ئیسلام؛ ئاشتی یان تەسلیمبوون؟
نووسینی: حەسەن یوسفی ئەشكوری
وەرگێڕان: ئەژی ئازاد ئەبوبكر
بەرایی
یەكێك لەو كلیلە وشانەی كە بۆ ناسینی ئایینی ئیسلام و وێناكردنی سیمای بڕواداری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و شارستانییەتەكەی گرنگە و ڕەوایە لەمبارەیەوە لێكۆڵینەوە و وردبوونەوەی زیاتر بكرێت، مانا و چەمكی وشەی “ئیسلام”ە. لەم نووسینەدا هەوڵ دراوە كە باسێكی كورت لەم لایەنەوە بخرێتەڕوو بەو هیوایەی ئاسۆیەك بكاتەوە.
ئیسلام لە چەشنی ئاشتی، یان تەسلیمبوون؟
سەبارەت بە مانای وشە و چەمكی “ئیسلام” و هۆكاری ناونانی بەم شێوەیە، ڕای جیاواز هەیە. بەو پێیەی كە ڕەگی واتایی ئەم ناونیشانە بە چی بزانین، بە دڵنیاییەوە ماناكەی جیاواز دەبێت، تەنانەت دەتوانین بڵێین كە سیمای ئیسلام و ئامانج و فەلسەفە زاتییەكەی دەگۆڕدرێت، بەڵام لە زمان و چەمكدا، دوو مانا لە ئیسلام زیاتر لەوانی تر سرنجڕاكێشە. یەكێكان ئەوەیە كە ئیسلام لە “سِلم” یا “سَلم” بە واتای ئاشتی هاتووە و ئەوی دیكە بە مانای تەسلیمبوونە بەرامبەر بە خودا و گوێرایەڵیكردنی ڕەهایەتی. هەردوو ماناكە لەگەڵ ناوەرۆك و فەلسەفەی ئیسلام گونجاوە و لە قورئانیشدا دەشێت بۆ هەردووكیان بەڵگە و ئاماژە بدۆزرێتەوە. ئیسلام “مصدر باب افعال”ە و بە مانای سلم و سلیم (سلیم النفس – قلب السلیم) هاوواتای ئاشتی و دۆستییە و ئایەتی 208-ی “بقرە” شایەتی ئەم مانایە دەدات، ئیسلام بە مانای تەسلیمبوونیش لە چەندین ئایەتدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ، یان ڕاشكاوانە هاتووە، وەكو ئایەتەكانی 112 و 131-ی بقرە. لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا، كلیلیە وشەی گرنگی “سلام” كە لە كاتی یەكتر بینین و جیابوونەوە بە یەكتری دەڵێین، ئاماژەیەكی باشە بۆ مانای ئاشتی و تەبایی. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، مانای دووەمی ئیسلام كە تەسلیمبوونە زیاتر باوە و بە گشتی ئیسلام هەر بەم مانایە دەناسین، بە شێوەیەك كە لە ئێستادا كەمتر كەسێك بە مانا جەوهەرییەكانی ئاشتی، سازان و تەبایی لە چەمكی “ئیسلام” گرنگی دەدات.
لەگەڵ ئەمەشدا حەننا ئەسكەندەر (كەسایەتی ئایینیی مەسحیی لوبنانی) لە كتێبەكەیدا بە ناوی ” النبّی و التّرهب” مانایەكی جیاوازی بە چەمكی “ئیسلام” باس كردووە. ئەو دەڵێت، لە ئەدەبیاتی پێش ئیسلامدا، “اسلام” یا “اَسلَمتُ” لە مانایەكی جیاوازدا بەكار هاتووە وەكو وەقفكردن، پێشكەشكردن، هەژارییەكی ڕەها بەرامبەر خودا (فناء فی اللە). لە شیعری جاهیلیدا یەكەمین كەس دەستەواژەی “اسلمت وجهی” بەكارهێناوە، زید بن عمر بن نفیل بووە. بە پێی قسەی حەننا، دەستەواژەی “اسلمت وجهی” چەندین جار لە بەرهەمەكانی مەكاریوس بەكارهاتووە. ئەو ئاماژە بە ئایەتی بیستەمی سورەتی “آل عمران” لە قورئان دەكات، كە تێیدا “اسلمت وجهی اللە” هاتووە. ئەسكەندەر لە كۆتاییدا ئیسلام بە مانا باوەكەی ئەمڕۆ، واتا تەسلیمبوونی ڕەها بەرامبەر ویستی خودایی و گوێڕایەڵی ڕەها بۆی دەزانێت(1). واپێدەچێت كە ڕەواجی ئیسلام بە مانای تەسلیمبوونی ڕەها بەرامبەر بە خوا، یان هەر “فناء فی اللە”ی سۆفییەكان، زیاتر لەژێر كاریگەری ئەندێشە و ئەدەبی مەسیحی بووە، ئەگینا مانای ئاشتی و تەبایی بۆ وشەی ئیسلام لە جیهانبینیی قورئانی و سوننەتی پێغەمبەردا زۆر جیدی تر و گرنگترە.
تەسلیمبوون بەرامبەر چی و كێ؟
ئەگەر ئیسلام بە مانای تەسلیمبوون بێت، ئەم تەسلیمبوونە بەرامبەر كێ و چییە؟ بەپێی زەمینەی فیكری و لە چوارچێوەی تێڕوانینی قورئانی و تەوحید و بە سەرنجدانە ئایەتە فراوانەكانی قورئان، بێگومان مەبەست لە تەسلیمبوون، تەسلیمبوونە بەرامبەر ویست (مشيئة) و خواستی خودا، نەك بەرامبەر بە ئەمر و فەرمانەكانی ئەم و ئەو. دروستە لە قورئان چەندین جار ئامۆژگاری كراوە بە گوێڕایەڵی پێغەمبەر، بەڵام ئەم گوێرایەڵییە لە پێغەمبەر، لەسەر ڕاسپاردەی زاتی خودایە، واتا مەشروعییەتی ئەم ملكەچییە لە ڕێگەی خواستی خواوە بەدەست دێت.
بەو شێوەیەی كە سەرچاوە مێژوویی و “سیرە”كان باسی لێ دەكەن، دوو جۆر لە گوێڕایەڵی لە پێغەمبەر باس كراوە؛ جۆری یەكەم، كە گوێرایەڵی پلەی یەكەم و سەرەكییە، بریتییە لە فەرمانبەری لە كاروباری وەحی. لەم جۆرەدا، بەپێی لۆژیكی ئیمان بە وەحی و پێغەمبەرایەتی، ئیمانداران لەسەریانە كە لە ئایەتەكانی وەحی و پەیامی ئاسمانی پەیڕەوی بكەن. بەڵام شێوازی دووەم، گوێڕایەڵییە لە پێغەمبەر لە كاروباری سیاسی و یاساكان (دادوەری) و بەتایبەتی لە كاروباری سەربازی لە كاتی شەڕەكاندا. هەر بۆیە بنەمای شەرعیەتدانی ئەم دوو شێوازی گوێرایەڵییە لە یەكتر جیاوازە. لە جۆری یەكەمدا، بەپێی ئامۆژگاری پێغەمبەر، گوێڕایەڵی و فەرمانبەری كارێكی تەنیا ئایینی، ئەخلاقی و مرۆییانەیە كە لە ویستی خوداوە هاتووە و لە جۆری دووەمدا، گوێرایەڵی تەنیا بە هۆی ئیمارەت و فەرماندەیی سەربازیی بووە. ئەگەر جیاوازی نێوان ئەم دوو گوێرایەڵییە نەزانین، لە تێگەیشتنمان بۆ ریسالەت، پێغەمبەرایەتی و لە ئەنجامدا تێگەیشتنی گشت مێژووی ئیسلام (لە ڕابردووەوە تاوەكو ئێستا) تووشی هەڵەیەك دەبین، كە زۆرینە تووشی بوون.
ئەوەی جێی سەرنجە، خودی پێغەمبەری ئیسلام بەشێوەیەكی روون ئیماندارانی سەردەمی خۆی فێر كردبوو جیاوازی لە نێوان ئەم دوو جۆرە لە گوێرایەڵییە بكەن؛ لە بابەتە وەحی و ئایینییەكاندا بەو پێیەی سەرچاوەی شەرعییەتی خودایی، پێویستە گوێرایەڵی بكەن و لە كاروباری ڕۆژانە و بڕیارە كاتییەكان لە چوارچێوەی كۆمەڵگە و سیاسەت و ئیمارەت، تەنیا بە گوێرەی فەرمانڕەوایی زەمینی گوێرایەڵی بن. تەنانەت لە سەدەی 21، گوێڕایەڵی لە حكومەتی شەرعی و گوێدانی مەرجداری یاسا و ڕێساكان، بە پێویستییەكی عەقڵی و كرداری بۆ ڕێكخستنی كاروبارەكان ئەژمار دەكرێت. لەم تێبینییە زۆر ورد و گرنگە، ئیماندارانی سەدەی حەوتی زایینی تێدەگەیشتن، بەڵام لە سەدەی 21 هێشتا لێی تێناگەن. هەر بە هۆی ئەم هۆكارە بوو كە ئیمانداران مافیان هەبوو دژایەتی جۆری دووەمی بڕیار و فرمانەكانی پێغەمبەر بكەن و نموونەكانی لە سەرچاوەكانی سیرە و مێژوودا تۆمار كراوە و نائینی لە كتێبی “تنبیه الامە” چەند نموونەیەكی دەرهێناوە. یەكێك لە پابەندییە لۆجیكی “و شاورهم فی الامر”(آل عمران، 59) و “امرهم شوری بینهم” (شوری، 38)ە، هەر ئەم ڕازی بوون و نەیارییە ئارەزوومەندانەیە وەك مافێك بە ئیمانداران دراوە. ئەوەی كە لە قورئان داوا لە ئیمانداران كراوە كە گوێڕایەڵیی پێغەمبەریان بكەن بۆ كاروباری ئیمارەت، بە مانای گوێڕایەڵی و تەسلیمبوونی ڕەها بەرامبەر كاروبار و فەرمانەكانی پێغەمبەر نایەت. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە لە ویستنی گوێڕایەڵییە، دەچێتە خانەی ڕێنوێنی بە حوكمی عەقڵ، نەك ساختەكردنی حوكمێكی شەرعی وەك گوێڕایەڵیی ڕەها و هەمیشەیی. لەم ڕووەوە، ئەم شێوازە لە ئامۆژگاری بۆ گوێڕایەڵیكردن، نە پەیوەندی بە پێغەمبەرایەتی محەممەد و نە پەیوەندی بە وەلائی ئەو هەیە، بەڵكو پەیوەندی بە پێویستی و دۆخی ئیمارەتەكەیەوە هەیە، كە لە ڕەزامەندی و فەرمانبەریی ئارەزوومەندانەی خەڵكی مەدینە (لە موسڵمان و غەیرە موسڵمان) سەرچاوەی گرتووە.
بە سەرنجدانە ئەوەی باس كرا، لە واتای ئایەتی 14-ی سورەتی “حجرات”، مەبەست ئەوە نییە لە نێوان ئیمان و ئیسلام جیاوازی هەبێت؛ ئەوەی یەكەمیان تایبەتە بە بابەتی دڵ و دەروون و خواوەند، ئەوەی دووەم، بە واتای كاروباری حكومەت دێت و پەیوەندی بە گوێڕایەڵیی كرداری و حكومەتییە لە پێغەمبەر(2). سەبارەت بەم ئایەتە چەند بابەتێك جێگەی هەڵوەستە لەسەر كردنە؛ یەكەم، چوارچێوەی ئایەتەكە شایەتیدەری ئەوەیە كە جیاوازی كردن لە نێوان ئیمان و ئیسلام، بۆ باسكردنی گرنگیی ئیمان و ڕەسەنایەتییەتی كە بە شێوەیكی زاتی و سروشتی، دڵی و دەروونییە. دووەم، ئیسلام بەشێكی ئیمان نییە، بەڵكو بە شێوەیەكی ڕەواڵەتی بۆ ڕاگەیاندنی هەمان ئیمانە. لەم چوارچێوەیەدا دەربڕینی ئیسلام ئاخاوتنێكە بۆ ناساندنی ئیمانێکی دڵی، نەك ئەوەی لە ڕووی بابەتیبوون و ناوەرۆكەوە، بابەتێكی جیاواز و سەربەخۆ لە ئیمان بێت. لە ڕاستیدا ئیسلام دەرخەری ئیمانە.
ئیسلام هەر ئەوەیە كە لە “شهادتین” دەوترێتەوە. كەسێك لە زمان و دەربڕیندا شایەتی بۆ تاكایەتی خودا و پێغەمبەرایەتی محەممەد دەدات، ئیمانی پێیەتی و پێوەی پابەند دەبێت، بە “مسلم” ناو دەبرێت. ئیستا ئەگەر ئەم پابەندبوونە واقیعییانە و بە پاكژی بێت، بەو شێوەیەی كە لە لای خودا و پێغەمبەر پەسەند بێت، ئەو كەسە موسڵمانێكی كامل و تەواوە، ئەگینا ئیسلامی لەفزیی ئەوان (بەدەوی)، ئیعتباری واقیعی نییە و تەنیا ئەوان لە بەرەی غەیرە موسڵمانەكان جیا دەكاتەوە، بەڵام لە بەرەی ئیماندارە پاكژ و خواپەسەند و پێغەمبەرپەسەند جێیان نابێتەوە. ئەگەر بمانەوێت لە دەستەواژەیەكی ئەمڕۆیی سوود وەربگرین، دەتوانین بڵێین دەربڕینی ئیسلام وەكو قبوڵكردنی هاونیشتمانیبوون و ئەندامێتییە لە كۆمەڵگەی ئیمانداران نەك زیاتر. بۆیە، مەبەست لە ئیسلام لەم ئایەتەدا، بە تەواوی یەكسانە لەگەڵ پێكهاتەی ئایەتە زۆرەكانی قورئان لە چوارچێوەی مانای زمانی، دەستەواژەیی و ئەدەبیاتی ئایینی.
لەوانەیە بانگەشەی ئەوە بكرێت بەو پێیەی پێغەمبەر سەودای دەسەڵاتی هەبوو و ” نبّی بالسیف” بوو، دەیویست عەرەب بەرامبەر بە دەسەڵات و باڵادەستیی سیاسیی خۆی ناچار بە تەسلیمبوونی ڕەها بكات و دواتر لە سایەی باڵادەستی و شمشێر ئایینەكەی بڵاوبكاتەوە و جێگیری بكات. مانای پەتی ئەم تێگەیشتنە ئەوەیە كە محەممەد دەیوست ئێمان بە زەبری شمشێر بخاتە ناو دڵی عەرەبەكانەوە. بۆ بەرپرچدانەوەی ئەم تێگەیشتنە، دەشێت بەڵگەی زۆر بهێنرێتەوە، بەڵام پێشتر پێویستە وڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە كە: ئایا لە ئیسلام، بنەمای لەسەر ئاشتییە یان جەنگ؟ تا ئەو شوێنەی كە من ئاشنایەتیم بە قورئان و دەق و سەرچاوەكان هەیە، دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم، بنەمای ئیسلام لەسەر ئاشتییە و جەنگ و ململانێ بابەتی لاوەكییە. یەكێك لە هۆكارە ئاشكراكانی ئەم قسەیە، ڕووبەڕووبوونەوەی پێغەمبەرە لەگەڵ نەیاران و دووژمنانی. لە زۆر سەرچاوەدا هاتووە كە لە مەككە و تەنانەت لە مەدینە بە زۆری لە نێوان موسڵمانان و غەیرە موسڵمانان و تەنانەت سەركردە بتپەرەست و كینەلەدڵەكانی قوڕەیش، پەیوەندی باش لە ئارادا هەبووە و جاری وا هەبووە كە پێغەمبەر یارمەتی دارایی پێشكەشی خەڵكی مەككە و گەورەی قوڕەیشەكان كردووە.
لە نموونەیەكی مێژووییدا، یەعقوبی باس دەكات كە لە دوای فەتحی خەیبەر، كە غەنائیمی زۆر كەوتە دەست موسڵمانان، پێغەمبەر ئاگادار بووەوە كە بە هۆی قاتوقڕی لە مەككە، خەڵك تووشی هەژاری و نەبوونییەكی زۆر بوون، بۆیە پێغەمبەر ڕێژەیەكی زۆر ئاڵتونی بۆ گەورەكانی قوڕەیش نارد و داوای لێیان كرد یارمەتی خەڵكی دەستكورت بدەن. ئەگەرچی بەشێكیان ئاڵتوونەكانیان وەرنەگرت، بەڵام ئەبوسوفیان قبوڵی كرد و بە سوپاسەوە وتی: خودای برازاكەم پاداشتی باشەی بداتەوە كە لەگەڵ خزمانی خۆی چاكەكارە(3).
ئیبن سەعد لە “طبقات” حیكایەتێك لەسەر ئەم پێكەوەژیانە ئاشتیانەیەی پێغەمبەر و موسڵمانان هەیە؛ ئەو باس لەوە دەكات پێغەمبەر چەندین فەرمانی بۆ سەركردەكانی هۆز و عەشیرەتەكان نووسی و تێیاندا، ئاوەكان، لەوەڕگەكان و پێداویستی مادی و سروشتییەكانی تایبەت كرد بەوان و لە ڕاستیدا پێیانی بەخشی و ئامۆژگاری كرد كە هیچ كەسێك مافی شەڕ و دەستدرێژی كردنە سەریانی نییە و ئەوان لە پەنای موسڵمانان و محەممەدن. هەڵبەت ئەم هۆزانە بەشێكیان موسڵمان و بەشێكیان غەیرەموسڵمان بوون. دەبێت ئەوەش بوترێت كە لەم كۆمەڵە نامەیە، یان بە مانایەكی تر پەیماننامانە، بابەتی جۆراوجۆر باس كراوە و كۆمەڵێك مەرج دانراوە و جاری واش هەیە وتراوە ئەگەر نابنە ئیسلام، لە كاتی پێویستدا یارمەتی موسڵمانان بدەن، یان لانی كەم كێشە بۆ موسڵمانان دروست نەكەن. بەهەرحاڵ بەرامبەر بەم بەڵێنە، لە ئینكاركەران و نەیارانیش بەڵێننامە داوا دەكرا(4).
بە هەر حاڵ ئەم نموونانە ئەوە دەردەخەن كە بۆ پێغەمبەر، دەسەڵاتخوازی و ئیمارەت و شمشێر بنەما نەبووە، بەڵكو قبوڵكردنی ئارەزوومەندانەی ئایینی، پێكەوەژیانی مرۆڤانە لەگەڵ ئاشتی و ئاسایش، بۆ بژاردەی یەكەم بووە و ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە خاڵی جیاوازی ئەو لەگەڵ ئەمیران و فەمانڕەوایانی مێژوو بووە. ئەگەر وابێت، ئیتر ناتوانین پشت بە گێڕانەوەی سەرچاوە نوێیەكانی ئیسلامی ببەستین كە بە ئاشكرا دژیەكی لەگەڵ ئەم گێڕانەوەی ئێمە هەیە. بەم شێوە دەتوانین بڵێین كە محەممەد لە مەدینە “دەسەڵاتی سیاسی” هەبووە، بەڵام “سەودای دەسەڵات”ی نەبووە، واتا بە مانا ئەمڕۆییەكەی “دەسەڵاتخواز” نەبووە. لەم ڕووەوە وتەی كارن ئارمسترۆنگ گونجاوتر دەردەكەوێت: “بڕیار نەبوو موسڵمانان پیاوی شەڕ بن. تایبەتمەندی ئەوان ئارامگرتن و دانبەخۆگرتنیان بوو. ئاشتی و سازانێك كە ئەوانی لەگەڵ ئەهلی كیتاب وەك یەهودی و مەسیحییەكان هاوپەیمان كرد”(5).
باشتر وایە گوێ لە وتەیەكی ئیقبال لاهوری بگرین. دەوڵەت، لە ڕوانگەی ئیسلام، هەوڵێكە بۆ ئەوەی كە بنەما نموونەییەكان لە شێوەی هێزە كات-شوێنگەییەكان (زمانی-مكانی) لێ بێت و لە ڕێكخڕاوێكی دیاریكراوی مرۆییدا بێتەكایەوە. تەنیا بەم مانایایە كە حكومەت لە ئیسلام خوداوەندییە، ئەمە مانای ئەوە نییە كە سەرۆكایەتییەكی لەسەر زەوی بۆ نوێنەری خوا بێت كە بەردەوام بتوانێت ئیرادەی ستەمكارانەی خۆی لە پشت دەمامكی پاكبوون لە هەڵە و كەموكورتی بشارێتەوە… ئیسلام خوازیاری وەفادارییە بۆ خودا نەك وەفاداری بۆ حكومەتە ستەمكارەكان و مادام خودا بناغەی ڕۆحانیی ژیانە، وەفاداری بۆ خودا، لە كرداردا، وەفادارییە بۆ سروشتی نموونەیی خودی مرۆڤ(6).
بەڵام باس كردن لەوەی چی ڕوویدا كە پاش كۆچی دوایی پێغەمبەر، فتوحات ڕوویدا و لە سەدەی دووەم بەو لاوە لە فیقهی سیاسی و لانی كەم لە پەراوێزی دەزگای خیلافەت، فەریزەی “جیهادی سەرەتایی” هاتەكایەوە و كۆمەڵێك ڕیوایاتی جیهادییانەی توندوتیژ و خوێناویی ساختە كرا، پێویستی بە لێكۆڵینەوەی فراوان و لێكدانەوەی مێژووییی بەڵگەدار هەیە.
تێڕامانێك لەسەر ناونیشانی “ئایینی ئیسلام”
بۆ تەواوكەری بابەتەكە، پێویستە لەسەر چەمك و دەستەواژەی “ئایینی ئیسلام” وەستانێك بكرێت. وا دەردەكەوێت كە لە سەرەتای بانگەوازی پێغەمبەر (تەنانەت لە سەردەمی پێغەمبەر)، تەنیا بانگەوازێكی ئایینی بووبێت و ناوێكی تایبەتی نەبووبێت. پێدەچێت دواتر ئەم بانگەوازە ئایینییە بە ناوی “ئایینی ئیسلام” وترابێتەوە و ناوبانگی دەركردبێت. لانیكەم لە دەقی قورئان بە ئاشكرا چەمك و ناونیشانی “ئایینی ئیسلام” بەكارنەهاتووە. ئەگەرچی لەم ڕووەوە دەگەڕێینەوە بۆ چەند ئایەتێك وەكو ئایەتەكانی 19 و 85-ی سورەتی “آل عمران” و ئایەتی 3-ی “مائدە”، بەڵام بەپێی ئایەتەكانی تر كە تێیاندا وشەی ئیسلام و هاوشێوەكانی بەكارهاتووە، پێناچێت كە لەم ئایەتانەدا مەبەست تەنیا ئایینی محەممەد بێت.
لە قورئاندا، ئیسلام بە ناونیشانە گشتییەكەی بۆ ئایینەكانی ئیبراهیمی (تەوحیدی) بەكار هاتووە (وەكو ئایەتەكانی 20-ی آل عمران، 122-ی بقرە و 125-ی نساء) و شوێنكەوتوانی ئەم ئایینانە بە “مسلمون” ناویان هاتووە (وەكو ئایەتەكانی 84-ی آل عمران، عنكبوت، 46 و 136-ی بقرە و 111-ی مائدە). هەروەها لە قورئان، “حنیف” و “مسلم” هاوواتای یەك بەكارهاتوون (ئایەتی 67-ی آل عمران)(7)، یان لە ئایەتی 101-ی سورەتی یوسف لە زمانی یوسفەوە هاتووە كە “توفّنی مسلما و الحقنی بالصالحین”، لێرەدا “مسلم” بە مانای تەسلیمبوون هاتووە و نەك بە مانای گرووپێكی ئایینی، یان فیرقەیەكی تایبەت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە چوارچێوەی بەكارهێنانی وشەكانی ئیسلام لە قورئان و مانای پەسەندكراو و دانپێدانراوی، بێگومان ئایینی محەممەدیش ئیسلامە. هەرچەند جێگەی گومانە كە خودی محەممەد هەر لە سەرەتاوە لەسەر دامەزراندنی ئایینێكی نوێ پێداگر بووبێت.
لە چوارچێوەی گوتاری دواتری مێژووی ئیسلام، دەتوانین بڵێین، هەروەك چۆن لە ئەندێشەی ئیسلامی دوو جۆر “نبوت”مان هەیە، واتا پێغەمبەرایەتی گشتی و پێغەمبەرایەتی تایبەت، ئیسلام و موسڵمانێتی دوو جۆر، یان دوو ئاستی تێكهەڵكێشیان هەیە: یەكەم، ئیسلام و موسڵمانێتی گشتی (هاوبەش لەگەڵ ئایینە تەوحیدی و سامییەكانی تر) و دووەم، ئیسلامی و موسڵمانێتی تایبەت (ناونیشانی تایبەتیی ئایینی محەممەد)، بەڵام وا دەردەكەوێت كە لە هەمان سەرەتاوە، ئیسلام بووە بە ناوێكی تایبەت بە ئایین و شەریعەتی محەممەد، ئیتر ئەم ناوە بۆ ئایینە هاوبەشەكانی تر و هاوپەیوەندییە مێژووییەكان بەكارهێنانی نییە.
پەراوێزەکان
(1)اسکندر، حنا، النبی والترهب، ص ۱۵۹-۱۶۰ و ۱۶۷.
(2)”قالت الاعراب آمنّا قل لم تؤمنوا و لکن قولوا اسلمنا و لمّا یدخل الایمان فی قلوبکم و ان تطیعواالله و رسوله لایلتکم من اعمالکم شیئا انّ الله غفور رحیم”. واتە: “عەرەبی دەشتەكی وتیان بڕوامان هێناوە، بڵی بڕواتان نەهێناوە بەڵكو تەسلیم بوون، هێشتا بڕوا نەخەمڵیوەتە ناو دڵ و هەناوتان، ئەگەر بە قسەی خوا و پێغەمبەری خوا بكەن شتێ لە ئاكامی كارتان كەم ناكاتەوە، بە راستی خوا غەفور و رەحیمە”.
(3)تاریخ یعقوبی، جلد ۱، ص ۴۱۴.
(4)ابن سعد، طبقات، جلد ۲ (قسمت اول)، ص ۲۰-۳۸.
(5)کارن آرمسترانگ، محمد پیامبری برای زمان ما، ترجمه فرهاد مهدوی، ص ۱۵۶.
(6)اقبال لاهوری، احیای فکر دینی در اسلام، ترجمه احمد آرام، ص ۱۷۷-۱۷۸.
(7)ڕیوایەتێك هەیە که عەبدوڵا كوری مەسعود ئایەتی «انّ الدین عنداالله الاسلام» (آل عمران، ۱۹) بە شێوەی «انّ الدین عندالله الحنیفیه» دەخوێندەوە. بڕوانە: رامیار، محمود، تاریخ قرآن، ص ۳۹.
سەرچاوە: ماڵپەڕی زەیتون https://www.zeitoons.com/87045