• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 16, 2024

بەنداوی جزیرە؛ کاریگەرییە ناوخۆیی ‌و دەرەکییەکانی

هاوبەش عەبدوڵڵا ئەحمەد(1)

پوختە
بەنداوی جزیرە یەکێکی ترە لەو بەنداوانەی کە بڕیارە لە سەر ڕوباری دیجلە دروستبکرێت، بێگومان ئەم بەنداوە لە دوای بەنداوی “ئیڵیسو”ەوە دەبێتە دووەم گەورەترین بەنداوی سەر ڕوباری دیجلەو مەبەستی سەرەکییش لە دروستکردنی بەنداوەکە ئاودێریکردنی ڕوبەرێکی فراوانی زەویی کشتوکاڵی‌و بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوی‌و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە، لە ڕووی جوگرافییەوە شوێنی دروستکردنی بەنداوەکە دەکەوێتە سنووری کارگێڕیی قەزای “جزیرە”وەو ڕاستەوخۆ کەوتووەتە بەشی باکووری ڕۆژئاوای ناوەندی قەزاکە، کە شاری جزیرەیەو هەر بە ناوی قەزاکەشەوە ناونراوە، بێگومان دروستکردنی ئەم بەنداوە هاوشانی بەنداوەکانی تری سەر ڕوباری دیجلە (نەخشەی ١)، کاریگەریی نەرێنیی لە سەر ژینگەی خودی ناوچەکەو هەرێمی کوردستان‌و عێراقیش دەبێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیەش تیشكخستنەسەر کاریگەرییە نەرێنییە ناوخۆیی‌و دەرەکییەکانی بەنداوی ناوبراوە.

نەخشەی (١): بەنداوەکانی سەر ڕوباری دیجلەو لقەکانی لە ناو خاکی تورکیادا

سەرچاوە: کاری توێژەر، پشتبەست بە بەکارهێنانی سۆفتوێری (ArcGIS 10.8)

پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی جزیرە
بەنداوی جزیرە، یەکێکی دیکەیە لەو بەنداوانەی کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (گاپ)دا لە سەر ڕوباری دیجلە لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان لە باکووری ڕۆژئاوای شاری جزیرە لە ناوچەی “کاسریك”و بە دیاریکراوی لە خاڵی بەیەکگەیشتنی هەرسێ شاخی “گەبار، کیلیسێ، جودی”دا دروستدەکرێت.(2) لە ڕووی شوێنی ئەسترۆنۆمیشەوە بەنداوی ناوبراو دەکەوێتەسەر بازنەی پانیی (37° ’21 40″) نیوەگۆی باکووری زەوی‌و هێڵی درێژیی (42° ‘9 39”) ڕۆژهەڵاتی ‌هێڵی گرینجەوە.

نەخشەی (٢): شوێنی جوگرافی‌و ئەسترۆنۆمیی بەنداوی جزیرە

سەرچاوە: کاری توێژەر، پشتبەست بە بەکارهێنانی سۆفتوێری (ArcGIS 10.8)

دروستکردنی بەنداوی جزیرە جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر خودی ئەو ناوچەیەی کە پڕۆژەکەی تێدا جێبەجێدەکرێت، کاریگەریی مەترسیداریشی لە سەر ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان‌و ناوچەکانی خوارووی عێراق دەبێت.

ئامانج لە دروستکردنی ئەم بەنداوە لەلایەك ئاودێرێکردنی ڕوبەرێکی گەورەی زەویی کشتوکاڵییە لە ناوچەکانی جزیرەو سلۆپی، کە ڕوبەرەکەی زیاتر لە (١٢٠) هەزار هێکتار دەبێت.(3) لە لایەکی تریشەوە پلان وایە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەو بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوییش سوودیلێوەربگیرێت، چاوەڕواندەکرێت ساڵانە (١) ملیارو (٢٠٨) ملیۆن کیلۆوات/ کاژێر وزەی کارەبا بەرهەمبهێنێت(4)، هەر بۆیە دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، کە لە (١٤)ی ئایاری (٢٠٢٣)، یەکەم کاری پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) (Adalet ve Kalkınma Partisi) (AK Parti) لە شرناخ ئەوە بوو کە دووبارە پڕۆژەی بەنداوی جزیرەی خستەوە بواری تەندەرەوە، ئەمەش سەرباری هەموو کاریگەرییە نەرێنییە پێشبینیکراوەکانی پڕۆژەی ناوبراو لە سەر ژینگەی ناوچەکە(5)جێی ئاماژەپێدانە کە دروستکردنی ئەم بەنداوە جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر خودی ئەو ناوچەیەی کە پڕۆژەکەی تێدا جێبەجێدەکرێت، کاریگەریی مەترسیداریشی لە سەر ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان‌و ناوچەکانی خوارووی عێراق دەبێت. لەبەر هەستیاریی بابەتەکە، هەوڵمانداوە ئاماژە بە بابەتێکی ماڵپەڕی ئەلیکترۆنیی ئارتی گەرچێك (ArtıGerçek)(6) بە ناونیشانی “مێژوویەکی شەشهەزار ساڵە دەبێت بە ژێر ئاوی بەنداو”ەوە بدەین، کە بەم شێوەیە باس لە دروستکردنی بەنداوی جزیرە دەکات:
“سەرجەم کاروبارەکانی تایبەت بە پڕۆژەی بەنداوی جزیرە، کە دەکەوێتە پارێزگای شرناخەوەو بە دەیەمین پڕۆژەی سەر ڕوباری دیجلە ئەژماردەکرێت، گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی، دەربارەی پڕۆژەی ناوبراو، پەرلەمانتاری پارتی دادو گەشەپێدان؛ ئارسلان تەتەر (Arslan Tatar) لە بابەتێکیدا کە لە سۆشیالمیدیا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە تەندەری پڕۆژەکە دەرچووەو لە نزیکترین کاتدا دەستدەکرێت بە کارکردن لە پڕۆژەکەداو پلان وایە کە لە ماوەی سێ ساڵدا پڕۆژەکە تەواوبکرێت.”
هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە لە (٢٤)ى ئاداری (٢٠١٣)دا تەندەری بۆ دەرچووبوو، بەڵام دواتر بە هۆی کۆمەڵێك کێشەوە تەندەرەکە هەڵوەشێنرایەوە. جێی ئاماژەپێدانە کە لە دوای بەنداوی ئیلیسو (Ilısu)ەوە ئەم بەنداوە دەبێتە دووەمین گەورەترین پڕۆژە کە لە سەر ڕوباری دیجلە جێبەجێدەکرێت. پڕۆژەی ناوبراو بریتییە لە پڕۆژەیەکی هاوبەشی وەزارەتی دارستان‌و کاروباری ئاوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئاویی دەوڵەت‌و لە (٢٩)ى نیسانی (٢٠١٩)دا هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ژینگەیی بۆ کراوەو مۆڵەتی دروستکردنی پێدراوە.

لە دوای بەنداوی ئیلیسو (Ilısu)ەوە ئەم بەنداوە دەبێتە دووەمین گەورەترین پڕۆژە، کە لە سەر ڕوباری دیجلە جێبەجێدەکرێت. بە هۆی ئەم بەنداوەوە پردی “مەحمود خان”، کە مێژووی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گۆتییەکان، دەبێت بە ژێر ئاوەوە. هەروەها ڕاڕەو یاخود تەنگەبەری “کراڵڵار گێچیدی”، کە تابلۆیەکی شوێنەواری گرنگی لە سەر نەخشێنراوەو ساڵانە هەزارەها کەس سەردانیدەکەن، دەبێت بە ژێر ئاوی بەنداوەکەوە. لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکەدا ژینگەی ناوچەکەو ژمارەیەکی زۆر جۆری زیندەوەری کێوی دەکەوێتەبەر هەڕەشەی لەناوچوون.

کاریگەرییە نەرێنییەکانى بەنداوى جزیرە
لەگەڵ تەوابوونی پڕۆژەکەدا لە لایەکەوە ژمارەیەکی زۆر لە ناوچەی نیشتەجێبوون، زەویی کشتوکاڵی، ناوچەی مێژوویی‌و شوێنەواری دەبن بە ژێر ئاوەوەو ژمارەیەكی زۆر گیانەوەریش لەناودەچن. لە لایەکی تریشەوە، لەگەڵ تەواوبوونی بەنداوەکەدا ئەو ناوچانەی کە پێداویستییە ئاوییەکانیان لە ڕێگەی ڕوباری دیجلەوە دەستەبەردەکەن، بۆ نموونە: هەرێمی کوردستان‌و ناوچەکانی دیکەى عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئاویی گەورە دەبنەوە. شایەنی باسە، هەر بە هۆی ئەم بەنداوەوە پردی “مەحمود خان”، کە مێژووی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گوتییەکان، دەبێت بە ژێر ئاوەوە، بڕوانە: وێنەی ژمارە (١)، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشترو لە ساڵی (٢٠١١)دا پردەکە بە هۆی لافاوەوە زیانی پێگەیشت‌و دووبارە بونیادنرایەوە.

وێنەى (1) : پردى محمود خان


هەروەها ڕاڕەو یاخود تەنگەبەری “کراڵڵار گێچیدی”، کە هەردوو شاخی گەبارو جودی لەیەكجیادەکاتەوەو لە قەدپاڵەکەیدا تابلۆیەکی لە سەر نەخشێنراوە، کە وێنەی سوارچاکێکە بە سەر ئەسپێکەوە، بڕوانە: وێنەی ژمارە (٢)، دەبێت بە ژێر ئاوی بەنداوەکەوە، ئەم تابلۆیە بەهایەکی شوێنەواری گرنگی هەیە، کە ساڵانە هەزاران کەس سەردانیدەکەن. سەبارەت بە مێژووی ئەم شوێنەوارە هەندێك پێیانوایە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گوتییەکان‌و هەندێکی تریش لەوانە “گێرترود بێڵ”، کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی (١٩٠٩)دا وێنەی ئەم شوێنەوارەی گرتووە، ڕای وایە کە تابلۆکە سوارەی پارتەکانەو لە لای خەڵکی ناوچەکەش بە تابلۆی شوێنەواریی بووك‌و زاوا ناوزەندکراوە.

وێنەى (2) : تابلۆی هەڵکۆڵدراوی قەدپاڵی كراڵڵار گێچیدی

لەناوچوونى مێژووی ناوچەکە
عەبدوڵا کولتوور، کە یەکێكە لە دانیشتوانی ناوچەکە، ئاماژەی بەوە داوە کە ساڵانێکی زۆرە بابەتی دروستکردنی بەنداوی جزیرە بووەتە ڕۆژەڤ. ئەگەر بەنداوەکە دروستبکرێت، دانیشتوانی ناوچەکە ناچاری کۆچکردن‌و بەجێهێشتنی زێدی خۆیان دەبن، ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە خوازیارن بەنداوەکە دروستنەکرێت، چونکە دەبێتە هۆی لەناوچوونی زەویوزاری کشتوکاڵی‌و مێژوو و ژینگەی ناوچەکەمان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ناوچەکە بۆ خۆی ناوچەیەکی مێژووییە، داوامان لە ڕێکخراوە ژینگەییەکان‌و دەستەو دامەزراوە دیموکراتییەکان ئەوەیە دژی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بوەستنەوە، چونکە ئەگەر پڕۆژەکە سەربگرێت، (٣) گوند دەبێت بە ژێر ئاوەوەو دانیشتوانەکەی دەبێت بە ناچاری کۆچ بۆ شارە گەورەکان بکەن.
یەکێکی دیکە لە دانیشتوانی ناوچەکە بە ناوی محەمەد کولتوورەوە، جارێکی تر ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لەگەڵ تەواوبوونی بەنداوەکەدا شوناسی مێژوویی ناوچەکە لەناودەچێت‌و دەبێت بە ژێر ئاوەوە، هەر بۆیە جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دانیشتوانی ناوچەکە لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا نین‌و دژیدەوەستنەوە، لە درێژەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دانیشتوانی ناوچەکە سەرقاڵی پیشەی کشتوکاڵ‌و ئاژەڵدارین‌و لەو ڕێگەیەوە بژێویی خۆیان دەستەبەردەکەن، ئەگەر پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی جزیرە سەربگرێت، ئەوا شتێکیان نامێنێت بە ناوی زەویی کشتوکاڵییەوە، بەوەش هەم ژینگەی ناوچەکە زیانی بەردەکەوێت، هەم سەرچاوەی بژێوییان لەدەستدەدەن. محەمەد کولتوور ئاماژەی بەوە داوە کە دوو مانگ لەوەوپێش بۆ لە نزیکەوە بەئاگابوون لە بارودۆخەکە چەند پارێزەرێك سەردانی ناوچەکەیان کردووە. ناوبراو گوتیشی: ئێمە وەك دانیشتوانی ناوچەکە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەو ڕەتکردنەوەی تەواوەتیی پڕۆژەکەداین، چونکە هەم دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ژینگەی ناوچەکە، هەمیش دەبێتە هۆی ژێرئاوکەوتن‌و لەناوچوونی شوێنەوارە مێژووییەکانی وەکو “پردی مەحمود خان، کێلا مەرجانەڕەش، شوێنەواری بووك‌و زاوا … هتد”، کە شوناسی مێژوویی ناوچەکەن، بۆیە داوا لە تاك بە تاکی دانیشتوانی ناوچەکە دەکەین کە دژی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بوەستنەوە .(7)

نەخشەى (3) : شوێنی دروستکردنی بەنداوی جزیرە

بە کورتی پڕۆژەی دورستکردنی بەنداوی جزیرە یەکێکە لەو پڕۆژە گرنگانەی کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (گاپ)دا جێبەجێدەکریت‌و لە ڕێکەوتی (١٦)ی ئابی (٢٠٢٣)دا مۆڵەتی جێبەجێکردنی پێدراوە، ئەگەرچی بە ڕوونی ئاماژە بە کاتی دەستپێکردنی پڕۆژەکە نەدراوە، بەڵام بە گوتەی ئارسلان تەتەر؛ پەرلەمانتاری ئاکپارتی، لە زووترین کاتدا دەست بە کارکردن دەکرێت لە پڕۆژەکەداو پلان وایە لە ماوەی سێ ساڵدا تەواوبکرێت، ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە کە بەرزیی بەنداوەکە (٤٠م) دەبێت‌و توانای کۆگاکردنی (٣٨١ملیۆن/م٣) ئاوی دەبێت، بەمەش بەنداوی ناوبراو دەبێتە دووەمین گەورەترین بەنداوی سەر ڕوباری دیجلە لە دوای بەنداوی ئیلیسوەوە لە باتمان .(8)

هاوشانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەردەوامیی حکومەتی تورکیاش لە سەر دروستکردنی بەنداو لە داهاتوویەکی نزیکدا عێراق دووچاری گرفتێکی ژینگەیی زۆر گەورەدەکاتەوە، تەنانەت لەوانەیە بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوەڕاست‌و باشووری عێراق ڕووبکەنە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکەدا ژینگەی ناوچەکەو ژمارەیەکی زۆر جۆری زیندەوەری کێوی دەکەوێتەبەر هەڕەشەی لەناوچوون، ئەمە جگە لە ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەکی زۆر ڕێگەوبان‌و یەکەی نیشتەجێبوون‌و باخ‌و باخاتی دانیشتوانی ناوچەکە، هەروەها هۆشداریی ئەوەش دەدرێت کە لەگەڵ تەوابوونی پڕۆژەکەدا کێشەی جددی بۆ هەرێمی کوردستان‌و ناوچەکانی تری عێراق دروستدەبێت،(9) بە تایبەتی ئەو ناوچانەی کە خۆیان سەرچاوی ئاوییان کەمەو گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواش، بە تایبەتی وشکەساڵی‌و کەمیی بڕی دابارین تەنگیپێهەڵچنیون‌و بە ڕادەیەکی زۆر پشت بە ئاوی ڕوباری دیجلە دەبەستن بۆ چالاکییەکانی ڕۆژانەیان.
بەرپرسانی پەیوەندیدار بە پرسی ئاوو ژینگەی عێراقەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕی ئاوی هاتوو لە ڕێگەی هەردوو ڕوباری دیجلەو فوراتەوە بۆ ناو خاکی عێراق بە بەراورد بە (١٠) ساڵی پێشتر نزیکەی (٧٠٪) کەمیکردووەو هاوشانی ئەمەش لە ماوەی (٢٠) ساڵی ڕابردوودا عێراق پێنجیەکی زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەدەستداوە، بە پێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش؛ نزیکەی (١٤٠) هەزار کەس لە دوازدە ناوچەی عێراق بە هۆکاری ژینگەیی “نەبوونی ئاوی پێویست بۆ ئەنجامدانی چالاکیی کشتوکاڵی” ناوچەکانی خۆیانیان بەجێهێشتووە، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە گۆڕانی باردۆخی ژینگەیی ناوچەکە بووەتە ڕێگر لە بەردەم گەڕانەوەی ئەو خێزانانەی کە پێشتر بە هۆی ناجێگیریی دۆخی ئەمنییەوە زێدی خۆیانیان بەجێهێشتووە .(10)

کۆتایی
دەتوانرێت بگوترێت: هاوشانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواو دووبارەبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی‌و کەمبوونەوەی بڕی دابارین، بەردەوامیی حکومەتی تورکیاش لە سەر دروستکردنی بەنداو بۆ کۆنترۆڵکردن‌و گلدانەوەی ئاوی هەردوو ڕوباری دیجلەو فورات، لە داهاتوویەکی نزیکدا عێراق دووچاری گرفتێکی ژینگەیی زۆر گەورە دەکاتەوە‌و ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی سیاسی‌و دیبلۆماسیی چڕ نەخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی پرسی پشکی ئاو لەگەڵ تورکیادا، ئەوا بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوچەکانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق بە ناچاری زێدی خۆیان بەجێدەهێڵن‌و بە پلەی یەکەم ڕوودەکەنە ناوچەکانی باکوورو باکووری ڕۆژهەڵات (هەرێمی کوردستان)، کە ئەمەش دیسان گرفتێکی دیموگرافیی ئاڵۆز لەو ناوچانە دەهێنێتەئاراوەو هێندەی تر دۆخی ناوچەکە بەرەو ناسەقامگیری‌و نائارامی دەبات.
_______________
1-ماستەر لە جوگرافیای ئابووری لە زانکۆی مەڕمەڕە لە ئەستەنبوڵ‌و مامۆستای بەشی جوگرافیا لە زانکۆی سلێمانی.
2- Hür Seda Haber (24 Mayıs 2014), 60 Yıl Önce Planlanan Cizre Barajı için Hala Adım Atılmadı, Erişim Tarihi (10 Temmuz 2024), https://bit.ly/3SnDCBH.
3-Anadolu Ajansı (10 Kasım 2018), GAPꞌın İki Dev Barajı Tamamlanıyor, Erişim Tarihi (20 Temmuz 2024), bit.ly/3zWvHoy.
4-Enerji Atlası, Cizre Barajı ve HES, Erişim Tarihi (22 Temmuz 2024), bit.ly/4feP8sW.
5-ANF NEWS (20 August 2023), 10th Dam to be Built on the Tigris River, Access Date (20 July 2024), bit.ly/3LH2z7r.
6-Artı Gerçek (16 Temmuz 2024), 6 Bin Yıllık Tarih Baraj Suları Altında Kalacak, Erişim Tarihi (18 Temmuz 2024), bit.ly/3LEQb7O.
7-Artı Gerçek (16 Temmuz 2024), 6 Bin Yıllık Tarih Baraj Suları Altında Kalacak, Erişim Tarihi (18 Temmuz 2024), bit.ly/3LEQb7O.
8-İklim Haber (23 Ağustos 2023), Dicle Nehri’ne Bir Baraj Daha; Doğa Tahrip Olacak, Irak’ın Su Sorunu Artacak, Erişim Tarihi (18 Temmuz 2024), https://bit.ly/4ccKbOv.
9-İklim Haber (23 Ağustos 2023), Dicle Nehri’ne Bir Baraj Daha; Doğa Tahrip Olacak, Irak’ın Su Sorunu Artacak, Erişim Tarihi (18 Temmuz 2024), https://bit.ly/4ccKbOv.
10- 10 Jalelah Abu Baker (1 August 2024), Iraq’s Farmers and Fishermen Struggle Amid Drought, Access Date (4 August 2024), https://bit.ly/3Ac4puw.

Send this to a friend