• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 22, 2024

هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە ڕێڕەوە نوێيەکان: ڕێگەى گەشەپێدان وەک نمونە

عەلى نەجات

وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: بارام سوبحى

بەرایی

لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، پرسی ڕێڕەوەکان بووەتە یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی بواری سیاسی و ئابووری. ڕێڕەوەکان بە شادەمارى بازرگانی هەرێمى و نێودەوڵەتی دادەنرێت، چونکە لە ڕێگەی ئاسنەڕێ و هێڵى بۆری و ڕێگە خێراکانەوە، توانای نزیککردنەوەی ناوچە جوگرافییەکانی لەیەکتر هەیە.

لە ساڵی (٢٠١٠)ەوە زۆرێک لە وڵاتان چالاکانە هەوڵی دامەزراندنی ڕێڕەوی هەرێمی و نێودەوڵەتییان داوە؛ وڵاتان دەیانەوێت تایبەتمەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانیان بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و فرەلایەنەکانیان بەکاربهێنن، هەوڵدەدەن بە دامەزراندن و پەیوەستبوون بە ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەستکەوتە ئابوورییەکانیان زیاتر بکەن. عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دەیان ساڵە بەهۆی سروشتی قەیرانەکان و شەڕەکانەوە نەیتوانیوە سوود لە تایبەتمەندییە جیۆئابوورییەکانى ببینێت. لەو ڕووەوە دەستپێشخەری ڕێگەی گەشەپێدان هەوڵێکە لەلایەن عێراقەوە بۆ دەربازکردنی وڵات لە کۆت و بەندە جیۆپۆلەتیکییەکان، لەڕێگەى دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانى ڕێڕەو و بەندەر و ڕێگەوبان و ئاسنەڕێکانەوە.

دوای پەرەپێدانی پڕۆژەی بەندەری فاو، عێراق کار بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە بەندەرەکانی کەنداو و ترانزێتی وشکانی لە وڵاتانی دیکەوە دەکات، تاوەکو پێگەیەکی هاوشێوە لە بەڕێوەبردنی ترانزێتدا دروست بکات. بۆیە لە ڕوانگەی هەرێمیەوە، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی جوگرافی-ئابووری عێراق وەک خاڵی پێکەوەبەستنی نێوان کەنداو و ئاسیا و ئەورووپا.

لەو چوارچێوەیەدا، بەغداى پایتەختى عێراق لە (27/ئایار/2023) میواندارى کۆنگرەیەکى هەرێمى کرد بۆ وەزیرانى گواستنەوەى هەریەکە لە: وڵاتانى کەنداو، ئێران، تورکیا، سووریا و ئوردن، سەربارى نوێنەرانى یەکێتى ئەورووپا و بانکى نێودەوڵەتى. کۆنگرەکە بەشێوەیەکى سەرەکى تەرخانکرابوو بۆ خستنەڕووى پلانى حکومەتى عێراق بۆ دامەرزاندنى ڕێگەى گەشەپێدان ، كە پڕۆژەیەکى ستراتیژى مەزنە بە ئامانجى ئەوەى عێراق بکرێتە ڕێڕەوێک بۆ گواستنەوەى کاڵا و شمەک لەنێوان ئاسیا و ئەورووپادا.

ڕێگەى گەشەپێدان کە عێراق بانگەشەى بۆ دەکات، بڕیارە تا ساڵى (2028) ئامادەبێت. ئامانجى بەهێزکردنى بازرگانییە لەنێوان وڵاتانى ناوچەکەدا، وەک ئەڵقەیەکى پەیوەندییە کە ئەورووپا و تورکیا و کەنداو بەیەکەوە دەبەستێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت قازانجى ساڵانەى ئەم پڕۆژەیە بگاتە نزیکەى چوار ملیار دۆلار، سەرەڕاى دابینکردنى سەد هەزار هەلى کار، کە لە ڕێگەیەوە عێراق دەبێتە وێستگەیەکى سەرەکى بازرگانى و وێستگەیەکى گەورەى گواستنەوە لەنێوان ئاسیا و ئەورووپادا، چونکە ماوەى گەشتى دەریایى لە (33) ڕۆژەوە بۆ (15) ڕۆژ کەم دەکاتەوە. بودجەى پڕۆژەکە بە (17) ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، دە ملیارى بۆ کڕینى شەمەنەفەرى کارەبایى خێرایە کە بارەکان لە ماوەی (١٦) کاتژمێردا دەگوازێتەوە.

ئەو ڕێگەى گەشەپێدانەى کە عێراق پێشنیاری کردووە، پرسیاری زۆر لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتى ئێران، لەسەر ئەم پڕۆژە نوێیە دەوروژێنێت، کە لەرێگەى تورکیاوە کیشوەری ئاسیا بە ئەورووپاوە دەبەستێتەوە. بۆیە ئەم توێژینەوەیە هەوڵى شیکارکردنى دیدگاى ئێران دەدات لەبارەى ڕێڕەوى ڕێگەى گەشەپێدانەوە. لەمبارەیەوە دواى لێکۆڵینەوە لە پێگەی ئێران لە ڕێڕەوە هەرێمى و نێودەوڵەتیەکاندا، هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە ڕێڕەوە نوێیەکان لە ناوچەکەدا تاوتوێ دەکات، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ڕێگەی گەشەپێدانی عێراق.

پێگەی ئێران لە ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا

لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا، پێگەی ناوازەی جوگرافیای سیاسی و ئابووری ئێران جێگەی بایەخ بووە. بەجۆرێک بەکردارى ئێرانى کردووە بە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بازرگانی وشکانی لە جیهاندا، هەروەها بووەتە گۆڕەپانێکی کولتووری. بوونی ناوەندی و یەکلاکەرەوەی ئێران لەسەر ڕێگەی ئاوریشم، بە نیشاندەرێکی گرنگى ئەم پرسە دادەنرێت. کە لانیکەم (١٨٠٠) ساڵە لە بازرگانی نێودەوڵەتیدا دانیپێدانراوە. لەمبارەیەوە گراهام فولەر لە کتێبەکەیدا (ڕووگەى جیهان) پێگەى جیۆپۆلەتیکى ئێران بەباشى شیدەکاتەوە و ئێران بە ناوەندی جیۆپۆلەتیکی جیهان دادەنێت. بەهۆى هەڵکەوتەى جوگرافى ئێران لەسەر یەکتربڕى کیشوەرەکانى (ئاسیا و ئەورووپا و ئەفریقیا) لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، ئێران دەتوانێت باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان بەیەکەوە ببەستێتەوە.

ئێران لە ناوەندی وزەی نێوان کەنداو و دەریای قەزویندا، خاوەنى پێگەیەکی ستراتیجی هەستیارە، کە ئەمەش وای لێدەکات بگات بە سەرچاوەکانی وزە لە باکوور و باشوور لەلایەک و ئاوە هەرێمیەکان لەلایەکی دیکەوە. بۆیە وەک شارەزایان ئاماژەی پێدەکەن، بە کورتترین ڕێگەى بەیەک گەیاندنى نێوان دەریای قەزوین و کەنداو و جەمسەری ترانزێتی وزە لە ناوچەکەدا دادەنرێت. هەر ئەوەش هانى بەریتانیا و ڕووسیاى دا لە سەدەی نۆزدەهەمدا ئێران کۆنترۆڵ بکەن.

نیکۆلاس سپیکمان لە تیۆرى (چوارچێوەى زەوى)دا ئێران وەکو ناوەندى بەیەکەوە بەستنى نێوان وشکانى و دەریا دەناسێنێت. لەتیۆرییەکەیدا ئەو بیرۆکەیەى خستەڕوو کە ئەمڕۆ بەهۆیەوە سیاسەتی نێودەوڵەتی جیهانی بەڕێوەدەبرێت، تیۆرییەکەش لەسەر ئەو ڕاستییە دامەزراوە کە دەتوانرێت لە ڕێگەی دوو ڕێبازەوە کۆنترۆڵی جموجۆڵى جیهان بکرێت.

ئێران سنوور لەگەڵ پازدە دەوڵەتدا هەیە؛ بە ئاسانى دەگاتە بازاڕەکانی ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز و وڵاتانی باشووری کەنداو. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ​​ئێران کاریگەری ڕاستەوخۆى لەسەر پێشهاتەکانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەلایەک، باشووری ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز لە لایەکی دیکەوە هەیە.

تیم مارشاڵ لە کتێبى (زیندانى جوگرافیا)دا، وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بە تەنگەبەرێکى ستراتیژی دادەنێت، لەبەرئەوەى لە کەنارى دەریادا نین، لە ڕێگەی ئێرانەوە بە کەمترین تێچوون بە دەریاکانی ناوچەکەوە دەبەسترێنەوە. ئێرانیش لەبەرئەوەى بە تەنها تواناى کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزى هەیە، لە گۆشەگیرى جیۆپۆلەتیکی ڕزگاری دەبێت، جگەلەوەى قورساییەکى سیاسی و ئابووری و بازرگانی پێدەبەخشێت.

لە ئەدەبیاتی سیاسی و ئابووری ئێراندا، ماوەیەکی زۆرە وشەی “ڕێڕەوەکان” بووەتە یەکێک لە زاراوە زۆر بەکارهێنراوەکان. چونکە ئێران دەکەوێتە پێگەیەکى ستراتیژییەوە، بەهۆى هەڵکەوتنى لەناو جەرگەى ڕێگەى ئاوریشمدا، کە کۆنترین ڕێڕەوى وشکانییە لە جیهاندا، لە کۆندا بە دوو ڕییانى شارستانییەتەکان ناسرابوو. ئەمڕۆ ئێران ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، باکوور و باشوور بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لێرەوە بە خاڵی بەیەک گەیاندنى هەر چوار گۆشەى جیهان دادەنرێت.

ئەم دەوڵەتە لە ناوچەى شلۆقى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەڵکەوتووە، لەڕووى پێگەى جوگرافیەوە دەکەوێتە باشوورى ڕۆژئاواى ئاسیاوە، لەڕێگەى ڕێڕەوى باکوورى ڕۆژئاواوە هیندستان و ڕووسیا پێکەوە دەبەستێتەوە، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە لەڕێگەى ڕێڕەو یان ڕێگەى نوێى ئاوریشمەوە ئاسیا و ئەورووپا پێکەوە دەبەستێتەوە. ئاسیاى ناوەڕاست و قەوقاز و تورکیا و ئەورووپاى ڕۆژئاوا لەڕێگەى ڕێڕەوى تراسیکاوە پێکەوە دەبەستێتەوە. لە ڕێڕەوى باشوورى ئاسیاوە باشوورى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا بە باکوورى ڕۆژئاواى ئەرووپاوە دەبەستێتەوە، هەروەها ئەندامانى ڕێکخراوى هاریکارى ئابوورى (ECO) پێکەوە دەبەستێت. جگەلەوەى بەگوێرەى ڕێککەوتننامەى عیشقئاباد ئەڵقەى بەیەکگەیاندنى نێوان دەوڵەتانى ئاسیاى ناوەڕاستە بە دەریاکان و کەنداو.

لەنزیک سنوورى جوگرافى کۆمارى ئیسلامیى ئێران، لە ئاڕاستەى ڕۆژئاواوە بەرەو ڕۆژهەڵات، ڕێڕەوى تراسیکا (TRASECA) هەیە، کە پەیوەندى لەنێوان ئەورووپا و دەریاى ڕەش و قەوقاز و دەریاى قەزوین و ئاسیاى ناوەڕاست لەگەڵ ئاسیادا دابین دەکات. ڕێڕەوى تراسیکا یان ڕێڕەوى ئەورووپا – قەوقاز – ئاسیا، لە ساڵى (1993) لەلایەن یەکێتى ئەورووپا لەدواى کۆنگرەى برۆکسل دروستکرا، لە سەرەتادا لە هەشت دەوڵەت پێکدەهات و ئێستا گەیشتۆتە (13) دەوڵەت. لەئێستادا ئەندامەکانى بریتین لە هەریەکە لە: کۆمارى ئیسلامیى ئێران، کازاخستان، قیرغیزستان، ئۆزبەکستان، ئازەربایجان، ئەرمینیا، جۆرجیا، ئۆکرانیا، مۆڵدۆڤا، ڕۆمانیا، بولگاریا و تورکیا. ئەم ڕێڕەوە ڕایەڵێکى بازرگانى و ترانزێت لەنێوان ئەورووپا و قەوقاز و ئاسیاى ناوەڕاست پێکدەهێنێت. ئامانجى سەرەکى ئەم ڕێڕەوە بریتیە لە پەیوەندی ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و گواستنەوە بەدرێژایى ئەم ڕێڕەوە، ڕکابەرى لەگەڵ ڕێڕەوى چین و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەورووپادا دەکات.

ئەم ڕێڕەوە بە یەکێک لە ڕێڕەوە چالاکەکانى گواستنەوە لەنێوان ئەورووپا و ئاسیا لە باکوورى ئێران دادەنرێت، هاوتەریبە لەگەڵ ڕێڕەوى ڕۆژهەڵات – ڕۆژئاوای ئێران. بەڵام هاوکارى ئێران لەگەڵ ئەم ڕێڕەوەدا کە ڕێگەوبان و ئاسنەڕێى لەنێوان ئاسیا و ئەورووپادا بۆ دروستکراوە، هیچ سوودێکى بۆ ئێران نییە، بەوتەى هەندێک لە کاربەدەستانى ئێران بە ئامرازێک بۆ دەربازبوون لە ئێران دادەنرێت.

دووەمین ڕێڕەوى گرنگ کە ئێران تیایدا ئەندامە، ڕێڕەوى باکوور باشوورە (INSTC). لەدواى هەڵوەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەت لەلایەن هیندستان و ڕووسیاوە نەخشەى پڕۆژەیەک بۆ پێکەوەبەستنى ئۆراسیا دانرا. لە ئەیلولى (2000) بۆ دامەزراندنى ڕێڕەوێکى گواستنەوەى نێودەوڵەتى لە باکوورەوە بۆ باشوور، ڕێککەوتنێک لەنێوان ڕووسیا و هیندستان و ئێراندا واژۆکرا، لە ساڵانى دواتردا هەریەکە لە: کازاخستان، بیلاڕووسیا، عوممان، تاجیکستان، ئازەربایجان، ئەرمینیا، سووریا بوونە ئەندام، هەروەها بولگاریا بووە ئەندامى چاودێر.

ئامانج لەم ڕێڕەوە بەستنەوەى بەندەرى ڕۆژهەڵاتى مۆمبایە لە هیندستان، لەڕێگەى بەندەرى چابەهار و ئەنزەلى ئێرانى، پاشان ئازەربایجان تا ئاستاراخان و سانت پترسبۆرگى ڕووسیا. بەهۆى هەوڵەکانى هیندستان بۆ تێپەڕاندنى بەندەرى جەوادرى پاکستانى، بایەخى بەندەرى چابەهار زیادیکردووە و گەشەى پێدراوە. هەروەها ڕکابەرى نێوان هیندستان و چین وەکو زلهێزێکى ئاسیایى گەشەسەندو بۆ پەیوەندیکردن بە ئەورووپاوە، وایکردووە ئێران لە ڕکابەرى نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا ببێتە خاوەنى پێگە، ئەگەر بە شێوەیەکى دروست بەکاربهێنرێت، ئەوا سوودێکى زۆر بە وڵاتەکە دەبەخشێت. گرنگترین تایبەتمەندى ئەم ڕێڕەوە بە بەراورد بە ڕێگە جێگرەوەکانى بریتیە لە کورتکردنەوەى ڕێگاکە بەڕێژەى (40%)، بەراورد بە کەناڵى سوێس بۆ گواستنەوەى شتومەک بەڕێژەى (30%) هەرزانترە. هەروەها ئێران ناتوانێت چاو لە چاوگە ئابوورییەکانى ئەم ڕێگوزەرە بپۆشێت، چاوەڕوان دەکرێت لەڕێگەى جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیەوە، ئێران ساڵانە سى ملیار دۆلارى دەست بکەوێت.

هۆکارى وەبەرهێنانى هیندستان لە چابەهار و ڕزگاربوون لە سزاکانى ئەمریکا لە سایەى سەرۆکایەتى ترامپدا، ئاستى گرنگى ئەم ڕێڕەوەى بۆ هێزە ئابوورییە گەشەسەندووەکان لەجیهاندا دەرخست. هەروەها سازشى هیندستان لەسەر چابەهار و تەواوبوونى ئەم پڕۆژەیە، بەڕوونى کارتى گەمە جیۆسیاسیەکانى ئێران زیاتر دەکات. بە بەڵگەى ئەوەى بەستنەوەی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئازەربایجان بە ئێرانەوە، کێشە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە لە سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی کەم دەکاتەوە.

دواى تێپەڕبوونى دوو دەیە بەسەر واژۆکردنى هەریەکە لە ڕووسیا و ئێران و هیندستان لە ساڵى (2000) لەسەر یەکەم بەڵگەنامە بۆ دامەزراندنی ڕێڕەوی گواستنەوەی نێودەوڵەتی لەنێوان باکوور و باشووردا (INSTC)، ئێران لە ناوەڕاستى ساڵى (2022) دەستیکرد بە گواستنەوەى شتومەک لە بەندەرى ئاستاراخانى ڕووسیاوە، بە تێپەڕین بە دەریاى قەزویندا، پاشان بەندەرى ئەنزەلى ئێرانى، ئینجا لەڕێگەى وشکانییەوە بۆ ئاوەکانى کەنداو، ئەو بارانە لە ڕێگەی دەریاییەوە بۆ بەندەری نەهاڤا شێڤاى هیندى دەنێردرێت.

بابەتێکى دیکەى گرنگ بۆ ئێران هەیە، ئەویش دەستپێشخەرى پشتێنە و ڕێگەیە (One Belt On Road). یەک پشتێنە، یەک ڕێگە، هەروەها بە دەستپێشخەرى پشتێنە و ڕێگەش ناودەبرێت (OBOE)، بە ڕێگەى ئاوریشمى نوێش دەناسرێت، دەستپێشخەرییەکى چینە لەسەر پاشماوەى ڕێگەى ئاوریشم لە سەدەى نۆزدەدا، لەپێناوى بەستنەوەى چین بە جیهانەوە، بۆ ئەوەی ببێتە گەورەترین پڕۆژەی ژێرخان لەمێژووی مرۆڤایەتیدا.

گریمانەى ئەوە دەکرێت ئەم ڕێڕەوە کە ڕێگە وشکانى و ئاوییەکان کۆدەکاتەوە، جێگەى ڕێگەى ئاوریشمى کۆن بگرێتەوە کە ئاسیا و ئەورووپاى پێکەوە دەبەستەوە. ئەم پڕۆژەیەى چین بەندەر و ڕێگەوبان و ئاسنەڕێش دەگرێتەوە، بەرەو گۆڕینى سیستمى جیۆسیاسى جیهانیش لە بەرژەوەندى چین دەڕوات. ئامانجی پراکتیکی ئەم پڕۆژەیەش ئەوەیە کە چین دەستڕاگەیشتنى زیاترى بە بازرگانی لەهەموو جیهاندا هەبێت، بێگومان ئەم بابەتە لێکەوتەى کولتوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسیشى دەبێت.

بەگوێرەى ناوەندى توێژینەوەى ئەنجوومەنى پەیوەندییە دەرەکییەکانى ئەمریکا (CFR)، تا ئێستا (147) دەوڵەت کە نمایندەى سێ بەشى دانیشتوانى جیهان دەکەن و (40%) کۆبەرهەمی گشتی ناوخۆیی جیهان پێکدەهێنن، واژۆیان لەسەر ئەم پڕۆژەیە کردووە، یان ئارەزوویان پیشانداوە ئەو کارە بکەن.

لەسەر ڕێگەى ئاوریشمى کۆن و ڕێگەى پشتێنەى یەکەمى ئێستا، ئێران پێگەیەکى ناوەندى هەیە، چونکە ئێران لە ڕۆژئاواى ئاسیا و ڕۆژهەڵاتى قەوقاز و ئاسیاى ناوەڕاست و باشوورى ئاسیا و ڕۆژئاواى جیهانى عەرەبى و باشوورى کەنداو و زەریاى هیندى هەڵکەوتووە. لەسەردەمانى زووەوە، ئێران ڕێگەى سەرەکى بووە کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواى پێکەوە بەستۆتەوە، بۆیە ناوبانگی “پردی ڕێگەی ئۆراسیا” و “رێڕەوی ئاسمانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا”ی هەیە.

چین لەڕووی ستراتیژییەوە وەک دەوڵەتێکی سەرەکی لە ئێران دەڕوانێت، بەلاى پەکینەوە ئێران بە سەرچاوەى سەرەکى وزە دادەنرێت، دەوڵەتێکى گەورەشە لەڕووى ڕووبەر و ژمارەى دانیشتوانەوە، لە گەروى هورمز و دەریاى قەزوینیشەوە نزیکە. لەسەروو هەموو ئەوانەوە، ئێران بە بەردى بناغەى ڕێڕەوى ئابووریى باشوور – ڕۆژئاواى ئاسیا دادەنرێت. یەکێکیشە لە لقە گرنگەکانی دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگە بۆ بەستنەوەی چین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە بەشداریکردنى ئێران لە پڕۆژەکانى ئەم دەستپێشخەرییەدا، بە خاڵى سەرەکى سەرکەوتنى دادەنرێت. هەروەها چین وەک سەنگێکى ستراتیژى هاوتەریبى ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەڕوانێتە ئێران. لەمبارەیەوە باڵێوزى چین لە ئێران چانگ هوا دەڵێت: لەسەر ڕێگەى ئاوریشم، ئێران هەمیشە و تا ئەمڕۆ وەکو دووڕیانێکى چالاک و یەکلاکەرەوە ڕۆڵێکى گرنگى گێڕاوە. لە دەستپێشخەرى پشتێنە و ڕێگەدا، شى جین پینگى سەرۆکى چین بە ئەرێنیەوە لە ڕۆڵى ئێران دەڕوانێت.

بەدەر لەوانە، پێگەى ئێران لە پەیماننامەى عیشقئاباددا زۆر گرنگە. پەیماننامەى عیشقئاباد لە ساڵى (2011) لەنێوان هەریەکە لە: عوممان، قەتەر، تورکمانستان، کازاخستان و ئێران واژۆکرا، وەکو هەوڵێک بۆ بەستنەوەى ئاسیاى ناوەڕاست بە ئاوە نێودەوڵەتییەکانەوە لەڕێگەى ئێرانەوە. لەگەڵ هاتنە ناوەوەى هیندستانیش بۆ ناو ئەم پەیماننامەیە لە ساڵى (2018) بایەخى زیاتر بوو، بەهۆى ئەگەرى بەستنەوەى ئەم دەوڵەتانە بە هیندستانەوە لەڕێگەى ئێرانەوە.

هەروەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، ئەو کۆمارانەى کە سەربەخۆییان لە یەکێتى سۆڤیەت وەرگرتووە وڵاتگەلێکى داخراون و بۆ گەیشتن بە ئاوە هەرێمیەکان، ئێران تەنها دەروازەیانە. بۆیە ئێران دەتوانێت وزە لە تورکمانستان و کازاخستانەوە بگەیەنێتە ئاوە هەرێمییەکان، لەلایەکى دیکەوە لە ڕێگەى تورکیاوە بیگەیەنێت بە ئەورووپا.

ئێران چۆن دەڕوانێتە ڕێڕەوە هەرێمییە نوێیەکان؟

لەبنەڕەتدا ڕێڕەو دەروازەیەکە بۆ گواستنەوەى کاڵا بەکاردەهێنرێت. لەهەر ڕێڕەوێکدا ئامرازى گواستنەوەى جۆراوجۆر (ڕێگاى وشکانى، دەریایى و ئاسنەڕێ) بەکاردەهێنرێت. لەڕووى گرنگى جیهانیشەوە، ڕێڕەوەکان بەسەر پێنج بەشدا دابەش دەکرێن: ڕێڕەوى نیشتیمانى، ڕێڕەوى هەرێمى، ڕێڕەوى کیشوەرى، ڕێڕەوى کیشوەربڕ، ڕێڕەوى جیهانیی.

وەکو ڕێسایەکى گشتى هەر دەوڵەتێک واى بەباش دەزانێت کە هەموو هێزى خۆى لە ئابوورى نێودەوڵەتیدا بەکاربهێنێت، ئەوەش لەپێناوى دابینکردنى بناغەیەکى گونجاو بۆ دەوڵەتانى دیکە بۆ بەکارهێنانى خاکەکەى بەمەبەستى دابینکردنی پێداویستییە ئابوورییەکانی، بەجۆرێک لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیدا هاوتەریب بێت. لەم چوارچێوەیەدا، پێگەى جوگرافى و جیۆسیاسى ئێران لەناوچەکەدا زۆر گرنگە. بۆیە ئێران لەپێناوى زیادکردنى هێزى سیاسى و ئابوریى لە ناوچەکەدا، بەردەوام هەوڵیداوە سوود لەم خەسڵەتەى وەربگرێت.

لەماوەى سێ ساڵى ڕابردوودا، پرسى دروستکردنى ڕێڕەوە نوێیەکان و ڕکابەرى لەنێوان هێزە کاریگەرەکاندا لەمبارەیەوە، بووەتە هۆى سەرهەڵدانى ناکۆکى هەرێمى لەبارەى ئەم پرسەوە.

1) هەڵوێستى ئێران لە ڕێڕەوى زەنگزور

ئێران دژی پڕۆژەی دامەزراندنی ڕێڕەوی زەنگزورە لەنزیک سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئەرمینیادا. تورکیا لە سەرەتاى ساڵى (2024)، جارێکى دیکە پرسى دروستکردنى ڕێڕەوی زەنگزورى هێنایەوە بەر باس. دواى ماوەیەکى درێژ و بۆ یەکەمجار، هەڵوێستی خۆی لەبارەى دامەزراندنی ڕێڕەوێک دیاریکرد کە پێویستە وڵاتەکەى بە ئازەربایجانەوە ببەستێتەوە.

بەوتەى وەزیرى گواستنەوەى تورکیا عەبدولقادر ئۆراڵ ئۆغلو، بڕیارە لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواوی ڕێگەکە تەواوبکرێت. هەفتەیەک بەسەر جەختکردنەوەکەى ڕەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆککۆماری تورکیادا تێنەپەڕى، لەسەر تەواوکردن و کردنەوەی دەروازەی زەنگزووری ئەرمەنی، بەو پێیەی پرسێکی ستراتیژییە. تاوەکو لە بەرزترین ئاستەکانى دەسەڵاتەوە لە ئێران لێدوان درا و هۆشدارییان دا کە هەر گۆڕانکارییەک لە جیۆپۆلەتیکى ناوچەى قەوقازدا، دەبێتە هۆى ئاڵۆزى و تێکڕژان.

سەرۆکى تورکیا ڕایگەیاند بە کردنەوەى دەروازەکە برایەتى تورکیا و ئازەربایجان زۆر بەهێزتر دەبێت، لەهەمانکاتدا وتیشى: مایەى خۆشحاڵیە لەبارەى ئەم پرسەوە ئاماژەى ئەرێنیمان لە ئێرانەوە پێگەیشتووە. بەڵام ئێران بەخێرایى وەڵامى ئاماژە ئەرێنیەکانى دایەوە و هۆشدارى لە کردنەوەى ڕێڕەوەکە دا. لەوبارەیەوە ڕازگرى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران عەلى ئەکبەر ئەحمەدیان، وتى: هەر گۆڕانکارییەک لە جیۆپۆلەتیکى ناوچەى قەوقازدا، دەبێتە هۆى ئاڵۆزى و تێکڕژان و قەیرانەکانى ئێستا قووڵتر دەکاتەوە. هەروەها عەلى شەمخانى سەرۆکى پێشوى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران لەمیانى دیدارى لەگەڵ سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئەرمینیا ئەرمین گریگۆریان لە تاران، وتى: هەر گۆڕانکارییەک لە جوگرافیاى باشوورى قەوقاز، کارێکە دەبێتە هۆى گرژى و ئاڵۆزى. پاشان وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ناسر کەنعانى، وتى: وڵاتەکەمان دژایەتى هەر گۆڕانکارییەکى جیۆپۆلەتیکى لە ناوچەکەدا دەکات، ئەمەش هەڵوێستى ڕوونى ئێمەیە.

ئێران نیگەرانى ڕوونى خۆى لەبارەى هێڵکارى ئەم ڕێڕەوە دەربڕى. ڕێبەرى باڵاى ئێران عەلى خامەنەئى ڕەتیکردەوە وڵاتەکەى سنوورەکانى لەگەڵ ئەرمینیادا دابخات. ئەم وتانەشى لەکاتى کۆبوونەوەیدا بوو لەگەڵ هەریەکە لە ڤلادیمێر پۆتینى سەرۆکى ڕووسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆکى تورکیا، کاتێک بۆ ئامادەبوون لە لوتکەى ئەستانا لە تەمموزى (2022) سەردانى تارانیان کرد. ئیبراهیم ڕەئیسى سەرۆکى ئێران لەکاتى پەیوەندیکردنى بە سەرۆک وەزیرانى ئەرمینیاوە نیکۆڵ باشنیان، هەمان بابەتى دووبارە کردەوە.

 دامەزراندنی ڕێڕەوی زەنگزور کاردەکاتە سەر کەمکردنەوەى بایەخى جیۆسیاسى ئێران لەناوچەکەدا. لەلایەکەوە، کردنەوەى ئەم جۆرە ڕێڕەوە چەندین دەستکەوتى بۆ تورکیا دەبێت، بەهۆى بەیەک گەیاندنى تورکیا بە هەندێک لە دەوڵەتان لە ئاسیاى ناوەڕاست و قەوقاز، ئەم پرسەش دەتوانێت کار بکاتە سەر پەیوەندى و گرنگى جیۆسیاسى ئێران لەلاى ئەو دەوڵەتانە. لەلایەکى دیکەوە، ئەگەرى تێپەڕبوونى ڕێڕەوى ڕۆژهەڵات – ڕۆژئاوا لەڕێگەى ناوچەى زەنگزورەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت چین بە ئەورووپاوە ببەستێتت، دەبێتە ئاڵنگارییەکى دیکە بۆ تایبەتمەندییە جیۆسیاسیەکانى ئێران نەک تەنها لەناوچەکەدا، بەڵکو لەسەر ئاستى جیهانیش کاریگەرى دەبێت.

لەبەر ئەو هۆکارەش، ڕاگەیاندنى دامەزراندنى ئەو ڕێڕەوە لەلایەن ئێرانەوە بەڕوونى دژایەتى کرا. بەنمونە باڵێوزى پێشوى ئێران لە ئازەربایجان محەمەد باقر بەهرامى لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانى ئێران، هەریەکە لە ئیسرائیل و بەریتانیا و تورکیا و ئازەربایجانى تۆمەتبارکرد بەکارکردن بۆ دروستکردنى جیهانێکى تورکى لەڕێگەى دروستکردنى ڕێڕەوێکەوە کە هەتا تورکمانستان و یەکێک لە هەرێمەکانى چین کە زۆرینەى دانیشتوانى ئیگۆرین درێژ دەبێتەوە.

هەر لەهەمان چوارچێوەدا، ئەنجوومەنى ستراتیژى پەیوەندییە دەرەکییەکان لە تاران پێشهاتەکانى ناوچەى قەوقازى بە پلانگێڕییەکى بیانیەوە گرێدا، ئەنجوومەنەکە ڕوونیکردەوە جەنگى دووەمى قەرەباغ بۆ ئازادکردنى ئەو ناوچەیە نەبووە، بەڵکو ڕووپۆشێک بووە بۆ دامەزراندنى ڕێڕەوێکى تورکى بۆ (ناتۆ) یان ڕێڕەوى زەنگزور، بەوتەى ئەوان ئەمەش پێشێلکردنى ماددەى چوارى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکانە.

ئێران پێیوایە ڕێڕەوى زەنگزور هەوڵێکە بۆ بێبەشکردنى لە داهاتەکانى گواستنەوەى هەناردەى تورکى بۆ دەوڵەتانى ئاسیاى ناوەڕاست. هەروەها لە کرێی ترانزێتی بارهەڵگرەکانی ئازەربایجان بۆ ناوچەی ناخچەڤانی سەر بە خۆی لە خاکی ئەرمینیا بێبەشى دەکات. ئەمەش لەسایەى ئەو ڕێککەوتنەى ئێران لە ئازارى (2021) لەگەڵ ئازەربایجان واژوى کرد، بۆ پەڕینەوە بۆ ناو خاکی ئەو هەرێمە خودموختارە. دوای ئەوەى ئەرمینیا بڕگەیەک لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی جێبەجێنەکرد کە لەگەڵ ئازەربایجاندا واژۆى کردبوو، ڕێککەوتنەکەش بە چاودێرى ڕووسیا لە (9/نوڤەمبەر/2020) واژۆکرا، کە یەریڤان ڕێگە بە ئازەربایجان دەدات بگاتە هەرێمەکە. واتە ئەگەر ئەم ڕێڕەوە تەواو ببێت، بەو مانایە دێت کە ئیدى بۆ پەڕینەوە پێویست بە بەکارهێنانی خاکى ئێران ناکات. تەنانەت ئێران ناچار دەبێت ڕسومات بدات، کە ڕەنگە دوو هێندە بێت، بۆ ئەوەی ڕێگە بە تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکانی بدرێت جا بۆ ناو خاکى ئازەربایجان بێت یان لە ڕێگەی ئەو ڕێڕەوەوە بێت کە دەکەوێتە سەر سنوورەکانى لەگەڵ ئەرمینیادا.

کورت و پوخت ئێران هەست بە ئاستى ئەو هەڕەشەیە دەکات کە دروستکردنى ڕێڕەوى زەنگزور بەسەریدا دەسەپێنێت، چونکە سەربارى لێکەوتە ئابورییە نەرێنییەکانى بۆى، دەبێتە هۆى سنووردارکردنى هەژموونى سیاسى لە ناوچەکەدا.

2) هەڵوێستى ئێران لە ڕێڕەوى هیند – ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست – ئەورووپا

لە لوتکەى گرووپى بیست کە لە (9/9/2023) لە نیودەلهى پایتەختى هیندستان بەسترا، ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنى ڕێڕەوێکى ئابوورى نوێ ڕاگەیەنرا (IMEC)، کە چەندین دەوڵەت لەخۆدەگرێت و باشوورى ئاسیا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەورووپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

پڕۆژەى ئەم ڕێڕەوە ئابورییە نوێیە بە بەرهەمى ستراتیژییەتى ئەمریکا لەناوچەى دوو ئۆقیانووسەکە (هیندى و هێمن) دادەنرێت. چونکە واشنتۆن لەڕێگەى ئەم پڕۆژە ئابورییە نوێیەوە دەیەوێت دەستپێشخەرى پشتێنە و ڕێگە هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەها لە ڕێگەى پێشنیارکردنى پڕۆژەیەکى جێگرەوەوە لەمپەر لەبەردەم جێبەجێکردنى چێ بکات، ئەم پڕۆژەیەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ لاوازکردنى هەژموونى ڕوو لە هەڵکشانى چین لەجیهاندا، لەنێویاندا لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

هەر لەو میانەیەدا، گۆڤارى (نیوزویک)ى ئەمریکى ئاماژەى بەوەداوە کە دەستپێشخەرى پشتێنە و ڕێگەى چین دەبێتە هۆى بەهێزبوونى هەژموونى چین لە سەرانسەرى تەواوى (ئاسیا و ئەفریقا و ئەورووپا)دا، هەروەها دەبێتە هۆى لاوازبوونى هەژموونى ئەمریکا لەو ناوچانەدا، بەتایبەتى بەهۆى ئەو پشتیوانییە بەرفراوانەى لەلایەن دەوڵەتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە لە پڕۆژەکەى چین دەکرێت.

گۆڤارە ئەمریکیەکە ڕوونیکردۆتەوە پڕۆژەى ڕێڕەوێکى ئابوورى نوێ لەنێوان (هیندستان و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەورووپا)، بە هەنگاوێکى مێژوویى دادەنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەژموونى ڕوو لە هەڵکشانى چین، هەروەها بۆ بنیاتنانى ژێرخانێک لەسەر ئاستى جیهاندا.

لەڕاستیدا پاش دوایین کۆبوونەوەى کۆمەڵەى بیست و ڕاگەیاندنى بنیاتنانى ڕێڕەوى (هیندستان و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەورووپا)، جەنگى ڕێڕەوەکان بۆ دەستکەوتنى پشکى گەورەتر لە بازرگانى جیهانیدا توندتر بۆتەوە.

بەوتەى شارەزایان گرنگترین ئامانجى ڕێڕەوى (هیندى – ئەورووپى) ڕکابەرییە لەگەڵ هێزى گەشەکردووى چین لە ناوچەکەدا، هەروەها کەمکردنەوەى بایەخى جیۆئابووریى ئێران و تورکیایە.

ڕاگەیاندنى دروستکردنى ڕێڕەوێکى ئابووریى نوێى جیهانى لەنێوان (هیندستان و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەورووپا) لەکاتى کۆبوونەوەکانى لوتکەى (20      G)   بوو لە نیودەلهى. ژمارەیەک لە دەوڵەتانى وەک (ئەمریکا، سعودییە، هیندستان، ئیسرائیل، ئیمارات، ئوردن و چەندین لایەنى ئەورووپى) لەسەر هاوبەشیەکى مێژوویى ڕێککەوتن بۆ پشتیوانیکردن لە ژێرخانێکى جیهانى. بەڵام ئەم هاوبەشیە نیشانەى پرسیارى لەسەر ئایندەى پڕۆژەى پشتێنە و ڕێگەى چینى داناوە. هەروەها پێدەچێت ببێتە هۆى لەناوبردنى پڕۆژەى ڕێڕەوى باکوور کە هەریەکە لە ڕووسیا و هیندستان و ئێران لەماوەى ساڵانى ڕابردودا هەوڵى جێبەجێکردنیان داوە، پڕۆژەکە هێشتا لەمپەرى زۆرى لەبەردەمە، گەورەترینیان پەیوەستە بە لایەنى ئێرانییەوە کە خراوەتە ژێر گەمارۆوە.

چاوەڕوانى ئەوە دەکرێت ڕاگەیاندنى ڕێڕەوە نوێیەکە ببێتە هۆى پاشەکشەى ئێران لە بیرۆکەى کاراکردنى ڕێڕەوى باکوور – باشوور کە تائێستاش دەرفەتى جێبەجێکردن و کەڵکە ئابوورییەکانى پرسیارى گەورەى لەسەرە، لەبرى ئەوەش ئاڕاستەکە ڕووە و هەوڵى دروستکردنى هاوپەیمانى دۆڕاوەکانە لە کاراکردنى ڕێڕەوە نوێیەکە، لەم چوارچێوەیەدا هەوڵەکانى ئێران چەند لایەنێکى وەکو تورکیا و چینى بە ئامانج گرتووە.

بەدەر لەو مشتومڕەى لەبارەى کەڵکى ئەم هەوڵە چاوەڕوانکراوانەى ئێران دەکرێت، دەگونجێت لە ماوەیەکى نزیکدا چەندین چالاکى ئێران بۆ ڕاکێشانى سەرنجى چین ببینین. سەربارى کاراکردنى وێستگەى ئێران لە ڕێڕەوەکانى پشتێنە و ڕێگەدا. لە چوارچێوەى پەرەسەندنی هەوڵەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە تێپەڕین بە خاکی ئێراندا لە پلانی پشتێنە و ڕێگەی چیندا، تائێستاش ئێران زۆر سەرنجڕاکێشە.

مایکل کۆلگمان، بەڕێوەبەری پەیمانگای باشووری ئاسیا لە سەنتەری ویڵسن لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە دەتوانێت یاساکانی یارییەکە بگۆڕێت، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگەی چینى، پەیوەندی نێوان هیندستان و ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکات. هەموو ئەمانەش ماناى وایە ڕێگەى بەردەم ڕێڕەوى نێوان یەکێتى ئەورووپا و هیندستان ئاسان نییە. بۆ مسۆگەرکردنى سەرکەوتنیشى پێویستى بە کۆششێکى دیبلۆماسى هەیە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەى کە ڕێککەوتنەکەیان واژۆکردووە و ئەوانەشى کە واژۆیان نەکردووە وەک ئێران و ڕووسیا، کە ڕۆژئاوا پەیوەندییەکی گەرمی لەگەڵیاندا نییە.

بۆچوونێکى باو لە ناوەندى توێژەران و چاودێرانى ئێراندا هەیە، کە پوختەکەى ئەوەیە ئێران لە پڕۆژە جۆراوجۆرەکانی ڕێڕەوی ئابووری نێودەوڵەتیدا دوور دەخرێتەوە. ئەم قەناعەتە دوای بڕیاری هیندستان و ڕووسیا بۆ چڕکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان لەڕێگەى دەریاکانەوە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا بەهێزتر بووە (سەربارى ڕێککەوتنى ئەو دوو دەوڵەتە لەگەڵ ئێراندا بۆ کاراکردنى ئاڵوگۆڕ لەڕێگەى ڕێڕەوى باکوور – باشوور کە بە ئێراندا تێدەپەڕێت).

هەریەکە لە مۆسکۆ و نیودەلهى ڕایانگەیاندووە دەیانەوێت ڕێگەیەکى نوێى دەریایى بۆ ئاڵوگۆڕى بازرگانى کارا بکەن. ئەم بۆچوونەش کاتێک دووپات کرایەوە کە چین هەوڵیدا لە پڕۆژەکانى ڕێڕەوى پشتێنە و ڕێگەدا خۆی لە ئێران بەدوور بگرێت، هەروەها کاتێک ئیمارات و تورکیا ڕێڕەوەکانیان گۆڕى، تاوەکو لەبرى ئەوەى بە ئێراندا گوزەر بکات، لەڕێگەى عێراقەوە بڕوات. سەربارى جیاوازییەکان لەنێوان چاودێراندا لەبارەى شیکردنەوەى هۆکارەکان، بەڵام بۆچوونى گشتى ئەوەیە کە ئێران لە پلانی ڕێڕەوە نێودەوڵەتیەکاندا ئامادەیى نییە.

لەو چوارچێوەیەدا، دەکرێت لە هەڵوێستى ئێران لەبارەى ڕێڕەوى نوێى هیندى – عەرەبى – ئەورووپى تێبگەین، کە لە گۆشەنیگاى ئێرانەوە پڕۆژەیەکى دیکەیە کە نەبوونی ئێران لە ڕێڕەوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکاندا دەسەلمێنێت، لەڕێگەى دوورکەوتنەوە لە تێپەڕین بە خاکەکەیدا. بەڵام ئەمجارە پڕۆژەیەکى کردارى زەبەلاحە، بۆ گواستنەوەى (300) ملیار یۆرۆ کاڵا لەهەر ساڵێکدا.

تاران لەم ڕێڕەوە نوێیەدا لایەنگرییەکى هیندى بۆ قەوارەى عەرەبى دەبینێت لە ڕکابەرییەکى جیۆئابوورى هەرێمیدا، بەتایبەتى دواى ئەوەى کە هیندستان ئاهەنگی ئەندامێتی ئێرانی لە ”بریکس”دا گێڕا، دواى ژمارەیەک کۆبوونەوەى هیندى – ئێرانى، بابەتى کاراکردنى پرۆسە جێبەجێکارییەکان لە چابەهار خرایەڕوو. لەڕاستیدا کاربەدەستانى ئێران لە پڕۆژەکەدا ئاماژەیەکى دیکە دەبینن بۆ کۆتایهێنان بە خەونى ڕێڕەوى باکوور – باشوور، چونکە زۆر بەسادەیى لەڕێگەى ڕێڕەوێکى جێگرەوە هیندستان بە ڕۆژئاواوە دەبەستێت، کە پارێزراوتر و تێچووى کەمتریشە، لە ڕێڕەوى باکوور – باشووریش زۆر خێراترە.

ناوەندە سەربازى و ئەمنییەکان لە تاران وایدەبینن کە ڕێڕەوى نوێى هیندى – عەرەبى – ئەورووپى، زیاترە لەوەى کە تەنها پڕۆژەیەکى ئابوورى بێت. بەڵکو هەندێک شیکردنەوەى ئەو ناوەندانە ئاماژە بەوە دەکەن کە تێکەڵاوبوونى سعودییە لەم ڕێڕەوەدا بە هەنگاوێکى دیکە دادەنرێت بە ئاڕاستەى ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانى عەرەب – ئیسرائیل، هەروەها بە جموجوڵێکى نوێی دەزانن لەچوارچێوەى دروستکردنى کۆتێکى ئابوورى – ئەمنى بەدەورى ئێراندا، بۆ گەمارۆدانى لەڕووى ئابوورى و ئەمنیەوە. بەو هۆیەوە ناوەندە سەربازییەکان لە ڕوانگەیەکى ستراتیژى ئەمنیەوە لەم پڕۆژە دەڕوانن و پێیانوایە مەرامى بەئامانج گرتنى ئاسایش و پێگەى ئێرانە.

وەزیری دەسەڵاتداری سکرتاریەتی گشتی کۆمکارى دەوڵەتانی عەرەبی، سامیە بێربێس، پێیوایە کە پێگەی جوگرافیای ئێران لە ناوچەکەدا، لەسەر دووڕیانێکە لەنێوان (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا)دا، کە هەژموونێکى گەورەی لە ناوچەکەدا پێبەخشیوە. هەروەها نزیکى لە گەروى هورمزەوە کە یەکەمین ڕێگەی سەرەکی پەیوەندی نێوان هیندستان و ئیماراتە، بە هەڕەشەیەکى ڕوون دادەنرێت بۆ پڕۆژەى ڕێڕەوە نوێیەکە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە هەر کارێکى تێکدەرانە لەلایەن ئێرانەوە یان بریکارەکانى لە ناوچەکەدا، وەکو: هەڕەشەى داخستنى گەرووى هورمز، دەبێتە هەڕەشە لەسەر سەلامەتى و ئاسایشى ڕێڕەوە نوێیەکە، ئەوەش بەتوندى کاردەکاتە سەر گواستنەوەى کاڵا و وزە لەڕێگەى ڕێڕەوەکەوە، ئەمەش دەبێتە هۆى دروستکردنى لەمپەر لەبەردەم کارەکانیدا، هەروەها پشتیوانى ئێران لە چالاکیە نافەرمییەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیگەرانى نێودەوڵەتى دەوروژێنێت، ئەو چالاکیانەش دەتوانن ئاسایشى ڕێڕەوە نوێیەکە بخەنە مەترسیەوە.

3) هەڵوێستی ئێران لەبارەى ڕێڕەوی ڕێگەى گەشەپێدانی عێراقەوە

یەکێک لە ڕێڕەوە هەرێمیە گرنگەکان بۆ ئێران، ڕێگەى گەشەپێدانى عێراقە. بەغداى پایتەختى عێراق لە ئایارى (2023)، میواندارى کۆنگرەیەکى هەرێمى کرد بۆ وەزیرانى گواستنەوەى دەوڵەتانى کەنداو و ئێران و سووریا و تورکیا و ئوردن، سەربارى نوێنەرانى یەکێتى ئەرووپا و بانکى نێودەوڵەتى. کۆنگرەکە بەشێوەیەکى سەرەکى تەرخانکرابوو بۆ خستنەڕووى پلانى حکومەتى عێراق بۆ دروستکردنى ئەوەى کە بە (ڕێگەى گەشەپێدان) ناودەبرێت و پڕۆژەیەکى ستراتیژى مەزنە، ئامانجى ئەوەیە عێراق بکاتە ڕێڕەوێک بۆ گواستنەوەى شتومەک و کاڵا لەنێوان ئاسیا و ئەورووپادا.

ڕێگەى گەشەپێدان ئەو دەوڵەتانە دەگرێتەوە کە بۆ وەبەرهێنان لە پڕۆژەکەدا بانگهێشت کرابوون و پێکدێن لە هەریەکە لە: سعودییە، ئیمارات، قەتەر، عوممان، ئوردن و سووریا. بودجەى وەبەرهێنانى پڕۆژەى ڕێگەى گەشەپێدان بە حەڤدە ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، دروستکردنى ژمارەیەک شارى پیشەسازى و نیشتەجێبوون لەسەر هەردوولاى ڕێگەکە لەخۆدەگرێت. کاتى جێبەجێکردنى پڕۆژەکەش بەسەر سێ قۆناغدا دابەشکراوە: قۆناغى یەکەمى لە ساڵى (2028) تەواودەبێت، دووەم لە (2033) و سێیەمیش لە (2050). تائێستا (40%) قۆناغى یەکەم تەواوکراوە، ئامانجی ئەوەیە ساڵانە توانای سەرەتایی شەمەندەفەرە بارهەڵگرەکانی بگاتە (5.3) ملیۆن کۆنتێنەر و (22) ملیۆن تۆن باری بەکۆمەڵى هەبێت. حکومەتى عێراقى مەزەندەى ئەوە دەکات قازانجى ساڵانەى ئەم کەناڵە وشکە بگاتە (4.8) ملیار دۆلار، ئەوەش دەبێتە هۆى هەمەجۆر کردنى سەرچاوەکانى ئابوورى عێراق کە ئێستا بەشێوەیەکى سەرەکى پشت بە نەوت دەبەستێت، جگەلەوەى نزیکەى سەد هەزار هەلى کار دابین دەکات.

ئەم پڕۆژەیە دووچارى چەندین ئاڵنگارى ناوخۆیى دەبێتەوە، لەپێشى هەموویانەوە پاراستنى سەقامگیرى ئاسایشى عێراق، پاشان پەرتبوونى سیاسى و تەشەنە سەندنى گەندەڵى، سەربارى ئەو ناکۆکییانەى پێشبینى دەکرێت لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستاندا دروست ببێت، چونکە پلانى پڕۆژەکە بەو جۆرە داڕێژراوە کە هەرێم لە ڕێگوزەرە وشکانییەکەى بێبەش بکات. هەروەها نیگەرانییەکانى ئێران لە پڕۆژەکە دەکرێت ببێتە هۆى ئەوەى هاوپەیمانەکانى هانبدات تاوەکو دروستکردنى ڕێڕەوەکە پەکبخەن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک دراوسێ و هاوبەشێکی ئابووری عێراق، دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هەرێمى لە بەغدا، پشتیوانی لە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کرد. لەوبارەیەوە بریکارى وەزیرى گواستنەوەى ئێران شەهرەیار ئەفەندى زادە جەختى لەوە کردەوە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان دەرفەتێکە بۆ دەوڵەتانى ناوچەکە. هەروەها وتیشى: لە پرسی ڕێڕەوەکانی ئاسنەڕێ، ڕێڕەوی باکوور- باشوور و ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە وەک ئێران، ئیمارات، عێراق، سعودیە، تورکیا و عوممان، ئەگەر و دەرفەتی زۆر هەیە. دەرفەتەکەش خۆى لە بوارى گواستنەوەى کاڵادا دەبینێتەوە، ئاماژەى بەوەشدا ڕۆڵى ئاسنەڕێکان زۆر گرنگن، ئەم پڕۆژە نوێیەى عێراق ڕۆڵێکى نایابى لە گواستنەوەى کاڵادا دەبێت.

لەمیانى کۆنگرەى وەزیرانى گواستنەوە لە بەغدا، ئەفەندى زادە وتى: پڕۆژەى گەورەى نێوان عێراق و ئێران بریتیە لە بەستنەوەى ئاسنەڕێ لە شەلامچەوە تا بەسرە. جەختیشیکردەوە کارکردن لەسەر قۆناغی وردەکارییەکانی ئەم پڕۆژەیە لە ڕۆژانى داهاتوودا دەستپێدەکات . ئەفەندى زادە وتیشى: ئێران ڕۆڵى لە لەبوارى ترانزێت و گواستنەوەى کاڵا بۆ ڕووسیا و دەوڵەتانى ئاسیاى ناوەڕاست هەیە، ئێمە چاوەڕوانى کارى هاوبەشین لە بوارە نوێیەکانی هاوکاریدا، بەتایبەتی لە گواستنەوەی کاڵاکان بۆ ئەورووپا لە ڕێگەی ئێران یان عێراقەوە، ئەمەش دەرفەتێکى نایابە بۆ تەواوى وڵاتانى ناوچەکە بۆ سوود وەرگرتن لە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە گواستنەوەی کاڵاکان بەشێوەیەکى گشتى .

بە شێوەیەکى گشتى ڕێڕەوەکان سەربارى بەرژەوەندى بازرگانى، ڕەنگدانەوەى کێبڕکێیەکى جیۆستراتیجین، بۆیە بەردەوام ئەم پرسە لە لێدوانى بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامیى ئێراندا دەوروژێنرێت. بۆ نمونە عەلی حسێنى، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و لۆجستی لە ژووری بازرگانی پێیوایە بەندەرى فاو لە داهاتوودا دەبێتە ڕکابەرێکى سەرەکى ئێران، ئەم بابەتەش پێدەچێت کاریگەرى نەرێنى هەبێت لەسەر ڕێگەى پەڕینەوە لە ئێرانەوە بۆ تورکیا. بە مانایەکى دیکە، پڕۆژەى بەندەرى فاوى گەورەى عێراق دەبێتە ئاڵنگارێکى گرنگ لەبەردەم هەوڵەکانى ئێراندا بۆ پەرەپێدانى بەندەرى چابەهار و بەهێزکردنى پێگەکەى وەکو ناوەندێکى پەڕینەوەى هەرێمى.

وا دادەنرێت کە باشترین ڕێگەى گەیشتنى تورکیا بە وڵاتانی ئەنجوومەنى هاریکارى کەنداو ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئێرانەوەیە. بەم ڕێڕەوەش ئێران شوێنى عێراق دەگرێتەوە، واتە تێپەڕاندنى ئێران و پشتیوانیکردنى ئامادەیی زیاتری تورکیا لە کەنداودا. هەروەها بەهۆی هەڵکەوتەی ناوەندی و هەڵکەوتەی لە ڕێڕەوەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشووردا، جەخت دەکاتەوە سەر ڕۆڵى سنووردارى ئێران لە ترانزێت و بازرگانی نێودەوڵەتیدا.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا و سەربارى تایبەتمەندییە سروشتییەکانى، ئێران بەهۆى زنجیرەیەک هۆکارەوە ناتوانێت ببێتە ناوەندێکى ستراتیژى گرنگ بۆ گواستنەوەى کاڵا، لەنێویاندا سزا ئابوورییەکان، هەروەها ژێرخانى گواستەوەى کۆنە، بەتایبەتى ئاسنەڕێ و بەندەرەکانى. بینا لەسەر ئەم هۆکارانە، ئێران مەترسیەکى گەورەى هەیە لەبارەى ئەگەرى لاوازبوونى پێگەى لە بازرگانى ترانزێتدا، هەمووشیان جەخت لە گۆشەگیرکردنى نێودەوڵەتى ئێران و کاریگەرى سزاکان دەکەنەوە.

پێشتر حەمید حوسێنى ئەمینداری گشتی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” ڕایگەیاندبوو ”حکومەتى عێراق لە بودجەى (2023)دا پارەى بۆ پڕۆژەى هێڵى ئاسنەڕێى فاو بۆ تورکیا بەدرێژایى (2200) کیلۆمەتر تەرخانکردووە. بەڵام بۆ بەستنەوەى هێڵى ئاسنەرێى شەلامچە بە بەسرەوە کە مەوداکەى تەنها (35) کیلۆمەترە، ئارەزوى هاوکارى و هاوبەشى نییە”.

عەلی حسێنى، سەرۆکی پێشوى ژوورى گواستنەوەى ئێرانى پێیوایە کە ڕەنگە عێراق خواستێکی گەورەی بۆ پڕۆژەی ئاسنەرێى هاوبەش لەگەڵ ئێران (بەسرە – شەلامچە) نەبێت. جەخت لەوەش دەکاتەوە ئێستا کاتى ئەوەیە دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵوێستى خۆیان لەوبارەیەوە ڕوون بکەنەوە.

عەلی حسێنى پێیوایە عێراق لەئێستادا ئامانجێکى ستراتیژى و گرنگى بۆ خۆى داناوە، ئەویش بەندەرى فاوە کە لەلایەن ئیتاڵیەکانەوە دروستدەکرێت و دەیانەوێت ڕێڕەوێک لە فاوەوە بۆ تورکیا دابنێن، کە هاوتەریب لەگەڵ ڕێڕەوی باکوور و باشووری ئێران درێژ دەبێتەوە.

لە ئێران گۆشەنیگاى جۆراوجۆر لەبارەى ڕێگەى گەشەپێدانى عێراقەوە هەیە، لەسەرەتادا ئەم پلانە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى ئێراندا دەگونجا، دەبووە هۆى دەرفەتێک بۆ ئێران. بە نموونە هەندێک لە ڕۆژنامەکانى ئێران بڕوایان وابوو کە دیدگاى حکومەتى ئێران بۆ عێراق لە دەوڵەتانى دیکەى ناوچەکە جیاوازترە، چونکە ئەم دوو دەوڵەتە هاوسێیە چەندین بەستێنى هاوبەش پێکیانەوە دەبەستێت. دەگونجێت تایبەتمەندییە جیۆپۆلەتیکیەکانی عێراق ببێتە پردێک بۆ هێنانەدى ئامانجەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران.

لەو چوارچێوەیەدا دەکرێت کاراکرنى بەستنەوەى بەندەرى فاو بە سووریاوە یەکێک لەو ئامانجانە بێت و بە شێوازێکی تر مەبەستەکانی ئێران بەدیبهێنێت. جگەلەوەش بەندەری فاو دەتوانێت لە بواری ترانزێتدا دەستکەوتی گرنگ بۆ ئێران بەدیبهێنێت، بەجۆرێک دەتوانێت ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی کاڵا بۆ ئێران یان هەناردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە بکات. بەنمونە ئەگەر ئاسنەڕێى چابەهار بۆ زاهیدان تەواوبێت، دەکرێت هێڵی ئاسنەڕێى نێوان ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاواش لە ئێران تەواو بکرێت، دەکرێت ئەم ڕێگەیەش بە ئاسنەڕێى (بەسرە – شەلامچە)وە ببەسترێتەوە.

لەسەر ئەو بنەمایە دەکرێت تۆڕێکی شەمەندەفەری فراوان دابمەزرێت کە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ڕێگەی ئێرانەوە بە عێراقەوە ببەستێتەوە، لەوێشەوە بۆ ئەورووپا. ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت تەواوکەری پڕۆژەی ڕێڕەوی باکوور و باشووری ئێران بێت کە بەندەری چابەهار و بەندەر عەباس بە ئاستارا لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران و عیشقئاباد لە باکووری ڕۆژهەڵاتى ئێران بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هاوکات باس لەوەش دەکرێت، ئێران پێشبینی دەکات عێراق ڕێڕەوی ڕێگەی بەسرە و ئاسنەڕێ بۆ سنووری سووریا قبووڵ بکات، کە لەم ڕێگەیەوە ئاسنەڕێکانى ئێران بە بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست لە سووریا و لوبنان دەبەسترێتەوە.

تاران دەتوانێت سوود لە ڕێگەى گەشەپێدانی عێراق وەربگرێت، ئەگەر هاتوو پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، بۆ نمونە دەکرێ نەوتی ئێران لە بەندەری بەسرەوە بۆ تورکیا هەناردە بکرێت. بەو هۆیەوە دەکرێت لەم بوارەدا هاوکاری نێوان تاران، بەغدا و ئەنقەرە بەهێزتر بکرێت.

بەشێکى گەورەى میدیاکانى ئێران پێیانوایە ڕێگەى گەشەپێدانی عێراق، پڕۆژەیەکى ڕکابەرى پلانەکانى ئێرانە، گەشەپێدان و جێبەجێکردنى زیان و ئاڵنگارى بۆ ئێران دەبێت. بەهۆی گەردنی تەنگاوی جیۆپۆلیتیکییەوە، عێراق هەوڵى فراوانکردنى بەندەرى فاو دەدات تاوەکو ببێتە ڕێڕەوێکى گرنگى نێودەوڵەتى. ئەو ڕێڕەوەش بە دەستپێشخەرى ”ڕێگەى گەشەپێدان” هێماى بۆ دەکرێت. ئەم ڕێڕەوە لە بەندەرى فاوەوە دەست پێدەکات، دەگاتە دەوڵەتانى ئەورووپا و بە تورکیادا تێدەپەڕێت، لە ڕۆژئاواى عێراقەوە دەتوانێت ڕوماڵى بازاڕەکانى ڕۆژهەڵاتى دەریاى سپى ناوەڕاست بکات. تەواوکردنى ئەم جۆرە پڕۆژانە عێراق دەباتە ناو چوارچێوەى هاوکێشە هەرێمیى و نێودەوڵەتییەکانەوە و سەنگى جیۆپۆلەتیکى ئەم وڵاتەش زیاتر دەکات.

کۆمارى ئیسلامیى ئێران وەکو هەموو دەوڵەتانى جیهان هەوڵى فراوانکردنى بازرگانییەکانى لە ڕێگەى عێراقەوە دەدات، هەروەها وەکو ناوەندێکى ترانزێتى بازرگانى و گواستنەوەى هاوڵاتیان و کاڵا، هەوڵى بەهێزکردنى پێگەى دەدات. جگەلەوەى ئەم دەوڵەتە هانى حکومەتى عێراق دەدات بۆ خێرا تەواوکردنى ئاسنەڕێى شەلامچە – بەسرە.

لەلایەکى دیکەوە ئێران ئەولەویەت بە بەندەرەکانى دەدات، لەبەر ئەم هۆکارەیە بۆچوونێک هەیە پێیوایە ئێران بایەخ بە سەرکەوتنى پڕۆژەى بەندەرى فاو نادات، هەرچەندە بە هەڕەشەى دەزانێت بۆ سەر بەندەرەکانى.

بەشێوەیەکى گشتى دروستکردنى بەندەرى فاو وەکو بەندەرێکى ناوەندى لە کەنداو و بە تەنیشتى ئێرانەوە، سەرەڕاى ئەگەرى تەواوکردنى دەستپێشخەرى ”ڕێگەى گەشەپێدان”، کاریگەرى لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت.

عێراق لە ڕێگەی کەناڵی فاوەوە هەوڵدەدات ڕێڕەوی سەرەکی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بگۆڕێت، ئەمەش عێراق دەکاتە ناوەندێکی بازرگانی لە ناوچەکەدا لەنێوان کەنداو و ئەورووپادا. ئەم جۆرە پڕۆژانە تەنها پێگەى جیۆسیاسى ئێران لاوازناکات، بەڵکو ڕکابەرە هەرێمییەکانى ئێران بەتایبەتى تورکیا بەهێزتر دەکات، چونکە چالاکییەکانی لە دژی ئێران لە زۆرێک لە ڕێڕەوە هەرێمییەکاندا دەبینرێت و قوورسایی جیۆپۆلەتیکیشی زیاتر دەکات.

ئەگەر ئێران دەستپێشخەری نەکات بۆ سوود وەرگرتن لەم پڕۆژەیە، ئەوا ئەم ڕێگەیە دەتوانێت ببێتە ڕکابەرێک بۆ ڕێڕەوی باکوور – باشوور بۆ بەستنەوەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە ئەورووپاوە. لەلایەکى دیکەوە ڕۆڵى ئەم ڕێگەیە لە بازرگانى وزەدا دەتوانێت بناغەیەک بۆ ئەورووپا دابین بکات، تاوەکو بتوانن تواناکانى ئێران بۆ بەرهەمهێنانى وزە فەرامۆش بکەن. بە گوزارشتێکى دیکە، بە سەقامگیرکردنی ڕێڕەوی ترانزێتی وزە لە کەنداوەوە بۆ ئەورووپا لە ڕێگەی عێراقەوە، دەتوانرێت ئێران بە شێوەیەکی کردەیى لە بژاردەکانی دابینکردنی وزە بۆ ماوەیەکى درێژ بۆ ئەورووپا دوور بخرێتەوە. جگەلەوەش، دەرکەوتنی فاو وەک گەورەترین بەندەر لە ڕۆژئاوای ئاسیادا، دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی زیاتری بەندەرەکانی باشووری ئێران.

هەر لەوبارەیەوە عەلی زیایی، شارەزای ئێرانی لە بواری گواستنەوە و گەیاندن، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (الشرق) ڕایگەیاندووە: نابێت پڕۆژەی ئاسنەرێى فاو بۆ تورکیا دروست بکرێت؛ چونکە ئەم پڕۆژەیە دەستپێشخەرییەکی عێراقی نییە، بەڵکو ئەمریکا و تورکیا لە باوەشی عێراقدا جێیانهێشتووە. بەم پڕۆژەیە و بە لۆبى تورکى و ئەمریکى عێراق دەبێتە ڕێگەیەک لەنێوان باکوور و باشووردا و جێگەى ئێران دەگرێتەوە. لەڕاستیدا بەم پڕۆژەیە بەفەرمى ڕێڕەوى ئێران فەرامۆش دەکرێت، ئەمەش لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێراندا ناکۆکە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی (الشرق) نووسیویەتی: عێراق لەم دواییانەدا لە لوتکەیەکی هەرێمیدا ڕێڕەوێکی جێگرەوەى ئێرانی ئاشکرا کردووە. مەزەندە دەکرێت ئەو ڕێڕەوە کە تێچووەکەى حەڤدە ملیار دۆلارە و لەلایەن ئیتاڵی و فەرەنسییەکانەوە لێکۆڵینەوەى لەسەر کراوە و جێبەجێ دەکرێت و، دەبێتە هۆى کورتکردنەوەى ڕێگەی ترانزێتی کاڵا لە باشووری ئاسیاوە بۆ ئەورووپا، لەڕێگەى بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو بە تورکیاوە و پاشان بە ئەورووپاوە. ئەمە لەکاتێکدا ڕوودەدات کە نزیکەی دوو دەیەیە عێراق لەژێر بارگرانی بەستنەوەى ئاسنەڕێکانى بە ئاسنەڕێکانى ئێرانەوە نەبووە؛ کە ڕێگەیەکی کورتە و درێژییەکەی تەنها سى کیلۆمەترە و تێچووەکەى تەنها (٢٥٠) ملیۆن دۆلارە. لەڕاستیدا عێراق لە ڕێگەى تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژەیەکی ڕکابەری ئێران کە ڕێگەی گەشەپێدانە، هەروەها بە تەرخان نەکردنی پارە بۆ ئاسنەڕێی هاوبەش لەگەڵ ئێراندا کە بەسرە – شەلامچەیە، لە هاوبەشى ترانزێت لەگەڵ ئێراندا دوورکەوتۆتەوە، بۆیە لەبرى بێدەنگى، پێویستە ئێران بجووڵێت و فشار بخاتە سەر عێراق.

هەر لەوبارەیەوە ماڵپەڕی “اقتصاد ٢٤” نووسیویەتی: هەرچەندە عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەستنەوەی ئاسنەڕێی نیشتمانی خۆی بە ئێرانەوە، بەڵام بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ئاسنەڕێیە نابێتە ئاسنەڕێی ترانزێت، بەڵکو تەنها بۆ گواستنەوەى هاوڵاتیان بەکاردەهێنرێت. ئەم پرسە وایکردووە بەشێک لە شرۆڤەکارانی ئێرانی بڵێن سەرەڕای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەسەر ئاسنەڕێی نێوان ئێران و عێراق، بەڵام عێراقییەکان جگە لە هەلومەرجی عێراق، بۆ پێشخستنی پڕۆژەی بەسرە – شەلامچە خواستێکی کەمیان هەیە.

لەهەمان چوارچێوەدا ماڵپەڕی شیکاریی “دیپلۆماسی ئێرانی” دەنووسێت: لەڕاستیدا ئەوەى دەبینرێت بوونی جیاوازی بیروڕایە لەنێوان ئێران و عێراقدا. بۆ لایەنی عێراقی ئێستا ئەولەویەت تەنها بۆ ئەو ڕێڕەوەیە کە بە ڕێگەی گەشەپێدان ناسراوە. ڕێڕەوەکە لە بەندەرى بەسرەوە لە باشوور دەست پێدەکات، کە تاکە کەنار دەریاى عێراقەو بەرەو باکوور درێژ دەبێتەوە هەتا دەگاتە سنوورى تورکیا. ئەوەی عێراق لە قۆناغی داهاتوودا بۆ خۆی داناوە، بەستنەوەی سنوورى وشکانییەتی بە سعودیەوە، تاوەکو ئەو وڵاتە بە ڕێگەی گەشەپێدانەوە ببەستێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە عێراق دوو دەروازەى نوێى سنوورى لەگەڵ سعودییەدا کردۆتەوە، هەرەها لە پرۆسەی دروستکردنی ڕێگەیەکی نیشتمانیدایە لە سعودیەوە بۆ خاکەکەی.

عێراقییەکان پێشبینی دەکەن لە داهاتوودا بتوانن ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش بەم پڕۆژەیەوە ببەستنەوە. بۆیە ئەوان وەبەرهێنانی بیانییان بە بەهای حەڤدە ملیار دۆلار بۆ ئەم پڕۆژەیە دەستنیشان کردووە، هەروەها بانگهێشتی چەندین کۆمپانیای ئەوروو=پییان کردووە بۆ وەبەرهێنان لەو پڕۆژەیەدا، لەوانە کۆمپانیاى: ئیتاڵی، فەرەنسى و ئەڵمانی.

ئەو پڕۆژەیە بەلاى عێراقیەکانەوە زۆر گرنگە، بەڕادەیەک لە هەموو کۆبوونەوەیەکى دیبلۆماسیدا یەکێک لەو بابەتانەى دەیخەنەڕوو چۆنێتى بەشداریکردنى دەوڵەتانە لەم پڕۆژەیەدا. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیەکى بەهێزى لێدەکرێت، چونکە سوودێکی زۆری لەم پڕۆژەیە دەستدەکەوێت. هەروەها تورکەکان لەگەڵ عێراقییەکاندا خەون و تەماحیان لەم پرۆژەیەدا هەیە. عێراق لەئێستادا وەبەرهێنانێکى گەورە لە بەندەرى فاودا دەکات، بەو پێودانگەى گەورەترین بەندەرێتى، بڕیارە بەم زووانە ئەم بەندەرە بچێتە بواری کارکردنەوە. عێراق خەونی ئەوەشى هەیە ئەم بەندەرە بکاتە گەورەترین بەندەری کەنداو. بەندەری فاو خۆی بە ڕکابەری بەندەری موبارەکی کوەیتى و بەندەری جەبەل عەلی ئیماراتى دەزانێت.

لەکاتێکدا لایەنی ئێرانی باس لە بەستنەوەی پڕۆژەی ئاسنەڕێیەکەی دەکات بە سووریاوە لەدوای عێراق، هەروەها پێشبینی دەکات ڕێڕەوێک لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا دروست بکات کە ئێران بە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە. بەم شێوەیە، کەناراوەکانی ئێران خاوەنی دوو گرنگترین دەریای جیهانن کە دەریای قەزوین و کەنداوە، لەگەڵ گەیشتنیان بە دەریای ناوەڕاست، کە نەک تەنها سوودی گەورەى بۆ ئێران دەبێت، بەڵکو سوودی گەورەی ئابووری، جیۆپۆلەتیکی و ئابووریش بەدیدەهێنێت.

لەمبارەیەوە دەکرێ بڵێین خەونی سیاسی بوێرانەی ئێران ئەوەیە ببێتە خاوەنى پێگەیەکی مێژوویی ناوازە. ئەوەش ڕوونە کە ئەم خەونە گەورەیە چەندە گرنگە، ئەوەندەش دوژمنی گەورەی هەیە، کە ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەروى هەموویانەوەن. بە شێوەیەکی سروشتی وڵاتانی وەک سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش لەم بارەیەوە نیگەران دەبن، چونکە کاریگەری ئێران لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. تورکیا کە خۆی بە ڕکابەرێکی ستراتیژی ئێران لە ناوچەکەدا دەزانێت، ئەوەى لەلا ڕوونە کە ئەم پڕۆژەیە تا چ ڕادەیەک دەتوانێت بازدانێک بۆ ئێران لە بەرامبەریدا بەدیبهێنێت.

بەلاى ئێرانەوە پڕۆژەى ڕۆژهەڵات ڕۆژئاوا زۆر گرنگە، بەلاى عێراقیەکانیشەوە کارى لەپێشینە نییە. سەربارى ئەوە، پڕۆژەى ڕۆژهەڵات ڕۆژئاواى ئێرانى بە ڕکابەرى پڕۆژەى ڕێگەى گەشەپێدان دەزانن. تەنانەت ئەگەر بێتو ئەم پڕۆژەیە ببێتە تەواوکەرى پڕۆژەى ڕێگەى گەشەپێدانیش، چونکە کارى لەپێشینە بەلاى عێراقیەکانەوە ڕێگەى گەشەپێدانە، لەوانەیە دواتر بیر لە پڕۆژەى ڕۆژهەڵات – ڕۆژئاوا و بەستنەوەى بە سووریاوە بکەنەوە.

ئەو خاڵەی کە لێرەدا نابێ پشتگوێ بخرێت ئەوەیە کە ئێران ئامادەیە بەڕووى دوژمنەکانیدا لە وێنەى ئیسرائیل بوەستێتەوە و بیانگەڕێنێتە بۆ دواوە، ئیرادەی پێویستیشی بۆ ئەو کارە هەیە. لەکاتێکدا هیچ کام لە دەوڵەتانى ناوچەکە، لەنێویاندا عێراق و تورکیا و سعودییە و ئیمارات، ئەو جۆرە ئیرادەیەیان نییە. لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هۆکارى جیاوازى تێڕوانینى ئێران و عێراق لەبارەى ئاسنەڕێى شەلامچە بەسرە، جیاوازى دیدگاى ستراتیژییانە، ئەمەش بۆ هەردوولا بابەتێکى زۆر گرنگ و هەستیارە.

لەڕاستیدا یەکێک لە نیگەرانییەکانى ئێران پەیوەست بە ڕێگەى گەشەپێدانى عێراقەوە، بریتیە لە لایەنى ئەمنى. بەشێک لە میدیاکانی ئێران پێیانوایە لەگەڵ هاتنە ناوەوە و  چڕبوونەوەی کەشتییە بازرگانییەکان (هەندێکجار سیخوڕى) لە باکوورى کەنداوەوە بۆ بەندەری فاو، ئەگەری نائارامی لەم ناوچەیەدا زیاتر دەکات. دوژمنانی هەرێمى ئێران لەوانە ئەمریکا و ئیسرائیل دەتوانن بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران و پێکهێنانى هاوپەیمانى دەریایى و ناسەقامگیرکردنی ژینگەی دەوروبەری ئێران، کەڵک لەم پرسە وەربگرن. هەروەها کارێکى لەم جۆرە وادەکات چاودێریکردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە قوورس بێت.

بەدەر لەوانە، بەشێک لە میدیاکانی ئێران پێیانوایە کە نابێت لێکەوتە ژینگەییەکانی دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو پشتگوێ بخرێت. لەگەڵ دروستکردنی بەندەری نوێی فاو و چالاکییەکانی کۆنکرێت، هەروەها تێپەڕبوونی زۆرێک لە کەشتییە بازرگانییەکان بەم ناوچەیەدا، ڕەنگە مەترسییەکانی ژینگە زیاتر بێت، ئابووریی خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەش کە بژێوی ژیانی خۆیان لە ڕاوکردنی ماسیەوە دابین دەکەن، زیاتر دەکات.

ئەنجامگیرى

کێبڕکێیەکی گەورەی جیۆئابووری و جیۆپۆلەتیکی بۆ پڕۆژەکانی پەیوەندی بازرگانی هەرێمى هەیە، بەو پێیەی هەندێک دەوڵەت دژایەتی ڕێڕەوی گەشەپێدان دەکەن، یان پشتیوانی ناکەن. بەڵام ئێران بەردەوام هەوڵیداوە لە ڕێڕەوە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکاندا ڕۆڵێکى گرنگ بگێڕێت، بۆیە دژایەتى هەر پڕۆژەیەکى نوێ دەکات کە ئێران ڕۆڵى تێدا نەگێڕێت و پێگەى جیۆسیاسى ئێران لاواز بکات. ئێران پێشتر خواستی خۆی نیشانداوە بۆ بەکارهێنانی میکانیزمی گوشاری ئەمنی و سیاسی بۆ کاریگەری دانان لەسەر ئەو پڕۆژانەی کە لەڕووی ئابوورییەوە زیانى پێدەگەیەنن. بەنمونە تاران چەندین جار دژایەتی خۆی بۆ ڕێڕەوی زەنگزور دەربڕیوە.

هەرچى پەیوەستە بە ڕێگەى گەشەپێدانى عێراقەوە، هەرچەندە شەهرەیار ئەفەندی زادە یاریدەدەری وەزیری گواستنەوەى ئێران، پشتیوانی بۆ ئەم پڕۆژەیە ڕاگەیاندووە، چونکە بە دەرفەتێکى دەزانێت بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام شارەزایان و میدیاکانی ئێران نیگەرانن لەوەی ئێران قوورسایی خۆی لە بواری جیۆپۆلەتیکیدا لەدەستدەدات، هەروەها ئێران لە ڕێڕەوە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان دوور دەخاتەوە و ڕکابەرە هەرێمییەکانى دیکەى بەهێزدەکات.

لەوبارەیەوە کارم سەباح مامۆستاى زانستە سیاسیەکان لە زانکۆى بەسرە پێیوایە ”لەسەر ئاستى هەرێمى، بەرژەوەندییەکانى ئێران بە یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانى پڕۆژەکە دادەنرێت، چونکە ئێران ماوەیەکى زۆرە هەوڵى بەستنەوەى بەندەرى خومەینى و شارى لازقیەى سووریا بە ئاسنەڕێ دەدات، کە بەشارى بەسرەدا دەڕوات کە بەندەرى فاوى لێیە، دەترسێت عێراق لە بوارى گواستنەوە و بازرگانى دەریایى و وشکانیدا ببێتە هێزێکى هەرێمى. ئەمەش ناوچەکانى هەژموون و چانسەکانی لە کێبڕکێی هەرێمیدا لاواز دەکات، هەروەها مەزەندەى ئەوە دەکات زیانێکى زۆرى پێبگات، لەسایەى ئەو قسانەی کە باس لە پێویستی پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانى کڕینى غازی ئێران لەلایەن عێراقەوە دەکرێت، هەروەها باس لە بەهێزکردنى عێراق دەکرێت تاوەکو بتوانێت سامانە سروشتییەکانی خۆى بەکاربهێنێت”.

پێشنیازە سیاسییەکان

بەو پێیەی ئێران یاریکەرێکی بەهێز و کاریگەرە لە ناوچەکەدا، عێراقیش پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ تاراندا هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەم ڕێڕەوە. نیگەرانی و ترسی ئێرانیش لە ڕێڕەوی گەشەپێدانی عێراق چەندین هۆکاری سیاسی، ئابووری و ئەمنی هەیە. عێراقیش یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی ئێران، بۆیە نیگەرانی ئەوە هەیە لە داهاتوودا، بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێڕەوی گەشەپێدان، گۆڕانکاری لە هاوبەشە بازرگانییەکانی عێراقدا ڕووبدات. بۆیە دەبێت ئەو دڵنیاییە بە ئێران بدرێت کە بازرگانی عێراق لەگەڵ ئێران لە پێشینەی کارەکانیدایە، بەڵام دەبێت بۆ زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە درێژخایەندا پلانێک ئامادە بکرێت.

تێڕوانینێک لە ئێران هەیە کە پێیوایە لە پڕۆژەى ڕێگەى گەشەپێداندا، بەپێچەوانەى هاوسێکانى دیکەوە، ئێران بە تەواوەتى فەرامۆش کراوە. بۆیە دەبێت لە پڕۆژەکانى وەبەرهێنان لە بەندەرى فاودا ڕۆڵ بە ئێران بدرێت، هەروەها بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکانى گەشەپێدانى فاودا، کۆمپانیا ئێرانییەکان بانگهێشت بکرێن.

یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکانی ئێران سەبارەت بە پڕۆژەی گەورەی بەندەری فاو، پرسی پیسبوون و زیادبوونی مەترسییەکانی ژینگەیە. بۆیە هاوکاری نێوان عێراق و ئێران لە بواری ژینگەدا کارێکى پێویستە.

یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەى نیگەرانی ئێرانییەکان سەبارەت بە ڕێڕەوە هەرێمییە نوێیەکان، لەوانەش ڕێڕەوی گەشەپێدان، پرسی ئەمنییە. بۆیە پێویستە ئەو دڵنیاییە بە ئێران بدرێت کە بەندەرى فاو نابێتە ناوەند و بنکەیەک بۆ سیخوڕیکردن. هەروەها پێویستە ئێران دڵنیا بکرێتەوە لەوەى کە ئەم بەندەرە لەلایەن کەشتییە سەربازییەکانى سەر بە هاوپەیمانى باکوورى ئەتڵەسى (ناتۆ) و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە بەکارناهێنرێت.

المصادر:

  • امیررضا مقومي، «الاستثمار في طريق تنمية العراقي ما عدا إيران » (سرمایه گذاری در جاده «توسعه عراق » منهای إيران)، صحيفة فرهيختگان، 2 آذار/مارس 2024 ، ص 8.
  • تيان زنجبينج، «مكانة إيران في مبادرة الحزام والطريق والتعاون الصيني الإيراني »، موقع سیتاوا، 16، تموز/يوليو 2021 ، علی الرابط: https://www.seetaoa.com/list 127.html
  • حسن نورعلي وعباس أحمدي، «تحليل الدور الجيوسياسي لإيران في الممرات الدولية » )واکاوی نقش ژئوپلیتیکی إيران در کریدورهای بين المللی(، أبحاث الجغرافيا البشرية، رقم 54 ، العدد 3، خريف 2022 ، ص 1175 .
  • زهرا مشفق، «إضعاف موقف إيران في الممرات الدولية » )تضعیف جایگاه إيران در کریدورهای بين المللی(، الأمن الاقتصادي، العدد الثالث، صيف 2019 ، ص 52 .
  • سامية بي برس، «الممر الاقتصادي الجديد بين الهند والشرق الأوسط وأوروبا…وانعكاسات حرب غزة عليه »، شؤون عربية، 11 ديسمبر 2023 ، العدد 196 ، علی الرابط: https://arabaffairsonline.com
  • ضياء عودة، «استراتيجي لتركيا وتهديد لإيران.. ما قصة ممر زنغزور؟ »، الحرة، 3 أكتوبر 2023، علی الرابط: 07 / 04 / https://www.alhurra.com/syria/2024
  • عبدالعزيز الفضالي، «طريق التنمية العراقي… هل تتركه إيران يعبر بسلام؟ »، رصیف 22 ، 8 أغسطس 2023 ،

علی الرابط: https://raseef22.net/article/1094410

  • علي موسوي، «حلم إيران الكبير منافس لمشروع طريق التنمية العراقي » )رویای بزرگ إيران رقیبی برای پروژه جاده توسعه عراق(، الدبلوماسية الإيرانية، 9 أکتوبر 2023 ، علی الرابط: http://www.irdiplomacy.ir/fa/news/2022224

26    مركز البيان للدراسات والتخطيط

  • محمد الزغول، «الممرّ الاقتصادي الهندي-العربي-الأوروبي: هل يدفع إيران لتشكيل «تحالف خاسرين » في المنطقة؟ »، مركز الإمارات للسياسات، 18 أيلول/سبتمبر 2023 ، علی الرابط:

https://epc.ae/ar/details/brief/almmr-alaiqtisadi-alhindi-alarbi-al-uwrubiy

  • إيران تفعل ممرا شمال – جنوب الدولي.. هل يصبح بديلا لقناة السويس؟ »، الجزيرة نت، 23 تموز/يوليو 2022 ، علی الرابط: https://www.aljazeera.net/ebusiness/2022/6/23
  • علاقات الصين مع إيران بعد انتخاب إبراهيم رئيسي »، مركز الإمارات للسياسات، 7 تموز/ يوليو 2021 ، علی الرابط:

https://epc.ae/ar/details/scenario/alaqat-alsiyn-ma-a-iranbaed-aintikhab-ebrahim- raisi#_ftn1

  • سفير الصين لدى طهران: إيران ستلعب دوراً مهماً في مبادرة الحزام – الطريق »، وکالة إرنا، 19 آذار/مارس 2023

علی الرابط: /https://ar.irna.ir/news 85061554

  • هل يكون الممر الهندي بديلا غربيا لطريق الحرير الصيني »، صحیفة العرب، 2023 ، علی الرابط: https://alarab.co.uk
  • الكشف عن الممر الذي يحل محل ممر إيران الشمالي الجنوبي في العراق » )رونمایی کریدور جایگزین کریدور شمال به جنوب ایران در عراق، صحيفة الشرق، 29 أيار/مايو 2023 ، علی الرابط: 881727 / https://www.sharghdaily.com 100
  • العراق منافس لممر الشمال والجنوب » )عراق رقیب کریدور ترانزیتی شمال به جنوب(، الاقتصاد 24 ، 18 أيلول/سبتمبر 2023 ، علی الرابط: https://eghtesaad24.ir/fa/news 209727

*ناونیشانی ئەم توێژینەوەیە بە زمانی عەرەبی: (على نجات: موقف ایران من الممرات الجدیدە: طریق التنمیە نموذجا، سلسلة إصدارات مركز البيان للدراسات والتخطيط، 2024، ص 3 – 26).

 

 

Send this to a friend