• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 11, 2021

ئابووریی عێراق لە دوڕیاندا؛ ساڵێکی سەخت و لێکگەیشتنی ئەستەم

ئامادەكردن: عەدنان ئەحمەد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە  (٥‌)ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ی گۆڤاری ئایندەناسی

بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا؛ سیستمی دارایی و ئابووریی جیھانیی خستە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە، کۆکییەک هەیە لەسەر ئەوەی جیھانی دوای کۆرۆنا جیھانێکی جیاواز و نوێ دەبێت. عێراق و ھەرێم کە خۆیان بەدەست دەیان کێشە و قەیرانەوە دەیانناڵاند، کۆرۆنا ھێندەی دیکە شەکەتی کردن. ئێستا باس لە داڕووخانی سیستمە سیاسیی، ئابووریی و داراییەکەی عێراق وەک ئەگەرێک دەکرێت. کورتھێنان بە ئاستێکی بەرچاو لە بودجەی ٢٠٢١دا، ھێندەی دیکە وڵاتەکەی خستووەتە ناو تونێلێکی تاریک و مەترسیدارەوە.

حکومەتەکەی مستەفا کازمی لە ڕێگەی پەڕەی سپییەوە دەستی بە چاکسازی کردووە و بەشێکی دیاریشی کە لە بودجەدا جێبەجێ کردووە، وەک ھەوڵێکیش بۆ کەمکردنەوەی بڕی کورتھێنان و وەڵامدانەوە بۆ داواکاریی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، بانکی ناوەندیی عێراق نرخی ھەر دۆلارێکی لە ١٤٥٠ دینار جێگیر کرد.

دۆخی دارایی و ئابووریی ئێستای عێراق

بەشێکی دیار لە شیکەرەوە، بەرپرسان و ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دۆخی دارایی و ئابووریی ئێستای عێراق بە مەترسیدار ناو دەبەن. د. عیزەت سابیر پسپۆڕی ئابووری و بەڕێوەبردن، بەم جۆرە باسی بودجەی عێراق و دۆخی ئێستای دارایی و ئابووریی عێراق بۆ گۆڤاری ئایندەناسی دەکات: ئەم بودجەیە لە مێژووی عێراقدا گەورەترین بودجەیە کە ١٥٠ ترلیۆن دینارە، نزیکەی ٩٢ ترلیۆن داھاتەکەیەتی، کەواتە ٥٨ ترلیۆنێک کورتھێنانی ھەیە. بەشێکی ئەم کورتھێنانە لە قەرزی دەرەکی، بەشێکی لە قەرزی ناوخۆیی پڕی دەکاتەوە و ئەگەر پێویستیش بکات بەشێکی لە بانکی ناوەندییەوە وەردەگرێت، بەشەکانی دیکەشی لە چەند سەرچاوەیەکەوە پڕ دەکاتەوە. بڕیار دراوە نرخی بەرمیلێک نەوت ٤٢ دۆلار بێت، سێ ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکات، ٢٥٠ ھەزار بەرمیلی ھیی ھەرێمی کوردستان و سێ ملیۆنی خۆی. ئێستا کە نرخی بەرمیلێک نەوت ٥٢ دۆلارە، واتە ١٠ دۆلار زیاترە لەوەی لە بودجەدا دانراوە، بەشێکی کورتھێنان بەم زیادەیە پڕ دەکرێتەوە. بانکی ناوەندییش بڕیاری داوە ١٠٠ دۆلار بە  ١٤٥ و ١٤٦ ھەزار جێگیر بکات، ئەمەش سوودێکی باشی بۆ داھاتوویەکی دوور دەبێت، واتە بۆ دوو تا سێ ساڵێکی دیکە. لە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش خەڵک باجی گەورە دەدەن، مووچەخۆر و ھەموو کەسێک، چونکە نرخی شمەک گران دەبێت، بەڵام لە داھاتوودا نرخەکان کەمێک ھەرزان دەبن.

د. نەرمین مەعرووف؛ پسپۆڕ لە بواری دارایی و بازرگانیی نێودەوڵەتی و ڕاگری کۆلێژی بازرگانی لە زانکۆی سلێمانی، دەربارەی دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق بە گۆڤاری ئایندەناسیی ڕاگەیاند: چەند ساڵێکە عێراق وەک یەکێک لە وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی و ئابووریی سەخت بووەتەوە، ئەمەش بە ھۆی دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکان جیھان. ئەمەش وای کردووە دەستھاتی حکومەتی عێراقیی لە فرۆشتنی نەوتی خاو زۆر کەم ببێتەوە، بەتایبەت کە عێراق لەو وڵاتانەیە کە بە ڕێژەیەکی زۆر داھاتی بودجەکەی پشت بە سەرچاوەی داھاتی نەوت دەبەستێت بە ڕێژەی ٩٧٪‏. بۆیە بودجە وەک پاشکۆیەک بۆ گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیھاندا دیزاین دەکرێت، واتە لەگەڵ زیادبوونی نرخی نەوتی خاودا؛ داھات کەم و لەگەڵ زیادبوونی نرخەکەی؛ داھاتی حکومەت زیاد دەکات.

شەڕی داعشیش ھێندەی دیکە عێراقی خستە ناو تەنگەژەی دارایی و ئابووریی سەخت و ساڵ بە ساڵ قەبارەی کورتھێنان لە بودجەی گشتیدا زیاد دەکات، ئەمەش وای کردووە حکومەت ئەو خەرجییانەی پێویستن بۆ ڕاییکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و پێدانی شایستە و مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی خۆیشی، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و کورتھێنانێکی زۆر ببێتەوە. واتە دۆخی دارایی و ئابووریی ئێستای عێراق سەختە، پێشناچێت ئەم دۆخە لە ئایندەیەکی نزیکدا باش ببێت، چونکە ساڵانی ڕابردوو گرنگییەکی ئەوتۆی بە سەرچاوەکانی دیکەی داھات، واتە داھاتە نانەوتییەکان نەداوە، ئەمەش وای کردووە ساڵانە ڕووبەڕووی تەنگەژەی دارایی ببێتەوە، ئەمەش لە کەرتی حکومەتەوە بۆ سەرتاپای کەرت و جومگە ئابوورییەکان دەگوازرێتەوە، بێکاری زیاد دەکات، داکشانی ئابووریی سەر ھەڵدەدات و چالاکیی سەرجەم کەرتەکانی دیکەش لاواز دەبن.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق بە گۆڤاری ئایندەناسیی ڕاگەیاند، دارایی عێراق لە دۆخێکی خراپدایە، چونکە داھات زۆر کەمی کردووە و خەرجییەکانیش ھەر زیاد دەکەن، بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش نرخی نەوت دابەزیوە و داھاتی ئەو سێکتەرانەشی پارە بۆ عێراق پەیدا دەکەن؛ بەرەو دابەزین ڕۆیشتوون. بەپێی ئەو ڕێککەوتنەشی کە لەگەڵ ئۆپیک پڵەس ھەیەتی، ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل ھەناردەکردنی نەوتی کەم کردووەتەوە.

٢٠٢١ بۆ عێراق چۆن دەبێت؟

لەسەر بنەمای دۆخی دارایی و ئابووریی ئێستا، بەشێکی دیاری بەرپرس و شیکەرەوان پێیان وایە ساڵێکی سەخت و دژوار چاوەڕوانی عێراقییەکان دەکات. بەرزنەبوونەوەی نرخی نەوت وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، دابەزینی نرخی دینار، ناکۆکییە سیاسییەکان و ئاڵۆزیی دۆخی ئەمنی؛ لەو دەیان ھۆکارەن عێراقیان خستووەتە بەردەم مەترسی و ئەگەری داڕووخانەوە.

شیروان میرزا پەیوەست بە بودجەی ٢٠٢١ دەڵێت، پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ تا ئاستێک خراپ نییە، ھەر چەندە بەشێکی زۆری ھەر تەقلیدییە و وەک ساڵانی پێشووە، بەڵام بەشێک لە چاکسازییەکانی پەڕەی سپییان تێدا جێ کردووەتەوە. د. نەرمین مەعرووف لە ھەڵسەنگاندنی بودجەی ٢٠٢١دا بەم جۆرە بۆچوونی خۆی دەخاتە ڕوو، بودجەی ساڵی ٢٠٢١ ڕووبەڕووی کورتھێنانێکی گەورە بووەتەوە کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی بودجە. لاوازی و کەمیی سەرچاوەکانی دەستەبەرکردنی داھاتی زیاتر بۆ بودجە، حکومەت و بودجە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە دەکەنەوە.

بەشێکی زۆری بودجە بۆ بواری خەرجیی بەگەڕخستنە، ئەمەش وەھا دەکات حکومەت بتوانێت تەنھا بەردەوامی بە ئەم دۆخەی ئێستا بدات. ئەوەی بۆ بواری وەبەرھێنان تەرخان کراوە، ڕێژەیەکی کەمی بودجەکەیە. زۆربەی حکومەتەکانیش کاتێک کورتھێنان لە بەدجەکەیاندا ڕوو دەدات و ناتوانن ئەو کورتھێنانە پڕ بکەنەوە، بێگومان دەستبەرداری خەرجییەکانی بواری وەبەرھێنان دەبن و گرنگی بە خەرجییەکانی بواری بەگەڕخستن دەدەن، لە نێویشیاندا مووچە، کرێ و خەرجییەکانی بەگەڕخستنی دامودەزگاکانی حکومەت، ئەمەش لە پێناو بەردەوامیدان بە ڕاییکردنی کاروبارەکانی حکومەت. واتە لە دۆخی کەمیی داھات و کورتھێناندا، حکومەت ناتوانێت دەستبەرداری خەرجییەکانی بواری بەگەڕخستن و مووچە ببێت کە پەیوەستە بە ژیانی ھاوڵاتیانەوە.

لەم دۆخانەدا قوربانی بە خەرجییەکانی بواری وەبەرھێنان دەدرێت، ئەمەش گرفتێکی گەورە بۆ بواری ئابووری دروست دەکات، چونکە خەرجییەکانی بواری وەبەرھێنانی گشتی زۆر پێویستن بۆ فراوانکردنی تواناکانی بەرھەمھێنان، زۆربەی کات ئەم خەرجییانە لە بواری ژێرخانی ئابووریدایە کە فاکتەری سەرەکین بۆ ئاسانکردن و فراوانکردنی چالاکییە ئابوورییەکانی کەرتی تایبەت کە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە دروستکردن و زیادکردنی دەستھات و بەرھەمی خۆماڵی.

ئاماژە بەوەش دەکات، پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی داھاتوو ئەگەر فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەم ئاڕاستەیەی ئێستا بمێننەوە، وەک: قەیرانی دارایی جیھان، کەمیی خواست لەسەر نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیھان، دابەزینی نرخی نەوت و بەردەوامیی پەتای کۆرۆنا، ئەوا ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئابووریی عێراق و بودجەی ٢٠٢١ زیاتر دەبن.

سەبارەت بە پشکی ھەرێم و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ھەرێم و عێراق وەک ئەوەی لە بودجەدا دیاری کراوە، د. عیزەت سابیر دەڵێت: پشکی ھەرێم لەم بودجەیەدا نزیکەی ١٠ ترلیۆن دیناری بۆ مووچە، خانەنشینی و پێداویستیی تایبەت دانراوە. دوو ترلیۆن دانراوە بۆ وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستاندا، بایی ترلیۆنێکیش خەرجییە سیادییەکان بریتییە لە ھەناردەکردنی خواردن، بەشەخۆراكی مانگانە، دەرمان، ڤاکسینی کۆرۆنا و سووتەمەنی. ئەمەش لە ١٣ ترلیۆن دینارەکە نزیک دەبێتەوە. ئەم ١٣ ترلیۆنە بەشی سەرجەم پێداویستییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر وەک خۆی ڕێککەوتن و بودجەکە پەسەند بکرێت. لە بەرامبەردا دەبێت ھەرێمی کوردستانیش ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، یان لە ڕێگەی سۆمۆوە بیفرۆشێت و داھاتەکەی ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات و ٥٠٪‏ی داھاتی نانەوتیش بە حکومەتی عێراق بدات.

ئەو پسپۆڕەی بواری ئابووری و بەڕێوەبردن پێی وایە باشترە حکومەتی ھەرێم دەستپێشخەری بکات، چونکە پێی وایە ئەوەی لە بەغداوە دەستمان دەکەوێت کە ١٣ ترلیۆنە، دوو ھێندەی ئەوەیە بەراورد بەوەی کە حکومەتی ھەرێم خۆی ئەو ٢٥٠ ھەزار بەرمیلە بفرۆشێت و ئەو ٥٠٪‏ی داھاتی نانەوتییە نەنێرێت بۆ بەغدا.

دابەزاندنی نرخی دینار، خواردنەوەی ژەھرەکە

یەکێک لە چارەسەرەکانی کابینەکەی مستەفا کازمی و بانکی ناوەندیی عێراق بۆ کەمکردنەوەی بڕی کورتھێنان؛ دابەزاندنی نرخی دینار بوو، بەو پێیەی داھاتی نەوت بە دۆلارە، حکومەتی عێراق دەیەوێت بە دابەزاندنی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بڕێکی زۆرتر دیناری دەست بکەوێت و بەم جۆرەش داھات زیاد و کورتھێنان کەم بکاتەوە. ھەنگاوەکە ھەم پشتگیری دەکرێت و ھەم ڕەخنەبارانیش، وەک چۆن سەرەتای ھەڵئاوسان دروست بووە و نرخی شتومەک بەرز بووەتەوە، ترس ھەیە بەھای دینار لە کۆنترۆڵ دەربچێت و بە ھەمان دەردی لیرەی تورکی و سووری و تمەنی ئێرانی بچێت. ھەنگاوەکە کە لەلایەن سندووقی دراوی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەکرێت، پەرداخێک ژەھرە و حکومەت و گەلی عێراق ناچارن بیخۆنەوە تاکوو نەمرن.

شیروان میرزا لەم بارەیەوە دەڵێت ئەم ھەنگاوە دوو ھۆکاری ھەبووە: یەکەمیان بۆ ئەوە بووە برەوی زیاتر بە بەرھەمی ناوخۆ بدرێت، تاکوو بتوانێت کێبڕکێی کاڵا و شمەکی ھاوردەکراو بکات. دووەمیشیان ئەوە بوو کە کورتھێنانێکی زۆر لە پڕۆژەیاسای بودجەدا ھەبوو، بەو پێیەشی عێراق نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت، بەشی زۆری داھاتەکەشی لە فرۆشتنی نەوتەوەیە و ئەو دۆلارەش لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە دەکات بە دینار، بۆیە بیری لەوە کردووەتەوە ھەر ١٠٠ دۆلارێک لەبریی ئەوەی بە ١١٩ ھەزار بیفرۆشێت بە بانکی ناوەندی، بە ١٤٥ ھەزار بیفرۆشێت، بەمەش بەشێک لە کورتھێنان پڕ بکاتەوە کە بەپێی کەسانی شارەزا ڕەنگە پڕکردنەوەکە بەم ڕێگایە نزیکەی ١٢ بۆ ١٥ ترلیۆن دینار بێت.

د. نەرمین مەعرووف لە بارەی ھەنگاوەکەی بانکی ناوەندیی عێراقەوە دەڵێت: عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی پەیڕەوی سیستمی نرخی جێگیر دەکات بۆ دراوەکەی، واتە تا ئاستێک ئازادە، بەڵام لە چوارچێوەیەکی ئیداریدا نرخێکی تا ئاستێک دیاریکراوە بۆ بەھای دراوەکەی کە لە ٢٠٠٤ تاکوو ئێستا بانکی ناوەندیی عێراقی پەیڕەوی دەکات. بانکەکە لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی ھەڵئاوسانی نرخ، ھەوڵی داوە بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار بەرز بکاتەوە، ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتە ئابوورییە چەوتانەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا پەیڕەو کرابوون، بەتایبەتی دابەزینی بەھای دیناری عێراقی، لەدەستدانی ھێزی کڕینەکەی، بارگرانی لەسەر ئاستی بژێویی ھاوڵاتیان و بەکاربەران. ھەر بۆیە لە (٢٠٠٤)ەوە بانکی ناوەندی پەیڕەوی سیاسەتی مەزادکردنی دۆلاری کرد، کە ڕۆژانە بە نرخێکی تا ئاستێک ھەرزان بڕێکی زۆر لە دۆلار دەفرۆشرا، کە لە ١٥٠ ھەزار دینار بەرامبەر ھەر ١٠٠ دۆلارێک ھاتە نزیکی ١٢٠ ھەزار دینار، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانرێت بەو دراوە بیانییانە کە بانکی ناوەندی بە ھەرزان دەیانخاتە بازاڕەکان، تاکوو بازرگان و ھاوردەکارەکان بڕێکی زۆر لە شمەک و کاڵا بھێننە وڵاتەوە و بەم جۆرەش خستنەڕووی کاڵا و شمەک زیاد بکرێت کە وا دەکات نرخ بھێنرێتە خوارەوە، بەم جۆرەش بەھای دیناری عێراقی بەرز دەکرایەوە، ھەر ئەم ڕێگایەش یارمەتیدەر بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ھەڵئاوسان و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی ھاوڵاتیان.

لە ئێستادا و لە دەرئەنجامی ئەم بارودۆخە دارایی و ئابوورییە سەختەی ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە، وەکوو سەرچاوەیەکی تەمویلکردنی کورتھێنان و کەمکردنەوەی قەبارەی کورتھێنان، حکومەت بەھەماھەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی ھەوڵیان داوە ئەم کورتھێنانە کەم بکەنەوە، ئەمەش لە ڕێگەی دابەزاندنی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی. ئامانج لەم ھەنگاوە ئەوەیە ئەو دەستھاتەی حکومەتی عێراقی لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت، بە بڕێکی زیاتر لە دینار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت، تاکوو بتوانرێت قەبارەی داھات بە دینار زیاتر بێت، خەرجییەکان ڕایی بکرێن و قەبارەی کورتھێنان کەم بکرێتەوە.

لە بارەی ئەم بژاردەیەشەوە، باس لەوە دەکات ئەم ڕێگایە وەک یەکێک و ڕەنگە وەک ئاسانترین بژاردە لەبەردەم حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراقدا بووبێت، بەم جۆرەش بانکی ناوەندی دەتوانێت پارێزگارییەکی زیاتر لە قەبارەی ئەو یەدەگە دراوە قورسەی کە ھەیەتی؛ بکات، حکومەتی عێراقییش دەتوانێت بڕێکی زۆرتری لە دینار دەست بکەوێت، بەم جۆرەش قەبارەی کورتھێنان کەم بکرێتەوە. بە ھۆی ئەو بارودۆخە ناوخۆیی و دەرەکییەی ھەیە، ڕەنگە زەحمەت بووبێت بۆ حکومەتی عێراقی بتوانێت لە ڕێگەی قەرزکردنەوە؛ تەمویلی کورتھێنانی بودجە بکات. ئێستا ڕەنگە بە ھۆی ئەم ناجێگیریی بارودۆخی ئابووری و داراییەوە لە جیھان و دابەزینی نرخی نەوت، متمانەکردن بە ئابووریی عێراق لەو ئاستەدا نەبێت کە ناوەندەکانی پێدانی قەرز بتوانن قەرز بە عێراق بدەن، بەتایبەت کە عێراق قەرزداری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بانکە جیھانییەکانە، لە ناوخۆشدا ڕەنگە باری دارایی و ئاستی متمانەکردن بە ئایندەی ئابووریی حکومەتی عێراق لەو دۆخەدا نەبێت کە بتوانێت لە ناوخۆدا قەرز بکات.

د. نەرمین مەعرووف بەم جۆرە باس لە بژاردەی چاپکردنی دینار دەکات: بژاردەی سێیەمیش وەک چاپکردنی پارە، عێراق مێژوویەکی تاڵی لەگەڵ ئەم پڕۆسەیەدا ھەیە، ھەموو ئەمانە وای کردووە حکومەت و بانکی ناوەندی دەست بۆ بژاردەی دابەزاندنی بەھای دینار ببەن. دەتوانین بڵێین ئەمەش جۆرێکی دیکەیە لە خستنەڕووی دراو لە بازاڕدا، چونکە ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا و شمەک و ھەڵئاوسان، چونکە عێراق بە ڕێژەیەکی زۆر لە دەستەبەرکردنی کاڵا و پێداویستییەکان؛ پشتی بە بازاڕەکانی جیھان بەستووە، ھەر بۆیە بە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار، تێچووی ھاوردەکردنی کاڵای بیانی زۆر زیاتر دەبێت، ئەم تێچوونە زیادەیەش نرخی شمەک و کاڵاکان بەرز دەکاتەوە.

د. عیزەت سابیر سەبارەت بە بژاردەی دابەزاندنی بەھای دینار دەڵێت: دابەزاندنی نرخی دۆلار یەکێکە لە ڕێگا ناچارییەکان کە پێویستە، ئەگەرنا دەبێت ئەمە نەکرێت، دوایی لە توانای بانکی ناوەندیی عێراقدا نابێت کۆنترۆڵی بەھای دراوی عێراقی بکات، چونکە ئەگەر یەدەگی دراوەکەی کەم بووەوە و بڕێکی زۆری دینار لە بازاڕدا ھەبوو، ئەو کاتە دەکەوێتە دەست بازاڕی ڕەش و بازاڕی خواست و خستنەڕوو، ئەوەش دەرچوونە لەژێر کۆنترۆڵی بانکی ناوەندی. سەبارەت بە دراوی ئێرانی، تومەن لەژێر کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیی ئێران دەرچووە، لەبریی بانکی ناوەندی؛ خواست و خستنەڕوو لە بازاڕدا نرخەکەی دیاری دەکات، بۆیەش وای لێ ھاتووە دە ھێندەی جاران بەھاکەی دابەزیوە.

کۆنترۆڵی بەھای دینار

سووریا، ئێران و تورکیا لە دۆخێکی سەختیی داراییدان، ئەمەش وای کردووە بەھای دراوەکانیان بۆ ئاستێکی بێپێشینە دابەزێت. لەم ناوەندەدا تەنھا عێراق مابوو دینارەکەی بە بەرزی مابووەوە، بۆیە دۆلار ھەرزان ببوو، ئێستا ئیتر عێراقیش بەھای دراوەکەی دابەزاندووە و بەشێک لە پسپۆڕانیش دەڵێن ئەم ھەنگاوە ھەم بەھای دینار لە داڕمانی زۆر خێرا و گەورە ڕزگار دەکات، ھەم بە ھۆی گرانبوونی دۆلارەوە ئیتر دۆلار لە عێراوە نابرێتە دەرەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتییش ئێران.

د. عیزەت سابیر سەبارەت بە توانای بانکی ناوەندیی عێراق لە کۆنترۆڵکردنی بەھای دینار، پێی وایە: بەڵێ، ئێستا عێراق دەتوانێت کۆنترۆڵی بەھای دینار بکات، چونکە تاکوو ئێستا یەدەگی دراوی ھەیە، عێراق وەک ئێران گەمارۆی لەسەر نییە، ڕۆژانە نەوتی خۆی دەفرۆشێت و داھاتە نەوتییەکشی ڕۆژانە زیاتر دەکات، چونکە نرخەکەی گران بووە، بەو دۆلارەی دەستی دەکەوێت، دەتوانێت وەک کڕیار و فرۆشیار بچێتە بازاڕی دراوی عێراقییەوە و تاکوو سێ ساڵی دیکە ھاوسەنگیی بەھاکەی بپارێزێت.

د. نەرمین مەعرووف بەم جۆرە باس لە کۆنترۆڵکردنی بەھای دینار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەکات: بانکی ناوەندیی عێراقی لە بەیاننامەکەیدا سەبارەت بە بڕیاری دابەزاندنی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، بەڵێنی داوە و گەرەنتیی ئەوەی کردووە کە بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی مەزادکردنی دۆلار بەپێی پێداویستیی بازاڕ و ئابووریی وڵات، واتە بەڵێنی ئەوە دراوە کە دابەزاندنی بەھای دینار بۆ یەک جارە و تاکوو چەند ساڵێكی دیکە دەستکاری ناکرێتەوە. گەرەنتییشی داوە کە ھێندە یەدەگی دراوی قورسی ھەیە، کە پارێزگاری لە بەھای نوێی دینار بکات. دەبێت بزانین کە ئەو یەدەگە قورسەی لای بانکی ناوەندیی عێراق پارێزراوە، ھێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار بۆ ئێستای عێراق. ئەگەر لە ئایندەدا جارێکی دیکە نرخی نەوت بەرز بووەوە، دەستھاتی حکومەتیش لە نەوت زیاد دەکات، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت لەسەر قەبارەی یەدەگی دراو لای بانکی ناوەندی. بۆیە پێناچێت عێراق بگاتە ئەو دۆخەی بەھای دینارەکەی لە کۆنترۆڵ دەربچێت و بە دەردی لیرەی تورکی و سووری و تمەنی ئێرانی بچێت.

دەشڵێت: ئەو دۆخەی تمەنی ئێرانیی تێدایە، زیاتر پەیوەندیی بە سزا ئابووررییەکانی ئەمەریکاوە ھەیە بۆ سەر تاران، بۆیە ھێشتا ئابووریی عێراق نەگەیشتووەتە ئەو دۆخەی کە لە مایەپووچبوونی ئابووری نزیک ببێتەوە، یان وڵات بگەڕێتەوە دۆخی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کە عێراق لەژێر گەمارۆکاندا بوو. ڕاستە بەھای دینار دابەزێنراوە، بەڵام عێراق لەژێر گەمارۆدا نییە و پەیوەندییە بازرگانییەکانیشی سنووردار نەکراوە، بۆیە بەھای دیناری عێراقی لەو ئاستەدایە کە جێگای متمانە بێت.

شیروان میرزا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ئایا عێراق دەتوانێت کۆنترۆڵی بەھای دینار بکات؟ پێی وایە: بەڵێ، عێراق دەتوانێت کۆنترۆڵی بەھای دینار بکات، یەکێکیش لەو ھۆکارانە ئەوەیە کە بۆ ئەوەی دیناری عێراقی ئاستێکی پێویستی ھەبێت بەرامبەر دۆلار، بەھای دۆلار لە عێراق لەچاو وڵاتانی دەوروبەر ھەرزانتر بوو، بۆیە دۆلار لە عێراقەوە دزەی دەکرد بۆ وڵاتانی دەوروبەر، یەکێک لە ڕێکارەکان ئەوەیە ئەم دزەکردنەی دۆلار کۆنترۆڵ بکرێت. بۆیە عێراق دەتوانێت کۆنترۆڵی بەھای دینار بکات و سندووقی دراوی نێودەوڵەتییش ئامۆژگاریی عێراقی کردووە کە ئەم ھەنگاوە بنێت، ئەگەرنا بەپێچەوانە، دیناری عێراقی وەک تمەنی ئێرانی و لیرەی سووری و تورکیی لێ دێت.

بۆیە ئەمە ھەنگاوێکە بۆ ڕێگریکردن لەوەی دینار بەھاکەی بە ئاستێکی زۆر لەدەست نەدات. لە ڕاستییشدا بڕیارەکە ناچاری بووە و حکومەت دەبوو ئەم ھەنگاوە بنێت و ھیچ چارەسەرێکی دیکەیان نەبوو.

دراوسێکان لە ھاوکارییەوە بۆ دۆلار  بردن

دراوسێکانی عێراق بەردەوام باس لە ھاوکاریکردن و پشتیوانی بۆ عێراقییەکان دەکەن، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم وڵاتانە بەشێکی دیاری ئەو دۆلارەیان بردووە کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە خراوەتە ڕوو، ھەرزانیی دۆلار وای کرد بەشێکی گەورەی دۆلاری عێراق ڕوو لەم وڵاتانە بکات و بەم جۆرەش زیانێکی گەورە بەر دارایی و نەختینەی عێراق بگات.

سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە شپرزەکردنی دۆلاری ناو ھەرێم و  عێراق، د. عیزەت سابیر دەڵێت: سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران دەتوانین باسی چەند ڕەھەندێک بکەین: یەکەم، خۆمانی بۆ ئامادە بکەین؛ دەتوانین سوودی لێ ببینین، خۆیشمان ئامادە نەکەین؛ زیانمان پێ دەگات. بۆ نموونە تمەن بێ حساب و بێ کتاب لە ئێراندا چاپ دەکرێت، ھیچ پارێزراوییەکی نییە. ڕۆژانەش لە بازاڕی دراوی سلێمانی، ھەولێر و دھۆک؛ تمەنێکی زۆر زۆر دەھێنرێت و دۆلاری پێ دەكڕن و دۆلارەکە دەبەنەوە بۆ ئێران. دەبێت ئەمە ڕابگیرێت و بوەستێنرێت، دەبێت عێراق و ھەرێمی کوردستانیش سنوورێک بۆ ئەمە دابنێن، ئەگەرنا کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ئابورییەکەمان. بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر ئەم ھەنگاوانەمان نا، دەتوانین سوود لە دابەزینی بەھای ئەو دراوەی ئەوان بکەین و شمەکی وەبەرھێنان و بەرھەمھێنان لە ئێرانەوە بھێنین نەک بەکاربردن، دەتوانین شمەکی بەکاربردن لای خۆمان دروست بکەین. کەواتە ئەوەی بۆ بەکاربردنە لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا دروست بکرێت، واتە لە ئێرانەوە کەرەستەی خاو، کارگە و ئەو شمەکانە بھێنین کە دەچێتە بەرھەمی شمەکێکی ترەوە.

شیروان میرزا دەربارەی ڕۆڵی وڵاتان لە بردنی دۆلاری عێراق، دەڵێت: دراوسێکانی عێراق ڕۆڵی زۆریان ھەیە، چونکە دۆلار لە عێراق ھەرزانتر بوو، بۆیە بەشێکی زۆری ئەم دراوە دەچووە دەرەوەی عێراق و دزەی دەکردە ئەم وڵاتانەوە، تاکە ڕێگاش بۆ ئەم ڕێگرییە؛ دابەزاندنی نرخی دینار بوو بەرامبەر دۆلار، واتە گرانکردنی دۆلار تاکوو چیتر نەچێتە دەرەوە و وڵاتانی دراوسێ.

ھەرێم چی دەکات؟

ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق، دەسەڵاتی دەستکاریکردنی بەھای دیناری نییە، بەڵام ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەرییەکانی سیاسەتی وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی ناوەندیی عێراقدایە. ھەرێم بەم دۆخەوە چۆن دەتوانێت خۆی لەگەڵ بارودۆخی دارایی عێراق و بەھای دیناردا بگونجێنێت، کاریگەرییەکان چین و ئایا دەتوانێت خۆی بگونجێنێت؟

شیروان میرزا لەم بارەیەوە باس لەوە دەکات سیاسەتی دارایی و نەختینەیی لە دەسەڵاتەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقی و بانکی ناوەندیی عێراقییە و پەیوەندیی بە ھەرێمەوە نییە، بەڵام بێگومان لە ھەرێمیش دۆلار بەرز دەبێتەوە، ھەرێمیش نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت و دۆلارەکە دەکاتەوە بە دینار، لەم ڕووەوە وەک عێراق بە ھەمان شێوە دیناری زیاتری دەست دەکەوێ بە ھۆی ئەم ھەنگاوەوە. ئەگەریش ھەرێم بتوانێت بە ھەنگاوی باش پشتیوانی لە بەرھەمی ناوخۆ بکات، دەتوانێت کاڵای ھاوردە کەم بکاتەوە و پشتیوانی لە بەرھەمھێنەرە ناوخۆییەکان بکات.

باس لەوەش دەکات، لەسەرووی ئەمانەوە باشترین چارەسەر بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کۆمەڵێک ھەنگاوی چاکسازی بنێت، چاکسازی لە گرێبەستەکانی نەوت، تێچووی نەوت کە یەکجار زۆرە، چاکسازیکردن لە دەروازە سنوورییەکان، باج و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، ئەمەش لە پێناو کۆنترۆڵکردنەوە و ڕێکخستنی ئەم داھاتانە، دواتریش لە خزمەتگوزاری و پێدانی مووچەی فەرمانبەران بەکاری بھێنێتەوە. واتە باشترین چارەسەر، چاکسازی و خۆڕێکخستنەوەی دارایی و ئابوورییە.

د. نەرمین مەعرووف سەبارەت بە بژاردەکانی بەردەم ھەرێم و ئەوەی پێویستە چی بکات، پێی وایە: ئەگەرچی ھەرێم وەک بەشێک لە وڵاتی عێراق ڕووبەڕووی ھەمان دۆخی دارایی و ئابووری بووەتەوە، بەڵام تا ئاستێک دەتوانین بڵێین وەک چۆن حکومەتی ناوەندی سوودمەند دەبێت لە دابەزینی بەھای دینار، بە ھەمان شێوە حکومەتی ھەرێمیش سوودمەند دەبێت، چونکە ئەو بڕە پارەیەی بە دۆلار دەست حکومەتی ھەرێمیش دەکەوێت، بە بەھایەکی زیاتر لە دینار ئاڵوگۆڕ دەکرێت، بەمەش دەتوانرێت کورتھێنان کەم بکرێتەوە. لە ھەمان کاتیشدا ڕاستە حکومەتی ھەرێم ھاوشێوەی حکومەتی عێراقی پشت بە داھاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بەڵام لەتەنیشت داھاتی فرۆشتنی نەوتدا، ھەرێم بە سوودوەرگرتن لە دەروازە سنوورییەکان، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی لەگەڵ جیھانی دەرەوە و ڕسومات و گومرگی دەستکەوتوو لە بازرگانی؛ سەرچاوەیەکی داھاتی گەورەیە بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە ئاستی بازرگانی و ئاڵوگۆڕ ساڵ بە ساڵ لە ھەڵکشاندایە، ئەو کاڵا و شمەکانەشی لە ڕێگەی کوردستانەوە ئاڵوگۆڕ و بازرگانییان پێوە دەکرێت، تەنھا بۆ ناوخۆ نییە و ھەرێم دەتوانێت سوود لە پێگە جوگرافییەکەی وەربگرێت بۆ بازرگانیی ترانزێت.

لە بارەی گرنگیی داھاتی ناوخۆش دەڵێت: داھاتی ناوخۆ سەرچاوەیەکی دیکەیە کە پەیوەستە بە ئەو ڕسوماتانەی حکومەت وەریدەگرێت لە خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ باج و داھاتەکانی ناوخۆ، کە حکومەت دەتوانێت زیاتر گەشەیان پێ بدات. ھەموو ئەمانە بژاردەی دیکەن و لەبەردەم حکومەتی ھەرێمدان، ئەوە جگە لەوەی حکومەتی ھەرێم ئەگەر لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێک بکەوێت و ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکرێن، ئەوا گەرەنتیی ئەوە دەدرێت کە لانی کەم دەستەبەرکردنی خەرجییەکانی بەکاربردن و لە نێویشیاندا بەتایبەتی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران ڕووبەڕووی مەترسی و قەیران نەبێتەوە.

لەسەر ئەوەی پێویستە ھەرێم چی بکات، د. نەرمین مەعرووف دەڵێت: پێویستە حکومەتی ھەرێم بودجەی ھەبێت، ساڵانێکی زۆرە حکومەتی ھەرێم بودجەی نییە، سەرەتا بۆ چاکسازی پێویستە ھەرێم پڕۆژەیاسایەکی بۆ بودجە ھەبێت و لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و پەسەند بکرێت. عێراق لەگەڵ ئەوەی ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە، بەڵام ھێشتا پڕۆژەیاسای بودجەی ھەیە کە لەلایەن پەرلەمانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دواتر پەسەند دەکرێت. بۆیە پێویستە حکومەتی ھەرێمیش بودجەی ھەبێت تاکوو بەرچاوڕوونییەکی زیاتری ھەبێت لە بارەی داھات و خەرجییەکان و ئەو کورتھێنانەی لە بودجەکەیدا ڕوو دەدات.

ھەولێر  و بەغدا، گرێی ڕێککەوتن

ماوەی چەند ساڵێکە قەیرانی قووڵ و گرێکوێرەی زۆر لەنێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە. ھەردوو لا ڕێک کەوتبێتیشن، ڕێککەوتنەکان وەک خۆیان جێبەجێ نەکراون، ھەردوو لاش یەکتریان بە پابەندنەبوون تۆماتبار کردووە. نوێنەرانی کورد و بەشێکی دیاری پسپۆڕانیش پێیان وایە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ بۆ کورد “باش و گونجاوە”، بەڵام ناکۆکیی لایەنەکانی نێو پەرلەمان لەسەر پشکی ھەرێم و ئەگەری جێبەجێنەکردنی، وای کردووە ھیوایەکی زۆر لەسەر پشکی کورد لە پڕۆژەیاساکە ھەڵنەچنرێت، چونکە ساڵانی ڕابردووش بودجە بۆ کورد باشیش بووبێت، جێبەجێ نەکراوە.

لە حاڵەتی جێبەجێنەکردنی بڕگەکانی یاسای بودجە کە لە پەرلەمانەوە دەردەچێت، کورد چی دەکات؟ شیروان میرزا بۆ ئەم بارودۆخە و بژاردەکانی ھەرێم، دەڵێت: لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا، تەنھا چارەسەر ئەوەیە کە لە ناوخۆدا خەرجی و داھاتەکانی ڕێک بخاتەوە، بابەتی بندیوار، چەند مووچەیی و بەھەدەردانی سامانی گشتی چارەسەر بکات. بە گرێبەست، تێچوون و خەرجییەکانی نەوتدا بچێتەوە، خاڵە سنوورییەکان کۆنترۆڵ بکات، بابەتی وەرگرتنی باج لە کۆمپانیا گەورەکان چارەسەر بکات و بەباشی جیبەجێی بکات و باجی خزمەتگوزارییە گشتییەکان ڕێک بخات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە کاتێک دەکرێت خزمەتگوزارییەکان بەباشی فەراھەم بکرێن.

د. عیزەت سابیر لە بارەی سوودی ھەرێم لەم گۆڕانکارییانە و ئەو ھەنگاوانەی پێویستە بیاننێت، ئاماژە بەوە دەکات: ھەرێمی کوردستان دەتوانێت سوودێکی زۆر گەورە ببینێت، ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ئابووریی ھەرێمی کوردستاندا. ئێستا کە بەھای دینار دادەبەزێت، گەشتکردن بۆ دەرەوەی عێراق بۆ ھەر کەس و خێزانێک قورستر بووە، بۆیە کاتیەتی خۆمان ئامادە بکەین و کەرتی گەشتیاری پەرە پێ بدەین، بەرھەمی پیشەسازی و کشتوکاڵی زیاد بکات. ئەمەش وەرچەرخانێکە کە داھات زیاد دەکات و کورتھێنان کەم دەبێتەوە. ھەرێم دەبێت لەگەڵ بەغدا ڕێک بکەوێت، ئەگەرنا داھاتوویەکی نادیار چاوەڕوانی دەکات، چونکە ئەوە دوو ساڵە بۆی سەلماوە کە ناتوانێت بە داھاتەکەی خۆی؛ مانگانە بەتەواوی مووچە بدات. بۆیە دەبێت ھەرێم کەرتەکانی دیکەی ئابووری پەرە پێ بدات و چاکسازیی ڕاستەقینە لە پڕۆسەی نەوتدا دەست پێ بکات. ھەرێمی کوردستان لەو نەوتەی دەیفرۆشێت، ٣٠٪‏ی بۆ حکومەتە و ٧٠٪‏ی بۆ کۆمپانیا و تێچووەکانی دیکە دەچێت. دەبێت ھەرێم کارێک بکات ٧٠٪‏ی داھاتی نەوت بۆ خەڵک و ٣٠٪‏ی بۆ تێچوون و کۆمپانیاکان بچێت. تەنھا ئەوە بکات، ھەرێم پێویستی بە بەغدا نابێت و دەتوانێت مووچەی خەڵک دابین بکات.

عێراق و ھەرێم لەبەردەم داڕووخاندا

چەند مانگێکە و بەتایبەت لەم ھەفتانەی کۆتایی ٢٠٢٠، بەشێک لە پسپۆڕ و بەرپرسانیش باس لە دۆخی خراپی عێراق دەکەن. ھەندێک کەس و تەنانەت دامەزراوە بانکی و داراییە نێودەوڵەتەکانیش ھۆشداری لە داڕووخانی سیستمی ئابووری، دارایی و بانکیی عێراق دەدەن ئەگەر دەست بە چاکسازیی ڕیشەیی نەکات و ھەنگاوی بوێرانە نەنێت. ھەرێمیش کە بەشێکە لەم سیستمە دارایی و بانکییە، لەبەردەم مەترسیدایە، بەتایبەت کە حکومەتی ھەرێم ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران بدات و خزمەتگوزارییەکان بەباشی پێشکەش بکات. پرسیاری سەرەکییش ئەوەیە ئایا ھەرێمی کوردستانیش لەبەردەم ھەمان مەترسیی داڕووخانی ئابووری و داراییدایە؟

د. عیزەت سابیر دەڵێت: عێراق نزیکەی سەرووی ١٠٠ ملیار دۆلار قەرزدارە، تاکوو ئێستاش کە نرخی بەرمیلێک نەوت سەرووی پەنجا دۆلارە، ئەو پارەی نەوتەی دەستی دەکەوێت؛ بەشی خەرجییەکانی ناکات، ئەمەش  لە پڕۆژەیاساکەی بودجەی ٢٠٢١ ڕەنگی داوەتەوە. ھەر وڵاتێکیش گەیشتە ئەوەی بڕی قەرزەکانی زۆر گەورە بوون و نزیکەی ٥٠٪‏ی کۆی بەرھەمی ناوخۆی وڵاتەکەی پێک ھێنا، دۆخی دارایی ئەو وڵاتە بەرەو خراپبوون دەچێت.

لەم خراپبوونەی دۆخی داراییدا؛ دەزگا داراییەکانی جیھان ئامادە نابن قەرزی پێ بدەن، وەبەرھێنان لەو وڵاتەدا کەم دەبێتەوە، کۆمپانیا بیانییەکان نایەن وەبەرھێنان لە وڵاتێکی وەك عێراقدا بکەن کە سەرووی ١٠٠ ملیار دۆلار قەرزدار بێت و نەشتوانێت قەرزەکانی بداتەوە. ئەمانە ھەمووی پێوەرن بۆ ئەوەی کە ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت، دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق لە قۆناغێکی مەترسیداردایە و دەبێت چاکسازیی ڕاستەقینەی تێدا بکرێت.

د. نەرمین مەعرووف باسکردن لە داڕووخانی سیستمی دارایی و ئابووریی عێراق بە زیادەڕەوی دەزانێت و دەڵێت: پێم وا نییە داڕووخان ڕوو بدات، چونکە عێراق دۆخی لەوەی ئێستا خراپتری تێپەڕاندووە. عێراق نزیکەی ١٣ ساڵ لەژێر گەمارۆی ئابووریی قورسدا بوو، ھەڵئاوسانێکی زۆر لە نرخدا ڕووی دا و بەھای دیناری عێراقییش زۆر دابەزی، بەڵام نەگەیشتە ئەو دۆخەی پێی بوترێت داڕووخانی سیستمی ئابووری و دارایی. ئێستاش سەرەڕای ئەوەی قەیرانی دارایی تینی بۆ حکومەتی عێراق ھێناوە و خستوویەتیە ناو تەنگەژەیەکی قورسەوە، بەڵام عێراق یەدەگێکی دراوی قورسی گەورەی ھەیە لە بانکی ناوەندی، ھێشتا حکومەت ھەیە، دامودەزگاکان لە کاردان، ھێشتا وڵاتێکی بەرھەمھێنەری نەوتە، دەتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت و ھیچ گەمارۆیەکی لەسەر نییە. ئەوەی ڕووی داوە، تەنھا ئەوەیە کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا دابەزیوە، چونکە عێراقیش پشت بە داھاتی نەوت دەبەستێت، تووشی ئەم قەیرانەی کردووە. واتە ھەڵە و چەوتیی سیاسەتە ئابوورییەکانە کە عێراقی بەم دۆخە گەیاندووە، بەڵام نەگەیشتووەتە لێواری داڕووخانی سیستمی دارایی و ئابووری. ھێشتا دینار بەھای خۆی ھەیە، سێکتەرە ئابوورییەکان لە چالاکیدان و لە دەرەوەی حکومەت ھێشتا چالاکی ھەیە. بۆیە باسکردن لە داڕووخانی ئابووری و دارایی؛ دیراسەکراو نییە و زیادەڕەویی تێدایە.

باس لەوەش دەکات: ھەرێمیش سەرەڕای ئەوەی ساڵانێکە ڕووبەڕووی تەنگەژەی دارایی بووەتەوە و دۆخی بەرھەمھێنان سەرمایەگوزارییش لە دۆخێکی خراپدان، بەڵام ئابووری تەنھا کەرتی حکومەت نییە، لەتەنیشت حکومەتدا کەرتی تایبەتیش ھەیە، ئەگەرچی لە عێراق و ھەرێمیشدا کەرتی حکومەت گەورەیە و دەتوانین بڵێین بزوێنەری زۆربەی چالاکی و جومگە ئابوورییەکانە، بەڵام ھێشتا ھیوایەک بە ئابووریی ئەم وڵاتە ھەیە، چونکە وڵاتێکی ھەژار نییە لە بنەڕەتدا و دەوڵەمەندە بە سەرمایەی مرۆیی و دەرامەتە ئابوورییەکانی ژێرخان و سەرخانی ئابووری.

ئاماژە بەوەش دەکات: کێشەی سەرەکی لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش لاوازی و چەوتیی سیاسەتە ئابوورییەکانە، گرنگینەدانە بە ئایندەی پلاندانان و گەشەپێدان، پلان و پڕۆگرامەکانی حکومەت کورت مەودایە، بیر لەوە نەکراوەتەوە چۆن سەرچاوەکانی داھات ھەمەجۆر بکرێن، توانای بەرھەمھێنانی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و کەرتەکانی دیکە زیاد بکرێن و تەنھا پشت بە کەرتی نەوتی خاو بەستراوە.

سەبارەت بە ڕۆڵی سیاسەتی حکومەت لە نائومێدکردنی خەڵکدا، دەڵێت: ئەم ھۆکارانە وایان کردووە تا ئاستێک لای مووچەخۆران بێئومێدی دروست ببێت و وا لە دۆخە بڕوانرێت کە گەیشتووەتە داڕووخانی ئاووری، بەڵام ھێشتا ئومێد بە ئابووریی ئەم وڵاتە زۆرە، بانکی ناوەندییش بەو پێیەی ساڵانێکی زۆرە پشتگیریی لە بەھای دینار کردووە، بەم دابەزینەش ھێشتا لە توانای بانکی ناوەندیدا ھەیە کە پارێزگاری لە دراوی عێراقیی بکات. ھەموو ئەمانە پێمان دەڵێن ھێشتا ئومێد بە ئابووریی ئەم وڵاتە ماوە، بۆیە پێم وا نییە لەمە زیاتر تووشی داڕووخان و شکست ببێت.

شیروان میرزا لە بارەی داڕووخانی دارایی و ئابووریی عێراقەوە دەڵێت: ماوەیەکە بانکی نێودەوڵەتی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی ھۆشدارییان بە عێراق داوە کە ئەگەر کۆمەڵێک گۆڕانکاری ھەیە نەیانکات؛ تووشی داڕووخان دەبێت، ھەر لە بابەتی دابەزاندنی بەھای دیناری عێراقی تاکوو دەگات بەو ھەموو دامەزراندنەی لە کەرتی گشتیدا دەکرێت. بۆ نموونە عێراق لە ٢٠٠٣، تەنھا ٧٥٠ ھەزار فەرمانبەری ھەبوو، ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆنی ھەیە و زیاتر لە ھەشت ملیۆن مووچەخۆریشی ھەیە. ئەمەش بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕێژەیەکی یەکجار زۆرە و بارگرانییەکی زۆرە لەسەر خەزێنەی دەوڵەت. ئەمە بۆ کوردستانیش بە ھەمان شێوە ڕاستە، بابەتی بندیوار، چەند مووچەیی و بەھەدەردانی سامانی گشتی ھەیە، کە لە ڕاستیدا دەبێت ھەرێم بە خەرجییەکان و داھاتەکەیدا بچێتەوە، واتە ھەم داھات زیاد بکات و ھەمیش خەرجییەکان کەم بکاتەوە، ئەوە جگە لەوەی پێویستە کە بەرامبەر کاڵای دەرەوە، پشتیوانی لە بەرھەم و کاڵای ناوخۆ بکات، بەم شێوەیە وردە وردە دەتوانێت ئابووری بەرەو پێشەوە ببات.

شیروان میرزا لە بارەی لەباریی زەمینەی ھەرێمەوە دەڵێت: ھەرێمی کوردستان زەمینەیەکی لەباری ھەیە بۆ برەودان بە ھەر سێ سێکتەری کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتیاری، کە دەکرێت برەویان پێ بدرێت و ھەوڵ بدرێت بکرێن بە شوێنگرەوەی بەشێکی نەوت و بەمەش داھاتێکی زۆر بۆ وڵات دەستەبەر ببێت.

 

 

 

پرۆفایلەكان

 

د. عیزەت سابیر ئیسماعیل

٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئابووری و بەڕێوەبردن و ڕاوێژکاری ئابوورییە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەندامی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەی دارایی، ئابووری و وەبەرھێنان بووە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکی بەشی ئابوورییە لە کۆلێژی بازرگانیی زانکۆی سلێمانی.

د.نەرمین مەعرووف غەفوور

لەدایکبووی شاری سلێمانییە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە  لە زانستی ئابووری  و پسپۆڕیی هەیە لە بواری دارایی و بازرگانیی نێودەوڵەتی. ڕاگری کۆلێجی بازرگانییە لە زانکۆی سلێمانی. ڕاهێنەری پڕۆگرامی نێودەوڵەتی (Start Improve Your Business) و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئابووریی کوردستانە (كیدۆ).

شيروان ميرزا قادر حەملان

  لە چنارانی دووكان لە ڕێكەوتی 1/1/1979 لەدایک بووە و دانيشتووى ڕانيەیە. ماستەر و بەكالۆريۆسی له زمانى ئينگليزى، بەكالۆريوس له پەيوەنديیه نێودەوڵەتییەکان و دیپلوماسيیەكان هەیە. بەڕێوەبەرى ئامادەيی (٥)ى ئازارە له ڕانيه  و ئەندامى ليژنەى داراییە لە پەرلەمانی عێراقە.

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە پێنج (5)ی کانوونی دووەمی2021

Send this to a friend