• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 21, 2021

دۆخی چاکسازیی گەوران چارەسەر یان تووشبوون؟

ئامادەكردن: هەستیار عەلی سەعید/ توێژەری دەروونی لە چاكسازی گەورانی سلێمانی

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (10)ی تشرینی دووەمی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

لە سەدەکانی ڕابردوودا لە ڕۆژئاوا و لە چەند دەیەی ڕابردووشدا لە ڕۆژھەڵات، زیندانەکان تاکە شوێنی قوربانی و تاوانباران بوون. ئەو کەسانەی سزا دەدران و دەخرانە زیندانەکانەوە، تا ڕۆژی ئازادبوونیان بەبێ ھیچ چاکسازی و ھەوڵێکی شیاندنەوە دەھێڵرانەوە، بەم جۆرەش زیندان نەک ھۆکاری گۆڕین و چاکسازیکردن نەبوو لەم کەسانەدا، بەڵکوو بارودۆخی خراپتر دەکردن و بەبێ ھیچ گۆڕانکارییەکی باش دەگەڕانەوە نێو کۆمەڵگە و دەبوونە مەترسییەکی گەورەتر بۆ دەوروبەریان، بەڵام دواتر و لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ھزرییەکاندا، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە زیندانەکاندا ڕوویان دا و چاکسازییەکان بوون بە شوێنی ڕاھێنانەوە، گۆڕان و شیاندنەوەی سزادراوان و ئامادەکردنەوەیان بۆ ژیانی نێو کۆمەڵگە. یەکێک لەو گرووپانەشی لەناو چاکسازییەکاندا کاری وردیان لەسەر کرا و ھەوڵی چاکسازیکردنیان درا، بەکارھێنەر و بازرگانانی ماددە ھۆشبەرەکان بوون.

چاکسازییەکان، گۆڕانکارییە گەورەکە

چاکسازییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ھەنگاوێکی گرنگ و بەرەوپێشچوونێکی دیار بوون بۆ گۆڕانکاری لە ڕەوشی سزادراواندا، لە کوردستانیشدا و لە چەند ساڵی ڕابردوودا ھەوڵ درا چاکسازییەکان بکرێنەوە و بکرێن بە دەرگایەک بۆ ڕزگاربوونی سزادراوان و گەڕانەوەیەکی شایستە بۆ ژیانی نێو کۆمەڵگە.

لەدوای ساڵی نەوەدەکانەوە چاکسازییەکان کرانەوە، توێژەرانی دەروونی و ئیدارەی چاکسازییەکان دەڵێن هەر چەندە چاکسازییەکان وەک لایەنی لۆجستی، ئیداری و شیاندنەوەش تا ئێستا کەموکوڕیی زۆریان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕوودانی ئەم  گۆڕانکارییە کە گواستنەوە بوو لەنێو زیندانەوە بۆ چاکسازییەکان، ھەنگاوێکی گەورە بوو لە پڕۆسەی چاکسازی و شیاندنەوەی سزادراوان، چونکە ئیتر سزادراوان لە سووچی زیندانەوە دەرھێنران و بە ڕێز و شکۆوە ڕاھێنرانەوە بۆ ژیانێکی نوێ.

چاکسازییەکان، چارەسەر یان کێشە؟

ئامانجی چاکسازییەکان؛ شیاندنەوەی سزادراوان و ئامادەکردنیانە بۆ ناو کۆمەڵگا، تا بە شێوەیەکی ورد و ڕێکخراو کار لەسەر سزادراوان بکەن، ئەمەش وەهای کردووە سەرەڕای کەموکوڕییەکان؛ چاکسازییەکان بۆ زۆرێك لە سزادراوان بە ماددە جیاوازەکان، چارەسەرە و کاریگەریی باشی هەبووە لەسەر ئامادەکردنەوەیان  بۆ نێو کۆمەڵگا. توێژەرانی دەروونی و ئیدارەی چاکسازییەکان باس لەوە دەکەن هەندێک جار چاکسازییەکانیش ناتوانن سەرکەتوو بن لە ڕاهێنانەوەی سزادراوان، بەتایبەت بۆ بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان کە وەها مامەڵە دەکەن گۆڕاون و بوون بە خاوەن کەسایەتییەکی نوێ، بەڵام گەرەنتیی تەواو نییە دوای ئازادبوونیان نەگەڕێنەوە سەر بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان. بە بۆچوونی توێژەرانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ناو چاکسازییەکانیش هۆکاری ئەوەی وەها خۆیان دەردەخەن وازیان لەم ماددانە هێناوە ئەوەیە کە لەناو چاکسازییەکان زۆر بەزەحمەت یاخود هەر دەستی ناکەوێت، هەر بۆیە بەشێکی زۆریان لەنێو چاکسازی نایکێشن، بەڵام کاتێک لە چاکسازی دەردەچن و ئازاد دەبن؛ دەست پێ دەکەنەوە.

بەپێی دوایین ئامار لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی، ٨١ کەس بەپێی مادەی (٢٦ – ١٤/١) و بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر سزا دراون، ١٥٠ کەسیش بەپێی ماددەی (٣٠ – ١٤/٢) بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان سزا دراون و  ١١٦ سزادراوی گەڕاوە هەیە کە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزا درابوون و دوای ئازادبوونیان دیسانەوە دەستیان کردووەتەوە بە بازرگانیکردن و بەکارهێنانەوەی ماددەی هۆشبەر و دەستگیر کراونەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەم بارودۆخەی ئێستاوە چاکسازییەکان ناتوانن ڕۆڵی کاریگەر بگێڕن لە چاکسازیکردن لە سزادراواندا و گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگا و نەگەڕاندنەوەیان بۆ دۆخی پێشوویان.

چاکسازییەکان و سزادراو

توێژەرانی نێو چاکسازییەکان دەڵێن چاکسازییەکان ڕۆڵیان هەیە لە دووبارە شیاندنەوەی سزادراوان و ڕێنماییکردنیان بۆ نێو کۆمەڵگا، بەڵام بۆ هەموو ماددەکان وەك یەك نییە، بۆ نموونە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بەتەنها سزادانیان و دانانیان لە چاکسازییەکان؛ یارمەتیدەریان نابێت بۆ دوورکەوتنەوەیان لە بەکارهێنانی ئەم ماددانە، بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە بۆ ئەم کەسانە پێویستمان بە سەنتەری تایبەت هەیە کە پزیشکی دەروونی، توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی، پزیشکی هەناویی تێدا بێت و شوێنی تایبەت و ژینگەیەکی لەباریش دابین بکرێت. سەرەڕای ئەمانەش، پێویستە هەموو ئەو کەسانەی لەو سەنتەرانە کار دەکەن کەسانی شارەزا و لێهاتوو بن و ڕاهێنانی تایبەتیان پێ کرابێت، بەڵام لەبەر نەبوونی ئەم مەرجانە لە کوردستان، چاکسازییەکان نایانتوانیوە بەباشی ڕۆڵیان هەبێت و مامەڵەیەکی زانستییانە بکەن و پڕۆسەی شیاندنەوە ئەنجام بدەن، ئەمە سەرەڕای چەندین کەموکوڕیی دیکەش لەنێو چاکسازییەکان وەک نەبوونی کەسی پسپۆڕ بەپێی پێویستیی چاکسازییەکان و نەبوونی شارەزایی و خولی لێهاتوویی پێویست.

زیندانەکان وەک فێرگەی تاوان؟

بەشێکی دیاری ئەو توێژینەوانەی لە بارەی زیندانەکانەوە ئەنجام دەدرێن، باس لەوە دەکەن کە زیندانەکان بوون بە شوێن و فێرگەیەک بۆ فێربوونی تاوان و ئەو کەسانەی بە تاوانێک گیراون؛ لە زینداندا فێری تاوانێک یان زیاتر دەبن، ئەمەش وەهای کردووە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا زیندانیکراوەکان پۆلین بکرێن و تێکەڵ نەکرێن، بەڵام لە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان تا ئێستا ئەم کێشەیە بەتەواوی چارەسەر نەکراوە و بە هۆی زۆریی ژمارەی سزادراوەکان، قەرەباڵغیی زیندانەکان، پۆلێننەکردن و جیانەکردنەوەیان بەپێی تاوانەکان؛ سزادراوەکان هێشتا تێکەڵ بە یەکتر کراون، ئەمەش وای کردووە زیندان ببێت بە شوێنی فێربوونی تاوانی نوێ بۆ سزادراوان. لە ئێستادا لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، پڕۆسەی پۆلێنکردن بۆ سزادراوان ئەنجام دراوە و سزادراوان بەپێی کەیسە جیاوازەکان لە یەکتر جیا کراونەتەوە و سزادراوانی هەر ماددەیەک لە هۆڵی جیاوازدان، بەڵام هەندێک جار و بەناچاری سزادراوەکان تێکەڵ دەکرێن و ئەمەش مەترسیی فێربوونی تاوانی نوێ؛ گەورە دەکات.

لە ڕابردوودا لەبەر خراپیی بینای چاکسازییەکان و زۆریی ژمارەی سزادراوان، زۆربەی سزادراوان تێکەڵ بوون، بەڵام ئێستا ئەو تێکەڵکردنە نەماوە یاخود زۆر کەمە، ئەمەش وەهای کردووە ژمارەیەکی کەمی سزادراوانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو چاکسازی فێری تاوانی تر و ماددەی هۆشبەر بووبن.

چاکسازییەکان شوێنی بەکارهێنان و ساغکردنەوە و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرن؟

بوونی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو چاکسازییەکاندا گرفتی گەورەی زۆربەی چاکسازییەکانی جیهانە و چەندین ڕێگەی جیاواز گیراوەتە بەر بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە وەک پێویست کۆنترۆڵ بکرێت و ئەم حاڵەتەش لە کوردستان بە هەمان جۆرە، هەر چەندە لە ئێستادا بەپێی ئەو سیاسەتەی گیراوەتە بەر، توانراوە بە ئاستێکی زۆر بەرز کۆنترۆڵ بکرێت. سیاسەتەکەش بریتییە لەوەی بەبێ ئاگاداری و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و کتوپڕ، لە هەر هۆڵێکی ماددەی هۆشبەر سزادراوێک هەڵدەبژێردرێت و خوێن و میزی لێ وەردەگیرێت، دواتر دەبرێت بۆ پشکنین، ئەم ڕێگەیەش وا لە سزادراو دەکات خۆی بەدوور بگرێت لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، چونکە ئەگەر پشکنینەکەی پشتڕاستی بکاتەوە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە، ئەوا بێبەش دەکرێت لە زۆربەی ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی کە هەیەتی.

سزادراو بەرەو مادەی هۆشبەر

بەشێکی زۆری ئەو سزادراوانەی کە سزا دەدرێن و دەکەونە ناو چاکسازییەکانەوە، یەکێك لە هۆکارەکانیان خراپیی بارودۆخی داراییانە، بۆیە ئەگەر لەنێو چاکسازییەکاندا دەست بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە بکەن؛ ڕووداوێکی چاوەڕوانکراوە و هەوڵ دەدرێت ڕێگری لە ڕوودانی بکرێت، بەڵام بەپێی ئامارە بەردەستەکان ئێستا مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەر لەناو چاکسازیی سلێمانیدا نییە و ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە و زۆر بەنهێنی دەکرێت. توێژەرانی ناو چاکسازیی گەورانی سلێمانی دەڵێن بەشێکی کەم لە سزادراوان لەبەر خراپیی بارودۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی بەرگەی دۆخی ناو چاکسازی و زیندان ناگرن و ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان دەبن، بەڵام ڕێژەکە زۆر کەمە، زۆربەی هەرە زۆری سزادراوانیش پەشیمانن لەو بارودۆخەی تێی کەوتوون و بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێن ڕزگاریان ببێێت و تەنانەت زۆرێک لە سزادراوان داوا دەکەن بەیەکەوە نەبن و جیا بکرێنەوە.

چاکسازییەکان، ڕزگارکردنی بازرگان و ئالوودەبووەکان

ماددەی هۆشبەر کە بە تیرۆری سپی ئەژمار دەکرێت، لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان بە گرتنەبەری چەند ڕێگە و میکانیزمێک و خەرجکردنی توانایەکی مرۆیی و ماددیی گەورە؛ هەوڵی بنبڕکردن و کەمکردنەوەی دەدرێت، بەڵام ئەم هەوڵانە لە ئاستی مەترسیداریی ماددەکە و زۆریی بەکارهێنەر و بازرگانەکاندا نین، بەتایبەت لەنێو چاکسازییەکاندا هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوەی سزادراو لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەکی زانستی زۆر کەمە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە چاکسازییەکاندا دەکرێت تا ئاستێکی باش کاریگەریی هەبووە، چونکە کاری زۆر کراوە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سزادراو و تێگەیاندنیان لە زیانەکانی ماددەی هۆشبەر و زۆربەی کات هەوڵ دراوە بەشێکی زۆری ئەو سزادراوانەی بەکارهێنەرن بخرێنە بەر خوێندن و ئیمتیازاتیان پێ بدرێت لەبەرامبەر دوورکەوتنەوەیان لە ماددەی هۆشبەر، هەر بۆیە چارەسەرییەکان بۆ بازرگانەکان زۆر ئاسانترە وەک لە بەکارهێنەرەکان.

هۆکارەکان

بەپێی ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان توێژەرانی چاکسازییەکان و بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ئەنجام دراوە، هۆکارەکانی تووشبوون و بازرگانیکردنی بە ماددە هۆشبەرەکان جیاوازن کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  • – بەشێکیان وا تێگەیشتوون ماددە هۆشبەرەکان بۆ سێکس گرنگە، جەستەیەکی بەهێزت پێ دەدات، وزەیەکی زۆرترت پێ دەدات و دەتوانی زیاتر کار بکەیت.
  • – هۆکارە بۆ چارەسەری کێشەکان.
  • – بوونی کاتی زۆر و بێکاری و تێکەڵبوون لەگەڵ تووشبووان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان.
  • – خراپیی بارودۆخی دارایی.
  • – بۆ خۆشی و چێژ، تاقیکردنەوە و سەرکێشی، گەشتکردن.
  • – نزمیی ئاستی هۆشیاری.
  • – ژینگە.

زۆربەی سزادراوانی چاکسازی دەڵێن ئەو ماددانەی بەکاریان هێناوە؛ جۆربەجۆر بوون و جۆری ماددەکان لە سزادراوێکەوە بۆ سزادراوێکی دیکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەو ماددانەی کە بەکاریان هێناوە؛ بریتین لە: حەشیش، کراک، هێرۆیین، تلیاک، کریستاڵ، بەکارهێنانی بەشێك لە چارەسەرە دەروونییەکان بەبێ ڕاوێژی پزیشک… هتد.

چارەسەر

توێژەرانی دەروونی و کۆمەڵایەتی ناو چاکسازیی گەورانی سلێمانی دەڵێن، پێویستە پلانی چارەسەری گونجاو بۆ بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر بگیرێتە بەر، بەڵام پێش ئەوە پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان مکوڕتر بێنە سەر هێڵ و پڕۆژە و پلانی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا  و هەڵمەتی نیشتمانی ڕابگەیەنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەی ماددەی هۆشبەر، چونکە تووشبوون و چوونە نێو ئەم تۆڕەوە ئاسانە، ڕزگاربوون لێی زۆر زەحمەت و سەختە، بۆیە پێویستە دوو جۆر پلان دابنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە: یەکەمیان بۆ کۆمەڵگا بەگشتی، دووەمیان بۆ سزادراوان، کە پێویستە سەنتەرێکی چارەسەری ماددەی هۆشبەر بکرێتەوە و ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر وەك نەخۆش مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و خێزان و کۆمەڵگا هۆشیار بکرێتەوە لەسەر شێوازی مامەڵەکردنێکی دروست لەگەڵ ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر، چونکە تا ئەم ساتەش تێڕوانینی خێزان و کۆمەڵگا بۆ ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر تێڕوانینێکی دوژمنکارانەیە و بەردەوام سووکایەتییان پێ دەکەن، بۆیە پێویستە بەردەوام لەژێر چاوەدێریدا بن تا دەگەنە پلەی کۆتایی، چونکە بەپێی بەڵگە زانستییەکان تەنانەت ٦٠٪ی ئەو کەسانەی بە باشترین پڕۆسەی چارەسەرییشدا تێدەپەڕن، ئەگەری دووبارە گەڕانەوەیان هەیە بۆ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.

سیناریۆ ئایندەییەکان

یەکەم: ئاستی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بەم ماددانە بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات.

دووەم: هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکاندایە و چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا ئامارەکان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرز ببنەوە و قەیرانێکی مەترسیدار بەرۆکی هەرێم و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بگرێت.

سێیەم: بە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووان و بازرگانانەوە، چاکسازییەکان بەتەنها ناتوانن کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و پێویستە حکومەت لە ئێستادا بیر لە ڕەوشی ساڵانی داهاتوو بکاتەوە تاکوو ڕەوشەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت.

چوارەم: لە ئێستادا چاکسازییەکان بەتەواوی ناتوانن پڕۆسەی شیاندنەوە ئەنجام بدەن و تووشبووان و بازرگانان بۆ نێو ژیانی کۆمەڵگا ئامادە بکەنەوە، ئەمەش مەترسیی ئەوە دروست دەکات چاکسازییەکان ئەرکەکەیان لە چاکسازییەوە بگۆڕێت بۆ زیندان.

پێنجەم: جیانەکردنەوەی 100٪ی ئەو کەسانەی لە چاکسازییەکاندان و بە مادەی جیاواز سزا دراون، هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بە مادەی دیکە سزا دراون؛ لە زینداندا تووشی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر ببن.

شەشەم: کۆنترۆڵنەکردنی چاکسازی و زیندانەکان و چڕنەکردنەوەی چاودێرییەکان، زیندان و چاکسازییەکان دەکەن بە شوێنێکی مەترسیدارتر لە سنوورەکان و ناوەندی ئالوودەبوون و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.

 

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە ده‌ (10) تشرینی دووەمی 2021

Send this to a friend