جۆو بایدن، ئەو هەڵە گەورانەی لە ئەفغانستان ئەنجامت دان، لە عێراق دووبارەیان مەکەرەوە
نووسین: ڤیکتۆریا کۆتس و سیمۆن لەدین
وەرگێڕان: بارین توانا
لەگەڵ بڵاوبوونەوەو پەرەسەندنی ناسەقامگیریی سیاسی لە عێراق، پێویستە لەسەر ئیدارەی بایدن کە ئەو بەرەنگارییە قبوڵ بکات و ئەو هەڵەیەی لە ئەفغانستان ڕوویدا دوبارەی نەکاتەوە.
دوابەدوای هەڵبژاردنی کۆتایی پەرلەمان لە ساڵی ڕابردوودا، هەرکەسێک چاودێری دۆخی عێراق بکات نابێت سەری بسوڕمێت لەو توندوتیژیانەی لە بەغداد سەری هەڵداوە.
ماوەی چەند مانگێکە لایەنە سیاسییەکان لە پێکهێنانی حوکمەتێکی زۆرینە سەرکەوتوو نەبوون. موقتەدا سەدر ڕێبەری رەوتی سەدر؛ ئەو پیاوەی لە دوای داگیرکردنی ئەمریکییەکان بۆ عێراق، ئاگری خوێنڕشتنەکانی عێراق خۆش دەکات، ئێستا خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانییە، بەڵام ئەم ژمارەیە هێشتا بەس نییە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی. لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا موقتەدا بڕیاریدا کە فشارەکانی زیاد بکات.
ڕۆژی شەممە سەدر ماوەی 72 کاتژمێری دیاری کرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و ڕایگەیاند لە ئەگەری چارەسەرنەبوون و نەگەیشتنە ئەنجام، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان لە حوکمەت بکشێنەوە بۆ ئەوەی ئەو لایەنە سیاسییانەی تازە دروستبوون لە جێگەی ئەوان بێنە نێو پرۆسەی سیاسیەوە، هەروەها ڕای گەیاند کە توندوتیژی کۆتا پەناگە بێت. بە نموونە داخستنی زۆرینەی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق.
ڕۆژی دووشەممەش لە کاتێکدا شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەی سەوز سەری هەڵدا، سەدر هەڕەشەکەی دووپات کردەوە و هەندێک لە شوێنکەوتووانی سەدریش کێڵگەی نەوتییان داگیرکرد .
ئەمە لەکاتێکدا سەدر بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەیەوێت ئاشتی و ئاسایش بگەڕێنێتەوە، بەڵام بەڕوونی دیارە کە توانای تەواوەتی دروستکردنی ئاژاوە و توندوتیژی لە بەغدا هەیە و ئەوەی لە دوای ئەوەوە ڕودەدات چاوەڕوان کراوە.
لە کاتێکدا ئەمریکییەکان هۆکاری ئاشکرایان هەیە بۆ ئەوەی لە چارەسەری ناکارایی سیاسی و گەندەڵیی بەردەوام لە عێراقدا بەشداربن، ئەم مەترسییە ڕوونی دەکاتەوە کە دوو ڕاستی و حەقیقەتی گرنگ هەن کە جێگەی سەرنج و گرنگی پێدانن، ئەوانیش:
– ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانی گەورەی وزەی جیهانی و کاریگەری دەستتێوەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق.
– هەناردەی نەوتی عێراق، ڕۆژانە ٣.٢٥ ملیۆن بەرمیلە بۆ جیهان، ئەمە تێکچونی سیاسیی گەورە هەڵدەگرێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی نەوت، لە کاتێکدا ئەگەر جیهان بەردەوام بێت لە سنوردارکردنی هەناردەی نەوتی ڕووسیا.
بە واتایەکی دیکە، ناسەقامگیری و شەڕ لە عێراق، دەتوانێت کاریگەری گەورە و شۆکهێنەری هەبێت بۆ شکاندنی بازاڕەکانی وزەی جیهان، ئەم هۆکارە بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە لە ئەمریکا. بەڵام کاریگەریی ئەوتۆی نابێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئیدارەی بایدن هەنگاوی خێرا بنێت بۆ ئەوەی ئەمریکا لەو بابەتە دور بخاتەوە.
بایدن و سکرتێرەکەی لەسەر ئەم کێشەیە ترسی گەورەیان هەیە و دوودڵن لەوەی کە ئایا دەبێت شازادەی سعودیە و نەوتەکەی بە خراپ نیشان بدەن، یاخود لێی بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی بەرهەمی نەوت و کەرتی وزە زیاد بکات بۆ بە دەستهێنانی بەرهەمە خامەکان.
باشترین ڕێگا بۆ پاراستنی ئەمریکا لەم پێشهاتە سەختە بریتییە لەوەی کە دامەزراوەکە دوودڵی و سەرلێشێواوی خۆی بڕەوێنێتەوە و ڕێکبکەوێت لەسەر ڕێکارەکانی لە ئایندەدا و ڕێگە بە بەرهەمهێنانی گاز و نەوت لە نێوخۆدا بدات.
بەکارهێنانی ستراتیژی یەدەگی نەوتی وڵات وەک یارییەکی سیاسی، پێویستە بوەستێت و تاکە بڕگەی بەسوود لە یاسای ئەم دواییەی (کەمکردنەوەی هەڵئاوسان)، بریتییە لە زیادبوونی ژێرخانی ناوەکی نێوخۆیی کە پێویستە زووتر کاری پێبکرێت. بایدن بانگهێشتی وڵاتانی گەشەسەندووی ئەوروپا دەکات، لە بواری قەیرانی وزە بۆ کەنارەکانی ئێمە، بۆ ئەوەی بەرهەمی وزەی کارای ئەمریکا زیاد بکات. ئەگەر لەحاڵەتێکدا عێراق چیدی نەتوانێت بەشداربێت لە نەخشەی وزەی جیهاندا کاریگەری ئەوتۆی نابێت.
لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی کێشە ئاسایشییە گرنگەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە، کە لە نێوچەکەدا ڕۆڵ دەگێڕێت، پێویستە واشنتۆن لە مامەڵەکانی لەگەڵ عێراق لەودیو بەغداوە بڕوانێت. لەم چەند ڕۆژەی دواییدا لەلایەن سوپای ئەمەریکا(کە لە عێراقەوە چالاکیەکانیان ئەنجام دەدەن)، ئێرانییەکان لە سوریا هێرشیان کراوەتەسەر، لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمەریکاش لە عێراق، وەک هەولێر لە کوردستان یان بنکەی ئاسمانیی ئەلئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، تۆڵەیان لێ کراوەتەوە، هەردوو ناوچە گرنگن بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت ئەم جۆرە چالاکییانە ئەنجام بدات.
هەرچەند نیەتەکە باش بێت، پێشینە بۆ عێراقێکی یەکگرتوو بووە هۆی ئەوەی بەغدا گێچەڵ بە هەموو وڵاتێک بگێڕیت بۆ نموونە کوردستان.
لە نێو هەموو عێراقییەکاندا کورد باشترین و دڵسۆزترین دۆستی ئەمریکا بووە .پاراستنی سەقامگیری لە کوردستان لە ئەگەری تێکچوونی فراوانتری عێراق، لەوانەیە باشترین هەڵبژاردەی ئەمریکا بێت بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی لەو وڵاتەدا، ئەم کاریگەرییە سوودی دەبێت بۆ هێشتنەوەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی کوردستان لەبازاڕدا.
جێپێی ئەمەریکا لە بنکەی ئەلئەسەد لە فڕۆکەخانەی بەگرام لە ئەفغانستان دەچێت کە لەدەستچوو بە هۆی بڕیارێکی جۆ بایدنەوە.
بنکەی ئەلئەسەد فراوانە، بەڵام پارێزراوە و بەکارهێنانی زۆرە، لە چاودێرییەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر.
لە ماوەی کشانەوەی سەرۆک ئۆباما لە عێراق لە ساڵی 2011، بنکەکە ڕادەستی حکومەتی عێراق کرا پاش ئەوە لەلایەن داعشەوە داگیرکرا و کۆنترۆڵ کرا، تا سوپای ئەمەریکا عێراق بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆریستییە لە ساڵی 2014دا گەڕایەوە.
دەبێت ئیدارەی بایدن لە وانەکانی ئەفغانستان فێر بێت لەبری ئەوەی جارێکی تر واز لەو بنکانە بهێنێت، پێویستە پلانی پاراستنی ئەلئەسەد پەرە پێبدات.
بە هۆی زیادبوونی دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەری ئەوە هەیە دەستدرێژییەکان زیاد بکەن و زیاتر هەڕەشە لە هاوبەشە هەرێمییەکانمان بکەن، دەبێت ئێمە کاریگەری سەرەکی بهێڵینەوە.
بەدرێژایی ئەم هۆکارانە پێویستە باڵیۆزخانە زۆر گەورە و ناپێویستەکەی ئەمریکا لەبەغدا پێداچوونەوەی بۆ بکرێتەوە.
ئەم باڵەخانە زەبەلاحە کە زیاتر لە ملیارێک دۆلاری تێدەچێت، بووەتە سیمبولی زیادەڕۆیی ئەمریکا لە عێراق، دەستەودامان دانیشتنی ئەمریکا پیشان دەدات، لە کاتێکدا چەک و هێزەچەکدارەکان ناوچەی سەوزیان تەنی، لەبری پاراستنی باڵیۆزخانەکە وەک ئەوەی لەئەفغانستان ڕوویدا. دەبێت هەڵسەنگاندن بکەین کە چۆن دیبلۆماتکارەکانمان بپارێزین و چ نوێنەرایەتییەکی ئەمریکا پێویستە لە هەولێر و لە ئەسەد لە ئەگەری ڕووخانی تەواوی حکومەت لەبەغددا.
لەگەڵ یەکەم ساڵیادی ڕووخانی حکومەتی ئەفغانستان، کە مانگی ڕابردوو بوو، وەرچەرخانێکی تر لەڕێیە؛ ئەویش لە مانگی ئاداری داهاتوودا یادی 20 ساڵەی داگیرکردنی ئەمریکایە بۆ سەر عێراق. بەسەرسوڕمانەوە، ئیدارەی بایدن هەوڵی داوە کە کەوتنی ئەفغانستان وەک باشترین دەرئەنجام بخاتە بەرچاو.
ئەم گومانە زەنگی ئەوە لێدەدات کە بایدن هەوڵ دەدات هەمان یارییە سیاسییە بەدئەنجامەکەی ئەفغانستانی خۆی لە عێراق دووبارە بکاتەوە.
ئەم شکستە پێشوەخت نییە و دەتواندرێت ڕێگری لێبکرێت، گەر بتوانین لە هەڵەکانی ئەفغانستان فێرببین و لە عێراقدا دووبارەیان نەکەینەوە.
سەرچاوە: https://thefederalist.com/2022/08/31/joe-biden-dont-repeat-your-afghanistan-blunders-in-iraq/
* ئەم وتارە لە ٣١/٨/٢٠٢٢دا وەشێنراوە.