هەواڵسازان: زەیركیی دەستكرد و ئایندەی ڕۆژنامەنووسی
ئامادەكردن: ئایندەناسی
كتێبی ”هەواڵسازان: زیرەكیی دەستكرد و ئایندەی ڕۆژنامەنووسی” (Newsmakers: Artificial Intelligence and the Future of Journalism)، لە لایەن فرانچێسكۆ ماركۆنی (Francesco Marconi) نووسراوە و ساڵی 2020 لە لایەن چاپەمەنیی زانكۆی كۆڵۆمبیا بڵاو كراوەتەوە. ماركۆنی؛ نووسەر، لێكۆڵەر و پسپۆڕی بواری زیرەكیی دەستكرد و ڕۆژنامەنووسییە، وەكوو یەكەمین سەرۆکبەشی لێكۆڵینەوە و پەرەپێدان لە ”واڵ ستریت جۆرناڵ” (Wall Street Journal) كاری كردووە، توێژەری ئەندامە لە ”MIT Media Lab” و ناوەندی ”Tow Center for Digital Journalism” لە زانكۆی كۆڵۆمبیا.
لەم كتێبەدا نووسەر هەوڵی داوە كاریگەرییەكانی زیرەكیی دەستكرد لەسەر پیشەی ڕۆژنامەنووسان و چۆنیەتیی خۆگونجاندنیان لەگەڵ ئەم تەكنەلۆژیایە ڕوون بكاتەوە و زیاتر لە هەر بەشێكی دیكەی ڕۆژنامەنووسی؛ جەختی لەسەر بەشی هەواڵسازی و كاركردی زیرەكیی دەستكرد لەم لایەنەوە كردووە. ماركۆنی بە بەراوردێک لە نێوان شێوازە كۆن و نوێیەكانی ڕۆژنامەنووسی، هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەدات كە ئایا تەكنەلۆژیای زیرەكیی دەستكرد دەبێتە جێگرەوەی ڕۆژنامەنووسەكان و كۆتاییان پێ دەهێنێت، یان دەبێتە هۆكارێک بۆ بەرەوپێشبردنی پیشەكە؟ چۆن دەتوانین متمانە بەم دیاردە نوێیە بكەین و مامەڵەی لەگەڵدا بكەین؟
كتێبەكە لە سێ بەشی سەرەكی پێک هاتووە؛ لە بەشی یەكەمدا بە ناونیشانی: “ئاریشە، مۆدێلی ڕۆژنامەنووسی لە گۆڕاندا”، نووسەر باس لە دوو مۆدێلی كۆن و نوێی ڕۆژنامەنووسی دەكات و جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەكاتەوە كە چیتر شێوازە كۆن و نەریتییەكەی ڕۆژنامەنووسی وڵامدەرەوەی پێویستی و كێشەكانی ئێستا نییە و پێویستە لەگەڵ شێوازی نوێدا جێگۆڕكێی پێ بكرێت. لە مۆدێلی نوێی ڕۆژنامەنووسیدا بە هۆی تایبەتمەندییەكانی وەک: خێرایی و ساتیبوونی هەواڵەكان، فراوانبوونی ڕووبەری زانیارییەكان و شرۆڤەی ئەلگۆریتمی زانیارییەكان و گۆڕانی سەرچاوەكانی داهات؛ وەرچەرخانێک لە پیشەسازیی میدیا دێتە كایەوە، بە جۆرێک كە هەوڵەكان بە خێراییەكی زیاتر دەگاتە خەڵک، زانیاری و شرۆڤەكان وردتر دەبن، هەروەها بە هۆی ڕۆڵی پڕوپاگەندەی دیجیتاڵی، بەشداریی ئۆنلاین و شێوازە نوێیەكانی بەدەستهێنانی داهات، سەرچاوەكانی داهات بەرەو باشتربوون هەنگاو دەنێن و شێوازە كۆنەكان وەلا دەنێن. بۆیە لەم ڕۆژگارە نوێیەدا ژووری هەواڵی میدیاكان ناچارن كەرەستە و ئامرازی نوێی دیجیتاڵی بەكار بهێنن.
لە بەشی دووەمدا بە ناونیشانی: “تواناپێدەرەكان، زیرەكیی دەستكرد چۆن ڕۆژنامەنووسی دەگۆڕێت؟”، باس لە ڕۆڵی زیرەكیی دەستكرد لە گۆڕانكارییەكانی ڕۆژنامەنووسی دەكات و ئەوە دەخاتە ڕوو كە بە چ شێوەیەک هاوكاریی نێوان مرۆڤ و تەكنەلۆژیا دەتوانێت یارمەتیی پڕۆسەی ڕۆژنامەنووسی بدات. نووسەر ئەو گریمانەیە ڕەت دەكاتەوە كە زیرەكیی دەستكرد شوێنی ڕۆژنامەنووسان لەق بكات، بە پێچەوانەوە ئەلگۆریتمەكان یارمەتیدەرێكی باش بۆ ئامادەكردنی بابەتەكانی وەک ڕاپۆرتە داراییەكان، هەواڵە وەرزشییەكان و دۆخی ئاووهەوا دەبن.
لە بەشی سێیەم و بە ناونیشانی: “ڕەوتی كار، چوارچێوەیەک بۆ گۆڕینی ژووری هەواڵ”، ماركۆنی چۆنیەتیی هاوتەریببوونی كاری ڕۆژنامەنووسی لەگەڵ زیرەكیی دەستكرد ڕوون دەكاتەوە. نووسەر پێی وایە چیتر ڕۆژنامەنووسی بە شێوازی ڕابردوو سوودی نەماوە و پێویستی بە خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییە دیجیتاڵییە نوێیەكاندا هەیە و نموونەی دامەزراوەی میدیایی واشنتن پۆست دەهێنێتەوە كە خۆی لەگەڵ جیهانی نوێی ڕۆژنامەنووسیدا گونجاندووە و لە ئامادەكرنی هەواڵەكاندا پشت بە زیرەكیی دەستكرد دەبەستێت.
ماركۆنی لە ئەنجامگیرییەكی بەرهەمەكەیدا پێی وایە زیرەكیی دەستكرد بە مەبەستی جێگرتنەوە و لادانی ڕۆژنامەنووسەكان نەهاتووە، بەڵكوو تەنیا هەشت بۆ دوانزە لە سەدی ئەركەكانی ئێستای ڕۆژنامەنووسان لە لایەن بەرنامە و ئامێرەكانی تایبەت بە زیرەكیی دەستكرد ئەنجام دەدرێن و لە ڕاستیدا بووەتە هۆی ئەوەی سەرنووسەران و ڕۆژنامەنووسان بە ئاڕاستەی بەرهەمهێنانی ناوەرۆک و بەرنامەی بەبەهاتر هەنگاو بنێن. بۆ نموونە: لە بابەتەكانی وەک چاوپێكەوتنی تایبەت، شیكار و لێكدانەوە، ڕۆژنامەنووسی لەسەر بنەمای زانیاری و …، سەرجەمیان لەو بوارانەن كە زیرەكیی دەستكرد دەتوانێت یارمەتیدرەێكی باش بۆ بەرەپێشچوونی كارەكانی ڕۆژنامەنووسان بێت. زیرەكیی دەستكرد ئەو هەلە بە ڕۆژنامەنووسان دەبەخشێت كە هەواڵەكان بە خێراییەكی زیاتر بڵاو بكەنەوە و لە هەمان كاتدا كاتێكی زیاتریان بۆ شرۆڤە و بنكۆڵكاریی قووڵتری هەواڵەكان بۆ بگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، نووسەر ئاماژە بەو خاڵەش دەكات كە سەرباری هەموو لایەنە باش و خزمەتگوزارییەكانی زیرەكیی دەستكرد، بەڵام چاودێریی بەردەوام پێویستە و پشتبەستنی ڕەها هەڵەیە. بۆیە دواجار پێویستە ڕۆژنامەنووسان و لێكۆڵەرانی بواری میدیا بەرەو كاركردن و ڕاهێنان لەگەڵ زیرەكیی دەستكرد هەنگاو بنێن، بە پێچەوانەوە لە ڕكابەریی میدیایی دوا دەكەون.