• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 1, 2018

ئەگەرەکانی بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانیی لە سلێمانی: ‘هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری’ و ‘نەوەی نوێ’ وەک نمونە

نوسینی: جەلال حەسەن مستەفا

ژمارە ٢٤ی گۆڤاری ‘جۆڕناڵ’، ئایاری ٢٠١٨

پێشەکیی

چەند هەفتەیەکی کەمی ماوە تا هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ئایاری ٢٠١٨ی عێراق ئەنجام بدرێت. یەکێک لەو فاکتەرانەی ئەم هەڵبژاردنە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا جیادەکاتەوە لە ئەوانی پێشتر، سەرهەڵدان و هاتنە ناو کایەی سیاسیی چەند هێزێکی نوێیە کە دەیانەوێت پێگەیەکی سیاسی کاریگەر لە پرۆسەی یاسادانان و چاودێریی لە پەرلەمانی داهاتوی عێراقدا بۆ خۆیان دابینبکەن. لە نمونەی ئەم هێزانە لە عێراق ئەو هاوپەیمانی و حیزبە سیاسیانەن کە هێزی خۆیان لە جەماوەریبوون و کاریگەریی حەشدی شەعبیەوە وەردەگرن، کە بەشدارێکی کاراو یەکلاییکەرەوە بوە لە شکستپێهێانی داعش لە ناوچە سونینیشینەکانی عێراقدا و توانیوێتی دەستبگرێت بەسەر ئەو ناوچانەی کەرکوک کە بەجێناکۆک ناسراون و چەندین ساڵ لە ژێر کاریگەریی هەژمونی دەسەڵاتی کوردی و هەرێمی کوردستاندا بوون. لە هەرێمی کوردستانیش چەند هێزێکی نوێ سەریانهەلداوە لە هەناوی بەرەنجامە نێگەتیڤەکانی ڕیفراندۆمی ٢٥ ی ئەیلول و کەڵەکەبونی یەک لە دوای یەکی قەیرانە دارایی و سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر سایەی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. دوان لەم هێزانە بریتین لە هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری (کە بەرهەم ساڵح- ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و جێگری ئەوکاتی سکرتێری گشتی یەکێتی سەرپەرشتی دەکات) و نەوەی نوێ ( کە شاسوار عەبدولواحید سەپەرشتی دەکات- بزنزمانێکی خاوەن پرۆژەکانی گوندی ئەڵمانی و چاڤیلاند و کۆمپانیای نالیا و کەناڵەکانی ئین ئارتی یەک و دووە). ئەم نوسینە هەوڵدەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا ئەم دوو هێزە سیاسیە لە یەکەم بەشداریی سیاسی لە هەڵبژاردنەکاندا دەتوانن کاریگەربن و پێگەی حیزبەکانی تر لە سلێمانیدا لاواز بکەن؟

هەڵبژاردنەکانی ئایاری ٢٠١٨ لە سلێمانیدا

بەپێی وێبسایتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دانیشتوانی سلێمانی ٢،١٥٦،١٨٦ کەسن و لەمانە ١،١٦٨،١٩٩ کەسیان دەنگدەرن (١). ژمارەی کورسی پەرلەمانی تەرخانکراو بۆ ئەم پارێزگایە ١٨ کورسیە. چەندین حیزبی سیاسی کوردی و عەرەبیی کێبرکێدەکەن بۆ بەدەستهێنانی پشک لە کورسیەکانی ئەم پارێزگایە. لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا تەنها ٥ لەو حیزبانە توانیویانە بە ڕێژەی جیاواز ئەم کورسیانە بە دەستبهێنن (سەیری خشتەی ژمارە ١ بکە). لێرەدا پرسیاری بنەرەتی ئەوەیە کە ئایا ئەم دوو حیزبە نوێیە کوردیە (لسیتی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی و نەوەی نوێ) دەتوانن کورسی پەرلەمانی لە سلێمانیدا بە دەستبهێنن و نۆرمی ٥ حیزبەکە بشکێنن و و بیکەنە ٧؟ لە پێناوی گەیشتن بە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، هەندێک پرسیاری تر دەبێت وەڵامبدرێنەوە لەوانە، کاتێک نۆرمی ٥ حیزبەکە بشكێت، ئایا کام لە ٥ حیزبە ئەگەری زیاتری لە دەستدانی کورسیەکانی خۆی هەیە بۆ ئەم دوو حیزبە نوێیە؟
بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ئایاری ٢٠١٨ لە پارێزگای سڵیمانی، بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ١٢ حیزب و هاوپەیمانی کێبرکێی بە دەستهێنانی بەشێک لەو ١٨ کورسیە تەرخانکراوانە دەکەن. لە کۆی ئەم لیستانە ٩ی حیزبی کوردی هەن. سێ لەم لیستانە هاوپەیمانیە عەرەبیەکانن کە ئەمانەن: هاوپەیمانی سەرکەوتن (إئتلاف النصر بە سەرۆەکایەتی حەیدەر عەبادیی)، تەیاری حیکمە (تیار الحکمة بەسەرۆکایەتی عەمار حەکیم)، هاوپەیمانی نیشتمانیی (إئتلاف الوطنیة بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەلاویی).

وەک ئاماژەمپێدا، ئەم نوسینە باس لەو پێگە و کورسیە پەرلەمانیە دەکات کە ڕەنگە نەوەی نوێ و لیستی هاوپەیمانی بەدەستیبهێنن. ئەوەی وادەکات تەنها تەرکیز لەسەر ئەم دوو لایەنە سیاسیە بکەمەوە دوو خاڵە:

یەکەم، ئەگەرێکی زۆر لاوازە کە هەر یەکێک لە لیستە عەرەبیەکانی بەشداری هەڵبژاردنەکانی پارێزگای سلێمانی کورسی پەرلەمانیی بەدەستبهێنن. هۆکارەکانی پشت ئەم گریمانەیە زۆرن. ڕەنگە هەندێک پێیانوابێت کە عەبادی لە ڕێی ناردنی بڕێک پارەوە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران توانیبێتی کە جەماوەر هێندەی نرخی کورسیەک بەدەستبهێنێت، یاخود بوترێت کە بەهۆی بێزاریەکانی خەڵکەوە لە حیزبە سیاسیەکان ڕەنگە دەنگبدرێت بەم لیستە عەرەبیانە، بە تایبەت لیستەکەی عەبادیی. لە ڕاستیدا ئەم ئەگەرانە زۆر لاوازن و پێناچێت ئەو بەرەنجامەیان لێبکەوێتەوە. هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە تا ئێستا هەستی ناسیۆنالیستی زۆرینەی خەڵک زاڵە بەسەر بیرکردنەوەیاندا وایان لێدەکات، کە لە ئەگەری بێزاریەکی زۆریشدا لە هێزە سیاسیە کوردیەکان، بڕیاربدات نەچێت بۆ دەنگدان یان لەئەگەری چونیشدا، دەنگەی خۆی بسوتێنێت، نەک بیداتە لیستێکی عەرەبیی.

دووەم، ئەوە لیستە کوردیانەی تر کە بەشدارن لە هەڵبژاردن (بەدەر لە ٥ حیزبەکە و ئەو دووحیزبەی بابەتی ئەم نوسینەن) ئەگەرێکی زۆر لاوازە کە هەریەکێکیان بتوانێت کورسیەکی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت. حیزبە بەشداربوەکانی تر کە هەریەکەیان بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداریدەکەن ئەمانەن: حیزبی شیوعی کوردستان/ عێراق و حیزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان. ئەم دوو لایەنە لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ساڵی ٢٠١٥ ی هەرێمی کوردستاندا هاوپەیمانێتیان (بە ناوی لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی کوردستانی) لەگەڵ چەند حیزبێکی تر پێکهێنابوو. ئەو هاوپەیمانێتیە تەنها توانیبوی، بە کۆی ١٠،٥١٢ دەنگ، لە کۆی ٣٢ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تەنها ١ کورسی بەدەستبهێنێت (٢). لای هەموان ڕوونە کە بەهای کورسیەکی پەرلەمانی عێراق چەندجارەی کورسیەکی ئەنجومەنی پارێزگاکانە (بۆ نمونە بەهای کورسیەکی پەرلەمان لە سلێمانی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٢٠١٤ دا ٤٩،٦٢٣ دەنگی دروستە). ئێستا، سەڕەڕای بەجیا هاتنە ناو هەڵبژاردنەکانی ئەم دوو حیزبەی ناو هاوپەیمانێتیەکە، ئەگەرێکی زۆر کەمە بتوانن ڕێژەی دەنگەکانیان یەک بە پێنج زیادی کردبێت تابتوانن کورسیەکی پەرلەمان بەدەستبهێنن.

لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی

ئەم لیستە بۆ یەکەمجارە مۆڵەت لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وەردەگرێت وەک حیزبێکی سیاسی و بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات، بەڵام کەسایەتیە سەرەکیەکانی، هەریەکەیان لەحیزبێکی سیاسی ترەوە هاتوون. کەسایەتی یەکەم و دیاری ئەم حیزبە (بەرهەم ئەحمەد ساڵح)ە کە دەیان ساڵ ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە دوا پلەشی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە. (ئارام قادر) یەکێکی ترە لە کەسایەتیە دیارەکانی ئەم حیزبە کە چەند دەیەیەک لە بزاڤە ئیسلامیەکاندا کاریکردووە ( پێش ڕاپەرین وەک خەتی دووەمی ئیخوان موسلمین و دوای ڕاپەڕینیش لە بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی و دواتر لە بزوتنەوەی یەکبون و پاشتر لە ناو کۆمەڵی ئیسلامیدا. دوا پۆستیشی لە ناو کۆمەڵدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی بووە. کەسایەتی سێهەمی ئەم حیزبە (محەمەد ڕەئوفە کە دوا پۆستی لە ناو یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بووە و لە دوا کۆنگرەی یەکگرتوشدا مونافیسی -سەڵاحەدین بەهادین-ی ئەمینداری گشتی ئێستای یەکگرتوو بووە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی ئەمینداری گشتیی). ئەم سێ کەسایەتیە و بنەڕەتە حیزبیەکەیان دەکرێت ئەگەری بەدەستهێنانی کورسی لە لایەن ئەم لیستەوە زیاتر بکات.

هەریەک لەم کەسایەتیانە خاوەن جەماوەری خۆیان بوون لە ناو حیزبەکانیاندا. بەرهەم ساڵح، کە جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیش بووە، پشتگیریی بەشێکی کەم لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەبووە و لەناو سەرکردایەتی یەکێتیشدا، بەپێی هەندێک سەرچاوەی نافەرمی، پشتگیریی ١/٤ ی ئەنجومەنکەی هەبووە (پێش دەرچونی لە یەکێتی). بەرهەم ساڵح، چەند جارێک سەرۆکایەتی وەزیرانی وەرگرتووە و جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی کاتیی عێراق بووە لە ٢٠٠٤ و وەزیری پلاندانانی حکومەتی ڕاگوزەریی بووە لە ٢٠٠٥. خاوەنی چەند پرۆژەیەکی وەک تواناسازی و دروستکردنی زانکۆی ئەمریکیە لە سلێمانی. خۆ ئەگەر گریمانەی ئەوە بکرێت کە جەماوەرەکەی بەرهەم سالح یەکێتی بەجێدەهێڵن (کە ڕەنگە ئەمە ئاسان نەبێت بۆ ئەندامانی یەکێتی کە دەست لە مێژوو و نۆستاڵجیا هەڵبگرن)، ئەوا بە دڵنیاییەوە چانسی هاوپەیمانی بەهێزتر دەکات لە بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانیی لە سلێمانی.

ئارام قادر، سیاسیەکی دیار و کاریگەریی ناو کۆمەڵی ئیسلامی بووە. کاریگەریەکەی بە تایبەت لەسەر ئەو گەنج و کەسایەتیانە بووە کە پێشتر وەک بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی بەیەکەوە کاریانکردووە. لە هەمانکاتدا، ئارام قادر لە دوای وازهێنانی لە ئەندامێتی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی لە ڕێگەی چەند پرۆژەیەک توانیوێتی کاریگەریی لەسەر گەنجان بەجێبهێڵێت و دواتریش بەشێکیان پەلکێشی ناو هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بکات. لە بەرامبەردا، کۆمەڵی ئیسلامی لە پێناو کەمکردنەوەی کاریگەریی ئارام قادر لەسەر کەمبونەوەی دەنگەکانیان و لاوازکردنی کاریگەریەکەی لەسەر هاوڕێیانی لە بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی پێشتردا، هەستاوە بە کاندیدکردن و دووبارە کاندیدکردنەوەی بەشێک لەو کەسایەتیانە لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی. بەم هەنگاوەش، تا ڕادەیەک، ڕەنگە کاریگەریی ئەم کەسایەتیە لەسەر ڕێکخستنەکانی کۆمەڵی ئیسلامی لاوازتر ببێت لە دەنگدانی ئایاری ٢٠١٨دا.
یەکێکی تر لە کەسایەتیە سەرەکیەکانی ناو هاوپەیمانی ‘محەمەد ڕەئوف’ە کە ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو بووە. ڕەنگە کاریگەریی ئەم کەسایتیە لەسەر بەهێزبونی جەماوەری هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی لە دوو کەسایەتیەکەی پێشوو کەمتر و لاوازتربێت. هۆکارێکی سەرەکی لەم میانەیەدا، سروشتی ڕێکخستن و حیزبایەتیە لەناو یەکگرتووی ئیسلامیدا. سروشتی سیاسی ئەم حیزبە وایە کە بەشێکی زۆر لە ئەندامانیی جۆرێک لە شانازیان هەیە بە کەسایەتی مەعنەوی یەکگرتووەوە کە ئامادەن شوێن هیچ کەسایەتیەکی کاریگەر و دیاری ناو یەکگرتوو نەکەون لە کاتی وازهێنانی یان پەیوەندیکردنی بە حیزبێکی دیکەوە. سەرەڕای ئەمەش ڕەنگە کەمینەیەک هەبن کە شوێن کەسایەتی محەمەد ڕەئوف کەوتبن و بوبنە ئەندامی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی هەندێکیش لەمانە کاندیدی پەرلەمانی عێراقن لە سلێمانی و هەولێر.

کۆی ئەم چەند پاراگرافەی سەرەوە، پێماندەڵێن کە ئەگەری بە دەستهێنانی کورسی زۆرە لە لایەن ئەم لیستەوە، بە تایبەت لە ژێر کاریگەریی بەرهەم ساڵح و ئارام قادردا. بەدەر لەم خاڵە، ئەکرێت چەند ڕووداوێکی تر چانسی هاوپەیمانی زیاتر و بەهێزتر بکات بۆ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانیی لەوانە، بەرەنجامە نێگەتیڤەکانی ڕیفراندۆمەکەی ئەیلولی ٢٠١٧ و ئەو قەیرانە داراییەی کە هەرێمی کوردستانی تێکەوتوە و ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامە. ڕەنگە ئەمە وا لە دەنگدەران بکات کە بە دوای ئەلتەرناتیڤی پارتی و یەکێتیدا بگەڕێن کە پشکی سەرەکیان هەبووە لە دەسەڵات لە هەرێمدا.
چەند خاڵێکیش دەکرێت ببنە هۆی ئەوەی کە هاوپەیمانی نەتوانێت کاریگەریەکی هێندە گەورەی هەبێت لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٢٠١٨دا لە سلێمانی کە ببێتە موفاجەئەیەک، وەک ئەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠ کردی، بۆ هەموان. یەکێک لەو هۆکارانە کەلتوری سیاسی خەڵکە لە هەرێمی کوردستاندا. کەلتوری سیاسیی ئەوەیە کە خەڵک چۆن پرۆسەی سیاسی دەبینێت لە هەرێمی کوردستاندا. لە هەرێمی کوردستاندا، دەنگدەران زۆر بە دەگمەن لەسەر بنەمای بەرنامەی هەڵبژاردنی حیزبەکان دەنگدەدەن، بەڵکو دەنگدانیان تا ڕادەیەک نەگۆڕ و ئایدۆلۆجی و وابەستەیە بە سۆز و نۆستالجیا بۆ ڕابردوو. بۆ ئەم جۆرە لە کەلتوری سیاسی، زەحمەتە چاوەڕێی موفاجەئەی گەورە بکرێت. ئەوەش کە بزوتنەوەی گۆڕان کردی لە ٢٠١٠ دا، بەشێکی بریتیبوو لە کاریگەریی کەسایەتی نەوشیروان مستەفا کە خۆی (وەک دامەزرێنەری گۆڕان)، لەگەڵ مام جەلال، دامەزرێنەری سەرەکیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە. بە مانایەکی تر، چەندێک یەکێتی نۆستالجیای ڕابردووی هەبێت، هێندەش گۆڕان و نەوشیروان مستەفا پشکیان لەو نۆستالجیایەدا هەبوو.

هۆکارێکی تریش کە ڕەنگە کاریگەریی هاوپەیمانی کەمبکاتەوە، کەمئەزموونی کاندیدەکانێتی لە کایەی سیاسیدا. ڕەنگە گەنجبونی کاندیدەکانی وەک خالێکی بەهێز وێنابکرێت، بەڵام لایەنێکی نێگەتیڤی ئەوەیە کە ئەم گەنجانە ناسراو نین و زۆرینەیان پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان لاوازە و کەمئەزمونیشن لە بواری سیاسیدا.

نەوەی نوێ

بزاڤی نەوەی نوێ یەکێکی ترە لە حیزبە نوێکان کە بۆ یەکەمجار بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکات. جیاواز لە حیزبەکانی تر، سەرکردەی ئەم بزاڤە گەنجە و بزنزمانە و خاوەنی چەندان پرۆژەی بازرگانیە. خاڵی بەهێزی سەرکردەی ئەم بزاڤە بونی دیدگایەکی ئاشکرا و بێڕتوش بوو بەرامبەر بە ڕیفراندۆم و پێداگر بوو لەسەر ‘نەخێر لە ئێستادا’ بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. بەهێزیی ئەم خاڵە لەوەدایە کە سەرنجی زۆرێک لە جەماوەری حیزبەکانی ڕاکێشا، بە تایبەت ئەوانەی ڕیفراندۆمیان بە پرۆژەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەزانیی.

لە ڕووی پێکهاتەوە، ئەم حیزبە پشتی بە کادیری گەنج بەستووە و کەمتر کەسایەتی دیاری ناو حیزبە پێشوەکانی تێدایە. بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و گارانتیکردنی بە دەستهێنانی کورسی پەرلەمانیی، ئەم حیزبە، پشت بە چەند ستراتیجێک دەبەستێت.
یەکەم، باسکردن لە داهاتوو و داڕشتنی پرۆژەی کورتخایەن و درێژخایەن. لێرەوە هەوڵدەدەن ڕابردووی دەسەڵات بخەنە ژێر پرسیارەوە. بۆیەش بەردەوام باس لە ڕابردووی پڕ لە قەیرانی دارایی و سیاسیی ژێردەسەڵاتی حکومەتی هەرێم دەکەن، بە تایبەت پارتی و یەکێتیی.

دووەم، نەوەی نوێ دەیەوێت، پێچەوانەی بەشێکی زۆر لە حیزبە کلاسیکیەکان، نۆستالجیای پێش ڕاپەڕین لە بیر خەڵکی بباتەوە، چونکە لای ڕوونە ئەمە ئەو خاڵەیە کە خۆی تیایدا لاوازە و لاشی ئاشکرایە کە ئەمە خاڵی بەهێزی بەشێک لە حیزبە جەماوەریەکانە.

سێهەم، تەرکیزیی سەرەکی، بۆ کارکردن و جەماوەربون، نەوەی نوێ لەسەر ئەو گەنجانەیە کە تەمەنیان لە ١٨ بۆ ٣٠ ساڵ دەبێت. ئەمەش بەڕوونی ڕەنگیداوەتەوە لە کاندید و هەڵسوڕاوانیاندا. بەپێی داتای نافەرمی لە سلێمانیدا نزیکەی ١٠٠،٠٠٠ هەزار دەنگدەر بەشداریدەکەن کە یەکەمجاریانە تەمەنیان ڕێگەبدات دەنگبدەن، بۆیەش نەوەی نوێ بە هیوای ئەوەیە لەم دەنگدەرانە تەواو سود وەربگرێت. هەڵبژاردنی گەنجی لە دایکبوی دوای ڕاپەڕین وەک بنەمای سەرەکی کارکردن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم نەوەیە نۆستالجیای پێش ڕاپەڕین لە هزریاندا نیە. لەوەیش زیاتر، ئەم نەوەیە لە قەیرانی دارایی و بێکاریدا گەشەیکردووە و حکومەتی هەرێم، بەدەر لە قەیران، نەیتوانیوە خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکانیشی پێشکەش بکات.

چوارەم، نەوەی نوێ دەیەوێت تا ئەوپەڕی سود لە میدیا ببینێت بۆ جەماوەریبون و کۆکردنەوەی دەنگدەر. لەم پێناوەشدا، بەدەر لە کەناڵەکانی NRT، کەناڵی ئاسمانی کوردنیوزی کردۆتەوە. سۆشەڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایتیەکان و بەکارهێنانیان لە بانگەشە و جەماوەریبوندا بەشێکی تری ستراتیجی جەماوەریبونی ئەم حیزبەیە.

بەڵام ڕیگە لە بەردەم جەماوەریبون و بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی نەوەی نوێ
ئاسان نیە لەبەر ئەم خاڵانە:

یەکەم، سەرکردەی یەکەم و دامەزرێنەری نەوەی نوێ گلەیی زۆری لێدەکرێت بەوەی کە نەیتوانیوە مافی خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند بدات، بۆیەش دەنگدەر ئەو پرسیارەی لا دروستدەبێت کە ئەگەر لە پرۆژەی وەک چاڤیلاندا نەتوانرێت خزمەت بەخەڵک بکرێت ئەی چی بەرامبەر هەموو هەرێمی کوردستان؟ هەرچەند چەندینجار میدیای نەوەی نوێ لەسەر ئەم بابەتە ڕاپۆرتیکردووە، بەڵام تا ئێستاش ئەم گومانانە لەناو خەڵک و خاوەن پشکەکاندا ماون.

دووەم، لە ئێستادا نەوەی نوێ دۆستێکی لە نێوان حیزبە سیاسیەکاندا بۆ خۆی نەهێشتۆتەوە، بەڵکو بەردەوام هێرشدەکاتە سەر کۆی حیزبە سیاسیەکان بە گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و هاوپەیماینیشەوە و بەبەشێک لە سەرچاوەی قەیرانەکانی کوردستانیان دەزانێت. ئەمە فراوانکردنی بازنەی نەیارەکان و تەسککردنەوەی بازنەی دۆستەکانە. لەم ڕووەوە، بە تایبەت لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، نەیارە گریمانەییەکانی نەوەی نوێش بەرگریی لە خۆیان دەکەن و ڕەنگە هێرشی ڕاگەیاندن بکەنە سەری. بەشێک لەم حیزبانەش ئەزمونی بانگەشەی هەڵبژاردنیان زۆرە و دوورنیە پەناببەنە بەر دۆسیەی شەخصیی بۆ کەمکردنەوە و لاوازکردنی متمانەی لایەنگرانی نەوەی نوێ و جەماوەر بە سەرکردەی نەوەی نوێ.

سێهەم، نەوەی نوێ بۆ یەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات و ڕوبەڕووی چەندین حیزب دەبێتەوە کە مێژویەکیان هەیە لە بەشداریی هەڵبژاردن و بانگەشەی سیاسی و ئەمەش تا ڕادەیەک کاری نەوەی نوێ قورستر دەکات لەگەیشتن بە پەرلەمانی عێراق.

چوارەم، کاندیدەکانی نەوەی نوێ، زۆرینەیان، گەنجن. وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئەمە ڕەنگە خاڵی بەهێز بێت بۆ نەوەی نوێ لەو ڕوەوە کە کەسایتیە حیزبیە ناسراوەکانی تێدانیە کە لای خەڵک بێزراون، بەڵام دەکرێت خاڵیکی لاواز بێت بۆ ئەم حیزبە. خاڵی لاوازە لەم ڕووەوە کە ئەم گەنجانە کەمتر ئەزمونی سیاسیان هەیە و هەندێکیان یەکەم بەرکەوتنیانە لەگەڵ هێز و حیزبی سیاسیدا. ئەم گەنجانە جەماوەریی نین و دەنگدەر نایانناسێت و ئاسانیش نیە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە خەڵکی بناسێنرێن.

کەمبونەوەی تەزویر لە هەڵبژاردنەکاندا

خاڵێک کە دەکرێت ئەم زۆربەی هێزەکان سودی لێببینن بۆ ئەوەی جێگەی خۆیان پێ مسۆگەر بکەن لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری ٢٠١٨دا، کەمبونەوەی تەزویرە. ڕێکارە نوێکانی کۆمسیۆنی باڵا، هەر لە دانانی سندوقی دەنگدانی زیرەکەوە و بەستنەوەی بە مانگی دەستکردەوە تا دەگاتە بەهێزی سیستەمی سیکیوریتی ئەم سندوقانە و چەندین ڕێکاری تریش وا دەکات کە تەزویر بەو ڕێژە بەرچاوەی جاران نەکرێت. ئەم سندوقە خۆی هەڵدەستێت بە ژماردنی دەنگەکان و هیچ دەنگدەرێکیش ناتوانێت زیاتر لە جارێک دەنگبدات و دەنگەکانیش دەنێردرێن بۆ سێرڤەرێکی سەرەکی کە هەرخۆی کۆی دەنگەکان ئاماردەکات. ئەم ڕیکارە نوێیانە وا دەکات کە هەر لە کاتژمێرە یەکەمەکانی دوای پرۆسەی هەڵبژاردنەوە ئەنجامی بەرایی دەنگەکان ڕابگەیەنرێت و ڕێگەی لەبەردەم تەزویرکردندا بەرتەسککردۆتەوە. هەرچەندە، جێی داخە کە کۆمسیۆن ڕازیبوە لە هەندێک ناوچەدا، وەک سنجار و شێخان، بە سیستەمە کۆنەکە کاربکرێت.

پێشبینیکردنی کورسیەکانی هەردوو حیزب

هەرچەندە پێشبینیکردنی کورسیەکانی هەر حیزب و لیستێک کارێکی ئاسان نیە و پێویستی بە ڕاپرسی زانستی و بێلایەن هەیە، بەڵام بەپێی ئەو گۆڕاوانەی (متغیرات) سەرەوە و هەندێک گۆڕاوی تر هەوڵئەدەم پێشبینی کەمکردنی دەنگی هەندێک لایەنی سیاسی بکەم و ئەگەرەکانی بەدەستهێنانی ئەم کورسیانە لەلایەن ئەم دوو حیزبەوە لێکبدەمەوە. ئەم پێشبینیکردنە پشتدەبەستێت بە ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٢٠١٤ و گۆڕاوەکانی بەردەستمان.

لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ تێکڕای نرخی هەر کورسیەکی پەرلەمانی عێراق ٤٩،٦٢٣ دەنگی دروستبوە و بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو (٣) (دابەشکردنی دەنگە دروستەکانی هەر حیزب و هاوپەیمانیەک بەسەر ١،٦ و پاشان ٣ و ٥ و ٧ و ٩ هەتا دوایی تا هەموو کورسیەکان بەسەر براوەکاندا دابەشدەکرێن) ١٨ کورسیەکەی پەرلەمان بەر ئەو پێنج لایەنە کەوتون کە لە خشتەی ژمارە ١ی سەرەوەدا ئاماژەیانپێکراوە.

بەپێی خشتەی ژمارە ٢، ئەو لایەنەی کەمترین ترسی لەسەرە کە کورسی لەدەستبدات کۆمەڵی ئیسلامیە چونکە ئەو دەنگانەی هێناوێتی (٧،٤٧٩) دەنگی زیاتربوە لە بەهای کورسیەک. خۆ ئەگەر گریمانەی ئەوە بکرێت کە کۆمەڵی ئیسلامی ڕەنگە بەهۆی وازهێنانی ‘ئارام قادر’ و دامەزراندنی لسیتی هاوپەیمانیەوە دەنگ لەدەستبدات، ئەوا زەحمەتە لەو ڕێژەیە زیاتر بێت کە لە نرخی کورسیەکەیدا هێناوێتی.

بەپێی ئەم خشتەیە، یەکگرتوی ئیسلامی زۆرترین ترسی لە دەستدانی کورسی هەیە چونکە ١٧،٨٥٤ دەنگی کەمترهێناوە لە بەهای دوو کورسیە پەرلەمانیەکەی ٢٠١٤. خۆ ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە وازهێنانی محەمەد ڕەئوف کەمێک لە دەنگەکانی یەکگرتوو داببەزێنێت، ئەوا چانسی یەکگرتوو بۆ لەدەستدانی کورسیەک زیاتر دەبێت. بەڵام بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەگەری لەدەستدانی ئەم دەنگانە، یەکگرتووی ئیسلامی توانیوێتی بزوتنەوەی ئیسلامیی ڕازیبکات کە دەنگەکانی بدات بە لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان. بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٢٠١٤ دا توانیوێتی ٦،٣١٨ دەنگ بەدەستبهێنێت. ئەوەی کە ئەگەری هەیە کە لەدەستدانی ئەم کورسیەی یەکگرتوو کەمتر بکاتەوە یەک لیستی یەکگرتوو و بزوتنەوەیە کە هاندەر دەبێت بۆ بەشێک لەو ئیسلامیانەی پیشتر وازیانهێناوە یان هەندێک لە جەماوەری ئیسلامیخواز کە دەنگبدەن بە لیستی یەکگرتوو.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان توانیوێتی ٦ کورسی بەدەستبهێنێت لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٢٠١٤ دا بە تێکڕای (٣،٤٧٣) دەنگی دروست کەمتر لە بەهای کۆی کورسیەکانی. خۆ ئەگەر وا دابنێین کە دەرچونی بەرهەم ساڵح لە یەکێتی ببێتە هۆی لە دەستدانی تەنها کورسیەک، ئەوا یەکێتی تەنها ٥ کورسی بەدەستدەهێنێت. دەتوانرێت گریمانەی ئەوە بکرێت کە دابەشبونەکانی ئەم دواییەی ناو یەکێتی لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم و ١٦ ئۆکتۆبەر و جیاوازیە زەقەکانی نێوان کوتلەکانی و وەفاتی مام جەلال، ڕەنگە ببنە هۆی لەدەستدانی کورسیەکی تر. ئەوکات یەکێتی تەنها دەتوانێت ٤ کورسی بەدەستبهێنێت.

بزوتنەوەی گۆڕان، هەرچەندە بەهای کورسیەکانی بە کەمێک لەنرخی خۆی زیاتر وەرگرتووە لەو هەڵبژاردنەدا، بەڵام ڕەنگە نەتوانێت تەواوی ٧ کورسیەکەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە. هۆکاری ئەمەش زۆرە لەوانە کۆچی دوایی سەرکردە کاریزماییەکەی، نەوشیروان مستەفا، و جیاوازیە قوڵەکانی نێوان کەس و باڵەکانی نێو خانەی ڕاپەڕاندن و پەیوەندیکردنی بەشێک لە کەسایتیەکانی بە حیزبەکانی تر (وەک ڕابون مەعروف، ئەندام پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندیکردنی بە نەوەی نوێوە و کاندیدبونی لەسەر ئەم لیستە)، و نارەزایی خەڵک لە ئەدای هەندێک لە وەزیر و کاربەدەستانی حکومیی گۆڕان و چەن هۆکارێکی تر. ڕەنگە ئەم هۆکارانە ببنە هۆی لەدەستدانی کورسیەکی بزوتنەوەی گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدا.

بەپێی ئەم دراوانە لە خشتەی ٣ دا بەهێزترین ئەگەرەکان دەخەمە ڕوو بۆ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی لە سلێمانی. ئەم ئەگەرانە پشتدەبەستێت بەو گریمانانەی سەرەوە کە ئاماژەمانپێداوان.

دەرئەنجام

هەرچەندە ئاسان نیە بەبێ ئەنجامدانی ڕاپرسیەکی ئەکادیمی و بێلایەن باس لە پێشبینیی دابەشکردنی ١٨ کورسیە پەرلەمانیەکەکەی پارێزگای سلێمانی بکرێت لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری ٢٠١٨ دا، بەڵام ئەم نوسینە هەوڵیداوە لە ژێر سایەی هەندێک لە گۆڕاوەکاندا ئەم پێشبینە بکات. بەهێزترین گۆڕاو کە جیاوازە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٢٠١٤، سەرهەڵدانی دوو هێزی نوێیە کە هەوڵدەدەن شوێنی خۆیان لە پەرلەمانی عێراقدا بکەنەوە، کە ئەوانیش ‘هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری’ و ‘نەوەی نوێ’ن. لەم نوسینەدا خاڵی هێز و لاوازی هەردوو هێزەکە خراوەتە ڕوو. دواتریش لە سیاقی دراو و گۆڕاوە سیاسیەکاندا ئەگەرەکانی بەدەستهێنانی کورسی ئەم دوو لایەنە خراوەتە بەر لێکۆڵینەوە.

سەرچاوەکان

  1. سەیری وێبسایتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق بکە لەسەر ئەم لینکە http://ihec-iraq.com/ar/index.php/nashat/index.1.html
  2. سەیری وێبسایتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق بکە لەسەر ئەم لینکە http://www.ihec.iq/ihecftp/ntaij2014/t4/sulayman.pdf
  3. مادەی ١٤، بڕگەی یەکەم لە یاسای هەڵبژاردنی ژمارە ٤٥ی ساڵی ٢٠١٣ کە لە وەقائیعی عێراقی ژمارە ٤٣٠٠ لە ٢/١٢/٢٠١٣ دا بڵاوکراوەتەوە.

Send this to a friend