی لادێکان بەخشی. بە واتایەکی دیکە، سیستەمی عەشیرەتگەری ڕۆڵی نێوەندگیری گێڕا لە نێوان خەڵکی لادێکان‌و دەوڵەتی تازەدامەزراودا. پەکەکەیش بە هۆی پشتبەستنیەوە بە ئایدۆلۆژیای مارکس-لینین؛ مەودایەکی لە نێوان خۆی‌و عەشیرەتەکاندا دروستکردبوو، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا ناچاربوو لەگەڵ سیستەمی فیوداڵدا خۆی بگونجێنێت، تەنانەت کاری هاوبەشیشی لەگەڵدا کردووەو دواجار هۆکار بووە بۆ بەهێزبوونی دەرەبەگایەتی لەو ناوچانەدا.

نوسەرانی کتێبی پرسی کورد لە تورکیا پێیانوایە تەواوی کێشەی کورد “بریتییە لە هەوڵەکانی کورد بۆ دانپێدانانیان بە شێوەیەکی یاسایی وەک کەمەنەتەوەیەکی تورکیا لەلایەن دەوڵەتەوە.”

لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیاندا هێنری‌و گراهام باس لە دابەشبوونی مەزهەبیی کوردەکانی تورکیا دەکەن‌و ئاماژە بەوە دەدەن کە “دابەشبوونی کوردەکان بە سەر سوننی‌و عەلەوییەکاندا، کاریگەریی زیاتری لە سەر ئاڵۆزتربوونی پرسی کورد دروستکردووە.” لە ڕاستیدا ئەم کێشەیە لە ناو تورکەکانیشدا هەیە. هەرچەندە خودی عەلەویەت مایەی کێشمەکێش بووەو بە درێژایی هەزاران ساڵ بووەتە هۆی ئاڵۆزی لە ئاسیای ناوەڕاست‌و تورکیادا، هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کۆتاییهاتنی توندوتیژی بە هۆی عەلەویبوونەوە بەدیناکرێت. لە (١٠٪) بۆ (٣٠٪)ی عەلەوییەکانی تورکیا کوردن‌و (٣٠٪)ی کوردەکانی ئەو وڵاتەش عەلەوین.
دامەزراندنی پارێزەرانی گوند لەلایەن نوسەرانی ئەم کتێبەوە بە گرنگترین‌و توندترین سیستەم‌و ڕێکار دادەنرێت کە لەلایەن دەوڵەتەوەو لە ناو کوردەکان خۆیانەوە دژی پەکەکە گیراوەتەبەر. هەڵبەت “سەرهەڵدانی پارێزەرانی گوند دەرهاویشتەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ناوچەکەیە.” ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئاغاو دەرەبەگەکانی ئەو ناوچەیە، کە خاوەنی ڕێژەیەکی زۆری زەویوزارن‌و قسەیان لە لای زۆرینەی زۆری دانیشتوانی گوندەکان دەڕوات، خۆبەخشانە بەشداربوون لە دامەزراندن‌و بەردەوامیدان بە سیستەمی پارێزەرانی گوند. لەبەرئەوەی ئاغاو دەرەبەگەکان پێیانوایە هێزی پەکەکە مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر تواناو دەسەڵاتیان لە ناوچەکانی خۆیاندا. بە هۆی ئەوەی پەکەکە خاوەن ئایدۆلۆژیای دەمارگیری چەپڕەوو ڕەگداکوتاوە، کەواتە دژایەتیکردنی سیستەمی ئاغایەتی، دەرەبەگایەتی‌و عەشیرەتگەری لەلایەن گەریلای پەکەکەوە مایەی سەرسوڕمان نییە. لەم ڕوانگەیەوە نوسەران پێیانوایە دەوڵەت سوودی لەم ڕکابەرییەی هەردوو گرووپەکە وەرگرتووە، ئاغاو دەرەبەگەکان دەدا بە گژی پەکەکەداو دواجار هەردووکیان لاوازدەکات. هەڵبەت ناتوانین بڵێین کە ئاغاو دەرەبەگ‌و دانیشتوانی گوندەکان بە تەواوی خۆبەخشانە بەشداربوون لە دامەزراندنی سیستەمی پارێزەرانی گونددا، بەڵکو ئەوانیش لە نێوان بەرداشی پشتیوانیی پەکەکەو لایەنگریی دەوڵەتدا بە هۆی ناچارکردنیان لەلایەن دەوڵەتەوە بوون بەشێک لە پارێزەرانی گوند.

نوسەران پێیانوایە کێشەی کورد لە تورکیا پەیوەستە بە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە، هەر بۆیە “یەکگرتنی دەوڵەتانی ناوچەکەو بە تایبەتی ئەو چوار دەوڵەتەی کوردیان تێدایە، دژی هەر جۆرە هەوڵێکی جوداخوازی‌و سەربەخۆیی کوردەکان مایەی سەرسوڕمان نییە.”

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، پێویستە بەرپرسانی پەکەکەو گەریلاکانیشی بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێن کە ئاخۆ بۆچی دانیشتوانی گوندەکان لە نێوان بژاردەی پشتیوانیی پەکەکەو لایەنگریی دەوڵەتدا دووەمیان هەڵبژاردووە؟ لێرەشەوە دوای دۆزینەوەی وەڵامی وردو گونجاوی پرسیارەکە پێویستە پەکەکە پێداچوونەوەیەکی ڕیشەیی بە ئایدۆلۆژیاو پرەنسیپە سەرەکییەکانی دامەزاراندن‌و بەردەوامیدان بە خەباتی نەتەوەییدا بکاتەوە.

پرسی کورد لە ڕایگشتیی تورکیادا
پرسی کورد لە شەقامی تورکیادا خاوەنی سێ تایبەتمەندیی سەرەکییە. یەکەمیان: پڕۆسەی دیموکراتی‌و بەڕێوەبردن، دووەمیان: بوونی تۆڕێکی فراوانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سێیەمیان ڕۆژنامەوانیی ئازاد. ئەم سێ ڕەگەزە گرنگترین ئەو پێوەرە ستانداردانەن کە لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا کاریپێدەکرێت‌و لە ڕێگەیەوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئازادی‌و بەڕێوەبردن‌و چالاکیی مەدەنی دەکرێت، بەڵام نوسەرانی ئەم کتێبە باس لەوە دەکەن کە “لە پرسی کورد لە تورکیادا ڕەگەزو دامەزراوەکانی پشتیوانیکردن لە پڕۆسەی دیموکراتی دەخرێنەدەرەوەی هاوکێشەکەوە”. سەرەڕای ئەوەی لە تورکیادا سیستەمێکی دیموکراتیی دروست کاریپێدەکرێت، ئەو پڕۆسە دیموکراتییەی لە ڕابردووەوە دەستیپێکردووە، جگە لەوەی چەند هەموارێکی دیاریکراو بەردەوامە.
گراهام‌و هێنری لە پرسی کورددا بەشێکی ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی پەرلەمانتارە کوردەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا دەکەن‌و ئاماژە بەوە دەدەن کە “یەک لە سەر سێی پەرلەمانتارانی تورکیا بە ڕەگەز کورد، بەڵام ئەمانە چ لە پارتەکانی دەسەڵات یاخود ئۆپۆزسیۆن، نەیانتوانیوە چارەسەرێک بۆ پرسی کورد بهێننەکایەوە.” لە بریی ئەم چارەسەرە ڕیشەییە، پەرلەمانتارە کوردەکان بە ناڕاستەوخۆو لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسا جۆراوجۆرەکانەوە هەوڵی هەستانەوەو گەشەپێدانی ئابووری‌و لایەنی کۆمەڵایەتیی باکووری کوردستانیان داوە.
لە لایەکی دیکەوە نوسەرانی کتێبی پرسی کورد لە تورکیا پێیانوایە کە “بەرەی چەپڕەوی تورکی یەکێک بووە لە گەورەترین ئەو هێزانەى کە ڕۆڵی هەبووە لە دروستبوونی پەکەکەدا”، بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، بە گشتی بەرەی چەپڕەوی تورکی لە سێ دەلاقەی جیاوازەوە لە پرسی کورد دەڕوانێت، ئەوانیش بریتین لە:
١. بەرەی ڕادیکاڵی چەپڕەو، کە بڕوای بە ڕوخاندنی دەوڵەتی ئێستای تورکیاو دامەزراندنی دەوڵەتێکی مارکسیی کۆمۆنیست هەیە.
٢. پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) وەک پارتێکی ئینەرناسیۆنال‌و ئاڵاهەڵگری ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەکی ناڕوون داوای چارەسەری کێشەی کورد دەکات.
٣. پارتی دیموکراتی چەپڕەو، کە ڕەگوڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ کەمالیست‌و دەوڵەتییەکان‌و بە توندی پشتیوانی لە سیاسەتی دەوڵەت‌و پارێزگاری لە بنەماکانی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە لەلایەن کەمال ئەتاتورکەوە دەکەن.
نوسەران پێیانوایە “سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (باکووری کوردستان) تەنها لە ڕێگەی دامەزراوەیەکەوە دیاریناکرێت.” چوارچێوەی سیاسەتی دەوڵەت بەرانبەر بە کوردەکان، “لەلایەن نوخبەیەکی سیاسەتوان‌و پیاوی دەوڵەتەوە دیاریدەکرێت، کە خاوەن یەک تێڕوانینی هاوبەشی جێگیری نەتەوەیی‌و نیشتیمانیی نەگۆڕن‌و ڕەگوڕیشەیان بە ناوەندەکانی بڕیاردا ڕۆچووە.” بێگومان سوپای تورکیا گەورەترین پشتیوانی ئەم ئاڕاستەیە بووە. بەو واتایەی سیاسەتی دەوڵەت بەرانبەر بە ناوچە کوردییەکان پاڵیداوەتەوە بە بژاردەو تێڕوانینی سەربازی‌و ئەمنییەوە بۆ ئەو ناوچانە، هەر بۆیە بۆچوونی “بە لەناوبردنی پەکەکەو پاکتاوکردنی، کێشەی کوردیش کۆتاییپێدێت” تێڕوانینی زاڵە لە سیاسەتی دەوڵەتدا بەرانبەر بە کورد. تەنانەت نوسەرانی ئەم کتێبە پێیانوایە کە “دۆسیەی کێشەی کورد خراوەتە چوارچێوەی کێشەیەکی ئەمنی‌و سەربازییەوەو تەسلیمی سوپا کراوە، بۆئەوەی یەکلاییبکاتەوە”، هەر بۆیە هەندێک جار دەبینین حکومەتیش لە سەر ئەو هێڵە سیاسییە مامەڵە لەگەڵ کێشەکە دەکات کە لەلایەن سوپاوە کێشراوە. خۆ چاوەڕێناکرێت پەکەکە بە هێزی خۆی‌و ئەو پشتیوانییەیشی لێیدەکرێت، بتوانێت سەربکەوێت بە سەر سوپای تورکیادا، یاخود ئەو دۆخەی هەیە، لە ڕەگوڕیشەوە بیگۆڕێت. لە ڕاستیدا تەنها خۆڕاگرتنی پەکەکە بەرانبەر بە سوپای تورکیا خۆی بۆ خۆی سەرکەوتنە.

نوسەرانی ئەم کتێبە هاوشێوەی ئاڵتان تان؛ جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەی کورددا دەیان کێشەی دیکە لە باکووری کوردستان‌و تورکیا چارەسەردەبن.

پرسی کوردو پەیوەندیی بە وڵاتانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و تەنانەت ڕوسیاو وڵاتانی قەوقازیشەوە جێی بایەخی زۆر گرنگی ئەنقەرەیە، ئەمەش بە هۆی پەیڕەوکردنی هەمان هەڵوێست‌و سیاسەتی دەوڵەت بەرانبەر بە پرسی کورد لە ناوخۆو دەرەوەی وڵات‌و بەستنەوەی ئەو پرسە بە کۆتاییهێنان بە پەکەکەو پاکتاوکردنی. ئیدی وەک نوسەرانی کتێبەکە جەختیانلێکردووەتەوە کە “دەوڵەتی تورکیا پرسی کوردی والێکردووە، بووە بە کێشەیەک، کەس نەتوانێت لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا قسەی لە سەر بکات‌و بەرگرییلێبکات.” بەو واتایەی ئەو چاڵەی ئەنقەرە بۆ کوردەکانی هەڵکەندووە، خەریکە خۆی تێدەکەوێت.
گراهام‌و هێنری لە کۆتایی کتێبەکەیاندا چوار ڕەگەزی سەرەکییان لە چارەسەری پرسی کورددا دیاریکردووە، کە بریتین لە:
١. هەرچەندە کێشەی کورد خاوەنی چەندین ڕەهەندی جیاوازە، بەڵام لەبەرئەوەی بنەڕەتی کێشەکە پەیوەستە بە پرسی نەتەوەییەوە، کەواتە پێویستی بە چارەسەری نەتەوەیی هەیە.
٢. ئەرکی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە کوردەکان زیاتر لە ئەستۆی دەوڵەتی تورکیادایە، بەو واتایەی هەتا ئێستا کێشەی کورد لە تورکیا نەگەیشتووەتە ئاستی پێکدادانی کۆمەڵگەی کوردی‌و کۆمەڵگەی تورکی، بەڵکو بریتییە لە پێکدادانی کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ دەوڵەتدا، هەر بۆیە سەرجەمی کارتەکان لە دەستی دەوڵەتدایە.
٣. دووبارە واتادانەوە یاخود داڕشتنەوەی چەمکەکانی پەیوەست بە کێشەی کوردەوە لەلایەن دەوڵەتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی هاوڵاتیانی تورک‌و کوردی تورکیاوە هەریەکە بە جۆرێک لێکدانەوەی بۆ کۆمەڵێک چەمکی بنەڕەتی پەیوەست بە کێشەی کوردەوە کردووە.
٤. چارەسەرکردنی کێشەکە لە ماوەیەکی کەمدا مەحاڵەو پێویستە سەرجەم لایەنەکان دان بەوەدا بنێن کە چارەسەری ئەم کێشەیە بە چەند قۆناغێک دێتەدی‌و پێویستە سەرجەمیان لە بریی لەمپەرو ڕێگریدانان، هاوکار بن لە تەواوکردنی پڕۆسەکەدا.

کۆتایی
کتێبی پرسی کورد لە تورکیا لە چەند کڵاوڕۆژنەیەکی جیاوازەوە شیکاری بۆ کێشەی کورد دەکات‌و پێماندەڵێت: هەرچەندە هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە سیاسەتی ناوەندیی دەوڵەتی تورکیاو زەبروزەنگی سوپای ئەو وڵاتە بووە، بەڵام کوردەکانیش لە هەندێک هەڵوێست‌و بڕیاریاندا کەوتوونەتەهەڵەوەو پێویستیان بە پێداچوونەوەیە بەو سیاسەتەی کاریپێدەکەن.

بە بۆچوونی نوسەران “پێکهاتەی عەشیرەتگەری‌و ئایینیی کۆمەڵگەی کوردی، کە دوو تایبەتمەندیی سەرەکی ئەو کۆمەڵگەیەن، ڕۆڵی زۆر گرنگیان هەبووە لە سەر ئاستی گونجانی کۆمەڵگە لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمەڵایەتییەکاندا.”

لەم کتێبەدا دوای خوێندنەوەی چەندین سەرچاوەی زانستی دەربارەی لایەنە جیاوازەکانی کێشەی کورد لە تورکیاو ئەنجامدانی سەدان چاوپێکەوتن‌و لێکۆڵینەوە، نوسەرانی کتێبەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دابەزاندنی کێشەی کورد بۆ کێشەیەکی ئەمنی‌و سپاردنی چارەسەری ئەم کێشەیە بە سوپاو دەزگا ئەمنییەکان هەڵەیەکی ستراتیژی بووەو تەنها بە دەستپێشخەریی دەوڵەتی تورکیاو بەدەمەوەچوونی کۆمەڵگەی کوردی لەو وڵاتە بۆ دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت چارەسەری کێشەی کورد دەکرێت.

هێنری‌و گراهام پێیانوایە “دابەشبوونی کوردەکان بە سەر سوننی‌و عەلەوییەکاندا، کاریگەریی زیاتری لە سەر ئاڵۆزتربوونی پرسی کورد دروستکردووە.”

هەرچەندە خوێندنەوەو چاوپێکەوتن‌و لێکۆڵینەوەکانی ئامادەکارانی کتێبەکە هەتا ڕادەیەکی زۆر لە ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتیدا کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی لە ماوەی لەباربردنی پڕۆسەی ئاشتی‌و دواتریش دووبارە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە شارەکانی باکووری کوردستان‌و چیاو دۆڵەکانی باکوور، باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان لە نێوان سوپای تورکیاو پەکەکە هاتەئاراوە، هەڵسەنگاندن‌و بۆچوون‌و پیشنیارەکانی گراهام‌و هێنری بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا مایەی تێڕامانن‌و دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت.

Send this to a friend