• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 24, 2024

بوونیادگەرایی ئیسلامی و چەمكە جێگرەوەكانی

نووسینی: هادی دەروێشی و سارا شەریعەتی

وەرگێڕانی: ئەرخەوان سەیفور ئەسكەندەر

کورتەیەک

هەندێک جار هەندێک لە چەمکەکان لەبەر بەکارهێنانى زۆریان لە بوارە جیاوازەکاندا، شێوەیەکى لاستيكيیان وەرگرتووە و تواناى ڕوونکردنەوەى خۆیان لە دەست داوە و لە جیاتى ڕوونکردنەوەى ڕاستى خۆیان، دەبنە بەربەست لە بەردەم ڕاستیدا. سەبارەت بە چەمکى بوونیادگەرایى دەتوانرێت چى بوترێت؟  ئایا ئەم چەمکە ڕوونکەرەوەى ئەوەیە کە بوونیادگەرایى پێ دەناسرێت، یان دەبێت سوود لە چەمکە جێگرەوەکان وەربگرین؟ ئایا دەتوانرێت چەمکى بوونیادگەرایى لە دەرەوەى شوێنى سەرهەڵدانى خۆى کە ئەمریکاى پرۆتستانتى سەدەى بیستەمە بەکار بێت؟

  لە وەڵامى ئەم پرسیارانەدا، دوو گرووپى هاوڕا (هاوڕایانى گونجاويى چەمکى بوونیادگەرایى) و دژ (هاوڕایانى نەگونجاويى) بوون. لارنس، ڕیزبروت، ئاڵتمیر، سامرز، شوارتز و لیندلى بەشێکن لە گرووپى یەکەم و لەوانەن کە باوەڕیان بە پێناسەى بوونیادگەرایى لەسەر بنەماى لێکچوون لە نێوان ئایین و کولتوورەکاندا هەیە. لە بەرامبەردا، هاوڕایانى نەگونجاویى وەک ڕۆتون، هانتر، سەعید، بروینسن و فریدمەن و ڕەخنەگرانى بەکارهێنانى بوونیادگەراین لە کولتوورەکان و ئایینەکانى تردا و بە دواى داتاشینی هاوواتان بۆ ئەم چەمکە.

  یەکێک لەم کولتوور و ئایینانە، جیهانى ئیسلام و ئایینى ئیسلامە. بەکارهێنانى زاراوەى بوونیادگەرایى لە بوارى  ئیسلامیدا چۆن هەڵدەسەنگێنرێت؟ و چ  هاوواتایەک بۆ بوونیادگەرایى لە جیهانى ئیسلامدا دەتوانرێت پێشنیار بکرێت؟ بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە چاوپێکەوتن لەگەڵ ١٨ پسپۆڕ کراوە و لە ڕێگەى شیکارى ناوەرۆکى ئەم چاوپێکەوتنانەوە کۆمەڵە چەمکێکى وەک: دەقگەرایى، تووندڕەویى، فەندەمێنتاڵیزم، ئیسلامیزم، ڕادیکالیزم، دۆگماتیزم وەک هاوواتاى بوونیادگەرایى بە دەست هاتوون.

کە دواى ڕەخنەلێگرتن و تاوتوێکردنى سێ چەمکى سەلەفی جیهادی، دەقگەرایى جیهادى، دەقگەرایى تەکفیرى، وەک هاوواتایەکى کەم تا زۆر نزیک لە بوونیادگەرایى ئیسلامى پێشنیار کراوە.

کلیلە وشەکان: بوونیادگەرایى، بوونیادگەرایى ئیسلامى، سەلەفى جیهادی، دەقگەرایى جیهادى، دەقگەرایى تەکفیرى.

خستنەڕووى کێشەکە: ناکۆکى ناولێنان

زیاتر لە دەیەیەکە پێویستى توێژینەوە تێۆرییەکان سەبارەت بە چەمکەکان لە نێوان کۆمەڵناساندا بەرجەستە بووە. یەکێک لە فاکتەرەکانى پێویستی تێڕامان لە چەمکەکان، وەرگێڕانی چەمکەکانە، بەڵام وادیارە هەندێک لەم چەمکانە وەک سیکۆلاریزەيشن، ئایدۆلۆژى، مۆدرنیتە و… سەبارەت بە کولتوورى ئیسلامى، لێڵ و ناڕوونن و پێویستییان بە تێڕامان و دووبارە بیرلێکردنەوە هەیە.

 بوونیادگەراییش لە جۆرى ئەو چەمکە باسکراوانەیە. ئایا لەم بارەیەوە، پێویستە سوود لە چەمکە جێگرەوەکان وەربگیرێت؟ ئایا ئەم چەمکە، تایبەتە بە بوارى کۆمەڵایەتى و کولتوورى دەیەى دووەمى سەدەى نۆزدەى ئەمریکا، کە بوونیادگەرایى لەوێ سەرى هەڵدا، یان دەکرێت لە هەر بوار و هەلومەرجێکى تردا سوودى لێ وەربگیرێت؟ بۆ نموونە ئایا لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا دەتوانرێت باسی بوونیادگەرایى ئیسلامى بکەین، یان پێویستە بیر لە کۆمەڵێک چەمکی جێگرەوەى گونجاو لەگەڵ کولتوورى ئیسلامیدا بکەینەوە؟

بوونیادگەرایى زاراوەیەک بووە لە سەرەتادا لە مەسیحى و پرۆتستانتدا بەکار هێنراوە، بەڵام وردە وردە بۆ تێکڕای جۆرەکانى توندڕەوى و ڕادیکالیزم لە هەموو ئایین و ئایینزاکاندا بەکار هاتووە. ئەم چەمکە لەمڕۆدا لە بوارگەلێکى تردا سوودى لێوەردەگیرێت کە نائایینین. بە شێوەیەک کە لە بوونیادگەرایى بازاڕ (ڕۆتۆن 46:1389 و گرێبێنز[1] و ڤێندنبێرگ[2]، 2011 :106) و بوونيادگەرايى زانستى (دیویس، ١٣٨٥: ٥٧) باس دەکرێت. لەم ڕووەوە سەرەڕاى جیاوازى کولتوور و ئایینەکان، بیرکردنەوە لە کۆمەڵە جێگرەوەیەک بۆ بوونیادگەرایى بە هۆى سوودوەرگرتن لێى لە بوارەکانى تردا زیاتر پێویستە، لەبەرئەوەى وا دەردەکەوێت بە هۆى سوودوەرگرتن لە بوونیادگەرایى لە بوارە جیاوازەکاندا و لاستيكى بوونى، ئەم چەمکە تواناى ڕوونکردنەوەى خۆى لە دەست داوە و لە جیاتى ڕوونکردنەوەى ڕاستى، بووەتە بەربەست لەبەردەمیدا.

ئەمڕۆ زاراوەى بوونیادگەرایى گۆڕاوە بۆ یەکێک لە زاراوە زۆر دووبارەبووەکانى ئەم سەدەیە (برگر، ١٣٨٠) و بەتایبەتى سەبارەت بە جوگرافیاى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وڵاتە ئیسلامییەکان بە فراوانى بەکار دەهێنرێت. لەم سۆنگەیەوە چارەسەرکردنى ئەم بابەتە پێویستە و یەکەم هەنگاو لەم بوارەدا گفتوگۆى چەمکییە سەبارەت بە ناولێنانى و بەشداریکردن لەم مشتومڕەدا. ئامانجى ئێمە لەم نووسینەدا دۆزینەوەى چەمکێکە سەبارەت بە هاوواتاکانى بوونیادگەرایى ئیسلامى لە ئەدەبیاتى لێکۆڵینەوەیى و لە ڕوانگەى ئەوانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە بۆ ئەوەى لە کۆتاییدا بتوانین بگەینە کۆمەڵێک هاوواتای وردتر. کەواتە پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە، کە دەکرێت چ هاوواتایەک لە جیاتى بوونیادگەرایى ئیسلامى پێشنیار بکرێت؟ شایەنى باسە سەرەڕاى پێناسەگەلێکى فرەچەشن و هەندێک کات دژ لەگەڵ بوونیادگەرایى ئیسلامى، پێناسەى ئێمە بۆ ئەم چەمکە ئەمەیە “هەر تاک، یان گرووپێکى دەقگەراى دژە دونیاى مۆدێرن کە خوازیارى بوونیادنانى کۆمەڵگەیە لە سەر بنەماى شەریعەت و لە ڕێگاى گەیشتن بەم ئامانجەدا، توندڕەوى بەکاردەهێنێت”. (دەروێشى و ڕەزایی، ١٣٩٩). دەرەنجام، چوار پێوەرى گرنگى بوونیادگەرایى ئیسلامى بریتین لە (دەقگەرایى[3]، بەکارهێنانى توندڕەوى، بوونیادنانى کۆمەڵگە لە سەر بنەماى شەریعەت، دژایەتى و شەڕ لەگەڵ دونیاى مۆدێرن).

پاشخانی لێكۆڵینەوە

  ئەنجامە بەدەستهاتووەکان دەکرێن بە سێ بەشەوە: بەشى یەکەم، ئەو لێکۆڵینەوانەى سەرقاڵى تاوتوێکردنى بوونیادگرایی بوون لە وڵاتانى سوننە مەهەبدا  (هەرورى ١٣٩٦؛ شاکرى ١٣٨٥، مۆهاجرانى ١٣٨٧، ئەفشاگەرى ١٣٩١)، بەشى دووەمیش ئەو لێکۆڵینەوانەن کە پەیوەستن بە توێژینەوەى بوونیادگەرایى سەبارەت بە ئایینزاى سوننى لە کۆمەڵگەى ئێراندا( بەقالى، ١٣٨٩) و بەشى سێهەم لە توێژینەوەکانیش پەیوەستن بە تاوتوێکردنى بوونیادگەرایی لە نێوان شیعەکانى ئێراندا (قەجەرى ١٣٨٧، حاجى هاشمى ١٣٩٣ و زەرجینى ١٣٩٥ ).

  لە هیچ یەکێک لە لێکۆڵینەوە باسکراوەکاندا پرسى سەرەکى توێژینەوەکە شیکارى بوونیادگەرایى نەبووە، بەڵکو بە پڕژانە سەر نموونەکانى بوونیادگەرایى، پرسیارگەلێکى تر خراونەتە ڕوو. هەروەها زۆربەى توێژینەوەکان پەیوەستبوون بە بوونیادگەرایى لە وڵاتە سوننە مەزهەبەکاندا و توێژینەوەى ئەنجامدراو لە لایەن ( زەرجینی)یەوە هەرچەندە هەندێک لە ناوەندەکانى پرسەگێڕى وەک نموونەکانى بوونیادگەرایى لە ئێرانی شیعیدا  لەبەرچاو گرتووە, بەڵام سەبارت بە چەمکى بوونیادگەرایى باسێکى نەخستووەتەڕوو. قەجەرى، ئیسلامى پیرۆز لە شۆڕشى ئێراندا بە بوونیادگەرایى شیعە  دادەنێت و بەدیهاتن و هەژموونى لە شۆڕشى 1978دا بەرجەستە دەبێت. حاجى هاشمى بە پێچەوانەى قەجەرى، سەرچاوەى خۆراکى تێۆرى ئیسلام لە شۆڕشدا بە تازەگەرى دەزانێت. ئەو شێخ فەزڵوڵڵا نورى، سەید موجتەباى نەواب سەفەوى، مورتەزاى حائیرى و محەممەد تەقى مسباح یەزدى وەک نموونەى بوونیادگەرایى شیعە ناو دەبات.

  سەبارەت بە لێکۆڵینەوە درەکییەکانیش دەکرێت بوترێت کە ئەدەبیاتى گەشەسەندووى بوونیادگرایى لە ساڵەکانى ڕابردوودا، زیاتر  پەیوەندییەکانى نێوان بوونیادگەرایى و ژیانى کۆمەڵایەتى، تاوتوێ دەکات تا توێژینەوەکردن لەبارەی سەرهەڵدانى. هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان دەپڕژێنە سەر پێکهاتەى نەژادى، چینایەتى، ڕەگەزى، خێزان، فێرکارى و نەوەکان لە بوونیادگەراییدا.(کۆورینۆ[4] ٢٠٠٢؛ دکتۆر[5] ٢٠٠٢؛  لێرر[6] ١٩٩٩، سرینیڤاسان[7] 2004 و تەوز[8] 2003 ) لە كاتێکدا هەندێکی تر، لە تێڕوانینەکان لە کاریگەرى بوونیادگەراکان لە سەر ئەم چەمکانە دەکۆڵنەوە. (هودفار[9] 1996، ئێڵسن[10] و هاوكاران 1996، فريدمەن[11] 1996، فۆڵتن[12] و هاوكاران 1999، بێندرز[13] 1999 دارنێڵ[14] و شێركات[15] 1999، ئێمێرسن[16] و سميث[17] 2000، ئەپل[18] ٢٠٠١، ١٩٩٩ گەڵەگر[19]، ٢٠٠٣). بەشێکى تر لە لێکۆڵینەوەکان تاوتوێى نەریتە بەهێزەکان  لە بوارى خێزان و ڕەگەزدا  وەک باوکسالارى و ڕۆڵى ژنان و پیاوان لە نێوان بوونیادگەراکاندا دەکەن. (ریزبروت، ١٩٩٣؛ مارتى و ئەپلینى، ١٩٩١؛ بێندرز، ١٩٩٩؛ ئانتۆن، ٢٠٠٨ و بارتوفسکى[20]، ٢٠٠٤ ). لە بوارى لێکۆڵینەوەکانى کۆمەڵناسیشدا دەکرێت ئاماژە بە لیت[21] ( ٢٠٠٢ )، گرێبێنز و ڤێندنبێرگ (٢٠١١ )، کاشیاب[22]( ٢٠١٢ )، مەعدەل و کارەبێنیک (٢٠١٩ )، قۆربانى و هاوکاران (٢٠١٩ ) و ڕەزاقى و هاوکاران ( ٢٠٢٠ ) بکەین.

وادیارە کە لە ساڵانى ڕابردوودا، لە ڕێگاى کردەوە توندوتیژییەکانى بوونیادگەراکانەوە لە ئاستى جیهاندا، دامەزراوە زانکۆیى و لێکۆڵینەوەییەکان زیاتر ڕوویان کردووەتە لێکۆڵینەوە چەندێتییەکان لە بوارى بوونیادگەراییدا و ژیان و ڕەفتارى بوونیادگەراکان، یان تێڕوانینى تاکەکانى کۆمەڵگە سەبارەت بەوان لە بوارە جیاوازەکاندا، زیاتر لە خودى بوونیادگەرایى پێشوازى لێ کراوە.

پاشخانی چەمکى

  بە تێڕوانینک  لە ئەدەبیاتى بوونیادگەرایى، ڕوانگەکان سەبارەت بە گونجاوى بەکارهێنان، یان نەگونجاوى بەکارهێنانى بوونیادگەرایى دەتوانرێت بۆ دوو گرووپى گشتى هاوڕاکان و دژەکان دابەش بکرێت. گرووپى هاوڕاكان بۆچوونیان وایە کە دەتوانرێت ئەم چەمکە لە دەرەوەى شوێنى سەرهەڵدانى بوونیادگەرایى، کە لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە  ئەمریکاى مەسیحى پرۆتستانتى سەری هەڵداوە بەکار بهێنرێت. ئەم گرووپە هاوکات لەگەڵ دانپێدانان بە جیاوازی  بوونیادگەراکان لە کولتوور و ئایینە جیاوازەکاندا جەخت لە خاڵە هاوبەشەکانیشیان دەکەنەوە. بەم ئاڕاستەیە سوود لە چەمکى (لێکچوونى خێزانى)[23] ویتگنشتاین وەردەگیرێت. لە ڕوانگەى ئەم گرووپەوە، لەگەڵ هەموو ڕەخنەکاندا، بوونیادگەرایى هێشتاش لە بەرامبەر هاوواتاکانى ئەم چەمکەدا کارامەتر و تەواوترە.

لارنس لەو کەسانەیە کە باوەڕى وایە دەتوانرێت چەمکى بوونیادگەرایى بۆ جگە لە گرووپە مەسیحییەکانیش بەکار بهێنرێت.(لارنس، ١٩٨٩: ٢٥) بەم ئاڕاستەیە (ڕیزبروت)یش باوەڕی وایە کە بووژانەوەى بزووتنەوە کۆنەپارێزە مەزهەبییەکان، زۆر تایبەتمەندى هاوبەشیان هەیە و سەرەڕاى جیاوازییە گرنگەکانى نێوان ئەم بزووتنەوانە، کۆمەڵناسى دەتوانێت بە لەبەرچاوگرتنى بوونیادگەرایى وەک بابەتى کۆمەڵناسى، بە شێوەى  تێۆرى و پراکتیکى  پەرەى پێ بدات(ڕیزبروت، ٢٠٠٠). لە ڕاستیدا دەتوانرێت لارنس و ڕیزبروت لەگەڵ لێکۆڵەرەکانى وەک (ئاڵتمێر[24] ٢٠٠٣، ئاڵتمێر و هانسبێرگر[25] 2004، مەعدەل و كارابنيك  2008، 2013، 2018، سامرز[26] 2006، شوارترز[27] و لێندڵى[28] 2005) لەو کەسانەى کە باوەڕیان بە پێناسەى بوونیادگەرایى لە سەربنەماى لێکچوونەکان (لێکچوونى خێزانى) هەیە لە بەرچاو بگیرێن.

گرووپى دووەم، بە پێچەوانەى گرووپى یەکەمەوە باوەڕیان وایە کە بوونیادگەرایى، پەیوەستە بە شوێنى سەرهەڵدانییەوە و ناتوانرێت سوود لەم چەمکە وەربگیرێت بۆ کولتوورەکان و ئایینەکانى تر، لەبەرئەوەى جیاوازى بوونیادگەراکان ئەوەندە زۆرە، کە جەختکردنەوە لە لێکچوون و خاڵە هاوبەشەکانيان، دەبێتە هۆى تێکەڵبوونى چەمکى بوونیادگەرایى و جیاوازییەکان لەبەر چاو ناگیرێت. لە ئەنجامدا پێویستە هاوواتاکان، یان جێگرەوەکان بۆ ئەم چەمکە سوودى لێ وەربگیرێت. لە هاوڕاکانى ئەم ڕوانگەیە دەتوانرێت ئاماژە بە ڕۆتۆن، هانتر، برڤێنسن، سەعید و فریدمەن بکرێت.

لەبەر ئەم فاکتەرەیە کە ڕۆتۆن بەکارهێنانى بوونیادگەرایى لەودیو سنوورە سەرەکییەکەیەوە بە کێشەئامێز دەزانێت و بنەڕەتەکەى بۆ بوارى ئیلاهیاتى تایبەت بە ئەمریکاى پرۆتستانتى سەرەتاى سەدەکانى ناوەڕاست دەگەڕێنێتەوە(ڕۆتۆن، ١٣٨٩: ١١) هانتریش باوەڕى وایە کە بە بێ سەرنجدان  لە زەمینەى ناوەوەى ئەم چەمکە، هەروەها مێژووى تایبەتى ئەو ئایینە، ئەگەر چى ئەو ئایینە زاڵ بێت، یان لە کەمینە بێت و کۆمەڵە فاکتەرێکى تر، بەکارهێنانى بەرفراوانى لە پێوانەى جیهانیدا ڕێ پێ نەدراوە(هانتر[29]، 1986:32). فريدمەنيش دەڵێت، لەوێوە کە چەمکى بوونیادگەرایى لە باردۆخى مێژووى مەسیحییەتدا دروست بووە، ناتوانرێت بەردەوام ئەم زاراوەیە لەم چوارچێوەیەدا سەبارەت بە ئایینەکانى بێجگە لە مەسیحى وەک یەهودی و ئیسلام بەکار ببرێت( فریدمەن[30]، 1996: 987). (برڤێنسن)يش باوەڕى وایە کە زاراوەى بوونیادگەرایى لە بارودۆخێکى کولتوورى و ئایینى جیاوازدا سەرهەڵدەدات. شوێنێک کە واتایەکى وردترى هەبێت (و هەیە)، کەواتە لە جیهانى ئیسلامدا، خاوەنى پاشخانى هزرى و سیاسى جیاوازن و سوودوەرگرتن لە هەمان زاراوە بۆیان بۆ تێگەیشتنى باشتر، مەرج نییە سوودى هەبێت(برڤێنسن، ١٩٩٥: ١٥٩).

 (بابى سەعید)یش ئەم ڕەخنەیە دەخاتە ڕوو کە ناتوانرێت چەمکى بوونیادگەرایى وەک بنەمایەک بۆ بەراوردێکى واتادار لە نێوان بۆ نموونە حزبى باراتیا جاناتا، لیکۆد، ئیخوان موسلمین، هاوپەیمانى مەسیحییەکان و هتد بەکار بهێنرێت(بابى سەعید، ١٣٧٩:١٩) هەرچەندە ڕوونە لە نەریتە ئایینییە جیاوازەکاندا، لێکچوونى بڕاوە لە نێوان بوونیادگەراییە ئایینیەکاندا هەیە. بن دۆر و پێدازێر تەنانەت بوونیادگەرایى ئیسلامى بە یەکەیەکى شیکارى زۆر گەورە دەزانن(بین دۆر و پێدازێر، ٢٠٠٤ :٧٤) لە ئەنجامدا، ودبێرى و سميس چەمکسازییەکى ڕوونتر و پێوانەکردنێکى وردترى ئەم زاراوەیە بۆ تێگەیشتنى باشترى بابەتەکە بە پێویست دەزانن(ودبێرى[31] و سمیس[32]، ١٩٩٨)، هەرچەندە کە لەم بوارەدا مەعدەل و کارەبێنیک جیاوازى بوونیادگەراکان لە ڕووى مێژووییەوە لە ئایینەکاندا بە یەکێک لە فاکتەرەکانى نەگشتاندنى زانستى و ئەبستراکتى تیۆرى سەبارەت بە بوونیادگەرایى دەزانن(مەعدەل[33] و کارەبێنیک[34] :٢٠١٩ :١) و بین دور[35] و پێدازێر[36] باوەڕیان وایە بە هەبوونى ئەدەبیاتێکى دەوڵەمەند سەبارەت بە بوونیادگەرایى، بەڵام ڕاستى ئەم دیاردەیە هێشتا ڕوون نییە و ئەم ئەدەبیاتە هێشتا نەیتوانیوە پێناسەگەلێکى باش و جیهانى ڕەزامەندى بەخش پێشکەش بکات.( بین دۆر و پێدازێر، ٢٠٠٤ : ٧٤)

هاوڕایانى نەگونجاوى چەمکى بوونیادگەرایى، هاوواتای گونجاويان لەگەڵ کولتوورەکان و ئایینە جیاوازەکان خستووەتەڕوو، ئەم کارە سەبارەت بە بوونیادگەرایى ئیسلاميش ئەنجام دراوە. بە بەدواداگەڕان لە ئەدەبیاى بوونیادگەرایى لە بوارى ئیسلامیدا دەتوانرێت کۆمەڵێک هاوواتاى وەک ئوسووڵگەرایى (عەنایەت ١٣٦٢؛ فەراسەتخاە ١٣٧٣: ٢٤٤)، ڕادیکالیزم (زیلبرشتاین، ١٣٨٩: ٥، هانتر، ١٩٨٦)، دەمارگیرى ئایینى (زیلبرشتاین، ١٣٨٩: ٥)، بوونیادگەرایى نوێ (ئولیویە ڕوا، ١٣٨٧)، بوونیادگەرایى ڕەسەنى ئیسلامى و شیعى (حسێن غەفارى، ١٣٩٥: ٧٨)، بوونیادگەرایى ڕەسەنى ئیسلامى (نەجەف عەلى غوڵامى، ١٣٩٣: ٢١)، ئیسلامگەرایى (هێشام شەرابى ١٣٨٠: ١٢٠؛ ئولیویە ڕوا ١٣٧٨: بابى سەعید ١٣٧٩: ٢٠؛ عەبدول مەجید شەرەفى ١٣٧٩: ١٧٧ و هەرایر دەکمەجیان، ١٣٦٦: ٩٥)، بزووتنەوەى ئیسلامى ( ژیل کپڵ ١٣٦٦: ٢٧٤)، ئیسلامى سیاسى (جان سپوزیتو، ١٣٩٣ و دەمنت ١٣٩٠: ١٥٠)، توندڕەوى ئایینى (فەرید ئەلعەتاس ١٣٨٨؛ زیلبرشتاین ١٣٨٩: ٥ دەمنت ١٣٩٠: ١٥٢ و ڕافە ٥١:١٣٩٠)، زیندووگەرا ( هى وود ١٣٨٦: ٤٩٦؛ هانتر :١٩٨٦: ٣٢، ١٣٩٠ دەمنت ١٣٩٠: ١٥٢)، ئایینی ڕاستەقینەى ئەرتەدۆکس (هى وود، ١٣٨٦: ٤٩٦)، سەلەفى سیاسى دەقگەرا ( تارق ڕەمەزان، 1386: 34)، ئيسلامى شەریعەتگەرایى (حەنایى کاشانى ١٣٨١: ١١)مان دەست بکەوێت. شایەنى باسە چەمکەکانى ڕادیکالیزم، دەمارگیرى ئایینى، بوونیادگەرایى نوێ، توندڕەوى ئایینى، زیندووگەرا و ئایینى ڕاستى ئەرتەدۆکس بۆ بوونیادگەرایى بە شێوەیەکى گشتى (بوونیادگەرایى ئیسلامى و بوونیادگەراکانى تر) و چەمکەکانى تر بۆ بوونیادگەرایى ئیسلامى بە شێوەیەکى تایبەت داتاشراوە.

  میتۆدۆلۆجى

  میتۆدى ئەم لێکۆڵینەوەیە، چۆنێتى و ئامڕازى کۆکردنەوەى داتاکان، چاوپێکەوتنى قوڵ بووە لەگەڵ پسپۆڕان و دەرەنجامەکان لە ڕێگەى شیکارى ناوەرۆکى چۆنێتییەوە بووە. سەرەتا لەگەڵ ٨ کەس لە مامۆستایانى زانکۆ لە وانەى “میژووى هزرى کۆمەڵایەتى لە ئیسلامدا” لە ئاستى زانکۆکانى تاران (سارا شەریعەتى، سەید مەحمود نەجاتى حسێنى، حەسەن موحەددێسى، سەید حسێن سەراج زادە، حەمید پارسانیا، یونس نوربەخش، غوڵام ڕەزا جەمشیدیها و سەید مەهدى ئیعتیمادى فەرد) بە پرسیارگەلێکى تایبەت، چاوپێکەوتنێکى قوڵ کراوە. لە کاتى ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەکەدا، لیستى ناوى کۆمەڵێک پسپۆڕ و مامۆستاى ترى زانکۆ لە بوارى بوونیادگەراییدا بە پێڕست گەلێکى وەک دانانى کتێب، نووسینى وتار و ڕەخنەى وتاربێژى بەدەست هاتوون و لە چاوپێکەوتنەکەدا ڕاوێژ بە مامۆستایانى وانەى مێژووى هزرى کۆمەڵایەتى لە ئیسلامدا سەبارەت بەم لیستە کراوە. لە کۆتاییدا لەسەر بنەماى بۆچوونەکانى ئەم مامۆستایانە و لەسەر بنەماى دەستڕاگەیشتن و وەڵامى ئەرینى ئەوانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە موحسین کەدیوەر، ئەحمەد پاکەتچى، مستەفا مەلەکیان، داود فيرحى، هاشم ئاغاجەرى، عمادەدين باقى، ئیبراهیم فەياز، تەقى ئازاد ئەرمكى، سەيد محەممەد سەقەفى و عەلیڕەزا شوجاعى زەند بۆ چاوپێکەوتنەکە هەلبژێردران.

لە کۆى ١٨ کەس لەو کەسانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، ٨ کەس، خوێندکارى زانکۆ و ١٠ کەس خوێندکارى ناوەندى ئایینى زانکۆ بوون. هەروەها ١٣ کەس کۆمەڵناس و ٥ کەسى تریان بێجگە لە کۆمەڵناس (یەک کەسیان فەیلەسوف [مەلەکیان]، دوو کەس مامۆستاى زانستە سیاسییەکان [فیرحى و کەدیوەر]، یەک کەس مامۆستاى مێژوو [ئاغاجەرى] یەک کەس مامۆستاى ئایینناسى [پاکەتچى] بوون.

شیکارى چاوپێکەوتنەکان

بە هەمان شێوە کە وترا، یەکەم خاڵ دەربارەى بوونیادگەرایى، ناکۆکى و شەڕى ناولێنانیەتى، بە سەرنجدان لە وەڵامدانەوەى  ئەو کەسانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، ئەم بەشە لە دوو تەوەردا “سەبارەت بە گونجاوى چەمکى بوونیادگەرایى” و “هاوواتاکانى بوونیادگەرایى” باسی کراوە.

 

سەبارەت بە گونجاوى چەمکى بوونیادگەرایى

  سەبارەت بە گونجاوى چەمکى بوونیادگەرایى، ڕاوبۆچوونى ئەوانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە بە گشتى دەتوانرێت دابەش بکرێت بۆ سێ بەش:

١- هاوڕاکانى کەم و کورتى چەمکى بوونیادگەرایى

٢- هاوڕاکانى جێگرەوەى چەمکى بوونیادگەرایى

٣- هاوڕاکانى گونجاوى چەمکى بوونیادگەرایى

هاوڕاکانى کەم و کورتى چەمکى بوونیادگەرایى

ئەم گرووپە لەو کەسانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە ڕایان وایە کە چەمکى بوونیادگەرایى کۆمەڵێک کەم و کورتى هەیە، بەڵام لە بەرامبەر جێگرەوەکانى تر بە سوودترە.

موحسین کەدیوەر هاوکات لەگەڵ دانپێدانان بە کەم و کورتییەکانى چەمکى بوونیادگەرایى بۆ بەکارهێنانى لە کۆمەڵگەى ئیسلامیدا، لە بەرامبەر جێگرەوەکانى تردا بە گونجاوترى دەزانێت.

“ئەوەندە بە دواى داتاشینى زاراوەوە نیم” ( کەدیوەر ).

مستەفا مەلەکیان باوەڕی وایە وشەى بوونیادگەرایى لەژێر کاریگەرى گوماندایە و باوەڕى بە هەڵبژاردنى وشەیەکى ترە، بەڵام بە هۆى زاڵبوونى واتاى بوونیادگەرایى بە سەر واتاکانى تردا، بە بێ تواناى نازانێت.

“[من چەمکى بوونیادگەرا] بە بێ توانا نازانم، بەڵام هاوڕام لەگەڵ ئەوەى کە بوونیادگەرایانێکى تر هەن کەمێک ئەم وشەیە دەخەنە ژێرکاریگەرى واتایەکى تر (ژێرکاریگەرى گومان). بەڵام بە ڕاى من ئەوەندە واتاى بوونیادگەرایى بە سەر واتاکانى تردا زاڵە خۆى سەردەخات، بەڵام ئەگەر بمانویستایە کە گومان بوونى نەبێت، بە ڕاى من دەبوایە وشەیەکى ترمان هەڵبژاردایە”(مەلەکیان).

حەسەن موحەددیسى هاوکات لەگەڵ جەختکردنەوە لە جیاوازى مێژوویى ئایینەکان و پەیوەستبوونى چەمکەکان بە هەلومەرج و جیهانە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان واى بە باش دەزانێت دەمارگیرى بۆ وشەکە نەبێت، کەواتە بەکارهێنانى وشەى بوونیادگەرایى لە بەرامبەر وشەکانى تردا بە گونجاوتر دەزانێت.

“من وا بیر دەکەمەوە کە  پێویستە  بە ئاسایى  باس لە جیاوازى مێژوویى، ئایینەکان بکەین و کاتێک وشەیەک لە بوارێکى تردا بەکار دەهێنین، جیاوازییەکان ببینین، چونکە جیهانە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، تایبەتمەندى تایبەت بە خۆیان هەیە و دەتوانن لە کۆمەڵە ئاڕاستەیەکەوە تایبەتمەندى خۆیان هەبێت و لەوانەیە نەتوانین چەمکێک لە زۆربەى بوارەکاندا بەکار بهێنین. تێڕوانینى من ئەمەیە کە سەرەتا دەمارگیریمان بۆ وشەکە نەبێت و تەرکیز بخەینە سەر تایبەتمەندییەکانى، دووەم ئەوەى کە بیر بکەینەوە کە لە ئاییندا چ تایبەتمەندى، یان تایبەتمەندى گەلێک بوونى هەیە کە بە شێوەیەکى ئاسایی لە ژێر ناوى بوونیادگەرادا باسى دەکرێت کە لە مەسیحییەت، یەهودیەت و ئیسلامدا هەبووە، لە بودیزمدا هەبووە، تەنانەت من بینیومە لە ئایینى (شینتو)یشدا هەبووە… بەڵام وادەزانم خودى وشەى بوونیادگەرا گونجاوترە”.(موحەددێسى)

یونس نوربەخش لەگەڵ ئەوەى بە دواى هاوواتایەکدا دەگەڕێت بۆ بوونیادگەرایى، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم زاراوەیە  بە لۆژیکی دەزانێت.

“بنەماى فەندەمێنتالیزم لە ڕۆژئاواوە سەرى هەڵداوە و ئێمە هاوواتایەکى نوێمان بۆ دیاردەکانى خۆمان دانەناوە، بەڵام بە ڕاى من بە ڕوونکردنەوەگەلێک، زاراوەى بوونیادگەرایى، زاراوەیەکى لۆژیکییە”.(نوربەخش)

 

هاوڕایانى جێگرەوەى چەمکى بوونیادگەرایى

 ژمارەیەک لەو کەسانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، چەمکى بوونیادگەرایی بە چەمکێکى تەواو و گونجاو نازانن لەگەڵ کولتوورى شیعى و ناوچەیى ئێراندا و باوەڕیان وایە کە هاوواتا، یان جێگرەوەکەى پێویستە  نزیکایەتییەکى  لەگەڵ مێژوو، کولتوور، ناوچە و ئایینى کۆمەڵگەى ئێراندا هەبێت.

  سارا شەریعەتى بە دانپێدانانى ئەوەى کە  بوونیادگەرایى، چەمکێکى مەسیحییە، ناولێنانى بۆ بوارى ئیسلامی پێ پەسەند نییە و باوەڕى وایە کە لە ئیسلامدا، زاراوەیەکى وەک بوونیادگەرایى بوونى نییە. بە تێڕوانینى ئەو بوونیادگەرایى ئیسلامى لە لایەن ڕۆژنامەنووسانەوە گشتێنراوە. هەروەها بە هۆى ئەو تایبەتمەندییە خودییەى کۆمەڵگەى ئێران کە تێیدا، ڕابەرایەتى، هێزى سیاسی و مەرجەعیەتى ئایینى پەیوەندییان پێکەوە هەیە، پێویستە ناو و چەمکێکى نوێ بۆ دیاردە نوێیەکانى کۆمەڵگەى ئێران بەکار بهێنین.

  “من بەردەوام زاراوەى بوونیادگەرایى دەخەمە دوو کەوانەوە و بە دڵفراوانییەوە بە هۆى ئەوەى کە ئەم چەمکە بووە بە باو بەکارى دەهێنم، بەڵام ناولێنانى ئەم وشەیەم لا پەسەند نییە بۆ بوارى ئیسلامی بە هۆى ئەوەى کە من وابیر دەکەمەوە ئەم وشەیەمان لە مێژووى ئیسلامدا نییە، فەندەمێنتالیزم کە وەرگێڕدراوە بە بوونیادگەرایى، پەیوەستە بە پرۆتستانتیزم یەکێک لە ڕەوتە ئایینیەکان لە مەسیحییەتدا. لە ئیسلامدا شتیکمان نییە بە ناوى بوونیادگەرایى. ڕۆژنامەنووسەکان ئەم ڕەوتانەیان وەک بوونیادگەرایى ئیسلامى ناونا و لە ڕاستیدا ڕۆژنامەگەرى لە بڵاوکردنەوە و گشتاندنیدا ڕۆڵێکى دیاریکراوى هەبوو، چونکە ئێران تایبەتمەندییەکى تایبەت بە خۆى هەیە کە ڕابەرایەتى، دەسەڵاتى سیاسى و مەرجەعیەتى ئایینى پەیوەندییان پێکەوە هەیە و ئەم دیاردەیە، تایبەتە بە ئێران. کەواتە پێویستە ئێمە ناوێکى نوێ بۆ ئەم دیاردە نوێیە بدۆزینەوە “( شەریعەتى ).

   حەمید پارسانیا بوونیادگەرایى بە ورد نازانێت، چونکە باوەڕى وایە ئەم ناونیشانە هى ڕۆژئاواییەکانە و سەرچاوەکەى مەسیحییەتە و لە کۆمەڵگەى ئێراندا ناتوانێت وەڵامدەرەوەى دیاردەکان بێت.

  “بە ڕاى من ئەم وشەیە [بوونیادگەرایى]، ورد (دەقیق) نییە، کەواتە ناچمە ژێربارى ئەم ناونیشانەوە، ئەم ناونیشانە بۆ ئێمە نییە… ڕۆژئاواییەکان چەمکێک بە ناوى بوونیادگەراییەوە دروست دەکەن، بە فاکتەرگەلێک لەوانەیە سەرچاوەکەى، نموونەیەکى مەسیحییەتیش بووبێت، چ جاى کە باپتیستەکان و ئامیشەکان بوونیان هەبووە، کە لە ئەدەبیاتى ڕۆژئاوادا، ناوى بوونیادگەرایان لێ دەنرێت، بەڵام هاتنى ئەم چەمکە لێرەدا ناتوانێت وەڵامدەرەوە بێت، من ئەم چەمکە بە ناتەواو دەزانم” (پارسانیا).

  (محەممەد سەقەفى)ش ئەمریکا بە شوێنى سەرهەڵدانى بوونیادگەرایى دەزانێت و باوەڕى وایە بۆ ڕوونکردنەوەى بوونیادگەرایى پێویستە سوود لە چەمکەکانى کولتوورى خۆمان وەربگرین.

  “لەو باوەڕەدام کە نابێت ڕێک هەمان ئەو زاراوانەى کە لە ئەمریکا باس کراون، لە کۆمەڵگەى خۆماندا بەکاری بهێنین، لەبەرئەوەى هەر چەمکێک شوێنى سەرهەڵدانى تایبەت بە خۆى هەیە، ئێمە نابێت هەوڵ بدەین ڕێک ئەوەى لە ڕۆژئاوا باس کراوە، لێرە باسى بکەین”(سەقەفى).

   (ئەحمەد پاکەتچى)ش واى بە باش دەزانێت سوود لە زاراوەى بوونیادگەرایى وەرنەگرێت بە هۆى سوودوەرگرتنى لە ڕادەبەدەرى ئەم چەمکە لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەم چەمکە لە بوارى لێکۆڵینەوە کولتوورییەکاندا مانا و کارامەیى نییە، لە لایەکى ترەوە لە ڕوانگەى ئەوەوە بوونیادگەرایى دواى ١١ى سێپتەمبەر  وەک تەوەرێکى جددى گۆڕاوە بۆ بۆمبارانى هزرى و ڕاگەیاندنى ڕەوتە ئیسلامگەراکان و ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێمە بە ڕاستى نازانین ئەوان بە چى دەڵێن بوونیادگەرایى( فەندەمێنتالیزم).

  “من وادەزانم ئەم چەمکە وەک چەمکێکى ئایینناسى و وەک چەمکێک لە بوارى لێکۆڵینەوە کولتوورییەکاندا، چەمکێکى کارامە نییە… بە تێپەڕینى نزیکەى یەک سەدەى ڕابردوو، ئەوەندە قسە کردن لە سەر فەندەمێنتالیزمى  یەهودى، فەندەمێنتالیزمى  بودایى و لە ئیسلامدا، دواى ١١ى سێپتەمبەر کە فەندەمێنتالیزم وەک تەوەرێکى جددى گۆڕا بۆ بۆمبارانى هزرى و ڕاگەیاندنى ڕەوتە ئیسلامگەراکان، بۆ ئەوان شۆڕشى ئێران وەک دەرکەوتن و بەهێزبوونى فەندەمێنتالیزمە، بەڵام بە ڕاستى ئێمە نازانین ئەوان بە چ شتێک دەڵێن فەندەمێنتالیزم، کەواتە هاوڕام لەگەڵ تێڕوانینێک کە دژى سوودوەرگرتنە لەم زاراوەیە، بەڵام دەکرێت کار بە پێوەرەکان بکرێت”( پاکەتچى ).

   داوود فیرحى لەو بڕوایەدایە کە زاراوەکان پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆیان بە شوێنى سەرهەڵدانیانەوە هەیە و زاراوەی بوونیادگەراییش یەکیکە لەو زاراوانەیە.

   “من لە لایەنى میتۆدۆلۆژییەوە، لەو بڕوایەدام کە پێویستە وشەکان بە سەرنجدان لە شوێنى سەرهەڵدانیان پێناسە و شى بکەینەوە” (فیرحى ).

   (مەهدى ئیعتمادىفەرد) هاوڕایە لەگەڵ چەند هاوواتایەک بۆ بوونیادگەرایى، بەڵام بڕواى وایە کە مەبەستى ئەو لێکۆڵەرانەى کە سوود لە بوونیادگەرایى وەردەگرن بە هۆی ئەوەى کە بووە بە باو، واتاى حەرفى نییە.

“وشەى بوونیادگەرایى بووە بە باو و مەبەستى زۆرێک لەو کەسانەى کە سەبارەت بەم وشەیە قسە دەکەن، واتا حەرفیەکەى نییە”(ئیعتمادى فەرد).

  عیمادەدین باقى بە دانپێدانانى ئەوەى کە ناونانەکان گریمانەیین، لە ڕووى گوێ پێ نەدان و بەهۆى بوون بە باو و ناسراوى ئەوانی ترەوە، زاراوەى بوونیادگەرایى بە کار دەبات هەرچەندە باوەڕى وایە کە پێویستە هاوواتاى تر بۆ ئەم زاراوەیە دەستنیشان بکرێت.

  “بوونیادگەراییان لە بەرامبەر فەندەمێنتالیزم داناوە، چونکە (بوونیاد) لە زماندا هاوواتاى (فەندەمێنتاڵ)ە و لەبەرئەوەى کە ئەم هاوواتایە لە ڕووى زمانەوانییەوە ڕاست بووە، بە خێرایى پەسەند کراوە و کەمتر سەرنجى لایەنەکانى لێ تێگەیشتنیان  داوە. ئەم پرسە لە کێشە دیارەکانى وەرگێڕانە لە ئێراندا کە زیاتر تیشک دەخاتە سەر وەرگێڕانى زاراوەکان تا تێگەیشتن لێى… منیش لەمە بەدوا لە هەر جێیەک بوونیادگەرایى بەکار دەهێنم لە ڕووى گوێ پێ نەدان و بە هۆى بوون بە باو و ناسراویى لاى خەڵک، ئەگەرنا مەبەستم لێى هەمان ئەو شتەیە کە بە دۆگماتیزمى دەزانم”(باقى).

   (شوجاعى زەند) هاوڕا نییە لەگەڵ سوودوەرگرتن لە زاراوەی بوونیادگەرایى بۆ ڕەوتە ئیسلامییەکان، چونکە بە ڕاى ئەو ئەم زاراوەیە، پەیوەستە بە ئەزموونێکى مێژووى مەسیحییەت لە  بارودۆخێکى تایبەتدا کە ئەم ئەزموونە سەبارەت بە ئیسلام دەقاودەق نییە.

   “من کێشەم لەگەڵ دەقاودەق بوونى ئەم وشە باوە لەگەڵ واقیعەکانى کۆمەڵگەى ئێراندا هەیە… ئەم زاراوەیە  پەیوەستە بە جیهانى مەسیحى  و ئەزمونى مێژووى مەسیحییەت لە قۆناغ و بارودۆخێکى تایبەتدا… لە ڕاستیدا ئەمانە کەسانێکن کە پشتگوێخستنى دنیايان واز لێ هێناوە، واتە پشتگوێخستن بنەمایەک بووە، گریمانەیەک و چوارچێوەیەکى سەرەکى بووە، ئەمانە ڕەوتێکى سەرەکى[37] بوون، فەندەمێنتاڵەکان لق گەلێکى بچوک بوون کە ئەم پشتگوێ خستنەيان سەبارەت بە دنیا واز لێ هێناوە. ئەمە سەبارەت بە ئیسلام وا نییە… کەواتە نابێت بە ئاسانى لێرەدا بەو تێگەیشتنەوە و بەو پاشخانەوە و بەو واتایانەى لەبەرچاون سوودى لێ وەربگیرێت”(شوجاعى زەند).

   دەکرێت (نەجاتى حسێنى) لەم پۆلێنبەندییەدا دابنێین، هەر چەندە ئەو نەگەیشتووەتە هاوواتایەکى ورد بۆ بوونیادگەرایى، بەڵام لەو کەسانەیە کە هاوڕاى دۆزینەوەى هاوواتایەکە بۆ بوونیادگەرایى.

   “لە لێکۆڵینەوەکانمدا، ئیسلامى سیاسیم خستووەتە سەنتەر و چەمکەکانى بوونیادگەرایى، سەلەفیزم، تەکفیرى، توندڕەوى ڕادیکاڵم خستووەتە چواردەورى، بەڵام ئەمەى کە وەک نموونە، سەلەفیزم ڕێک وەک بوونیادگەراییە، یان لقێکە لە بوونیادگەرایى، یان خوێندنەوەیەکە لە بوونیادگەرایى، هێشتا بۆ من ڕوون نەبووەتەوە”(نەجاتى حسێنى).

هاوڕایانى گونجانى چەمکى بوونیادگەرى

ئەم گرووپە لەو بڕوایەدان کە چەمکى بوونیادگەرایى تەواوە و گونجاوە.

دەکرێت سەراج زادە، ئازاد ئەرمەكى و فەیازيش بخرێتە ئەم گرووپەوە، کە بوونیادگەرایى بە چەمکێک  بۆ هەموو تەوژمە لێکچووەکان لە هەموو ئایینەکاندا دەزانن.

   سەراج زادە باوەڕى وایە کە “وشە پێشنیارکراوەکان  زۆر لۆژیکی نین  و ئەگەر ئەم وشانە بەکار بهێنین دیسانەوە دووبارە دەبێت بەم تایبەتمەندییانەى وترا، ڕوونیان بکەینەوە.  بۆ نموونە دژایەتى لەگەڵ جیهانى مۆدێرن، پەیوەستە بە قۆناغە نوێیەکانەوە و لە نەریتى ئایینى ئەو سەردەمەى کە جیهان مۆدێرن نەبووە تا بتوانین قسە لە دژایەتى بکەین… لە ئەنجامدا وا دەزانم ئەو چەمکانەى لە نەریتى ئایینیدا هەن، ناتوانن بە باشى تایبەتمەندییەکانى بوونیادگەرایى لەخۆبگرن و بەم تێگەیشتنەوە  لە بوونیادگەرایى پێویستە وەک چەمکێکى نوێ و دیاردەیەکى نوێ قسەى لە سەر بکەین، وەک سیکۆلاریزم”(سەراج زادە).

   ئازاد ئەرمەکى بە سەرنجدان لەو پێناسەیەى کە بۆ بوونیادگەرایى دەیکات، بەکارهێنانى ئەم چەمکە لە هەموو ئایینەکاندا بە رێپێدراو دەزانێت.

“بوونیادگەرایى بە واتایەک ئەرتەدۆکسێک ڕوون دەکاتەوە و شتێکى تر نییە بێجگە لەمە، واتە گەڕانەوە بۆ بنەماگەلێکى توندى کۆنکرێتى فەرامۆشکراو کە زنجیرە کەسێک دۆزەرەوەى بوون، واتە لە بەرامبەردا ئەو کەسانەى کە ئەرتەدۆکسى وەلا دەنێن، گوزارشتى بوونیادگەرا بەکار دەهێنین… بە ڕاى من بوونیادگەرایى، چەمکێکى پێوانەییە بۆ هەموو تەوژمەکان لە هەموو ئایینەکاندا”(ئازاد ئەرمەکى).

کورتەى دابەشکارى و ڕوونکردنەوەکان لەو خشتەیەى خوارەوەدا دانراون:

خشتەى ١: سێ بۆچوون سەبارەت بە گونجاوى چەمکى بوونیادگەرى

 هاوواتاکانى چەمکى بوونیادگەرى

  لە بەشى پێشوودا ڕوونکرایەوە کە ژمارەیەک لەو توێژەرانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە سەبارەت بە چەمکى بوونیادگەرایى لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا، رەخنەگەلێکیان سەبارەت بەم چەمکە هەیە و هاوڕان لەگەڵ دانانى جێگرەوە، یان هاوواتا بۆ بوونیادگەرى. لە درێژەى باسەکەدا، هاوواتا پێشنیار کراوەکان، باسیان لێ کراوە و تاوتوێکراون و لە کۆتاییدا، وشەیەکى پێشنیارکراو لەم بوارەدا خراوەتەڕوو.

   سارا شەریعەتى توندڕەوى و ڕادیکالیزم وەک هاوواتاى بوونیادگەرایى باس دەکات. یەکێک لە پێوەرەکانى ئەو لە هاوواتاکردنیدا، سوود وەرگرتنە لە وشەگەلێک کە نزیک بێت لە مێژوو، کولتوور، شوێن و ئایینى کۆمەڵگەکە.

  “هاوواتای زۆر هەیە بۆ بوونیادگەرایى، کە یەکێک لەوانە توندڕەوییە، هاوواتایەکى تر ڕادیکالیزمە، کە هەر یەکێکیان شایەنى قسە لە سەر کردنن… پێویستە یەکێک لە پێوەرەکان بۆ هاوواتاکە ئەمە بێت کە ئەم وشەیە، نزیکایەتییەکى لەگەڵ مێژوو، کولتوور، ئایین و ناوچەى ئێمەدا هەبێت”(شەریعەتى).

  لەم هەلومەرجەدا، ئەو پێشنیارى چەمکەکانى “خەواریج” ،”غالیان” دەکات بۆ بیرلێکردنەوە و تاتوێکردن، کە دوو چەمکن لە چەمکەکانى مێژووى شیعەکان، هەرچەندە ئەوانە بە هاوواتاى بوونیادگەرایى دانانێت.

  “باشتروایە لە چەمکە مێژوویەکانى خۆمان، وەک “چوونەدەرەوە”، “خەواریج” “زیادەڕۆیی”، “زیادەڕۆکاران” و”تەکفیر”  بکۆڵینەوە و بزانین کە ئەم چەمکانە، ئەمڕۆ بە چ شێوەیەکن و بەم کارە هەنگاو بۆ دروستکردنى چەمکى نوێ بنێین”(شەریعەتى).

  حەمیدى پارسانیا وشەى ڕواڵەتگەرایی پیشنیار دەکات، بەڵام بە هاوواتاى دانانێت. بەڵام بە بۆچوونى ئەو ڕواڵەتگەرایى و دەقگەرایى، تاڕادەیەک نزیکن لە بوونیادگەراییەوە.

   “بەندە، پێشنیارى ڕواڵەتگەرایى دەکەم، بەڵام بە هاوواتاى دانانێم. واتە ڕواڵەتگەرایى، هاوواتاى بوونیادگەرایى نییە، بەڵام هەندێک لەو نموونانەى کە ئەوان باسى دەکەن وەک تاڵیبان، دەکەوێتە پەراوێزى ئەم ناونیشانەوە… بە ڕاى من شتێک کە لە جیهانى ئیسلامدا، کەمێک نزیک دەبێتەوە لێیان، هەر ئەم ئەهلى حەدیس، دەقگەرایى و ڕواڵەتگەراییەیە”(پارسانیا).

هاوواتاى جێ سەرنجى  سەقەفى بۆ بوونیادگەرایى لە جیهانى ئیسلامدا، ئوسووڵگەراییە.

“من باوەڕم بەو بوونیادگەراییە نییە کە لە جیهانى مەسیحیدا دژى سەردەمى داروینیزمە و دواتریش، ئوسووڵ واتە تەنانەت بیرکردنەوە ئایینیەکانیش لە سەروو ئەقڵەوە دادەنیت، لە جیهانى ئیسلامیدا باوەڕم پێى نییە، بەڵام باوەڕم بە ئوسووڵگەرایى هەیە، کەواتە بە ڕاى من بوونیادگەرایى شتێکە جیایە لە ئوسووڵگەرایى. ئوسووڵگەرایى واتە هەڵسوکەوتکردنى پارێزکارانە و هەبوونى مێشکێکى کراوە لە هەر ڕەفتارێکى کۆمەڵایەتیدا، بەڵام بوونیادگەراکان، جورێک لە خورافە و چەقبەستن لە ئاییندا بە باشتر دەزانن لە ئەقڵ”(سەقەفى).

   (ئیعتمادى فەرد)یش هاوتەریب لەگەڵ هەندێک لەو کەسانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، هاوواتاى توندڕەوى دەستنیشان دەکات، بەڵام لە ڕوانگەیەکى جیاوازەوە سەیرى دەکات. لە تێروانینى ئەودا توندڕەوى نەک بە واتاى زیادەڕەوى لە بەرامبەر کەمڕەویدا، بەڵکو زیادەڕەوى لە کارێکدا کە هیچ کاتێک ناتوانرێت بخوازرێت، مەگەر بە وەها زیادەڕەوییەک. ئەو بوونیاد لە بوونیادگەراییدا نەک بە بنەمایەکى قورس، بەڵکو بە کارێکى نامومکینى  دەزانێت، کارێک کە بە شێوەیەکى بوونیادى لەگەڵ ڕێکخستنى هاوچەرخدا جیاوازە.

   “بە بۆچوونى من وشەى توندڕەوى هاوواتایەکى باشترە لە بوونیادگەرایى بۆ فەندەمێنتالیزم…

توندڕەوى نەک بە ماناى زیادەڕەوى لە بەرامبەر کەمڕەویدا، بەڵکو زیادەڕەویکردن لە کارێکدا کە هیچ کاتێک ناتوانرێت بخوازرێت مەگەر بە وەها زیادەڕۆییەک… بوونیادگەرایى دەگەڕێتەوە بۆ کارێکى نەکردە (نامومکین) کە لە ڕووى بوونیادییەوە، جیاوازە. بوونیادى نەک بە ماناى بنەماى بوونیادى کە ئێمە لایەنگرى دەکەین، بەڵکو ڕێکخستنێک کە بە شێوەیەکى بوونیادى جیاوازە لەگەڵ ڕێکخستنى هاوچەرخدا”(ئیعتمادى فەرد).

   عیمادەدین باقى، دۆگما  و دۆگماتیزم پێشنیار دەکات بۆ بوونیادگەرایى. ئەو”بێگانەگەرایی” لە کولتوورى شیعەدا بە هاوواتاى دۆگمایی دادەنێت، بەڵام بە هۆى پشتبەستن بە وشەى بێگانەگەرایى بە تەوژمێکى دیاریکراو لە مێژووى ئیسلامدا، بە شایەنى گشتاندنى نازانێت، بەم هۆیەوە لە چەمکێکى گشتى ترى وەک دۆگما سوود وەردەگرێت.

  “هاوواتاى لاتینى دۆگما و دۆگماگەرایى،  دۆگماتیزم بوو، لە کولتوورى شیعەدا پێیان دەوت بێگانەگەرایى، بەڵام لەبەرئەوەى کە زاراوەى بێگانەگەرایى، پەیوەست بوو بە تەوژمێکى تایبەت لە مێژووى ئیسلامدا کە هەمان تایبەتمەندى هەبوو، لە ڕووى زانستییەوە بۆ گشتاندن گونجاو نەبوو  و باشتروایە وشەیەکى گشتى تر دەستنیشان بکرێت”(باقى).

   عەلیڕەزا شوجاعى زەند، هاوواتاى ئیسلامیزم (ئیسلامگەرایى) وەک هاوواتایەک دەستنیشان دەکات، لەبەرئەوەى لە ڕوانگەى ئەوەوە ئایین وەکو ئایدۆلۆژیایە، (ئیزم)ى  ئیسلامیزم لە ڕاستیدا پێناسەى ئایدۆلۆژیاى ئایینى ئیسلامە. هەرچەندە شوجاعى زەند پێى باشە کە سوود لە هاوواتاگەلێک وەربگیرێت کە خودى گرووپەکانى ناسراو بە بوونیادگرایى بۆ ناساندنى خۆیان سوودى لێ وەردەگرن، بەڵام ئەم زاراوە و چەمکانە بە هۆى نۆرمەکەیانەوە لە لایەن ئەکادیمییەکانەوە سوودى لێ وەرناگیرێت.

  “بە واتایەکى تر هاوڕاییەکى زیاترم لەگەڵ ئیسلامیزم (ئیسلامگەرایى)دا هەیە، هەرچەندە ئەویش کەم و کورتى خۆى هەیە… ئەمانە کەسانێکن کە ئایینیان وەک ئایدیۆلۆژیایەک وەرگرتووە. بەم شێوەیە، بە بۆچوونى من ئیسلامیزم باشترە لە ئیسلامى سیاسى… هیچ یەکێک لەم هاوواتایانە، هاوواتاى گونجاو نین. بڕوام وایە پێویستە لە ئەدەبیاتى خۆماندا بە دواى ئەم ڕەوتانەدا بگەڕێین و بزانین ئەمانە چ ناوێک لە خۆیان دەنێن. وا بزانم یەکێک لەو گوزارشتانەى کە بەکارى دەهێنن قوتابخانەیى بوونە… بەڵام کاتێک دەیانەوێت گوزارشتى قوتابخانەیى بکەنە جێگرەوەى، دیسانەوە توشى کێشەگەلێک لە جۆرى برەوپێدانى نۆرمى دەبنەوە، لەبەرئەوە ئەکادیمییەکان خۆیان لە بەکارهێنانى کۆمەڵەگوزارشتێک کە مۆرکى نۆرمیان هەیە دووردەخەنەوە. هەر بۆیە واى بە باش دەزانن زاراوەیەکى نەناسراوى لاتینى بەکار بهێنن”(شوجاعى زەند).

   هاشم ئاغاجەرى گوزارشتى سەلەفى نوێى جیهادى بۆ بوونیادگەرایى ئیسلامى بە کار دەهێنێت، بەکارهێنانى وشەى “نوێ” بۆ پیشاندانى جیاوازى سەلەفییەکانى نەوەکانى ڕابردوو و ئێستایە. پێشینگەرایی نوێ کە پێکهاتنەکەى پەیوەستە بە فاکتەرەکانى نیوەى دووەمى سەدەى بیستەم.

  “دەتوانم بۆ بوونیادگەرایانى موسڵمان (هەم شیعە و هەم سوننە ) گوزارشتى سەلەفى نوێی جیهادى بەکار بهێنم کە جیاوازە لەگەڵ سەلەفییەکانى نەوەکانى پێشوو، تاڕادەیەکیش ڕیزبەندى و دژایەتیان هەیە. لە بنەڕەتدا دروستبوونی پێشینگەرایی نوێى جیهادى، پەیوەندى بە فاکتەرەکانى نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمەوە هەیە. فاکتەرگەلێکى وەک دامەزراندنى ئیسرائیل، هێرشى یەکێتیی سۆڤێت بۆ ئەفغانستان، هێرشى ئەمریکا بۆ عێراق و دۆخى ئابوورى و کۆمەڵایەتى واتە دواکەوتن، هەژارى و نایەکسانى، قەیرانى ناسنامە و هەروەها جێبەجێکردنى مۆدێلەکان و شێوازەکانى مۆدێرنیزاسیۆنى فەرماندەرانە و بە بێ مۆدێرنیتە لە لایەن دیکتاتۆرە سەربازییەکانەوە، یان دەسەڵاتە زۆردارەکانەوە لە پەیوەندى لەگەڵ سیستەمى جیهانیدا، بووەتە هۆى نایەکسانى و هەژارى و جۆرێک گەشەپێدانى ناهاوسەنگى دروست کرد. پێویستە ئاماژەش بە شکستەکانى جیهانى ئیسلام لە لایەن ئیسرائیلەوە بکەین کە ویژدانى جیهانى ئیسلامى بریندار کرد و بیرخەرەوەى گەورەیى ڕابردووى ئیسلام و جۆرێک هەستى نۆستالیژى بۆیان و بووە هۆى یۆتۆپیانیزم”(ئاغاجەرى).

   (مەحمود نەجاتى حسێنى)یش هاوواتاى توندوتیژى ئیسلامى بۆ ڕەوتەکانى وەک قاعیدە و تاڵیبان بەکاردەهێنێت.

“[لە توێژینەوەکانم]دا ڕەوتەکانى وەک قاعیدە و تاڵیبانم وەک توندڕەوى ئیسلامى ناو بردووە”(نەجاتى حسێنى).

   لە نێوان هاوڕایانى جێگرەوە بۆ چەمکى بوونیادگەرایى تەنیا داود فیرحى ئەو هاوواتا خواستراوە ناخاتە ڕوو و تەنیا خەریکى ڕەخنەگرتنە لە هاوواتا پێشنیارکراوەکان لە لایەن ئەوانى ترەوە.

   هاوواتا وتراوەکانى ئەوکەسانەى چاپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە لە خشتەى ٢دا هاتووە.

خشتەى ٢: هاوواتا پێشنیارکراوەکانى ئەو کەسانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە

ڕەخنە و شیکارى هاوواتا پێشنیارکراوەکان

   بە سەرنجدانى هاوواتاکان لە ئەدەبیاتى چەمکى و هاوواتا پێشنیارکراوەکان لە لایەن چاوپێکەوتن لەگەڵ کراوەوەکانەوە تێدەگەین کە لێکچوون گەلێکى زۆر لە نێوان هاوواتاکاندا هەیە، بە جۆرێک کە دەتوانرێت باس لە هاوواتاکانى دەقگەرایى (ئایینى ئەرتەدۆکس، زيندووگەرايی و شەریعەتگەرایی)، توندڕەوى ئایینى، ئوسووڵگەرایى (بنەماگەرایى)، ئیسلامیزم و ڕادیکالیزم بکرێت، کە لە کۆتاییدا، شیکراونەتەوە و ڕەخنەیان لێ گیراوە.

دەقگەرایى/ ڕواڵەتگەرایى

   دەقگەرایى واتە گەڕانەوە بۆ کتێب و سوننەت بە بێ بەکارهێنانى ژیرى، پێشخستنى گێڕانەوە بە سەر ژیریدا لە ناکۆکى ژیری و گێڕانەوەدا(عەلەوى،١٣٨٥). لایەنگرانى ئەم تیۆرە دەڵێن “پرسە ئیلاهییەکان هەموویان ئاسمانین و هەواڵى ئاسمان پێویستە تەنیا لە خودى ئاسمانەوە ببیسترێت”(موتەهەرى،١٣٩٦: ٨٧٨).

   دەقگەرایى یەکێک بووە لە تەوژمە سەرەکییە هزرى و کەلامییەکان بە درێژایى مێژووى ئیسلام و پەیوەستە بە چیرۆکى دێرینى نزیکایەتى عەقڵ ونەقڵ، بە جۆرێک کە دوو کۆمەڵەى موعتەزیلە و ئەشعەرى لە مەزهەبى سوننیدا و دوو کۆمەڵەى ئوسووڵییەکان و ئەخبارییەکان لە تەشەیوعدا لە هەمان چوارچێوەدا دروستبوون. بێگومان کە هەموو گرووپەکان و کۆمەڵە ئیسلامییەکان پشت بە دەق دەبەستن، بەڵام جیاوازى لە گرنگى و پێگەى دەق لە بەرامبەر ژیریدایە. ئەشعەرییەکان لە مەزهەبى سوونیدا و ئەخبارییەکان لە مەزهەبى شیعەدا، پێگەیەکى زۆر گرنگ  بۆ دەق لە بەرامبەر ژیریدا دیارى دەکەن، لە کاتێکدا کە موعتەزیلە و ئوسووڵییەکان وەها باوەڕێکیان سەبارەت بە گرنگى و پێگەى دەق نییە. بە واتایەکى تر جیاوازى ئەم گرووپانە لە بارەى ڕاڤەکردنى دەقەوەیە، موعتەزیلە و ئوسووڵییەکان هاوڕان بە ڕاڤەکردنى دەق، بەڵام ئەشعەرییەکان و هەواڵگرەکان هاوڕاى ڕاڤەکردنى دەق نین.

   ئەگەر ڕواڵەتگەراکان/دەقگەراکان باوەڕیان بە کردەى کۆمەڵایەتى و سیاسى نەبووە و تەنیا شێوازى تاکگەرایى و باوەرداڕی لە بەرچاو بگرن، ناتوانین بە هاوواتاى بوونیادگەراییان دابنێین. وەها ڕواڵەتگەرایانێک بە درێژایى مێژووى ئیسلام بوونیان هەبووە و هەیە، کە دەتوانن بە تەواوى تاکێکى نەریتى بن و دیندارى نەریتى خۆیان درێژە پێ بدەن، لە ئەنجامدا ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ مۆدێرنیتە قورس نییە، یان بە واتایەکى تر، ئەوان ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ مۆدێرنیتە نییە، لە کاتێکدا کە لە پێناسەى بوونیادگەراییدا باس لە دەقگەرایى دەکرێت کە باوەڕدارانى، دژى مۆدێرنیتەن و توندوتیژى بەکار دەهێنن، بە کورتى ئەوەى کە  هەرچەندە ڕواڵەتگەراکان لەگەڵ بوونیادگەراکان لە دەقگەراییدا هاوبەشن، کە فاکتەرێکى گرنگە بەڵام ئەم فاکتەرە ناتوانێت ببێتە هۆى ئەوەى کە ڕواڵەتگەرایى وەک هاوواتا لەبرى بوونیادگەرایى دابنرێت. دەقگەرایى/ڕواڵەتگەرایى یەکێکە لە پێوەرەکانى بوونیادگەرایى، نەک هەمووى، کەواتە ناتوانرێت ئەم زاراوەیە وەک هاوواتاى بوونیادگەرایى بەکار بهێنرێت.

توندڕەوى

 سەبارەت بە دانانى توندڕەى وەک هاوواتاى بوونیادگەرایى ئەم خاڵانە شایانى باسن:

   ١)یەکێک لە ڕەخنەکان لە زاراوەى بوونیادگەرایى و پێویستى بە بیرکردنەوە بۆ جێگرەوە ئەمەیە کە لە پانتاییەکى گشتگیردا ئەم وشەیە زۆر بڵاوبووەتەوە  و لە بوارى ئایینى و سیاسییەوە ڕۆیشتووە بۆ بوارى ترى وەک ئابوورى و زانستیش تا ئەو شوێنەى کە ئەمڕۆ قسە لە سەر بوونیادگەرایى بازاڕ (لیبرالیزمى توندڕەو)، یان بوونیادگەرایى زانستیش دەکرێت، بە واتایەکى تر سوودوەرگرتن لە بوونیادگەرایى لە بوارى ئایینى و سیاسیدا لە ئاستى سوودوەرگرتندا داڕووخاوە، لەم ڕووەوە هەر ئەم ڕەخنەیەش بۆ توندڕەوی گونجاوە، لەبەرئەوەى کە توندڕەویش هەر وەک وشەى بوونیادگەرایى لە بوارى ئایینى دەرچووە، بە شێوەیەک کە دەتوانرێت قسە لە توندڕەوى ئایینى و نائایینیش بکرێت، لە ئەنجامدا ئەو کێشە باسکراوە بە هەڵبژاردنى وشەى توندڕەوى چارەسەر نابێت.

   بە واتایەکى تر، کاتێک وشەى توندڕەوى بەکاردەهێنین، ڕاستەوخۆ ئەم پرسیارە سەرنجمان ڕادەکێشێت کە توندڕەوى لە چیدا؟ بۆ نموونە بەو کەسانەش کە ڕووەکخۆرن دەوترێت توندڕەو و بە هەندێک لەو کەسانەش کە لایەنگرى ژینگەى سروشتین و دژى سوودوەرگرتنن لە ئامێرە کشتوکاڵییەکان و پەینە کیمیاییەکانیش دەوترێت توندڕەو، لە کاتێکدا کە مەبەست لە توندڕەوى لە ئایین و سیاسەتدا زۆر جیاوازە، کەواتە وشەى توندڕەوى لەو ڕوانگە باسکراوەدا، هاوواتایەکى گونجاو نییە بۆ بوونیادگەرایى.

   ٢)ئەگەر چاوپۆشى لەو خاڵەى پێشوو بکەین کە لە بوارى توندڕەویدا باسکرا و لە بوارى ئایینیدا لەبەرچاوی بگرین، بەو واتایە کە “توندڕەوى زیاتر بە واتاى سیاسى، یان ئایینى بۆ ئایدۆلۆژیاگەلێک بەکار دێت کە بە ئاڕاستەى تەوژمە سەرەکییەکانى (پەسەندکراو)ى کۆمەڵگە، زۆر دوور بێت”(وێبستەر[38] ، ٢٠١٥) و ناوى توندڕەوى ئیسلامى لێ بنێین کێشەیەکى تر سەرهەڵدەدا و ئەویش ئەوەیە کە لە ناو هەر ئایینێکدا ڕووبەڕووى گرووپ گەلێکى توندڕەو دەبینەوە کە کەس بە بوونیادگەرایان نازانێت، بۆ نموونە تاکەکان، یان گرووپە سەلەفییەکان کە “دوو تایبەتمەندى بنەڕەتییان هەیە، یەکێک گەڕانەوە بۆ شێوەى ژیان و ئامانجەکانى سەلەفى ساڵح و لە کۆتایییدا نەریتى حیجاز و بە تایبەت نەریتەکانى مەدینە لە ١٤٠٠ ساڵى ڕابردوودا، دووەمیش شەڕ لەگەڵ بیدعە، واتە هەر شتێک کە سەلەفییەکان بە نوێ و دژى سوننەتى دەزانن”(لازێر[39]، ٢٠١٠: ٣٧١). لەوانەیە کردەى کۆمەڵایەتى و سیاسییان نەبێت، یان کەسانێک کە لە ئەنجامدانى پەرستشەکاندا زیادەڕەویى دەکەن، یان ناوەندى پرسەگێڕان لە هەندێک لە شارەکانى ئێراندا وەک کاشان کە لە ئەنجامى سروتى پرسەگێڕانەکانیاندا کارى زیادەڕۆیى ئەنجام دەدەن، بەم کەس و گرووپانە دەوترێت توندڕەو، بەڵام کەس بە بوونیادگەرا هەژماریان ناکات لەبەرئەوەى کە بوونیادگەرایى ئایینى بۆ گەیشتن بە ئامانجى خۆیان، توندڕەوى بە کار دەهێنن و کردەى کۆمەڵایەتى و سیاسى ئەنجام دەدەن، لە ئەنجامدا بە سوودوەرگرتن لە وشەى توندڕەوى  ئایینى، یان توندڕەوى ئیسلامى جیاوازیی گرووپە دزێوە باسکراوەکان لەگەڵ گرووپەکانى وەک داعش و قاعیدە بە شاراوەیى دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا کە ئامانجى ئێمە لە دۆزینەوەى هاوواتا بۆ بوونیادگەرایى، ڕوونیە لە تێگەیشتندا و دەربازبوونە لە ناڕوونی و وشەى توندڕەوى لەم بوارەدا، یارمەتییەکى وەهامان نادات. بە واتایەکى تر وشەى توندڕەوى لە باشترین حاڵەتدا، ڕوونکەرەوەى بەشێکە لە وشەى بوونیادگەرایى، نەک هەمووى. لە کاتێکدا کە وشەى هاوواتا دەبێت تاڕادەیەکى باش ڕوونکەرەوەیەکى تەواوى وشەى بوونیادگەرایى بێت. توندڕەوى نە پەیوەستە بە کولتوورى ئیسلامى بە شێوەیەک کە لە هەموو کولتوورەکاندا بەکار دێت، نە ڕوونکەرەوەى کردەى کۆمەڵایەتى و سیاسى شاراوەیە لە بوونیادگەراییدا.

   بەکارهێنانى وشەى زیادەڕۆییش هەمان کێشەى ئاماژەپێکراوى هەیە. ئەم وشەیە کە لە کولتوورى شیعە وەرگیراوە، پەیوەستە بە پانتایى بیروباوەڕى شیعەوە و بە واتای ئەولەویەت دانە بە ئیمامەکانى شیعە. لە ئەنجامدا لەم وشەیەدا،  زیاتر لە بەرامبەر  شێوەى تێۆرى و بیروباوەڕیداین و توندڕەوی کردەیى کە هەمان کردەى کۆمەڵایەتى  و سیاسییە تێیدا نادیارە، تەنانەت ئەگەر بە چاوپۆشیەوە توندڕەوى بە زیادەڕەوى وەربگێڕین، هەرچەندە ئەو لایەنە باشەى هەیە کە  لە کولتوورى ئیسلامى و شیعە وەرگیراوە، بەڵام لەوێدا کە پێشینەکەى دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغى پێش مۆدێرنیتە و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى، دژایەتی کردنى مۆدێرنیتەیە  وشەى زیادەڕۆیى دەرخەرى ئەو ڕووەى بوونیادگەرایى نییە، کەواتە زیادەڕۆیى بێتوانایە لە گەیاندنى واتاى توندڕەویدا و بە ڕێگاى یەکەم، بێتواناترە لە بە هاوواتادانانى بوونیادگەراییدا.

   ٣)ئەگەر توندڕەوى بە هاوواتاى بوونیادگەرایى دابنێین وەک ئەوەى مەبەستى (ئیعتمادى فەرد)ە کە جیاوازە لەگەڵ پێناسە ئاماژەپێکراوەکانى خاڵەکانى پێشوو و توندڕەوى بە واتاى زيادەڕەوى لە بەرامبەر شلگیری دانەنێین، بەڵکو بە واتاى زیادەڕۆیى کردن لە کارێکى نەکردەییدا دابنێین، ئەگەر ئەم پێناسەیەى بوونیادگەرایى بە دڵ فراوانییەوە پەسەند بکەین لە هەمبەر دانانى هاوواتاى توندڕەوى لە بەرامبەر بوونیادگەراییدا پێویستە بڵێین کە ئامانجى ئێمە لە هەڵبژاردنى هاوواتایەک، جێگرەوەى وشەیەکى گونجاوترە لە جیاتى بوونیادگەرایى. تێگەیشتنى گشتى لە وشەى توندڕەوى هەمان دژى شلگیرییە (کەمڕەوییە) کە ئیعتمادى فەرد مەبەستێکى وەهاى لەم وشەیە نییە، بەڵام کاتێک وشەى توندڕەوى بەکاردەهێنین، یەکەمین واتاى لە لاى بیسەر، هەمان واتاى بەربڵاو و باوە لە وشەى زیادەرۆیى. کەواتە مەبەستێکى وەها لە توندڕوەى نەک کێشەى بەکارهێنانى دەستەواژەى بوونیادگەرایى چارەسەر ناکات دیوە ناڕوون و شاراوەکانیشى زیاتر دەکات. بە واتایەکىتر، بەکارهێنانى ئەو توندڕوییەى کە مەبەستمانە، سەرەڕاى ئەوەى کە کێشەکانى پێشوو کە لە خاڵەکانى پێشوودا ئاماژەى پێکراوە کێشەى دەستخستنى هاوواتا دانانیشى دێتە سەر.

ئوسووڵگەرایی

   بوونیادگەرایى لە واتاى یەکەم و ڕەسەنى خۆیدا لە دەیەى دووەمى سەدەى بیستەمدا لە ئەمریکا بە واتاى گەڕانەوە بۆ بوونیادەکان (ئوسووڵ) بوو، ئەو بوونیادانەى کە لە کتێبى پیرۆزدا هاتبوون، هەرچەندە ئەم گەڕانەوەیە بە بێ سەرنجدانى کات (مێژوو) و شوێن (جوگرافیا) بووە. لە جیهانى ئیسلامییدا، بوونیادگەرایى سەرەڕاى گەڕانەوە بۆ کتێبى پیرۆز (قورئان)، گەڕانەوە  بووە بۆ پێشینانی چاکەکار، کە لاى سوننیەکان بە واتاى سەرنجدان و بە سەرمەشقکردنیان لە ژیاندا و گێڕانەوەکانى پێغەمبەریش و لەلاى شیعەکان سەرەڕاى پێغەمبەر، ژیان و گێڕانەوەکانى ئیمامەکانى شیعەش لە خۆدەگرێت.

   ڕاستییەکەى ئەوەیە کە دەتوانرێت ئوسووڵگەرا بیت و قورئان و سوننەت بکەیتە سەرمەشق، بەڵام بوونیادگەرا نەبیت، بە هەمان شێوە کە (نەریتی)یەکان لە جیهانى ئیسلامدا وان. ئەوەى کە دەتوانێت ئوسووڵگەرایەک سەرەڕاى ئوسووڵگەرایی بکاتە بوونیادگەرا، دژایەتى مۆدێرنیتە و بەکارهێنانى توندڕەوەییە واتە هەبوونى کردەى کۆمەڵایەتى و سیاسى. بە واتایەکىتر، هەر بوونیادگەرایەک بێگومان ئوسووڵگەرایە بەڵام هەر ئوسووڵگەرایەک، بوونیادگەرا نییە. بۆ نموونە کەسێک کە ژیانى وەک فێرکاریەکانى قورئان و پێغەمبەر و ئیمامانى شیعەیە لە ناوەندى زانستى قوم سەرقاڵى وانەوتنەوە و ژیانى خۆیەتى بەڵام کردەى کۆمەڵایەتى و سیاسى نییە، هەرچەندە ئوسووڵگەرایە، بەڵام بوونیادگەرا نییە.

   خاڵى هاوبەشى ئوسووڵگەرایەک و بوونیادگەرایەک دەکرێت دەقگەرایى بێت، بەڵام بە هەمان شێوە کە وترا دەقگەرایى تەنیا یەکێکە لە پێوەرەکانى بوونیادگەرایى، نەک هەموو پێوەرەکانى.

   لە کۆمەڵگەى ئێراندا وشەى ئوسووڵگەرایى وەک هاوواتاى بوونیادگەرایى کەموکوڕیەکى ترى هەیە و ئەوەش ڕەنگ و بۆنى سیاسى وشەکەیە لە پانتایى سیاسى ئێراندا. لەم ساڵانەى دواییدا یەکێک لە تەوژمە سیاسییەکانى ناو کۆمارى ئیسلامى ئێران، خۆى بە ئوسووڵگەرا ناساند، کە لە بەرامبەر ڕیفۆرمیستەکان لە ناو حکومەتدا دروستبوون. بەکارهێنانى ئوسووڵگەرایى لە جیاتى بوونیادگەرایى لە کۆمەڵگەى ئێراندا لە دەستپێکى کاردا، هزر ئاڕاستەى ئەو ڕەوتە سیاسییە دەکات و دەبێتە هۆى نادیارى لە تێگەیشتنى بوونیادگەرایى لە واتا سەرەکییەکەیدا.

   لە ئەنجامدا بەکارهێنانى ئوسووڵگەرایى وەک هاوواتاى بوونیادگەرایى لە بەر ئەم دوو هۆکارە گونجاو نيیە:

   ١)ئوسووڵگەرایى بە پێوەرى دەقگەرایى زۆر نزیکە  لە بوونیادگەرایى و پێوەرى ترى نییە.

   ٢)ئوسووڵگەرایى یەکێکە لە ڕەوتە سیاسییەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و بەکارهێنانى وەک هاوواتاى بوونیادگەرى، ناڕوونییەکەى دوو هێندە دەکات.

ئیسلامیزم (ئیسلامگەرایى)

وشەى ئیسلامیزم یەکێکە لە وشە کێشە لە سەرەکانى ئەم چەند دەیەى کۆتایى لە پانتایى توێژینەوە بوونیادگەراییەکاندا. وشەیەک کە بە تایبەت دواى سەرکەوتنى کۆمارى ئیسلامى و بۆ ناساندنى بوونیادگەرایى زۆر سوودى لێ وەردەگیرێت. گرنگترین تایبەتمەندى ئیسلامیزم، هەوڵدانى گرووپە ئیسلامییەکانە بۆ گرتنە دەستى دەسەڵاتى سیاسى. “ئیسلامگەراکان جیاوازن لە موسڵمانەکان، بە واتایەکى تر، ئیسلامگەراکان موسڵمانن، بەڵام هەموو موسڵمانێک، ئیسلامگەرا نییە. ئیسلامگەرایى واتە گۆڕینى ئایینى ئیسلام بۆ ئایدۆلۆجى”(شەرەفى، ١٣٩٧: ١٧٧)، بە واتایەکى تر ئیسلامگەراکان لەسەر بنەماى گوزارشتەکەى بورهان غلیون، جیاوازى ناکات لە نێوان ئیسلام وەک کۆمەڵێک و ئایینێک  و لە نێوان بزووتنەوەى ئیسلامى وەک ڕکابەرێکى سیاسى کە هەوڵ دەدات نەریتە ئایینیەکان ڕاڤە بکات و بە ڕیوشوینى سیاسى خۆى لێکى بداتەوە(ئەبوزەید، ١٣٩٤: ٤٦). هەرچەندە ئەم وشەیەش وەک وشەکانى تر لە لایەن گرووپەکانى ترى ناسراو بە بوونیادگەرا بۆ ناونانى خۆیان، سوودى لێ وەرنەگیراوە، بەڵام جیاوازى گرنگى ئەم وشەیە لەگەڵ هاوواتاکانى ترى ئاماژەپێکراودا ئەمەیە کە لێکۆڵەرانى ڕۆژئاوایى لە داتاشین و جێگیرکردنیدا ڕۆڵێکى زیاتریان هەبووە.

   ئایا دەکرێت هەر گرووپێکى ئیسلامى کە بە دواى بەدەستهێنانى دەسەڵاتەوەیە ناوى بوونیادگەراى لێ بنێین؟ ئەم پرسیارە لەو ڕووەوە دەخرێتەڕوو کە ئاماژە بە جیاوازى وردى نێوان بوونیادگەرا و ئیسلامیزم بکرێت. ئەگەر گرووپێکى ئیسلامى بە دواى بە دەستهێنانى دەسەڵاتى سیاسییەوە بێت و بە پێویستییەکى گرنگى جێبەجێکردنى شەریعەتى  بزانێت و و لەم ڕێگەیەدا پەنا بباتە بەر توندوتیژى کە واتا ناوەکییەکەى، دژایەتى مۆدێرنیتەیە، ئەم گرووپە ئیسلامییە هەموو تایبەتمەندییەکانى بوونیادگەرایى هەیە و لە ڕاستیدا گرووپێکى بوونیادگەرایە، بەڵام ئەگەر بارودۆخى کۆمەڵگەیەکى ئیسلامى لەبەرچاو بگرین کە گرووپێکى ئیسلامى لە چوارچێوەى ڕکابەرایەتییەکانى هەڵبژاردندا دێتە گۆڕەپانەکەوە و دەیەوێت دەسەڵاتى سیاسى بگرێتە دەست تا لە ڕێگەیەوە شەریعەت لە کۆمەڵگەدا پیادە بکات، ئایا دیسانەوە دەکرێت بەم گرووپە بوترێت بوونیادگەرا؟ پێموایە نەخێر، لەبەئەوەى کە ئەم گرووپە لە ڕێگاى گەیشتن بە ئامانجەکانیان توندوتیژییان بەکارنەهێناوە و لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە دەیەوێت ببێتە خاوەنى دەسەڵاتى سیاسى، هەروەها ئەم گرووپە ئیسلامییە بە سوودوەرگرتن لە سندووقى دەنگدان بە جۆرێک هاوڕایە لەگەڵ دەستکەوتەکانى مۆدێرنیتە لە ئەنجامدا، ناولێنانى ئیسلامیزم لەم گرووپانە بە هۆى بەدەستهێنانى هێز ئەگەر ڕاست بێت، ناولێنانى بوونیادگەرا هاوشێوەى ئەو پێناسانەى خرانە ڕوو، لۆژیکى نییە. نموونەیەکى ڕوون لەم بارەیەوە، بەشدارى ئیخوان موسلمین لە میسر لە هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى کۆماردا لە ساڵى ٢٠١٢ بوو، کە محەممەد مورسى نوێنەرى ئیخوان بۆ یەکەم جار لە مێژووی میسردا بە شێوەى دیموکراتى وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا. دەزگاى هەڵبژاردن وەک یەکێک لە دیاردەکانى جیهانى مۆدێرن، بووە جێگە پەسەندى ئیخوان و ئەمە لە کاتێکدا بوو کە یەکێک لە ئامانجەکانى ئیخوانەکان  لە کاتى گەیشتن بە دەسەڵات، جێبەجێکردنى شەریعەتى ئیسلام بوو. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا محەممەد مورسى و ئیخوان موسلیمینى  میسر کە پێیان دەوترێت ئیسلامى، بوونیادگەرا بوون؟ بەم شێوەیە سەبارەت بە گرووپەکانى داعش و ئەلقاعیدە دەتوانین بڵێین چى کە بە هیچ شێوەیەک و لە ژێر هیچ ناونیشانێکدا، هەڵبژاردنەکانیان لاپەسەند نییە و بە دژى ئیسلامى دەزانن؟ لە ئەنجامدا ناولێنانى بوونیادگەرا بۆ دوو گرووپى ئیسلامى بە کۆمەڵە جیاوازییەکى زۆرەوە لۆژیکى نییە، هەروەها ئەگەر ئیخوان موسلیمینى ئێستاى میسر، یان حیزبى بزووتنەوەى تونس بە ئیسلامى دابنێین، ئەو کاتە ناتوانین دانانى هاوواتاى بوونیادگەرا  بۆ ئیسلامیزم  پەسەند بکەین.

   خاڵێکى ترى بەکارهێنانى وشەى ئیسلامیزم ئەوەیە کە کاتێک “ئیزم” دەخەینەڕوو لە ڕاستیدا دەستەبەندییەکى ڕۆژئاوایى بۆ دیاردەیەکى ئیسلامى دەخەینە ڕوو، ڕەخنەیەکە کە بۆ سووددوەرگرتن لە  بوونیادگەراییش گونجاوە. بە کورتى ئەوەى کە سەرەڕاى لێکچوونە زۆرەکانى ئیسلامیزم لەگەڵ بوونیادگەرایى لەسەر بنەمای ئەو هۆکارانەى ئاماژەى پێکراوە، دانانى ئەم دوو وشەیە،  بە هاوواتا ڕێگەپێدراو نییە.

    ڕاديكاليزم

   “ڕادیکالیزم بە واتاى لایەنگرى لە گۆڕانکارییە بوونیادییەکانى کۆمەڵگە و قەوارە کۆمەلایەتیەکان دێت، لە زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا بەو بیرکردنەوانە دەڵێن کە خوازیارى هەنگاوگەلێکى توند و قورس و ڕیشەیین لە چاکسازى کۆمەڵگە و خوازیارى گۆڕانکارییە بوونیادییەکانن لە کاروبارە سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتییەکاندا”(ئاشورى، ١٣٩٧:٧٨). ئەم وشەیە کە لە ڕۆژئاوا سەریهەڵداوە زیاتر سەبارەت بە بیرکردنەوەى گرووپە چەپە توندڕەوەکان بەکاردێت، کە خوازیارن کۆمەڵگە لە ڕەگەوە بگۆڕێت هەر چەندە کە لەمڕۆدا باس لە ڕادیکاڵە ڕاستڕەوەکانیش دەکرێت.

   ڕادیکالیزم چ وەک قوتابخانەیەکى هزرى و چ وەک ئایدیۆلۆژیایەک نزیکایەتى هەیە لەگەڵ شوێنى سەرهەڵدانى کە ڕۆژئاوایە. لە ئەنجامدا، بە کارهێنانى لە کۆمەڵگەى ئیسلامیدا بە تایبەتمەندییەکانیەوە، کێشە ئاماژەپێدراوەکانى پێشوو بە دواى خۆیدا دەهێنێت، لەبەرئەوەى کە یەکێک لە ئامانجەکانى دۆزینەوەى هاوواتا بۆ بوونیادگەرایى، داتاشینى چەمکێکى گونجاوە لەگەڵ خودى تایبەتمەندییەکانى کۆمەڵگەى ئیسلامى کە ڕادیکالیزم ئەم مەبەستە ناهێنێتەدى.

   هەروەک توندڕەوى، ڕادیکالیزمیش دەتوانێت ئایینى، یان نائایینى بێت، هەمان ئەو تایبەتمەندییەى بوونیادگەرایى کە ڕەخنەى لێ دەگیرێت. ئێمە بە دواى وشەیەکدا دەگەڕێین کە سەرەتا ئایینى بێت و دووەم پەیوەست بێت بە تایبەتمەندى ئایینى ئیسلام، یان کولتوورى موسڵمانان کە ڕادیکالیزم لەم بوارەشدا داخوازى ئێمە بەدی ناهێنێت.

   هەرچەندە ڕادیکالیزم وەک بوونیادگەرایى دژى قەوارە کۆمەڵایەتى  و سیاسییەکانى کۆمەڵگەى ئەمڕۆیە و بە دواى گۆڕانکاری ڕیشەییەوەیە تێیدا، بەڵام دەبێت سەرنج لەوە بدەین کە ڕادیکالیزم دژى مۆدێرنیتە نییە و دوابەدواى ئامانجەکانى مۆدێرنیتە بە دواى گۆڕانکاری ڕیشەییەوەیە لە کاتێکدا بوونیادگەرایى بە گشتى دژى مۆدێرنیتەیە، لە ئەنجامدا ڕادیکالیزم دژایەتى قەوارە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانى کۆمەڵگەى ئەمڕۆ دەکات و خوازیارى چاکسازى دامەزراوەکانى کۆمەڵگەیە لە سەر بنەماى داهاتووە لە کاتێکدا چاکسازى کۆمەڵگە لە ڕوانگەى بوونیادگەراکانەوە، لە سەر بنەماى ڕابردووە، ڕابردوویەک کە دەق دەیخاتە بەردەستیان، لە کاتێکدا کە لە ڕوانگەى ڕادیکاڵەکانەوە ڕابردوو و گەڕانەوە بۆى، بووەتە هۆى دروستکردنى ئەم کۆمەڵگەیەى ئێستا و دامەزراوەکانى، کەواتە دەبێت دژایەتى بکرێت. بە کورتى خاڵى هاوبەشى ڕادیکالیزمەکان لەگەڵ بوونیادگەراکان، دژایەتى کردنى هەردووکیانە بۆ دامەزراوە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانى کۆمەڵگەى ئەمڕۆدا، بە جیاوازى ئەوەى کە ڕادیکاڵەکان بە پێچەوانەى بوونیادگەراکانەوە، دژى مۆدێرنیتە نین. لە هەندێک لە بابەتەکاندا دەکرێت بەکارهێنانى توندوتیژى بە خاڵى هاوبەشیان دابنرێت.

   بە سەرنجدانى ڕوونکردنەوەکانى پێشوو، ڕادیکالیزم ناتوانێت ڕەنگدانەوەى هەموو تایبەتمەندییەکانى بوونیادگەرایى بێت و لە ئەنجامدا، ناتوانرێت وەک هاوواتاى بوونیادگەرایى لەبەرچاو بگیرێت.

دۆگماتیزم

 دۆگماتیزم[40] ( شوێنکەوتنى کوێرانە) بریتییە لە شێوەیەک لە بیرکردنەوەیەکى بێ ڕەخنەیی  و نامێژوویى و مێتافیزیکى کە لە سەر بنەماى باوەڕگەلێکى دۆگما (کوێرانە) دەگێڕدرێتەوە، واتە بیروباوەڕە جێگرەکان وەک ڕاستى هەر ئەوەیە و لە هەموو شوێنێکیش بەڕاستى دەزانێت، بە بێ ئەوەى لە ڕەوتە مێژووییە ناسراوەکاندا، خستبێتیە ژێر ئەزموون و تاقیکردنەوەوە و سەرقاڵى بوونیادى زانیارییە تازەکان و ئەزموونە کردارییە نوێیەکان بێت بە پێداچوونەوەى ناوەرۆکى ڕاستیەکانیان و بەهاى زانیارییەکانیان(تلوعى، ١٣٩٠:٤٥٩)

   سوود وەرگرتن لە وشەى دۆگماتیزم وەک هاوواتاى بوونیادگەرایی تێروتەسەل نییە، لەبەرئەوەى بەهەمان شێوە کە چەند جار ئاماژەى پێکرا یەکێک لە ڕەخنەکانى بوونیادگەرایى ئەمەیە کە ناوەندى لەخۆگرتنى زۆر فراوان و هەمەلایەنەیە و تایبەتمەندییەکەى لە گرووپە ناولێنراوەکانى بوونیادگەرایى لە ئایینە جیاوازەکاندا، ڕوونکەرەوە نییە. چونکە لاستیکییە، هەر ئەم ڕخنەیەش لە ڕەهەندى بەربڵاوتردا بۆ وشەى دۆگماتیزم بوونى هەیە. دۆگماتیزم، وشەیەکى زۆر گشتگیرترە  و لە سەرووئایینەوەیە کە دەتوانێت بیروباوەڕ و قوتابخانە ماددییە نائایینیەکانیش لە خۆ بگرێت، بۆ نموونە دەتوانرێ مارکسیستەکان یان نازیستەکانیش وەک دۆگماتیزم یان یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانى بخەینە ڕوو. لە ئەنجامدا، ئامانجى ئێمە لە دۆزینەوەى هاوواتا بۆ بوونیادگەرایى کە ئاماژەیە بۆ تایبەتمەندییە  فێرکاریی و کۆمەڵایەتیەکانى جیهانى ئیسلام و  جیاوازییەکانى لەگەڵ شوێنى سەرهەڵدانى بوونیادگەرایى لە مەسیحییەتدا و جەخت کردنەوەیە لە خودى تایبەتمەندییەکانى ئیسلام و موسڵمانان بە هەڵبژادرنى دۆگماتیزم نایەتە دى.

   بە واتایەکى تر، وشەى دۆگماتیزم، نە جیاکەرەوەى ئایین و نائایین و نە جیاکەرەوەى ئایینى ئیسلامە لە ئایینى مەسیحى و ئایینەکانى تر. لە لایەکى ترەوە، وشەى دۆگماتیزم تواناى هاوواتابوونى لەگەڵ بوونیادگەرایى نییە لەبەرئەوەى کە  لەم وشەیەدا، مەبەستى دژایەتى کردنى مۆدێرنیتە و پێکهێنانى کۆمەڵگە لە سەر بنەماى شەریعەت بەدىنایەت  و ئێمە دەتوانین کۆمەڵە دۆگماتیزمێک لە جیهانى مۆدێرندا بدۆزینەوە  کە دژى مۆدێرنیتە نین و خوازیارى جێبەجێ کردنى شەریعەتیش نین. هەروەها دەتوانرێ دۆگماتیزم بیت لە ناوەندى ڕادەربڕیندا نەوەکولە کرداردا کە دەرەنجام بە توندوتیژى کۆتایى پێ بێت. تەنیا تایبەتمەندى یان جیاکەرەوەى بوونیادگەرایى کە بە جۆێک دەتوانێت لەگەڵ دۆگماتیزمدا بە یەک ئاڕاستە بڕوات تایبەتمەندى دەقگەراییە هەرچەندە کە دۆگماتیزم دەتوانێت یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى دەقگەرایى بە واتا ڕوونکراوەکەى لە ڕوانگەى بوونیادگەراکانەوە بێت نەوەکو ڕوونکەرەوەى هەموو واتاکانى دەقگەرایى.

   بە سەرنجدانى ڕوونکردنەوەکانى پێشوو، وشەى دۆگماتیزم ناتوانێت وەک هاوواتاى بوونیادگەرایى بخرێتە بەرچاو و لە گەشبینانەترین حاڵەتدا دەتوانێت ڕوونکەرەوەى یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى بوونیادگەرایى بێت.

دەرەنجام

“سەلەفى جیهادى”، “دەقگەرایی” و “دەقگەرایى تەکفیرى”، وەک کۆمەڵە هاوواتایەکى پێشنیارکراو بۆ وشەى بوونیادگەرایى.

   وادەردەکەوێت چەمکەکان و و بەکارهێنانیان لەهەلومەرج و ناوەندە جیاوازەکاندا و بە شوێنکەوتەیى مشتومڕى ئەو چەمکانە، پرسێکى گرنگە کە پێویستە بیرى لێ بکرێتەوە، بوونیادگەرایش یەکێکە لەم چەمکەکانە و بۆ ئەوەى کە بتوانین ئەدەبیاتى توێژینەوەى خۆمان کە لە مێژوو و کولتوورى کۆمەڵگە ئیسلامییەکانەوە گەشە دەکات، بوونیاد بنێین پێویستمان بە هەلومەرجى تایبەت و سەرچاوەى ئەدەبیاتى خۆمان هەیە.

   هەر پێشنیارێک وەک جێگرەوە بۆ بوونیادگەرایى، لە سەر پێناسەکردنى وەستاوە، پێناسەیەک کە پێویستە کۆتایی بێت واتە لە ڕیگەى ئامارى نموونەى گرووپە بوونیادگەراکان و ژماردنى تایبەتمەندییە هاوبەشەکانیانەوە بکرێت.چوار جیاکەرەوەى گشتى بوونیادگەرایى بریتین لە: “دەقگەرایى”، “دژایەتى کردنى جیهانى مۆدێرن”، “پێکهێنانى کۆمەڵگە لە سەر بنەماى شەریعەت” و “سوود وەرگرتن لە توندوتیژى بۆ گەیشتن بە ئامانج” بە واتایەکىتر، ناولێنانى بوونیادگەرایى ئیسلامى هەر گرووپێکى دژ لەگەڵ جیهانى مۆدێرن لە خۆدەگرێت کە خوازیارى پێکهێنانى کۆمەڵگەیە لە سەر بنەماى شەریعەت و لە ڕێگاى گەیشتن بەم ئامانجە سوود لە توندوتیژى وەردەگرێت.

   لە چاوپێکەوتن لەگەڵ پسپۆڕاندا، کۆمەڵە جێگرەوەیەک پێشنیار کران. گرنگترین ئەو پێشنیارانە بریتى بوون لە: دەقگەرایى/ڕواڵەتگەرایى، ئیسلامیزم، ڕادیکالیزم، دۆگماتیزم کە شى کرانەوە و ڕەخنەیان لێ گیرا و بەو شێوەیەى کە ڕوونکرایەوە هەر یەکێک لەم هاوواتایانە هەندێک لە پێوەرەکانى چوارلایەنەکەى بوونیادگەرایى دەگرنەوە نەوەک هەمووى، بەڵام سوودوەرگرتن لێیان ناتوانێت ڕوونکەرەوەى بوونیادگەرایى بێت و بە هاوواتاى بخرێتە ڕوو. لە ئەنجامدا، یان دەتوانرێ بە دڵفراوانى و بە هۆى قبوڵکردنى بیروڕاکان و سەرەڕاى هەموو ڕەخنەکان و کەموکورتیەکانى سوود لە چەمکى “بوونیادگەرایى”  وەربگیرێت یان ئەوەى کە بە سەرنجدانى لە پێناسەکانى  بوونیادگەرایى، وادەردەکەوێ کە سێ چەمکى”سەلەفى جیهادى”، “دەقگەرایى جیهادى” و “دەقگەرایى تەکفیرى” دەتوانن هاوواتاى باشتربن بۆى. کاتێک سوود لەم سێ هاوواتایە وەردەگرین، بە شێوەیەکى ناوەرۆکى ئاماژە بە هەر چوار پێوەرەکە دەکەین بە ڕوونکردنەوەى ئەوەى کە سەلەفى، کەسێک یان گرووپێکە کە دەق گەرا و خوازیارى پێکهێنانى کۆمەڵگەیە لە سەر بنەماى شەریعەت و لە ئەنجامدا، دژى جیهانى مۆدێرنە، پاشگرى جیهادیش دەرخەرى کردەى سیاسى، کۆمەڵایەتی و سوودوەرگرتنە لە توندوتیژى، تەکفیریش تایبەتمەندییەکانى توندوتیژى، پێکهێنانى کۆمەڵگە لە سەر بنەماى شەریعەت و دژایەتى لەخۆ دەگرێت. هەر سێ هاوواتا پێشنیارکراوەکان، ڕەگیان لە کولتوور و مێژووى کۆمەڵگە ئیسلامییەکانەوەیە و بە پێچەوانەى هاوواتا پێشنیارکراوەکانى پسپۆڕان، هەر چوار تایبەتمەندى یان پێوەرى بوونیادگەرایى لەخۆ دەگرن. هەر چەندە تا گەیشتن بەهاوواتاى پەسەندکراوى گشتى، ڕێگایەیەکى درێژمان لە بەرە و توێژینەوە گەلێکى فراوانمان پێویستە، بەڵام وادەردەکەوێ دەقگەرایی تەکفیرى لە بەرامبەر دوو هاوواتاکەى تردا، گونجاوتر بێت، چونکە سوود وەرگرتن لە وشەى جیهاد، بە پێچەوانەى زۆربەى توێژینەوەکانى ڕۆژئاوا دەتوانێت واتاگەلێکى بێجگە لە توندوتیژى و تیرۆریش هەبێت.

[1] Gribbins

[2] Vandenberg

[3] لە دەقگەراييدا, پشت بە ” دەق ” دەبەسرێت لەکاتێکدا لە ڕەوتى بەرامبەردا کە بە ڕەوتى ئیجتهادى دەناسرێت, جەخت لە ” کات ” دەکرێتەوە.

Coreno[4]

doktor[5]

  Lehrer [6]

[7] srinivasan

[8] Toth

[9] Hoodfar

[10] Ellison

[11] Freedman

[12] Fulton

[13] Bendroth

[14] Darnell

[15] Sherkat

[16] Emerson

[17] Smith

[18] Apple

  Gallagher[19]

Bartkowski[20]

Laythe[21]

Kashyap[22]

[23] Family resemblance

[24] Altemeyer

[25] Hunsberger

[26] summers

[27] Schwartz

[28] Lindley

[29] Hunter

[30] Freedman

[31] Woodberry

[32] Smith

[33] Moaddel

[34] Karabenick

[35] Ben-Dor

[36] Pedahzur

[37] Main Stream

[38] Webster

[39] Lauziere

[40] Dogma

Send this to a friend