ئیسماعیل قائانی ئەو “پیاوە سێبەرە”ى کە نەیتوانی بۆشایی سولەیمانی پڕبکاتەوە[1]
و: بارام سوبحى
ژەنەڕاڵى ناديار ئیسماعیل قائانی، زیاتر لە چوار ساڵ لەمەوبەرەوە بەرپرسیارێتی ئۆپەراسیۆنەکانی “سوپای پاسداران”ی لەدەرەوەى سنوورەکانی ئێران گرتۆتە ئەستۆ، بەڵام نەیتوانیوە ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە بەهۆی کوژرانى ژەنەراڵ قاسم سلێمانی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا لە ساڵی (٢٠٢٠)، لە سەرکردایەتیی “سوپای قودس”دا دروستبووە.
چەند کاتژمێرێک دوای کوژرانی سلێمانی، یەکەم هەنگاوی عەلی خامنەیی ڕابەری ئێران، دانانی قائانی، “پیاوی سێبەر”ی ناو “سوپای قودس” بوو، بۆ سەرۆکایەتیی قۆڵی دەرەکیی “سوپای پاسداران”، ئەویش لە پەیامەکەیدا جەختى لە پابەندبوون و بەردەوامیدان بە ڕێبازەکەى سلێمانى کردەوە.
لەساتى دانانیەوە، قائانی تێدەکۆشێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی سلێمانی، جا چ لە وێنەی کاریزماتیکى میدیایی خۆیدا بێت، یان لە پەیوەندییەکانیدا بێت لەگەڵ گرووپەکانی “میحوەری مقاوەمە” کە “فەیلەقى قودس” سەرپەرشتی چەکدارکردن و ڕاهێنان و هەماهەنگیکردنی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانیان دەکات لە عێراقەوە بۆ سووریا و لەوێشەوە بۆ لوبنان تا دەگاتە یەمەن، هەروەها ئۆپەراسیۆنە دەرەکییە ڕاستەوخۆکانی فەیلەقى قودس لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
قائانی (٦٧ ساڵ) لە شاری مەشهەدی پایتەختی پارێزگای خۆراسان لە دایکبووە، کە خامنەیی خەڵکی ئەو شارەیە. لە ساڵی (١٩٧٩) پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە کردووە و لە تاران مەشقی سەربازیی وەرگرتووە، ساڵى دواتر بەشداری شەڕەکانی سوپای پاسدارانى لەدژی گرووپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ڕۆژئاوای ئێران کردووە.
شەڕی ئێران و عێراق
لە ماوەی هەشت ساڵی شەڕی ئێران و عێراقدا، قائانی لە سوپای پاسداراندا لە پێگەیەکەوە بۆ پێگەیەکی دیکە گواسترایەوە. ئەو فەرماندەی “فەیلەقی نەصر خۆراسان“ بوو، لە زۆرێک لە شەڕەکاندا بەشداری کردووە، کە گرنگترینیان شەڕەکانى فاو و شەلەمچە بووە، هەروەها لە گەمارۆدانی بەسرە و مێهراندا بەشدارى کردووە، کە ئەنجامەکانی لە نێوان سەرکەوتن و شکستدا بووە بۆ هێزەکانی ئێران.
بەگوێرەى ئاژانسى تەسنیمى سوپاى پاسداران، دواى دوو ساڵ لە هەڵگیرسانى جەنگ لە ئەیلولى (1980)، قائانى لە بەرەکانى شەڕدا سلێمانى ناسیوە. جگە لە ڕۆڵی مەیدانی لە شەڕەکەدا، “فەیلەقی نەسر” پشکی شێری لە ئاوەدانکردنەوەی شار و ڕێگەوبان و پرد و ژێرخاندا بەرکەوتووە، کە لە ئاکامى شەڕەکەدا نزیکەی هەموویان خاپور بوون.
دوای کۆتایی هاتنی شەڕ، قائانی گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی واتە شاری مەشهەد و بوو بە فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە ناوچەی ڕۆژهەڵات. لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧) پۆستی جێگری بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و جێگری بەرپرسی یەکەی پاراستنى لە ئیتلاعات وەرگرت، پێش ئەوەی بە فەرمی پەیوەندی بە فەیلەقى قودسەوە بکات، بە دانانی وەک جێگری سلێمانی.
“فەیلەقى قودس” لە سووریا
لە شەڕی (٣٣) ڕۆژەی نێوان (حیزبوڵڵا) و ئیسرائیل لە ساڵی (٢٠٠٦)، ڕۆڵى سلێمانى بەرەو هەڵکشان چوو، پاش تێوەگلانى ئێران لە ئاڵۆزییەکانى سووریا لە ساڵی (٢٠١١)، ئەستێرەى سلێمانى زیاتر گەشایەوە، بەڵام قائانی جێگری و سەرکردەکانی دیکەی فەیلەقى قودس، جگە لە هەندێک دۆخى ئاوارتە، هیچ ئامادەیییەکی ئەوتۆیان نەبوو.
دەرکەوتنى قائانی لە میدیاکانی ئێراندا کەم بوو، ئەو کاتانەشى دەردەکەوت تەنها چیرۆکى ئەو شەڕانەی دەگێڕایەوە کە هەریەکە لە سلێمانی و فەرماندە حوسێن هەمەدانی (لە ساڵی ٢٠١٥ لە شاری حەلەب کوژرا) و فەرماندەی مەیدانی محەمەد ڕەزا فەلاحزادە کە ئێستا جێگری قائانییە، بەشدارییان تێدا کردبوو.
لە مانگی ئایاری (2012)، قائانی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی دەگمەندا کە دواتر لە ماڵپەڕی ئاژانسى (ئیسنا)ى حکومی سڕایەوە، وتی “ئەگەر کۆماری ئیسلامیی لە سووریا نەبووایە، ئەوا کۆمەڵکوژی خەڵکی ئەوێ چەند هێندە زیادی دەکرد”. وتیشى: کۆماری ئیسلامیی لە سووریا لە هەردوو ئاستی ماددی و نا ماددیدا ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت. ئەوەشى وت: سووریا جوگرافیای مقاوەمە پێکدەهێنێت.
هەر لەو ساڵەدا، محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسداران لەو کاتەدا، ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لە ئەندامانی فەیلەقى قودس لە سووریا “راوێژ و هاوکاری ئابووری” پێشکەش دەکەن، ڕەتیشیکردەوە هاوکارى “سەربازی” بێت. پاشتر ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بوو لە ڕەتکردنەوەی بوونی خۆی، تا ئەو کاتەی بە فەرمی دانی بە ناردنی هێزدا نا لەژێر نازناوی “ڕاوێژکاری سەربازی” و “هێزی بەرگری لە مەزارگەکان”.
قائانی ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە مەشقپێکردنی ئەو هێزە شەڕکەرانەی کە لەژێر سەرکردایەتی “فەیلەقى قودس”دا لە سووریا شەڕیان دەکرد، پێش ئەوەی داعش لە عێراق دەربکەوێت و ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی ئێران بۆ ناوچەکانی عێراق درێژببێتەوە.
قائانی بەشداری کرد لە پێکهێنانی میلیشیاکانی (فاتمیون) بۆ چەکدارانی ئەفغانستان، هەروەها میلیشیاکانی (زەینەبیون) بۆ چەکداراننى پاکستانی، کە لە سووریا و عێراق لەژێر فەرماندەیی فەیلەقى قودسدا شەڕیان دەکرد، لەم کارەشدا سوودی لە پاشخانی سەرکردایەتییەکەی لە پارێزگای خۆراسان وەرگرت کە دراوسێی ئەفغانستانە و لە پاکستانیشەوە نزیکە.
لە مانگی شوباتی ساڵی (٢٠١٤)، پەرلەمانتاری باڵى بناژۆخوازان مەحمود نەبەویان ڕایگەیاند کە سوپای قودس مەشق و ڕاهێنانی بە (١٥٠) هەزار سووری لە ئێران کردووە، جگەلە ڕاهێنان بە (١٥٠) هەزاری دیکە لە سووریا، هەروەها باسی لە ناردنی پەنجا هەزار چەکداری حیزبوڵڵا بۆ سووریا کرد.
سیاسەتی ناوخۆ
لە ئاداری (2019)، دوابەدوای سەردانەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا بۆ تاران و دیدارە کتوپڕەکەی لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕابەری ئێران و پاشان لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، دەرکەوت کە سولەیمانی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت و وەزارەتی دەرەوەدا نەبووە، ئەوەش وای لە وەزیری دەرەوەى ئەوکاتە محەممەد جەواد زەریف کرد دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات، پاشان پاشگەزبوویەوە.
پاشان قائانی بووە مانشێتی ڕۆژنامەکان کاتێک لەبری سولەیمانی لێدوانێکی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی زەریف دا و وتی “ئەسەد لەلایەن فەیلەقى قودسەوە هێنرایە تاران”، ئاماژەی بەوەشکرد کە “سەرۆک ئاگاداری سەردانەکە بووە”. هەرچەند ئەو حکومەتی تۆمەتبار کرد بە ئاگادارنەکردنەوەی زەریف، بەڵام وتیشی: ئەوانەی دەبوو بزانن ئاگاداربوون، ئەوانەشی نەدەبوو بزانن، نەیانزانی؛ چونکە ئەوە پرسێکی هەستیار بوو”.
پێش وەرگرتنى فەرمانداری فەیلەقى قودس، دەرکەوتنى قائانی لە سیاسەتی ناوخۆی ئێراندا دەگمەن بوو. تەنها لە دوو پەیامدا دەرکەوت، دیارترینیان ئەو نامە توندە بوو کە لە سەروبەندى ناڕەزایەتی خوێندکاران لە ساڵی (1999)، لەلایەن (٢٤) فەرماندەی سوپای پاسدارانەوە ئاڕاستەى محەمەد خاتەمی سەرۆک کۆماری پێشووى ئێران کرا. ئەوان گوتیان “سەبریان نەماوە“.
پەیامی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2012)، کاتێک سەرکردەکانی پاسداران نامەیەکی ئاگادارکردنەوەیان بۆ حوسێن عەلایی فەرماندەی پێشووی ئەم دەزگا سەربازییە نارد، سەبارەت بە بابەتێک کە لە ڕۆژنامەی “ئیتلاعات”دا بڵاوی کردبووەوە و داوایکردبوو پەند لە ڕووخانی شا لە شۆڕشی ساڵی (١٩٧٩) وەربگیرێت.
سەرکردایەتی فەیلەقى قودس
دوای ئەوەی قائانی بۆ سەرکردایەتی فەیلەقى قودس ڕاسپێردرا، دروشمی “قائانی سلێمانییەکی دیکەیە” دووبارە دەکرایەوە، بەڵام ئەم فەرماندە نوێیە هەموو ئەو ماوەیە لەژێر سایەی سەرۆکی پێش خۆیدا مایەوە، کە زیاتر لە دە ساڵ بوو جێگەی سەرنجی پڕوپاگەندەی میدیایی سوپای پاسداران بوو. شرۆڤەکارانی ئێرانی دەڵێن، ئەو هەڵمەتە میداییە بەرفراوانە، کە گەیشتە ئاستی داستان و ئەفسانە، هەروەها تۆڕی پەیوەندییەکانی سلێمانی، سەربارى ئەو فیلم و کتێبانەی کە لەسەر کارەکتەری سلێمانی بڵاوکراونەوە، بوونەتە لەمپەرێکى گەورە لەبەردەم قائانیدا تاوەکو هەمان ڕۆڵی سلێمانی بگێڕێت.
بەگوێرەى ڕاپۆرتی ماڵپەڕە ئێرانییەکان، زۆرێک پێیانوایە قائانی لەسەر ئاستى سەرکردایەتى و هەژمووندا نەیتوانیوە بگاتە ئاستی سلێمانی لەنێو گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێراندا، بەتایبەتى لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵاى ئەمینداری گشتی پێشووی حیزبوڵڵادا.
هەوڵەکانى میدیا و سۆسیال میدیاى سوپاى پاسداران، بۆ برەودان بە وێنەى قائانى وەک سلێمانییەکی تر شکستی هێناوە، هەرچەندە چەندین نازناوى بۆ بەکارهێنرا کە بۆ سلێمانیش بەکاردەهێنرا، وەک “ژەنەراڵ شامى“ و “عەقڵى پلاندانەر“ و “ئەندازیارى هەواڵگرى فەیلەقى قودس“.
لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو، قائانی ئیرەج مەسجدی وەک ڕێکخەری گشتی یەکەکانی سوپای قودس دەستنیشان کرد، لە شوێنی ژەنەڕاڵ محەمەد ڕەزا ڕەحیمی کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بارەگای کونسوڵخانەی ئێران لە سووریا کوژرا. هەروەها دواى مردنى محەمەد حیجازى لە نیسانى (2021)، بەهۆی “جەڵتەی دڵ” و “برینی کیمیایی” کە لە یەکەم شەڕی کەنداودا تووشی هاتبوو، محەمەد ڕەزا فەلاح زادەى وەک جێگری خۆی دەستنیشان کرد، هەروەکو سوپاى پاسداران بڵاویکردەوە.
لە مانگی ئازاری (٢٠١٩)ەوە فەلاحزادە، دوای ژەنەڕاڵ سلێمانی و قائانی بووە سێهەم پیاوی ناو “فەیلەقى قودس”. خامنەیی لەسەر داوای سولەیمانی ڕازی بوو کە پلەکەی لە عەقیدەوە بۆ عەمید بەرز بکاتەوە. شرۆڤەکاران پێیانوایە دانانی فەلاحزادە و پاشان مەسجدی هەوڵێکە لەلایەن قائانی بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە سەرکردایەتی فەیلەقى قودسدا، بەتایبەتی کە مەسجدی ڕاوێژکارێکی دیاری سلێمانی بوو، هەروەها وەک باڵیۆزیش لە عێراقیش دەستنیشانکرا.
قائانی کە لە لیستی سزاکانی ئەمریکا و ئەورووپادایە، هێشتا دوورە لەو وێنەیەی کە سلێمانی پێشکەشی دەکرد، چونکە لە قسەکردن و وتارداندا کەسێکى لێهاتوو نییە، هەروەها لەمیدیاکان و لەو ڕۆڵانەشی کە سلێمانی لە سیاسەتی ناوخۆیی و ناوچەییدا دەیگێڕا، وێنەیەکى سەرنجڕاکێشى نییە.
سوپای پاسداران پێیوایە پێشهاتەکانی “زریانى ئەقسا” دەرفەتێکی گونجاو بوو بۆ نەخشاندنی وێنەی قائانی لە ڕۆڵی ستراتیژیستێکدا هاوشێوەی سلێمانی، بەڵام قائانى تائێستا نەیتوانیوە ئەو کارە بکات، هەرچەندە ساڵێک بەسەر شەڕی کەرتی غەززەدا تێپەڕیوە، بەرەکانى جەنگیش بۆ ناوچەکانى دیکە پەلیهاویشتوە، تاوەکو ئەو گرووپە چەکدارییانە بگرێتەوە کە پەیوەندى ڕاستەوخۆیان بە فەیلەقى قودسەوە هەیە.
سەرچاوە: عادل السالمى: إسماعيل قاآني… «رجل الظل» الذي أخفق في ملء فراغ سليماني، جریدە الشرق الاوسط، فى (7/اکتوبر/2024).
[1] – https://aawsat.news/yssrp