• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 15, 2025

کەمالیزم

(Kemalizm)

ئامادەکردنى: تورکیاناسی

کەمالیزم ئاماژەیە بۆ ئایدۆلۆژیایەک، کە جەخت لە سەر ئەو بنەمایانە دەکاتەوە، کە لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک (Mustafa Kemal Atatürk)ی دامەزرێنەری کۆماری تورکیاو یەکهەم سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەوە (١٩٢٣-١٩٣٧) دانراون.
ئەم ئایدۆلۆژیایە لە سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە ناو خەڵکی تورکیادا بڵاوبووەوەو ئەتاتورک‌و دارودەستەکەی سەرجەم ئامڕازە ڕێگەپێدراوو ڕێگەپێنەدراوەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەو جێگریکردنی بەکارهێناوە. لەگەڵ زاراوەی کەمالیزمدا، زاراوەکانی کەمالیست (Kemalist)، ئەتاتورکی (Atatürkçülük)، کەمالیزمی نەتەوەپەرست (Milliyetçi Kemalizm)، کەمالیزمی نەتەوەیی (Ulusalcı Kemalizm)، کەمالیزمی لیبراڵ (Liberal Kemalizm) بۆ هەمان ئایدۆلۆژیا یان بۆ گرووپێکی دیاریکراوی سەر بەم ئایدۆلۆژیایە بەکاردەهێنرێت. بە بڕوای بەشێک لە شارەزایان، “ئەگەر کەمالیزم ئاماژە بێت بۆ ئایدۆلۆژیایەکی گشتی‌و فراوان لە چوارچێوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی‌و ئایینیدا، ئەوا ئەتاتورکی؛ ئاماژەیە بۆ هەمان ئایدۆلۆژیا بۆ ژیانی تایبەتی، خێزانداری، دونیابینیی کەسێتی‌و پەروەردەی تاک” لە کۆمەڵگای تورکیادا.
کەمالیزم ئایدۆلۆژیایەکە لە سەروبەندی ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، جەنگی ڕزگاری‌و دامەزراندنی کۆماری تورکیادا لە سەر بنەمای گۆڕانکاری/ ڕیفۆرمی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری‌و ئایینی هاتووەتەکایەوە. ئەو گۆڕانکارییەی کە بایەخدەدات بە خوێندنی خۆڕایی‌و زۆرەملێ، وەرزش‌و دەستڕەنگینی، پشتیوانیی دەوڵەت بۆ خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، گەشەپێدانی ئابووری‌و بەپیشەسازیکردنی وڵات. لێرەوە کەمالیزم هەوڵیداوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کۆماری، سیکۆلار، نەتەوەیی‌و پاڵپشت بە دیموکراسیی ڕۆژئاوایی بۆ تورکیا.
ئامانجی سەرەکی لەو گۆڕانکارییانەیش وەک ئەتاتورک ئاماژەیپێداوە، “گەیشتن بە ئاستی شارستانیەتیی سەردەم‌و بەدەستهێنانی شێوەی ژیانێکی هاوچەرخ” بووە، هەر بۆیە بەشێک لە خەڵکی تورکیاو تەنانەت دەرەوەی ئەو وڵاتەیش، کەمالیزم وەک ئایدۆلۆژیای سەرەکی‌و پایەی بیری کۆماری تورکیا هەژماردەکەن.
ڕەگوڕیشەی کەمالیزم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە کۆتاییەکانی فەرمانڕەوایەتیی عوسمانی، بە تایبەتی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم‌و سەردەمی تەنزیمات. هەرچەندە لە ناوەڕاستی ئەو سەدەیەدا گرووپێک بە ناوی گەنجانی عوسمانی (Genç Osmanlılar)یەوە لە پێناوی چەسپاندنی بیری نەتەوەپەرستی، دروستکردنی هەستی نەتەوەیی لە لاى خەڵکی‌و ڕەوایەتیدان بە دامەزراندنی ڕژێمێکی نوێدا جەختیان لە سەر ئایدۆلۆژیای عوسمانی (Osmanlıcılık İdeolojisi) دەکردەوە.
لە سەرەتای سەدەی بیستهەمیشدا گرووپی گەنجانی تورک (Jön Türkler) دامەزرا، لە سایەی ئەم گرووپەدا بیری سیکۆلاریزمی‌و نەتەوەپەرستیی تورکی هاتەکایەوە، بە تایبەتی لە سایەی گرووپی ئیتتیحادو تەرەقی (İttihat ve Terakki) بیری سیکۆلاریزم‌و ناسیۆنالیستی تورکی لایەنگرێکی زۆری پەیداکرد.
دوای ڕوخانی عوسمانییەکان، کەمال ئەتاتورک، کە زۆر کاریگەر بوو بە ئەزموون‌و بیری هەردوو گرووپی گەنجانی عوسمانی‌و گەنجانی تورک، بە ئیلهاموەرگرتن لە سیکۆلاریزم‌و نەتەوەپەرستیی تورک لە ساڵی (١٩٢٣) کۆماری تورکیای ڕاگەیاندو چەندین گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سەرجەم بوارەکاندا کرد.
دواجار کەمالیزم لە سەر بنەمای شەش تیر (ڕم) (Altı Ok) جێگیربوو. ئەو (٦) تیرە گوزارشتە لە (٦) دەستەواژە، کە ئاماژەن بۆ بنەما پێکهێنەرەکانی ئایدۆلۆژیای کەمالیزم، کە بریتین لە “کۆماری، نەتەوەیی، جەماوەری، دەوڵەتی، سیکۆلاریزمی، شۆڕشگێڕی”. هەر ئەم شەش بنەمایە بوون بە پایەی بنەڕەتیی دامەزراندنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)و لە شێوەی شەش ڕمدا ئەو بنەمایانە لە ئاڵای پارتەکەدا ڕەنگیداوەتەوە، هەتا ئێستایش جەهەپە بە ئاڵاهەڵگرو میراتگری بیری کەمالیزم دادەنرێت.
ئایدۆلۆژیای کەمالیزم تەنها لە چوارچێوەی پارتێکی سیاسیی وەک جەهەپەدا قەتیسنەبووە، بەڵکو بیری کەمالیستی لە ناو زۆربەی پارتە سیاسی‌و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا بڵاوبووەتەوە، واتە دەکرێت هاوڵاتییەکی تورکیا لە یەک کاتدا ئەندام‌و لایەنگری پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی)ی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بێت‌و کەمالیستیش بێت.
لێرەوە دەگەین بەو ڕاستییەی کەمالیزم وەک زاراوەو ئایدۆلۆژیایەک تەنها لەلایەن چەپڕەوەکانی تورکیاوە بایەخیپێنادرێت، بەڵکو بەشێک لە ئیسلامی‌و پارێزکارەکانیش بیری کەمالی پەسەنددەکەن، بەڵام ئەمانە زیاتر زاراوەی ئەتاتورکی بۆ ئایدۆلۆژیاکەیان بەکاردەهێنن، ئەمەیش بۆ خۆجیاکردنەوەیان لە چەپڕەوەکانی تورکیا، کە پشتیوانی لە جێبەجێکردنی ئەو بنەمایانە دەکەن، کە ئایدۆلۆژیای کەمالیزم بانگەشەی پابەندبوون پێیانەوە دەکات.
بە بڕوای کەمالیزمە چەپڕەوەکان تاکە زاراوەی دروست بۆ ئەم ئایدۆلۆژیایە بریتییە لە “کەمالیزم”، ئەمەیش کۆی ئەو بنەمایانە دەگرێتەوە، کە بە هۆیەوە “کۆماری تورکیای مۆدێرن بنیاتنراوەو لە ڕێگەی گۆڕانکاریی ڕیشەییەوە لە سەرجەم بوارەکاندا دەوڵەت لەگەڵ دامەزراندنیدا ڕزگارکراوە لە بیری دواکەوتوویی‌و دوور لە شارستانیەتی ڕۆژئاوا”، بەڵام ئەتاتورکییەکان کە زیاتر خۆی لەو کەس‌و گرووپانەدا دەبینێتەوە، کە خاوەن باکگراوندی ئیسلامی/ پارێزکارن‌و ئەتاتورک وەک ڕزگارکەری تورک‌و دامەزرێنەری کۆماری تورکیا دەبینن. پێیانوایە کەمالیزم ئایدۆلۆژیا نییەو پاشگری /_یزم/ (/izm_/)یش هەڵەیە دابنرێت، بەڵکو تەنها زاراوەی کەمالی (Kemali) بەکاردەهێنن، ئەمەیش وەک “شێوازێکی بیرکردنەوە”، کە تەواوی “لایەنە ئەرێنییەکانی سیستەمی فەرمانڕەوایی” لەخۆدەگرێت. لەم دوانەیش جیاوازتر گرووپی سێهەمە، کە بە “کەمالیستی ڕاستڕەو (Sağ Kemalist) ناودەبرێن، ئەم گرووپە پێیانوایە “نەتەوەپەرستی” بەردی بناغەو درێژەپێدەری کەمالی یان ئەتاتورکییە.
لە پێناوی قایمکردنی جێپێی ئایدۆلۆژیای کەمالیزم لە دەوڵەت‌و کۆمەڵگەدا، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە زمانی تورکیدا کراوە. دەیان هەزار وشەو چەندین پیتی تورکی/ عوسمانی گۆڕدران بۆ پیتی تورکی/ نوێ (لاتینی)، لە ساڵی (١٩٢٨) لە ژێر ناوی ڕیفۆرمی پیت/ هەڵگێڕانەوەی پیت (Harf İnkıabı)دا وەک بەشێک لە ڕەخنەگرانی کەمالیزم جەختی لە سەر دەکەنەوە، لە شەوو ڕۆژێکدا نەتەوەیەک نەخوێندەوارکرا”.
چەسپاندن‌و بەردەوامیدان بە ئایدۆلۆژیای کەمالیزم لە سەر خوێنی دەیان هەزار هاوڵاتیی تورکی خاوەن ئایدۆلۆژیا ئیسلامی‌و کوردی نەتەوەیی‌و هەر هاوڵاتییەکی تورکیا بووە، کە دژایەتیی بنەما سەرەکییەکانی ئەم ئایدۆلۆژیایەی کردبێت. لەم چوارچێوەیەدا چەندین نموونەی وەک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، جوڵە نەرم‌و بێدەنگەکانی شێخ سەعیدی نورسی (کوردی)، قەتڵوعامی دۆڵی زیلان، شۆڕشی دەرسیم، دامەزراندنی پارتی دیموکرات لەلایەن عەدنان مەندەرەس‌و بزوتنەوەی بیری نەتەوەیی (Milli Görüş) لەلایەن نەجمەدین ئەربەکان‌و دەیان شێوازو دامەزراوەی دیکەی بەرەنگاربوونەوەی کەمالیزم لە لایەن کوردو ئیسلامییەکانی تورکیاوە هەیە.
لە هەمان کاتدا ئایدۆلۆژیای کەمالیزم‌و سوپای تورکیا پاڵپشتێکی گەورەی یەکتری بوون‌و بە درێژایی مێژووی کۆماری تورکیا، چەندین جار سوپا بە بەهانەی پاراستنی بنەماکانی کەمالیزم کودەتای بە سەر سەرۆککۆمارو حکومەت‌و پەرلەمانی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵکەوە کردووە، هەڵگرانی ئاڵای کەمالیزمیش پشتیوانیی خۆیان بۆ کودەتاچییەکان ڕاگەیاندووەو هەر کەسێک دژیان وەستابێتەوە، بە زەبری ئاگرو ئاسن سەرکوتکراوە. بەڵگەیش بۆ ئەمە، کودەتاکانی (١٩٦٠، ١٩٧٢، ١٩٨٢، ١٩٨٩و ١٩٩٧)ە، کە ئەمەی دواییان کودەتایەکی سپی بوو بە سەر حکومەتەکەی نەجمەدین ئەربەکان‌و هێزو لایەنە ئیسلامی‌و پارێزکارەکاندا.
جگە لەوەی هەتا ئێستا کەمالیزم بە سەرجەم ڕێگاو شێوازەکان بڵاودەکرێتەوەو وەک بەشێک لە وانەکان لە ناوەندەکانی خوێندندا پەرەیپێدەدرێت، بە سەدان توێژینەوەی زانستیی کورت‌و نامەی ماستەرو تێزی دکتۆرای لە سەر ئامادەو بڵاوکراوەتەوە. ژمارەیەکی زۆر دامەزراوەی دەوڵەتیی وەک “سوپا، دەزگای مێژوویی تورکیا (TTK)، دەزگای زمانەوانیی تورکی (TDK)، زانکۆی ئەتاتورک، دەزگای باڵای زمان‌و مێژوویی ئەتاتورک (AKDTYK)و کتێبخانەی ئەتاتورک لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ (İstanbul Büyükşehir Belediyesi Atatürk Kitaplığı)و دەیان دامەزراوەو ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی وەک “ناوەندی کولتووریی ئەتاتورک (AKM)، ناوەندی توێژینەوەکانی ئەتاتورک (AAM)و ئینسکلۆپیدیای ئەتاتورک”، لە ڕێگەی چالاکیی جۆراوجۆرەوە خزمەتی ئایدۆلۆژیای کەمالیزم دەکەن.
گرنگترین ئەو ڕەخنانەی لە کەمالیزم دەگیرێن، بریتین لە “ئایدۆلۆژیایەکە دەسەڵاتی دەوڵەت بەرەو تاکڕەوی‌و تاکحیزبی دەبات، یەکنەگرتنەوەی پایە سەرەکییەکانی لەگەڵ دیموکراسیدا، پێگەیاندنی یەک جۆر مرۆڤ‌و بیرکردنەوە، بە زۆر سەپاندنی بە سەر خەڵکدا، شکستهێنانی لە گەشەپێدانی ئابووریدا، جێبەجێکردنی بیری فاشیزمی نەتەوەپەرستی، سەپاندنی سیکۆلاریزم وەک ئایدۆلۆژیای دەوڵەت‌و کۆمەڵگە بە سەر خەڵکیدا، ڕەتکردنەوەی ئایین‌و نەتەوەکانی دیکەو گوشارو ستەم بۆ سەر گرووپە ئایینییەکان‌و نەتەوەکانی جگە لە تورک”.
سەرەرای بڵاوبوونەوەی بەردەوامی بیری کەمالیزم، لەگەڵ ئەوەیشدا خەڵکێکی زۆر بە تایبەت گرووپە ئیسلامییەکان‌و کوردەکان دژایەتیی ئەم ئایدۆلۆژیایە دەکەن‌و بە “پڕۆژەیەکی موفلیس، سەرنەکەوتوو، چەقبەستوو، دەرگایەک بۆ فاشیزمی ئایینی/ نەتەوەیی، گوشارو ستەم، نیشاندانی باڵادەستی‌و خۆبەگەورەزانینی گرووپێک یان نەتەوەیەک بە سەر گرووپ‌و نەتەوەیەکی دیکەدا” وێنایدەکەن. ئەم بۆچوونە دژەی کەمالیزم بە تایبەت لە سەرەتای سەدەی بیستویەکهەم‌و هاتنەسەر دەسەڵاتی ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و گرووپێکی پارێزکارو میانڕەو بەرانبەر ئایین‌و نەتەوە لە گەشەی بەردەوامدایەو وەک تەوژمێکی نوێ بە دژەکەمالیزمییەکان (Kemalizme Karşıt/Anti Kemaliz ) ناودەبرێن.
ماوەتەوە بڵێین، بەشێک لە پشتیوانانی کەمالیزم خۆیشیان ڕەخنەی توندیان لە بەرپرسانی باڵای دەوڵەت بە تایبەت بەرپرسە سەربازییەکان گرتووەو بە خیانەتکار لە ئایدۆلۆژیای کەمالیزم تۆمەتباریانکردوون، ئەمەیش بە تایبەت دوای کودەتا سەربازییەکەی (١٢)ی ئەیلوولی (١٩٨٢) بە سەرۆکایەتیی ژەنەراڵ کەنعان ئێڤرەن، ئەمەیش دوای دانانی دەستوورێکی سەربازیی کەمالیزمییانەی تێکەڵ بە فاشیزم‌و داخستنی ژمارەیەکی زۆر دامەزراوەی مەدەنیی سەر بە دەوڵەت، کە تەنانەت خزمەتیان بە ئایدۆلۆژیای کەمالیزمیش کردووە، هەر بۆیە بەشێک لە نوسەران‌و بەرگریکارانی ئایدۆلۆژیای کەمالیزم بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە “دوای کودەتاکەی (١٢)ی ئەیلوولی (١٩٨٢) لە سایەی کەنعان ئێڤرەن‌و دەستوپێوەندەکەیدا، کەمالیزم گۆڕاوە بۆ کەنعانیزمی فاشیست”.

Send this to a friend