عێراق له ستراتیژیى ئاسايشى وزه‌ى چیندا
د. سه‌روه‌ر محەمەد عەبدوڵا / پسپۆڕی زانسته ڕامیارییه‌كان
بەرایی
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه پێناسه‌ی ئاسایشى وزه‌ى كردووه كه بریتییه له دڵنیایى دابینكردنى وزه‌ى گونجاو و متمانه‌پێكراو به نرخێكى گونجاو به شێوه‌یه‌ک كه به‌ها و ئامانجه سه‌ره‌كییه نیشتمانییه‌كان ناخه‌نه مه‌ترسییه‌وه. خودى ئه‌م تێگه‌یشتنه بۆ دۆخى چین گونجاوه، چونكه ئاماژه‌دانه به دابینكردن و ده‌ستڕاگه‌یشتنی بێ به‌ربه‌ست و بێ پچڕان به سه‌رچاوه‌كانی وزه و پشتنه‌به‌ستن به ته‌نها یه‌ک سه‌رچاوه یان ناوچه‌یه‌كی دیاریكراوی جوگرافیی سنووردار بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستییه‌كان له وزه. به پێى شیكاریى ئه‌م توێژینه‌وه‌یه، عێراق ڕۆڵێكى كاریگه‌ر ده‌بینێت له ستراتیژیه‌تى ئاسایشى وزه‌ى چیندا هه‌ر چه‌نده چین له ساڵانى ڕابردوودا توانیویەتى ئاسایشى وزه‌ى خۆى هه‌مه‌چه‌شن بكات، واته زیاتر له 11 سه‌رچاوه‌وه نه‌وت هاورده ده‌كات. ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ک له ناوچه‌یه‌كى دیاریكراودا دروست ببێت، ئه‌وه چین ده‌توانێت له ناوچه‌یه‌كى تر پڕى بكاته‌وه. به‌ڵام له ئێستادا بژارده‌كانى چین كه‌متر بوونه‌ته‌وه، ڕەنگه بۆ چین ئاسان نه‌بێت ئه‌و بڕه وزەی له عێراقه‌وه ده‌ستى ده‌كه‌وێت؛ بتوانێت به ئاسانى له وڵاتانى تره‌وه ده‌ستى بكه‌وێت. له بەرا‌مبه‌ردا پێشبینى ده‌كرێت خواستى چین بۆ كڕینى نه‌وت به تێكڕاى ساڵانه به ڕێژه‌ى 1.2 گه‌شه بكات تاوه‌كوو ساڵى 2035. به هه‌مان شێوه عێراق پێویستى به كڕیارى به‌رده‌وام هه‌یه، چونكه نه‌وت وه‌ک تاكه سه‌رچاوه‌ى هه‌نارده‌كردنى عێراقه و گه‌شه‌ى ئابووریى عێراق به‌نده به هه‌نارده‌كردنى نه‌وته‌وە، چونكه چین به نزیكه‌ى نیوه‌ى نه‌وتى عێراق ده‌كڕێت. دەتوانین به‌و ئه‌نجامه بگه‌ین له ئێستادا چین و عێراق وابه‌سته‌ى یه‌كترن. پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و وزه‌یه‌ى له عێراقه‌وه به‌ده‌ست دێت و گونجاوه بۆ چین له ئێستادا، ڕه‌نگه تا ماوه‌یه‌كى درێژ چین نه‌توانێت له هیچ یه‌كێک له وڵاتانى تر‌ى ناوچه‌كه به‌ده‌ستى بخات. به‌ڵام سه‌باره‌ت به هه‌رێمى كوردستان، ڕۆڵى له ستراتیژیه‌تى وزه‌ى چیندا له ئێستا و داهاتوودا، ڕه‌نگه هه‌رێم بۆ ئاسایشى وزه‌ى چین ئه‌و گرنگییه‌ى نه‌بێت. چین له ڕوانگه‌یه‌كى ترەوه سه‌یرى هه‌رێم دەكات بۆ وه‌به‌رهێنان له سێكته‌ره‌كانى تردا. لەم سۆنگەیەوە، پرسیارى سه‌ره‌كیى ئه‌م توێژینه‌وه‌یه بریتییه له: ئایا عێراق چ ڕۆڵێكى ده‌بێت له دابینكردنى ئاسایشى وزه‌ى چیندا؟
پێشەكی
ئاسایشى وزه وه‌ک كێشه‌یه‌كى سیاسى له سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیستدا سه‌ری هه‌ڵدا و په‌یوه‌ندییه‌كى ڕاسته‌خۆى هه‌بوو به دابینكردنى وزه‌ى پێویست بۆ سوپا له كاتى جه‌نگدا. پێش جه‌نگى جیهانیى یه‌كه‌م، بۆ یه‌كه‌مین جار زاراوه‌ى ئاسایشى وزه له لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانى به‌ریتانیاوه وینستۆن چرچڵه‌وه به‌كار هات كه بڕواى وا بوو “دڵنیابوون له دابینكردنى نه‌وت ته‌نها و ته‌نها له هه‌مه‌چه‌شنكردنى سه‌رچاوه‌كانیه‌وه‌یه[1]»، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌كادیمی له بوارى ئاسایشی وزه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1960. دواتر له ساڵانی (1970)وه، دوای بایكۆتی وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌وڵه‌مه‌ند به سه‌رچاوه‌كانی وزه، زاراوه‌ى ئاسایشی وزه به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان كه‌وته پلانی ستراتیژی و سیاسه‌تی دەره‌وه‌ى وڵاتان به تایبه‌ت وڵاتانی هاورده‌كار. به‌ڵام جیاوازییه‌كی گرنگ له نێوان توێژینه‌وه‌كانی ئاسایشی وزه‌ی هاوچه‌رخ و كلاسیك‌دا هه‌یه. له ساڵانی (70-80)كانی سه‌ده‌ى ڕابردوودا ئاسایشی وزه به واتای جێگیربوونی هه‌رزانیی نرخی نه‌وت هاتووه له ژێر هه‌ڕە‌شه‌ى گه‌مارۆ و یاریكردن به نرخی نه‌وت له لایه‌ن هه‌نارده‌كارانه‌وه. دوای كۆتایی جه‌نگ و ئاساییبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاتانی خاوه‌ن وزه و وڵاتانی خۆرئاوا، ئاسایشی وزه كه‌وته‌وه دۆخی ئاسایی و توێژه‌ران زیاتر خۆیان له‌و بابه‌ته نه‌ده‌دا. به‌ڵام گرنگیی ئاسایشی وزه دیسانه‌وه ده‌ركه‌وته‌وه به تایبه‌ت دوای 2000، به هۆى زۆریى خواست له سه‌ر وزه له لایه‌ن وڵاتانی تازه‌گه‌شه‌سه‌ندووى ئاسیاییه‌وه وه‌ک كۆریای باشوور و چین و ژاپۆن و تایوان و مالیزیا و سه‌نگاپووره و تایله‌ند.
خودی زاراوه‌كه به شێوه‌یه‌كی باو جێگیر كرا كه ئه‌ویش ئاماژه‌دان بوو به دابینكردن و ده‌ستڕاگه‌یشتنی بێ به‌ربه‌ست و بێ پچڕان به سه‌رچاوه‌كانی وزه و پشتنه‌به‌ستن به ته‌نها یه‌ک سه‌رچاوه یان ناوچه‌یه‌كی دیاریكراوی جوگرافیی سنووردار بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستییه‌كان له وزه. ده‌ركه‌وتنی ئه‌م زاراوه‌یه له كۆمه‌ڵێك ڕاپۆرت و كۆنفڕانس و ڕێكخراوه نێودوڵه‌تییه‌كاندا باس كرا. دواتر زاراوه‌ى ئاسایشی وزه به هێمنی خۆى خسته فه‌رهه‌نگی وزه و توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی له بوارى ئاسایشی وزه‌دا، به‌ڵام له ئه‌ده‌بیاتی بوارى وزه‌دا زیاتر فۆكەس خراوه‌ته سه‌ر دابینكردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه بۆ وڵاتانی هاورده‌كار. بۆیه ده‌بینین له‌م ساڵانه‌ى دواییدا چه‌مكی ئاسایشی وزه سه‌رنجی زۆرێک له ناوه‌نده ئه‌كادیمی و دروستكه‌رانی بڕیارە سیاسی و ته‌نانه‌ت كۆمپانیا و ناوه‌نده بازرگانییه‌كانیشی به‌لاى خۆیدا ڕ‌اكێشا. ژماره‌ى توێژینه‌وه‌كان ڕۆژبه‌ڕۆژ له بوارى ئاسایشی وزه‌دا له گه‌شه‌دایه. ئه‌وه‌ى تێبینی ده‌كرێت، زۆرێک له توێژینه‌وه‌كان زیاتر باس له ئاسایشی وزه‌ى وڵاتانی هاورده‌كه‌ر ده‌كه‌ن و زیاتر جه‌خت له سه‌ر به‌رده‌ستبوونی وزه‌ى پێویست به نرخێكی گونجاو و جۆراوجۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه و هاورده‌كردنی وزه له زیاتر له وڵاتێكه‌وه و گرنگیدان به به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی نوێبووه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانی پیسبوونی ژینگه دەکەنەوە. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى توێژینه‌وه له بوارى ئاسایشی وزه‌ى چیندا گرنگییه‌كی زۆرى پێ دراوه، به‌ڵام تا ئێستا توێژینه‌وه له بوارى ئه‌وه‌دا نه‌كراوه كه عێراق چ ڕۆڵێكى هه‌یه له دابینكردنى ئاسایشى وزه‌ى چیندا، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاسایشی وزه‌ى چین و ڕۆڵى عێراق وه‌ک ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند به سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت و غاز له پڕكردنه‌وه‌ى به‌شێک له خواستى چین، به به‌كارهێنانی ئه‌ده‌بیاتی بڵاوكراوه له‌م بواره‌دا و ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌تن له‌گه‌ڵ كه‌سانی شاره‌زا، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی به‌ڵگه‌نامه و سیاسه‌تی وزه‌ى عێراق و چین. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه ئامانجیەتی شیكارى چه‌مک و ڕه‌هه‌نده‌كانی ئاسایشی وزه‌ى چین بكات و پرسیارى ئه‌وه بكات كه: ئایا عێراق چ ڕۆڵێكى ده‌بێت له دابینكردنى ئاسایشى وزه‌ى چیندا؟ سه‌ره‌تا به تێگه‌یشتن له چه‌مكى ئاسایشى وزه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین.
چه‌مكى ئاسایشى وزه
یه‌كێک له دیارترین توێژینه‌وه‌كانی بوارى ئاسایشی وزه، بریتییه له توێژینه‌وه‌كه‌ى ویڵریچ له ساڵی 1976دا سه‌باره‌ت به پرس و بژارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وزه، كه تێیدا نووسه‌ر شیكارێكی وردی كه‌رتی وزه ده‌كات و كاریگه‌رى و لێكه‌وته‌كانی له سه‌ر ئابووریى نیشتمانی و ئابووریى جیهانی و هه‌روه‌ها لێكه‌وته ژینگه‌ییه‌كانی له سه‌ر ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستنیشان ده‌كات. ویڵریچ له توێژینه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێت ئاسایشی وزه مانایه‌كی جیاوازی هه‌یه له وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رهه‌مهێن له‌گه‌ڵ وڵاتێكی هاورده‌كار. بۆ وڵاتێكی به‌رهه‌مهێن، گه‌ره‌نتیكردنی كڕیار و هێشتنه‌وه‌ى خواست و پاراستنی نرخی وزه به جێگیری له بازاڕدا مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییه كه پێی ده‌ڵێن پاراستنی “ئاسایشی خواست له سه‌ر وزه”، به‌ڵام بۆ وڵاتێكی هاورده‌كار، گه‌ره‌نتیی دابینكردنی وزه‌ى پێویست به‌بێ پچڕان له كۆمه‌ڵێک سه‌رچاوه‌ى جیاواز و به نرخێكی گونجاو[2]. بۆ نموونه؛ بۆ وڵاتێكی وه‌ک سعودیه ئاسایشی بازاڕ و كریاڕ مه‌به‌سته، به‌ڵام بۆ وڵاتێكی وه‌ک چین، گه‌ره‌نتیی هاتنی وزه‌ى پێویست بێت به‌بێ پچڕان و پاراستنی هێشتنه‌وه‌ى نرخی وزه به گونجاوی و گه‌یشتنی وزه‌ی پێویست به سه‌لامه‌تی بۆ چین.
هه‌وڵێكی دیكه بۆ تێگه‌یشتن له چه‌مک و مانای ئاسایشی وزه، بریتییه له لێكۆڵینه‌وه‌ى چێرپ و جۆیل له ساڵی 2014، كه ئه‌وان سه‌رنجیان له سه‌ر ئاسایشی وزه وه‌ک خۆیه‌تی به جه‌ختكردنه‌وه له‌وه‌ى كه كاتێک باس له ئاسایشی وزه ده‌كه‌ین پێویسته بپرسین: «ئاسایشی وزه له چی بپارێزین؟» بۆیه له‌م ڕوانگه‌یه‌وه وه‌سفی ئاسایشی وزه ده‌كه‌ن به شێوه‌یه‌كی فراوانتر و بڕوایان وایه ئاسایشی وزه بریتییه له “كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كان له سه‌ر سیستمی وزه”[3]. به‌ڵام لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه مانای مه‌ترسییه‌كان چین، ڕه‌نگه مه‌ترسییه‌كان سروشتی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی… هتد بن. ئه‌م پێناسه‌یه یارمه‌تیده‌ره بۆ تێگه‌یشتن له چه‌مک و مانای ئاسایشی وزه به شێوه‌یه‌كی گشتگیر، به‌ڵام هێشتا «ئه‌بستراكت»ە. بۆیه له ڕوانگه‌ى ئه‌م تێگه‌یشتنه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه ئاسایشی وزه چه‌مكێكی ناڕوونه.
بۆ زیاتر ورده‌كاری له توێژینه‌وه‌كه‌دا، بڕوامان وایه چه‌مكی ئاسایشی وزه جیاوازه، نه‌وه‌ک ته‌نها له ته‌واوی بابه‌ته ئه‌كادیمییه‌كاندا، به‌ڵكوو له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر دە‌گۆڕێت به پێی ئه‌وه‌ى ئایا وڵاته‌كه هاورده‌كه‌رى وزه‌یه یان هه‌نارده‌كه‌رى وزه‌یه. مانای فراوانترى وزه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به هۆى ئه‌و ڕێوشوێنانه‌یه كه بۆ پاراستن یان به‌ده‌ستهێنانی ئاسایشی وزه‌یه. لێره‌دا دیدگا جیاوازه‌كانی ئاسایشی وزه شیكار ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى له‌وه بگه‌ین چۆن ئه‌كته‌ره جیاوازه‌كانی نیشتمانی و نێوده‌وڵه‌تی له چه‌مكی ئاسایشی وزه تێده‌گه‌ن.
بۆ وڵاتێک كه هاورده‌كارى وزه بێت زیاتر له هه‌نارده‌كردن، ئاسایشی وزه پێش هه‌موو شتێک بریتییه له دڵنیابوون له هاورده‌كردنی بێ پچڕانی وزه بۆ كه‌رته‌كانی كاره‌با، گواستنه و گه‌رمكردنه‌وه و پیشه‌سازى كه كاریگه‌ریى له سه‌ر ژیانی ڕۆژانه هه‌یه. مه‌یسۆن و ویلرچ بڕوایان وایه كه ئاسایشی وزه له ڕوانگه‌ى وڵاتانی هاورده‌كاره‌وه بریتییه له دڵنیایى له دابینكردنی وزه‌ى پێویست بۆ پاراستنی ئابووریى نیشتمانی له ئاستێكی ئاسایی‌دا. به‌م شێوه‌یه وڵاتانی هاورده‌كار زیاتر خۆیان په‌یوه‌ست كردووه به سیاسه‌تی دڵنیابوون له دابینكردنی وزه‌ى پێویست و هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی هاورده‌كردنی وزه و په‌ره‌پێدانی سه‌رچاوه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ وه‌ک وزه‌ى نوێبووه‌وه و داهێنانی ته‌كنەلۆژیای نوێ بۆ ئه‌وه‌ى له داهاتوودا كه‌متر پشت به هێنانی وزه‌ی ده‌ره‌كى ببه‌ستن[4]. بۆیه ده‌بینین ئاژانسی وزه‌ى نێوده‌وڵه‌تی كه ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تییه و 31 وڵات ئه‌ندامه تێیدا، به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له هاورده‌كارانی سه‌ره‌كیی وزه پێک هاتوون، ئاسایشی وزه پێناسه ده‌كه‌ن كه بریتییه له “به‌رده‌ستبوونی بێ پچڕانی سه‌رچاوه‌ى وزه به نرخێكی گونجاو”[5].
هه‌روه‌ها وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپاش کە ناوچه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی هاورده‌كاری وزه‌یه، ستراتیژیه‌تی وزه‌ى یه‌كێتیی ئه‌ورووپا باس له هه‌ردوو ئاسایشی وزه‌ى كورتخایه‌ن و درێژخایه‌ن ده‌كات. ڕێوشوێنه كورتخایه‌نه‌كان زیاتر جه‌خت له سه‌ر خۆڕ‌اگرى به‌رامبه‌ر به پچڕانی دابینكردنی وزه ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام ڕێوشوێنه درێژخایه‌نه‌كان زیاتر په‌یوه‌ستن به كه‌مكردنه‌وه‌ى وابه‌سته‌بوون و پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه‌ى ده‌ره‌كیی وزه، واته هه‌مه‌چه‌شنكردنی وزه و گرنگیدان به وزه‌ى جێگرەوە وه‌ک په‌ره‌پێدانی وزه‌ى نوێبووه‌وه[6]. وڵاتێكی پیشه‌سازیی خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی ئابووریى به‌هێزی وه‌ک ژاپۆن و چین به ته‌واوى وابه‌سته‌ى هاورده‌كردنی وزه‌ن. كه‌واته ئاسایشی وزه له ڕوانگه‌ى ئه‌م دوو وڵاته‌وه بریتییه له ئاسایشی دابینكردن و گه‌یشتنی وزه له جیهانه‌وه بۆ وڵاته‌كانیان به‌بێ پچران. به‌ڵام با بە وردى بزانین چه‌مكى ئاسایشى وزه به پێى تایبه‌تمه‌ندیى چین چییه؟
چه‌مكى ئاسایشى وزه به پێى تایبه‌تمه‌ندیى چین
زۆرێک له سه‌ركرده باڵاكانى چین ئه‌و دۆخه ناله‌باره‌یان له‌بیره كه له ساڵانى (1950)كاندا ڕووی دا و بووه هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى بڕى وزه‌ى پێویست له ناوخۆى چیندا. دواى ماوه‌یه‌كى كه‌م له دامه‌زراندنى كۆریاى باكوور، چین خرایه ململانێوه. لیژنه‌ى هه‌ماهه‌نگى بۆ كۆنترۆڵكردنى فره‌لایه‌ن كه له لایه‌ن وڵاتانى ڕۆژئاواوه دامه‌زرا،كۆمارى گه‌لى چینى خسته ژێر گه‌ماۆرى نه‌وته‌وه. چین له‌و كاته‌دا ته‌نها بڕى 0.12 ملیۆن تۆن نه‌وتى له ناوخۆدا به‌رهه‌م ده‌هێنا. له‌و كاته‌دا چین ناچار بوو پشت به سۆڤیەت و وڵاتانى ئه‌ورووپاى ڕۆژهه‌ڵات ببه‌ستێت بۆ هاورده‌كردنى وزه‌ى پێویست. به‌ڵام دواى دابه‌شبوونى ئایدۆلۆژیى چین و سۆڤیه‌ت له سه‌ر تێو‌رى ماركسیزم، چین له هاورده‌كردنى نه‌وتى سۆڤیه‌تیش بێبه‌ش كرا و به ته‌نها مایه‌وه[7]. پچڕانى له‌ناكاوى نه‌وت كه به مادده‌یه‌كى ستراتیژ سه‌یر ده‌كرا، بۆ چین كاره‌ساتبار بوو كه بووه هۆى په‌كخستنى ڕاهێنانه سه‌ربازییه‌كان، هاتوچۆ و گواستنه‌وه و هه‌ندێک لە پیشه‌سازییه گرنگه‌كان.
به‌ڵام له سایه‌ى دۆزینه‌وه‌ى نه‌وت له كێڵگه‌ى داكینگ، چین توانیى بڕێک له پێداویستییه‌كانى خۆى پڕ بكاته‌وه کە بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ چین پشتى به خۆى به‌ست. ئه‌مه زۆرى نه‌خایاند، به هۆى پێشكه‌وتنى به‌رده‌وامى چین و زۆریى خواست له سه‌ر نه‌وت. له ساڵى 1993دا چین ده‌ستى كرد به هاورده‌كردنى نه‌وت. له ئه‌نجامى كرانه‌وه و ڕیفۆرم و پێشكه‌وتنه به‌رچاوه‌كه‌ى چین له گه‌شه‌ى ئابووریدا، له ساڵى 2000دا خواستى چین له سه‌ر هێنانى نه‌وت سێ هێنده زیادى كرد. دواتر له چین یه‌كه‌م توێژینه‌وه‌ى ئه‌كادیمى له باره‌ى ئاسایشى وزه‌وه له شوباتى ساڵى 2000دا بڵاو بوویه‌وه. هه‌روه‌ها له نێوان ساڵانى (2001-2005)دا نزیكەی 1150 توێژینه‌وه له بوارى ئاسایشى وزه‌ى چین و له نێوان ساڵانى (2005-2010) به نزیكه‌ى 1435 توێژینه‌وه‌ى ئه‌كادیمى له بوارى ئاسایشى وزه‌دا بڵاو بوویه‌وه.
له هه‌مووى گرنگتر، سه‌ركرده‌كانى چین نه‌وت به بنه‌ماى ئاسایشى وزه‌ى چین هە‌ژمار ده‌كه‌ن. له ڕاستیدا وه‌ک له سه‌ره‌وه ڕوونمان كرده‌وه، چه‌مكى ئاسایشى وزه؛ چه‌مكێكى ڕوون نییه ته‌نانه‌ت بۆ چینیش تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌مه ڕاسته و ئه‌ده‌بیاتى ئه‌م بواره نه‌یتوانیوه به ڕوونى پێناسه‌یه‌كى گشتگیر بخاته ڕوو. له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و پێناسه‌ی كه له لایه‌ن یا‌رگنه‌وه له ساڵى 1988دا پێشكه‌ش كراوه و ده‌ڵێت: “ئاسایشى وزه بریتییه له دڵنیایى دابینكردنى وزه‌ى گونجاو و متمانه‌پێكراو به نرخێكى گونجاو به شێوه‌یه‌ک كه به‌ها و ئامانجه سه‌ره‌كییه نیشتمانییه‌كان ناخه‌نه مه‌ترسییه‌وه”[8]. ئه‌م پێناسه‌یه به ڕوونى باس له ئاسایشى وزه‌ى وڵاتانى هاورده‌كار ده‌كات و به‌دڵنیاییەوه بۆ دۆخى چین گونجاوه. به‌شى یه‌كه‌مى چه‌مكه‌كه بریتییه له “دڵنیایى دابینكردنى وزه‌ى گونجاو” به له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌وه‌ى هیچ جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ نه‌وت نییه بۆ گه‌شه‌پێدانى ئابوورى و دابینكردنى گازۆیل و به‌نزین و سووته‌مه‌نیى فڕۆكه. كه‌واته نه‌وت گرنگییه‌كى بنه‌ڕه‌تییه بۆ جووڵه‌ى ئابووریى چین. به‌م شێوه‌یه ده‌بینین بۆ پاراستنى گه‌شه‌ى ئابوورى، پێویسته چین دڵنیا بێت له دابینكردنى بڕى وزه‌ى پێویست، واته گرتنه‌به‌رى ڕێوشوێنى گونجاو بۆ دابینكردنى بڕى نه‌وتى پێویست بۆ گه‌شه‌ى ئابووریى وڵات، چونكه ئامانجى سه‌ره‌كیى پارتى كۆمه‌نیستى چین بریتییه له به‌ره‌وپێشبردنى چین له بوارى ئابووریدا، له هه‌مان كاتدا بڕواى وایه گه‌شه‌ى ئابوورى ده‌بێته هۆى سه‌قامگیریى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیى چین. حیزبى فه‌رمانڕه‌وا بۆ پاراستنى شه‌رعیه‌تى سیاسى پێویستى به ئابوورییه‌كى گه‌شه‌سه‌ندوو هه‌یه كه له ئاست خواست و داواكاریى هاوڵاتییاندا بێت، هه‌روه‌ها ببێته هۆى پاراستنى یه‌کپارچه‌یى چین و پاراستنى پێگه‌كه‌ى وه‌ک یه‌كێک له زلهێزه‌كانى جیهان. وه‌ک بریسلین بڕواى وایه ئه‌و گرێبه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تییه نه‌نووسراوه‌ى هه‌یه له نێوان خه‌ڵک و پارتى كۆمه‌نیستى چین، بریتییه له‌وه‌ى خه‌ڵک كێبڕكێ له‌گه‌ڵ پارتى ده‌سه‌ڵاتداردا ناكات بۆ ئاڵوگۆرى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى، له به‌رامبه‌ردا حیزب هه‌موو كارێک ده‌كات بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ئابوورى و پارێزگاریكردن له خۆشگوزەرانیی ئابووریى خه‌ڵک[9].
به‌ڵام به‌شى دووه‌مى چه‌مكه‌كه بریتییه له “نرخى گونجاو” كه كه‌متر بووه‌ته جێى بایه‌خى چین، له به‌ر ئه‌وه‌ى به‌دیهێنانى نرخى گونجاو خۆى ئامانجێكى زه‌حمه‌ته. بۆیه یه‌كێک له توێژه‌ره دیاره‌كانى ئه‌م بواره بڕواى وایه پێویسته ئامانجى “نرخى گونجاو” بگۆڕێت به “سه‌قامگیریى نرخى نه‌وت”[10]. چین بڕواى وایه تاكه ڕێگه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى هه‌ڵبه‌زودابه‌ز له نرخى نه‌وتدا، بریتییه له هه‌ماهه‌نگیى نێوان وڵاتانى هاورده‌كار و هه‌نارده‌كار بۆ ئه‌وه‌ى له یه‌ک كاتدا ئاسایشى هه‌ردوو لا پارێزراو بێت. به‌ڵام ئه‌و هۆكارانه چین كه بوونه هۆى خواستى زۆرتری چین له سه‌ر نه‌وت؟
بزوێنه‌ره‌كانى پشت زیادبوونى خواستى چین له سه‌ر نه‌وت
توێژینه‌وه‌كان كه‌من له سه‌ر ئه‌وه‌ى چین چۆن نه‌وت به‌كار ده‌هێنێت، هه‌ندێک له چاودێرانى ئه‌م بواره بۆیان ڕوون نییه كاتێک باسى زۆریى گه‌شه‌ى خواستى چین ده‌كه‌ن له به‌كارهێنانى نه‌وتدا. هه‌ندێک له توێژه‌ران بڕاوایان وایه گه‌شه‌كردنى خێراى كه‌رتى پیشه‌سازیى چین به گه‌وره‌ترین بزوێنه‌رى زۆرى خواستى چین داده‌نرێت له سه‌ر نه‌وت به شێوه‌یه‌ک كه له ئێستادا گه‌شه‌كردنى ئه‌م كه‌رته گه‌یشتووه‌ته ئاستێكى زۆر باڵا كه چین به “كارگه‌ى جیهان” ناسراوه[11]. به‌ڵام له ڕاستیدا بزوێنه‌رى سه‌ره‌كیى گه‌شه‌ى زۆرى خواستى چین له سه‌ر نه‌وت بریتییه له كه‌رتى گواستنه‌وه نه‌وه‌ک كه‌رتى پیشه‌سازى. له ئێستادا كه‌رتى گواستنه‌وه به نزیکكراوه‌یى ڕێژه‌ى 92%ی كۆى داواكاریى به‌كارهێنانى وزه‌ى داگیر كردووه. ئه‌مه‌ش له به‌ر گه‌شه‌كردنى خێرا له كه‌رتى گواستنه‌وه‌ى ڕێگاوبان و شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌ر و گواستنه‌وه‌ى ئاسمانى چین. به پێى ڕاپۆرتى دامه‌زراوه‌ى هاوسه‌نگیى به‌كارهێنانى وزه، چین له كه‌رتى گواستنه‌وه‌دا له ساڵى 2008دا 148.85 ملیۆن تۆن وزه‌ى به‌كار بردووه له كاتێكدا به‌كارهێنانى وزه له كه‌رتى پیشه‌سازیدا 50.4 ملیۆن تۆن بووه. ئه‌م ڕێژیه به‌رز بووه‌ته‌وه بۆ 180 ملیۆن تۆن له ساڵى 2015دا، دواتر زیاتر به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه ڕۆیشتووه بە ڕێژەی 6.74%ی زیادبوونی ساڵانە[12]. به كورتى: ئێستا كه‌رتى گواستنه‌وه گه‌وره‌ترین به‌كارهێنه‌رى نه‌وته له چین. به پێى نوێترین ڕاپۆرتى دامه‌زراوه‌ى هاوسه‌نگیى به‌كارهێنانى وزه، له ئێستادا چین ڕۆژانه پێویستى به 11 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌یه، ئایا ڕێگه‌ى هێنانى ئه‌م بڕه زۆره له‌كوێوه‌یه؟
بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستییه‌كانى خۆى له نه‌وت، چین سێ بۆریى گواستنه‌وه‌ى بنیات ناوه له‌گه‌ڵ سێ وڵاتى ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت، له‌وانه: هێڵى بۆریى كازاخستان-چین به درێژیى (3000كم) كه له ساڵى 1997دا به ڕه‌زامه‌ندیى هه‌ردوو لا بنیات نراوه و له ساڵى (2006)ەوە كار ده‌كات. ئه‌م بۆرییه له توانایدایه ساڵانه 50 ملیۆن تۆن نه‌وت بگوازێته‌وه بۆ چین. هه‌ر چه‌نده بۆرییه‌كه پێویستى به سیانه‌ى زۆره و له توانایدا نییه ئه‌و بڕه بگوازێته‌وه له ئێستادا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتوو ساڵانه 50 ملیۆن تۆن بگوازێته‌وه بۆ چین، ئه‌وه ته‌نها بڕى 13-12%ی پێداویستییه‌كانى چین پڕ ده‌كاته‌وه. جگه له‌م هێڵه، چین و ڕووسیا دواى گفتوگۆیه‌كى درێژ، له ساڵى (1994)ە‌وه بڕیاریان دا به دروستكردنى هێڵى بۆریى گواستنه‌وه‌ى چین-ڕووسیا كه له سكۆڤۆردینۆوه ده‌ست پێ ده‌كات و تا پارێزگاى داكینگ له چین. ئه‌م بۆرییه له ساڵى 2010دا ته‌واو بووه، تواناى ساڵانه‌ى گواستنه‌وه‌ى ته‌نها 15 ملیۆن تۆنه و له باشترین حاڵه‌تدا تواناى گواستنه‌وه‌ى ده‌گاته 30 ملیۆن تۆن له ساڵێكدا، كه ئه‌مه‌ش ته‌نها 3-4%ی خواستى ناوخۆى چین پڕ ده‌كاته‌وه. سێیه‌میان بۆریى نه‌وت و گازى میانمار-چینه، له مارسی 2009دا له نێوان چین و حكومه‌تى سه‌ربازیى ئه‌و وڵاته‌دا ئیمزا كراوه، كه بۆرییه‌كه له میانماره‌وه درێژ ده‌بێته‌وه بۆ نزیكترین شارى چین له سنوورى میانمار (كیموین). تێچووى بۆرییه‌كه بڕى 1.2 ملیار دۆلار بووه، كه نزیكه‌ى (2000كم) دەكات، ئه‌م هێڵه هاوكار بوو له كه‌مكردنه‌وه‌ى پشتبه‌ستنى چین به هێنانى نه‌وت له دوورگه‌ى مالاگاوه و زیاتر گه‌ره‌تنیكردنى ئاسایشى وزه‌ى وڵات[13]. كۆتا بۆرى بۆ هێنانى نه‌وت بریتییه له هێڵى گواستنه‌وەى پاكستان-چین، كه له كه‌راچییه‌وه به‌ره‌و به‌نده‌رى گوادار له پاكستان ده‌ست پێ ده‌كات، دواتر به‌رەو پارێزگاى شینجیان له چین. پڕۆژه‌كه 10 ملیار دۆلارى تێده‌چێت و ده‌توانێت ڕۆژانە نزیكه‌ى یه‌ک ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له كه‌نداوى فارسه‌وه بگوازێته‌وه بۆ چین[14]، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆى زیاتر هه‌مه‌چه‌شنكردن و خێراكردنى هاورده‌كردنى نه‌وت بۆ چین، به له به‌رچاوگرتنى نزیكیى به‌نده‌رى گوادار له كه‌نداوى فارس. پێشبینى ده‌كرێت به بنیاتنانى ئه‌م بۆرییه، مه‌وداى گواستنه‌وه و گه‌یاندنى نه‌وت بۆ په‌كین به شێوه‌یه‌كى به‌رچاو كورت ببێتەوە، له ئه‌نجامدا ئاسایشى وزەی چین به‌هێزتر بكات. به‌ڵام بنیاتنانى ئه‌م هێڵه تا ئێستا له ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه و وه‌ک هێڵه‌كانى تر له‌كاردا نییه.
ڕه‌نگه بنیاتنانى ئه‌م تۆڕه له ڕاكێشانى بۆریى گواستنه‌وه‌ى نه‌وت بۆ چین له كۆمه‌ڵێک وڵاتى ده‌وڵه‌مه‌ند به سه‌رچاوه‌ى سروشتى، بووبێته هۆى هه‌مه‌چه‌شنكردن و به‌شداریكردن له زیاتر به‌هێزكردنى ئاسایشى وزه‌ى چین و دروستكردنى ڕێڕه‌وى نوێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه ده‌بینین له كاتێكدا ڕه‌نگه بۆرییه نه‌وتییه‌كانى كازاخستان-چین و به ڕێڕه‌وێكى سه‌لامه‌ت و جێگیر دابنرێت له پڕكردنه‌وه‌ى به‌شێک له خواستى چیندا، به‌ڵام بۆریى نه‌وتى میانمار-چین مه‌ترسیى له سه‌ره به هۆى ناجێگیریى بارودۆخى سیاسى له میانمار. بنیاتنانى بۆریى پاكستان-چین دیسانه‌وه جێگه‌ى مه‌ترسییه، به هۆى ئه‌وه‌ى زۆرێک له گرووپه تیرۆریستییه‌كان چالاكییه‌كانیان له ناو پاكستان یان له ده‌وروبه‌رى پاكستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. بۆریى گواستنه‌وه‌ى ڕووسیا-چین، چه‌ند جارێک به هۆى كێشه‌ى سیاسییه‌وه گواستنه‌وه‌ى نه‌وت وه‌ستێنراوه، بگره ئێستا ڕووسیاش به‌دواى هه‌مه‌چه‌شنكردنى كڕیاره‌كانیدا ده‌گه‌ڕێت و نایه‌وێت چین به ته‌نها تاكه كڕیارى نه‌وتى ڕووسیا بێت.
ئه‌م شیكاره‌ى سه‌رەوه پێمان ده‌ڵێت هه‌ر چه‌نده ئاسایشى وزه‌ى چین هه‌مه‌چه‌شن كراوه، به‌ڵام هاتنى نه‌وت له‌م كه‌ناڵانه‌وه زۆر زۆر كه‌متره له ئاست خواسته زۆره‌كه‌ى چین به وزه. ئه‌و مه‌ترسییه سیاسییانه‌ش كه له سه‌ر بۆریى میانمار-چین و پاكستان-چین هه‌ن، پێمان ده‌ڵێن كه چین ناتوانێت ده‌ستبه‌ردارى هێنانى نه‌وتى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بێت له ڕێگه‌ى ده‌ریاوه. هه‌روه‌ها زۆرێک له توێژەران و كاربه‌ده‌ستانى چین پێیان وایه ڕێگه‌ى ده‌ریا بۆ ئاسایشى وزه‌ى چین زۆر گرنگتره له ڕێگه‌ى بۆرى، به‌ڵام پاراستنى ئه‌م ڕێگه‌یه‌ش دیسان تێچووى بۆ چین زیاتره، چونكه له ئیستادا ئاسایشى ڕێگه‌ى ده‌ریایى ڕووبه‌ڕووى كێشه‌ى زۆر بووه‌ته‌وه. ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه بزانین عێراق چ پێگه‌یه‌كى لە ستراتیژیه‌تى ئاسایشى وزه‌ى چیندا هەیە.
گرنگیى عێراق له ستراتیژیه‌تى ئاسایشى وزه‌ى چیندا
ئه‌گه‌ر بێت و سه‌یرى وێنه گه‌وره‌كه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوەڕاست بكه‌ین، ده‌بینین له داهاتوودا ده‌رفه‌تى كه‌متر هه‌یه بۆ كۆمپانیا چینییه‌كان بۆ وه‌به‌رهێنان له كه‌رتى وزه‌ى وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوەڕاستدا، ئه‌م مه‌ترسییه‌ش به ئاشكرا له لایه‌ن چینه‌وه هه‌ستى پێ ده‌كرێت. بۆ نموونه: سعودیه و كوێت ڕه‌نگه خۆیان ده‌ستبه‌ردارى قۆرخكاریى “كۆمپانیا نیشتمانییه‌كان”ى خۆیان نه‌بن له داهاتوودا، مافى دۆزینه‌وه و وه‌به‌رهێنان له كێڵگه نه‌وتییه‌كانى قه‌ته‌ردا بۆ 20 ساڵى تر درێژ كراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى له‌وێ كار ده‌كه‌ن. ڕه‌نگه چین له ئێستادا چاوى بڕیبێته كێڵگه نوێیه‌كانى ئه‌بوزه‌بى كه له ساڵى 2018دا به ڕووى كۆمپانیا جیهانییه‌كاندا كرانه‌وه، به‌ڵام كه‌مى و سنوورداریى یه‌ده‌گى نه‌وت له ئیمارات ڕه‌نگه نه‌توانێت خواستى زۆرى وزه‌ى چین پڕ بكاته‌وه. ئه‌گه‌ر قسه له سه‌ر ئێران بكه‌ین، كه په‌یوه‌ندییه‌كى مێژوویى له‌گه‌ڵ چیندا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى چین بتوانێت بڕێک له پێویستیى وزه‌ى خۆى له ڕێگه‌ى وه‌به‌رهێنان له كه‌رتى نه‌وتى ئێران پڕ بكاته‌وه، به‌ڵام به هۆى سزا نێوده‌وڵه‌تییە‌كانه‌وه ئێران تا ڕاده‌یه‌كى زۆر كه‌نارگیر بووه و له ئێستادا ده‌رفه‌ت نییه بۆ كۆمپانیا چینییه‌كان وه‌به‌رهێنان له كه‌رتى وزه‌ى ئێران‌دا بكه‌ن. كۆى ئه‌م شیكاره‌ى سەرەوە پێمان ده‌ڵێت عێراق جیاوازه له زۆرێک له وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ڕه‌نگه له ئێستادا عێراق بتوانێـت ده‌رفه‌تێكى گرنگ بێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بڕێكى دیاریكراوى خواستى چین له سه‌ر نه‌وت، به به‌راورد به وڵاتانى تر‌ى ناوچه‌كه. پێشبینی ده‌كرێت ئه‌وه وزه‌یه‌ى له عێراقه‌وه به‌ده‌ست دێت و گونجاوه بۆ چین له ئێستادا، ڕه‌نگه تا ماوه‌یه‌كى درێژ چین نه‌توانێت له هیچ یه‌كێک له وڵاتانى تر‌ى ناوچه‌كه به‌ده‌ستى بخات.
ئه‌گه‌ر سه‌یرێكى په‌یوه‌ندییه‌كانى چین و عێراق بكه‌ین له بوارى وزه‌دا، چین له ساڵى 1996دا بووه‌ته كڕیارى نه‌وتى عێراق له بڕیارى (986)ی تایبه‌ت به نه‌وت به‌رامبه‌ر خۆراک[15]. كاتێک عێراق له ژێر گه‌مارۆى نێوده‌وڵه‌تیدا بوو، ده‌یتوانى بڕێک له نه‌وتى خۆى بفرۆشێت و به پاره‌كه‌ى خۆراک و ده‌رمان بۆ دانیشتووانى عێراق دابین بكات له ژێر سه‌رپه‌رشتى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا.
دواى ئه‌وه‌ى چین وه‌ک یه‌كێک له گه‌وره‌ترین كڕیارانى نه‌وتى جیهان ده‌ركه‌وت، به دیاریكراوى له دواى ساڵى 2016، چین به نزیكه‌ى 46% به‌رەوژوورى نه‌وتى خۆى له وڵاتانى عه‌ره‌بییه‌وه هاورده ده‌كرد. به پێى دەیتاكان، 11% ئه‌م ڕێژه‌یه له عێراقه‌وه هاورده ده‌كرد. كه‌واته له ڕوانگه‌ى ئاسایشى وزه‌ى چینه‌وه؛ عێراق گرنگه، چونكه بڕێكى دیاریكراو له پێداویستیی نه‌وتى خۆى له عێراقه‌وه هاورده ده‌كات[16]. پێگه‌ى چین له دواى (2011)ە‌وه وه‌ک كڕیارێكى به‌هێزى نه‌وتى عێراق ده‌ركه‌وت به هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى كۆى قه‌باره‌ى هاورده‌كردنى نه‌وت له لایه‌ن ئه‌مەریكاوه، وڵاتانى ئه‌ورووپاش ناتوانن جێگره‌وه‌یه‌كى به‌هێز بن بۆ كڕینى نه‌وتى عێراق. له به‌رامبه‌ردا پێشبینى ده‌كرێت خواستى چین بۆ كڕینى نه‌وت به تێكڕاى ساڵانه به ڕێژه‌ى 1.2 گه‌شه بكات تاوه‌كوو ساڵى 2035. به هه‌مان شێوه عێراق پێویستى به كڕیارى به‌رده‌وام هه‌یه، چونكه نه‌وت وه‌ک تاكه سه‌رچاوه‌ى هه‌نارده‌كردنى عێراقه و گه‌شه‌ى ئابووریى عێراق به‌نده به هه‌نارده‌كردنى نه‌وته‌وه. كه‌واته چین و عێراق وابه‌سته‌ى یه‌كترن.
ئه‌گه‌ر سه‌یرى زمانى ژماره‌كانیش بكه‌ین، ئه‌م ڕاستییه به ئاشكرا تێبینى ده‌كرێت. بۆ نموونه: چین له ساڵى 2022دا نزیكه‌ى 55.49 ملیۆن تۆن نه‌وتى خاوى له عێراقه‌وه هاورده كردووه، نه‌وتى عێراق به ڕێژه‌ى 47.49% بۆ چین هه‌نارده كراوه، عێراق به ته‌نها له چین بڕى 39.04 ملیارى دۆلار داهاتى فرۆشتنى نه‌وتى ده‌ست كه‌وتووه. ده‌بینین چین كڕیارێكى سه‌ره‌كیى نه‌وتى عێراق بووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه عێراق پێگه‌یه‌كى گرنگى هه‌یه له ستراتیژیه‌تى ئاسایشى وزه‌ى چیندا. به پێى دەیتاكانى چین، عێراق به سێیه‌م گه‌وره‌دابینكه‌رى نه‌وتى چین هە‌ژمار ده‌كرێت له دواى سعودیه و ڕووسیا.
سه‌باره‌ت به بوونى كۆمپانیاكانى چین له كێڵگه نه‌وتییه‌كانى عێراق، له ئێستادا كۆمپانیاى سینۆپیكى چینى پشكى له چوار كێڵگه‌ى نه‌وتى عێراقدا هه‌یه، له‌وانه: ئه‌حداب، حلفایا، رومێلا و وێست قورنه‌ى 1، كه ئه‌م كێڵگانه نزیكه‌ى 24 ملیار به‌رمیل یه‌ده‌گى نه‌وتیان هه‌یه. له به‌رامبه‌ردا به‌شێک له كۆمپانیا ڕۆژئاواییه‌كان له عێراق كشاونه‌ته‌وه، له‌وانه كۆمپانیاى ئیكسۆن مۆبێل كه 22.7%ی پشكه‌كانى له وێست قورنه 1 گواسته‌وه بۆ كۆمپانیاى نه‌وتى به‌سڕه و كۆمپانیاى پیترۆچاینا وه‌ک ئۆپه‌ره‌یته‌رى كێڵگه‌كه[17]. له‌م باره‌یه‌وه یه‌كێک له چاودێران له چاوپێكه‌وتنێکدا بۆ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه وتى: كۆمپانیا چینییه‌كان ئامانجیان گه‌ره‌نتیى ئاسایشى وزه‌ى چینه، به‌ڵام كۆمپانیا ڕۆژئاواییه‌كان زیاتر مه‌به‌ستیان قازانجه. هه‌روه‌ها گرێبه‌سته‌كانى عێراق زیاتر گرێبه‌ستى خزمه‌تگوزارین، له كاتى كێبەركێدا هه‌ر كۆمپانیایه‌ک ئاره‌زومه‌ندانه به هه‌رزانتر خزمه‌تگوزارى پێشكه‌ش بكات، گرێبه‌سته‌كه ده‌درێت به‌و كۆمپانیایه. بۆیه لێره‌دا چانسى كۆمپانیا چینییه‌كان زیاتر ده‌بێت[18].
هه‌ندێک هۆكارى تریش بوونى كۆمپاینا چینییه‌كان به باشتر ده‌زانن له ڕۆژئاواییه‌كان، به پێى وته‌ى كه‌سێكى شارەزاى ئه‌م بواره کە ده‌ڵێت: له ئێستادا گرووپە شیعییه‌كان چین به باشتر ده‌زانن له ئه‌مەریكا، چونكه چین كێشه بۆ ئێران دروست ناكات و ده‌سته‌بژێرى سیاسیى عێراقیش په‌یوه‌ندیى توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه، بۆیه كۆمپانیا چینییه‌كانیان به‌لاوه په‌سه‌ندتره. هه‌روه‌ها كۆمپانیا چینییه‌كان وه‌ک سیاسه‌تى وڵاتى چین ده‌ستوه‌ردان له كاروبارى سیاسى و ئابووریى ناوخۆى هیچ وڵاتێكدا ناكه‌ن. له ئێستادا عێراق به چه‌ندین گرفتى بنه‌ڕە‌تیى ئیدارى و ده‌زگاییه‌وه ده‌ناڵێنێت، بۆیه ئه‌م خاڵه‌ش هاوكاره بۆ په‌سه‌ندێتیى كۆمپانیا چینییه‌كان تاوه‌كوو ئه‌مەریكییه‌كان[19].
هه‌رێمى كوردستان
حكومەتی هەرێمی كوردستان له ساڵی 2007دا یاسای ژماره 22ی نەوت و گازی دەركرد كه یاساكه دەسەڵاتی داوه به هەرێمی كوردستان دەستكراوه بێت به ڕووى كۆمپانیا جیهانییەكاندا بۆ وە‌بەرهێنان له بوارى نەوت و گازدا. له ئێستادا له هەرێمی كوردستان پتر له 40 كۆمپانیای وزه كار له گەڕان و دەرهێنانی نەوتدا دەكەن كه زیاتر له 30 وڵاتەوه هاتوون. لەگەڵ 45 ملیار به‌رمیل نەوتی خەمڵێنراو لە نەوتی یەدەگ لە هەرێمدا، هەرێم ئاماده‌یه ببێته یاریكه‌رێكی بنچینه‌یی نێوده‌وڵه‌تی له بازاڕى وزەدا[20]. لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتەكانی گەڕان، هەرێم به بەردەوامی به‌رەوپێشچوونی بەخۆیەوه دیوه، بۆ نموونه له 2011دا تەنها ڕۆژانه هه‌زار به‌رمیل بەرهەم هاتووه، بەڵام تا پێش بڕیارى دادگاى پاریس سه‌باره‌ت به وه‌ستانى ناردنى نه‌وتى هه‌رێم، به تێكڕا هەرێم ڕۆژانه زیاتر له (420-430) هەزار به‌رمیلى نه‌وتى هه‌نارده ده‌كرد. جگه له بوونی یەدەگی سەلمێنراوى نەوت، له هه‌رێم گازی سروشتیی سه‌لمێنراو به زیاتر له 200 ترلیۆن مه‌تر سێجا مه‌زه‌نده دەكرێت. له ئێستادا ئه‌و گازه‌ى بەرهەم ده‌هێنرێت، تەنها بەشی پێداویستیی ناوخۆ دەكات. هەر كاتێک پێویستییه ناوخۆییەكانی وەک كارەبا و پیشەسازی هاتنە دی، ئەوا ئەوەى دەمێنێتەوه دەتوانرێت هەناردەى دەرەوه بكرێت. له ئێستادا چەندین كێڵگەى گاز له په‌ره‌پێداندان، تۆڕێكی ناوخۆیى گاز له دروستكردندایه، هەندێک له وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای نیشتمانی له گازۆیلەوه گۆڕاون بۆ گاز.
بەڵام پشتڕاستكردنەوه‌ى ئەم زانیارییانه نیشانه‌ى پرسیاریان لە سه‌ره، چونكه ئەم زانیارییانەى سه‌ره‌وه له لایەن سەنتەرێكی بێلایەنی توێژینەوه‌ى جیهانییەوه پشتڕاست نەكراونه‌ته‌وه. بۆ نموونه؛ بوونی 45 ملیار یەدەگی نەوت ته‌نها یەکلایه‌نه باس كراوه و ناوچه جێناكۆكەكانیشى گرتووه‌ته‌وه. بەڵام له‌م دواییه‌دا دوو دامەزراوەی جیهانیی وەک ئیدارەی زانیاری و وزەی ئه‌مەریکا و ڕیستاد ئینێرجیى نه‌رویجی له دوو ڕاپۆرتی جیادا ڕایانگه‌یاندووە بڕی یه‌دەگی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان نزیکه‌ی سێ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن به‌رمیله. ئه‌م زانیارییانه له كۆمەڵێک سه‌رچاوه‌ى ترەوه ئاماژەیان پێ دراوه[21]. له ئێستادا هه‌رێمی كوردستان خاوەنی 8 كێڵگه‌ى سامانی سروشتییه كه بەسەر 57 بلۆكدا دابەش بوون، 40 بلۆكیان له ناوه‌وه‌ى پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانن، بەڵام 17 بلۆكیان كەوتوونەته ناوچه جێناكۆكه‌كان. لەم ڕێژه‌یه 48 بلۆكیان نەوتین كه تەنها 9 بلۆكیان گەیشتوونەته قۆناغی به‌رهه‌مهێنان. بلۆكه گازییەكانیش ژمارەیان 10 كێڵگەى گازییه، بەڵام تەنها كێڵگەى كۆرمۆر له قۆناغی بەرهەمهێناندایه[22]. كێشه‌یه‌كی تر بریتییه له كێشەى یاسایی لەگەڵ بەغداد كه تا ئێستا یاسای نەوت و گاز له بەغدا پەسه‌ند نه‌كراوه و لەم دواییانەدا دادگای فیدراڵی بڕیاری دا كه هەموو گرێبەسته‌كانی نه‌وت و گازی هەرێم نادەستوورین و یاساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى هه‌ڵوه‌شانده‌وه[23].
سه‌باره‌ت به بنیاتنان و به‌هێزكردنى ژێرخانى وزه، هه‌رێم ته‌نها له ڕێگه‌ى یه‌ک بۆریى گواستنه‌وه‌ى كوردستان-جیهانه‌وه نه‌وت ده‌نێرێته ده‌ره‌وه. ده‌بینن هه‌رێمى كوردستان محكومه به هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافیاكه‌ى، بۆ نموونه لەگەڵ عێراق؛ هەرێم ناكۆكییەكی قووڵی هەیه له مه‌سه‌له‌ى نه‌وت و گازدا، چونكه ئێستا عێراق له دادگاى نێودەوڵەتی سكاڵای له سه‌ر هه‌رێم هه‌یه، له ناوخۆشدا له دادگای فیدراڵی بڕیاری داوه كه كۆى پڕۆسەى بەرهه‌مهێنان و فرۆشتنی نەوت ناده‌ستوورییه. له (2011)ە‌وه سووریا نائارامه و شەڕى تێدایه، لەم ساتەدا هەرێم به هیچ شێوەیەک ناتوانێت بیر له ڕێگەى سووریا بكاتەوه بۆ ناردنی نەوت. میلیشیاكانی سەر به ئێران چەندین جار هێرشی ناڕاستەوخۆیان كردووەته سه‌ر كێڵگه گازییەكانی هەرێم و له ئێستادا ئێران پێی خۆش نییه تەنانەت كه عێراق وڵاتێكی دراوسێیه؛ ببێته بەرهەمهێنی گاز. كەواته بە لای ئێرانەوه قبووڵكراو نییه هه‌رێمى كوردستان ببێته به‌رهەمهێن و هه‌نارده‌كه‌رى گاز.
ئەم هەڵكەوته جیۆپۆله‌تیكییه تەنها توركیای له باكوورەوه وەک تاكه بژاردەیەک هێشتووەتەوه بۆ ناردنی نەوتی هەرێم كه هەرێم و توركیاى كردووه به هاوبەشێكی ئاڵۆز[24]. له لایەكی ترەوه ساڵی 2014 عێراق له دادگاى نێوبژیوانیكردن له ژوورى بازرگانی له پاریس، سكاڵاى یاسایی له سەر توركیا تۆمار كردووه كه كرۆكی سكاڵاكه بریتییه له تۆمەتباركردنی حكومەتی توركیا كه بەبێ ڕەزامەندیی حكومەتی عێراق ڕێگەى به هەرێم داوه له ڕێگه‌ى توركیاوه نەوت هەنارده بكات. له ئێستادا ئه م دۆسێیه بۆ لایەنی عێراق یەكلا بووەتەوه. به پێی بڕیارەکه‌ی دادگا، حکومه‌تی عێراق له ڕێگه‌ی كۆمپانیای به‌بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) تاکه لایه‌نى به‌رپرسیارە له به‌ڕێوەبردنی کارەکانی هه‌ناردەکردنی نەوت له ڕێگه‌ی به‌ندەری جەیهانی تورکیاوە[25]. له دۆخێكی لەم جۆرەشدا، ئەگەر توركیا و هەرێم ئەو بڕیاره پشتگوێ بخەن، ئەوكات به یاسایی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێته نەوتێكی قاچاخ و له ئەنجامدا ناتوانرێت وەک پێویست بفرۆشرێت.
سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌مانه‌ى سه‌ره‌وه، نەبوونی دیدگاى هاوبەشی حیزبه سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵات، ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی له سه‌ر پرسی وزه؛ بزوێنەرى زۆرێک له گرفته‌كانن. ئێستا له هەرێمدا “دووله‌تکردنى جوگرافیاى هه‌رێم و دووبارە یه‌کگرتنه‌وەیه‌کى له‌رزۆک له سایه‌ى جۆرێک له دووئیدارەیی شاراوەدا”[26]به تەواوەتی قووڵ بووەتەوه و وزه‌ش بووەته چەقی ململانێكانی هەردوو پارت، كه بڕوایان وایه هەر لایەک دەست بەسەر كەرتی وزەدا بگرێت؛ ڕاسته‌وخۆ ئابووریى هه‌رێم كۆنترۆڵ دەكات. ئەو پارتەى هێزی ئابوورى كۆنترۆڵ بكات، دەسەڵاتی سیاسییش كۆنترۆڵ دەكات. ئەمەش به تایبەت لای یەكێتیی نیشتمانی مەترسیی دروست كردووه، وەک بڕوایان وایه به هۆى كۆنترۆڵكردنی نه‌وته‌وه پارتی پێگه‌ى خۆى بەهێز كردووه. له ڕابردوودا ڕه‌نگه یەكێتی وانەیەک فێر بووبێت كه نایانەوێت كەرتی گاز بە دەردی كەرتی نەوت بڕوات، كه زۆربەى كێڵەگه و یەدەگی گاز كەوتووەته ئەو ناوچه جوگرافییەی كه بە زۆنی سەوز ناسراوه و یەكێتی تێیدا باڵادەسته. دابەشبوونێكی لەم شێوەیه، دەرخەرى ئەو ڕاستییەیه كه سێكتەرى وزه له چواچێوەیه‌كی نیشتمانی و سیاسەتى حكومیی بێلایەندا بەڕێوه ناچێت، بەڵكوو ڕۆڵی حیزب و نەبوونی دیگای هاوبەش به فاكتەرێكی نێگەتیڤ دادەنرێت.
له ڕابردوودا كۆمه‌ڵێک كۆمپانیا كه له هه‌رێم كاریان ده‌كرد، له لایه‌ن وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراقه‌وه خرانه لیستى ڕه‌شه‌وه و ئه‌و ئیمتیازه‌یان لێ سه‌نرایه‌وه كه ناتوانن له بەغدا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن. زۆرێک له كۆمپانیا گه‌وره‌كانى بوارى وزه نایا‌نه‌وێت ئه‌و ڕیسكه بكه‌ن، چونكه له دواى بڕیارى دادگاى پاریس، ئه‌گه‌ر له هه‌رێمیش نه‌وت بدۆزرێته‌وه و به‌رهه‌م بهێنرێت؛ ئه‌وه فرۆشتنى له ده‌سه‌ڵاتى عێراقدایه. خاڵێكى تر كه جێگه‌ى ترسه له لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه، نه‌بوونى یاساى نه‌وت و گازه له سه‌ر ئاستى عێراق بۆ ڕێكخستن و ڕوونكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى عێراق و هه‌رێمه‌كان له بوارى نه‌وت و گازدا. هه‌رێم خۆى یاساى نه‌وت و گازى ده‌ركردووه به ژماره 22ى ساڵى 2007، له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه كۆمپانیا بیانییه‌كان وه‌به‌رهێنانیان له كوردستان ده‌ست پێ كرد، به‌ڵام دیسانه‌وه دادگاى فیدراڵى ئه‌م یاسایه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه، سه‌ره‌ڕاى كێشه نێوخۆییه‌كانى هه‌رێم كه له سه‌ره‌وه ئاماژەمان پێ دا كە بوونه‌ته هۆی دروستكردنى نیشانه‌ى پرسیارى زیاتر له سه‌ر وه‌به‌رهێنان له كه‌رتى وزه‌ى هه‌رێمدا.
بۆیه ده‌توانین به‌و به‌ره‌نجامه بگه‌ین كه له ئێستادا هه‌رێم گرنگییه‌كى ئه‌وتۆى نییه بۆ ئاسایشى وزه‌ى چین. یه‌كێک له شرۆڤه‌كاران پێى وایه پێشتریش نه‌وتى كوردستان به كۆمپانیا ئه‌ورووپییه‌كان فرۆشراوه، چین ڕۆڵى زۆر سنووداره له كێڵگه نه‌وتییه‌كانى هه‌رێمدا، ته‌نها یه‌ک كۆمپانیاى له كێڵگه‌ى ته‌قته‌ق كار ده‌كات[27]. به‌ڵام پێده‌چێت چین له ڕوانگه‌یه‌كى ترەوە سه‌یرى هه‌رێم بكات، هه‌رێم له بواره‌كانى تردا بۆ چین گرنگه، وه‌ک په‌یوه‌ندیكردن و بوونى كۆمپانیایه‌كى زه‌به‌لاحى وه‌ک هواوى له دابینكردنى زۆرێک له خزمه‌تگوزارییه‌كانى ئاسیاسێڵ له سلێمانى و كۆڕه‌ک له هه‌ولێر و له هه‌ندێک سێكته‌رى وه‌ک به‌رهه‌مهێنانى چیمه‌نتۆ… هتد.
ده‌رئه‌نجام
بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پرسیارى سه‌ره‌كیى ئه‌م توێژینه‌وه‌یه: ئایا عێراق چ ڕۆڵێكى هه‌یه له دابینكردنى ئاسایشى وزه‌ى چیندا؟ به پێى شیكارى سه‌ره‌وه، بۆمان ڕوون بووه‌وه كه عێراق ڕۆڵێكى كاریگه‌ر ده‌بینێت له ستراتیژیه‌تى ئاسایشى وزه‌ى چیندا، به‌ڵام له‌بیرمان بێت كه ڕۆڵه‌كه‌ى میحوه‌رى نییه. له ئێستادا چین له یه‌ک كاتدا نه‌وت له 11 وڵاته‌وه هاورده ده‌كات، وه‌ک: ڕووسیا، سعودیه، ئه‌نگۆلا ، عێراق، عەمان، به‌ڕازیل، كوێت، فه‌نزوێلا… هتد. چین توانیویەتى ستراتیژى خۆى هه‌مه‌چه‌شن بكات، واته ئه‌گه‌ر كێشه‌ى له لایه‌كه‌وه بۆ دروست بیبێت؛ ده‌توانێـت له لایه‌كى تره‌وه قه‌ره‌بووى بكاته‌وه. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه‌ش بزانین له ئێستادا به هۆى ئه‌و كێشانه‌ى له هێڵەكانى بۆریى گواستنه‌وه‌دا هه‌یه: به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت و بارودۆخى جه‌نگى ئۆكرانیا و به‌رزبوونه‌وه‌ى خواستى وڵاتانى ئه‌ورووپا له سه‌ر وزه، ده‌ستڕانه‌گه‌یشتن به وزه‌ى ئێران؛ ده‌بینین بژارده‌كانى چین كه‌متر بوونه‌ته‌وه. له ئێستادا ڕەنگه بۆ چین ئاسان نه‌بێت ئه‌و بڕه وزەی له عێراقه‌وه ده‌ستى ده‌كه‌وێت؛ بتوانێت به ئاسانى له وڵاتانى تره‌وه ده‌ستى بكه‌وێت. سه‌رەڕاى ئه‌مه‌ش خواستى چین له سه‌ر وزه له هه‌ڵكشاندایه، له به‌ر ئه‌وه ساڵانه پێویستى به وزه‌ى زیاتر هه‌یه، عێراقیش پێویستى به كڕیار هه‌یه، چونكه چین به نزیكه‌یى نیوه‌ى نه‌وتى عێراق ده‌كڕێت. دەتوانین به‌و ئه‌نجامه بگه‌ین له ئێستادا چین و عێراق وابه‌سته‌ى یه‌كترن. پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و وزه‌یه‌ى له عێراقه‌وه به‌ده‌ست دێت و گونجاوه بۆ چین له ئێستادا، ڕه‌نگه تا ماوه‌یه‌كى درێژ چین نه‌توانێت له هیچ یه‌كێک له وڵاتانى تر‌ى ناوچه‌كه به‌ده‌ستى بخات. به‌ڵام سه‌باره‌ت به هه‌رێمى كورستان، ڕۆڵى له ستراتیژیه‌تى وزه‌ى چیندا له ئێستا و داهاتوودا، ڕه‌نگه هه‌رێم بۆ ئاسایشى وزه‌ى چین ئه‌و گرنگییه‌ى نه‌بێت. چین له ڕوانگه‌یه‌كى ترەوه سه‌یرى هه‌رێم دەكات بۆ وه‌به‌رهێنان له سێكته‌ره‌كانى تردا، هه‌رێم له بواره‌كانى تردا بۆ چین گرنگه، وه‌ک په‌یوه‌ندیكردن و بوونى كۆمپانیایه‌كى زه‌به‌لاحى وه‌ک هواوى له دابینكردنى زۆرێک له خزمه‌تگوزارییه‌كانى بوارى په‌یوه‌ندیكردن.
سەرچاوەكان
[1] Kvern, Michael, Patricia Fitzpatrick, and LeeAnn Fishback. “Empowering Churchill.” Arctic 75, no. 2 (2022): 149-160.
[2] Willrich, M., 1976. International energy issues and options. Annual Review of Energy, 1(1), pp.743-772.
[3] Cherp, A. and Jewell, J., 2014. The concept of energy security: Beyond the four As. Energy policy, 75, pp.415-421.
[4] Willrich, M., 1976. International energy issues and options. Annual Review of Energy, 1(1), pp.743-772.
[5] Energy security Reliable, affordable access to all fuels and energy sources Available at: https://www.iea.org/topics/energy-security [accessed at: February, 2024].
[6] Biesenbender, Sophie. “The EU’s energy policy agenda: Directions and developments.” Energy policy making in the EU: Building the agenda (2015): 21-40.
[7] Wu, Kang. “China׳ s energy security: Oil and gas.” Energy Policy 73 (2014): 4-11.
[8] Yergin, Daniel. “Energy Security in the 1990s.” Foreign Aff. 67 (1988): 110.
[9] Breslin, Shaun. “Power and production: Rethinking China’s global economic role.” Review of International Studies 31 (2005): 735-753.
[10] Leung, Guy CK. “China’s energy security: perception and reality.” Energy Policy 39, no. 3 (2011): 1330-1337.
[11] https://www.investopedia.com/articles/investing/102214/why-china-worlds-factory.asp
[12] For more detail see: Wang, Hailin, Xi Yang, and Xunmin Ou. “A study on future energy consumption and carbon emissions of China’s transportation sector.” Low carbon economy 5, no. 4 (2014): 133-138.
[13] For more detail see: https://www.bakerinstitute.org/open-source-mapping-chinas-energy-infrastructure [accessed 30 march 2024], and [13] Leung, Guy CK. “China’s energy security: perception and reality.” Energy Policy 39, no. 3 (2011): 1330-1337.
[14] https://www.lowyinstitute.org/the-interpreter/china-s-pipeline-dream-pakistan [accessed at: 2March 2024].
[15] Independent Inquiry Committee into the United Nations Oil-for-Food Programme, Paul A. Volcker, Richard Goldstone, and Mark Pieth. Manipulation of the Oil-for-Food Programme by the Iraqi Regime. Independent Inquiry Committee into the United Nations Oil-for Food Programme, 2005.
[16] For more detail see: https://www.spglobal.com/commodityinsights/en/market-insights/latest-news/oil/021524-iraq-looks-to-chinese-investors-to-meet-ambitious-output-growth [accessed at: 22 Feb 2024].
[17] https://shafaq.com/en/Economy/Iraq-heads-to-China-to-boost-its-oil-production [accessed at: 22 Feb 2024].
[18] چاوپێكه‌وتنی توێژه‌ر له‌گه‌ڵ شاره‌زا (نەیویست ناوی ئاشكرا ببێت) له بوارى كاروبارى چین، 15/ 3/2024.
[19] چاوپێكه‌وتنی توێژه‌ر له‌گه‌ڵ شاره‌زا له بوارى كاروبارى چین، 15/ 3/2024.
[20] بۆ نووسینی ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه، نووسه‌ر زیاتر سوودی له ماڵپه‌رى وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان بینیوه. بۆ زانیاریی زیاتر، بروانه:
https://gov.krd/mnr [accessed at:20 March 2024]
[21] بۆ زانیاریى زیاتر له سه‌ر ئه‌م دەیتایانه، بڕوانه:
Iraq at a crossroads: Kurdish energy competition with Iran availableat: https://www.gisreportsonline.com/r/kurdish-energy-competition-iran/[accessed at: 25 March 2023]
https://www.eia.gov/international/content/analysis/countries_long/Iraq/
Total recoverable oil worldwide is now 9% lower than last year, threatening global energy: available at: securityhttps://www.rystadenergy.com/news/total-recoverable-oil-worldwide-is-now-9-lower-than-last-year-threatening-global[accessed at:20 March 2023]
Overview & Reserves available at: https://www.danagas.com/operations/kri/#overview [accessed at:20 March 2023].
Sardar Aziz, Iraqi Kurdistan Gas Resources: The Icarus Adventure available at: https://epc.ae/en/details/featured/iraqi-kurdistan-gas-resources-the-icarus-adventure#:~:text=According%20to%20the%20KRG%20Natural,of%20the%20world’s%20total%20reserves. [accesst at: 4 February 2023]
[22] بۆ زانیاریى زیاتر له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، بڕوانه سایتی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان:
https://gov.krd/mnr/ [accesst at: 15 February 2024]
[23] بڕیارى دادگای فیدراڵیی عێراق له سه‌ر سكاڵای ژماره 110/2019 له 15/2/2022، له ڕۆژنامه‌ى وه‌قائیعی عێراقی، ژماره 4668، له 28ی شوباتی 2022، له‌م ماڵپه‌ڕە به‌رده‌سته: https://www.moj.gov.iq/upload/pdf/4668.pdf[accessed 26 March 2023
[24] Paasche, Till F., and Howri Mansurbeg. “Kurdistan Regional Government–Turkish energy relations: a complex partnership.” Eurasian Geography and Economics 55, no. 2 (2014): 111-132. Also, Mills, Robin. “Under the mountains–Kurdish oil and regional politics.” (2016)
[25] Iraq wins case against KRG’s independent oil exports; available at: https://www.rudaw.net/english/middleeast/iraq/25032023 [accessed at:1 April 2024]
[26] د. یوسف گۆران، د. ئومێد ڕەفیق فەتاح، د.عابد خالد ڕەسووڵ، د.هەردى مەهدى میکە: ئاڵنگارییەکانی بەردەم قەوارەی هەرێمی کوردستان، ڕانانی ئایندەیی ژمارە (٧)، ئابى 2020.
[27] چاوپێكه‌وتنی توێژه‌ر له‌گه‌ڵ شاره‌زا له بوارى كاروبارى چين، 15/ 3/2024.