گفتوگۆكانی ناو مەتبەخ و هێزی نەرم
توێژەر: ئازاد حاجی ئاقایی
بەرایی
ئێستا لە سەردەمی گلۆكالیزاسیون، بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو كە زۆرتر لەسەر لەناوچوونی سنوورەكان و گەشەسەندنی كولتوور و فەزایێكی یەكدەستی جیهانی پێداگری دەكرا، زۆرتر لەسەر كارتێكەرییە دوولایەنەكانی ڕەوتی بە جیهانیبوون و خۆجێییبوون پێداگری دەكرێت. دەرەنجامەكانی بە جیهانیبوون یان بە جیهانیكردن، سەرەڕای ئەوەی كاریگەری زۆریان لە نزیككردنەوەی ئاسۆكانی تێڕامانی مرۆڤ، خوڵقاندنی هیوای نەمانی كێشە و ململانێ و هاوبەشی و هاوكاریكردنی مرۆڤەكان لە پێناو دروستكردنی جیهانێكی دوورتر لە پشێوی دانا، بەڵام لە ئاكامدا پرسی بەرژەوەندی، سەپاندنی هێز، ئایدۆلۆژیا و نۆرم و بایەخەكان-وەك بەشێك لە سروشتی مرۆڤ- نەیتوانی ململانێكان دابەزێنێتە ئاستێكی نزمتر. بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانكارییەكان لە ئاستی ئەمری واقیع، ئەم وتارە بە گرنگی پێدانی ویستی سەپاندنی هێزی لایەنێك بە سەر لایەنێكی تر، لە ڕێگەیەكی نەرم و نیانتر هەوڵدەدا چوارچێوەیەك بۆ خوێندنەوەی كاریگەری هێزی نەرمی ئەكتەرە ناوچەییەكان لە ڕێگەی میدیا، لە باشووری كوردستان دەستەبەر بكات.
توانجێك لە جیاتی پێشەكی
لە ٢٤ی حوزەیران ساڵی ١٩٤٩، ڕیچارد نیكسۆن، جێگری سەرۆككۆماری ئەمریكا بە بیانووی بەشداریكردن لە پیشانگەیەك كە بە مەبەستی نیشاندانی پیشكەوتنەكانی ئاستی ژیانی ئەمریكییەكان لە مۆسكۆا ڕێكخرابوو، لەگەڵ نیكیتا خرۆشچێڤ، سەرۆكوەزیرانی سۆڤیەت گفتۆگۆیەكی ئەنجامدا. لە میانەی ئەم چاوپێكەوتنەدا، نیكسۆن و خرۆشچۆڤ بۆ ماوەیەكی كورت لە ماڵێكی مۆدێلی ئەمریكی كە لەم پیشانگایەدا دانرابوو، قسەیان كرد. نیكسۆن بە پیشاندانی كەرەسە پێشكەوتووە ئەمەریكییەكانی ناو مەتبەخی ماڵەكە وتی لە ئەمریكا دەكرێ ئەم ماڵە لە لایەن كرێكارێكی توێژی مامناوەندی ئەمەریكی بكڕێت. خرۆشچۆڤ وەڵامی دایەوە ماڵە ئەمریكییەكان ماوە كورتن، كەچی ئەو ماڵانەی لە سۆڤیەت بینا دەكرێن بۆ ماوەی دەمدرێژ بینا دەكرێن. نیكسۆن لە بەردەوامی قسەكانیدا، بە ئاماژەكردن بە قاپشۆرێكی كارەبایی وتی ئێمە حەز دەكەین لە ئەمەریكا ژیان بۆ ژنان ئاسانتر بكەین؛ خرۆشچۆڤ دەستبەجێ وەڵامی دایەوە تێڕوانینی كاپیتاڵیزم سەبارەت بە ژنان، مژارێكە لە ناو كۆمۆنیزم دا قەت سەرناكەوێت. لە بەردەمیدا، خرۆشچێڤ وتی ئەمەریكا تەنیا ١٥٠ ساڵە بوونی هەیە و ئێمە وەك سۆڤیەت تەنیا چل و دوو ساڵە هەین، حەوت ساڵی داهاتوو لە ئاستی ئێوەدا دەبین و ئەو كاتەی گەیشتینە ئاستی ئێوە و لێتان پێشكەوتین، دەستی خۆمانتان بۆ هەڵدێنین. ئەم گفتۆگۆیە لە ڕۆژی ئەمڕۆكەشدا وەك بەریەككەوتنی دوو ئایدیۆلۆژی، بە مەبەستی دەرخستنی هێزی لایەنێك بە سەر لایەنەكەی دیكەدا لە سەردەمی شەڕی سارد دەنوێنڕیتەوە هاوكات ئاماژەیەكیشە بۆ بەردەوامی ئامرازە شاراوەكانی سەپاندنی هێز بە مەبەستی زاڵبوون و زاڵكردنی بایەخەكان؛ ئەو كاتەی شەڕ لە ڕێگەی سەربازییەوە تێچووی زۆرتری دەبێت. سەرەڕای ئەوەی كەڵك وەرگرتن لە چەمكی مەتبەخ، بەر لە چەمكی هێزی نەرم هاتۆتە ناو قامووسی سیاسەتەوە و زۆر دواتر، پۆست مۆدێرنەكان جەختیان لەسەر مەتبەخ-یش وەك بەردەوامیی سیاسەت كردۆتەوە، بەڵام گفتوگانی ناو مەتبەخ وەك میتافۆرێك بۆ پێداگریكردن لەسەر بایەخە ناوخۆییەكان، لایەنی شاراوەی هێز و كولتوور، بەردەوام كەڵكی لێ وەرگیراوە. ئەم تێگەیشتنە لە سەردەمی شەڕی سارد ئەگەر نیشاندەری چەشنە دیپلۆماسییەك بوو، ئێستاكە، دوای ڕووخانی سۆڤیەت، خاوبوونەوەی باسوخواسەكان لە مەڕ بە جیهانیكردن/جیهانیبوون، دەتوانێت دەرخەری لایەنە شاراوەكانی هێزی شاراوەی ئایدۆلۆژییەكی شاراوەی سەر شاشەی تیڤی، چۆنیەتی ماكیاژ و حیجابی خانمە پێشكەشكارێك، ستایلی چێشت لێنان، میلۆدی گۆرانییەك یان تەنانەت بڵاوكردنەوەی زنجیرە درامایەكیش بێت كە چۆن كاریگەری لەسەر بەردەنگی خۆی دەستەبەر دەكات.
ئەگەر چی دڵڕفێنبوون و كاریگەری دانان لەسەر هزر و تێڕامانەكان، وەك ڕیكلام، بەردەوام خاوەن گرنگی بوون، بەڵام وا پێدەچیت لە سەردەمی تەنینەوە و گەشەی سۆشیاڵ میدیا، چوونە ناو تێڕامان و دڵی خەڵك لە ڕێگەی زانیاری و ئەكتەرە سینەماییەكان، كاریگەری دانان لەسەر ستایلی ژیان و كردەی ڕۆژانەیان، هەم تێچوویەكی كەمتری هەبێت و هەمیش كاریگەریەكی قووڵتری لە دوای خۆی بە جێ بهێڵێت. سەرەڕای ئەمانەش وا دێتە بەرچاو لانیكەم ئەم لایەنە گرنگەی هێزی نەرم لە باشووری كوردستان، لە ساڵانی ڕابردوو و ئێستاشەوە، دزە پێكردنی هێزی نەرمی لایەنێك یان لایەنەكان لە ناو هزری جەماوەر، بە وردی ئاوڕی لێنەدراوەتەوە. یان تەنانەت ئەگەر ئاوڕیشی لێدرابێتەوە، وا پێدەچیت وەك ئەجێندایەكی بە مەبەست بۆ گۆڕینی ئاڕاستەكانی كۆمەڵگە و لە كۆتا قۆناخ، خۆ بەدەستەوەدانێكی بە ئەنقەست بووە.
پێناسەیەك بۆ هێز(ی)- نەرم
قسەكردن لەسەر چەمكی هێز بەردەوام مشتومڕی لێكەوتۆتەوە و هەر ئەمەش وایكردووە هیچ پێناسەیەك لەم چەمكە لەلایەن ئەو كەسانەی بە كاری دێنن بە تەواوی ڕەزامەندی لەسەر نەدرێت. هەڵبژاردنی پێناسەیەك بۆ هێز لەلایەن كەسەكان یان ئایدۆلۆژیا فكرییەكانەوە، ڕەنگدەرەوەی بەرژەوەندی و بەهاكانیانە؛ بۆیە بە پێی وتەی نای، قسەكردن لەسەر هێز وەك قسەكردن لەسەر كەش و هەوا وایە. هەموو كەسێك دەتوانێت قسەی لەسەر بكات بەڵام بە تێگەیشتنێكی كەم یان ڕێژەوییەوە. هەر بەو شێوازەی وەرزێرەك یان كەشناسێك هەوڵی ئەوە ئەدات كەش و هەوا پێش بینی كات، ڕێبەرە سیاسی و شرۆڤەكارانی سیاسەتیش لە هەوڵی پێناسەكردنی سیاسەت و گۆڕانەكانی پەیوەندیدار بە هێز-ن. ئەم ناسەقامگیرییە لە پێناسەكردنی چەمكی هێز و لایەنە جیاوازەكانی هێز بە ڕادەیەك بەربڵاوە كە ژۆزێف نای پێیوایە هێز وەك خۆشەویستی وایە، ئاسانترە ئەزموون بكرێت، تاكو پێناسەی بۆ بكرێت یان هەڵبسەنگێنرێت(1).
لە دەستپێكەكانی كتێبەكەیدا لە ژێر ناوی Bound to Lead: The Changing Nature of American Power، نای پێیوایە گرنگیی تەكنەلۆژیا، پەروەردە و گەشەی ئابووری لە خەمڵاندنی هێز ڕوو لە گەشەدایە و هاوكات لایەنی ئابووری، حەشیمەت و ماتریاڵە خاوەكان بەرەو كزی هەنگاو دەنێن(2). ئەم ئارگیۆمێنتە ئاماژەیەكە بە لایەنی نەرم-ی هێز؛ ئەم لایەنە لە پێناسەی هێزی نەرم تایبەتمەندیی لاستیكی بوونەكەی دەخاتەوە بیر، واتە لە كاتی بە بەكارهێنانی، وەك سەرچاوەیەك لێێ كەم نابێتەوە و لە ڕێگەی پیشەسازی كولتوورییەوە دەتوانێ بەرهەم بێت. (3) بەڵام ئەم تێڕوانینە بە هۆی ئەوەی لە ژێر كاریگەری تاكلایەنە ڕوانین بۆ هێزی ڕەق-وەك ویستی سەپاندنی هێزی سەربازیی یان ئابووری سەیر كراوە- لەلایەن كەسانێكی وەك Steven Lukes – كە لەسەر سێ سیمابوونی هێز پێداگری دەكەن، توشی ڕەخنە بۆتەوە؛ هەربۆیە لوكێس پێیوایە هێز بە تەنها لەو كاتەدا نابینرێت كە ئەكتەرێك یان لایەنێ كردار و مامەڵەی خۆی دەگۆرێت، بەڵكو ئەو كردەوانەش دەگرێتە خۆی كە سیاسەتێكی تایبەت لە ڕێگەی پێكهاتە دامەزراوەییەكان و بەهاكانی سیاسەتەوە سنووردار دەكرێت. ئەم تێڕوانینە بۆ هێز، كێشەیەك بۆ خوێندنەوەی چەمكی هێز لە نەریتی ڕیئالیستی خۆی دەخاتە ڕوو. بەم واتایە هێز تەنیا بە هەوڵدانی ئەكتەر یان لایەنێك بە مەبەستی كۆنترۆلكردنی كردەی ئەكتەرێكی تر سنووردار ناكرێت (4). بەڵكو لایەنی نەبینراوە و شاراوەی بۆ قەناعەت پێكردن و سەپاندنی خۆی هەیە. بەم پێیە، نەتەوەیەكی خاوەن هێز، كە زانیارییەكانی خۆی، نەك لە ڕێگەی فەرمان و ڕیكلامی ڕاستەوخو، بەڵكو لە ڕێگەی كاریگەریدانانی ناڕاستەوخۆ و تێخزاندنی بایەخەكان و سیمبولەكان لە ناو مێشكی ئەندامانی نەتەوەیەكی دیكە جێبەجێ بكات، لایەنێكی شاراوەی هێزی خۆی دەخاتە گەڕ. ئەم هێزە نەرمە- ناچاركردنی كەسەكانی ترە بۆ ئەو دەرەنجامەی لایەنێك دەیەوێت- هاوبەشكردنیانە لە جیاتی ناچاركردنیان، لە ڕێگەی سەرنجڕاكێشبوون (5).
هێزی نەرم و بە براندكردنی بایەخ و ئایدۆلۆژیاكانی نەتەوەیەك
گرگی ئاماژەكردن بە دەستەواژەیەكی بازرگانیی وەك براند، نواندنەوەی گرنگی هێزی نەرمە. هۆكارەكەشی ڕوونە، وڵاتەكان…وەك براندەكان مامەڵە دەكەن، هەڵە بێت یان ڕاست- براندەكان وەك وڵاتەكان یان دەوڵەتەكان خاوەن تایبەتمەندی و كواڵیتی تایبەت بە خۆیانن. بە براندكردنی تایبەتمەندییەكانی وڵاتێك یان دەوڵەتێك، لە ڕێگەی بایەخ و نۆرمەكان و نواندنەوەیان دەبێتە هۆكاری بەدیهاتنی خەیاڵكردێكی هاوبەش لە ناو مێشكی ئەو كەسانەی لە وڵاتێكی دیكە بەكاریان دێنن. ئەگەر بێتۆ بە براندكردنی نەتەوە یان وڵاتێك لە ڕێگەی بەرهەمەكانیی، وەك تەكنیكێكی ستراتێژیك كەڵكی لێوەرگیرێت، ئەوە خەیاڵكردێكی پۆزەتیڤ لە ناو مێشكی دانیشتوانی وڵات یان خەڵكانی تر بەرهەم دەهێنێت و لە ئاكامدا هێزی نەرم، بێ ئەوەی لە لایەنی سەربازیی كەڵك وەرگیرابێت، ئامانجەكانی خۆی دەپێكێت. هەر بۆیە هێزی نەرم و بە براندكردنی بایەخ و ئایدۆلۆژیاكانی نەتەوەیەك، پەیوەندی ڕاستەخۆیان پێكەوە هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە ڕەنگە لە سەردەمی ئێستاشدا، دزەكردنی هێزی نەرم لە ڕێگەی سینەما، میدیا و میوزیك وەك چڕبوونەوەی هێزی هێمایین، باشترین ڕێگە بۆ دزەپێدان و سەپاندنی هێزی نەرم بێت. ئەم هێزە وەك توانستی دەستێوەردان لە ڕەوتی ڕووداوەكان، و لە ڕاستیدا وەك دروستكردنی ڕووداوەكان، لەسەر كردە و هەڵسوكەوتی كەسانی دیكە كاریگەری دادەنێت. ئەم لایەنە لە هێز دەتوانێت خاوەن ناواخنی ڕوونی ئایدۆلۆژیك بێت یان نەبێت (6).
توانستی ئەم هێزە هێمایینەی پیشەسازی كولتوور، كە خۆی لە سینەما، میدیا و میوزیكدا دەنوێنێتەوە، لە ڕوونانی ڕاستینەی كۆمەڵایەتی كاریگەری هەیە، واتە لەم ڕێگەیەوە، بە هۆی هەڵبژاردن و هەڵاواردنی بایەخەكان و نۆرمەكان، دەكرێ جیهانی ڕاستەقینە بنوێنرێتەوە و وێنا بكرێت. ئەم ڕەوتە، كە خۆی شێوازێكی نەرمی بەكارهێنانی هێزە، ڕێگە دەداتە میدیا تاوەكو وەشانێكی تایبەت لە واقیع پێشكەش بكات. بە گەڕانەوە بۆ پێناسەی نای لە هێزی نەرم، بینەرەكان، بەردەنگەكان وەك ئامانجەكانی هێز پێناسە دەكرێن. گرنگی پێناسەكەی نای لە چەمكسازیكردنی هێزی میدیا وەك فۆرمێكی هێز وایە. بەو هۆكارە كە هێزی میدیا كاتێك كاریگەر دەبێت كە ئەمری واقیع لە ناو مێشكی بەردەنگ و بینەردا سەر لە نوێ بنیات بنێتەوە و هاوكات شەرعییەتی بایەخ و نۆرمی ئایدۆلۆژیكی تایبەتیش پەرە پێ بدات. ئەم ڕەوتە، بە پێی كوڵدری بە سروشتیكردنی هێز-ی لێ دەبێتەوە (7).
ململانێی هێزەكان و تاكتیكەكانی سەپاندنی هێزی نەرم
زیاتر لە چوارسەد ساڵ لەمەوبەر نیكۆلۆ ماكیاڤێلی وەك ئامۆژگارییەك بە شالیاری ئیتاڵیای وتووە، كە زۆر باشترە لێت بترسن نەك ئەوەی خۆشیان بوێیت. بەڵام هاوكات ماكیاڤێلی لەسەر دوو خاڵی هاودژی سروشتیی مرۆڤیش داكۆكیی دەكرد و پێیوابوو مرۆڤ لە ناخەوە دژ بە كۆمەڵایەتیبوونە؛ بەڵام بە پێی پێداویستییەكانی ژیان، بۆ مانەوە لەگەڵ یەكتر پەیوەندیی بە مرۆڤی دیكەوە دەگرێت و خۆشی لە ناو زنجیرە گرووپەكانی ڕكابەردا بە ڕێكخراوە دەبێت، فێر دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ویست و داخوازییەكانی خۆی جڵەو بكات؛ هێور هێور بە مەدەنی بێت و ڕابێت لەگەڵ هاوڕەگەزەكانی خۆی لە ناو سیڤیتاس-ێكدا بژیت. هەر بۆیە لە جیهانی ئەمڕۆدا، وەك سەردەمی ماكیاڤێلی، واپێدەچێت ئەوە باشتر بێت كە هەم لێت بترسن و هەمیش خۆشییان بوێیت؛ هاوكات لەگەڵ ڕكەبەرایەتی لەگەڵ ئەوانی تر، بتوانێت بە ئامرازێكی مەدەنی، ویستەكانی خۆی جێبەجێ بكات. بەڵام ململانێی هێزە ناوچەییەكان و هێزەكانی ناو هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكتر، تا چ ڕادەیەك دەرفەتی بۆ سەپاندنی هێزی نەرمی هێزە ناوچییەكان ڕەخساندووە؟ چۆن دەكرێت سەپاندنی ئەم هێزە نەرمە، لە ڕێگەی پیشەسازی كولتوورەوە، لەلایەن ئەكتەرە ناوچەییەكانەوە پێناسەی بۆ بكرێت؟
سەرەڕای ئەوەی شوناسی نەتەوەكان بابەتێكی چەقبەستوو نییە و بەردەوام لە گۆڕاندایە، بەڵام لایەنە جیاوازەكانی ناسێنەری نەتەوەیی، ستایڵی نەتەوەیی بە درێژایی زەمەن، لە ژێر كاریگەری ئاڵوگۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەگۆڕێت. ئەم دۆخە بۆ هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی ژێر ململانێی هێزە ناوچەییەكان لەوانەیە ڕووەو گۆاڕنێكی خێراتریش هەنگاو بنێت. دزەپێكردنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی-ئیخوانی لە ڕێگەی وەرگێڕانی كتێب- وەك پرۆژە- بڵاوكردنەوەی درامای تەلەڤزیۆنی، شێوازی ماكیاژی ئافرەت، دروستكردنی چێشتخانە و ستایڵی تایبەتیی چێشت لێنان هاوكات لەگەڵ ڕێكلام بۆ بەرهەمەكانی وڵاتێك، میوزیك بە ستایڵی تایبەت هەموویان بە بەشێك لە سەپاندنی هێزی نەرم لە قەڵەم دەدرێن؛ كە لە ساڵانی دواییدا، هێواش هێواش ستایڵی بیركردنەوە و ژیانیان لە هەرێمی كوردستان گۆڕیوە و هاوكات لەسەر بەها و نۆرمە ئەخلاقییەكانی كۆمەڵگەش كاریگەرییان داناوە.
وەك نموونەیەكی بەرچاو، گەشەی بڵاوكردنەوەی دراما توركییەكان لە هەرێمی كوردستان، كارگەرییە ڕاستەوخۆكان لەسەر بەدیهێنانی ئینتیمایەك بۆ ئەو وڵاتە و هەستكردن بە هاوبەشیی لەگەڵیان، دەكرێ وەك بەشێك لە سەپاندنی ئەم هێزە نەرمە میدیاییە سەیر بكرێت. ئەگەرچی لە نەبوونی دەزگایەكی توێژینەوە و ڕاپرسی زانستی لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە چۆنیەتی كاریگەریدانان، دەرەنجامەكان و ئامانجە كۆمەڵایەتی-سیاسییەكان، ناكرێ بە وردی ئاماژە بكرێتە سەر ڕێژەی بینەران و خێزانەكان، بەڵام كارتێكەری ئەم هێزە نەرمەی دراما توركییەكان لە ناسێنەری نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان بە ڕادەیەك بەرچاو بووە كە لە ساڵی ٢٠١٥، هەر ئەو كاتەی توركیا هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەردەوامبوون و تەنانەت لە كاتی هێرشكردن بۆ سەر عەفرین-یش، ئەم هێزە نەرمەی توركیا، بە بەردەوامی لە لایەن هەندێك كەناڵی ناوخۆیی و سەتەڵایتی هەرێمی كوردستان بڵاو دەكرایەوە و لە ناو ماڵەكانیش سەیر دەكرا.
ئەگەرچی نامەی بەرێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی هەولێر، سیروان عوسمان حوسێن، ئاماژە دەكاتە سەر كاریگەری دراما توركییەكان لەسەر زۆر بوونی ڕێژەی تەڵاق لە هەرێمی كوردستان، پێیوایە بڵاوكردنەوەیان لە گەڵ ئادابی كوردەواریی ناگونجێت، دەكرێ وەك نموونەیەك لە پەرچەكردار سەبارەت بەم لایەنەی هێزی نەرم سەیر بكرێت، بەڵام بەردەوامی بڵاوكردنەوەی ئەم چەشنە درامایانەیە ڕەنگە ئاماژەیەك بۆ ئەجێندایەكی سیاسی تێدا بەدی بكرێت. ئەم ئەگەرە وادەكا نەبوونی دەزگایەكی چاودێری و پەسەندكردن بۆ بڵاوكردنەوەی دراماكان، لە لایەكەوە نیشانەی نەناسینی هێزی نەرم لە لایەن بەرپرسەكانی هەرێمەوە بێت و لەلایەكیترەوە ڕەنگدەرەوەی بە براندكردنی وڵاتیك لە ڕێگەی تێخزاندنی بایەخەكانی ئەو وڵاتە بێت.
ئەگەر ئەم كێشەیە لە زۆنێك لە هەرێمی كوردستان بەم ڕواڵەتە بە شێوازێكی زەقتر خۆی بخاتە ڕوو، لە زۆنێكی تر، هێزی نەرمی ئێران لە ڕێگەی دراماكانی ئەم وڵاتە، كە خاوەن ڕواڵەتێكی ئایینین، دامەزراوەی ئایینی و بە تایبەت وەرگێڕانی كتێب- ئەدەبیات و پێشكەشكردنی دەرفەتی پەروەردەیی خۆی جێگیر كردووە. وەك نموونەیەكی بەرچاوی دیكە، لە كاتێكدا سروشتی ئایین لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی لەگەڵ ئێران جیاوازە و دەسەڵاتێك بە ناوی حكومەتی ئیسلامیی بوونی نەبووە، ئەم ڕەوتە لە هێزی نەرم، خۆی لە وەرگێڕانی ئەو كتێبانەدا زەق كردۆتەوە كە لەسەر پرسەكانی حكومەتێكی ئیسلامیی سیاسی یان پێكهێنانی حكومەتێكی ئیسلامیی دەدوێن. نموونەی تریش لە سەپاندنی هێزی نەرم لەم زۆنە بە ڕوونی بەدی دەكرێت، بەڕێوەبردنی كۆنگرەی ئیمام شافعی، گۆڕینی ئایینزای یەكێك لە شێخە سوننەیەكانی كورد-ی هەرێمی كوردستان، پڕۆپاگاندە بۆ بە سیاسیكردنی داب و نەریتی موحەرەم، پیشكەشكردنی دەرفەتەكانی زانكۆ و هەوڵدان بۆ ڕاكێشانی سەرەنجی یەكێك لە شێخەكانی كەسنەزانی، دەكرێ ئاڕاستەیەكی جیاوازتری سەپاندنی هێزی نەرمی ئێران وەك پرۆسەیەكی بەردەوام سەیر بكرێت، كە بە تەواوی لە ڕووی تاكتیك و بەهاكانەوە، جیاوازی لەگەڵ توركیا هەیە؛ بەڵام لە ئاكامدا هەمان ئامانج دەگرێتە بەرخۆی. هاوكات لەگەڵ هەوڵدانانە، هەوڵدانی زۆریش بۆ گۆڕانی ئایینی شەبەكەكان و كاكەییەكان كراوە.
ئەم دوو نموونە كۆنكرێتییە لە ستراتێژی و تاكتیكی ئەم دوو هێزە ناوچەییە وەك ئاماژەیەك بۆ تێخزاندنی هێزی نەرمی هێزە ناوچەییەكان لە هەرێمی كوردستان، دەرخەری هەوڵدانی ئەم دوو وڵاتە بۆ زاڵكردنی نۆرم و بایەخە شاراوەكانی ناو ئایدۆلۆژیا تایبەتەكانی خۆیان بە مەبەستی وەدەستهێنانی باڵادەستییە. ئەگەر لایەنێكی هاوبەشی ئەم هەوڵدانە نەهێشتنی گەشەكردنی پوتانسییەلی هێزی كورد وەك قەوارەیەكی یەكگرتوو بێت، هەر كام لەو دوو وڵاتە ئەجێندای سیاسی تایبەت بە خۆیانیان هەیە. بەڵام هەر كام لە دوو زۆنەكەش، بە هۆی ململانێكانی نێوان خۆیان، ڕەنگە ئەم دەرفەتە بۆ لایەنێكی تر، ڕەخساوتر بكەن. ئەم لێكدانەوەیە لە ململانێی هێزەكان، دەرگا بۆ جەختكردنەوە لەسەر لێكدانەوەیەكی سیاسی بە نیسبەت چەمكی هێز دەكاتەوە.
كاریگەرییەكانی هێزی نەرم لە بەستێنی هەرێمی كوردستان
سروشتی ململانێی سیاسی لە كوردستان، بە هۆی بەرهەمهاتنەوەی تایبەتمەندییە ناوچەییەكانە، كاریگەری هێزە ئیقلیمییەكان و كاركردن بە لۆژیكی نەبینینی مەوادی نێوان ڕەش و سپییە، بە گشتی نەگۆڕ ماوەتەوە. ئەم تایبەتمەندییە وایكردووە چەمكێك لە ژێر ناوی بەرژوەندی نەتەوەیی یان چاكەی گشتی، سەرەڕای ڕیكلام بۆ كردن، پێناسە نەكراو بمێنێتەوە. هەربۆیە ململانێی هێزە ناوخۆییەكان، بەستێنێكی ئامادەكراو بۆ بەكارهێنانی لایەنە جیاوازەكانی هێز دەستەبەر بكات. ئەگەر لە سەردەمی ئێستادا هێزی زبری وڵاتانی ناوچەكە وەك هێرشی ڕاستەوخۆی سەربازیی، چاوترساندن و زەختی ئابووری توانیویەتی تاکەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو لاوازی بەردەوام ببات، هێزە نەرمەكە پوتانسیەلی بیركردنەوە و بەرەنگاربوونەوەكەشی لەناوبردووە. گرنگی بەردەوامیی لایەنەكانی هێزی نەرم لە هەرێمی كوردستان، لە لایەك ئاماژەی ناڕاستەوخۆی شەرعیەت پێدانی هێزی وڵاتانی ناوچەكە و هاوكات ڕەنگدەرەوەی بەربڵاوی و تێكەڵاوبوونی ئاڕاستەكانی هێزی زبر و نەرم لە هەرێمە. لە لایەكی دیكەشەوە بڵاوبوونەوە و كاریگەرییەكەی لە هەرێمی كوردستان، نیشاندەری سەرچاوەكانی هێزی هەر كام لەم وڵاتانەیە. توركیا بە هۆی دەستەبەركردنی بەشێكی زۆرتر لە داهاتی هەندێك لە لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، هێزێكی سەربازیی پۆشتەتر، میراتە مێژووییەكەی وەك ئیمپراتۆری عوسمانی و بوونی پەیوەندی باشتر لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوا، بە بەراورد لەگەڵ ئێران، پوتانسیەلێكی زۆرتری بۆ بەرهەمهێنانی هێزی نەرم لە هەرێم هەبووە.
لایەنێكی گرنگی تری تایبەتمەندیی سەپاندنی هێزی نەرم لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە سەر دابەشكاری عێراق لە نێوان توركیا و ئێران؛ لە دوای ڕووخانی سەدام حوسێن، دابەشكارییەكی نیوە ڕاگەیەنراو لە نێوان ئێران و توركیا بۆ بەشە سوننە و شیعەكەی لە ئارادابوو. هەر ئەم دابەشكارییە وایكرد دوای ٢٠ ساڵ توركیا كاریگەریی زۆرتری لەسەر هەرێمی كوردستان هەبێت. ئەوە ئاماژەیەكی بە هێزە بۆ خوێندنەوەی چۆنیەتی تێڕوانینی توركیا بۆ هێزی نەرم. بە پێچەوانەی ئێران، توركیا هێزی نەرمی وەك هێزی وشیار/زیرەك پێناسە كرد كە خۆی لە سەرچاوەكانی هێزی زبر و هێزی نەرم بەرهەم دەهێنایەوە(8 & 9). بەپێی ئەم چەمكە و سەرنجپێدانی هەوڵەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان، دەكرێ ئاماژە بكرێتە سەر جەختكردنەوەی توركیا لەسەر بوونی هێزێكی سەربازی بە هێز و هاوكات پێكهێنانی دەرفەتی ئابووری، پێكهێنانی دامەزراوە و كۆمپانیا، دروستكردنی بەرژوەندی بۆ هەرێم لە ناو توركیا. ئەمە وایكردووە هەر كام لە دوو زۆنەكە خاوەن بەرژەوەندی جیای ئابووری و سیاسی و هاوكات سەرنجپێدانیان بۆ وڵاتێكی تری ناوچەكە بە مەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز بیت. تێكەڵاوی هێزی زبر و نەرم-ی توركیا لە هەرێمی كوردستان وەك دوو جەمسەری تەواوكەری ستراتیژیای توركیا نیشاندەری كەڵكوەرگرتنی توركەكان لە هاوكێشە سیاسییەكانی نێوان خۆیان و ئێران بووە؛ هەربۆیە دەكرێت دەركەوتە و ڕەنگدانەوەكانی ئەم ململانێی هێزە ناوچەییە لە ناو دەقی ململانێی هێز لە هەرێمی كوردستانیش بە زەقی ببنیرێت.
توانجێكی تر لە جیاتی دەرەنجام
لە دە ساڵی ڕابردوودا، وەك ڕەوتێكی بەردەوام و ئاشكرا، قەبارە و توانستی هەرێمی كوردستان، بە لایەنی یاسایی و حكومییەوە بەردەوام بەرەو كزی هەنگاوی ناوە. دوو ناوچەكە، سەرەڕای ڕیكلامی حیزبی، لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە، بێ لەبەرچاوگرتنی چاكەی گشتی خەڵكەكە، بە ڕووی یەكتردا داخراو ماونەتەوە؛ كە ئاماژە بۆ گەڕانەوی بەرهەمهاتنەوەی ئیمارەتەكانی سەردەمی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و سەردەمی پێش-مۆدێرنە. دامەزراوەكان وەك سەرچاوەی هێزی نەرم، بە میدیا و بە گشتی پیشەسازی كولتووری، وەك شوێنی پلانداڕشتنی سیاسەت، نەیانتوانیوە نە تەنها هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە ئاڕاستەی دامودەزگای ئیلیتی بەڕێوەبەرایەتی سیاسی بكەن، بەڵكو لەسەر بنەمای كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم، نەیانتوانیوە بەرژەوەندی و چاكەیەكی گشتی-ش پێناسە بكەن. ئەم تێڕوانینە بۆ سیاسەت، دەرگای بۆ هێزی نەرم-ی وڵاتانی ئیقلیمی كردۆتەوە تاوەكو بە تێچووەكی زۆر كەم، ئامانجی گەورە بپێكن. ئەگەرچی دەرەنجامەكانی كاریگەریی هێزی نەرم درەنگ خۆی دەخاتە ڕوو، بەڵام هەر ئێستاش دەكرێ ئەم كاریگەرییە لەسەر توێژە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بە ڕوونی ببینرێت. لەوانەیە نەبینینی واقیعەكانی كۆمەڵگە، بە لەبەرچاو نەگرتنی بگۆڕیی سەرچاوەكانی ناسێنەر و شوناس، لە ماوەیەكی زۆر كەمدا، خۆی نەك لە قەیرانی سیاسیی، بەڵكو لە قەیرانە كۆمەڵایەتییەكانیشدا دەربخات، ئەگەر دەستەبژێرە سیاسییەكان، هەروەك خرۆشچۆف لەسەر خولیاكانیان پێداگری بكەن؛ ئەگەر چی وا پێدەچێت ئەوان خەونی گەورەتریان هەبێت.
- Nye, J. S., 2004. Soft Power: the means to success in world politics. New York: Public Affairs.
- Joseph S Nye, 1991, Bound To Lead: The Changing Nature Of American Power Paperback, 1991, 29.
- Naren Chitty, L. J. (Ed.). (2017). The Routledge Handbook of Soft Power. New York: Routledge. 10
- Lukes, S 1974, Power, MacMillan, London. P2.
- Joseph S.Ney, J. (2004). Soft Power: The Means To Success in World Politics. New York: Public Affairs.5.
- Couldry, N 2003. Media Rituals A Critical Approach, London, Routledge. 38.
- Couldry, N 2000, The place of media power: pilgrims and witnesses of the media age, Routledge, London. P. 5.
- Nye, J. S., 2004. Soft Power: the means to success in world politics. New York: Public Affairs.
- Nossel, S., 2004. Smart Power. Foreign Affairs, 83(2), pp. 131-142.
وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (9)، ساڵی سێیەم، تشرینی دووەمی2023