فاكته‌ری كوردی له په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق-چیندا
هۆشمه‌ن عه‌تا / توێژەر
بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به PDF كلیك له‌م به‌سته‌ره بكه:- ژمارە (6)ی ئازاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی
پێشه‌كی
په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و چین مێژووییه‌كی دوورودرێژیان هه‌یه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مه كۆنه‌كان، به‌تایبه‌تی له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و له سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كان ئه‌و په‌یوه‌ندییه گه‌شه‌ی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیوه، به جۆرێك كه په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیمپڕاتۆریای ئیسلام و ئیمپڕاتۆریای چینی بردووه‌ته قۆناغێكی نوێوه، به‌تایبه‌ت له چوارچێوه‌ی ڕێگای ئاوریشم په‌یوه‌ندییه بازرگانی و ئابوورییه‌كان په‌ره‌یان سه‌ندووه. سه‌رباری ئه‌وه‌ش، عێراق كه‌وتبووه ناوچه‌یه‌كی ستراتیژیی گرنگ له گرێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی چین و ئه‌ورووپا، بۆیه هه‌ر له‌و قۆناغه‌وه چینییه‌كان پێگه‌ی جوگرافیی عێراقیان به‌لاوه جێی بایه‌خ بووه. هه‌ر چه‌نده له سه‌ده‌ی بیسته‌م عێراق ناوچه‌ی هه‌ژموون و كۆڵۆنییه‌كی به‌ریتانی بوو، ته‌نانه‌ت دوای سه‌ربه‌خۆیی عێراقیش ڕژێمی پادشایه‌تی له‌و وڵاته وابه‌سته‌ی به‌ریتانیا بوو، به‌ڵام دۆخه‌كه بەته‌واوی گۆڕدرا له‌دوای شۆڕشی ته‌ممووزی ساڵی 1958 له عێراقدا، كه تیایدا ڕژێمێك هاته سه‌ر ته‌خت كه به ڕواڵه‌ت دۆستی كۆمۆنیزم و نه‌یاری ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی بوو، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێك بوو بۆ چین و عێراق كه په‌یوه‌ندیی دیبلۆماسیی دوولایه‌نه دابمه‌زرێنن و كونسوڵخانه‌ی هه‌ردوو وڵات لای یه‌كدی بكرێنه‌وه.
به درێژایی سێ ده‌یه په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كانی عێراق و چین به‌رده‌وام بوون، به‌ڵام به هۆی جه‌نگی كه‌نداو له 1991 و لێكه‌وته‌كانی چین، فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی و شتومه‌كی به عێراق ڕاگرت، ئه‌ویش به هۆی بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه. هه‌ر چه‌نده له ته‌ممووزی 2007دا جه‌لال تاڵه‌بانی سهرۆکكۆماری عێراق سه‌ردانی چینی كرد، ئه‌وه‌ش ده‌رگای به ڕووی كرانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا كرده‌وه. به‌ڵام ده‌توانین بڵێین په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و چین دوو جار پێشكه‌وتنیان به‌خۆوه بینیوه، یه‌كه‌میان دوای پاشه‌كشه‌ی به‌ریتانییه‌كان له عێراق له 1958، دووه‌میان دوای كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مەریكا له‌و وڵاته له 2011. له ئابی 2011دا، نووری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌ردانێكی فه‌رمیی چینی كرد و دواتریش له كانوونی یه‌كه‌می 2012دا باڵوێزخانه‌ی چین ده‌ستی به كاری ڤیزا و خزمه‌تگوزارییه‌كانی كرده‌وه، به‌وه‌ش پەیوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات چوونه قۆناغێكی نوێوه[1].
گرنگیی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ستراتیژی جیهانیی چیندا
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناوچه‌یه‌کی زیندوو و جێ بایه‌خه له تۆڕی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی چیندا. چین یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ چوارده ده‌وڵه‌تی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا واژۆ كردووه، هه‌ر له كه‌نداوی فارسه‌وه ده‌ست پێ بكه تا ده‌گاته ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و ئه‌وبه‌ری ده‌ریای سوور. له‌و چوارچێوه‌شدا ئه‌و وڵاتانه به‌پێی گرنگییان له ڕوانگه‌ی چینه‌وه به‌سه‌ر چوار پێوه‌ردا پۆلێن كراون، عێراق له پله‌ی سێیه‌مه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ده‌وڵه‌تی دیكه‌ی وه‌ك ئوردن، كوێت، عومان و قه‌ته‌ر[2].
لێكۆڵه‌ری چینی هو بینگ بینگ بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پوخته‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی چینی له‌م ناوچه‌یه به‌م شێوه‌یه داڕشتووه: “ڕەتكرنهوهی هه‌ر هێزێك كه تاكلایه‌نه ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا، ڕەتكردنهوهی هه‌موو جۆرە پشتگیرییه‌كی فه‌رمی ده‌رباره‌ی ئه‌و هێزانه‌ی كه داوای سه‌ربه‌خۆیی تایوان ده‌كه‌ن یان ئه‌و هێزه جوداخوازه‌كانی تر به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن وڵاتانی كه‌نداوه‌وه، ڕێگرتن له ده‌ركه‌وتنی هه‌ر جۆره ڕژێمێكی دژە چینی له ناوچه‌كه‌دا، له كۆتاییشدا به‌ده‌ستهێنانی پشتگیریی گونجاو بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی چین له‌لایه‌ن وڵاتانی كه‌نداوه‌وه[3].”
له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا چین بووه‌ته یاریكه‌رێكی گرنگ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئه‌و وڵاته ناچار بووه كاروباره‌كانی له‌و ناوچه‌دا زیاتر و به‌هێزتر بكات، ئه‌ویش به هۆكاری ئه‌وه‌ی ئابووریی چین گه‌شه‌ی زۆری كردووه له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش هانی حكومه‌تی چینی داوه كه زیاتر به‌بایه‌خه‌وه له ناوچه‌كه بڕوانێت. به به‌روارد به وڵاتانی دیكه، چین خاوه‌ن ئاماده‌یی و ڕابردوویه‌كی قووڵی مێژوویی نییه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، بۆیه به هێزێكی تازه‌ی ئهزمووننهكراو ده‌بینرێت. له‌و پێناوه‌شدا چین زۆر به‌وریاییه‌وه هه‌نگاوه‌كانی هه‌ڵده‌گرێت، بەتایبه‌ت له په‌یوه‌ست به ئاڵنگارییه ناوخۆییه‌كانی وڵاتان له بواری ئاسایش و سیاسه‌تدا[4].
له‌مڕۆدا په‌یوه‌ندییه‌كانی چین له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا زیاتر له دوو بواردا خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌وانیش پرسی وزه و ده‌ستپێشخه‌ریی یه‌ك ڕێگا و یه‌ك پشتێنن (Belt and Road Initiative (BRI))، هه‌ندێك به ڕێگای ئاوریشمی نوێ ناوی ده‌به‌ن كه له (2013)ەوه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئێستای چین (زی جی پینگ) له دوو بۆنه‌دا ڕاگه‌یه‌نرا، یه‌كێكیان له وتارێك له كازاخستان و ئه‌وی دی له هه‌مان ساڵدا له وتارێك له مالیزیا ئاماژەی پێ دا. ڕێگای ئاوریشمی نوێ یه‌ك ڕێگا نییه و بریتییه له تۆڕێک ڕێگای ده‌ریایی و وشكانی كه چین به ناوچه جیاوازه‌كانی ئاسیا و ئه‌ورووپا و ئه‌فەریقا ده‌گه‌یه‌نێت.
په‌یوه‌ست به پرسی وزه، له 2015دا چین بووه گه‌وره‌ترین و دیارترین هێزی جیهانیی هاورده‌كاری نه‌وتی خاو، نزیكه‌ی نیوه‌ی ئه‌و بڕەش له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه دێت. له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ناوچه‌یه‌كی ستراتیژیی گرنگی جیهاندا هه‌ڵكه‌وتووه كه قاڕەكانی ئاسیا، ئه‌ورووپا و ئه‌فەریقا به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێت، ئه‌وه وا ده‌كات كه ناوچه‌كه جێ بایه‌خ بێت بۆ داهاتووی ڕێگای ئاوریشمی نوێ. هه‌ر چه‌نده له ئێستادا سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی چین زیاتر چاوی له‌سه‌ر عه‌ره‌بستانی سعودی و ئیماراته، ئه‌ویش به هۆی ئه‌و ڕۆڵه گرنگه‌ی كه له بواری بازاڕی وزه‌دا هه‌یانه[5].
بۆ ئه‌وه‌ی وێنه گه‌وره‌كه ببینین و له ڕوئیای چین تێبگه‌ین، باشتر وایه هه‌ندێك له‌و به‌ڵگه‌نامانه بكۆڵینه‌وه كه حكومه‌تی چین به‌فه‌رمی ڕایگه‌یاندوون. یه‌كێك له‌و به‌ڵگه‌نامانه كه له 2015دا ده‌ركراوه، بریتییه له “ڕوئیا و كاروباری دروستكردنی هاوبه‌شی پشتێنی ئابووریی ڕێگای ئاوریشمی و ڕێگای ئاوریشمی ده‌ریایی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م (Vision and Actions on Jointly Building Silk Road Economic Belt and 21st- Century Maritime Silk Road)”[6].
هه‌روه‌ك دینگانگ ئاماژەی پێ كردووه، دیدی چین بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بریتییه له سیستمێكی فره‌جه‌مسه‌ری كه پشت ببه‌ستێت به: ده‌ستوه‌رنه‌دان، هه‌ماهه‌نگیكردن، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی تردا وا ده‌كات سه‌قامگیری گه‌شه بكات له ڕێگای “ئاشتیی گه‌شه‌كردوو” (developmental peace) نه‌ك دیدی ڕۆژئاوایی “ئاشتیی دیموكراتی” (democratic peace). ئه‌وه‌ش به‌تایبه‌ت كاتێك سه‌ر ده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی خۆی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خێراتر بكات، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه چین ناچار بێت خۆی بهرژەوهندییهكانی خۆی بپارێزێت. هه‌ر چه‌نده له‌وانه‌یه ئه‌وه خواستی چین نه‌بێت كه ئاماده‌یی سه‌ربازی و ئه‌منیی خۆی له ناوچه‌كه زیاد بكات، به‌ڵام دواجار بۆی ده‌رده‌كه‌وێ كه هیچ بژارده‌یه‌كی تری نییه، له هه‌مان كاتدا وا ده‌كات كه چین بێته ناو كێشه قووڵ و مێژووییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه[7].
له په‌یوه‌ست به عێراق له‌ناو ئه‌و هاوكێشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌بینین له 2018دا عێراق له پله‌ی چواره‌می وڵاتانی فرۆشیار و هه‌نارده‌كاری نه‌وته به چین، ئه‌ویش دوای ڕووسیا و ئه‌نگۆلا و عه‌ره‌بستانی سعودیه‌وه. ڕاگرتن و مانه‌وه‌ی ئه‌و مامه‌ڵه بازرگانییه بۆ عێراق زۆر پێویسته، چونكه ئه‌و وڵاته به چه‌ندین جه‌نگ و ململانێی ناوخۆییدا تێپه‌ڕێوه، پێویستی به یارمه‌تیی چین هه‌یه تاوه‌كوو په‌ره به سه‌رخان و ژێرخانی ئابووریی وڵاته‌كه‌ی بدات. یارمه‌تییه‌كی له‌و جۆره‌ش، له‌وانه‌یه له دوورمه‌ودادا لێكه‌وته‌ی زۆری هه‌بێـت له‌سه‌ر وڵاته‌كه.
گرنگیی عێراق بۆ چین
له‌و كاته‌وه‌ی كه كۆڕبه‌ندی چین-ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی له (2004)ەوه به‌ستراوه، چین زیاتر خۆی نزیكتر ده‌كاته‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به چه‌ندین شێواز، له‌وانه: پێدانی قه‌رز به سوودێكی كه‌م به وڵاتانی ناوچه‌كه، وه‌به‌رهێنان له ژێرخانی ئابووریی وڵاتان، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك حاڵه‌تدا له چه‌ندین ملیۆن دۆلاری قه‌رز خۆش بووه. له 2010دا، بۆ نموونه به ڕێژەی 80% له قه‌رزه‌كانی عێراق خۆش بوو له كاتێكدا چین نزیكه‌ی نیوه‌ی ئه‌و نه‌وته ده‌كڕێت كه له عێراق به‌هه‌م ده‌هێنرێت. كۆمپانیا نیشتمانییه‌كانی بواری نه‌وتی چین (NOCs)؛ یه‌كێكن له‌و كۆمپانیا پێشڕەوانهی كه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ناوخۆییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌دا كار ده‌كه‌ن، له عێراقدا پشكی به‌رچاویان هه‌یه له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ئه‌لعه‌هد، حه‌لفایه و ڕومه‌یله[8].
په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و چین له‌دوای كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مەریكا له 2011، به‌ره‌وپێشچوونی باشی به‌خۆوه بینی، له خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكوه‌زیران نووری مالیكی (2010-2014)، به‌تایبه‌تی له ڕووی ئابوورییه‌وه ئاستی هه‌نارده‌ی كاڵای چین چه‌ند قات زیادی كرد، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی كه هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ چینیش زیادی كرد. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كه هێزه‌كانی داعش له حوزه‌یرانی 2014 به‌شێكی زۆری خاكی عێراقیان داگیر كرد و ههڕەشهی جددی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت هه‌بوو، چونكه ئه‌و هێزانه ڕاسته‌وخۆ به‌ڕێوه بوون به‌ره‌و به‌غدادی پایته‌خت، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی ناخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیی به‌دوادا هات. ئه‌مەریكا سه‌رپه‌رشتیی هاوپه‌یمانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی كرد بۆ له‌ناوبردنی داعش و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری بۆ عێراق، ئه‌گه‌رچی له‌و هاوپه‌یمانییه‌دا چین به‌شدار نه‌بوو، چونكه نه‌یده‌ویست خۆی تێكه‌ڵ به ململانێ خوێناوییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات، كه‌چی دوای له‌ناوچوونی داعش و هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018، سه‌رۆكوه‌زیران عادل عه‌بدولمه‌هدی به شاندێكی گه‌وره‌وه به سه‌ردانێكی فه‌رمی سه‌ردانی چینی كرد و ئه‌و سه‌ردانه تاوه‌كوو ئێستاش لێكه‌وته‌كانی به عێراقه‌وه به‌جێ ماوه.
ئه‌و شانده له مانگی ئه‌یلوولی 2019دا سه‌ردانی چینی كرد، شانده‌كه له‌لایه‌ن عه‌بدولمه‌هدییه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرا، له‌گه‌ڵ شه‌ش وه‌زیری تایبه‌تمه‌ند، سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، چوار ڕاوێژكار، له‌گه‌ڵ پانزه پارێزگاری شاره جیاوازه‌كانی عێراق (به سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه)، له ئه‌نجامدا هه‌شت ڕێكکهوتننامه و یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتن و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان هەر دوو وڵات‌دا ئه‌نجام دران[9].
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوێكی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، سه‌رۆكوه‌زیران عه‌بدولمه‌هدی له وتارێكدا له چین په‌سنی ڕێنیسانس و پێگه‌ی ئابووریی چینی كردووه. هه‌روه‌ها ئاماژەی به‌وه كردووه كه زیادبوونی ساڵانه‌ی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌نێوان دوو وڵات‌دا له بهرژەوهندیی عێراقه، چونكه عێراق به درێژایی چه‌ندین ده‌یه زۆری چه‌شتووه به‌ده‌ست كاره‌سات و جه‌نگ و تیرۆریزمه‌وه، بۆیه عێراق چاوی له بووژانه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاته، له‌و ڕێگه‌یه‌شدا په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌ت و له‌مێژینه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ چین و هیندستاندا[10].
نه‌خشه‌ی ڕێگای ئاوریشمی نوێ (BRI)
شانده‌كه‌ی عێراق چه‌ندین ڕێكکهوتننامه و یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی ستراتیجی و گرنگی بۆ عێراق واژۆ كردبوو، له گرنگترین ئه‌وانه “arithmetic credit” بوو كه تیایدا عێراق ڕۆژانه بڕی 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاو ده‌داته چین، له به‌رانبه‌ردا كۆمپانیا چینییه‌كان چه‌ندین پڕۆژەی ستراتیژیی گرنگ له عێراقدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن له بواره‌كانی: ڕێگاوبان، ڕێگای ئاسن، خهخۆشخانهكان، قوتابخانه‌كان، كۆمه‌ڵگای نیشتەجێبوون، به‌نده‌ره‌كان، بواری وزه، به‌نداوه‌كان و چه‌ندین پڕۆژەی تری بواری ژێرخان كه تیایدا وای ده‌كرد له عێراق كه شاره‌كانی له ماوه‌یه‌كی كورتدا بونیاد بنێته‌وه و پاشان هه‌نگاو هه‌ڵبگرێ به‌ره‌و گه‌شه‌كردن و بونیادنانه‌وه. گرنگیی ڕێكکه‌وتنه‌كه له‌وه‌دابوو ئه‌م ڕێكکه‌وتنه به ئاماده‌یی دوو فیگه‌ری سه‌ره‌كی و گه‌وره‌ی چین واژۆ كراوه كه بریتین له سه‌رۆكی كۆماری گه‌لی چین و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی گه‌ل، ئه‌وه‌ش مكوڕبوونی چین ده‌رده‌خات بۆ هاتنه‌ناوه‌وه بۆ عێراق و به‌ستنه‌وه‌ی ئابوورییه‌كه‌ی به چینه‌وه.
شانده‌كه چه‌ندین یاداشتی لێكتێگه‌یشتن و هه‌ماهه‌نگیی تری ئه‌نجام دابوو له‌نێوان وه‌زیره‌كانی هه‌ردوو وڵات، له‌وانه: وه‌زیرانی بازرگانی، كاروباری ده‌ره‌وه، ناوخۆ، نه‌وت، دارایی، كاره‌با، ڕۆشنبیری و پیشه‌سازی. ئه‌و جگه له چالاككردنی بواری دیپلۆماسیی دوولایه‌نه، هاوكاریی مرۆیی چین بۆ عێراق، هه‌روه‌ها ڕێكکه‌وتنێكی تر ئه‌نجام درا.
له‌سه‌ر ئاستی ئاسایشی په‌ره‌دانی ته‌كنه‌لۆجی بۆ پاراستنی سه‌روماڵی هاوڵاتیان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕەشه‌كان، له‌گه‌ڵ یاداشتنامه‌یه‌كی تر بۆ ژیاندنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی ناسڕیه و ڕێكکه‌وتنێكی تر له‌نێوان وه‌زیری گه‌یاندن و دامه‌زراندنی كتێبخانه‌ی چین له زانكۆی به‌غداد و ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌یه‌كی به‌پێز بۆ ئاڵوگۆڕی كولتووری و په‌یوه‌ندی دروستكردن له‌گه‌ڵ ئۆفیسی ده‌ریایی چین له ڕێگای مانگه ده‌ستكرده‌كانه‌وه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا عێراق ڕایگه‌یاند كه ئاماده‌یی تێدایه هاوكاریی چین بكات بۆ دامه‌زراندنی ڕێگای ئاوریشمی نوێ. له‌لای خۆیشیه‌وه سه‌رۆكی چین؛ شی جین پینگ خواستی گه‌وره‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕی له باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عێراقدا، عێراقی وه‌ك هاوبه‌شێكی ستراتیژی و گرنگ دانا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، خواستی وڵاته‌كه‌شی ده‌ربڕی بۆ وه‌به‌رهێنان له عێراقدا بۆ بووژانه‌وه و گه‌شه‌پێدانی وڵاته‌كه له بواری پیشه‌سازیی ناوخۆیی و كێڵگه‌ی نه‌وتی نوێ و بونیادنانی شاری نوێ، به‌نده‌ر و ڕێگاوبان…، هه‌روه‌ها بونیادنانی تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كانی نه‌وه‌ی پێنجه‌م (5G) له عێراق.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای تێڕامانه ئه‌و ڕێكکه‌وتنه تا ئێستا نه‌چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شانده‌كه، له ئۆكتۆبه‌ری 2019، خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره له به‌غدادی پایته‌خت و شاره‌كانی تری عێراق ده‌ستیان پێ كرد، خۆپیشاندانه‌كان بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگ به‌رده‌وام بوون، هۆكاره‌كه‌ش بریتی بوو له خراپیی دۆخی ئابووری و بێكاری و كه‌میی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، به‌ڵام به بڕوای هه‌ندێك له چاودێران، وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا له‌پشت خۆپیشاندان و هاندان و جووڵاندنی شه‌قامی عێراقی بووه دژی كابینه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی، هۆكاری ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و ڕێکكهوتنانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه كه ئه‌و له‌گه‌ڵ چین واژۆی كردوون، به جۆرێك كه عێراق به‌ته‌واوی ده‌كه‌وته ژێر كاریگه‌ریی چینه‌وه. ئه‌گه‌رچی تا ئێستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی ته‌واو یان لێدوانێكی فه‌رمی له‌و باره‌وه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه كه عادل عه‌بدولمه‌هدی پاشه‌كشه‌ی پێ كرا و سهرۆكوهزیرێكی دۆستی ئه‌مەریكا شوێنی گرته‌وه. هه‌ر دوای ئه‌و ئاڵوگۆڕە، سه‌رۆكی نوێ؛ مسته‌فا كازمی سه‌ردانی واشنتۆنی كرد و له‌لایه‌ن سه‌رۆك دۆناڵد ترامپه‌وه پێشوازییه‌كی بێوێنه‌ی لێ كرا و چه‌ندین ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئابووری و بازرگانی و كولتووریی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌مەریكییه‌كان گرێ دا.
پرسی كورد له عێراقدا
كوردستان به‌شێكی دانه‌بڕاوه له عێراق، جوگرافیاكه‌ی هه‌ڵكه‌وتووه له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه، هاوسنووره له‌گه‌ڵ ئێران، توركیا و سووریا. بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بگات به توركیا و له‌وێشه‌وه بۆ ئه‌ورووپا، له ڕێگه‌ی وشكانییه‌وه پێویسته به كوردستاندا تێپه‌ڕێت، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كوردستان پێگه‌ی گرنگی هه‌بێت له به‌شداری له پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ. له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه و له‌و كاته‌ی كه به‌ریتانیا عێراقی داگیر كرد و دواتر ئه‌و وڵاته‌ی دروست كرد، پرسی كورد به یه‌كێك له هه‌ستیارترین پرس له مێژووی هاوچه‌رخی عێراقدا ماوه‌ته‌وه. هه‌ر چه‌نده له سه‌ره‌تاوه كورده‌كان هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆییان ده‌دا به ڕابه‌ریی شێخ مه‌حموود، به‌ڵام له دواتردا كه‌وتنه ژێر دیفاكتۆی سنووره ده‌ستكرده‌كانه‌وه و گوتاری سیاسی‌یان گۆڕی بۆ ئۆتۆنۆمی له چوارچێوه‌ی عێراقدا و دواتریش بۆ فیدراڵی. هه‌ر چه‌نده به ڕواڵه‌ت شێوه ئۆتۆنۆمییهك له 1970 درا به كوردستان، دواتریش له‌دوای داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مەریكاوه له 2003، ده‌ستووری نوێ نووسرایه‌وه و ڕژێمێكی دیموكراتی دروست كرا كه تیایدا سیستمی فیدراڵی چه‌سپێنرا، به‌ڵام هێشتا چه‌ندین كێشه هه‌ن كه له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵیدا به‌هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه، بۆیه ناكۆكی و تهنگژەكان تا ئێستاش به‌رده‌وامن. به‌ڵام به‌گشتی كورد بووه‌ته به‌شێكی گرنگ له پێكهاته‌ی عێراق و له پڕۆسه‌ی بڕیاری سیاسیی عێراق، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه زۆر زیاتره له‌وه‌ی كه له سیستمه فیدراڵییه هاوشێوهكاندا هه‌یه.
له په‌یوه‌ست به سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی چین و پرسی كورد له عێراقدا، بۆ ئه‌وه‌ی له دیدی چین تێبگه‌ین پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ به‌ها و ستراتیژەكانی ئه‌و وڵاته بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی، چین پێنج بنه‌مای سه‌ره‌كیی له سیاسه‌تی ده‌ره‌كی داڕشتووه وه‌ك پێوه‌ر كاریان له‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌وانیش پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه، ڕێزگرتنی دوولایه‌نه، سه‌روه‌ری، یه‌كپارچه‌یی خاك، دوژمنایهتینهكردنی یه‌كتر، ده‌ستوه‌رنه‌دان له كاروباری ناوخۆیی یه‌كترن[11].
چین پشتگیریی پڕۆسه‌ی ئاشتی ده‌كات له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و هه‌روه‌ها پشتگیریی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی فه‌ڵه‌ستین ده‌كات به سه‌روه‌ریی ته‌واوەوە، به پشتبه‌ستن به سنووره‌كانی پێش ساڵی 1967 و ڕۆژهه‌ڵاتی قودس پایته‌خته‌كه‌ی بێت[12]. هه‌ر چه‌نده ما‌و زیدۆنگ له چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا پشتگیریی پرسی كوردی كردووه، به‌ڵام هێشتا هه‌ڵوێستی فه‌رمیی چین ناڕوونه ده‌رهه‌ق به پرسی كورد و چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. له‌وانه‌یه ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به پرسی تایوانه‌وه هه‌بێت كه چین له به‌رانبه‌ریدا زۆر هه‌ستیاره و وه‌ك ناوكی بهرژەوهندییهكانی خۆی ده‌بینێت. پڕەنسیپی یه‌كگرتوویی چین مه‌رجی یه‌كه‌مه له‌لایه‌ن چینه‌وه له دروستكردن و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و ڕێكخراوه هه‌رێمییه‌كان وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی كه‌نداو. وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانیش هه‌میشه ده‌ركیان به گرنگیی پره‌نسیپی یه‌كگرتوویی چین كردووه، خۆیان به‌دوور گرتووه له‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندیی فه‌رمییان له‌گه‌ڵ تایواندا هه‌بێت، پشتگیریی چینیان كردووه له په‌ره‌پێدانی ئاشتییانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی چین و تایوان و یه‌كپارچه‌یی خاكی چین، چین بۆ ئه‌وه‌ش پێزانینی گه‌وره‌ی هه‌یه.
بۆچی گرنگه چین هاوسه‌نگی ڕابگرێت له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر و به‌غداد؟
هه‌روه‌ك ئاماژەی پێ درا، كورد پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی عێراقه، نزیكه‌ی 20%ی خاكی عێراق؛ كوردستانه. ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه جێناكۆكەکان كه‌مێك له‌و ڕێژەیە كه‌متره. هه‌روه‌ها ههڵكهوتهیهكی جیۆستراتیجیی گرنگی هه‌یه، وه‌ك كۆریدۆرێك وایه بۆ سه‌ركه‌وتنی ده‌ستپێشخه‌ریی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، به جۆرێك كه ئه‌گه‌ر ڕێگا له عێراقه‌وه بێت یان له ئێران، دەبێت به هه‌رێمدا تێبپه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی بگات به توركیا. له كاتێكدا كه كورده‌كان هاوپه‌یمان و دۆستی ڕۆژئاوان، به‌تایبه‌تی ئه‌مەریكا، ئه‌سته‌مه به‌بێ ئیمتیازی گه‌وره له‌گه‌ڵ چینییه‌كان هاوكاری بكه‌ن و ئه‌مەریكاش ده‌توانێت كورده‌كان به‌كار بهێنێت به له‌مپه‌ر دروستكردن له‌به‌رده‌م ئه‌و پڕۆژەدا.
له لایه‌كی تره‌وه هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌نده به یه‌ده‌گی نه‌وت و گاز و چه‌ندین كانزای نه‌سه‌لمێنراوی تر، كه ئه‌وه‌ش زۆر گرنگه بۆ كۆمپانیا چینییه‌كان كه وه‌به‌رهێنانی تێدا بكه‌ن، له كاتێكدا له ئێستادا ژماره‌یه‌كی زۆر له كۆمپانیا جیاوازه‌كانی چین له‌وێدا كار ده‌كه‌ن. پێشبینی كراوه كه قه‌باره‌ی یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێم 45 ملیار به‌رمیل نه‌وت بێت، له (2007)ەوه كورده‌كان سه‌رقاڵی ده‌رهێنانی نه‌وتن و له (2014)ەوه بەسهربهخۆیی له بازاڕە جیهانییه‌كان نه‌وت ده‌فرۆشن، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه كوردستان ببێته ئه‌كته‌رێك ئه‌گه‌رچی بچو‌وكیش بێت له بازاڕی نه‌وتی جیهانیدا. له لایه‌كی دیكه‌وه غاز وه‌ك كانزایه‌ك بایه‌خی ستراتیجیی له‌مڕۆدا له زیادبووندایه، هه‌رێمی كوردستان یه‌ده‌گی غازه‌كه‌ی پێشبینی كراوه به (200 ترلیۆن پێ سێجا، یان 5.67 تریلۆن مه‌تر سێجا)، كه ده‌كاته 1.5-3%ی یه‌ده‌گی ته‌واوی جیهان له غازدا. هه‌موو ئه‌وانه وا ده‌كات كه هه‌رێم ڕۆڵێكی گرنگ ببینێت له بازاڕی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا[13].
نه‌خشه‌ی ژێرخانی نه‌وتی له هه‌رێمی كوردستان
له لایه‌كی تره‌وه كوردستان ههڵكهوتهیهكی جیۆپۆلهتیكیی گرنگی هه‌یه، له سه‌ده‌ی نۆزده و بیسته‌مدا وڵاتانی ئه‌ورووپی، ڕووسیا و ئه‌مەریكا هه‌میشه كوردیان به‌كار هێناوه و به‌كاری ده‌هێنن بۆ ملكه‌چپێكردنی وڵاتانی وه‌ك توركیا، ئێران، عێراق و سووریا. دوو نموونه‌ی هه‌ره دیار بریتین له كۆماری كوردستان له 1946 له ئێران، له‌و كاته‌دا ڕووسه‌كان پشتگیریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌و قه‌واره‌یان ده‌كرد، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر پێدانی ئیمتیازی نه‌وتی به كۆمپانیا ڕووسییه‌كان له باكووری ئێران پشتیان تێ كرد و به‌وه‌ش سوپای ئێران گه‌ڕایه‌وه هه‌موو ناوچه كوردنشینه‌كان و كۆتایی به قه‌واره‌كه هێنا. نموونه‌یه‌كی تر بریتییه له پشتگیریی ئه‌مەریكا-ئێران-ئیسرائیل بۆ كورد له 1961-1975، بۆ فشارخستنه سه‌ر عێراق تا له سۆڤیه‌ت نزیك نه‌بێته‌وه، كاتێك عێراق هاته ژێر بار و ڕێكکه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری له 1975 له‌گه‌ڵ ئێران واژۆ كرد، هه‌رسێ وڵات كوردیان به‌جێ هێشت و به‌وه‌ش شۆڕشی كورد هه‌ره‌سی هێنا.
به دیوێكی تردا، له‌دوای جه‌نگی سارد و جه‌نگی كه‌نداو له 1991دا، پرسی كورد له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بایه‌خی زۆری په‌یدا كردووه. كاتێك عێراق له‌ژێر گوشاری هێزی هاوپه‌یمانان كوێتی به‌جێ هێشت، ده‌ستی كرایه‌وه بۆ سه‌ركوتكردنی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه‌ی كه خه‌ڵكی كوردستان به ڕێبه‌ریی پارته سیاسییه‌كان سازیان كردبوو، ده‌ستیان گرتبوو به‌سه‌ر سه‌رانسه‌ری كوردستاندا به شاری كه‌ركووكی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وتیشه‌وه. خه‌ڵكی كوردستان له ترسی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه، به سه‌دان هه‌زار كه‌س ماڵ و شار و ناوچه‌كانیان به‌جێ هێشت و ڕوویان له سنووره‌كانی ئێران و توركیا كرد. ئه‌و بابه‌ته خه‌ریك بوو قه‌یرانێكی مرۆیی گه‌وره دروست بكات، بۆیه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رپه‌رشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و پشتگیریی ئه‌مەریكا و فهڕەنسا و به‌ریتانیا و توركیا، بڕیاڕیان دا ناوچه‌یه‌كی ئارام دروست بكه‌ن بۆ كورده‌كان كه له كۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا حكومه‌تی عێراق له به‌شێكی زۆری كوردستان كشایه‌وه و ئیداره‌ی سێ پارێزگای سه‌ره‌كیی ئه‌و ناوچه‌ی جێ هێشت بۆ كورده‌كان خۆیان. لێره‌وه دوای سی ساڵ له جه‌نگ، كورد توانیی ده‌سه‌ڵاتی به‌شێكی زۆری هه‌رێمه‌كه وه‌ربگرێت، حكومه‌تی دروست كرد و ساڵی دواتر هه‌ڵبژاردنی گشتیی په‌رله‌مانی به‌ڕێوه چوو. ئه‌و ناوچه‌یه بووه مه‌یدانی كۆبوونه‌وه‌ی هێزه ئۆپۆسزیۆنهكانی عێراق و دواتر ڕۆڵی گرنگی گێڕا له جه‌نگی عێراق له 2003. به درێژایی هه‌شت ساڵ سوپای ئه‌مەریكا له عێراق تووشی چه‌ندین گرفت و په‌لاماری خوێناوی بوویه‌وه، به‌ڵام هیچ كات كه‌سێكیان له كوردستان زیانی پێ نه‌گه‌یشت. هه‌موو ئه‌وانه هۆكاری ئه‌وه‌ن كه كورده‌كان وه‌ك كۆمه‌ڵگا و وه‌ك سیاسه‌تمه‌داران، ئه‌مەریكا وه‌ك دۆست و پارێزه‌ری خۆیان ده‌بینن. ئێستا ئه‌مەریكا گه‌وره‌ترین كونسوڵخانه له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه له هه‌ولێر ده‌كاته‌وه[14].
هه‌ر چه‌نده چین له سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا هه‌میشه جه‌ختی له ده‌ستوه‌رنه‌دان له كاروباری ناوخۆی هاوبه‌شه‌كانیدا كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام مێژوو سه‌لماندوویه‌تی ئه‌گه‌ر چین بەدوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت له عێراقدا پێگه‌یه‌كی گرنگ و سه‌قامگیری هه‌بێت، پێویستییه‌كی جددیی به‌وه هه‌یه كه تێگه‌یشتنێكی ڕوون و پلانێكی گونجاوی هه‌بێت بۆ پرسی كورد له عێراقدا. له هه‌مان كاتدا مێژوو شایه‌تیی ئه‌وه ده‌دات به‌بێ ئاشتی و سه‌قامگیری له كوردستان، عێراقیش سه‌قامگیر و سه‌لامه‌ت نابێت. زیاد له‌وه‌ش، ئه‌مەریكا زۆربه‌ی كات پشتگیریی كوردی كردووه له كاته هه‌ستیاره‌كاندا، به‌تایبه‌ت دوای ساڵی 1991. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا چین چۆن كورده‌كان ده‌بینێت؟ پلانیان چییه بۆ كاركردن له یه‌كێك له ئاڵۆزترین وڵاتی ناوچه‌كه؟
گرفتی پرسی كورد له سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی چیندا
له‌و كاته‌وه‌ی كه كۆماری گه‌لی چین له 1949 دامه‌زراوه، به‌یجینگ زۆر به‌توندی به‌رانبه‌ر گرووپه جوداخوازه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیشی وه‌ستاوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه بگرێت له هه‌ر هێزێك پشتگیریی گرووپه جوداخوازه‌كانی ناو وڵاته‌كه‌ی بكاته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه چین هه‌میشه جوداخوازی، توندڕەوی و تیرۆریزمی وه‌ك “سێ هێزه شهڕخوازهكه” ناودێر كردووه. چین بۆخۆی وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه و فره ڕەگهزه، بۆیه زۆر به‌گرنگییه‌وه كار له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كێتیی خاك و ده‌ستوه‌رنه‌دان ده‌كاته‌وه، هه‌میشه‌ش پرسی تایوان وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌ك له سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا ئاماده‌گیی گه‌وره‌ی هه‌یه. نه‌ك هه‌ر تایوان، به‌ڵكوو هه‌رێمی تبت، زینجیانگ و مهنگولیای ناوه‌وه ئه‌و پرسانه‌ن كه له‌لایه‌ن هێزه ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه دژی چین ده‌جووڵێنرێن. چین پێی وایه مافی چاره‌ی خۆنووسین نابێت له‌سه‌ر حسابی سه‌ربه‌خۆیی وڵاتان بێت و هه‌موو نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان مه‌رج نییه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان دروست بكه‌ن[15].
ده‌كرێت بڵێین سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی به‌یجینگ لەهه‌مبه‌ر پرسی كورد له عێراقدا، به‌شێكه له سیاسه‌تی گشتگیری ئه‌و وڵاته بۆ عێراق كه ئه‌ویش به‌شێكه له سیاسه‌تی وڵاته‌كه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی، دیسان ئه‌ویش ده‌چێته چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی چین له‌سه‌ر ئاستی جیهان. كرۆكی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی چین له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، بریتییه له دروستكردنی ژینگه‌یه‌كی سه‌قامگیر و ئارام به جۆرێك كه كارئاسانی بكات بۆ هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی چاكسازیی ناوخۆیی و په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام. ده‌رباره‌ی قهیرانهكانیش له‌و ناوچه‌یه، چین پێی وایه له ڕێگای دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتنه‌وه ده‌كرێت زه‌مینه‌ی چاره‌سه‌ری دابڕێژرێت، چین جه‌خت ده‌كاته‌وه له ڕۆڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و به‌تایبه‌ت ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له یهكلاكرنهوهی ئه‌و پرسانه‌دا.
له سهروبهرندی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی له ئه‌یلوولی 2017، چین به‌فه‌رمی پشتگیریی حكومه‌تی فیدراڵیی عێراق كردووهتەوه بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری، سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها بۆ دروستكردنی ڕێزگرتنی هه‌مه‌لایه‌ن، یه‌كسانی. هه‌روه‌ها پشتگیریی پڕۆسه‌ی بونیادنانه‌وه و وتوێژی نیشتمانی و هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی عێراق بۆ دژایه‌تیكردنی تیرۆر ده‌كاته‌وه. بۆیه به‌یجینگ له چه‌ندین بۆنه و كاتی جیاوازدا ڕایگه‌یاندووه كه پشتگیریی پڕۆسه‌ی دیموكراسی ده‌كات بۆ فه‌راهه‌مكردنی ئاشتی و سه‌قامگیری له عێراقدا.
سیناریۆ ئاینده‌ییه‌كان
سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه، چین چه‌ندین بهرژەوهندیی له‌گه‌ڵ كورد له پارچه‌كانی تر و به‌تایبه‌ت له عێراقدا هه‌یه.
یه‌كه‌م: كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پشتگیریی چینی هه‌بێت له‌و پێناوه‌دا، له‌وانه‌یه ببێته دۆستێكی گرنگ و متمانه‌پێكراو له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و به‌وه‌ش چین ئامرازێكی هێز و فشاری گرنگی ده‌ست ده‌كه‌وێت.
دووه‌م: سه‌رباری ئه‌وه‌ی چین به‌فه‌رمی ڕایگه‌یاندووه كه دژی هه‌وڵی جودابوونه‌وه‌یه، كه‌چی كۆمپانیا چینیه‌كان ڕۆژبه‌ڕۆژ ڕۆڵیان فراوانتر ده‌بێت له كوردستان، چه‌ندین پڕۆژە له سێكته‌ری جیاواز ئه‌نجام ده‌ده‌ن و هه‌ندێك جار له ڕێگه‌ی لایه‌نی دووه‌مەوە ئه‌و كاره ده‌كه‌ن نه‌وه‌ك ناڕەزایهتیی ئه‌مەریكییه‌كان بورووژێنن، وا دیاره سه‌ركرده كورده‌كانیش به‌و پلانه ڕازین. ئه‌وه جگه له‌وه‌ی چین له بواری هێزی نهرمیشەوە به‌ردوام له هه‌رێمه‌كه كار ده‌كات، بۆ نموونه كونسوڵگه‌ریی چین له هه‌ولێر چالاكتر و فراوانتر بووه، ڕۆژانه هه‌واڵه‌كانی به زمانی كوردی له سۆشیاڵ میدیا بڵاو دهكاتەوه، زۆر جار پێشبڕكێ و خول ده‌كاته‌وه بۆ گه‌نجانی كورد بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری ده‌رباره‌ی زمان و كولتووری چینی بڵاو بكاته‌وه. ته‌نانه‌ت له دوو ساڵی ڕابردوودا، به‌شی زمانی چینی بۆ یه‌كه‌م جار له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كرایه‌وه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی كه دیپلۆماتكاره چینییه‌كان به نهێنی و ئاشكرا به كوردستاندا ده‌گه‌ڕێن و له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره جیاوازه‌كان دۆستایه‌تی په‌یدا ده‌كه‌ن.
سێیه‌م: به‌یجینگ بۆی ده‌ركه‌وته‌وه كه كورده‌كان دۆستایه‌تیی ڕاسته‌قینه و بێگرێ ده‌كه‌ن به جیاواز له ناوچه‌كانی تر، كه‌متر هه‌ستیارن به ئایین، بۆیه ده‌كرێت وه‌ك ئامرازێك به‌كاریان بهێنێت له جه‌نگی تیرۆردا، هه‌ر چه‌نده جه‌نگی تیرۆر له سنووره‌كانی چینه‌وه دووره، به‌ڵام مه‌ترسییه ئاسایشییهكهی له‌وه‌دایه كه به سه‌دان چه‌كداری توندڕەوی كه‌مینه‌ی ئیگۆری چین له شه‌ش ساڵی ڕابردوودا په‌یوه‌ندییان به داعشه‌وه كردووه، چین ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ئه‌و ههڕەشهیه بگاته‌وه ناو وڵاته‌كه‌ی خۆی.
چواره‌م: پرسی كورد له توركیا و به‌تایبه‌ت له سووریا، ئیمتیازێكی باشه بۆ چین بۆ ئه‌وه‌ی له دژی توركیا به‌كاری بهێنێت، چونكه توركیا پشتگیری و میوانداریی گرووپه‌كانی مسوڵمانی به ڕەگهز توركی ئیگۆر ده‌كات كه له‌لایه‌ن چینه‌وه چه‌وساندنه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر به‌كار دێت. هه‌ندێك زانیاری ئاماژە به‌وه ده‌كه‌ن كه حكومه‌تی چین به‌نهێنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و هاریكاریی لۆجیستیی بۆ كورده‌كانی سووریا هه‌نارده كردووه، كه ئه‌وه‌ش هه‌ڕەشه‌یه‌كی جددییه بۆ سه‌ر توركیا، چونكه توركیا ئه‌و گرووپانه وه‌ك درێژكراوه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌بینێت و به ههڕەشهیەك بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانیی توركیایان ده‌زانێت.
پێنجه‌م و له هه‌مووی گرنگتر: چین زۆر بەبایهخهوه له كه‌رتی وزه‌ی كوردستان ده‌ڕوانێت، وه‌ك ده‌رفه‌تێكی ده‌بینێت بۆ كاركردن و فرهچهشهنكردنی سه‌رچاوه‌كانی خۆی.
هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به‌بایه‌خه‌وه له وڵاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك چین بڕوانێت، وڵاتێك كه یه‌كه‌مینه له ڕێژی دانیشتووان، دووه‌مه له هێزی ئابووری، سێیه‌مه له قه‌باره‌ی جوگرافی، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی تاكه هێز كه له ئێستادا وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا به مه‌ترسیی دابنێت؛ ئه‌و وڵاته‌یه. بۆیه گرنگه كه كورد بهههسیتارییهوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چینییه‌كان بكات، له لایه‌كه‌وه تێبگات له‌وه‌ی كه چینییه‌كان چی‌یان پێیه بۆ پرسی كورد، نه‌وه‌ك دۆسته‌كانی له ئه‌مەریكا و ئه‌ورووپا نیگه‌ران بكات. به‌ڵام له لایه‌كی تریشه‌وه هه‌رێم ده‌توانێت یاریی گرنگ ئه‌نجام بدات به به‌كارهێنانی هه‌ردوو هێزه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی به قازانجی كورد بشكێته‌وه. واته هه‌ر كات ڕۆژئاواییه‌كان ساردی له‌به‌رانبه‌ر پرسی كورد ده‌نوێنن، باشتره كه كارتی دۆستایه‌تیی چین بجووڵێنرێت.
به دیوێكی تریشدا، چین وه‌ك هێزێكی ڕوو له گه‌شه‌ی زه‌به‌لاح له دونیادا، ناكرێت كورد نادیده‌ی بگرێت، هه‌موو ده‌وڵه‌تانی دۆستی ئه‌مەریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئیمتیازیان به چین داوه و كاری له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. عه‌ره‌بستانی سعودی و ئیمارات؛ دووان له دۆستانی مێژوویی ئه‌مەریكا، له ئێستادا ئاستی په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسی و سیاسی و ته‌كنه‌لۆجی و ئابوورییه‌كانیان له‌گه‌ڵ چین ڕوو له هه‌ڵكشانه. ئه‌وه جگه له دۆسته هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌مەریكا؛ ئیسرائیل، كه گرێبه‌ستی پێدانی به‌نده‌ری حه‌یفای بۆ ماوه‌ی بیست ساڵ له‌گه‌ڵ چین واژۆ كردووه، كه ئه‌وه‌ش نیگه‌رانیی ڕاشكاو و ڕاسته‌وخۆی ئه‌مەریكای لێ كه‌وته‌وه. بۆیه گرنگه كورد به‌بایه‌خه‌وه له‌و هێزه نوێیه تێبگات، ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه، زانكۆ و میدیاكان به‌ر له هه‌ر شت بایه‌خ به توێژینه‌وە و شیكاری ئاسیایی بده‌ن له پێناو ئاشنابوون و كارئاسانی بۆ بڕیابهدهستان و سیاسه‌تمه‌داران.
سه‌رچاوه‌كان
[1] |
A. Graceffo, “China Middle East relations,” Academea, p. 57, 2017. |
[2] |
B. &. R. News, “China’s partnership Diplomacy & Successful Implementation of the BRI,” https://www.beltandroad.news/2020/03/27/chinas-partnership-diplomacy-successful-implementation-of-the-bri/, Hong Kong, March 2020. |
[3] |
E. o. t. P. R. o. C. i. t. R. o. Iraq, “Bilateral Relations between China and Iraq,” http://iq.chineseembassy.org/eng/zygx/zygxgk/t1031275.htm , Baghdad , 2013. |
[4] |
Camille Lons , Jonathan Fulton, Degang Sun, Naser Al-Tamimi, “CHINA’S GREAT GAME IN THE MIDDLE EAST,” european council of foreign relations , 2019. |
[5] |
T. G. S. o. t. C. o. Ministers, “The agreements concluded with China achieve a historic development and economic leap for Iraq,” http://www.cabinet.iq/ArticleShow.aspx?ID=9562, Baghdad, 2019. |
[6] |
m. o. f. a. o. t. p. r. o. china, “China’s Arab Policy Paper,” https://www.fmprc.gov.cn/mfa_eng/zxxx_662805/t1331683.shtml, 2016. |
[7] |
M. o. n. r. o. K. R. government, “oil vision,” http://mnr.krg.org/index.php/en/oil/vision, Erbil , 2013. |
[8] |
Rudaw, “In Erbil, US Ambassador announces construction of largest consulate complex,” https://www.rudaw.net/english/kurdistan/230420181, Erbil , 2018. |
[9] |
D. M. Chaziza, “China and the Independent Kurdish State,” Begin-Sadat Center for Strategic Studies, Bar-Ilan University, Israel, , no. Paper No. 590, 2017. |
په‌راوێزه‌كان:
[1] Chines embassy website, Iraq, “Bilateral Relations between China and Iraq,” http://iq.chineseembassy.org/eng/zygx/zygxgk/t1031275.htm, Baghdad, 2013.
[2] B. &. R. News, “China’s partnership Diplomacy & Successful Implementation of the BRI,” https://www.beltandroad.news/2020/03/27/chinas-partnership-diplomacy-successful-implementation-of-the-bri/, Hong Kong, March 2020.
[3] A. Graceffo, “China Middle East relations,” Academia, p. 57, 2017.
[4] Camille Lons, Jonathan Fulton, Degang Sun, Naser Al-Tamimi, “CHINA’S GREAT GAME IN THE MIDDLE EAST,” European Council of foreign relations, 2019.
[5] Irib
[6] m. o. f. a. o. t. p. r. o. China, “China’s Arab Policy Paper,” https://www.fmprc.gov.cn/mfa_eng/zxxx_662805/t1331683.shtml, 2016.
[7] Arab policy paper, Irib
[8] A. Graceffo, Irib
[9] Iraqi Council of Ministers, “The agreements concluded with China achieve a historical development and economic leap for Iraq,” http://www.cabinet.iq/ArticleShow.aspx?ID=9562, Baghdad, 2019.
[10] Irib
[11] Arab policy paper, Irib
[12] Arab policy paper, Irib
[13] MNR-KRG, “oil vision,” http://mnr.krg.org/index.php/en/oil/vision, Erbil, 2013.
[14] Rudaw, “In Erbil, US Ambassador announces construction of largest consulate complex,” https://www.rudaw.net/english/kurdistan/230420181, Erbil, 2018
[15] D. M. Chaziza, “China and the Independent Kurdish State,” Begin-Sadat Center for Strategic Studies, Bar-Ilan University, Israel, no. Paper No. 590, 2017.