• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 1, 2022

دوو جەمسەری باکوور و باشووری ستراتیجی ئێران

نووسینی: بارام مەجید خان

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (4)ی ته‌موزی 2022ی وه‌رزنامه‌ی ئێرانناسی

بەرایی

هێرشی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا لە پاش شەڕی باڵکان گرنگترین ڕووداوی مێژوویی لە پاش شەڕی سارد هەژمار دەکرێت. لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەسپێکی شەڕەکەدا هەڵوێستێکی نەرمی نواند بەرامبەر ڕۆژئاوا بە ئومێدی ئەوەی وتووێژەکانی ڤیەننا، لەهەمبەر دۆسیەی ئەتۆمی بە ئەنجام بگات. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە سیستەمی نێودەوڵەتی ڕوویاندا، هەڵوێستی ئێران و ڕووسیاش گۆڕانکاریان بەسەرداهات و نزیکبوونەوەی زیاتریان بە خۆیانەوە بینی. ئێران و وڵاتانی (٥+١)یش نەیانتوانی بگەنە ڕێکەوتنی کۆتایی. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەمان ئەزموونی پاش شەڕی دووەمی جیهانیی لە قۆناغی شەڕێکی ساردی نوێ پێدەنێتە قۆناغێکی هەستیارەوە. ئێران و ڕووسیا بەپێی لێدوانەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتونەتە قۆناغی ڕێکەوتنێک کە هەم بۆ ئێران و هەم بۆ ڕووسیا سوودی زۆری دەبێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی هەردوو وڵات. ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش پارێزگاری لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران دەکات، لە بەرمبەردا ئێران دەستی ڕووسیا لە گرێبەستی نەوت و غاز لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکاتەوە. ئەمریکا و هەوپەیمانەکانی لە ناوچەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەیمانێکی ئەمنی و سەربازیی نزیک دەبنەوە بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە وڵاتانی کەنداو، ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا تیشک دەخەینە سەر هەر دوو قووڵایی ستراتیژی باکوور و باشووری ئێران بۆ خوێندنەوەی ئاڕاستەی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

تەوەری یەکەم: قووڵایی ستراتیژی  باکووری ئێران

لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و فراوانخوازیی NATO و کشانی بەرەو سنوورەکانی ڕووسیا، گۆڕانکاری گەورە لە ستراتیژ و جیۆپۆلەتیکی ئوراسیا پەردەیان لەسەر سیاسەتە شاراوەکان هەڵدایەوە. ڕووسیایەکی نوێ لە (٢٠١٥)وە سەریهەڵداوە کە خواستی گێڕانەوەی شکۆی بۆ ڕووسەکان هەیە. نەتەوەپەرەستی ئاوێتە بە ئەرتۆدۆکسی مەسیحی ئاڵای ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی لێبرالی جیهانیی هەڵکردووە. پۆتینیزم وەک دیاردەیەکی مێژوویی گرفتی بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەورووپا و ئەمریکا دروستکردووە. مارشهایمەر بیرمەندی گەورەی قوتابخانەی ڕیالیزم هەر لە (٢٠١٥)وە درکی بە مەترسی سەرهەڵدانی کێشەی ئۆکرانیا کرد، کە خاڵی تەقینەوەی ڕووسیا بە ڕووی ئەورووپادایە، ئەگەر بە وردی هەڵسووکەوت لەگەڵ کێشەی ئۆکرانیا نەکرێت. پۆتینیزم وەک ئایدۆلۆجی باڵادەستی ڕووسەکان لەسەر چەند بنچینەیەکی ئاڵوز بونیاد نراوە. لە لایەک پشت ئەستوورە بە ئایدیای بیرمەندانی گەورەی ڕووس وەک ئەلکساندەر دۆگین و لە لایەکی دی بنچینەی کولتووری و ئایینی و مێژوویی هەیە.

 وەهمی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووس کە پۆتین پێداگری لەسەر دەکات، فراوانخوازییNATO  بەڕووی سنوورەکانی ڕووسیا وەک گەورەترین مەترسی لەسەر ڕووسیا وێنا دەکات. سیاسەتی ڕووس زۆر ئاشکرایە لە هەمبەر نیگەرانییە ئەمنی و سەربازییەکانی. دوورخستنەوەی ناتۆ لە سنوورەکانی ڕووسیا. ئۆکرانیا گرنگترین جوگرافیای ئوراسیایە کە دەروازەی هەڕەشەی ناتۆیە بۆ سەر ڕووسیا. کاتێک یەکێتی سۆڤیەت هەرەسی هێنا و چەندین وڵات سەربەخۆییان ڕاگەیاند، جیابوونەوەی هیچ کام لەو وڵاتانە بۆ ڕووسیا هێندەی ئۆکرانیا ئازاربەخش نەبوو. ئەگەر سەرۆکی ڕووسیا لە هەر هەلومەرجێکدا خۆشترین خەونی هەبێت ئەوا خەونەکەی گەڕانەوەی ئۆکرانیایە بۆ سەر خاکی ڕووسیا. ئۆکرانیا ئەندامی ناتۆ نییە. ئەمریکا و ئەورووپا سیاسەتێکی ئاشکرایان لەسەر جەنگی ئۆکرانیا نەبوو. ئۆکراین بە ئەمری واقیع بەشێك بوو لە ناتۆ. بەڵام لە ڕاستیدا ناتۆ دەست کراوە نەبوو لە پشتیوانی ئۆکرانییەکان لەو جەنگە نابەرابەرەدا. خواستی ڕووسەکان ڕاگرتنی ناتۆیە بەرامبەر ڕووسیا. بەڵام ناتۆ نەوەستاوە لە فروانکردنی هاوپەیمانییەتەکەی لە ئەورووپا.

نۆستالیژیی بەهەشتی ڕووسی تێکەڵەیەکە لە مێژوو، ئەفسانە و هەستی ڕزگاربوون و گێڕانەوەی شکۆی ڕووسیا. پەیوەستکردنەوەی ڕووسیا بە یادەوەرییەکانی پەیماننامەی ویستڤالیا و سەردەمانی شەڕی سارد پۆتین خوازیارە ناسنامەی ڕووسی دوبارە پێناسە بکاتەوە بە ئامانجی یەکخستنی نەتەوەی ڕووس. ئەم دیدگایە بە سنوورەکانی ئێستای ڕووسیا قایل نییە. بەڵکو پێیوایە ڕووسیا بریتیە لە مۆسکۆ و (١٤) کۆماری سەربەخۆ کە لە ڕووسیا جیابوونەتەوە. ڕووسیا بە هەڵبژاردنی گۆشەگیری سیاسی ڕووبەڕووی جیهانی لیبراڵ بووەتەوە. بە بێڕێزیکردن بە جیهان بوو، سیاسەتەکانی بە ئارەزووی خۆی لە سیستەمی نێودەوڵەتی هەم برین دروست دەکات و هەم تیماریان دەکات. لە پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە قۆناغی داڕمانی ئایدۆلۆجیەوە پێی نایە جیهانێکی بێ ئایدۆلۆجیا. بەڵام پۆتینیزم جارێکیتر بە ڕووسەکانی سەلماند کە بە پشت بەستن بە شکۆی نەتەوەی و ڕووس و گەڕانەوە بۆ ئەرتەدۆکسی ڕووسی و هاوپەیمانی لەگەڵ جیهانی ئیسلام و دەنگە ناڕازییە پۆپۆلیستییەکانی جیهان دەتوانێت مژدە بەخشی ئەو جیهانە نوێیە بێت بۆ ڕووسەکان.

ڕووسیا وەک قوربانی سیاسەتە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا و وێناکردنی لە بەردەم ڕای گشتی جیهانیی ڕەوایەتی بە دیاردەی پۆتینیزم دەدات. ڤلادیمێر پۆتین لە پاش هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا لە وتارێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەوە ڕووسیا نییە کە کێشەی نێودەڵەتی بۆ ئەمریکا دروست کردبێت، ئاماژەی دا کە ئێمە لە سنوورەکانی ئەمریکا نیین. ئێمە هێزمان بۆ ئەمریکا ڕەوانە نەکردووە! بەڵکۆ ئەوە ناتۆ و ئەمریکان هاتوونەتە سنوورەکانمان! ناتۆ ئەگەر بگاتە کیێڤ ئەوا لە مۆسکۆ زۆر نزیک دەبنەوە. ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی بەم ئاڕاستەیە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک فاکتەرێکی بە‌هێز لەپێناو وێناکردنی ڕووس وەک قوربانییەکی دەستی سیستەمی لێبراڵ سوودی لێ دەبینێت. بە تایبەت کە لەپێناو هەستانەوەی نەتەوەی ڕووس لە گووتاری ئایدۆلۆجی خۆی سوودی لێدەبینێت.

ڕوسیا وەک کولتووری باڵا بەردەوام لە نوێ بوونەوەدایە. میدیای ڕووسی بەردوام و ڕۆژانە باس لە مێژوو و کولتووری ڕووس دەکات، کە چۆن بێڕێزی پێدەکرێت. باڵادەستی و شکۆ تاکە چارەنووسیانە لەم دۆخەی ئێستادا. ئەوان نەتەوەیەکی تایبەتن لە مێژوودا. بەردەوام بە گوێی خەڵکی ڕووسیا ئەچپێنن کە ڕووسیا دەگەڕێتەوە دۆخی زلهێزێکی جیهانیی. نەتەوەپەرستی بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی ڕووسە. ئەم دروشمە تا ڕادەیەکی زۆر لە ئاست خواستەکانی گەلی ڕووسیا بووە. ڕاپرسیەک لە ساڵی (٢٠١٥) ئاشکرایکرد کە (٨٥٪) خەڵکی ڕووسیا متمانەیان بە سوپای ڕووسیا هەیە کە شکۆ بۆ وڵاتەکەیان دەگێڕێتەوە. کەنسیەی ئەرتۆدۆکسی ڕووسی کە سەرچاوەیەکی گەورەی کۆنترۆڵی ئایدۆلۆجیە دەتوانێت ڕۆڵی مەزن بگێڕێت لەوەی کە ئەم هەستانەوەیە بە وردی بگوازێتەوە بۆ ناو دڵی کولتووری ڕووسیا. هەروەها چەندین خەسڵەتی تری پۆتینیزم کە ڕووسیای نوێی لەسەر بونیاد نراوە کە بابەتی ئەم لێکۆڵینەویە نابن.

 سیاسەتی نێودەوڵەتیی، ڕووسیا وەک دەوڵەتێک کە بەردەوامە لە دانوستان و بازرگانیی لە تەک وڵاتانی دنیا لەسەر بنەمای پاراستنی بەژەوەندیەکانی بووە. ئەم بنەمایە پێناسەیەکی دروستی بۆ کراوە، بەڵام ڕووسیا بەرمەبنای تیۆری ڕیالیزمی کلاسیک دەخوازێت وا پیشان بدات کە جیهان لە فەوزایەکی قورسی نێودەوڵەتیدایە. مۆسکۆ پارێزگاریی لە بەژەوەندییە باڵاکانی خۆی دەکات لەم پەیوەندیانەدا. سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت، کە لە جیهانێکی وا ناجێگیردا پێویستمان بە سەرکردە و ڕابەرێکی مەزن هەیە لەپێناو پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی ڕووسیا.

ئەلکساندر دۆگین ئەو بیرمەندە مەزنەی زۆربەی ڕۆژئاواییەکان پێیانوایە ئەندازیار و بیرمەندی پشت ڕەفتارە نێودەوڵەتییەکانی پۆتینە. هەرچەندە هێرش بۆ سەر ئۆکرانیا لەگەڵ تێزەکانی دۆگین یەکدەگرنەوە، بەڵام بە تەنها دۆگین نییە کە کاریگەریی بەسەر سیاسەتی ڕووسیاوە هەیە. بەڵکو پۆتین لە وتارەکانیدا زۆرترین ئاماژەی بۆ “ئیوان ئیلین” هەیە، لە پاڵ بیرمەندانی وەک “سلاویێف” و “بردیاڤ” و چەندین بیرمەند و کەسایەتی نەتەوەپەرست و خواناسی ڕووس. بیری پۆتینیزم زۆربەی کات ئەم بیرمەندانەش تێدەپەڕێنێت و خۆی دەباتەوە بۆ ناو دڵی مێژووی ڕووسیا. دۆگین لە نووسینی چەندین کتێبی ئەکادیمی و سەرنجڕاکێشی جیۆپۆلەتیکی خاوەنی تیۆری چوارەمی جیهانییە. دۆگین باس لە سێ تەوژمی جیهانیی لە سەدەی ڕابردوو دەکات کە هیچکامیان لە بنەڕەتدا پەیوەندییان بە بیری ڕووسیەوە نییە. تەوژمی ناسیۆنالیزم بە هەر دوو باڵی فاشیزم و نازیزم. کە لەسەدەی ڕابردوو کۆتاییان هات. تەوژمی دووەم تەوژمی مارکسیزم کە تەوژمێکی ئەورووپی بوو، ئەم ئایدۆلۆجیایەش کۆتایی پێهات. تەوژمی سێیەم کە تەوژمی لیبراڵە و ئەمریکا و ئەورووپا نوێنەرایەتی دەکەن دژی ئەو گەلانەیە کە ناخوازن ملکەچی سەرمایەداری ئەمریکا و ئەورووپا ببن. ئەم تەوژمە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەتەوە لە لایەن بیرمەندانی جیهانەوە. تەوژمی چوارەم کە ڕووسیا نوێنەرایەتی دەکات وەک شۆڕشێکی جیهانیی وایە بەرامبەر سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیی و فراوانخوازیی ڕۆژئاواییەکان. تیۆری چوارەم باس لە یەکگرتنی دنیای ئیسلام و ئەرتۆدۆکسی مەسیحی و ڕۆحی نەتەوەپەرستی ڕووسیا دەکات. تێزەکانی دۆگین سەرنج ڕاکێشن، کاریگەرن، بەڵام لە هەمانکاتدا ڕووسیای لە چەقێکی جیۆپۆلەتیکی داخراودا قەتیس کردوە.

ئێران وەک نزیکترین هاوپەیمانی ڕووس چاوی لەسەر ئەو گۆڕانکارییە مەزنەیە کە لە قووڵایی باکووری وڵاتەکەی ڕوودەدەن. ئێران لە ڕووی جیۆپۆلەتیک و جیۆئیکۆنۆمییەوە بە بەراورد بە وڵاتێکی وەک تورکیا داخراوترە. ئێران لەگەڵ ئەو هەلومەرجەی ئێستا تێدا دەژی پشت ئەستورە بە ڕووسیا. بەڵام وەک هاوپەیمانێکی هەمیشەیی بەرچاو ناکەوێت. ڕووسیا وەک کارتێکی فشاری نێودەوڵەتی کاریگەریی لەسەر ئێران هەیە. لە دووسەدەی ڕابردوودا ئێران هێزێکی ئابووریی و سەربازیی نەبووە. بە تایبەت دەستی ناگاتە قووڵایی قەوقاز و دەریای ڕەش و دەریای سپی ناوەڕاست. ئامادەباشی ئێران لە کەنداو درێژخایەن نییە و ڕێڕەوی ئابووریی و سیاسیی ناوچەکەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی قووڵ لەگەڵ دراوسێکانی نەکردووەتە ئەولەویەتی ستراتیژی خۆی. باشتر بڵێم کەنداو دەرگای کرانەوەی ئێران نییە بە ڕووی جیهاندا. مەترسییە مێژووییەکانی ئێران لە بەهێزبوونی ڕووسیا هێندەی مەترسی تورکیا نییە لەوەی ڕووسەکان جارێکی تر لە ڕێگەی قەوقازەوە بگەنە سنوورەکانی تورکیا و یادەوەری سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە. سیاسەتی باکووری ئاسیا خەونی جیاوازی تێدا دەبینرێت. ڕووسیا خەونی گەڕانەوەی بۆ شکۆی دێرین و مێژوویی خۆی هەیە. تورکیا خەونی گەڕانەوە بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەیە. بەڵام ئێران خەون بە چییەوە دەبینێت؟ خەونی گەڕانەوە بۆ شکۆی ئێران یاخود خەونی دامەزراندنی بەهێزترین دەوڵەتی شیعە لە هەموو جیهاندا. ئەم پارادۆکسە کاریگەریی نەرێنی هەبووە لەسەر دنیابینی ئێرانییەکان و لێڵ و تاریک بینینی ستراتیژی داهاتوویان بۆ حوکمڕانییەکی بەهێز.

ڕووسیا و ئێران ئاڕاستەیەک و دوو ڕوانگەیان بۆ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران هەیە. ڕووسەکان بە هەموو شێوەیەک فشارەکانیان لە کۆبوونەوەکانی ڤییەننا بۆ پشتیوانیکردنێکی سنووردار لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران کردووە. ئەوە هەڵوێستەکانی ئێرانە لە بەرامبەر ڕووسیا و شەڕی ئۆکراین و ململانێی ڕووسیا لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا دیاریدەکات، کە ڕێژەی پشتیوانی ڕووسیا بۆ ئێران لە دۆسیەی ئەتۆمی چەندە. لەسەرەتای دەسپێکی جەنگی ئۆکرانیا ئێران هەڵوێستێکی نەرمی بەرامبەر جەنگی ئۆکرانیا دەربڕی، لە پێناو تێکنەچوونی باڵانسی دانوستانەکانی وڵاتانی (٥+١) لە ڤییەننا کە ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ بەشداری تیداکرد. بەڵام خاوبوونەوەی دانوستانەکان و دوا پەرەسەندنەکانی دۆسیەی ئەتۆمی لە ژێر کاریگەریی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، جارێکی تر ئێرانی لە ڕووسەکان زیاتر نزیککردەوە. دەنگۆی پێدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێران بە ڕووسیا جارێکی تر سەرنجەکانی بۆ سەر ئێران توندتر کرد.

ڕووسیا لە ڕێگەی ئێرانەوە کە بەهێزترین هاوپەیمانی باشووری ڕووسیایە لەسەر کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڕاستەی نوێی گرتوەتە بەر. ئەویش بابەتی وزە و چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریایە لەگەڵ تورکیا لە چوارچێوەی دانووستانەکانی ئاستانە. لەگەڵ دوورنمای نزیکبوونەوەی ڕووسیا و تورکیا و ئێران، هەڵوێستی تورکیا لە هەمبەر جەنگی ئۆکرانیا تا ڕادەیەک جیاوازە. تورکیا درۆن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەخشیووە بە حکومەتی ئۆکرانیا و لەهەمانکاتدا ئەندامی ناتۆیە. تورکیا لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خۆی تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆیی خۆی لە چوارچێوەی ناتۆ پاراستووە. بەڵام هەلومەرجی ئێران جیاوازە بەوەی لە کاتێکدا ئومێدی زۆر بە دانوستانەکانی دۆسیەی ئەتۆمی زۆر لاوازبووە و ئێران لە ژێر فشارێکی ئابووریی قورسدایە وەک ململانی لەگەڵ ئەمریکا بە خواستی خۆێ یا بە دوودڵییەوە دەچێتە چواچێوەی شەڕێکی ساردی نوێی نێودەڵەتی، کە سەرەتاکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستپێدەکات. لە مێژوودا ئێران لەسەرەتای جەنگی جهیانیی دووەم بە گومانەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ شەڕەکەدا کرد و لە چواچێوەی سیاسەتی بێلایەنی باجی قورسی دا. لەسەرەتای جەنگی سارد ئێران دوودڵ بوو لە نێوان ڕووسا و ئەمریکا، بەڵام پاشان بوو بە بەشێک لە دیواری دژە سۆڤیەت. ئێستاش ئێران دوودڵە لەوەی تاران ببێتە دەروازەی جەنگێکی نوێی ساردی نێودەوڵەتی، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێتە بەشێک لەو جەنگە و وای دەبینم کە زەحمەتە ئێران ڕووبەڕووی ئەو هاوپەیمانییە نەبێتەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە ڕابەرایەتی دەکەن بە هاوکاری سعودیە و وڵاتانی کەنداو.

تەوەری دووەم: قووڵایی ستراتیژی باشووری ئێران

کەنداو گرێ کوێرەکەی باشووری ئێرانە. ئێران و دراوسێکانی نە لەسەر ناوی کەنداو نە لەسەر ناوەڕۆکی سیاسی و ستراتیژی ناوچەی کەنداو پێکنەهاتوون. هەموو حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی ئێران هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوون کە کارنامەی سیاسی خۆیان لە کەنداو بە ئاشکرا و ڕوونی باس بکەن. بە گشتی تێڕوانینی ئێران بۆ کەنداو لە کۆی هەوڵە دبلۆماسییەکانی ئێران وەها وێنا دەکرێت کە ئاسایشی ناوچەکە و دابینکردنی ئەمنی سیاسی و ئابووریی بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەبێ دەست تێوەردانی دەرکی مەیسەر دەبێت. ئێران لە هەوڵی بەردەوامدا بووە کە پەیوەندیی خۆێ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەرەوپێش ببات. بەشی هەرە زۆری ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لە ڕێگەی کەنداوەوە ئەنجام دەدرێت. هەستیارترین ناوچەی کەنداو کە ئێران هەمیشە وەک کارتێکی فشار و هەڕەشە بە کاری هێناوە گەرووی هورمز بووە کە قوڕگی کەنداوە. هەموو کەشتییە بارهەڵگرە نەوتییەکان و کەشتییە شەڕکەرەکانی دنیا لە هورمز و بە بەرچاوی هێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە تێپەڕدەبن. کەنداو بۆ ئێران جیاواز لە گرنگی ئابووریی و بازرگانیی و پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانی، وەک گۆڕەپانی ئەگەری هەر جەنگێکی کتوپڕ و درێژخایەن سەیر دەکرێت. وەک چۆن لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە و تا ئێستا چەندین ڕووبەڕووبوونەوەی نەخوازراو و تا ڕادەیەک توندی بە خۆیەوە بینیوە. چ لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا و چ بە ئامانج گرتنی کەشتییەکانی سعودیە و وڵاتانی کەنداو.

هەبوونی کەمینەی شیعە لە ناوچەی کەنداو بە تایبەت لە بەحرەین و سعودیە، هەروەها وڵاتی یەمەن دەستی ئێرانی کراوەتر کردووە لەوەی بە پشتیوانی لە شیعەکانی ناوچەکە زۆرجاران گرژی و ئاڵۆزی بکەوێتە نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکەوە. یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی شۆڕشی ئێران و سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی هەمیشە داکۆکیکردن بووە لە خەباتی مسوڵمانانی جیهان لە پێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان. ئەم بنەمایە لە ژێر دروشمی هەناردەکردنی شۆڕشی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی خوێندنەوەی بۆ کراوە. هەمیشە وەک بەربەستێک بووە لە نێوان ئێران و دروسێکانی بە تایبەت لە ناوچەی کەنداو. هەرچەندە حکومەتەکانی ئێران ویستوویانە کە ئەم نیگەرانیانە بڕەوێننەوە بە تایبەت لەسەردەمی هەردوو حکومەتی هاشمی ڕەفسەنجانی و سەید موحەمەدی خاتەمی، بەڵام باڵی پەڕگیری ئێران لە ناوخۆی وڵات هەمیشە بەربەستیان بۆ ئەم شێوازە لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان داناوە. بەڵام دوو وڵاتی قەتەر و عەممان جیاوازن لەم پەیوەندیانە. هەرچی سوڵتاننشینی عەممانە وەک خەسڵەتی حکومەتەکەیان هەمیشە بێلایەنی دروشمی سەرەکییان بووە لە کێشەکانی ناوچەکە و جهیان بە گشتی. بە ڕادەیەک کە وڵاتەکەیان وەک شوێنی دانوستانە نهێنییەکانی نێوان ئێران ئەمریکا میوانداری لە هەردوو لایەن کردووە.

 کێشەی سنووری نێوان ئێران و ئیمارات لەسەر دورگەکانی ئەبوو مووسا و توونبی گەورە و بچووک پێشینەی بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی محەمەد ڕەزا شای ئێران دەگەڕێتەوە. ئێران بە هیچ شێوەیەک نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا ئامادە نییە وتووێژ لەسەر ئەو دورگانە بکات لەبەرئەوەی بە خاکی دانەبڕاوی ئێرانی دەزانێت و بەپێی دەستووری وڵات ڕێگە پێدراو نییە. ئەو بابەتانەی کە ئاماژەی پێدرا وەک خەسڵەتە جێگرەکانی کێشە و ململانێی ناو کەنداو و ئێران و دراوسێکانییەتی.

بەڵام لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی نیگەرانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ چەند بابەتێکی هەستیار دەگەڕێتەوە. دۆسیەی ئەتۆمی ئێران کە بووەتە جێی نیگەرانی قووڵی وڵاتانی ناوچەکە، سیاسەتی نێودەوڵەتی وڵاتانی ناوچەکەی بە ئاڕاستەی هەنگاونان دژی ئەم خواستەی ئێران بردووە. وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت سعودیە پێشوازی لە هەر هەنگاوێک کردووە کە بە ئاڕاستەی خواستی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بووە. نیگەرانی دووەمی وڵاتانی ناوچەکە بابەتی موشەکە بالستییەکانی ئێرانە کە گەشەی زۆریان کردووە و بووەتە جێگەی نیگەرانی قووڵی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت کە موشەکە دورهاوێژ و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان گەیشتووەتە دەست حوسییەکانی یەمەن و وەک هەڕشە لەسەر چاڵە نەوتییەکانی سعودیە بە کاریان دەهێنن. ناوبەناو وێستگە نەوتییەکانی سعودیەی پێ بۆردومان دەکەن. ئەمەش نەک هەڕەشەیە بۆ سەر سعودیە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر وزەی جیهانیی بەو پێیەی کە سعودیە پێگەیەکی بەهێزی هەیە لە دابینکردنی وزەی جهیانیی. دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و دانوستانەکانی ئێران هاوتەریب کراوە لەگەڵ دۆسیەی ڕەفتاری سیاسی ئێران لە ناوچەکە و پشتیوانی ئێران لە گرووپە پەڕگیرەکانی ناوچەکە و دۆسیەی موشەکە بالستییەکانی ئێران. بەڵام ئێران خواستی ئەوەی نییە کە جگە لە دۆسیەی ئەتۆمی دانووستان لەسەر ئەو دۆسیانەی کە پەیوەست نین بە بابەتی ئەتۆمی بکات.

جیۆپۆلەتیکی ناوچەی کەنداو لەگەڵ دەسپێکی هەزارەی سێیەم گرنگی خۆی ڕادەستی جیۆئیکۆنۆمی دەکات. ئاسایشی کەنداو وەک ئاڵەنگارییەکە بۆ ئاسایشی وزەی جیهانیی و گرنگی خۆی لەدەست نەداوە. لە کاتێکدا کە نائارامی و جەنگی ئۆکرانیا و پەتای کۆڤید کاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی و پەیوەندییە ئابوورییەکانی جیهان داناوە پێویستیی دابینکردنی وەزی نەوت و گاز جارێکی تر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردە چەقی ململانێیەکی نوێی جیهانیی. زلهێزەکانی جیهان وەک ئەمریکا و ڕووسیا و چین لە ململانێدان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین بەرژەوەندی لە ناوچەکە. ئاسایشی کەنداو بۆ وڵاتانی ناوچەکە وەک بەکاربەری ئاسایشێکی سەپێنراو پرۆژەی نوێ و ستراتیژی نوێ بە شوێن خۆیدا پەلکێش دەکات. ئیسرائیل لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی کەنداو وەک یاریکەرێکی بەهێز و سەرەکیی بە شوێن بە دەستهێنانی پێگەیەکی بەهێزە لە ناوچەکە. گومانی وڵاتانی کەنداو لە جێهێشتنی ئەمریکا و پاشەکشەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بۆشاییەکی ئەمنی و سیاسی بۆ کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکردبوو. بەڵام بەشداریکردنی بایدن لە کۆبوونەوەی وڵاتانی کەنداو و بەشداری لە لوتکەی ئەو کۆبوونەوانەدا، دڵنیایی ئەوەیدا کە ئەمریکا بەرچاو ڕوونە بۆ سیاسەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێویستیی هاوکاریکردنی وڵاتانی کەنداو لە خستنەڕووی نەوتی زیاتر بۆ بازاڕەکانی جهیان و ئاستی کاریگەریی ئەو قەیرانە، لەسەر ئابووریی جیهان کەم بکاتەوە. جێگیرکردنی بەهای نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و دابینکردنی وەزی جێگرەوە بۆ وزەی ڕووسیا بۆ ئەورووپا  و ئاسایشی کەنداو لە ئەولەویاتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت.

ئێران خوازیارە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی کەنداو ئاسایی بکاتەوە. ئێران ئامادەیە لەسەر دۆسیەی یەمەن و سووریا و لوبنان ڕادەی تێگەیشتنی خۆی بۆ کێشەی ئەو ناوچانە لەگەڵ ئاستی نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەکە هاوسەنگ بکات. بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە ناڕوونە. عێراق ڕۆڵی ناوبژیوان دەبێنێت، بەڵام لەهەمانکاتدا گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ناوخۆێ عێراق، ئاڕاستەی سیاسەتی عێراق لە دراوسێیەکی گوێڕایەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ وڵاتێک کە بە شوێن سەروەری ونبووی خۆیدا دەگەڕێت. ڕۆڵی نوێ و تا ڕادەیەک جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە عێراق بە بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە کوەیت و سعودیە و وڵاتانی کەندا و دوورکەوتنەوە لە کڕینی کارەبا و وزەی ئێران پێگەیەکی نوێی بۆ دیاریدەکات و دەسپێکی ڕۆڵ بینینی عێراقە لە بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆی و ناوچەکە بە گشتی. دوورکەوتنەوەی عێراق لە ئێران سەرەتای لاوازبوونی پەیوەندی ئەو دوو وڵاتەیە لەسەردەمی کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی، کە کاریگەریی نەرێنی دەبێت لە گۆشەگیرکردنی سیاسەتەکانی ئیران لەگەڵ دراوسێکانی لە ناوچەکە لەگەڵ خراپی باری ئابووریی ئەو وڵاتە.

نیگەرانیی هەرە گەورەی وڵاتانی کەنداو لە ئێران دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی کەنداوە لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەوە. ئەم نیگەرانییانە ڕۆڵی کەنداوی عەرەبی، لە نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل و ئەمریکا دیارتر دەخات. ئێرانیش بەو ئاڕاستەیە ڕازی نابێت ئەگەر ڕێکەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بە ئەنجام نەگات.

دوورنمای هاوپەیمانییەکی ئەمنی و سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ژێر پەرەسەندنەکانی شەڕی ئۆکرانیا لە ئێستادا بەدی ناکرێت، بەڵام سیاسەتی ئەمریکا لە ئێستادا ڕوونتر لە جاران دژی هەر چەشنە خۆسەپاندنێکی سەربازیی هەرێمایەتییەوەیە، کە یەکلایەنە خۆی بە سەر ناوچەکەدا بسەپێنێت. ئەمەش وەک هەڕەشیەک بۆ سیاسەتی دوورمەودای ئێران لە قووڵایی باشووری ئەو وڵاتە. ئێران بە ناچاری لە سیاسەتی ڕووسیا لە ڕووی سەربازیی و ئابوورییەوە نزیک دەخاتەوە. بە تایبەت کە ئێران هاوکاری ڕووسیا دەکات لە شەڕی ئۆکرانیا بە فرۆشتنی درۆنی پێشکەوتوو بەو وڵاتە. دوورخستنەوەی ئێران لە سیاسەتی کەنداو کاریگەریی نەرێنی دەبێت کە ئێران نەتوانێت پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ کەنداو ئاسایی بکاتەوە، ئەگەر لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمی سەرکەوتوو نەبێت، کە لە بنەڕەتدا دۆسیەیەکی سیاسی وڵاتانی ڕۆژئاوایە دژی ئێران و بەرژەوەندییەکانی.

ئەنجام

ئێران دراوسێی پانزە وڵاتە. حەوت وڵات سنووری خاکییان لەگەڵ ئێران هەیە و هەشت وڵاتیش سنووری دەریاییان لەگەڵ ئێران هەیە. هەبوونی دراوسێگەلی زۆر کاری دەزگای دیبلۆماسی ئێران قورستر دەکات لە ڕاگرتنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا. لەهەمانکاتدا وەک دەرفەتێک وایە بۆ ئێران کە دەروازەی ڕزگاربوون بێت لە گەمارۆ و فشار بۆ سەر ئێران. ئێران چوار قووڵایی ستراتیژی مەزنی هەیە وەک دەرفەتی مێژووکرد وایە بۆ ئێران. قووڵایی ستراتیژی باکوور ( ڕووسیا و وڵاتانی قەوقاز وڵاتانی گولی ئاڕاڵ) باشوور ( وڵاتانی عەرەبی کەنداو) ڕۆژئاوا ( عێراق، تورکیا، سوریا و لوبنان …) قووڵایی ڕۆژائاوا ( پاکستان، ئەفغانستان و هیندستان..). بەڵام گرفتی سەرەکیی ئێران لە قووڵایی باشووری ئێرانە، کە وەک بەشێک لە خەونی مێژووی ئێران لەسەروەربوون و هێزی باڵادەستی کەنداوی فارسە بەرامبەر وڵاتانی عەرەبی. ئێران لە مێژوودا لەم قووڵاییەوە داگیرکراوە ( جەنگی جیهانیی دووەم) لەم قووڵاییەوە کەشتیگەلی بێگانە دابەزیوون و ئێرانیان خستوەتە سەردەمی کۆلۆنیال و داگیرکاریی. ئێران لە قووڵایی باشوورەوە ڕووبەڕووی هەڵتۆقانی وڵاتانی تازە و بەهێزترین ئابوورییەکانی جیهان بووەوە. قووڵایی لەکەنداوە کە وەک سەکۆی نیشتنەوەی زەبەلاحترین و بەهێزترین فڕۆکەکانی ئەمریکا و شەریکەکانی و بەهێزترین کەشتییە جەنگییە شەڕکەرەکانی ڕووبەڕووی ئەمریکا بووەتەوە. ناوچەی کەنداو بۆ ئێران وەک هێڵی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێرانە لە هەر دەستدرێژییەک کە بکرێتە سەری. لەهەمانکاتدا کەنداو بۆ ئێران خاڵی لاوازی ئەمریکا و وڵاتانی زلهێزی جیهانە لەوەی کە لەبەر ڕەحمەتی درۆن و موشەکەکانی ئێرانە بۆ سەر دڵی ئابووریی جیهان و چاڵە نەوتەکانی کەنداوە. ئێران لە هێڵی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوەی تا ئەندازەیەک توانیویەتی درزی مەزهەبی و دیمۆگرافی و سیاسیی بخاتە ناو دڵی ناوچەکەوە. بەڵام سەرکەوتوو نەبووە لەوەی کە پرۆژەی ئێران بۆ ئاسایشی ناوچەکە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی بەهێز بکرێتە کردار و دەستی وڵاتانی زلهێز لە ناوچەکە کەم بکاتەوە. بە پێچەوانەوە قووڵایی باکوور بۆ ئیران ڕزگارکەرە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا. هەرچەندە ئێران لەم قووڵاییەوە نەیتوانیوە گازی سروشتی خۆی هەنادرە بکات و ڕێڕەوێکی ستراتیژی و سیاسی و ئەمنی بۆ دەستەبەر نەبووە لە ئوراسیا. ئێران لەگەڵ ئەوەی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین فشاری نێودەوڵەتی لەسەرە، بەڵام دەرفەتی کراوەی زۆرێشی لە پێشە کە بتوانێت لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تا ڕادەیەک مەترسییەکانی سەر خۆی کەمبکاتەوە.

سەرچاوەکان:

  1. ولادیمیر تیسمانانو. کیت سی. لانگدن (١٤٠٠ ) دمکراسی پوتین. ترجمە: سوودابە قیصری- تهران- بنگاه ترجمە و نشر پارسە.
  2. دکتر سید جلال دهقانی فیروزابادی. (١٣٩٥)  سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران. تهران.چاپ هفتم. سازمان مطالعە و تدوین کتب علوم انسانی دانشگاهها( سمت) مرکز تعقیق و توسعە علوم انسانی.
  3. رابرت د. شولزینگر (١٣٨٥) دپلماسی امریکا در قرن بیستم ترجمە: محمد ڕفیعی مهرابادی. تهران. دفتر مطالعات سیاسی و بین المللی.
  4. لویس فاست.( ١٣٨٦ ) ڕوابط بین الملل خاورمیانە . ترجمە: احمد سلطانی. تهران. دفتر مطالعات سیاسی و بین المللی.
  5. پیتر منسفیلد (١٤٠٠) تاریخ خاورمیانە. ترجمە: کیانوش امیری. تهران. انتشارات نیماژ
  6. سید حسین موسویان (١٤٠٠) ایران و ایالات متحدە. نگاهی از درون گذشتەای شکست خوردە و مسیری بە سوی مصالحە. با همکاری محمدرضا بیگدلی. تهران انتشارات کتاب پارسە.
  7. یرواند ابراهامیان (١٤٠٠). ایران بین دو انقلاب. ترجمە: احمد گل محمدی و محمد ابراهیم فتاحی. تهران چاپ سی ام. نشر نی.
  8. سید حسین موسویان (١٣٩٤) ڕوایت بحران هستەای ایران ، ناگفتەهای یک دیپلمات. ترجمە: ڕحمن قهرمانپور. تهران انتشارات تیسا.
  9. د.کرار انور البدیری (٢٠١٨) دروب القو‌ه العظمی. الاستراتیجیات الکبری للولایات المتحدە الامریکیە. بیروت. الحمراء.
  10. یرواند ابراهامیان ( ١٣٩٨) تاریخ مدرن ایران. ترجمە: محمد ابراهیم فتاحی.تهران. نشر نی.
  11. جۆرج فریدمان (٢٠١٣) سەد ساڵی داهاتوو. وەرگێڕانی: د.شێرکۆ عەبدوڵڵا. سلێمانی. چاپخانەی کەمال.

Send this to a friend