• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 17, 2020

هەڵبژادنی چاوەڕوانكراوی عێراق… خوێندنەوەیەكی پێشوەختە

یاسین ته‌ها/توێژه‌ر

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 4ی تشرینی دووه‌می 2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

هەڵبژاردنی پێشوەختە؛ بڕگەی یەكەمی كارنامەی حكومەتی ئێستای مستەفا كازمییە، بەو پێیەی ئەم حكومەتەی ئێستا شەرعیەتی لە خۆپیشاندانەكانی مانگی تشرینی 2019 وەرگرتووە كە بە “شۆڕشی تشرین” بەناوبانگە و  هەڵبژاردن یەكێكە لە داواكارییە سەرەكییەكانی. ئەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوە لەجیاتیی وادەی دەستووریی ئاسایی خۆی كە ئایاری (2022)ە، بڕیارە لە حوزەیرانی 2021 بەڕێوە بچێت، واتە سێ ساڵ پاش كۆتا هەڵبژاردن (ئایاری 2018) كە ئەم خولەی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەرانی لێ بەرهەم هات، لە هەناوی ئەویشەوە حكومەتی عادل عەبدولمەهدی دەرچوو كە پاش ساڵێك كاركردن، لەژێر گوشاری خۆپیشاندانە خوێناوییەكاندا دەستی لە كار كێشایەوە وەك یەكەم پێشینە لە “كۆماری 2003”. لەم توێژینەوەیەدا لەسەر ئەگەرەكانی بەردەم ئەو هەڵبژاردنە و نەخشەی چاوەڕوانكراوی ئەو جومگە گرنگە هەڵوێستە دەكەین، لەسەر هەردوو ئاستی سوننە و شیعە لە عێراق.

ئەگەرەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن

سەرۆكوەزیران لە زۆربەی دیدار و لێدوان و فەرمانەكانیدا، جەخت لە سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكاتەوە و لە ڕووی ڕێكارەكانیشەوە هەندێ هەنگاوی بۆ ناوە([1])، بەڵام گومان و قسەوباسی زۆر هەن لەسەر بەئاكامگەیشتنی ئەم پڕۆسەیە و تەنانەت هەندێ جار سازكردنی بە “وەهم”  ناو دەبرێت([2])، هۆكاری ئەم گومانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەنگاوانەی كە ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستی پێیەتی و لە دەقی كارنامەی حكومەتیشدا جێگیر كراوە، وەك: تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردن، كاراكردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، جێبەجێكردنی تەواوەتیی یاسای حیزبەكان بۆ مسۆگەركردنی پاكوبێگەردیی پڕۆسەكە([3])، لەبەر ئەوەی یاساكەش فرەبازنەیە و لەجیاتیی 18 جاران، 83 بازنەیە، لە ڕووی تەكنیكییەوە ئامادەكاریی زۆری پێویستە. هەندێكیش قبووڵكردنی میدیایی هێزە سیاسییەكان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە جۆرێك لە پۆپۆلیزم دەبینن، كە بڕیاری ڕاستەقینەی دڵی سەركردەكان و نوخبەی بڕیاردەری ڕاستەقینەیان نییە، ئەمانە پێیان وایە هەر كات ڕێكارەكان كەوتنە سەر پێ، ئەوان دەبنە ڕێگر و ناهێڵن ببێتە ڕاستی و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە([4])،  بەڵام بەو پێیەی لە سەرەتای قەیرانی ئەم دواییەی عێراقەوە مەرجەعی باڵای شیعەكان عەلی سیستانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی (دوور لە هەژموونی چەك) بە تاقە چارەسەری دەرچوون لە تەنگەژە زانیوە([5])، هەروەها هەندێك لە هێزە سیاسییە كاریگەرەكان هەمان بیروڕایان هەیە، لەپێش هەموویانەوە موقتەدا سەدر([6])، لەگەڵ چالاكانی شۆڕشی تشرین و هەندێك لە هێزە سیاسییە كاریگەرەكانی تر([7])، ئەگەری ئەنجامدانی لە ئەنجامنەدانی زاڵتر و زیاترە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی مەرج نییە لە مانگی حوزەیرانی 2021دا ئەنجام بدرێت كە حكومەت وەك وادەیەك بڕیاری لێ داوە، بەتایبەت كە ئەو وادەیە لە بنەڕەتدا كێشەی تێدایە، یەكێك لەوانەش گەرمای وەرزەكەیە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئەمە جگە لە زۆر گومان و لەمپەری تر، وەك: ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران بۆ دەستبەرداربوونی ئەم خولە بەئاسانی، كێشەی زۆری هونەری پەیوەست بە دابەشكردنی بازنەكان، كۆتای ژنان، نەبوونی شارەزایی زۆر لەلایەن ئەم كۆمسیۆنە نوێیە و… هتد([8]). لایەنی جێبەجێكاری هەڵبژاردنیش كە كۆمسیۆنە، پێنج مەرجی داناوە بۆ سازكردنی هەڵبژاردن: (یاسای تایبەت، پێكهێنانی دادگای فیدراڵی، بودجە، تەواوكردنی میلاكی كۆمسیۆن، پاڵپشتی نێودەوڵەتی)([9])، كە سەرجەمیان كات و تێچوونی زۆریان هەیە بۆ ئەم دۆخەی عێراق.

گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكان

هەندێك پێیان وایە هەڵبژاردنی داهاتوو دۆخەكە قڵپ دەكاتەوە بەسەر هێزە دەسەڵاتدارەكانی ئێستا، بەو پێیەی یاسای هەڵبژاردن بازنەییە و دەرفەتی هەڵمەتی تایفی و مەزهەبیی تێدا نییە وەك جاران، بەڵكوو خەمە ناوچەییەكان و گوتارە گرووپبەندییەكان یەكلایی دەكەنەوە([10])، هەندێكی تر گرەو لەسەر كاریگەریی نەجەف و چاودێریی نێودەوڵەتی دەكەن لە كەمكردنەوەی هەژموونی هێزە چەكدارە باڵادەستەكان، بەتایبەت پاش ئەوەی سیستانی جەختی لە گرنگیی چاودێریی نێونەتەوەیی كردووەتەوە، ئەوەش لە مەزاجی نەجەف دەخوێنرێتەوە كە تووڕە بێت لە میلیشیا شوێنكەوتەكانی ئێران([11])، هەشن زیاتر دەڕۆن و ئەو هەڵبژاردنە بەكابووسێك دەبینن بۆ هێزە چەكدارەكان، بەتایبەت پاش ئەوەی لە هەندێ شاری باشووری عێراق بنكە و بارەگاكانیان كەوتە بەر ڕقی خۆپیشاندەران و سووتێنران، لە كاتێكدا پێشتر بە پیرۆز تەماشا دەكران([12]).

بەڵام بەلای زۆرێكی ترەوە ئەگەری گۆڕانكاریی زیاتر وەك جۆرێك خۆشبینی دێنە بەرچاو، لە سایەی كۆنترۆڵكردنی سەرجەم جومگە گرنگەكانی سیاسەت و حوكمڕانی و دارایی دەوڵەت لەلایەن حیزب و هێزە ئایینی و مەزهەبییەكانەوە كە توانای خۆگونجاندن و سواربوونی هەموو شەپۆلێكیان هەیە([13])، بەتایبەت كە خۆپیشاندەران و گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی تا ئێستا هیچ قەوارە و هێزێكی سیاسیی ئەوتۆیان پێك نەهێناوە تا بتوانێت نوێنەرایەتییان بكات، لە غیابی ئەم قەوارەیەشدا ئەوە هەر هێزە ڕێكخراوەكان چانسی بردنەوە و دووبارە شەرعیەت وەرگرتنەوەیان زیاترە، وەك ئەوەی كە لە ژیانی سیاسیی عێراقی پاش 2003دا بووە بە شتێكی تا ڕادەیەك نەگۆڕ و باو([14]).

لە دەرەوەی ئەم دوو بۆچوونە، هەندێك هۆكاری تر كاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر مەزاجی دەنگدەر و دەشێت لەنێوان هەڵبژاردنی ئایاری 2018 و ئەوەی داهاتوودا گۆڕانكاریی دروست بكەن. بۆ نموونە كاتێك هەڵبژاردنی پێشوو كرا، تازە عێراق لە هەناوی شەڕی داعش هاتبوویە دەرەوە، هێزەكانی حەشدی شەعبی بە هەموو باڵەكانیەوە (عێراقی و ئێرانی) وەك فریادڕەس تەماشا دەكران و خوێنی قوربانییەكان و وێنەی كوژراوەكانیان باڵی بەسەر كۆی دیمەنەكەدا كێشابوو، بەڵام بەم دواییانە كێشە و گومان و كێشەی زۆر لەسەر ناوبانگی ئەو هێزانە دروست بوون، بەتایبەت پاش سەرهەڵدانی ناكۆكی لە ڕیزەكانیان و بەریەككەوتنیان لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی سەر بە مەرجەعیەتی نەجەف([15])، هەر لەم میانەیەشدا زۆرێك لە بارەگای ئەو هێزانەی لایەنگری ئێرانن؛ كەوتە بەر سووتاندن و هێرش و پەلاماری خۆپیشاندەران([16]).  جگە لەوەش گرەوەكان لەسەر ئەوەن مەرجەعی باڵای شیعە عەلی سیستانی، هانی خەڵك بدات زۆرترین بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن بە مەبەستی گێڕانەوەی شەرعیەت و متمانە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن لە لایەك و ڕێگرتن لە كاری ساختەكاری و پڕكردنەوەی كارتەكانی دەنگدان لە لاكەی تر([17]). لەمەش گرنگتر، باوەڕێك لەلای مستەفا كازمی و دەوروبەرەكەی هەیە كە 60%ی عێراق لە گەنجان پێك دێت، ئەوانیش سۆشیال میدیا و تەكنیك ئاڕاستەیان دەكات و وەك جاران پابەند نین بە بیروباوەڕە تەقلیدییەكانەوە([18]).

ئەوانەی بڕوایان بە گۆڕانكاری هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، باس لەوە دەكەن هێزە سیاسییە تەقلیدییەكانی عێراق بۆ پاراستنی پێگەی ئێستایان و ڕێگرتن لەو گۆڕانكارییە، تەنها دوو بژاردەیان لەبەر دەستە: ڕەتكردنەوەی یاسای نوێی هەڵبژاردن، بەتایبەت ئەگەر لە بەرژەوەندیی گەنجانی تازەپێگەشتوو و ناڕەزایەتییەكان بێت بەپێی سیستمی فرەبازنەیی، لەگەڵ پەكخستنی سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە هەر ڕێگایەك بێت و لەمپەر بۆ دروستكردنی، ئەمەش بە واتای خۆسەپاندن بە زەبری هێز دێت و دژی خواستی نەجەف و سیستانی و نەتەوە یەكگرتووەكانە([19]) كە پێناچێت بیانەوێت خۆیان بخەنە ئەو گێژاوەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی سیستانی لە دیداری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جنینن بلاسخارت (ئەیلوولی 2020) زیاتر لە جاران جەختی لە گرنگیی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردەوە بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئێستا([20]).      

 

نەخشەی گریمانكراوی هەڵبژاردن

لەسەر ئاستی شیعە:

سەرباری ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتوو جێگەی مشتومڕە و لە بەرداشی ئەگەر و نەگەردایە، بەتایبەت وادەی سازكردنەكەی، بەڵام نەخشەی هێزە بەشدارەكانی لە ئێستاوە خەریكە تانوپۆی ڕوون دەبێتەوە. خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019، وێستگەیەكی گرنگ بوون لە گۆڕینی نەخشەی سیاسیی هێز و ڕاسپاردنی مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی ئەم كابینەیەش بە دانپێدانانی خۆی هەر بەرەنجامی ئەم وێستگە گرنگە بووە كە دەوروبەری 600 كوژراو و هەزاران برینداری لێ كەوتووەتەوە([21]). خۆپیشاندانەكان هێزە سیاسییەكانی شیعەیان بەش كردووە بۆ دوو ڕەوتی سەرەكی، كە پشتیوانانی خۆپیشاندەران و لایەنگران و شوێنكەوتووانی هێزە سیاسییە ئیسلامییە تەقلیدییەكانی شیعەن([22])، هەندێ نووسەری ڕاستڕەوی شیعەش ئەم دوو بەرەیەیان ناو ناوە “شیعەی حەشد” و “شیعەی جۆكەر”([23])، كە ئەوەی دووەم ئەدەبیاتی هێزە توندڕەو و نزیكەكانی ئێرانە دەرهەق بە خۆپیشاندەرانی تشرین كە گوایە زادە و دەرهاویشتەی كولتووری فیلمی ئەمەریكیی جۆكەرن (Joker)، ئەم فیلمەش كە ساڵی 2019 بەرهەم هێنراوە و وێنەی پاڵەوانەكەی جاربەجار لە خۆپیشاندانەكانی عێراقدا دەبینرا، پاڵەوانەكەی “خواكین فینیكس”ە، باس لە كەسێكی دەروون نەخۆش دەكات كە پاش تێوەگلانی لە كوشتن و بڕین وەها تەماشا دەكرێت كە دەیەوێ تۆڵە لە چینی پایەدار و دەستڕۆیشتوو و دەوڵەمەندی وڵات بكاتەوە و وەك پاڵەوان ناوی دەڕوات([24]).

لەنێوان ئەم دوو ڕەوتەشدا، هێزگەلی شیعە هەن كە تا ڕادەیەك لە ناوەڕاستدان، لە چەشنی ڕەوتی سەدر كە لە خۆپیشاندانەكاندا چووە ناو گۆڕەپانەكان و پاڵپشتیی خۆپیشاندانەكانی ڕاگەیاند و خۆی وەك عاشقی “شۆڕشی تشرین ناساند”([25])، بەڵام لە ئێستادا كێشەی قووڵ كەوتووەتە نێوان خۆپیشاندەرانی گەنج و خودی موقتەدا سەدر بە جۆرێك سەنگەری خۆی جیا كردووەتەوە لێیان([26])، نەك هەر ئەوە، بەڵكوو وەك پلارێك بە “تشرینییەكان” ناویان دەبات و باس لەوە دەكات لە ڕیزەكانی ئەواندا هەڵگری بیری “لادەر – منحرف” هەن و مەیلی داعش و بەعس هەن([27]).

قورسایی ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەكاندا لەوەدایە كە جەماوەریترین تەوژمی ناو شیعە هەژارەكانە، 30 كورسیی لە یەكەم هەڵبژاردنی 2005 بەدەست هێناوە، لە 2010دا كورسییەكانی بەرز كردووەتەوە بۆ 39 كورسی([28])، لە 2014دا گەیشتووەتە 36 كورسی و لە 2018دا لە ڕێگای هاوپەیمانێتیی سائیرون بە بەدەستهێنانی 54  كورسی بە پلەی یەكەم هات لەناو هەموو لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردن([29])، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا ڕەوتی سەدر خاوەن شوناسێكی سیاسیی دیاریكراو و كۆنكرێتی نییە و لە یەك كاتدا ئایین و سیاسەت و كۆمەڵایەتیی تێكەڵاو كردووە و هەمیشە لە ناوچەی خۆڵەمێشیدایە([30])، هەر لەبەر ئەمەش پێی وتراوە “پیاوی سوپرایز و خۆگونجاندن لەگەڵ دژیەكییەكان”([31])، هەروەها هەندێكی تر زیاتر ڕۆیشتوون و ناویان ناوە “سەرۆكی دژیەكییەكان”([32])، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی لەسەر هیچ ئۆقرە ناگرێت و ئەگەری دروستكردنی سوپرایزی هەیە، بەتایبەت زۆر دەوترێت كە جارێكی تر بەتەمای یەكەمی و كۆنترۆڵكردنی دیمەنەكەیە.

بە هۆی هەستكردنی هێزە سیاسییە تەقلیدییەكانی شیعەشەوە بە كۆنبوونی گوتار و سووتانی ناوەكانیان، هەندێكیان لە هەوڵی دروستكردنی ڕووكار و داتاشینی ناونیشانی نوێدان بۆ قەوارەكانیان، بۆ ئەوەی لە لایەك خۆیان ڕزگار بكەن لە میراتی حوكمڕانیی خراپی ساڵانی ڕابردوو، لە لایەكی ترەوە دەستكراوەتر بن لە درووشم و بانگەشە و بەر دیواری ئایدۆلۆژیا و پێداگریی پیشوویان نەكەون، لەم میانەیەشدا هەست بە چالاكیی زۆری وەزیری پێشووی كاروباری كۆمەڵایەتی؛ محەمەد شیاع سوودانی دەكرێت كە دەوترێت بەتەمای دامەزراندنی حزبێكی نوێ بێت وەك ڕووكارێك بۆ حیزبی دەعوە یان پاش ئەوەی لە سەروبەندی كاندیدبوونیدا بۆ سەرۆكوەزیران، وازهێنانی لەم حیزبە ڕاگەیاند([33])، هەمان گومان و ئەگەریش بۆ سەلاح عەرباوی بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی عەمار حەكیم ڕاستە، كە پاش كشانەوەی لە ڕەوتی حیكمە لە ئایاری 2020، بە پاساوی خۆئازادكردن لە هەندێ كۆتوبەند([34])، دوای چوار مانگ بزووتنەوەیەكی گەنجانەی بە ناوی (هۆشیاریی نیشتمانی – الوعي الوطني) ڕاگەیاند كە بە قسەی خۆی ئامانج لێی گۆڕینی حوكمڕان و پەرەپێدانی حوكمڕانییە([35]) . جگە لەوانەش، هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر گوتارێكی میانڕەوانەتری لە سەركردە چەكدارەكانی شیعە گرتووەتە بەر و بەدوای ڕووكارێكی مەدەنیدا دەگەڕێ بۆ هێزە چەكدارییەكەی. ماليكى لە ڕێگەی “یاسر سخیڵی” زاوایەوە ئیش لەسەر گەنجان دەكات و گرووپە چەكدارەكانی حەشدیش بەرەو گوتاری جیهادی و نیشتمانیی عێراقچیانە دەڕۆن([36]).

لەسەر ئاستی سوننە:

هێشتا ئاسەوار و لێكەوتەی شەڕی داعش سێبەری بەسەر هێزە سوننەكانەوە ماوە، ئاوارەبوون و دابڕان و بزربوونی خەمی گشتی لەسەر ئاستی تایفەكەیان؛ دەرگای بۆ دەركەوتنی تەوژم و هێزی لۆكاڵیی نوێ كردووەتەوە.

سیمای سەرەكیی ژیانی سیاسی لەناو سوننەی عێراقدا دوو خاڵی سەرەكییە، كە بریتین لە: بزربوونی دەسەڵاتێكی ناوەندی و ئاوابوونی كێشەی هاوبەش كە بزاوتی عەرەبی سوننە ئاڕاستە بكات، لەگەڵ دابەشبوون و كەرتبوونی سەركردایەتی و شوناسی هێزە سوننەكان بۆ هێزی لۆكاڵی كە هەریەك گوزارشت لە پارێزگایەك یان دەڤەرێكی جوگرافی دەكات و هەریەك لەو هێزانەش یان سیاسیی ناسراو یان سەرۆكهۆز یان سەرمایەدار ئاڕاستەیان دەكات([37])، سەرباری ئەم پەرتەوازەییەش هەمیشە ئەو هێزە سوننەیەی كە جڵەوی بەدەست بێت لە بەغدا یان جۆرێك لە مەركەزیەت و كاریگەریی زیاتر وەردەگرێت([38])، هەر لەم سۆنگەیەشەوە دەركەوتووترینیان لەناو هێزە لۆكاڵییەكانی سوننەشدا لە میدیاكاندا تەوژمی ئەنبارە كە محەمەد حەلبوسی ڕێبەرایەتی و نوێنەرایەتیی دەكات كە لە هەوڵی تێپەڕاندنی شارەكەی خۆیشیدایە و لە تكریت و موسڵ و دیالە هەوڵی دروستكردنی بنكە و پێگە و لایەنگر دەدات([39])، لەم میانەیەشدا ناوبراو لافیتە و پۆستەری لە بەعقوبە بڵاو كردووەتەوە كە پاڵپشتی لە گەنجان دەكات بە وێنەی خۆیەوە، لە كاتێكدا دیالە بە پێگەی سەلیم جبوری سەرۆكی پێشووی پەرلەمان لەقەڵەم دەدرێت([40]).

ڕكابەری سەرەكیی حەلبوسی لە پێگەی خۆیدا، حیزبی ئیسلامیی تەقلیدیی ڕەگوڕیشە ئیخوانییە لەگەڵ تەوژمی خەمیس خەنجەر كە لەلایەن ئەنقەرەوە پاڵپشتی دەكرێت و پەیوەندییشی لەگەڵ قەتەردا زۆر باشە، بەو پێیەی ئەنقەرە و دەوحە لەسەر یەك هێڵی سیاسین([41]). لە پەنا ئەم هێزانەشدا، گرووپی تری لۆكاڵیی سوننە زۆرن، لە چەشنی ئەبو مازن لە سەلاحەدین و نوجێفییەكان و خالید عوبێدی لە موسڵ و مشعان جبوری و ساڵح موتڵەگ لە دەوروبەری تكریت و ناوەڕاستی عێراق، سەرجەم ئەمانەش لە ئێستادا سەرقاڵی جموجووڵن بۆ یەكلاییكردنەوەی چۆنیەتیی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكان و هەڵوێست و لێدوانەكانیان لە هەڵمەتی پێشوەختەی هەڵبژاردندا.

سوننەكان نەیانتوانی لە چەشنی شیعە و كورد لەم خولەی پەرلەماندا (2018-2022) هاوپەیمانێتییەكی یەك ڕیز پێك بهێنن، باوەڕ وەهایە ئەم پەرتەوازەییەش درێژە بكێشێت بۆ هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراو و بەسەر پەرلەمانی داهاتووشدا زاڵ ببێت. كۆڵەكەی هێزە سوننەكان لە ئێستادا حەلبوسی (40 كورسی)، پاشان خەمیس خەنجەر و نوجێفی پێك دێت، هەریەك لەم لایەنانەش قووڵاییەكی هەرێمایەتییان هەیە و لە كاتێكدا خەنجەر و نوجێفی بەئاشكرا لە ئەنقەرەوە نزیكن، محەمەد حەلبوسی بەوە تۆمەتبارە كە نوێنەرایەتیی “سوننەی ئێران” دەكات([42])، لە دەرەوەی ئەمانەش سەركردەكانی وەك ئەحمەد جبوری (ئەبو مازن)ی پارێزگاری پێشووی ئەنبار، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ هێزە شیعەكانی حەشد هەیە و بڕوا وەهایە چاوپۆشیكردن لە دۆسیە یاساییە زۆرەكانی، پەیوەندیی بەو ڕێككەوتنە نهێنییەوە هەبێت كە لەگەڵ شیعەی حوكمڕاندا كردوویەتی لەدوای قۆناغی داعش، بەتایبەت هاوپەیمانێتیی فەتح و هێزەكانی حەشد([43]).

سیناریۆكانی بەردەم هەڵبژاردنی ئایندە

لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێدراوانەی سەرەوە، دەكرێت پێشبینیی ئەم سیناریۆ و پێشهاتانە بكرێت بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی عێراق.

– ئەگەر ڕێگری دروستكردن و پەكخستنی هەموو كاتێك هەیە، بەتایبەت ئەگەر یاساكە بە جۆرێك بێت كە لە بەرژەوەندیی هێزە تەقلیدییەكان نەبێت، ئەوانەی لە فرەبازنەیی زەرەرمەند دەبن و كوتلەی دەنگدەری گەورە و كۆیان نییە (دەوڵەتی یاسای مالیكی) و دەنگدەرەكانیان پەرشوبڵاوە و بەردەوام دژی دەوەستنەوە، بەڵام ئەگەری سازكردنی زیاترە بە هۆی گوشاری سیستانی و پاڵپشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان.

– نەخشەی هێزە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی عێراق، لەسەر سێ ئاڕاستە بنەڕەتی دەبێت، هێزە كۆمەڵایەتی و گەنجانەكانی خۆپیشاندەر كە هێشتا بەتەواوەتی نەخەمڵیون، هێزە تەقلیدییەكانی پاڵپشتی خۆپیشاندەر، هێزە نەیار و ڕكابەرەكانی خۆپیشاندان، لەم نێوانەشدا هەندێ لە هێزە كۆنەكان هەوڵی خۆنمایشكردن دەدەن لە قاڵبی هێز و لەژێر نوێدا.

– پرسیار و ئەگەر و شیكار و لێكدانەوەی جیاجیا هەیە لەسەر پێگەی سەرۆكوەزیران لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، ئایا لیست دروست دەكات؟ ئەگەر دروستی كرد، لە كێ پێك دێت؟ ئەگەر دروستی بكات، ئەگەری سەركەوتنی چەندە؟ ئەگەریش دروستی نەكات، ئایا چانسی هەیە بمێنێتەوە؟ ئەم دۆسیەیە تا ئێستا بەفەرمی بێدەنگیی لێ دەكرێت، بەڵام ئەگەر كازمی لیستی ڕاستەوخۆش دروست نەكات -ئەگەرێكی دوورە-، بێگومان ناڕاستەوخۆ دەچێتە پشت هەندێ لەو هێزە مەدەنی و كۆمەڵایەتییە نوێیانەی لە هەناوی خۆپیشاندانەكانەوە لەدایك دەبن، هەر هیچ نەبێ بۆ مسۆگەركردنی دۆزینەوەی پێگەیەكی پەرلەمانی بۆ خۆی لە خولی داهاتوودا.

– ئەگەری گۆڕانكاری؛ ئەگەرێكی بەهێزە بە هۆی فرەبازنەیی، گۆڕانی مەزاج، دەركەوتنی هێزی نوێ و لە هەمووشی گەورەتر لێكەوتەكانی كۆرۆنا، بەڵام ئەوەی دەوترێت ئەو گۆڕانە ڕیشەیی بێت و دۆخی عێراق قڵپ بكاتەوە، ناگونجێت لەگەڵ توانا و پاڵپشتیی ناوخۆیی و دەرەكی و هێزە چەكدارەكان و میلیشیا مەزهەبییە دەسەڵاتدارەكان.

– بە هۆی یاسای هەڵبژاردنەوە كە فرەبازنەییە و هەڵبژاردن جۆرێك لە خۆكاندیدكردنی تاكەكەسییە، پێشبینیی پەرەسەندنی پۆپۆلیزم و گوتاری ناوچەیی و هەڵكشانی خەڵكانی بێ باكگراوەند بەهێزە لەگەڵ كارابوونی ڕۆڵی بازنە كۆمەڵایەتییەكانی چەشنی عەشیرەت و هۆز، كە توانای یەكلاییكردنەوەی زۆر كورسیی هەڵبژاردنیان هەیە.

– ئەگەریش هەڵبژاردن سەری گرت بەو سیستمی فرەبازنەییە، ئەوە كێشەی قووڵتر و گەورەتر بۆ دروستكردنی زۆرینەی سیاسی لە پەرلەمانی داهاتوودا دروست دەبێت، بە هۆی پەرتەوازەیی كورسییەكان و بەئەستەم لیستی پەرلەمانی زۆرینە دروست دەبێت كە (50+1) كورسییەكانی هەبێت تا كاندیدی سەرۆكوەزیران پێشكەش بكات.

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە

______________________________________________________________________

سه‌رچاوه‌كان

 ([1])  الصباح (4/10/2020) الكاظمي يوجه بتسريع التسجيل البايومتري، https://alsabaah.iq/32179/%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%A7 (متاح: 10/10/2020)

 ([2])  فرهاد علاء الدین (10/8/2020)، وهم الانتخابات المبكرة في العراق، https://www.washingtoninstitute.org/ar/fikraforum/view/earl (متاح:9/10/2020)

 ([3])  ناس نیوز (24/9/2020)، المنهاج الوزاري لحكومة المكلف مصطفى الكاظمي، https://www.nasnews.com/view.php?cat=29702 (متاح: 4/10/2020)

 ([4])  يحيى الكبيسي (6/8/2020)، العراق: عن الانتخابات المبكرة التي لن تحدث!، https://www.alquds.co.uk/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82- (متاح: 3/10/2020)

 ([5])  أندبندت عربیة (20/12/2020)، السيستاني: الانتخابات المبكرة الحل الوحيد للأزمة… والأحد مهلة جديدة لتكليف شخصية بتشكيل الحكومة، https://www.independentarabia.com/node/80236/ (متاح: 10/10/2020)

مقتدى السيد محمد الصدر (3/10/2020)، تغريدة على تويتر، https://twitter.com/Mu_AlSadr/status/1312135731700137984 (متاح: 1/10/2020)

 ([6])  مقتدى السيد محمد الصدر (3/10/2020)، تغريدة على تويتر، https://twitter.com/Mu_AlSadr/status/1312135731700137984 (متاح: 9/10/2020)

 ([7])  العربي الجدید (7/5/2020)، الانتخابات المبكرة… ورقة الكاظمي للتعامل مع الاحتجاجات العراقیة https://www.alaraby.co.uk/%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%86 (متاح: 10/10/2020)

 ([8])  الصباح (8/8/2020)، القانونية النيابية تحدد عوائق إجراء الانتخابات المبكرة، https://alsabaah.iq/28432/%D8%A7%D9%84%D9%82%D8%A7%D9%86%D9%88%D9  (متاح: 5/10/2020)

 ([9])  ألترا عراق (14/9/2020)، المفوضية تعلّق على بيان السيستاني: مستعدون بـ5 شروط، https://ultrairaq.ultrasawt.com/%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%81%D9%88%D8%B6 (متاح: 5/10/2020)

 ([10])  أمير المفرجي (9/9/20)، لغز الانتخابات المبكرة في العراق، https://www.alquds.co.uk/%D9%84%D8%BA%D8%B2-  (متاح:9/10/2020)

 ([11])  المدى (5/10/2020)، معهد كارنيغي: مزاج النجف بدأ يميل لمعارضي التدخلات الإيرانية، https://almadapaper.net/view.php?cat=230474 (متاح: 1/10/2020)

 ([12])  العرب الدولیة (8/10/2020)، غضب الشارع العراقي يقلّل حظوظ الميليشيات في تجديد حضورها بالبرلمان، https://alarab.news/%D8%BA%D8%B6%D8%A8- (متاح: 7/10/2020)

 ([13])  صادق الطائي (8/12/2019)، إحذروا فخ الانتخابات المبكرة في العراق، https://www.alquds.co.uk/%D8%A5%D8%AD%D8%B0%D8%B1%D9%88%D8%A7- (متاح: 7/10/2020)

 ([14])  زیاد ولید (23/12/2019)، الانتخابات المبكرة بين المرجعية والدستور والجدوى، https://ultrairaq.ultrasawt.com/%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE (متاح: 7/10/2020)

 ([15])  المدى، معهد كارنیغی… مصدر سابق

 ([16])  الحرة (22/8/2020)، جنوب العراق يشتعل غضبا.. هدم وإحراق مقرات أحزاب موالية لإيران، https://www.alhurra.com/iraq/2020/08/22/%D8%AC%D9%86%D9%88%D8% (متاح: 8/10/2020)

 ([17])  العرب (4/10/2020)، “فتوى” من السيستاني لإنجاح الانتخابات المبكرة في العراق، https://alarab.co.uk/%D9%81%D8%AA%D9%88%D9%89-%D9%85%D9%86- (متاح: 6/10/2020)

 ([18])  ناس نیوز (3/10/2020)، الكاظمي يتحدث عن مرحلة التكليف والعلاقة مع الولايات المتحدة، https://www.nasnews.com/view.php?cat=41867 (متاح: 7/10/2020)

 ([19])  أخبار الخليج (6/10/2020)، النجف تساند الحراك الشعبي وخياران للأحزاب الدينية للاحتفاظ بالسلطة، http://www.akhbar-alkhaleej.com/news/article/1223689 (متاح: 3/10/2020)

 ([20])  موقع السیستاني، استقبال سماحة السيد (دام ظلّه) الممثلة الخاصة للأمين العام للأمم المتحدة، https://www.sistani.org/arabic/archive/26461/ (متاح: 3/10/2020)

 ([21])  ناس نیوز (3/10/2020)، الكاظمي يتحدث عن مرحلة التكليف والعلاقة مع الولايات المتحدة، https://www.nasnews.com/view.php?cat=41867 (متاح: 11/10/2020)

 ([22])  المسلة نيوز (4/10/2020)، محللون: الساحة الشيعية منشطرة، http://almasalah.com/ar/NewsDetails.aspx?NewsID=198574 (متاح: 11/10/2020)

سلیم الحسني (4/10/2020)، شیعة الحشد وشیعة الجوكر، https://t.me/saleemalhasani

 ([23])  المسلة نيوز (4/10/2020)، محللون: الساحة الشيعية منشطرة، http://almasalah.com/ar/NewsDetails.aspx?NewsID=198574 (متاح: 11/10/2020)

سلیم الحسني (4/10/2020)، شیعة الحشد وشیعة الجوكر، https://t.me/saleemalhasani (متاح: 3/10/2020)

 ([24])  عربي بوست (7/10/2019)، 9 أشياء يجب أن تعرفها عن الفيلم الذي أقلق شرطة نيويورك، https://arabicpost.net/%D9%81%D9%86- (متاح: 4/10/2020)

 ([25])  مقتدى السيد محمد الصدر (2/2/2020)، تغريدة على تويتر، https://twitter.com/Mu_AlSadr/status/1224026664063115267/photo/1  (متاح: 2/10/2020)

 ([26])  عمر ستار (19/2/2020) هل انتهى التحالف “السرياليّ” بين المدنيّين والصدر؟ https://www.al-monitor.com/pulse/ar/contents/articles/originals/2020/02/iraq-protests-sadrists- (متاح: 3/10/2020)

 ([27])  مقتدی السید محمد الصدر (6/ 10/2020)، تغریدة علی تویتر، https://twitter.com/Mu_AlSadr/status/1313520652872232961 (متاح: 8/10/2020)

 ([28])  السوداني، مناف محمد(2011)، الانتخابات والأحزاب السياسية، التفسير المكاني للانتخابات 2005-2010 البرلمانية في العراق انموذجاً، دار الكتب والوثائق، بغداد، 68-69.

 ([29])  سی ان ان العربیة، مصدر سابق؛ بی ب سی العربیه (19/5/2018): تحالف الصدر يفوز بالانتخابات البرلمانية في العراق، موقع بي بي سي عربي، https://www.bbc.com/arabic/middleeast-44178665 (تاريخ الزيارة: 4/3/2020).

 ([30])  حارث حسن (28/3/2008)، “التيار الصدري: بين الشعبية والشعبوية”، مجلة الحوار المتمدن الإلكترونية، العدد 2234، http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=129588&r=0 (متاح: 25/2/2020).

 ([31])  محيى الدين حسين (24/10/2017): مقتدى الصدر.. رجل المفاجآت والتكيف مع التناقضات!، https://www.dw.com/ar/%D9%85%D9%82%D8%AA%D8%AF%D9%89- (متاح: 11/10/2020)

 ([32])  الحرة (4/10/2020)، “زعيم المتناقضات”.. مقتدى الصدر يحيّر العراقيين ببيان “انتفاضة تشرين والأحزاب الفاسدة”، ttps://www.alhurra.com/iraq/2020/10/04/%D8%B2%D8%B9%D9%8A%D9% (متاح: 10/10/2020)

 ([33])  المدى (9/8/2020)، خريطة متوقعة للأحزاب المتنافسة في انتخابات 2021: ثلاثة اتجاهات محورها قوى تشرين، https://www.almadapaper.net/view.php?cat=229140 (متاح: 6/10/2020)

 ([34])  ناس نیوز (5/5/2020)، صلاح العرباوي يكشف سبب انسحابه من تيار الحكمة، https://www.nasnews.com/view.php?cat=30062 (متاح:6/10/2020)

 ([35])  صلاح العرباوی (19/9/2020)، تغريدة على تويتر، https://twitter.com/salahalarbawi/status/1307339911020806144 (متاح: 11/10/2020)

 ([36])  مركز الإمارات للسياسات (30/9/2020)، استعدادات القوى الشيعية للانتخابات المقبلة في العراق، https://epc.ae/ar/brief/preparations-of-shiite-factions-for-upcoming-elections-in-iraq (متاح: 12/10/2020)

 ([37])  ريناد منصور (3/3/2016), المأزق السنَّي في العراق، https://carnegie-mec.org/2016/03/03/ar-pub-62945

 ([38])  نون بوست (6/1/2018)، سُّنة العراق.. خريطة معقدة وتفتيت يهددهم ومشاركة انتخابية مشروطة، https://www.noonpost.com/content/21502 (متاح: 12/10/2020)

 ([39])  صباح ناهي (21/9/2020)، قراءة مبكرة لمسار التأهل للانتخابات العراقية المقبلة، https://www.independentarabia.com/node/153331/%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D8%A9/%D8% (متاح: 12/10/2020)

 ([40])  المدى، خریطە متوقعة… مصدر سابق.

 ([41])  صباح ناهي، مصدر سابق.

 ([42])  ناس نیوز (30/9/2019)، تقرير أميركي عن خارطة حراك الزعامات السنّيّة في العراق: صراع على السلطة والنفوذ!، https://www.nasnews.com/view.php?cat=19365 (متاح: 12/10/2020)

 ([43]) عراق ألترا (15/6/2019)، عبر سلم “الدماء والأموال”.. “عراب” بيع المناصب في كركوك والأنبار!، https://ultrairaq.ultrasawt.com/%D8%B9%D8%A8%D8%B1- (متاح: 12/10/2020)

گۆڤاری ئایندەناسی ژماره(4‌)تشرینی دووەمی 2020

 

 

Send this to a friend