عێراق بە بێدەنگی لەت دەبێت، پرۆکسییەکانی ئێران دەسەڵاتی بەغدایان گرتووەتە دەست و حکومەتیش تاڵان دەکەن
نووسەر: مایکڵ نایتس
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: پەرۆش محەمەد
سەرچاوە: Foreign Affairs
لینك: https://www.foreignaffairs.com/iran/iraq-quietly-falling-apart
لە ڕواڵەتدا وەها دیارە عێراق ئاستێکی سەقامگیریی پەیدا کردبێت. وڵات دوای ساڵێکی درێژ لە بۆشایی سیاسی، حکومەتێکی هەیە کارەکانی بەڕێوە دەبات. توندوتیژیی تیرۆرستی کەم بووەتەوە بۆ نزمترین ئاستی لە پاش داگیرکردنی وڵاتەکە لە لایەن ئەمەریکاوە لە ٢٠٠٣. تەنانەت میلیشیاکانی سەر بە ئێران -کە سەرچاوەی گرژییەکانن لەگەڵ ئەمەریکا- بە شێوەیەکی بەرچاو هێرشەکانیان بۆ شوێنە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا کەم کردووەتەوە. جەیک سولیڤانی؛ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لە وتارێکیدا بۆ پەیمانگای واشنتن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باسی لە ستراتیژیەتێکی ئەمەریکا کرد کە لە سەر “دووانەی دیپلۆماسیەت و پێشگیری” بونیاد نراوە بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا.
وەکوو لە قسەکەی سولیڤاندا دیارە، تیمی ئاسایشی نیشتمانیی جۆ بایدن ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی هێمن وەکوو ئامانجێک لە خۆیدا دەبینێت –لە ناویدا عێراق. هەر چەندە سولیڤان خێرا ئەوەشی بۆ زیاد کرد کە “ئەوان ئاڵای سەرکەوتن لە عێراق هەڵناکەن” و هێشتاش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا “ئەجێندایەکی فراوان”ی هەیە بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بەغداد بەدوور لە تاران بەهێزتر بکات و پێوەری ڕاستەقینەی ئەو بۆ سەرکەوتن بە ڕوونی کەمکردنەوەی توندویژییەکان بوو لە نێوان ئەمەریکا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە زۆرینەن لە حکومەتی عێراقدا. کۆشكی سپی لەو باوەڕەدایە کە کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان پێویستە بۆ ئەوەی ئەمەریکا سەرنج بخاتە سەر ڕکابەرییەکانی لەگەڵ چین، بەڵام لە عێراق ئەم ڕێگایە بە دڵنیایی لە دوورمەودادا زیانی هەیە: ویستی ئەمەریکا بۆ ئارامی لە لایەن هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە سوودی لێ دەبینرێت بۆ ناسەقامگیرکردنی سیاسەتەکانی ئەمەریکا.
عێراق ڕەنگە هێمن دیار بێت، بەڵام ڕواڵەتەکان خەڵەتێنەرن. وڵاتەکە بۆ قۆناغێکی تەواو مەترسیدار دەچێت: هاوپەیمانەکانی ئێران جیاوازتر لە جاران کۆنترۆڵی پەرلەمان، دادگا و بەشی ئیداریی عێراقیان کردووە و بە خێرایی سیستمە سیاسییەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان گەندەڵ دەکەن و سەروەتی حکومەتەکەش تاڵان دەکەن. هەڵوێستی ڕەزامەندانەی واشنتنیش بۆ ئەم ڕووداوانە تەنها دواخستنە و هاتنەوەی ئەمەریکا بە قوربانیی زیاترەوە لە داهاتوودا ناچارییە. عێراق سێیەم بەرهەمهێنەری گەورەی نەوتە و وڵاتێکە گەر بڕووخێت؛ ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات بە هۆی ئاوارە و تیرۆرەوە. ڕکابەریی وڵاتە گەورەکان هەرگیز پاساوێک نەبووە بۆ لەبەرچاونەگرتنی ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە -ئێستاش نابێ بکرێت بە پاساو.
سەرکەوتنی میلیشیاکان
عێراق لە (٢٠٠٣)ەوە بە ناو چەندین قۆناغی تاریکدا تێپەڕیوە، بەڵام هیچیان هێندەی ئەوەی ئێستا مایەی نائومێدی نییە. بەڵێ عێراق حکومەتێکی هەیە لە محەمەد شیاع سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوەی دەبات کە بلۆکێکی سیاسیی نزیکی ئێرانە، چونكە دۆخەکە بەم شێوەیەیە كە براوەی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ کە بزووتنەوەکەی موقتەدا سەدرە، لە پەرلەمان کشایەوە لە حوزەیرانی ٢٠٢٢. سەدرییەکان ئەم هەنگاوەیان نا دوای ئەوەی دادگای باڵا کە سەرکردەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کۆنترۆڵیان کردبوو، یاساکانی پێکهێنانی حکومەتیان گۆڕی بۆ بەرژەوەندیی گرووپەکانی سەر بە تاران. لە ئەنجامدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە نادیدە گیران و دۆڕاوەکان بە سەرکەوتن پاداشت کران -هەتا دوای ئەوەی کە پشێوییەکیان دروست کرد بۆ هەڵگەڕاندنەوەی ئەنجامەکان و درۆنیان ئاڕاستەی ماڵی سەرۆکوەزیران کرد.
دەستبەسەراگرتنی هەموو بەشەکانی حکومەت لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە شتێکە لە مێژووی دوای (٢٠٠٣)ەوە وێنەی نەبووە. ئەم چوارچێوەیە بە دەسەڵاتێکەوە وڵاتەکە بەڕێوە دەبات كە لە سەردەمی سەددام حسێنەوە نەبینراوە. سوودانی بووکەڵەیەکە: لە کاتێکدا سەرۆکوەزیران بەڕێوەبەرێکی بەئەزموونە لە کەرتی گشتیدا و ئیشکەرێكی جددییە، بەڵام هەر بە ناو عێراق بەڕێوە دەبات و بە ئاشكرا لە لایەن هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە سووکایەتیی پێ دەکرێت. دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکان سێ فەرماندەی سەربازین کە هەریەکەیان بە توندی بە تارانەوە بەستراوە لە ئاستی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی: قەیس خەزعەلی بە تیرۆرست ناسێنرا و لە لایەن ئەمەریکاوە کە سەرۆکی میلیشیای عەسایب ئەهلی هەقی ڕاهێنراوی ئێرانە، نووری مالکیی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی بەدری دروستکراوی ئێران کە هادی ئەلعامرییە.
بۆ ساڵانێکی زۆر ئەم سێ کەسە لە لایەن کۆمەڵێ ڕکابەرەوە چاودێری دەکران. لە ماوەی داگیرکاریی ئەمەریکادا، لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١ و دواتر لە ماوەی جەنگی دژی داعش لە ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩، واشنتن شێلگیرانە کاری دەکرد بۆ ڕێگریکردن لەوەی میلیشیاکان زۆر جومگەی دەسەڵات کۆنترۆڵ بکەن. خۆپیشاندەرانی عێراقیش هەروەها وەکوو ڕێگرێک وا بوون لە دەسەڵاتی گرووپەکانی سەر بە ئێران و خۆپیشاندانە بەکۆمەڵەکانیان لە ٢٠١٩، عادل عەبدولمەهدیی سەرۆکوەزیرانیان هێنایە خوارەوە لە بەر ئەوەی میلیشیاکان کۆنترۆڵی حکومەتەکەیان کردبوو. هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی دواییدا سەدر هەوڵی دا کە زۆرینەیەکی فرەنەتەوەیی و فرەمەزهەبی کۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ململانێ دوور بخاتەوە.
لەمڕۆدا ئەم سەرچاوانەی دژایەتی لەناو چوون. هەوڵەکەی سەدر لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بە هۆی دەستتێوەردانی دادوەرییەوە شكستی هێنا و لە ئێستادا بزووتنەوەکەشی لە دەسەڵاتدا نەماوە و برینەکانی ساڕێژ دەکات. میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیش هیچ مەترسییەکیان لە سەر نەماوە لە لایەن خۆپیشاندەرانی گەنجی ترسێنراو و نائومێدەوە. لە هەمان کاتدا وڵاتە یەگرتووەکانی ئەمەریکاش بە هۆی ململانێی جیۆپۆلەتیکییەوە لەگەڵ چین، سەرنجی لە سەر شتی ترە و ئامانجەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر بە سادەیی کەمکردنەوەی گرژی و بەرکەوتنەکانە -ئیدی کێشە نییە ئەمە دەرئەنجامە دوورمەوداکانی چی دەبن لە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
گەندەڵکردنی سیستمەکە
دەرئەنجامەکانی دەستگرتنی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر حکومەتی عێراقیدا ڕوونە. ئەم چوارچێوە دەستی کراوەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکە، دزینی سەرچاوەکانی حکومەت و دامرکاندنەوەی دەنگە ناڕازییەکان. هەروەها سەرکەوتنەکانی هیچ ئاماژەیەکی خاوبوونەوە نیشان نادەن: چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئێستادا زۆرینەیە لە کابینەی حکومەتدا و کۆنترۆڵی پەرلەمانی کردووە تاوەکوو هەڵبژاردنی داهاتوو کە بڕیارە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا بەڕێوە بچێت.
لە هەمووی گرنگتر، ئەم گرووپە بە شێوەیەک ئاڕاستەی ئیشوکارەکانی دادوەری دەکات کە لە ڕووخاندنی سەددامەوە وێنەی نەبووە. فایەق زێدانی دادوەری باڵا؛ هاوپەیمانێکی نزیکی فەرماندە سەربازییەکانە لە سەرکردایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی. لە ژێر ڕابەرایەتیی ئەمدا، دادگای باڵای عێراق دەستوەردانی گرنگی کردووە لە سیاسەتی وڵاتەکە، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی میلیشیاکان هەمیشەیی بکات. دروست لەو کاتەدا کە چوارچێوە پێویستی بەوە بوو کە سەرکەوتنەکانی سەدر لە هەڵبژاردندا ڕێی لێ بگیرێت، دادگاکە یاسای پێکهێنانی حکومەتی گۆڕی –بڕیاری دا کە سەدر پێویستی بە دوو لە سەر سێی زۆرینەی پەرلەمانە نەک زۆرینەی ئاسایی بۆ پێکهێنانی حکومەت.
چوارچێوەکە دەسەڵاتە بێچاودێرییەکەی بەکار دێنێت بۆ ئەوەی خۆی بخزێنێتە دەزگاکانی دیکەی عێراقەوە. دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، فڕۆکەخانەی بەغداد، لیژنەکانی دژەگەندەڵی و پۆستەکانی گومرگ؛ هەموو کەوتوونەتە دەست گرووپی چوارچێوەوە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢دا. ئەم دەزگایانەی عێراق خۆیان لەرزۆک بوون و ئەم کارانەش هەڕەشەن بۆ زیاتر ڕووخانیان.
گرووپەکانی سەر بە ئێران کاریگەریی فراوانبوویان لەم دەزگایانەدا بەکار دێنن بۆ زیادکردنی هەوڵەکان بۆ بێدەنگکردنی نەیارەکانیان. بۆ نموونە؛ دوای ئەوەی کۆنترۆڵی کۆمیتەی پەیوەندی و میدیای عێراقیان کرد، لە مانگی یەکدا کۆمەڵێ پلانیان داناوە بۆ خستنەکاری ڕێکخستنی بابەتی دیجیتاڵی کە پێدەچێت ئازادیی ڕادەربڕین لە عێراقدا بخنکێنێت. ئەم ڕێکخستنانە کە کەسانی بەناوبانگی سۆشیالمیدیا ناچار دەکات بڕۆنە ئەو مەیدانانەوە کە حکومەت خاوەنیانە، پێک هاتووە لە پێناسەی لاستیکی بۆ شتانی نەشیاو کە ماف دەدات بە سانسۆر، هەر زوو ڕێخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕەخنەی ئەوەیان لێ گرت کە پێچەوانەی دەستووری عێراقە.
لە کۆتاییدا چوارچێوەی هەماهەنگی سەرقاڵی تاڵانکردنی سەرچاوەکانی حکومەتە بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی. گرووپەکانی سەر بە ئێران کۆمپانیایەکی سەر بە حکومەتیان دروست کردووە کە داهات و سامانی حکومەت پێکەوە گرێ دەدات بە هەمان ڕێگای سوپای ڕزگاریی قودسی ئێران. لە سەروو ئەمەشەوە، ئەم گرووپە سەرقاڵی فراوانکردنێکی زەبەلاحی بودجەی وڵاتن، وەکوو هەوڵێك بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خەڵک لە کاتێکدا دەسەڵاتەکانیان قایم دەکەن.
تاڵانکردنی حکومەت
سیاسییە میلیشیاییەکانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی لە مێژە بۆ ئەوە دەگەڕێن کۆنترۆڵی کۆمپانیایەک بکەن کە بتوانێت زەویی حکومەت و سەروەتەکانی تری کۆ بکاتەوە. مۆدێلێك کە چاوی لێ دەکەن، گەورەکۆمپانیای خاتەم ئەلئەنبیای (خاتم الانبیاء) سوپای قودسی پاسدارانە کە لە ئێراندا کاریگەریی زۆری ئابووری و سیاسیی بەدەست هێناوە لە ڕێگای دەستکەوتنی ١٢٠٠ گرێبەستی بنیادنان کە نرخی نزیکەی ٥٠ بلیۆن دۆلار دەبێت لە دامەزراندنیەوە لە ١٩٩٠. خاتەم ئەلئەنبیا لە لایەن ئەمەریکا، نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتیی ئەورووپاوە سزا دراوە وەکوو درێژکراوەی بازرگانیی سوپای قودسی پاسداران.
لەم ساڵانەی دواییدا هەر جارێک کاتی ئەوە دێت سەرۆکوەزیرانێکی نوێ هەڵبژێردرێت، میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە هەریەک لە کاندیدەکان دەپرسن کە ئایا پشتیوانیی دروستکردنی کۆمپانیایەکی لەو جۆرە دەکات. لە ٢٠١٨دا، عادل عەبدولمەهدیی سەرۆکوەزیران وتی بەڵێ و پاڵپشتیی میلیشیای بەدەست هێنا بۆ بوون بە کەسی یەکەم، بەڵام ئەمەریکا ڕێگریی کرد لە دروستکردنی کۆمپانیاکە. کاتێک مستەفا کازمی شوێنی گرتەوە وەکوو سەرۆکوەزیرانێکی کاتی تاوەکوو ٢٠٢٠، پاڵپشتییەکی سیاسیی وەهای هەبوو کە ڕەتی بکاتەوە کۆمپانیاکە دروست بکرێت -پاشان لە ٢٠٢٢دا دیسانەوە ڕەتی کردەوە کاتێك هاوپەیمانەکانی تاران پێشنیاریان کرد بۆ ئەوەی پشتگیریی بکەن چوار ساڵی تر بمێنێتەوە لە سەرۆکوەزیران. میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە کۆتاییدا لە سەردەمی محەمەد شیاع سوودانیدا ئیشی خۆیان کرد و لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٢دا سوودانی دروستکردنی “کۆمپانیای گشتیی موهەندیس بۆ بنیادنان، ئەندازیاری و گرێبەستی میکانیکی، کشتوکاڵی و پیشەسازی”ی ڕاگەیاند. ئەم کۆمپانیایە بە ناوی ئەبومەهدی موهەندیسەوە ناو نراوە کە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادا هەبووە و لە ٢٠٢٠دا لە هێرشێكی فڕۆکەوانیی ئەمەریکادا کوژرا. ئەم جارە ئەمەریکا هیچی نەکرد.
لە عێراقدا هەرگیز هیچ ڕێکخراوێک لە چەشنی گرووپی کۆمپانیاکانی موهەندیس بوونی نەبووە. هەروەکوو لە بەندەکانی دامەزراندنیدا دەردەکەوێت کۆمپانیاکە بە فەرمی لە لایەن حەشدی شەعبییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، کە سوپایەکی یەدەگی عێراقە و لە شەڕی دژی داعشدا سەری هەڵدا و لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و تیرۆرستەکانی تری سەر بە ئێرانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. پانتایی دەسەڵاتی کۆمپانیاکە دیاری نەکراوە: دەتوانێ لە هەر کەرتێکدا کار بکات وەکوو لە ناوەکەیدا دیارە و لە بنچینەدا قاپێكی بەتاڵە و لە ڕێگایەوە میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئابووریی عێراقدا قایم دەکەن. شتێك کە تاقانەیە بۆ کۆمپانیایەکی سەر بە حکومەتی عێراق، ئەم کۆمپانیا زەوی و سامانی حکومەت و پڕۆژەی حکومەتی بە خۆڕایی پێ دەدرێت و دەتوانێ بنیادنان و ڕووخاندن ئەنجام بدات بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی کابینەی حکومەت یان پەرلەمان.
لە مانگی ١١ی ٢٠٢٢دا، دەستبەجێ پاش دروستبوونی، کۆمپانیای گشتیی موهەندیس نزیکەی پێنج ملیۆن دووجا مەتر زەویی سنووری عەرەبستانی سعودیی لە حکومەت بە خۆڕایی وەرگرت. وەرگرتنی زەوییەکە لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی لێوە کرا، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێکی ئاسایی و نووسراوی فەرمیی بۆ نەکرا کە ئەو جۆرە پڕۆژانە دەیەوێت. پڕۆژەکە لە ڕواڵەتدا بۆ چاندنی دار و کشتوکاڵە -بەڵام بۆ ئەوەی وێنەكە ڕوونتر بێت، پانتایی زەوییەکە نیوەی ڕووبەری لوبنانە و نزیکەی ٥٠ جار گەورەترە لە گەورەترین پڕۆژەی کشتوکاڵی لە مێژووی عێراقدا ئەنجام درابێت. زەوییەکە لەو شوێنەشدایە کە میلیشیا عێراقییەکان چەندان جار درۆنیان ئاڕاستەی عەرەبستانی سعودی و ئیمارات کردووە لە (٢٠١٩)ەوە. هەروەها ئەمەیان ڕەنگە یەکەمین نموونەی لەو جۆرە بێت، ئەویش دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکی ناوشارە کە هێزێکی حەشدی شەعبی بە نایاسایی پارچەیەک زەویی گەورەی لە ڕۆژئاوای بەغداد لە جێی کۆمپانیای گشتیی موهەندیس داگیر کردووە لە ٢٤ی نیسان. زۆر بە سادەیی: بردنی بەشێکی مێژوویی ناوەندی شارە کە هێندەی ٢٠ گەڕەکی نیویۆرک، هەموو زەوییەکانی کۆشکی بەکینهام، یان ناوچەی کۆنگرێس و پەرلەمانی ئەمەریکایە.
بەردەوامیی گەورەبوونی کۆمپانیای گشتیی موهەندیس؛ گورزێکی کوشندە دەبێت بۆ عێراق. ئەمە هەروەها ئومێدەکانی ئەمەریکا لە بارەی ئایندەی ئابووریی عێراقەوە لەگۆڕ دەنێت. لە ٣١ی ئایاردا، باربارا لیفی بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوە، دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی گوت: “زیندووێتیی ئابووری بۆ یەکەم جار بە ڕاستی دیارە” لە عێراقی ئەمڕۆدا. ئەم توانایە لە بێشکەدا دەکوژرێت ئەگەر میلیشیا دەسەڵاتدارەکان هێزی ئابووریی خۆیان بەکار بێنن بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەر پیشەسازییەک و خۆسەپاندن بەسەر حکومەت و هەڕەشەکردن لە وەربەرهێنە بیانییەکان.
شکاندنی بانکەکان
میلیشیاکانی سەر بە ئێران داهاتەکانی حکومەتیش بەکار دێنن بۆ بەهێزكردنی پێگەکەیان. یەکەم بودجەی حکومەتەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی، گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا: حکومەت پێشنیاری ١٥٢ بلیۆن دەکات کە لە 50% زیادی کردووە لەو بودجەیەی كە عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا هەیبوو. حکومەت داوای کردووە کە بۆ سێ ساڵی لە سەر یەک ئەم بڕە بهێڵرێتەوە -ئەمەش واتە ڕێک تاوەکوو هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥.
ئەم خەرجییە نادەربەستانە گوێنەدانە بە وشیارییەکانی ئەمەریکا، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی کە داوایان لە عێراق کردووە کەرتی گشتییە هەڵتۆقیوەکەی کەم بکاتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵ دەدات وەلائی لایەنە سیاسییەکان و دانیشتووانی عێراق لە ڕێگەی خەرجیی زۆرەوە بکڕێت، کە دابینکردنی ٧٠١،٠٠٠ هەلی کاری حکومییە، كە 17% زیادکردنە لە فەرمانبەرانی حکومەتدا لە ساڵێکدا. بۆ نموونە؛ حەشدی شەعبی بڕیار وایە لە ١٢٢،٠٠٠ هەزارەوە زیاد بکرێت بۆ ٢٣٨،٠٠٠ ئەندام، کە زیادکردنێکی 95% لە ژمارەی ئەو میلیشیایانەی حکومەت پارەیان پێ دەدات، ئەویش لە وڵاتێکدا کە لە ماوەی دوو دەیەدا هیچ کات هێندەی ئێستا توندوتیژییەکانی کەم نەبوون.
چوارچێوەی هەماهەنگی بە بارگرانییەکی زۆرەوە و پابەندكردنی دەوڵەت بە دابینكردنی مووچە، زەمینە بۆ ناسەقامگیریی داهاتوو دادەنێت. هەتا بە نرخی ئەمڕۆی نەوت لە بازاڕەکاندا کە نزیکەی ٧٥$ بۆ هەر بەرمیلێك، ئەم ئاستە لە خەرجی لە ماوەی 10 ساڵدا، ١١٥ بلیۆن پارەی یەدەگی عێراق لە بانکەکاندا تەواو دەکات. ئەگەر نرخی نەوت داببەزێت، ئەوە عێراق خێراتر دەکەوێت. کاتێک عێراق خۆی لە دۆخێکی ئابووریی خراپدا بینییەوە لە ٢٠١٤دا، هەموو جیهان ئامادە بوو یارمەتیی عێراق بدات، چونکە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامیی دەکرد. بەڵام حکومەتی عێراقی ناتوانێ بەم شێوە چاوەڕوانی لە وڵاتان بکات لە داهاتوودا. لە ئایاری ئەمساڵدا سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاگاداریی ئەوەی دا کە عێراق ڕووبەڕووی “مەترسیی خراپیی سەقامگیریی ماکرۆ-ئابووری” دەبێتەوە لە ساڵانی داهاتوودا. زۆر بە سادەیی: ئەمە بەو مانای نەگەڕانەوەی پارەیە بۆ هاوڵاتی و وەبەرهێنەرەکان، هەڵئاوسان و خۆپیشاندان لەگەڵ ناسەقامگیری و لێشاوی ئاوارە بۆ ئەورووپا.
دەستکەوتی زۆر و تێچووی کەم
بۆ ئەمەریکا ئەم بیدەنگییە ڕواڵەتییەی عێراق لەوانەیە شەماڵی پێش زریان بێت. ئەمە یەکەم جار نییە کە واشنتن پێی وا بووە کە عێراق کەوتووەتە سەر سکەی سەقامگیری: دوای هەڵبژاردنەکانی 2010 کە تێیدا مالیکی بۆ جاری دووەمی بە خراپی کرایەوە بە سەرۆک، ئەمەریکا هەوڵی دا واز لە عێراق بێنێت و هەڵبێت. لەو کاتەدا، وەکوو ئەوەی لە ئێستادا ڕوو دەدات، حیزبەکانی سەر بە ئێران توانییان حکومەتەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان دروست بکەن و لە ئەنجامدا دەسەڵاتی بەغدادیان لە ڕێگای گەندەڵی، هێزی میلیشیا و خزمخزمێنەی سیاسییەوە لاواز کرد. دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی دوازدەی ٢٠١١ لە عێراق کشانەوە، وڵاتەکە ئارام دیار بوو -بەڵام دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لە ناوەوە ئەپووکانەوە. دوو ساڵ و نیو دوای ئەوە، ئەمەریکا دیسانەوە هێنرایەوە عێراق بۆ شەڕی داعش کە یەک لە سەر سێی وڵاتەکەی داگیر کردبوو. واشنتن نابێت ڕێگە بدات مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە.
ئەوەی کە بە شێوەیەکی کاتی هێرش بۆ سەر پێگە دیپلۆماتە ئەمەریکییەکان کە بە چەکی قورس پارێزراون کەمی کردووە، نابێ پێوەری سەرەکیی ئەمەریکا بێت بۆ سەرکەوتن لە عێراقدا. ئەم پێگانە کە بە تێچووی زۆر بنیاد نراون، بۆ ئەوەیە کە دیپلۆماتە ئەمەریکییەکان پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکان و بەهاکانی ئەمەریکا بکەن بەبێ ترس لە هەراسانکردنیان لە لایەن دوژمنانەوە.
ئەمەریکا پێویستی بە ناردنی سەرباز و بلیۆنان دۆلار نییە بۆ ئەوەی مۆدێلە ترسناکەکان لە عێراقدا پێچەوانە بکاتەوە. توانا ئابووری و هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا هێشتا دەتوانێ کاریگەریی بەرچاوی هەبێت لە سەر بەرپرسەکانی عێراق -کە زۆریان بەرژەوەندی و تەماحی گەورەتریان لە بازرگانی و بانکە جیهانییەکاندا هەیە. بۆ نموونە: بە پێی سەرچاوە دیپلۆماتییەکانی ئەمەریکا، فایەق زێدان زۆری پێ ناخۆش بووە کە سێ ئەندامی کۆنگرێس کە نامەیان ناردووە بۆ جۆ بایدن و فایەقیان وەکوو ئامانجێک بۆ سزا پێشنیار کردووە. ئەمەریکا دەبێ شتی لەم جۆرە بەکار بهێنێت -سەرەتا بە نهێنی- بۆ گەیاندنی نیگەرانییەکانی دەربارەی دۆخی دادوەریی عێراق و سەرکردە گرنگەکانی.
مەترسیی ڕاستەقینە هەیە کە عێراق ببێت بە دیکتاتۆریەتێکی دادوەری کە تێیدا حکومەتەکان دێن و دەچن، بەڵام دادوەری بە شێوەیەکی هەمیشەیی بە دەستی میلیشیاکانەوەیە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان. بەرپرسانی ئەمەریکا زانیاریی زۆر گرنگیان لایە دەربارەی پەیوەندییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بەرپرسانی عێراق و دەبێ ئەم زانیارییانە زوو زوو بەکار بێنن بۆ پێدانی ئاگاداریی گرنگ بەو بەرپرسانەی بەغداد بۆ ئەوەی ڕەفتاریان باشتر بکەن.
ئەمەریکا دەبێ نیشانی بدات کە بەڵێنی پابەندبوون بە بەهاکانی دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا کاری لە سەر دەکرێت. لە وتارەکەی مانگی ئایاریدا، سولیڤان دەڵێت: پاڵپشتیکردنی بەهاکانی ئەمەریکا یەکێکە لە پایەکانی سیاسەتی ئیدارەکەی بایدن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە عێراقدا ئەمە بە مانای دژایەتیکردنی ئەو یاسایە دێت کە سۆشیالمیدیا، ڕۆژنامەگەری و تەنزی سیاسیی سنووردار کردووە -هەموو ئەمانە ئاماژەکانی دروستکردنی دیکتاتۆریەتێکن.
واشنتن دەبێ پاڵپشتیی لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەگەری بکات و هەوڵی یارمەتیدانی بدات لە ڕێگەی نووسینگەكانیەوە. ئەمەریکا دەبێ زانیارییە ئابوورییەکانی بەکار بێنێت بۆ دۆزینەوەی ئەو پارانەی لە دەرەوەی عێراق لە لایەن بەرپرسە گەندەڵەکانیەوە شاردراونەتەوە و بیانگێڕێتەوە بۆ عێراق. بۆ نموونە؛ ئەمەریکا دەتوانێ یارمەتیی دەسەڵاتدارانی عێراق بدات تاوانبارە ڕاستەقینەکانی پشت “دزی سەدە” بناسنەوە کە ٢.٥ بلیۆن دۆلاریان دزیوە، ئەوانە کەسانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی بوون کە دەفتەرێکی باجی حکومەتیان دزیبوو و سەدان چەکی پارەیان بۆ خۆیان نووسیوە. ئەگەر ئەمەریکا بە ڕاستی حکومەتێکی دەوێت لە عێراق بە ڕاستی سەربەخۆ و سەروەر بێت و لە ڕووی ئابوورییەوە کار بکات، دەبێت ڕێنیشاندەری لێکۆڵینەوە بێت لەو پارانەی دزراون و بیانگێڕێتەوە بۆ عێراق -نەک ئەوەی کاتێک لە هەواڵەکانەوە باس دەکرێت ئەویش بیبیستێت.
لە هەمووی گرنگتر، ئەمەریکا دەبێ کار بکات بۆ ئەوەی کۆمپانیای گشتیی موهەندیس پەراوێز بخرێت بەر لەوەی کۆمپانیاکە بواری وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا پیس بکات. ئەم کۆمپانیایە هەوڵ دەدات دەزگا و دامەزراوەکانی وڵاتێکی گەورە بخاتە دەستی کەسانێکەوە کە ئەمەریکا خستوونیەتە لیستی تیرۆرەوە و کەسانی پێشێلکەری مافی مرۆڤن. هەڵبەت لە ئێستادا کۆمپانیای گشتیی موهەندیس لە لێکۆڵینەوەدایە لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا و ئۆفیسی هاریکاریی دژەگەندەڵیی جیهانی، بەڵام ئەمە دەبێ بکرێت بە سزا.
ئەمەریکا دەتوانێت خۆی بخاتە لایەنە ڕاستەکەی مێژوو لە عێراقدا ئەگەر بەردەوام بێ لە هەوڵەکانی بۆ دامرکاندنەوەی ئەو هەموو میلیشیایەی لە پشت ئەم حکومەتەی ئێستاوەن. هەتا لە کاتی ڕکابەریی چین و شەڕی ئۆکرانیاشدا واشنتن هەر دەتوانێت دەنگ و توانا بێهاوتا هەواڵگری و ئابوورییەکانی بەکار بێنێت بۆ لاوازکردنی هێزە دژەدیموکراتییەکان، دەرفەتێکیش بدات بە گەنجان، چاکسازان و لێکۆڵەرانی دژەگەندەڵی بەرگری لەو دیموکراسییە لاوازە بکەن -گەر بە ئاستەمیش بێت- کە هێشتا بوونی هەیە.