هەنگاوەكانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دارایی
لیژنەی ئامادەكردنی بودجەی عێراق بەئامادەبوونی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە كۆمەڵێك پێشنیاری بەرز كردۆتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دارایی عێراق.
سەرچاوەیەكی بەرپرسی حكومی ئەوەی ئاشكراكردووە، رێوشوێنەكان كە چاوەڕوانی پەسەندكردن دەكەن لە دانیشتنی سبەی سێ شەممەی ئەنجومەنی وەزیران، بریتین لەم رێككارانەی خوارەوە.
ـ دیاریكردنی بەرزترین مووچە بە 5 ملیۆن دینار و بەرزترین خانەنشینی بە 4 ملیۆن.
ـ بڕینی 75% دەرماڵەی پلە تایبەت و باڵاكان.
ـ بڕینی تا 50% دەرماڵەی فەرمانبەران.
ـ راگرتنی بژاردنی قەرزەكان.
ـ راگرتنی وەرگرتنی زیاتر لە یەك مووچە و سەرپشككردنی خاوەنەكەی بۆ هەڵبژاردنی یەكێكیان.
ـ بڕینی ئەو دەرماڵانەی بەیاسا خەرج ناكرێن و رێنماییان لەپشتە.
لەلایەكیترەوە بەپێی خشتەی فرۆشتنی دۆلار لەمەزاتی دراو بۆ رۆژی 4 ئایار لە ئێستادا بانكی ناوەندی عێراق، فرۆشتنی دراوی دۆلاری بەنرخی پاڵپشتیكراو چەند قات زیاتر كردووە بۆ پارەداركردنی خەرجییە گشتییەكان، ئەمەش ئاماژەی بەكارهێنانی یەدەگی نەختینەیی دراوە كە یەكێك لە رۆڵە سەرەكییەكانی پاڵپشتیكردنە لە بەهای دینار بەرامبەر دراوە بیانییەكان و شارەزایان هۆشداری لە مەترسی دەستبردنی زۆر بۆ ئەم یەدەگە دەدەن.