ئایا زمانی فارسی زمانێکی نەزۆكە؟
نووسین: محەمەدڕەزا باتنی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: عەبدوڵڵا ڕەسووڵی
قسەی زۆرمان لەبارەی جوانی، شیرینی، گەنجینەی ئەدەبی و لایەنە باشەكانی دیكەی زمانی فارسی بیستووە، ڕەنگە ئێستا كاتی ئەوە بێت، بەشێوەیەكی ڕیالیستیانە خوێندنەوە بۆ تواناییەكانی زمانی فارسی بكەین و بزانین ئایا ئەم زمانە دەتوانێت وەڵامدەری پێویستییەكانی ئەمڕۆی كۆمەڵگەمان بێت؟ ئایا لەودا كەموكووڕییەك دەبینرێتەوە و ئەگەر دەبینرێتەوە چلۆن دەتوانین چارەسەری بكەین؟
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی زمان، داهێنانی زمانییە. دەتوانین لە زۆر لایەنەوە داهێنانی زمانی تاوتوێ بكەین (لە بواری ئەدەبی، ڕێزمان، وشە و ڕەنگە لە لایەنی دیكەیشەوە). لێرەدا باسەکەمان بە داهێنان لەبواری وشەكانی زمانەوە سنووردار دەبێت. داهێنانی وشە دەرفەتی ئەوە بە ئەهلی زمانەكە دەدات لەگەڵ گۆڕانكارییەك كە لە كۆمەڵگەدا ڕوودەدات وشەگەلێكی نوێ دروست بكەن و كارامەیی زمانییان لەگەڵ پێویستییەكان بگونجێنن.
لە بواری زمانناسییەوە، داهێنانی وشە پەیوەندی بە باسی داڕشتنی وشە یان وشەسازییەوە هەیە (لێرە بەدواوە ئێمە داهێنان بەكار دەهێنین و ئەو بە داهێنانی وشە ناو دەهێنین). داڕشتنی وشە واتە ئەوەی ئێمە بتوانین لە ناو یان هاوەڵناو، كار دروست بكەین. لە كار ناو و یان هاوەڵناو دروست بكەین و هتد. بە كەمێك لێبوردوییەوە دەتوانین بڵێین داڕشتنی وشە واتە تێپەڕبوون لە بابەتێكی ڕێزمانی بۆ بابەتێكی دیكە. بۆیە ئەگەر بمانەوێت لە ئاستی داهێنانی زمانێك تێبگەین و ڕەنگە ئەو لەگەڵ داهێنانی زمانەكانی دیكە بەراورد بكەین، دەبێت ببینین لەو زمانەدا بە چ ئاستێك لە ئاسانكاری دەتوانین لە بابەتێكی ڕێزمانییەوە بۆ بابەتێكی دیكە بڕۆین. لەنێو گۆڕانكارییە جۆراوجۆرەكانی داڕشتندا، ئەوەی لە هەمووان گرنگترە، تێپەربوون لە بابەتی ناو یان هاوەڵناو بۆ بابەتی كارە. بە واتایەكی سادەتر، دروستكردنی كار لە ناو و هاوەڵناوە. هۆكاری ئەم بابەتە ئەوەیە كە خودی كار خاوەنی داهێنانی زۆرە و دەتوانین لەو وشەی داڕێژراوی دیكە وەربگرین. بۆ نمونە لە زمانی ئێنگلیزی لە ion كە ناوێكە لە زاراوەكانی فیزیا و كیمیادا كار دروست دەكەن و دوای ئەو وشەی داڕێژراوی دیكەش بەپێی ڕیزبەندی خوارەوە دروست دەكەن.
Ion ionizable
Ionize ionizability
Ionized ionization
Ionizing ionizer
دوایی لە ڕێگەی لێكدانی ئەم وشە داڕێژراوانەوە لەگەڵ وشەكانی دیكە زاراوەگەلێكی نوێ دروست دەكەن:
Ionization chamber
Ionization energy
Ionization potential
Ionization track
Ionizing radiation
Ionized gas
هەروەها كە دەبینین دوای ئەوەی كە ion بە كەڵك وەرگرتن لە پاشگری ize بووە كار، دەتوانێت سەرچاوەی حەوت وشەی داڕێژراو یان وشەی نوێ بێت، كە ئەوانیش دەتوانن لەگەڵ وشەكانی دیكە تێكەڵ ببن و شەش زاراوەی نوێ دروست بكەن، كە بە گشتی 13 وشەی لێكدراو دروست دەبێت و ئەمە بە هیچ شێوەیەك كۆتایی داهێنانی كاری ionize نییە.
بەڵام بزانین لە زمانی فارسی بارودۆخەكە چۆنە:
1 ـ لە زمانی فارسی تەنها كارە سادەكانن كە داهێنانیان هەیە، واتە دەتوانین لەوان وشەی داڕێژراو دروست بكەین.
2 ـ لە فارسی ئەمڕۆیی ئێدی كاری سادە دروست ناكرێت، واتە ناتوانین بە شێوەی ئاسایی لە ناو و هاوەڵناو، كار دروست بكەین.
3 ـ ژمارەی ئەو كارە سادانەی كە داهێنانیان هەیە و لە ڕابردووەوە بە ئێمە گەیشتوون، زۆر كەمە.
4 ـ لەم ژمارە كەمەش زۆربەیان لەحاڵی لەنێوچوون و بێبایەخبووندان و شوێنی خۆیان دەدەنە كارە لێكدراوەكان، بەڵام كارە لێكدراوەكان نەزۆكن و ناتوانین لەوان وشەی داڕێژراو دروست بكەین.
5 ـ لە “چاوگە نادیارەکانی” فارسیش، چ ئەوانەی لە ناوە فارسییەكانەوە دروستكراون و چ ئەوانەی كە لە وشە عەرەبییەكانەوە دروستكراون، وشەی داڕێژراو دروست نابێت، بە واتایەكی دیكە چاوگە نادیارەکان داهێنانیان نییە.
6 ـ ئەنجام: زمانی فارسی لە بارودۆخی ئێستا بۆ وەڵامدانەوە بە خواستی ڕۆژانەی خەڵك ڕووبەڕووی كێشە نابێتەوە، بەڵام بۆ دروستكردنی وشەی زانستی خاوەنی داهێنانی پێویست نییە و ناتوانێت زمانێكی زانستی بێت، مەگەر ئەوەی كە بیرێك لە كەموكووڕییەكانی بكرێتەوە. ئێمە لە درێژەی ئەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین ئەو خاڵانەی كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا بەڵگەی پێویستیان بۆ بێنینەوە و لە كۆتایشدا ئەو ڕاسپاردانەی بەسوودن، بخەینەڕوو.
****
1ـ وتمان لە فارسی، تەنها كارە سادەكانن، كە توانایی داهێنانیان هەیە، واتە دەتوانین لەوان وشەی داڕێژراو دروست بکەین. سەلماندنی ئەم بابەتە زۆر سادەیە. بۆ نمونە كاری “نمودن” لەبەرچاو بگرن. ئێمە لەم كارە وشەی داڕێژراوی زۆر بەدەست دێنین: نمود، نمودار، نمودە، نمونە، نما، نمایان، نمایش، نمایندە (وشەی داڕێژراوی دیكەش وەكو: نماد، نمادین، نمادگری، نمایە، كە بە تازەیی دروست و باو بوون، هەروەها وشە داڕێژراوە پلە دووەمەكان وەكو: نمایندگی، نمایشگاە، نمایشنامە، نمایشی كە بە زیادكردنی پاشگر بە وشە داڕێژراوە پلە یەكەمەكان دروست كراون) بە هەموو ئەمانەشەوە كاری “نمودن” بە مانایەك كە سەعدی لەم شیعرەدا بەكاری هێناوە:
دیدار می نمایی و پرهیز می كنی
بازار خویش و آتش ما تیز می كنی
لە گووتار و نووسراوی ئەمڕۆدا زۆر كەم بەكار دێت. هەتا ئەو شوێنەی كە دەتوانین بڵێین ئەم کارە لە نێوچووە یان لە حاڵی لەنێوچوون دایە. لە زمانی فارسی باودا کاری لێكدراوی “نشان دادن” جێگەی مانای تێپەڕی ئەوی گرتۆتەوە و کارە لێكدراوەكانی “بە نظر امدن” و “بە نظر رسیدن”یش جێگەی مانای تێنەپەڕی ئەویان گرتۆتەوە. بەڵام ئەم کارە لێكدراوانە نەزۆكن و هیچ وشەیەکی داڕێژراو لەوانەوە دروست نابێت. بە واتایەكی دیكە، ئەگەر ئێمە کاری سادەی “نمودن” مان لە سەرەتاوە نەدەبوو و لە هەمان سەرەتاوە ئەم کارە لێكدراوانە لە جیاتی ئەوان بەكار دەهاتن، ئەمڕۆ هیچ یەك لە وشە داڕێژراوەکان كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا لە فارسیدا بوونیان نەبوو.١
بۆ نمونە دەتوانین “فریفتن” و “فریب دادن” بەراورد بكەن. لە “فریفتن” كە چاوگی سادەیە، دەتوانین وشەگەلێکی داڕێژراو بەدەست بهێنین: فریفتە، فریفتگی، فریب، فریبا، فریبایی، فریبندە، فریبندگی، . بەڵام لە “فریب دادن” كە چاوگێكی لێكدراوە وشەی داڕێژراو دەستەبەر نابێت. لە ڕابردوو “فریفتن” بە شێوەی تێپەڕ و تینەپەڕ بەكارهێنراوە. بەڵام ئەمڕۆ مانای تێنەپەڕی خۆی بەتەواوی لەدەستداوە و لە مانای تیپەڕیشی زۆر بەكار ناهێنرێت. فراوانی بەكارهێنانی “فریب دادن” لە “فریفتن” زۆر زیاترە و ئەگەر ڕەوتی گۆڕینی کارە سادەكان بۆ لێكدراو دیسان بەردەوام بێت یان لە داهاتوو جێگەی بێ ئەم لاو و ئەو لای “فریفتن” دەگرێتەوە.
2ـ ئیدی لە فارسی ئەمڕۆیی کاری سادە دروست ناكرێت. واتە بە شێوەی ئاسایی ناتوانین لە ناو و هاوەڵناو، کار دروست بكەین. زمانی فارسی ئینتیمای بۆ دروستكردنی کارە لێكدراوەكان هەیە و بۆ چەمكە نوێیەكانیش كەڵك لە هەمان سەرباشقە وەردەگرێت. ئاماژەپێدان بە چەند نمونەیەك بابەتەكە ڕوون دەكاتەوە. لە ئێنگلیزی television کاری televise و لە فەرەنسی کاری televiser یان دروستكرد و لە عەرەبیش لەوە فەرمانیان دروستدەكرد و دەڵێن تلفز، یتلفز. بەڵام ئێمە لە فارسیدا دەڵێین: “از تلویزیون پخش كرد”. لە ئێنگلیزی وشەی telephone بە شێوەی کاریش بەكار دەهێنن. لە فەرەنسیش لەو کاری telephonerیان دروستكردووە. لە عەرەبیش لەوە کار دروست دەكەن و دەڵێن، تلفن، یتلفن. بەڵام ئێمە لە فارسی كەڵك لە کاری لێكدراوی “تلفن كردن” وەردەگرین. لە ئێنگلیزی وشەی philosophy “فەلسەفە” کاری philosophize و لە فەرەنسی philosophie کاری philosopher یان دروستكردووە. لە عەرەبیش لە فەلسەفە کار دروستدەكەن و دەڵێن تفلسف، یتفلسف. بەڵام ئێمە لە فارسی ئەگەر پەسەندكراو بێت دەڵێین “فلسفە پرداختن” یا “بە فلسفە پرداختن”. كاتێك دكتۆر مەحمود هومەن چاوگی “فلسفیدن”ی دروستكرد و لە نووسراوە فەلسەفییەكان بەكاری هێنا، پەسەند نەكرا و ئەویان بە دوور لە زەوقێكی تەندروست زانی. لە ئێنگلیزی لە هاوەڵناوی polar کاری polarize و لە فەرەنسی لە هاوەڵناوی polaire کاری polarizer یان دروستكردووە. لە عەرەبیش لە قطب کار دروست دەكەن و دەڵێن استقطب، یستقطب. بەڵام ئێمە پێمان باشە بڵێین “قطبی كردن” و چاوگی “قطبیدن” بە نادیار و وشە داڕێژراوەکانی ئەویش بە نادیارەکان دەزانین. لە ئێنگلیزی لە iodine “ید” فەرمانی iodize و لە فەرەنسی iode کاری ioderیان دروستكردووە. لە عەرەبیش لەو کار دروست دەكەن و دەڵێن یود، یمود. بەڵام ئێمە لە فارسی پێمان باشە بڵێین “باید معالجە كردن” یا “ید زدن بە”. نمونەكانی سەرەوە تەواوە كە پیشان بدەن زمانی فارسی ئینتیمای بۆ دروستكردنی کاری لێكدراو هەیە و کاریی سادەی نوێ دروست ناكات. لەو کارانەی كە لە ئێنگلیزی و فەرەنسی و عەرەبی دروست دەكرێت و نمونەكانی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا، بە ئاسانی دەتوانین وشە داڕێژراوە نوێیەكان بەدەست بێنین. بەهەمان شێوە كە لەبارەی وشە داڕێژراوەکانی ionize لە سەرەوە بینیمان. بەڵام ئێمە لە فارسی بە ئاسانی ناتوانین لە “دەستەواژە کارییەکان”ی خۆمان وشەی داڕێژراوی نوێ دروست بكەین. (بە شێوەیەك كە لە نمونەكان بەدەر دەكەوێت، لێرەدا مەبەست لە کاری لێكدراو، کاریی پێشگردار نییە).
3ـ ژمارەی ئەو کارە سادانەی كە داهێنانیان هەیە و لە ڕابردووەوە بە ئێمە گەیشتوون زۆر كەمن. دكتۆر خانلەری لە كتێبی مێژووی زمانی فارسیدا لیستی کارە سادەكان “چ ئەوانەی لە دەقە یەك لە دوای یەكەكان بەردەوام بەكارهاتوون و ئەوانەی لە زمانی باوی ئەمڕۆدا بەكار دێت”٢ خستۆتەڕوو. لەم لیستەدا تەنها 277 کار هەیە. بەڵام نیگایەكی خێرا بە لیستەكە پیشان دەدات، كە ژمارەیەكی زۆر لە کارە تۆماركراوەكان نە لە ئاخاوتنی ئەمڕۆدا بەكاردێن و نە لە نووسیندا. فەرمانگەلێك وەكو: غارتیدن، آهیختن، اوباشتن، بسودن، چمیدن، گساردن، كفیدن، توفیدن، مولیدن، گرازیدن، موییدن، خوفیدن و ژمارەیەكی زۆری دیكە. لە ڕاستیدا ژمارەی کارە سادەكانی فارسی كە چالاكن، واتە لە گووتار و نووسراودا بەكاردێن، زۆر كەمتر لە ژمارەی 277 ە. لە سێ تاوتوێ كردنی جیاواز كە سێ خوێندكاری بەشی زمانناسی٣ لە كاتی خوێندنیان لە بەشی زمانناسی زانكۆی تاران ئەنجامیان داوە و کارە سادەكانیان لە دەقی گووتار و نووسراوی ڕۆژانە دەرهێناوە، بەرزترین ژمارەیان 115 وشە بووە. بە زیادكرنی ئەو کارانەش كە بەرفراوانیان كەمترە، بەڵام هێشتا لە نووسراودا بەكار دێن ئەم ژمارە لە نێوان 150 بۆ 200 دایە. واتە لە زمانی فارسی لانی زۆر 200 کاری سادەی چالاك هەیە، كە دەتوانین لەوان وشەی داڕێژراو دروست بكەین! دكتۆر خانلەری دوای ئاماژەپێدان بە ژمارەیەكی كەم لە کارە سادەكانی فارسی لە پەراوێزی لاپەرەی 258ی هەمان بەرهەم دەنووسێت: “بەراورد بكرێت لەگەڵ ژمارەی کارەكان لە زمانی فەرەنسی، كە بە 4160 دانە مەزەندە كراوە” لە زمانی ئێنگلیزی كە تێپەڕبوون لە بابەتی ناو بۆ کار زۆر ئاسانە و زۆر زۆریش ڕوودەدات، ژمارەی کارە سادە و داهێنەرەكان زۆر زیاترە. من بە چاوخشاندنێك بە فەرهەنگی ئێنگلیزی Random House توانیم لە نێو ئەو وشانەی كە بە پێشگری tele دروستكراون و تەنها 1.5 لاپەڕە لە 2214 لاپەڕەیی ئەم فەرهەنگە پێك دێنن 16 کاری سادە ببینمەوە، كە هەمووی خاوەنی وشەی داڕێژراوی تایبەتی خۆیانن. ئەگەر ئەم نمونە وەرگرتنە “مشت نمونەی خەروار” بێت، لەم حاڵەتەدا دەتوانین بڵێین لە فەرهەنگی ئاماژەپێدراو لە نزیكەی 23000 کاری سادە هەیە، لیستی ئەم 16 کارە لە پەراوێژی ژمارە 4 نووسراوە.
ئەوەی كە کارە سادەكان لە فارسی كەم و هێدی هێدی شوێنی خۆیان دەدەنە کارە لێكدراوەكان، سەرنجی كەسانی دیكەیشی ڕاكێشاوە. بەڕێز محەمەد ڕەزا عادل لە وتارێك لەژێر ناوی “کار لە زمانی فارسی” لە ژمارەی بەهار و هاوینی 1367 رشد: آموزش ادب فارسی، دەنووسێت: “بەهەمان شێوە كە گووترا، کارە سادەكان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو كەمبوونەوە دەڕۆن و بەكارهێنانی کارە لێكدراوەكان زۆرتر دەبێت. ئەم بابەتە هەتا ئەو ئاستەیە، كە هەندێ كات لە چەند ڕستەی یەك لە دوای یەك نیشانەیەك لە کاری سادە نییە…” و نمونە گەلێكیش بۆ پشت ڕاستكردنەوەی وتەی خۆی دهێنێتەوە.
نمونەوەرگرتنێك لە کارە لێكدراوەكان، فراوانی بەكارهێنانیان لە زمانی فارسی پیشان دەدات. لەم توێژینەوەدا لانیكەم سێ هەزار کاری لێكدراو كۆكراوتەوە، كە لەم ژمارەیە 1056 کاری ئەو بە “كردن” دروستكراون. وەكو آزمایش كردن، گود كردن، نامزدكردن و …..
4ـ لەو ژمارە كەمەی کارە فارسییانەی كە گەیشتوونەتە دەستی ئێمە زۆربەیان لەحاڵی لەنێوچوون دان و شوێنی خۆیان بە کارە لێكدراوەكان دەدەن، بەڵام کارە لێكدراوەكان نەزۆكن و ناتوانین لەوان وشەی داڕێژراو دروست بکەین.٦ پێشتر گووتمان كە کاری “نمودن” لە حاڵەتی تێپەڕی شوێنی خۆی بە “نشان دادن” و لە حاڵەتی تێنەپەڕی بە “بەنظر امدن” و “بە نظر رسیدن” داوە، كە هەموویان کاری لێكدراون و نەزۆكن. هەروەها گووتمان كە لەبەرامبەر کاری سادەی “فریفتن” کاری لێكدراوی “فریب دادن” و “گول زدن” هەیە، كە بەكارهێنانیان زۆر زیاتر لە “فریفتن” ە و ڕەنگە لە داهاتوودا ئەم کارە سادە بە تەواوی لە گۆڕەپان بەدەر بنێت و جێگەی ئەو بگرێتەوە. لێرەدا ئاماژە بە چەند نمونەی دیكە دەدەین.
ئەمڕۆ فەرمانی “شایستن” بەتەواوی لەنێوچووە و شوێنی خۆی داوەتە “شایستە بودن”. وشە داڕێژراوەکانی “شایستە”، “شایستگی”، “شایان” و “شاید” پاشماوەی ڕۆژگاری داهێنانی ئەم کارەن. کاری “بایستن” بەتەواوی لە نێوچووە و شوێنی خۆی داوە بە کاری لێكدراوی “لازم بودن”، “واجب بودن” و هتد. “باید” ( و شێوازەكانی دیكەی وەكو “بایستی” و هتد) و” بایستە” تەنها پاشماوەی ئەم کارانەن. کاری “خشكیدن” و تێپەڕی ئەو “خشكاندن” زۆر كەم و لە هەندێ لە زاراوەكان بەكاردێن و کارە لێكدراوەكانی “خشك شدن” و “خشك كردن” جێگەی ئەوانیان گرتۆتەوە. وشەكانی “خشك”، “خشكە” و “خشكی” وشەی داڕێژراوی ماوەی ئەم کارەن. کاری “گریستن” زۆر كەم بەكار دێت و شوێنی خۆی داوەتە “گریە كردن” و لە حاڵەتی تێپەڕی ئەو “گریاندن” یش شوێنی خۆی بە “گریە انداختن” داوە. وشەكانی “گریان” و “گریە” تەنها وشە داڕێژراوەکانی ماوەی کاری “گریستن”ن. “آمیختن” تا ڕادەیەك ئیدی بەكار نایات. مانای تێنەپەڕی ئەو بەتەواوی لەنێوچووە و لە مانای تێپەڕی ئەویش شوێنی خۆی بە “مخلوط كردن” یا “قاتی كردن” داوە. وشەكانی “آمیزش” و “آمیزە” تەنها وشەگەلێکی داڕێژراون، كە لەم فەرمانە ماونەتەوە. ئێدی فەرمانی “نگریستن” بەكار نایات و شوێنی خۆی داوەتە “نگاە كردن” و “مشاهدە كردن”. فۆرمەكانی “نگران” ، “نگرانی” و “نگرش”وشەی داڕێژراوی باوی ئەم کارەن، كە ماونەتەوە. ئێدی” شتافتن” بەكار نایت و شوێنی خۆی داوەتە “عجلە كردن”، “شتاب كردن”، “با شتاب رفتن” و هتد و “شتاب” و “شتابان” وشە داڕێژراوی پاشماوەی ئەون.
هەڵبەتە لە زمانی پەهلەویش کاری لێكدراو هەبووە، وەكو “نیگاە كردن”، “ایاد كردن” بە مانای “بیرهێنانەوە”، بەڵام ژمارەیەك لەم کارە لێكدراوانە زۆر كەم و كەمبایەخ بوون.٧ بەكارهێنانی کارە لێكدراوەكان لە فارسی كۆن باوە و بە تێپەڕبوونی كات خێراتر بووە. دكتۆر عەلی ئەشرەف سادقی دەنووسێت: “ئەم ئینتیمایە لە قۆناغەكانی دواتر زۆر زیاتر بووە…” هەروەها “وا هەست دەكرێت هێشتا زمانی فارسی بەم ڕێچكەدا دەڕوات. ڕەنگە ئیدی ئەمڕۆ نەتوانین ئەو کارانە كە بە “-ئیدن” كۆتایی دێن بە ڕێسادار بێنینە ئەژمار، لەبەرئەوەی ئیدی هیچ کارێكی نوێ بەمشێوە دروست ناكرێت. بەپێچەوانەوە، دروستكردنی کاری گرووپی بە “كردن”، “زدن” و هتد زۆر باوە. تلفن كردن ( زدن)، تلگراف كردن ( زدن)، پست كردن و هتد”.٨ دكتۆر خانلەری لە بەرهەمی ئاماژەپێدراو و لەلاپەڕەی 331 دەنووسێت: “لە سەدەی حەوتەم بەدواوە پێشگرەكانی کار برەویان نەماوە و کاری لێكدراو شوێنیانی گرتۆتەوە”. هەروەها لە لاپەڕەی 332” لە فارسی ئەمڕۆییدا کاری لێكدراو شوێنی زۆربەی کارە سادە و پێشگرەكانی گرتۆتەوە. ژمارەیەكی زۆر لە کارە سادەكان لە فارسی ئەمڕۆیی بەتەواوی بێبایەخ بوون و شوێنی ئەوان کاری لێكدراو گرتووەتەوە. بۆ نمونە….” دوایی دكتۆر خانلەری لیستێی 53 کاری سادەی ئاشنا دەخاتەڕوو، كە بەتەواوی لەكار كەوتوون و بێبایەخ بوون. ئینتیما بۆ دروستكردنی کارە لێكدراوەكان ئەوەندە زۆرە كە لە بەرامبەر چاوكگەلێك كە لە ناو یان هاوەڵناو دروستكراون و بەوان دەڵێن “هاوەڵناوی نادیار” زۆربەی كات کاری لێكدراو هەیە، وەكو “جنگ كردن” لە بەرامبەر “جنگیدن”، “خم كردن” یان “خم شدن” لەبەرامبەر “خمیدن”، “ترش شدن” لە بەرامبەر “ترشیدن” و هتد. ئەمڕۆ شێوازیی لێكدراوی ئەم کارانە زۆر زیاتر لە شێوازی سادەیان بەكار دەهێنرێن، بە شێوەیەك كە دەتوانین بڵێین شێوازیی سادەیان تا ڕادەیەك لەكار كەوتووە.
لەبارەی هۆكاری ئەم ئینتیمایەوە، واتە دروستكردنی فەرمانی لێكدراو، بە شێوەی یەكلاییكەرەوە ناتوانین شتێك بڵێین. بەڵام ئەگەری هەیە، لە بواری مێژووییەوە دروستكردنی کار لە وشەی وەرگیراوی عەرەبی، وەك رحم كردن، بیان كردن و هتد، نەك تەنها لانیكەم یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەو بووە، وا هەست دەكرێ دروستكردنی کاری لێكدراو لە وشە بەكارهێنراوە عەرەبییەكان، هێدی هێدی زیاتر بووە و دزەشی كردۆتە نێو فارسییەوە هەتا ئەو شوێنەی كە بووەتە تەنها سەرباشقەی دروستكردنی کار لە فارسیدا.٩
5ـ هەروەها كە پێشتر گووتمان، لە زمانی فارسی ئەمڕۆ تێپەڕبوون لە بابەتی ناو و هاوەڵناو بۆ کار باو نییە، واتە ناتوانین لە ناو و هاوەڵناوەوە، کاری سادە دروست بكەین. هەرچەندە ژمارەیەك لە کارگەلێك كە لەم ڕێگەوە دروستكراون چەندین سەدەیە لە فارسیدا باو بوون و گەورە پیاوانی ئەدەبی فارسییش ئەوانیان بەكار هێناوە، وەكو “دزدیدن” و “طلبیدن”. بە هەمووی ئەمانەوە زۆربەی ئەدیبان و نووسەرانی ڕێزمان ئەوان بە “هاوەڵناوی نادیار” ناو دەنێن، كە خۆی پیشاندەری بێزاری و ناڕەزایەتیان لەم جۆرە کارانەیە. (ئێمە بۆ دوورگرتن لە بەكارهێنانی ئەم زاراوەیە، کاری لەم چەشنە ناو دەنێین “کاری گۆڕاو” و مەبەستمان ئەوەیە كە ناو یان هاوەڵناوێك بووەتە کار). مادەی کاری گۆڕاو دەتوانیت ناو یان هاوەڵناوی فارسی بێت، وەكو “بوسیدن” و “لنگیدن” و هەروەها دەتوانێت ئەسڵی عەرەبی بێت وەكو، “بلعیدن”. لە ڕابردوو دروستكردنی کارە گۆڕاوەکان زۆرتر باو بووە و زۆرتر لەگەڵ زەوقی فارسی زمانەكان گونجاو بووە، بە شێوەیەك كە ژمارەیەكی زۆر لەوان لە بەرهەمی نەوەكانی پێشوودا دەبینین، كە ئێستا بەكار ناهێنرێن. بۆ نمونە “تندیدن” ، “خروشیدن” ١٠ و زۆری دیكە
بتندید با من كە عقلت كجاست
چو دان و پرسی سوالت خطاست
سعدی
ز مرغان چون سلیمان قصە بشنید
بتندید و بجوشید و بگالید
بلبل نامە، عطار
خروشید گر سیوز آنكە بدرد
كە ای خویش نشناس و ناپاك مرد
فردوسی
ارغنون ساز فلك رهزن اهل هنر است
چون از این غصە ننالیم و چرا نخروشیم
حافظ
بەڵام نابێت وا بیر بكەینەوە كە فارسی زمانەكانی ئەمڕۆ بە هیچ شێوەیەك کاری گۆڕاو دروست ناكەن، شتێك كە لە ئارا دایە زۆربەی ئەم کارانە جەماوەرین و كەمتر لە گووتاری ڕەسمی و لەویش كەمتر لە نووسراودا بەكار دەهێنرێن. ئەمانە نمونەگەلێك لەو فەرمانانەن” سلفیدن، توپیدن، تیغیدن، پلكیدن، پكیدن، شوتیدن، ماسیدن، چایدن، چاپیدن، تمرگیدن، شلدین، كپیدن، سكیدن (بە مانای نیگا كردن)، چپیدمن، چپاندن، لنباندن، لمیدن، لولیدن، سریدن، چلاندن، قاپیدن، لاسیدن و زۆر شتی دیكە. ئەوەی بۆ باسەكەی ئێمە گرنگە ئەمەیە، كە لە کارە گۆڕاوەکان، چ ئەوانەی كە لە وشە فارسییەكان دروست كراون و چ ئەوانەی كە لە ئەسڵدا عەرەبین، وشەی داڕێژراویان لێ دروست نابێت. ئەم کارانە هەرچەندە سادەن، داهێنەر نین و جیا لە ژمارەیەكی كەمیان كە لەوان “ناوی هاوەڵنای شتی” دروستكراوە (وەكو، چرخش، غرش، رنجش) ئەوانی تر وشەی داڕێژراویان نییە یان بە دەگمەن وشەیەکی داڕێژراو لەوان باو بووە. بە دەربڕینێكی دیكە، کارە گۆڕاوەکانیش وەكو کارە لێكدراوەكان نەزۆكن.
6 ـ ئەنجام: ئێستا ئەو وێنەیەی كە دەتوانین لە زمانی فارسی پێشكەشی بكەین بەمشێوەیە: لە زمانی فارسی تەنها کارە سادەكانن كە دەتوانن داهێنانیان هەبێت، واتە دەتوانین لەوان وشەی داڕێژراو دروست بكەین، ژمارەی ئەم کارانە، لە زمانی فارسی بە شێوەیەكی سەرسووڕهێنەر كەمن، لەم ژمارە كەمەش هەندێكیان لە حاڵی لە نێوچوون و بێبایەخبووندان، ئیدی لە زمانی فارسی بە شێوەی ئاسایی کاری سادەی نوێ دروست ناكرێت. بەڵكو ئینتیما بۆ دروستكردنی کارە لێكدراوەكانە، کارە لێكدراوەكان و کارە گۆڕاوەکان هیچ یەكیان داهێنانیان نییە، واتە ناتوانین لەوان داڕێژراوی کاری سادە دروست بكەین. لەم بارودۆخەدا زمانی فارسی بۆ وەڵامدانەوە بە پێویستییەكانی ڕۆژانەی خەڵك كێشەی نییە، بەڵام ئەم زمانە بۆ دروستكردنی وشەی زانستی داهێنانی پێویستی نییە و ناتوانێت زمانێكی زانستی بێت، مەگەر ئەوەی كە بیرێك لە كەموكووڕییەكانی بكرێتەوە.
***
بە هەموو ئەمانەشەوە زمانی فارسی دەتوانێت زمانێكی زانستی بێت، بەو مەرجەی كە كۆتوزەنجیرێك كە ئێمە بەستوومانە پێیەوە بكەینەوە. ئێمە لە درێژەی ئەم وتارەدا پیشان دەدەین كە زمانی فارسی داهێنانی پێویستی بە شێوەی پەنگراو هەیە، بەڵام ئێمە ئەم تواناییە لە وزەوە ناكەینە كردار. بەڵام پێش ئەوەی ئەم باسە بكەین، دەبێت ئاماژە بە چەند خاڵێك بدەین.
ئەلف: وشە زانستییەكان بۆ خەڵكی نێو كۆڵان و بازاڕ دروست ناكرێن. بەڵكو بۆ ژمارەیەك شارەزا و پسپۆڕ و خوێندكارانێكە كە لە بەشێكی تایبەتدا دەخوێنن و ئەو وشانەیان بۆ دروست دەكرێت. بۆیە ئەگەر چاوەڕوان بین هەمووان لە وشە نوێیەكان تێبگەن و ڕەنگە حەزیشیان لێ بێت، چاوەڕوانییەكی نابەجێیە. ئێوە دڵنیا بن مانای ionize و موشتەقەكانی دیكەی ئەو كە لە سەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژەمان پێدا جیا لە گرووپێكی شارەزا، ئێنگلیزی زمانە ئاساییەكان نایزانن و ڕەنگە هیچ كاتێكیش نەیانبیستبێت.
ب: پلانی زمانی ( language planning) لەو كارانەیە كە زۆربەی وڵاتەكان هەیانە. لە پلاندانانی زمانیدا وشیارانە دەست لە ڕێڕەوی زمان وەردەدرێت. ژمارەیەك لە ڕەوتەكان خێرا و ژمارەیەكی دیكە هێواش دەكەنەوە بۆ ئەوەی ئەنجامەكەی یەكسان بێت لەگەڵ پێویستییەكانی كۆمەڵگەدا. بۆ ئەوەی هەڵەتێگەیشتنێك نەیتە ئاراوە، دەبێ ئەوەش بڵێین كە ئەم دەستێوەردانە لەو جۆرەیە نییە، كە بۆ نمونە نابێت خەڵك بڵێن “حمام گرفتن” بەڵكو دەبێت بڵێن “بە حمام رفتن” و هتد، بەڵكو پرسگەلێك دەخرێنە سنووری پلاندانانی زمانییەوە، كە پەیوەندییان بە ڕێبازی گشتی زمانەوە هەبێت: بۆ نمونە وەڵامدانەوە بەم پرسیارە كە ئایا دەبێت لە وشەسازی زانستی تەنها كەڵك لە توخمە زیندووەكانی زمان وەربگیریت یان دەتوانین ڕیشە و پێشگر و پاشگری مردووش زیندوو بكەینەوە و بەكار بێنین؟ یان ئەوەی كە دەتوانین لە توخمە گریمانییەكانی نێو زمان کار دروست بكەین و بۆ نمونە بڵێین “تلویزیدن” و “تلویزندە”؟ و هتد.
پ: خاڵی گرنگی دیكە ئەوەیە كە دەبێت كێشەی وشە زانستییەكان پێكەوە و بە شێوەی كۆمەڵ چارەسەر بكرێت. بۆ نمونە ئەگەر بڕیار ببێت بۆ 13 زاراوەیەك كە لە سەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژەمان پێدان و لە ئێنگلیزی هەموویان لە ion دروستكراون، وشەی بەرامبەریان دروست بكرێت دەبێت شێوازێك بەكار بێنین، كە نەك تەنها وەڵامدەری ئەو 13 زاراوە بێت، بەڵكو ئەگەر ژمارەی ئەوانیش زیادی كرد بەهەمان شێوەی پێشوو چارەسەركەر بێت.
بە سەرنج پێدان بەو خاڵانەی كە لەسەرەوە گوترا، هەنووكە ڕێگە گەلێك كە بۆ وشەسازی زانستی بەسوودن باس دەكەین. لە ڕاستیدا ئەوەی دەمانەوێت بڵێین قسەیەكی نوێ نییە، كەسانی دیكە پێشتر باسیان كردووە و تەنانەت بەكاریان هێناوە. مەبەستی من پاساوهێنانەوە بۆ دروستبوونی ڕێگایەك نییە، كە ئەوان ڕۆشتوون و چارەسەركردنی هەڵەتێگەیشتنێك كە لەم ڕێگەیەوە لە زەینی ژمارەیەك لە تاكەكان دروست بووە.
1ـ گرنگترین ڕێگە و بەپیتترین مێتۆد بۆ دروستكردنی وشە زانستییەكان، دروستكردنی چاوكی گۆڕاو یان بە مانایەك “چاوكی جەعلی”یە، لە فارسیش وەكو ئێنگلیزی، فەرەنسی، عەرەبی و زۆربەی زمانەكانی دیكە دەبێت لە ناو یان هاوەڵناو، کار دروست بكەین بۆ ئەوەی بتوانین وشەی داڕێژراوی پێویست لەوان دەستەبەر بكەین و گرێی كاری خۆمان بكەینەوە. تەنها بە دروستكردنی کارە دەتوانین كێشەی وشە زانستییەكان بە شێوەی كۆمەڵ چارەسەر بكەین. بۆ نمونە ئەگەر لە “یون” لەگەڵ پاشگری کارسازی” – یدن” کاری “یونیدن” دروست بكرێت، دەتوانین هەموو بەرامبەرە پێویستەكان بۆ 13 زاراوەیەك كە لە سەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژەمان پێدا بەدەست بێنین: یونیدن، یوئیدە، یونندە، یونش، یونیدگی، یونش پذیر، یونش پذیری، اتاقك یونش، انرژی یونش، پتانسیل یونش، ردیونش، گاز یونندە، تابش یونندە و، زۆر وشەی دیكە كە ڕەنگە دوایی پێویست بكات. هەروەها كە پێشتر گووترا، ئەمە قسەیەكی نوێ نییە: دكتۆر محەمەد موقەدەم لە داهاتووی زمانی فارسی هەمان پێشنیار دەكات. بەڵام ئەوان لەو باوەڕەدان كە مادەی فەرمانیش دەبێت لە ئەسڵدا فارسی بێت، پێشتر ئاماژەمان بە دكتۆر محەمەد هومەن و ئینتیمای ئەو بۆ دروستكردنی کارە گۆڕاوەکان داوە. بەڵام یەكەمین كەسێك كە ئەم فیكرەی پراكتیزە كرد دكتۆر غولام حوسین مەساحیب بوو، كە لە ئێنسوكلۆپیدیای فارسیدا فەرمانگەلێك وەكو “قطبیدن” ، “اكسیدن”، “برقیدن”، یونیدن” بەكار هێنا و بەڕاستی كارێكی دروست دەست پێكرد. ئەمڕۆژەش گرووپەكانی وشەسازی لە ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئەكادیمی پەیڕەوی لە هەمان ڕێباز دەكەن. لێرەدا بۆ ڕواندنەوەی هەڵە تێگەیشتن پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێك بدەین.
ئەلف: من باوەڕم بە “فارسی پەتی” نییە، كە لەودا هیچ وشەیەكی عەرەبی یان ئەورووپی نەبێت، لەبەرئەوەی بە كارێكی نەشیاوی دەزانم. هەوڵدان بۆ بینینەوەی هاومانای فارسی بۆ “یون” كارێكی بێ ئەنجامە، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم كە “یونیزاسیون” و “یونیزە” و وشە داڕێژراوەکانی دیكەی ئەو دەبێت لە فارسی بەكار بێت، لەبەرئەوەی زمانی فارسی توانایی دروستكردنی ئەم وشە داڕێژراوانەی هەیە. لەلایەكی دیكەوە من باوەڕم بە دوورخستنەوەی وشە باوەكانی عەرەبی لە فارسیدا نییە. ژمارەیەك لەم وشانە چەندین سەدەیە كە لە زمانی فارسیدا بەكار دێن و ئەمڕۆ بەشێك لە وشەكانی زمانی فارسین، بەهەمان شێوە كە ژمارەیەكی زۆر وشەی فارسی بە شێوەی موعەرەب لە زمانی عەرەبیدا بەكار دێن و ئەمڕۆ بەشێكی جیانەكراو لە زمانی عەرەبین. “لەبارەی كاریگەریی زمانی فارسی لەسەر عەرەبی لە خودی قورئانی كەریمەوە دەست پێدەكەین. دەبینین وشەی فارسی زۆر لەم كتێبە ئاسمانیەدا هاتووە و دیسان دەبینین كە بە پێچەوانەی خووی ناسیۆنالیستی و دەمارگرژی عەرەبەكان لەگەڵ ئێرانییەكان و یان هەر نەژادێكی دیكەیە، كە دەڵێن دەبێت زمان لە وشە بێگانەكان پاك بكرێتەوە. ئەم كتێبە ئاسمانییە لە وشەكانی ناعەرەبی و بە تایبەت لە فارسی كەڵكی وەرگرتووە كە ئاماژە بە ژمارەیەك لەوان دەدرێت.١١ بۆیە كاتێك قسە لە زاراوەسازی دەكرێت نابێت ئەم وەهمە دروست ببێت كە مەبەست سڕینەوەی عەرەبییە.
ب: ژمارەیەك لە ئەدیبانی ئێمە كاتێك برەوپەیداكردنی وشەگەلێك وەكو “قطبیدن” (كە لەبەرامبەر polarize بەكار هێنراوە) و “قطبش” و هتد دەبینن تووشی دڵەڕاوكێ دەبن، كە “ئەم وشە دەستكردانە زمانی شیرینی فارسی تێك دەدەن، زیان بە گەنجینەی بایەخداری ئەدەبی فارسی دەگەینن، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ گەورەپیاوانی ئەدەبی فارسی وەكو حافیز و سەعدی دەپسێنێت، لە بەرهەمی نەوەكانی پێشوو كەی شتێكی وەها نووسراوە؟ نیگەرانی دیكەی لەو جۆرە. لە وەڵامی ئەم بەڕێزانەدا دەبێت بڵێین: یەكەم “قطبیدن” لە بواری پێكهاتەوە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ “طلبیدن” نییە، كە عونسوری و ناسر خەسرەو و خەیام و سەعدی و مەولەوی و حافیز و ئەدبیانی دیكەی فارسی بەكاریان هێناوە (سەیری مەدخەلی “طلبیدن” لە لوغەت نامەی دێهخودا بكەن). دووەم، وشەگەلێك وەكو polarize، iodize، ionize و هاوشێوەی ئەویش لە بەرهەمی گەورە ئەدیبانی ئێنگلیزی وەكو شكسپیر و میلتۆن و بایرۆن و هتد نابینرێنەوە. بەڵام دروستكردنی ئەم چاوگانە لە زمانی ئێنگلیزی و دەیان وشەی داڕێژراو كە لەوانەوە دەستەبەر دەبێت هیچ زیانێكی بە گەنجینەی ئەدەبی زمانی ئینگلیزی نەگەیاندووە. ئەمڕۆ شەوق و شوورێك بۆ خوێندنەوەی بەرهەمەكانی شكسپیر هەیە ڕەنگە زیاتر لە ڕۆژگارێك بێت كە ئەم وشانە دروست نەكرابوون. لە ڕاستیدا ئەم دوو هاوكێشە هیچ پەیوەندییەكی بە یەكەوە نییە، سێیەم، هەروەها كە گووترا و هەندێ بەڵگەشی بۆ ئەو هێنرایەوە، زمانی عەرەبی كە لە چاوی زۆربەی خەڵكەوە زمانێكی دواكەوتووە، زاراوە زانستییەكان دەباتە بابە گونجاوەكان و وشە داڕێژراوە پێویستەكان لەوان بەدەست دێنێت. ئەگەر وەهایە، كەوایە بۆچی ئێمە كەڵك لە توانایی زمانی فارسی وەرنەگرین، کاری گۆڕاو دروست نەكەین و وشەی داڕێژراوی پێویست بەدەست نەهێنین؟ لەم نێوەندەدا كاری وشەسازی زمانی ئێنگلیزی لە هەموویان سەرنجڕاكێشترە. زمانی ئێنگلیزی وشەی ion ( كە بە مانای “ڕۆشتن”ە) لە یۆنانی بە قەرز وەردەگرێت و لە مانای زانستی بەتەواوی نوێ بەكاردەهێنێت. دواتر پاشگری ize كە لە ڕێگەی لاتینەوە لە یۆنانی بەدەستهێناوە پێ زیاد دەكات و فەرمانی ionize دروست دەكات. لە قوناغی دوایی، پاشگری able كە لە ڕێگەی فەرەنسییەوە لە لاتین بە میرات وەرگرتووە پێ زیاد دەكات و هاوەڵناوی ionizeable دروست دەكات و هیچ كەسێكیش ڕەخنە ناگرێت. بەڵام ئێمە دوای چەندین سەدە هێشتا دەڵێین “طلبیدن” چاوگی نادیارە و ڕێگە نادەین لە زمانی فارسی کاری نوێ دروست بكرێت، ئەویش بە پاشگری کارساز كە هی خودی زمانی فارسییە!
بەڵێ نیگەرانی ئەدیبانی ئێمە لە ڕووی دڵسۆزییە، بەڵام ڕیشەی لە واقعیەتدا نییە. ڕەنگە كاتی ئەوە هاتبێت كە مۆركی “نادیار” و “جەعلیات” لە سەر وشە نوێیەكان پاك بكرێتەوە. ئەگەر شتێكی جیاواز لەوە بكەین فارسی لە بواری وشە زانستییەكانەوە بە زمانێكی نەزۆك دەمێنێتەوە.
2 ـ یەكێكی دیكە لەو ڕێگایانەی كە دەبێت بۆ وشەسازی زانستی بەكار بهێنرێت، سوودوەرگرتن لە وشەی داڕێژراوی ئەو کارانەیە كە هەنووكە لە فارسیدا بەكار دەهێنرێن، واتە دروستكردنی وشەی داڕێژراو لە ڕێگەی بەراوردكارییەوە، جا چ ئەم وشە داڕێژراوانە پێشتر بەكار نەهێنرابن یان ئێستا باو نەبن. بۆ نمونە دروستكردنی “نوشتار” بە بەراورد لەگەڵ “گفتار” یان “رسانە” بە بەراورد لەگەڵ “مالە” و هتد. دكتۆر محەمەد موقەدەم لە داهاتووی زمانی فارسی خشتەیەكی لە دە کاری فارسی دروست كردووە، كە لە هەر یەكیان دەتوانین بە شێوەی پەنگراو حەوت وشەی داڕێژراو دروست بكەین، كە بە گشتی هەفتا دانە دەبێت. ئەو دەنووسێت: “لەو هەفتا شێوازەی كە لەم خشتەدا هەمانە دەبینین كە چل و پێنج شێوازی بەكار ناهێنین لە كاتێكدا پێویستیمان بەهەموویان هەیە، هەنووكە ئەوەش زیاد بكەن سەدان وشەی لێكدراو كە بەوان دروستمان نەكردووە و هەزاران وشەی دیكە كە دەتوانین لەم چەند چاوگە بە دانانی پاشگر و پێشگری جۆراوجۆر…. دروست بكەین.” لەو كاتەوە كە دكتۆر موقەدەم ئەم وتارەی پێشكەش كردووە ( سێیەمی مانگی ڕەشەممەی 1341) و دواتر بە شێوەی كتێب چاپ كرا، هەتا ئێستا سێ شێواز لەوانەی بەكار نەدەهێنران بە كارهێنراون: نوشتار، ساختار و سازە ( مهندسی سازە).
ئەمڕۆ ئێمە هاوەڵناوی “كنا” بەكار ناهێنین، لە كاتێكدا “كن+ ا”، دروستكراوە وەكو گویا، شنوا، روا، توانا و هتد. جیا لەمە ئەم هاوەڵناوە لە ڕابردوو بە كار هێنراوە” اگر اندر ذات وی بود، وی پذیرا بودی نە كنا”.١٢ هەروەها كنایی كە بە بەراورد لە “توانایی” ، “گویایی” و هتد دروستكراوە و لە ڕابردووش بە مانای “كنندگی” بەكار هێنراوە.١٣ هەروەها فەرمانی “كنانییدن” لە ڕابردوو بە شێوەی تێپەڕی سەبەبی بەكارهێنراوە. ١٤ ئێستا بە كەڵك وەرگرتن لەم وشانەی زمانی فارسی دەتوانین كێشەی كۆمەڵێك لە زاراوە كیمیاییەکان بەمشێوە چارەسەر بكەین.
Active كنا
Activity كنایی
Activate كناییدن
Activated كنانیدە
Activating كنانندە
Activator كنانندە
Activation كنانش
Activation energy وزەی كنانشی
مەبەست لەم نمونە ئەوە نییە، كە بڵێین زاراوەیەك كە زانایانی كیمیایی لە فارسی بەكاردێنن هەڵەیە و دەبێت دووری لەوان بگرین و لە بەرامبەردا ئەم كۆمەڵە بەكار بێنن. بەڵكو مەبەست لەو پیشاندانی توانایی نەناسراوی زمانی فارسی و بەتایبەت پیشاندانی گرنگی بەراورد كردن لە وشەسازی زانستییە. لە نمونەی سەرەوە “كنا”، “كنایی” و “كنانیدن” هەموویان پێشتر لە زمانی فارسیدا بەكارهێنرابوون، بەڵام وا گریمان دەكەین، كە هیچ یەك لەوان بەكار نەهێنرابوون. لەو حاڵەتەشدا ئێمە دەمانتوانی هەمان كۆمەڵە یان هاوشێوەی ئەو لە ڕووی بەراوردكارییەوە دروست بكەین و بەكار بێنین. تەنانەت ئەگەر ناچار دەبووین دەمانتوانی ئەم كۆمەڵە لەگەڵ وشەیەك لە ئەسڵی عەرەبی دروست بكەین: فعال، فعالایی ( با فعالیت)، فعالانبیدن، فعالانیدە، فعالاندە، فعالانس، فعالانشی و وشە داڕێژراوە پێویستەكانی دیكەش.
دەبێت ئێمە زیاتر لەگەڵ پێویستییەكانی وشەسازی زانستی ئاشنا بین. دەبێت ئەم قسە لەبیر بكەین كە دروستكردنی “چاوكی نادیار” ڕێگەپێدراو نییە، دەبێت كۆتایی بەم گریمانە نا دروستە بێنین كە بەكارهێنانی وشە بابەتێكی “سماعی”یە نەك بەراوردكاری. زمانێك كە نەوەكانی پێشوو بەكاریان بردووە وەڵامدەری پێویستییەكانی ئەو ڕۆژەی كۆمەڵگەی ئێمە بووە. ئێمە دەتوانین و دەبێت پاشخانێك كە ئەوان بۆ ئێمەیان بە جێهێشتووە بكەینە هەوێنی كاری خۆمان، بەڵام ناتوانین تەنها بەوە ڕازی بین. دەبێت كۆتوزەنجیرێك كە بە نەزانین بەستوومانە بە پێی زمانی فارسییەوە بكەینەوە و ڕێگە بدەین هاوكات لەگەڵ پێویستی و گۆڕانكارییە سەیرەكانی كۆمەڵگەی ئەمڕۆ ئازادانە بەرەو پێشەوە بڕوات. لێرە دایە، كە پێویستی بوونی ئەكادیمیای زانستەكان بەتەواوی هەست پێدەكرێت، ئەكادیمیایەك كە بە چاوێكی كراوە سەیری دونیای واقیع بكات و بتوانێت ورد و ئاوەزمەندانە هەنگاو بنێت.
یادداشتەکان:
١ – فەرهەنگی موعین یەکێک لە ماناکانی “نمودن”، انجام دادن، عمل کردن و کردن تۆمار کردووە. هەروەها کە ئەمڕۆ بە کار دێت، بۆ نمونە: “تسلیم نمودن” لە جیاتی “تسلیم کردن”. دکتۆر موعین ئاماژە بەوە دەدات کە ژمارەیەک لە لێکۆڵەران ئەم بەکارهێنانە بە دروست نازانن، بەڵام ئەوەش دەڵێن: “دەبێ بزانین گەورە پیاوەکانیش ئەویان بەکار هێناوە”.
پس سلیمان آن زمان دانست زود
کە اجل آمد، سفر خواهد نمود. مثنوی.
٢- ناتل خانلری، پرویز، تاریخ زبان فارسی، جلد دوم، پیوست شمارە ١، بنیاد فرهنگ ایران، ١٣٥٢.
٣- خانم پریوش غفوری، خانم اکرم شیرزادە فرشچی و آقای دکتر عنایت اللە صدیقی ارفعی.
(iv و vt و n لە چەپەوە بۆ ڕاست بە پێی ڕیزبەندی نیشانەی ناو، کرداری تێنەپەڕ و کرداری تێپەڕە).
4- Randon House Dictionary of the EngliSh Languge, 1981
- Telecast n, vt, vi
- Telecommunicate vt
- Telecommute vi
- Teleconference vi
- Telegram vt. Vi
- Telegraph n, vt, vi
- Telemeter vt. Vi
- Telepathize vt, vi
- Telephone n, vt, vi
- Teleport vt
- Telescope n, vt, vi
- Teleshop vi
- Teletype n. vt. Vi
- Teleview vt, vi
- Televise vt, vi
- Telex n. vt
٥- ژالە رستم پور، پژوهشی دربارە افعال مرکب، پایان نامە فوق لیسانس زبانشناسی، ١٣٥٩.
٦- لە هەندێ کاری لێکدراو هەندێ وشەی داڕێژراو باو بوون، بەڵام ژمارەیان زۆر کەمە.
٧- سوپاسی بەڕێز دکتۆر ڕەحمەت حەقدان دەکەم کە لە کۆکردنەوەی زانیاری پێویست لە بارەی زمان پالەوی یارمەتی دام.
٨- صادقی، علی اشرف، تحول افعال بی قاعدە زبان فارسی، مجلە دانشکدە ادبیات و علوم انسانی مشهد، شمارە زمستان ١٣٤٩.
٩-لەم بوارەوە لە گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز دکتۆر ئەحمەد تەفەزولی سوودم وەرگرتووە و سوپاسیان دەکەم.
١٠- زۆربەی ئەم بەڵگانە لە لوغەت نامەی دێهخودا وەرگیراوە،
١١- مقدم، محمد، آیندە زبان فارسی، انتشارات باشگاە مهرگان، دی ماه ١٣٤١.
١٢- احمدی، احمد، ماهیت، ساخت و گسترە زبان فارسی، زبان فارسی، زبان علم، مرکز مشر دانشگاهی، ١٣٦٥.
١٣- سەیری مەدخەلەکانی پەیوەندیدار لە فەهەنگی موعین بکەن.
١٤- لغت نامە دهخدا.