• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 22, 2024

ستراتیجی ئێران لە سووریا و هەڵوێستی سەبارەت بە هەوڵەکانی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی شام و ئەنکەرە

 توێژەر: هەڤاڵ ئازاد محی الدین

 

بەرایی

لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩، ئێران سیاسەتی ئەنتی ئیمپریالیزم و ئەنتی زایۆنی کردووە بە یەکیک لە گرنگترین بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی، هەروەها هەوڵی داوە ئاسایشی نەتەوەی خۆی بباتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیەوە و بیبەستێتەوە بە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەنەوە. لەم چوارچیوەیەدا بەردەوام لە هەوڵی دامەزراندنی پشتێنەیەکی ئەمنی گرنگ بووە لە نێوان ئەم ناوچانەدا. ئێران لە دوای شۆڕشەوە هەوڵیداوە پەیوەندییەکی تۆکمە تا ئاستی هاوپەیمانی ستراتیجی لەگەڵ سووریا ئەنجام بدات. هەر بۆیە لە بەدرێژای جەنگی ناوخۆی سووریا ئێران زۆرترین هاوکاری سەربازیی و سیاسی و ئابووری پێشکەش بە ڕژێمی سووریا کردووە. چونکە ئێران پێی وایە لە ناوچوونی سووریا بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ناوچوونی ئێران دەبێت. هەروەها یەکێک لە گرنگترین ستراتیجییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران فراوانکردنی نفوزی خۆیەتی لە سووریا. لەم ڕوانگەیەوە ئێران بە وردی چاودێری هەموو پێشهاتەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکی شام دەدات لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەکە بە تایبەتی تورکیا.

کلیلە وشە

ئێران، سووریا، تورکیا، جەنگی نێوخۆی سووریا، ستراتیجی ئێران، پشتێنەی ئەمنی (هیلالی شیعی) 

کورتەیەک لە مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران – سووریا

کاتێک بمانەوێت باس لە ستراتیجی ئێران بکەین لە سووریا ئەوا پیویستە بە کورتی باسێک لە مێژووی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سووریا بکەین. وەک زانراوە سووریا لە دوای دامەزراندنی لە ساڵی ١٩٤٦، یەکێک دەبێت لەو دوڵەتانەی کە دەچێتە بەرەیەک دژ بە دامەزراندن و بوونی دەوڵەتێک بەناوی ئیسڕائیلەوە خاوەنی چەندین ململانێی مێژووییە لەگەڵ ئیسڕائیل. هاوتەریب یەکێکیش دەبێت لەو وڵاتانەی کە بە درێژای جەنگی سارد لە بەرەی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی دەبێت و پێچەوانەی بەرژەوەندی و سیاسەتی ئەمریکا دەبێت لە ناوچەکەدا.

هاوتەریب سووریا یەکێک دەبێت لە وڵاتانی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە پەیڕەوانی مەزهەبی شیعی دەبێت کە بەردەوام لەهەوڵدابوون پەیوەندی لەگەڵ نەیارانی شادا ببەست و هاوکارییان پێشکەش بکەن، تەنانەت لە پێش و لە سەروبەندی سۆڕشدا سووریا یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە هاوکاری لۆجستی شۆڕشگێڕانی ئێران دەکات لە دژی دەسەڵاتی شا.(1) بێگومان ئەمەش دەبێت بە هۆکار گەلێکی گرنگ بۆ ئێرانی دوای شۆڕش کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا گەشەپێبدات. وەک دەزانرێت پێش سەرهەڵدانی شۆڕش لە ئێران بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی میسر دەستیان کردبوو بە ئەنجامدانی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیل و لەم چوارچێوەیەدا ڕێکەوتننامەی ئاشتی لە نێوانیاندا واژوو کرابوو، ئەمەش وای کردبوو کە سووریا وەک یەکێک لە تاکە هێزەکانی ناوچەکە بمێنێتەوە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل بە ئاڵۆزی مابوویەوە، هاوتەریب لەو قۆناغەدا ئاڵۆزی کەوتبوویە نێوان پەیوەندییەکانی دیمەشق و بەغدادیشەوە، بێگومان ئەمە دۆخێکی گۆشەگیری و تەنهای بۆ سووریا فەراهەم کردبوو. بەڵام لە دوی سەرهەڵدانی شۆڕش لە ئێران و بەیانکردنی سیاسەتی دژە ئیسڕائیل و ئمپریالیزمی بەتایبەتی ئەمریکا بەس بوون بۆ ئەوەی سووریا ئەو فریاد ڕەسە بدۆزێتەوە، کە لە خەیاڵدانی سیاسی خۆیدا بەدوای دەگەڕا. هەر بۆیە دوابەدوای شۆڕش وەزیری دەرەوەی سووریا عبدالحلیم هادام شۆڕشی ئیرانی بە یەکێک لە گرنگترین ڕوداوەکانی مێژووی هاوچەرخ ناوزەند کرد.(٢) هەربۆیە دوابەدوای شۆڕشی ئیسلامی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و تاران فۆڕمێکی تازە وەردەگرێت و هەوڵدەدرێت ئەم پەیوەندییانە بگەیەنرێتە ئاستی هاوپەیمانی ستراتیجی. جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران – عێراق ئەو دەرفەتەی بۆ سووریا ڕەخساند کە زیاتر لە ئێران نزیک ببێتەوە و لە جەنگەکەدا بە هاوکاری کردنی ئێران وەک یەکێک لە وڵاتە عەرەبییەکان ببێت بە یەکێک لە هاوپەیمانە ستراتیجییەکانی ئێران.(٣) بێگومان یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە لە جەنگی ئێران – عێراق هاوکاری ڕاستەوخۆی ئێران لە بواری سەربازی و لۆجستیدا بێگومان سووریا بوو. لە دوای شۆڕش ئێران لە سیاسەتی دەرەوەیدا هەستا بە جێبەجێکردنی سیاسەتێکی ئیسلامی شیعی ڕادیکاڵی، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ئێران ببێت بە وڵاتێکی گۆشەگیر و لە لایەن دەوڵەتانی هەرێمییەوە تەنها بکرێت. تەنانەت عێراق هەوڵیدا سوود لە پەرتەوازەی ناوخۆیی و گۆشەگیری دەرەوەی ئێران وەربگرێت و جەنگ لە دژی ڕابگەیەنێت.

لە سەروبەندنی جەنگدا هاوشانی لیبیا سووریا یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە زۆرترین و باشترین هاوکاری سەربازی و لۆجستی پێشکەش بە ئێران بکات. تەنانەت موحسین ڕەفیق دوست وەزیری سوپای پاسداران ئاماژە بە گرنگی هاوکارییەکانی سووریا دەکات و دەڵێت: “ئەگەرچی هاوکارییەکانی سووریا کەمیش بێت، بەڵام لە ڕووی کاتەوە گرنگی تایبەت دەبەخشێت بە ئێران”.(٤) هاوتەریب لەم قۆناغەدا بەهۆکاری ئاڵۆزییەکانی نێوان لوبنان و ئیسڕائیل و دامەزراندنی گرووپی حزبوڵڵای لوبنان بە هاوکاری ئێران،(٥) پێشهات گەلێکی گرنگ دەبن بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سووریا کە لە پەیوەندییەکی ئاساییەوە دەگوازرێتەوە بۆ هاوپەیمانییەکی ستراتیجی. سەرەڕای پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بەڵام سووریا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو هەوڵیدا لەلایەک ببێت بە بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا و لەلایەکی ترەوە هەوڵیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا ئاسایی بکاتەوە، بەڵام دوای ئەوەی هەوڵەکانی سووریا بێ ئەنجام بوون دووبارە ڕووی کردەوە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی ئیران کە ئەمەش دووبارە بووە هۆکاری بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و دیمەشق.(٦) هەروەها لە دوای ١١ سێپتەمبەر چەندین ڕێککەوتننامەی ستراتیجی و سەربازی و بەرگری لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ دەکرێت و هەردوو وڵات دەبن بە هاوپەیمانییەکی ستراتیجی گرنگ لە ناوچەکەدا.(٧)

لەگەڵ ئەوەی سووریا و ئێران خاوەنی پەیوەندییەکی بەهێزن و هەندێک جاریش دەگاتە ئاستی هاوپەیمانی ستراتیجی، بەڵام لەهەمانکاتیشدا فاکتەر گەلێک هەن کە دەتوانن لە هەر کاتێکدا ئاستەنگ بۆ پەیوەندییەکانی نێوانیان دروست بکات. بێگومان گرنگترینیان جیاوازی ئایدۆلۆجیای سووریا و ئێرانە. لەگەڵ ئەوەی ئایدۆلۆجیای سووریا شیعەی عەلەوییە بەڵام سووریا و حیزبی باعس نەیان ویستووە کە سیاسەتی نێوخۆی و دەرەوەی سووریا ڕەنگدانەوەی ناسنامەی ئایینی شیعە بێت. تەنانەت بە پێچەوانەوە ڕژێمی سووریا هەمیشە هەوڵیداوە کە خۆی وەک دەوڵەتێکی عەلمانی نەتەوەپەرست پێناس بکات. کە ئەمەش بێگومان پێچەوانەی بنەمای سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە و بنەماکانی شۆڕشی ئێرانە، بەڵام وەک دەبینین ئێران لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریادا ئەم جیاوازییەی بەهەند وەرنەگرتوەو نەبووە بە بنەمای سەرەکی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران – سووریا.(٨) بە دەستەواژەیەکی تر، ئێران لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ هەوڵی داوە دین و شیعەگەرای وەک یەکێک لە بنەما گرنگەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بەکاربهێنێت، بەڵام نابێت ئەو ڕاستییە فەرامۆش بکرێت کە ئێران ئایینی نەکردووە بە بنەمای سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی خۆی، هەر بۆیە سەرەڕای جیاوازی مەزهەبیش ئێران دەتوانێت درێژە بە پەیوەندییەکانی خۆی بدات لەگەڵ ئەو دەوڵەت و لایەنانەی کە دەچنە چوارچێوەی ستراتیجی ئێرانەوە، لەم ڕاوانگەیەوە دەتوانین سووریا و حەماس وەک دیارترین نمونە ببینین.(٩)

سیاسەت و ستراتیجی ئێران لە سووریا

شۆڕشی ئێران یەکێکە لە ڕوداوە هەرە گرنگەکان کە کاریگەری گەورەی هەبوو لە سەر خودیی ئێران و ولاتانی تری ناوچەکە و گۆڕانکاری گەورەی دروستکردووە لەسەر دووبارە بونیاد نانەوەی هاوپەیمان و نوێ لە ناوچەکەدا. ئێران لە دوای شۆڕشەوە لە هەوڵدادەت ئایدۆلۆجیای شیعی و خودی ئێران بکات بە هەوێنی چەندین شۆڕشی تر لە ناوچەکەدا، هاوتەریبب وەک وڵاتێکی ئیسلامی سیاسەتی ئەنتی ئیمپریالیزمی و ئەنتی یەهودی جێبەجێ بکات. ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ کەنار خستنی ئێران هەندێک جار مەترسی دروستکردنە سەر خودی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران. لەم چوارچێوەیەدا ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەتریسییەک لە سەر ئاسایشی نەتەوەی خۆی هەوڵیداوە کە سوود لە هەموو دەرفەتێک وەبگرێت و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و گرووپە جیاوازەکانی ناوچەکەدا دروست بکات و وەک شەڕی وەکالەت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و ترساندنی دوژمنەکانی بەکاریان بێنێت.

 بێگومان سووریا لەبەر گرنگی لایەنی جیۆپۆلەتیکی دەکرێت ببێت بە دڵی ئاسایشی نەتەوەی ئێران و ڕۆڵی پردی پەیوەندییەکانی ئێران بێت لەگەڵ هێزە شیعیە چەکدارەکانی ناوچەکە و دواتر نزیکبوونەوەی تەواویی لە سنوورەکانی ئیسڕائیل. بە دەستەواژەیەکی تر دەکرێت سووریا دەرچەیەک بێت بۆ گواستنەوەی ئاسایشی نەتەوەی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و ڕووبەڕووبوونەی هەر مەترسییەک لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکانی سووریا و لوبنان و یەمەنەوە.(١٠)

سەبارەت بە ستراتیجی ئێران لە سووریا بێگومان یەکێک لە ستراتیجییەکانی ئێران لە سووریا جێبەجێ کردنی سیاسەتی ئەنتی ئیمپرایایزمی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ئەنتی یەهودییە. وەک زانراوە سووریا هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە بەردەوام یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە لە دژی هەر جۆرە قەوارەیەکی ئیسڕائیل بووە و خاوەنی چەندین جەنگ و ململانێیە لەگەڵ ئیسڕائیلدا،(١١) هاوتەریب بە هۆکاری هاوکارییەکانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریکا بۆ دەوڵەتی ئیسڕائیل سووریا بەهەمان شێوە خۆی لە بەرەکانی دژ بە ئەمریکا بینیوەتەوە.(١٢) هەر بۆیە ئەم ململانێیەی سووریا دەرفەتێکی گونجاو بۆ ئێران دەڕەخسێنێت تاکو بتوانێت لە ڕێگەی دروستکردنی پەیوەندییەکی تۆکمەوە لەگەڵ سووریا، سووریا بکات بە ناوەندێکی گرنگ بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە گرنگترین ستراتیجییەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی کە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ بنەمایەکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئێران پێک دەهێنێت، کە ئەویش وەک پێشتر باسی لێوە کرا ستراتیجی ئەنتی ئەمریکا و ئیسڕائیلە، تەنانەت علی خامنەی لە یەکیک لە وتەکانیدا دەڵێت:” گرنگترین هۆکاری هاوکارییەکانی ئێران بۆ سووریا ئەوەیە کە سووریا دەکەوێتە چەقی بەرهەڵەستی قەوارەی زایۆنییەوە.”(١٣) کە لە فەرهەنگی سیاسی ئێرانی دوای شۆڕشدا بە شەیتانی گەورە و بچوک پێناس کراوە.(١٤) شایەنی باسە ئەم ستراتیجییەی ئێران بە شێوەیەکی گشتی لە لایەن خودی ڕێبەری باڵای ئێران و کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە بەردەوام جەخی لێوە کراوەتەوە.(١٥) هەر بۆیە ئێران بەردەوام لە هەوڵداوە کە سووریا بکات بە هاوپەیمانییەکی متمانە پێکراوی خویی و لە هەموو دۆخێکدا هەوڵی پاراستنی ڕژێمی بەشارد ئەسەد بدات.

بێگومان یەکێکی تر لە گرنگترین ستراتیجییەکانی ئێران لە سووریا زامنکردنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران خۆیەتی، لەم ڕوانگەیەوە ئێران هەوڵیداوە سوود لە ستراتیجی شوێنی جوگرافیای سووریا وەربگرێت و بیکات بە یەکێک لە هاوپەیمانە ستراتیجییەکانی خۆی و وەک بەشێک لە پرۆژەیی پشتێنی بەرگری بەکاری بێنێت.(١٦) سوود لە پێگەی سووریا وەربگرێت بۆ گەشتن بە لوبنان و حیزبوڵڵا دواجار ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسڕائیل بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.(١٧) هەروەها ئێران چەندین ڕێککەوتننامەی ستراتیجی لەگەڵ سووریا واژوو کردووە وەک ڕێکەوتننامەی هاریکاری ستراتیجی ئاسایش لە ٢٠٠٤ و ڕێکەوتننامەی بەرگری هاوبەش لە ٢٠٠٦ و ڕێکەوتننامەی هەرەوەزی سەربازی لە ٢٠٠٧.(١٨) ئێران لە ڕێگەی دروستکردنی پەیوەندییەکی ستراتیجی لەگەڵ سووریا، عێراق، حیزبوڵڵای لوبنان، حەماسی فەلەستین، یەمەن توانیویەتی پرۆژەی پشتێنەی بەرگری (هیلالی شیعی) تەواو بکات و ئامادەی هەر وەڵامدانەوەیەکی ئیسڕائیل و ئەمریکا و وڵاتانی تری سوننی مەزهەب بێت لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی.(١٩) هاوتەریب ئێران لەڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە توانیویەتی نفوزی خۆی لە نیمچەدورگەی عەرەبیدا زیاتر بکات.(٢٠) وەک زانراوە ئێران لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ بۆ ئەوەی بتوانێت ئاسایشی نەتەوەی خۆی لە دەرەوەو ناوخۆدا فەراهەم بکات هەوڵیداوە، سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش جێبەجێ بکات و خۆی بە پارێزەر و بەرگریکاری تەواوی مسوڵمانان نیشان بدات بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەم چوارچێوەدا ئێران بەردەوام ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر مەترسی و هەڕەشەیەک بۆ سەر هەر لایەنێکی ئیسلامیی هێرش و مەترسییە بۆ سەر ئێران. بە دەستەواژەیەکی تر ئاسایشی نەتەوەی ئێران لە دوای شۆڕشەوە تەنها لە چوارچێوەی سنووری جوگرافیای ئێراندا نامێنێتەوە بەڵکو دەچێتە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و سووریا و یەمەن و لوبنان دەبن بە بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەی ئێران.(٢١) لەم چوارچێوەیەدا ڕاوێژکاری و باڵا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی عەلی خامنەیی (علی اکبر ویلایتی) لە سەرەتاکانی سالی ٢٠١٢ لە یەکێک لە ڕاگەیاندنەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پشتوێنی بەرگری ئێران، سووریا، عێراق، لوبنان، حەماس لە دژی ئیسڕائیل بە سووریادا تێدەپەڕیت و خودی سووریا پارچەیەکی ئاڵتونی ئەم پشتێنەیە پێکدەهێنێت، هەر لە یەکێک لە وتارەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەشار ئەسەد هێڵی سووری ئێرانە.(٢٢) کەوایە لە ناوچوونی ڕژێمەکەی ئەسەد بە تەنها لە ناوچوونی یەکێک لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی ئێران نییە، بەڵکو دەبێتە هۆکاری شکاندنی گرگترین ئەڵقەی پشتێنەی ئاسایشی ئێران و لە ناوچوونی لینکی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان.(٢٣) لەم ڕوانگەیەوە حوسەین تەیب سەرکردەی باڵا لە سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد:” سووریا ٣٥مین پارێزگای ئێرانە و یەکێکە لە پارێزگا ستراتیجییەکان بۆ ئێران، ئەگەر دوژمن هەوڵی پەلاماردانی ئێران یان سووریا بدات ئەوا ئێمە سەرەتا هەوڵی پاراستنی سووریا دەدەین، چونکە ئەگەر بتوانین سووریا بپارێزین ئەو هەموو ئێران دەپارێزین، بە پێچەوانەوە ئەگەر سووریا لە دەست بدەین ئەوان ناتوانین ئێران بپارێزین.”(٢٤) بە دەربڕینێکی تر مانەوەی سووریا مانەوەی ئێرانە بە پێچەوانەشەوە کەوتنی سووریا واتە کەوتن و لە ناوچوونی ئێران.(٢٥)

یەکێکی تر لە ستراتیجییەکانی ئێران لە سووریا بێگومان هاوکاری کردن و پاراستنی ڕژێمی ئێستای سووریایە، ئێران دەیەوێت بە هێشتنەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد پارێزگاری بکات لەو هاوپەیمانێتییە گرنگەی کە لە نێوان تاران و دیمەشق دایە.(٢٦) وەک پێشتریش باسی لێوەکرا، سووریا ناوچەیەکی ستراتیجی گرنگە بۆ تاران. هەر بۆیە تاران ئامادەی هەر جۆرە هاوکارییەکە بۆ مانەوەی ئەم هاوپەیمانە گرنگەی خۆی. لە دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و ئاڵۆزییەکانی سووریا، ئێران بە هەموو شێوەیەک دژایەتی ڕاپەڕینەکانی سووریای کرد و وەک دەستی دەرەکی و بەکرێگیراوی ئیسڕائیل و ئەمریکا وەسفی خۆپیشاندانەکانی سووریای کرد.(٢٧) بە دەربڕینێکی تر ئێران پێی وایە کە ئاڵۆزییەکانی سووریا پلانی وڵاتانی دەرەوەیە بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە سووریا و لاوازکردنی بەرەی بەرگری کە سووریا ئەڵقەیەکی ئاڵتونی ئەو بەرەیە پێکدەهێنێت، پاشانیش دەرکردنی سووریایە لەو بەرەیە و دروستکردنی ڕژێمێکی نوێیە بۆ سووریا کە نزیک لە خواست و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی تربێت.(٢٨) هەر بۆیە ئێران دەستی کرد بە هاوکاری کردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هەموو هاوکارییەکی پێشکەش بە دیمەشق کرد لە پێناو مانەوەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، چونکە لە لایەکەوە بەشار ئەسەد هاوپەیمانێکی متمانە پێکراوی تارانە و لە لایەکی ترەوە ئۆپۆزیسۆنی سووریا لە بری تاران نزیکترن لە ڕکابەرەکانی ئێران. بۆیە ئێران پێێ وایە بە کۆتایی هاتنی ڕژێمەکەی ئەسەد وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕژێمێک بۆ سووریا دروست دەکەن کە دوربێت لە خواستی ئێران، بەمەش هێز و نفوزی ئێران لە سووریا دەکەوێتە مەترسییەوە.(٢٩) هەربۆیە ئێران بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سووریا هاوکاری گەورەی سیاسی و ئابووری سەربازی پێکەش بە سووریا کردووە. لەم چوارچیوەیەدا ئێران لە ڕووی سیاسییەوە بەردەوام بەشار ئەسەدی وەک سەرۆکێکی یاسای سووریا ناساندووە و لە دژی بە نێودەوڵەتی کردنی کێشەی سووریا بووە و هەوڵیداوە ئەو پەیامە بە ڕای گشتی بگەیەنێت کە بارودۆخی سووریا دەرئەنجامی کاری گرووپە تیرۆرستییە بە کرێ گیراوەکانە، هەروەها لە ڕووی ئابووریشەوە ئێران لە سەرەتای جەنگی نێوخۆی سووریاوە ساڵانە بە ملیارەها دۆلار هاوکاری پێشکەس بە حکومەتی دیمەشق دەکات و هەندێک پێیان وایە کە هاوکارییە ئابوورییەکانی ئێران بۆ سووریا سەدان ملیارد دۆلاریان تێپەڕاندووە، بەهەمان شێوەش ئێران هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە لە ڕووی سەربازیشەوە پشتیوانی سووریا بووە و چەندین ڕاوێژکار و سەربازی سەر بە سوپاسی پاسدارانی ئێرانی ناردۆتە خاکی سووریا، ئەمە جگە لەوەی کە چەندین هێزی میلیشیایشی دروستکردووە بۆ هاوکاری کردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی خۆی.(٣٠)

هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە

ئەگەر سەیرێکی پاشخانی مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا بکەین دەبینین پەیوەندییەکانیان لە دۆخێکی ئاڵۆزدا بووە هەندێک جار گەیشتۆتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. کۆمەڵیک کێشەی وەک خاک و بەڕیوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و ئاسایشی نەتەوەیی و مەسەلەسەی کورد (پارتی کرێکارانی کوردستان) گرنگترین فاکتەر بوون لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریادا.(٣١) ئەگەرچی تورکیا پێش بەهاری و عەرەبی و ئاڵۆزییە نیوخۆییەکانی سووریا هەوڵیدا لە چوارچێوەی بنەمای سفر کێشەی ئەحمەد داود ئۆغلۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاسایی بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی سووریادا ستراتیجی تورکیا سەبارەت بە سووریا دەگۆڕێت و خوێندنەوەیەکی هەڵە بۆ پیشهاتەکانی سووریا دەکات.(٣٢) هەر بۆیە دەست دەکات بە دژایەتی کردنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و ڕایگەیاند کە ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕژێمێکی داپلۆسێنەرەو و پێویستە ئەو ڕژێمە بگۆڕدرێت. لەم چوارچێوەیەدا تورکیا دەستی کرد بە هاوکاری کردنی ئەو گرووپانەی کە دژی ڕژێمەکەی ئەسەد بوون.(٣٣) هاوتەریب تورکیا میوانداری کۆنگرەی ئۆپۆزیسۆنی نەتەوەی سووریا دەکات لە ئەنتالیا و ئەستەمبوڵ، هەروەها پشتیوانی هەموو بڕیار و سزاکانی یەکێتی عەرەبی دەکات بەرامبەر بە سووریا.(٣٤) بەم شێوەیە دەبینین سیاسەت و ستراتیجی تورکیا لە سووریا پێچەوانەی ستراتیجی ئێران دەبێت، بێگومان ئەمەش فاکتەرێکی گرنگ دەبێت کە کاردەکاتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا.

دوای ئەوەی ڕووسیا بوو بە ئەکتەرێکی گرنگ و ئەکتیڤ لە سووریا و دەستکردن بە پشتیوانی کردنی ڕێژێمی بەشار ئەسەد، هاوسەنگی هێز لە سووریا گۆڕانکاری بەسەردا هات. هاوتەریب ڕووسیا دەستی کرد بە فشارکردنە سەر تورکیا بە مەبەستی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ شامدا، لەهەمانکاتدا پرۆسەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی پێکرد(٣٥) و چەندین وڵاتی عەرەبی ئامادەی گفتوگۆ بوون لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەددا. لەم نێوەدەدا تورکیایش بە نیوەندگیری ڕووسیا هەوڵیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاسایی بکاتەوە و دوای چەندین ساڵ لە جەنگی ناوخۆی سووریا تورکیا دەستی کرد بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ سووریادا بە مەبەستی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان. لەم ڕوانگەیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ لە مانگی ئابی ٢٠٢٢ ڕایگەیاند کە “پێویستە ئاشتەوای لە نێوان ڕژێمی ئەسەد و هێزی ئۆپۆزیسۆنی سووریادا بەرقەرار بکەین” بە پێچەوانەوە ئاشتی هەمیشەیی لە سووریا فەراهەم نابێت. دوابەدوای ئەم ڕاگەیەندراوەی وەزیری دەرەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆککۆماری تورکیا لە دیدار لەگەڵ سەرۆکی میسر سی سی لە قەتەر ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت لەگەڵ بەشار ئەسەددا کۆببمەوە، بێگومان ئەم ڕاگەیاندنانەی تورکیا لە ئاستی باڵا کۆمەڵێک پەیام بوون کە هەڵگری دەنکە تۆوی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان شام و ئەنکەرە بوون. دوابەدوای ئەم پەیامانە وەزیری بەرگری تورکیا و سەرۆکی دەزگای میت لە ڕووسیا چاویان کەوت بە هاوپیشەکانیان و یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان سووریا و تورکیا لە ڕووسیا بە نێوەندگیری ڕووسیا ئەنجام درا.(٣٦) بێگومان یەکێک لەو وڵاتانەی بە گرنگییەوە چاودێری گفتوگۆکانی نێوان ئەنکەرە و شام دەکات ئێرانە. ئەگەرچی ئێران ڕایگەیاند کە لە هەموو دۆخێکدا پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکەن بە مەبەستی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی شام و ئەنکەرە، بەڵام لە واقیعدا وا دەردەکەوێت کە ئێران نایەوێت سووریا بە بێ خواستی تاران پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا ئاسایی بکاتەوە.(٣٧) چونکە دوابەدوای هەوڵەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان شام و ئەنکەرە لە لایەک و شام و وڵاتانی تری کەنداو لە لایەکی ترەوە، ئێران هەوڵیداوە فشارەکانی بۆ سەر سووریا چڕبکاتەوە و هەموو ئەو هاوکارییە ئابوورییانە ڕاگرێت کە پێشکەشی حکومەتی بەشار ئەسەدی کردوون بە تایبەت هەڵگرتنی هەموو ئاسانکارییەکان لە پێدانی نەوت و گازی سروشتی بە سووریا. هاوتەریب ڕاستەوخۆ دوای هەوڵەکانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان دەسەڵاتدارانی باڵای شام و ئەنکەرە، وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیر عەبدللاهیان لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ سووریا چاوی بە هەر یەک لە بەشار ئەسەد و هاوتا سورییەکەی فەیسڵ میقداد دەکەوێت. دوابەدوای سەردانەکەی عەبدوللاهیان بۆ سووریا، بەشار ئەسەد و فەیسەڵ میقداد ڕایدەگەیەنن کە تورکیا دەبێت هێزەکانی خۆی لە سووریا بکشێنێتەوە و هەموو هاوکارییەکانی بۆ گرووپە تیرۆرستەکان کۆتایی پێبێنێت، بە پێچەوانەوە مانایەک بۆ هەوڵەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان نامێنێت.(٣٨)

بەشێوەیەکی گشتی ئێران کاتێک پشتیوانی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی سووریا و وڵاتانی تری ناوچەکە دەکات کە خواستەکانی تاران بە هەند وەرگیرابێت و ئاستەنگ بۆ ستراتیجییەتی تاران دروست نەکرێت، لەهەمانکاتدا لە قۆناغی دوای پرۆسەی ئاشتیدا زۆرترین پشکی ئابووری بدرێت بە تاران. هاوتەریب چاودێران پێیان وایە کە هەوڵەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەکە کاتێک بەرهەمدار دەبێت کە یان ئێران سەرپەرشتی بکات یاخود خودی ئێران یەکێک بێت لە ئەکتەرەکان. وەک پێشتریش ئاماژەی بۆکرا ئێران بە درێژای جەنگی نێوخۆی سووریا باشترین هاوپەیمانی سووریا بوو، زۆرترین هاوکاری سەربازی و ئابووری پێشکەش بە شام کردووە، خاوەنی زۆرترین هێزی چەکدارە لە سووریا و بە دەیان ملیارد دۆلاری خەرجکردووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سووریا، هەر بۆیە تاران بە نیگەرانییەکی قووڵەوە دەڕوانێتە هەر هەوڵێک بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی شام و وڵاتانی تری ناوچەکە.(٣٩) بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا دەکرێت ئێران لە بواری ئاسایشی نەتەوەی تورکیا دەکرێت هاوکار و پشتیوان تورکیا بێت، بە مەبەستی لاواز کردنی یەپەگە و پەیەدە لە باکوری سووریا، چونکە ئێرانیش تا ڕادەیەک نیگەرانە لە چالاکییەکانی هێزە کوردییەکانی باکوری سووریا،(٤٠) چونکە ئەم هێزانە لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی تری دژ بە ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و دەکرێت لە هەر کاتێکدا لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێرانیش بەکاربهێنرێن. بۆیە دەکرێت ئێران لەم ڕوانگەیەوە هاوکاری تورکیا بێت، بە مەرجێک کە تورکیا هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە و هاوکارییەکانی بۆ گرووپە ئۆپۆزیسۆنەکانی سووریا کۆتای پێبێنێت. ڕوونیشە کە لە ئێستادا ئەمە وەک کارێکی ئەستەم دەردەکەوێت و پێناچێت تورکیا ئامادەبێت هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە و هاوکارییەکانی بۆ گرووپەکانی سەر بە تورکیا کۆتایی پێبێنێت. بۆیە بەشێک لە چاودێران پێیان وایە کە گفتوگۆکانی ئەنکەرە لەگەڵ شام تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، چونکە گفتوگۆکان بەئاڕاستەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان نین، سووریا باش دەزانێت کە تورکیا ئامادە نییە هاوکارییەکانی بۆ گرووپە نەیارەکانی ڕژێمی ئەسەد کۆتایی پێبێنێت و بەهەمان شێوە تورکیا لەوە تێگەشتووە کە ڕژێمی ئەسەد توانای ئەوەی نییە کۆتایی بە دەسەڵاتی کوردەکانی باکوور بێنێت. هەر بۆیە گفتوگۆکان بێ ئەنجام دەبن.(٤١)

سەرچاوەکان

  • POLAT,Elif, KAYA, Mehmet, • Haziran/June 2022, İran’ın Suriye Politikası, Akademik MATBUAT, http://dergipark.gov.tr/matbuat, Cilt: 6 • Sayı: 1, s. 3.
  • KAZDAL, Melih, 2018, İRAN’IN ARAP BAHARI SONRASI SURİYE POLİTİKASINI ANLAMAK, Uluslararası İktisadi ve İdari Araştırmalar Dergisi C.1, S:1 s. 2.
  • مەحمود خالد، دۆسییەی ئێران، ئێران و سووریا بەرەو هاوپەیمانی ستراتیجی، لا، ١٣٥
  • POLAT,Elif, KAYA, Mehmet, a,g,m, s. 10-12.
  • AKGÜN, Birol , Haziran 2012, Suriye Krizi’nde Bölesel ve Küresel Aktörler (Perspektifler, Sorunlar ve Çözüm Öneriler), Stratejik Düiünce Enistitüsü, s. 45.
  • SİNKAYA, Bayram, Eylül 2011, İran – Suriye İlişkileri ve Suriye’de Halk İsyanı. Ortadoğu Analiz, cilt 3, Sayı, 33, s.41-42.
  • Tamer, Cenka, 15-18 Ekim 2018, SURİYE’NİN TEHDİT DENGESİ STRATEJİSİ: RUSYA VE İRAN ÖRNEĞİ,Uluslararası Avrasya Sosyal Bilimler Kongresi – 4, s. 75
  • SİNKAYA, Bayram, Eylül 2011, a.g.m., s. 40.
  • Şahin,Mehmet, 2008, İran Dış Politikasının Dini Retoriği, Akademik Ortadoğu dergisi, Vol.2, no.2, s. 10.
  • TAMER, Cenka, may 2018, İran’ın Suriye’deki Güvenlik Stratejileri, ANKASAM | Bölgesel Araştırmalar Dergisi, 2 (1), s.188.
  • Cleveland, L, William, 2008, Modern Ortadoğu Tarihi, Çev: Mehmet Harmancı, İstanbul, Agorakitalığı, s. 297.
  • ŞAHİN, Türel YILMAZ, 2016,Uluslararası Politikada Ortadoğu, Ankara, Bariş Kitap, 4. Baskı, s.124.
  • AKGÜN, Birol , a.g.m., s. 47.
  • Şen, Gülriz, 13,11,2023, Hamas ve Hizbulla İran’ın Sahadaki Sigortaları, https://artigercek.com/makale/gulriz-sen-hamas-ve-hizbullah-iranin-sahadaki-sigortalari-272737 , بەرواری سەردان\ ٢٠\١\٢٠٢٤.
  • POLAT,Elif, KAYA, Mehmet, a,g,m, s. 29.
  • Tamer, Cenka, 15-18 Ekim 2018, a.g.m., s. 75.
  •  AKGÜN, Birol, Haziran 2012, a.g.m., s. 50-51. And , Çakır, Fatma, March 2016, İran’ın Suriye İçindeki Stratejisi ve Unsurları, https://www.researchgate.net/publication/317686228_Iran’in_Suriye_Icindeki_Stratejisi_ve_Unsurlari, بەرواری سەردان ١٩\٤\٢٠٢٤.
  • TAMER, Cenka, may 2018, a.g.m., s. 188.
  • Ebrem, İlker Salih, 2019, Suriye İç Savaş’ının Türk Dış Politikasına ve Türkiye’nin Güvenliğine Etkileri, Doktora Tezi, Bursa Üniversitesi, s. 196-197.
  • TAMER, Cenka, may 2018, a.g.m., s. 189-190. And , Çakır, Fatma, March 2016, İran’ın Suriye İçindeki Stratejisi ve Unsurları, https://www.researchgate.net/publication/317686228_Iran’in_Suriye_Icindeki_Stratejisi_ve_Unsurlari, بەرواری سەردان ١٩\٤\٢٠٢٤. Uysal, Ahmet, 2017, İran’ın Suriye Stratejisi, https://kriterdergi.com/dis-politika/iranin-suriye-stratejisi, بەرواری سەردان ١٩/٤/٢٠٢٤.
  • Şahin,Mehmet, 2008, a.g.m., s. 11-13.
  • POLAT,Elif, KAYA, Mehmet, a,g,m, s. 8.
  • SİNKAYA, Bayram, Eylül 2011, a.g.m., s. 44. And POLAT,Elif, KAYA, Mehmet, a,g,m, s. 28.
  • TAMER, Cenka, may 2018, a.g.m., s.190-191.
  • Doğan, Soner , 20\6\2016, TÜRKIYE-İRAN İLIŞKILERINDE SURIYE FAKTÖRÜ: RISK ÜÇGENINDE İSTIKRAR ARAYIŞI, İnsani ve Sosyal Araştırmalar Merkezi, https://www.insamer.com/tr/turkiye-iran-iliskilerinde-suriye-faktoru-risk-ucgeninde-istikrar-arayisi_315.html, بەرواری سەردان ، ٢٠/٤/٢٠٢٤.
  • Caner, Mustafa , 2018, Kriterdergi, Suriye’de İran-İsrail Mücadelesi, https://kriterdergi.com/dis-politika/suriyede-iran-israil-mucadelesi, بەرواری سەردان ١٩/٤/٢٠٢٤.
  • ههه
  • SİNKAYA, Bayram, Eylül 2011, a.g.m., s. 45.
  • SİNKAYA, Bayram,2017, İran’ın Suriye Stratejisi, Akademik Ortdoğu, Cilt 11, sayı 2, s. 53-54.
  • SİNKAYA, Bayram, 2017, a.g.m., s. 54-57.
  • ÇAKMAK, Haydar, 2016, Türk Dış Politikasında 41 Kriz 1924-2014, Sage Matbaacılık, Ankara, s. 77-84. And SİMŞEK, Erdal, 2005, Türkiye’nin Ortadoğu Politikası, Kum Saati Yayıncılık, İstanbul, s. 130-131.
  • Yeni Dönemde Sıfır Sorun Politikası, 2013, Türkiye cumhuriyeti Dış İşleri Bakanlığı Sitesi, https://www.mfa.gov.tr/yeni-donemde-sifir-sorun-politikasi.tr.mfa , بەرواری سەردان، ٢١/٤/٢٠٢٤.
  • Sayın, Yusuf ve KILLINCARSLAN, İsmail Yasin, 2019, Rekabet ve İş birliği Denkleminde Türkiye-İran İlişkileri: Suriye Krizi Örneği, Medeniyet Ve Toplum Dergisi, Cilt.3; Sayı.2, s. 247.
  • KAYABAŞI,Yunus, 2019, SURİYE İÇ SAVAŞINDA YEREL AKTÖRLERİN ROLÜ VE TÜRKİYE’NİN SURİYE İHTİLAFINA YAKLAŞIMI (2011-2018), Yüksek Lisans Tezi, UFUK Üniversitesi, s. 82-83.
  • Orhan, OYTUN, 16\12\2022, Ankara-Şam Normalleşmesi Mümkün Mü?, Ortadoğu Analizi, Cilt 13, Sayı 117, s. 17-19.
  • Acun ,Can ve Görücü, Kutluhan , Ocak 2023, Türkiye’nin Suriye Politikası ve 2023 Senaryoları, https://kriterdergi.com/dis-politika/turkiyenin-suriye-politikasi-ve-2023-senaryolari , بەرواری سەردان، ٢٠/٤/٢٠٢٤.
  • BBC Türkçe, 25 Ocak 2023, İran, Türkiye-Suriye görüşmelerine ve normalleşme sürecine nasıl bakıyor? https://www.bbc.com/turkce/articles/cp4q94vp8y7o , بەرواری سەردان، ٢٠\٤\٢٠٢٤
  • Tatlı, İrfan, mart 2023, Yerel İsyandan Uluslararası İç Savaşı; 13. Yılında Suriye İç Savaşı, İNSAMER Raporu 164, s.15. ve Rahim FARZAM, 18\1\2023, İran’ın Türkiye – Suriye Görüşmelerine Bakışı, İran Araştırmalar Merkezi, https://www.iramcenter.org/iranin-turkiye-suriye-gorusmelerine-bakisi-876 , بەرواری سەردان ٢١\٤\٢٠٢٤.
  • FARZAM, Rahim, 18\1\2023, İran’ın Türkiye – Suriye Görüşmelerine Bakışı, İran Araştırmalar Merkezi, https://www.iramcenter.org/iranin-turkiye-suriye-gorusmelerine-bakisi-876 , بەرواری سەردان ٢١\٤\٢٠٢٤.
  • BBC Türkçe, 25 Ocak 2023, İran, Türkiye-Suriye görüşmelerine ve normalleşme sürecine nasıl bakıyor? https://www.bbc.com/turkce/articles/cp4q94vp8y7o , بەرواری سەردان، ٢٠\٤\٢٠٢٤
  • İrfan Tatlı, mart 2023, Yerel İsyandan Uluslararası İç Savaşı; 13. Yılında Suriye İç Savaşı, İNSAMER Raporu 164, s.15.

 

Send this to a friend